گالیلۆ لە بەردەم دادگادا

نوسینی و ئامادەکردنی: شێرکۆ ڕەشید قادر

گالیلۆ لە بەردەم دادگادا، ١٦٣٣


دوای حوکمەکەی، گالیلۆ لە ژێر لێوەوە بە ورتە گوتی، ‘هەر دەجوڵێت!’

لە 22 ی حوزەیرانی 1633 لە رۆما ، پیاوێکی ریش سپی، سەرتاپا پۆشاکی سپی پۆشیبو، شەرمەزار و پەشیمان لە کردەوەکانی، لە بەردەم حەوت پیاوی کڵێسەدا چۆکی دادابو داوای بەزەیی دەکرد و پاکانەی دەنوسی. ئەم پیاوە ردێن سپییە، لە ئیمانداری و خواپەرستیدا لەوان زۆر زیاتر مەسیحی بو، بەڵام تەنها بە دڵی ئەوان کتێبەکەی نەنوسی، بۆیە لێرەدا دەیانەوێت ریسوای ئەم دنیا و ئەو دنیای بکەن. ئەم ئیختیارە، گالیلۆ گالیلەی بو، لە بەردەمیاندا گوتی:

”من، گالیلۆ گالیلەی، کوڕی ڤینچینسۆی فلۆرەنسی، تەمەنم هەفتا ساڵە، خۆم هاتوم بۆ دادگا، لەبەردەمی ئێوەدا چۆکم داداوە، ئێوەی کاردینالی  لۆرد و قەشەی گەورە، ئێوەیەک کە موحەقیقی گشتی دونیای مەسیحی هەموانن لە دژ کافرانی فاسق. لە بەردەم چاوانمدا کتێبی پیرۆز دانراوە و دەستی پیادەدەم، سوێند دەخۆم کە هەمیشە باوەڕم وابوە، لە ئایندەشدا، بە یارمەتی خودای گەورە، باوەڕم هەروا دەبێت، ئیمانم هەیە بە هەرچی بەندێک لە کاتۆلیکی پیرۆز و کڵێسەی رۆما تەبەننای دەکات، فێری خەڵکی دەکات و بانگی  بۆ دەدات.”

لەم بەروارەدا، دو دونیا بە یەکدا هاتن، دونیایەک کە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەمو کایەکانی کۆمەڵدا هەبو، دنیایەکی تریش کە تازە بە تازە وەک فۆرمێکی مۆدێرنە خەریکی گاگۆلکە بو، دونیای یەکەم ئیمانی بە پیرۆزی ئەبەدی و ڕەهای خۆی و هەقیقەتەکانی هەبو، دونیای نوێش ئیمانی بە هەقیقەتی ماتماتیکی و تاقیکردنەوە بو. دونیای یەکەم مزگێنی بە مرۆ دەبەخشی لەسەر بنەمای گوێڕایەڵی دەرسەکانی پیاوانی کڵێسە، دونیای دوەم بانگەوازی کۆنترۆڵی سروشتی بۆ خزمەتی مرۆ دەکرد لەسەر عەرد. دونیای یەکەم کتێبە پیرۆزەکانی لەو دیو دەروازەکانی کڵێسەوە توند گرتبو، بە جۆرێک خەڵکی عەوام بۆی نەبو ڕاستەوخۆ بیخوێننەوە، دونیای دوەم بانگەوازی بیرکردنەوەی ئازادی دەکرد و دەیگوت مرۆ مافی خۆیەتی ئەم کتێبانە بە چاوانی خۆی ببنینێ و بە ئەقڵی خۆی هەڵیان سەنگێنێ. دونیای یەکەم دونیای دوەمی پێ قبوڵ نەبو، سەرتاپا ڕەتی کردەوە. کاتێک ئەم دو دنیایە ڕوبەڕوی یەکتر بونەوە، پاڵەوانی دونیای یەکەم پیاوانی بەدەسەڵاتی کڵێسە و پاڵەوانی دوەم، هەرچەندە بە سیما و ڕواڵەت و بە فیعلی گالیلۆ بو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بریتی بو لە گۆڕینی پێگەی دونیا خۆی، بە واتایەکی تر دونیا چیتر لە حاڵەتی وەستاندا نیە، چیتر عەرشی گەردون نیە و مرۆفیش چیتر ئەو مەخلوقە پیرۆزە ئەبەدییە نیە کە سەدان ساڵە پێمان دەڵێن، بەڵکو وەک هەر کائینێکی تر لەم گەردونەدا بونی هەیە و لە هیچیان زیاتر نیە. بەمجۆرە پەیامی دونیای دوەم پەیامی نوێی گالیلۆ بو کە خۆی لە سیمای سیستەمی نوێی کۆپەرنیکۆسی، مۆدڵی چەقە – خۆریدا نمایش کردبو. ئاکامی ئەم ململانێیە تراژیدیایەکی گەورە بو، دونیای یەکەم لە سایەی هەڕەشە و گوڕەشەی ئەشکەنجەدا چۆکی بە دونیای دوەم دادا، گالیلۆ بە روکەش دۆڕاندی، سازشیکرد، پاکانەی نوسی و گوتی من هەڵەبوم، زۆر هەڵە بوم، هەرگیز زەوی بە دەوری خۆردا ناسوڕێتەوە، مۆدڵی کۆپەرنیکۆس جگە لە فەرزیەیەکی ماتماتیکی هیچ هەقیقتێک لەخۆناگرێت، من چیتر دەرسەکانی سیستەمی چەقە – خۆری ناڵێمەوە و بانگەشەی لە نێو خەڵکدا ناکەم، زەوی جێگیرە، کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆیی و ئەسترۆنۆمی پەتلیمۆسی راستییەکی رەهایە. گالیلۆ حوکمی دەست بەسەری هەتا هەتایی درا. کە هەستایە سەرپێ بۆ ئەوەی رەوانەی دەست بەسەری یەکجارەکی بکەن، لە پەنجەرەکەوە پشیلەیەکی بینی دەجوڵایەوە، گالیلۆ لە ژێر لێوەوە ورتەیەکی کرد و وەک دەڵێن گوتی،” هەر دەجوڵێت.” بەڵێ گالیلۆ هەرگیز بە دڵ و بە رۆح سازشی نەکرد، لای وی عەرد هەر دەجوڵێت و پەشیمانی لە دوا نییە. گالیلۆ سێ ساڵ دەست بەسەر بو، دوایی ناردیانەوە بۆ ماڵی خۆی، بەڵام هەرگیز بۆی نەبو بچێتە دەرەوە، یان خەڵکی هاموشۆی بکەن، دوایی چاوانی لەدەستدا و بوە بنیادەمێکی نابینا و بە هۆی لاوازی و سیحەتی خراپەوە لە 1642 دا، لە ژورێکی تەنها و بۆ یکجاری ماڵئاوایی لە هەمو دۆستان و نەیارانی کرد. پاپا ئوربانی هەشتەم مۆڵەتی نەدا بە فەرمی بنێژرێت و گۆڕی بۆ هەڵبەستن، تەنانەت رازی نەبو ناویش لەسەر گۆڕەکەی بنوسن، ئیتر لە گۆشەیەکی کڵێسەیەکی فلۆرەنسادا بێ ناو و بێ ناونیشان ناشتیان. بە داخەوە پیاوانی کڵێسە لەو سەردەمانەدا ئاینی خودا و پەیامی پیرۆزی ئیلاهییان بەکارهێنا بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەقیقەتێکی کۆپەرنیکۆسی هیچ مەترسییەکی بۆ ئایینی ئاسمانی نەبو، بەڵام پاسەوانانی کڵێسە لەسەر روی عەرد لێی ترسان و تۆقین، هەر بۆیەش گالیلۆیان راپێچی دەست بەسەری کرد. گالیلۆ شەڕەکەی دۆڕاند، بەڵام مرۆڤایەتی و زانستی نوێ جەنگەکەیان بردەوە. بەمجۆرە کڵێسە دەنگی ئازاد و بیرکردنەوەی سەربەستی کپکرد، ئیتاڵیا کە ناوەندی یەکەمی رێنیسانس و شۆڕشی زانستی بو بە ئاراستەی بێدەنگی هەنگاوی هەڵگرت، زانست لێرە بارگەی لێ پێچایەوە و بەرەو باکوری ئەوروپا و وڵاتی ئنگلستان جوڵەی کرد، لێرە، لە وڵاتی ئنگلیز، لە ساڵی 1642، هەمان ساڵی مردنی گالیلۆ، یەکێک لە بلیمەترین زاناکانی مێژوی مرۆڤایەتی لەدایکبو، ئەو ئنسانە نیوتن بو. نیوتن نەک هەر پەیامەکەی گالیلۆی بەرزکردەوە و ژیاندەوە، بەڵکو، بە پشت بەستن بە یاسای گالیلۆ لەمەڕ جوڵە، توانی گەورەترن پەنهانی هێزی گەردون بۆ بەشەرییەت بە فۆرمێکی ماتماتیکی واڵا بات، ئەو هێزەش بریتی بو لە هێزی کێشکردنی گەردونی و یاسای دوجای پێچەوانەیی. هەم گالیلۆ و هەم نیوتن دو ئیمانداری گەورە و لە خواترس بون، هەرگیز رۆژێک لە دژی ئایین قسەیان نەکردوە، بەڵکو پیاوانی کڵێسە کتێبی پیرۆزیان خستەگەڕ بۆ سزادانی زانست و رابەرانی. ساڵان هات و ساڵان چو، کڵێسەی کاتۆلیکی، دوای چەندین جار پێداچونەوە، سەرەنجام، لە ساڵی 1995 دا، بە فەرمی داوای لێبوردنی لە گالیلۆ کرد و ڤاتیکان لە بەردەم کۆمەڵگای جیهانی و زانستدا گوتیان لە پرسی گالیلۆدا هەڵەیەکی گەورەیان کردوە.

 




زانستی فیزیا لە ئاستی دوورییە گەردوونییە جیاوازەکاندا.

نوسین و ئامادەکردنی:د. پێشواز عەبدولکەریم

ئایا بۆچی دەبێت بۆ دونیایی وردی گەردیلە و تەنۆلکە سەرەتاییەکان فیزیایەکی جودا لە فیزیای دونیای زەبەلاحی ئەستێرە و گەلە ئەستێرەکان بونی هەبێت؟ ئەگەر ئێمە بۆ ساتێك ئاوڕێك بدەینەوە لە مێژووی زانستی فیزیا، ئەوا دەبینین کەسەرەتا توانیومانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دونیایەدا بکەین کە ڕاستەوخۆ بەبێ یارمەتی هیچ تەکنەلۆژیایەك لێکدانەوە بۆ دیاردەکان و سەرچاوەی جوڵە و خولگەی تەنەکانی ناوی بکەین. ئەم دونیایەش بە نزیکەی لەو تەنۆلکانەوە دەست پێدەکات کە دەتوانرێت بە چاوی ئاسایی ببینرێت، تا دەگاتە خۆر و هەسارەکانی نێو کۆمەڵەی خۆر، ئەم دونیایەش ناونراوە دونیای ماکرۆسكۆپیك. فیزیای کلاسیکی نیوتن نمونەیەکی بەرچاوی ئەم دونیا ماکرۆسکۆپیکەیە.

گەردوون لە پێوەرە گەورەکاندا

دواتر وردەوردە لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیادا مرۆڤ توانی ئاشنا ببێت بە دونیایەکی دیکە کە پێشتر نەدەتوانرا ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەم دونیایەش بریتی بوو لە دونیایی شتە وردەکان، یاخود مایکرۆسکۆپیکی ئەتۆم و تەنۆلکە بوندیادییەکان. لەم دونیایەشدا چەندین دیاردەی سەرنج ڕاکێش و سەرسوڕهێنەر بەدی کرا کە فیزیایی نیوتن دەستەواستان بوو لە ئاست لێکدانەوەیاندا. بۆ نمونە دیاردەی کارۆڕووناکی، تیشکدانەوەی تەنی ڕەش بە گەرمی، شەبەنگی گەردیلەکان و چەندینی تریش. زیاتر وردبونەوەش لەم دونیایە ئێمەی بە فیزیایەکی نوێ ئاشناکرد کە بە میکانیکی کوانتەم ناسراوە. فراوان کردنی فیزیایی کلاسیکی بەمەوە نەوەستا بەڵکو هاوکاتی میکانیکی کوانتەم لقێکی زۆر گرنگ و نوێی زانستی فیزیا سەری هەڵدا، کە ئەویش بریتی بوو لە تێوری ڕێژەیی ئاینشتاین.

گەردوون لە پێوەری مایکرۆسکۆپیکیدا (پێوەری شتە وردەکان)

ئاینشتاین ئەو ڕاستییەی بەدی کرد کە فیزیایی کلاسیکی نیوتن تەنها لە سنوری خێراییە کەمەکان و هێزی کێشکردنی لاوازدا ڕاستە. بۆ نمونە بە پێی فیزیایی کلاسیکی نیوتن زەمان و مەکان جودا لەیەکدی دوو بڕی پەتین و بەهیچ شێوەیەك پشت بە گۆشەنیگای تێڕوانین و دۆخی جوڵەی تێبینیکەرەکان نابەستن، وە هیچ سنورێك بۆ زیاد بوون لە خێرای تەنەکاندا نی یە. بەڵام دواتر لە گەڵ لەدایكبوونی تێورییەك بۆ لێکدانەوەی دیاردەکانی کارەبا و موگناتیس و بڵاوبونەوەی شەپۆلەکانی کارۆموگناتیسی، لەلایەن ماکسوێڵەوە، ئەوە ڕونببوەوە کە وا خێرای بڵاوبونەوەی شەپۆلی کارۆموگناتیسی یەکان کە ڕوناکیش لەخۆ دەگرێت، نەگۆڕە و بە هیچ شێوەیەك پشت بە دۆخ و خێرایی تێڕوانین نابەستێت. ئەم خاڵە جەوهەرییەبوو کە وا ئاینشتاین درکی پێکرد، وە توانی تێۆری ڕێژەی کلاسیکی نیوتن فراوان بکات و هەموو دیاردە میکانیکی و کارۆموگناتیسی یەکان لە خۆ بگرێت، کە تێیدا زەمان و مەکان دوو بڕی ڕێژەیین بەڵام خێرای ڕوناکی بڕێکی پەتیی یە. دواتر توانی تێوری ڕێژەی فراوانتربکات، لە دوتوێی تێۆری ڕێژەیی گشتیدا، بە شێوەیەك کە تاودان و هێزی کێشکردنیش لەخۆ بگرێت. لە ڕۆژگاری ئەم ڕۆدا تێۆری ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین تەنها تێۆرییە کە زاناکن پشتی پێدەبەستن لە لێکدانەوەی دیاردەکان و جوڵەی تەنەکان لە دونیایی زەبەلاحی ماکرۆسکۆپی گەردونیدا.

دواجار و بۆ جارێکی تر ئاشنای دونیایەکی زۆر گەورەتر بووین لە ئاستی جیهانی زەبەلاحی گەردوونیدا، ئەویش بریتی بوو لە تێبینی کردن و هەستکردن بە بوونی جیهانێکی زۆر گەورە و بەرفراوانتر لە ئەودی و کۆمەڵەی خۆرەوە. بۆ نمونە بۆ مان دەرکەوت کە وا ملێۆنەها گەلە ئەستێرە بوونی هەیە کە ئێمە و ئە وئاسمانەی پێیی ئاشنانین تەنها یەك گەلە ئەستێرەیە لە نێو ژمارەیەکی بێ پایاندا. دواتر لەم جیهانەشدا زانستی فیزیا جارێکی تریش توشی سەرسوڕمان هات. بۆ نمونە لە ئاستێکی گەورەی دورییەکانی دەرەوەی گەلە ئەستێرەکان ئەوە ڕونبووەوە کە وا خێرای خولانەوەی ئەستێرەکانی لێواری هەموو گەلە ئەستێرە بینراوەکان زۆر لەوە زیاتر بوو کە بتوانرێت بە بوونی مادەی بینراوی نێو گەلە ئەستێرەکان لێکدانەوەی بۆ بکرێت. بۆ لێکدانەوەی ئەم دیاردە گەردونیەش گریمانەی مادەی تاریك کردا. دواتر دەرکەوت کە وا کشانی گەردوون لە جیاتی ئەوەی وردە وردە خاو ببێتەوە کشانەکەی خێرا تر دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش گریمانەی بونی وزەی تاریکیان کرد. بەم شێوەیەش لە ئێستادا تەنها لە سەدا پێنجی گەردوونی بینراو لە مادە و وزەیەك پێكدێت کە وا ئێمە پێی ئاشناین، لە سەدا نەوەد و پێنج و بگرە زیاتریشی لە مادەی تاریك و وزەی تاریك پێك دێت.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، جگە لە دونیایی مایکرۆسکۆپیك کە فیزیایی کوانتەم میکانیك تیایدا باڵا دەستە وە دونیایی ماکرۆسکۆپی گەردوونی کە تێوری ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین تیایدا باڵادەستە، ئایا یەکخستنی ئەم دوو دنیا جیاوازەی فیزیا لە دوتوێی تێۆریی یەکی نوێدا دەتوانێت لێکدانەوە بۆ مادە و وزەی تاریك بکات؟ یاخود نەخێر ئەم دونیا نوێیەی مادە و وزەی تاریك پێویستی بە لێکدانەوە و فیزیایەکی تەواو نوێ هەیە؟ بۆ نمونە بونی هێزی ژمارە پێنج بەدەر لە هێزی کێشکردن، هێزی کارۆموگناتیسی، هێزی لاوازی ناوکی و هیزی بەهیزی ناوکی. ئەوەی دوەمیان تۆزێك بێزارکەر دەبێت و لەوەش ناچێت ئاڕاستەیەکی ڕاست بێت!!!، چونکە ئەو کات لەباتی دوو فیزیای جیاواز سێ جۆر فیزیای بۆ سێ دونیایی جیاواز بوونی دەبێت.

لە کۆتایدا ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە، هەموومان ئەو ڕاستیە باش دەزانین کە وا هەموو دونیایی ماکرۆسکۆپیك لە ئەنجامی یەکگرتنی تەنۆلکە و گەردیلەکانی دونیایی مایکرۆسکۆپیكەوە دروستبووە، بۆیە لۆژیك ئەوەیە کە وا هەوڵ بدرێت کوانتەم میکانیك فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لەسەر ئاستی هەموو دورییەکانی گەردوون لێکدانەوەی پێبکرێت. یەکێك لەو هەوڵانەی لەئێستادا لە ئارادایە بریتیە لە بابەتی ئینترۆپیك گرافیتی، کە بریتی یە لە تێۆرییەکی نوێی هێزی کێشکردن. ئەم تێورییە نوێیە دەڵێت گرافیتی لە ئاستی مایکرۆسکۆپیکدا بوونی نییە، تەنها، بەچەشنی پلەی گەرمی کەچۆن لە ئەنجامی جوڵەی تەنۆلکەکانی هەر ناوەندێك بەرهەم دێت، ئەوا گرافیتیش لە ئەنجامی ڕیزبوونەوەی زانیاری دونیایی وردی مایکرۆسکۆپیك سەرچاوە دەگرێت. ئەم تێوریی یە نوێیە دەڵێت مادەی تاریکمان پێویست نییە بۆ لێکدانەوەی جوڵەی تەنەکانی نێو گەلەئەستێرەکان.

بۆ زیاتر تێگەشتن لەم بابەیە تەماشای ئەم ڤیدیۆیە بکەن:

https://www.youtube.com/watch?v=hByJBdQXjXU

سوپاس…




فیزیای گریكی و فیزیای مۆدێرن

نوسینی:د.عیرفان مستەفا

فیزیای گریكی و فیزیای مۆدێرن هه‌ریه‌كه‌یان نه‌ریتێكی تایبه‌تی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ سروشت و هه‌ریه‌كه‌یان به‌رهه‌می پرسیار گه‌ڵێكی جیاوازن كه‌ عه‌قڵی گریكی و عه‌قڵی ئه‌ورپی هیگڵ وته‌نی له‌ ساتی هوشیاربوونه‌وه‌ی به‌ خۆی له‌ خۆی كردوونی. سروشتناسی گریكی پرسیاره‌كه‌ی له‌ باره‌ی بنه‌ماكانی په‌یدابوونی گه‌ردوونه‌ و بیركردنه‌وه‌كه‌شی گه‌رانه‌ به‌شوێن هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چییه‌و له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌. واته‌ بنه‌مای په‌یدابوونی هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ چییه‌؟ ئه‌رستۆ به‌ دۆزینه‌وه‌ی چوار هۆكاره‌كه‌ی بوون ئه‌م به‌دواداچوونه‌ ده‌گه‌ینێته‌ لوتكه‌. فیزیای مۆدێرن هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ گرنگی به‌وه‌ نه‌داوه‌ كه‌ په‌یدابوون چییه‌، به‌ڵكو گرنگی به‌وه‌ داوه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن هه‌یه‌ و چۆن كار ده‌كات. واته‌ر پرسیاری فیزیای مۆدێرن له‌ باره‌ی ئه‌و بنچینه‌یه‌وه‌ نییه‌ كه‌ په‌یدابوون هه‌یه‌تی و له‌ ڕیگه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ په‌یدا ده‌بێت، به‌ڵكو پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن كارده‌كات. مه‌سه‌له‌ی بنچینه‌ نه‌ك له‌ فیزیای مۆدێرندا به‌ڵكو له‌ هه‌موو زانسته‌ مۆدێرنه‌كاندا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ وه‌لانراوه‌. مۆدرێنیته‌ بوونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دامه‌زراندووه‌ كه‌ نابێت پرسیار له‌ باره‌ی په‌یدابوونی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ بكرێت به‌ڵكو ده‌بێت پرسیار له‌ باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ بكرێت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن هه‌یه‌ چۆن كارده‌كات. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پرسیاری گریكیه‌كان له‌ باره‌ی بنچینه‌و ریشه‌ن ده‌توانین به‌ قوڵتر وه‌سفی بكه‌ین به‌ڵام ناتوانین به‌ وردتر و پێشكه‌وتوو تر هتد وه‌سفی بكه‌ین. فیزیای مۆدێرن یان راستر فیزیای ئه‌ورپی وردتره‌و به‌ گوێره‌ی خۆی له‌ پێشكه‌وتندایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌كه‌ مه‌حكومه‌ به‌ پرسیاری چۆن و كاركردنی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ناكرێت بڵێین قووڵه‌. یان هه‌ر ئه‌سڵه‌ن ناتوانین قسه‌ له‌سه‌ر قووڵی فیزیای مۆدێرن بكه‌ین به‌ڵكو قسه‌ له‌سه‌ر وردی له‌ حساباتا ده‌كه‌ین چونكه‌ ئه‌وعه‌قڵه‌ی كه‌ بیر له‌ كاركردنی ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌، عه‌قڵێ حسابییه‌و جیاوازه‌ له‌وعه‌قڵه‌ی كه‌ ئه‌رستۆ بیری پێكردووه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵین سروشتناسی گریكی قووڵه‌ به‌ڵام سروشتناسی ئه‌ورپی ورده‌. گه‌ر بشیان خه‌ینه‌ ناو به‌راورده‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێین فیزیای گریكی قووڵتره‌ له‌ فیزیای ئه‌ورپی به‌ڵام فیزیای ئه‌ورپی وردتره‌ له‌ فیزیای گریكی. كاتێك هایدگه‌ر وتی زانست بیر ناكاته‌وه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو كه‌ زانست حیسابات ده‌كات، گالیلێ و نیوتن به‌ عه‌قڵێكی حسابی بیر له‌ سروشت ده‌كه‌نه‌وه‌ حساباتیان له‌گه‌ڵ سروشت هه‌یه‌ به‌ڵام عه‌قڵی گریكی عه‌قڵێكه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ و له‌ حساباتدا كۆڵه‌واره‌.

هایدگه‌ر كه‌ ده‌ڵێ زانست بیر ناكاته‌وه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو كه‌ زانست قوڵ نییه‌ چونكه‌ قووڵی خاسیه‌تی بیركردنه‌وه‌یه‌ نه‌ك خاسیه‌تی حسابكردن. خاسیه‌تی حسابكردن ئاڵۆزییه‌. موعاده‌له‌یه‌ك ئاڵۆزه‌ یان ئاڵۆز نییه‌ نه‌ك قووڵه‌ یان سه‌تحییه‌. بیركردنه‌وه‌ ده‌توانین به‌وه‌ وه‌سفی بكه‌ین قووڵ و جه‌وهه‌رییه‌ یان سه‌تحی ورواڵه‌تییه‌. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پرسیاری گه‌ردوون چییه‌ پرسیارێكی گریكییه‌ بیركردنه‌وه‌ی گریكیش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ قووڵ رۆشتووه‌ به‌ڵام ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بواری پرسیاره‌كه‌ی خۆی ده‌رده‌چێت و ده‌یه‌وێت وه‌ڵامی پرسیاری چۆن بداته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌. ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ له‌ فیزیای گریكی گیراون هه‌موویان ده‌كه‌ونه‌ ناوبواری پرسیاری چۆنه‌وه‌ واته‌ بواری پرسیاری گه‌ردون و چۆنه‌ وچۆن كارده‌كات. گه‌ر فیزیای گریكیش له‌ دوای فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ بهاتایه‌ ئه‌وه‌ فیزیای گریكی له‌و شوێنه‌دا هه‌ڵه‌ی له‌ فیزیای مۆدیرن ده‌گرت كه‌ له‌ بواری پرسیاری چۆن ده‌رچووه‌وهاتووه‌ته‌ ناو پرسیاری چییه‌وه‌. فیزیای مۆدیرن له‌ لێكدانه‌وه‌ بۆ په‌یدابوونی گه‌ردوون هه‌میشه‌ له‌ دڵه‌ راوكێدایه‌و كێشه‌ی هه‌یه‌ چونكه‌ له‌ بواره‌ی كاركردنی نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌ی خۆی ده‌رچووه‌و هاتووه‌ته‌ ناو بواری كاركردنی نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌ی گریكییه‌وه‌. بۆیه‌ چۆن فیزیای گریكی له‌ وه‌ڵامدانه‌ی پرسیاری چۆندا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌ ئه‌وه‌ فیزیای مۆدێرنیش له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری په‌یدابووندا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌و ئه‌وه‌ش ده‌زانین له‌ لایان زانایانی فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ كه‌ چۆن ناچاربوون به‌وه‌ی بچنه‌ ناو تیۆلۆجیاوه‌و باس له‌ بوونی خواو نه‌بوونی خوا بكه‌ن. گریكییه‌كان كه‌ له‌ په‌یدابوونی گه‌ردوونیان كۆڵیووه‌ته‌وه بوونی خوا ونه‌بوونی نه‌بووه‌ته‌ پرسیار له‌لایان. فیزیا مۆدێرن كه‌ دێته‌ ناو بواری كاركردنی فیزیای گریكییه‌وه‌ زانست به‌ره‌و میتۆس ده‌بات به‌ هه‌مان شێوه‌ی عه‌قڵی گریكی به‌ چوونی بۆ ناو بواری فیزیای مۆدێرن كه‌ بواری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری چۆنه‌، ئه‌ویش كه‌و تووه‌ته‌ ناومیتۆسه‌وه.




بیرۆکەی کونی ڕەش

نوسینی: ستیڤین هۆوکینگ
وەرگێرانی: کەیوان ئومێد

لەساڵی١٩٦٧دا وێرنەر ئیسرائیل ئەنجامێکی گرنگی بەدەست هێنا، کاتێک کە نیشانیدا کە ئەگەر پاشماوەی ئەستێرەیەک کە ناخولێتەوە بەتەواوی گۆیی نەبێت، ئەوا خاڵە ناکۆتا چڕەکەی دەکرێ لەلایەن چاودێرێکی دەرەکییەوە ببینرێت. ئەمەش مانای پککەوتنی بیردۆزی ڕێژەی گشتیە لە خاڵە چڕی ناکۆتاکاندا کە لە داڕمانی ئەستێرەکانەوە دروستدەبن، ئەمەش دەبێت هۆی لەناوبردنی توانای ئێمە بۆ پێشبینی کردنی داهاتووی بەشەکانی دیکەی گەردوون.

کونەڕەشەکان

لەسەرەتادا ، زۆربەی خەڵکی، بە ئیسرائیل خۆیشیەوە، وا بیریاندەکردەوە کە چونکە ئەستێرە ڕاستەقینەکان بەتەواوی گۆیی نین، داڕمانیان دەبێتە هۆی دروستبوونی خاڵی ناکۆتا چڕی بینراو ،وە نەمانی توانای پێشبینیکردن. بەڵام لێکدانەوەیەکی جیاواز پێشکەشکرا لەلایەن ڕۆجەر پێنڕۆس و جۆن ویلەرەوە : ئەوان پێشنیاریان کرد کە پاشماوەی ئەستێرەی نەخولاوەوەی داڕماو بەخێرایی دەگۆڕێن بۆ شێوەی گۆیی. ئەوان پێشنیار یانکرد کە سانسۆری گەردوونی هەیە : سروشت خۆ داپۆشێکە و چڕیە ناکۆتاکان دەشارێتەوە لە کونی ڕەشدا، کە لەوێدا ناتوانرێت ببینرێن.
دەکرێ هەمان ئەو بیردۆزەی کە بۆ بونیادی هۆ و ئەنجامی خاڵە ناکۆتا چڕەکان دانرابوو بۆ کونە ڕەشەکانیش بەکاری بێت، بەتایبەتی دەوروبەری کونەڕەشەکە هەمیشە زیاد دەکات. کاتێک دوو کونی ڕەش بەریەک دەکەون و دەبن بە یەکدانە، ڕووبەری کونە ڕەشە تازەکە زیاترە لە کۆی ڕووبەری هەردوو کونە ڕەشەکە پێش یەکگرتن. ئەم تایبەتمەندییە کە ستیفن و جیم باردین و براندۆن کارتەر دۆزییانەوە مانای ئەوەی دەبەخشی کە ڕووبەر وەک ئینترۆپی کونی ڕەش وایە. ئەمەش پیوانەی ئەوەیە کە کونی ڕەش دەکرێ چەند ئاستی جیاوازی لە ناوەوە هەبێت کە دەرەوەی کونە ڕەشەکە لە ئاستانەدا وەک یەک بن. بەڵام نەدەکرا کە ڕووبەرە بەڕاستی ئینترۆپی بێت، لەبەرئەوەی کە ئەگەر کونی ڕەش ئینترۆپی هەبێت ئەوا پلەی گەرمیشی دەبێت وە تیشکیش دەداتەوە. هەموان وا بیریان دەکردەوە کە کونی ڕەش بەتەواوی ڕەشە و ڕووناکی و هیچ شتێکی تریش ناداتەوە.

ئەو تیشکدانەی لە کونە ڕەشەکە دەردەچێ وزە دەبات لە کونە ڕەشەکە، بۆیە کونە ڕەشەکە بارستاییەکەی وون دەکات و کرژدەبێتەوە . سەرەنجام کونە ڕەشەکە بەتەواوی نامێنێت. ئەمەش کێشەیەکی دروست کرد لە بنچینەی فیزیادا. ئەژمارکردنەکانی من پێشنیاری ئەوەی دەکرد کە تیشکدانەکە بەتەواوی تیشکدانی گەرمی بوو وە هەڕەمەکیش بوو. وە دەبێت هەر وابێت ئەگەر سنووری کونە ڕەشەکە بریتی بێت لە ئینترۆپییەکەی. کەواتە چۆن چۆن دەکرێ ئەو تیشکەی کە لە کونەکەوە دەرچووە و ماوەتەوە زانیاری تێدابێت لەسەر پێکهاتەی کونە ڕەشەکە؟بەڵام ناشکرێ زانیارییەکە ونبێت چونکە ئەمەش ناگونجێ لەگەڵ کوانتەم میکانیک.

تیشکدانی هۆوکینگ

سەرچاوە:کتێبی My Brief History Book by Stephen Hawking




یاسای هەبڵ

وەرگێران و ئامادەکردنی: شێرکۆ ڕەشید قادر

مێژوی فەلەک بریتییە لە مێژوی لە یەکتردورکەوتنەوەی ئاسۆکان.

ئەدوین هەبڵ(1889 – 1953)

یاسای هەبڵ

یەکێک لەو فەلەکناسە هەرە مەزنانەی لە سەدەی بیستەمدا کە بازدانێکی زۆر مەزنی بە کۆسمۆلۆژیا دا و توانی سەرتاپا دیدی خەڵک سەبارەت بە پەرەسەندنی گەردون بگۆڕێت، پیاوێکی ئەمەریکی بە پیشە پارێزەربو.  فەلەکناسی ئەمەریکی ئەدوین هەبڵ یەکەم کەس بوو کە دەرکی بەو هەقیقەتە کرد کە گالاکسییەکانی ئەو دیو سنورەکانی ئەو گالاکسییەی ئێمە داگیرمان کردووە لێمان دوردەکەونەوە. خۆ هەتا زیاتر لە ئێمەوە دوربن، ئەوا خێراتر لێمان دوردەکەونەوە، ئەمەش پێی دەگوترێت یاسای هەبڵ. ئەم جوڵە گالاکسییانە بوون بە سەرەتای سەهەڵدانی بەڵگە لەمەڕ ئەو چەمکەی کە گەردون لە پرۆسەی گەورەبوندایە، ئەم هزرەی هەبڵ بە جۆرێک گەشەی کرد کە تەواو بوو بە هۆی گۆڕانی دیدی مرۆ لە بەرانبەر گەردون و چارەنوسی گەردون.

کاتێک، لە سەدەی شازدەهەمدا، کۆپەرنیکۆس ئەو سیستەمەی پێشکەشکرد کە زەوی بە دەوی خۆردا دەسوڕێتەوە، ئەمە بۆ خۆی بوو بە هۆی بڵاوبونەوەی دودڵی و گومان لای خەڵک، چونکە مرۆ لەسەر ئەو کلتورە ڕاهاتووە کە ئەو زەوییەی لەسەری دەژی چەقی پڕاوپڕی گەردونە. بەڵام لە ساڵی 1920 دا، هەبڵ کۆمەڵێک پێوانی تەلەسکۆپی ئەنجامدا کە بوون بە هۆی دروستکردنی نائارامی زیاتر. هەبڵ ئەوەی خستەڕوو کە سەراپای گەردون دیاردەیەکی ستاتیک و نەگۆڕ نییە، بەڵکو لە گەرەبوندایە.

هەبڵ دیاردەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشی لە مێژوی کۆسمۆلۆژیدا دۆزییەوە، توانی دوری هەندێک لە گالاکسییەکان لەو گالاکسییەوە بپێوێت کە لە مێژودا بە ڕێچکەی شیری ناسراوە و سیستەمی خۆری خۆمان بەشێکە لێی. جگە لەمەش هەبڵ بۆی دەرکەوت کە ئەم گالاکسییانە بە خێراییەکی نسبی لە ئێمە دوردەکەونەوە، ئەو ڕاستییەشی خستەڕو کە هەتا گالاکسییەکان دوربن، ئەوا خێرایی دورکەوتنەوەیان زیاترە، بەمجۆرە یاسایەکی گەڵاڵەکرد کە بە یاسای هەبڵ ناسراوە و دەڵێت: هەتا گالاکسییەکە دورتربێت، ئەوا خێرایی دورەکەوتنەوەی گالاکسییەکە ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ دوررەکەی لە ئێمەوە. واتە ڕێژەی خێرایی بۆ دوری هەمیشە هەمان ژمارەیە و بە نەگۆڕی هەبڵ ناودەبرێت. فەلەکناسان، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەم بەهایەیان دۆزیوەتەوە یاخود پێواوە و زۆر نزیکە لە 72 کیلۆمەتر بۆ چرکە لەسەر مێگاپارسێک(مێگاپارسێک دەکاتە یەک ملیۆن پارسێک، یاخود 3262000 ساڵی ڕوناکی. بەمجۆرە گالاکسییەکان بە بەردەوامی بەم بڕە لە ئێمە دور دەکەونەوە.

مشتومڕی گەورەی سەدەی بیتسەم

بەر لە سەدەی بیستەم، فەلەکناسان بە دەگمەن لە گالاکسیەکەی خۆمان، ئەو گالاکسییەی کە سیستەمی خۆری لەخۆدەگرێت، تێدەگەیشتن. سەدان ئەستێرەیان لە نێو ئەم گالاکسیەدا ژماردبو، سەرنجیان دابو کە زۆرێک لەمانە تەڵخ دەنوێنن و ناویان نابون هەورییەکان(نیبیولا nebulae ). هەندێک لەم هەورییانە بریتی بون لە هەوری گازی کە پەیوەست بون بە لەدایکبون و مردنی ئەستێرەکانەوە. بەڵام هەندێکیان جیاوازبون، لە باتی ئەم وێنەیە، سیمایەکی لولخواردو spiral یان شێوەی هێلکەیی وایان لەخۆگرتبو، کە لە هەورییەکان ڕێکوپێکتر بن. لە ساڵی 1920، دو فەلەکناسی بەناوبانگ سەبارەت بە بناوانی ئەم هەورییانە کەوتنە ئاخاوتن و مشتومڕێکی گەرم هاتەئاراوە. یەکەمیان هارلۆ شاپلی بو کە گوتی هەمو شتێک لە ئاسماندا بەشێكە لە ڕێچکەی شیری، واتە گالاکسییەکەی ئێمە، کە سیستەمی خۆریشی تێدایە،دوەمیش هێبەر کێرتیس Heber Curtis بو، پێشنیازی ئەوەی کرد کە هەندێک لە هەورییەکان گالاکسی دەرەکیین و دەکەونە سنورەکانی دەرەوەی ڕێچکەی شیری(واتە گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆمان). هەبڵ ئەوەی دەرخست کە هەورییە لولخواردوەکان بە ڕاستی گالاکسی دەرەکین. بەمجۆرە دەروازەیەکی نوێ و شۆڕشگێڕانە لە بەردەم توێژینەوەی گەردوندا ئاواڵەبو.

           

هەبڵ ئەو تەلسکۆپە هەرە زەبەلاحەی بەکارهێنا کە لە مێژودا بە تەلەسکۆپی هووکەر ناسراوە و تیرەکەی سەد ئینج(دو سەد و پەنجا سم) بوو. ئەم تەلەسکۆپە لەسەر چیای ویلسن بوو. هەبڵ کەوتە پێوانی ئەو تروسکە ڕوناکییەی لە ئەنجامی تروکەی ئەستێرەکانی ئەندرۆمێدا Andromeda سەرەتاتکێیان لەگەڵ مرۆڤی سەر زەوی دەکرد، ئەندۆرمێدا لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بە گالاکسییە لولخواردوەکان spiral galaxy ناسراون و زیاتر هاوشێوەی ڕێچکە شیرییەکانن. ئەم ئەستێرانە، کە چاوانیان دەتروکاند، بە ئەستێرە گۆڕاوە سێفیەدەکان called Cepheid variable stars ناودەبرێن، ئەو بڕە زەمەنەییەی کە چاوتروکاندنەکە دەیخاینێت پێوەرێکە بۆ گەشاوەیی ناوەکی ئەستێرەکە، بەمجۆرە کاتێک بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن ڕوناکییەکەی دەگۆڕێت، چەند گەشاوەیە، ئەوا بەم پرۆسەی گەشانەوەیە دەتوانین ئەو لوغزە حل بکەین کە چەند دورە. بەم میتۆدە، هەبڵ توانی دوری گالاکسی ئەندرۆمێدا بدۆزێتەوە، دورییەکەی زۆر لە قەبارەی گالاکسییەکەی خۆمان، ڕێچکە شیرییەکان، دورتربو، بەم شێوەیە هەبڵ گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە هەر دەبێت لە دەرەوەی سنورەکانی گالاکسییەکەی ئێمەدا بێت. ئەمەش بو بە هۆی خامۆشکردنی مشتومڕە مەزنەکە، جگە لەمەش، ئەو بیرۆکەیە هاتە ئاراوە کە پێویستە گالاکسی تر لە دەرەوەی گالاکسییەکەی ئێمەدا بونی هەبێت.

پاشان هەبڵ کەوتە کەتەلۆگکردنی دورییەکانی زۆر لە گالاکسییەکان، بۆی دەرکەوت کە ئەو ڕوناکییەی لەو گالاکسییانەوە پەخشدەبن ڕەنگ سورن. بناوانی ئەم بیرکردنەوەی هەبڵ دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی دۆپڵەر(یاخود شیفتی دۆپڵەر)، ساکارترین نمونەش کە ئاماژەیەک یاخود هاوشێوەیەک بێت بۆ ئەم دیاردەیە بریتییە لەوەی کاتێک ئامبولانس(ئیسعاف) لێمان نزیک دەبێتەوە شوتەکەی زیاددەکات و کاتێکیش لێمان دوردەکەوێتەوە شوتەکەت خاودەبێتەوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شەپۆلی ئەو تیشکانەی کە لامان ناسراون، چونکە هێڵەکانی شەبەنگەکان، هەتا سورتر دیاربن، ئەوە هێمایە بۆ دورکەوتنەوە، خۆ ئەگەر شین باو بنوێنن ئەوە ئاماژەیە بۆ نزیکبونەوە. لای هەبڵ شتێکی سەیربو کە هەمو گالاکسییەکان دوردەکەونەوە، تەنها بڕێکی زۆر کەم نەبێت کە بە ئاڕاستەی ئێمە نزیک دەبنەوە، هەبڵ گوتی هەتا دورتر بڕوانیت، گالاکسییەکان خێراتر دوردەکەونەوە.

هەبڵ ئەوەشی بەدیکرد کە گالاکسییەکان نەک هەر لە ئێمە دوردەکەونەوە، بەڵکو لە یەکتریش دوردەکەونەوە، هەبڵ گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە گەردون خۆی لە خۆیدا بە جۆرێک لە فراوانبوندایە کە هەر دەڵێیت میزڵدانێکی زەبەلاحە و هەوای تێدەکرێت. گالاکسییەکانیش وەکو پەڵەیەک وان لەسەر ڕوی میزڵدانەکە، هەتا هەوای زیاتر تێبکرێت، ئەم پەڵە گالاکسییانە لە یەکتر دوردەکەونەوە.

چەندە دور و چەندە خێرا؟

هەتا ئەمڕۆش فەلەکناسان ئەستێرە گۆڕاوەکانی سیفەید Cepheid variable stars بەکاردەهێنن بۆ نەخشەکێشانی فراوانبونی گەردونی دەڤەری local universe’s expansion.  . پێوانی نەگۆڕی هەبڵێ بە شێوەیەکی ورد ئامانجێکی گەورەبوە. بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەین، پێویستە بزانین کە شتەکە چەند دورە و خێراییەکەی یان بڕی سورییەکەی چەندە. پێوانی پلەی سوری یاخود لادانی سوری ڕوناکی ئەم هەسارانە ئەوەندە ئەرکێکی گران نییە، ئەویش لە هێڵە شەبەنگییەکانەوە دەتوانرێت بپێورێت لەگەڵ ئەو درێژی شەپۆلەدا بەراورد بکرێت کە لە تاقیگەدا زانراوە. جیاوازییەکە بڕی سوری ڕوناکی گالاکسییەکەمان پێدەڵێت.

گەلێک میتۆدی جیاواز هەیە بۆ دۆزینەوەی دورییەکان. ئەستێرە سێفییەدەکان بۆ ئەو گالاکسییانەی کە نزیکن و دەتوانیت ئەستێرە تاکەکان لە یەکتر جیابکەیتەوە، بەڵام ئەوانەی کە دورترن، تەکنیکی تر پێویستە. ئەگەر هەمو تەکنیکەکان یەکبخرێن، ئەوا دەتوانرێت پەیژەیەکی پێوانەیی بنیات بنرێت، بەڵام چونکە هەر تەکنیکە و تایبەمەندی خۆی هەیە، ئەوا هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش نایەقینییەکی زۆر لە وردەکاری ئەم ئامێرە پەیژەییە پێوانەکارییەدا هەیە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا نەگۆڕی هەبڵ تا ڕادەیەکی باش و ورد زانراوە و وردییەکشی دەگاتە لە سەدا 10. هۆکاری ئەم ئەنجامە نایابانەش بە پلەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وێنە و ڕامانانەی بە هۆی تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵەوە بەدەستهاتون، ئەمە جگە لە پاشماوەکانی تیشکی باکگراوندی مایکرۆیڤی کە هێشتا و دوای ئەو بلیونەها ساڵە لە ئارادا هەن. فرانبونی گەردون لەگەڵ بیگ بانگ، ئەو تەقینەوە مەزنەی کە لەگەڵ خۆیدا گەردونی خوڵقاند، دەستپێکردوە. ئیتر لەو کاتەوە گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە. یاسای هەبڵ تەمەنی گەردون سنوردار دەکات، چونکە بە بەردەوامی لە گەورەبون یان کشاندایە. خۆ ئەگەر مرۆ بە دوی پرۆسەی گەورەبونی گەردوندا بە ئاڕاستەی دواوە هەنگاو هەڵبگرێت و بگەینە سەرەتاکەی، ئەوا دەتوانین بزانین کە ئەم زەمەنە چەندە، بە حوکمی یاساکەی هەبڵ دەگاتە 14 بلیۆن ساڵ پێش ئێستا. خۆشبەختانە ئەم ڕێژەی گەورەبونەی گەردون هەتا ئێستا بەس نییە بۆ ئەوەی هەرەس بهێنێ، گەردون زۆر نایابانە لە حاڵەتی هارمۆنی و هاوسەنگیدایە.

تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵ

بێگومان ئەمە گەورەترین تەلەسکۆپی فەزاییە. وێنەی ڕێچکە شیرییەکان، گالاکسییە دورەکان و ئەڵقەکانی دەوری ئەستێرەکان هەمیشە لاپەرەی یەکەمی ڕۆژنامەکانی نێو دونیایان لە بیست ساڵی ڕابردودا داگیرکردوە. لە ساڵی 1990 دا، لە کەشتی ئاسمانی دیسکەڤەرییەوە هەڵدراوە، قەبارەکەی دو ئەوندەی پاسی دوقاتی جاران دەبێت، سیازدە مەتر درێژە و چوار مەتر پان، بارستاییەکەشی نزیکەی یازدە تەنە. تەلەسکۆپێکی ئەسترۆنۆمی لەسەرە کە کە پانی ئاوێنەکەی 2.4 مەترە و چەندەها کامێرای ورد و کەشفکەری ئەلکترۆنی لەخۆگرتوە، توانای وێنەگرتنی وێنەی زۆر ورد و شەفافی هەیە. قودرەتی کەشتییەکەی هەبڵ لەوەدایە کە دەکەوێتە سەرو چینەکانی ئەتمۆسفیرییەوە، هەر بۆیەش وێنەکانی لێڵ نین. ئێستا باوەڕی فەلەکناسان وایە کە کەشتییەکە کۆن بوە و چارەنوسی دیارنییە. ناسا دواجار ئامێرەکانی نۆژەن کردوەتەوە، بەڵام کاتێک ناسا پرۆگرامەکەی بۆ دواجار لە کاردەخات، دورنییە بیڕوخێنێت و بە ئاراستەی دەریا نوقمی بکات.

 




ماکس پلانک ( 1858 – 1947)

وەرگێران بەدەسکارییەوە: شێرکۆ ڕەشید قادر

” بێگومان فیزیکی تیوری بابەتێکی زۆر نایابە،…بەڵام پێناچێت تۆ بتوانیت هیچ شتێکی نوێی بخەیتە سەر کە لە بنەڕەتدا گرنگ بێت.” مامۆستایەک ئامۆژگاری پلانک دەکات کە فیزیک نەکات.

ماکس پلانک ( 1858 – 1947)

ماکس پلانک ( 1858 – 1947)

ماکس پلانک یەکێک بو لە فیزیکناسە تیوریستەکان، لە هەمبەر یاساکانی سروشت ئەمەندە فزولی بو کە توانی پێ بنێتە مەملەکەتێکی تەواو نوێی فیزیکەوە – ئەو دونیا تازەیەی بە تیوری کوانتەم ناودەبرێت – بە جۆرێک کە تێگەیشتنی مرۆڤ لە بەرانبەر جیهانی مایکرۆفیزیای ئەتۆم و تەنۆلکە ژێر – ئەتۆمییەکان بگۆڕێت.

ماکس پلانک لە ساڵی 1858، لە کیەڵ، لە ئەڵمانیا، لەدایکبوە. بابی، کە ناوی ژولیەس ویلیام بو، پرۆفیسۆری یاسای دەستوری بو. منداڵەکانی وەها پەروەردەکردبو کە رێز لە موئەسەساتی دەوڵەت و کڵێسە بگرن و خوێندنیان خۆش بوێت. ئەمە جگە لەوەی دەرسی لەمەڕ بەهاکانی لە خۆربوردەیی و راستگۆیی و دادپەوەری دەگوتەوە.

منداڵی و پەروەردە

سەرەتا ماکس پلانک چوە قوتابخانەیەک لە ناوچەکەی خۆیان لە کیەڵ. لە ساڵی  دا1867، کە تەمەنی نۆ ساڵان بو، بابی لە زانکۆی میونیخ بو بە پرۆفیسۆر. ئەو کاتە ماکس پلانکیان نارد بۆ قوتابخانەیەکی بە ناوبانگی جومناسیوم لە شارەکەدا و سەرکەوتوانە توانی قۆناخەکە تەواو بکات، هەرچەندە ساڵانە یەکێک بو لەهەشت یەکەمی پۆلەکە، بەڵام هیچ سیمایەکی بلیمەتی تێدا دەرنەکەوتبو. پێدەچێت هەتا ئەو کاتە هێشتا هیچ خولیا و حەزێکی لە هەمبەر زانست و بیرکاری پیشان نەدابێت. لە راستیدا مەیلی زیاتر بۆ مۆسیقا هەبو، لە نۆتەدا بەهرەیەکی بلیمەتانەی هەبو، جگە لەوەی لە هەر یەک لە پیانۆ و ئۆرگاندا دەست و قامکی زۆر ورد و نایاب بو. لە دوا ساڵانی قۆناخەکانی قوتابخەنەدا، هێدی هێدی کەیفی زیاتر و خولیای قوڵتری چوە سەر فیزیک و ماتماتیک، هۆکاری ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ مامۆستایەکی، کە ناوی هێرمان مولەر بو. بە هۆی مولەرەوە، ماکس پلانک، ئاشنایەتی لەگەڵ یاسای مانەوە و پاراستنی وزە دا پەیداکرد، ئەو یاسایەی بە یەکەم یاسای سێرمۆداینەمیک ناسراوە. بەو ئایدیایە زۆر موتەئسیر بو کە دەڵێت کە دونیای بون، بە شێوەیەکی رەها، ملکەچی یاساکانی سروشتە، لەوەش زیاتر بیری کردەوە کە تۆ بڵێیت یاسای تر هەبێت لەمەڕ دونیا و گەردون هێشتا نەدۆزرابێتەوە.

کاتێک لە هاوینی 1874 دا، لە تەمەنی شازدە ساڵیدا، بە پلەیەکی باش قوتابخانەی تەواوکرد، هێشتا وێنەیەکی رونی لەبەردەمدا نەبو کە دەیەوێت چی بکات یان چی بخوێنێت و لە داهاتودا ببێت بە چی. لە راستیدا سێ هەڵبژاردەی لە بەردەمدا هەبو، یەکەم مۆسیقا، دوەم ماتماتیک پاشان فیزیک. کاتێک چو لە کابرایەکی موزیکناسی پرسی کە لە ئایندەدا چی بخوێنێت باشە بۆ ژیان، ئەی چۆنە ئەگەر مۆسیقا بخوێنێت، موزیکناسەکە، لە وەلامدا گوتی باشترە بچێت شتێکی تر بخوێنێت.

سەرەنجام، ماکس پلانک بریاریدا بچێتە زانکۆی میونیخ و لەوێ ماتماتیک و فیزیک بخوێنێت. بۆ ئەم مەبەستە چو بۆ لای مامۆستای فیزیک بۆ ئەوەی لەم بارەیە قسەی لەگەڵدا بکات و ئەو مەسەلەیەی بۆ باس بکات چییە ئەگەر ژیانی خۆی بۆ فیزیک تەرخان بکات! مامۆستاکە تکای لێکرد شتی وا نەکات، چونکە لە زانستی فیزیکدا هیچ شتێک نەماوە کەشف نەکرێت، فیزیک گەیشتوەتە خاڵی کۆتایی و دەروازەی داخراو. لە راستیدا ئەم فکرەیە هی مامۆستاکە نەبو، بەڵکو بانگەشەی سەردەمەکە بو، بە تایبەت لە دوا ساڵانی سەدەی نۆزدەدا. زۆربەی زانایان باوەڕیان وابو کە پەنهانییەکانی دونیای فیزیک – هەر لەو یاسایانەی کە حوکمی جوڵە دەکەن، یاسای هێزی کێشکردن، کارەبا و موگناتیس، گازەکان، بیناییزانی و زۆر شتی تر – سەرتاپا هەمو واڵاکراون و چیتر کایە نەماوە بۆ ئەوەی مرۆڤ کاری تێدا بکات. بیرورای باڵادەست بریتی بو لەوەی کە لە سەدەی ئایندەدا، واتە لە سەدەی بیستەمدا، کاری فیزیکناسان بە زۆری بریتی دەبێت لە پوختەکردن و پاڵاوتن و پتەوکردنی ئەو ماریفەتە کە لە حاڵی حازردا هەبون.

هەرچەندە ئەم مامۆستایە مەبەستی نەبو لە ورەی ماکس پلانک بهێنێتە خوارەوە، بەڵکو وەک هەقیقەتێکی بە حساب رۆژەکە باسیکرد، بەڵام خۆی هیچ نەچوە ژێر کاریگەری ئەم قسانەوە و بریاریدا وەک پیشە ئاسۆ رونە و دەبێت بە فیزیکناسی تیوریستی. قەرارەکەی زیاتر پەیوەست بو بە خەیاڵات و خوردبونەوەی خۆی لەمەڕ یاساکانی گەردون کە چەندە سەرنجراکێشن، جگە لەوەش باوەڕی وابو بە هۆی ئەو بەهرە ئەقڵییەی پێی بەخشراوە، ئنسان دەتوانێت لە میکانیزمی کارکردنی دونیا خوردبێتەوە. لە ساڵی 1877 دا، زانکۆی بەرلینی تەواوکرد. موحازەرەکانی دو فیزیکناسی گەورەی ئەڵمان، هێرمان ڤۆن هێڵمۆلتز Hermann von Helmholtz  و گۆستاڤ کیرچۆڤ  Gustav Kirchhoff  لای ماکس پلانک زۆر کاریگەر بون و تەواو ئیلهامبەخش بون. پلانک، جگە لەوەش، گوتارەکانی رۆدۆڵف کلاوسیەس زۆر کاریان تێکرد، چونکە بە هۆیانەوە ئاشنایەتی پەیداکرد لەگەڵ یاسای دوەمی سێرمۆداینەمیک.

لە هاوینی 1879 دا، ماکس پلانک گەڕایەوە بۆ میونیخ بۆ تەواوکردنی دکتۆراکەی، ئەو کاتە تەمەنی 21 ساڵ بو. نامەی دکتۆراکەی پەیوەست بو بە یاسای دوەمی سێرمۆداینەمیکەوە. بۆ ساڵی داهاتو بە تەواوی توێژینەوەکەی تەواوکرد، هەر ئەو ساڵەش بو بە موحازیر لە زانکۆی میونیخ. لە 1885 دا، بو بە یاریدەدەری پرۆفیسۆری فیزیک لە زانکۆی کییەڵ. ئەم پۆستە داراییەکی فەرەح و باشی بۆ فەراهەمکرد کە ماڵی بابی بەجێبهێڵێت و بە جیا بژی، پاشان توانی لە ساڵی 1887دا،  لەگەڵ ماری مێرک، کە چەندین ساڵ بو گیرۆدەی ئەوینی یەکتربوبون، هاوسەرگیری بکات و پێکەوە نۆماڵ دروست بکەن. ماری کچی پیاوێکی دەوڵەمەندی بانکدار بو

لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، کیرچۆڤ، کە ئوستادی فیزیک بو لە زانکۆی بەرلین و لەوەبەریش مامۆستای پلانک بو، ئەمری خوای کرد. زانکۆ کەوتنە گەڕان لە دوی فیزیکناسێکی ناسراو و گەورە کە شایستەی ئەم پۆستە بێت، سەرەتا چاویان چوە سەر هەر یەک لە لۆدویگ بۆڵتزمان و هێنریش هێرتز– بەڵام هەردوکیان پۆستەکەیان رەتکردەوە – بۆیە رێگە خۆش بو بۆ پلانک و ناچاربون وەری بگرن. لە ساڵی 1888 دا پۆستەکەی وەرگرت و لە ساڵی 1892 دا، بو بە پرۆفیسۆری تەواو، پلانک هەتا 1927، واتە هەتا خانەنشینی لەم کارە مایەوە.

لە بەرلین، پلانک نایابترین کارە فیزیکییە تیورییەکانی ئەنجامدا. سەرەتا هەر لێرە، بەردەوام بو لەسەر توێژینەوەکانی لەمەڕ یاسای دوەمی سێرمۆداینەمیک و چەمکی ئنترۆپی. کەوتە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوەی کە چۆن مادەکان لە حاڵەتەکانی رەق، شلە و گازەوە بۆ یەکتر دەگۆڕێن. جگە لەوەی پرسی کارەبا گەیاندنی لە گیراوە شلەکاندا (ئێلێکترۆسیس) تاووتوێ کرد. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانە هات و تەفسیری سەبارەت بەو یاسانە خستەڕو کە حوکمی خاڵەکانی بەستن و کوڵانی شلەکان دەکات.

توێژینەوە لەمەڕ تیشکدانەوە

لە ناوەڕاستی ساڵانی 1890 کاندا، پلانک بایەخی چوە سەر پرسی چۆن مادە گەرمبوەکان وزە بە شێوەی تیشک دەدەنەوە یان پەخش دەکەن. فیزیکناسان زانیارییان هەبو کە هەمو تەنێک لە هەمو پلەکانی لەرینەوەدا تیشکی گەرمی پەخشدەکەن – هەرچەندە بەرزترین تیشکدانەوە لە لەرینەوەیەکی دیاریکراودا رودەدات، کە بەندە لەسەر پلەی گەرمی تەنەکە. هەتا تەنەکە گەرمتر بێت، ئەوا لەرینەوەی ئەوپەڕی تیشکدانەوەی بەرزتردەبێت. (لێرەدا لەرینەوە Frequency بریتییە لە رێژەی شەپۆل بۆ چرکەیەک، بۆ هەر جۆرە تیشکدانەوەیەک.) پلانک ویستی ئەوە ببینێت کە ئایا ئەم پرۆسەیە ملکەچی یاسایەکی گەردونییە؟ لە راستیدا زۆر زەحمەت بو کە ئنسان بتوانێت پێوانێکی ورد لە پرسەکانی وەکو تیشکدانەوە و لەرینەوە لە تاقیگەدا بەدەست بهێنێت، چونکە تەنە گەرمەکان بە شێوەیەکی زۆر نارێکوپێک دەجوڵێنەوە، هەر بۆیەش دەبینین کە پلانک سودی لە ” تەنی ڕەش” بینی، تەنی رەش بریتی بو لە فەرزییەیەک کە بە تەواوی ئەو تیشکەی دەکەوێتە سەری هەڵدەمژێت و دەداتەوە. پلانک کەوتە شیکردنەوەی ”دابەشبونی شەبەنگی وزەیی” تەنە رەشەکە – چەماوەکە ئەوەی دەردەخست کە لە پلە جیاوازەکانی لەرینەوە و پلەیەکی گەرمی دیاریکراودا چەندە تیشکدانەوە پەخشدەکات.

لە ساڵی 1898 دا، ویلیام وەین  William Wien ، کە ئەندامی ناوەندی توێژینەوی تیشکدانەوە بو لە زانکۆی بەرلین، پیشنیازی فۆرمولایەکی کرد و گوتی فۆرمولاکەی دەشێت پڕبەپڕ و بەرجەستەی دابەشبونی شەبەنگی وزەیی ئەو تەنە رەشانە کە خۆی تاقیکردنەوەی لەسەر کردون. لە چەند ساڵی ئایندەدا، پلانک زنجیرە تاقیکردنەوەیەکی ئەنجامدا بۆ ئەوەی ئەم فۆرمولایە لە تاقیکردنەوە تیورییەکانی خۆی لەمەڕ تەنە رەشەکان ببینێتەوە و بەرجەستەبکات. لە ساڵی 1900 دا بو کە سەرکەوتنی بەدەستهێنا. بەلام پێوانە وردەکان کە لە ناوەندەکەی زانکۆی بەرلین ئەنجام درابون، ئەوەیان نیشاندا کە لە کاتێکدا فۆرمولاکەی سەبارەت بە لەرینەوەی بەرز راستن، بەڵام بۆ لەرینەوەی نزم یاساکە هەرەس دەهێنێت. لە هەمان کاتدا، دو فیزیکناسی ئنگلیزی، لۆرد رایلەی و جەیمس جەینس، فۆرمولایەکی تریان بەدەستهێنا کە لە لەرینەوە نزمەکاندا بە جوانی ڕاستە، کەچی لە بەرزەکاندا نەخێرە.

پلانک لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1900 دا بەو جیاوازییانەی زانی، ئنجا یەکسەر کەوتە کارکردن لەسەر پرسەکە. لێرەدا کە سەیردەکەی دو فۆرمولا لە ئارادا هەیە، هەردوکیشیان کاری خۆیان دەکەن، بەڵام لە دو پلەی جیاوازی لەرینەوەدا. پلانک، سەیری کرد، حلەکە لەوەدایە کە هەردوک فۆرمولاکە لە بۆتەیەکدا و وەک یەک فۆرموڵا کۆبکاتەوە و لە هەمو پلە لەرینەوە جیاوازەکاندا بە جوانی ئیشی خۆی بکات. پلانک زۆر زو فۆرمولاکەی دۆزییەوە: دەشێت دابەشبونی شەبەنگی وزەیی تەنێکی رەش لە هاوکێشەیەکدا گوزارش بکرێت کە بریتییە لە لێکدانی لەرینەوە بە ژمارەیەکی دیاریکراو، کە دوایی بە ”نەگۆڕی پلانک” ناسرا و بریتییە لە .

فۆرمولا نوێکە بە یاسای تیشکدانەوەی پلانک ناسرا و لای فیزیکناسان بە بێ هیچ گومانێک بە شتێکی راست بانگەشەی بۆ کرا. لای پلانک، ئەم دۆزینەوە گەورەیە جگە لە ”بەختێکی خۆرسک” یان ئیلهام هیچی تر نەبو، شتێک بو کە بە باڵای ئەنجامە تاقیکردنەوەکە بو.

, خۆ ئەگەر بە جدی وەربگیرێت، ئەوا پێویستی بە بنچینەیەکی تیوری هەیە. دوای کەمتر لە دو مانگ کاری چڕوپڕ، پلانک توانی ئەمەش فەراهەم بکات. لە کانونی یەکەمی 1900 دا، راپۆرتەکەی لە کۆبونەوەیەکی کۆمەڵەی فیزیکناسانی ئەڵمانیدا پێشکەشکرد.

تیوری کوانتەم

هەرچۆنێک بو گرفتێک لە ئارادا هەبو. یاسا تازەکەی پلانک لەمەڕ تیشکدانەوە بە تەواوی دژ بە فەرزییەیەی بنەڕەتی فیزیک، لەمەڕ سروشتی وزەوە بو. بە گوێرەی یاساکەی پلانک، ئەو وزەیەی لە تەنێکی گەرمەوە پەخشدەبێت یەکسانە بە لەرینەوەی تیشکدانەوە کەڕەتی نەگۆڕی پلانک، فۆرمولاکە بەمجۆرەیە: .

: وزە

: nلەرینەوەی تیشکدانەوە

h: نەگۆڕی پلانک

h کە ژمارەیەکی زۆر بچکۆلەیە و نزیکە لە سفرەوە، کەچی دەبینین بەهایەکی دیاریکراوی هەر هەیە. بە واتایەکی تر،     ئەوە دەگەیەنێت کە وزە بە تۆپەڵی زۆر بچکۆلەی نادیار پەخشدەبێت، پلانک ئەمەی ناونا ”کوانتا”. لە راستیذا ئەمە فکرەیەکی شۆڕشگێڕانە بو. هەتا ئەو کاتە باوەڕەکە بەو جۆرە بو کە وزە بە شێوەی رستی بەردەوام پەخشدەبێت. لە ناکاو، فیزیکناسان، بەو ئایدیایە راهاتن کە کە مایکرۆفیزیکی دونیا –دونیای ئەتۆمەکان – چیتر بە زمانی فیزیکی کلاسیک وەسف ناکرێت. پلانک، بە پیشکەشکردنی بیرۆکەی کوانتا، دەروازەیەکی بە روی جۆرە فیزیکێکی نوێدا ئاواڵەکرد – ئەویش بریتی بو لە تیوری کوانتەم.

تیوری کوانتەم بە جۆرێک ئەفسوناوی بو کە سەرەتا نە پلانک و نە هاوچەرخانی پلانک لە تەبعی شۆڕشگێرانە و سیمای رادیکاڵانەی حاڵیبون. هەتا ساڵی 1905 نادیار و پەنهان بو، بەڵام کاتێک ئاینشتاین سەلماندی کە روناکی – کە ئەویش فۆرمێکی تری وزەیە – بە شێوەی کوانتا پەخشدەبێت، دوایی ناونرا فۆتۆن. وردە وردە، هەندێک زانای تر دەستیان کرد بە کارکردن و توێژینەوە لەم بوارەدا و شتەکان گۆڕانی باشیان بەسەردا هات. بۆ نمونە ماتماتیکناسی فەرەنسی جولس پۆیەنکەر بە فۆرمی ماتماتیکی سەلماندی کە کوانتا بۆ یاسای تیشکدانەوەی پلانک شتێکی بنەڕەتییە، ئەمە لە کاتێکدا نیەڵز بۆر، فیزیکناسی دانیمارکی، کە سەرقاڵی تیوری کوانتەم بو لەمەڕ ئەتۆمی هایدرۆجینەوە، ئەوەی دەرخست کە نەگۆڕی پلانک دەروازەی تێگەیشتنی پرۆسە ئەتۆمییەکانە. لە ساڵی 1911 دا، تیوری کوانتەم بە تەواوی چوە پێشەوە و لە توێژینەوە فیزیکییەکاندا بو بە پێشڕەو. لە ساڵی 1920 بو بە بنچینەی میکانیکی کوانتەم، کە ئەمیش بۆ خۆی کەوتە لێکوڵینەوە لە ئەتۆم و مۆلیکیول.

ئەو کاتەی ماکس پلانک دونیای کوانتەمی هێنایە پێشەوە تەمەنی 42 ساڵ بو، ئەمەش تەمەنێک بو کە زۆربەی فیزیکناسان باشترین و نایابترین بەرهەمیان پێشکەش کردبو، ئەوەی لە بواری پەرەسەندنی فیزیکدا مابو ئەرکی ئەقڵە نوێکانی لاوانی سەردەمەکە بو. پلانک، یەکێک بو لەو کەسانەی کە زۆر درەنگ ئامادەبو کە شرۆڤەکاری تەواوی ئەو تیورییە قبوڵ بکات کە هەر خۆی جوڵەی پێ بەخشی. ئەو خۆشی بە فیزیکی کلاسیکی دەهات و ئامادە نەبو هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری بێت. بە پێچەوانەوە، تیوری کوانتەمی گەردونی مایکرۆۆفیزیکی وەها خستەڕو کە بریتییە لە مەتەڵێک، بریتییە لە دونیایەکی نایەقین. بۆ نمونە، ئەگەر سەیری چەمکی روناکی بکەین، دەبینین لەوانەوەیە رەوشەکەی وەک شەپۆل یان تەنۆلکە یان فۆتۆن وابێت، ئەمە بەندە لەسەر جۆری ئەو تەجروبەیەی واری دەکەین.

یاسای دوەمی سێرمۆداینەمیک

ماکس پلانک، چونکە فزوڵی بو، چونکە ئەقڵێکی ورد و خوربونەویەیکی قوڵی هەبو، زۆر زو گیرۆدەی پرسی یاسای دوەمی سێرمۆداینەمیک بو. ئەم یاسایە، لە ساڵی 1850، لە لایەن ”رۆودۆڵف کلاوسیەس”ەسەوە فۆرمولەکراوە و پەیوەستە بە تاووتوێکردنی چەمکی ”ئنترۆپی”یەوە، کە ئەمیش بریتییە لە پێوانەکردنی ئەو ”ناڕێکیی”یەی لە سیستەمەکەدا هەیە. بە واتایەکی تر و زمانێکی سادە، یاسای دوەم دەڵێت کە لە هەمو پرۆسە سروشتییەکاندا، ئینترۆپی دونیا هەمیشە زیادەدەکات. بەمجۆرە، بۆ نمونە، کوپێک چای گەرممان هەیە و لە ژورێکی ساردا لەسەر مێزێکە، ئەوا نارێکییەک لە دابەشبونی گەرمی (وزەی) لە ژورەکەدا هەیە؛ ئەمەش دەبێت بە هۆی گوزەری وزە لە کوپەکەوە بۆ ژورەکە هەتا چاکە و ژورەکە دەچنە حاڵەتێکی هاوسەنگەوە و هەردولا هەمان پلەی گەرمی لەخۆدەگرن. بە واتایەکی تر، هێزێک دەوری بینیوە بۆ کەمکردنەوەی پارسەنگی وزەکە بۆ کەمترین پلە و زیادکردنی ئنترۆپی بۆ بەرزترین پلە.

دوا ساڵانی ژیان و ئەفسانەی پلانک

دوای 1900، پلانک زۆر چالاکانە و بە پلەیەکی بەرزیش بەردەامبو لە کاری توێژینەوە لە بواری جیاجیادا، بۆ نمونە بیناییناسی، سێرمۆداینەمیک و کینیای فیزیکی. لە ساڵی 1918 دا، خەڵاتی نۆبڵی لە فیزیکدا وەرگرت، چونکە لە پێشخستنی تیوری کوانتەمدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبو. ساڵانی دوایی ژیانی پڕبون لە نەهامەتی و کۆستی لە ناکاو و تراژیدی. لە ساڵی 1909دا، ژنەکەی ماری مرد، پلانک خۆی هەردو کوڕەکەی، کارل و ئێروین، بە تەنها مانەوە و دو کچە دوانەکەشی، مارگرێت و ئێما، بە تەنها مانەوە. بە داخەوە، لە ساڵی 1916 دا، کارل، لە بەرەکانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا کوژرا. ساڵێکی تریش دوای ئەمە کارەساتێکی تری جەرگبڕ بەسەر پلانکاد هات، ئەویش ئەوەبو کە مارگرێتی کچی بەسەر منداڵەوە مرد. سەرباری ئەمانەش، دوایی لە ساڵی 1919 دا، ئێما، بە هەمان چارەنوسی خوشکە دوانەکەی بەسەر منداڵەوە وەفاتی کرد. لە ساڵی 1944 دا، ماڵەکەی لە بەرلین کەوتە بەر لێشاوی بۆمبابارانی هاوپەیمانان و زۆر لە پەیپەرە زانستییەکانی سوتان و تیاچون. هەر هەمان ساڵ ئێروین، کورەکەی، دوا جگەرگۆشەی، گیرا و تاوانی ئەوەیان دایە پاڵی کە ئەندامی ئەو گروپەیە کە دەیانەوێت هیلتەر بکوژن، لە لایەن گێستاپۆ وە لە سێدارەدرا. دوای جەنگ، پلانک بەرلینی جێهێشت و چوە شاری گۆتینگێن. لە ساڵی 1947، هەر لەوێ لە تەمەنی 89 ساڵیدا مرد.

ئەمڕۆ یادی پلانک، بە شێوەیەکی سەرەکی وەک ئەو ئنسانەی، لە رێگای تیوری کوانتەمەوە، توانی شۆڕشیک لە تێگەیشتنی مرۆڤایەتی لە بەرانبەر دونیای مایکرۆفیزیکدا بەرپابکات. هەرچٶنێک بێت، دەسکەوتەکانی لێرەدا کۆتایی نایەن، بەڵکو پلانک مامۆستایەکی گەورە و پایەبەرز بو. بەرهەمەکانی، بە تایبەت، ”سەرەتایەک بۆ فیزیکی تیوری”، کە خۆ لە پێنچ بەرگدا کۆدەکاتەوە، بریتییە لە زۆربەی گوتارەکانی و لە ساڵی 1920 چاپکرا و بڵاوبوەوە، لە سەردەمی ئێستاماندا بە شاکاری فیزیکی کلاسیک هەژماردە دەکرێت. پلانک، وەک ئوستادێکی سادە و مەزن، لە زانکۆی بەرلین رێزی لاوانی دەگرت و هانی قوتابیانی دەدا و لە توێژینەوەکاندا پشگیری دەکردن، لە نێویاندا ئاینشتاین. بە هەقەت زانست دەبێت شانازی بە کەسێکی وەک پلانکەوە بکات، چونکە لە رۆژانی لاویدا ئامۆژگاری مامۆستاکەی، ” فیلیپ ڤۆن جۆڵڵی”، لە ساڵی 1874 فەرامۆشکرد کاتێک گوتی،” بێگومان فیزیکی تیوری بابەتێکی زۆر نایابە،…بەڵام پێناچێت تۆ بتوانیت هیچ شتێکی نوێێ بخەیتە سەر کە لە بنەڕەتدا گرنگ بێت.”

سەرچاوەی سەرەکی بە دەستکارییەوە:

Farndon, John. The Great Scientists: From Euclid to Stephen Hawking. Arcturus Publishing. Kindle Edition (2005).




ستیفن هۆوکین (1942-   ): رابەری کۆسمۆلۆژیای هاوچەرخ

ڕێکخستن و وەرگێڕان: شێرکۆ ڕەشید قادر

gg

”ئامانجم زۆر سادەیە. بریتییە لە تێگەیشتنی تەواو لە گەردون، بۆ چی بەو جۆرەیە کە هەیە، ئەی باشە بۆچی هەیە؟” ستیفن هەوکین

کۆسمۆلۆژیستی ئنگلیزی ستیفن هەوکین (1942 – ) یەکێکە لە رابەرە گەورە و زیندوەکانی ئەم چەرخە و بەرهەمە نایابەکانی لەمەڕ چاڵە ڕەشەکان و بیگ بانگ بە قوڵی کاریگەرییان کردوەتە دیدی بەشەرییەت لە بەرانبەر گەردون.

سەدەیەک لەمەوبەر، فەلەکناسان باوەڕیان وابو کە گەردون تۆزێک گەورەترە لەو گالاکسییەی خۆمان کە بە رێچکە شیرییەکان ناودەبرێت، ئەمە جگە لەوەی گەردون سەقامگیرە و هەرگیز ناگۆڕێت. بەڵام لە سەرەتای چەند دەیەی چەرخی بیستەمدا، ئەو بیروڕایە بە قوڵی گۆڕا و عەرشیان هێنایە لەرزین.

پێش هەمو شتێک، تەلەکسۆپە پڕ قودرەتەکان ئەوەیان واڵاکرد کە لەودیو رێچکە شیرییەکانەوە، واتە لەودیو گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆمان، ژمارەیەکی بێشومار ئەستێرە هەن، پاشانیش، لە بیستەکاندا، فەلەکناسی گەورەی ئەمەریکی سێر ئەدوین هەبڵل ئەوەی کەشفکرد هەمو گالاکسییەکان بە خێرایی لە ئێمە دوردەکەونەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کەگەردون نەک هەر سەقامگیر نییە، بەڵکو بە رێژەیەکی بەرچاو لە پرۆسەی کشان یان گەورەبوندایە.

ئەمە لە کاتێکدا، کە دو چەمکی گەورە و مەزن – فیزیکی کوانتەم و تیوری نسبی ئاینشتاین – فیزیکی کلاسیکی سەدەی هەڤدەی نیوتنیان هەڵگێرایەوە. ئەم ئایدیا سەمەرانە، هێدی هێدی کاریگەری گشتییان کردە سەر دونیای زانست، بەڵام ژمارەیەک لە زانایان، هەر زو شرۆڤەکاری ئەم گۆڕانانەیان بەدیکرد. بۆ نمونە، لە ساڵی 1917 دا، دە ساڵ بەر لەوەی هەبڵڵ سەرنجەکانی خۆی لەمەڕ کشانی گەردون بڵاوبکاتەوە، فەلەکناسی روسی ئەلێکسندەر فرەیدمان پرۆسەی کشانی گەردونی لە تیوری نسبی گشتی ئایشتاینەوە وەک دەرەنجامێکی ماتماتیکی گەڵاڵەکرد. ئاینشتاین، خۆی لە راستیدا لەگەڵ دەرەنجامەکەی فرەیدماندا تەبا و کۆک نەبو، تەنانەت توشی شۆک بو کاتێک ئەدوین هەبڵڵ سەلماندی کە فرەیدمان راستە.

وەک دەرکەوت، ئەمە دوەمجار بو کە ئاینشتاین سەبارەت بە تەفسیری تیوری نسبی روبەروی تەحەدا بوەوە، چونکە ساڵێک لەوەبەر، واتە لە 1916 دا، فەلەکناسی ئەڵمانی کارل شوارتزچایەڵدا[1]   Karl Schwarzschild تیورییەکەی ئاینشتاینی بەکارهێنا بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەستێرەیەک چی بەسەر دێت کاتێک لە سایەی هێزی کێشکردنی خۆیدا هەرەس دەهێنێت. شوارتزچایەڵد، گەیشتە ئەو ئاکامەی کە ئەستێرەکە دەچێتەوە یەک، هێزی کێشکردنەکەی بە جۆرێک گەورەدەبێت و بە هێزدەبێت کە هیچ شتێک، تەنانەت روناکیش ناتوانێت لێی دەربازبێت. ئەمە لە فەزادا دەبێت بە ”چاڵی رەش”. دوایی، دەرکەوت ئەم چاڵە ( یان هەندێک دەڵێن کون) رەشە لە خاڵێکی بچکۆلەدا خۆ چردەکاتەوە، ئەم خاڵە بە تاکێتی singularity ناسراوە و زەمەن و هەمو هێزەکان دەبن بە یەک. قەبارەی ئەم جۆرە ئەستێرانە، بەر لەوەی بچوک ببنەوە و بگۆڕێن و بچنە دۆخی چاڵی رەشەوە، بە ”نیوە تیرەی شوارتچایەڵد” ناسراون و بۆ ئەستێرەیەک، ئەگەر لە قەبارەی خۆری خۆماندا بێت، تەنها سێ(3) کیلۆمەترە.

untitled

جەین فۆندا ژنە ئەکتەری ناوداری هۆلیود، لە لۆس ئەنجلس، لە ساڵی 2011 دا ماچێکی گەرمی ستیفن هەوکین دەکات. ”لەوەدەچێت هێزی کێشکردن ئەوەندە گەورەبێت، هیچ کەسێک نەتوانێت لێی دەربازببێت، تەنانەت هەوکین خۆشی.’

هەرچۆنێک بێت، چاڵە رەشەکان، وەک پرسێکی مشتومڕ مایەوە. دوایی، بە پێی ئەوەی پێناسە کرابو، نەبینرا. هەندێک لە زانایانی سۆڤیەتی ئەوسا، دەیانگوت کە بە هیچ جۆرێک ئەمانە بونیان نییە، چونکە بەندن لەسەر هەرەسهێانی ئەستێرە بە شێوەیەکی خۆجێیی کەماڵ perfectly symmetrically ، ئەمەش وەک دەیانگوت، شتی وا ناکرێت ببێت.لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمدا، زانایان رویانکردە تاووتوێی ماتماتیکییانە بۆ گەڕاندنەوەی زەمەن یان سەعاتی کشان یان گەورەبونی گەردون و بۆیان دەرکەوت کە سەرباری ئەوەی گەردون ئێستا لە قەبارەدا گەورەیە، بەڵام رۆژێک هەبوە کە زۆر زۆر بچکۆلە بوە. تیورییەکە بەمجۆرەیە کە گەردون، بلیۆنەها ساڵ لەمەوبەر، رۆژێک بە شێوەی تەقینەوە لەدایکبوە و دروستبوە، ئنجا بەرەو دەرەوە ئاوساوە. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەم پرۆسەیە بە بیگ بانگ ناسراوە. دوایی، تیوری بیگ بانگ زۆر بە باشی لە ناوەندە زانستی و فیزیکییەکاندا خۆی سەپاند، سەرباری ئەوەی کە تێگەێستن لە پرۆسەکە هێشتا زۆر لەق و ئاڵۆزبو.

ئەوەی مایەی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە لە کاتێکدا کە تیوری نسبی ئاینشتاین رۆڵی سەرەکی بینی لە سەرهەڵدانی هەردوک تیوری نوێێ کۆسمۆلۆژی، هەم بیگ بانگ و هەم چاڵە رەشەکان، دەبینین لە لایەکی ترەوە ئایدیا شۆڕشگێڕییەکەی تر، میکانیکی کوانتەم، لای زانایان وەها هاتە بەرچاو کە دورەپەرێزە و پەیوست نییە بە کۆسمۆلۆژیاوە. ئەمەش بە ئاشکرا زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بایەخ دەدات بە ئاستە بچکۆلە و ژێر – ئەتۆمییەکانی فیزیک، نەک بە مەودا و مەغزای گەردون.

لە راستیدا، لێرەوە بلیمەتی ستیفن هەوکین بەرچاودەکەوێت. دوای وردبونەوە و توێژینەوە نایابەکانی هەوکین، هەردو تیوری بیگ بانگ و چاڵە رەشەکان – فیزیای نسبیەت و کوانتەمی – لە یەک بۆتەدا کۆکردەوە. لەم رێگایەوە، هەوکین وێنەیەکی تیوریی لە ئاسابەدەر نایابی لەمەڕ هێزەکانی گەردونەوە پێشکەشکرد کە چەند جوان کاردەکەن.

بەر لە هەمو شتێک، وەک خوێنکارێکی زانکۆ، هەوکین بۆی دەرکەوت کە بیگ بانگ لەوانەیە چاڵی رەش بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، واتە لە خاڵی تاکێتیەوە گەورە دەبێت. ئەم ئایدیایەی هەوکین بوە هەوێنی ئامرازێکی ماتماتیکی بە دەست کۆسمۆلۆژیستانەوە بۆ پەرەپێدانی وێنەیەکی گەورەتری بناوانی گەردون.

پاشان لە ساڵانی 1970 کاندا، هەوکین بۆی دەرکەوت کە لەوانەیە کاریگەری کوانتەم بەسەر ”ئاسۆی روداو” [2]یان قەراغی چاڵی رەشدا واری بکرێت. سەیری بەشی (چاڵی رەش و نایەقینی) بکە. هەروەک گفتوگۆی لەسەر بابەتەکە کرد، هەوکین باوەڕی وابو، خۆ ئەگەر ئەم کاریگەرییانە رۆڵی خۆیان شرۆڤەبکەن، چاڵی رەش وا لێ بکەن بە کزی بگەشێتەوە و لەوانەیە، دوای هەمو شتێک ئەم تیورییە مشتومڕ – ئامێزە بکەنە هەقیقەتێک. ئەم پرۆسەی ”گەشانەوە” یە دوایی ناونرا ”تیشکی هەوکین.” تەنانەت لەوەش گرنگتر، بە خستنەگەڕی فیزیکی کوانتەم بۆ خوێندنی چاڵە رەشەکان، هەوکین توانی کوانتەم کێش بکات بۆ ناو سەرتاپای کایەی کۆسمۆلۆژی و دەروازەیەکی کردەوە بۆ تیورییەکی فیزیکی لەمەڕ گەردون. ئەمەیە کە هەوکین و هاوکارانی لە حاڵی حازردا بە دویدا عەوداڵن و بۆی دەگەڕێن.

زانایەکی بچکۆلەی زیرەک

ستیفن هەوکین لە رۆژژگاری ئەمڕۆدا تەنها بە تیورییە کۆسمۆلۆژییەکانی بەناوبانگ نییە، بەڵکو نەخۆشییەکی ترسناکیش یەخەی گرتوە و بە تەواوی دوچاری ئیفلیجی کردوە و تەنها بە هۆی ئامێری تایبەتەوە دەتوانێت گفتوگۆبکات و ئاڵوگۆڕی زانیاری بکات. ئەم نەخۆشییە، کە بە ئەی ئێڵ ئێس ALS ناودەبرێت، هێدی هێدی خانەکانی دەماری بڕبڕەی پشتی لەناودەبات، ئەم خانانە کۆنترۆڵی جوڵە ماسولکەییەکانی بەدەن دەکەن. کاتێک لە ساڵی 1960 دا، ئەم نەخۆشییە لە هەوکیندا دەرکەوت، تەمەنی 22 ساڵ بو، دکتۆرەکان گوتیان تەنها چەند ساڵێکی کەمی لە ژیاندا ماوە. سەرباری ئەوەی نەخۆشییەکە گەشەی کردوە، بەڵام هەوکین، وەک خۆی دەڵێت شوکرە و هەتا ئێستاش بە باشی لە تەمەنی هەفتا و چوار ساڵیدایە.

ستیفن هەوکین، لە 8 کانونی دوەمی 1942 دا، لە ئۆکسفۆرد لەدایکبوە. 1942 ئەو ساڵە بو کە خێزانەکەیان، لە ترسی بۆمباباران هەڵاتن و رویانکردە لەندەن. بەرواری لەدایکبونەکەی رێکەوتە لەگەڵ مردنی گالیلۆ، کە سێ سەد ساڵ لەوەبەر بو، جگە لەوەی نزیک بو لە مێژوی سێ سەد ساڵەی لەدایکبونی نیوتن. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بو کە بە خاو و خێزانەوە گواستیانەوە بۆ ناوچەی سەینت ئەلبان، کە دەکەوێتە باکۆری شاری لەندەن. هەوکین، منداڵێکی گۆشەگیربو، هەرچەندە بلیمەتی لە سەرەەتادا تێدا دەرنەکەوت، بەڵام هاوڕێیەکی باسی دەکات و دەڵێت کە لە زانایەکی بچکۆلەی زیرەکەوە گۆڕا بۆ کەسێکی لەخۆبایی.

کاتێک تەمەنی بو بە هەڤدە ساڵ، داخڵی تاقیکردنەوەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد بو بەو مەبەستەی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد وەربگیرێت. هەر ئەو ساڵە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و چوە زانکۆ و مەنحەشی وەرگرت کە لە زانسیە سروشتییەکاندا بخوێنێت. دوای ئەوەی لە بەکالۆریۆسدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، ئنجا چوە زانکۆی کامبریچ بۆ خوێندنی کۆسمۆلۆژیا و بوە قوتابی فەلەکناسی گەورەی ئەو سەردەمە فرێد هۆیڵ[3]. بە داخەوە هۆیڵ ئەوەندە کابرایەکی سەرقاڵ و مەشغوڵ بو کە نەیتوانی کەمێک لە کاتی خۆی بۆ هەوکین تەرخان بکات. دوای چەند مانگێک لە زانکۆ، دەرکەوت کە نەخۆشە و وەزعی باش نییە و دوچاری نەخۆشی ئەی ئێل ئێس بوە.

پێکهێنانی خێزان و پێشکەوتن

هەر لەم دەورانەدا بو کە هەوکین کچێکی جوانی تەمەن هەژدە ساڵانی ناسی کە ناوی جەین وایڵد بو. دور نییە ئەم کیژە کاریگەری لەسەر هەوکین دروستکردبێت کە ژیان بە هیواوە ببینێت و مەبەستێکی جوانی تێدا بەدی کردبێت. هەوکین، سەرباری نەخۆشییەکەی، سوربو لەسەر ئەوەی ئامانجەکانی بهێنێتەدی. هەروەک خۆی دەڵێت، ”خەونم دەبینی و لە خەومدا لە سیدارە دەدرام، بەڵام لە پڕ بۆم دەرکەوت ئەگەر ئنسان نەمرێت، زۆر شت هەیە شایانی ئەوەیە ئەنجامی بدات.” دوای دو ساڵ، هەوکین و جەین هاوسەرگیرییان کرد، جەین بیست و پێنچ ساڵ هاوکاری هەوکین بو. بون بە خاوەن سێ منداڵ.

434

جەین وایڵد: کاریگەری خۆشەویستی جەین بە تەواوی ژیانی هەوکینی گۆڕی.

لێرەوە هەوکین ناوی بڵاوبوەوە. سەرەتا، کاتێک فرێد هۆیڵ لە کۆمەڵەی شاهانە موحازەرەیەکی لەمەڕ تیوری حاڵەتی رێک (نەگۆڕ) پێشکەشکرد ، هۆیڵ سوربو لەسەر ئەوەی کە گەردون بۆ هەتا هەتایی ناچێتە پرۆسەی کشانەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی رێک یان نەگۆڕ لە نێوان کشان و چونەیەکدا دەوەستێت. لە کۆتایی موحازەرەکەدا، کاتێک هەمو شت ئارام بوەوە، هەوکین، کە تازە لە زانکۆ دەرچوبو، هەستایە سەرپێ و گوتی، ”ئەو بڕەی تۆ باسی دەکەیت هەر دەڕوات.” بە قسەکەی هەوکین بێت، مشتومڕەکەی هۆیڵ هیچ نییە و بایەخیشی نییە، هۆیڵ، لە وەڵامدا گوتی،” بێگومانم کە بەردەوام نابێت و لە شوێنێکدا دەوەستێت.” هەوکین سوربو لەسەر قسەکەی خۆی، دیسانەوە وەڵامی دایەوە و گوتی،” هەر دەڕوات.” هۆیڵ پرسی،” چۆن دەزانیت؟” هەوکین لە وەلامدا گوتی،” چونکە ئەو پرسەم حلکردوە.” لە راستیدا هەوکین پرسەکەی حلکردبو.

چاڵی رەش و نایەقینی

2332424

چاڵە رەشێک وزە پەخشدەکات. ئەو وزەیەی دەوری ئەم چاڵە رەشەی داوە لە لایەن فەلەکناسانەوە پێوانەکراوە و دەرکەوتوە کە گەورەترە لەوەی چاوەڕواندەکرا. ئەو وزە زیادەیەی بەدی دەکرێت، پێدەچێت، وزەی سوڕاوە بێت و کاتێک دێتەدەر کە خولانەوەی چاڵە رەشەکە بە هۆی هێڵەکانی کایەی موگناتیسییەوە خاودەبێتەوە کە نزیکە لە کەنارەکانیەوە واتە ئاسۆی روداوەکە.

بۆ تێگەیشتن کە بۆچی ئەمە لەوانەیە روبدات، هەوکین هات و سەیری پرینسیپی نایەقینی هەیزنبێرگی کرد، ئەو تیورییەی لە ساڵی 1927 دا فۆرمولەکرابو. هەیزنبێرگ ئەوەی پیشاندا کە مومکین نییە ئنسان بتوانێت لە هەمان ساتەوەختدا لە تەوژم و مەوقیعی بابەتێک دڵنیابێت. ئەمەش چونکە رێگەی دیاریکردنی پرسیارەکە یان یەکیکیان بە تەنها یان هەردوکیان پێکەوە دەشێوێنێت. ئەگەر رۆژانە حساب بۆ ئەم شێواندنە بکەین، ئەوا بچکۆلەیە و گرنگ نییە. بەڵام کاتێک دەچێتە مەودا یان ئاستی تەنۆلکە ژێر ئەتۆمییەکانەوە، ئەوا دەبێتە شتێکی بنەڕەتی و دەبێت بە هۆی سەرهەڵدانی جۆرەها شتی غەریبی ‘کاریگەری کوانتەمی’، کە وەک ئەنجامێک تەنۆلکەکان بە ئاشکرا رێساکانی فیزیکی کلاسیکی فەرامۆش دەکەن و بە هەمو شوێنێکدا هەڵبەز و دابەز دەکەن، هەر بە راستی وەک ئەو کەروێشکانەیان لێ دێت کە لە کڵاوی کابرای سیحربازەوە لە هەمو شوێنێکەوە بازدەدەن. بەس چۆن چۆنی ئەمە رودەدات؟ ئەوە شتێکی زەحمەتە ئنسان بتوانێت تەفسیری بکات، بەڵام کاریگەرییەکانی کوانتەم ئەوەیان سەلماندوە کە راستن و بناخەی تەکنەلۆژی وەک لەیزەرن.
گومانی تێدا نییە کە هەوکین لە هەمو کەس زیاتر ماتماتیکی خستەگەڕ بۆ کارکردنی گەردون و لە هەمو کەسیش زیاتر قودرەتی ماتماتیکی بەکارهێنا بۆ تێگەیشتن لە گەردون و حلکردنی لوغزەکانی. کاتێک لە سەرەتای هەفتاکانی سەدەی بیستەمدا بو، کە سەرقاڵی توێژینەوە بو لە چاڵە ڕەشەکان، هەوکین تێبینیکرد کە لێکچونێکی غەریب لە نێوان روداوی ئاسۆی چاڵی رەش و یاسای دوەمی سێرمۆداینەمیکدا هەیە. یاسای دوەمی سێرمۆداینەمیک، ئەو یاسا بەناوبانگەیە کە دەڵێت، سیستەمێکی دورەپەرێز یان جیاکراوە، هەمیشە مەیلی بەدەستهێنانی ئنترۆپی( بەرەو پشێوی زیاتر دەچێت) هەیە، خۆ ئەگەر فەرامۆشی بکەیت، ئەوا هەرگیز ناچێتە دۆخێکی نیزامییەوە. هەوکین گوتی ئەمە وەک خانویەک وایە، ئەگەر چیتر چاکی نەکەینەوە و فەرامۆشی بکەین، ئەوا وردە وردە زیاتر دەڕمێت و هەرەس دەهێنێت. بە هەمان شێوە، هەوکین دەرکی بەوە کرد کە روی چاڵە رەشێک دەتوانێت تەنها بە هەمان قەبارە بمێنێتەوە یان بئاوسێت – هەرگیز ناچێتەوە یەک یان بچوک نابێتەوە یان لەوە نیزامیتر نابێت.

یەکێک لە لایەنە سەمەرەکانی پرینسیپی نایەقینی هەیزنبێرگ بریتییە لەوەی کە لەمەڕ فەزای بەتاڵ چی دەڵێت. لە راستیدا، دەڵێت کە شتێکی وەکو فەزای بەتاڵ بونی نییە، چونکە فەزای بەتاڵ دەبێتە حاڵەتی ورد، شتێکیش کە حاڵەتی ورد بێت بونی نییە. خوڵقاندنی ئەوەی کە ئیحتیماڵە فەزای بەتاڵ بێت، پێویستە چەند جوتێک تەنۆلکەی خەیاڵی لە هەردوک لای سفر جۆلانە بکەن کە فەزای بەتاڵە. ئەم جوتە تەنۆلکانە، تەنۆلکەی پۆزەتیڤی و دژە تەنۆلکەی نێگەتیڤین. کاتێک ڕوبەروی یەکتردەبنەوە، لەگەڵ یەکتردا دەجەنگن، بەڵام بە بەردەوامی دێنە دەرەوەی فەزا و دەچنەوە ناو فەزا.

هەوکین بۆی دەرکەوت کە ئەم هەڵبەز و دابەزینەی تەنۆلکە خەیاڵییەکان شانبەشانی ئاسۆی روداوی چاڵە رەشەکان دەڕۆن، ئەم ئاسۆی روداوانە کەناری فەزا پێکدەهێنن. تەنۆلکە نێگەتیڤەکان بەرەو چاڵی رەش راپێچ دەبن، هەرچی تەنۆلکەی پۆزەتیڤەکانە بە ئاراستەی دەرەوە فرێدەدرێن. تەنۆلکە نێگەتیڤەکان ناهێڵێن قەبارەی چاڵە رەشەکان بچوک ببنەوە. تەنۆلکە پۆزەتیڤە فڕێدراوەکان وەک گەرما پەخش دەبن. بەمجۆرە، چاڵە ڕەشەکان، ڕەش نین، بەڵام تیشکی گەرمی دەدەنەوە، ئەو تیشکەی بە تیشکی هەوکین ناسراوە.

هەوکین هەنگاوی لەوە زیاتری هەڵگرت و گوتی هەر وەک چۆن ئەستێرەیەک تیشکەکەی لەدەستدەدات و هێدی هێدی بچوک دەبێتەوە و ئاوادەبێت، ئاواش چاڵی رەش سەرەنجام دەبێت بە تیشکی پوخت – بە واتایەکی تر دەتەقێتەوە. ئایدیاکانی هەوکین، وەک پەیپەرێک بە ناوی ”تەقینەوەی چاڵە رەشەکان؟”،  لە گۆڤاری ”نەیچەر” دا بڵاوبونەوە، ئەم پەیپەرەی هەوکین لە لایەن کۆسمۆلۆژیستانەوە، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا وەک یەکێک لە کلاسیکەکانی کۆسمۆلۆژی ئیشارەی پێدەدرێت و بایەخی خۆی هەیە.

قوڵبونەوە لە چاڵە رەشەکاندا

هەوکین دەستیکرد بە خوێندنی کارەکانی ماتماکیناسی لاو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد رۆجەر پێنرۆز لەمەڕ چاڵە رەشەکان. پێنرۆز لەوەبەر ئەوەی پیشاندا کە رێک لە ناوەراستی چاڵی رەشدا، لە نێو ئاسۆی روداودا، پێویستە نوقتەیەک بونی هەبێت کە سەرتاپای هەمو بارستایییەکە دەبێت بە هیچ – واتە خاڵێک کە بە تاکێتی ناودەبرێت. هەوکین ئەم ئایدیایەی ئاوەژوکردەوە بۆ ئەوەی بۆ بناوانی گەردون بگەڕێت، ئنجا پێشنیازی ئەوەی کرد کە بیگ بانگ لە ئەسڵدا چاڵی رەشە و بە ئاڕاستەی پێچەوانەوەوە (بە عەکسەوە)، لە بنەڕەتدا پێویست بوە بە تاکێتی دەستی پێ بکات، خاڵێکی بچکۆلەی بچکۆلە – ناکۆتا کە سەرتاپای پێکهاتەی گەردونی لەخۆگرتبێت.

گرنگی و نایابی ئایدیاکانی هەوکین لەوەدا بو کە زۆر زو لە لایەن کۆمەڵگە و ناوەندەکانی کۆسمۆلۆژییەوە ڕەچاوکرا و بە چاوی بایەخ و رێزەوە تەماشاکرا، بەمجۆرە شۆرەتی هەوکین لە کاتێکدا بڵاوبوەوە کە جەستەی رۆژ لە دوی رۆژ زیاتر بەرەو کەنەفتی دەچو. زمانی تەتەڵەی دەکرد و وشەکانی بەسەر یەکدا دەخلیسکان، هێدی هێدی توانای نوسینی نەما. ئارامی لەبەر هەڵگیرا، تەنها کەس کە حەوسەڵەی ئەم هەمو ئازار و ئەشکەنجەیەی هەبو، ژنەکەی، جەین، بو. جەین کەوتە چاپکردنی دەستوخەتە تێکەڵ و پێکەڵەکەی. لە ساڵی 1974 دا، ئەو ساڵەی وەک گەنجترین هاوڕێ بۆ کۆمەڵەی شاهانە هەڵبژێردرا، تەنها لە ئەرەبانەی کەمئەندامیدا توانستی جوڵەی هەبو، ئەمە جگە لەوەی دەنگیشی تەنها ورتە ورت و گوزارشتێک بو کە تەنها ئەندامادانی خێزانەکەی، هاوڕی نزیکەکانی و هاوکارانی لێی حاڵی دەبون.

لەگەڵ ئەوەشدا کە جەستەی بچکۆلە دەبوەوە و بەدەنی لاواز دەبو، کەچی ئەقڵی بەوجۆرە نەبو. لە ساڵی 1970 دا، گەورەترین و بەناوبانگترین ئکتشافی لە ژیانیدا ئەنجامدا، ئەوەی خستەڕو کە چاڵە رەشەکان نەک هەر دەکرێت کەشف بکرێن، بەڵکو لە سەرەنجامدا دەتەقنەوە. ئەمەی هەوکین گوتی ئەمەندە ئایدیایەکی رادیکاڵ بو کە سەرەتا، نەک هەمو کەس بۆی ئەزم نەدەکرا و قایل نەبو، بەڵکو هەندێک لە هاوڕێیانی کۆسمۆلۆژیشی تەحەدایان دەکرد.

کورتە مێژویەکی زەمەن

لە سەرەتای 1980 کاندا، هەوکین دەستیکرد بە خۆئامادەکردن بۆ نوسینی کتێبێک لەمەڕ زانستی میللی سەبارە بە کۆسمۆلۆژی، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی دارایی پەیدابکات بۆ مەسرەفی خوێندنی منداڵەکانی. لە ساڵی 1985 دا، پەڕتوکەکەی تەواوکرد، ئنجا چو بۆ جەنەڤا (سویسرا) بۆ ئەوەی سەردانی ناوەندی گەورەی (سێرن) بکات، ژنەکەی لەم کاتەدا چوبو بۆ پشویەکی زۆر گرنگ، چاودێرەکەی هەوکین و توێژەرێکی یاریدەدەری بەجێهێشت کە ئاگایان لە هەوکین بێت. دوای چەند رۆژێک هەوکین زۆر بە هیلاک چوبو، هەناسەی بە زەحمەت بۆ دەدرا، بە پەلە گەیاندیانە خەستەخانە. دەرکەوت کە خوێنی سییەکانی چوەتە بۆری هەناسەیەوە و توانای هەناسەدانی بە باشی نەبو، تەنها رێگا بۆ رزگارکردنی بریتی بو لەوەی کە تراچیۆتۆمی بدرێتێ، کە ئەمەش بواری هەناسەدانی بۆ ئاسان دەکات، بەڵام جارێکی تر بە هیچ جۆرێک ناتوانێت قسەبکات. جەین بە پەلە گەڕایەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری بێت.

4556

کورتە مێژویەکی زەمەن 1987: ئەو کتێبەی هەوکینی گەیاندە هەور و کردی بە مەخلوقێکی ئیلاهی زانستی سەردەمەکە.

دوایی بە خێزانەوە گەڕانەوە بۆ کامبریچ، هەوکین تەنها بە تروکاندنی چاوانی توانای ئاخاوتنی هەبو. کە هەواڵی وەزعی خراپی بڵاوبوەوە، پسپۆرێ کۆمپیوتەر، وال وۆڵتۆسز، لە کالیفۆرنیا، بریاریدا یارمەتی هەوکین بدات. کۆمپیوتەرێکی دروستکرد کە تەنها بە هۆی جوڵەی یەک پەنجەیەوە توانای تەرجەمەکردنی دەنگی هەوکینی هەبو. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە پرۆڤە و راهێنانێکی زۆر درێژ هەبو، سەرەنجام هەوکین لەگەڵ ئەم ماشێنە زیرەکەدا بوە هاوڕێ و لە ئاخاتندا لەگەڵ دونیای دەوروبەر بوە پسپۆر، هەرچەندە هێچ شتێک جێگەی ئەندامەکانی جەستەی خۆت ناگرێتەوە، بەڵام پێویستە ئەوە بڵێین کە هەوکین لە رۆژگارێکدا لەدایکبو کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی لە سیحر نزیک بوەتەوە. ئەمڕۆ هەوکین دەنگێکی هەیە کە زۆربەی ئاشنایەتییان لەگەڵدا هەیە حاڵی دەبن.

کتێبەکەی هەوکین، کورتە مێژویەکی زەمەن، لە رۆژی درۆی نیسانی 1987 دا، بڵاوبوەوە. هەتا بڵێی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بو بە پڕ فرۆشترین کتێبی زانستی لە مێژودا، سەباری ئەوەی بابەتێکی زۆر ئاڵۆزیش تاووتوێ دەکات. کەس نازانێت بۆچی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی مسۆگەرکرد، دور نییە خەڵکانێک تەسەورییان کردبێت و هەستیان بەوە کردبێت کە ئەم کابرا غەریب و بلیمەتە لەوانەیە هەندێک لە دوا پەنهانییەکان و هەقیقەتەکانی گەردون واڵابکات. لە دوا بەشی کتێبەکەدا، هەوکین باس لە سروشتی خودا دەکات.

ساڵانی دوایی

هەوکین بو بە ئەستێرەکی گەورە و ناسراوی دونیا. بەردەوامبو لە بیرکردنەوە لەمەڕ تیورییەکانی خۆی کە دەڵێت سەرتاپای یاساکانی فیزیک پێکەوە لە تەنها یەک هاوکێشەی سادەدا گەڵاڵە دەکات. جگە لەمانە لەگەڵ چاودێرەکەیدا، ئیلەین، کەوتە سەفەرکردن بە دونیادا و چاوپێکەوتنی بێشوماری رادیویی و تەلەفزیونی بە جۆرێک ئەنجامدەدا کە بو بە مەخلوقێکی ئیلاهی زانستی ئەم سەردەمە.  فلیمێکیان لەسەر دەکرد بە ناوی ماستەری گەردون. هێدی هێدی داستان دروسبو کە چیتر لەگەڵ جەین یەکتریان خۆش ناوێت، خەبەر بە جۆرێک بو وەک دەڵێن، هەوکین دڵی بۆ چاودێرەکەی لێدەدات و گیرۆدەی ئەوینی ئەو بوە، هەتا لە ساڵی 1990 دا، دەروازی خۆشەویستیە نهێنییەکان شکان و کۆنەکان بە ئارامی کڵۆمکران، هەوکین و جەین جیابونەوە و هەوکین بە یەکجاری چو لەگەڵ ئیلەین، چاودێرەکەیدا بژی.

بە درێژایی ساڵانی 1990کان، هەوکین لە کارکردن لەسەر ”تیوری هەمو شتێک” بەردەوامبو، هەندێک وەها بیریان دەکردەوە کە گەورەترین داهێنانی ئەم پیاوە لە رابردودا ئەنجامدراوە. بەڵام وەک بلیمەتێکی کتوپڕ، لە تەموزی 2004 دا، لە کۆنفراسێکدا سەرسوڕهێنترین شتی راگەیاند.

هەوکین، دەیان ساڵ بو، لەگەڵ زانایانی تر مشتومڕی ئەوەی بو کە ”پارادۆکسی زانیاری”، کە زادەی بیرکردنەوە و دیدی کوانتەمی خۆی بو لە بەرانبەر چاڵە رەشەکان، ئەمەش بۆ خۆی پرسێک بو کە دەڵێت ئایا دەکرێت داتا لە چاڵە رەشەکانەوە ساخ بکرێتەوە یان نەء. هەوکین، باوەڕی وابو کە ئەمە مەحاڵە و خۆشی گرەوی لەگەڵ کیپ سۆرپ، کە لە زانکۆی کالتێک بو، کردبو کە لای وی بەڵی داتا ساخ دەکرێتەوە.

لە راستیدا، ئەو خەڵکەی لەم کۆنفرانسەدا بون تێکڕا حەپەسان کاتێک هەوکین گوتی ئەم پرسەی حلکردوە و شتەکەی یەکلایی کردوەتەوە – گرەوەکەشی دۆڕاندوە.

پێدەچێت بەرز و نزمی کوانتەم، هەروەک تیشکی هەوکینەکەی خۆی، بهێڵێت کە داتا بۆ دەرەوە دزەبکات. بە واتایەکی تر، دەتوانین ئەوە کەشف بکەین کە چی لە ناوەوەی چاڵی رەشدا دەگوزەرێت.

سەرچاوەی سەرەکی:

Farndon, John. The Great Scientists: From Euclid to Stephen Hawking. Arcturus Publishing. Kindle Edition (2005).

پەراوێزەکان

[1]  کارل شوارتزچایەڵد (1873 – 1916) : فیزیکناسی ئەڵمانی، بەوە ناسراوە کە یەکەم کەس بو لە ساڵی 1915 دا، واتە هەر هەمان ساڵ کە ئاینشتاین نسبیەتی گشتی بڵاوکردەوە، هاوکێشە گشتییەکانی تاووتوێکرد و باشترین حلی بۆ هاوکێشەکانی کایەی هێزی کێشکردن دۆزییەوە. بە گەڵیک چەمکی نوێ بەناوبانگە، وەکو پۆوتانی شوارتزچایڵد، نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد.

حلەکەی شوارتزچایەڵد زۆر سەرنجڕاکێشە، باس لە نیوەتیرەیەک دەکات، کە ئێستا بە نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد ناسراوە. نیوەتیرەکە پەیوەستە بە بارستایی ئەستێرەوە، ئەگەر بارستایی ئەستێرەیەک ئەوەندە بچوک بێتەوە یان بچێتەوەیەک هەتا دەگاتە ئەو نیوەتیرەیەی بە نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد ناسراوە، ئەوا هیچ هێزێک، یان فشارێک ناتوانێت ئەم ئەستێرەیە بوەستێنێت لە بەردەوامبون بەرەو هەرەسهێنان و گۆڕان بۆ تاکێتی کێشکردن یان چاڵە رەش. بەمجۆرە کاتێک نیوەتیرەی ئەستێرەکە یان تەنەکە کەمتر بو لە نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد، ئەوا هیچ شتێک، تەنانەت فۆتۆنەکانی روناکیش ناتوانن لێی قوتاربن و حەتمەن لە لایەن چەقی تەنەکەوە قوتدەدرێن . وەک دەرەنجامێک، کاتێک چڕی بارستایی ئەم چەقی تەنە گەورەتر دەبێت لە حەدێک، ئەوا دەگاتە پلەی هەرەسهێنانی کێشکردن و ئەمەش بە چاڵە رەشی شوارزچایەڵد ناسراوە. هەتا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ئەم دیاردەیە شتێک نەبو کەس باوەڕی پێ بێت و کەسیش قەناعەتی پێ نەبو، تەنانەت شوارتزچایەڵد خۆشی باوەری بە واقیعی فیزیکی چاڵە ڕەش نەبو، وای دەزانی کە حلە تیورییەکەی لە فیزیکییەوە شتێکی هیچە و هیچ مانایەکیش نابەخشێت.

 [2]   ئاسۆی روداو: لە تیوری نسبیدا، ئاسۆی روداو بریتییە لەو کەنارانەی لە فەزا – زەمەندا، کە لەودیوەوە چیتر روداوەکان کارناکەنە سەر چاودێری دەرەکی. بە زمانی سادە، بریتییە لە ”خاڵی نەگەڕانەوە”، واتە ئەو خاڵەی کە تێیدا هێزی کێشکردن بە جۆرێک گەورە دەبێت کە هیچ شتێک، تەنانەت روناکیش، چیتر ناتوانێت دەربازبێت و بۆی دەربچێت. ئاسۆی روداو، بە شێوەیەکی گشتی و بە زۆری لەگەڵ چاڵە رەشدا بەکاردهێنرێت. ئەو روناکییەی لە ناوەوەی ئاسۆی روداودا پەخشدەبێت هەرگیز ناگاتە چاودێری دەرەکی. بە هەمان شێوە، هەر تەنێک لای چاودێرەوە بێت و لە ئاسۆکە نزیک ببێتەوە، لە دیدی چاودێرەکەوە وەها دێتە بەرچاو کە خاودەبێتەوە و هەرگیز بە لای ئاسۆکەدا گوزەرناکات. لەگەڵ رەوتی زەمەندا سیماکەی زیاتر و زیاتر لادانی سوری redshifted  تێدا بەدەردەکەوێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە درێژی شەپۆلەکانی درێژدەبێت، واتە لە چاودێرەکە دوردەکەوێتەوە.

    [3]  فرێد هۆیڵ (1915 – 2001) لە دەورانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا و لە وڵاتی ئنگلتەرە لەدایکبوە. هەرچەندە زۆر خۆی لە مەکتەب و خوێندن دەدزییەوە، لەگەڵ مامۆستاکاندا دەنگە دەنگی زۆر دەکرد و ئیمانی بە پەروەردەی تەقلیدی نەبو، بەڵام  دەرەوەی قوتابخانە خولیای خۆ رۆشنبیرکردنی هەبو، بە بەردەوامی دەگەڕا لە دوی سەرچآوەی خوێندنی ئەسترۆنۆمی و کیمیا.

دوای ئەوەی چەندین چار چوە تاقیکردنەوەوە بۆ ئەوەی مەنحە دەستەبەربکات، هەمو جارێک فەشەلی هێناوە. بەڵام دواجار بەخت یاری بو، لە ساڵی 1933 دا چوە زانکۆی کامبریچ بۆ خوێندنی زانست. هەمیشە لە ماتماتیکدا لاواز بو، بەڵام چونکە سوربوە لەسەر فێربونی و گرنگی ماتماتیکی زانیوە، توانیویەتی خەلاتی باشترین دە قوتابی لە ماتماتیکی تەتبیقیدا بەدەست بهێنێت.

کاتێک جەنگی دوەمی جیهانی هەڵگیرسا رەتیکردەوە بچێتە بواری توێژینەوەی چەکدارییەوە. بەلام دوایی دەستیکرد بە کارکردن لەسەر رادار، لێرە دو هاوڕێی فەلەکناسی ناسی، کە بریتی بون لە هەر یەک لە هێرمان بۆندی و تۆماس گۆڵد. ئەم سێ زانا گەورەیە پێکەوە تیورییەکی یان بڵێین مۆدڵێکی نوێیان لە دژی تیوری تازە لەدایکبوی کشانی گەردون گەڵاڵە کرد. رابەری یەکەمی ئەم مۆدڵە هۆیڵ خۆی بو، هۆیڵ بە جۆرێک دژایەتی مۆدڵی کشانی گەردونی کرد کە لە گفتوگۆیەکی رادیۆیی لەگەڵ بی.بی.سی دا، بە گاڵتەجاڕییەکەوە گوتی،” ئەم  ئایدیای بیگ بانگە لای من شتێکی قایلکەر نییە، تەنانەت توێژینەوەی فراوانیش ئەوە دەردەخات کە ئەمە گرفتی جدی هەیە.” ئیتر وشەی بیگ بانگ بوە ناوێکی ستاندارد بۆ تیوری بیگ بانگ.

هۆیڵ لە هەمبەر ئەم تیورییەدا مۆدڵەکەی خۆی و هەردو هاوڕێکەی خستە ناوەندەکانەوە  بە ناوی مۆدڵی ”حاڵەتی نەگۆڕی گەردون”. کە لای ئەوان راستە گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گالاکسی تر و ئەستێرەی تر هەمیشە لە پرۆسەی لەدایکبوندایە، بۆیە گەردون سەقامگیرە و لە حاڵەتی نەگۆڕدایە و هەتا ئەبەدییەتیش بە جۆرە دەمێنێتەوە.

 




چۆن دەبیتە فیزیاییەکی تیۆریی باش

  • نووسینی: جێیرارتت هۆفت،براوەی خەڵاتی نۆبلێ فیزیای ساڵی ١٩٩٩، پڕۆفیسۆری فیزیای تیۆری لە ئەنستیتۆی فیزیای تیۆری، زانکۆی ئوترێخت وەرگێڕانی: ئارمان خەلیل (پەیجی: فیزیک Physics)

beta_gerardthooft_uitgelicht3


ئەمە بابەتێکە بۆ خوێندکارە گەنجەکان یان هەموو ئەوانەی وەک من خرۆشاون بەو بەرەنگاریانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بە هۆی زانستی ڕاستەقینەوە و بۆ ئەوانەش کە وەک من بڕیاریان داوە و سوورن لەسەر بەکارهێنانی مێشکیان بۆ دۆزینەوەی شتی نوێ دەربارەی ئەم جیهانە فیزیکییەی تێیدا دەژین. بە کورتییەکەی ئەمە بۆ هەموو ئەوانەیە کە بڕیاریان داوە سەرقاڵی خوێندنی فیزیای تیۆری بن لە کاتەکانیاندا.

زۆرجار هەندێک ئیمەیڵم لە لایەن هەندێکی ئارەزوومەندی فیزیا [یان فیزیایی ناشارەزا]وە پێدەگات کە بڕوایان وایە چارەسەری[زانستیانەی] هەموو کێشەکانی جیهانیان کردووە، خۆ ئەم ئیمەیڵانە بە مەبەستی باش نێردراون بەڵام شتانێکی تەواو بێکەڵکن. ئەوان بۆیە باوەڕیان وایە کە هەموو شتێکیان حەلکردووە، چونکە هەر بە تەواوەتی هیچ نازانن دەربارەی ئەو ڕێگا و شیوازە ڕاستەقینەیەی کێشە و پرسەکانی پێ چارەسەر(حەل) دەکرێت لە فیزیای مۆدێرندا. ئەگەر دەتەوێت دەستت هەبێت و بەشدار بیت لە تێگەیشتنی تیۆرییانەی یاسا فیزیاییەکان کە شتێکی خۆش و هەژێنەرە ئەگەر سەرکەوتوو بیت، ئەوا شتانێکی زۆر هەن کە دەبێ[پێشوەخت] بیانزانیت. یەکەم شت ئەوەیە کە دەبێ جدی بیت دەربارەی [ئەمەی کە دەتەوێت وا بکەیت]. هەموو ئەو کۆرسانەی زانست کە پێویستن، لە زانکۆکان دەوترێنەوە، بۆیە هەر بە شێوەیەکی سروشتی یەکەم شت کە پێویستە بیکەیت ئەوەیە کە لە زانکۆیەک وەربگیرێیت و هەتا بۆت دەکرێت هەموو ئەو[زانست و زانیارییەی] هەیە کۆی بکەیتەوە و خەریک بیت پێوەی. بەڵام ئەی چی بکەیت ئەگەر هیشتا گەنجیت و لە خوێندنگایت و پێش ئەوەی بچیتە زانکۆ ناچاریت لەگەڵ ئەو گێڕانەوە منداڵانە و سادەیە هەڵبکەیت کە لە خوێندنگا پێی دەڵێن زانست؟ ئەی چی بکەیت ئەگەر بەتەمەنتریت  و بە تەما نیت بچیتە ئەو قەڕەباڵغییە پڕ ژاوەژاوانەی خوێندکارە گەنجەکانی زانکۆوە؟

لەم سەردەمەدا دەتوانیت هەموو ئەو مەعریفە و زانیارییەی کە پێویستتە لە ئینتەرنێتەوە دەستی بخەیت. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دنیایەک شتی بێکەڵک لە ئینتەرنێتدا هەیە. ئایا دەکرێت ئەو پەڕە دەگمەنانەی کە بە ڕاستی بە کەڵک دێن بژار بکرێن؟ من زۆر بە وردی دەزانم کە دەبێ خوێندکارێک لە سەرەتای دەستپێکردندا چی پێ بگوترێتەوە و چی فێر بکرێت. ناو و سەردێڕی کۆرسی وانە هەرە پێویستەکان بە ئاسانی دەستدەکەون، ئەوەش هەر ئەوەیە کە من لە خوارەوە کردووەمە. خواستی من ئەوەیە کە بگەڕێم لەو شوێنانەی ئینتەرنێتدا کە پەیپەر و کتێبە زۆر بەکەڵکەکانی تێدان، جا ئەگەر کرا بە تایبەت ئەوانەی کە دەکرێت داونڵۆد بکرێن. بەم ڕێگایەش تێچووی بوون بە فیزیازانێکی بواری تیۆری لە نرخی ئەمانە تێناپەڕێت: کۆمپیوتەرێک، هێڵێکی ئینتەرنێت، پرێنتەرێک و کۆمەڵێکی زۆریش وەرەقە و قەڵەم. سەرەڕای ئەمەش، بەداخەوە هێشتا ناچارم کە ڕاتان بسپێرم بۆ کڕینی هەندێک تێکستبووک[کتێبی مەنهەجی]، بەڵام ئەمە بابەتێکی جیای پێویستە و لەم نووسینەدا باسی ناکەم. با بۆ ئێستا لە سنووری کەمترین شتی پێویست دەرنەچین. ئەو بابەتانەی لە خوارەوە ڕیز کراون پێویستە بخوێندرێن. لابردنی هەر کامێکیان و گوێپێنەدانی، سزاکەی تەنها یەک شت دەبێت کە ئەویش (شکست)ە. جوان لێم تێبگە: پێویست ناکات کە تۆ باوەڕ بە هەر شتێک بکەیت کە دەیخوێنیتەوە لەسەر حیسابی متمانە، بەڵکو چێکی بکە. هەتا دەتوانیت ڕیگا جێگرەوەکانی تر تاقی بکەرەوە. بۆت دەردەکەوێت کە ئەوەی ئەوان[زاناکان] پێوەی خەریک بوون و کردوویانە، زیرەکانەترین شت بووە کە دەکرا ئەنجام بدرێت. سەرسوڕهێنەرە. باشترین کتێبەکان، ڕاهێنانیان تێدایە. ئەنجامیان بدە. هەوڵبدە بۆت دەربکەوێت کە دەتوانیت لە هەموو شتێک تێبگەیت. هەوڵبدە بگەیتە ئاستێک کە هەڵەکانی تایپ و پیتچنینی کتێبەکان، هەڵە وردەکان و هەروەها هەڵە گرنگەکانیش بدۆزیتەو و بیریش لەوە بکەرەوە ئەگەر تۆ ئەو کتێبە بنووسیت چۆن بە ڕێگایەکی زیرەکانەتر دەینووسیت.

من دەتوانم بۆت باسی ئەزموونی خۆم بکەم. من زۆر بەختم هەبوو کە باشترین مامۆستاکانم لە دەور بن. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی کە مرۆڤ بە لاڕێدا نەڕوات. هەر ئەمەش یارمەتیدەر بوو لەم ڕێیەدا هەتا گەیشتە ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ بەدەست بهێنم. بەڵام من ئینتەرنێتم نەبوو. ئێستا من هەوڵدەدەم کە ببمە مامۆستای تۆ. ئەمەش ئەرکێکی ترسێنەرە. لە ئێستادا ئەم بابەتە بۆ ئەوانە دەبێت کە دەخوازن ببنە فیزیاییەکی بواری تیۆری، ئەویش نەک دانەیەکی ئاسایی، بەڵکو یەکێک لە هەرە باشترینەکان، ئەوانەی کە تەواو یەکلابوونەتەوە کە دەیانەوێت خەڵاتی نۆبڵەکەی خۆیان ببەنەوە. خۆ ئەگەر بە تەمای زۆر لەوە کەمتریت، باشە، یەکەمجار مەکتەبە بێزارکەرەکەت تەواو بکە، دواتر دوای ئەو ڕێچکە ئاساییانە بکەوە کە لە لایەن فێرکەرەکان و پسپۆڕەکانەوە دابین کراوە، ئەوانەی زۆر بە وریاییەوە پارچە پارچەی شتەکان دەجوون پێش ئەوەی دەرخواردی تۆی بدەن.  ئەمەی لەم بابەتەدا باسی دەکەم بۆ خەڵکی بە ئاوات و بەرزی خوازە. من دڵنیام هەرکەسێک دەتوانێت ئەمە ئەنجام بدات، ئەگەر کەسەکە بەهرەمەند بێت بە بڕێکی دیاریکراو لە زیرەکی، حەز و دڵنیایی لە ئەنجامدانی ئەمە. ئێستاش، لێرەوە مەسەلە جدییەکە دەستپێدەکات. گلەیی و گازندەی ئەوە مەکە کە ئەوەی لە خوارەوە باسم کردووە و دەبێ ئەنجامیان بدەیت لە زۆر دەچن. خۆ بە بەلاش خەڵاتی نۆبڵ وەرناگریت و بیریشت بێت ئەمە هەمووی پێکەوە بە لایەنی کەمەوە ٥ ساڵی پێدەچێت ئەگەر خوێندکارەکانمان زۆر بە چڕی سەرقاڵی خوێندنی بن (هەڵبەت من ڕووم لەو کەسانەیە کە بە نیازن زۆربەی کاتەکانیان تەرخان بکەن بۆ سەرقاڵ بوون بەم خوێندنەوە). جا بۆ ئەمەش زیاتر لە زیرەکییەکی سەرەتایی و سادە و ساکار پێویستە هەبێت، چونکە خوێندکارە ئاسایییەکانیش تەنها کاتێک دەتوانن ئاستیان لەم شتانەدا زۆر باش ببێت کە لایەن کۆمەڵێک مامۆستای ئارام و بە سەبرەوە یارمەتی بدرێن. زۆر پێویستە کە ڕاهێنانەکان ئەنجام بدرێن. هەندێک لەو نووسینانە ڕاهێنانیان تیدایە. ئەنجامیان بدە، یان ئەگەر بتەوێت شتێکی باشتر بکەیت، ئەوە هەوڵبدە خۆت ڕاهێنان دروست بکە. هەوڵبدە ئاستی زیرەکی دانەری کتێبەکان تێپەڕێنە، بەڵام تکایە خۆت لەوە بە دوور بگرە کە بە ئیمەیڵ ئەو تیۆرییە جێگرەوانەی خۆت داتناون بۆ منیان بنێریت هەتا ئەو کاتەی لە خوێندنی هەموو ئەمانە دەبییەوە و هەموویان تەواویان دەکەیت؛ ئەگەر ئەمە بە باشی ئەنجام بدەیت ئەوە بۆت دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەم دانەری کتێبانە [کە ئەو شتانەیان لە بری بیرۆکەکانی تۆ نووسیوە] هێندەش گێژ نەبوون کە بیرت لێ دەکردەوە.

فیزیای تیۆری هاوشێوەی باڵەخانەیەکی بەرزە. بناغە پتەوەکەی بریتییە لە ماتماتیکی بنەڕەتی(سەرەتایی) و مەفهومەکانی فیزیای کلاسیکی پێش سەدەی بیستەم. وا بیر مەکەرەوە  کە فیزیای پێش سەدەی بیستەم پەیوەندی بە باسەکەوە نییە لەبەرئەوەی کە ئێستا زۆر زیاترمان هەیە. لەو سەردەمەدا بناغە پتەوەکەی ئەم مەعریفەیەی ئێستا هەمانە دانراوە. بێ ئەوەی یەکەم جار خۆت ئەم بناغەیە بە باشی بنیات بنێیتەوە و دایبڕێژیتەوە هەوڵ مەدە باڵەخانە بەرزەکەت دروست بکەیت. چەند نهۆمی یەکەمی ئەم باڵەخانەیە پێکدێن لەو داڕشتنە ماتماتیکییە ئاستبەرزانەی کە تیۆرییەکانی فیزیای کلاسیکی دەگۆڕن بە جوانییەکەی خۆیان. ئەوانە پێویستن ئەگەر بتەوێت لەوە بەرزتر بڕۆیت. بۆیە دوای ئەوەش ئەو بابەتانەی تر بە دوایدا دێن کە لە خوارەوە ڕیز کراون. سەرەنجام ئەگەر هێندە شێت بیت کە بتەوێت چارەسەری پرس و کێشە هەرە ئاڵۆزەکانی وەک یەکخستنی فیزیای کێشکردنی لەگەڵ جیهانە کوانتەمییەکە بکەیت، لە کۆتاییدا دەگەیت بە ئەوەی کە سەرقاڵی خوێندنی تیۆریی ڕێژەییی گشتی، تیۆری بەرزە ژێکان، ئێم-تیۆری و شتە هاوشێوەکانیان بیت. لە ئێستادا ئەمە سەری سەرەوەی باڵەخانەکەیە. لوتکەی تریش هەن، وەک چڕبوونەوەی بۆز-ئاینشتاین (Bose-Einstein Condensation)، کاریگەریی کەرتیی هۆڵ (fractional Hall Effect) و زۆری تر، کە باشن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ وەک چۆن ساڵانی ڕابردوو نیشانیان داوە. دەبێ ئاگاداری شتێکیش بین: ئەگەر تۆ هەر زۆر زۆر زیرەکیش بیت، لە شوێنێک هەر تێدەمێنیت. خۆت بە ئینتەرنێتدا بگەڕێ و شتی زیاتر بدۆزەرەوە. بابەتەکان بە شێوەیەکی لۆجیکی ڕیزکراون بە دوای یەکتریدا. مەرجیش نییە شتەکان دەقاودەق بەم ڕیزبەندییە بە دوای یەکتریدا ئەنجام بدرێن، بەڵام بە نزیکەیی ئەم بابەتە جیاوازانە هەر وا پێکەوە دەگونجێن و باشترە بەم شێوە بکرێن.


بابەتەکان:

زمان :: Language
ماتماتیکی بنەڕەتی :: Primary Mathematics
میکانیکی کلاسیکی :: Classical Mechanics
بیناییزانی :: Optics
میکانیکی ئاماری و ثێرمۆداینامیک :: Statistical Mechanics & Thermodynamics
ئەلکترۆنیک :: Electronic
ئێلێکترۆماگنێتیزم(کارۆموگناتیسی) :: Electromagnetism
فیزیای کۆمپیوتەریی(ژمێرەیی) :: Computational Physics
میکانیکی کوانتەمی (ناڕێژەیی) :: Non-Relativistic Quantum Mechanics
گەرد و گەردیلەکان :: Atoms & Molecules
فیزیای دۆخی ڕەقی :: Solid State Physics
فیزیای ناوکی :: Nuclear Physics
فیزیای پلازما :: Plasma Physics
ماتماتیکی ئاستبەرز(پێشکەوتوو) :: Advanced Mathematics
ڕێژەییی تایبەت :: Special Relativity
میکانیکی کوانتەمی پێشکەوتوو :: Advanced Quantum Mechanics
فینۆمینۆلۆژی :: Phenomenology
ڕێژەییی گشتی :: General Relativity
تیۆریی بواری کوانتەمی :: Quantum Field Theory
تیۆری سوپەرسترینگ (بەرزەژێ) :: Super String Theory


زمان :: Language

پێویستیی پێشوەخت و هەرە بنچینەیی بریتییە لە زمانی ئینگلیزی. ئەگەر هێشتا زۆر باش نیت تێیدا، فێری بە. دەبێ بتوانیت بە ئینگلیزی بخوێنیتەوە، بنووسیت، قسەی پێ بکەیت و لێی تێبگەیت. بەڵام پێویستیش ناکات پێرفێکت بیت تێیدا. هەموو بڵاوکراوەکان بە ئینگلیزین. ئاگاداری گرنگیی توانای نووسین بە بە ئینگلیزی. درەنگ یان زوو دەخوازیت کە ئەنجامەکانت بڵاو بکەیتەوە. پێویستە خەڵک بتوانن شتەکانت بخوێننەوە و لێیان تێبگەن.

زانینی فەڕەنسی، ئەڵمانی، ئیسپانی و ئیتاڵیش ڕەنگە بەکەڵک بن، بەڵام بە گشتی پێویست نین. بگرە هەر نزیکیش نین لە بناغەی باڵەخانە بەرزەکەمان کە بە نیازین بنیادی بنێین، بۆیە خەمت نەبێت. پێویستت بە ئەلف و بێی یۆنانی دەبێت. پیتە یۆنانییەکان زۆر بەکاردێن. فێری ناوەکانیان ببە، ئەگینا وەک گێژ و شت دەردەکەویت کاتێک هەوڵدەدەیت لە شوێنێک شتێک پێشکەش بکەیت و قسە بکەیت. ئەمانەی خوارەوە هەندێک سەرچاوەی بەکەڵکن بۆ یارمەتیدانی خوێنەری ئاستە جیاوازەکان و پێویستییە جیاوازەکان بۆ زمانی ئینگلیزی.

دوای کردنەوەی هەریەک لەم لینکانەی خوارەوە، پەڕەیەک دەکرێتەوە کە لە بەشی خوارەوەیدا بە پێی بابەتەکان چەندین لینک و سەرچاوەی بەسوود هەیە کە یارمەتیدەرن لە فێربوونی زمانی ئینگلیزیدا:

Dictionaries / Grammar / Vocabulary / Punctuation / Writing


*لێرە بەدواوە بابەتە فیزیاییەکان دەستپێدەکات کە وەک دەبینن بۆ هەر یەکێکیان، سەرەتا ناونیشانی سەرەکی نووسیوە و دواتر هەر بۆ زانیاری ناوی سەردێڕی گرنگترین بابەتەکانی نووسیوە و دواتر و گرنگرترین شتیش ئەوەیە کە لینکی چەند وانە و کۆرسێکی داناوە کە دەبێ فێرخواز پێیانەوە سەرقاڵ بێت (کە ڕەنگەکانیان شین کراوە و کلیکیان لەسەر دەکرێت)، وانەکان هەر لە ئاستی سەرەتاوە تا دەگاتە ئاستی باڵای تێدایە کە پێویستە بکرێن.


ماتماتیکی بنەڕەتی :: Primary Mathematics

ئێستاش گرنگترین ئەو شتانەی کە دەبێت وەک یەکەم هەنگاو بیانخوێنیت ئەم بابەتانەن(ئەمانە تەنها سەردێڕی گرنگترین بابەتەکانن و لینکی کۆرسەکان و وانەکان لە خوارەوە بە ڕەنگی شین دانراوە):
بەینت لەگەڵ ژمارەکان، کۆکردنەوە، لێدەرکردن، ڕەگی دووجاکان و بە گشتی بەینت لەگەڵ ماتماتیک چۆنە؟
-ژمارە سروشتییەکان: ١، ٢، ٣، …
-ژمارە تەواوەکان: …، -٣، -٢، -١، ٠، ١، ٢، ٣، …
-ژمارە ڕێژەییەکان
-ژمارە ڕاستیەکان: π = 3.14159265… , e = 2.7182818، …
-ژمارە ئاوێتەکان: (کە زۆر زۆر گرنگن)
-بیردۆزی کۆمەڵە
-تۆپۆلۆجی
-هاوکێشە جەبرییەکان. تەکنیکەکانی نزیککردنەوە. کردنەوەی زنجیرە: زنجیرەی Taylor
-شیکارکردنی هاوکێشەکان کە ژمارەی ئاوێتەیان تێدایە.
-سێگۆشەزانی: sin(2x)=2sinxcosx، …
-جیاکاری. نەخشە بنچینەییەکانی جیاکاری (sin, cos, exp).
-تەواوکاری. نەخشە بنچینەییەکانی تەواوکاری.
-هاوکێشە جیاکارییەکان. هاوکێشە پلە یەکەکان.
-Fourier transformation. بەکارهێنانی ژمارە ئاوێتەکان. نزیکبوونەوەی زنجیرەکان.
-ڕووتەختی ئاوێتە. تیۆرمەکانی Cauchy و تەواوکاری contour.
-نەخشەی گاما (چێژ وەربگرە لە کاتی خوێندنی خاسیەتەکانی ئەم نەخشەیە).
-تەواوکارییە گاوسییەکان. تیۆری ئیحتمالیە.
-هاوکێشە بەشییە جیاکارییەکان. مەرجە سنوورییەکانی Dirichlet و Neumann.

ئەمە بۆ ئەوانەیە کە لە دەستپێکدان. هەندێک لەم بابەتە ماتماتیکییانەی باسکران لە ڕاستیدا هەر یەکێکیان خۆی کۆرسێکی تەواوە. زۆربەیان لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی تیۆرییەکانی فیزیان. مەرج نییە هەر هەموویان پێش دەستکردن بە بابەتی دوای ئەمە کە میکانیکی کلاسیکییە، تەواو بکەیت. بەڵام بیرت بێت کە دەبێ دواتر بگەڕێیتەوە سەر هەموو ئەو بابەتانەی کە لەم بەشەدا دەیانپەڕێنیت و نایانخوێنیت. ئەمەش لینکی کۆرس و وانەکانی ئەو بابەتانەی لەسەرەوە باسکران، بە پێی ئەو ڕیزبەندییەی دەبێت پێیانەوە خەریک بیت:

جەبری سەرەتایی

جەبری ناوەندیی

کۆرسی سێگۆشەزانی پرۆفیسۆر Dave E. Joyce

کۆرسێک لەسەر ژمارە ئاوێتەکان، پرۆفیسۆر James Binney (زانکۆی ئۆکسفۆرد)

(بە نزیکەیی) پێداچوونەوەیەکی گشتیی هەموو ماتماتیکی سەرەتایی

تێبینیەکانی وانەکانی Chris Pope: مێتۆدی ١ ، مێتۆدی ٢

ڕووتەختی ئاوێتە، تیۆرمەکانی Cauchy و تەواوکاری contour


میکانیکی کلاسیکی :: Classical Mechanics

-میکانیکی ستاتیک (هێز، گرژی)؛ هایدرۆستاتیک. یاساکانی نیوتن.
-خولگە شێوە بڕگە ناتەواوەکانی هەسارەکان. سیستمی فرە تەن.
-پرەنسیپی کار. هاوکێشەکانی هامڵتۆن. لاگرانجیان.(ئەمەیان مەپەڕێنە، بێ ئەندازە گرنگە!)
-لەرەلەرکەری هارمۆنی. بەندۆڵ.
-براکێتەکانی پۆیسن.
-هاوکێشەی شەپۆل. شلە و گازەکان. هاوکێشەی Navier-Stokes. لینجێتی و لێکخشاندن.

کۆرسێکی ئاست ناوەندی دەربارەی داینامیکی شیکاریی کلاسیکی – لە لایەن: پرۆفیسۆر Richard Fitzpatrick

کۆمەڵە تێبینییەک لە وانەکانی زانکۆی هارڤاردەوە

کۆرسێکی کورت لەسەر میکانیکی کلاسیکی لە لایەن پرۆفیسۆر J. J. Binney (زانکۆی ئۆکسفۆرد)


بیناییزانی :: Optics

-شکانەوە و دانەوەی ڕووناکی.
-هاوێنە و ئاوێنەکان.
-تەلیسکۆپ و مایکرۆسکۆپ.
-پێشەکییەک لەسەر بلاوبوونەوەی شەپۆلەکان.
-دیاردەی دۆپلەر.
-پرەنسیپی هۆیگنز بۆ سەریەککەوتنی شەپۆلەکان.
-بەرەشەپۆلەکان.
-Caustics.

(Lecture Note)ەکانی A. A. Louro لە سەر بیناییزانی

(Lecture note)ەکانی R. V. Jones لەسەر بیناییزانی کلاسیکی و کوانتەمی (زانکۆی هارڤارد)


میکانیکی ئاماری و ثێرمۆداینامیک :: Statistical Mechanics & Thermodynamics

-یاسای یەکەم، دووەم و سێیەمی ثێرمۆداینامیک.
-بەشینەوەی بۆڵتزمان.
-خولی  کارنۆ. ئینترۆپی(ناڕێکی). مەکینە گەرمییەکان.
-گۆڕانی دۆخەکان. مۆدێلە ثێرمۆداینامیکییەکان.
-مۆدێلی Ising (هەوڵبدە تەکنیکەکانی شیکارکردنی مۆدێلی Ising ی دوو ڕەهەندی هەڵبگرە بۆ دواتر).
-یاسای تیشکدانی پلانک(وەک پێشەکییەک بۆ میکانیکی کوانتەمی).

کۆرسی میکانیکی ئاماری لە لایەن پرۆفیسۆر Alfred Huan

(Lecture note)ەکانی پرۆفیسۆر Kelly لەسەر میکانیکی ئاماری

(Lecture note)ەکانی Gould/Tobochnik

کۆرسێکی ئاست ناوەندی لەسەر میکانیکی ئاماری لەلایەن پرۆفیسۆر R. Fitzpatrick


ئەلکترۆنیک :: Electronic

(تەنها هەندێک شتی بنچینەیی دەربارەی سووڕە کارەباییەکان)
-یاسای ئۆم، بارگەگرەکان، موگنەبارگەکان، بەکارهێنانی ژمارە ئاوێتەکان بۆ ئەژمارکردنی کاریگەرییەکانیان.
-ترانزیستەرەکان، دایۆدەکان (چۆنێتی کارکردنەکەیان دواتر دەخوێندرێت).

وانە لەسەر سووڕە کارەباییەکان لە لایەن: T. R. Kuphaldt


ئێلێکترۆماگنێتیزم(کارۆموگناتیسی) :: Electromagnetism

تیۆری ماکسوێڵ بۆ ئێلێکترۆماگنێتیزم:
-چوونیەک و ناچوونیەک.
-یاساکانی ماکسوێڵ لە ناوەندێکدا. سنوورەکان. شیکارکردنی هاوکێشەکان لە:
لە ناوەندی بەتاڵ و چوونیەکدا(شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان)
لە ناوەندێکی شێوە شەشپاڵوودا
لە سنوورەکان(شکانەوە و دانەوە)
-هەردوو بابەتی vector potential و gauge invariance (بێ ئەندازە گرنگن).
– تیشکدان و هەڵمژینی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان (ئەنتێنا).
-پەرشبوونەوەی ڕووناکی لە تەنەکانەوە.

ئێلێکترۆماگنێتیزم ‘ئاستی سەرەتا’ لە لایەن پرۆفیسۆر James Sparks (زانکۆی ئۆکسفۆرد)

کۆرسی ئێلێکترۆماگنێتیزم ‘ئاستی بەرز’ لە لایەن پرۆفیسۆر R. Fritzpatrick

تیۆریی بواری موگناتیسی ‘ئاستی باڵا’ لە لایەن Bo Y. Thidé

نمونەی شیکارکراو لە کتێبەکەی ‘Jackson’ەوە


فیزیای کۆمپیوتەریی(ژمێرەیی) :: Computational Physics

ئەگەر فیزیازانێک بیت کە هەر بە شێوەیەکی پەتی تەواو لە بواری تیۆریدا کار بکات، ئەوە ڕەنگە هێشتا هەندێک ڕووی فیزیای کۆمپیوتەری هەر سەرنجت ڕابکێشن.

 کۆرسێک لەسەر پرۆگرامی Mathematica بۆ خوێندکارانی زانست لە لایەن پرۆفیسۆر James J. Kelly

کۆرسی فیزیای کۆمپیوتەری لە لایەن پرۆفیسۆر Angus MacKinnon (کۆلێجی ئیمپڕاتۆریی لەندەن)

پڕۆژەی Numerical Analysis لە لایەن پرۆفیسۆر John H. Mathews


 میکانیکی کوانتەمی (ناڕێژەیی)

Quantum Mechanics (Non-Relativistic)

-مۆدێلی گەردیلەی بۆر.
-پەیوەندییەکانی دیبرۆی (وزە-لەرەلەر، تەوژم-درێژی شەپۆل).
-هاوکێشەکەی شرۆدینگەر (بە پەستانی کارەبایی و بواری موگناتیسییەوە).
-تیۆرمەکەی ئێرنفێست.
-تەنۆلکەیەک لە سندوقێکدا.
-گەردیلەی هایدرۆجین کە بە شێوەیەکی سیستماتیک شیکار کرابێت. کاریگەریی Zeeman. کاریگەریی Stark.
-لەرەلەرکەری هارمۆنیی کوانتەمی.
-ئۆپەرێتەرەکانی: وزە، تەوژم، گۆشەتەوژم، دروستبوون و لەناوبردن.
-ڕێساکانی گۆڕینەوەکەیان.
-پێشەکییەک لەسەر پەرشبوونەوەی کوانتەمی. S-matrix و شیبوونەوەی تیشکاوەری.

پێشەکییەک لەسەر میکانیکی کوانتەمی و ڕێژەییی تایبەت لە لایەن Michael Fowler

*ئەگەر لینکەکەی سەرەوە ناکرێتەوە دەتوانیت یەکێک لەم دووانە بخوێنیت لە جیاتی ئەو، کە یەکێکیان ناساندنێکی کورتە(وەک مەلزەمە) و ئەوی تر تێکستبووکێکی دوور و درێژە(دەتوانیت ئەگەر لە بابەتێکی ناساندنە کورتەکەدا تووشی کێشە بوویت یان ڕوونکردنەوەی زیاترت ویست بچیتە سەر تێکستبووکەکە):
١. وانە کورتەکان / ٢. تێکستبووکە دوور و درێژەکە

کۆرسێک لەسەر میکانیکی کوانتەمی لە لایەن پرۆفیسۆر Niels Walet (زانکۆی مانچستەر)

دوو کۆرسی MIT لەسەر میکانیکی کوانتەمی:

١. ئاستی خوێندکاری زانکۆ (ئەم کۆرسە هەموو وانەکانی بە شێوەی ڤیدیۆیش تێدایە)

٢. ئاستی خوێندکارێکی دەرچووی زانکۆ:  وانەکانی وەرزی یەکەم / وانەکانی وەرزی دووەم

وانەکانی فیزیای کوانتەم لە لایەن پرۆفیسۆر James Branson (زانکۆی کالیفۆرنیا)


گەرد و گەردیلەکان :: Atoms & Molecules

-بەندی کیمیایی.
-ئۆربیتاڵەکان.
-شەبەنگی گەردی و گەردیلەیی.
-تیشکدان و هەڵمژینی ڕووناکی.
-ڕێساکانی هەڵبژاردنی کوانتەمی.
-زەبری موگناتیسی.

وانە و تێبینییەکان لەسەر کیمیای کوانتەمیی گشتی لە لایەن ئەنستیتۆی تەکنۆلۆژی جۆرجیا

کیمیای فیزیکی لە لایەن پرۆفیسۆر Darin J. Ulness


فیزیای دۆخی ڕەقی :: Solid State Physics

-گرپە کریستاڵەکان.
-دانەوەی براگ.
-نەگۆڕی Dielectric و Diamagnetic.
شەبەنگی Bloch.
-ئاستی فێرمی.
-گەیەنەرەکان، نیمچەگەیەنەرەکان و نەگەیەنەرەکان.
-گەرمیی تایبەتی.
-ئەلترۆنەکان و کونەکان.
-ترانزیستەر.
-بەرزەگەیەنەرێتی.
-کاریگەری Hall.

پێشەکییەک بۆ فیزیای دۆخی ڕەقی (ئاستی سەرەتا) لە لایەن پڕۆفیسۆر Yuri M. Galperin (زانکۆی ئۆسلۆ)

کۆرسێکی فیزیای دۆخی ڕەقی (ئاستی بەرز) لە لایەن پڕۆفیسۆر Mark Jarrell (زانکۆی کالیفۆرنیا)

تێبینی لە سەر فیزیای دۆخی ڕەقی لە لایەن Chetan Nayak (زانکۆی کالیفۆرنیا)


فیزیای ناوکی :: Nuclear Physics

-ئایزۆتۆپەکان.
-چالاکی تیشکاوەری.
-ناوکەکەرتبوون و ناوکەیەکبوون.
-مۆدێلی دڵۆپە.
-ژمارە کوانتەمییە ناوکییەکان.
-ناوکە سیحرییەکان.
-isospin.
-تیۆری Yukawa.

پێنج وانە لەسەر effective field theory لە لایەن David B. Kaplan

پەرتوکێکی بنچینەیی لەسەر تیۆرای ناوکی لە لایەن J. Dobaczewski


فیزیای پلازما :: Plasma Physics

-Magneto-hydrodynamics.
– شەپۆلەکانی Alfvén.

پێشەکییەک لەسەر فیزیای پلازما لە لایەن پڕۆفیسۆر R. Fritzpatrick


ماتماتیکی ئاستبەرز(پێشکەوتوو) :: Advanced Mathematics

-تیۆریی گروپ، دەربڕینی هێڵیی گروپەکان.
-تیۆریی گروپی Lie.
-ئاڕاستەبڕ و تێنسەرەکان.
-تەکنیکی زیاتر بۆ شیکارکردنی هاوکێشە جیاکارییە بەشەکییەکان و هاوکێشە تەواوکارییەکان.
-پرەنسیپی Extremum و ئەو تەکنیکانەی لەسەری بنیاد نراون.
-هاوکێشەی جیاوازییەکان.
-نەخشەی پەیداکەر.
-فەزای هیلبێرت.
-پێشەکییەک لەسەر functional integral.

بڕوانە سایتی پڕۆفیسۆر John Heinbockel

بڕوانە مێتۆدی دووەمی Chr. Pope (فایلەکە لە جۆری ps ە)

لیستی کتێبە مەنهەجییەکانی ماتماتیک (جارێ لینکەکە کارا نییە)

گروپەکانی Lie لە فیزیکدا لە لایەن پڕۆفیسۆر G.’t Hooft (بە زمانی ئینگلیزی+ڕاهێنانەکان)

*بۆ گروپەکانی Lie، سەیری وانەکانی Chr. Pope بکە لە بەشی ڕێژەییی گشتیدا

نەخشە تایبەتەکان و زۆر ڕادەدارەکان (تەنها لە پرەنسیپەکان تێبگە)


ڕێژەییی تایبەت :: Special Relativity

-گۆڕینی لۆرێنز.
-چوونەوەیەکی لۆرێنز، کات کشان.
-یاسای E=mc^2.
-چوار ئاڕاستەبڕ و چوار تێنسەر.
-ڕێساکانی گۆڕین بۆ بواری ماکسوێڵ.
-دیاردەی دۆپلەری ڕێژەییانە.

کۆرسی وانەکانی پڕۆفیسۆر Peter Dunsby لەسەر تێنسەرەکان و ڕێژەییی تایبەت

کتێبەکەی پڕۆفیسۆر Firk لەسەر ڕێژەییی تایبەت


میکانیکی کوانتەمی پێشکەوتوو :: Advanced Quantum Mechanics

-فەزای هیلبێرت.
-گواستنەوەی ئەلکترۆنەکان [لە ئاستەکانی گەردیلەدا].
-تیشکدان و هەڵمژینی ڕووناکی.
-بزوێنە تیشکدان.
-ماتریکسی چڕی.
-لێکدانەوەی میکانیکی کوانتەمی.
-لاسەنگییەکانی بێڵ.
-بەرەو میکانیکی کوانتەمیی ڕێژەیی: هاوکێشەکەی دیراک، وردەپێکهاتەکان.
-ئەلکترۆن و پۆزیترۆنەکان.
-تیۆری BSC بۆ بەرزەگەیەنەرێتی.
-کاریگەری Hallی کوانتەمی.
-تیۆریی پێشکەوتووی پەرشبوونەوە.
-پەیوەندییەکانی پەرەوازەبوون.
-بابەتی Perturbation expansion.
-بابەتی WKB approximation و پرەنسیپی Extremum.
-چڕبوونەوەی بۆز-ئاینشتاین.
-بەرزەشلەی هیلیۆم.

وانەکانی پڕۆفیسۆر Stringari لەسەر شلە سەرووساردەکان

پێشەکییەک لەسەر Quantum Hall effect لە لایەن A.H. MacDonald

پێشەکییەک لەسەر دۆخە کوانتەمییەکان و تیۆریی زانیاریی کوانتەمی لە لایەن پڕۆفیسۆر K. Fujii

وانەی تایبەتی لەسەر Quantum information لە لایەن پڕۆفیسۆر Peter Zoller

پێشەکییەک لەسەر Quantum Computation لە لایەن A. Chatterjee

وانەکانی ساڵی ١٩٥١ی Freeman J. Dyson لەسەر میکانیکی کوانتەمیی پێشکەوتوو

تێبینییەکانی پڕۆفیسۆر K. Schulten لەسەر میکانیکی کوانتەمیی پێشکەوتوو

تیۆریی کوانتەمی پێشکەوتوو لە لایەن پڕۆفیسۆر James Branson (زانکۆی کالیفۆڕنیا)


 فینۆمینۆلۆژی :: Phenomenology

تەنۆلکە بنیادییەکان (مێزۆنەکان، باریۆنەکان، فۆتۆنەکان، لیپتۆنەکان، کوارکەکان) و تیشکە گەردوونییەکان؛ خاسیەتی ماددەکان و کیمیا؛ ئایزۆتۆپە ناوکییەکان، گۆڕانی دۆخەکان، ئەسترۆفیزیک (سیستمە هەسارەییەکان، ئەستێرەکان، گەلەئەستێرەکان، لادان بەرەوسوور، سوپەرنۆڤاکان)؛ کۆزمۆلۆژی (مۆدێلە کۆزمۆلۆژییەکان، تیۆرییەکانی گەردوونی هەڵئاوسان، تیشکدانی زەمینەی مایکرۆیی).

(Lecture note)ەکانی پڕۆفیسۆر R. Casalbuoni لەسەر فینۆمینۆلۆژی

(Lecture note)ەکانی پڕۆفیسۆر Paolo Franzini لەسەر تەنۆلکە سەرەتاییەکان


ڕێژەییی گشتی :: General Relativity

-تێنسەری مەتریک.
-چەمانەوەی فەزا-کات.
-هاوکێشەی کێشکردنی ئاینشتاین.
-کونە ڕەشەکەی Schwarzschild.
-کونی ڕەشی Reissner-Nordström.
-Periastron shift.
-هاوینەی کێشکردنی.
-مۆدێلە کۆزمۆلۆژییەکان.
-تیشکدانی کێشکردنی.

پیشەکییەک لەسەر ڕێژەییی گشتی لە لایەن پڕۆفیسۆر G. ‘t Hooft (+ڕ‌اهێنان)

(Lecture note)ەکانی پڕۆفیسۆر Sean M. Carroll لەسەر ڕێژەییی گشتی

کۆرسێک لەسەر ئەندازە و تیۆریی گروپ لە لایەن Chr. Pope


کۆزمۆلۆژی :: Cosmology
و
ئەسترۆفیزیک و ئەسترۆنۆمی :: Astro-Physics & Astronomy

کۆزمۆلۆژی و ئەسترۆفیزیک بە بەراورد لەگەڵ لقەکانی تر، تازەن و زۆر شت ئێستا لەو بوارانەدا دەگوزەرێت. وا باشترە کە ئاگاداری ئەم بابەتە گرنگانە بیت و بە پێی حەز و چێژی خۆت کاتیان بۆ تەرخان بکەیت. بە دلنیاییەوە دەبێت بزانیت کە لە کۆزمۆلۆژی و ئەسترۆفیزیک و ئەسترۆپارتیکڵ فیزیکەوە دەستکەوت هەیە بۆ چارەسەر و وەڵامی چەندین پرسی فیزیا. بەڵام با ئاوا بەردەوام و بپرسم: ئەی چی دەربارەی فیزیای لقە تایبەتەکانی تری زانست؟ بایۆفیزیک، جیۆفیزیک، فیزیای میوزیک، …
من وەک  خۆم پێم باشە و هانتان دەدەم کە بگەڕێن لە وێبدا بۆ ئەو چەشنە بابەتانەی تر کە حەزتان لێیەتی.


 تیۆریی بواری کوانتەمی :: Quantum Field Theory

-بوارە کلاسیکییەکان: نائاڕاستەبڕ، Dirac-spinor، بوارە ئاڕاستەبڕەکانی Yang-Mills.
-کارلێککردنەکان، perturbation expansion، شکانی لەخۆوەی هاوجێیەتی، Goldstone mode، میکانیزمی هیگز.
-تەنۆلکەکان و بوارەکان: فەزای Fock، دژە تەنۆلکەکان، ڕێساکانی فاینمەن. مۆدێلی سیگمای Gell-Mann-Lévy بۆ پایۆن و ناوکەکان. بابەتی Loop diagrams. بابەتی Unitarity، هۆیەکی و پەیوەندییەکانی پەرەوازە بوون.
بابەتی (Renormalization (Pauli-Villars; dimensional ren، تیۆری gaugeی کوانتەمی: بابەتی Gauge fixing، بابەتی Faddeev-Popov determinant، بابەتی Slavnov identities، هاوجێیەتی BRST، بابەتی renormalization group. بابەتی Asymptotic freedom.
-سۆلیتۆنەکان، سکیرمیۆنەکان. تاک جەمسەرە موگناتیسییەکان و ئینستانتۆنەکان. میکانیزمی بەندکردنی هەمیشەییی کوارک. کردنەوە(فراوانبوونی) 1/N. فراوانبوونی لێکدانی ئۆپەرێتەرەکان. هاوکێشەی Bethe-Salpeter. بنیاتنانی مۆدێلی ستاندارد. سەرپێچیی جۆری P و CP. تیۆرمی CPTI. سپین و پەیوەندیی ئاماری. بەرزە هاوجێیەتی.

کۆرسێک لەسەر QFT لە لایەن پڕۆفیسۆر Pierre van Baal

بنچینەی چەمکییانە(مەفهومی)ی QFT لە لایەن پڕۆفیسۆر G. ‘t Hooft

چاپتەرێک لە پەرتوکی فەلسەفەی زانست

تاک جەمسەرە موگناتیسییەکان و ئینستانتۆنەکان لە لایەن Gerard ’t Hooft


بەرزە هاوجێیەتی و بەرزەکێشکردن :: Supersymmetry & Supergravity


ئەسترۆپارتیکڵ فیزیک :: Astro Particle Physics


تیۆری سوپەرسترینگ (بەرزەژێ) :: Super String Theory

پێشەکییەک+ڕاهێنان لەسەر تیۆری سترینگ(ژێ) لە لایەن Gerard ’t Hooft

پێشەکییەک لەسەر تیۆری سوپەرسترینگ (بەرزە ژێ) لە لایەن E. Kiritsis

وێبسایتێکی گشتی دەربارەی تیۆری سترینگ


چەندین نوسین و سەرچاوەی تر

ئەوەی تا ئێستا باسکرا ئەو سەرچاوانە بوون کە بە خۆڕایی دەستدەکەون، لێرە بە دواوە ئەمانە ناونیشانی چەندین کتێبی مەنهەجی باشن دەربارەی بابەتە جیاجیاکانی فیزیای تیۆری:

کلیک لێرە بکە بۆ بینینی لیستی کتێبەکان


سەرچاوە:
https://www.staff.science.uu.nl/~gadda001/goodtheorist/index.html
About thes



حەوت کورتە وانەی فیزیک: وانەی سێیەم

نوسینی:كارلۆ رۆڤیللی
وەرگێرانی بەدەسکاریەوە:شێرکۆ رەشید قادر
وانەی سێیەم: تەلاری گەردون

لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کاتێک ئاینشتاین وەسفی میکانیزمی کارکردنی فەزا و زەمەنی گەردونی کرد، نیەڵز بۆر و شاگردە لاوەکانی گیرۆدەی هاوکێشە سەیرەکانی سروشتی کوانتەمی مادە بوبون. لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمدا، بە پشت بەستن بە بناغەی ئەم فیزیکە نوێیانە، فیزیکناسان دو تیوری نوێیان بە فراوانی لە کایەی جیاجیای سروشتدا واریکرد:  لە بونیاتی گەورەی سروشتەوە هەتا بونیاتی بچکۆلەی تەنۆلکە بنەڕەتییەکان. لەم وانەیەدا باسی یەکەم و لە وانەی داهاتوشدا باسی دوەم دەکەم.

ئەم وانەیە بە زۆری لە دایەگرامی سادە پێکهاتوە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە بەر لە تاقیکردنەوە، پێوانەکاری، ماتماتیک و هەمو کورتکردنەوە تۆکمەکان، زانست لە سەرو هەمو شتێکەوە بریتیە لە وێناگەری واتە روئیا. زانست لەگەڵ روئیادا دەست پێدەکات. فکری زانستی بە قودرەتی بینینێک جۆشکراوە کە جیاوازە لەوەی لەوەبەر سەیری شتەکانی پێ کرابێت. لێرەدا دەمەوێت پوختەیەکی کورتی هێڵە گشتییەکانی گەشتی هەردو روئیاکەتان پێشکەش بکەم.

seven-physics-lesson-lesson-3-1ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن هەزار ساڵە گەردون بە چەمک کراوە: عەرد دەکەوێتە ژێرەوە، ئاسمانیش لە سەرەوە. بیست و شەش سەدە لەمەوبەر، گەورەترین شۆڕشی زانستی لەسەر دەستی ئەناکسیماندەر بەرپابو، ئەویش کاتێک ویستی ئەو پرسە حل بکات کە چۆن دەشێت خۆر، مانگ و ئەستێرەکان بە دەوری ئێمەی عەردا دەسوڕێنەوە. ئەناکسیماندەر ئەو وێنەیەی سەرەوەی گەردونی لابرد و ئەمەی خوارەی لەبری دانا.

seven-physics-lesson-lesson-3-2

بەمجۆرە ئاسمان، نەک هەر لە سەرەوە، بەڵکو لە هەمو لایەکەوە دەوری عەردی داوە، عەردیش وەک بەردێکی گەورە بە فەزادا هەڵواسراوە، بە بێ ئەوەی بکەوێتە خوارەوە. دوای ئەمە(لەوانەیە پارمەندیس یان فیساگۆرس بوبێت.) بۆیان دەرکەوت کە شێوەی گۆیی ماقوڵترین فۆرمە بۆ عەرد بۆ ئەوەی بەو جۆرە لە ئاسماندا بمێنێتەوە و بە هەمو ئاراستەکانیشدا یەکسانە، ئنجا ئەرستۆ هات و مشتومڕێکی زانستییانەی تۆکمە و قانعانەی داڕشت بۆ پشتراستکردنەوەی سیمای گۆیی هەر دوک عەرد و ئاسمانی دەوری عەرد کە بوەتە روتەختێک بۆ ئەوەی تەنە ئاسمانییەکان لەسەر خولگەکانیان بە دەوری عەردا بسوڕێنەوە. سەرەئەنجامی وێنەکەی گەردون بەمجۆرەی لێهات:

seven-physics-lesson-lesson-3-3

ئنجا ئەم گەردونە، هەروەک ئەرستۆ لە کتێبەکەیدا، لەمەڕ تەنەکانی ئاسمان، وەسفی دەکات، بو بەو گەردونەی کە بە درێژایی سەدەکان و هەتا چەرخەکانی ناوەراست وەک خەسڵەتی شارستانیەتی ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست مایەوە. ئەمە هەر سیمای ئەو دونیایەیە کە دانتێ و شکسپێر لە قوتابخانەکان خوێندویانە.

کۆپەرنیکۆس هەنگاوی ئایندەی هەڵگرت و ئەو قۆناغەی بنیاتنا کە بە شۆڕشی گەورەی زانستی ناسراوە. لای کۆپەرنیکۆس دونیا نوێکەی خۆی زۆر لەوەی ئەرستۆ جیاواز نەبو:

seven-physics-lesson-lesson-3-4

بەڵام لە هەقیقەتدا جیاوازی سەرەکی لە نێوانیاندا هەبو. کۆپەرنیکۆس ئایدیاکەی لە یۆنانی کۆنەوە وەرگرت و پیشانیدا کە زەوی چەقی گەردون نییە و هەمو هەسارەکان بە دەوریدا سەما بکەن، بەڵکو لە بری عەرد خۆر چەقی گەردونە. بەمجۆرە هەسارەکەی خۆمان واتە عەرد، بو بە یەکێک لە هەمو هەسارەکانی تر و بە خێراییەکی بەرز بە دەوری تەوەری خۆیدا دەخولێتەوە و لەهەمان کاتیشدا بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە.

دیسان گەشەکردنی ماریفەتمان هەر بەردەوام بو. لەگەڵ پێشکەوتنی ئامرازەکاندا، هەر زو بۆمان دەرکەوت کە سیستەمی خۆری بۆ خۆی تەنها یەکێکە لە ژمارەیەکی بێشوماری سیستەمی تر و خۆریش جگە لە ئەستێرەیەک، وەک چەندەها ئەستێرەی تر هیچی تر نییە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو نوقتەیەکی زۆر بچکۆلەیە لە نێو هەورێکی زۆر گەورە کە بلیونەها ئەستێرە لەخۆدەگرێت، کە ئەویش بە گالاکسی ناودەبرێت.

seven-physics-lesson-lesson-3-5

لە ساڵانی 1930 یەکاندا، دوای ئەوەی فەلەکناسانی تایبەت بە گازییەکان( ئەو هەورە سپییانەی دەکەونە نێو ئەستێرەکانەوە)، پێوانێکی وردیان کرد، بۆیان دەرکەوت کە گالاکسی خۆشی بریتیە لە نوقتەیەک تۆز لە نێو هەورێکی گەورەی گەلە گالاکسیدا، ئەم گەلە گالاسییانە ئەوەندە دورن تەنانەت بە بەهێزترین تەلەسکۆپیش ناتوانین ئەوسەریان ببینین. بەمجۆرە دونیا بوە مەملەکەتێکی بێ سنوری بێ کەنار.

ئەم وێنەیەی خوارەوە تابلۆ و نیگار نییە، بەڵکو وێنەیەکی فۆتۆگرافییە کە تەلەسکۆپی گەورەی فەزایی هەبڵل گرتویەتی، سیمایەکی قوڵاییەکانی ئاسمانمان نیشان دەدات کە هەرگیز لەوەبەر دیمەنی وەهامان نەبینیوە، تەنانەت ئەگەر گەورەترین تەلەسکۆپیشمان بەکاربهێنایە. خۆ ئەگەر تەنها بە چاو سەیری بکەین جگە لە پەڵەیەکی زۆر تاریکی ئاسمان هیچی تر بەدی ناکەین. بەڵام لە چاوی تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵڵەوە ئەم تۆزوخۆڵە لە دورییەکی زۆرەوە وەک نوقتەگەلێک بەدەردەکەوێت. ئەگەر هەر خاڵێکی رەش لە وێنەکەدا بگریت بریتییە لە گالاکسییەک کە سەدان بلیۆن خۆری لەوەی لەمەڕ خۆمان لەخۆدەگرێت. دوای سەرنج و وردبونەوە، لە چەند ساڵی رابردودا دەرکەوتوە کە زۆربەی ئەم خۆرانە هەسارەی خۆیان هەیە و بە دەوریاندا دەسوڕێنەوە. بەمجۆرە لە گەردوندا، هەزاران بلیۆن بلیۆن بلیۆن هەسارەی تری وەکو عەرد بونیان هەیە. خۆ ئەگەر بە هەر ئاراستەیەکدا سەیربکەین، ئەوا بەمجۆرە دەردەکەوێت:

seven-physics-lesson-lesson-3-6

بەڵام، لە هەمبەر ئەم رێکوپێکە ناکۆتاییە، بەوجۆرە نییە کە دێتە بەرچاو. هەروەک لەوەبەر لە دەرسی یەکەمدا باسم کرد ، فەزا تەخت نییە بەڵکو چەماوەییە. پێویستە وێنای پێکهاتەی ئەم گەردونە بکەین، بە شلپەی گالاکسییەکانیەوە، کە ئەو شەپۆلانە، بە هەمان شێوەی شەپۆلەکانی دەریا، دەیان جوڵێنێت، هەندێک جار وەها دەخرۆشێت کە چاڵێک دروستدەکەن، کە بە چاڵە رەشەکان ناسراون. بەمجۆرە با بگەڕێینەوە بۆ ئەو وێنەیەی کە لەوەبەر کێشابومان، بۆ ئەوەی ئەو کەندڕە گەورانەی گەردون نمایش بکەین کە لە لایەن ئەم شەپۆلانەوە دروستکراون:

seven-physics-lesson-lesson-3-7

دواجار، ئێستا دەزانین کە ئەم گەردونە زەبەلاحە، گەورە و لاستیکییە بە گالاکسییەکان رازاوەتەوە و پازدە بلیون ساڵیشە لە پرۆسەی دروستبوندایە و لە بناواندا لە هەورێکی رەشی بچکۆلەی ئیجگار گەرم و چڕەوە لەدایکبوە. بۆ پیشاندانی ئەم تەرزە، چیتر پیویستمان بە وێنە کێشانی ئەم گەردونە نییە، بەڵکو پێویستە سەرتاپای وێنە بکێشین و بنوسینەوە. لە راستیدا گەردون ئەم شێوەی ئەم وێنەیەی هەبوە:

seven-physics-lesson-lesson-3-8

هەروەک لە وێنەکەدا دەبینین گەردون وەک تۆپێکی بچۆلە دەستی پێکرد و دوایی بە جۆرێک تەقییەوە کە ئەو فۆرمە گەردونییەی ئێستا لەخۆدەگرێت. ئەمە سیمای هەنوکەیی گەردونە، بەو مەودا هەرە گەورەییەی کە دەیزانین.

ئایا هیچی تر هەیە؟ ئایا لەوەبەر هیچی تر هەبو؟ لەوانەیە، بەڵێ، لە وانەکانی تردا قسەی لەسەر دەکەم. ئایا گەردونی تر کە هاوشێوەی یەکتر بن بونیان هەیە؟ یان جیاوازتر؟ ئێمە نازانین.




حەوت کورتە وانەی فیزیک: وانەی یەکەم

نوسینی:كارلۆ رۆڤیللی
وەرگێرانی بەدەسکاریەوە:شێرکۆ رەشید قادر
جوانترین تیۆری

ئاینشتاین، لە تافی لاویدا، ساڵێکی تەمەنی خۆی بە تەمەڵی و بێ هیچ ئامانجێک گوزەراند. بەڵام زەحمەتە ئنسان بتوانێت بگاتە مەبەستێک ئەگەر بڕێک لە ژیان و کاتی
خۆی بە فیڕۆ نەدات، بە داخەوە زۆر لە دایکان و باوکانی هەرزەکاران ئەم راستییە فەرامۆش دەکەن. ئاینشتاین ئەو کاتە لە پاڤیا بو. لە ئەڵمانیا دەستبەرداری خوێندنەکەی بو چونکە بەرگەی نەگرت و وەدوی ماڵەوەیان کەوت. ئەمە سەرەتای سەدەی بیستەم بو، لە ئیتالیاش سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی پیشەسازی بو. بابی، کە ئەندازیاربو، لە دەشتاییەکانی پادوادا، بنکەی کارەبایی دادەمەزراند. هەر لێرە بو کە ئاینشتاین کەوتە خوێندنەوەی کانت و جار جارەش، بۆ خۆشی و بێ ئەوەی ناونوس کرابێت یان بیر لەوە بکاتەوە کە بچێتە تاقیکردنەوەوە، دەچوە زانکۆی پاڤیا. ئا بەمجۆرە زانایانی گەورە دروست دەبن.
دوای ئەمە، چووە زانکۆی زوریخ و لە خوێندنی فیزیکدا قوڵبوەوە. دوای چەند ساڵێکی کەم، لە 1905 دا، سێ پەیپەری(نامەی زانستی) نارد بۆ نایابترین و بەشۆرەترین ژورناڵی زانستی ئەو سەردەمە کە ناوی ئەناڵێن دێر فیزیک بو. هەر یەک لەم پەیپەرانە بۆ خۆی شایانی خەڵاتی نۆبڵ بون. یەکەمیان ئەوە دەخاتەڕو کە ئەتۆم لە راستیدا بونی هەیە. دوەمیشیان بناغەی داڕشت بۆ میکانیکی کوانتەم. سێیەمیش، یەکەم تیوری خۆی، کە تیوری نسبی ( کە ئێستا بە نسبیەتی تایبەتی ناسراوە.)بو پێشکەشکرد، ئەو تیورییەی ئەوەمان بۆ رۆشندەکاتەوە کە چۆن زەمەن بۆ هەمو کەسێک وەک یەک گوزەر ناکات: تەنانەت دو مرۆڤی دوانەی وەک یەکیش لە تەمەندا جودان ئەگەر یەکێکێان بە خێراییەک سەفەربکات.
ئاینشتاین لە شەو و رۆژێکدا بوە زانایەکی سەر زوبانان و لە چەندەها زانکۆی جیاجیاوە پۆستی کار و پرۆفیسۆریان پێشکەشکرد. بەڵام شتێک ناڕەحەتی کرد: سەرباری ئەوەی یەکسەر ناوبانگی پەیداکرد، تیوری نسبی لەگەڵ تیوری هێزی کێشکردنی نیوتندا کۆک نەبو، بە تایبەتی لەمەڕ کەوتنەخوارەی شتەکان. ئەمەی کاتێک بۆ دەرکەوت کە سەرقاڵی نوسینی گوتارێک بو لەمەڕ کورتەی تیورییەکەی و ئنجا کەوتە خوردبونەوە لەوەی ئەگەر یاسای ” کێشکردنی گشتی”، بەو جۆرەی لە لایەن بابی فیزیک، ئیسحاق نیوتن، خۆیەوە فۆرمولە کراوە، پێویستی بە پێداچونەوە هەیە بەو مەبەستەی لەگەڵ چەمکی نوێی نسبیەتدا بەراورد بکرێت. ئاینشتاین خۆی لە پرسەکەدا غەرقکرد. دە ساڵی رەبەقی خایاند کە یەکلایی بکاتەوە، دە ساڵی خوێندنی چڕوپڕ، هەڵە، هەوڵدان، سەر لێ تێکچون، گوتاری هەڵە، ئایدیای نایاب و ئایدیای بە هەڵە تێگەیشتن.
دوا جار، لە ساڵی 1915 دا، پەیپەرێکی زانستی بە چاپ گەیاند کە تەواوی حلەکەی خستەڕوو: تیورییەکی نوێی کێشکردن کە بە نێوی تیوری گشتی نسبی بڵاوی کردەوە، کە شاکاری هەرە گەورەی ئاینشتاین بو، بە گوتەی لێڤ لانداو، فیزیکناسی گەورەی روسی ”جوانترین تیورییە”.
لە راستیدا گەلێک شاکاری رەها هەن کە بە خرۆشەوە هەستمان دەجوڵێنن: وەکو ريکیومی Requiem موزارت، ئۆدێسەی هۆمیرۆس و کینگ لیری شەکسپیر. بۆ ئەوەی بلیمەتی ئەمانە بزانین، ئەوا پێویست دەکات کە مرۆڤ لەبەر دەستیاندا شاگردبێت، بەڵام پاداشەکەی جوانییەکی بێگەرد و پوختە، نەک هەر ئەمە بەڵکو بیناییمان لەبەردەم وێنایەکی نوێێ ئەم دونیایەدا دەکاتەوە. زێرەکەی ئاینشتاین، کە بریتییە لە تیوری گشتی نسبی، نمونەی شاکارێکی ئەم پلەیەیە.
لە بیرمە کاتێک بۆ یەکەم جار کەوتمە ئەوەی شتیك لە تیوری نسبی بزانم، ئای چەندە خرۆشابوم. هاوین بو لە کەنارەکانی دەریای کۆندۆفۆری، لە کالابریا بوم، دوا ساڵی خوێندنی زانکۆم بو. کاتێک ئنسان لە مەکتەب دورە، لە پشوی هاویندا بە باشترین شێوە دەکەوێتە خوێندن، ئەو کاتە کتێبک یاریدەدەرم بو کە مشک گازی لە سوچەکانی گرتبو، چونکە شەوانە بەکارم دەهێنا بۆ گرتنی کونەکانی ئەم مەخلوقە نەگبەتانەی لەو خانوە وێرانەدا بون کە دەتگوت بۆ هیپی دروستکراوە و لە بەرزاییەکی ئەمبریادا بو، ئێمەش چوبوینە ناوی بۆ ئەوەی لە بێزاری دەرسەکانی زانکۆی بۆلۆننا رابکەین و رزگارمان بێت. ساتە نا ساتێک چاوم لەسەر کتێبەکە بەرزدەکردەوە و سەیری بریسکەی دەریام دەکرد، لە راستیدا لای من دەتگوت چەماوەیی فەزا و زەمەن بەو جۆرە دەبینم کە ئاینشتاین تەسەوری دەکرد. هەروەک سیحر: دەتگوت هاوڕێیەک هەقیقەتێکی سەیری پەنهان بە گوێمدا دەچرپێنێت، لە ناکاو چارشێو لەسەر سیمای واقیع لادەچێت و نیزامێکی سادەتر و قوڵتر خۆی نمایش دەکات. لەو رۆژەوە کە بۆمان دەرکەوتوە عەرد خڕە و وەک دێوانە دەخولێتەوە، لەوە گەیشتوین کە واقیع بەو جۆرە نییە کە دێتە بەرچاومان: هەمو جارێک کە شتێکی تازە بەدی دەکەین، دەبێتە ئەزمونێکی عاتیفی قووڵ. پەچەیەکی تریش دادەماڵێت.


بەڵام لە نێو هەمو ئەو بازدانە پێشکەوتوانەدا کە تێگەیشتنی مرۆڤ لە رەوتی مێژودا سەرکەوتنیان دەستەبەر کردوە، لەوانەیە هیچیان شان لە شانی تیورییەکەی ئاینشتاین نەدەن. بۆچی؟
یەکەم، چونکە کە مرۆڤ تێگەیشت کە چۆن(تیورییەکە) کاردەکات، ئەوا تیورییەکە سادەییەکی لە ئاسابەدەر لەخۆدەگرێت. با فکرەکە بە کورتی باس بکەم.
نیوتن هەوڵیدا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی تەنەکان و سوڕانەوەی هەسارەکان تەفسیربکات. نیوتن تەسەوری هەبونی ‘هێزێک’ی کرد کە هەمو تەنەکان یەکتر کێش دەکەن، ئەم هێزەی ناونا ‘هێزی کێشکردن’. بێ ئەوەی هیچ شتێک لە نێوان تەنەکاندا حزوری هەبێت، چۆن ئاوا ئەم تەنانە لەو دورییەوە یەکتر کێش دەکەن؟ ئەمە شتێکی نەزانراو بو، پاشان، نیوتن، بابی گەورەی فیزیکی هاوچەرخ، وریابو کە هیچ فەرزیەیەک لەم بارەیەوە پێشکەش نەکات. نیوتن ئەوەشی وێناکرد کە تەنەکان بە بارتەقای ئاسماندا دەجوڵێن و فەزاش سندوقێکی گەورەی بەتاڵە و گەردونیشی لەخۆگرتوە، ئەم فەزایە بونیاتێکی زەبەلاحە و هەمو مادەکانیش هەر دەجوڵێن هەتا هێزێک ناچاریان دەکات ڕەوتەکەیان بگۆڕن بۆ فۆرمێکی چەماوەیی. ئەم فەزایە لە چی دروستبوە؟ ئەم سندوقە چۆن خوڵقاوە؟ نیوتن توانستی ئەم وەڵامەی نەبو. بەڵام دوای چەند ساڵێک بەر لە لەدایکبونی ئاینشتاین دو فیزیکناسی گەورەی بەریتانی، مایکل فارادای و جەیمس ماکسوێل، پێکهاتەیەکی سەرەکییان بۆ دونیاکەی نیوتن زیادکرد، ئەویش کایەی ئەلکترۆماگنێتیک بو. ئەم کایەیە قەوارەیەکی راستەقینەیە و بە هەمو شوێنێکدا بڵاوبوەتەوە، شەپۆلە رادیۆییەکان هەڵدەگرێت، فەزای تەنیوە، هەر وەک روی دەریاچە هەڵبەز و دابەز دەکات و هێزی ‘کارەبایی’ دەگوازێتەوە. هەر لە تافی لاوییەوە، ئاینتشاین سەرسام بوە بەم کایە ئەلکترۆموگناتیسییەی کە لەو وێستگە کارەباییەی بابی خۆی دروستی کردبو، رۆتەرەکان دەسوڕێنێتەوە. هەر زوش تێگەیشت کە هێزی کێشکردن، هەر وەک کارەبا، پێویستە وەک کایەیەک سەیربکرێت: ‘کایەی کێشکردن’ ‘gravitational field’ کە مورادیفی ‘کایەی کارەبایی’ە و پێویستە بونی هەبێت. ئاینشتاین مەبەستی بو لە چۆنیەتی کارکردنی ئەم ‘کایەی کێشکردن’ە تێبگات و چۆنیش دەکرێت بە هاوکێشە وەسف بکرێت.
ئا لەم ساتەدا بو کە ئاینشتاین بیرۆکەیەکی بۆ هات، بیرۆکەیەک کە تەنها هیمایە بۆ بلیمەتییەکی پوخت: کایەی کێشکردن بە پانتایی فەزادا بڵاونەبوەتەوە، بەڵکو فەزا خۆیەتی. ئەمە فکرەی تیوری نسبی گشتییە. ‘فەزاکەی’ نیوتن، کە شتەکان تێیدا دەجوڵێن، و هەر هەمان ‘کایەی کێشکردن’ە.
ئەمە ساتەوەختی رۆشنگەرییە، ساتەوەختی بە سادەکردنی دونیایە: فەزا، چیتر شتێک نییە لە مادە جودا بێت، بەڵکو یەکێکە لە پێکهاتە مادییەکانی دونیا. یەکەیەکە کە لە جوڵەدا فۆرمێکی شەپۆلئامێزی هەیە، لارولەنجە دەکات، سیمایەکی چەماوەیی لەخۆدەگرێت و خولدەدات. ئێمە لە سەرخانێکی سەختی نەبینراودا نین: ئێمە لە لە لولپێچێکی زەبەلاحی گونجاودا نقوم بوین. خۆر فەزا بە دەوری خۆیدا دەچەمەێنێتەوە و عەردیش نەک بە هۆی هێزێکی ئەفسوناوییەوە بە دەوریدا ناسوڕێتەوە، بەڵکو راستەوخۆ لە فەزادا فڕکەی دێت، لاردەبێتەوە و هەروەک هەڵماتێک بە ناو رەحەتییەکدا خل دەبێتەوە. خۆ لە چەقی رەحەتییەکەدا هیچ هێزێکی سیحراوی دروست نابێت، بەڵکو سروشتی لاری یان چەماوەیی دیواری رەحەتییەکەیە دەبێت بە هۆی ئەوەی کە هەڵماتەکە تل بێتەوە. هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، تەنەکان دەکەونە خوارەوە چونکە فەزا سیمایەکی چەماوەیی هەیە.
چۆن بتوانین وەسفی ئەم سیما چەماوەییەی فەزا بکەین؟ گەورەترین ماتماتیکناسی سەدەی نۆزدە ، کارل فرێدرێک گاوس، کە بە ‘ئەمیری ماتماتیکناسان’ ناسراوە، فۆرمولایەکی ماتماتیکی دارشت کە وەسفی روتەختی بەرز و نزمی دو رەهەندی کرد، نمونەی ئەمەش بریتییە لە روی گردەکان. پاشان داوای لە قوتابییەکی زۆر بەهرەمەندی خۆی کرد کە ئەم چەمکە بخاتە فۆرمێکی گشتییەوە بە جۆرێک کە فەزا بە شێوەیەکی سێ رەهەندی یان زیاتر لەخۆبگرێت. قوتابیەکە، کە بێرنارد رەیمان بو، نامەیەکی دکتۆرای زۆر نایابی بەرهەمهێنا. سەرەتا تەواو بێ بایەخ و بێ سود هاتە بەرچاو. دەرەنجامی نامەکەی رەیمان ئەوە بو کە خاسیەتی فەزای چەماوە بریتییە لە بابەتێکی ماتماتیکی تایبەت کە ئەمڕۆ بە چەماوەی رەیمان ناسراوە و بە حەرفی R ئیشارەی بۆ دەکرێت. دوایی ئاینشتاین هاوکێشەیەکی نوسی کە دەڵێت R یەکسانە بە وزەی مادە و بەس. هاوکێشەکە نیو دێڕە و هیچی تر. وێنایەک، کە فەزا دەچەمێتەوە، بوە هاوکێشیەک.
بەلام لە کرۆکی ئەم هاوکێشەیەدا، گەردونێک گەورەبوە. ئا لێرەدا دەوڵەمەندی سیحرییانەی تیورییەکە دەروازەیەکمان بۆ ئاواڵە دەکات کە کۆمەڵە وێنەیەکی راستی و خەیاڵی ئەفسوناوی یەک لە دوی یەک، کە چەند پێشبینییەک دەکەن کە دەڵێی لارولەنجەی کابرایەکی شێتە، بەڵام هەمو ئەمانە دەرکەوت کە راستن.
سەرەتا هاوکێشەکە وەسفی فەزامان بۆ دەکات کە چۆن بە دەوری ئەستێرەیەکدا دەچەمێتەوە. بە هۆی ئەم چەمانەوەوە، نەک هەسارەکان بە دەوری ئەستێرەکەدا دەسوڕێنەوە، بەڵکو روناکێس چیتر بە هێڵێکی راست ناجوڵێت، بەڵکو لادان لە رەوتەکەیدا ڕودەدات. ئاینشتاین پێشبینی ئەوەی کرد کە خۆر دەبێت بە هۆی لادانی رۆناکی. لە ساڵی 1919 دا. ئەم لادانە پێوانەیەکی بۆ ئەنجامدرا و پێشبینییەکەی ئاینشتاینی پاسادان کرد و سەلماندی کە راستە. بەڵام هەر فەزا بە تەنها نەبو کە دەچەمێتەوە، بەڵکو زەمەنیش دەچەمێتەوە. ئاینشتاین پێشبینیکرد کە زەمەن لە تەبەقەکانی سەرەوەی فەزادا خێراتر دەجوڵێت وەک لە سنورەکانی نزیک عەرد. ئەمەش دیسان پێوانەکرا و پرسەکە راست دەرچو، خۆ ئەگەر ئنسانێک لەسەر روی دەریا بژی و لەگەڵ برا دوانەکەی یان خوشکە دوانەکەی خۆی کە لەسەر چیایەک دەژی، بە یەکتر بگەن، ئەوا سەیردەکات کە براکەی یان خوشکەکەی لە خۆی تۆزێک پیرترە. ئەمەش تەنها سەرەتایە.
کە ئەستێرەیەکی زەبەلاح دەسوتێت و هەمو پێکهاتەی توخمی هایدرۆجینەکەی تەواودەبێت. ئەوەی دەمێنێتەوە بە گەرما و وزەی سوتانی توخمەکەی بەردەوام نابێت و لە سایەی کێشی خۆیدا هەرەس دەهێنێت و هەتا دەگاتە خاڵێک کە ئیتر فەزا تا مەودایەکی وەها دەچەمێنێتەوە کە بە دەکەوێتە چاڵێکی راستییەوە. ئەمەش ئەو جاڵە بە شۆرەتانەن کە چاڵە ڕەشەکان ناسراون. کاتێک قوتابی زانکۆ بوم، ئەمانە ئەو حسابەیان بۆ دەکرا کە بەدەگمەن دەکرێت پێشبینی بکرێن کە رۆژێک دێت وەک تیورییەک دەبنە مایەی تێگەیشتن لە لایەن خەڵکەوە. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا سەرنجیان دەدەین و بە سەدان لە ئاسماندا دێنە بەرچاومان، بە وردیش لە لایەن فەلەکناسانەوە دەخوێندرێن.
بەڵام ئەمە هێشتا هەمو شتێک نییە. لەوانەیە سەرتاپای فەزا گەورە ببێت و بچێتەوە یەک. لەوەش زیاتر، هاوکێشەکەی ئاینشتاین ئەوە دەخاتەڕو کە فەزا ناتوانێت بە سەقامگیری بمێنێتەوە، پێویستە کە بکشێت یان گەورە ببێت. لە ساڵی 1930 دا، لە سایەی تێڕامان و وردونەوەوە، گەورەبون یان کشانی گەردون بە راستی بەدیکرا. هەر هەمان هاوکێشە دیسانەوە پێشبینیکرد کە کشانی گەردون لە بناواندا هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ تەقینەوەی گەردونێکی ئێجگار بچکۆلەی لە ئاسابەدەر گەرم: ئەو شتەی ئەمڕۆ بە بیگ بانگ ناوی دەبەین. دیسانەوە، یەکەم جار کەس باوەڕی بەم شتانە نەکرد، بەڵام هێدی هێدی سەلماندنەکان کەڵەکەبون، هەتا شەبەنگی باکگراوندی کۆسمۆیی ، کە بریتییە لە پاشماوەی ئەو تیشکەی راستەخۆ دوای ساتەوەختی رودانی بیگ بانگ پەخشبوە، لە ئاسماندا دۆزرایەوە و زانایان دوای ڕامان دیاردەکەیان تۆمارکرد. ئەو پێشبینییەی لە هاوکێشەکەی ئاینشتایندا هاتوە دەرکەوت راستە. ئنجا لەوەش زیاتر ، هێشتا تیورییەکە ململانێی ئەوە دەکات کە فەزا وەک روی دەریایەک دەجوڵێت. کاریگەری ‘شەپۆلەکانی کێشکردن’ لە ئاسماندا لەسەر ئەستێرە دوانەییەکان بینراوە و تەنانەت هێمایەکیشە بۆ پێشبینییەکانی تیورییەکە سەبارەت بە وردەکارییەکەی بە جۆرێک کە یەک بۆ سەد بلێونە.
بە کورتی، تیورییەکە وەسفی دونیایەکی فرە رەنگ و ناوازە دەکات کە گەردون دەتەقێتەوە، فەزا هەرەس دەهێنێت و دەبێت بە چاڵێک(یان کونێک) کە نە بنی هەیە و نە زەمەن و ئەمە لە نزیک هەسارەکان خاودەبێتەوە و دوری بێ سنوری فەزای نێوان ئەستێرەکان وەک روی دەریا شەپۆل دەدات و شاڵاو دەهێنێت….هەمو ئەمانە، هێدی هێدی لە کتێبەکەوە سەریان هەڵدا کە مشک گازی لە سوچەکانی گرتبو، ئەمانە حیکایەتگەلێک نین گەلحۆیەک لە کاتی خڵەفاندا بیان گێڕێتەوە، یاخود وڕێنەیەک نین لە سایەی گەرمای خۆری کالابریای سەر کەنارەکانی دەریای ناوەراست دروست ببن، ئەمانە راستین.
باشترە ئەگەر بڵێین هێمایەکن بۆ راستی، کەمتر لێڵن یان رۆژانە دوبارە ببنەوە و ئیزعاجمان بکەن. واقیعێک کە دەڵێی هەر لە هەمان ئەو شتەیە کە هەمان پێکهاتەی خەونەکانمانن، بەڵام هیچ نەبێت زۆر راسترن لەو خەونانەی دەیان بینین و بە تەمێک داپۆشراوە.
هەمو ئەمانە دەرەنجامی تێگەیشتنی بەرایین: واتە فەزا و کایەی کێشکردن هەمان شتن. هاوکێشەیەکی سادەش، کە لێرەدا ناچارم بیخەمە بەرچاوتان، هەرچەندە زۆر دڵنیام کە ناتوانن جارێ واڵای بکەن و لێی تێ بگەن. دور نییە هەر کەسێک ئەمە دەخوێنێتەوە دەتوانێت ڕەچاوی سادەیی جوانی ئەم هاوکێشەیە بکات:
Rab − ½ R gab = Tab
ئەمە تەواو.
بێگومان، خۆشت دەبێت ماتماتیکی رەیمان بخوێنیت و ئەزمی بکەیت بۆ ئەوەی تەواو ببیتە پسپۆر لە کۆمەڵێک تەکنیکدا کە دەسەڵاتت بەسەر ئەم هاوکێشەیەدا بشکێت و لێی حاڵی ببیت و بەکاری بهێبیت. بەڵام توانا و هیمەتێکی کەمترت پێویستە بۆ ئەوەی ڕەچاوی ئەو جوانییە بکەیت کە چوار مۆسیقار دادەنیشن و بیتهۆڤن دەژەنن. لە هەردو حاڵەتدا، خەڵاتەکە برتییە لە جوانییەکی لە ئاسابەدەر، چاوێکی نوێ کە سەیری دونیای پێ بکەین.