گالیلۆ لە بەردەم دادگادا

نوسینی و ئامادەکردنی: شێرکۆ ڕەشید قادر

گالیلۆ لە بەردەم دادگادا، ١٦٣٣


دوای حوکمەکەی، گالیلۆ لە ژێر لێوەوە بە ورتە گوتی، ‘هەر دەجوڵێت!’

لە 22 ی حوزەیرانی 1633 لە رۆما ، پیاوێکی ریش سپی، سەرتاپا پۆشاکی سپی پۆشیبو، شەرمەزار و پەشیمان لە کردەوەکانی، لە بەردەم حەوت پیاوی کڵێسەدا چۆکی دادابو داوای بەزەیی دەکرد و پاکانەی دەنوسی. ئەم پیاوە ردێن سپییە، لە ئیمانداری و خواپەرستیدا لەوان زۆر زیاتر مەسیحی بو، بەڵام تەنها بە دڵی ئەوان کتێبەکەی نەنوسی، بۆیە لێرەدا دەیانەوێت ریسوای ئەم دنیا و ئەو دنیای بکەن. ئەم ئیختیارە، گالیلۆ گالیلەی بو، لە بەردەمیاندا گوتی:

”من، گالیلۆ گالیلەی، کوڕی ڤینچینسۆی فلۆرەنسی، تەمەنم هەفتا ساڵە، خۆم هاتوم بۆ دادگا، لەبەردەمی ئێوەدا چۆکم داداوە، ئێوەی کاردینالی  لۆرد و قەشەی گەورە، ئێوەیەک کە موحەقیقی گشتی دونیای مەسیحی هەموانن لە دژ کافرانی فاسق. لە بەردەم چاوانمدا کتێبی پیرۆز دانراوە و دەستی پیادەدەم، سوێند دەخۆم کە هەمیشە باوەڕم وابوە، لە ئایندەشدا، بە یارمەتی خودای گەورە، باوەڕم هەروا دەبێت، ئیمانم هەیە بە هەرچی بەندێک لە کاتۆلیکی پیرۆز و کڵێسەی رۆما تەبەننای دەکات، فێری خەڵکی دەکات و بانگی  بۆ دەدات.”

لەم بەروارەدا، دو دونیا بە یەکدا هاتن، دونیایەک کە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەمو کایەکانی کۆمەڵدا هەبو، دنیایەکی تریش کە تازە بە تازە وەک فۆرمێکی مۆدێرنە خەریکی گاگۆلکە بو، دونیای یەکەم ئیمانی بە پیرۆزی ئەبەدی و ڕەهای خۆی و هەقیقەتەکانی هەبو، دونیای نوێش ئیمانی بە هەقیقەتی ماتماتیکی و تاقیکردنەوە بو. دونیای یەکەم مزگێنی بە مرۆ دەبەخشی لەسەر بنەمای گوێڕایەڵی دەرسەکانی پیاوانی کڵێسە، دونیای دوەم بانگەوازی کۆنترۆڵی سروشتی بۆ خزمەتی مرۆ دەکرد لەسەر عەرد. دونیای یەکەم کتێبە پیرۆزەکانی لەو دیو دەروازەکانی کڵێسەوە توند گرتبو، بە جۆرێک خەڵکی عەوام بۆی نەبو ڕاستەوخۆ بیخوێننەوە، دونیای دوەم بانگەوازی بیرکردنەوەی ئازادی دەکرد و دەیگوت مرۆ مافی خۆیەتی ئەم کتێبانە بە چاوانی خۆی ببنینێ و بە ئەقڵی خۆی هەڵیان سەنگێنێ. دونیای یەکەم دونیای دوەمی پێ قبوڵ نەبو، سەرتاپا ڕەتی کردەوە. کاتێک ئەم دو دنیایە ڕوبەڕوی یەکتر بونەوە، پاڵەوانی دونیای یەکەم پیاوانی بەدەسەڵاتی کڵێسە و پاڵەوانی دوەم، هەرچەندە بە سیما و ڕواڵەت و بە فیعلی گالیلۆ بو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بریتی بو لە گۆڕینی پێگەی دونیا خۆی، بە واتایەکی تر دونیا چیتر لە حاڵەتی وەستاندا نیە، چیتر عەرشی گەردون نیە و مرۆفیش چیتر ئەو مەخلوقە پیرۆزە ئەبەدییە نیە کە سەدان ساڵە پێمان دەڵێن، بەڵکو وەک هەر کائینێکی تر لەم گەردونەدا بونی هەیە و لە هیچیان زیاتر نیە. بەمجۆرە پەیامی دونیای دوەم پەیامی نوێی گالیلۆ بو کە خۆی لە سیمای سیستەمی نوێی کۆپەرنیکۆسی، مۆدڵی چەقە – خۆریدا نمایش کردبو. ئاکامی ئەم ململانێیە تراژیدیایەکی گەورە بو، دونیای یەکەم لە سایەی هەڕەشە و گوڕەشەی ئەشکەنجەدا چۆکی بە دونیای دوەم دادا، گالیلۆ بە روکەش دۆڕاندی، سازشیکرد، پاکانەی نوسی و گوتی من هەڵەبوم، زۆر هەڵە بوم، هەرگیز زەوی بە دەوری خۆردا ناسوڕێتەوە، مۆدڵی کۆپەرنیکۆس جگە لە فەرزیەیەکی ماتماتیکی هیچ هەقیقتێک لەخۆناگرێت، من چیتر دەرسەکانی سیستەمی چەقە – خۆری ناڵێمەوە و بانگەشەی لە نێو خەڵکدا ناکەم، زەوی جێگیرە، کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆیی و ئەسترۆنۆمی پەتلیمۆسی راستییەکی رەهایە. گالیلۆ حوکمی دەست بەسەری هەتا هەتایی درا. کە هەستایە سەرپێ بۆ ئەوەی رەوانەی دەست بەسەری یەکجارەکی بکەن، لە پەنجەرەکەوە پشیلەیەکی بینی دەجوڵایەوە، گالیلۆ لە ژێر لێوەوە ورتەیەکی کرد و وەک دەڵێن گوتی،” هەر دەجوڵێت.” بەڵێ گالیلۆ هەرگیز بە دڵ و بە رۆح سازشی نەکرد، لای وی عەرد هەر دەجوڵێت و پەشیمانی لە دوا نییە. گالیلۆ سێ ساڵ دەست بەسەر بو، دوایی ناردیانەوە بۆ ماڵی خۆی، بەڵام هەرگیز بۆی نەبو بچێتە دەرەوە، یان خەڵکی هاموشۆی بکەن، دوایی چاوانی لەدەستدا و بوە بنیادەمێکی نابینا و بە هۆی لاوازی و سیحەتی خراپەوە لە 1642 دا، لە ژورێکی تەنها و بۆ یکجاری ماڵئاوایی لە هەمو دۆستان و نەیارانی کرد. پاپا ئوربانی هەشتەم مۆڵەتی نەدا بە فەرمی بنێژرێت و گۆڕی بۆ هەڵبەستن، تەنانەت رازی نەبو ناویش لەسەر گۆڕەکەی بنوسن، ئیتر لە گۆشەیەکی کڵێسەیەکی فلۆرەنسادا بێ ناو و بێ ناونیشان ناشتیان. بە داخەوە پیاوانی کڵێسە لەو سەردەمانەدا ئاینی خودا و پەیامی پیرۆزی ئیلاهییان بەکارهێنا بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەقیقەتێکی کۆپەرنیکۆسی هیچ مەترسییەکی بۆ ئایینی ئاسمانی نەبو، بەڵام پاسەوانانی کڵێسە لەسەر روی عەرد لێی ترسان و تۆقین، هەر بۆیەش گالیلۆیان راپێچی دەست بەسەری کرد. گالیلۆ شەڕەکەی دۆڕاند، بەڵام مرۆڤایەتی و زانستی نوێ جەنگەکەیان بردەوە. بەمجۆرە کڵێسە دەنگی ئازاد و بیرکردنەوەی سەربەستی کپکرد، ئیتاڵیا کە ناوەندی یەکەمی رێنیسانس و شۆڕشی زانستی بو بە ئاراستەی بێدەنگی هەنگاوی هەڵگرت، زانست لێرە بارگەی لێ پێچایەوە و بەرەو باکوری ئەوروپا و وڵاتی ئنگلستان جوڵەی کرد، لێرە، لە وڵاتی ئنگلیز، لە ساڵی 1642، هەمان ساڵی مردنی گالیلۆ، یەکێک لە بلیمەترین زاناکانی مێژوی مرۆڤایەتی لەدایکبو، ئەو ئنسانە نیوتن بو. نیوتن نەک هەر پەیامەکەی گالیلۆی بەرزکردەوە و ژیاندەوە، بەڵکو، بە پشت بەستن بە یاسای گالیلۆ لەمەڕ جوڵە، توانی گەورەترن پەنهانی هێزی گەردون بۆ بەشەرییەت بە فۆرمێکی ماتماتیکی واڵا بات، ئەو هێزەش بریتی بو لە هێزی کێشکردنی گەردونی و یاسای دوجای پێچەوانەیی. هەم گالیلۆ و هەم نیوتن دو ئیمانداری گەورە و لە خواترس بون، هەرگیز رۆژێک لە دژی ئایین قسەیان نەکردوە، بەڵکو پیاوانی کڵێسە کتێبی پیرۆزیان خستەگەڕ بۆ سزادانی زانست و رابەرانی. ساڵان هات و ساڵان چو، کڵێسەی کاتۆلیکی، دوای چەندین جار پێداچونەوە، سەرەنجام، لە ساڵی 1995 دا، بە فەرمی داوای لێبوردنی لە گالیلۆ کرد و ڤاتیکان لە بەردەم کۆمەڵگای جیهانی و زانستدا گوتیان لە پرسی گالیلۆدا هەڵەیەکی گەورەیان کردوە.

 




هێزی کێشکردن لە بۆشاییدا

ئامادەکردنی:
ڕێدین سەرهەد-کەسرەوان کوردی

https://www.youtube.com/watch?v=oubKibCS974




کۆوانەکانی فیزیکای ئەرستۆ(ڤیدیۆ)

بینەری بەڕێز, ئەمەی کە ئەیبینیت لێکدانەوەی  بەشێک لە کتێبی فیزیکای ئەرستۆیە لە لایەن دکتۆر عرفان مستەفا، شارەزا لە بواری فەلسەفە و زماندا.
تێبینی: بۆ بینینی وانەکانی دیکەی ئەم کۆوانەیە، کلیک لەسەر هێمای [Capture]  بکەن لە بەشی سەرەوەی ڤیدیۆکە.

https://www.youtube.com/watch?list=PLtrYrtuT_w5wKt-3ZIJgYJYDPLXrKbArQ&v=rSjWbCU_Hqo




زانستی فیزیا لە ئاستی دوورییە گەردوونییە جیاوازەکاندا.

نوسین و ئامادەکردنی:د. پێشواز عەبدولکەریم

ئایا بۆچی دەبێت بۆ دونیایی وردی گەردیلە و تەنۆلکە سەرەتاییەکان فیزیایەکی جودا لە فیزیای دونیای زەبەلاحی ئەستێرە و گەلە ئەستێرەکان بونی هەبێت؟ ئەگەر ئێمە بۆ ساتێك ئاوڕێك بدەینەوە لە مێژووی زانستی فیزیا، ئەوا دەبینین کەسەرەتا توانیومانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دونیایەدا بکەین کە ڕاستەوخۆ بەبێ یارمەتی هیچ تەکنەلۆژیایەك لێکدانەوە بۆ دیاردەکان و سەرچاوەی جوڵە و خولگەی تەنەکانی ناوی بکەین. ئەم دونیایەش بە نزیکەی لەو تەنۆلکانەوە دەست پێدەکات کە دەتوانرێت بە چاوی ئاسایی ببینرێت، تا دەگاتە خۆر و هەسارەکانی نێو کۆمەڵەی خۆر، ئەم دونیایەش ناونراوە دونیای ماکرۆسكۆپیك. فیزیای کلاسیکی نیوتن نمونەیەکی بەرچاوی ئەم دونیا ماکرۆسکۆپیکەیە.

گەردوون لە پێوەرە گەورەکاندا

دواتر وردەوردە لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیادا مرۆڤ توانی ئاشنا ببێت بە دونیایەکی دیکە کە پێشتر نەدەتوانرا ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەم دونیایەش بریتی بوو لە دونیایی شتە وردەکان، یاخود مایکرۆسکۆپیکی ئەتۆم و تەنۆلکە بوندیادییەکان. لەم دونیایەشدا چەندین دیاردەی سەرنج ڕاکێش و سەرسوڕهێنەر بەدی کرا کە فیزیایی نیوتن دەستەواستان بوو لە ئاست لێکدانەوەیاندا. بۆ نمونە دیاردەی کارۆڕووناکی، تیشکدانەوەی تەنی ڕەش بە گەرمی، شەبەنگی گەردیلەکان و چەندینی تریش. زیاتر وردبونەوەش لەم دونیایە ئێمەی بە فیزیایەکی نوێ ئاشناکرد کە بە میکانیکی کوانتەم ناسراوە. فراوان کردنی فیزیایی کلاسیکی بەمەوە نەوەستا بەڵکو هاوکاتی میکانیکی کوانتەم لقێکی زۆر گرنگ و نوێی زانستی فیزیا سەری هەڵدا، کە ئەویش بریتی بوو لە تێوری ڕێژەیی ئاینشتاین.

گەردوون لە پێوەری مایکرۆسکۆپیکیدا (پێوەری شتە وردەکان)

ئاینشتاین ئەو ڕاستییەی بەدی کرد کە فیزیایی کلاسیکی نیوتن تەنها لە سنوری خێراییە کەمەکان و هێزی کێشکردنی لاوازدا ڕاستە. بۆ نمونە بە پێی فیزیایی کلاسیکی نیوتن زەمان و مەکان جودا لەیەکدی دوو بڕی پەتین و بەهیچ شێوەیەك پشت بە گۆشەنیگای تێڕوانین و دۆخی جوڵەی تێبینیکەرەکان نابەستن، وە هیچ سنورێك بۆ زیاد بوون لە خێرای تەنەکاندا نی یە. بەڵام دواتر لە گەڵ لەدایكبوونی تێورییەك بۆ لێکدانەوەی دیاردەکانی کارەبا و موگناتیس و بڵاوبونەوەی شەپۆلەکانی کارۆموگناتیسی، لەلایەن ماکسوێڵەوە، ئەوە ڕونببوەوە کە وا خێرای بڵاوبونەوەی شەپۆلی کارۆموگناتیسی یەکان کە ڕوناکیش لەخۆ دەگرێت، نەگۆڕە و بە هیچ شێوەیەك پشت بە دۆخ و خێرایی تێڕوانین نابەستێت. ئەم خاڵە جەوهەرییەبوو کە وا ئاینشتاین درکی پێکرد، وە توانی تێۆری ڕێژەی کلاسیکی نیوتن فراوان بکات و هەموو دیاردە میکانیکی و کارۆموگناتیسی یەکان لە خۆ بگرێت، کە تێیدا زەمان و مەکان دوو بڕی ڕێژەیین بەڵام خێرای ڕوناکی بڕێکی پەتیی یە. دواتر توانی تێوری ڕێژەی فراوانتربکات، لە دوتوێی تێۆری ڕێژەیی گشتیدا، بە شێوەیەك کە تاودان و هێزی کێشکردنیش لەخۆ بگرێت. لە ڕۆژگاری ئەم ڕۆدا تێۆری ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین تەنها تێۆرییە کە زاناکن پشتی پێدەبەستن لە لێکدانەوەی دیاردەکان و جوڵەی تەنەکان لە دونیایی زەبەلاحی ماکرۆسکۆپی گەردونیدا.

دواجار و بۆ جارێکی تر ئاشنای دونیایەکی زۆر گەورەتر بووین لە ئاستی جیهانی زەبەلاحی گەردوونیدا، ئەویش بریتی بوو لە تێبینی کردن و هەستکردن بە بوونی جیهانێکی زۆر گەورە و بەرفراوانتر لە ئەودی و کۆمەڵەی خۆرەوە. بۆ نمونە بۆ مان دەرکەوت کە وا ملێۆنەها گەلە ئەستێرە بوونی هەیە کە ئێمە و ئە وئاسمانەی پێیی ئاشنانین تەنها یەك گەلە ئەستێرەیە لە نێو ژمارەیەکی بێ پایاندا. دواتر لەم جیهانەشدا زانستی فیزیا جارێکی تریش توشی سەرسوڕمان هات. بۆ نمونە لە ئاستێکی گەورەی دورییەکانی دەرەوەی گەلە ئەستێرەکان ئەوە ڕونبووەوە کە وا خێرای خولانەوەی ئەستێرەکانی لێواری هەموو گەلە ئەستێرە بینراوەکان زۆر لەوە زیاتر بوو کە بتوانرێت بە بوونی مادەی بینراوی نێو گەلە ئەستێرەکان لێکدانەوەی بۆ بکرێت. بۆ لێکدانەوەی ئەم دیاردە گەردونیەش گریمانەی مادەی تاریك کردا. دواتر دەرکەوت کە وا کشانی گەردوون لە جیاتی ئەوەی وردە وردە خاو ببێتەوە کشانەکەی خێرا تر دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش گریمانەی بونی وزەی تاریکیان کرد. بەم شێوەیەش لە ئێستادا تەنها لە سەدا پێنجی گەردوونی بینراو لە مادە و وزەیەك پێكدێت کە وا ئێمە پێی ئاشناین، لە سەدا نەوەد و پێنج و بگرە زیاتریشی لە مادەی تاریك و وزەی تاریك پێك دێت.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، جگە لە دونیایی مایکرۆسکۆپیك کە فیزیایی کوانتەم میکانیك تیایدا باڵا دەستە وە دونیایی ماکرۆسکۆپی گەردوونی کە تێوری ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین تیایدا باڵادەستە، ئایا یەکخستنی ئەم دوو دنیا جیاوازەی فیزیا لە دوتوێی تێۆریی یەکی نوێدا دەتوانێت لێکدانەوە بۆ مادە و وزەی تاریك بکات؟ یاخود نەخێر ئەم دونیا نوێیەی مادە و وزەی تاریك پێویستی بە لێکدانەوە و فیزیایەکی تەواو نوێ هەیە؟ بۆ نمونە بونی هێزی ژمارە پێنج بەدەر لە هێزی کێشکردن، هێزی کارۆموگناتیسی، هێزی لاوازی ناوکی و هیزی بەهیزی ناوکی. ئەوەی دوەمیان تۆزێك بێزارکەر دەبێت و لەوەش ناچێت ئاڕاستەیەکی ڕاست بێت!!!، چونکە ئەو کات لەباتی دوو فیزیای جیاواز سێ جۆر فیزیای بۆ سێ دونیایی جیاواز بوونی دەبێت.

لە کۆتایدا ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە، هەموومان ئەو ڕاستیە باش دەزانین کە وا هەموو دونیایی ماکرۆسکۆپیك لە ئەنجامی یەکگرتنی تەنۆلکە و گەردیلەکانی دونیایی مایکرۆسکۆپیكەوە دروستبووە، بۆیە لۆژیك ئەوەیە کە وا هەوڵ بدرێت کوانتەم میکانیك فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لەسەر ئاستی هەموو دورییەکانی گەردوون لێکدانەوەی پێبکرێت. یەکێك لەو هەوڵانەی لەئێستادا لە ئارادایە بریتیە لە بابەتی ئینترۆپیك گرافیتی، کە بریتی یە لە تێۆرییەکی نوێی هێزی کێشکردن. ئەم تێورییە نوێیە دەڵێت گرافیتی لە ئاستی مایکرۆسکۆپیکدا بوونی نییە، تەنها، بەچەشنی پلەی گەرمی کەچۆن لە ئەنجامی جوڵەی تەنۆلکەکانی هەر ناوەندێك بەرهەم دێت، ئەوا گرافیتیش لە ئەنجامی ڕیزبوونەوەی زانیاری دونیایی وردی مایکرۆسکۆپیك سەرچاوە دەگرێت. ئەم تێوریی یە نوێیە دەڵێت مادەی تاریکمان پێویست نییە بۆ لێکدانەوەی جوڵەی تەنەکانی نێو گەلەئەستێرەکان.

بۆ زیاتر تێگەشتن لەم بابەیە تەماشای ئەم ڤیدیۆیە بکەن:

https://www.youtube.com/watch?v=hByJBdQXjXU

سوپاس…




ئاگایی چییە؟:Vsauce

وەرگێڕان و ژێرنووسکردنی: بڕوا حسێن

“ئەگەر هەر دیقەتی شتێک بدەیت و بە جۆرێک هەست بکەیت، کە چی هەستێکە کە “تۆ” بیت؟!
وای هەست پێدەکەیت کە تۆ شتێکیت لە ناوەوەی لەشێکدا و لە ڕێی چاوەکانەوە سەیر دەکەیت و هیچ کەسێکی دیکە لەسەر زەوی هەرگیز ناتوانێت جیهانلەو ڕووانگەیەوە ببینێت…
ئەم بە ئاگابوونە لە ئەزموونەکانت، بە ئاگابوون لەوەی کە تۆ ئەزموونیان دەکەیت، بە ئاگابوون لەوەی کە تۆ خاوەنی بیرکردنەوەکانی خۆتیت، شتێک پێک دەهێنێت کە ئێمە پێی دەڵێین “ئاگایی”.”

https://youtu.be/8MbBP3V9Kog




زنجیرەی کۆزمۆس (ئەڵقەی حەوتەم) بەژێرنوسی کوردیی

زنجیرەی کۆمۆزس (ئەڵقەی حەوتەم) بە ژێرنوسی کوردیی
وەرگێران و ڕێکخستنی: موحسی بورهان

https://archive.org/download/CosmosKurdish/%20کۆزمۆس%20%287%29.mp4

لینکی بینین

لینکی داگرتن

دوایی کورتە باسێکی چۆنیەتی دروستبوونی هەسارەی زەوی پاش چەند ملیۆن ساڵێک لە پێکهاتنی کۆمەڵەی خۆر، نیڵ دیگراس تایسن لەم ئەڵقەیەدا باسی ئەوە دەکات چۆن زانست، بە تایبەتی کارەکانی کلێر پاتێرسن ی جیۆکیمیازان، لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، توانی بە سود وەرگرتن لە توخمە ڕادیۆئەکتیڤەکانی نێو نەیزەکە ئاسمانییەکان تەمەنی ڕاستەقینەی زەوی بە وردی دیاری بکات . هەروەها باسی ئەوە کێشە و مەترسانە دەکات کە کلێر پاتێرسن ڕووبەڕووی بووەتەوە لە ئەنجام دانی ئەم ئیشەدا.




فیزیای گریكی و فیزیای مۆدێرن

نوسینی:د.عیرفان مستەفا

فیزیای گریكی و فیزیای مۆدێرن هه‌ریه‌كه‌یان نه‌ریتێكی تایبه‌تی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ سروشت و هه‌ریه‌كه‌یان به‌رهه‌می پرسیار گه‌ڵێكی جیاوازن كه‌ عه‌قڵی گریكی و عه‌قڵی ئه‌ورپی هیگڵ وته‌نی له‌ ساتی هوشیاربوونه‌وه‌ی به‌ خۆی له‌ خۆی كردوونی. سروشتناسی گریكی پرسیاره‌كه‌ی له‌ باره‌ی بنه‌ماكانی په‌یدابوونی گه‌ردوونه‌ و بیركردنه‌وه‌كه‌شی گه‌رانه‌ به‌شوێن هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چییه‌و له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌. واته‌ بنه‌مای په‌یدابوونی هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ چییه‌؟ ئه‌رستۆ به‌ دۆزینه‌وه‌ی چوار هۆكاره‌كه‌ی بوون ئه‌م به‌دواداچوونه‌ ده‌گه‌ینێته‌ لوتكه‌. فیزیای مۆدێرن هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ گرنگی به‌وه‌ نه‌داوه‌ كه‌ په‌یدابوون چییه‌، به‌ڵكو گرنگی به‌وه‌ داوه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن هه‌یه‌ و چۆن كار ده‌كات. واته‌ر پرسیاری فیزیای مۆدێرن له‌ باره‌ی ئه‌و بنچینه‌یه‌وه‌ نییه‌ كه‌ په‌یدابوون هه‌یه‌تی و له‌ ڕیگه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ په‌یدا ده‌بێت، به‌ڵكو پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن كارده‌كات. مه‌سه‌له‌ی بنچینه‌ نه‌ك له‌ فیزیای مۆدێرندا به‌ڵكو له‌ هه‌موو زانسته‌ مۆدێرنه‌كاندا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ وه‌لانراوه‌. مۆدرێنیته‌ بوونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دامه‌زراندووه‌ كه‌ نابێت پرسیار له‌ باره‌ی په‌یدابوونی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ بكرێت به‌ڵكو ده‌بێت پرسیار له‌ باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ بكرێت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن هه‌یه‌ چۆن كارده‌كات. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پرسیاری گریكیه‌كان له‌ باره‌ی بنچینه‌و ریشه‌ن ده‌توانین به‌ قوڵتر وه‌سفی بكه‌ین به‌ڵام ناتوانین به‌ وردتر و پێشكه‌وتوو تر هتد وه‌سفی بكه‌ین. فیزیای مۆدێرن یان راستر فیزیای ئه‌ورپی وردتره‌و به‌ گوێره‌ی خۆی له‌ پێشكه‌وتندایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌كه‌ مه‌حكومه‌ به‌ پرسیاری چۆن و كاركردنی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ناكرێت بڵێین قووڵه‌. یان هه‌ر ئه‌سڵه‌ن ناتوانین قسه‌ له‌سه‌ر قووڵی فیزیای مۆدێرن بكه‌ین به‌ڵكو قسه‌ له‌سه‌ر وردی له‌ حساباتا ده‌كه‌ین چونكه‌ ئه‌وعه‌قڵه‌ی كه‌ بیر له‌ كاركردنی ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌، عه‌قڵێ حسابییه‌و جیاوازه‌ له‌وعه‌قڵه‌ی كه‌ ئه‌رستۆ بیری پێكردووه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵین سروشتناسی گریكی قووڵه‌ به‌ڵام سروشتناسی ئه‌ورپی ورده‌. گه‌ر بشیان خه‌ینه‌ ناو به‌راورده‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێین فیزیای گریكی قووڵتره‌ له‌ فیزیای ئه‌ورپی به‌ڵام فیزیای ئه‌ورپی وردتره‌ له‌ فیزیای گریكی. كاتێك هایدگه‌ر وتی زانست بیر ناكاته‌وه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو كه‌ زانست حیسابات ده‌كات، گالیلێ و نیوتن به‌ عه‌قڵێكی حسابی بیر له‌ سروشت ده‌كه‌نه‌وه‌ حساباتیان له‌گه‌ڵ سروشت هه‌یه‌ به‌ڵام عه‌قڵی گریكی عه‌قڵێكه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ و له‌ حساباتدا كۆڵه‌واره‌.

هایدگه‌ر كه‌ ده‌ڵێ زانست بیر ناكاته‌وه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو كه‌ زانست قوڵ نییه‌ چونكه‌ قووڵی خاسیه‌تی بیركردنه‌وه‌یه‌ نه‌ك خاسیه‌تی حسابكردن. خاسیه‌تی حسابكردن ئاڵۆزییه‌. موعاده‌له‌یه‌ك ئاڵۆزه‌ یان ئاڵۆز نییه‌ نه‌ك قووڵه‌ یان سه‌تحییه‌. بیركردنه‌وه‌ ده‌توانین به‌وه‌ وه‌سفی بكه‌ین قووڵ و جه‌وهه‌رییه‌ یان سه‌تحی ورواڵه‌تییه‌. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پرسیاری گه‌ردوون چییه‌ پرسیارێكی گریكییه‌ بیركردنه‌وه‌ی گریكیش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ قووڵ رۆشتووه‌ به‌ڵام ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بواری پرسیاره‌كه‌ی خۆی ده‌رده‌چێت و ده‌یه‌وێت وه‌ڵامی پرسیاری چۆن بداته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌. ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ له‌ فیزیای گریكی گیراون هه‌موویان ده‌كه‌ونه‌ ناوبواری پرسیاری چۆنه‌وه‌ واته‌ بواری پرسیاری گه‌ردون و چۆنه‌ وچۆن كارده‌كات. گه‌ر فیزیای گریكیش له‌ دوای فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ بهاتایه‌ ئه‌وه‌ فیزیای گریكی له‌و شوێنه‌دا هه‌ڵه‌ی له‌ فیزیای مۆدیرن ده‌گرت كه‌ له‌ بواری پرسیاری چۆن ده‌رچووه‌وهاتووه‌ته‌ ناو پرسیاری چییه‌وه‌. فیزیای مۆدیرن له‌ لێكدانه‌وه‌ بۆ په‌یدابوونی گه‌ردوون هه‌میشه‌ له‌ دڵه‌ راوكێدایه‌و كێشه‌ی هه‌یه‌ چونكه‌ له‌ بواره‌ی كاركردنی نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌ی خۆی ده‌رچووه‌و هاتووه‌ته‌ ناو بواری كاركردنی نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌ی گریكییه‌وه‌. بۆیه‌ چۆن فیزیای گریكی له‌ وه‌ڵامدانه‌ی پرسیاری چۆندا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌ ئه‌وه‌ فیزیای مۆدێرنیش له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری په‌یدابووندا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌و ئه‌وه‌ش ده‌زانین له‌ لایان زانایانی فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ كه‌ چۆن ناچاربوون به‌وه‌ی بچنه‌ ناو تیۆلۆجیاوه‌و باس له‌ بوونی خواو نه‌بوونی خوا بكه‌ن. گریكییه‌كان كه‌ له‌ په‌یدابوونی گه‌ردوونیان كۆڵیووه‌ته‌وه بوونی خوا ونه‌بوونی نه‌بووه‌ته‌ پرسیار له‌لایان. فیزیا مۆدێرن كه‌ دێته‌ ناو بواری كاركردنی فیزیای گریكییه‌وه‌ زانست به‌ره‌و میتۆس ده‌بات به‌ هه‌مان شێوه‌ی عه‌قڵی گریكی به‌ چوونی بۆ ناو بواری فیزیای مۆدێرن كه‌ بواری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری چۆنه‌، ئه‌ویش كه‌و تووه‌ته‌ ناومیتۆسه‌وه.




زنجیرەی کۆزمۆس (ئەڵقەی شەشەم) بە ژێرنوسی کوردی

ئەڵقەی شەشەمی زنجیرەی_کۆزمۆس بەژێرنوسی کوردیی.
ڕێکخستن و وەرگێڕان: موحسين بورهان

https://ia800609.us.archive.org/15/items/CosmosKurdish/%20%DA%A9%DB%86%D8%B2%D9%85%DB%86%D8%B3%20%286%29.mp4

لینکی داگرتن




زنجیرەی کۆزمۆس (ئەڵقەی سێهەم) بە ژێرنوسی کوردی

ڕێکخستن و وەرگێرانی بۆ کوردی: موحسین بورهان
سوپاسی بێ پایانم بۆ بۆ هەردوو هاوڕیی ئەزیزم، سەروەر محەمەد و شێرکۆ ڕەشید قادر،  کە  لەکاتی خۆیان بەخشی بەم کارە و یارمەتی دەربوون هەڵەچنی و پێداچونەوەی ئەم ئەڵقەیەدا.

لینکی بینینی ئۆنڵاین

لینکی داگرتن




زنجیرەی کۆزمۆس (ئەڵقەی دووەم) بە ژێرنوسی کوردی

وەرگێڕانی بۆ کوردیی: کامیار سابیر
ژێرنوسکردنی:سەڵاح ئەحمەد
زۆر سوپاس بۆ کاک کامیار و  کاک سەلاح کە ڕەزامەندی و پاڵشتیان خۆیان نیشاندا  بۆ دانان و بڵاوکردنەوە ئەم ئەڵقەیەی زنجیرەی کۆزمۆس لێرەوە.

https://ia600609.us.archive.org/15/items/CosmosKurdish/%20کۆزمۆس%20%281%29.mp4

لینکی داگرتن