حەوت کورتە وانەی فیزیک: وانەی سێیەم

نوسینی:كارلۆ رۆڤیللی
وەرگێرانی بەدەسکاریەوە:شێرکۆ رەشید قادر
وانەی سێیەم: تەلاری گەردون

لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کاتێک ئاینشتاین وەسفی میکانیزمی کارکردنی فەزا و زەمەنی گەردونی کرد، نیەڵز بۆر و شاگردە لاوەکانی گیرۆدەی هاوکێشە سەیرەکانی سروشتی کوانتەمی مادە بوبون. لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمدا، بە پشت بەستن بە بناغەی ئەم فیزیکە نوێیانە، فیزیکناسان دو تیوری نوێیان بە فراوانی لە کایەی جیاجیای سروشتدا واریکرد:  لە بونیاتی گەورەی سروشتەوە هەتا بونیاتی بچکۆلەی تەنۆلکە بنەڕەتییەکان. لەم وانەیەدا باسی یەکەم و لە وانەی داهاتوشدا باسی دوەم دەکەم.

ئەم وانەیە بە زۆری لە دایەگرامی سادە پێکهاتوە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە بەر لە تاقیکردنەوە، پێوانەکاری، ماتماتیک و هەمو کورتکردنەوە تۆکمەکان، زانست لە سەرو هەمو شتێکەوە بریتیە لە وێناگەری واتە روئیا. زانست لەگەڵ روئیادا دەست پێدەکات. فکری زانستی بە قودرەتی بینینێک جۆشکراوە کە جیاوازە لەوەی لەوەبەر سەیری شتەکانی پێ کرابێت. لێرەدا دەمەوێت پوختەیەکی کورتی هێڵە گشتییەکانی گەشتی هەردو روئیاکەتان پێشکەش بکەم.

seven-physics-lesson-lesson-3-1ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن هەزار ساڵە گەردون بە چەمک کراوە: عەرد دەکەوێتە ژێرەوە، ئاسمانیش لە سەرەوە. بیست و شەش سەدە لەمەوبەر، گەورەترین شۆڕشی زانستی لەسەر دەستی ئەناکسیماندەر بەرپابو، ئەویش کاتێک ویستی ئەو پرسە حل بکات کە چۆن دەشێت خۆر، مانگ و ئەستێرەکان بە دەوری ئێمەی عەردا دەسوڕێنەوە. ئەناکسیماندەر ئەو وێنەیەی سەرەوەی گەردونی لابرد و ئەمەی خوارەی لەبری دانا.

seven-physics-lesson-lesson-3-2

بەمجۆرە ئاسمان، نەک هەر لە سەرەوە، بەڵکو لە هەمو لایەکەوە دەوری عەردی داوە، عەردیش وەک بەردێکی گەورە بە فەزادا هەڵواسراوە، بە بێ ئەوەی بکەوێتە خوارەوە. دوای ئەمە(لەوانەیە پارمەندیس یان فیساگۆرس بوبێت.) بۆیان دەرکەوت کە شێوەی گۆیی ماقوڵترین فۆرمە بۆ عەرد بۆ ئەوەی بەو جۆرە لە ئاسماندا بمێنێتەوە و بە هەمو ئاراستەکانیشدا یەکسانە، ئنجا ئەرستۆ هات و مشتومڕێکی زانستییانەی تۆکمە و قانعانەی داڕشت بۆ پشتراستکردنەوەی سیمای گۆیی هەر دوک عەرد و ئاسمانی دەوری عەرد کە بوەتە روتەختێک بۆ ئەوەی تەنە ئاسمانییەکان لەسەر خولگەکانیان بە دەوری عەردا بسوڕێنەوە. سەرەئەنجامی وێنەکەی گەردون بەمجۆرەی لێهات:

seven-physics-lesson-lesson-3-3

ئنجا ئەم گەردونە، هەروەک ئەرستۆ لە کتێبەکەیدا، لەمەڕ تەنەکانی ئاسمان، وەسفی دەکات، بو بەو گەردونەی کە بە درێژایی سەدەکان و هەتا چەرخەکانی ناوەراست وەک خەسڵەتی شارستانیەتی ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست مایەوە. ئەمە هەر سیمای ئەو دونیایەیە کە دانتێ و شکسپێر لە قوتابخانەکان خوێندویانە.

کۆپەرنیکۆس هەنگاوی ئایندەی هەڵگرت و ئەو قۆناغەی بنیاتنا کە بە شۆڕشی گەورەی زانستی ناسراوە. لای کۆپەرنیکۆس دونیا نوێکەی خۆی زۆر لەوەی ئەرستۆ جیاواز نەبو:

seven-physics-lesson-lesson-3-4

بەڵام لە هەقیقەتدا جیاوازی سەرەکی لە نێوانیاندا هەبو. کۆپەرنیکۆس ئایدیاکەی لە یۆنانی کۆنەوە وەرگرت و پیشانیدا کە زەوی چەقی گەردون نییە و هەمو هەسارەکان بە دەوریدا سەما بکەن، بەڵکو لە بری عەرد خۆر چەقی گەردونە. بەمجۆرە هەسارەکەی خۆمان واتە عەرد، بو بە یەکێک لە هەمو هەسارەکانی تر و بە خێراییەکی بەرز بە دەوری تەوەری خۆیدا دەخولێتەوە و لەهەمان کاتیشدا بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە.

دیسان گەشەکردنی ماریفەتمان هەر بەردەوام بو. لەگەڵ پێشکەوتنی ئامرازەکاندا، هەر زو بۆمان دەرکەوت کە سیستەمی خۆری بۆ خۆی تەنها یەکێکە لە ژمارەیەکی بێشوماری سیستەمی تر و خۆریش جگە لە ئەستێرەیەک، وەک چەندەها ئەستێرەی تر هیچی تر نییە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو نوقتەیەکی زۆر بچکۆلەیە لە نێو هەورێکی زۆر گەورە کە بلیونەها ئەستێرە لەخۆدەگرێت، کە ئەویش بە گالاکسی ناودەبرێت.

seven-physics-lesson-lesson-3-5

لە ساڵانی 1930 یەکاندا، دوای ئەوەی فەلەکناسانی تایبەت بە گازییەکان( ئەو هەورە سپییانەی دەکەونە نێو ئەستێرەکانەوە)، پێوانێکی وردیان کرد، بۆیان دەرکەوت کە گالاکسی خۆشی بریتیە لە نوقتەیەک تۆز لە نێو هەورێکی گەورەی گەلە گالاکسیدا، ئەم گەلە گالاسییانە ئەوەندە دورن تەنانەت بە بەهێزترین تەلەسکۆپیش ناتوانین ئەوسەریان ببینین. بەمجۆرە دونیا بوە مەملەکەتێکی بێ سنوری بێ کەنار.

ئەم وێنەیەی خوارەوە تابلۆ و نیگار نییە، بەڵکو وێنەیەکی فۆتۆگرافییە کە تەلەسکۆپی گەورەی فەزایی هەبڵل گرتویەتی، سیمایەکی قوڵاییەکانی ئاسمانمان نیشان دەدات کە هەرگیز لەوەبەر دیمەنی وەهامان نەبینیوە، تەنانەت ئەگەر گەورەترین تەلەسکۆپیشمان بەکاربهێنایە. خۆ ئەگەر تەنها بە چاو سەیری بکەین جگە لە پەڵەیەکی زۆر تاریکی ئاسمان هیچی تر بەدی ناکەین. بەڵام لە چاوی تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵڵەوە ئەم تۆزوخۆڵە لە دورییەکی زۆرەوە وەک نوقتەگەلێک بەدەردەکەوێت. ئەگەر هەر خاڵێکی رەش لە وێنەکەدا بگریت بریتییە لە گالاکسییەک کە سەدان بلیۆن خۆری لەوەی لەمەڕ خۆمان لەخۆدەگرێت. دوای سەرنج و وردبونەوە، لە چەند ساڵی رابردودا دەرکەوتوە کە زۆربەی ئەم خۆرانە هەسارەی خۆیان هەیە و بە دەوریاندا دەسوڕێنەوە. بەمجۆرە لە گەردوندا، هەزاران بلیۆن بلیۆن بلیۆن هەسارەی تری وەکو عەرد بونیان هەیە. خۆ ئەگەر بە هەر ئاراستەیەکدا سەیربکەین، ئەوا بەمجۆرە دەردەکەوێت:

seven-physics-lesson-lesson-3-6

بەڵام، لە هەمبەر ئەم رێکوپێکە ناکۆتاییە، بەوجۆرە نییە کە دێتە بەرچاو. هەروەک لەوەبەر لە دەرسی یەکەمدا باسم کرد ، فەزا تەخت نییە بەڵکو چەماوەییە. پێویستە وێنای پێکهاتەی ئەم گەردونە بکەین، بە شلپەی گالاکسییەکانیەوە، کە ئەو شەپۆلانە، بە هەمان شێوەی شەپۆلەکانی دەریا، دەیان جوڵێنێت، هەندێک جار وەها دەخرۆشێت کە چاڵێک دروستدەکەن، کە بە چاڵە رەشەکان ناسراون. بەمجۆرە با بگەڕێینەوە بۆ ئەو وێنەیەی کە لەوەبەر کێشابومان، بۆ ئەوەی ئەو کەندڕە گەورانەی گەردون نمایش بکەین کە لە لایەن ئەم شەپۆلانەوە دروستکراون:

seven-physics-lesson-lesson-3-7

دواجار، ئێستا دەزانین کە ئەم گەردونە زەبەلاحە، گەورە و لاستیکییە بە گالاکسییەکان رازاوەتەوە و پازدە بلیون ساڵیشە لە پرۆسەی دروستبوندایە و لە بناواندا لە هەورێکی رەشی بچکۆلەی ئیجگار گەرم و چڕەوە لەدایکبوە. بۆ پیشاندانی ئەم تەرزە، چیتر پیویستمان بە وێنە کێشانی ئەم گەردونە نییە، بەڵکو پێویستە سەرتاپای وێنە بکێشین و بنوسینەوە. لە راستیدا گەردون ئەم شێوەی ئەم وێنەیەی هەبوە:

seven-physics-lesson-lesson-3-8

هەروەک لە وێنەکەدا دەبینین گەردون وەک تۆپێکی بچۆلە دەستی پێکرد و دوایی بە جۆرێک تەقییەوە کە ئەو فۆرمە گەردونییەی ئێستا لەخۆدەگرێت. ئەمە سیمای هەنوکەیی گەردونە، بەو مەودا هەرە گەورەییەی کە دەیزانین.

ئایا هیچی تر هەیە؟ ئایا لەوەبەر هیچی تر هەبو؟ لەوانەیە، بەڵێ، لە وانەکانی تردا قسەی لەسەر دەکەم. ئایا گەردونی تر کە هاوشێوەی یەکتر بن بونیان هەیە؟ یان جیاوازتر؟ ئێمە نازانین.




حەوت کورتە وانەی فیزیک: وانەی یەکەم

نوسینی:كارلۆ رۆڤیللی
وەرگێرانی بەدەسکاریەوە:شێرکۆ رەشید قادر
جوانترین تیۆری

ئاینشتاین، لە تافی لاویدا، ساڵێکی تەمەنی خۆی بە تەمەڵی و بێ هیچ ئامانجێک گوزەراند. بەڵام زەحمەتە ئنسان بتوانێت بگاتە مەبەستێک ئەگەر بڕێک لە ژیان و کاتی
خۆی بە فیڕۆ نەدات، بە داخەوە زۆر لە دایکان و باوکانی هەرزەکاران ئەم راستییە فەرامۆش دەکەن. ئاینشتاین ئەو کاتە لە پاڤیا بو. لە ئەڵمانیا دەستبەرداری خوێندنەکەی بو چونکە بەرگەی نەگرت و وەدوی ماڵەوەیان کەوت. ئەمە سەرەتای سەدەی بیستەم بو، لە ئیتالیاش سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی پیشەسازی بو. بابی، کە ئەندازیاربو، لە دەشتاییەکانی پادوادا، بنکەی کارەبایی دادەمەزراند. هەر لێرە بو کە ئاینشتاین کەوتە خوێندنەوەی کانت و جار جارەش، بۆ خۆشی و بێ ئەوەی ناونوس کرابێت یان بیر لەوە بکاتەوە کە بچێتە تاقیکردنەوەوە، دەچوە زانکۆی پاڤیا. ئا بەمجۆرە زانایانی گەورە دروست دەبن.
دوای ئەمە، چووە زانکۆی زوریخ و لە خوێندنی فیزیکدا قوڵبوەوە. دوای چەند ساڵێکی کەم، لە 1905 دا، سێ پەیپەری(نامەی زانستی) نارد بۆ نایابترین و بەشۆرەترین ژورناڵی زانستی ئەو سەردەمە کە ناوی ئەناڵێن دێر فیزیک بو. هەر یەک لەم پەیپەرانە بۆ خۆی شایانی خەڵاتی نۆبڵ بون. یەکەمیان ئەوە دەخاتەڕو کە ئەتۆم لە راستیدا بونی هەیە. دوەمیشیان بناغەی داڕشت بۆ میکانیکی کوانتەم. سێیەمیش، یەکەم تیوری خۆی، کە تیوری نسبی ( کە ئێستا بە نسبیەتی تایبەتی ناسراوە.)بو پێشکەشکرد، ئەو تیورییەی ئەوەمان بۆ رۆشندەکاتەوە کە چۆن زەمەن بۆ هەمو کەسێک وەک یەک گوزەر ناکات: تەنانەت دو مرۆڤی دوانەی وەک یەکیش لە تەمەندا جودان ئەگەر یەکێکێان بە خێراییەک سەفەربکات.
ئاینشتاین لە شەو و رۆژێکدا بوە زانایەکی سەر زوبانان و لە چەندەها زانکۆی جیاجیاوە پۆستی کار و پرۆفیسۆریان پێشکەشکرد. بەڵام شتێک ناڕەحەتی کرد: سەرباری ئەوەی یەکسەر ناوبانگی پەیداکرد، تیوری نسبی لەگەڵ تیوری هێزی کێشکردنی نیوتندا کۆک نەبو، بە تایبەتی لەمەڕ کەوتنەخوارەی شتەکان. ئەمەی کاتێک بۆ دەرکەوت کە سەرقاڵی نوسینی گوتارێک بو لەمەڕ کورتەی تیورییەکەی و ئنجا کەوتە خوردبونەوە لەوەی ئەگەر یاسای ” کێشکردنی گشتی”، بەو جۆرەی لە لایەن بابی فیزیک، ئیسحاق نیوتن، خۆیەوە فۆرمولە کراوە، پێویستی بە پێداچونەوە هەیە بەو مەبەستەی لەگەڵ چەمکی نوێی نسبیەتدا بەراورد بکرێت. ئاینشتاین خۆی لە پرسەکەدا غەرقکرد. دە ساڵی رەبەقی خایاند کە یەکلایی بکاتەوە، دە ساڵی خوێندنی چڕوپڕ، هەڵە، هەوڵدان، سەر لێ تێکچون، گوتاری هەڵە، ئایدیای نایاب و ئایدیای بە هەڵە تێگەیشتن.
دوا جار، لە ساڵی 1915 دا، پەیپەرێکی زانستی بە چاپ گەیاند کە تەواوی حلەکەی خستەڕوو: تیورییەکی نوێی کێشکردن کە بە نێوی تیوری گشتی نسبی بڵاوی کردەوە، کە شاکاری هەرە گەورەی ئاینشتاین بو، بە گوتەی لێڤ لانداو، فیزیکناسی گەورەی روسی ”جوانترین تیورییە”.
لە راستیدا گەلێک شاکاری رەها هەن کە بە خرۆشەوە هەستمان دەجوڵێنن: وەکو ريکیومی Requiem موزارت، ئۆدێسەی هۆمیرۆس و کینگ لیری شەکسپیر. بۆ ئەوەی بلیمەتی ئەمانە بزانین، ئەوا پێویست دەکات کە مرۆڤ لەبەر دەستیاندا شاگردبێت، بەڵام پاداشەکەی جوانییەکی بێگەرد و پوختە، نەک هەر ئەمە بەڵکو بیناییمان لەبەردەم وێنایەکی نوێێ ئەم دونیایەدا دەکاتەوە. زێرەکەی ئاینشتاین، کە بریتییە لە تیوری گشتی نسبی، نمونەی شاکارێکی ئەم پلەیەیە.
لە بیرمە کاتێک بۆ یەکەم جار کەوتمە ئەوەی شتیك لە تیوری نسبی بزانم، ئای چەندە خرۆشابوم. هاوین بو لە کەنارەکانی دەریای کۆندۆفۆری، لە کالابریا بوم، دوا ساڵی خوێندنی زانکۆم بو. کاتێک ئنسان لە مەکتەب دورە، لە پشوی هاویندا بە باشترین شێوە دەکەوێتە خوێندن، ئەو کاتە کتێبک یاریدەدەرم بو کە مشک گازی لە سوچەکانی گرتبو، چونکە شەوانە بەکارم دەهێنا بۆ گرتنی کونەکانی ئەم مەخلوقە نەگبەتانەی لەو خانوە وێرانەدا بون کە دەتگوت بۆ هیپی دروستکراوە و لە بەرزاییەکی ئەمبریادا بو، ئێمەش چوبوینە ناوی بۆ ئەوەی لە بێزاری دەرسەکانی زانکۆی بۆلۆننا رابکەین و رزگارمان بێت. ساتە نا ساتێک چاوم لەسەر کتێبەکە بەرزدەکردەوە و سەیری بریسکەی دەریام دەکرد، لە راستیدا لای من دەتگوت چەماوەیی فەزا و زەمەن بەو جۆرە دەبینم کە ئاینشتاین تەسەوری دەکرد. هەروەک سیحر: دەتگوت هاوڕێیەک هەقیقەتێکی سەیری پەنهان بە گوێمدا دەچرپێنێت، لە ناکاو چارشێو لەسەر سیمای واقیع لادەچێت و نیزامێکی سادەتر و قوڵتر خۆی نمایش دەکات. لەو رۆژەوە کە بۆمان دەرکەوتوە عەرد خڕە و وەک دێوانە دەخولێتەوە، لەوە گەیشتوین کە واقیع بەو جۆرە نییە کە دێتە بەرچاومان: هەمو جارێک کە شتێکی تازە بەدی دەکەین، دەبێتە ئەزمونێکی عاتیفی قووڵ. پەچەیەکی تریش دادەماڵێت.


بەڵام لە نێو هەمو ئەو بازدانە پێشکەوتوانەدا کە تێگەیشتنی مرۆڤ لە رەوتی مێژودا سەرکەوتنیان دەستەبەر کردوە، لەوانەیە هیچیان شان لە شانی تیورییەکەی ئاینشتاین نەدەن. بۆچی؟
یەکەم، چونکە کە مرۆڤ تێگەیشت کە چۆن(تیورییەکە) کاردەکات، ئەوا تیورییەکە سادەییەکی لە ئاسابەدەر لەخۆدەگرێت. با فکرەکە بە کورتی باس بکەم.
نیوتن هەوڵیدا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی تەنەکان و سوڕانەوەی هەسارەکان تەفسیربکات. نیوتن تەسەوری هەبونی ‘هێزێک’ی کرد کە هەمو تەنەکان یەکتر کێش دەکەن، ئەم هێزەی ناونا ‘هێزی کێشکردن’. بێ ئەوەی هیچ شتێک لە نێوان تەنەکاندا حزوری هەبێت، چۆن ئاوا ئەم تەنانە لەو دورییەوە یەکتر کێش دەکەن؟ ئەمە شتێکی نەزانراو بو، پاشان، نیوتن، بابی گەورەی فیزیکی هاوچەرخ، وریابو کە هیچ فەرزیەیەک لەم بارەیەوە پێشکەش نەکات. نیوتن ئەوەشی وێناکرد کە تەنەکان بە بارتەقای ئاسماندا دەجوڵێن و فەزاش سندوقێکی گەورەی بەتاڵە و گەردونیشی لەخۆگرتوە، ئەم فەزایە بونیاتێکی زەبەلاحە و هەمو مادەکانیش هەر دەجوڵێن هەتا هێزێک ناچاریان دەکات ڕەوتەکەیان بگۆڕن بۆ فۆرمێکی چەماوەیی. ئەم فەزایە لە چی دروستبوە؟ ئەم سندوقە چۆن خوڵقاوە؟ نیوتن توانستی ئەم وەڵامەی نەبو. بەڵام دوای چەند ساڵێک بەر لە لەدایکبونی ئاینشتاین دو فیزیکناسی گەورەی بەریتانی، مایکل فارادای و جەیمس ماکسوێل، پێکهاتەیەکی سەرەکییان بۆ دونیاکەی نیوتن زیادکرد، ئەویش کایەی ئەلکترۆماگنێتیک بو. ئەم کایەیە قەوارەیەکی راستەقینەیە و بە هەمو شوێنێکدا بڵاوبوەتەوە، شەپۆلە رادیۆییەکان هەڵدەگرێت، فەزای تەنیوە، هەر وەک روی دەریاچە هەڵبەز و دابەز دەکات و هێزی ‘کارەبایی’ دەگوازێتەوە. هەر لە تافی لاوییەوە، ئاینتشاین سەرسام بوە بەم کایە ئەلکترۆموگناتیسییەی کە لەو وێستگە کارەباییەی بابی خۆی دروستی کردبو، رۆتەرەکان دەسوڕێنێتەوە. هەر زوش تێگەیشت کە هێزی کێشکردن، هەر وەک کارەبا، پێویستە وەک کایەیەک سەیربکرێت: ‘کایەی کێشکردن’ ‘gravitational field’ کە مورادیفی ‘کایەی کارەبایی’ە و پێویستە بونی هەبێت. ئاینشتاین مەبەستی بو لە چۆنیەتی کارکردنی ئەم ‘کایەی کێشکردن’ە تێبگات و چۆنیش دەکرێت بە هاوکێشە وەسف بکرێت.
ئا لەم ساتەدا بو کە ئاینشتاین بیرۆکەیەکی بۆ هات، بیرۆکەیەک کە تەنها هیمایە بۆ بلیمەتییەکی پوخت: کایەی کێشکردن بە پانتایی فەزادا بڵاونەبوەتەوە، بەڵکو فەزا خۆیەتی. ئەمە فکرەی تیوری نسبی گشتییە. ‘فەزاکەی’ نیوتن، کە شتەکان تێیدا دەجوڵێن، و هەر هەمان ‘کایەی کێشکردن’ە.
ئەمە ساتەوەختی رۆشنگەرییە، ساتەوەختی بە سادەکردنی دونیایە: فەزا، چیتر شتێک نییە لە مادە جودا بێت، بەڵکو یەکێکە لە پێکهاتە مادییەکانی دونیا. یەکەیەکە کە لە جوڵەدا فۆرمێکی شەپۆلئامێزی هەیە، لارولەنجە دەکات، سیمایەکی چەماوەیی لەخۆدەگرێت و خولدەدات. ئێمە لە سەرخانێکی سەختی نەبینراودا نین: ئێمە لە لە لولپێچێکی زەبەلاحی گونجاودا نقوم بوین. خۆر فەزا بە دەوری خۆیدا دەچەمەێنێتەوە و عەردیش نەک بە هۆی هێزێکی ئەفسوناوییەوە بە دەوریدا ناسوڕێتەوە، بەڵکو راستەوخۆ لە فەزادا فڕکەی دێت، لاردەبێتەوە و هەروەک هەڵماتێک بە ناو رەحەتییەکدا خل دەبێتەوە. خۆ لە چەقی رەحەتییەکەدا هیچ هێزێکی سیحراوی دروست نابێت، بەڵکو سروشتی لاری یان چەماوەیی دیواری رەحەتییەکەیە دەبێت بە هۆی ئەوەی کە هەڵماتەکە تل بێتەوە. هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، تەنەکان دەکەونە خوارەوە چونکە فەزا سیمایەکی چەماوەیی هەیە.
چۆن بتوانین وەسفی ئەم سیما چەماوەییەی فەزا بکەین؟ گەورەترین ماتماتیکناسی سەدەی نۆزدە ، کارل فرێدرێک گاوس، کە بە ‘ئەمیری ماتماتیکناسان’ ناسراوە، فۆرمولایەکی ماتماتیکی دارشت کە وەسفی روتەختی بەرز و نزمی دو رەهەندی کرد، نمونەی ئەمەش بریتییە لە روی گردەکان. پاشان داوای لە قوتابییەکی زۆر بەهرەمەندی خۆی کرد کە ئەم چەمکە بخاتە فۆرمێکی گشتییەوە بە جۆرێک کە فەزا بە شێوەیەکی سێ رەهەندی یان زیاتر لەخۆبگرێت. قوتابیەکە، کە بێرنارد رەیمان بو، نامەیەکی دکتۆرای زۆر نایابی بەرهەمهێنا. سەرەتا تەواو بێ بایەخ و بێ سود هاتە بەرچاو. دەرەنجامی نامەکەی رەیمان ئەوە بو کە خاسیەتی فەزای چەماوە بریتییە لە بابەتێکی ماتماتیکی تایبەت کە ئەمڕۆ بە چەماوەی رەیمان ناسراوە و بە حەرفی R ئیشارەی بۆ دەکرێت. دوایی ئاینشتاین هاوکێشەیەکی نوسی کە دەڵێت R یەکسانە بە وزەی مادە و بەس. هاوکێشەکە نیو دێڕە و هیچی تر. وێنایەک، کە فەزا دەچەمێتەوە، بوە هاوکێشیەک.
بەلام لە کرۆکی ئەم هاوکێشەیەدا، گەردونێک گەورەبوە. ئا لێرەدا دەوڵەمەندی سیحرییانەی تیورییەکە دەروازەیەکمان بۆ ئاواڵە دەکات کە کۆمەڵە وێنەیەکی راستی و خەیاڵی ئەفسوناوی یەک لە دوی یەک، کە چەند پێشبینییەک دەکەن کە دەڵێی لارولەنجەی کابرایەکی شێتە، بەڵام هەمو ئەمانە دەرکەوت کە راستن.
سەرەتا هاوکێشەکە وەسفی فەزامان بۆ دەکات کە چۆن بە دەوری ئەستێرەیەکدا دەچەمێتەوە. بە هۆی ئەم چەمانەوەوە، نەک هەسارەکان بە دەوری ئەستێرەکەدا دەسوڕێنەوە، بەڵکو روناکێس چیتر بە هێڵێکی راست ناجوڵێت، بەڵکو لادان لە رەوتەکەیدا ڕودەدات. ئاینشتاین پێشبینی ئەوەی کرد کە خۆر دەبێت بە هۆی لادانی رۆناکی. لە ساڵی 1919 دا. ئەم لادانە پێوانەیەکی بۆ ئەنجامدرا و پێشبینییەکەی ئاینشتاینی پاسادان کرد و سەلماندی کە راستە. بەڵام هەر فەزا بە تەنها نەبو کە دەچەمێتەوە، بەڵکو زەمەنیش دەچەمێتەوە. ئاینشتاین پێشبینیکرد کە زەمەن لە تەبەقەکانی سەرەوەی فەزادا خێراتر دەجوڵێت وەک لە سنورەکانی نزیک عەرد. ئەمەش دیسان پێوانەکرا و پرسەکە راست دەرچو، خۆ ئەگەر ئنسانێک لەسەر روی دەریا بژی و لەگەڵ برا دوانەکەی یان خوشکە دوانەکەی خۆی کە لەسەر چیایەک دەژی، بە یەکتر بگەن، ئەوا سەیردەکات کە براکەی یان خوشکەکەی لە خۆی تۆزێک پیرترە. ئەمەش تەنها سەرەتایە.
کە ئەستێرەیەکی زەبەلاح دەسوتێت و هەمو پێکهاتەی توخمی هایدرۆجینەکەی تەواودەبێت. ئەوەی دەمێنێتەوە بە گەرما و وزەی سوتانی توخمەکەی بەردەوام نابێت و لە سایەی کێشی خۆیدا هەرەس دەهێنێت و هەتا دەگاتە خاڵێک کە ئیتر فەزا تا مەودایەکی وەها دەچەمێنێتەوە کە بە دەکەوێتە چاڵێکی راستییەوە. ئەمەش ئەو جاڵە بە شۆرەتانەن کە چاڵە ڕەشەکان ناسراون. کاتێک قوتابی زانکۆ بوم، ئەمانە ئەو حسابەیان بۆ دەکرا کە بەدەگمەن دەکرێت پێشبینی بکرێن کە رۆژێک دێت وەک تیورییەک دەبنە مایەی تێگەیشتن لە لایەن خەڵکەوە. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا سەرنجیان دەدەین و بە سەدان لە ئاسماندا دێنە بەرچاومان، بە وردیش لە لایەن فەلەکناسانەوە دەخوێندرێن.
بەڵام ئەمە هێشتا هەمو شتێک نییە. لەوانەیە سەرتاپای فەزا گەورە ببێت و بچێتەوە یەک. لەوەش زیاتر، هاوکێشەکەی ئاینشتاین ئەوە دەخاتەڕو کە فەزا ناتوانێت بە سەقامگیری بمێنێتەوە، پێویستە کە بکشێت یان گەورە ببێت. لە ساڵی 1930 دا، لە سایەی تێڕامان و وردونەوەوە، گەورەبون یان کشانی گەردون بە راستی بەدیکرا. هەر هەمان هاوکێشە دیسانەوە پێشبینیکرد کە کشانی گەردون لە بناواندا هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ تەقینەوەی گەردونێکی ئێجگار بچکۆلەی لە ئاسابەدەر گەرم: ئەو شتەی ئەمڕۆ بە بیگ بانگ ناوی دەبەین. دیسانەوە، یەکەم جار کەس باوەڕی بەم شتانە نەکرد، بەڵام هێدی هێدی سەلماندنەکان کەڵەکەبون، هەتا شەبەنگی باکگراوندی کۆسمۆیی ، کە بریتییە لە پاشماوەی ئەو تیشکەی راستەخۆ دوای ساتەوەختی رودانی بیگ بانگ پەخشبوە، لە ئاسماندا دۆزرایەوە و زانایان دوای ڕامان دیاردەکەیان تۆمارکرد. ئەو پێشبینییەی لە هاوکێشەکەی ئاینشتایندا هاتوە دەرکەوت راستە. ئنجا لەوەش زیاتر ، هێشتا تیورییەکە ململانێی ئەوە دەکات کە فەزا وەک روی دەریایەک دەجوڵێت. کاریگەری ‘شەپۆلەکانی کێشکردن’ لە ئاسماندا لەسەر ئەستێرە دوانەییەکان بینراوە و تەنانەت هێمایەکیشە بۆ پێشبینییەکانی تیورییەکە سەبارەت بە وردەکارییەکەی بە جۆرێک کە یەک بۆ سەد بلێونە.
بە کورتی، تیورییەکە وەسفی دونیایەکی فرە رەنگ و ناوازە دەکات کە گەردون دەتەقێتەوە، فەزا هەرەس دەهێنێت و دەبێت بە چاڵێک(یان کونێک) کە نە بنی هەیە و نە زەمەن و ئەمە لە نزیک هەسارەکان خاودەبێتەوە و دوری بێ سنوری فەزای نێوان ئەستێرەکان وەک روی دەریا شەپۆل دەدات و شاڵاو دەهێنێت….هەمو ئەمانە، هێدی هێدی لە کتێبەکەوە سەریان هەڵدا کە مشک گازی لە سوچەکانی گرتبو، ئەمانە حیکایەتگەلێک نین گەلحۆیەک لە کاتی خڵەفاندا بیان گێڕێتەوە، یاخود وڕێنەیەک نین لە سایەی گەرمای خۆری کالابریای سەر کەنارەکانی دەریای ناوەراست دروست ببن، ئەمانە راستین.
باشترە ئەگەر بڵێین هێمایەکن بۆ راستی، کەمتر لێڵن یان رۆژانە دوبارە ببنەوە و ئیزعاجمان بکەن. واقیعێک کە دەڵێی هەر لە هەمان ئەو شتەیە کە هەمان پێکهاتەی خەونەکانمانن، بەڵام هیچ نەبێت زۆر راسترن لەو خەونانەی دەیان بینین و بە تەمێک داپۆشراوە.
هەمو ئەمانە دەرەنجامی تێگەیشتنی بەرایین: واتە فەزا و کایەی کێشکردن هەمان شتن. هاوکێشەیەکی سادەش، کە لێرەدا ناچارم بیخەمە بەرچاوتان، هەرچەندە زۆر دڵنیام کە ناتوانن جارێ واڵای بکەن و لێی تێ بگەن. دور نییە هەر کەسێک ئەمە دەخوێنێتەوە دەتوانێت ڕەچاوی سادەیی جوانی ئەم هاوکێشەیە بکات:
Rab − ½ R gab = Tab
ئەمە تەواو.
بێگومان، خۆشت دەبێت ماتماتیکی رەیمان بخوێنیت و ئەزمی بکەیت بۆ ئەوەی تەواو ببیتە پسپۆر لە کۆمەڵێک تەکنیکدا کە دەسەڵاتت بەسەر ئەم هاوکێشەیەدا بشکێت و لێی حاڵی ببیت و بەکاری بهێبیت. بەڵام توانا و هیمەتێکی کەمترت پێویستە بۆ ئەوەی ڕەچاوی ئەو جوانییە بکەیت کە چوار مۆسیقار دادەنیشن و بیتهۆڤن دەژەنن. لە هەردو حاڵەتدا، خەڵاتەکە برتییە لە جوانییەکی لە ئاسابەدەر، چاوێکی نوێ کە سەیری دونیای پێ بکەین.




ئەدوین هەبڵڵ (1889 – 1953)

وەرگێران و ئامادەکردن:شێرکۆ رەشید قادر

هەبڵڵ، ئەو فەلەکناسە گەورە ئەمەریکییە (1889_ 1953) بو، کە بە تەنها توانی دیدی مرۆڤایەتی سەبارەت بەگەردون بگۆڕێت. هەبڵڵ سەرکەوتوانە تێروانینی ستاتیکییانە (نەگۆڕ)ی هەمو فەلەکناسانی سەبارەت بە گەردون هەڵتەکاند و ئەو تیورییە هاوچەرخ و نوێیەی پێشکەشکرد کە گەردون نەک هەر لە قەبارەدا سیمایەکی سنورداری نییە، بەڵكو هەمیشە لە کشان یان گەورەبوندایە. هەبڵڵ توانی ئەو بیروڕا باڵادەستەی سەرەتای سەدەی بیستەم ڕەت بکاتەوە کە دەیگوت ڕێچکە شیرییەکان[1] سەرتاپای گەردون پێکدەهێنن، ئەوەی دەرخست کە ئەم ڕێچکە شیرییانە(کاکێشانە) تەنها بەشێکی بچکۆلەن لە بلیۆنەها گالاکسی(یان گەلە ئەستێرە) تر کە گەردونی فراوانیان تەنیوە. هەبڵڵ یەکەم فەلەکناس بو کە زەمینەی خۆشکرد بۆ لەدایکبونی تیۆری هەرە نوێ و هاوچەرخی بیگ بانگ[2] .

هەبڵڵ: پیاوێک هەمیشە بە پایپەوە

هەبڵڵ: پیاوێک هەمیشە بە پایپەوە

منداڵی
هەبڵڵ لە ساڵی 1889 لە مارشفیڵد، لە ولایەتی میسوری، وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لەدایکبوە. کاتێک تەمەنی گەیشتە نۆ ساڵان، بە خاو و خێزانەوە چونە ئیلئنەس، لە ولایەتی شیکاگۆ. قامەت و باڵایەکی بەرز و ڕێک و پتەوی هەبو، هەر زو بو بە وەرزشوانی گۆڕەپان و مەیدان، لە زۆربەی موناسەبە وەرزشییەکاندا یەکەم بو. لە ساڵی 1906 دا، تۆماری بازی بەرزی لە ناوچەی ئیلینەس شکاند. هەبڵڵ، بە هەمان شێوەی وەرزش، بەهرە و خولیای لە زانستدا هەبو. دوایی چوە زانکۆی شیکاگۆ بۆ ئەوەی ماتماتیک و ئەسترۆنۆمی بخوێنێت. لێرە کەوتە ژێر کاریگەری مامۆستایەکی ئەسترۆنۆمییەوە و بو بە ئیلهامێک بۆ ئەوەی خولیای بچێتە سەر ئەسترۆنۆمی. ئەو کاتانەی سەرقاڵی خوێندن و زانکۆ نەبو، دەچو خۆی بە وەرزشەوە خەریک دەکرد ،ئەندامی تیپی باسکەی زانکۆ بو، ئەمە جگە لەوەی بەم شێوەیە لێهاتو بو، لە وەرزشی مشت – وەشێنیدا بەهرەمەند بو، بە جۆرێک ڕاهێنەرانی یاری بۆکسێن تێکۆشان قایلی بکەن بۆ ئەوەی ببێت بە بۆکسەرێکی پیشەوان، بەڵام ئەو ئەمانەی ڕەتکردەوە. ئەم دو بەهرەیەی هەبڵڵ، زانست و وەرزش، بون بە دو هۆکار کە بتوانێت لە زانکۆی ئۆکسفۆرد مەنحە وەربگرێت و بخوێنێت. بەر لەوەی مەرگ یەخەی بابی بگرێت، هەبڵڵ وەعدی پێدابو کە یاسا بخوێنێت و ببێتە پارەزێر، هەر بۆیە دەبینین، سەرباری ئەوەی لە زانستدا زۆر سەرکەوتوبو، بەڵام مەبەستی بو ئاواتی بابی بهێنێتە دی. لە ساڵی 1910 دا چوە زانکۆ. کاتێک لە تەمەنی 23 ساڵیدا گەڕایەوە بۆ ئەمەریکا، هەبڵڵ ویستی وەک پیشە ببێتە پارێزەر و بە دوی ئەم کارەدا بگەڕێت، بەڵام ژیان بە ئاڕاستەیەکی تردا جوڵا و لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی بو بە مامۆستا و ڕاهێنەری باسکە[3] .

هەبڵڵ و تەلەسکۆپی هووکەر لە چیای ویڵسن

هەبڵڵ و تەلەسکۆپی هووکەر لە چیای ویڵسن

هەبڵڵ کاتێک لە وڵاتی ئنگلتەرا بو، کاریگەری ئنگلتەرا ئەسەرێکی باشی لەسەر ژیانی تۆمارکردبو، وەک لاوە ئنگلیزەکان خۆی دەەپۆشی، پایپی دەکێشا و بە لەهجەی ئنگلیزیش دەدوا. هەرچەندە لە نێو قوتابیەکانیدا خۆشەویست بو، خۆشیان بە هەڵسوکەوتە سەیرەکانی دەهات، بەڵام هەبڵڵ مەرامی بو، ئاواتی بو کە بگەڕیتەوە بۆ زانست. لە زانکۆی ویسکۆنۆنسن Wisconsinچو کۆرسێکی کرد لەسەر خوێندنی هەورییەکان nebulae، ئەو دیاردە ئاسمانییەی کە وەک هەور و گاز دروستبون، هەر دوایش لەم بوارەدا ناوبانگی دەرکرد. لە ساڵی 1917دا، لە زانکۆی شیکاگۆ، دکتۆرا لە ئەسترۆنۆمیدا دەستەبەردەکات. چونکە لاوێکی دانسقە، وردبین و شارەزابو لە بواری ئەسترۆنۆمیدا، لە بنکەی فەزایی بەناوبانگ و دیاری چیای ویلسۆن کاری وەرگرت، ئەم بنکەیە نزیک کالیفۆرنیا بو.

گۆڕاوەکانی سێفییەد Cepheid variables
لە ساڵی 1919 دا هەبڵڵ گەیشتە بنکەی چیای ویلسن، ئەو کاتە هێشتا تەمەنی سی ساڵ بو. لەو ڕۆژگارەدا فەلەکناسان باوەڕیان وابو کە لە گەردوندا تەنها یەک گالاکسی هەیە، ئەویش بریتییە لە ڕێچکە شێرییەکان ( وشەی گالاکسی بە بناوان لاتینە). لە ساڵەکانی دواییدا، چەند گۆڕانێک هاتنە ئاراوە، بە تایبەت لە بواری تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی گەردون. لەم دەورانەدا ژنێک هەبو ناوی هێنریتا سوان لیەڤیت (1868 –1921) Henrietta Swan Leavitt بو، لە بنکەی فەزایی کۆلێژی هارڤارد کاریدەکرد. لییەڤیت جۆرە ئەستێرەیەکی کەشفکرد کە بە گۆڕاوەکانی سێفییەد ناسراوە. ئەم ئەستێرانە، بە ڕیتمێکی ڕێکوپێک گەش دەبنەوە و کزدەبنەوە( لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەم گۆڕاوە سێیەفیدیانە بە زەبەلاحە سورەکان ناسراون و تەمەنیان ئێجگار زۆرە.) لێڤییەت دەرکی بەوە کرد کە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان شەوقی ئەم ئەستێرانە و خێرایی جوڵەکەیاندا. کاتێک کەوتە بەراوردکرنی شەوقی گۆڕاوەکانی سێفییەد لە خاڵگەلێکی جیاواز لە ئاسماندا، توانی پێگەی ئەم گۆڕاوانە بە نیسبەت یەکتر و بە نیسبەت زەوییەوە دیاریبکات. بۆ یەکەمجار توانی لە مێژودا دوری نێوان بەشە جیاوازەکانی گەردون بدۆزێتەوە. بەر لەوەی هەبڵڵ لەگەڵ بنکەی فەزایی چیای ویڵسۆندا بکەوێتە کارکردن و ببێت بە بەشێک لە گروپەکە، فەلەکناسێکی تر لەوێ کاریدەکرد ناوی هارلۆ شاپلیHarlow Shapley (1885 –1972) بو، ئەم فەلەکناسە کەوتبوە تاوتوێکردنی قەبارەی ڕێچکە شیرییەکانMilky Way. شاپلی، دوای ئەوەی گۆڕاوەکانی سێفییەدی خستەگەڕ بۆ ئەوەی دورریەکانیان بپێوێت، گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە پانتاییان 300000 (سێسەد هەزار) ساڵی ڕوناکییە، ئەمەش دە ئەوەندەی ئەو قەبارەیە بو کە لە ئارادا هەبو و خەڵک باوەڕی پێبو. بەڵام شاپلیش، وەک زۆربەی هەرە زۆری فەلەکناسانی ڕۆژگارەکە، باوەڕی وابو کە تەنها ڕێچکە شیرییەکان بونیان هەیە بەس، لای وی ئەم هەورە سەیرانە، کە بە نیبۆلەی ناسراون، تەنها بڵقی گازین هیچی تر.

دۆزینەوەی گالاکسی نوێ
ئەو کاتەی هەبڵڵ گەیشتە بنکەی فەزایی ویڵسۆن، تازە بە تازە تەلەسکۆپێکی گەورەی 254 سەنتیمەترییان دامەزراندبو، ئەم تەلەسکۆپە ناوی هووکەر بو، بەقودرەترین و بەهێزترین تەلەسکۆپ بو لە جیهاندا. بەمجۆرە هەبڵڵ توانی بە هۆی ئەم تەلەسکۆپە زەبەلاحەوە بە شێوەیەکی زۆر وردتر لە فەلەکناسانی پێش خۆی لە ئاسمان بڕوانێت و ڕامانەکانی خۆی تۆماربکات. دوای چەند ساڵێکی کەم و بە شێوەیەکی ئارام و هێدی هێدی کەوتە ڕامان لە ئاسمان و تۆمارکردنی سەرنج و وردبونەوەکانی، توانی دۆزینەوەی لە ئاسابەدر ئەنجام بدات. لە ساڵی 1923 دا، گۆڕاوێکی سێفییەدی لەو بڵقە گازییانەدا بەدیکرد کە بە هەورییەکانی ئەندرۆمێدا Andromedaناسراون. دوای بەکارهێنانی تەکنیکەکانی لییەڤیت، هەبڵڵ توانی ئەوە بسەلمێنێت کە ئەندرۆمێدا نزیکەی یەک ملیۆن ساڵی ڕوناکی دورە – زۆر زیاتر لە ڕێچکە شیرییەکان دورترن، بە ئاشکراش دیارە کە بۆ خۆی گالاکسییەکی سەربەخۆیە. هەبڵ لەوەش زیاتر هەنگاوی هەڵگرت و سێفییەدی تری لە هەوری تردا دۆزییەوە و سەلماندی کە گالاکسیگەلێک لەو دیو سنورەکانی ئێمەوە بونیان هەیە. لە ساڵی 1924 دا، نامەیەکی زانستی بە ناوی ” سێفییەد لە لولپێچی هەورییەکان”دا بڵاوکردەوە و باس لە کارەکانی خۆی دەکات. لە شەووڕۆژێكدا بو بە نەناوبانگترین فەلەکناسی دونیا. خەڵک زۆر بە زویی بەو هەقیقەتە ڕاهاتن کە گەردون زۆر لەوە گەورەترە کە پێشینان وێنایان کردوە و باوەڕیان پێبوە. شاپلی، بە هەواڵەکە تەزی. دوای دۆزینەوەکە، نامەیەکی بۆ هەبڵڵ نوسی و تێیدا گوتی،” نازانم بەم هەنگاوەی تۆ سەبارەت بە پرسی هەورییەکان، شادمان ببم یان بێتاقەت، لەوانەشە هەردوکیان ببم.” لە ساڵی 1926 دا، هەبڵڵ دەستیکرد بە پەرەپێدانی سیستەمی پۆلێنکردنی ئەو گالاکسییانەی کە کەشفیکرون، بە پێی ناوەڕۆک، دوری، شێوە و شەوقیان جیایدەکردنەوە. لە میانی توێژینەوەکەیدا هەقیقەتێکی سەیری تێبینیکرد، ئەویش ئەوەبو کە لە عەرد دوردەکەونەوە. هەبڵڵ ئەم دیاردەیەی بەوەدا زانی کە ئەو ڕوناکییەی ئەم ئەستێرانە دەیخەنەڕو یان پەخشی دەکەن جۆرە دیاردەیەکیان تێدابو کە بە شیفتی سور(لادانی سور) ناودەبرێن و شەپۆلی ئەم روناکییانە وەک دەرەنجامێک گەورەدەبن یان درێژدەبن، بە هەمان شێوە ئەو ئەستێرانەی نزیک دەبنەوە بە ئاڕاستەی شیفتە شینەکە دەجوڵێن.

گالاکسییەکان لە ئەنجامی بیگ بانگەوە گەورە دەبن
بیگ بانگ بریتییە لە تیورییەک سەبارەت بە دروستبونی گەردون. بە پیێ ئەم تیوریە، گەردون لە ئەنجامی خاڵێکەوە، کە چڕییەکی ناکۆتای هەبوە، هاتوەتە ئاراوە و لە نێوان دە بۆ بیست بلیۆن ساڵ لەمەوبەر ئەم پرۆسەیە ڕویداوە. هەبڵڵ یەکەم کەس نەبوە کە ئەم شیفتە سورانە لە ڕوناکی ئەستێرە دورەکانەوە تۆماربکات. لە ساڵی 1914 دا، فەلەکناسێکی ئەمەریکی بە ناوی ”ڤێستۆ سلایفەر” سەرنجیدا و هەمان دیاردەی بەدیکرد، بەڵام تێبینییەکانی نەبون بەهۆی ڕآکێشانی سەرنجی زانایان. هەبڵڵ، دوای دە ساڵ ڕامانەکانی خۆی خستە سەر کاخەز، جگە لەوەی ئەو زانیارییەشی هەبو کە گەردون لە گالکسییەک زیاتری تێدا هەیە.

گەردون لە گەورەبوندایە
هەبڵل بە هاوکاری یاریدەدەرەکەی، میڵتۆن هیوماسۆن[4] ، توانی دوری ئەو گالاکسییانە بپێوێت کە لە پرۆسەی دورکەوتنەوەدان، لە ساڵی 1927 دا ئەو فۆرمیولایەی بەرجەستەکرد کە دوایی بە یاسای هەبڵڵ ناسرا: یاساکەی هەبڵ دەڵێت کە هەتا دوری گالاکسییەکە زیاتربێت، ئەوا ئەو گالاکسییە خێراتر دوردەکەوێتەوە. هەبڵل نەیتوانی لەو دەرەنجامە ڕابکات کە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ئەو گەردونەی هەمیشە وەها تەبەنناکراوە کە سیمایەکی ستاتیک و نەگۆڕ لەخۆدەگرێت، لە ڕاستیدا لە پرۆسەی گەورە بون و کشاندایە. دوای دو ساڵ هەبڵل ڕێژەی ئەم گەورەبونە، یاخود وەک هەندێک دەڵێن کشانەی حسابکرد و ڕێژەکەش بە نەگۆڕی هەبڵڵ ناسراوە (H). ئەم دۆزینەوەیەی هەبڵڵ بوە یارمەتیدەرێک بۆ فەلەکناسان کە بتوانن خێرایی دورکەوتنەوەی هەر گالاکسییەک دیاری بکەن، خێراییەکەش دەکاتە [ خێرایی = نەگۆڕی هەبڵڵ Xدوری(v = H x distance) ]. لە ڕاستیدا هەبڵڵ بەهایەکی زۆر گەورەی بۆ نەگۆڕی هەبڵڵ دانابو، هۆکاری ئەمەش ئەوەبو کە هەبڵڵ ڕەچاوی ڕێچکە شیرییەکانی وەها کردبو کە لە هەمو گالاکسییەکان گەورەتربون، گەردونیش زۆر لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆی لاوتربو.

ئاینشتاین سەردانی هەبڵل دەکات.

ئاینشتاین سەردانی هەبڵل دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا هاوکێشەکەی بەهای خۆی هەر هەبو، چونکە دوای ئەوە فەلەکناسان یەک لە دوی یەک پێداچونەوە و خوێندنەوەیان بۆ نەگۆڕی هەبڵڵ دەکرد و توانیان بەکاری بهێنن بۆ حسابکردنی قەبارە و تەمەنی گەردون. دوایی بەهای نزیکەیی نیوەتیرەی گەردونیان بە بەرزترین پلە خەمڵاند، کە 18 بلیۆن (هەژدە بلیۆن) ساڵی-ڕوناکی بو و ئنجا باوەڕیشیان وابو کە تەمەنی گەردونیش لە نێوان 10 بۆ 20 (دە بۆ بیست) بلیۆن ساڵە. ئەم دۆزینەوە درامائامێزانەی هەبڵڵ هەر زو بون بە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی فیزیکناسی بەناوبانگ ئەلبێرت ئاینشتاین. لە ساڵی 1915 دا بو کە ئاینشتاین تیورییەکەی خۆی لەمەڕ ”نسبیەتی گشتی” پێشکەشکرد، ئەم تیورییە ئەوەی پێشنیازکرد کە لە سایەی کاریگەری هێزی کێشکردنەوە، گەردون یا لە گەورەبوندایە، یاخود لە چونەیەکدا(بچوکبونەوەدا)یە.هەرچەندە لەو سەردەمەدا زۆربەی هەرە زۆری فەلەکناسان باوەڕیان وابو کە گەردون لە حاڵەتی ستاتیک(وەستان)دایە، بەڵام ئاینشتاین هیشتا ئەوەندە شارەزایی لە پرسەکانی ئەسترۆمیدا نەبو کە بتوانێت خۆی یەکلایی بکاتەوە. بەمجۆرە هات و یەکەیەکی تازەی بە ناوی هێزێ – دژە کێشکردنەوە anti-gravity force خستە دوتوێی هاوکێشەکەیەوە، ئاینشتاین ئەم زاراوە نوێیەی ناونا نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی ”cosmological constant” . دۆزینەوەکانی هەبڵڵ هەقیقەتی تیورییەکەی ئاینشتاینی سەلماند، بەڵام خۆی، واتە ئاینشتاین، هەر مەیلی بە گەردونێکی ستاتیک هەبو، دوایی ئاینشتاین لە کۆتاییەکانی ژیانیدا ئەمەی بە گەورەترین هەڵەی ژیانی خۆی ناساند، تەنانەت هەر خۆی لە ساڵی 1931دا چو بۆ بنکەی چیای ویلسۆن و سوپاسی هەبڵڵی کرد چونکە ئەو واتە هەبڵڵ هەڵەکەی ئاشکراکردوە. لە ساڵی 1936 دا، هەبڵڵ و کتێبەکەی ”مەملەکەتی نەیبولا” وەک ئەستێرەیەکی مەزن ناسێنرا. کاتێک لە ساڵی 1941دا جەنگ بەرپابو، هەبڵڵ سوربو لەسەر ئەوەی کە بچێتە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ، دوایی قایلیانکرد کە کەسێکی وەک وی زیاتر سودی دەبێت بۆ نیشتیمانەکەی ئەگەر بێتو وەک زانایەک لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ دوربکەوێتەوە و بچێتە بەرەکانی دواوە، بەمجۆرە بوە بەرپرسی تۆپە قورسەکان و ناوەندی توێژینەوە لە ماریلاند. هەبڵڵ، بەر لە جەنگ و دوای جەنگیش، ڕۆڵێکی سەرەکی یاریکرد لە دیزاینکردن و بنیاتنانی تەلەسکۆپی هەیڵڵ (Hale) لە سەر چیای پالۆمەر، لە کالیفۆرنیا. هەیڵ Hale، ئەو تەلەسکۆپەی لە ساڵی 1948دا تەواوبو، تیرەکەی پێنچ مەتر و هەشت سانتیمەتر بو، چوار ئەوەندەی تەلەسکۆپی هووکەر بەهێزبو، جگە لەوەی هەتا چل ساڵی ئایندەش گەورەترین تەلەسکۆپ بو لە هەمو دنیادا. هەبڵڵ ئەو شەرەفەی پێ بەخشرا کە یەکەم کەس بێت تەلەسکۆپەکە بەکاربهێنێت. کاتێک ڕۆژنامەنوسێک لێێ پرسی ” چاوەڕوانی چی دەکەیت؟” لە وەڵامدا گوتی ” بەو هیوایەم شتێک بدۆزینەوە کە چاوەڕوانکراو نەبێت.”

تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵڵ HST
لەوانەیە هەبڵڵ لە هەمو کەس زیاتر تێگەیشتنی مرۆڤی سەبارەت بە گەردون فراوان کردبێت. هەر بۆیەش ئەمڕۆ شایستەی ئەوەیە بە تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵڵ خەڵک یادی بکەنەوە، ئەو تەلەسکۆپە زەبەلاحەی بە ناوی هەبڵڵ خۆیەوە دروستکراوە. ئەم تەلەسکۆپە بریتیە لە بنکەیەکی گەورەی فەزایی تێڕامان و نایابترین وێنە و دیمەنی ئاسمانمان پێشکەشدەکات. ئەو تەلەسکۆپانەی لەسەر ڕوی عەرد هەن، هەرچەندە گەورە و زەبەلاح بن، هەرگیز ناتوانن وێنەی جوان و وردمان بۆ فەراهەم بکەن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوایەی دەوری گۆی زەوی داوە دەبێت بە هۆی گۆڕان لەو ڕوناکییەی لەو دیو سنورەکانی زەوییەوە دێن و وێنەکان و فۆتۆکان پشێوییان تێدەکەوێت. تەلەسکۆپی هەبڵڵ، کە لە ساڵی 1977 وە دەستکرا بە بنیانانی و لە نیسانی 1990وە لە فەزادا کەوتە کارکردن.ڕۆڵ و کارکردنی ئەم تەلەسکۆپە لە دەرەوەی فەزای زەویە و ئەو وێنە و فۆتۆیانەی ڕەوانەی تاقیگەکان و بنکە فەلەکییەکانی دەکات زۆر ڕونترن و وردەکارییەکی زۆر زیاتریش لەخۆدەگرن. ئامێرەکانی تەلەسکۆپی هەبڵڵ نەک هەر توانای کەشکفکردنی ڕوناکی بەرچاویان هەیە، بەڵکو قودرەتیان هەیە کە ڕوناکییەکانی ژور بنەوشەیی و ژێر بنەوشەییش کەشف بکەن.

تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵڵ

تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵڵ

کامێراکانی دەتوانن جۆرە وردەکارییەک لە فۆتۆکانیاندا فەراهەم بکەن کە دە جار گەورەتر بێت لەو وێنانەی کە گەورەترین تەلەسکۆپی سەر عەرد بەدەستی بهێنێت. وەک دەرەنجامێک، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا فەلەکناسان دەتوانن لە تەنە ئاسمانییە دورەکانیش بە جۆرێکی وەهاجوان وردببنەوە کە لە رۆژگاری هەبڵڵ و هاوچەرخانیدا ئەمە جگە لە خەونێک هیچی تر نەبو.

ساڵانی دوایی ژیانی هەبڵڵ.
هەبڵڵ زۆ خەڵات و پاداشی وەرگرت. لە ساڵی 1940دا مەدالیای نایابی پێ بەخشرا، لە ساڵێ 1948دا لە کۆلێژی کوین، لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، وەک ئەندامی شەرەف هەڵبژێردرا. بەڵام ئەوەی لێرەدا مایەی سەرنجە ئەوەیە کە لەو ڕۆژگارەدا خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەسترۆنۆمی لە ئارادا نەبو، کاتێکێش لیژنەی نۆبڵ بڕیاریدا کە ئەسترۆنۆمی ببێت بە لقێکی فیزیا، ئەوا هەبڵڵ لە دونیا دەرچوبو، وەفاتی کردبو. هەبڵڵ، هەتا دوا ڕۆژەکانی ژیانی، سەرقاڵی کارکردن و ڕامان بو لە هەردو بنکە فەزاییەکانی چیای ویڵسۆن و چیای پالۆمار. لە ڕۆژی 28ی ئەیلولی 1953دا، جەڵتەی دەماخ لێێدا و خستی و بۆ یەکجارەکی لەم دونیایە ماڵئاواییکرد. ئەفسانەی هەبڵڵ لەمەڕ ئەسترۆنۆمی زۆر گەورەبو، توانی جیهانبینی مرۆڤایەتی سەبارەت بە گەردون و چۆنیەتی پێکهاتنی گەردون و پێگەی مرۆڤ خۆشی تێدا بگۆڕێت. دۆزینەوە و تیورییەکانی هەبڵڵ سەبارەت بە گەورەبون و کشانی گەردون زەمینەخۆشکەربون بۆ ئەوەی دوایی زانایان بتوانن تیوری بیگ – بانگ پەرەپێبدەن، ئەو مۆدڵە گەردونییەی کە هەتا ئێستاش گرنگی و هێز و دەسەڵاتی خۆی هەر ماوە و وەک تۆکمەترین تیوری کۆسمۆلۆژی سەبارەت بە بناوانی گەردون لە ئارادایە و زۆربەی فەلەکناسان و ماتماتیکناسان متمانەیان پێیەتی. بە گوێرەی ئەم تیورییە، گەردون نزیکەی دە تا بیست بلیۆن ساڵ لەمەوبەر، لە نوقتەیەکی زۆر بچکۆلە، کە پلەیەکی گەرما و چڕییەکی لە ئاسابەدەر بەرزی هەبوە، دەستیپێکردوە و لەو کاتەوە لە کشان و گەورەبوندایە.
هەبڵڵ، خۆی ئەوەندە فەلەکناسێکی وردبین و سەرنجدەرێکی وەها بلیمەت بو کە مەبەستی بو لایەنی واریکردنی تیورییانەی ڕامانەکانی خۆی بۆ خەڵکان و پسپۆڕانی ترجێبهێڵێت بۆ ئەوەی کاری تێدابکەن. ئەوەی هەبڵڵ کردی و لە توانایدا بو بەدەستی بهێنێت تەنها سەرنجدان و ڕامان بو لە ئاسمان لە چاوی تەلەسکۆپەکانەوە، هەروەک چۆن هەبڵڵ خۆی دەڵێت، ” مرۆڤ، بەهۆی هەر پێنچ هەستەکەیەوە دەتوانێت گەردونی دەوروبەری خۆی تاووتوێ بکات و ناوی بنێت سەرکەشی زانست.”


پەراوێزەکان

[1] ڕێچکە شیرییەکان، یان کاکێشان، بەو گەلە هەسارەیە دەگوترێت کە سیستەمی خۆر لەخۆدەگرێت.

[2]- لە راستیدا هەبڵڵ ئەوەندە بە چاوی بایەخەوە لەم پرسی بیگ بانگەی نەڕوانیوە، ئەو کەسێکی تاقیکار  و سەرنجدەر بوە زیاتر وەک لەوەی کە تیوریست بێت. تەنانەت کاتێک لە ساڵی ١٩١٥ دا، ئاینشتاین تیوری نسبی گشتی بڵاوکردەوە، فیزیکناسان و ماتماتیکناسان و فەلەکناسان کەوتنە شرۆڤەکردنی هاوکێشە کۆسمۆلۆژییەکان، ئەو هاوکێشانەی لە تیورییەکەدا تایبەت بون بە گەردون، هەر یەک لە دی سیتەری هۆڵەندی، فرەیدمانی ڕوسی و لێ مایترێی بەلژیکی گەیشتنە ئەو دەرنجامەی کە ئەم تیورییەی ئاینشتاین ئەوە دەردەخات کە گەردون لە کشاندایە و ستایتک نییە، کەچی هەبڵ هیچ ئاگاداری لەم پەرەسەندنە بەرچاوانەی ئەو ڕۆژگارە پڕ لە گۆڕانە نەبو.

[3]- لای جۆن گریبن، فیزیکناس و فەلکناس و مێژوناسی گەورەی زانستی بەریتانی ئەو وەسفانەی هەبڵڵ، کە زۆریان لە زاری خۆیەوە هاتون، زێدەڕۆیی تێدایە. بێگومان جۆن گریبن نایەوێت، یان لە روی نایەت، بڵێت کە فشەکەرە.

[4]- لە هاوینی 1905 دا، وەک  هەرزەکارێکی چواردە ساڵان بۆ پشوی هاوین ڕویکردە چیای ویڵسۆن، ئەو چیا بەرز و دڵڕفێنەی دەکەوێتە باکوری لۆس ئەنجلس، لە کالیفۆرنیا. ئەم مێردمنداڵە خولیای وردبونەوەی چوە سەر ئەستێرەکان و شەوانە هۆگری جوانی و ئاپورای پڕ لە ئەستێرەی ئاسمان بو. ئەو هاوینە خۆشترین کاتی لەم چیایە بەسەربرد، بە هیچ جۆرێک نەیوست بگەڕێتەوە بۆ شار بۆ تەواوکردنی خوێندن. ئەو سەردەمانە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، یاسای ولات بە جۆریک بو کە خەڵکانێک تەمەنیان چواردە ساڵان بو بواریان هەبو بە شێوەیەکی فوڵ – تایم کاربکەن. ئەم لاوە ناوی میلتۆن هیومەیسۆن بو. لەوێ لە ئوتێلێکدا کەوتە کارکردن. هەر لەو ساڵەدا بنکەی فەزایی ویلسن بنیاتنرا.

سەرچاوە:
The Great Scientists: From Euclid to Stephen Hawking. By John Farndon, (2005).Kindle Edition.




گراڤیتی(هێزی راکێشان)

زۆر بەمان زانیاریەکی  کەمیش بێت لەسەر گراڤیتی ئەازنین،بەلام زۆر جار  خۆمان سەر لە خۆمان تێک ئەیەین کە ئاخۆ پەیوەندی گراڤیتی(هێزی راکێشان) لەگەل بارستایی تەن چۆنە،ئایا چی کاریگەریەک هەیە لەسەر هێزی راکێشان بە هۆی بارستای تەنەوە.،زۆرجار لەوانەیە وەلامی ئەم پرسیارەتان وەر گرتبێت بەلام بێگومان وەلامەکان زۆربەیان ئالۆزن و زیاتر سەرلێ شێواوی دروست ئەکەن،بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە شارەزایی باشیان لە زانستی فیزیک نەبێت ..لەم ڤیدوۆ ئەنیمەیشنەدا بەشێوەیەکی سادە و سەرنج راکێش وەڵامی ئەو پرسیارانە دراوەتەوە

وەرگێران و ژێرنوس :ئاکام موحەمەد




دوو کۆرس دەربارەی بنەڕەتەکان و تیۆرییە سەرەکییەکانی فیزیا

نوسین و ئامادەکردنی: ئارمان خەلیل

دوو کۆرس دەربارەی بنەڕەتەکان و تیۆرییە سەرەکییەکانی فیزیا، کە هی زانکۆیەکی بێ ئەندازە باشن و لە لایەن پرۆفیسۆرێکی ئاستبەرزەوە گوتراونەتەوە.


ئەم دوو کۆرسەی لینکەکەیانم لە خوارەوە داناوە بە گشتی بریتین لە ٤٩ وانە دەربارەی تیۆرییە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی فیزیا کە لە لایەن پڕۆفیسۆر R. Shankar لە زانکۆی Yale گوتراونەوە و تۆمار کراون. بە گشتی ئەمانە هەمان ئەو بابەتە تیۆرییانەن کە خوێندکارێکی بەشی فیزیا لە زانکۆ دەیانخوێنێت و پێویستە وەک بنچینەی تیۆری بیانزانێت، ئەمەی لەم دوو کۆرسەدا هەیە چڕکراوەیە و وا پێویست دەکات لە سەر هەر بابەتێک خوێندکار بڕێکی زۆرتر وردەکاری وەربگرێت (هەڵبەت ئەمە لە چاو ئەو بابەتانەی خوێندکاری دەرچووی فیزیا لە زانکۆیەکی باش وەریاندەگرێت نەک بە بەراورد لە گەڵ ئەم زانکۆ بێکەڵکانەی خۆمان). بۆ نمونە لە کۆتایی کۆرسی دووەمدا بە ٧ وانە باس لە کوانتەم میکانیک کراوە (هەموو بابەتەکانی تری ئەم کۆرسەش بە هەمان شیوە بە کورتی و چڕییە) کە لە ڕاستیدا لە هەر زانکۆیەک خوێندکار پێویستە زیاد لە ٣٠ کاتژمێر کوانتەم میکانیک بخوێنێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە فیزیادا، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا کۆرسێکی بێ ئەندازە باش و ڕوون و بە کەڵکە بۆ هەموو ئەوانەی خوێندکاری فیزیان یاخود دەیانەوێ دەست بکەن بە خوێندنی فیزیا و بە دوای هەنگاوی یەکەمدا دەگەڕێن و یاخود دەیانەوێ بە گشتی و لە ئاستێکی ئەکادیمیدا شتێک بزانن دەربارەی تیۆرییە سەرەکییەکانی فیزیا. هەڵبەت وا پێویست دەکات وەک وانەی زانکۆ کەسی فێرخواز لەگەڵ سەیرکردنی ئەم وانانە هەوڵی نووسینی تێبینی و پێداچوونەوەی دواتر و حەڵکردنی نمونە بدات کە لەو لینکانەدا هەن کە لە کۆمێنت دامناون یاخود نمونە لە هەر کتێب و سەرچاوەیەکی تری دەرەکییەوە.
جا لە ڕاستیدا ئەوەی لەو وانانەدا دەیبینن ئەوە سادەترین و یەکەم هەنگاوی فیزیایەکی ڕاستەقینەیە کە بەشی هەرە زۆری دەربڕینی ماتماتیکییە نەک قسە و قسەڵۆکی پەیجەکانی فەیسبووک و سایتەکان، بە پەیجەکەی خۆشمەوە، ئەوەی لێرە بینیوتانە و دەیبینن واتە ئەو هەواڵ و باسکردن و شتە تەنها ڕووکەشێکە و شتێکە بۆ خەڵکی بە گشتی نەک خودی زانستی فیزیا.
—-
کۆرسی یەکەم: (Fundamentals of Physics I)
٢٤ وانەیە و بە شێوەی سەرەکی ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت:
-میکانیکی نیوتنی
-تیۆریی ڕێژەیی تایبەت
-کێشکردن
-ثێرمۆداینامیک
-شەپۆلەکان

لینکی وانە ڤیدیۆییەکانی کۆرسی یەکەم :
https://www.youtube.com/playlist?list=PLFE3074A4CB751B2B

کۆرسی دووەم: (Fundamentals of Physics II)
٢٥ وانەیە و بە شێوەی سەرەکی ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت:
-کارەبا
-موگناتیس
-بیناییزانی
-کوانتەم میکانیک
لینکی وانە ڤیدیۆییەکانی کۆرسی دووەم:
https://www.youtube.com/playlist?list=PLD07B2225BB40E582

تیبینی: هەروەها بۆ داونڵۆدکردنی نووسراو و نمونەکانی هەردوو کۆرسەکە، پاش کردنەوەی ئەم دوو لینکەی خوارەوە لە ژێر ئەم نووسینەدا
(course materials) کلیک لەو لینکە بکەن کە ئەمەی لە سەر نووسراوە: Download all course pages

کۆرسی یەکەم:
http://oyc.yale.edu/physics/phys-200
کۆرسی دووەم:
http://oyc.yale.edu/physics/phys-201
هیوادارم سوودی هەبێت.




تێڕوانینێکی گشتی ده‌رباره‌ی مۆدێلی ستاندارد

مۆدێلی ستانداردی ته‌نۆلکه‌ فیزیاییه‌کان بریتییه‌ له‌و تیۆریه‌ی که‌ له‌ یه‌کگرتنی هێزی کارۆموگنه‌کاری و هێزی ناوکی لاوازو هێزی ناوکی به‌هێز ده‌کۆلێته‌وه‌، ئه‌م تیۆرییه‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه به‌ درێژایی نیوه‌ی کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ هه‌وڵ وتێکۆشانی زانایانی جیهانی.

هاوکێشه‌ی ئه‌م تیۆرییه‌ کۆتای هات له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 1970 دا پاش سه‌لماندنی بونی کوارگه‌کان له‌ تاقیکردنه‌وه‌کاندا. وه‌پاش ئه‌مه‌ش دۆزینه‌وه‌کانی کوارگی لوتکه‌ له‌ساڵی 1995 و تاونیوترینیۆ له‌ساڵی 2000 وه‌له‌م کۆتاییه‌شدا دۆزینه‌وه‌ی بۆزۆنی هیگز له‌ساڵی 2013 دا چه‌سپاوی زیاتری به‌خشی به‌ تیۆرییه‌. به‌هۆی سه‌رکه‌وتنه‌کانی مۆدێلی ستاندارد له‌ لێکدانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر تاقیکردنه‌وه‌دا هه‌ندێک کات ناو ده‌برێت به‌ بیردۆزی هه‌مووشتێک به‌ نزیکه‌یی.

وه‌کو زۆربه‌ی مۆدێله‌کانی تری فیزیایی ئه‌م مۆدێله‌ توانای لێکدانه‌وه‌ی هه‌موودیارده‌کانی نیه‌، مۆدێلی ستاندارد توشی داڕوخان ده‌بێت له‌ یه‌کگرتنی هه‌رچوار هێزه‌ بنچینه‌ییه‌که‌ .ئه‌م مۆدێله‌ توانای لێکدانه‌وه‌ی هێزی کێشکردنی نیه‌ که‌ وه‌سف ده‌کرێت به‌هۆی بیردۆزی ڕێژه‌یی گشتی ئاینشتایینه‌وه‌ ‌وه‌ خیرایی فراوان بونی گه‌ردون که‌ وه‌سف ده‌کرێت به‌هۆی وزه‌ی ڕه‌شه‌وه‌.ئه‌م مۆدێله‌ هیچ ئاماژه‌یه‌ک ناکات به‌بونی ته‌نۆلکه‌ی ماده‌ی ڕه‌ش که‌زۆربه‌ی گه‌ردونی گرتۆته‌وه‌.وه‌هه‌روه‌ها ئه‌م مۆدێله‌ توانای لێکدانه‌وه‌ی له‌رینه‌وه‌ی نیوترینیۆو بێ بارستایی نیوترینیۆی نیه له‌گه‌ڵ هه‌ندێک تاقیکردنه‌وه‌ی تردا.

مێژووی مۆدێلی ستاندارد:

یه‌که‌م هه‌نگاو به‌ره‌و مۆدێلی ستاندارد له‌لایه‌ن شێڵدون گلاشۆوه‌ بوو له‌ساڵی 1961 که‌ڕێگه‌یه‌کی دۆزیه‌وه‌ بۆ یه‌کگرتنی هێزی ناوکی لاوازو کارۆموگنه‌کاری که‌ناوی لێنا تیۆریی کارۆلاوازی. له‌ساڵی 1967 ستیڤن واینبێرگ و عه‌بدولسه‌لام میکانیزمی هیگزیان زیاد کرد بۆتیۆریی کارۆلاوازی گلاشۆ،وه‌شێوه‌یه‌کی نوێیان به‌خشی به‌تیۆریه‌.

میکانیزمی هیگز ده‌کۆڵێته‌وه‌ له‌ هۆکاری بونی بارستایی هه‌ موو ته‌نۆلکه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ناو مۆدێلی ستاندارد.که‌ئه‌مه‌ش بارستایی بۆزۆنی زێد و ده‌بلیو وفێرمیۆنه‌کان ده‌گرێته‌وه‌ وه‌کو کوارگه‌کان و لیپتۆنه‌کان.

پاش دۆزینه‌وه‌ی ته‌وژمی لاوازی بێلایه‌ن(که‌ یه‌کێکه‌ له‌ڕێگاکانی  کارلێک کردنی نێوان ته‌نۆچکه‌کان به‌هۆی هێزی ناوکی لاوازه‌وه‌) که‌به‌هۆی بۆزۆنی زێده‌وه‌ ئاڵوگۆڕده‌کرێت له‌ سێرن له‌ساڵی 1973 بیردۆزی کارۆلاوازی به‌ته‌واوی چه‌سپاوه‌ ه وه‌به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ گلاشۆ و عه‌بدولسه‌لام و واینبێرگ به‌هاوبه‌وشی خه‌ڵاتی نۆبڵیان له‌فیزیادا وه‌رگرت له‌ ساڵی 1979 . له‌ساڵی 1981 بۆزۆنی زێد و ده‌بلیو له‌ تاقیگه‌کاندا دۆزرایه‌وه‌ وبارستاییه‌کانیان هه‌مان ئه‌و بارستاییه‌ بوو که‌ مۆدێلی ستاندارد پێشبینی کردبوو.

ته‌نۆلکه‌کانی مۆدێلی ستاندارد:

مۆدێلی ستاندارد پێکدێت له‌چه‌ند پۆلێک که‌ هه‌رپۆلێکیش پێکدێت له‌ چه‌ند ئه‌ندامێک له‌ته‌نۆلکه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان(فێرمیۆن، گه‌یج بۆزۆن، بۆزۆنی هیگز) که‌ئه‌توانین جیایان بکه‌ینه‌وه‌ به‌ هۆی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی وه‌ک ڕه‌نگ و بارگه‌ وه‌کو له‌م وێنه‌یه‌دا پیشان دراوه‌.

Untitled

 

1)فێرمیۆنه‌کان :

مۆدێلی ستاندارد 12 ته‌نۆلکه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌گرێته‌خۆی که‌ سپینه‌کانیان (1/2) وه‌ به‌ فێرمیۆن ناوده‌برێن. به‌پێی تیۆری ئاماری سپینه‌کان فێرمیۆنه‌کان په‌یڕه‌وی بنه‌مای جیاکاری پاولی ده‌که‌ن، هه‌رفێرمیۆنێک دژه‌ فێرمیۆنێکی هه‌یه‌ وه‌ک ئه‌لیکترۆن و دژه‌ئه‌لیکترۆن (پۆزترۆن).

فێرمیۆنه‌کان له‌ ناو مۆدێلی ستانداردا پۆلێنده‌کرێن به‌گوێره‌ی چۆنیه‌تی کارلێک کردنیان یان جۆری بارگه‌کانیان. فێرمیۆنه‌کان پێکهاتون له‌ شه‌ش کوارگ(سه‌روو،خواروو،لوتکه‌، بنکه‌،سحری،نامۆ) و شه‌ش لیپتۆن (ئه‌لیکترۆن، ئه‌لیکترۆن نیوترینیۆ، مون، مون نیوترینیۆ، تاو، تاو نیوترینیۆ).یه‌کگرتنی هه‌ریه‌کێک له‌ جوته‌ فێرمیۆنانه‌ فێرمیۆنێکی نوێ پێکدێنێت که‌هه‌مان سیفه‌تی ئه‌و ته‌نۆلکانه‌ی هه‌یه‌ که‌ لێی پێکهاتوه‌.

سیفه‌تی جیاکه‌ره‌وه‌ی کوارگه‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌هه‌ڵگری بارگه‌ی ڕه‌نگدارن و کارلێک ده‌که‌ن به‌هۆی هێزی ناوکی به‌هێزه‌وه‌. کوارگه‌کان هه‌ڵگری بارگه‌ی کاره‌بای و ئایزۆسپینی لاوازن و کارلێک ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ فێرمیۆنه‌کانی تردا به‌هۆی هێزی کارۆموگنه‌کاری وهێزی ناوکی به‌هێزو هێزی ناوکی لاوازه‌وه‌.

ئه‌و شه‌ش فێرمیۆنه‌ی تر که‌هه‌ڵگری بارگه‌ی ڕه‌نگدار نین پێیان ده‌وتریت لیپتۆنه‌کان ،سێ نیوترینیۆ که‌ هه‌ڵگری بارگه‌ی کاره‌بایی نین و جوڵه‌که‌یان ته‌نها به‌هۆی هێزی ناوکی لاوازه‌وه‌ کاری لێده‌کریت که‌ئه‌مه‌ش واده‌کات هه‌ستپێکردنی زۆر قورسبێت.سێ جۆره‌که‌ی تر هه‌ڵگری بارگه‌ی کاره‌باین وکارلێک ده‌که‌ن به‌هۆی هیزی کارۆموگنه‌کاریه‌وه‌.

2)گه‌یج بۆزۆن:

له‌مۆدێلی ستانداردا گه‌یج بۆزۆن پێناسه‌ده‌کرێت وه‌کو ته‌نۆلکه‌ی هه‌ڵگری هێز که‌میانگیری ده‌کات له‌ نێوان کارلێکه‌ بنچینه‌ییه‌کانی هیزی ناوکی به‌هێزولاوازو هێزی کارۆموگنه کاری.

کارلێک کردن له‌فیزیادا بریتیه‌ له‌ڕێگه‌ی کاریگه‌ری ته‌نۆلکه‌یه‌ک له‌سه‌ر ته‌نۆلکه‌کانی تر. له‌سه‌ر ئاستی جیهانی گه‌وره‌ هێزی کارۆموگنه‌کاری ڕێگه‌ ده‌دات به‌ته‌نۆلکه‌کان کارلێک بکه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌کتردا به‌هۆی بواری کاره‌بایی وموگناتیسیه‌وه‌ ،وه‌ ئه‌و ته‌نانه‌ی بارستاییان هه‌یه‌ یه‌کتر کێش ده‌که‌ن به‌هۆی هێزی کێشکردنه‌وه‌ به‌پێی تیۆری ڕێژه‌یی گشتی ئاینیشتاینه‌وه‌، مۆدێلی ستاندارد ئه‌وهێزانه‌ ڕونده‌کاته‌وه‌ له‌ناو ماده‌دا که‌له‌ئه‌نجامی ئاڵوگۆڕی ته‌نۆله‌کانه‌وه‌ دروست ده‌بن وناو ده‌برێن به‌ هێزی ناوه‌نده‌گیری ته‌نۆلکه‌کان.

هه‌موو گه‌یج بۆزۆنه‌کان له‌ناو ستاندارد مۆدێلدا سپینیان هه‌یه‌ که‌ نرخی سپینه‌کانیان (1) ، له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌شه‌وه‌ ده‌رده‌که‌ویت که‌ بۆزۆنه‌کان په‌یڕه‌وی بنه‌مای جیکاری پاولی ناکه‌ن.

گه‌یج بۆزۆنه‌کان بریتین له‌مانه‌:

 ا)فۆتۆن: هه‌ڵگری هێزی کارۆموگنه‌کاریه‌ له‌نێوان ته‌نۆلکه‌ بارگاویه‌ کاره‌باییه‌کاندا. فۆتۆن بارستایی نیه‌ وبه‌ته‌واوی دیراسه‌ده‌کرێت له‌لایه‌ن تیۆری کارۆجوڵه‌ی کوانته‌می.

ب)ده‌بلیوموجه‌ب وده‌بلیوسالب و زێد بۆزۆن میانگیری هێزی ناوکی لاواز ده‌که‌ن له‌نێوان کوارگه‌کان و لیپتۆنه‌کان. ئه‌م سێ ته‌نۆلکه‌یه‌ بارستاییان هه‌یه‌و بارستایی زێد گه‌وره‌تره‌ له‌ ده‌بلیو ،وه‌ بۆزۆنی ده‌بلیو هه‌ڵگری بارگه‌ی (+1،-1) به‌ڵام بۆزۆنی زێد هاوبارگه‌یه‌.

ج)گلۆنه‌کان:ژماره‌ی گلۆنه‌کان هه‌شتن،

گلۆنه‌کان هه‌ڵگری هێزی ناوکی به‌هێزن له‌نێوان ته‌نۆلکه‌ بارگه‌ڕه‌نگداره‌کاندا(کوارگ)، گلۆنه‌کان بارستاییان نیه‌ وکارلیک کردنه‌کانی باسده‌کرێن به‌هۆی تیۆری ڕه‌نگداری کوانته‌میه‌وه‌.

  3)بۆزۆنی هیگز:

ته‌نۆلکه‌ی هیگز بریتیه‌ له‌یه‌کێک له‌ ته‌نۆلکه‌ سه‌ره‌تاییه‌ گه‌وره‌کان که‌دۆزرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن زانایان ڕۆبه‌رت برۆت، فرانچۆیس ئینگلێرت، پیته‌رهیگز، جیراڵدگورالینک و هایجن له‌ساڵی 1964.

ئه‌م ته‌نۆلکه‌یه‌ به‌ردی بناغه‌ی مۆدێلی ستاندارده‌ و سیفه‌تی بنچینه‌یی سپینی نیه‌ وه‌هه‌رله‌به‌رئه‌م هۆیه‌یه‌ که‌ده‌که‌وێته‌ پۆلی بۆزۆنه‌کانه‌وه‌(وه‌کو گه‌یج بۆزۆن که‌ سپینه‌که‌ی ژماره‌ی ته‌واوه‌).

بۆزۆنی هیگز ڕۆڵێکی بێ هاوتا ده‌گێڕێت له‌مۆدێلی ستانداردابه‌ هۆی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی ته‌نۆلکه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان جگه‌ له‌فۆتۆن وگلۆن بارستاییان هه‌یه‌؟ به‌تایبه‌تی بۆزۆنی هیگز ڕونی ده‌کاته‌وه‌ بۆ چی فۆتۆن بارستایی نیه‌ وبۆزۆنی زێد و ده‌بلیو زۆر قورسن.

بۆزۆنی هیگز ته‌نۆلکه‌یه‌کی قورسه‌ و ڕاسته‌وخۆ شیده‌بێته‌وه‌ کاتێک دروست ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ بۆزۆنی هیگز ته‌نها ده‌توانرێت تۆماربکرێت له‌ تاقیگه‌ وزه‌زۆربه‌رزه‌کانی تاوده‌ری ته‌نۆلکه‌ی.

ئه‌مه‌ی که‌له‌م بابه‌ته‌ کورته‌دا ئاڕاسته‌ی ئێوه‌ی خۆشه‌ویستم کرد وه‌کو قه‌تره‌یه‌ک وایه‌ له‌ده‌ریادا ده‌رباره‌ی مۆدێلی ستاندارد به‌ هیوای ئه‌وه‌ی زایانیاریه‌کی کورتم پێشکه‌ش به‌ خوێنه‌ری وڵاته‌که‌م کردبیت.خوای گه‌وره‌ سه‌رکه‌وتوتان بکات.

وەرگێڕانی: هیوا ئەبوبەکر