زانستی فیزیا لە ئاستی دوورییە گەردوونییە جیاوازەکاندا.

نوسین و ئامادەکردنی:د. پێشواز عەبدولکەریم

ئایا بۆچی دەبێت بۆ دونیایی وردی گەردیلە و تەنۆلکە سەرەتاییەکان فیزیایەکی جودا لە فیزیای دونیای زەبەلاحی ئەستێرە و گەلە ئەستێرەکان بونی هەبێت؟ ئەگەر ئێمە بۆ ساتێك ئاوڕێك بدەینەوە لە مێژووی زانستی فیزیا، ئەوا دەبینین کەسەرەتا توانیومانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دونیایەدا بکەین کە ڕاستەوخۆ بەبێ یارمەتی هیچ تەکنەلۆژیایەك لێکدانەوە بۆ دیاردەکان و سەرچاوەی جوڵە و خولگەی تەنەکانی ناوی بکەین. ئەم دونیایەش بە نزیکەی لەو تەنۆلکانەوە دەست پێدەکات کە دەتوانرێت بە چاوی ئاسایی ببینرێت، تا دەگاتە خۆر و هەسارەکانی نێو کۆمەڵەی خۆر، ئەم دونیایەش ناونراوە دونیای ماکرۆسكۆپیك. فیزیای کلاسیکی نیوتن نمونەیەکی بەرچاوی ئەم دونیا ماکرۆسکۆپیکەیە.

گەردوون لە پێوەرە گەورەکاندا

دواتر وردەوردە لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیادا مرۆڤ توانی ئاشنا ببێت بە دونیایەکی دیکە کە پێشتر نەدەتوانرا ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەم دونیایەش بریتی بوو لە دونیایی شتە وردەکان، یاخود مایکرۆسکۆپیکی ئەتۆم و تەنۆلکە بوندیادییەکان. لەم دونیایەشدا چەندین دیاردەی سەرنج ڕاکێش و سەرسوڕهێنەر بەدی کرا کە فیزیایی نیوتن دەستەواستان بوو لە ئاست لێکدانەوەیاندا. بۆ نمونە دیاردەی کارۆڕووناکی، تیشکدانەوەی تەنی ڕەش بە گەرمی، شەبەنگی گەردیلەکان و چەندینی تریش. زیاتر وردبونەوەش لەم دونیایە ئێمەی بە فیزیایەکی نوێ ئاشناکرد کە بە میکانیکی کوانتەم ناسراوە. فراوان کردنی فیزیایی کلاسیکی بەمەوە نەوەستا بەڵکو هاوکاتی میکانیکی کوانتەم لقێکی زۆر گرنگ و نوێی زانستی فیزیا سەری هەڵدا، کە ئەویش بریتی بوو لە تێوری ڕێژەیی ئاینشتاین.

گەردوون لە پێوەری مایکرۆسکۆپیکیدا (پێوەری شتە وردەکان)

ئاینشتاین ئەو ڕاستییەی بەدی کرد کە فیزیایی کلاسیکی نیوتن تەنها لە سنوری خێراییە کەمەکان و هێزی کێشکردنی لاوازدا ڕاستە. بۆ نمونە بە پێی فیزیایی کلاسیکی نیوتن زەمان و مەکان جودا لەیەکدی دوو بڕی پەتین و بەهیچ شێوەیەك پشت بە گۆشەنیگای تێڕوانین و دۆخی جوڵەی تێبینیکەرەکان نابەستن، وە هیچ سنورێك بۆ زیاد بوون لە خێرای تەنەکاندا نی یە. بەڵام دواتر لە گەڵ لەدایكبوونی تێورییەك بۆ لێکدانەوەی دیاردەکانی کارەبا و موگناتیس و بڵاوبونەوەی شەپۆلەکانی کارۆموگناتیسی، لەلایەن ماکسوێڵەوە، ئەوە ڕونببوەوە کە وا خێرای بڵاوبونەوەی شەپۆلی کارۆموگناتیسی یەکان کە ڕوناکیش لەخۆ دەگرێت، نەگۆڕە و بە هیچ شێوەیەك پشت بە دۆخ و خێرایی تێڕوانین نابەستێت. ئەم خاڵە جەوهەرییەبوو کە وا ئاینشتاین درکی پێکرد، وە توانی تێۆری ڕێژەی کلاسیکی نیوتن فراوان بکات و هەموو دیاردە میکانیکی و کارۆموگناتیسی یەکان لە خۆ بگرێت، کە تێیدا زەمان و مەکان دوو بڕی ڕێژەیین بەڵام خێرای ڕوناکی بڕێکی پەتیی یە. دواتر توانی تێوری ڕێژەی فراوانتربکات، لە دوتوێی تێۆری ڕێژەیی گشتیدا، بە شێوەیەك کە تاودان و هێزی کێشکردنیش لەخۆ بگرێت. لە ڕۆژگاری ئەم ڕۆدا تێۆری ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین تەنها تێۆرییە کە زاناکن پشتی پێدەبەستن لە لێکدانەوەی دیاردەکان و جوڵەی تەنەکان لە دونیایی زەبەلاحی ماکرۆسکۆپی گەردونیدا.

دواجار و بۆ جارێکی تر ئاشنای دونیایەکی زۆر گەورەتر بووین لە ئاستی جیهانی زەبەلاحی گەردوونیدا، ئەویش بریتی بوو لە تێبینی کردن و هەستکردن بە بوونی جیهانێکی زۆر گەورە و بەرفراوانتر لە ئەودی و کۆمەڵەی خۆرەوە. بۆ نمونە بۆ مان دەرکەوت کە وا ملێۆنەها گەلە ئەستێرە بوونی هەیە کە ئێمە و ئە وئاسمانەی پێیی ئاشنانین تەنها یەك گەلە ئەستێرەیە لە نێو ژمارەیەکی بێ پایاندا. دواتر لەم جیهانەشدا زانستی فیزیا جارێکی تریش توشی سەرسوڕمان هات. بۆ نمونە لە ئاستێکی گەورەی دورییەکانی دەرەوەی گەلە ئەستێرەکان ئەوە ڕونبووەوە کە وا خێرای خولانەوەی ئەستێرەکانی لێواری هەموو گەلە ئەستێرە بینراوەکان زۆر لەوە زیاتر بوو کە بتوانرێت بە بوونی مادەی بینراوی نێو گەلە ئەستێرەکان لێکدانەوەی بۆ بکرێت. بۆ لێکدانەوەی ئەم دیاردە گەردونیەش گریمانەی مادەی تاریك کردا. دواتر دەرکەوت کە وا کشانی گەردوون لە جیاتی ئەوەی وردە وردە خاو ببێتەوە کشانەکەی خێرا تر دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش گریمانەی بونی وزەی تاریکیان کرد. بەم شێوەیەش لە ئێستادا تەنها لە سەدا پێنجی گەردوونی بینراو لە مادە و وزەیەك پێكدێت کە وا ئێمە پێی ئاشناین، لە سەدا نەوەد و پێنج و بگرە زیاتریشی لە مادەی تاریك و وزەی تاریك پێك دێت.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، جگە لە دونیایی مایکرۆسکۆپیك کە فیزیایی کوانتەم میکانیك تیایدا باڵا دەستە وە دونیایی ماکرۆسکۆپی گەردوونی کە تێوری ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین تیایدا باڵادەستە، ئایا یەکخستنی ئەم دوو دنیا جیاوازەی فیزیا لە دوتوێی تێۆریی یەکی نوێدا دەتوانێت لێکدانەوە بۆ مادە و وزەی تاریك بکات؟ یاخود نەخێر ئەم دونیا نوێیەی مادە و وزەی تاریك پێویستی بە لێکدانەوە و فیزیایەکی تەواو نوێ هەیە؟ بۆ نمونە بونی هێزی ژمارە پێنج بەدەر لە هێزی کێشکردن، هێزی کارۆموگناتیسی، هێزی لاوازی ناوکی و هیزی بەهیزی ناوکی. ئەوەی دوەمیان تۆزێك بێزارکەر دەبێت و لەوەش ناچێت ئاڕاستەیەکی ڕاست بێت!!!، چونکە ئەو کات لەباتی دوو فیزیای جیاواز سێ جۆر فیزیای بۆ سێ دونیایی جیاواز بوونی دەبێت.

لە کۆتایدا ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە، هەموومان ئەو ڕاستیە باش دەزانین کە وا هەموو دونیایی ماکرۆسکۆپیك لە ئەنجامی یەکگرتنی تەنۆلکە و گەردیلەکانی دونیایی مایکرۆسکۆپیكەوە دروستبووە، بۆیە لۆژیك ئەوەیە کە وا هەوڵ بدرێت کوانتەم میکانیك فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لەسەر ئاستی هەموو دورییەکانی گەردوون لێکدانەوەی پێبکرێت. یەکێك لەو هەوڵانەی لەئێستادا لە ئارادایە بریتیە لە بابەتی ئینترۆپیك گرافیتی، کە بریتی یە لە تێۆرییەکی نوێی هێزی کێشکردن. ئەم تێورییە نوێیە دەڵێت گرافیتی لە ئاستی مایکرۆسکۆپیکدا بوونی نییە، تەنها، بەچەشنی پلەی گەرمی کەچۆن لە ئەنجامی جوڵەی تەنۆلکەکانی هەر ناوەندێك بەرهەم دێت، ئەوا گرافیتیش لە ئەنجامی ڕیزبوونەوەی زانیاری دونیایی وردی مایکرۆسکۆپیك سەرچاوە دەگرێت. ئەم تێوریی یە نوێیە دەڵێت مادەی تاریکمان پێویست نییە بۆ لێکدانەوەی جوڵەی تەنەکانی نێو گەلەئەستێرەکان.

بۆ زیاتر تێگەشتن لەم بابەیە تەماشای ئەم ڤیدیۆیە بکەن:

https://www.youtube.com/watch?v=hByJBdQXjXU

سوپاس…




بوارەکان بنچینەیین

وەرگێڕانی: هیوا ئەبوبەکر

لە پێکدادەری تەنۆلکەکاندا،ئەلیکترۆنێک و پۆزترۆنێک بەریەکدەکەون لە وزەیەکی زۆربەرزدا. لەمەشەوە تەنۆلکەکان یەکتر لەناودەبەن و دواتریش دوو تەنۆلکەی نوێ مون ودژە مون لە ئەنجامی بەریەککەوتنەکەوە دەردەکەون. لێرەدا دوو خاڵی بەرچاو هەیە لەم ڕوداوەدا، کە ملیۆنەها جار ڕویداوە لە پێکدادەری بەهێڵی ئەلیکترۆن و پۆزترۆن کە کاریکردوە بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکان لە سێرن. یەکەم ، مون 200 جار قورسترە لە ئەلیکترۆن، لەمەشەوە بە شێوەیەکی دراماتیکی دەبینین کە بارستایی پارێزراونیە (واتە جوڵە وزە ئەلیکترۆنکە گۆڕدراوە بۆ بارستای مون، دوبارە) )، کەواتە بارستایی بڕێکی بنچینەیی نیە.

دووەم خاڵی گرنگ ئەوەیە کە تەنۆلکەکانی وەک ئەلیکترۆن و مون دەتوانن پەیداببن و لەناوبچن لەمەشەوە کەواتە ئەمانە بنچینەی نین. لەڕاستیدا وادەردەکەوێت کە هەموو تەنۆلکەکان ئەم سیفەتانەیان هەبێت . کەواتە چی بنچینەییە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا، فیزیازانەکان پێناسەی هەندێک شت دەکەن کە پێیان دەڵێن بوار. بوار هەموو فەزای پڕکردووە و بوار دەتوانێت بلەرێتەوە بە ڕێگەیەک کە هاوشێوەی لەرینەوەی شەپۆلی سەر دەریاچەیەکە. ئەو شوێنەی کە بوار تێیدا دەلەرێتەوە ئەو شوێنەیە کە وزەی تێدایە، و ئەو بڕە وزە بچوکە ئەوەیە کە ئێمە ناوی دەبەین بە تەنلۆکە.

وەکو وێناکردنێک بۆ بوار، دەریاچەیەک بهێنە پێش چاوت. لەکاتێکدا بەردە چەوێک دەکەوێتە ناو دەریاچەکەوە، شەپۆل لە شوێنی کەوتنی بەردەکەوە بەهەموو لایەکدا دەڕوات. ئەو شەپۆلە وزەی تێدایە. دەتوانین وەسفی ئەو گورزە سنوردارەی وزەی شەپۆلەکە بکەین وەکو تەنۆلکە. دەتوانین چەند بەردێک لەهەمان کاتدا هەڵبدەینە ناو دەریاچەکەوە و چەند شەپۆلێک (تەنۆلکەیەک) دروست بکەین. ئەوەی کە لێرەدا بنچینەییە تەنۆلکەکە (شەپۆلەکە) نیە بەڵکو خودی دەریاچەکەیە (بوارەکە).

untitled

زیاد لەمانەش، شەپۆلکان (تەنۆلکەکان) سیفەتی جیاوازیان دەبێت ئەگەر دەریاچەکە لە ئاو یان شەربەتێکی خەست پێکهاتبێت. بوارە جیاوازەکان ڕێگە بەدروست بونی جۆرە جیاوازەکانی تەنۆلکەکان دەدەن.

بۆ باسکردنی تەنۆلکەیەکی ناسراوی وەکو ئەلیکترۆن لە بیردۆزی بواری کوانتەمیدا، فیزیازانەکان ڕێگەی گونجاو بەکاردەهێنن بۆ وروژاندنی بواری ئەلیکترۆن. فیزیازانەکان دەڵێن کە ئەلیکترۆن بریتیە لە دۆخێکی تەنۆلکەیی بواری ئەلیکترۆن ( دۆخێک کە بەباشی دیاریکراوە پێش ئەوەی ئەلیکترۆنکە دروست بوبیت). وەسفکردنی بواری کوانتەمی تەنۆلکەکان یەک بۆ دەرکەوتنی زۆر گرنگی هەیە: هەموو ئەلیکترۆنەکان بە تەواوی هەمان سیفەتی خۆییان هەیە (بارگە و بادران و بارستایی بۆ هەر ئەلیکترۆنێک بەتەواوی هاوتایە لەگەڵ ئەلیکترۆنەکانی تردا). زیاد لەمەش ئەو چونیەکیە خۆییەی لە فەزادا هەیە ، پێویستی بە وەیە کە بۆ هەر تەنۆلکەیەک دژە تەنۆلکەیەک هەبێت بە بارگە و بادرانی پێچەوانەوە. بەڵام هەندێک لە تەنۆلکە هاوبارگەکانی وەکو فۆتۆن هەڵسوکەوت دەکەن وەکو دژە تەنۆلکەکەی. کەواتە بە پێی بیردۆزی بواری کوانتەمی دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە نە بارستای تەنەکان و نە وزەی تەنەکانیش هیچیان بنچینی نین لە گەردوندا بەڵکو ئەوەی بنچینییە ئەو بوارەیە کە بوەتە هۆی پەیدابونی بارستای و وزەی تەنەکان لە ئەنجامی لەرینەوەکەیەوە.

وەرگیراوە لە: physics of 21th century




دوو کۆرس دەربارەی بنەڕەتەکان و تیۆرییە سەرەکییەکانی فیزیا

نوسین و ئامادەکردنی: ئارمان خەلیل

دوو کۆرس دەربارەی بنەڕەتەکان و تیۆرییە سەرەکییەکانی فیزیا، کە هی زانکۆیەکی بێ ئەندازە باشن و لە لایەن پرۆفیسۆرێکی ئاستبەرزەوە گوتراونەتەوە.


ئەم دوو کۆرسەی لینکەکەیانم لە خوارەوە داناوە بە گشتی بریتین لە ٤٩ وانە دەربارەی تیۆرییە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی فیزیا کە لە لایەن پڕۆفیسۆر R. Shankar لە زانکۆی Yale گوتراونەوە و تۆمار کراون. بە گشتی ئەمانە هەمان ئەو بابەتە تیۆرییانەن کە خوێندکارێکی بەشی فیزیا لە زانکۆ دەیانخوێنێت و پێویستە وەک بنچینەی تیۆری بیانزانێت، ئەمەی لەم دوو کۆرسەدا هەیە چڕکراوەیە و وا پێویست دەکات لە سەر هەر بابەتێک خوێندکار بڕێکی زۆرتر وردەکاری وەربگرێت (هەڵبەت ئەمە لە چاو ئەو بابەتانەی خوێندکاری دەرچووی فیزیا لە زانکۆیەکی باش وەریاندەگرێت نەک بە بەراورد لە گەڵ ئەم زانکۆ بێکەڵکانەی خۆمان). بۆ نمونە لە کۆتایی کۆرسی دووەمدا بە ٧ وانە باس لە کوانتەم میکانیک کراوە (هەموو بابەتەکانی تری ئەم کۆرسەش بە هەمان شیوە بە کورتی و چڕییە) کە لە ڕاستیدا لە هەر زانکۆیەک خوێندکار پێویستە زیاد لە ٣٠ کاتژمێر کوانتەم میکانیک بخوێنێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە فیزیادا، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا کۆرسێکی بێ ئەندازە باش و ڕوون و بە کەڵکە بۆ هەموو ئەوانەی خوێندکاری فیزیان یاخود دەیانەوێ دەست بکەن بە خوێندنی فیزیا و بە دوای هەنگاوی یەکەمدا دەگەڕێن و یاخود دەیانەوێ بە گشتی و لە ئاستێکی ئەکادیمیدا شتێک بزانن دەربارەی تیۆرییە سەرەکییەکانی فیزیا. هەڵبەت وا پێویست دەکات وەک وانەی زانکۆ کەسی فێرخواز لەگەڵ سەیرکردنی ئەم وانانە هەوڵی نووسینی تێبینی و پێداچوونەوەی دواتر و حەڵکردنی نمونە بدات کە لەو لینکانەدا هەن کە لە کۆمێنت دامناون یاخود نمونە لە هەر کتێب و سەرچاوەیەکی تری دەرەکییەوە.
جا لە ڕاستیدا ئەوەی لەو وانانەدا دەیبینن ئەوە سادەترین و یەکەم هەنگاوی فیزیایەکی ڕاستەقینەیە کە بەشی هەرە زۆری دەربڕینی ماتماتیکییە نەک قسە و قسەڵۆکی پەیجەکانی فەیسبووک و سایتەکان، بە پەیجەکەی خۆشمەوە، ئەوەی لێرە بینیوتانە و دەیبینن واتە ئەو هەواڵ و باسکردن و شتە تەنها ڕووکەشێکە و شتێکە بۆ خەڵکی بە گشتی نەک خودی زانستی فیزیا.
—-
کۆرسی یەکەم: (Fundamentals of Physics I)
٢٤ وانەیە و بە شێوەی سەرەکی ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت:
-میکانیکی نیوتنی
-تیۆریی ڕێژەیی تایبەت
-کێشکردن
-ثێرمۆداینامیک
-شەپۆلەکان

لینکی وانە ڤیدیۆییەکانی کۆرسی یەکەم :
https://www.youtube.com/playlist?list=PLFE3074A4CB751B2B

کۆرسی دووەم: (Fundamentals of Physics II)
٢٥ وانەیە و بە شێوەی سەرەکی ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت:
-کارەبا
-موگناتیس
-بیناییزانی
-کوانتەم میکانیک
لینکی وانە ڤیدیۆییەکانی کۆرسی دووەم:
https://www.youtube.com/playlist?list=PLD07B2225BB40E582

تیبینی: هەروەها بۆ داونڵۆدکردنی نووسراو و نمونەکانی هەردوو کۆرسەکە، پاش کردنەوەی ئەم دوو لینکەی خوارەوە لە ژێر ئەم نووسینەدا
(course materials) کلیک لەو لینکە بکەن کە ئەمەی لە سەر نووسراوە: Download all course pages

کۆرسی یەکەم:
http://oyc.yale.edu/physics/phys-200
کۆرسی دووەم:
http://oyc.yale.edu/physics/phys-201
هیوادارم سوودی هەبێت.




بۆزۆنی هیگز چیه‌؟

https://www.youtube.com/watch?v=bQ9XnYCi6XQ




چوار ‌هێزەکەی سروشت(بەشی دووەم)

وەرگێڕانی: شێرکۆ ڕەشید قادر

هێزی لاواز The weak force

هەر چەندە لە ڕۆژگاری خۆیدا بە چاوی بایەخەوە سەیرنەکراوە، بەڵام مرۆڤایەتی سەرنجی لە هێزی لاواز داوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1054 ئەمەش کاتێک کە فەلەکناسانی ڕۆژهەڵات دەرکیان بە دەرکەوتنی لە ناکاوی ئەستێرەیەکی زۆر درەوشاوە لە دەڤەرێکی ئاسماندا کرد کە لەوەبەر هەرگیز نەبینراوە. ئەم ئەستێرەیە بۆ چەندەها هەفتە بە جۆرێک دەسوتا کە گەشانەوەکەی بگاتە ئاست گەشانەوەی هەسارە ناسراوەکانی تری ئاسمان، هەتا دوایی هێدی هێدی بە غامزی ئاوابوو. فەلەکناسانی ئەمڕۆ، کاتێک ئاوڕ لە ڕوداوەکە دەدەنەوە، وەها شیدەکەنەوە کە بریتی بووە لە تەقینەوەی سوپەرنۆڤا supernova، واتە شیبونەوەی ئەستێرەکی ئێجگار بەتەمەن، کرۆکەکەی لە ناکاو هەرەس دێنێت و بورکانێکی مەزن لە نیوترینۆ neutrinos دەتەقێت. ئەم نیوترینۆیانە neutrinos چونکە تەنها هێزی لاوازیان تێدایە، چینی درەوەی ئەستێرەکە بە ناو فەزادا فڕێ دەدەن، ئەمەش دەبێت بەهۆی دروستبوونی هەورێکی پەرش لە گازێکی کشاو.

سوپەرنۆڤا نمونەیەکی زۆر دەگمەنی هێزی لاوازە کە بە شەفافی خۆی نمایش دەکات، لە دوای هێزی ڕاکێشان لاوازترین هێزە و لە زۆر سیستەمدا کە بوونی هەیە کاریگەریەکەی لە لایەن هێزی ئەلیکترۆماگنێتیکەوە یان هێزی بەهێزەوە strong force. قوت دەدرێت.

داستانی هێزی لاواز زۆر بە خاوی لە ناوەندی زانستیدا لەدایکبوو. لە ساڵی 1896 دا کاتێک هنری باکیەرەڵ Henri Becquerel (1851 – 1908) تەبەقێکی فۆتۆگرافی لە نێو چەکمەجەیەکدا و لە نزیک کریستاڵاتی سولفات یۆرانیۆمەوە بەجێهێشتبوو، دوایی کە هاتەوە سەرنجیدا تەمێکی پەنهانی لەسەر تەبەقەکە دروستبووە، کاتێک کەوتە توێژینەوە لەم دیاردەیە، تیشکی ڕادیۆئەکتیڤی دۆزییەوە. پاشان ئیرنست ڕەزەرفۆرد[i] Ernest Rutherford (1871 – 1937) ئەرکی خوێندن و لێکۆڵینەوەی سیستەماتیکیانەی تیشکدانەوەی ڕادیۆئەکتیڤی گرتە ئەستۆ و ئەو ڕاستیەی خستەڕوو کە دوو جۆرە تەنۆلکەی جیاواز لە ئەتۆمەکانی ڕادیۆئەکتیڤەوە دەردەچن. ڕەزەرفۆرد ئەم تەنۆلکانەی ناونا ئەلفا و بێتا، تەنۆلکەی ئەلفاکان قورس بوون و بارگەی پۆزەتیڤیان هەبوو، دەرکەوت کە زۆر بە خێرایی لە ناوکی هیلیۆمدا دەجوڵێن. هەرچی تەنۆلکەی بێتاکانە، دەرکەوت کە تەنۆلکەی ئەلکترۆنین و خێراییەکی بەرزیان هەیە.

s

ڕەزەفۆرد (1871 – 1937): خوێندنی ڕادیۆئەکتیڤی گرتەئەستۆ.

هەتا سالەکانی 1930 ، تێگەیشتن لەمەڕ تەنۆلکەکانی بێتای ڕادیۆئەکتیڤ تەواو کامڵ نەبوو. پرۆسەکە شتێکی غەریب بوو، یەکەمجار، وا دەرکەوت کە یەکێک لە یاسا بنەڕەتیەکانی فیزیک پێشێل کراوە، ئەمەش بریتی بوو لە یاسای مانەوەی وزە. بڕێک وزە بزر بووبوو. دوایی ۆلفگانگ پاوڵی[ii] Wolfgang Pauli (1900 – 1958) توانی یاساکە قوتار بکات، ئەویش بەوەی کە تەنۆلکەیەکی تر هەیە، ئەم تەنۆلکەیە بە سیفەت نیوتراڵە، واتە بارگەی نییە و پێگەکەی زۆر قوڵە و لەگەڵ ئەلیکترۆندا دێتەدەر، هەتا ئێستاش هیچ مەردومێک کەشفی نەکردووە. کاتێک ئینریکۆ فێرمی[iii] Enrico Fermi (1901 – 1954) هات، ئەم تەنۆلکە بێ بارگەیەی ناونا نیۆترینۆ، کە بە مانای نیوتراڵە بچکۆلەکە دێت. بوونی هێندە دیاردەیەکی غامز بوو، هەتا لە ساڵانی 1950 کاندا بە تەواوی پرسەکە یەکللایی بووەوە و بوونی ئەم تەنۆلکەیە بووە دیاردەیەکی ڕاست و ڕەها.

s

پاوڵی (1900 – 1958): تەنۆلکەیەکی تر لە ئەتۆمدا هەیە.

سەرباری هەمو ئەمانە ئەم تەنۆلکەیە، هێشتا هەر غامزە، ئەلیکترۆنەکان و نیوترینۆکان لە ناوکی ناسەقامیگیرەوە دێنەدەر. بەڵام فیزیکناسان بەڵگەی تۆکمە و کۆنکریتیان هەیە، بەڵگەیەک کە ڕەتناکرێنەوە، کە هیچ یەک لەم دوو تەنۆلکەیە لە ناوکدا بونیان نیە. ئەی کەواتە لە کوێوە پەیدا دەبن؟ فێرمی پێشنیازی ئەوەی کردووە کە ئەلیکترۆن و نیوترینۆ بەر لە هاتنەدەر بونیان نەبووە، بەڵام بە هەر هۆیەک بێت یەکسەر لەو ساتەدا دروست دەبن کە وزە لە ناوکی ڕادیۆئەکتیڤەوە پەرش دەبێت. لای فێرمی، هەروەک چۆن تیۆری کوانتەم ئەوەی نیشانداوە کە تیشکدانەوە و تیشک هەڵمژین دەبن بە هۆکارێک بۆ دانەوە و تێکشکانی فۆتۆنەکان، ئاواش دەشێت کە شتێکی لەم جۆرەش لێرەدا ڕوبدات و ئەلیکترۆن و نیوترینۆ لەدایکببن، ئەمەشی کردە بنەمایەک بۆ گریمانەکەی.

ڕەوشی نیوترۆنە ئازادەکان جەختیان لەسەر پێشنیازەکەی فێرمی کرد. کاتێک نیوترۆنەکان دەستکاری نەکرێن، واتە لە هەوای خۆیاندا بن، ئەوا دوای چەند خولەکێک خۆیان هەڵدەوەشێن و یەک ئەلەکترۆن، یەک نیوترۆن و یەک نیوترینۆ دەمێنێنەوە، واتە یەک تەنۆلکە لەناودەچێت و سێ تەنۆلکەی نوێ لەدایک دەبن. لە دوای ئەمە بە زەمەنێکی کەم، دەرکەوت هێزە ناسراوەکان نیوترۆنێک بەوجۆرە ناتەقێننەوە. دەبێت هێزێکی تر هەبێت کە ببێت بە هۆی شیببونەوەی decay بێتا. پێوانی ڕێژەی ئەم شیبونەوەیە ئەوەیان دەرخست کە ئەو هێزە لە ئاسابەدەر لاوازە، تەنانەت لە هێزی ئەلکترۆماگنێتیزم لاوازترە (هەرچەندە لە هێزی ڕاکێشان بەهێزترە). بەمجۆرە هاتنە ئارا و لەدایکبوونی هێزێکی نوێ، واتە هێزی لاواز، لە کۆتادا شتێک بوو ئیعترافی پێکرا.

لەگەڵ دۆزینەوەی تەنۆلکەی ژێرناوکی subnuclear ناسەقامگیردا، فیزیکناسان بۆیان دەرکەوت کە هێزی لاواز بەرپرسە لە پرۆسەی گۆڕانی تەنۆلکەکان. لە هەقیقەتدا، زۆربەی تەنۆلکە ناسراوەکان، بە هێزی لاوازەوە جووت دەبن یان دەنووسێن. بە

نیسبەت نیوترینۆوە کە دەڵێی لە فۆرمی خێودان، دیارن و دیارنین یان بزرن، چالاکییە لاوازەکەی(ئەگەر هێزی ڕاکێشان بخەینە لاوە) تەنها شێوازە کە نمایشی هەبوونی خۆی پێدەکات لە گەردوندا.

s

فێرمی (1901 – 1954): تەنۆلکە نوێکەی ناونا نیوترینۆ.

هێزی لاواز تەواو جیاوازە لە هەریەک لە هێزەکانی ڕاکێشان و ئەلیکترۆماگنێتیک، سەرەتا لە بوارەکانی کاری ئەندازیاری engineering دا هیچ هێزێکی وەک پاڵنان یان ڕاکێشان دروست ناکات، تەنها لە ڕوداوەکانی وەک تەقینەوەی سوپەرنۆڤادا نەبێت. لە بری ئەمە، چالاکییەکانی لەوەدا تەسک دەبێتەوە کە هۆکاری گۆڕانی خەسڵەتی تەنۆلکەکانە و بەرەو خێراییەکی بەرز تاویان دەدات. دووەم شت ئەوەیە کە چالاکییەکانی هێزی لاواز تەنها لە سنورێکی زۆر تەسک و دیاریکراوی فەزادا کۆدەبنەوە و بەدی دەکرێن. لە راستیدا، تەنها لە سالانی 1980 بە دواوە توانراوە بە وردی مەوداکانی هێزی لاواز بپێورێت. هەتا ماوەیەکی زۆر، وەها دیاربوو کە چالاکی ئەم هێزە لە بنچینەدا ڕوبەرەکەی لە فەزادا هێندەی خاڵێک بچکۆلەیە و زەحمەتە جیابکرێتەوە. بە پێچەوانەی سروشتی هێزەکانی وەکو ڕاکێشان و ئەلیکترۆماگنێتیک کە ئەمانە هێزی مەودا – دورن ، هیزی لاواز لە دوای  10-16  سەنتیمەترەوە لە سەرچاوەکەیانەوە بڕناکەن و کارناکەنە سەر مادە ماکرۆسکۆبیەکان، بەڵکو تەنها کاریگەرییان لەسەر تەنۆلکە تاکە ژێرئەتۆمیەکانەوە هەیە.

هەرچەندە تیۆری هێزی لاواز لە ساڵانی 1930 کاندا لەسەر دەستی فێرمی و خەڵکانی تردا پەرەی سەند، بەڵام لەگەڵ گوزەری ساڵاندا بەرەوپێشچونی باشی بینی و چاکسازی نایابی تێدا کرا، لەگەڵ ئەمانەشدا جۆرە ناجووتبوونێکی قوڵ هەر لە ئارادا مابوو، دوایی دەرکەوت کە تێگەیشتنی گونجاو سەبارەت بە هێزە لاوازەکان هێشتا نەهاتۆتە دی. لە کۆتایی شەستەکاندا، بە گەڕانەوە بۆ هزرە بنچینەییەکانی فێرمی و زێدەکردنی هەندێک خاسیەتی بنەرەتی نوێ، دوو زانا، ستیڤن وێنبێرگ[iv]  Steven Weinberg(1933 – ) لە زانکۆی هارڤارد و عەبدولسەلام[v] Abdus Salam (1926 – 1996) ، لە کۆلێژی ئیمپریال سەر بە زانکۆی لەندەن تیۆریەکی نوێیان پێشکەشکرد. لەو ڕۆژگارەوە کە ماکسوێل تیوری ئەلکترۆماگنێتیکی پەرەپێدابوو، ئەم هەنگاوە لە لایەن ئەم دوو زانایەوە، گەورەترین پێشکەوتن بوو بە ئاراستەی سوپەرهێز.

s

وەینبێرگ (1933 – ) و عەبدولسەلام (1926 – 1996): یەکخستنی هێزی لاواز و ئەلکترۆماگنێتیزم.

هێزی بەهێز The strong force 

کاتێک کە بونیاتی ناوکی ئەتۆمی بۆ زانایان دەرکەوت کە چییە، ئیتر هێزی بەهێزیش لە لای فیزیکناسان ئاشکرا بوو. بۆیان دەرکەوت کە دەبێت هێزێک لە ئارادا هەبێت کە بتوانێت پرۆتۆنەکان پێکەوە ببەستێت لە دژی ئەو هێزەی بارگە کارەباییەکان لەسەریانە و تێدەکۆشن لە یەکتریان دوربخەنەوە. هێزی ڕاکێشان زۆر لەوە لاوازترە کە ئەم ئەرکە جێبەجی بکات، هەر بۆیەش جۆرێکی نوێی هێز پێویستە کە ئەم کارە بکات، هێزێک کە زۆر بەهێز بێت، بەهێزتر بێت لە هێزی ئەلیکترۆماگنێتیک. هێزی لەمجۆرە هێزی یەکتر کێشکردنی ناوکییە nuclear و بە هیچ جۆرێک لە دەرەوەی سنورەکانی ناوک بوونی نیە و ئەسەرییشی بەدی نەکراوە، ئەم هێزە نوێیە لە باری مەوداوە زۆر کورتە. لە ڕاستیدا، زۆر بە خێرایی لە دوری 3 سەنتیمەترەوە لە پرۆتۆن و نیوترۆن ئاوادەبێت. سەرەنجام، هەرچەندە بەهێزترین جۆری هێزە لە چوار هێزەکەی سروشت، بەلام هێزی بەهێز بە شێوەیەکی ڕآستەوخۆ لە تەنە ماکرۆسکۆبییەکاندا بەدی ناکرێت.

هەردووک نیوترۆن و پرۆتۆن ملکەچی هێزی بەهێزن، بەڵام ئەلیکترۆن، نیوترینۆ و فۆتۆن ملکەچی ئەم هێزە نین. بە گشتی، تەنۆلکە قورسەکان بە هێزی بەهێزەوە جووت دەبن، کاریگەریی ئەمە لەوەدایە کە یەکەم وەک هێزێک یەکێتیەک بە ناوک دەدات و دووەمیش، وەک هێزی لاواز دەبێت بە هۆی شیبونەوەی تەنۆلکە ناسەقامگیرەکان. هێزی ناوکی بەهێز، بە هۆی قوەتەکەیەوە، سەرچاوەی وزەیەکی بێشومارە. کرۆکی خۆر و ئەستێرەکانی تر بریتین لە کارلێکردنی ناوکی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی بەهێزدا. هەر ئەم هێزەشە کە وزەی بۆمبای ناوکی دەردەپەڕێنێت.

هەوڵە سەرەتاییەکان بۆ تێگەیشتن لە هێزی بەهێز زۆر سنوردار بوون و فیزیکناسانی ناوکی تەنها بە تەفسیرێکی ساکاری ماتماتیکییانە ڕازی نەبوون. وەها دەرکەوت کە ئەم هێزە پابەند نییە بە دوری نێوان تەنۆلکەکان و گۆڕانی بەسەردا نایەت، هەر بۆیەش بۆ دروستکردنی مۆدڵی ئەم هێزانە، سەرەتا ناچار بوون کە چەندەها یەکەی نەگۆر بهێننە ئاراوە واتە وەک ئەوە وابوو کە هێزی بەهێز وەک بریتی بێت لە کۆمەڵە هێزیک کە خاسیەتی جیاجیایان هەبێت.

کاتێک فیزیکناسان سەرقاڵی ئەم ئیشکالاتە بوون، لە سەرەتای ساڵانی 1960 کاندا تیۆری کوارکی quark مادەی ناوکی پێشنیازکرا. لەم تیۆرەدا نیوترۆن و پرۆتۆن بە تەنۆلکە سەرەتاییەکان حیساب ناکرێن، بەڵکو بریتین لە ئاوێتەی چەند تەنێک کە هەر یەکەیان سێ کوارکی یەکگرتو لە خۆدەگرن. بێگومان هێزێک پێویستە بۆ پێکەوەنوسانی ئەم کوارکانە وەک سیانەیەک trio و ئاشکرا بوو کە بە پێی تیۆری کوارک، گەلاڵەی هێزی نێوان سەراپای نیوترۆنەکان و پرۆتۆنەکان هێزێک بێت کە لە هێزی نێوان کوارکەکان خۆیان بەهێزتربێت. کاتێک پرۆتۆنێک بە نیوترۆنێکەوە یان بە پرۆتۆنێکی ترەوە دەنوسێت، پێکەوەنوسانەکە شەش کوارک لەخۆدەگرێت، هەر یەکەیان لەگەڵ ئەوانی تردا کارلەیەکتر دەکەن. زۆربەی ئەو هێزە ڕۆڵی هەیە لە توند پێکەوەنوسانی سێ کوارکەکە، بەڵام بڕێکی کەمیشی کە دەمێنێتەوە دەچێت بۆ پێکەوەلکاندنی دوو گروپی سیانەیی پێکەوە.

دیسانەوە سروشتی ڕاستەقینەی هێزی نێوان کوارکەکان وەک بەهایەکی خۆی سەیردەکرا، چونکە هێزی بەهێز ئاسانتر بوو ماتماتیکییانە مۆدێڵ بکرێت.


سەرچاوە:

Superforce: The Search for a Grand Unified Theory of Nature. (Penguin science) Paul.C.W. Davies [Paperback].1996.  PP 70 – 79

پەراوێزەکانی وەرگێڕ

[i]  ڕەزەرفۆرد بە ئەسڵ سکۆتلەندی بووە، بابی هیجرەدەکات بۆ نیوزلەندە. لە ساڵی 1894 دا بواری بۆ دەڕەخسێت و دەچێت بۆ کامبریچ بۆ خوێندن، ئیتر لە تاقیگەکەی جەی. جەی. تۆمسۆن و لەوێ بە سەرپەشتی تۆمسۆن دەست دەکات بە توێژینەوە. دوایی دەچێتە مانچستەر و لەوێ کەوتە توێژینەوە لە خاسیەتەکانی پەخشکردنی ڕادیۆم و تیشکی ئەلفا و حسابکردنی ژمارەی ئەم ئەلفایانە کە لە ڕادیۆمەوە پەخشدەبن، لە ساڵی 1910 دا، وەک ئەنجام و دوای توێژینەوە لە سروشتی ناوەکی ئەتۆم گەیشتە داڕشتنی چەمکی ناوک، کە یەکێکە لە گەورەترین داهێنانەکان لە فیزیای سەدەی بیستەمدا. بە گوتەی وی، لە ڕوی پراکتیکییەوە، سەراپای بارستایی ئەتۆم و لە هەمان کاتیشدا هەر هەموو بارگە پۆزەتیڤەکانی ئەتۆم لە چەقەکەیدا کۆدەبێتەوە. لە ساڵی 1912 دا نیەڵ بۆر هاتە لای و لە مانچستەر پێکەوە کەوتنە کارکردن. پاشان بۆر بونیاتە ناوکییەکەی ڕەزەرفۆردی لەگەڵ تیۆری کوانتەمی ماکس پلانکدا گونجاند و تیۆریی بونیاتی ئەتۆمی بەدەستهێنا، کە دوایی، پاش چاککردن و چەند گۆڕانێک هەتا ئەمڕۆش هەر برەوی خۆی هەیە.

[ii]  پاوڵی لە ڤییەننا لە دایکبووە، یەکێکە لە گەورەترین فیزیکناسانی سەدەی بیستەم. هێشتا قوتابی بوو کە بابەتێکی نایابی لەمەڕ تیۆری نسبی نووسی و تیایدا پسپۆڕانە تەفسیری دەکات. ڕابەرێکی گەورەی تیۆری کوانتەمە و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە پێشخستنی تیۆری کایەکاندا. ئەمە جگە لەوەی بلیمەتێکی لە ئاسابەدەر بوو لە پێشخستنی میکانیکی کوانتەمدا.

[iii]  فێرمی لە ڕۆمای ئیتالیا لەدایکبووە و لە ئەمەریکا مردووە. یەکێکە لە ڕابەرە گەورەکان و بنیاتنەرانی چەرخی ناوکی و ئەتۆمی. ڕۆڵێکی مەزنی یاریکرد لە پێشخستنی ئەو ماتماتیکەی کە پێویستە بۆ تەفسیر و لێکدانەوەی دیاردەکانی ژێرئەتۆمی و ئەو گۆڕانە ناوکییانەی بە هۆی نیوترۆنەوە ڕوودەدەن.

[iv]  وەینبێرگ لە نیویورک لەدایکبووە، بە یەکێک لە پێشڕەوانی کایەکانی تیوری کوانتەم، فیزیای تەنۆڵکە بنەڕەتیەکان و کۆسمۆلۆژیای سەدەی بیستەم دادەنرێت. زانایەکی توندڕەو، لای وی پێویستە زانایان بە جورئەتەوە بەرگری لە بیروڕا زانستیەکانیان بکەن. لە ساڵی 1979 دا لەگەڵ عەبدولسەلام خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرت. سەرباری دەیان کتێبی ئەکادیمی، چەندەها کتێبیشی بۆ خوێندەواری شەقام نوسیوە و هەوڵیداوە فیزیک زۆر ئاسان بکات بۆ ئنسانی سادە. لەو کتێبانەی کە زۆر بڵاون و سەرنجی مرۆی شەقام ڕادەکێشن بریتییە لە ”خەونەکانی دوا تیۆر.” جگە لە بواری زانست، لەسەر ئاستی سیاسەت و ئایین پێگەی خۆی لە دونیادا هەیە.

[v]  عەبدولسەلام، لە شارۆچکەیەکی بچکۆلەی پاکستان لەدایکبووە، بابی وی موەزەفێکی سادە بووە لە فەرمانگەی پەروەردە لە ئاواییەکی هەژار. خێزانەکەیان وەک دیاردەیەکی تەقلیدی حەزیان بە فێربون و ئیمانیان بە خوێندن هەبوە. کاتێک، لە تەمەنی چواردە ساڵیدا بەرزترین نمرەی لە تاقیکردنەوەکاندا بەدەست هێنا، بە هەڵەدوان و جۆش و خرۆشەوە بە پاسکیل گەڕایەوە بۆ ئاوایی، سەرتاپای گوند هاتن بەرەو پیری و پێشوازییان لێکرد. لە ساڵی 1946، لە زانکۆی پونجاب، ئەو کاتە پاکستان و هندستان یەک وڵات بون، دەرچو، توانی مەنحە بەدەست بهێنێت و  بۆ تەواوکردنی ماتماتیک و فیزیک، بچێت بۆ کامبریچ. بەمجۆرە لە ساڵی 1949 دا باشترین پلەی نایابی لە فیزیکدا وەرگرت. هەر لێرە دکتۆرای لە کوانتەمی ئەلکترۆداینەمیکدا وەرگرت، دوای ئەمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بووە زانایەکی بەناوبانگ. لە 1954 دا بووە مامۆستا لە کامبریچ، زیاتر لە چل ساڵ خەریکی توێژینەوە و خوێندن بوو لەسەر تەنۆلکە بنەڕەتیەکان. لەگەڵ وەینبێرگدا نۆبڵیان وەرگرت. بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی ICTP ، کە یارمەتی فیزیکناسانی بەهرەمەند دەدات لە وڵاتانی هەژاران و تازە پێشکەوتووەکاندا.




ناساندنی تیۆری ڕێسمان(ڤیدیۆ)

وەرگێڕان و ئامادەکرن:بڕوا حسێن
براین گرین زانای فیزیایی دەربارەی بیردۆزی ڕێسمانەکان (String Theory) قسە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەکی گشتی باسی ڕێژەیی، تەنۆلکە سەرەتاییەکانیش دەکات، بەڕاستی بابەتێکی بەسوود و پوختە، تاکۆتایی سەیری بکە.




ماتماتیک، زمانی زانست ؟ یان زمانی گەردوون؟

نوسینی:موحسین برهان

ئایا ماتماتیک زمانی زانستە یان زمانی گەردوون؟ ئایا ماتماتیک ئامراز و هۆکارێکە بۆ وەسفکردن و تەفسیرکردنی سروشت؟ یان وەک ماکس تگمارک کۆسمۆلۆجیستی ئەمریکی بە ڕەگەز سویدی لە کتێبەکەیدا بەناوی” Our Mathematical Universe ” پێ وایە گەر گەردوون بە پێچەوانەی تەفسیری کۆپنهاگنی کوانتەم میکانیکەوە وەک هەقیقەتێکی سەربەخۆ دابنێین ، ئەوە دەکرێت هەموو ئەوەی کە هەیە جگە لە ماتماتیک شتێکی تر نەبێت، واتە گەردوون نەک تەنها چەند سیفەتێکی ماتماتیکیانەی لەخۆگرتووە بەڵکو جگە لە سیفەتە ماتماتیکیەکان هیچ سیفەت و ڕەوشتکی تری نیە و ئەوەی هەیە

13450943_1012925108798786_6085781695985725351_n

ماکس تێگمارگ، کۆسمۆلۆجیست و فیزیکناسی ئەمریکی

سەرتاپا لەبنچینەدا ماتمایتکە. بەنمونە ئەگەر پشیلەیەک وەرگرین، لەوانەیە لەسەرەتادا وادەربکەوێت تەنێکی ماتماتیکی نەبێت چونکە لەوانەیە یەکێک بڵی سیفەتەکانی ئەم پشیلەیە وەک جوانی و نەرمی و عەجولی ..هتد کوا ماتماتیکین؟!

بەڵام ئەگەر فیزیکیانە بیربکەینەوە، ئەوە لەکۆتادا پشیلەکە لە کوارک و ئیلیکترۆن دروست بووە کە دوو تەنۆلکەی بونیادین. ئەمانەش بۆ خۆیان چەند سیفەتێکی فیزیکی یان هەیە کە پێان دەناسرێنەوە لەوانە

بارگە کە -1ە

سپیین کە 1/2

….هتد

وەک دەبینین لە کۆتادا هەموویان هەموویان لە ژمارە پێک دین، واتە سیفەتەکان لە بنچینەدا ماتماتیکن و ئەو ناوانەی وەک سپین و بارگە و هتد.. خۆمان دامان ناون بۆ تیگەشتن لێان، یان بۆ نمونە خودی فەزا دیسان سیفەتی ماتماتیکی هەیە چونکە سێ یان چوارە کە مەبەست لە سێ ڕەهەند یان چوار ڕەهەندە. بەم شێوە بنچینەی هەموو شتەکان دەکرێت ژمارەو ماتماتیک بێت.

ئیجین وینگەر کە فیزیایەکی هەنگاریە و لە ساڵی 1960، پەیپەرێکی بلاوکردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی “The Unreasonable Effectiveness of Mathematics in the Natural Sciences” ، ئەو پێی ی وایە هیچ لێکدانەوەیەکی مەنتیقی و لۆجیکی یان هۆکاریک نیە بۆ ئەوەی بزانین بۆچی ماتماتیک ئەوەندە کاریگەر و سەرکەوتووبوە لە بەکارهێنایندا وەک ئامرازیک بۆ لێکدانەوەی دیاردەکانی سروشت.

بەڵام ماکس تگمارک بەپێچەوانەی وینگەرەوە دڵنیایە لەوەی هۆکارێک هەیە بۆ ئەمە، ئەوەش ئەوەیە خودی سروشت سەرتاپای پێک هاتووە لە ماتماتک و هەڵگری سیفەتی ماتماتکیە، بەمانایەکی تر هیچ شتێک کەگەردووندا لە ماتماتیک بەدەر نیە و ئەوەی هەیە خودی ماتماتیکە.

سەرچاوە:کتیبی Our Mathematical Universe

 




سەرچاوە لەسەر فیزیایی گشتی

ئامادەکردنی: موحسین برهان
ئەم کتێبانەی خوارەوە هەریەکەیان بەجیا، یەکێکن لە باشترین و ئاکادیمیترین کتێبەکانی بواری فیزیایی گشتی،  هەموو بوارە سەرەکیەیەکانی فیزیا وەک میکانیک و کارەبا و موگناتیس، هەرەوەها فیزیا گەرمی و شەپۆل لە گەڵ فیزیای رووناکی و مۆدرین  و چەندین بەشی تر لە خۆ دەگرن. بەو هیوایەی سودی لێ ببینن. کتێبی کۆتای هی یەکێک لە زانا هەرە بەناوبانگە کانی فیزیا.

[button color=”green” size=”medium” link=”https://drive.google.com/file/d/0B4YVWKgvZFBXUzdfR0VJb1JydFU/preview?pref=2&pli=1″ target=”blank” ]داگرتن[/button]
Untitled

[button color=”green” size=”medium” link=”https://faculty.psau.edu.sa/filedownload/doc-3-pdf-67a5de9fa89738da0c6835ef457b5878-original.pdf” target=”blank” ]داگرتن[/button]

[button color=”green” size=”medium” link=”https://docs.google.com/file/d/0B_FOFMzF0_0gbjNxakkzUkV4dzg/edit?pref=2&pli=1″ target=”blank” ]داگرتن[/button]

[button color=”green” size=”medium” link=”http://selfdefinition.org/science/25-greatest-science-books-of-all-time/20.%20Feynman%20et%20al.%20-%20The%20Feynman%20Lectures%20on%20Physics%20Volumes%201%20-%203%20(1963).pdf” target=”blank” ]داگرتن[/button]
the-feynman-lectures-on-physics-the-definitive-edition-volume-3-400x400-imaefwmfd8mg7pzm




(Geiger-Muller detector)دۆزەرەوەی گایگەرومۆلەر

 بەڕێزان ئەم بابەتەی کە لە خوارەوە لینکەکەی دانرواوە، بریتیە لە ڕاڤکردن و شیکردنەوەی زانستیانەی دۆزەرەوەی گایگەرمۆلەر،کە لەلایەن بەڕێز م. هیوا ئەبوبەکر ەوە ئامادەکراوەکراوە
cover
.[button color=”green” size=”medium” link=”http://www.mediafire.com/view/jb36oojejrw2ltb/geiger_kurdi.pdf” ]داگرتن[/button]




چەند کتێب و سەرچاوەیەک لەسەر فیزیایی مۆدێرن

ئامادەکرنی: موحسین برهانUntitled
http://phy240.ahepl.org/Concepts_of_Modern_Physics_by_Beiser.pdf

618QE-uoU9L[button color=”green” size=”medium” link=”” ]داگرتن[/button]