چۆن دەبیتە فیزیاییەکی تیۆریی باش

  • نووسینی: جێیرارتت هۆفت،براوەی خەڵاتی نۆبلێ فیزیای ساڵی ١٩٩٩، پڕۆفیسۆری فیزیای تیۆری لە ئەنستیتۆی فیزیای تیۆری، زانکۆی ئوترێخت وەرگێڕانی: ئارمان خەلیل (پەیجی: فیزیک Physics)

beta_gerardthooft_uitgelicht3


ئەمە بابەتێکە بۆ خوێندکارە گەنجەکان یان هەموو ئەوانەی وەک من خرۆشاون بەو بەرەنگاریانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بە هۆی زانستی ڕاستەقینەوە و بۆ ئەوانەش کە وەک من بڕیاریان داوە و سوورن لەسەر بەکارهێنانی مێشکیان بۆ دۆزینەوەی شتی نوێ دەربارەی ئەم جیهانە فیزیکییەی تێیدا دەژین. بە کورتییەکەی ئەمە بۆ هەموو ئەوانەیە کە بڕیاریان داوە سەرقاڵی خوێندنی فیزیای تیۆری بن لە کاتەکانیاندا.

زۆرجار هەندێک ئیمەیڵم لە لایەن هەندێکی ئارەزوومەندی فیزیا [یان فیزیایی ناشارەزا]وە پێدەگات کە بڕوایان وایە چارەسەری[زانستیانەی] هەموو کێشەکانی جیهانیان کردووە، خۆ ئەم ئیمەیڵانە بە مەبەستی باش نێردراون بەڵام شتانێکی تەواو بێکەڵکن. ئەوان بۆیە باوەڕیان وایە کە هەموو شتێکیان حەلکردووە، چونکە هەر بە تەواوەتی هیچ نازانن دەربارەی ئەو ڕێگا و شیوازە ڕاستەقینەیەی کێشە و پرسەکانی پێ چارەسەر(حەل) دەکرێت لە فیزیای مۆدێرندا. ئەگەر دەتەوێت دەستت هەبێت و بەشدار بیت لە تێگەیشتنی تیۆرییانەی یاسا فیزیاییەکان کە شتێکی خۆش و هەژێنەرە ئەگەر سەرکەوتوو بیت، ئەوا شتانێکی زۆر هەن کە دەبێ[پێشوەخت] بیانزانیت. یەکەم شت ئەوەیە کە دەبێ جدی بیت دەربارەی [ئەمەی کە دەتەوێت وا بکەیت]. هەموو ئەو کۆرسانەی زانست کە پێویستن، لە زانکۆکان دەوترێنەوە، بۆیە هەر بە شێوەیەکی سروشتی یەکەم شت کە پێویستە بیکەیت ئەوەیە کە لە زانکۆیەک وەربگیرێیت و هەتا بۆت دەکرێت هەموو ئەو[زانست و زانیارییەی] هەیە کۆی بکەیتەوە و خەریک بیت پێوەی. بەڵام ئەی چی بکەیت ئەگەر هیشتا گەنجیت و لە خوێندنگایت و پێش ئەوەی بچیتە زانکۆ ناچاریت لەگەڵ ئەو گێڕانەوە منداڵانە و سادەیە هەڵبکەیت کە لە خوێندنگا پێی دەڵێن زانست؟ ئەی چی بکەیت ئەگەر بەتەمەنتریت  و بە تەما نیت بچیتە ئەو قەڕەباڵغییە پڕ ژاوەژاوانەی خوێندکارە گەنجەکانی زانکۆوە؟

لەم سەردەمەدا دەتوانیت هەموو ئەو مەعریفە و زانیارییەی کە پێویستتە لە ئینتەرنێتەوە دەستی بخەیت. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دنیایەک شتی بێکەڵک لە ئینتەرنێتدا هەیە. ئایا دەکرێت ئەو پەڕە دەگمەنانەی کە بە ڕاستی بە کەڵک دێن بژار بکرێن؟ من زۆر بە وردی دەزانم کە دەبێ خوێندکارێک لە سەرەتای دەستپێکردندا چی پێ بگوترێتەوە و چی فێر بکرێت. ناو و سەردێڕی کۆرسی وانە هەرە پێویستەکان بە ئاسانی دەستدەکەون، ئەوەش هەر ئەوەیە کە من لە خوارەوە کردووەمە. خواستی من ئەوەیە کە بگەڕێم لەو شوێنانەی ئینتەرنێتدا کە پەیپەر و کتێبە زۆر بەکەڵکەکانی تێدان، جا ئەگەر کرا بە تایبەت ئەوانەی کە دەکرێت داونڵۆد بکرێن. بەم ڕێگایەش تێچووی بوون بە فیزیازانێکی بواری تیۆری لە نرخی ئەمانە تێناپەڕێت: کۆمپیوتەرێک، هێڵێکی ئینتەرنێت، پرێنتەرێک و کۆمەڵێکی زۆریش وەرەقە و قەڵەم. سەرەڕای ئەمەش، بەداخەوە هێشتا ناچارم کە ڕاتان بسپێرم بۆ کڕینی هەندێک تێکستبووک[کتێبی مەنهەجی]، بەڵام ئەمە بابەتێکی جیای پێویستە و لەم نووسینەدا باسی ناکەم. با بۆ ئێستا لە سنووری کەمترین شتی پێویست دەرنەچین. ئەو بابەتانەی لە خوارەوە ڕیز کراون پێویستە بخوێندرێن. لابردنی هەر کامێکیان و گوێپێنەدانی، سزاکەی تەنها یەک شت دەبێت کە ئەویش (شکست)ە. جوان لێم تێبگە: پێویست ناکات کە تۆ باوەڕ بە هەر شتێک بکەیت کە دەیخوێنیتەوە لەسەر حیسابی متمانە، بەڵکو چێکی بکە. هەتا دەتوانیت ڕیگا جێگرەوەکانی تر تاقی بکەرەوە. بۆت دەردەکەوێت کە ئەوەی ئەوان[زاناکان] پێوەی خەریک بوون و کردوویانە، زیرەکانەترین شت بووە کە دەکرا ئەنجام بدرێت. سەرسوڕهێنەرە. باشترین کتێبەکان، ڕاهێنانیان تێدایە. ئەنجامیان بدە. هەوڵبدە بۆت دەربکەوێت کە دەتوانیت لە هەموو شتێک تێبگەیت. هەوڵبدە بگەیتە ئاستێک کە هەڵەکانی تایپ و پیتچنینی کتێبەکان، هەڵە وردەکان و هەروەها هەڵە گرنگەکانیش بدۆزیتەو و بیریش لەوە بکەرەوە ئەگەر تۆ ئەو کتێبە بنووسیت چۆن بە ڕێگایەکی زیرەکانەتر دەینووسیت.

من دەتوانم بۆت باسی ئەزموونی خۆم بکەم. من زۆر بەختم هەبوو کە باشترین مامۆستاکانم لە دەور بن. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی کە مرۆڤ بە لاڕێدا نەڕوات. هەر ئەمەش یارمەتیدەر بوو لەم ڕێیەدا هەتا گەیشتە ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ بەدەست بهێنم. بەڵام من ئینتەرنێتم نەبوو. ئێستا من هەوڵدەدەم کە ببمە مامۆستای تۆ. ئەمەش ئەرکێکی ترسێنەرە. لە ئێستادا ئەم بابەتە بۆ ئەوانە دەبێت کە دەخوازن ببنە فیزیاییەکی بواری تیۆری، ئەویش نەک دانەیەکی ئاسایی، بەڵکو یەکێک لە هەرە باشترینەکان، ئەوانەی کە تەواو یەکلابوونەتەوە کە دەیانەوێت خەڵاتی نۆبڵەکەی خۆیان ببەنەوە. خۆ ئەگەر بە تەمای زۆر لەوە کەمتریت، باشە، یەکەمجار مەکتەبە بێزارکەرەکەت تەواو بکە، دواتر دوای ئەو ڕێچکە ئاساییانە بکەوە کە لە لایەن فێرکەرەکان و پسپۆڕەکانەوە دابین کراوە، ئەوانەی زۆر بە وریاییەوە پارچە پارچەی شتەکان دەجوون پێش ئەوەی دەرخواردی تۆی بدەن.  ئەمەی لەم بابەتەدا باسی دەکەم بۆ خەڵکی بە ئاوات و بەرزی خوازە. من دڵنیام هەرکەسێک دەتوانێت ئەمە ئەنجام بدات، ئەگەر کەسەکە بەهرەمەند بێت بە بڕێکی دیاریکراو لە زیرەکی، حەز و دڵنیایی لە ئەنجامدانی ئەمە. ئێستاش، لێرەوە مەسەلە جدییەکە دەستپێدەکات. گلەیی و گازندەی ئەوە مەکە کە ئەوەی لە خوارەوە باسم کردووە و دەبێ ئەنجامیان بدەیت لە زۆر دەچن. خۆ بە بەلاش خەڵاتی نۆبڵ وەرناگریت و بیریشت بێت ئەمە هەمووی پێکەوە بە لایەنی کەمەوە ٥ ساڵی پێدەچێت ئەگەر خوێندکارەکانمان زۆر بە چڕی سەرقاڵی خوێندنی بن (هەڵبەت من ڕووم لەو کەسانەیە کە بە نیازن زۆربەی کاتەکانیان تەرخان بکەن بۆ سەرقاڵ بوون بەم خوێندنەوە). جا بۆ ئەمەش زیاتر لە زیرەکییەکی سەرەتایی و سادە و ساکار پێویستە هەبێت، چونکە خوێندکارە ئاسایییەکانیش تەنها کاتێک دەتوانن ئاستیان لەم شتانەدا زۆر باش ببێت کە لایەن کۆمەڵێک مامۆستای ئارام و بە سەبرەوە یارمەتی بدرێن. زۆر پێویستە کە ڕاهێنانەکان ئەنجام بدرێن. هەندێک لەو نووسینانە ڕاهێنانیان تیدایە. ئەنجامیان بدە، یان ئەگەر بتەوێت شتێکی باشتر بکەیت، ئەوە هەوڵبدە خۆت ڕاهێنان دروست بکە. هەوڵبدە ئاستی زیرەکی دانەری کتێبەکان تێپەڕێنە، بەڵام تکایە خۆت لەوە بە دوور بگرە کە بە ئیمەیڵ ئەو تیۆرییە جێگرەوانەی خۆت داتناون بۆ منیان بنێریت هەتا ئەو کاتەی لە خوێندنی هەموو ئەمانە دەبییەوە و هەموویان تەواویان دەکەیت؛ ئەگەر ئەمە بە باشی ئەنجام بدەیت ئەوە بۆت دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەم دانەری کتێبانە [کە ئەو شتانەیان لە بری بیرۆکەکانی تۆ نووسیوە] هێندەش گێژ نەبوون کە بیرت لێ دەکردەوە.

فیزیای تیۆری هاوشێوەی باڵەخانەیەکی بەرزە. بناغە پتەوەکەی بریتییە لە ماتماتیکی بنەڕەتی(سەرەتایی) و مەفهومەکانی فیزیای کلاسیکی پێش سەدەی بیستەم. وا بیر مەکەرەوە  کە فیزیای پێش سەدەی بیستەم پەیوەندی بە باسەکەوە نییە لەبەرئەوەی کە ئێستا زۆر زیاترمان هەیە. لەو سەردەمەدا بناغە پتەوەکەی ئەم مەعریفەیەی ئێستا هەمانە دانراوە. بێ ئەوەی یەکەم جار خۆت ئەم بناغەیە بە باشی بنیات بنێیتەوە و دایبڕێژیتەوە هەوڵ مەدە باڵەخانە بەرزەکەت دروست بکەیت. چەند نهۆمی یەکەمی ئەم باڵەخانەیە پێکدێن لەو داڕشتنە ماتماتیکییە ئاستبەرزانەی کە تیۆرییەکانی فیزیای کلاسیکی دەگۆڕن بە جوانییەکەی خۆیان. ئەوانە پێویستن ئەگەر بتەوێت لەوە بەرزتر بڕۆیت. بۆیە دوای ئەوەش ئەو بابەتانەی تر بە دوایدا دێن کە لە خوارەوە ڕیز کراون. سەرەنجام ئەگەر هێندە شێت بیت کە بتەوێت چارەسەری پرس و کێشە هەرە ئاڵۆزەکانی وەک یەکخستنی فیزیای کێشکردنی لەگەڵ جیهانە کوانتەمییەکە بکەیت، لە کۆتاییدا دەگەیت بە ئەوەی کە سەرقاڵی خوێندنی تیۆریی ڕێژەییی گشتی، تیۆری بەرزە ژێکان، ئێم-تیۆری و شتە هاوشێوەکانیان بیت. لە ئێستادا ئەمە سەری سەرەوەی باڵەخانەکەیە. لوتکەی تریش هەن، وەک چڕبوونەوەی بۆز-ئاینشتاین (Bose-Einstein Condensation)، کاریگەریی کەرتیی هۆڵ (fractional Hall Effect) و زۆری تر، کە باشن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ وەک چۆن ساڵانی ڕابردوو نیشانیان داوە. دەبێ ئاگاداری شتێکیش بین: ئەگەر تۆ هەر زۆر زۆر زیرەکیش بیت، لە شوێنێک هەر تێدەمێنیت. خۆت بە ئینتەرنێتدا بگەڕێ و شتی زیاتر بدۆزەرەوە. بابەتەکان بە شێوەیەکی لۆجیکی ڕیزکراون بە دوای یەکتریدا. مەرجیش نییە شتەکان دەقاودەق بەم ڕیزبەندییە بە دوای یەکتریدا ئەنجام بدرێن، بەڵام بە نزیکەیی ئەم بابەتە جیاوازانە هەر وا پێکەوە دەگونجێن و باشترە بەم شێوە بکرێن.


بابەتەکان:

زمان :: Language
ماتماتیکی بنەڕەتی :: Primary Mathematics
میکانیکی کلاسیکی :: Classical Mechanics
بیناییزانی :: Optics
میکانیکی ئاماری و ثێرمۆداینامیک :: Statistical Mechanics & Thermodynamics
ئەلکترۆنیک :: Electronic
ئێلێکترۆماگنێتیزم(کارۆموگناتیسی) :: Electromagnetism
فیزیای کۆمپیوتەریی(ژمێرەیی) :: Computational Physics
میکانیکی کوانتەمی (ناڕێژەیی) :: Non-Relativistic Quantum Mechanics
گەرد و گەردیلەکان :: Atoms & Molecules
فیزیای دۆخی ڕەقی :: Solid State Physics
فیزیای ناوکی :: Nuclear Physics
فیزیای پلازما :: Plasma Physics
ماتماتیکی ئاستبەرز(پێشکەوتوو) :: Advanced Mathematics
ڕێژەییی تایبەت :: Special Relativity
میکانیکی کوانتەمی پێشکەوتوو :: Advanced Quantum Mechanics
فینۆمینۆلۆژی :: Phenomenology
ڕێژەییی گشتی :: General Relativity
تیۆریی بواری کوانتەمی :: Quantum Field Theory
تیۆری سوپەرسترینگ (بەرزەژێ) :: Super String Theory


زمان :: Language

پێویستیی پێشوەخت و هەرە بنچینەیی بریتییە لە زمانی ئینگلیزی. ئەگەر هێشتا زۆر باش نیت تێیدا، فێری بە. دەبێ بتوانیت بە ئینگلیزی بخوێنیتەوە، بنووسیت، قسەی پێ بکەیت و لێی تێبگەیت. بەڵام پێویستیش ناکات پێرفێکت بیت تێیدا. هەموو بڵاوکراوەکان بە ئینگلیزین. ئاگاداری گرنگیی توانای نووسین بە بە ئینگلیزی. درەنگ یان زوو دەخوازیت کە ئەنجامەکانت بڵاو بکەیتەوە. پێویستە خەڵک بتوانن شتەکانت بخوێننەوە و لێیان تێبگەن.

زانینی فەڕەنسی، ئەڵمانی، ئیسپانی و ئیتاڵیش ڕەنگە بەکەڵک بن، بەڵام بە گشتی پێویست نین. بگرە هەر نزیکیش نین لە بناغەی باڵەخانە بەرزەکەمان کە بە نیازین بنیادی بنێین، بۆیە خەمت نەبێت. پێویستت بە ئەلف و بێی یۆنانی دەبێت. پیتە یۆنانییەکان زۆر بەکاردێن. فێری ناوەکانیان ببە، ئەگینا وەک گێژ و شت دەردەکەویت کاتێک هەوڵدەدەیت لە شوێنێک شتێک پێشکەش بکەیت و قسە بکەیت. ئەمانەی خوارەوە هەندێک سەرچاوەی بەکەڵکن بۆ یارمەتیدانی خوێنەری ئاستە جیاوازەکان و پێویستییە جیاوازەکان بۆ زمانی ئینگلیزی.

دوای کردنەوەی هەریەک لەم لینکانەی خوارەوە، پەڕەیەک دەکرێتەوە کە لە بەشی خوارەوەیدا بە پێی بابەتەکان چەندین لینک و سەرچاوەی بەسوود هەیە کە یارمەتیدەرن لە فێربوونی زمانی ئینگلیزیدا:

Dictionaries / Grammar / Vocabulary / Punctuation / Writing


*لێرە بەدواوە بابەتە فیزیاییەکان دەستپێدەکات کە وەک دەبینن بۆ هەر یەکێکیان، سەرەتا ناونیشانی سەرەکی نووسیوە و دواتر هەر بۆ زانیاری ناوی سەردێڕی گرنگترین بابەتەکانی نووسیوە و دواتر و گرنگرترین شتیش ئەوەیە کە لینکی چەند وانە و کۆرسێکی داناوە کە دەبێ فێرخواز پێیانەوە سەرقاڵ بێت (کە ڕەنگەکانیان شین کراوە و کلیکیان لەسەر دەکرێت)، وانەکان هەر لە ئاستی سەرەتاوە تا دەگاتە ئاستی باڵای تێدایە کە پێویستە بکرێن.


ماتماتیکی بنەڕەتی :: Primary Mathematics

ئێستاش گرنگترین ئەو شتانەی کە دەبێت وەک یەکەم هەنگاو بیانخوێنیت ئەم بابەتانەن(ئەمانە تەنها سەردێڕی گرنگترین بابەتەکانن و لینکی کۆرسەکان و وانەکان لە خوارەوە بە ڕەنگی شین دانراوە):
بەینت لەگەڵ ژمارەکان، کۆکردنەوە، لێدەرکردن، ڕەگی دووجاکان و بە گشتی بەینت لەگەڵ ماتماتیک چۆنە؟
-ژمارە سروشتییەکان: ١، ٢، ٣، …
-ژمارە تەواوەکان: …، -٣، -٢، -١، ٠، ١، ٢، ٣، …
-ژمارە ڕێژەییەکان
-ژمارە ڕاستیەکان: π = 3.14159265… , e = 2.7182818، …
-ژمارە ئاوێتەکان: (کە زۆر زۆر گرنگن)
-بیردۆزی کۆمەڵە
-تۆپۆلۆجی
-هاوکێشە جەبرییەکان. تەکنیکەکانی نزیککردنەوە. کردنەوەی زنجیرە: زنجیرەی Taylor
-شیکارکردنی هاوکێشەکان کە ژمارەی ئاوێتەیان تێدایە.
-سێگۆشەزانی: sin(2x)=2sinxcosx، …
-جیاکاری. نەخشە بنچینەییەکانی جیاکاری (sin, cos, exp).
-تەواوکاری. نەخشە بنچینەییەکانی تەواوکاری.
-هاوکێشە جیاکارییەکان. هاوکێشە پلە یەکەکان.
-Fourier transformation. بەکارهێنانی ژمارە ئاوێتەکان. نزیکبوونەوەی زنجیرەکان.
-ڕووتەختی ئاوێتە. تیۆرمەکانی Cauchy و تەواوکاری contour.
-نەخشەی گاما (چێژ وەربگرە لە کاتی خوێندنی خاسیەتەکانی ئەم نەخشەیە).
-تەواوکارییە گاوسییەکان. تیۆری ئیحتمالیە.
-هاوکێشە بەشییە جیاکارییەکان. مەرجە سنوورییەکانی Dirichlet و Neumann.

ئەمە بۆ ئەوانەیە کە لە دەستپێکدان. هەندێک لەم بابەتە ماتماتیکییانەی باسکران لە ڕاستیدا هەر یەکێکیان خۆی کۆرسێکی تەواوە. زۆربەیان لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی تیۆرییەکانی فیزیان. مەرج نییە هەر هەموویان پێش دەستکردن بە بابەتی دوای ئەمە کە میکانیکی کلاسیکییە، تەواو بکەیت. بەڵام بیرت بێت کە دەبێ دواتر بگەڕێیتەوە سەر هەموو ئەو بابەتانەی کە لەم بەشەدا دەیانپەڕێنیت و نایانخوێنیت. ئەمەش لینکی کۆرس و وانەکانی ئەو بابەتانەی لەسەرەوە باسکران، بە پێی ئەو ڕیزبەندییەی دەبێت پێیانەوە خەریک بیت:

جەبری سەرەتایی

جەبری ناوەندیی

کۆرسی سێگۆشەزانی پرۆفیسۆر Dave E. Joyce

کۆرسێک لەسەر ژمارە ئاوێتەکان، پرۆفیسۆر James Binney (زانکۆی ئۆکسفۆرد)

(بە نزیکەیی) پێداچوونەوەیەکی گشتیی هەموو ماتماتیکی سەرەتایی

تێبینیەکانی وانەکانی Chris Pope: مێتۆدی ١ ، مێتۆدی ٢

ڕووتەختی ئاوێتە، تیۆرمەکانی Cauchy و تەواوکاری contour


میکانیکی کلاسیکی :: Classical Mechanics

-میکانیکی ستاتیک (هێز، گرژی)؛ هایدرۆستاتیک. یاساکانی نیوتن.
-خولگە شێوە بڕگە ناتەواوەکانی هەسارەکان. سیستمی فرە تەن.
-پرەنسیپی کار. هاوکێشەکانی هامڵتۆن. لاگرانجیان.(ئەمەیان مەپەڕێنە، بێ ئەندازە گرنگە!)
-لەرەلەرکەری هارمۆنی. بەندۆڵ.
-براکێتەکانی پۆیسن.
-هاوکێشەی شەپۆل. شلە و گازەکان. هاوکێشەی Navier-Stokes. لینجێتی و لێکخشاندن.

کۆرسێکی ئاست ناوەندی دەربارەی داینامیکی شیکاریی کلاسیکی – لە لایەن: پرۆفیسۆر Richard Fitzpatrick

کۆمەڵە تێبینییەک لە وانەکانی زانکۆی هارڤاردەوە

کۆرسێکی کورت لەسەر میکانیکی کلاسیکی لە لایەن پرۆفیسۆر J. J. Binney (زانکۆی ئۆکسفۆرد)


بیناییزانی :: Optics

-شکانەوە و دانەوەی ڕووناکی.
-هاوێنە و ئاوێنەکان.
-تەلیسکۆپ و مایکرۆسکۆپ.
-پێشەکییەک لەسەر بلاوبوونەوەی شەپۆلەکان.
-دیاردەی دۆپلەر.
-پرەنسیپی هۆیگنز بۆ سەریەککەوتنی شەپۆلەکان.
-بەرەشەپۆلەکان.
-Caustics.

(Lecture Note)ەکانی A. A. Louro لە سەر بیناییزانی

(Lecture note)ەکانی R. V. Jones لەسەر بیناییزانی کلاسیکی و کوانتەمی (زانکۆی هارڤارد)


میکانیکی ئاماری و ثێرمۆداینامیک :: Statistical Mechanics & Thermodynamics

-یاسای یەکەم، دووەم و سێیەمی ثێرمۆداینامیک.
-بەشینەوەی بۆڵتزمان.
-خولی  کارنۆ. ئینترۆپی(ناڕێکی). مەکینە گەرمییەکان.
-گۆڕانی دۆخەکان. مۆدێلە ثێرمۆداینامیکییەکان.
-مۆدێلی Ising (هەوڵبدە تەکنیکەکانی شیکارکردنی مۆدێلی Ising ی دوو ڕەهەندی هەڵبگرە بۆ دواتر).
-یاسای تیشکدانی پلانک(وەک پێشەکییەک بۆ میکانیکی کوانتەمی).

کۆرسی میکانیکی ئاماری لە لایەن پرۆفیسۆر Alfred Huan

(Lecture note)ەکانی پرۆفیسۆر Kelly لەسەر میکانیکی ئاماری

(Lecture note)ەکانی Gould/Tobochnik

کۆرسێکی ئاست ناوەندی لەسەر میکانیکی ئاماری لەلایەن پرۆفیسۆر R. Fitzpatrick


ئەلکترۆنیک :: Electronic

(تەنها هەندێک شتی بنچینەیی دەربارەی سووڕە کارەباییەکان)
-یاسای ئۆم، بارگەگرەکان، موگنەبارگەکان، بەکارهێنانی ژمارە ئاوێتەکان بۆ ئەژمارکردنی کاریگەرییەکانیان.
-ترانزیستەرەکان، دایۆدەکان (چۆنێتی کارکردنەکەیان دواتر دەخوێندرێت).

وانە لەسەر سووڕە کارەباییەکان لە لایەن: T. R. Kuphaldt


ئێلێکترۆماگنێتیزم(کارۆموگناتیسی) :: Electromagnetism

تیۆری ماکسوێڵ بۆ ئێلێکترۆماگنێتیزم:
-چوونیەک و ناچوونیەک.
-یاساکانی ماکسوێڵ لە ناوەندێکدا. سنوورەکان. شیکارکردنی هاوکێشەکان لە:
لە ناوەندی بەتاڵ و چوونیەکدا(شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان)
لە ناوەندێکی شێوە شەشپاڵوودا
لە سنوورەکان(شکانەوە و دانەوە)
-هەردوو بابەتی vector potential و gauge invariance (بێ ئەندازە گرنگن).
– تیشکدان و هەڵمژینی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان (ئەنتێنا).
-پەرشبوونەوەی ڕووناکی لە تەنەکانەوە.

ئێلێکترۆماگنێتیزم ‘ئاستی سەرەتا’ لە لایەن پرۆفیسۆر James Sparks (زانکۆی ئۆکسفۆرد)

کۆرسی ئێلێکترۆماگنێتیزم ‘ئاستی بەرز’ لە لایەن پرۆفیسۆر R. Fritzpatrick

تیۆریی بواری موگناتیسی ‘ئاستی باڵا’ لە لایەن Bo Y. Thidé

نمونەی شیکارکراو لە کتێبەکەی ‘Jackson’ەوە


فیزیای کۆمپیوتەریی(ژمێرەیی) :: Computational Physics

ئەگەر فیزیازانێک بیت کە هەر بە شێوەیەکی پەتی تەواو لە بواری تیۆریدا کار بکات، ئەوە ڕەنگە هێشتا هەندێک ڕووی فیزیای کۆمپیوتەری هەر سەرنجت ڕابکێشن.

 کۆرسێک لەسەر پرۆگرامی Mathematica بۆ خوێندکارانی زانست لە لایەن پرۆفیسۆر James J. Kelly

کۆرسی فیزیای کۆمپیوتەری لە لایەن پرۆفیسۆر Angus MacKinnon (کۆلێجی ئیمپڕاتۆریی لەندەن)

پڕۆژەی Numerical Analysis لە لایەن پرۆفیسۆر John H. Mathews


 میکانیکی کوانتەمی (ناڕێژەیی)

Quantum Mechanics (Non-Relativistic)

-مۆدێلی گەردیلەی بۆر.
-پەیوەندییەکانی دیبرۆی (وزە-لەرەلەر، تەوژم-درێژی شەپۆل).
-هاوکێشەکەی شرۆدینگەر (بە پەستانی کارەبایی و بواری موگناتیسییەوە).
-تیۆرمەکەی ئێرنفێست.
-تەنۆلکەیەک لە سندوقێکدا.
-گەردیلەی هایدرۆجین کە بە شێوەیەکی سیستماتیک شیکار کرابێت. کاریگەریی Zeeman. کاریگەریی Stark.
-لەرەلەرکەری هارمۆنیی کوانتەمی.
-ئۆپەرێتەرەکانی: وزە، تەوژم، گۆشەتەوژم، دروستبوون و لەناوبردن.
-ڕێساکانی گۆڕینەوەکەیان.
-پێشەکییەک لەسەر پەرشبوونەوەی کوانتەمی. S-matrix و شیبوونەوەی تیشکاوەری.

پێشەکییەک لەسەر میکانیکی کوانتەمی و ڕێژەییی تایبەت لە لایەن Michael Fowler

*ئەگەر لینکەکەی سەرەوە ناکرێتەوە دەتوانیت یەکێک لەم دووانە بخوێنیت لە جیاتی ئەو، کە یەکێکیان ناساندنێکی کورتە(وەک مەلزەمە) و ئەوی تر تێکستبووکێکی دوور و درێژە(دەتوانیت ئەگەر لە بابەتێکی ناساندنە کورتەکەدا تووشی کێشە بوویت یان ڕوونکردنەوەی زیاترت ویست بچیتە سەر تێکستبووکەکە):
١. وانە کورتەکان / ٢. تێکستبووکە دوور و درێژەکە

کۆرسێک لەسەر میکانیکی کوانتەمی لە لایەن پرۆفیسۆر Niels Walet (زانکۆی مانچستەر)

دوو کۆرسی MIT لەسەر میکانیکی کوانتەمی:

١. ئاستی خوێندکاری زانکۆ (ئەم کۆرسە هەموو وانەکانی بە شێوەی ڤیدیۆیش تێدایە)

٢. ئاستی خوێندکارێکی دەرچووی زانکۆ:  وانەکانی وەرزی یەکەم / وانەکانی وەرزی دووەم

وانەکانی فیزیای کوانتەم لە لایەن پرۆفیسۆر James Branson (زانکۆی کالیفۆرنیا)


گەرد و گەردیلەکان :: Atoms & Molecules

-بەندی کیمیایی.
-ئۆربیتاڵەکان.
-شەبەنگی گەردی و گەردیلەیی.
-تیشکدان و هەڵمژینی ڕووناکی.
-ڕێساکانی هەڵبژاردنی کوانتەمی.
-زەبری موگناتیسی.

وانە و تێبینییەکان لەسەر کیمیای کوانتەمیی گشتی لە لایەن ئەنستیتۆی تەکنۆلۆژی جۆرجیا

کیمیای فیزیکی لە لایەن پرۆفیسۆر Darin J. Ulness


فیزیای دۆخی ڕەقی :: Solid State Physics

-گرپە کریستاڵەکان.
-دانەوەی براگ.
-نەگۆڕی Dielectric و Diamagnetic.
شەبەنگی Bloch.
-ئاستی فێرمی.
-گەیەنەرەکان، نیمچەگەیەنەرەکان و نەگەیەنەرەکان.
-گەرمیی تایبەتی.
-ئەلترۆنەکان و کونەکان.
-ترانزیستەر.
-بەرزەگەیەنەرێتی.
-کاریگەری Hall.

پێشەکییەک بۆ فیزیای دۆخی ڕەقی (ئاستی سەرەتا) لە لایەن پڕۆفیسۆر Yuri M. Galperin (زانکۆی ئۆسلۆ)

کۆرسێکی فیزیای دۆخی ڕەقی (ئاستی بەرز) لە لایەن پڕۆفیسۆر Mark Jarrell (زانکۆی کالیفۆرنیا)

تێبینی لە سەر فیزیای دۆخی ڕەقی لە لایەن Chetan Nayak (زانکۆی کالیفۆرنیا)


فیزیای ناوکی :: Nuclear Physics

-ئایزۆتۆپەکان.
-چالاکی تیشکاوەری.
-ناوکەکەرتبوون و ناوکەیەکبوون.
-مۆدێلی دڵۆپە.
-ژمارە کوانتەمییە ناوکییەکان.
-ناوکە سیحرییەکان.
-isospin.
-تیۆری Yukawa.

پێنج وانە لەسەر effective field theory لە لایەن David B. Kaplan

پەرتوکێکی بنچینەیی لەسەر تیۆرای ناوکی لە لایەن J. Dobaczewski


فیزیای پلازما :: Plasma Physics

-Magneto-hydrodynamics.
– شەپۆلەکانی Alfvén.

پێشەکییەک لەسەر فیزیای پلازما لە لایەن پڕۆفیسۆر R. Fritzpatrick


ماتماتیکی ئاستبەرز(پێشکەوتوو) :: Advanced Mathematics

-تیۆریی گروپ، دەربڕینی هێڵیی گروپەکان.
-تیۆریی گروپی Lie.
-ئاڕاستەبڕ و تێنسەرەکان.
-تەکنیکی زیاتر بۆ شیکارکردنی هاوکێشە جیاکارییە بەشەکییەکان و هاوکێشە تەواوکارییەکان.
-پرەنسیپی Extremum و ئەو تەکنیکانەی لەسەری بنیاد نراون.
-هاوکێشەی جیاوازییەکان.
-نەخشەی پەیداکەر.
-فەزای هیلبێرت.
-پێشەکییەک لەسەر functional integral.

بڕوانە سایتی پڕۆفیسۆر John Heinbockel

بڕوانە مێتۆدی دووەمی Chr. Pope (فایلەکە لە جۆری ps ە)

لیستی کتێبە مەنهەجییەکانی ماتماتیک (جارێ لینکەکە کارا نییە)

گروپەکانی Lie لە فیزیکدا لە لایەن پڕۆفیسۆر G.’t Hooft (بە زمانی ئینگلیزی+ڕاهێنانەکان)

*بۆ گروپەکانی Lie، سەیری وانەکانی Chr. Pope بکە لە بەشی ڕێژەییی گشتیدا

نەخشە تایبەتەکان و زۆر ڕادەدارەکان (تەنها لە پرەنسیپەکان تێبگە)


ڕێژەییی تایبەت :: Special Relativity

-گۆڕینی لۆرێنز.
-چوونەوەیەکی لۆرێنز، کات کشان.
-یاسای E=mc^2.
-چوار ئاڕاستەبڕ و چوار تێنسەر.
-ڕێساکانی گۆڕین بۆ بواری ماکسوێڵ.
-دیاردەی دۆپلەری ڕێژەییانە.

کۆرسی وانەکانی پڕۆفیسۆر Peter Dunsby لەسەر تێنسەرەکان و ڕێژەییی تایبەت

کتێبەکەی پڕۆفیسۆر Firk لەسەر ڕێژەییی تایبەت


میکانیکی کوانتەمی پێشکەوتوو :: Advanced Quantum Mechanics

-فەزای هیلبێرت.
-گواستنەوەی ئەلکترۆنەکان [لە ئاستەکانی گەردیلەدا].
-تیشکدان و هەڵمژینی ڕووناکی.
-بزوێنە تیشکدان.
-ماتریکسی چڕی.
-لێکدانەوەی میکانیکی کوانتەمی.
-لاسەنگییەکانی بێڵ.
-بەرەو میکانیکی کوانتەمیی ڕێژەیی: هاوکێشەکەی دیراک، وردەپێکهاتەکان.
-ئەلکترۆن و پۆزیترۆنەکان.
-تیۆری BSC بۆ بەرزەگەیەنەرێتی.
-کاریگەری Hallی کوانتەمی.
-تیۆریی پێشکەوتووی پەرشبوونەوە.
-پەیوەندییەکانی پەرەوازەبوون.
-بابەتی Perturbation expansion.
-بابەتی WKB approximation و پرەنسیپی Extremum.
-چڕبوونەوەی بۆز-ئاینشتاین.
-بەرزەشلەی هیلیۆم.

وانەکانی پڕۆفیسۆر Stringari لەسەر شلە سەرووساردەکان

پێشەکییەک لەسەر Quantum Hall effect لە لایەن A.H. MacDonald

پێشەکییەک لەسەر دۆخە کوانتەمییەکان و تیۆریی زانیاریی کوانتەمی لە لایەن پڕۆفیسۆر K. Fujii

وانەی تایبەتی لەسەر Quantum information لە لایەن پڕۆفیسۆر Peter Zoller

پێشەکییەک لەسەر Quantum Computation لە لایەن A. Chatterjee

وانەکانی ساڵی ١٩٥١ی Freeman J. Dyson لەسەر میکانیکی کوانتەمیی پێشکەوتوو

تێبینییەکانی پڕۆفیسۆر K. Schulten لەسەر میکانیکی کوانتەمیی پێشکەوتوو

تیۆریی کوانتەمی پێشکەوتوو لە لایەن پڕۆفیسۆر James Branson (زانکۆی کالیفۆڕنیا)


 فینۆمینۆلۆژی :: Phenomenology

تەنۆلکە بنیادییەکان (مێزۆنەکان، باریۆنەکان، فۆتۆنەکان، لیپتۆنەکان، کوارکەکان) و تیشکە گەردوونییەکان؛ خاسیەتی ماددەکان و کیمیا؛ ئایزۆتۆپە ناوکییەکان، گۆڕانی دۆخەکان، ئەسترۆفیزیک (سیستمە هەسارەییەکان، ئەستێرەکان، گەلەئەستێرەکان، لادان بەرەوسوور، سوپەرنۆڤاکان)؛ کۆزمۆلۆژی (مۆدێلە کۆزمۆلۆژییەکان، تیۆرییەکانی گەردوونی هەڵئاوسان، تیشکدانی زەمینەی مایکرۆیی).

(Lecture note)ەکانی پڕۆفیسۆر R. Casalbuoni لەسەر فینۆمینۆلۆژی

(Lecture note)ەکانی پڕۆفیسۆر Paolo Franzini لەسەر تەنۆلکە سەرەتاییەکان


ڕێژەییی گشتی :: General Relativity

-تێنسەری مەتریک.
-چەمانەوەی فەزا-کات.
-هاوکێشەی کێشکردنی ئاینشتاین.
-کونە ڕەشەکەی Schwarzschild.
-کونی ڕەشی Reissner-Nordström.
-Periastron shift.
-هاوینەی کێشکردنی.
-مۆدێلە کۆزمۆلۆژییەکان.
-تیشکدانی کێشکردنی.

پیشەکییەک لەسەر ڕێژەییی گشتی لە لایەن پڕۆفیسۆر G. ‘t Hooft (+ڕ‌اهێنان)

(Lecture note)ەکانی پڕۆفیسۆر Sean M. Carroll لەسەر ڕێژەییی گشتی

کۆرسێک لەسەر ئەندازە و تیۆریی گروپ لە لایەن Chr. Pope


کۆزمۆلۆژی :: Cosmology
و
ئەسترۆفیزیک و ئەسترۆنۆمی :: Astro-Physics & Astronomy

کۆزمۆلۆژی و ئەسترۆفیزیک بە بەراورد لەگەڵ لقەکانی تر، تازەن و زۆر شت ئێستا لەو بوارانەدا دەگوزەرێت. وا باشترە کە ئاگاداری ئەم بابەتە گرنگانە بیت و بە پێی حەز و چێژی خۆت کاتیان بۆ تەرخان بکەیت. بە دلنیاییەوە دەبێت بزانیت کە لە کۆزمۆلۆژی و ئەسترۆفیزیک و ئەسترۆپارتیکڵ فیزیکەوە دەستکەوت هەیە بۆ چارەسەر و وەڵامی چەندین پرسی فیزیا. بەڵام با ئاوا بەردەوام و بپرسم: ئەی چی دەربارەی فیزیای لقە تایبەتەکانی تری زانست؟ بایۆفیزیک، جیۆفیزیک، فیزیای میوزیک، …
من وەک  خۆم پێم باشە و هانتان دەدەم کە بگەڕێن لە وێبدا بۆ ئەو چەشنە بابەتانەی تر کە حەزتان لێیەتی.


 تیۆریی بواری کوانتەمی :: Quantum Field Theory

-بوارە کلاسیکییەکان: نائاڕاستەبڕ، Dirac-spinor، بوارە ئاڕاستەبڕەکانی Yang-Mills.
-کارلێککردنەکان، perturbation expansion، شکانی لەخۆوەی هاوجێیەتی، Goldstone mode، میکانیزمی هیگز.
-تەنۆلکەکان و بوارەکان: فەزای Fock، دژە تەنۆلکەکان، ڕێساکانی فاینمەن. مۆدێلی سیگمای Gell-Mann-Lévy بۆ پایۆن و ناوکەکان. بابەتی Loop diagrams. بابەتی Unitarity، هۆیەکی و پەیوەندییەکانی پەرەوازە بوون.
بابەتی (Renormalization (Pauli-Villars; dimensional ren، تیۆری gaugeی کوانتەمی: بابەتی Gauge fixing، بابەتی Faddeev-Popov determinant، بابەتی Slavnov identities، هاوجێیەتی BRST، بابەتی renormalization group. بابەتی Asymptotic freedom.
-سۆلیتۆنەکان، سکیرمیۆنەکان. تاک جەمسەرە موگناتیسییەکان و ئینستانتۆنەکان. میکانیزمی بەندکردنی هەمیشەییی کوارک. کردنەوە(فراوانبوونی) 1/N. فراوانبوونی لێکدانی ئۆپەرێتەرەکان. هاوکێشەی Bethe-Salpeter. بنیاتنانی مۆدێلی ستاندارد. سەرپێچیی جۆری P و CP. تیۆرمی CPTI. سپین و پەیوەندیی ئاماری. بەرزە هاوجێیەتی.

کۆرسێک لەسەر QFT لە لایەن پڕۆفیسۆر Pierre van Baal

بنچینەی چەمکییانە(مەفهومی)ی QFT لە لایەن پڕۆفیسۆر G. ‘t Hooft

چاپتەرێک لە پەرتوکی فەلسەفەی زانست

تاک جەمسەرە موگناتیسییەکان و ئینستانتۆنەکان لە لایەن Gerard ’t Hooft


بەرزە هاوجێیەتی و بەرزەکێشکردن :: Supersymmetry & Supergravity


ئەسترۆپارتیکڵ فیزیک :: Astro Particle Physics


تیۆری سوپەرسترینگ (بەرزەژێ) :: Super String Theory

پێشەکییەک+ڕاهێنان لەسەر تیۆری سترینگ(ژێ) لە لایەن Gerard ’t Hooft

پێشەکییەک لەسەر تیۆری سوپەرسترینگ (بەرزە ژێ) لە لایەن E. Kiritsis

وێبسایتێکی گشتی دەربارەی تیۆری سترینگ


چەندین نوسین و سەرچاوەی تر

ئەوەی تا ئێستا باسکرا ئەو سەرچاوانە بوون کە بە خۆڕایی دەستدەکەون، لێرە بە دواوە ئەمانە ناونیشانی چەندین کتێبی مەنهەجی باشن دەربارەی بابەتە جیاجیاکانی فیزیای تیۆری:

کلیک لێرە بکە بۆ بینینی لیستی کتێبەکان


سەرچاوە:
https://www.staff.science.uu.nl/~gadda001/goodtheorist/index.html
About thes



داگرتن و دابەزاندنی بەرنامەی جاڤا

ئامادەکردنی:موحسین بورهان

جاڤا یەکێکە لە هەرە بەرنامە پێشکەووتوەکان لە بواری بەرنامەسازی و پرۆگرامیندا و بەکاردێت بۆ دروستکردنی زۆرێک لە بەرنامەی کۆمپیتەر و مۆبایل  و دیزاینی وێبسایت و چەندین شتی دیکەلە بواری وێبدا. جگە لەمە لە بواری زانستیدا دەتوانرێت چەنەها کێشەی  و پرسیار و هاوکێشەی ماتماتیکی و فیزیایی پێ شیکار بکرێت، ئەوەی لەم  بابەتەدا دامانناوە چۆنیەتی  داگرتن و دابەزاندی بەرنامەکەیە.

پێش هەموو شتێک دەىیت ئەوە بزانیت بەرنامەی جاڤا لە دوو بەش پێکدێت:

یەکەم:  (Java Development Kit (JDK  کە  بریتییە لە کۆمپایڵەری[وەرگێڕی] جاڤا.
دووەم: (Editor))ێک کە دەشێت هەر دانەیەک بێت لەمانە (Netbeans,Notepad,Text pad,Crimson,Eclipse). لەم بەشەدا بەرنامەکە دەنوسرێت و پاشان لەلایەن کۆمپایڵەرەوە کۆمپاێل دەکرێت.
بۆ ئەوەی بەرناماکە ئیش بکات دەبێت JDK و یەکێک لەو  بەرنامانەی خاڵی دووەم دابەزێنیت، ئێمە لێرەدا بەرنامەی crimson هەڵدەبژێرین:

سەرەتا لەم لینکەوە بەرنامەی JDK دابەزێنن:

http://filehippo.com/download_java_development_kit_32/download/449d1f42f43366093298a9020fa8e620

پاشان لەم لینکەشەوە بەرنامەی Crimson دابەزێنن:

https://netix.dl.sourceforge.net/project/emeraldeditor/crimsoneditor/crimson-editor-3.72-r263/cedt-263-setup.exe

دوای دابەزاندنی هەردوو بەرنامەکە، دەبێ چەند گۆڕانکاریەک لە بەرنامەی Crimson دا بکەیت تاکو بە دروستی ئیش بکات ، بۆ ئەم مەبەستە لە بەشی tools ی بەرنامەی crimson، کلیک لەسەر preferences بکە(وەک وێنەی یەک)، پاشان بەگوێرەی وێنەی دووەم و سێهەم بەرنامەکەی خۆت ترێک بخە.
ghcgfj




وەشانی نوێی بەرنامەی Simple Grapher Plus

بەرنامەی Simple Grapher بەرنامەیەکی زانستییە بۆ سیستمی ویندۆز، بەرنامەکە توانای کێشانی وێنەی ڕوونکردنەوەیی نەخشە بیرکارییەکانی هەیە، و ئەم بەرنامەیە لەلایەن گەنجێکی کوردەوە دروست کراوە، و تاکە بەرنامەی کوردی زانستی دادەنرێت.

زانیاری تەواو دەربارەی بەرنامەکە: http://physic4kurd.net/?p=1519

ئەم بەرنامەیە تاکو ئێستا چوار وەشانی لێ دەرچووە، و وەشانی پێنجەم لەم نزیکانە بڵاوکرایەوە، ئەو تایبەتمەندیانەی کەلەم وەشانەدا زیادکراوە:

  • نوێ:

١-دیاریکردنی گۆشە (پلە و ڕادیەن)

٢-هێڵی خەیاڵی پۆلار

٣-زیادکردنی نووکی هێڵ بۆ هێڵی تەوەرەکان

٤-هاوکێشەی نوێ (floor ،ceil ،max ،min ،int ،fix )

٥-زیادکردنی کردارەکانی “AND”, “OR”, “=” و “≠” بۆ دیاریکردنی بواری نەخشەکان

٦-فێرکاری

٧-گۆڕانکاری لە هەڵبژاردەی وێنە ڕوونکردنەوەییەکە

٨-نموونەی نوێ: Dumbo

٩-Function Evaluator: گۆڕینی بوار بە ماوس

١٠-بەشی Tutorial لە تابی Sample زیادکراوە

 

  • هەڵە چاککراوەکان:

١-چەند هەڵەیەک چاککراوە لە گۆڕینی نەخشەی ستاندارد بۆ هێڵی و بە پێچەوانەشەوە

٢-دروستبوونی هەڵە لە داخستنی هەندێک فۆرم

٣-نموونەی Pikachu دیارنەبوو

٤-دروست بوونی هەڵە لە دەرکەوتنی دوگمەی Home

٥-Function Evaluator بەبێ کێشە کاردەکات

٦-3D Parametric z(u,v) خەزن نەدەکرا لە فەیلەکەدا

٧-نەخشە سێ دووریەکە لە کاتی داخستنی بەشی پڕ بەشاشە دەرنەدەکەوت

 

  • بەرەوپێشبردنەکان:

١-بەرەوپێشبردنی نەخشەی دوو دووری

٢-چەندین چاککاری کراوە لە بواری نەخشەکان

٣-چەند چەکسازییەک لە کێشانی نەخشەی پۆلار

٤-جێگیری و چاککسازی نەخشەی سێ دووری

٥-بۆهەر فایلێک کە دەکرێتەوە، پشکنین بۆ وەشانی فایلەکە دەکرێت

 

  • وێنەکان:

1 2 3 4 5 6

7

  • داگرتن:

داگرتن لە سایتی فەرمی




گەشتی ئەسپسوارەکە The Knight’s Tour

ئەوەی لەم بابەتەدا باسی دەکەین شتێکی باونیە، لەوانەشە تاکە بابتێک بێت بە زمانی کوردی لەسەر باسێکی وەها نوسرابێت، لەم بابەتەدا ئێمە باس لە کێشەیەکی بیرکاری دەکەین پاشان هەوڵ دەدەین چارەسەری بۆ بدۆزینەوە و دواتر ئەو ڕێگەیە بە بەکارهێنانی زمانی پرۆگرامسازی جاڤا جێبەجێ بکەین.
(بابەتێكی بیركاری-پرۆگرامسازی
نووسین و ئامادەكردنی: بڕوا حسێن)

هەموومان یاری شەتڕەانجمان کردووە، و دەزانین کە ئەسپەکە شێوازێکی جیاوازی جوڵەی هەیە لەم یارییەدا، ئەویش شێوەی جوڵەی پیتی Lە، واتە ئەسپەکە توانای هەیە دووخانە لەسەر ئاستی ئاسۆیی بڕوات و یەک خانەش بەشێوی ستوونی بەیەک جووڵە، یان بە پێچەوانەوەشەوە، ئەمەش وادەکات کە جوڵەیەکی ستراتیجی پێببەخشێت، ئەوەی لەم بابەتەیا باسی دەکەین هەر باسی جووڵەی ئەسپەکەیە، ئەویش بابەتێکی بیرکاریە پێێ دەگوترێت Knigh’t Tour، واتە گەشتی ئەسپ سوارەکە، کە داوات لێ دەکات کەوا گەشتێک بەئەسپەکە بکەیت لەسەر بۆردی شەترەنجەکە بەجۆرێک بەهەموو خانەکاندا بڕوا، واتە لە یەکێک لەخانەکان دەست پێدەکەیت پاشان دەیجووڵێنیت بۆ خانەیەکی دیکە -بێگومان هەر بەجووڵەی پیتی L- و بەردەوام دەبیت تاکو ئەسپەکە بەهەموو خانەکاندا دەجووڵێنیت، بەڵام بەمەرجێک: ئەویش ئەوەیە دووجار بەیەک خانەدا نەڕۆیت!

ئەم کارە لەوانەیە بە کرداری ئاسان نەبێت، بەڵام وەکو ڕاهێنان بەکاردێت لە بواری پرۆگراممسازی بۆ ئەوەی پرۆگراممسازەکە ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ بەدەست هێنانی گەشتێکی تەواو.

تۆ دەتوانیت ئەمە بە قەڵەم و کاغەزێک ئەنجام بدەیت، لە یەکێک لە خانەکان دەست پێبکە، دواتر بەگوێرەی جوڵەی ئەسپەکە ئەو خانەیەی کە بۆی دەجوڵێنی ژمارەی هەنگاوەکەی تیادا بنووسە، سەیری ئەم وێنانە بکە تاکو جوانتر تێ بگەیت:

2 13
بەم شێوەیە بەردەوام دەبیت تاکو بە هەموو خانەکاندا دەڕۆیت یان دەگەیتە خاڵێک کەتوانای جوڵەت نیە، با ئێمە لە نموونەکەی سەرەوە بەردەوام بین لە جووڵە:

4
بینیت دوای ئەوەی کە ٣٥ جووڵەمان کرد ئەوا لە خانەی ٣٦ەوە ئەسپەکە توانای هیچ جووڵەیەکی نەماوە، مەگەر بچێتە خانەیەک کە پێشتر لێی بووە، و ٣٥ جووڵە زۆر دوورە لە گەشتێکی تەواو کە دەکاتە ٦٣ جووڵە، واتە هەر ٦٤ خانەکە بگەڕێیت، بۆیە ئێمە پێویستە جوڵەکانمان بۆ خانەیەکی گونجاو بێت بۆ ئەوەی گەشتی تەواو بەدەست بهێنین.

*بەڵام ئایە هەر بەڕاستی دەکرێت گەشتی تەواو بکرێت، واتە ٦٣ جووڵە؟

بەڵێ، لە ڕاستیدا 26,534,728,821,064 گەشتی تەواو بوونی هەیە لەسەر بۆردێكی 8×8.

*ئایە بەچی ڕێگایەک دەکرێت گەشتێکی تەواو بەدەست بهێنیت؟

ئەگەر ئێمە سەیری بۆردی شەترەنجەکە بکەین ئەوا هەموو خانەکان وەکو یەکنین، بەو مانایەی کەوا هەندێک خانە هەیە کە دەتوانین لە چەند خانەیەکی زۆرەوە پێێ بگەین و هەندێک خانە تەنها لەچەند خانەیەکی کەمەوە پێی دەگەین، بۆ نموونە خانەی H1 ئەسپەکە توانای هەیە کە لە هەردوو خانەی G3 و F2پێی بگات:

5
بەڵام خانەی D4 کە دەکەوێتە نزیکی ناوەڕاست دەکرێت لە هەشت خانەوە پێی بگەین، و خانەی دیکە هەیە کە لە (٤،٦،٣) خانەوە پێی دەگەیت، بۆیە ئێمە گەر لە خانەیەک بووین باشتر وایە کە بەرەو ئەو خانەیە بجوڵێین کە نزمترین ئەگەری ڕۆشتنی بۆی هەیە، بۆیە ئێمە هەڵدەستین بە نرخدانان بۆ هەر خانەیەک بە جۆرێک نرخی هەر خانەیەک دەکاتە ژمارەی ئەو خانانەی کە دەکرێت ئەسپەکە لێیەوە بگات پێی، وەکو لەم وێنەدا دەردەکەوێت:

points

دەبینیت ئەو خانانەی کە لە ناوەڕاستن ئەگەری گەشتن پێیان زیاترە وەکو لەوانەی کە لە چێوەی بۆردەکەن،

بۆنموونە ئێستا گەر ئەسپەکە لە خانەی B3 بوو ئەوە باشترە بجوڵێت بۆ خانەی A1 کە نرخەکەی ٢ وەک لەوەی بجووڵێت بۆ خانەی D4 کە نرخەکەی ٨.

 

*بەکار‌هێنانی جاڤا:

ئێمە دەتوانین ئەو ڕێگایەی سەرەوە بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر ئەنجام بدەین، ئێمە زمانی جاڤا بەکاردێنین، من پێشتر ئەو ڕێگایەی سەرەوەم بە جاڤا نووسیوە، تۆ دەتوانی کۆدەکان لێرەوە بەدەست بهێنیت:

GitHub:

https://github.com/BrwaHussen/Knight-Tour

Google Dirve:
https://drive.google.com/file/d/0B58SdocPARqyQ3dqekppM3hZR2c/view

کۆدەکە لە دوو class پێک هاتووە:

  1. (Board (class

ئەمەیان سەرەکییە، کە هەم بۆردەکە لەگەڵ ئەسپەکەش لەخۆدەگرێت، گۆڕا و میتۆدەکانی ئەم کلاسە:

Constructorی کلاسەکە یەک دانەیە کەئەویش  Board(int row,int column)، هەردوو پارامیتەرەکە شوێنی دەستپێکردنی ئەسپەکە دیاری دەکەن، یەکەمیان ڕیزەکەی دیاری دەکات واتە لەسەر ئاستی ستوونی، دووەمیان ستوونەکەی دیاریدەکات واتە لەسەر ئاستی ئاسۆیی، دەبێت ئەم دوو ژمارەیە لەنێوان 0-7 بێت، چونکە ئێمە لەجیاتی بەکارهێنانی پیت (A-H) و ژمارە، هەردووکیمان بە ژمارە دیارییکردووە، ڕاستیەکەی ئەمە هیچ جیاوازییەک دروست ناکات، بۆنموونە خانەی A1 دەکاتە 0,0، ئێمە لەکۆتایی بابەتەکە کۆدێک دادەنێین بۆ گۆڕینی ژمارەکان بۆ شێوازی پیت.

  • ()move: ئەم میتۆدە وا لە ئەسپەکە دەکات کە یەک جووڵە بکات، و جووڵەکەش بە گوێرەی ئەو ڕێگایەیە کە لەسەرەوە باسمان کرد، واتە دەڕواتە ئەو خانەیەی کە کەمترین نرخی هەیە، ئەگەر ئەسپەکە بگاتە خانەیەک کە توانای هیچ جووڵەیەکی نەبێت ئەوا هیچ ڕوونادات و لە جێی خۆی دەمێنێتەوە.
  • numberOfMoves: ئەم گۆڕاوە ژمارەی ئەو جووڵانە دیاریدەکات کە تا ئێستا ئەسپەکە کردوویەتی.
  • currentColumn, currentRow: دوو گۆڕاون کە شوێنی کاتی ئەسپەکە دیاریدەکەن، واتە ئەسپەکە لەم کاتەیا لە چی شوێنێکە.
  • ()showData: ئەم میتۆدە بۆ ئەوەیە کە هەموو جووڵەی ئەسپەکان دیاریبکات، واتە تەواوی گەشتەکە، و بەم شێوەش دەردەکەوێت:

32 47 16 57 30 45 14 11

17 02 31 46 15 12 29 44

48 33 58 01 56 53 10 13

03 18 51 54 59 62 43 28

34 49 64 61 52 55 24 09

19 04 37 50 63 60 27 42

38 35 06 21 40 25 08 23

05 20 39 36 07 22 41 26

کە دەبینیت هەر خانەیەک دەردەکەوێت و ژمارەی ئەو هەنگاوەش دەردەکەوێت کە ئەسپەکە لەو خانەیە بووە، ئەو نموونەی سەرەوە گەشتێکی تەواوە.

بەڵام ئەوە بزانە کە ئەو ڕێگایەی سەرەوە مەرج نیە هەموو جارێک گەشتی تەواو بدات بەدەستەوە، بەڵکو ژمارەی هەنگاوەکان بەگوێرەی خاڵی دەستپێک دەگۆڕێت، بۆیە گەر گەشتی تەواوت بەدەست نەهێنا ئەوا خاڵێکی دەستپێکی جیاواز تاقی بکەوە.

  1. (KnightTourJH2P (class

ئەمەش کلاسی دووەمە، ئەمەیان میتۆدی ()mainی تێدایە، ئەم کلاسە هەڵدەستێت بە تاقیکردنەوە و بەرجەستە کردنی تایبەتمەندییەکانی کلاسەکەی دیکە.

گەر هەنگاوی تەواوت لە دەستپێکێکدا دەست نەکەوت ئەوا دەتوانیت هەموو دەستپێکە جیاوازەکان بەهۆی ئەم کۆدەوە تاقیبکەیتەوە:

for(char i=0;i<=7;i++)
for(char j=0;j<=7;j++){
Board myBoard = new Board(i,j);
for(int n=1;n<=64;n++)
myBoard.move();
System.out.printf(“%c%d:%d\n”,i+65,j+1,myBoard.numberOfMoves);
}

ئەم کۆدە هەڵدەستێت بە تاقیکردنەوە هەر ٦٤ خانە جیاوازەکان، دواتر ژمارەی ئەو هەرنگاوانە دەنووسێت کە لەو دەستپێکەوە بە دەستی دەهێنیت، جگە لەوەش ژمارەکان دەگۆڕێت بۆ پیت، کە ئەمەش شتێکی ئاسانە، سەیری لیستی پیتەکانی ASCIIی بکە لەم وێنەیە:

2000px-ascii-table-wide-svg
و تۆش دەزانیت کەوا پیتەکانی شەتڕەنج لە A تاکو ‌Hە، لە خشتەکە دەردەکەوێت کە پیتی A ژمارە ٦٥، و بۆردەکەی ئێمە لە ٠ دەست پێدەکات، بۆ لەگەڵ ٦٥ کۆی دەکەینەوە ئەو پیتەمان دەست دەکەوێت کە دەمانەوێت، بەڵام ئەوەکەی دیکە تەنها ژمارەیە، بەڵام هی شەتڕەنج 1-8 و ئەوەی بۆردەکەی ئێمە 0-7، بۆیە کۆی یەکی بکە ئەو ژمارەیەت دەست دەکەوێت، ئەم کۆدەی کە باسمان کرد بەم شێوەیە دەنوسرێت:

System.out.printf(“%c%d:%d\n”,i+65,j+1,myBoard.numberOfMoves);

 

*بەرەو پێشبردنی کۆدەکە:

ئەم کۆدەی سەرەوە کاتێک ئەسپەکە تووشی خانەیەک دێت کە دوو خانە یان زیاتری لەبەردەم دایە کەهەمان نرخیان هەیە، ئەوە یەکێک لە خانەکان هەڵدەبژێرێت بە ئارەزووی خۆی، بەڵام دەکرێت کۆدەکە بەرەو پێشببرێت بەوەی گەر تووشی خانەیەکی وابوو ئەوە لە هەریەک لەخانەکانەوە سەیری خانەکانی پێشی بکات، و بڕوات بۆ ئەو خانەیەی کە دەیبات بۆ خانەیەک کە نرخەکەی کەمترە لەچاو ئەوانی تر!

 

سەرچاوەکان:




سیستەمی دۆس چیه‌ ؟ بۆچی بەکاردێت ؟ چۆن بەکاردێت ؟

نوسه‌ری بابه‌ت: هۆشمه‌ند صاڵح   
(MS-DOS) كورت كراوه‌ی (Microsoft-Disk Operating System) كه‌ بریتیه‌ لە سیسته‌مێكی بەگەڕخستنی كۆمپیوتەرەكانی (IBM) له‌ساڵی 1981 دا لەلایەن كۆمپانیای مایكرۆسۆفتەوە گەشەی پێدراوە ، دۆس سیسته‌مێكە لە فرماندا وه‌ك مایکرۆسۆفت ویندۆزی ئێستا وایە به‌ڵام شێوازی مامه‌ڵه‌ كردنی زۆر جیاوازه‌ و كاركردن له‌ دۆسدا شێوازی خۆی هه‌یه‌ بۆنمونه‌ له‌ ویندۆزدا ئێمه‌ پشت به‌ ڕوكارێكی وێنه‌یی ده‌به‌ستین و به‌هۆی ماوسه‌وه‌ و به‌كلیك كردن له‌سه‌ر هه‌ر ڕوبەرێكی وێنه‌یی‌ فرمانی مه‌به‌ستمان بۆ به‌ڕێ ده‌كات به‌ڵام له‌دۆسدا ته‌نها ڕوكارێكی ڕەشەو له‌ڕێگه‌ی داخڵ كردنی فرمان (نووسین) له‌ كیبۆرده‌وه‌ فرمان ئاراسته‌ی كۆمپیوته‌ر ده‌كرێت تا كارێكی دیاریكراو به‌جێ بهێنێت ، لەسەرەتای بنیاتنانی دا ماوس له‌ دۆسدا هیچ فرمانێكی پێ بەڕێ نەدەكرا بەڵام دواتر پاش زیادكردنی ماوس بۆ كۆمپیوتەر كاری ماوسیش بۆ سیستەمەكە زیاد كرا .

مێژووی بنیات نانی سیستەمی دۆس :

سیستەمی دۆس لە بنەڕەتدا كۆدی سەرچاوەكەی لەلایەن كۆمپانیای (Digital Research, Inc) بنیات نراوە كە لەوكاتەدا گەورەترین كۆمپانیای بواری بەرهەم هێنانی سۆفتوێر بوو لەساڵی 1974 دا دامەزراوە  سیستەمەكەی بەناوی (86-DOS) لەسەر كۆمپیوتەرە سەرەتاییەكان بەگەڕدەخرا بەڵام مایكرۆسۆفت لەساڵی (1981) ئەم بەرهەمەی كڕی وبەتەواوی خاوەندارێتی سیستەمەكەی گرتە ئەستۆ و یەكەم كار لەگەڵ ئەم سیستەمەدا كردی دووبارە داڕشتەوەی و بروە پێدانی بوو بەناوی (PC-DOS) كۆمپیوتەرەكانی (IBM) پێ پرۆگرام ڕێژ دەكرد لەسەرەتای هەشتاكاندا .

قەبارەی ئەم سیستەمە لە نوێترین دەرچویدا كەمترە لە چوار مێگابایت و تەنها لە چوار فایلیش پێكدێت لە یەكەم دەرچوویەوە كە دەكاتە ساڵی (1981) بەناوی (MS-DOS 1.0) تا دوا دەرچووی بە ناوی (MS-DOS 7.1) لەساڵی (2000) بەردەوام توانای بۆزیاد دەكراو هاوشان بە ویندۆز ئەمیش برەوەی پێدراوە لە ساڵی (2001) مایكرۆسۆفت ڕاگەیاند كە چیتر دەرچووی نوێ ی لێ بەرهەم ناهێنرێت و بەهەمیشەیی كۆتایی بە پشتیوانی كردنی هێنا .

ئەوچوار فایلەش كە سیستەمەكەی پێك هێناوە بریتین لە :

یەكەم (IO.SYS) : ئەم فایلە كارەكانی ئینپوت و ئاوت پوت ڕێك دەخات و دەست دەگرێت بەسەر ئەم لایەنەی سیستەمدا .

دووەم (MS-DOS.SYS) : ئەم فایلە پێك هاتەی سیستەمەكەی لەخۆ گرتوە كە فرمانەكانی سیستەمی تێدا كۆنوەتەوە بەواتایەكی تر ئەم فایلە واتا تەواوی بەرنامەكانی ناو سیستەمەكە .

سێیەم (DBLSPACE.BIN) : ئەم فایلەش وەك بەرنامەیەكی پەسێنەر وایە كە هاوكاری سیستەمەكەی دەكرد لە بچوككردنەوەی داتاكاندا هەتا زۆرترین جێگا لە میمۆریە سەرەكیەكە دابین بكات بۆ تۆماركردن .

چوارەم (COMMAND.COM) : ئەم فایلە ئەو ڕوكارە ڕەشەیە كە لەڕێگایەوە دەتوانین فرمانەكان داخڵ بكەین ، بەشێوەیەكی وێنەیی ناوەڕۆكی سیستەمەكە و میمۆری و فاییەكانی ناویان دەبینین .

چۆن مایكرۆسۆفت دۆس بەگەڕدەخرا وەك سیستەم ؟

سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین كە سەرەتای بەرهەم هێنانی ئەم سیستەمە بواری پاراستنی داتاو زانیاریەكان ئێجگار كەم بوو بەجۆرێك بەرزترین ئاست لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكاندا تەنها پێنج مێگابایت بوو بۆ ئەوكاتە دەبوایە لەسەر ئەم بڕە كەمە سیستەم بەگەربخرێت وشوێنیش بۆ پاراستنی داتای نوسراو دابین بكرێت ، لەسەر مەزەبۆرد شوێنێك دابین كراوە بە ناوی ڕام كە لە ئێستادا بایۆسی تێدا جێگیركراوە لەوكاتەشدا وەك بەشیكی بنەڕەتی لە كۆمپیوتەردا چالاككردنی فایلەكانی سیستەم لەسەرەتای لۆد بوونیدا لە ئەستۆدابوو هەتا سیستەمەكە ئامادە دەبوو ، ڕام بیرەوەریەكەی لەو كاتەدا چەند كیلۆبایتێك بوو فایلێكی تێدا جێگر دەكرا كە دووبارە نەدەكرا گۆڕانكاری تێدا بكرێتەوە

ئایا ئێستا سیستەمی دۆس ماوە ؟ ئایا چ كارێكی پێدەكرێت ؟

له‌ ئێستادا ئه‌م سیسته‌می دۆسه‌ به‌ به‌رنامه‌یه‌كی بچوكی ویندۆز داده‌نرێت به‌كلیك كردن له‌سه‌ر ئه‌م به‌رنامه‌ بچوكه‌ ده‌ستت ده‌گات به‌ ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی  و هاوشێوەی ویندۆز چەندین كاری جۆر بەجۆر ئەنجام دەدات بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕوكارەكە تەنها مامەڵە لەگەڵ تێكستدا دەكات و دەبێت فرمانەكانی تێدا بنوسرێتەوە بە دەگمەن نەبێت بەكارهێنەر پەنای بۆنابات .

ئەگەر لێرەدا باسی چەند كارێك بكەم كە ئەم سیستەمەی ئاڵۆزكردوە لە بەكارهێناندا بەم جۆرەیە  :

وه‌ك ده‌زانین ئه‌گه‌ر پێویست نه‌بێت ئێمه‌ تایپی فایله‌كان ده‌رناخه‌ین ئه‌وه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌ دێت له‌ سیسته‌مه‌ وێنه‌ییه‌كاندا تایپی فایل به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێت ده‌رناكه‌وێت به‌ڵام له‌كاتی كاركردندا له‌سه‌ر دۆس پێویسته‌ بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌ر فایلێك پاشگره‌كه‌ی پاش نوكته‌ی ناوه‌كه‌ی بنوسین ، له‌دۆسدا ناوی فایل لە دوو بەش پێك دێت یەكەم ناوی فایلەكەیە كەلە ڕوكارە وێنەییەكەی ویندۆزیشدا دەردەكەوێت و ناودەبرێت بە (root) نەدەبوو ناوەكەی لە هەشت پیت تێپەڕبكات ، دواتر خاڵێك دێت كە ئەم بەشە لەبەشەكەی تر واتا پاشگرەكەی جیادەكاتەوە دەبێت لە سێ پیت تێپەرنەكات پێ ی دەڵێن (Extension) ، بێگومان دوای نوكته‌ی كۆتایی هه‌ر ناوێك واته‌ جیاوازی نێوان ناوه‌كه‌و پاشگره‌كه‌ی نوكته‌یه‌كه‌ ، ئەم پاشگرە بڕیار دەدات تۆ چ جۆرە فایلێكت مەبەستە بۆ كاركردن لەسەری

چۆنیه‌تی گه‌یشتن به‌دۆس لە ویندۆزدا :

ده‌توانین ڕاسته‌وخۆ له‌ ڕە‌ن بنوسین (CMD) پاشان ئینته‌ربكه‌ین دۆسمان بۆ ده‌كرێته‌وه‌ ، یاخود لە (Search) بینووسە دەیبینیت ، یاخود به‌م شێوه‌یه‌ پێ ی بگه‌ین (Command Prompt/Start/All Program/Accessories) پاش ئه‌وه‌ی كردمانه‌وه‌ به‌م جۆره‌یه‌ كه‌ پێكدێت له‌ ڕوكارێكی ڕە‌شدا كه‌ له‌به‌شی سه‌ره‌وه‌یدا ناوی ویندۆزه‌كه‌ و ڤێرژنه‌كه‌ی نوسراوه‌  له‌گه‌ل ناوی به‌كارهێنه‌ری كۆمپیوته‌ره‌كه‌ وه‌ك له‌م وێنه‌دا دیاره‌

بۆ ده‌رچوون له‌ دۆس دوو ڕێگا هه‌یه‌ یه‌كه‌م ڕاسته‌وخۆ له‌و شاشه‌ ڕە‌شه‌دا بنوسه‌ (Exit) ئینته‌ر بكه‌ یاخود هه‌ر وه‌ك ڕێگا كلاسیكیه‌كه‌ ته‌نها كلیك له‌سه‌ر ئه‌و (x) بكه‌ دۆس داده‌خرێت ، دۆس سیسته‌مێكی زۆر به‌ر بڵاوه‌ فێربوون تێگه‌شتن لێ ی كاتی ده‌وێت به‌ڵام لێره‌دا من باسی گرنگترین كرداره‌كانی دۆس ده‌كه‌م ‌و هه‌ر به‌كارهێنه‌رێك پێویسته‌ بیانزانێت وه‌ به‌ هه‌میشه‌یی پێویستی پێیان ده‌بێت كاتێك له‌ سیسته‌می دۆسدا كارده‌كات :

فرمانی (CD) :

ئه‌م فرمانه‌ زۆر گرنگه‌و به‌كارده‌هێنرێت بۆ هاتۆچۆكردن له‌ نێوان شوێنه‌كاندا ، بۆ نمونه‌ له‌ پارتێشنی (c:) وه‌ ده‌ته‌وێت بچیته‌ پارتێشنی (E:) یان هه‌ر له‌ناو یه‌ك پارتێشندا ده‌توانیت هاتوچۆ بكه‌یت له‌نێوان فۆڵده‌ره‌كانی دا ، بۆنمونه‌ من ده‌مه‌وێت بچمه‌ پارتێشنی (E:) به‌م شێوه‌ ته‌نها ده‌نووسم (e:) ئینته‌رده‌كه‌م سه‌رنج بده‌ ئێستا ئێمه‌ له‌ پارتێشنی (e) داین

فرمانی (md) : بۆئه‌وه‌ی بزانین چۆن ده‌توانیین له‌ نێوان فۆڵده‌ره‌كاندا ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ین ئه‌وا لێره‌دا دوو فۆڵده‌ر له‌ ناو یه‌كدا دروست ده‌كه‌م وهاتووچۆش ده‌كه‌ین له‌ نێوانیاندا به‌م جۆره‌ ، من ئێستا له‌ پارتێشنی (e) دام بۆیه‌ بۆدروستكردنی فۆڵده‌ر ده‌نووسم (md) پاشان یه‌ك بۆشایی و پاشان ناوی فۆڵده‌ره‌كه‌ (l4kurd) دواتر ئینته‌ر به‌م جۆره‌

كاتێك فۆڵدەرەكە دروست دەبێت دووبارە (e:) دەبینیت و هیچ گۆڕانكاریەك بەدی ناكەیت بەڵام ئێستا بۆئه‌وه‌ی بتوانم بچمه‌ ئه‌و فۆڵده‌ره‌وه كە دروستم كرد‌ ئه‌وا ده‌بێت بنوسم (cd) پاشان یه‌ك بۆشایی و دواتر ناوی فۆڵده‌ره‌كه‌ كە (l4kurd) دەنووسم بەم جۆرە

ئێستا وه‌ك دیاره‌ من له‌ناو ئه‌و فۆڵده‌ره‌دام كه‌ دروستم كردوه‌ بۆیه‌ ده‌بێت بۆدروستكردنی فؤڵده‌رێكی نوێ له‌ناو ئه‌و فۆڵده‌ره‌دا هه‌مان كاری پیشوو بكه‌م بۆیه‌ ده‌نووسم (md) پاشان یه‌ك بۆشایی و دواتر ناوێك كه‌ خۆم مه‌به‌ستم بێت پاشان ئینته‌ر ده‌كه‌م .

ئێستا بۆئه‌وه‌ی بتوانم بچمه‌ ناو ئه‌و فۆڵده‌ره‌شه‌وه‌ ئه‌وا هه‌مان كاری پێشوو دوباره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ وه‌ك له‌خاڵی چواره‌مدا ئاماژە‌م پێداوه‌ و له‌خاڵی پێنجه‌مدا له‌فۆڵده‌ری مه‌به‌ستدام  بۆیه‌ له‌وێشدا ده‌توانم به‌ئاسانی فایل و فۆڵده‌ری تر دروستبكه‌م ، سه‌رنج له‌وێنه‌كه‌ بده‌

ئه‌وكارانه‌ی كه‌ كردمان به‌م جۆره‌یه‌ له‌ ڕوبه‌ره‌ وێنه‌ییه‌كه‌دا واتا لە ویندۆزدا .

فرمانی (Edit) : ئه‌گه‌ر من بمه‌وێت فایلێكی تێكست بكه‌مه‌وه‌ یان دروستی بكه‌م له‌ دۆسدا ئه‌وه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌و ڕوكاره‌ی دۆسدا بنوسم (Edit) دواتر ڕوی دۆس به‌ته‌واوی وه‌ك ئیدیته‌رێكی تێكستی لێ دێت و زۆربه‌ئاسانی ده‌توانیت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌یت ، سه‌رنج بده‌

كاتێك ئینته‌رمانكردن ڕوكاری دۆس ده‌گۆڕێت وه‌ك له‌وێنه‌كه‌دا دیاره‌ من چه‌ند نوسینێك له‌و بۆشاییه‌دا ده‌نوسم و پاشان ده‌یپارێزم بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌تا به‌م جۆره‌ كاره‌كه‌ ده‌كه‌م ، ئێستا بۆ پاراستنی ئه‌و نوسینه‌ ده‌بێت له‌تابی فایل بچمه‌ سه‌ر به‌شی (Save As) به‌م جۆره‌ ، لەم هەنگاوەدا ماوس بەكاربهێنە بۆئاسانی كارەكە

ئێستا ئه‌م ڕوكاره‌م بۆده‌كریته‌وه‌ سه‌ره‌تا له‌خاڵی یه‌كه‌مدا شوێنی پاراستنی دیاری ده‌كه‌م و دواتر له‌خاڵی دووه‌مدا وه‌ك ئاماژەم پێداوه‌ ناوی فایله‌ تێكسته‌كه‌ ده‌نوسم دواتر (Ok) ده‌كه‌م وه‌ك له‌خاڵی سێیه‌مدا ئاماژە‌م پیداوه‌ ، بۆده‌رچونیش له‌و ڕوكاره‌ هه‌ر له‌به‌شی فایل (Exit) بكه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕوكاری دۆس

فرمانی ( DIR ) : ئه‌م فرمانه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ پیشاندانی ناوه‌ڕۆكی هه‌ر فایل و فۆڵده‌رو پارتێشن و درایڤێك زۆر به‌وردی هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و به‌شه‌ مه‌به‌سته‌ت پیشان ده‌دات ، ئه‌گه‌ر من بمه‌وێت ناوڕۆكی ئه‌و فایله‌م پیشان بدات كه‌ كه‌مێك پێش ئێستا دروستم كرد ئه‌وا به‌م جۆره‌ له‌ دۆس ده‌نووسم . ده‌بینین زانیاری له‌سه‌ر قه‌باره‌و شوێنی به‌تاڵ و ناوی فایله‌كه‌و درایڤه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ورد دیاری ده‌كات سه‌رنج بده‌

فرمانی ( CLS ) : ئه‌م فرمانه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ پاككردنه‌وه‌ی روی كاری (DOS) له‌ كاتێكدا ئه‌م فرمانه‌ جێ به‌جێ ده‌كه‌ین كه‌ ڕوی دۆس ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ فرمانمان ئاراسته‌ كردبێت و پێویستمان پێ ی نه‌مابێت ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی به‌رچاوڕونی به‌كارهێنه‌ره‌

چۆنیەتی كردنەوەی بەرنامەكان ویندۆز لە ڕێگای دۆسەوە :

كاتێك روكاری (CMD) دەبینیت بۆ یەكەم جار پاش بەگەڕخستنی بەم جۆرەیە لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دراڤی (C:\) كە سیستەمی تێدا دابەزێنراوە ، بۆ ئەم مەبەستەش دەنووسین (cd/)  .

پاشان وەك لەم وێندا دیارە دەبینیین لە ناو درایڤی (C:\) داین لێرەدا دەبێت بچینە فۆڵدەری بەرنامەكانەوە بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت بنوسین (C:\>cd program files) پاشان ئینتەربكەین .

ئێستا وەك لەم وێندا دەردەكەوێت ئێمە لە پرۆگرام فایلداین كە لە سیستەمدا بە فۆڵدەری بەرنامەكان دەناسرێت بە تایبەتی ئەو بەرنامانەی كە لەگەڵ سیستەمدا راستەوخۆ دادەبەزن ، ئێمە لیرەدا دەبێت بزانین چەند بەرنامە دابەزێنراوەو بگەڕێن بۆ بەرنامەی مەبەست بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت بنووسین (dir) .

لەم وێندا تەواوی فۆڵدەری بەرنامەكان دەركەوتون دەبێت فۆڵدەری بەرنامەی مەبەست بكەینەوە ئەوەش بەم جۆرە دەنووسین (cd safari)

ئێستا سەرنج لەم وێنە بدە تەواوی فۆڵدەر و فایلەكانی بەرنامەكە دەركەوتوە ، بۆ ئەوەی بەرنامەكە بكەینەوە دەبێت ڕاستەوخۆ بنوسین

(safari.exe) ئەمەش كە پاشگرەكەی (exe) واتە فایلی سەرەكی بەگەڕخەری بەرنامەكەیە .

راستەوخۆ پراوسەری سەفاری دەکرێتەوە بۆم وەک لەم وێنەی خوارەوەدا دەردەکەوێت .

وەرگیراوە لە سایتی: www.l4kurd.com




مێژوی بنیادنانی زمانی بەرنامەکان و چۆنیەتی کارکردنیان

نووسه‌ری بابه‌ت: هۆشمه‌ند صاڵح  
دروستکردنی به‌رنامه‌کانی کۆمپیوته‌ر به‌هۆی پێشکه‌وتنی زمانی به‌رهه‌م هێنانی به‌رنامه‌کانه‌وه‌یه‌ توانای بەرنامەکانیش لە بنەڕەتدا پشت دەبەستێت بەو بەرنامەی کە سەرەتا پێ دارێژراوە ، زمانی به‌رنامه‌سازیش ته‌نها له‌ شێوه‌ی هێماو نیشانه‌دایه‌ که‌ به‌ یاسایه‌کی ورد رێکخراوه‌ ، زمانی به‌رنامه‌کان جۆراوجۆرن و هه‌ر یه‌که‌یان به‌ شێوه‌ک به‌کارده‌هێنرێت به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا هه‌ر یه‌ک کارده‌که‌ن به‌رنامه‌یه‌کی لێ دروست ده‌کرێت هه‌ر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌م باینه‌ری دا ده‌کات و ئه‌م به‌رنامانه‌ له‌ ناو سیسته‌مدا داده‌مه‌زرێنرێت و ده‌بێت به‌ به‌شێک له‌ توانای سیسته‌مه‌که‌ چونکه‌ بواری کارکردنی سیسته‌مه‌که‌ فراوان ده‌کات و له‌هه‌ر کاتێکدا مه‌به‌ستیشت بێت ده‌توانیت بیسڕیته‌وه‌ .

دوای پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژیای کۆمپیوته‌ر به‌ چه‌ندین قۆناغدا دروستکردنی به‌رنامه‌ تێپه‌ڕیوه‌و له‌ هه‌ر قۆناغێکیشدا به‌شێوه‌یه‌ک کاره‌کان کراوه‌ له‌ ئێستاشدا چه‌ندیتن شیواز بۆ پرۆگرام سازی له‌ به‌رده‌ستان به‌ڵام ناسراوترین هۆکار و ئاسانترینیان به‌کارهێنانی به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت مه‌نده‌ بۆ دروستکردنی به‌رنامه‌ی نوێ کەلەگەڵ سیستەمدا بگونجێت ، به‌رنامه‌کانی بواری پرۆگرام سازیش هه‌ر یه‌که‌یان به‌ زمانێک کارده‌کات و که‌مێک جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌ر یه‌که‌یاندا به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا هه‌ر یه‌ک کار ده‌که‌ن وه‌ک :

1- زمانی فۆرتران (Fortran)

2- زمانی کۆبڵ (COBOL) که‌ کورتکراوه‌ی (COmmon Business-Oriented Language)

3-  زمانی پاسکاڵ (Pascal)

4- زمانی سی (C) که‌ له‌ ئێستادا ( ++C & C# ) لێ به‌رهه‌م هێنراوه‌

5- زمانی جاڤا (Java)

بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک بتوانێت ببێت به‌ پرۆگرامه‌رو به‌رنامه‌ دروستبکات ده‌بێت یه‌کێک له‌م به‌رنامانه‌ بزانێت و شاره‌زایی ته‌واو له‌ شێوازی زمانه‌که‌و کارکردنی به‌رنامه‌که‌دا په‌یدا بکات ، ئه‌م زمانانه‌ ئه‌گه‌ر ڕیز به‌ندی بکرێت باشترینیان ئه‌و زمانه‌یه‌ که‌ زیاتر له‌ زمانی مرۆڤه‌وه‌ نزیکه‌و له‌ هه‌ندێک جۆری زماندا که‌ به‌م دواییانه‌ به‌رهه‌م هێنراوه‌ به‌رنامه‌که‌ وه‌ک وه‌رگێڕیک کارده‌کات له‌ نێوان مرۆڤ و ئامێره‌که‌دا چونکه‌ ده‌کرێت فرمانی ووشه‌یی بۆ ئاراسته‌بکرێت و دواتر به‌رنامه‌که‌ خۆی ده‌یگۆڕێت بۆ هێمایی .

قۆناغه‌کانی گه‌شه‌کردنی زمانی به‌رنامه‌کان :

زمانی به‌رهه‌م هێنانی به‌رنامه‌کان به‌سه‌ر چه‌ند لقێدا دابه‌ش کراوه‌ که‌ به‌پێ ی سه‌رده‌م و شێوازی کارکردنی جیاوازیان هه‌یه‌و له‌ هه‌ر زمانێکدا یان سه‌ده‌مێکیشدا جۆرێک به‌کارهێنراوه‌ به‌م شێوازه‌ :

1-  زمانی ئامێر (Machine Language) :
وه‌ک ده‌زانین پارچه‌ فیزیاییه‌کان له‌ کۆمپیوته‌ردا ته‌نها مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سفر و یه‌کدا ده‌کات ئه‌م کاره‌ش ته‌نها ڕێگایه‌ بۆ تێگه‌شتنی کۆمپیوته‌ر له‌ مرۆڤ هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م زمانه‌ ناونراوه‌ زمانی ئامێر .
له‌سه‌ره‌تای به‌رهه‌م هێنانی ئامێره‌کاندا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت فرمانێک ئاراسته‌ی کۆمپیوته‌ر بکرێت ده‌بوو پرۆگرامێک دابڕێژرێت که‌ فرمانه‌کان ئاراسته‌ بکات به‌ ویستی به‌کارهێنه‌ر دیاره‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌م کاره‌شدا ئه‌و به‌رنامانه‌ی بۆکاری ئامیره‌کان به‌کارده‌هێنران زۆر به‌ساده‌یی و کاره‌کانیان ده‌کرد که‌ له‌ فرمانه‌کانی (سفر و یه‌ک) دا کۆکرابونه‌وه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌کارهێنه‌رێک بیویستایه‌ فرمانێکی تایبه‌ت ئاراسته‌ی کۆمپیوته‌ره‌که‌ی بکات ده‌بوایه‌ به‌رنامه‌یه‌کی بۆ ئه‌و فرمانه‌ دروستبکردایه‌ که‌ له‌ کارتی کونکراودا به‌رنامه‌که‌ ده‌پارێزراو دواتر ده‌کر‌ا چه‌ندین جار ئه‌و فرمانه‌ دووباره‌ بکرێته‌وه‌ له‌ ڕێگای ئه‌و کارته‌ کونکراوه‌وه‌ که‌ له‌شوێنێکی تایبه‌تی ئامێره‌که‌ جێگیر ده‌کرا ، تێگه‌شتن له‌م زمانه‌ ئالۆزه‌و بۆ ئه‌وه‌ی به‌کارهێنه‌ر بتوانێت سود له‌م زمانه‌ وه‌ربگرێت پێویستی به‌کاتێکی زۆره ‌. کاره‌کان له‌م کاته‌دا پێویستی به‌ وه‌گێڕ نیه‌ چونکه‌ فرمانه‌کان خۆیان به‌شێوه‌ی (سفر و یه‌ک) یان باشتره‌ بڵێین له‌ شیوه‌ی نیشانه‌دا ئاراسته‌ ده‌کرێت . ئه‌مه‌ش کۆنترین جۆری زمانی به‌رهه‌م هێنراوه‌ بۆ مامه‌ڵه‌کردنی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئامێره‌کاندا .

ئەگەر ئێمە پرسیارێک بکەین لە خۆمان و بڵێین بۆچی له‌سه‌رده‌می سه‌ره‌تای به‌رهه‌م هێنانی زمانی ئامێردا (Machine Language) ده‌بوایه‌ به‌کارهێنه‌ر پرۆگرامه‌رش بوایه‌ ؟

وەڵامەکەی ئەوەیە چونکه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئامێره‌کاندا زیاتر میکانیکی بوه‌و ده‌بوایه‌ که‌سی به‌کارهێنه‌ر پرۆگرامێک دابڕێژێت ودواتر ئه‌م کاره‌ی له‌سه‌ر کارتێک ده‌پارێزرا که‌ بوونی کون له‌سه‌ر کارته‌که‌به‌ واتای نیشانه‌و نه‌ بوونی کونیش له‌سه‌ر کارته‌که‌ به‌ واتایی سفر ده‌خوێنرایه‌وه‌ ئه‌م کاره‌ش دواتر که‌ له‌کارته‌که‌دا جێگیرده‌کرا وه‌ک به‌رنامه‌یه‌کی ساده‌ وابوو تا فرمانێکی دارێژراوی پێ به‌ڕێ بکات.

2-  زمانی کۆکردنه‌وه‌ (Assembly Language) :

زمانی کۆکردنه‌وه‌ پێک هاته‌یه‌که‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ی کورتکراوه‌ی ووشه‌ ئینگلیزیه‌کان فرمانه‌کان به‌شێوه‌ی ووشه‌ی تێکهه‌ڵکێش ئاراسته‌ ده‌کرێت و پێش ئه‌وه‌ی کاره‌که‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ ده‌بێت لێک بدرێته‌وه‌ ، واته‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنرێت بۆ فرمانه‌کانی (سفرویه‌ک) .

بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر بنوسیت (Total) ئه‌وا ده‌یگۆڕێت بۆ (0001001) واته‌ هه‌ر ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ شێوه‌ی (سفرویه‌ک) چونکه‌ مامه‌ڵه‌کردنی مر‌ۆڤ له‌گه‌ڵ ئامێره‌کاندا ته‌نها له‌م ڕێگه‌وه‌ ده‌کرێت .

 

3-  (High-level programming language) :

له‌م قۆناغه‌دا به‌رنامه‌ی به‌کارهێنراو بۆ پرۆگرام سازی توانای وه‌رگێڕانی هه‌یه‌و ده‌کرێت به‌ ئاسانی وشه‌ی ئینگلیزی ئاراسته بکرێت و دواتر خۆی لێکی ده‌داته‌وه‌و ده‌یگۆڕێت بۆ باینه‌ری ، ئه‌م قۆناغه‌ی پیشکه‌وتنی پرۆگرام سازی به‌ به‌راورد به‌وه‌ی پێشوو زۆر پێشکه‌وتوو تره‌ چونکه‌ زیاتر له‌زمانی مرۆڤ نزیک ده‌بێته‌وه‌ . له‌ ئێستاشدا هه‌ر کار به‌م شێوازه‌ ده‌کرێت بۆ دروستکردنی به‌رنامه‌ به‌ڵام به‌رنامه‌کان جۆراوجۆره‌ و هه‌ر یه‌که‌یان به‌ شێوه‌یه‌کی جیاواز کارده‌کات .

پرۆگرام سازی به‌ به‌رنامه‌کانی (پاسکاڵ و سی و به‌یسک و فۆتران و کۆبڵ) له‌ ئێستادا شتێکی باوه‌و هه‌ر ده‌چێته‌ خانه‌ی (High-level) وه‌ .

4-   (application generator) :

نه‌وه‌ی چواره‌م له‌ پرۆگرام داڕێژی نه‌وه‌یه‌کی ئاسانکراوه‌و ئه‌و به‌رنامانه‌ی له‌ دروستکردنی (داتابه‌یسدا) به‌کارده‌هێنرێت ده‌گرێته‌وه‌ وه‌ک (ئه‌کسس و ئۆراکڵ) کارکردن له‌سه‌ر ئه‌م دوو به‌رنامه‌و هاوشێوه‌کانی به‌ به‌راورد به‌ پرۆگرامه‌کانی وه‌ک (سی و جاڤا) زۆر ئاسانتره‌ و به‌کارهێنه‌ر زۆر به‌خێرایی ده‌ستی له‌گه‌ڵیدا ڕادێت .

ئه‌م شێوازه‌ له‌ بنیات نانی به‌رنامه‌ کار ئاسانی بۆ خوێندنگاو دامه‌زراوه‌ گه‌وره‌کان و کۆمپانیاکان و فرۆشگاکان ده‌کات تا به‌و په‌ڕی خێراییه‌وه‌ کاره‌کان ڕاپه‌رێنن ، چونکه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که‌ به‌ ئه‌کسس و ئۆراکڵ دروست ده‌کرێت له‌سه‌دان خشته‌ پێک هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌کارهێنه‌ر بتوانیت به‌سه‌دان زانیاری جۆراوجۆر له‌م خشتانه‌دا بنوسێت و هه‌رکاتێکیش بیه‌وێت ده‌توانێت زانیاری نوێ زیاد بکات یان بیسڕێته‌وه‌ یان گۆڕانکاری له‌وانه‌دا بکات که‌ پێشتر داغڵی کردوه‌ .

5-  (object oriented programming languages) :

پاش ئه‌وه‌ی زمانی به‌رنامه‌کان پێشکه‌وتنی به‌خۆوه‌ بینی به‌جۆرێک پێویست بوو له‌ نوسینی کۆده‌کانی دا گۆڕانکاریه‌ک بێته‌ ئاراوه‌ چونکه‌ دووباره‌ کردنه‌وه‌ی چه‌ندین جاری یه‌ک فرمان له‌وانه‌یه‌ به‌کارهێنه‌ر توشی بێزاری بکات ، هه‌ر بۆیه‌ بیرۆکه‌ی (class & object) سه‌ری هه‌ڵدا

ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ چیه‌ ؟

به‌کورتی : پرۆگرام سازی به‌و به‌رنامانه‌ی له‌ نه‌وه‌ی سێیه‌م چواره‌مدا باسمان کرد گۆرا بۆ نوسینی پیتی ئینگلیزی بۆ شوێنگره‌وه‌ی نیشانه‌کانی (سفرویه‌ک) نوسینه‌وه‌ی ئه‌م پیتانه‌ به‌ کورتکراوه‌ به‌کارده‌هێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی پرۆگرامه‌ر به‌ئاسانی بتوانێت بینا‌سێته‌وه‌و به‌خێراترین کات زۆترین به‌رهه‌می هه‌بێت ، دیاره‌ له‌هه‌ر به‌رنامه‌یه‌کیشدا له‌وانه‌یه‌ چه‌ندین جار پێویست بکات یه‌ک تایبه‌تمه‌ندی بنوسرێته‌وه‌ ، ئه‌م کاره‌ش زیاتر کات له‌ پرۆگرامه‌ر ده‌گرێت و له‌ ئێستادا بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کاره‌ بیرۆکه‌ی (Class) سه‌ری هه‌ڵداوه‌

ڕونکردنه‌وه‌ی زیاتر : ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌رنامه‌یه‌ک دروست بکه‌ین بۆ زانینی ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ئۆتۆمبیله‌کانی جیهان ئه‌وا به‌ به‌کارهێنانی (Class) و (object) کاره‌که‌مان به‌و په‌ڕی خێراییه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌نجام چۆن ؟

کلاس (Class) پێک دێت له‌ خشته‌یه‌کی بێ کۆتایی که‌ ده‌کرێت به‌ سه‌دان زانیاری تێدا بنوسین بۆ نمونه‌ من ده‌مه‌وێت له‌ (Class)دا تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی جۆری (ئۆتۆمبیلێک) بنوسمه‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ پاش نوسینی ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ئه‌وا له‌ (Object) دا ته‌نها به‌ پیناساندنی کلاسی (ئۆتۆمبیله‌که‌) و دواتر بانگ کردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکه‌کانی هه‌موو داتاکانی ناو ئه‌و خشته‌یه‌ که‌ پێویستم پێیه‌تی بۆ راده‌کێشێته‌وه‌ که‌واته‌ :

کلاس له‌ خشته‌یه‌ک پێک دێت و ته‌نها یه‌ک جار به‌سه‌دان جۆر داتای بۆزیاد ده‌کرێت و دواتر له‌ ڕێگای (Object) وه‌ هه‌ر زانیاریه‌کمان بوێت که‌ پێشتر له‌ کلاسدا داغلمان کردوه‌ له‌چه‌ندین شوێنی جیاوازه‌وه‌ به‌ ئۆپجێکته‌کان ڕایده‌کێشینه‌وه‌ .

وەرگیراوە لە سایتی: www.l4kurd.com




پرۆگرام نووسین بەزمانی جاڤا

نوسینی:هۆشمه‌ند صاڵح  
زمانی جاڤا یەكێكە لەزمانە هەرە نوێیەكان و بەیەكێكیش لەزمانە هەرە بەهێزەكان دادەنرێت لە زانستی پرۆگرام سازیدا ، بەشێوەیەك بنیات نراوە بەكارهێنان و فێربوونی ئاسانە هونەرێكی سەرنج ڕاكێشی تێدا بەكارهێنراوە بە تایبەتی وا لەكەسانی ئاست سەرەتایی و مام ناوەند دەكات زیاتر بایەخ بەم زمانە لە پرۆگرام نووسین بدەن چونكە زمانەكە لە بنەڕەتدا سینتاكسەكانی لە زمانی (C++ / C) وە وەرگیراوەو برەوی پێدراوە هەتا لەگەڵ بەكارهێنەردا بگونجێت و ببێتە مایەی سەرنج ڕاكێشانی ، یەكێكی تر لە تایبەتمەندیەكانی ئەم بەرنامەیە ئەوەیە كە لەسەر تەواوی سیستەمەكان كارایە و چیتر غەمی دووبارە داڕشتنەوەی بەرنامەكانت نابێت بۆ هەر سیستەمێك بەڵكو زۆربەی سیستەمەكان پاڵپشتن بە ئیكسكویتی فایلەكانی جاڤاو دەتوانن بیناسنەوە هەربۆیە پێناسەیەكی كورتیان بۆ داناوە كە دەڵێن بەرنامەیەك بەزمانی جاڤا بنووسە جارێك و لەهەموو سیستەمێك لەهەر شوێنێك پێت خۆش بوو بەگەڕی بخە (Write Once, run anywhere) .

مێژووی بنیات نانی زمانی جاڤا :

داهێنەری زمانی جاڤا لە ساڵی 1984 تا ساڵی 2010 لە كۆمپانیای (Sun Microsystems) كاری كردوە کە بە خاوەنی جاڤا دادانرێت ، سەرەتای بنیات نانی پرۆژەی زمانی جاڤا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1991 كاتێك داهێنەری بەتوانا (James Gosling) لە هەوڵدا بوو بۆ بنیات نانی زمانێك لە بتوانرێت بەهەمان ڕێچكەی زمانی سی دا بڕوات بەڵام پێویست بەگۆڕینی كۆدەكانی نەكرێت بۆ ئەوەی لە لایەن كۆمپیوتەرەوە بناسرێتەوە چونكە جۆرێك لە سستی دەدات بەكاركردنی بەرنامەكە هەربۆیە پرۆژەی بنیاتنانی زمانی جاڤای گەڵاڵەکرد .

داهێنەری زمانی پرۆگرام سازی جاڤا ناوی (James Gosling) و لە ساڵی 1955 لە كەنەدا لە دایك بوە لە ساڵی 1983 بەكالۆریۆسی لە زانستی كۆمپیوتەردا بەدەست هێناوە ، لە ئەمریكاش لە زانكۆی (Carnegie Mellon) دكتۆرای لەهەمان بواردا بەدەست هێناوە لە ئێستاشدا لە كۆمپانیای گۆگڵ كاردەكات و ئەندازیاری پرۆگرام سازیە لەوێ ، لە ماوەی ساڵانی 1991 تا 1995 بەردەوام كاری لەسەر پرۆژەی بنیات زمانێك دەكرد كە بەشیكی تایبەتمەند بوو بەپرۆژەكەی خۆیەوە كە لە نامەی دكتۆراكەیدا ئاماژەی پێدابوو ، بەڵام كارەكەی لە پاشبنەماكەی لە زمانی (C++ / C) وەرگیراوە ، هەربۆیە چەند هەوڵێكی بەچەند ناوێك دەخستە بەردەست وەك پرۆژەی (Oak) و پرۆژەی (Green) کۆد سازی كە هەمان بنەڕەتی زمانی جاڤان و لەم دوو پرۆژەوە كە دوای بەدوای یەكدا بنیات نا پرۆژەی جاڤای بوو بە دوائەڵقەی كارەكانی .

یەكەم بڵاوبوونەوەی زمانی جاڤا لەساڵی 1995 بەناوی (Java 1.0)  لەژێر مەرج و ڕاسپاردەكانی كۆمپانیای (Sun Microsystems) ئەمریكدا بڵاوكرایەوە ، ئەم كۆمپانیایەش لە ساڵی 1982 دا لە ویلایەتی كالیفۆرنیا بنیات نراوەو لەبواری پرۆگرامین و ئۆپەرێتین سیستەم و سیرڤەردا كاردەكات و بە خاوەنداری زمانی پرۆگرام سازی جاڤا دادەنرێت .

هەتا ساڵی 2007 و كاتێك سەرچاوەی زمانەكە كرا بە ئازاد لەلایەن كۆمپانیای سەن مایكرۆ سیستەم وە زمانی جاڤا چەند دەرچوێكی لێ بڵاوكراویەوە بەناوەكانی (Java 1.1) و (Java 1.2) و (Java 2.2) بێگومان لە ئێستادا بڵاوكردنەوەی ئەم بەرهەمە بەشیوەیەكی ئازاد لە ژێر مەرج و ڕاسپاردەكانی دامەزراوەی (GNU) دایە كە لەساڵی 2006 وە ئامادەكاری دەكرد بۆ بڵاوكردنەوەی پاش ئەوەی لە ساڵی 2007 دا بڵاوی کردەوە .

كۆمپانیای (Sun Microsystems) لە ساڵی 2010 دا لەلایەن كۆمپانیای بەناو بانگی جیهانی (Oracle) كڕرا بەم پێیە تەواوی بەرهەمەكانی كۆمپانیای ناوبراو كەوتە بەردەستی کۆمپانیای ئۆراكڵ و لەو كاتەوە تا ئێستا خاوەندارێتی جاڤا لە دەستی ئۆراكڵدایە ، هاوكات بنیاتنەری زمانی جاڤاش ئێستا ڕابەرایەتی زمانەكە ناكات و پاش ماوەیەك لە فرۆشتنی كۆمپانیای (Sun Microsystems) ئەویش دەستی لەكاركێشایەوە ، كۆمپانیای (Oracle) بە دووەم كۆمپانیا دادەنرێت لە دوای (Microsoft) وە بۆ بەرهەم هێنانی سۆفتوێرەكان و خۆی خاوەندارێتی چەندین پرۆژەی نایاب دەكات لە ئاستی جیهاندا .

ژینگەی پرۆگرام سازی بە زمانی جاڤا ؟

یەکەم : زمانی بەرنامە داڕشتن بە كۆدەكانی جاڤا یەكێكە لە زمانە هەرە پێشكەوتوەكان و بە (Smalltalk) ناودەبرێت كە نزیك ترین زمانە لە مرۆڤەوە كاتێك مامەڵە لەگەڵ ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان دەكات و بە تایبەتمەندێتی (object-oriented) لەكاردایە .

دووەم : وونی وەرگێڕی تایبەت بە كۆدەكان زمانی جاڤا كە لەگەڵ ئۆپەرێتین سیستەمەكەدا خۆی دەگونجێنێت و بێ ئەوەی پێویست بە دووبارە و سێ بارە گۆڕین هەبێت لەكاتی تێسكردن بیرۆكەی گۆڕینی (high-level) بۆ (low-level) واتا (compiler) كردن جیاوازە لەجاڤا وەك لە زماناكانی تردا هەیە لە تەكنیكی زمانی جاڤادا گۆڕینی كۆدەكان هەیە بۆ (Bytecode) كە ئێجگار خیرایە لە ناسینەوەدا لە لایەن مەشینەوە بەم پێیەش كاتێكی ئێجگار كەم دەبات بۆ دەرخستنی ئەنجامی فرمانی كۆدەكان چونكە كاتێك بەرهەمێكی جاڤا بنیات دەنێین بە پاشگری (java) دەپارێزرێت و پاش یەكەم (compiler) كرد فایلێكی تر بەپاشگری (class) دروست دەبێت بەهەمان ناوەوە كە كۆدەكانی سەرچاوەكەی تێدا گۆراوە بۆ (بایت كۆد) و بەهەمیشەیی هاوبەشی كاردەبێت لەگەڵ فایلە سەرەكیەكەدا .

سێیەم : دیاری نەكردنی ڕێژەیەكی سنوردار بۆ نووسینی كڵاسەكان (Classes) كە ئەمەش وادەكات بتوانرێت بەرنامەی فرە كردار دروستبكرێت بەجۆرێك لە سەدان و هەزار بواری جیادا بەكاربهێنرێت ، بوونی پاكێچەكانیش هەمان شێوە یاریدەدەرێكی ئێجگار باشە بۆ ئەم كارە .

تایبەتمەندیەكانی زمانی پرۆگرام داڕێژی جاڤا :

1 – فێربوونی ئاسانە بە بەراورد بە زمانەكانی تری ئەم بوارە و پێویست بە ماوەیەكی دورو درێژ ناكات تا شارەزایی تێدا پەیدا بكەیت .

2 – هەر لەسەرەتای ئاشنابوونی فێرخواز بە كۆدەكانی بەرنامەكە دەتوانێت پرۆژەی جۆراو جۆر بنیات بنێت و هیچ ئاڵۆزیەكی بۆ نایەتە پیش .

3 – پرۆگرام سازەكان بە ئاسانی دەتوانن باری كاریان لە زمانێكی ترەوە بگوازنەوە بۆ زمانی جاڤا بە تایبەتی ئەو كەسانەی شارەزای زمانی سی سی پلەس پەلسن .

4 – لە زۆربەی هەرە زۆری سیستەمەكاندا زمانی جاڤا كارایەو بەگەردەخرێت تێیدا بەهۆی بوونی ئامرازێكی تایبەتمەند كەلە زۆربەی سیستەمەكاندا بەردەستە هەڵدەستێت بە ناسینەوەی فرمانەكان كە ناودەبرێت بە (java virtual machine) .

5 – نوسینەوەی كۆدەكان كەمترن بە بەراورد بە كۆدەكانی زمانێكی تر ، چونكە لە جاڤادا كورتبڕی كراوە لە نووسینەوەی فرمانەكاندا و پێویست بە نووسینی ژمارەیەكی زۆر لەكۆد ناكات.

6 – نووسینەوەی بەرنامەكان تا ڕادەیەكی زۆر لەڕوی تواناوە بەهێزترن بەهەر زمانێكی ترو بەتەواوی پارێزراوە و كەسانی ئاست مام ناوەند و پێسكەوتویش بەئاسانی ناتوانن كۆدەكانی هەڵبوەشێنن بۆ پێكهاتە بنەڕەتەكانی .7 – ئەو بەرنامانەی كە بە زمانی جاڤا داڕێژراون لەكاتی بەگەرخستنیاندا لەسەر سیستەمە جیاوازەكان ئێجگار خێران و بەكارهێنەر دەتوانێت هەست بەو جیاوازیە بكات لەكاتی بەكارهێنانیدا.8 – لەكاتی نوسینەوەی كۆدەكاندا ئەگەر هەڵەیەك بكرێت بە ئاسانی دەتوانرێت هەڵەکە بدۆزرێتەوە و شوێنی هەڵەكە لەلایەن خودی بەرنامەی پرۆگرام داڕشتنەكەوە پیشان دەدرێت بە تێبینی.

ناوی زمانی پرۆگرام داڕێژی جاڤا لە چیەوە هاتووە ؟

ناوی جاڤا لە جۆرێك قاوەوە وەرگیراوە كە لە دورگەیەك بەناوی جاوا لە ئایسەلندا (ئەندۆنسیا) بەرهەم دەهێنرێت و  هەر ئەم ناوەش لە ئەمریكادا زۆر بەكاردێت بۆ ناوهێنانی ئەم جۆرە قاوەیە .

جیاوازی چیە لە نێوان زمانی جاڤا و جاڤاسكریپت ؟

جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان هەردوو زمانەكەدا و شێوەی كاركردنیش تێیدا زۆر جیاوازە ، بەڵام ناوی پێكهاتەكان وەك هەر زمانێكی تری بوارەكە تاڕادەیەك هاوشێوەی زمانی جاڤایە ، جاڤا سكریپت لە وێب سازیدا بەكاردێت و لەلایەن كۆمپانیای (Netscape) بنیات نراوەو لە لایەن (Brendan Eich) لە ساڵی 1995 دا بنیاتی ناوە لەهەمان كۆمپانیا و لە ئێستا كۆمنپانیای نێت سكەیپ كە بە خاوەندارێتی پراوسەری مۆزێلا دەكات هەر لەلایەن (Brendan Eich) سەرپەرشتیاری دەكرێت و بە سەرۆكایەتی ئەم داهێنەرە لەكاركردندایە ، كۆدەكانی جاڤاسكریپت لەكاتی تێكەڵكردنی بەكۆدەكانی (HTML) لەپەڕەكانی وێبدا بەتەواوی ڕوكارێكی داینامیكی دەبەخشێت بە وێب پەیجەكە بەڵام زمانی پرۆگرام سازی جاڤا بۆ داڕشتنی بەرنامەكانی دیسكتۆپ و ئەپەكانی سمارت فۆنەكان بەكاردێت لەلایەن كۆمپانیای (Sun Microsystems) بەرهەم هێنراوەو هیچ پەیوەندیەك نیە لەنێوان ئەم دوو زمانەدا .

وەرگیراوە لە سایتی: www.l4kurd.com




داونڵۆد و دابەزاندنی بەرنامەی جاڤا

ئامادەکردنی:موحسین برهان

بەرنامەی جاڤا یەکێکە لە هەرە بەرنامە پێشکەووتوەکان لە بواری بەرنامەسازی و پرۆگرامیندا ،و بەکاردێت بۆ دروست کردنی بەرنامەی کۆمپیتەرو مۆبایل  و دیزاینی وێبسایت و چەندین شتی تر لە بواری وێبدا، جگە لەمە لە بواری زانستی دا دەتوانرێت چەنەها کێشەی  و پرسیار و هاوکێشەی ماتماتیکی و فیزیایی پێ شیکار بکرێت، ئەوەی لەم  بابەتەدا دامانا ناوە چۆنیەتی  داگرتن و دابەزاندی بەرنامەکەیە.

سەرەتا پیش هەموو شتێک دەىیت ئەوە بزانین بەرنامەی جاڤا لە دوو بەش پێکدێت:

یەکەم:  (Java Development Kit (JDK  کە  بریتییە لە کۆمپایڵەری جاڤا.
دووەم: Editorێک  کە دەشێت هەر دانەیەک بێت لەمانە (Netbeans,Notepad,Text pad,Crimson,Eclipse). لەم بەشەدا بەرنامەکە دەنوسرێت و پاشان لەلایەن کۆمپایڵەرەوە کۆمپاێل دەکرێت.
بۆ ئەوەی بەرناماکە ئیش بکات دەبێت بJDK و یەکێک لەو  بەرنامانەی خاڵی دووەم دابەزێنیت، ئێمە لێرەدا بەرنامەی crimson هەڵدەبژێرین:

سەرەتا لەم لینکەوە بەرنامەی JDK دابەزێنن: [button color=”black” size=”medium” link=”http://filehippo.com/download_java_development_kit_32/download/449d1f42f43366093298a9020fa8e620/” target=”blank” ]داگرتن[/button]

پاشان لەم لینکەشەوە بەرنامەی Crimson دابەزێنن: [button color=”black” size=”medium” link=”http://nchc.dl.sourceforge.net/project/emeraldeditor/crimsoneditor/crimson-editor-3.72-r263/cedt-263-setup.exe” target=”blank” ]داگرتن[/button]
دوای دابەزاندنی هەردوو بەرنامەکە، دەبێت ئەم چەند گۆڕانکاریەک لە بەرنامەی Crimson دا بکەیت بۆ ئەوەی ئیش بکات بە دروستی، بۆ ئەم مەبەستە لە بەشی tools ی بەرنامەکە، بەشی preferences هەڵبژێرن(وەک وێنەی یەک)، پاشان شێوەی گۆڕانکاریەکانی وێنەی دووەم و سێهەم لە بەرنامەکەدا جێ بەجی بکەن.
ghcgfj

Untitled