هیچی دی نەما لەودیو فیزیاوە؟

نووسەر : ڕیک لویس

وەرگێڕان بە دەستکارییەوە :ژیار فەزڵەدین

سەرچاوە : گۆڤاری “Philosophy Now”، ژمارەی ١١٧، بەفرانباری ٢٠١٧

میتافیزیک دێرینترین و چەقترین وەتەری فەلسەفەیە. کاتێک بۆ یەکەمینجار فەلسەفەی یۆنانی لە بەندەرەکانی میلیتۆس لە ئەنادۆڵەوە ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا کەوتە ڕێ، گەورەترین پرسیارەکانی کە لەلایەن کەسانێکی وەک تاڵیس و ئاناکسیماندەرەوە لەبارەیانەوە بیردەکرایەوە بریتی بوو لەوەی: ئایا حەقیقەتی پشتینی ئەم گەردوونە چییە؟ ئەوەی کە لەپشت ڕووکەشە دەرکەوتووەکەی ڕۆژانەی جیهانمانە؟ تاڵیس وای بۆدەچوو کە هەموو شتەکان لە قووڵایی خۆیاندا لە ئاو پێکهاتوون. وەک ئەوەی چۆن کاتێک هەرشتێک زۆر دەگوشیت ئاوی لێ دەچۆڕێت. ئاناکسیماندەر بەپێچەوانەوە بوو؛ ئەو دەیوت حەقیقەتی پشتەکی بریتییە لە توخمێکی نەبینراوە بە ناوی “ئاپێریۆن”ـەوە. وە بەم شێوە فەلسەفەی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد، بە کۆمەڵێک قەبڵاندن کە نەدەتوانرا بە ڕاستەوخۆیی بپشکنرێت بەڵام کە دەتوانێت کەم تا زۆر بە سەرکەوتوویی ئەو دیاردانە لێکبداتەوە کە بە ڕاستەوخۆیی دەتوانین بیانبینین. دیمۆکریتۆس (٤٦٠-٣٧٠ پ.ز) وای دانا کە سادەیی بوونی لێکدانەوەکان دەکرێت تێکهەڵکێش بکرێت لەگەڵ ئەو جیاوازییەی کە لە جیهانی دەرەوەدا بەدی دەکرێت ئەگەر ئێمە گریمانەی ئەوە بکەین کە هەموو شتەکان پێکهاتوون لە کۆمەڵێک ڕێکخستنی کۆمەڵە تەنۆلکەیەکی بەش نەکراو کە پێیان دەوترێت “ئەتۆم”.سەدەیەک دوای ئەوە ئەبیکۆر هاوڕابوو لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا بەڵام ئەوەی زیاد کرد بۆی کە لەبری ئەوەی کە تەنها ئەم ئەتۆمانە بەشێوەیەکی ماتماتیکی پێشبینیکراو لە دەوروبەردا هەڵدەسووڕێنەوە، هەندێک جار ئەم ئەتۆمانە بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو لە بۆشایی دا لادان دەکەن – وە ئەم لادانە (کە پێی دەوترا “کلانیمێن”) بە سەرچاوەی ویستی ئازاد دادەنرا و بە بەزێنەری فەلسەفەی جەبری دادەنرا.

ئەم تێڕوانینانە هیچ ناونیشانێکی تایبەتیان نەبوو هەتا ئەو کاتەی کۆکەرەوەکانی کارەکانی ئەرستۆ ئەو نووسینانەی ئەرستۆیان کۆکردەوە لەبارەی ئەوان لە بەرگە کتێبێک دا بەناوی “میتافیزیک”، کە بە واتای “ئەودیو فیزیک/پاش فیزیک” دێت، لەواچێ لەبەر ئەوەی کە ناوی بەرگی پێشووی ئەم کتێبە “فیزیک” بوو.

جۆرج بێرکلی یەکێک بووە لەو میتافیزیکناسانەی کە باوەڕی بە شێوە هەبووە بەڵام بە ماددە نەبووە، هەر بۆیەش بانگەشەیەکی سەیری کرد کە یەم بیرومۆچوونە ڕەنگاوڕەنگانەی بریتین لە فەلسەفەیەکی ناسراو لەلایەن بیرکردنەوەی باوەوە. ئایدیاڵیزمی بێرکلی زۆر ناسراوە، بەڵام زۆرکات ئەوە فەرامۆش دەکرێت کە ئەویش هاوشێوەی ئەبیکۆر و دیمۆکریتۆس باوەڕی بە ئەتۆم هەبوو – هەرچەند وەک دیارە ئەو شێوازێکی تایبەتی خۆی هەبوو لەبارەی ماهییەتیانەوە. بەلای سپینۆزاشەوە خودا و سروشت هاوشێوە بوون، وە سپینۆزاش کۆمەڵێک کلیلی بەنرخی پێداوین لەبارەی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک مەتەڵ کە بوون بە گرفت لەڕێی زانستی ئەمڕۆدا.

بۆ چەند هەزار ساڵێک میتافیزیک هێندە بنچینەیی بوو لە فەلسەفەدا کە لای زۆرێک لە خەڵکی ئەم چیرۆکە باوەڕپێکراو بوو. زۆرینەی تیۆر و گفتوگۆ فەلسەفییە گەورەکانی سەردەمەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشیک بوون لە میتافیزیک. میتافیزیک لەبارەی بونیادی قووڵاییەکانی گەردوونە، لەبارەی ئەوەی شتەکان لە ڕاستیدا چۆنن، بەپێچەوانەی ئەوەی کە وا دەردەکەون. بەڵام ئەم پرسیارە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆشی هەیە بە لایەنەکانی دیکەی میتافیزیکەوە. ئایا خودا بوونی هەیە؟ وە ئەگەر بوونی هەیە ئەوە بە کام سیفاتانەوە؟ ئایا چۆن پەیوەندی هەیە لەنێوان ڕوح و جەستە دا؟ ئایا ئێمە ئازادی هەڵبژاردنمان هەیە یاخود هەموو ژیانمان لە پێشیندا دیاریکراوە؟

بەڵام لەم سێ  سەدەیەی کۆتاییدا کۆمەڵێکی زۆر ئامێری زانستی نوێ داهاتووە کە پەردەی لاداوە لەبارەی کۆمەڵێک لایەنی گەردوون کە پێشتر بۆمان شاراوە بوون. فەیلەسووفان لەپێشوودا وایان گریمان دەکرد کە هەموو شتەکان لە ئەتۆم پێکهاتبن – ئەمە گفتوگۆیەکی میتافیزیکی بوو بۆ نزیک دوو هەزار ساڵ. بەڵام لەماوەی ئەم سەد ساڵەی کۆتاییدا بونیادی ئەتۆم زۆر باشتر ناسرا بەهۆی پاڵپشتی فیزیای تیۆری و تاقیکاری، و ئێستا تەنانەت دەتوانین وێنەیان بگرین بەهۆی بەکارهێنانی ئیلیکترۆن مایکرۆسکۆپی بەهێزەوە. ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە هەموو ئەو گفتوگۆیانەی کە لەبارەی تیۆری ئەتۆمەوە هەبوون لە جیهانی میتافیزیکەوە بەرەو جیهانی فیزیک گوازرانەوە؟ وە ئەگەر وەهایە، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە چارەنووسی هەموو گفتوگۆ میتافیزیکیەکانی دیکەش لە داهاتوودا بەم شێوە دەبێت؟ بۆ نموونە گرفتی دوانەیی جەستە و رۆح بەم ئاقارە گەشتووە لەلای فیزیکناسانی هاوشێوەی دانیاڵ دانێت، بەڵام هەمان شت ڕاست نییە لای دەیڤید چالمەرس. بڕیار دان لەبارەی ئەوانەوە هێشتا جێگای مشتوومڕە، بەڵام لەواچێ پرسی دیکەی میتافیزیکی هەبن کە بەهۆی زانستەوە چارەسەر بکرێت. بۆیە لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێش؛ ئایا دەکرێت میتافیزیک لەم نزیکانەدا ببێت بە کۆمەڵە زانیارییەکی مێژوویی کۆن هاوشێوەی کیمیاگەری؟

بێگومان کۆمەڵە پرسێک – هاوشێوەی بوونی ئەتۆمەکان – بێگومان بەتەواوی کەوتووە سنووری زانستی تاقیکارییەوە، بۆشاییەک کە تیایدا دەکرێت لەکۆتاییدا وەڵامی کۆتاییمان لەبارەیانەوە دەست بکەوێت. بەڵام کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی دیکەش هەیە. لەم کۆتاییانەدا زۆرێک لە فەیلەسووفان لەگەڵ کۆمەڵێک زانای هاوشێوەی ستیڤن هاوکینگ دا دەکەوتنە گفتوگۆ لەبارەی ئەوەی ئایا هێشتا جیهان پێویستی بە فەلسەفە ماوە. هاوکینگ جاڕی ئەوەی لێداوە کە “فەلسەفە مردووە”، وە فیزیا لە ئێستادا هەموو ئەو کارە دەکات کە فەلسەفە لەپێشوودا ئەنجامی دەدات. ئەمەش پاڵپشتانی فەلسەفە بە رەددێکی توند دێنە پێش – ئەویش ئەوەیە کە فیزیازانە گەردوونناسەکانی ئەمڕۆ خۆیان بۆخۆیان بوون بە کۆمەڵێک میتافیزیکناسانی بچووک، گریمانەی بوونی کۆمەڵێک شتی هاوشێوەی سترینگی بان هاوتایی ” supersymmetric stings” و وزەی تاریک “dark energy” و گەردوونە تەریبەکان “parallel universe” دەکەن کە لەودیو سنووری توانای تیلیسکۆپەکانتانەوەیە! بۆیە لەم ڕوانگەیەوە بێت، میتافیزیک کۆنەپۆشی نییە – بەڵکو بە پێچەوانەوە، مۆدەی نوێشە. وە ئێمە هەرچەنو زیاتر بڕوانین لەو شوێنانەی لە گەردووندا هێشتا بۆمان بە تاریکی ماونەتەوە وە بەدوای وەڵامدا بگەڕێین لەبارەی سروشتی گەردوون و پێگەی ئاگایی تایدا، ناونیشانەکانی وەک “فەیلەسووف” و “زانا” وا دەردەکەون کە کەمتر جێ بایەخ بن وەک لە خودی پرسەکان خۆیان.

 




فیزیای گریكی و فیزیای مۆدێرن

نوسینی:د.عیرفان مستەفا

فیزیای گریكی و فیزیای مۆدێرن هه‌ریه‌كه‌یان نه‌ریتێكی تایبه‌تی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ سروشت و هه‌ریه‌كه‌یان به‌رهه‌می پرسیار گه‌ڵێكی جیاوازن كه‌ عه‌قڵی گریكی و عه‌قڵی ئه‌ورپی هیگڵ وته‌نی له‌ ساتی هوشیاربوونه‌وه‌ی به‌ خۆی له‌ خۆی كردوونی. سروشتناسی گریكی پرسیاره‌كه‌ی له‌ باره‌ی بنه‌ماكانی په‌یدابوونی گه‌ردوونه‌ و بیركردنه‌وه‌كه‌شی گه‌رانه‌ به‌شوێن هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چییه‌و له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌. واته‌ بنه‌مای په‌یدابوونی هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ چییه‌؟ ئه‌رستۆ به‌ دۆزینه‌وه‌ی چوار هۆكاره‌كه‌ی بوون ئه‌م به‌دواداچوونه‌ ده‌گه‌ینێته‌ لوتكه‌. فیزیای مۆدێرن هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ گرنگی به‌وه‌ نه‌داوه‌ كه‌ په‌یدابوون چییه‌، به‌ڵكو گرنگی به‌وه‌ داوه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن هه‌یه‌ و چۆن كار ده‌كات. واته‌ر پرسیاری فیزیای مۆدێرن له‌ باره‌ی ئه‌و بنچینه‌یه‌وه‌ نییه‌ كه‌ په‌یدابوون هه‌یه‌تی و له‌ ڕیگه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ په‌یدا ده‌بێت، به‌ڵكو پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن كارده‌كات. مه‌سه‌له‌ی بنچینه‌ نه‌ك له‌ فیزیای مۆدێرندا به‌ڵكو له‌ هه‌موو زانسته‌ مۆدێرنه‌كاندا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ وه‌لانراوه‌. مۆدرێنیته‌ بوونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دامه‌زراندووه‌ كه‌ نابێت پرسیار له‌ باره‌ی په‌یدابوونی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ بكرێت به‌ڵكو ده‌بێت پرسیار له‌ باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ بكرێت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن هه‌یه‌ چۆن كارده‌كات. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پرسیاری گریكیه‌كان له‌ باره‌ی بنچینه‌و ریشه‌ن ده‌توانین به‌ قوڵتر وه‌سفی بكه‌ین به‌ڵام ناتوانین به‌ وردتر و پێشكه‌وتوو تر هتد وه‌سفی بكه‌ین. فیزیای مۆدێرن یان راستر فیزیای ئه‌ورپی وردتره‌و به‌ گوێره‌ی خۆی له‌ پێشكه‌وتندایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌كه‌ مه‌حكومه‌ به‌ پرسیاری چۆن و كاركردنی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ناكرێت بڵێین قووڵه‌. یان هه‌ر ئه‌سڵه‌ن ناتوانین قسه‌ له‌سه‌ر قووڵی فیزیای مۆدێرن بكه‌ین به‌ڵكو قسه‌ له‌سه‌ر وردی له‌ حساباتا ده‌كه‌ین چونكه‌ ئه‌وعه‌قڵه‌ی كه‌ بیر له‌ كاركردنی ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌، عه‌قڵێ حسابییه‌و جیاوازه‌ له‌وعه‌قڵه‌ی كه‌ ئه‌رستۆ بیری پێكردووه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵین سروشتناسی گریكی قووڵه‌ به‌ڵام سروشتناسی ئه‌ورپی ورده‌. گه‌ر بشیان خه‌ینه‌ ناو به‌راورده‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێین فیزیای گریكی قووڵتره‌ له‌ فیزیای ئه‌ورپی به‌ڵام فیزیای ئه‌ورپی وردتره‌ له‌ فیزیای گریكی. كاتێك هایدگه‌ر وتی زانست بیر ناكاته‌وه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو كه‌ زانست حیسابات ده‌كات، گالیلێ و نیوتن به‌ عه‌قڵێكی حسابی بیر له‌ سروشت ده‌كه‌نه‌وه‌ حساباتیان له‌گه‌ڵ سروشت هه‌یه‌ به‌ڵام عه‌قڵی گریكی عه‌قڵێكه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ و له‌ حساباتدا كۆڵه‌واره‌.

هایدگه‌ر كه‌ ده‌ڵێ زانست بیر ناكاته‌وه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو كه‌ زانست قوڵ نییه‌ چونكه‌ قووڵی خاسیه‌تی بیركردنه‌وه‌یه‌ نه‌ك خاسیه‌تی حسابكردن. خاسیه‌تی حسابكردن ئاڵۆزییه‌. موعاده‌له‌یه‌ك ئاڵۆزه‌ یان ئاڵۆز نییه‌ نه‌ك قووڵه‌ یان سه‌تحییه‌. بیركردنه‌وه‌ ده‌توانین به‌وه‌ وه‌سفی بكه‌ین قووڵ و جه‌وهه‌رییه‌ یان سه‌تحی ورواڵه‌تییه‌. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پرسیاری گه‌ردوون چییه‌ پرسیارێكی گریكییه‌ بیركردنه‌وه‌ی گریكیش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ قووڵ رۆشتووه‌ به‌ڵام ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بواری پرسیاره‌كه‌ی خۆی ده‌رده‌چێت و ده‌یه‌وێت وه‌ڵامی پرسیاری چۆن بداته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌. ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ له‌ فیزیای گریكی گیراون هه‌موویان ده‌كه‌ونه‌ ناوبواری پرسیاری چۆنه‌وه‌ واته‌ بواری پرسیاری گه‌ردون و چۆنه‌ وچۆن كارده‌كات. گه‌ر فیزیای گریكیش له‌ دوای فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ بهاتایه‌ ئه‌وه‌ فیزیای گریكی له‌و شوێنه‌دا هه‌ڵه‌ی له‌ فیزیای مۆدیرن ده‌گرت كه‌ له‌ بواری پرسیاری چۆن ده‌رچووه‌وهاتووه‌ته‌ ناو پرسیاری چییه‌وه‌. فیزیای مۆدیرن له‌ لێكدانه‌وه‌ بۆ په‌یدابوونی گه‌ردوون هه‌میشه‌ له‌ دڵه‌ راوكێدایه‌و كێشه‌ی هه‌یه‌ چونكه‌ له‌ بواره‌ی كاركردنی نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌ی خۆی ده‌رچووه‌و هاتووه‌ته‌ ناو بواری كاركردنی نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌ی گریكییه‌وه‌. بۆیه‌ چۆن فیزیای گریكی له‌ وه‌ڵامدانه‌ی پرسیاری چۆندا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌ ئه‌وه‌ فیزیای مۆدێرنیش له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری په‌یدابووندا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌و ئه‌وه‌ش ده‌زانین له‌ لایان زانایانی فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ كه‌ چۆن ناچاربوون به‌وه‌ی بچنه‌ ناو تیۆلۆجیاوه‌و باس له‌ بوونی خواو نه‌بوونی خوا بكه‌ن. گریكییه‌كان كه‌ له‌ په‌یدابوونی گه‌ردوونیان كۆڵیووه‌ته‌وه بوونی خوا ونه‌بوونی نه‌بووه‌ته‌ پرسیار له‌لایان. فیزیا مۆدێرن كه‌ دێته‌ ناو بواری كاركردنی فیزیای گریكییه‌وه‌ زانست به‌ره‌و میتۆس ده‌بات به‌ هه‌مان شێوه‌ی عه‌قڵی گریكی به‌ چوونی بۆ ناو بواری فیزیای مۆدێرن كه‌ بواری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری چۆنه‌، ئه‌ویش كه‌و تووه‌ته‌ ناومیتۆسه‌وه.




بڵاوکراوەی “زانست و فەلسەفە” (نوسخەی pdf).

“زانست و فەلسەفە” بڵاوکراوەیەکی زانستی و فەلسەفی بچووکە، لەلایەن کۆمەڵێک خوێندکارەوە بەپێی توانا و بە خۆڕایی بڵاودەکریتەوە. ژمارە سفری بڵاوکراوەکە بە تیراژی ١٠٠ دانە و لە رۆژی ٨ی ئایاری ٢٠١٧ بڵاوبوویەوە. لە کۆتای ئەم بابەتەوە لینکی داونڵۆدی گۆڤارەکەمان بە نوسخەی pdf بۆ داناون.

بەشێک لە پێشەکی بڵاوکراوەکە:

زانست و فەلسەفە
[پرسیار منداڵدانی بیرکردنەوەیە – مارتن هایدیگەر]

زانستی ئەزموونی وەک کایەیەکی مەعریفی گرنگ و کاریگەری نێو کۆمەڵگە، جێکەوتی گەورەی هەیە لەسەر چەندین ڕەهەندی ژیان، ئیتر چ ڕەهەندی کۆمەڵایەتی چ سیاسی چ پیشەیی بێت. بەڵام ئەوەی گرنگترە سەرنجی بخرێتە سەر، ئەو کاریگەرییەیە کە زانست بەسەر هزر و بیرکردنەوەوە هەیەتی. چونکە لەپاڵ ئەوەی هزر تایبەتمەندییەکی مرۆڤە، گومانیشی تێدا نییە هەر ئەم ڕەهەند هزرییەیە کە لایەنەکانی پێشووش دروست دەکەن. لێرەدا بۆ ئەوەی لەم کاریگەرییە تێبگەین، دەبێت بزانین زانست خۆی چییە؟ چۆن لە زانست بکۆڵینەوە؟ چ شتێکیش لێکۆڵینەوە و تیگەیشتن لە خودی زانست پێویست دەکەن؟ ئێمە پێمان وایە زانکۆ بە گشتی و فاکەڵتییە زانستییەکانیشی بەتایبەتی پێش هەر شوێنەگەیەی تر، لەسەر ئەندامانی پێویستە گفتوگۆ و دیالۆگ لەسەر زانست سەرپێ بخەن.

بەڵام ئەوەی لە شوێنگەیەکی وەک زانکۆ و فاکەڵتییە زانستییەکانیدا نائامادەیە، بابەتگەلێکن کە چاوگەکەی ئەو پرسیارانەن کە پێشووتر کران. لەم شوێنگەیەدا باسێک لە ئارادا نییە دەربارەی کۆمەڵناسی زانست، کە سەروبەندێکی تەواو ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ لێکۆڵێنەوە لەسەر کاریگەرییەکانی زانست لەسەر کۆمەڵگە، ئەگەرچی زانست وەک گومانلێنەکراوێک بۆتە هۆی دروستبوونی چەندین توێژی جیاوازجیاواز کە لەڕێی زانستەوە و بە ناوی زانستیشەوە بەرانبەرکێ لەگەڵ یەکدا دەکەن.
لەلایەکی ترەوە جگە لەوەی پرسیارێکی فەلسەفی نەوروژێنراوە کە زانست چییە و چٶن دەتوانین زانست لە نازانست جیا بکەینەوە، هەڵبەت ئەوەش ڕوون نییە لەلای خوێندکار و بگرە فێرکاریش وەک زانیارییەکی ڕووکەشانە کە زانست خۆی چییە؟. واقیعی مەعریفە تەنهاوتەنها واقیعێکی تەکنیکییە و هیچی تر. خوێندکار و فێرکاریش وەک کاری هەمیشەییان هەموو ئەوەی وەری دەگرن بەکاری دەهێنن گومانێکی بچووکیش لەسەر هیچ بابەتێک دروست ناکەن.

گرنگە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین لێرەدا سەرکۆنەی دەزگایەکی مردوو ناکەین کە بۆچی بابەتگەلێکی وەک ئەمەی تێدا ئامادە نییە، چونکە ئەوەی ئەم دەزگایە بەڕێوە دەبات لەلایەک دەسەڵاتدارێکی نەزانە، لەلایەکی تر ڕۆشنبیرەکان ترسنۆکانە لەلایەنی مەعریفییەوە توند و ڕاستەوخۆ قسەی لەسەر ناکەین و لە کۆتاییشدا کلتوورێک ئەم گرفت و کێشانە جارجار لەدوای جار دەجوێتەوە و دووبارەیان دەکاتەوە.
بەڵام وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر بەو ڕۆحیەتە گومانکارەی لەناو زانکۆکاندا ئەم پرسیارانەیان لەلا دوروژێت و وەڵامگۆیەک نییە وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، درکمان بە پێویستی بلاوکراوەیەک، یان هەر ئامڕازێک کردووە کە ئەم بابەتانەی لێوە پەخش و بڵاو بکەینەوە. چەندین ڕێگە لە دەرەوەی زانکۆ گیراونەتە بەر بۆ وروژاندنی ئەم باسانە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە وەک خوێندکار گرنگە بردنە ژوورەوەی ئەم بابەتانەیە بۆ ناو خودی زانکۆ، کە لەوێیە زانستی ئەزموونی وەک پرۆگرامێکی خوێندن دەوترێتەوە و نەوە لە دوای نەوە کۆمەڵگەی لەسەر ڕادەهێنن، کە لەلایەکەوە هیچ ئاگاییەکیان بەوە چییەتی زانست و جیاکردنەوەی زانست خۆی نییە و لەلایەکی ترەوە وەک بەڵگەنەویستێک مامەڵەی لەگەڵ بکەن وکلتوورێکی مۆدێرن و زانستی دروست بکەن (مۆدێرن و زانستی بە مەبەستی پیاهەڵدان نا بەڵکو وەک مۆرکێک).
بەرمەبنای ئەم پێویستییە، ئێمە لەمەودوا بەپێی توانا هەوڵ دەدەین لەناو زانکۆدا و بەتایبەتیش لە فاکەڵتییە زانستی و ئەندازیارییەکاندا دەرگا لەسەر ئەم بابەتانە بکەینەوە و بیانوروژێنین.

دەتوانن لەم لینکەوە گۆڤارەکە بە فۆرماتی pdf داونڵۆد بکەن:
https://archive.org/details/zanstufalsafa_201705




ژمارە یەکی گۆڤاری لۆگۆس بڵاوکرایەوە

نوسینی:  لە  گۆڤاری لۆگۆسەوە وەرگیراوە

“لۆگۆس” ناوی پرۆژەیەکی فەلسەفیی نوێیە، کە لە ئیستا بە بڵاوکردنەوەی گۆڤارێک خۆی بەیان کردووە. ئەم پرۆژەیە لەلایەن هەریەک لە شاهۆ عوسمان و هەرێم عوسمان‌ەوە سەرپەرشتی دەکرێت و هیچ دەزگاو لایەنێک لەپشتیەوە نییەو خەرجی پرۆژەکەش لە گیرفانی خۆیان دابینی دەکەن.  هەرێم عوسمان سەبارەت بە پرۆژەکە بەمجۆرە دوا : ”ئەوەی لە مێژووی بیرکردنەوەی کوردو بڵاوکردنەوەی کوردیدا تێبینیمان کردووە، پرۆژەی خۆتەرخانکراوی فەلسەفیمان نەبووە، ئەمەش بە بڕوای ئێمە کەلێنێکی مەعریفی گەورەیە. چونکە فەلسەفە دایکی گشت زانستەکانەو باوکی بیرکردنەوەیە، بۆیە گەڕانەوە بۆ فەلسەفە گەڕانەوەیە بۆ بنەما، لێرەوە “لۆگۆس”مان بۆ کاری فەلسەفی تەرخان کرد. ئەوەی لە ئیستاشدا ئەنجامی دەدەین بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکە، بەڵام بۆ ئایندە کارەکە فراوانتر دەکەین”.  سەبارەت بە ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کرد: ”تەوەری سەرەکی ئەم ژمارەیەی گۆڤارەکە تەرخانە بۆ پرسی فەلسەفە چییە؟ دیارە ئەمەش پرسێکی بنەڕەتیەو بەپێویستمان زانی لەدەستپێکەوە بەم پرسە بێینە ناوە. هەوڵیشمانداوە زۆرتر پشت بە تێکستی بنەڕەتی ببەستین و زیاتر لە زمانی یەکەمەوە وەرگێڕانیان بۆ بکەین، بۆ نموونە لەم ژمارەیەدا دوو نووسراوی هایدیگەرو نووسراوێکی دۆلۆزو گواتاری، بادیۆ، ژیژەک..بڵاوکردۆتەوە. وەک دەشزانرێت ئەم دەقە بنەڕەتیانە تێگەیشتنیان ئاسان نییە، بۆیە هەر لە گۆڤارەکەدا بیرمان لەوە کردۆتەوە جگەلەو دەقانە دەقی دیکە هەبن زیاتر پەروەردەیی و زانیاریدەر بن، بۆ نمونە لەبارەی فەلسەفەی عەرەبی و ئیسلامی بەشێوەیەکی پانۆرامایی وێنەیەکی گشتیمان پێشکەشکردووە، یان پسپۆرێکی فەلسەفە لە زیندانێکدا لەگەڵ زیندانیەکاندا فێری راوێژی وجودیمان دەکات. لەلایەکی دیکەوە سود لە ئەزموونی پسپۆرانی فەلسەفە لەوڵاتانی دراوسێ و دەرەوە وەردەگرین، بۆ نمونە لەم ژمارەیەدا لەگەڵ هیگڵناسێکی فارسدا چاوپێکەوتنمان کردووە. هاوکات کار لەسەر پەیوەندی کوردو فەلسەفە دەکەین، ئەمەش بەڕێگەی جیاواز کە خۆی لە خوێندنەوەو ناساندن و ڕەخنەگرتن و دیالۆگکردندا دەبینێتەوە. بۆ نمونە لەم ژمارەیەدا کارمان لەسەر یەکەم کتێبی فەلسەفی کە بە زمانی کوردی نووسراوە کردووە. هەروەها لەبارەی گۆڤاری “بوون”ەوە کە لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا بڵاوبۆتەوە نووسیومانە”. جێگەی ئاماژە پێدانە ئیستا “لۆگۆس” لەسەرجەم شارو شارۆچەکەکان بڵاوبۆتەوە..

یەکەمین ژمارەی گۆڤارەکە

لێرەشەوە دەتوانن ناوی ئەو شوێنانەی لۆگۆسی تیا دەستەکەوێ و کارو چالاکیەکانی ئاگاداربن..

هەولێر:
ئاشتی
میدیا
سیروان
هەولێر
کازیوە
ئاوێنە
….
لە سۆران: کتێبخانەی ئەحمەدی خانی
چۆمان: کتێبخانەی چۆمان
حەریز: کتێبخانەی هاوژین
ڕەواندز:کتێبخانەی شێرکۆ

لە سلێمانی..
ئەندێشە
غەزەلنووس
جەمال عیرفان
مەکتەبەی سلێمانی
مەلا موحسین
ڕێبین
کۆشکی سەردەم
مەکتەبەی ڕۆشنبیر
مامۆستا کەمال
لەسەرچنار-ناوبازاڕەکە

کۆیە:
کتێبخانەی هەژار
کتێبخانەی دیاری

هەڵبجەی تازە: کتێبخانەی برادۆست
هەڵبجەی شەهید: کتێبخانەی شادی
ڕانیە: کتێبخانەی ئەحمەد کۆیی
چەمچەماڵ: کتێبخانەی چەرموو
کەلار: کتێبخانەکانی بێدار: شێروانە : خاک
سەیسایەق: کتێبخانەی بێخود
قەڵادزێ:کتێبخانەی ژین
چوارقورنە: کتێبخانەکانی ڕەهەندو زانکۆ

لێرەشەوە  دەتوانن ئاگادری کارو چالاکیەکانی گۆڤارەکە بن:
https://www.facebook.com/Govarilogos

ئەمەی خوارەوەش ناونیشانی ئەو بابەتانەن کە لە ژمارەی یەکەمی لۆگۆسدا بڵاوکراوەتەوە.

١ـ پرسى فه‌لسه‌فه‌ لاى فه‌يله‌سوفانى ئه‌نتيك(كلاسيك)، ئامادەکردن و وەرگێڕانی: شاهۆ عوسمان

٢ـ فەلسەفە، ڕێگای پێنجەم، ڕینە دیكارت.. وەرگێڕانی: لۆگۆس

٣ـ گفتوگۆ لەگەڵ د.محه‌مه‌د مه‌هدى ئه‌رده‌بيلى، توێژه‌ر و هيگڵناس،

ئا: وەلید عومەر، هەرێم عوسمان

٤ـ پێناسکردنی فەلسەفە لەخودی خۆیەوە- لەڕێی گووتەیەکی نۆڤالیسەوە، مارتن هایدێگەر، لەئەڵمانییەوە: بەکر عەلی

٥ـ كۆتايى فەلسەفە‌، مارتن هایدیگەر، لە ئەڵمانییەوە: شاهۆ عوسمان

٦ـ فەلسەفە چییە؟ د.محەمەد کەمال

٧ـ ده‌روازه‌يه‌ك بۆ فەلسەفەی عەرەبی- ئیسلامی، ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان: ناجی ئه‌فراسیاو

٨ـ فه‌لسه‌فه‌ چییه‌؟ ژیل دۆلوز، فێلیكس گواتاری، و. له‌ فره‌نسییه‌وه‌: فازڵ مه‌حمود، كاروان ئه‌حمه‌د

٩ـ لەبارەی فەلسەفەی بادیۆوە، هەرێم عوسمان- زەردەشت نورەدین

١٠ـ پێناسەی فەلسەفە، ئالان باديۆ، لە ئینگلیزییەوە: زه‌رده‌شت نوره‌دين

١١ـ پۆرترێتێکی فەیلەسوف، پیتەرسلۆتەردایک..  بەکر عەلی

١٢ـ فه‌لسه‌فه‌ دايالۆگ نیيه‌، سلاڤۆى ژيژه‌ك، وه‌رگێڕانى: وه‌ليد عومه‌ر

١٣ـ فەلسەفە وەک ئازایەتی، دەربارەی سوودەکانی ڕاوێژی وجودیی، دەهلیان کیربی، لەئینگلیزییەوە: سەیوان ئازاد

١٤ـ پرەنسیپی نادڵنیایی هایزنبێرگ و فەلسەفەی کانت:
بۆچی ستیڤن هۆوکینگ پێیوایە فەلسەفە مردووە، حسێن حسێنی، جەبار محەمەدئەمین فەتاح، سەعید کاکی، ئارمان خەلیل، وەرگێڕان: ئارمان خەلیل

١٥ـ لەبارەی گۆڤاری (بوون)‌ەوە، هەرێم عوسمان

١٦ـ یەکەم ڕووداوی فەلسەفی بە زمانی کوردی- تێڕامان لە یەکەم پەرتوکی فەلسەفی بە کوردی..ئامادەکردنی، لۆگۆس

١٧ـ فه‌رهه‌نگى چه‌مكه‌ بنه‌ڕه‌تييه‌كانى فه‌لسه‌فه‌

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى له‌ ئه‌ڵمانييه‌وه‌: لۆگۆس

بەشێک لە پێشەکی گۆڤارەکە:

بۆ فەلسەفە؟ فەلسەفە فێری پرسیارو گومانمان دەکات، نەک هەر ئەوە بەڵکو فێری چۆنێتی پرسیارسازی و گومانسازیشمان دەکات، لێرەشەوە ئازایەتی‌و ئازادی دەناسین. ئەم فێرکردن و خۆڕاهێنانە ئازاو ئازادمان دەکا لەوەی سڵ لە بیرکردنەوە لە شتەکان نەکەینەوە؛ هەموو شتە پیرۆزەکان جێگەی پرسیارو گومان و تێگەیشتن و گۆڕینن. کاتی پرسیارو گومان شتەکان وەک خۆیان نامێننەوە، چونکە پرسیارکەرو گومانکەریش گۆڕاوە؛ ئێمەی کوردیش لە ئیستادا زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستمان بە گۆڕانی خۆمان و شتەکانە. ئەوەی لە ئیستای ئێمەدا دەگوزەرێ و پێیدەگوترێ قەیران؛ تەنیا قەیرانی سیاسیی نییە، بەڵکو لەبنەمادا قەیرانی بوونمانە؛ بێ ئاگاییمانە لەوەی تێناگەین و وا بیردەکەینەوە هەموو شتێک دەزانین؛ ئەوەی سوکرات دەیوت “ئەوان نازانن کە نازانن”، ئێمە بە وتنەوەی (قەیرانی سیاسی) وا دەزانین هەموو نەخۆشییەکەمان دۆزیوەتەوە؛ بەڵام لەبنەڕەتدا دۆزینەوەکە، شاردنەوەگەلێکی بۆ ئێمە خولقاندووە! لێرەوە پێویستە فەلسەفەئاسا بە نەزانییەوە بە دوای بنەمای کێشەکاندا بگەڕێین، بەبێ فەلسەفەش نەزانین بە زانین تێر نابێ و دۆزینەوەی بنەماکانیش بەدەستنایە؛ بۆیە فەلسەفە بۆ کات بەسەر بردن نییە! هایدیگەر پێیوابوو: فەلسەفە ئەو ئیشە دڵگیرە نییە، کە بۆ کات بەسەر بردن بێ. ئەم بڵاوکراوەیەش کە دەیەوێت کاری فەلسەفی بڵاوبکاتەوە بۆ کات بەسەر بردن و خۆ-نمایشکردن و پاڵەوانبازی نییە، بەڵکو بەر لە هەرشت بۆ سازکردنی کەشێکە بۆ دیالۆگ، کە بە پشتبەستن بە فەلسەفە بتوانین لەگەڵ خۆمان و ئەویتر و بوونمان لە دونیا بدوێین. بتوانین لەم دیالۆگە گشتیەدا هەموومان لەگەڵ یەکتری بدوێین و بیربکەینەوەو خۆمان و بوونمان بناسین؛ تاریکی بوونمان ڕۆشن بکەینەوەو جووڵە بخەینە نێو جیهانی بوونمانەوە. لێرە هەموو ئەوانەی بەڕاستی ئەهلی دیالۆگن دەکرێ کۆببنەوە، لەبەرئەوە ئێرە هی کەس نییە، هی هەموو ئەوانەیە کە بیرکردنەوەو کاری فەلسەفیی خەم و ژیانیانە. سنووری کار لەم بڵاوکراوەیەدا فەلسەفەیە، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی دەتوانێ ئێرە بکاتە نیشتمانی خۆی. دەشمانەوێ ئەم ئیشە نادڵگیرە دڵگیر بکەین، بەڵام نەک بە ئارایش و خۆنمایشیی ساختە، بەڵکو بە ململانێ لەگەڵ ئەم فەرهەنگ و کولتوورەی فەلسەفە لە خۆی دووردەخاتەوە، بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دیاردانەی ئەم کولتوورو فەرهەنگە دژی بەرهەم و ئەکام و کاری فەلسەفییانە بەرهەمی دەهێنێ. ئەم کولتورە هێندە پەرە بە کۆمەڵێ هزرو دیاردەی نافەلسەفی دەدات، کە بە ئاسانی دەیبینین: دژە پرسیار و وەڵامبەدەستەو خۆشباوەڕو کەم گومانە، کۆیلەسازو نائازادە، خێرابڕیاردەر[ئەگەر بتوانێ بڕیاربدات]و زۆربێژە؛ نائارامە لە بیرکردنەوە، ڕووکەشبین و ناڕۆشنبینە…هتد ئەمانە تەنیا ڕیزکردنی کۆمەڵێک وشە نین، بەڵکو بەشێکن لە کولتوور و فەرهەنگی ئەم مرۆڤە، کە رۆژانە لە کردەوەو بیریدا تێبینی دەکەین. ئەو وەسفانەی لەم کولتوورەوە بۆ فەلسەفە هەن؛ هیچیان کاری فەلسەفی پێویست ناکات. ئەم کولتوورەی کە لە مێژە فەلسەفە بە بێگانە دەبینێ و لێی دەترسێ و دژایەتی دەکات، پێویستە ڕووبەڕووی ببینەوە، نەک سازشی لەگەڵ بکەین، چونکە پێمانوایە تا ئیستا کاری زۆرێک لە ڕۆشنبیران و نوسەران ئەوەندەی خەریکی بیانوهۆنینەوەن بۆ درێژەدان بەو کولتوورە هێندە بە کار دژایەتی ئەم بیرکردنەوە ڤایرۆسیەیان نەکردوە. ئەگەر نیگای کارو دیاردەی ڕۆشنبیریی کوردی بدەین، نزیک لە هەمان کولتوورو دۆخ هەیە، کەمترین پرۆژەی فەلسەفیمان هەیە، تا ئیستا گۆڤارێکی فەلسەفیمان نەبووە[کە بەتەواوی خۆی بۆ فەلسەفە تەرخان کردبێ] ڕەنگە ئەمانەش بەڵگەی بەهێز نەبن بۆ نەویستنی فەلسەفە لەناو کایەی ڕۆشنبیری کوردیدا، بەڵام گەر کەمێک بە وردی لە زمان و دیاردەی نووسینی کوردی ڕابمێنین زیاتر شێوازی ڕۆژنامەیی بەسەریدا زاڵە، تەحەمولی قووڵبوونەوەی فەلسەفی ناکات، ئیستا شێوازی زارەکی و نووسین لە ئامێرەکانی پەیوەندیی و نێتدا[موبایل-فەیسبوک-بەنمونە] توانیویەتی ئاسانکارییەکی باش بۆ مرۆڤەکانی نێو ئەم کولتوورە لە سەتحیەت‌و زۆربڵێی بکات- لەبەرامبەریشدا بیرکردنەوەی فەلسەفی بە درێژدادڕی‌و بێ‌ئیشی ببینێ. تێگەیشتنی ئەو بۆ ئازادی، لە ئازادی بڵاوکردنەوەو جنێودان‌و لەگەڵدابوون-دژبووندا کورت دەبێتەوە. ئەو حەزی بە زمان و بیرکردنەوەی ئاسانە، مەیلی جۆرە نووسینێ دەکات کە لاواندنەوە یان جنێودانی دەسەڵاتە، ستایشی قەڵەمی ئازاد دەکات بەوەی دژی دەسەڵات دەنووسێ، بە واتایەکی دیکە لەناو دیاردەی ڕۆشنبیری کوردیدا خۆشەویستییەکی زۆر بۆ بڕیاردانی ئایدۆلۆژی هەیە[بەناو ئایدۆلۆژییە-دەنا وەک دابەشکاری دنیا بۆ ڕەش و سپیە]، فەلسەفە لەگەڵ ئەو دابەشکاریی و پۆلێنە ڕووکەشانەدا نییە، دژ و دۆستانە ناژی، بەڵکو بیردەکاتەوە، بیرکردنەوەی فەلسەفی ڕاستەقینە بیر لەوە ناکاتەوە خۆی ئاسان یان ئاڵۆز بکات، خۆی لە یەک ڕەهەندی دووردەخاتەوە؛ بەشبین و گشتبینە؛ دیالێکتیکانە بیردەکاتەوە. ئەگەر کەمێک وردتربین دەپرسین کوان ئەو تێگەیشتن و تێکستانەی بۆ ناسینی خۆمان و دنیا بەرهەمهاتوون؟ چیمان نووسیوە لەسەر کێیەتی و چییەتی خۆمان، مرۆڤی خۆمان چۆن بیر لە شتەکان و بوونی خۆی دەکاتەوە؟ خاوەنی بیرکردنەوەین؟ سروشتی بیرکردنەوەمان لە کێشەکان چۆنە، چییە، بۆ وایە، لە کوێوە هاتووە؟ بۆ بەو جۆرەیە؟ کێشەی گەورەی مرۆڤی ئێمە ئەوەیە تا ئێستا لەوە بە ئاگا نەهاتووە کە تێناگات، هەمیشە دەڵێ تێدەگەم! ئەوەی ئێمەی بۆ ئەم کارە هانداوە؛ هەستکردنمانە بە تێنەگەیشتنمان؛ ئەم هەستە، ویست و تاسەی بۆ پرسیارو زانین و تێگەیشتن و بیرکردنەوەمان ئاوەڵا کردووە؛ ئەم کارە بۆ بیرهێنانەوەو گەڕانەوەیە بۆ ئەو ماڵەی کە ناوی بیرکردنەوەیە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەمانە دژی ئەو دیاردەو کولتوورو بیرکردنەوانەی تاسەی گەڕانەوەو نیشتەجێبوونمان بۆ نیشتمانی فەلسەفە تیا دەکوژن، هاوکات فراوانکردن و گرتنی ئەو هزرو کولتوورانەیە کە یاریدەمانن بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفیی، بیرکردنەوەی فەلسەفیش بە مانا بادیۆیەکەی بریتییە لە یاخیبوون و شۆڕشکردنی لۆژیکی، ئەم کارە هەوڵێکە بۆ یاخیبوون و شۆڕشی لۆژیکی بەسەر ئەو کولتوورو هزرە باوانەی ترسیان لە پرسین و بیرکردنەوەی فەلسەفی هەیە.

 




هیوم؛دەربارەی تێگەیشتن

ڕیسالەیەک دەربارەی سروشتی ئادەمی
کتێبی یەکەم دەربارەی تێگەیشتن
بەشی یەکەم
دەربارەی سەرچاوەی بیرۆکەکان و پێکهاتەکانیان
 دەیڤد هیوم

وەرگێڕانی: ڕەوا هەژار

هەموو ئەوەی کە هەیە و هۆشی مرۆڤ دەتوانێت پەی پێببات دابەش دەبن بەسەر دوو خانەی جیاوزدا کە من لێرەدا ناویان لێدەنێم شێوەکان و بیرۆکەکان. جیاوازی نێوان ئەم دووانەش بەستراوەتەوە بە پلەبەندی ئەو هێز و چوستیەی هەریەکەیان کە لە کاتی هاتنە ناوەوەدا بەر هۆشمان دەکەون و لەدوایدا ڕێدەکەن بەرەو ئاگاهیمان. ئەو پەیبردنانەی کە بە زۆرترین هێز و توندوتیژییەوە دێنە ناوەوە، ناویان لێدەنێم شێوەکان، هەموو ئەوانەی دەچنە چوارچێوەی پێناسەی ئەم ناوەوە بریتین لە تەواوی سۆز و هەستەکان لەکاتی یەکەم هاتنە ناوەوەیاندا. بیرۆکەکانیش بریتین لە هەموو ئەو وێنە کاڵانەی کە شێوەکان لە بیرکردنەوە و شعوری ئێمەدا دروستی دەکەن، وەکو بۆ نمونە هەموو ئەو پەیبردنانەی کە بەهۆی خوێندنەوەی ئەم تێزەوە لەتۆدا دەوروژێن، بێجگە لەوانەی کە بەهۆی بینین و دەست لێدانەوە بۆت درووست دەبن و وە هەروەها بێجگە لەو سرور و خۆشییە یان ناخۆشییانەی کە دەکرێت لەم خوێندنەوەیەوە کتوپڕ بۆت درووست ببن. بڕوام وایە پێوست بە خەرجی وشە و لەسەر ڕۆشتنێکی ئەوتۆ نەکات بۆ زیاتر ناساندنی ئەم جیاوازییە ڕوونە. هەر کەسە لە ناوخۆیدا یەکسەر و بەئاسانی درک بە جیاوازی نێوان هەست کردن و بیرکردنەوە دەکات. جیاوازی ئەم دووانە بە ئاسانی دەکرێت پلە بەند بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەستەم نیە لە هەندێک باری تایبەتیدا لێکچوونی نێوانیان تا ئەندازەیەکی زۆر لەیەکتری نزیک ببێتەوە. بەو هۆیەوە دەکرێت لە کاتەکانی وەکو خەوتن،نەخۆشی یان تووڕەبوندا یاخود هەر شڵەژانێکی هیجانی تردا بیرۆکەکانمان لە ڕووی لێکچونەوە لە شێوەکان نزیک ببنەوە، وە هەروەها بە پێچەوانەشەوە هەندێک جار شێوەکانمان بە جۆرێک لەلا کاڵ و لاواز دەبێتەوە کە ناتوانین لەگەڵ بیرۆکەکانماندا جوودایان بکەینەوە. لێ ئەگەر سەرەڕاییانە بەردەوام بین و ئەم لێکچوونە تایبەتیانە وەلا نێین کە تەنها لە چەند دۆخێکی زۆر تایبەتدا وەپێش دێن، ئەوا بە گشتی هەردوو خانەکە بە ئەندازەیەک لەیەکتری جوودان کە دەکرێت بە ئاسانی بناسرێنەوە و کەسیش بەهۆی ئەم جیاکاریەوە تووشی سەرسوڕمان نەبێت، دیاریکردنی هەریەکەشیان بە ناوێکەوە دەکرێت ببێتە مەفهوومێکی روون.

 

هەر لە ناو تواناکانی پەیبردنی ئێمەدا دابەشکراییەکی تر هەیە کە پێویستە لەسەری بوەستین و سەرنجی بدەین، چوونکە ئەمانیش دەکشێنەوە ناو شێوە و بیرۆکەکانمانەوە. ئەم دابەشکارییەش بریتییە لە چەمکەکانی سادەیی و ئاڵۆزی. هەرچی پەیوەندی بە پەیبردنە سادەکانەوە هەیە، ئیدی چ لە بیرۆکەکاندا بێت یاخود لە شێوەکاندا بریتین لەو خاسیەتانەی کە ناکرێت دابەشبکرێن بۆ شتێکی لە خۆیان بچووک تر،ئەمە بەواتای ئەوەی لە ناوخۆیدا هەڵگری هیچ جیاکارییەک نییە. هەرچی ئەوەشی کە ئاڵۆزە بریتیە لە پێچەوانەی ئەم پێناسەیە و دەتوانرێت بەش بەش بکرێت. هەرچەندە دەکرێت تایبەتمەندیەکانی وەکو، ڕەنگ و تام و بۆن، هەموویان لە سێوێکدا کۆ ببنەوە، بەڵام بە ئاسانی دەتوانین پەی بەوە ببیەن کە هەریەکەیان بۆ خۆیان خاسیەتێکی سەربەخۆن و هەمان خەسڵەت نین.

 
بەهۆی ئەم دابەشکارییەوە کە توانیمان ڕیزبەندی و ڕێکخستنێک بە بابەتەکەمان ببەخشێن، لەوانەیە ئێستا باشتر بگونجێت تێڕامانێکی وردتر و تەواوتر بۆ چییەتی و پەیوەندی نێوان چەمکەکانمان بکەین. دیسانەوە بۆ دەستپێکی بەدواداگەڕانەکە دەگەڕێمەوە سەر جیاوازی و لەیەک چوونی ئەو پلەبەندیەی کە بەهۆی هێز و چوستی بیرۆکەکان و شیوەکانەوە درووست دەبن. چوونکە بیرۆکەکان و شێوەکان وا دەردەکەون کە هەریەکەیان وێنەی پێچەوانەی ئەوی تریان بێت، بەو هۆیەوە هەموو پەیبردنە ژیرییەکان ماکێکی دووانەییان هەیە کە لەیەککاتدا واپیشان دەدەن هەم بیرۆکە بن و هەمیش شێوە. کاتێک کە چاوەکانم دادەخەم و بیر لە ژوورەکەم دەکەمەوە، ئەو بیرۆکانەی لەو ساتەدا لە بارەی ژوورەکەمەوە بۆم درووست دەبن بە تەواوی لە نوێنەرایەتی ئەو شێوانەوە هاتوون کە پێش چاو داخستنەکەم هەستم پێکردوون، وە ناشبێت بیرۆکەگەلێکم بۆ دروست ببن کە ئەم پێشینەیە نوێنەرایەتیان نەکات. کاتێک تۆماری پەیبردنەکانی تریش بۆ خۆم لێک دەدەمەوە هەمان دۆخ هەست پێدەکەمەوە و لە نوێنەرایەتیاکانیان ڕوونتر تێدەگەم. لێرەوە بیرۆکەکان و شێوەکان هەمیشە لە جۆرێک بەرامبەریدان لەگەڵ یەکتری. ئەم ئاگاهییە بۆ من دۆخێکی زۆر سەرنج ڕاکێشە و تێڕوانینەکانی من بەخۆیەوە خەریک دەکات.
 
ئەگەر هێمنانەتر ئەم پێوانەکارییە بکەین دەزانین کە زۆر لەسەر ئەم دەرکەوتنە سەرەتاییە وەستاوین و پێویستە لێرە بەدوا تیشک بخەینە سەر چەمکە داهێنراوەکانی ترمان وەکو سادەیی و ئاللۆزی، ئەم هەوڵەش بۆ روونکردنەوەی سەرباسی پێشومانە لەوەی کە وتمان بیرۆکەکان و شێوەکان وا دەردەکەون کە هەریەکەیان وێنەی پێچەوانەی ئەوی تریان بێت. وەها تێبینی دەکەم، کە زۆرێک لە بیرۆکە ئاڵۆزەکانمان لە پێشینەی هیچ شیوەیەکەوە نەهاتوون، واتە بیرۆکەیەکی ئاڵۆزمان هەیە بەڵام ئەم بیرۆکەیە بە هۆی وەرگرتنی شێوەیەکەوە نەڕسکاوە، لە بەرامبەریشدا کۆمەڵیک بیرۆکەی ئاڵۆز سەر هەڵدەدەن کە پێشینەکانیان ناچنەوە سەر شێوەکان. بۆ نمونە لە ئەندێشەی خۆمدا وێنەی شارێکی تازە درووست دەکەم کە شۆستەکانی ئاڵتوون بن و دیوارەکانی مەرجان، لە کاتێکدا من لە ژیانمدا وەها شارێکم لەو شێویەدا نەبینیوە. پاریسم بینیوە، بەڵام ئایا دەکرێت لە ڕێگەی بیرکردنەوەوە وێنایەکی تەواوی شەقام و شۆستەکانی بکەم بەو شێوەیەی کە خۆیان لە ڕاستیدا بوونیان هەیە؟
 
لێرەوە بۆم دەردەکەوێت، هەرچەندە لێکچوونێکی گشتی هەیە لە نێوان شێوە و بیرۆکە ئاڵۆزەکاندا بەڵام ئەم گشتاندنە هەموو نموونەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە ناگرێتەوە و نابێتە ڕاستیەکی یونیڤێرساڵ، بۆیە بیرۆکە ئاڵۆزەکان و شێوە ئاڵۆزەکان ناکرێت بە درووستی وێنەی پێچەوانەی یەکدی بن. پێویستە سەرنجمان بخەینە سەر ئەو پەیبردنانەی کە خۆیان لە خۆیاندا سادەن. لەدوای خستنە گەڕی تەواوی توانای خۆم لەم سەرنجدانەدا، سەرەڕۆییانە پێداگری دەکەم کە یاساکەی پێشوو بە بێ هیچ کورت هێنانێک لێرەدا دەتوانێت کار بکات. واتە هەموو بیرۆکەیەکی سادە هاو-بەرامبەری شێوەیەکە، وە هەموو شێوەیەکی سادەش هاو-بەرامبەری بیرۆکەیەکە. بیرۆکەی ڕەنگی سور بە نموونە وەربگرە، کاتێک لە ژوورێکی تاریکدا وێنەی ڕەنگی سوور دەیهێنینە پێش چاوی خۆمان لەگەڵ ئەو ڕەنگە سوورەی کە لە ڕۆشنایدا دەیبینین هەمان سروشتیان هەیە، جیاوازی ئەم دووانە تەنها لە پلە بەندیاندایە نەک لە سرووشتیاندا. ئەستەمە بتوانین هەموو ئەوبەڵگانە ڕیز بکەین کە پشتگیری ئەم بۆچوونەمان دەکەن چوونکە بێژمارە زۆرن. هەر کەسەو لەبەرمبەردا دەتوانێت خۆی نمونەکان بۆ خۆ بهێنێتەوە تا ئەوکاتەی ڕوانگەکەی ئێمەی بۆ روون دەبێتەوە، ئەگەر پێچەوانکەشی بکات نمونەیەکی دەست ناکەوێت. هەر کەسێکیش ئەم لێکچوون و هاو-بەرمابەرییە بە یونیڤێرساڵ نەزانێت، تەنها دەتوانم داوای ئەوەی لێبکەم نموونەیەکم بداتێ کە تێیدا شێوەیەکی سادە هاوبەرمابەری بیرۆکەیەک نەوەستێت یاخود بیرۆکەیەکی سادە هاو بەرامبەری شیوەیەک نەوەستێت. خۆ ئەگەریش نمونەیەکی وەهای نەکرد بەگژمانا، ئەوا لە بێدەنگیەکەی ئەو و بەڵگەکانی خۆمانەوە ئەنجامگیرییەکمان بۆ دروست بووە.
 
دۆزینەوەکەمان پێمان دەڵێت هەموو بیرۆکە و شێوەیەکی سادە هاو بەرامبەری یەکدین، وە ئاڵۆزەکانیش لە کۆمەڵێک سادە پێک هاتوون بەو هۆیەوە ئەم دوو ڕەگەزی پەیبردنە، بەتەواوی، بەرامبەری یەکدین. پاش ئەوەی ئەم پەیوەندیەمان دۆزیەوە، پێویستمان بە پشکنینی تر نییە بۆ زێدەتر سەلماندنی، لێ تەنها لە فزوڵی خۆمەوە دەمەوێت چەند خەسڵەتێکی تریش لەم بابەتەدا کەشف بکەم. لێرەوە دەچینە سەر ئەو وێستگانەی بابەتەکە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە پرسە وجودیەکانەوە، بەوەی کە داخۆ لە نێوانی شێوەکان و بیرۆکەکان کامیان لە ڕووی وجودییەوە دەبێت بە هۆ و کامیشیان بە ئەنجام؟
 
ئەم پەرتووکەی بەردەستت پشکنینێکی تەواوی ئەم پرسیارەی لە خۆ گرتووە. بەم هۆیەوە دەتوانین بۆ دڵنیایی زیاتر یەکەمین گوزارەی لۆژیکی خۆمانی تێدا بنووسین، ئەویش ئەو گوزارە گشتییەیە کە دەڵێت: هەموو بیرۆکە سادەکانمان لە یەکەمین دەرکەوتنیاندا هەڵهێنجراوی شێوەیەکی سادەن، کە هاوبەرمابەری یەکدین و بە تەواوی نوێنەرایەتی یەکدی دەکەن.
کاتێک سەرنج لە دیاردەکان دەدەم بۆ دۆزینەوەی سەلمێنەرێک بۆ گووزارەکەم، تەنها دوو جۆر سەلمێنەرم دەست دەکەوێت؛ لێ هەرکام لەو دیاردانە زۆر ڕوون و ئاشکرا و یەکلاکەرەوەن. لە پێشدا پێویستە بۆ دڵنیایی خۆمان پێداچوونەوەیەکی تازە بکەین لەسەر ئەوەی کە وتمان، ئەویش ئەوەیە کە هەموو بیرۆکە سادەکانمان هاوبەرامبەری شێوەیەکی سادەن، وە هەموو شێوەیەکی سادە بەهەمان شێوە هاو بەرامبەری بیرۆکەیەکی سادەن. بەهۆی ئەم ئامرازە نەگۆڕەوە دەتوانم ڕاستەوخۆ ئەنجامگیریەکی تر بکەم و بڵێم؛ پەیوەندیەکی تۆخ و گەورە لە نێوان شێوەکان و بیرۆکەکاندا هەیە بە جۆرێک کە دەرکەوتنی یەکێکیان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەبوونی ئەوی تریان هەیە. ئەم نەگۆڕە لە هەموو کاتەکاندا ناکۆتا خۆی دووبارە دەکاتەوە بەجۆرێک ناتوانین بڵێین دووبارە بونەوەکەی بەهۆی ڕێکەوتەوەیە، بەڵکو تەنها دەتوانین وەکو بەڵگەیەک سەیری بکەین بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەو دیاردەیەی کە شێوەکان بەهۆی بیرۆکەکانەوە بوونیان هەیە یان بیرۆکەکان بەهۆی شێوەکانەوە بوونیان هەیە. بۆئەوەی دەربکەوێت هەبوونی کامیان پێش ئەوی تریان دەکەوێت، ڕەچاوی ڕیزبەندی یەکەمین دەرکەوتنیان دەکەم، لە ڕێگەی ئەزموونکردنی بەردەوامەوە بۆم دەردەکەوێت کە شێوە سادەکان هەمیشە دەکەونە پێش بیرۆکە سادە هاو-بەرامبەرەکانیانەوە، وە هەرگیزیش پێچەوانەکەی ڕوو نادات. ئەگەر بیرۆکەی ڕەنگی سوور یان پرتەقاڵی، تاڵی یان شیرینی بە منداڵێک بدەین، لە پێشدا دەبێت بچین کاڵاکەی پێ بناسێنین، واتە لە پێشدا دەبێت شێوەکانی پێ بناسێنین، بە پێچەوانەوە زۆر بێمانا دەردەچێت ئەگەر هەوڵ بدەین لە ڕێگەی باسکردنی بیرۆکەکانەوە بابەتەکە لە منداڵەکە بگەیەنین. بیرۆکەکان لەگەڵ هاتنی سەرەتاییاندا ناتوانن شێوەیەکی هاوبەرامبەریان هەبێت، هەربۆیە ناتوانین دەرک بە ڕەنگەکان یان تامەکان بکەین تەنها لە ڕێگەی بیرکرنەوە لە بارەیانەوە وەها کارێک تەواو بێمانا دەردەچێت. بە پێچەوانەشەوە دەبینین هەموو شێوەیەک لەگەڵ دەرکەوتنیدا بیرۆکەیەکی هاوبەرامبەری دەتوانرێت بۆ بدۆزرێتەوە، ئەم شێوەو بیرۆکەیەش بە تەواوی لە ناوەڕۆکدا لەیەک دەچن، ئەگەریش جیاوازیەکیش لە نێوانیاندا هەبێت تەنها لە کاڵ و تۆخی یەکێکیان بۆ ئەویتریان دەبێت نەک لە سروشتیاندا. گووزارەکەی پێشووترمان خۆی لە خۆیدا سەلمێنەر بوو، لەهەمان کاتیشدا وەکو نەگۆڕێک توانیمان بیسەلمێنین، بەهەمان شێوەی پێشوو دەتوانین بڵێین شێوەکان دەبنە هۆکاری ئەوەی بیرۆکەکان بوونیان هەبێت نەک بە پێچەوانەوە بیرۆکەکان ببنە هۆی درووست بوونی شێوەکان.

 

کتێبی ڕیسالەیەک دەربارەی سروشتی ئادەمی، بەرگی یەکەم، دەربارەی تێگەیشتن، دەیڤد هیوم، ١٧٣٨ز

لە پێناوی ئەوەی زیاتر ئەم گووزارەیە بچەسپێنم، دیاردەیەکی زۆر ڕوون دەخەمە بەر باس و لێکۆڵینەوە، ئەویش ئەوەیە کە؛ ئەگەر لە هەر کاتێک لە کاتەکاندا بە هۆی ڕێکەوتەوە یان هەر بابەتێکی ترەوە دەزگایەک لەو دەزگایانە ڕێگریان لێکرا کە توانای ناسینەوەی شێوەکانیان هەیە، وەکو ئەوەی کەسێک هەر لە زگماکەوە نابینا یان نابیست بێت؛ ئەو کاتە نەک هەر شێوەکان بەتەواوی لەدەست دەچن بەڵکوو بیرۆکە هاو-بەرمابەرەکانیشیان بە هەمان شێوە لە دەست دەچن، بە جۆرێک کە هیچ شوێنەوارێکیان لە ئەندێشە و ئاگاهی ئێمەدا درووست نابێت. ئەم بۆچوونە نەک هەر تەنها بۆ ئەو کاتانە ڕاستە کە دەزگایەکی هەستی بەتەواوی لەکار دەکەوێت، بەڵکوو بۆ ئەو کاتانەش ڕاستە کە ئەو دەزگایە نەخرابێتە خزمەتی بەرهەمهێنان و ناساندنی شێوەیەکەوە. ئێمە هەرگیز ناتوانین بیرۆکەیەکی ماقووڵمان هەبێت لەبارەی تامی ئەنەناسەوە هەتا نەچین بە واقعی تامی ئەنەناسەکە نەکەین.
لێرەدا پێویستە ڕاستگۆیانە پەنجەبکێشم بۆ نموونەی دیاردەیەکی پێچەوانە کە ڕەنگە بتوانرێت بکرێتە بەڵگەی ئەوەی کە بە تەواوی ئەستەم نییە هەندێک لە کاتەکان بیرۆکەکان پێش شێوەکان بکەون. ئاشکرایە هەندێک بیرۆکەی ڕەنگ هەیە کە لەلایەن بیناییەوە هەڵدەگیرێتەوە و هەندێکیش بیرۆکەی دەنگ هەیە کە لەلایەن بیستنەوە هەڵدەگیرێتەوە، هەرکامیش لەم ڕەنگ و دەنگانە جودا لە یەکدی دەردەکەون، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هاوچەشنیش لە نێوانیاندا هەست پێدەکرێت. واتە ئێمە هەرچەند دەتوانین ڕەنگەکان لە یەکدی جودا بکەینەوە بەڵام لە کۆتایدا هەر دەکرێت کۆی ڕەنگەکان وەکو کۆمەڵیک بیرۆکەی هاو شێوە لە دەنگەکان جودا بکەینەوە. ئەگەر ئەم بۆچوونە بۆ کۆی ڕەنگەکان ڕاست بێت ئەوا دەبێت بە هەمان شێوە بۆ تاکە تاکەی جوزئیاتی ڕەنگەکانیش ڕاست بێت. ڕەنگی سوور بە نموونە وەربگرە، تۆ ڕەنگی سوور بە جۆرەها شێوە دەناسیت لەمسەری سوورێکی تۆخەوە بۆ ئەوسەری سوورێکی کاڵ، بۆ هەریەکێکیش لەو جوزئیاتانەی شێوەی ڕەنگی سوور بیرۆکەیەکی سەربەخۆی خۆی دەبێت هاو-بەرامبەری بووەستێتەوە. ئەگەر وانەبێت چۆن دەتوانین شێوەی تۆخ و کاڵی ڕەنگێکی وەکو ڕەنگی سوور لە یەکدی جودا بکەینەوە، ئەگەر هەر جوزئە ڕەنگێکی سوور بیرۆکەیەکی سەربەخۆیمان لە بارەی خۆیەوە پێنەداینایە ئەو کاتە دەمانتوانی جوزئیاتی ڕەنگی سوور لەم سەری تۆخیەوە تا ئەوسەری کاڵی ڕابکێشین و پاشانیش نەوەستین تا ئەوسەری هەموو ڕەنگەکانی تریش. ئێستا کە ناتوانین ئەمە بکەین بە هۆکاری ئەوەیە کە جوزئیاتەکانی ڕەنگی سوور هەریەکەیان لە سەربەخۆی خۆیاندا بیرۆکەیەکمان لەبارەی خۆیانەوە پێدەناسێنن بەڵام لە شوێنێکدا ئەمە دەوەستێت و بیرۆکەی ڕەنگێکی تر دێتە ئاراوە. گریمان کەسێکمان هەیە تا تەمەنی بیست ساڵی توانیویەتی ئەزموونی بینین بکات، لەم سی ساڵەشدا توانیویەتی ئاشنایەتیەکی تەواو شارەزایانە لەگەڵ هەموو ڕەنگەکاندا پەیدا بکات، تەنها یەک جوزئیاتی ڕەنگی شین نەبێت کە بە هەرهۆکارێک بێت نەیتوانیوە ئەزموونی بینینی بکات. ئێستا ئەگەر هەموو جوزئیاتەکانی ڕەنگی شین بهێنینە پێش ئەم کەسە تەنها ئەو جوزئەیان نەبێت کە ئەو لێی بێبەشە، لە تۆخەوە بۆ کاڵ، ئاشکرایە کە ئەو دەتوانێت هەموو جوزئیاتەکان ببینێت تەنها شوێنی ئەو جوزئەی بە بەتاڵی بۆ دەمێنێتەوە کە لە بینینی بێبەش بووە، بەمەش بۆشاییەک لە شوێنی ئەو جوزئە نەبینراوە درووست دەبێت. ئێستا من دەپرسم، ئایا ئەم کەسە دەتوانێت تەنها لە ڕێگەی ئەندێشەیەوە بیرۆکەیەک بۆ ئەو جوزئە بدۆزێتەوە کە شوێنەکەی چۆڵە بە بێ ئەوەی شێوەکە ڕاستەوخۆ بەر هەستی بینینی کەوتبێت؟ پێموایە کەمێک نەبێت هەموو ئەوانی تر پێیان وادەبێت کە بەڵێ دەتوانێت وەها کارێک بکات؛ دەتوانین ئەمەش بکەین بە بەڵگەیەک تا لە ڕێگەیەوە بڵێین؛ بیرۆکە سادەکان هەمیشە و لە هەموو کاتەکاندا هەڵهێنجراوی شێوەیەکی هاو-بەرامبەر نین، هەرچەندە دۆخی ئەم نموونەیەی کە هێنامانەوە ئەوەندە نامۆ و موجەڕەدە کە دەکرێت بە لەسەر نەواستانیشی هیچ کاریگەرییەکی شایەن لەسەر گوزارەکەی پێشوومان درووست نەبێت.
بێجگە لەم نموونە شازەی کە هێنامانەوە، پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی تریش بکەین کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە مایەی سنوردارکردنی گووزارەی موفەزەڵی شیوەکان پێش بیرۆکەکان. چوونکە هەموو یەکێک لە بیرۆکەکان لە کۆتایدا دەبنەوە وێنەیەک بۆ شێوەیەک، بەم هۆیەوە دەتوانین بیرۆکەی دووەمینمان لەسەر هەمان ئەو وێنە سەرەتاییە بۆ درووست ببێتەوە و وەهەروەها بەم شێوەیە وێنەکان بەدوای یەکدا بێن. هەرچەندە ئەمە نابێتە مایەی ئەوەی بڵێین دژایەتییەک بۆ گووزارەکەمان هاتۆتە پێش، بەڵکو تەنها ئەوەندەیە ڕوونکردنەوەیەکی گووزارەکەمان خستۆتە ڕوو. کەواتە لە دوایدا دەڵێین؛ بیرۆکەکان لە توانایاندا هەیە وێنەی خۆیان لە بیرۆکەی تازەتردا بەرهەم بهێنن، بەڵام چوونکە هەموو بیرۆکە سەرەتاییەکان هەڵهێنجراو و هاو-بەرامبەری تەنها شێوەیەکن، کەواتە گووزارەکەمان بە سەلمێندراوی دەمێنێتەوە و دەتوانین بە جەخت لەسەر کردنەوەوە بڵێین هەموو بیرۆکە سادەکانمان لێکەوتەی ڕاستەوخۆی شێوەیەکی سادەن.
 
ئەمە دەبێتە یەکەمین ڕێسا کە من لە بارەی سروشتی مرۆڤەوە زانستیانە دایدەمەزرێنم، هەرچەندە وادەردەکەوێت زۆر سەرەتایی و ساکار بێت بەڵام نابێت بەهۆی ساکاریەکەیەوە پشتگوێ بخرێت. لەبەرئەوەی لە کۆی ئەو پرس و گفتوگۆیەی لە سەردەمەکەماندا لەبارەی ئەولەویەتی شێوەکان یاخود بیرۆکەکانەوە هاتوونەتە ئاراوە، ئاڵۆسکاوی و دەنگەدەنگێکی زۆر تێکەڵ و پێکەڵ لە نێوان چەمکە بەکار هاتووەکانماندا درووست بووە، لە ئەنجامدا جۆرەها بۆچوون لە ئاراستەی جودا بەیەکدا هاتوونەتە ئاراوە، هەندێک پێیان وایە بیرۆکەکان خۆیان زگماکن و لە ئەزەلەوە لە ئێمەدا بوونیان هەیە هەندێکیش هۆکاری هەبوونی بیرۆکەکان دەگێڕنەوە بۆ لە پێشدا هەبوونی هەستەوەرەکانمان و توانای سەرنجدانمان. زۆرینەی فەیلەسوفان کاتێک دەیانەوێت وەکو ڕاستییەک ئەوە بسەلمێنن کە بیرۆکەی ڕەنگەکان ناکرێت زگماک و ناوەکی بن دەچن نموونە لەسەر هەستەوەرەکانمان دەهێننەوە و سەرنجمان بۆ دەزگا ئەزموونیەکان ڕادەکێشن کە بەبێ هەبوونی ئەوان ناکرێت هیچ جۆرە بیرۆکەیەکمان لە بارەی ڕەنگەکانەوە بۆ درووست ببێت. کاتێکیش دەیانەوێت لەسەر نازگماکی هەست و سۆزەکان بەڵگە بهێننەوە باری سەرنج دەخەنە سەر ئەو پاشخانە ناوەکیەی کە تەنهاو تەنها لە ڕێگەی ئەزموون کردنەوە هەست و سۆزی لای ئێمە گەڵاڵە کردووە. کاتیک ئێمە خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ هەرکام لەو ئارگومێنتانەی ئەوان دەکەین دەبینین هیچ بەشێکی بابەتەکەیان بە ڕوونی بۆ یەکلایی نەکردووینەتەوە، تەنها گووتویانە کە هۆکاری درووست بوونی بیرۆکەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیبردنە حەیەویانەی کە دەبنە مایەی هەڵهێنجان و نیشاندانی ئاگاهییەک. هیوادارم ڕوونکردنەوەکانی من لەم بابەتەدا زۆر ئەولاتر کشا بێتن و هەموو ئەو ناتێگەیشتنانەی تا ئەندازەی یەکلا کردنەوەی بابەتەکە ڕەواندبێتەوە و پێناسە کارییەکی هۆشمەندانە و هێمنانەی بۆ چەمکەکان کردبێت و پارێزی لەو تەێکەڵ کارییە کردبێت کە هەتا ئێستا لەم بابەتەدا کراوە.
 
 

سەرچاوە:

A Treatise of Human Nature Volume 1 by David Hume




وتوێژێکی نێوان ئەلبێرت ئاینشتاین و ڕابیندراناس تاگۆر

وتوێژێکی نێوان ئەلبێرت ئاینشتاین و ڕابیندراناس تاگۆر، ئەم وتوێژە لە ساڵی ١٩٣٠ لە بەرلین ڕوویداوە، ئەو کاتەی کە ئاینشتاین لە ماڵەکەی خۆیدا میوانداری تاگۆر دەکات.
وەرگێڕانی: ڕەوا هەژار
 

ئانیشتاین و ڕابیندراناس تاگۆر، ساڵی ١٩٣٠

 
ئاینشتاین: تۆ بڕوات بەو پیرۆزیە (خودایە) هەیە کە لە دەرەوەی گێتییە ؟
تاگۆر: لە دەرەوەی گێتی نا. ئەوەی کە وادەکات گەردوون ماک و کرۆکێکی هەبێت فرە پێچیدەیی ئینسانە. ناکرێت هیچ شتێکی تر لە گەردووندا بوونی هەبێت و لەگەڵ سروشتی فامیدەیی ئینساندا هاوپۆل نەکرێتەوە، ئەمەش وادەکات کە بە سەلمێندراوی بڵێم هەموو ڕاستییەکی گەردوونی دەبێت هاوپۆلی ڕاستییەکی ئینسانی بێت.
ئەوەی لە زانستەوە بە من گەیشتۆتەوە ئەوەیە کە ماددە لە پرۆتۆن و ئەلکترۆن پێک هاتووە، وە لە نێوانی ئەم دوانەشدا بۆشایی هەیە، کەچی لە هەمان کاتدا ماددە وا دەردەکەوێت کە لە دۆخێکی ڕەقدا بێت و ناوپڕ بێت. بە هەمان شێوە مرۆڤایەتی لە چەند تاکێک پێک هاتووە، ئەم تاکەنەش پەیوەندییەکی مرۆیی پێکەوەیان دەبەستێتەوە کە لە دواجاردا ناوەڕۆکێکی ئینسانی پێ دروست دەبێت. هەموو گەردونیش بەهەمان شێوە بە ئێمەوە بەستراوەتەوە تا وادەکات بڵێین ئەوەی کە هەیە گەردونێکی ئینسانییە. من هەوڵمداوە لە ڕێگەی هونەر و ئەدەب و ئیحساسی دینیەوە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بکەم.
ئاینشتاین: دوو تێگەیشتنی جیاواز هەن سەبارەت بە پێکهاتەی سروشتی گەردوون. یەکەمیان ئەوەیە کە دەڵێت گەردوون وەکو یەکینەیەک بەستراوەتەوە بە ئینسانەوە. دووهەمیشیان دەڵێت: گەردوون وەکو ڕیالیزمێک لێرەیە و سەربەخۆیە و نە بەستراوەتەوە بە فاکترە ئینسانیەکەوە.
تاگور: ئەو کاتەی گەردوون لەگەڵ ئینساندا دەکەوێتە هارمۆنیاوە، نەمرییەک درووست دەبێت، ئێمە ئەو نەمرییە بە ڕاستی دەزانین و جوانییەکانی هەست پێدەکەین.
ئاینشتاین: ئەم تێگەیشتنە، دەکەوێتە خانەی تێگەیشتنی یەکەمیانەوە.
تاگۆر: نابێت تێگەیشتنێکی لەمە زیاتر بوونی هەبێت. ئەم گەردوونە گەردوونێکی ئینسانییە، تێگەیشتنە زانستییەکەش دووبارە تێگەیشتنێکی ئینسانی زانستییە. هەندێک ستاندەردی بیرکردنەوە هەن کە زیاتر بۆ ڕابواردن و چێژ بردنن ئەم بیرکردنەوانەش ڕاستییەک درووست دەکەن، لەملاشەوە ستاندەردی نەمری ئینسانیش هەیە کە ئێمە بە بەردەوامی ئەمەیان ئەزموون دەکەین.
ئاینشتاین: ئەمە پەیبردنێکی گشتییە بە ئاگاهی ئینسان وەکو قەوارەیەک.
تاگور: بەڵێ، وەکو یەک قەوارەی نەمر. پەیبردنێکە لە ڕێگەی هەستەکان و چالاکیەکانمانەوە. ئێمە پەییمان بە مەزنی ئینسان بردووە کاتێک کە هەست دەکەین ئەو لە تاکێتی خۆیدا هیچ سنورێک ناناسێت، وە بەهۆی ئێمەشەوە سنوردار نابێت. زانست گرنگی بەو لایەنانە دەدات کە کەوتونەتە دەرەوەی هەستی تاکەکەسی، ڕاستییە زانستییەکان هەموویان ڕاستی ناکەسێتی ئینسانن. دین پەی بەم ڕاستیانە دەبات و دەیبەستێتەوە بە ویستە قووڵەکانی ناوەوەمان، بەم هۆیەوە ئاگاهی کەسێتی ئێمە بایەخێکی گەردوونی پەیدا دەکات. دین بەهاکان دەبەستێتەوە بە ڕاستیەکانەوە، ئەم ڕاستیانەش زوو دەناسینەوە بەهۆی ئەو هارمۆنیایەی کە بۆمان درووست دەبێت لە گەڵیاندا کاتێک کە بەریان دەکەوین.
ئاینشتاین: کەواتە ڕاستیەکان، یان جوانیەکان سەربەخۆ نین و لە دەرەوەی ئینسان بونیان نییە ؟
تاگور: نەخێر.
ئاینشتاین: ئەگەر ئینسان نەمێنێت، چیدی پەیکەرەکەی ئەپۆلۆ ناتوانێت جوان بێت؟
تاگور: نەخێر ناتوانێت.
ئاینشتاین: لەگەڵ ئەم تێگەیشتنەدام بۆ چەمکی جوانی، بەڵام بۆ ڕاستیەکان لە گەڵتدا نیم.
تاگور: بۆ نا؟ ڕاستیەکان لە ڕێگەی ئینسانەوە پەییان پێ دەبرێت. ئاینشتاین: ناتوانم بڵێم تێگەیشتنەکەم ڕاستە و بۆچوونەکەمت بۆ دەسەلمێنم، ئیدی ئەو بڕوایەش دینەکەی منە.
تاگور: جوانی ئەو نمونە بێخەوشە ئایدیاڵەیە کە لەگەڵ بوونە گەردونیەکەدا لە هارمۆنیای تەواودایە، ڕاستیەکانیش ئەو پەیبردنە نموونەییانەن لە ئاگاهی گەردوون. ئێمە لە تاکییەتی خۆماندا لە ڕێگەی هەڵەکانمانەوە بە ڕاستیەکان دەگەین، لە ڕێگەی کەڵەکە کردنی زانیارییەوە پێی دەگەین، لە ڕێگەی ئەو نوورەی کە لە ئاگاهیماندا هەیە ڕاستیەکانمان بۆ کەشف دەبێت، ئەگەر وا نەبێت چۆن دەتوانین بگەینە ڕاستیەکان؟
ئاینشتاین: من ناتوانم لە ڕێگەی زانستەوە ئەوە بسەلمێنم کە ڕاستییەکان هەموو کاتێک دەتوانن ڕاستی بن ئیدی ئەگەر ئینسان لەوێ بێت بۆ ئەزموون کردنیان یاخود نا، بەڵام زۆر بڕوام پێیەتی. بۆ نمونە بڕوام بە تیۆریەکەی فیساغۆرس هەیە کاتێک لە بارەی جیۆمێتریەوە دەدوێت، ڕاستیش دەکات، ئیدی جیۆمێتری لە دەرەوەی ئینسانیش هەر بەڕاست دەزانم. بەهەرحاڵ، ئەگەر ڕیالیزمێکی سەربەخۆ لەدەرەوەی ئینسان بوونی هەبێت کەواتە دەبێت ڕاستیەکان بۆ ئەو ڕیالیزمە نیسبی بن، وە نکۆڵی کردن لە هەبوونی یەکێک لەو ڕاستیانە وەکو نکۆڵی کردنە لە نیسبییەتی هەبوونی هەموو ڕاستیەکانی تر.
تاگور: ڕاستیەکان و وجودیەتی گەردوون هەمان شتن، ئینسان ئەو وجودیەتەیە، ئەگەر وا نەبێت هەموو ئەوەی کە ئێمە لە تاکەکەسی خۆماندا بە ڕاستیەکانیان دەزانین هەرگیز ناتوانرێت پێیان بگوترێت ڕاستییەکان، مەبەستم ئەو بیرکردنەوە زانستییەیە کە بە پشت بەستن بە لۆجیک ئەنجامگیری دەکات. بە واتایەکی ترئێمە کە ئەندامی بریکردنەوەکەین، ئینسانین. لە ڕوانگەی فەلسەفەی هیندییەوە، دۆخێک هەیە کە دۆخێکی براهمانییە، کە بریتییە لە ڕاستی ڕەها، ئەمەش ڕاستییەکە ناتوانین لە تاکەکەەسی خۆماندا درکی پێبکەین، تەنها کاتێک دەتوانین پەی پێببەین کە لەناو خۆماندا تێکەڵی بکەین و ناکۆتایی بدەینێ. بەڵام زانست ناتوانێت ئەم ڕاستیەی هەبێت. ئەو ڕاستیەی کە ئێمە ئێستا باسی دەکەین فۆرمێکی هەیە، واتە ئەو فۆرمەی کە وەکو ڕاستی خۆی بە ئەندێشەی ئینسان دەناسینێت، بۆیە هەر دەبێت ئینسانی بێت، یان دەتوانرێت پیی بگوترێت (مایا) واتە فرویودەر.
ئاینشتاین: کە واتە بەم تێگەیشتنەی تۆ، کە دەکرێت هەر تێگەیشتنە هیندیەکە بێت، ئەم فریوە فریوێکی تاکە کەسی نییە بەڵکو فریوی هەموو ئینسانیەتە.
تاگور: ڕەگەزەکان هەموو لە دوایدا یەک یەکینەیان هەیە، ئەویش ئینسانیەتە. بۆیە هەموو ئاگاهی ئینسانیەکە بە کۆکراوەیی دەتوانێت بگاتە ڕاستیەکان؛ ئیدی ئەگەر ئەوروپی بێت یاخود هیندی هەر هەمان ئاگاهییە.
ئاینشتاین: ئێمە لە ئەڵمانیدا وشەی ڕەگەز بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەکار دەهێنین، لە ڕاستیدا بۆ بۆق و مەیمون و جانەوەرەکانی تریش هەر هەمان وشە بەکار دەهێنین.
تاگور: ئێمە لە زانستدا دەچین خۆمان دیسپلین دەکەین بە لابردنی هەموو سنورە تاکە کەسیەکانمان تا دەگەینە بینینی ڕاستیەک کە لە ئینسانێکی یونیڤێرساڵەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئاینشتاین: کێشەکە ئەوەیە داخۆ ڕاستیەکان لە سەربەخۆی خۆیاندا هەن یان پەیوەستن بە ئاگاهی ئێمەوە؟
تاگور: ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین ڕاستیەکان کەوتۆتە نێوان هارمۆنیای ئەو هۆشیاریەوە کە دیوێکی سەبجێکتیڤ و دیوەکەی تریشی ئۆبجێکتیڤی لێرە بوونمانە، هەردوو لایەنەکەش دەگەڕێنەوە بۆ ئینسانی باڵا.
ئاینشتاین: دەبینیت لە ژیانی ڕۆژانەشماندا ناچارییەک دامان دەگرێت کە وا هەست بکەین ڕیالیزمێکی سەربەخۆ هەیە لە دەرەوەی کاریگەری ئێمە. ئەم ناچاریەمان بۆیە بۆ دروست دەبێت تا لە ڕیگەیەوە بتوانین لێکدانەوەی هەموو ئەو ڕەهەندانە بکەین کە لە ڕێگەی هەستەکانمانەوە ئەزموونمان کردوون. بۆ نموونە ئەگەر هیچ کەسێک لەم خانووەدا نەمێنێت، ئەوا ئەم مێزە هەر لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە.
تاگور: بەڵی مێزەکە لە دەرەوەی هۆشی تاکە کەسەکە هەر لە بووندا دەبێت، بەڵام لەدەرەوەی ئاگاهییە گەردونیەکە نابێت.ئەو مێزەی کە ئێستا من درک بە هەبوونی دەکەم تەنها دەتوانێت لە ناو ئەو ئاگاهییەدا خۆی بدرکێنێت کە من خاوەنیم.
ئاینشتاین: ئەگەر کەس لە ناو خانووەکەدا نەبێت مێزەکە هەر لە بووندا دەمێنێت- بەڵام ئەمە لە ڕوانگەی تۆوە ڕێ پێدراو نییە- چونکە ناتوانین لەوە تێبگەین کە هەبوونی مێزەکە بە بێ هەبوونی ئێمە چ مانایەکی دەبێت.
ئەو ڕوانگە سروشتیەی کە لە بارەی ڕاستیەکانی دەرەوەی ئینسانیەتمان بۆمان درووست بووە نە دەتوارێت لێکبدرێنەوە و نە دەشتواندرێت بسەلمێندرێن، بەڵام ئەمە وەکو باوەڕ هەمیشە لەگەڵماندا دەمێنێتەوە بە شێوەیەک کە هیچ جانەورێکی تەنانەت سەرەتاییش ناتوانێت خۆیی لێ لابدات. ئێمە سیفەتی باڵا بە ڕاستیەکان دەبەخشین و دەیانکەینە مرۆڤی مەزن (یان هەر شتێکی تر)، تەنها لەبەر ئەوەی ناتوانین لەو هەستەی خۆمان لا بدەین کە ڕاستی لە دەرەوەی تێگەیشتن و ئەزموون و وجوودیەتی ئێمە بوونێکی سەربەخۆی هەیە، ئەمە دەکەین و ناشزانین مانای چییە.
تاگور: زانست سەلماندویەتی کە مێزەکە وەکو تەنێکی ڕەق شکڵێکی مەوجودی هەیە، وە هەروەها ئەوەی کە ئێستا وەکو مێز لەبەرچاوماندایە چیدی نابێت ئەگەر ئێمە بۆ بینینی لێرە نەبین. لە هەمان کاتدا دەبێت دان بەوەشدا بنێین، ئەو ڕیالیزمە جسمانییەی کە هەیە هیچ نییە جگە لە چەند ناوەندێکی دووبارە بووەوەی کارەبایی، کە ئەمەش هەر هۆشداری مرۆڤە.
لە درک کردنی ڕاستیەکاندا دژیەکیەکی ناکۆتا لە نێوان ئاگاهی گەردوونی ئینسانی و ئاگاهی تاکە کەسیدا درووست دەبێت. زانست دەیەوێت پێکهاتن لە نێوان ئەم دوو جاویدانیەدا درووست بکات، فەلسەفە و ڕەوشتیش بە هەمان شێوە. بە هەربارێکدا بێت ئەگەر ڕاستییەکی سەربەخۆ هەبێت و بە تەواوی لەدەرەوەی ئێمە بێت، ئەوا بە هەموو مانایەک ئەو ڕاستیە لە دەرەوەی ئاگاداری ئێمەیە و ناتوانین هیچئ لە بارەوە بزانین.
بەڵام کارێکی ئەوەندە ئەستەم نییە تا نەتوانین لە ڕێگەی تەسەورمانەوە نمونەی زنجیرە ڕووداوێک بۆ خۆمان بهێنینەوە کە تەنها لە کاتتدا ڕوو بدەن و لە شوێندا ڕوو نەدەن، وەکو زنجیرەیەک نۆتی مۆسیقی. بۆ ئەندێشەیەک کە بەو جۆرە تەسەورەکانی دێنێتەوە، تیگەیشتنەکەشی سەر بە ڕیالیزمی ناو نمونەکەی دەبێت، لێرەدا تیۆریەکەی فیساغۆرس کە تەنها دەتوانێت لە جیۆمێتری شوێن بدوێت هیچ مانایەکی نامێنێت. ڕیالیزمێک هەیە کە ڕیالیزمی کاغەزە، ئەو ڕیالیزمە ناکۆتا لە جیاوازیدایە لەگەڵ ڕیالیزمی ئەدەب. لە تێگەیشتنی مۆرانەیەکدا کە دەچێت کاغەزەکە دەخوات ڕیالیزمی ئەو ئەدەبیاتەی کە لەسەری نوسراوە بە هیچ جۆرێک بوونی نییە، لە کاتێکدا لە تێگەیشتنی ئینساندا ئەدەبیاتەکە بارەها بەهای ڕاستی لەخۆ گرتووە بە بەراورد بە کاغەزەکە. بە هەمان شێوە ئەگەر ڕاستیەک هەبێت و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕیالیزمی هۆشیاری مرۆڤەوە نەبێت ئەوە بۆ ئەبەد وەکو هیچیەتییەک بە ئێمەی مرۆڤ دەگاتەوە.
ئاینشتاین: کەواتە من لە تۆ دیندار ترم!
تاگور: دینی من لە هەوڵی گونجاندنی جاویدانی نێوان خۆیەتی-مەزن و ئینسانیەتی یونیڤێرساڵدایە، لە قەوارەی تاکە کەسی خۆمدا.
 



لە پەراوێزی کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆدا (١)

نوسین وئامادەکردنی: هاوار بەرزنجی

پێش دەستپێک
ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێنێتەوە، شەرحی کورت کورتی کتێبی فیزیکای ئەڕستۆیە؛ لە شەرحەکەدا بە پلەی یەک، مەدیونی د. عیرفانم؛ دەکرێت بڵێین کۆی نوسینەکە، بە یارمەتی ئەو نوسراوە، وە ئەگەر ئەو نەبوایە، ئەم نوسینەش بوونی نەدەبوو؛ ئەمە تێرامانە لە فیزیکا لە ئاوێنەوە.

ئەڕستۆ، ٣٨٤ی پ.ز – ٣٢٢ی پ.ز

فیزیکا وەکو کتێبێک، مەرجەعێک کە هەتا ئێستاش شایەنی ئەوەیە بۆی بگەڕێینەوە و دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکەین. کتێبێک کە هەتا سەردەمی گالیلیۆ (١٥٦٤-١٦٤٢) بەسەر بیرکردنەوەی ڕۆژئاوادا زاڵە. فیزیکا جیاوازە لەو فیزیکەی دونیای مۆدێرن پێی ئاشنایە، واتە فیزیکا شەرحی سروشتە بە مێتافیزیک؛ فیزیکە بە چاوی ئەڕستۆی گریگی؛ فیزیکی مۆدێرن مامەڵە لەگەڵ هیولادا دەکات، هۆکارەکانی تر بۆ ئەو مایەی بایەخ پێدان نین. هێندە بەسە ئەو قەولەی هایدگەر بهێنینەوە کە دەڵێت، فیزیای ئەڕستۆیی جیاوازە لەو زانستە فیزیایەی کە ئەمڕۆ ئێمە پێی ئاشناین، لەبەر ئەو حەقیقەتەی کە فیزیای ئەڕستۆ فەلسەفەیە، لێ فیزیای مۆدێرن زانستێکی تاقیکارییە و فەلسەفەیەک دەکاتە پێشگریمانەی خۆی (Martin Heidegger, The Principle of Reason, trans. Reginald Lilly, 63).

ئەڕستۆ سێ پۆلبەندی بۆ مەعریفە دەکات، بە دیدی ئەو، شتەکان یان جووڵەدارن، یان بێجووڵەن؛ وە یان جیابووەن (دابڕاو-مفارق)، یان جیانەبووەن (دانەبڕاو-غیر مفارق).

مەعریفە بە شتە جووڵەدار و جیانەبووەکان بریتییە لە فیزیک؛

مەعریفە بە شتە بێجووڵە و جیابووەکان بریتییە لە ماتماتیک؛

شتە بێجووڵە و جیانەبووەکانیش مێتافیزیک (بڕوانە: ارسطو، در آسمان، ترجمە: اسماعیل سعادت ص١١).

ئەوەی لێرەدا دەبێتە پرسیار ئەوەیە کە ئەڕستۆ شتە بێجووڵەکان بە فیزیک دانانێت، واتە دەکرێت بڵێین ئەو شتی ڕەقی (جامد) پێ فیزیک نییە؛ واتە تۆ بڵێیت ئەو جگە لە شلە و هەوا، ڕەقی پێ بابەتێک نەبووبێت بۆ فیزیک؟! یان بڵیین نا، لەو ڕووەوە کە شتی ڕەقیش لە پێکهاتوویدا عالەمێکی پڕ لە جووڵە و هەرگیز نەوەستاوە، بۆیە ڕەقیشی هەر پێ جووڵە دار بووە. ئەم شتە لە فیزیای کوانتەمی بە تەواوی سەلمێندراوە، لە پشتی پەردەوە، عالەمێک هەیە سەراپا جووڵەیەکی ئەزەلی هەیە و هەرگیز ناوەستێت.

فیزیکا

کتێبی 1

§1

یەکەمین پەڕەی کتێبی فیزیکا، چاپی ئۆکسفۆرد، ١٨٣٧

بە دیدی ئەڕستۆ، لە هەر توێژینەوەیەکی زانستیدا، بۆ ناسینی هەر ئۆبژەیەک (object)، دەبێت مەعریفەمان سەبارەت بە سێ شت هەبیت:

بنەماکان (principles)، هۆکارەکان (causes)، توخمەکان (elements).

لە سەرەتای پەرەگرافەکەدا، ئەڕستۆ هەرسێکیان پێکەوە دەهێنێت؛ لێ، چەند دێڕێک دوای ئەوە، بنەماکان و هۆکارەکان لەگەڵ یەک و توخمەکانیش بەجیا لەو دووانە باس دەکات. ئەو دەڵێت، ئێمە کاتێک پێمان وایە بابەتێک دەناسین، کە لەگەڵ هۆ یەکەمینەکان و بنەما یەکەمینەکاندا شوناسمان پەیداکردبێت و، وە تەحلیلمان هەتا سادەترین توخمەکان بردبێت (Physics 1.1, 184a10-184a12). لێرەدا دوو پرسیار دێتە ئاراوە کە شایەنی هەڵوەستە لەسەر کردنە، باشە ئەگەر لەو دووانەوە بگەین بە توخمەکان، دەکرێت بڵێین کە ئەو دووانە هۆن و توخمەکانیش دەرەنجام؟ یان ئایا لەو دووانەوە دەتوانین بگەینە توخمەکان؟

بەڵام ئەم سەفەرە دەبێت چۆن و لە کوێوە دەست پێ بکات؟! لای ئەڕستۆ ئەم سەفەرە دەبێت لەو شتانەوە دەست پێ بکات کە قابیلی ناسینن (knowable) و ڕوونن، بۆ ئەو شتانەی کە بەسروشت ناسراوتر و ڕوونترن. چونکە، ئەوەی بۆ ئێمە مایەی ناسینە (ڕەنگە بەسروشت وا نەبێت)، ئەو شتە نییە کە بەڕەهایی وە لە خۆیدا مایەی ناسینە (Physics 1.1, 184a17-184a21). ئەمە کێشەیەکی گەورەی ئەپیستمۆلۆژیایە و ئێمە لێرەدا لەسەری ناوەستین.

باشە چ شتێک بۆ ئێمە مایەی ناسین و ڕوونترە؟! وەڵامی ئەڕستۆ شتە تێکەڵەکانن. هەربۆیە ئەو سەفەرە دەبێت لە گشتەوە (whole) بۆ بەش (part) بێت. چونکە گشت ئەم ئەدگارانەی تێدایە:

  1. بۆ ئیدراکی هەستەکی ناسراوە، بە پێچەوانەی بەشەوە، کە زیاتر بۆ عەقڵ مایەی ناسینە.
  2. گشت، بەشی لەخۆیدا هەڵگرتووە.

ئەو پێی وایە کە دەکرێت ناو و پێناسە، وەکو مەسەلەی گشت و بەش چاو لێبکەین. وە بۆ ڕوونکردنەوی ئەم بابەتە، نموونەی بازنە دەهێنێتەوە، بازنە بەشێوەیەکی ناڕوون دەلالەتە لە گشت، لەکاتێکدا پێناسەکردن بازنە دەبەستێتەوە بە بەشەکانیەوە.

ئێستا با بێینە سەر ناسینی هەریەکە لەو سیانە:

 

یەکەم: هۆکارەکان

هۆکار ئەو شتەیە کە دەبێتە هۆی هێنانەدی شتێک (شت وەکو ئەنجام)؛ هۆ و ئەنجام(Causality) مەسەلەیەکی گرنگی ناو مێتافیزیکە و، لە ئەڕستۆوە بۆ هیوم و هیگڵ درێژدەبێتەوە. زانست بە هۆکارەکان لە زانست بە ئەنجامەکان گرنگتر و لەپێشترە. چونکە تۆ لێرەدا لەگەڵ هۆکارەکاندا دەرگیریت کە دەبنە هۆی هێنانەدی شتێک. واتە تۆ هەتا هۆکارەکانی نەشونماکردنی ڕووەک نەناسیت، ڕووەکیشت بە تەواوی نەناسیوە.

بابەتی هۆکارێتی هەروا سادە نییە و لە مێتافیزیکادا جەدەلی زۆری لەسەرە. بە گوزەشتکردن لە ئەڕستۆ، هیوم لەو باوەڕەدایە کە ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان نییە بۆ هۆ و ئەنجام؛ ئەوەی کە هەمیشە دەبینین خۆر لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت، ئەوەیە کە خومان پێوە گرتووە، بەوەی کە هەمیشە دەبێت لەوێوە دەرکەوێت، هیچ کەس ناتوانێت دڵنیابێت لەوە کە سبەینێش هەر لەوێوە هەڵدێتەوە، ئەوەی هەیە تەنها ئینتیباعە (impressions) و بەس. بەڵگەی هیوم بۆ ڕەدکردنەوەی هۆ و بەرهۆ لەوەدا چڕدەبێتەوە کە، ئەگەر هۆ و ئەنجام دوو ڕووداوی جیاواز بن، ئەوا، هیچ پەیوەندییەک لەنێوانیاندا نییە. ژەهر و مردن؛ مشار و دار؛ ئاگر و دار؛ دوو شتی جیان لە یەکتر، کەواتە نابنە هۆ و ئەنجامی یەکتر؛ ئەگەر بڵێین یەک شتن، دیسانەوە هۆ و ئەنجامێک بوونی نابێت. (هۆكاره‌كان لای ئه‌رستۆ ئه‌وانه‌ن كه‌ هه‌بوویه‌ك لێیانه‌وه‌ دێته‌ بوون. واته‌ هۆكاره‌كان هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ كارتێكردن و كارتێكرانه‌وه‌ نییه‌، كارتێكردن و كارتێكران له‌ كرده‌دا هه‌یه‌ نه‌ك له‌ هاتنه‌بووندا. دار به‌ ئاگر ده‌سوتێت. ئاگر كارتێكه‌ره‌و دار كارتێكراوه‌ لێره‌دا هیچ شتێك نه‌هاتووه‌ته‌ بوون به‌ڵام چوار هۆكاره‌كه‌ی ئه‌رستۆ ئه‌وانه‌ن كه‌ شتێكییان لێدێته‌بوون. بۆیه‌ لێكدانه‌وه‌ هۆكاره‌ ئه‌رستۆییه‌كان كه‌ به‌ كارتێكه‌رو كارتێكراو هه‌ڵه‌یه‌. زیادکراوی د. عیرفان مستەفا).

هیگڵ، وەکو ترۆپکی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی، لە فەلسەفەکەی خۆیدا، هۆکارێتی خۆی دەگۆڕێتەوە بە سێکوچکەی دایەلێکتیک (تێز، ئەنتی-تێز، سێنتێز). من لە نامەیەکدا کە بۆ گەورە هیگڵناسی ئێڕانم نارد (د. محمد مهدی اردبیلی)، تێیدا پرسیارم سەبارەت بەم مەسەلەی لێکرد، ئەویش لە وەڵامدا نوسیبووی، هیگڵ دەیەوێت لەڕێی دایەلێکتیکەوە لەو یارییە کۆنەی “مشک و پشیلە”ی هۆکارێتی دەرباز ببێت. دایەلێکتیک لای ئەو، مۆنۆلۆگە و تێز بۆ ئەوەی دەست بکات بە جووڵە و گەشە، لەناو خۆیدا دژەکەشی هەڵگرتووە.

بەڕای من، کێشەی گەورەی هۆکارێتی، کێشەی شوێن-کاتە، لەو شوێن و کاتەی هۆ بوونی هەیە، ئەنجام نییە و، لەو شوێن و کاتەش ئەنجام هەیە، هۆ دیار نییە.

زانست، بەتایبەت فیزیا، تایبەتتر کوانتەم میکانیک؛ وەکو تازەترین و، ترۆپکی زانست، پاڵپشتی لە هۆکارێتی ناکات و، دوا لێدانی خۆی دەدات لەو قانوونە سروشتیەی لەسەر هۆکارێتی بونیاد نراوە؛ بە گوێرەی پرەنسیپی نادڵنیایی هایزنبێرگ بێت، ئێمە هەرگیز ناتوانین شوێن و خێرای پارتیکڵ لە هەمانکاتدا بپێوین، خێرایی بدۆزینەوە، شوێن دەگۆڕێت، شوێن بدۆزینەوە، خێرایی دەگۆڕێت. ئەم بنەمایە وەکو بنەڕەتیترین بنەمای کوانتەم میکانیک، دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ ڕەهایی شوێن-کاتی فیزیای کلاسیک و، هۆکارێتی ڕەد دەکاتەوە، لە عالەمە کوانتەمییەکەدا، ئەگەری هەیە شتێک ڕووبدات، بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی هەبێت؛ لەو عالەمە حیرەتهێنەرەدا ئەوەی هەیە تەنها ئەگەرترین ئەگەرە.

هۆکارەکان لای ئەڕستۆ ئەمرێکی پێشینەن (a priori) بۆ بوونی هەرشتێک لێرەدا (res).  ئەو هۆکارەکان چوار بەشن؛ دوو دانەی یەکەمیان (ماتەریی و فۆرمیی) ئەزەلین و هەر هەبوون؛ ئەڕستۆ لە سەلماندی ئەوەی کە ماتەر هەر هەبووە پەیڕەی لە پارمەندیس دەکات کە پێی وایە لە هیچەوە هیچ بەرهەم دێت.

هۆکاری ماتەریی (hyle)

هۆکاری ماتەریی وەڵامگۆی ئەو پرسیارە کە پرسیار چەندێتی ئەو پێکاتووە دەکات. یەکەمین شت، بوونی ماددە سەرەتاییەکانە (لای هیراکلیتوس ئاگرە و، لای تاڵیس ئاو و، لای ئەناکسیمنس هەوا) وە ماتەر بوونێکی هێزەکییە(پۆتێشناڵ – بالقوە). ماتەر لە دروستکردنی بازنەدا، بوونی ئاڵتوونە کە پێویستە بۆ دروستکردنی بازنەکە. باشە ئەوە چییە وا دەکات بازنەیەکی ئاڵتون لەگەڵ بازنەیەکی برۆنزیدا کە هەمان فۆرمیان هەیە، بەڵام لێکجیا بن؟! وەڵامەکە هۆکاری ماتەرییە، ئەو دوو بازنەیە لە دوو ماتەری جیا دروست بوون. کە فۆرم یەک دەگرێت لەگەڵ ماتەردا، لە هەمەکییەوە دەبێته‌ هەندەکی و ڕەنگ و بۆنی ئەو ماتەرە وەردەگرێت (د. محەمەد کەمال، مێتافیزیکی ئەڕستۆ، ل٨٦).
هۆکاری فۆرمیی (morphe)

وەڵامگۆی چییەتی هەبووەکەیە؛ شێوەپێدانە بە ماددەکە. لای ئەڕەستۆ، هیولا (hyle) ماتەرێکی لە فۆرم بەدەرە، واتە فۆرمێکی سەربەخۆ یان سەرەتاییە (materia prima). فۆرم بوونێکە کردەکی (ئاکچواڵ – بالفعل)؛ لێ کاتێک ئەم فۆرمە دەرگیردەبێت لەگەڵ ماتەردا، دەبێت بە هیلۆمۆرفی (hyle-morphe)، لێرەدا فۆرم لە هەمەکییەوە دەبێتە هەندەکی و ماتەریش لە دوورەوە دەبێتە نزیک و دیاریکراو و، لایەنە ماتەرییەکەی دەیکات بە هەبووەیەکی نێو شوێنکات (res).

ئەم دوو هۆکارە، بەرپرسی ئەدگار و ڕەفتاری بوونن (entities)؛ ئێمە بۆ کردەی خەلقکردن بەلایەنی کەمەوە ئەو دوو هۆکارەمان دەوێت، ماتەر توانای وەرگرتنی فۆرمی هەیە، لێ ئەو دووانە خۆیان ناتوانن ئەم کارە بکەن! بۆ ئەوەی ئەم کردارە ڕوو بدات، پێویست بە بکەرێک دەکات. واتە ئەوەی کە لە پشتی ئەم دوو هۆکارەوە کار دەکات، بریتییە لە هۆکاری کارایی و هۆکاری ئارمانجی(Stanford encyclopedia of philosophy, Aristotle’s Natural philosophy, the four causes).

هۆکاری کارایی (efficient cause)

وەڵامگۆی پرسیاری کێ یە؛ واتە هۆکاری کارایی، بوونی بکەرێکە بۆ ئەوەی کارەکە ئەنجام بدات. ئاڵتوون وەکو ماتەر، کە فۆرم وەردەگرێت و دەبێتە بازنە، لێ خۆیان ناتوانن ئەم کارە بکەن، ئەوەی ئەم کردەیە ئەنجام دەدات، بوونی بکەرێکە.

 

هۆکاری ئارمانجی (final cause)

دوا ئارمانج، یان دەکرێت بپرسین ئەو مەبەستە چییە کە بازنەکەی بۆ دروستکراوە؟ ئێمە چ ئیشکێمان بە بازنەکە هەیە؟ واتە ئەگەر پێویستیی دروستکردنی بازنەکە نەبوایە، ئێمە بازنەکەمان دروست نەدەکرد.

دووەم: بنەماکان

بنەماکان کردەکە دروست ناکەن، بەڵکو کردەکە وا لێدەکات بەوجۆرە بێت؛ واتە بنەماکان جۆر دیاری دەکەن. بنەما وەکو پێوەر (معیار) کاردەکات، دەستنیشانی ئەو شتە دەکات (ناسنامەی ئەو شتە دیاری دەکات) کە وایە، یان وا نییە. بنەماکان یاسا گشتییەکانن، وە ڕێککەوتنین (ئیتیفاقین). نموونەی بنەما، وەکو مەتر، یاسا فیزیاییەکان و، چوار کردارەکان (+، -، x، ÷)، …هتد. خەسڵەتێکی گرنگری بنەماکان بریتییە لە مەحرومییەت (privation)، واتە پاش ئەوەی کە دەستنیشانی سیفاتێک دەکات بۆ شتێک، ئیتر ئەو شتە دادەماڵێت لە سیفاتی تر(Aristotle’s physics, Books I to IV, sparknotes.com).

باروخ سپینۆزا، وتەیەکی گرنگی هەیە کە دەڵێت (Omnis determinatio est negatio)  کە ئەگەر بکرێت بە کوردی وای لێدێت: “هەر دەستنیشانکردنێک نەفیکردنە”. تۆ کاتێک دەڵێیت ئەمە ئەڕستۆیە، ڕاستەوخۆ ئەڕستۆت نەفیکردووە لە بوون بە کەسی تر. منداڵ لە سەرەتادا وا دەزانێت هەر پیاوێکی بینی باوکییەتی و هەر ژنێکی بنین دایکییەتی، لێ دواتر هەریەکەیان لەوانی تر جیادەکاتەوە کە دایک و باوکی ئەو نین (Physics 1.1, 184a22-184b14). واتە کە دەستینیشانی دایک و باوکی خۆی کردەوە، ڕاستەوخۆ ئەوانی تر نەفی دەکات کە دایک و باوکی بن.

سێیەم: توخمەکان

لە شیکردنەوەی پێکهاتەیەکدا، دەگەینە توخمەکان، واتە بچووکترین یەکە توخمە. کە لێکیان دەدەین، ماددەی شتەکە دەهێننە ئاراوە، وە دەکەوێتە ناو هیولاوە (hyle) و، ڕوڵ دەبینێت لە فۆرمبەخشین بە هاتنە ئارای شتێک. پێکهاتە لە دوو توخم زیاترە، لێ ناپێکهاتە یەک توخم. توخمەکان پەیوەندی سەرەکییان لەگەڵ هۆکاری ماتەرییدا هەیە، چونکە هۆکاری ماتەریی بە پلەی یەک دەرگیرە لەگەڵ ماددەکان و پێکهاتووەکانیان. توخم بنەمای هیولایە و ئێمە کە باس لە توخم دەکەین، ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیولادا سەروکارمان هەیە.

بۆ نوسینی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراون:

-Physics, Aristotle, Translated by R. P. Hardie and R. K. Gaye

– Stanford encyclopedia of philosophy, Aristotle’s Natural philosophy

– Aristotle’s physics, Books I to IV, sparknotes.com

– کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆ، لێکچەری یەکەم، د. عیرفان موستەفا

– مێتافیزیکی ئەڕستۆ، د. محەمەد کەمال




ئاینشتاین چیمان پێ دەڵێت لەبارەی پەروەردەوە؟

پەروەردە لە پێناو بیرکردنەوەی سەربەخۆدا

 

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: محەمەد عوسمان

maxresdefault

ئەوە بەس نییە کە کەسێک بکەیتە پسپۆڕ لە بوارێکدا. لەو ڕێیەوە دەکرێت ببێتە ئامێرێکی بەسوود، بەڵام نابێتە کەسێکی خاوەن کەسایەتی ڕێکخراوو هاوسەنگ. زۆر پێویستە و تەنانەت جەوهەری پەروەردەش ئەوەیە کە تێگەشتنێک و هەستکردنێک بۆ خوێندکار دروست بکات بە بەهاکان. پێویستە خوێندکار هەستێکی زیندووی هەبێت بە جوانی و چاکەی مۆڕاڵی. بەبێ ئەمە –بە لێنانی ئەو مەعریفەو زانیارییە تایبەتەوە- زیاتر لە سەگێکی ڕاهێنراو دەچێت وەک لە مرۆڤێکی گەشەکردوو.  پێویستە فێرببێت بۆ ئەوەی لە پاڵنەرە مرۆیی و وەهمەکانی بەرچاویان و ئازارچەشتنەکانیان تێبگەن، تاوەکو پەیوەندییەکی لەبارترو گونجاوتر بەدەستبهێنن لەگەڵ دەوروبەرو کۆمەڵگەدا…

ئەم کەرەستە بەنرخانە، لەڕێگەی پەیوەندی ڕووبەڕووەوە دەگوازرێتەوە بۆ گەنجەکان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە فێرکارن، نەوەک لە ڕێگەی دەفتەرو کتێبەکانەوە. هەر ئەمەشە کولتوورەکان بونیاد دەنێت و پاریزگاریان لێ دەکات. ئەمەیە کە من مرۆڤایەتی پێ ڕا دەسپێرم و بە گرنگی لە قەڵەم دەدەم بۆ مرۆڤایەتی، نەوەک تەنها زانستێکی تایبەت لە بوارەکانی فەلسەفەو مێژوو.

جەختکردنەوە لەسەر سیستمی پێشبڕکێی و پسپۆڕی “پێنەگەشتوو” لە بوارێک، بە بەهانەی “سودمەندبوونی هەنووکەیی و خێرا” ئەو ڕۆحیەتە دەکوژێت کە ژیانی کولتووری لەسەری بەندە، بە مەعریفەی تایبەتی بوارەکانیشەوە.

یەکێک لە بنەماکانی هەر پەروەردەیەکەی بەنرخ تاوەکو بە زیندوێتی بمێنێتەوە؛ پەرەپێدانە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی سەربەخۆ لەلای گەنجان، پەرەپێدانێک کە تووشی مەترسی بکات، ئەویش بە ڕووبەڕووکردنەوەی خوێندکار لەگەڵ چەندین بابەتی جۆراجۆرو زۆردا. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەش وا دەکات کەسێکی قوڵ نەبێت لە تەنها بوارێکدا، بەڵکو ڕووکەشانە لەگەڵ هەموو بوارەکاندا بەرکەوتەی هەبێت. فێرکردن دەبێت وەها بیری لێ بکرێتەوە کە دیارییەکی بەنرخە، نەوەک ئەرکێکی گران.

 

 


سەرچاوە:

ئالبێرت ئاینشتاین، ئایدیاکان و بۆچوونەکان، ل ٦٦-٦٧




نهێنی ماتماتیکی (بەشی کۆتایی)

وەرگێڕانی لە ئنگلیزیەوە بە دەسکارییەوە: شێرکۆ ڕەشید قادر

بۆچی یاساکانی سروشت ماتماتیکین؟

هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر کەم لە زانایان هەڵوێستە لەسەر ئەو پرسە دەکەن کە بۆچی یاسا بنەڕەتییەکانی گەردون ماتماتیکین؟ وەڵامەکەی(لای ئەوان) ئەوەیە چونکە تەنها وەک هەقیقەتێک باوەڕیان پێیەتی و بەس. هەرچەندە ئەو هەقیقەتەی کە ئەگەر ماتماتیک بەسەر دونیای فیزیکیدا واری کرا زۆر باش کاردەکات، تەنانەت جوتبونەکە هێندە نایابە کە جێگەی سەرسوڕمانە، هەر بۆیەش ئەم هەقیقەتە پێویستی بە تەفسیر و لێکدانەوە هەیە. سەرباری ئەوەی کە زۆربەی زانایان وا دادەنێن کە پێویستە دونیا بەو جۆرە بێت کە ملکەچی یاساکانی ماتماتیکە، بەڵام مێژووی زانست لە دژ ئەمە ئاگادارمان دەکاتەوە، زۆر لایەنی ئەم دونیایەمان ئەنجامی هەلومەرجی تایبەتە. بۆ نمونە چەمکی زەمەنی ڕەهای گەردونی concept of absolute universal time نیوتن نمونەیەکی کلاسیکییە. ئەم وێنەیەی زەمەن لە ژیانی ڕۆژانەماندا بە باشی خزمەتمان دەکات، بەڵام دەرکەوتوە بۆیە وا بە باشی کاری خۆی دەکات چونکە ئێمە زۆر خاوتر لە ڕوناکی دەجوڵێین. تۆ بڵێی ماتماتیک لێرەدا بە باشی کاری خۆی کردبێت چونکە هەندێک هەلومەرجی تایبەت لە گۆڕێدا هەن؟

تەفسیرێک بۆ ئەم مەتەڵە ئەوەیە کە ” کاریگەری ناقۆڵای” ماتماتیک، ئەگەر پەنا بەرینە بەر ووشەکانی یوژین ویگنەر، وەک دیاردەیەکی کلتوری پوخت حساب بکەین، کە ئەمەش بۆ خۆی ئەنجامی ئەو ڕێچکەیەیە کە مرۆ هەڵیبژاردووە بۆ بیرکردنەوە لە هەمبەر دونیا. کانت ئاگادارمان دەکاتەوە، ئەگەر لە چاویلکەیەکی بە پەمەیی-ڕەنگکراوەوە لە دونیا بڕوانین، ئەوا سەیر نییە ئەگەر دونیا پەمەیی دەرکەوێ. لای کانت ئێمە چەمکە ماتماتیکییەکان لە مێشکمانەوە بۆ سروشت دەخوێنینەوە لە بری ئەوەی لە سروشتەوە بیخوێنینەوە. ئەم مشتومڕە هێزێک لەخۆدەگرێت. گومانی تێدا نییە کە زۆربەی زانایان زیاتر حەز دەکەن کە ماتماتیک بخەنەگەڕ بۆ خوێندنی سروشت و زیاتریش مەیلی ئەو پرسانە دەکەن کە بە ڕوی ماتماتیکدا کراوەن. ئەو بوارانەی سروشتیش کە هێشتا تەسلیم بە ماتماتیک نەبون( وەکو بایۆلۆژی و زانستی کۆمەڵ)گونجاون و چیتر یاخیبونەکەیان نەماوە. مەیلێک هەیە لەمەڕ ئەو خەسڵەتانەی جیهان کە دەچنە فۆرمی ماتماتیکیەوە بە ”بنەڕەتیەکان” وەسف دەکرێن. ئەو پرسەی کە دەڵێت” بۆچی یاساکانی سروشت ماتماتیکین؟ ” ئەو وەڵامە پوچەمان بۆ دێنێتە پێش کە دەڵێت: ”چونکە ئەو یاسایانەی کە ماتماتیکین بە یاسا بنەڕەتیەکان پێناسیان دەکەین.”

شتێکی ئاشکرایە کە بەشێکی تێڕامانی ئێمە بۆ گەردون پابەندە بە شێوازی بونیادی مێشکمانەوە. بە هۆی چەند هۆکارێکی هەڵبژاردنی سروشتییەوە کە بە زەحمەت دەتوانین دەرکی پێ بکەین، مێشکمان بە جۆرێک پەرەی سەندوە و گەشەی کردوە کە بتوانێت ئەو لایەنانەی سروشت بناسێتەوە و تەرکیزی بکاتە سەر کە کڵێشە و خەسڵەتی ماتماتیکی لەخۆدەگرن و نمایش دەکەن. دیارە مرۆ دەتوانێت کە مەخلوقێکی تر لەسەر هەسارەیەکی تر و بە فۆرمێکی تر تەسەوربکات کە ڕەوتی مێژوی پەرەسەندنی لەگەڵ هی ئێمەدا جیاوازبێت. ئەم مەخلوقانە لەوانەیە گەلێك شتیان وەک ئێمە نەبێت، وەکو بیرکردنەوە، یاخود حەز لەماتماتیک بکەن، پاشان دەشێت دونیا بە جۆرێک ببینن کە ئێمە هەرگیز نەتوانین لێی تێبگەین.

بەمجۆرە، ئەگەر بپرسین: ئایا سەرکەوتنی ماتماتیک لە زانستدا سەرکەوتنێکی شازە؟ ڕێکەوتێکی مێژوی پەرەسەندن و کۆمەلایەتییە؟ هەندێک لە زانایان و فەیلەسوفان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمە ڕاستە، بەڵام لێرەدا دەبێت دانی پێدابنێم کە ئەم بانگەشەیە لای من هەروا بە ئاسانی جێگای قەناعەت و ئەزمکردن نییە، ئەمەش لەبەر چەند هۆیەک: یەکەم، زۆربەی ئەو ماتماتیکەی ئاوەها لە تیۆری فیزیکیدا نایابانە کاریگەری خۆی هەیە بەرهەمی ڕاڤە و ڕاهێنانی ماتماتیکناسانی پوختن و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەر لەوەی کە لە بوارەکانی جیهانی واقیعیدا واری دەکرێن. لە بنەڕەتدا ئەم توێژینەوە ماتماتیکییانە تەواو ناپەیوەست بون بە لایەنە پراکتیکییەکانی ئێستاوە و سەراپا سەربەخۆبون.  ”ئەم جیهانە سەربەخۆیە بەرهەمی زەینی پوختە”، هەروەک جەیمس جەینس باسی دەکات، دوایی دەرکەوت کە ئەمانە سودیان هەیە لە وەسفکردنی سروشتدا. ماتماتیکناسی هەرە بە شۆرەتی بەریتانی جی.هێچ. هاردیi]G. H. Hardy]، دەنوسێ و دەڵێت کە بۆیە ماتماتیکی شرۆڤە کردوە و پراکتیزە کردووە چونکە جوانی تێدا بەدی کردوە، نەک لەبەر بەها پراکتیکییەکانی. زۆر بە فەخرەوە باسی دەکات کە ناتوانێت هیچ سودێکی پراکتیکی لە کارە ماتماتیکیەکانی خۆیدا بەدی بکات. کەچی، دوای چەندەها ساڵ، بۆمان کەشف دەبێت کە سروشت یاری بە هەمان ئەم هاوکێشە و ڕێسا ماتماتیکییانە دەکات کە ئەم ماتماتیکناسە پوختگەرانە لەوەبەر دایان ڕشتووە (ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە بێگومان ئەمە زۆرێک لەو ماتماتیکە لەخۆدەگرێت کە هاردی خۆی دایناوە). جەیمس جەینسی فەلەکناس ئیشارە بەوە دەدات کە ماتماتیک تەنها یەکێکە لە سیستەمگەلێکی بیرکردنەوە. بۆ نمونە، گەلێک هەوڵ لە ئارادا بون و هەن بۆ بنیاتناتی چەند مۆدڵێکی گەردون وەک یەکەیەکی زیندو، یاخود وەک ئامێرێک. ئەمانە پێشکەوتنێکی کەمیان بەدەستهێناوە. باشە ئەگەر تەفسیری ماتماتیکییانە ئەوەندە پڕ بەرهەمە بۆچی دەبێت لە دۆزینەوەی یاساکانی سروشتدا ڕۆڵی نەبێت؟

بە هەمان شێوە، ڕۆجەر پێنڕۆزیش لەم دەروازەیە دەداو ڕوانگەی کڵتوری رەتدەکاتەوە، پێنڕۆز ئیشارە دەدات بە سەرکەوتنی لە ئاسابەدەری تیۆری وەکو تیۆری نسبی گشتی و وەها لەسەری دەنوسێت:

بۆ من زەحمەتە باوەڕ بەو نەزەرە بکەم، هەروەک هەندێک پێدادەگرن کە ئەم تیۆرییە نایابانە تەنها ئەنجامی پرۆسەی بێسەروبەری هەڵبژاردنی سروشتی چەند ئایدیایەک بن کە هەندێکیان وەک باشە بەرگە دەگرن و دەمێننەوە و هەندێکی تریان دەمرن. تیۆرە باشەکان زۆر لەوە باشترن کە تەنها لە شەڕی بێسەروبەرەدا بەرگە بگرن و بمێننەوە، بەڵکو پێویستە لە بری ئەمە، هۆکارێکی قوڵی ژێرەکی(ژێربەژێر) لە نێوان ماتماتیک و فیزیکدا لە ئارادا هەیە، واتە لە نێوان دونیای ئەفلاتون و دونیای فیزیکیدا.

پێنڕۆز تەبەننای ئەو تێڕوانینە دەکات کە، هەروەک چۆن زۆربەی زانایان باوەڕیان پێیەتی، زۆربەی پێشکەوتنەکانی فیزیکی ماتماتیکی لە راستیدا تەمسیلی دۆزینەوە ڕاستیەکانی هەندێک لە لایەنی واقعی دەکەن، نەک ئەوەی کە بریتی بن لە تەنها ڕێکخستنەوەی داتاکان لە فۆرمێکدا کە بۆ تێگەیشتنی مرۆ شیاوترن.

تەنانەت گفتوگۆ لەمەڕ ئەوەش کراوە کە بونیاتی مێشکی مرۆڤ وەها گەشەی کردووە کە بریتیە لە ڕەنگدانەوەی خاسیەتەکانی دونیای فیزیکی، بە پێکهاتە ماتماتیکییەکەیەوە، بەمجۆرە شتێکی سەرسوڕهێن نییە کاتێک ماتماتیک لە سروشتدا کەشف دەکەین. وەک لەوەبەر ئاماژەمان پێدا، ئەوا بە دڵنیاییەوە سەرسوڕهێنە و ئەفسانەیەکی قوڵە کە مێشکی ئادەمیزاد توانای لە ئاسابەدەری ماتماتیکیانەی خۆی گەشە پیداوە. بۆیە زۆر زەحمەتە کە ئنسان بڕوا بکات کە ماتماتیکی پوخت چە بەهایەکی مانەوەی هەیە. ئەم وشانە بە هەمان شێوە بەسەر توانستی مۆسیقیشدا دەچەسپێت.

ئێمەی مرۆ بە دو جۆر زانیاری لەمەڕ دونیا فێردەبین. جۆری یەکەم بریتییە لە وێنای ڕاستەوخۆ و دوەمیش بە هۆی شرۆڤەکردنی بیرکردنەوەی ئەقڵانی و فەنکشنی بەرزتری فکرییەوە. بۆ نمونە ئەگەر لە دیاردەیەکی فیزیکی وەکو کەوتنەخوارەی بەرێک وورد بینەوە، کە لە دونیای دەرەکیدا ڕوودەادات، دەبینین لە ئاوێنەی ئەقڵماندا ڕەنگدانەوەیەکی هەیە، ئەمەش چونکە مێشکمان مۆدڵێکی ئەقڵی ناوەکی لەمەڕ دونیایەک” وەک خەیاڵێک” بونیات دەنێت کە بریتییە لە قەوارەیەکی هاوبەرابەری مادەیەکی فیزیکی ”وەکو لە حاڵەتی کەوتنەخوارەوەی بەردەکە”، لەم مۆدڵە ئەقڵییەدا کە لە فەزایەکی سێ-ڕەهەندیدا دەجوڵێت، بەردەکە دەبینین دەکەوێتە خوارەوە. لە لایەکی ترەوە، مرۆ دەتوانێت کەوتنەخوارەی ئەم بەردە بە ڕێگایەکی جیاوازتر و تەواو قوڵتر وێنابکات. بۆ نمونە ئەگەر زانیاریمان لەسەر یاساکانی نیوتن هەبێت و هەندێک ماتماتک بخەینەگەڕ ئەوا دەتوانین کەوتنەخوارەوەی بەردەکە بە جۆرە مۆدڵێکی تر گوزارشت بکەن. هەرچەندە ئەمە لە خۆیدا مۆدڵێکی ئەقڵی نییە، بەڵام، لە هەمان کاتیشدا، هەر بە بونیاتێکی ئەقڵی دادەنرێت و دیاردەیەکی دیاریکراوی وەکو کەوتنەخوارەوەی بەردەکە بە هەیکەلێکی فراوانتری پرۆسە فیزیکییەکانەوە گرێ دەدات. ئەو مۆدڵە ماتماتیکییەی کە یاساکانی فیزیک بەکاردەهێنێت، لە هەقیقەتدا شتێک نییە کە بتوانین بیبینین، بەڵکو بە فۆرمە پوختەکەی، جۆرە زانیارییەکە لەمەڕ دونیا، لەوەش زیاتر، زانیارییە و لە پلەیەکی بەرزدایە.

ڕەیمان 1826 –1866

تیۆری پەرەسەندنی داروینیزم فێرمان دەکات کە زانیاری لەمەڕ گەردون لە ڕێگای ڕاستەوخۆی هەستەکانمانەوە وەربگرین. بێگومان لەم چەمکەدا لایەنی باشەی پرۆسەی پەرسەندن بەدی دەکەین، بەڵام هیچ تەماسێکی ئاشکرا لە نێوان ئەم جۆرە ماریفەتە ڕاستەوخۆیەی هەستەکان و ماریفەتی فیکری نییە. قوتابیان زۆر جار تێدەکۆشن و خۆیان هیلاک دەکەن بۆ ئەوەی لە هەندێک لە بەشەکانی فیزیک تێ بگەن، وەکو میکانیکی کوانتەم و تیۆری نسبی، تێگەیشتنی ئەمەش زەحمەتە، چونکە قوتابیان هەوڵدەدەن ئەم بابەتانە بە بینایی ئەقڵی mental visualization.  تێبگەن.  هەوڵدەدەن کە فەزای چەماوەیی یاخود چالاکی ئەلەکترۆنێک بە چاوی ئەقڵ ببینن و سەیربکەن، بێگومان لەم کارەدا تەواو شکست دەهێنن. هۆکاری ئەمەش ناگەڕێتەوە بۆ نەبونی خبرە و ئەزمون، چونکە هیچ مرۆڤێک، ئەزموندار و بێ ئەزمون، ناتوانن بە ڕاستی وێنای بیناییانەیvisual image  ئەم شتانە بە وردی بکەن. ئەمە شتێکی سەرسام نییە، چونکە تیۆری کوانتەم و نسبی پەیوەست نین بە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەوە و هیچ پرۆسەیەکی ئیجابی لەخۆناگرێت کە مێشکمان بتوانێت سیستەمەکانی کوانتەم و تیۆری نسبی لە مۆدڵی ئەقڵی جیهانی بەرجەستە بکات. هەرچۆنێک بێت، سەرباری ئەمەش، فیزیکناسان توانستیان هەیە، بە هۆی ماتماتیکەوە، هەندێک تاقیکردنەوە و گەلێک میکانیزمی ئەقڵگەرایی تر، لە دونیای کوانتەم و تیۆری نسبی تێبگەن. پەنهانییەکە لەوەدایە، کە بۆچی توانستی دولایەنەمان لە هەمبەر تێگەیشتنی دونیا هەیە؟ هیچ هۆیەک نییە کە باوەڕ بەوە بکەین کە میتۆدی دوەم پالاوتەی میتۆدی یەکەمە. هەردوک میتۆدەکە تەواو لە یەکتر سەربەخۆن لە بەرامبەر زانیندا. یەکەم پێویستییەکی ئاشکرای بایۆلۆژییە و دوەمیش هیچ گرنگییەکی ئاشکرای بایۆلۆژی نییە.

کاتێک حساب بۆ بلیمەتی هەریەک لە مۆسیقاژەن و ماتمیکناس دەکەین، ئەم پرسە زیاتر قوڵ دەبێتەوە، چونکە بەهرە و پسپۆڕی ئەم نوخبەیەی کۆمەڵ لەم بوارانەدا زۆر زیاترە لە خەڵکی ئاسایی تر. بیرکردنەوەی سەرسوڕهێنانەی ماتماتیکناسانی وەکو گاوس و ڕەیمانii] Riemann]تەنها بە کردەی نایابانەی ماتماتیکییان دەرناکەوێت(گاوس نەک هەر منداڵێکی خوڵقێنەری پایەبەرز، بەڵکو زاکرەی فۆتۆگرافیشی هەبوو)، بەڵکو توانستی نوسینی تیۆرمیان[iii] هەبوو بێ ئەوەی هەوڵی سەلماندنیشی بدەن، کە ماتماتیکناسانی دوای خۆیان خۆیان هیلاک کردووە بۆ سەلماندنی تیۆرمەکانیان. چۆن ئەم ماتماتیکناسانە گەیشتنە ئەم ئەنجامانە؟ ئەمە لە کاتێکدا سەلماندنی هەندێک لە تیۆرەکان چەندەها بەرگ لە بیرکردنەوەی ماتماتیکی ئاڵۆز لەخۆدەگرێت. بە راستی ئەمە مەتەڵێکی گەورەیە.

ڕامانوجان 1887 –1920

دەشێت بەناوبانگترین حاڵەت لەم بارەیەوە بریتی بێت لە ماتماتیکناسی هندی ڕامانوجان. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لە هندستان لە باوەشی خێزانێکی زۆر دستکورتدا لەدایکبوە، پلەی خوێندنی زۆر دیاریکراوبوە. هەر خۆی خۆی فێری ماتماتیک دەکات، بەڵام چونکە لە دونیای ئەکادیمی دوربوە، بابەتەکەی لە پێگەیەکی غەیرە تەقلیدیەوە تەبەنناکردوە. رامانوجان ژمارەیەکی ئێجگار زۆر تیۆرمی پێشکەشکردوە بێ ئەوەی هیچ خۆی سەرقاڵ بکات بە سەلماندنەکانەوە، تەنانەت هەندێکیان تەبعێکی هێندە سەیریان هەیە کە هەرگیز بە خەیاڵی ماتماتمیکناسی پسپۆڕدا نایەت. سەرەنجام هەندێک لە ئەنجامە ماتماتیکیەکانی ڕامانوجان سەرنجی جی. هێچ. هاردییان ڕاکێشا، ڕامانوجان وەها سەرسام بو کە بڵێت ” هەرگیز شتی لەم جۆرەم لەوەبەر نەدیوە، تەنها چاوخشاندنێک پیایاندا بەسە بۆ ئەوەی بڵێیت کە ئەمانە تەنها لە لایەن ماتماتیکناسێکەوە خراونەتە سەر کاخەز کە لە بەر
زترین پلەدا بێت.” هاردی، دوای خستنەگەڕی هەمو پسپۆڕی ماتماتیکیانەی خۆی، بەڵام بەوپەڕی زەحمەتەوە، توانی هەندێک لە تیۆرمەکانی ڕامانوجان بسەلمێنێت، تەنانەت لە بەردەم هەندێک لەم تیۆرمانەدا هاردی تەواو بەزی و توانستی سەلماندنیانی نەبو. لەگەڵ ئەمانەشدا هاردی هەستیکرد کە ڕاستن، چونکە هەرگیز بە خەیاڵی کەسدا نایەت ئەمانە دابهێنێت. دوای ئەمە هاردی کارئاسانی بۆ رامانوجان کرد کە بێت بۆ کامبریچ و لەگەڵ خۆیدا و پێکەوە کاربکەن. بە داخەوە، ڕامانوجان دوچاری شۆکی کلتوری و نەخۆشی بو، هەتا سەرەنجام، لە هەڕەتی لاویدا و لە تەمەنی سی و سێ (33) ساڵیدا مرد. دوای خۆی گەنجینەیەکی بێشوماری لە فەرزیە و گریمانی ماتماتیکی بۆ نەوەکانی داهاتو بەجێهێشت. هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش، بە هەقەت کەس نازانێت چۆن ئەم هەقیقەتە لە ئاسابەدەرانەی بەدەستهێناوە[iv]. ماتماتیکناسێک لە تانەیەکدا سەبارەت بە رامانوجان گوتوبوی ئەم ئەنجامانە دەڵێی بە بێ هیچ کۆششێک لە ‘مێشکیەوە دەڕژێن’. ئەمە لە هەر ماتماتیکناسێکی تەقلیدیدا شتێکی نایابە، بەڵام کاتێک باس لە یەکێک دەکەین کە هیچ ئاشنایەتیەکی لەگەڵ ماتماتیکی تەقلیدیدا نیە، ئەوە بە ڕاست دەبێتە شتێکی لە ئاسابەدەر. ئەمە زۆر هانمان دەدات کە وەها فەرزبکەین کە ڕامانوجان خاوەن فاکوڵتیەکی faculty تایبەت بوە کە ئەو توانستەی پێ بەخشیوە کە ڕاستەوخۆ و زیندوانە پێدەشتەکانی ماتماتیک ببینێت و ئەم ئەنجامە حازرانە بە ئارەزوی خۆی هەڵگرێتەوە و پیشکەشمانی بکات.

یەکێک لەو دیاردە دەگمەنانەی کە لە دونیای ماتماتیکی ئەمڕۆدا حزوریان هەیە و کەمتر ئەفسوناوین، بریتیە لەو حاڵەتە غەریبانەی بە حسابکەرە تریشقەییەکان lightening calculators ناسراون، ئەمانە ئەو خەڵکانەن کە چالاکی ژمارەیی بە خێراییەکی لە ئاسابەدەر جێبەجێ دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا کە بێ ئەوەی کەمترین ئاگا یان فکریان لەوە بێت کە چۆن وەڵامەکانیان بۆ دێت. شاکونتالا دێڤیv]Shakuntala Devi]، کە خەڵکی هندستانە، زو زو سەفەری وڵاتان دەکات، چەندەها جار بینەران دەهێنێتە شۆک و حەپەسان کە چۆن ئەم چالاکییە ژمارەییانەی مێشک دەکات. جارێک لە تەکساس، ڕاست و ڕەوان ڕەگی بیست و سێهەمی ژمارەیەکی دو سەد ڕەقەمی بە پەنجا چرکە دۆزییەوە!

لەوەش سەیرتر، لەوانەیە بریتی بێت لە داستانی زانایانی ئەوتیستیکی autistic savants، واتە ئەو خەڵکانەی بە کەمئەندامی ئەقڵی دادەنرێن و دەشێت کە تەنانەت نەتوانن سەرەتاییترین پرۆسەی ئەریتماتیکی بکەن و لایان زۆر گران بێت، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە خاوەن توانستێکی غەریبن لە بە دەستهێنانی ئەنجامی دروست لە پرسی ماتماتیکی وەها زەحمەتدا کە لای مرۆڤی ئاسایی مەحاڵ بێت بۆی بکرێت. بۆ نمونە، دو برای ئەمەریكی هەن، کە هەردوکیان بە کەمئەندامی ئەقڵی ناسراون و بە بەردەوامی لە دۆزینەوەی ژمارە خۆبەشەکاندا بۆڕی کۆمپیتەریان دەدایەوە. لە نمونەیەکی تردا، ، لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنی بەریتانی پیاوێکی کەئەندام توانی، ڕاستەوخۆ و یەکسەر و بە بێ وەستان، ڕۆژی هەر بەروارێک دیاری بکات کە دەخرایە بەردەمی، تەنانەت ئەگەر هی سەدەیەکی تریش بێت.

بێگومان، ئێمەی مرۆ، لەگەڵ ئەو هەقیقەتەدا ڕاهاتوین کە توانای هەموو ئنسان، جا بەدەنی یاخود ئەقڵی بێت، پانتاییەکی فراوان و جیاواز لەخۆدەگرێت. بۆ نمونە هەندێک وەرزشوان دەتوانن شەش پێ لە عەرد بەرز ببنەوە، لە کاتێکدا زۆربەمان بە دەگمەن دەتوانین سێ پێ بەرزبینەوە. ئنجا تەسەور بکە زەلامێک دێت و شەست پێ بەرزدەبێتەوە، یاخود شەش سەد پێ بەزدەبێتەوە. کەچی سەیردەکەین لە بواری ماتماتیکدا بلیمەتانێک هەن بازدانی ئەقڵی و فکرییان زۆر زیاتر و بەرزترە لە بازدانی بەرزی ئەم خەڵکانە.

هێشتا زۆری ماوە تا زانایان لەوە بگەن کە چۆن جینەکانمان کۆنترۆڵی توانستی ئەقڵیمان دەکەن. لەوانەیە، زۆر بە دەگمەنیش بێت، لە مرۆڤدا شوێنەواری جیناتێك هەبێت کە قودرەتی نایابی ماتماتیکییان هەیە. یاخود، دەشێت زۆر دەگمەنیش نەبێت، بەڵام ئەو جینانەی پەیوەستن بەم مەبەستەوە عادەتەن دانەگیرساون. هەرچۆنێک بێت و پرسەکە بە هەر جۆرێک بێت، لە باخی جیناتەکانی مرۆڤدا، ئەو جینانە بونیان هەیە کە پێویستن. ئەو هەقیقەتەی کە دەڵێت بلیمەتانی ماتماتیک لە هەموو نەوەیەکدا هەبوونی هەیە، ئەوە دەردەخات کە ئەم خاسیەتە لە باخی جیناتی مرۆڤدا بونێکی سەقامگیری هەیە. خۆ ئەگەر ئەم فاکتەرە زیاتر بە ڕوداوێکی ڕێکەوت ووروژا وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر فشارێکی زروفەکەوە، ئەوا، بە هەقەت هەڵکەوتەیەکی سەرنجڕاکێشە کە ماتماتیک تەتبیقاتێکی وەها حازر بۆ ئەم گەردونە واقیعیە دەدۆزێتەوە. خۆ ئەگەر، لە لایەکی ترەوە، توانستی ماتماتیکی بە ڕێگایەکی تەمومژاوییەوە ماوەتەوە و بە ڕێچکەی هەڵبژاردنی سروشتی گەشەی کردووە، ئەوا هێشتا ڕوبەروی ئەو پرسیارە پەنهانییە دەبینەوە کە بۆچ یاساکانی سروشت ماتماتیکین. لە کۆتایی هەموو ئەمانەش، مانەوە لە ”جەنگەڵ”دا پێویستی بە زانینی یاساکانی سروشت نییە، تەنها پێویست بە زانینی ڕواڵەتی ئەم یاسایانە دەکات. بینیمان کە چۆن یاساکان خۆیان کۆدیان هەیە و بە جۆرێکی ساکارانە و بە هیچ شیوەیەک نەبەستراون بەو دیاردە فیزیکییە هەقیقەتانەوە کە ملکەچی ئەو یاسایانەن. مانەوە پابەندە لەسەر ئەوەی کە دونیا چۆنە و نەک بە ڕێکخستنێکی ژێربەژێری شاراوەوە، بێگومان ناتوانێت پابەند بێت بە نیزامی شاراوەی ناوکی ئەتۆمییەوە، یاخود چاڵە ڕەشەکان، یاخودئەو تەنۆلکە ژێر–ئەتۆمییانەیsubatomic  کە تەنها لە نێو ئامێرەکانی تاودەری تەنۆلکەکان لەسەر عەرد بەرهەم هاتوون.

با بڵێین کاتێک دادەنەوین بۆ ئەوەی خۆمان لە تۆپێک لابدەین و بەر سەرمان نەکەوێت، یاخود ئەو حوکمە بدەین کە چەند بە خێرایی بەسەر جۆگەلەیکدا بازدەدەین، ئەوا لەم کاتانەدا یاساکانی میکانیک بۆ ئەم مەبەستانە دەخەینەگەڕ، بەڵام ئەمە شتێکی هەڵەیە. لە ڕاستیدا ئەوەی لەم بوارەدا بەکاری دەهێنین بریتییە لە خبرە و ئەزمونی لەوەبەر کە پەیوەستن بە حاڵەتی لەم جۆرەوە. کاتێک ڕوبەروی ئەم جۆرە حاڵەتانە دەبینەوە، مێشکمان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکییانە وەڵام دەددەنەوە، بێ ئەوەی بکەوینە بەکارهێنانی هاوکێشەکانی نیوتن وەک ئەوەی فیزیکناسان پێی هەڵدەستن و حاڵەتەکە زانستییانە حل دەکەن. بۆ ئەوەی لە فەزایەکی سێ -رەهەندیدا بتوانین حوکم بدەین، ئەوا مێشکمان پێویستی بە کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەت هەیە. بۆ کارکردن لە ماتماتیکدا، بۆ نمونە کارکردن لەسەر بابەتێکی وەکو کالکولەس(تەواوکاری و جیاکاری کە پیویستن بۆ وەسفکردنی ئەم حاڵەتە) پێویستمان بە خاسیەتی تایبەت هەیە. هیچ بەڵگەیەک یاخود بانگەشەیەک لە ئارادا نین ئەوە دەربخەن کە ئەم دوو سێتە تەواو خاسیەت جیاوازە لە ڕاستیدا یەک شت بن، یاخود یەکێکیان هەڵقوڵاوی ئەوی تریان بێت.

لە هەقیقەتدا، هەموو بەڵگەکان پێچەوانەی ئەمەن. زۆربەی ئاژەڵان ئەو توانستەیان هەیە کە خۆیان لە تۆپ لابدەن و ئازایانە بازبدەن، کەچی لە هەمان کاتدا هیچ توانستێکی ماتماتیکی نمایش ناکەن. بۆ نمونە، باڵندە، کە لە مرۆ زۆر زیرەکتر و بەهرەمەندترە لە بەکارهێنانی یاساکانی میکانیکدا و مێشکیان گەلێک خاسیەتی نایابیان پەرەپێداوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا تاقیکردنەوە ئەوەی نیشانداوە کە باڵندە ناتوانێت لە سێ دانە زیاتر هێلکەکانی خۆی بژمێرێت. هوشیاری لە ڕێکوپێکی سروشتدا، وەک ئەوانەی لە میکانیکدا هەن، بەهایەکی باشیان بۆ مانەوە هەیە و لەسەر ئاستێکی زۆر سەرەتایی بونەتە بەشێک لە مێشکی مرۆڤ و ئاژەڵ. بە پێچەوانەی ئەمەوە، ماتماتیک، وەک وەزیفەیەکی بەرزتری ئەقڵی، بێگومان تایبەتە بە مرۆڤ، بەرهەم و زادەی ئاڵۆزترین سیستەمە کە لە سروشتدا ناسراوە، کە چی لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ماتماتیکەی بەرهەمی دەهێنێت، لە سادەترین پرۆسەکانی سروشتدا، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێن سەرکەوتوە، ئەو پرۆسانەی کە دەکەونە ئاستەکانی ژێر-ئەتۆمییەوە؟ ئەمە بۆچی وەهایە؟ واتە بۆچی ئاڵۆزترین سیستەم بەم ڕێگایە بە سەرەتاییترین پرۆسەی سروشتەوە گرێدەدرێت؟

دەشێت مشتومڕ لەسەر ئەوە بکرێت کە ئەگەر مێشک زادەی پرۆسەیەکی فیزیکییە، ئەوا دەبێت ڕەنگدانەوەی سروشتی ئەو پرۆسانە، بە خەسڵەتە ماتماتیکیەکانیەوە بێت. بەڵام، لە هەقیقەتدا، پێکەوە گرێدانێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان یاساکانی فیزیک و بونیادی مێشکدا نییە. ئەو شتەی کە مێشک لە کیلۆگرامێک مادەی ئاسایی جودادەکاتەوە بریتیە لەو فۆرمە نیزامییە ئاڵۆزەی کە هەیەتی، بە تایبەت ئەو پێکەوەبەستنەوە ناوەکییەی لە نێوان نیوترۆنەکاندا هەیە. ناتوانرێت ئەم کڵێشەیەی مێشک بە تەنها بە یاساکانی فیزیک تەفسیربکرێن، بەڵکو پابەندە بە زۆر هۆکاری ترەوە، وەکو چەندەها ڕوداوی ڕێکەوت کە پێویستە بە درێژایی مێژوی ڕەوتی پەرەسەندن ڕوبەرویان بوبێتەوە و کاریگەریان لەسەر هەبوە. هەرچی یاسایەک کە لەوانەیە یارمەتیدەر بوبێت لە بەرجەستەکردنی شێوەی بونیادی مێشکی مرۆڤ(وەکو یاسانی بۆماوەیی مەندڵ)، هیچ پەیوەندییەکیان بە یاساکانی فیزیکەوە نییە.

چۆن دەتوانین شتێک بزانین بێ ئەوەی هەموو شتێک بزانین؟[vi]

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە چەندەها ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ماتماتیکناس (هێرمان بۆندی) ەوە پێشکەشکراوە و تەنانەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و لە سایەی ئەو پێشکەوتنەی تیۆری کوانتەم مسۆگەری کردووە گرفتەکە قوڵترە. گەلێک جاران دەگوترێت کە سروشت یەکەیەکە و دونیا گشتێکە (whole) کە لە ناوەوە پێکەوە گرێدراون. لە لایەک ئەمە راستە، بەڵام لە هەمان کاتدا مەسەلەکە لەوەدایە کە تەفسیڵات و تێگەیشتنی وردەکاری بەشە فەردییەکانی دونیا بخەینە قاڵبێکەوە بە بێ ئەوەی پێویست بکات هەموو شتێک بزانین. لە راستیدا، زانست بە هیچ شێوەیەک بونی نەدەبو ئەگەر شتەکان بەش بەش فێرنەبین. بەمجۆرە یاسای کەوتنەخوارەوەی تەنەکان، کە لە لایەن گالیلۆوە دۆزرایەوە، پێویستی بە زانینی دابەشبونی هەموو بارستاییەکانی گەردون نەبو؛ یاخود خاسیەتەکانی ئەلەکترۆن پێوسیتی بە زانینی یاساکانی فیزیکی ناوەکی نەبو، وە هەروەها. کارێکی ئاسانە کە وێنای دونیایەک بکەین کە تیایدا دیاردەیەک لە شوێنێکی ئەم گەردونەدا ڕودەدات، یاخود بە مەودایەک، قەبارەیەک، یان بە وزەیەک ڕودەدات و زۆر لە نزیکەوە لە لەگەڵ هەموو شتەکانی تردا بە یەکدا دەچن و ناهێلن دەرئەنجامەکە ببێت بە هۆی بەرهێمهێنانی کۆمەڵێک یاسای ساکار. خۆ ئەگەر لێرەدا یاری وشە یەکتربڕەکان وەک پێوانەیەک بەکاربهێنین، لە بری مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵێک وشەی ناسراوی پێکەوەگرێدراو لە تۆڕێکدا، ئەوا تەنها یەک وشەمان دەبێت کە هەم تەواو ئاڵۆز و هەم تاکە وەڵام دەبێت بۆ هەمو. بەمجۆرە دەبینین کە زانیاری و ماریفەتمان لەمەڕ گەردون لە پرسێکدا کۆدەبێتەوە ئەویش ئەوەیە کە هەمو شت دەزانین یان هیچ نازانین.

لێرەدا پێویستە ئیشارە بدەین بەوەی کە لوغزەکە لەوەدایە کە هەقیقەتی جیاکردنەوەی سروشت لە ڕاستیدا تەنها شتێکی نزیکەییە و چونکە گەردون گشتێکی لەناوەوە پێکەوەگرێدراوە interconnected whole. بۆ نمونە کەوتنە خوارەوەی سێوێک بۆ سەر عەرد دەکەوێتە ژێر کاریگەری مەوقعی مانگ و بە هەمان شێوەش سێوەکەش کاردانەوەی دەبێت لە هەمبەر مانگدا. ئەلەکترۆنە ئەتۆمییەکان ڕوبەڕوی کاریگەری هێزی ناوەکی دەبنەوە. هەرچەندە لە هەردو حاڵەتدا کاریگەرییەکان بچکۆلەن و دەتوانرێت لەبەر زۆر مەبەستی پراکتیکی فەرامۆش بکرێن، بەڵام هەموو سیستەمێک بەمجۆرە نییە. هەندێک سیستەم نائارام و پشێون و زۆر نایابانە هەستیارن لە هەمبەر هەر تێکچونێکی دەرەکیدا. ئەم خاسیەتە کە سیستەمە پشێوەکان وا لێ دەکات کە نەتوانرێت پێشبینی بکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێمە لە گەردونێکداین کە بە سیستەمی پشێوی تەنراوە و پڕە، بەڵام لە تواناماندا هەیە ڕیزێکی زۆر پرۆسەی فیزیکی بە دەست بهێنێن و پێشبینی دەکرێن و ملکەچی ماتماتیکن.

هۆکاری بەشێکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاسیەتی سەرنجڕاکێش، کە بە ”ڕاستەیی و دەڤەری، یان لۆکاڵیتی” (‘linearity’ and ‘locality.’) ناودەبرێت. سیستەمی ڕاستەیی ملکەچی کۆمەڵێک یاسای زۆر دیاریکراوی ماتماتیکی کۆکردنەوە و لێکدانە کە پەیوەستە بە گرافی هێڵی ڕاستەوە ( هەروەک لە وشەی ڕاستەیییەوە دیارە). بۆ نمونە، یاساکانی ئەلکترۆماگنێتیزم، کە وەسفی کایەکانی کارەبا و موگناتیس و ڕەوشی ڕوناکی شەپۆلە ئەلکترۆموگناتیسییەکانی تر دەکات، ئەمانە هەتا پلەیەکی بەرز نزیکن لە سیستەمی ڕاستەییەوە(ڕاستەهێلێێەوە). سیستەمەکانی ڕاستەیی ناچنە حاڵەتی پشێوی و لە هەمبەر تێکچونە بچکۆلە دەرەکییەکاندا زۆر هەستیارنین.

سیستەم نییە بە تەواوی ڕاستەیی linear بێت و مەسەلەی جیاکردنەوەی دونیاش لەوەدا خۆی کورت دەکاتەوە کە بۆچی کاریگەری سیستەمی ناڕاستەیی لە پراکتییکیدا زۆرجار بچکۆلەیە، ئەمە، هۆکەی گەلێک جاران دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هێزەکانی ناڕاستەییە nonlinear پەیوەستەکان یاخود لە بنچینەدا بێ هێزن، یان مەودایان کورتە، یاخود هەردو هێزەکە دەگرنەخۆ. ئێمە نازانین کە بۆچی هێز و مەودای هێزە جیاجیاکانی سروشت بەو جۆرەن کە هەن. دەشێت ڕۆژێک لە تواناماندا بێت کە بە هۆی تیۆرێکی بنچینەییەوە ئەم حساباتە بزانین، یاخود وەک ئەلتەرنەتیڤێک، لەوانەیە بریتی بن لە نەگۆڕەکانی سروشت، کە ناتوانرێت لە یاساکان خۆیانەوە دەرهاویشتە بکرێن. ئیحتیمالی سێیەمیش ئەوەیە کە ئەم ”نەگۆڕانە” بە هیچ جۆرێک ژمارەی جێگیری بەخشندەی خوداوەند نین، بەڵام پابەندن بە حاڵەتی ڕاستەقینەی گەردونەوە، بە واتایەکی تر، لەوانەیە پەیوەندییان هەبێت بە حاڵەتی سەرەتایی گەردونەوە. خاسیەتی دەڤەری ( لۆکاڵەتی) پەیوەندە بەو هەقیقەتەوە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ڕەوشی سیستەمی فیزیکی بە تەواوی پابەندە بەو هێز و کاریگەرییانەی لە دەوروبەری ڕاستەوخۆی دێنەئاراوە. بەمجۆرە، کە سێوێک دەکەوێتە خوارەوە، ڕێژەی گۆڕان لە تاودانەکەیدا لە هەر خاڵێکی فەزادا بەندە لەسەر کایەی کێشکردن لەو خاڵەدا. ئەمە بەسەر زۆربەی هێز و هەلومەرجێکدا دەسەپێت، ئەمانە ئەو حاڵەتانەن کە کاریگەرە نالۆکاڵەکان دێننەئاراوە. لە میکانیکی کوانتەمدا، دوو تەنۆلکەی ژێر – ئەتۆمی subatomic دەتوانن لە لۆکاڵدا کار لە یەکتر بکەن و پاشان لە یەکتر دور دەکەونەوە. بەڵام یاساکانی فیزیکی کوانتەم بە جۆرێکن کە تەنانەت تەنۆلکەکانیش لە کۆتاییدا لە دوو لای بەرامبەری یەکتر لە گەردوندا دەگیرسێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەر دەبێت وەک گشتێک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە دابەش نابێت. بەمجۆرە، ئەو پێوانەیەی لەسەر تەنۆڵکەکان دەکرێت، بەشێکی بەندە بە حاڵەتی تەنۆڵکەکانی ترەوە. کاتێک ئاینشتاین ئیشارە بەم حاڵەتی نالۆکاڵییە(نادەڤەری) دەدات بە کاری خێوەکان لە دورەوەی ناودەبات و ڕەتی دەکاتەوە کە جێگای باوەڕی ئەو بێت. بەلام تاقیکردنەوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی جەخت لەوە دەکەن کە ئەم جۆرە کاریگەرە نالۆکەڵییانە ڕاستن و جێگای گومان نین. ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی قسەبکەین، لە ئاستەکانی ژێر – ئەتۆمییەوە، کە تیایدا فیزیکی کوانتەم گرنگە، ئەوا کۆمەڵە تەنۆڵکەیەک پێویستە وەک یەکەیەکی سەراپایی مامەلەی لەگەڵدا بکرێت. هەرچەندە ماوەی نێوان تەنۆلکەکان چەندە دور بێت، ڕەوشی تەنۆڵکەیەک لە ڕەوشی تەنۆلکەکانی نزیک و دەوروبەری جیاناکرێتەوە و کار لە یەکتر دەکەن و بە یەکدا دەچن.

ئەم هەقیقەتە زەمانەتێکی گرنگی بۆ گەردون وەک یەکەیەکی سەراپایی هەیە. ئەگەر یەکێک حاڵەتێکی کوانتەم بە شێوەیەکی ڕەمەکی بۆ سەرتاپای گەردون وەربگرێت، ئەوا لەوانەیە ئەم حاڵەتە تەمسیلی بەیەکاچونێکی مەزنی هەموو تەنۆڵکەکانی گەردون بکات. یەکێک لە تەحەدا گەورەکان لە هەمبەر کۆسمۆلۆژیای کوانتەمدا بریتییە لە تەفسیرکردنی کە چۆن ئەو دونیا ئەزمونەی لە لامان ناسراوە لە نایەقینی بنەچەی کوانتەمەوە سەریهەڵداوە. میکانیکی کوانتەم، پرینسیپی نایەقینی هایزنبێرگ vii] Heisenberg’s uncertainty principle] لەخۆدەگرێت، کە ئەمیش لە خۆیدا کاریگەری دەرکردنی بەهاکانی هەموو چەندایەتییە تێڕامانەکانی بە ڕێگایەکی ناپێشبینیکردن هەیە. بەمجۆرە، کاتێک ئەلکترۆنێک لە خولگەکەی خۆیدا بە دەوری ئەتۆمێکدا دەسوڕێتەوە، ناتوانێت لە فەزا و هەر ساتێکدا وەها حساب بکرێت کە مەوقعێکی دیاریکراوی وردی هەبێت. ئنسان نابێت وەهاش بیر بکاتەوە کە کاتێک بە دەوری ئەتۆمێکدا دەسوڕێتەوە ئەوا ڕەوتێکی سنورداری هەیە، بەڵکو لە بری ئەمە بە شێوەیەکی نامەحدود لە دەوری ناوکەکە دەکرێتە دەرەوە.

هەرچەندە ئەمە مەسەلەیەکە سەبارەت بە ئەلەکترۆنەکانی ناو ئەتۆم، بەڵام کاتێک دێتە سەر تاووتوێکردنی بابەتە ماکرۆسکۆبیەکان (گەورەکان)،ئەم جۆرە لێڵیە بەدی ناکەین. بەم شێوەیە هەسارەی مارس لە هەمو نوقتەیەکی فەزادا مەقیعێکی دیاریکراوی هەیە و وەدوی ڕەوتێک بە دەوری خۆردا دەکەوێت. سەرباری ئەمەش، مارس هێشتا ڕوبەڕوی یاساکانی میکانیکی کوانتەم دەبێتەوە. دەشێت یەکێک بپرسێت، هەروەک چۆن ئینریکۆ فێرمی Enrico Fermi کاتی خۆی پرسی، بۆچی مارس ئەو جۆرە ڕەەوتەی نیە کە ئەلکترۆن بە دەوری ئەتۆمدا هەیەتی. بە واتایەکی تر، ئەگەر گەردون بە ڕوداوێکی کوانتەمی دروست بوبێت، ئەی چۆن گەردونێکی ناکوانتەم سەرهەلدەدات؟ کە گەردون دروستبو، زۆر بچکۆلە بو، نایەقینیی کوانتەم قوتیدا. ئەمڕۆ، هیچ نایەقینیەکی ئەسەری لە تەنە ماکرۆسکۆبیەکاندا بەدی ناکەین.

زۆربەی زانایان بێدەنگانە و لە ناوەڕۆکدا وەهایان فەرزدەکرد کە دونیا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە بیگ بانگەوە دروستبوە، ئەمە تەنانەت لە بیگ بانگێکەوە کە کاریگەرییەکانی کوانتەم زاڵە. لەم دواییانەدا، (هارتل و گێڵ مان) تەحەدای ئەم فەرزیەیان کرد. ئەو مشتومڕە دێننەوە کە جیهانێکی نزیک لەوەی کلاسیکی، کە تێیدا هەمو ماتێریاڵە دیاریکراوەکان لە فەزادا لە مەوقیعی دیاریکراودان، کە چەمکێکی باشی پێناسەکراویش لە گۆڕێدا هەیە و پێویستیان بە چەند حاڵەتێکی کۆسمیکی(گەردونی) سەرەتایی هەیە. حساباتەکەیان ئیشارەدەدەن بەوەی کە لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتە سەرەتاییەکاندا، دونیایەکی گشتی کلاسیکیانە سەرهەڵنادات. لەم حاڵەتەدا، جیاکردنەوەی جیهان یاخود دونیا بۆ بابەتە جیاوازەکان کە مەوقعێکی دیاریکراو لە باگکراوندێکی چاکی پێناسەکراودا داگیردەکەن کە فەزا – زەمەن تێیدا جایز نیە. هییچ لۆکالەتیەک لە ئارادا نابێت. وا دیارە کە لە دونیایەکی وەها تەمومژیدا، مرۆ ناتوانێت هیچ بزانێت بە بێ ئەوەی هەمو شتێک نەزانێت. لە راستیدا، هارتڵ و گێڵ مان مشتومڕ لەمەڕ ئەوە دەکەن کە فکرەی یاسا هەرە تەقلیدیەکانی فیزیک، بۆ نمونە، میکانیکی نیوتن، دەبێت نەک هەر وەک هەقیقەتێکی بنەڕەتی لایەنەکانی واقیع سەیربکرێت، بەڵکو دەبێت وەک پاشماوەیەکی بیگ بانگ و حاڵەتی کوانتەمی تایبەت، کە سەرچاوەی گەردونە، تەماشابکرێت. خۆ ئەگەر پرسەکە، هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، بریتیە لە گوڕ و جۆرەکانی هێزەکانی سروشت، کە وەک یەک بەندن لەسەر حاڵەتی کوانتەمی گەردون، ئەوا دەگەینە دەرەنجامێکی دانسقە. بەمجۆرە هەردوک ڕاستەیی و لۆکاڵەتی زۆربەی سیستەمە فیزیکیەکان بە هیچ جۆرێک نابنە دەرەنجامی هەندێک سێتی بنەڕەتی یاساکان، بەڵکو لەبەر حاڵەتێکی کوانتەمی شازدا دەبێت کە وەک سەرچاوەیەکی گەردون وەهایە. زیرەکی دونیا، ئەو هەقیقەتەی کە هێدی هێدی دەتوانین یاساکان کەشف بکەین تێگەیشتنمان سەبارەت بە سروشت فراوان و درێژبکەینەوە– ئەو هەقیقەتەی کە زانست کاردەکات – نابێتە ڕاستیەکی ڕەها و حەتمی، بەڵام دەشێت وەدوی بکەوین بەرەو حاڵەتێکی نەک کۆزمیکی تایبەت، بەڵکو هەر زۆر تایبەتیش. بەمجۆرە کاریگەری ناقۆڵای ماتماتیک لە ڕاڤەکاریدا بەسەر جیهانی سروشتدا دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری ناقۆڵای حاڵەتە سەرەتاییەکانی.

سەرچاوە:

The Mind of God: Science and the Search for Ultimate Meaning (Penguin Press Science) by Paul Davies (Paperback 2006) PP 148 – 172

__________________________________________________________________________________________

:پەراوێزەکان

[i] جی.هێچ.هاردی (1877 – 1947) گەورەترین ماتماتیکناسی پوخت لە سەدەی بیستەم لە ئنگلتەرە. کارەکانی بە پلەی سەرەکی لە بواری شیکاری و تیۆری ژمارەییدا بو، یەکێک لە کتێبە ماتماتیکیە ئەدەبیەکانی کە بە ناوی ”پۆزشی ماتمتیکناسێک” ەوەیە، لە جیهانی داهێنانی ماتماتیکناس دەدوێت. هەتا ئێستاش خوێندەوارێکی زۆری هەیە. لای وی، وەک خۆی هەمیشە گوتویەتی، بۆیە خوی دایە ماتماتیک چونکە لە یاری کریکتدا نەبوە پرۆفێشناڵ و دوای ئەمەش نەیزانی چیتر بکات بۆیە هەستی دەکرد ئەو کارە ماتماتیکیانەی دەیکرد هیچ سودێکی پراکتیکی هەبێت. بەڵام پێشهاتەکەی هاردی هەڵە دەرچو، چونکە کارەکانی ئەو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بڵاوترین ڕاڤەکاری دەکرێن لە بواری ماتماتیکی پزیشکیدا. ئەمە جگە لەوەی لای خۆی گەورەترین ئیکتشافی ماتماتیکی خۆی ئەوەبو کە توانی ڕامانوجان بهێنێت بۆ کامبریج و نایابترین ماتماتیک پێکەوە پێشکەش بکەن.

ماتماتیکناسی پوخت بەو کەسانە دەگوترێت کە تەنها خەریکی ماتماتیکن و هیچی تر، هیچ خۆیان سەرقاڵ ناکەن بە بواری پراکتیکییەوە یان تاقیکردنەوەوە.

[ii]ڕەیمان (1826 – 1866) ماتماتیکناسی پایەبەرزی ئەڵمانی، کە لە خێزانێکی دەستکورت هاتۆتە دنیاوە، هەتا دوا ڕۆژانی ژیانی ئادەمێکی ناوەکی (ئنتوایی) و شەرمن بو.ڕەیمان توانی سیمای جیۆمەتری ئەکلیدسی بگۆڕێت و بناخەی داڕشت بۆ سەرهەڵدانی تیۆری نسبی ئاینشتاین.

[iii] مەبست لەوەی کە توانستی نوسینی تیۆرمیان هەبووە بێ ئەوەی خۆیان سەرقاڵ بکەن بە ڕیزکردنی هەنگاو بە هەنگاوی سەلمانەکەوە، واتە ئەمانە هێندە بلیمەت و زانا بوون ڕاستەخۆ بازیان داوە بۆ ئەوەی دوا هەنگاوی سەلماندنەکە بنوسن. چونکە لە ماتماتیکدا گەلێک جاران سەلماندنی تیۆرمێک پێویست دەکات پەنجا یان سەد لاپەڕە تەرخان بکەیت بۆ مەبەستی هەنگاوەکان، بەڵام بلیمەتانی وەک گاوس، ئێردۆس، ڕامانوجان یەکسەر تیۆرمەکەیان نوسیوە. خۆ باس لە رامنوجان ئەوە هەر ناکرێت، ئەم ماتماتیکناسە بێ وێنەیە، هەر وەک دەڵین نەیزانیوە سەلماندن چییە، یاخود وەک خۆی گوتویەتی من ناتوانم دوو جار بە شوێنێکدا بڕۆم. لە زمانی ماتماتیکدا جیاوازی لە نێوان تیۆری و تیۆرمدا ئەوەیە کە تیۆری(یاخود فەرزیە) پرسێکی ماتماتیکییە و هێشتا نەسەلمێنراوە و کراوەیە بۆ سەلماندن، هەرچی تیۆرمە پرسەکە سەلمێنراوە و یەکلایی بۆتەوە و جیتر تیۆری نییە و بووەتە تیۆرم.

[iv]لە ساڵی 1920، کاتێک ڕامانوجانی بلیمەت و  ئەفسانەیی لە ماڵی خۆی، لە هندستان، لەسەر پێخەفی مەرگ ڕاکشابو، لە خەویدا کۆمەڵێک تیوری ماتماتیکی زۆر سەیری بۆ هات کە هەرگیز لەوەبەر بە خەیاڵی هیچ کەسدا نەهاتبون. توانی زۆربەیان بخاتە سەر نامە و بینیرێت بۆ ئوستاد و هاوڕێی چەند ساڵەی خۆی، جی. هێچ. هاردی، لە زانکۆی کامبریچ. لەگەڵ ئەمانەشدا کۆمەڵێک میکانیزمی سەرەتایی کارکردن و ڕاستی ئەم تیورییانەی بۆ نارد. بەڵام ڕاموناجان، وەک عادەتی خۆی هەرگیز فێرنەبوبو کە هەنگاوە یەک لەدوی یەکەکانی سەلماندنی تیۆرییەکان بنوسێت، بەڵکو تەنها دەرەنجامەکەی دەخستە سەر کاخەز. یەکێک لەم تیورییانە پەیوەستە بەڕەوشی پرسی چاڵە یان کونە ڕەشەکانەوە (کە ئەو کاتە هێشتا چەمکی چاڵە ڕيشەکان لەدایک نەبوبو). دوای نەوەد ساڵ، لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2012 دا ڕاستی ئەم تیورە لە زانکۆی ئیمۆری لە ئەمەریکا، زۆر بە جوانی سەلمێنرا و بۆ یەکججارەکی یەکلایی بوەوە.

[v] شاکونتالا دێڤی (1939 –    ) لە هندستان لەدایکبوە، بەهرەیەکی لە ئاسابەدەری ژماردن و حسابکردن و یاریکردنی بە ژمارە هەیە و لە ساتە چرکەدا دەتوانێت دەیان ڕەگی دوجا بدۆزێتەوە، بە جۆرێک مایەی سەرسوڕمانی هەمو کەسێکە. لە تەمەنی سێ ساڵیدا دەبێت کە خەریکی فێڵی وەرەقەی یاری دەبێت لەگەڵ بابیدا ئیتر لێرەدا دەردەکەوێت کە منداڵێکی بلیمەتە. لە ساڵی 1977 دا و تەنها بە مێشکی توانی بیست و سێهەم ڕەگی ژمارەیەکی بدۆزییەوە کە درێژییەکەی 201 ڕەقەم بو.

[vi]هیوادارم خوێنەری خۆشەویست لەمەڕ ئەم بەشەی بابەتەکە هیلاکی و هەناسەسواری بەدی نەکات، من خۆم بابەتی کوانتەم زۆر بە بابەتێکی قورس دەزانم و تێگەیشتنی (لای من) هەروا هاسان نییە؟ .

[vii] پرینسیپی نایەقینی هایزنبێرگ، لە میکانیکی کوانتەمدا بەوجۆرەیە کە دەڵێت ئەگەر بتەوێت دو – خاسیەتی فیزیکیی تەنۆلکەیەک بە وردی بپێویت، ئەوا پێوانی وردی یەکێکیان کەمترە لەوی تریان. بۆ نمونە دەتەوێت هەردو خاسیەتی مەوقیع و تەوژم (زخم momentum) ی تەنۆلکەیەک پێکەوە بزانیت و بپێویت. ئەوا پێوانی یەکێکیان هی ئەوی تریان کەم دەکاتەوە. واتە کۆنترۆڵی هەردو خاسیتەکە لە هەمان کاتدا ناکرێت.




فەلسەفە و زانست

نووسینی: گرانت بارتلی

وەرگێڕانی: ژیار فەزڵەدین

ئەم بابەتە تا ڕاددەیەک وەڵامێکە بۆ هێرشێکی بچووک کە لەم کۆتاییەدا بۆ سەر فەلسەفە کرا لەلایەن هەندێ زاناوە. ئەوە ڕاستە کە کە هەندێک لاوازی پێکهاتەیی بوونی هەیە لە فەلسەفەی ئەکادیمیی دا: وردبوونەوەی بێ مانای بێ کۆتا دەربارەی کۆمەڵە وردەکارییەکی نا ڕوون لەکاتێکدا بنچینەکان دانەمەزرێندراون؛ وادەرکەوتەی کەم بایەخی لە کارپێکردنی ئەنجامەکانی لەسەر جیهانی دەرەکی دا؛ وە کێشە دێرینەکەی کە ‘هیچ شتێک هەرگیز چارەنابێت’. هەرچەندە، ئەوە شتێکە تۆ بڵێیت کە کارەکە بەو شێوە ئەنجام نادرێت کە پێویست دەکات ئەنجامبدرێت، وە شتێکی دیکەیە کە بڵێیت کە شایەنی ئەنجامدان نییە، وە زۆرێک لە ڕەخنەکان لەم کۆتاییەدا وا کراون وەک ئەوەی فەلسەفە جۆرێکی بێ ئامانجی پلە نزمی زانست بێت. ئەم فیشەکە هەڵخەڵەتێنەرە ئامانجەکەی خۆی ناپێکێت. با ئێمە بە کورتی و چەمکانە ( فەلسەفییانە) هەردوو هەوڵەکە شی بکەینەوە، وە ببینین چ کاتێ  ‘زانست باشە، فەلسەفە خراپە’ بانگەشەیەکی ماقووڵە، وە چ کاتێک قسەی بۆش و بێ مانایە، وە فەلسەفە تاکە یارییە بۆ ئەنجامدان.

دەتوانین پێناسەیەکی بەکەڵکی زانست بکەین وەک پرۆسەیەکی سیستەمکراو بۆ داڕشتنی ڕێسا/پرەنسیپ ەکان لەڕێی تێڕامان ( Observation)ەوە ( بەتایبەت لەڕێی ئەزموونەوە) دەربارەی چۆنیەتی ڕەفتارکردنی بینراوەکە. فەلسەفە بەهەمان شێوە دەیەوێت پەردە لەسەر ڕێسا/پرەنسیپ ەکان لادات، هەرچەندە ئەم بە تەنها بینراوەکانەوە سنووردار نییە. کەواتە یەکەم شت کە سەرنجی بدەین لەم جیاوازییە ئەوەیە بە نادیاری تەنها کاتێک کە تیایدا بەریەککەوتن ڕوودەدات لەو کاتەیە کە فەلسەفە بییەوێت کۆمەڵە پرینسیپێک دەربارەی ڕەوشتی بینراوەکان داڕێژێت. بەڵام، فەلسەفەی سروشتی – ئەوەی کە ئێستا پێی دەوترێت زانست – چەند سەدەیەک پێش ئێستا لە لایەنی فەلسەفە جیا بووەوە بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو بەشە بچووکە. هەرچی وەک فەلسەفە ماوەتەوە لە ئەمڕۆدا نە دەیەوێت ببێت بە زانست، نە دەیەوێت ئەو پرسیارانە بکات کە زانست دەیانکات. دووەم شت کە دەبێت تێبینی بکرێت – وە دوپات بکرێتەوە، گەرچی بۆشیش دەردەکەویت، بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت زانست زیاد لە خۆی در زیاد لە خۆی درێژکەنەوە – پێجەوانەکەی خاڵی یەکەمە. بە پێی پێناسە، زانست بریتییە لە دامەزراندنی پرەنسیپەکان بەهۆی تێڕامانەوە. ئەمەش لەسەری پێویست دەکات کە دیووە هەرگیز ناسەرنجڵێدراوەکەی/نەبینراوەکەی ( Unobservable) واقیع شتانێک نین کە خودی زانست خۆیان پیوە تەرخان بکات. ئەمە زۆر ئاشکرایە بۆ بابەتەکانی ئەخلاق ( Ethics) و میتافیزیک ( Metaphysics) (میتافیزیک سروشتی ڕەهای واقیع بەوە دادەنێت کە لە سەروو دەرکەوتە فیزیکییەکانەوە بن). بۆ نموونە، ئێمە ناکرێت ڕاستەوخۆ سەرنج لە ڕاستییە ئەخلاقییەکان بدەین، بۆیە دەبێت ئەندێشە و هزرمان بەکارنهێنین بۆ قەبڵاندنیان و قسەکردن دەربارەیان، کە لەوساتەشدا ئێمە فەلسەفە بەئەنجامدێنین.

بە گشتی، ئەم جیاکارییەی بوارەکانی بایەخدان و میتۆدەکان ئەوە ناگەیەنێت کە وا باشنەبێت زانست  لە نزیکەوە ئاگاداری فەلسەفە ببێت، یاخود بە پێچەوانەوە. فەلسەفە بەهەمانشێوە بە ڕەهایی بایەخ دەدات بە واقیع، بۆیە ئەوە گەمژەییە بۆی ئەگەر بە بایەخدارییەوە لەوەی زانستی دامەزراو دەربارەی بابەتێک دەیڵێت نەڕوانێت. بەپێچەوانەشەوە، میتافیزیک وەڵامێکی سروشتییە بۆ فیزیای مۆدێرن. بێگوومان ‘ئایا دەرئەنجامەکانی میکانیکی کوانتەم چییە بۆ چۆنییەتی بیرکردنەوەمان دەربارەی سروشتی واقیع؟’ پرسیارێکی گرنگە، بۆ نموونە. پیناسەکەی زانست بەهەمان شێوە ئەوە دەگەیەنیت کە تا ئێستا کە فیزیازانان قەبڵاندن دەکەن دەربارەی سروشتی واقیع زۆر زیاتر لەوەی کە دەتوانن تاقیکردنەوەی بەرچاو(foreseeably test )ی بکەن، ئەوسا هێندەش دوور، وە بێ گوێدانە ئەو ناوانەی لێی دەنێن، ئەوان میتافیزیک – فەلسەفە ئەنجامدەدەن! (بیرۆکەی کۆمەڵە-گەردوون ” Multiverse” یەکێکە لەو هێشتا-تاقینەکراوە بەشێک لە قەبڵاندنی میتافیزیکی یە کە زۆرێک لە زاناکان پێی دەڵێن ‘زانست’.) بەداخەوە، ئەو شێوازەی زۆرێک لە فیزیازانان میتافیزیکەکەیان بەئەنجامدێنن دەرخەری کەمتەرخەمییەکی ئازاربەخشە لە دووربینی میتافیزیکی. بۆ نموونە، زۆرێکیان هەر ناوی ئیمانوێک کانت یان نەبیستووە، یاخود ئەوەی کە جیاکارییەکەی ئەو لەنێوان دەرکەوتە و واقیع زۆر پێویستە و بێ جێگرەوەیە بۆ بیرکردنەوەیەکی ژیرانە دەربارەی سروشتی گەردوون- بەتایبەتیش فیزیای مۆدێرن، وەک من پێم وایە. بۆ نموونە، ئایا بۆشایی ( Space) و کات ( Time) چییە؟ پێشگریمانەی ئەوە مەکە کە تۆ تێگەیشتنێکی قووڵت هەیە دەربارەی ئەم مەیدانانە هەتاکو نەزانیت کە کانت دەربارەیان چی وتووە.

میتافیزیک زیاتر دەبێتە بابەتێکی خاوەن پەیوەندی بە فیزیاوە کە کەمتر لەوەی مۆدێلە فیزیاییە رۆژانانەکان بوون. بەڵام، گرنگە فەیلەسووفان ئەوەشیان لەبیربێت کە زانست پرۆسەیە، وە مۆدێلەکانی ئێستای بۆ چۆنییەتی ئیشکردنی شتەکان، هەرچەندە گەر ڕاستیش بن بۆ چەندە شتی زیاتریش، تەنها لە هێندی دیاریکراوی خۆیاندا ڕاستن. وە بەپێی کات بە مۆدێلی باشتر جێگەیان دەگیرێتەوە. ئەمەش دەرئەنجامی فەلسەفی هەیە لەبەرئەوەی، هەرچەندە مۆدێلە زانستییەکان زیاتر بەرەو وردی بوون چوون وە زیاتر گشتگیر بوون لە ڕووی هێزی پێشبینیکردنیانەوە، لەگەڵ هەر پارادایمێکی تازەدا ئەو شێوازەی کە ئێمە بەردەوام دەربارەی سروشتی واقیع پێی بیر دەکەینەوە-بەواتایەکی دیکە، ئەو دەرئەنجامە میتافیزیکییانەی مۆدێلە زانستییەکان پێمانی دەبەخشن- دەکەوێت وەک کەوتنی پەروانەکەش(ئەو پەروانەی  سەر هەندێک ماڵان کە بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەی با بەکاردێت)ێک لە ساتەوەختی گەردەلوولێک دا. بۆ نموونە، بۆشایی (Space ) لە فیزیای نیوتنی دا ڕەهایە، لەکاتێکدا بۆشایی (کات) لە فیزیای ئاینشتاینی دا ڕێژەییە لەگەڵ جوڵەی بینەر دا؛ وە هەروەها بەو شێوەیە.

ئەم کێشەیە نیشاندەری ئەو شێوازە تێکدەرە ڕوناکبیرییانەیەیە کە دەکرێت چارەسەر بکرێت بە هێرشێکی سنوور شکێنی فەیلەسووفان بۆ ناو زانست. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە چۆن تێگەیشتن بەهۆی فەلسەفەوە دەکرێت سوودی هەبێت بە بەکارهێنانی بۆ زانست. ئێمە کێشە فەلسەفییەکانی کە لەلایەن زانستەوە دروست دەبن – چۆن تیۆریای ئاژاوەیی(Chaos Theory ) هاندەرمان دەبێت بۆ بیرکردنەوە دەربارەی توانای پێشبینیکردن و پەیوەندیدارییەتی؟ وە هەروەها کێشەیەکی فەلسەفی کە لە هەمان کاتدا پرسیارێکی زانستە- بۆچی ئاوێنەکان چەپ و ڕاست پێچەوانە دەکەنەوە بەڵام سەر و خوار نا؟ هەروەها ئێمە نموونەیەکی چاکی خۆ بە فیزیازانێکی فەلسەفییاوی دادەنێت، ڕیچارد فاینمان کە هزر و ئەندێشەی بەکاردەهێنێت بۆ بیرکردنەوە دەربارەی زانست.( ئەمە هەمان شتی بەکارهێنانی تێڕامانی زانستی نییە بۆ وەبەرهێنان و تاقیکردنەوەی تیۆریایەک دەربارەی زانست- وای بۆ دەچم ئەمەیان زانستی مێتازانست بێت، یاخود لەوەدەچێت گونجاو بێت پێی بڵێین مێتالۆجی!) یاخود، لە بەری ئەولای سنوورەکەوە، کاترین مالابوو دەبینین کە وایدەبینێت کە سنوورێک هەیە بۆ چۆنییەتی جوان زەربرلێکردنی دۆزینەوە زانستییەکان بۆ ناو هەر فەلسەفەیەکی ویستراو لەپێناو پاساوبۆهێناناوەی زانست بۆی. ئەم نووسراوانانە  بەیەکەوە دەرخەری ئەو بە پیتبوونە بەرهەمدارەن  کە دەکرێت بەهۆی بەکارهێنانی فەلسەفە بۆ زانست بەدەست بهینرێت. بۆیە ڕێبدەن فەلسەفە زانستی بێت، وە زانستیش فەلسەفی، لەکاتێکدا ڕێش بدەین کە زانست زانستیش بێت و فەلسەفەش بەلسەفە بێت، وە بزانین کامیان کامیانن.

لینکی بابەتەکە:

https://philosophynow.org/issues/114/Philosophy_and_Science

[1] ئەمە بابەتی سەرەکی گۆڤاری “Philosophy Now ” ی مانکی ٦-٧ ی ٢٠١٦ یە. جێگەی باسە ئەم گۆڤارە خەڵاتی ڕەسڵی ساڵی ٢٠١٦ ی بەدەست هێنا لەپێناو خزمەتکردنیان بە بواری فەلسەفە.

Print