کۆوانەکانی فیزیکای ئەرستۆ(ڤیدیۆ)

بینەری بەڕێز, ئەمەی کە ئەیبینیت لێکدانەوەی  بەشێک لە کتێبی فیزیکای ئەرستۆیە لە لایەن دکتۆر عرفان مستەفا، شارەزا لە بواری فەلسەفە و زماندا.
تێبینی: بۆ بینینی وانەکانی دیکەی ئەم کۆوانەیە، کلیک لەسەر هێمای [Capture]  بکەن لە بەشی سەرەوەی ڤیدیۆکە.

https://www.youtube.com/watch?list=PLtrYrtuT_w5wKt-3ZIJgYJYDPLXrKbArQ&v=rSjWbCU_Hqo




فیزیای گریكی و فیزیای مۆدێرن

نوسینی:د.عیرفان مستەفا

فیزیای گریكی و فیزیای مۆدێرن هه‌ریه‌كه‌یان نه‌ریتێكی تایبه‌تی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ سروشت و هه‌ریه‌كه‌یان به‌رهه‌می پرسیار گه‌ڵێكی جیاوازن كه‌ عه‌قڵی گریكی و عه‌قڵی ئه‌ورپی هیگڵ وته‌نی له‌ ساتی هوشیاربوونه‌وه‌ی به‌ خۆی له‌ خۆی كردوونی. سروشتناسی گریكی پرسیاره‌كه‌ی له‌ باره‌ی بنه‌ماكانی په‌یدابوونی گه‌ردوونه‌ و بیركردنه‌وه‌كه‌شی گه‌رانه‌ به‌شوێن هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چییه‌و له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌. واته‌ بنه‌مای په‌یدابوونی هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ چییه‌؟ ئه‌رستۆ به‌ دۆزینه‌وه‌ی چوار هۆكاره‌كه‌ی بوون ئه‌م به‌دواداچوونه‌ ده‌گه‌ینێته‌ لوتكه‌. فیزیای مۆدێرن هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ گرنگی به‌وه‌ نه‌داوه‌ كه‌ په‌یدابوون چییه‌، به‌ڵكو گرنگی به‌وه‌ داوه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن هه‌یه‌ و چۆن كار ده‌كات. واته‌ر پرسیاری فیزیای مۆدێرن له‌ باره‌ی ئه‌و بنچینه‌یه‌وه‌ نییه‌ كه‌ په‌یدابوون هه‌یه‌تی و له‌ ڕیگه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ په‌یدا ده‌بێت، به‌ڵكو پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن كارده‌كات. مه‌سه‌له‌ی بنچینه‌ نه‌ك له‌ فیزیای مۆدێرندا به‌ڵكو له‌ هه‌موو زانسته‌ مۆدێرنه‌كاندا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ وه‌لانراوه‌. مۆدرێنیته‌ بوونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دامه‌زراندووه‌ كه‌ نابێت پرسیار له‌ باره‌ی په‌یدابوونی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ بكرێت به‌ڵكو ده‌بێت پرسیار له‌ باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ بكرێت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چۆن هه‌یه‌ چۆن كارده‌كات. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پرسیاری گریكیه‌كان له‌ باره‌ی بنچینه‌و ریشه‌ن ده‌توانین به‌ قوڵتر وه‌سفی بكه‌ین به‌ڵام ناتوانین به‌ وردتر و پێشكه‌وتوو تر هتد وه‌سفی بكه‌ین. فیزیای مۆدێرن یان راستر فیزیای ئه‌ورپی وردتره‌و به‌ گوێره‌ی خۆی له‌ پێشكه‌وتندایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌كه‌ مه‌حكومه‌ به‌ پرسیاری چۆن و كاركردنی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ناكرێت بڵێین قووڵه‌. یان هه‌ر ئه‌سڵه‌ن ناتوانین قسه‌ له‌سه‌ر قووڵی فیزیای مۆدێرن بكه‌ین به‌ڵكو قسه‌ له‌سه‌ر وردی له‌ حساباتا ده‌كه‌ین چونكه‌ ئه‌وعه‌قڵه‌ی كه‌ بیر له‌ كاركردنی ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌، عه‌قڵێ حسابییه‌و جیاوازه‌ له‌وعه‌قڵه‌ی كه‌ ئه‌رستۆ بیری پێكردووه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵین سروشتناسی گریكی قووڵه‌ به‌ڵام سروشتناسی ئه‌ورپی ورده‌. گه‌ر بشیان خه‌ینه‌ ناو به‌راورده‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێین فیزیای گریكی قووڵتره‌ له‌ فیزیای ئه‌ورپی به‌ڵام فیزیای ئه‌ورپی وردتره‌ له‌ فیزیای گریكی. كاتێك هایدگه‌ر وتی زانست بیر ناكاته‌وه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو كه‌ زانست حیسابات ده‌كات، گالیلێ و نیوتن به‌ عه‌قڵێكی حسابی بیر له‌ سروشت ده‌كه‌نه‌وه‌ حساباتیان له‌گه‌ڵ سروشت هه‌یه‌ به‌ڵام عه‌قڵی گریكی عه‌قڵێكه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ و له‌ حساباتدا كۆڵه‌واره‌.

هایدگه‌ر كه‌ ده‌ڵێ زانست بیر ناكاته‌وه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو كه‌ زانست قوڵ نییه‌ چونكه‌ قووڵی خاسیه‌تی بیركردنه‌وه‌یه‌ نه‌ك خاسیه‌تی حسابكردن. خاسیه‌تی حسابكردن ئاڵۆزییه‌. موعاده‌له‌یه‌ك ئاڵۆزه‌ یان ئاڵۆز نییه‌ نه‌ك قووڵه‌ یان سه‌تحییه‌. بیركردنه‌وه‌ ده‌توانین به‌وه‌ وه‌سفی بكه‌ین قووڵ و جه‌وهه‌رییه‌ یان سه‌تحی ورواڵه‌تییه‌. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پرسیاری گه‌ردوون چییه‌ پرسیارێكی گریكییه‌ بیركردنه‌وه‌ی گریكیش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ قووڵ رۆشتووه‌ به‌ڵام ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بواری پرسیاره‌كه‌ی خۆی ده‌رده‌چێت و ده‌یه‌وێت وه‌ڵامی پرسیاری چۆن بداته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌. ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ له‌ فیزیای گریكی گیراون هه‌موویان ده‌كه‌ونه‌ ناوبواری پرسیاری چۆنه‌وه‌ واته‌ بواری پرسیاری گه‌ردون و چۆنه‌ وچۆن كارده‌كات. گه‌ر فیزیای گریكیش له‌ دوای فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ بهاتایه‌ ئه‌وه‌ فیزیای گریكی له‌و شوێنه‌دا هه‌ڵه‌ی له‌ فیزیای مۆدیرن ده‌گرت كه‌ له‌ بواری پرسیاری چۆن ده‌رچووه‌وهاتووه‌ته‌ ناو پرسیاری چییه‌وه‌. فیزیای مۆدیرن له‌ لێكدانه‌وه‌ بۆ په‌یدابوونی گه‌ردوون هه‌میشه‌ له‌ دڵه‌ راوكێدایه‌و كێشه‌ی هه‌یه‌ چونكه‌ له‌ بواره‌ی كاركردنی نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌ی خۆی ده‌رچووه‌و هاتووه‌ته‌ ناو بواری كاركردنی نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌ی گریكییه‌وه‌. بۆیه‌ چۆن فیزیای گریكی له‌ وه‌ڵامدانه‌ی پرسیاری چۆندا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌ ئه‌وه‌ فیزیای مۆدێرنیش له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری په‌یدابووندا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌و ئه‌وه‌ش ده‌زانین له‌ لایان زانایانی فیزیای مۆدێرنه‌وه‌ كه‌ چۆن ناچاربوون به‌وه‌ی بچنه‌ ناو تیۆلۆجیاوه‌و باس له‌ بوونی خواو نه‌بوونی خوا بكه‌ن. گریكییه‌كان كه‌ له‌ په‌یدابوونی گه‌ردوونیان كۆڵیووه‌ته‌وه بوونی خوا ونه‌بوونی نه‌بووه‌ته‌ پرسیار له‌لایان. فیزیا مۆدێرن كه‌ دێته‌ ناو بواری كاركردنی فیزیای گریكییه‌وه‌ زانست به‌ره‌و میتۆس ده‌بات به‌ هه‌مان شێوه‌ی عه‌قڵی گریكی به‌ چوونی بۆ ناو بواری فیزیای مۆدێرن كه‌ بواری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری چۆنه‌، ئه‌ویش كه‌و تووه‌ته‌ ناومیتۆسه‌وه.




لە پەراوێزی کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆدا (٣)

نوسین و ئامادەکردن: هاوار بەرزنجی

پێداچوونەوە: د. عرفان مستەفا

فیزیکا

کتێبی 1

 

ئەڕستۆ لە خاڵی سێیەمدا، دوا تیری خۆی دەهاوێژێتە ئەو بناغەیەی ئیلییەکان دایان مەزراندبوو. ئارگیومێنتی دژ بە ئیلییەکان، یەکێکە لە قورسترین ئەو وەڵامانەی ئەڕستۆ دژ بە فەیلەسووفانی پێشین دەیداتەوە. وەڵامەکە بەڕادەیەک گرانە، بە جارێک و دووان خوێندنەوە خۆی نادات بەدەستەوە، بۆچی گران نەبێت ئەگەر ڕەخنەگر ئەڕستۆ بێت و لایەنی بەرامبەریش پارمەندیس بێت.

سەبارەت بە ڕەخنەکانی ئەڕستۆ دژ بە ئیلییەکان، د. عرفان مستەفا پێی وایە، ئێمە دەبێت دوو شت لێک جیابکەینەوە، بنەما و ئەوەی لە بنەماکە دەکەوێتەوە؛ ئەوەی لێوەهاتووە شتێکە و، هاتووەکانیش شتێکی دی. ئیلییەکان مەبەستییان لە لێوەهاتووەکانە کە دەڵێن هەمووی یەکە؛ بەڵام ئەڕستۆ دێت یاری لەنێوان ئەم دووانەدا دەکات؛ ئەڕستۆ  یەک دەهێنێتە ناو هاتووەکان(موجودات) و لەوێوە نەقدی ئیلییەکان دەکات. لەکاتێکدا دەبوو ئەم ڕەخنەیەی ئاڕاستەی سروشتییەکان بکردایە نەک ئیلییەکان(چونکە ئەو ڕەخنەی هاتووەکان دەکات).

 

دژ بە ملیسوس

ئەگەر ئێمە بڵێین: ئەوەی مرۆڤە، زیندەوەرە؛ ناگونجێیت بڵێین: ئەوەی مرۆڤ نییە، زیندەوەر نییە. بەڵکو دەبێت بڵێین: ئەوەی زیندەوەر نییە، مرۆڤ نییە. بە هەمانشێوە بۆ ئەوەی پێشوو: ئەوەی هاتووەتەبوون، سەرەتایەکی هەیە؛ دژەکەی دەبێتە: ئەوەی سەرەتایەکی نییە، نەهاتووتە بوون؛ ئەگەر ئەم گوتەیەمان خستە ناو وتەکەی سەرەوە، دەڵێین: ئەوەی نەهاتووەتە بوون، کۆتاییەکی نییە.

گۆڕان بابەتێکی دیکەی ناکۆکی نێوان ئەڕستۆ و ملیسوسە. ئەڕستۆ  باوەڕی بە گۆڕانی لەناکاو هەیە و پێی وا نییە گۆڕان پلە پلە ڕووبدات؛ تۆ ناتوانیت بڵێیت بەستن لەکەیەوە دەست پێدەکات، بەڵکو ئاو وەکو گشتێک لە حاڵەتێکەوە دەڕوات بۆ حاڵەتێکی تر. لەم سۆنگەیەوە ڕەخنەی ملیسوس دەکات کە ئەو  باوەڕی وا نییە و پێی گوایە گۆڕان یەکسەر ڕوونادات.

ئەڕستۆ سەبارەت بەوەی ئەگەر بوون هەموو یەکە، بۆچ دەبێت نەجووڵاو بێت؟! (لای ملیسوس بۆیە دانەیەکی نەجووڵاوە، چونکە گەر بجووڵێت، ئەوا پێویستی بە ناوەندێکە کە تێیدا بجووڵێت، کە ئەمەش واتە دوو، نەک یەک) نموونەی ئاو دەهێنێتەوە و، دەڵێت ئەگەر میقدارێک لە ئاو جوڵاو بێت، کەواتە بۆچ کۆی ئاوەکە لە جوڵاندا نەبێت؟! ئەمە هەمان دایەلێکتیکی پارچه‌ و گشتە، دواجار گشت لەو بەشانە پێکهاتووە کە پێکهێنەرین؛ وە ئەوەی بۆ ئەوان ڕاستە، دەبێت بۆ گشتەکەش هەر ڕاست بێت. لە ئایدیاڵیزمی ئاڵماندا، بینینی پارچە هاوکات لەگەڵ گشتدا، پایەیەکی گەورەی فەلسەفەی هیگڵە و، ئەمەش وا دەکات هیگڵ زیاتر ئەڕستۆیی بێت تا ئەفلاتوونی؛ چونکە لای ئەفلاتوون فۆرمە هەمەکییەکان لە جیهانی بەرز دانراون و بوونێکی تەواوکۆ(الکامل)یان هەیە، کە گۆڕانکارییەکانی ئێرە(گۆڕانکاری لە پارچەکاندا)، کار لە ئەوان ناکات.

(پارچه‌ و گشت جیاوازن له‌ به‌شه‌كی و هه‌مه‌كی، لای فه‌یله‌سوفه‌كان زۆرجار ئه‌م دووانه‌ له‌ بری یه‌كتر به‌كارهێنراوه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌م دووانه‌ له‌ یه‌كتر جیاوازن و باسكردن له‌ پارچه‌ و  گشت ته‌نها بۆ هیولا ده‌بێت و شیاو نییه‌ بۆ به‌شه‌كان و هه‌مەكیه‌تی بوونه‌وه‌ر به‌كاربهێنرێت، چونكه‌ هه‌م ئه‌وه‌ی له‌ بوونه‌وه‌ردا هه‌مه‌كییه‌ جه‌وهه‌ره ‌و هه‌م به‌شه‌كانیشیان جه‌وهه‌رن، به‌ڵام هیولا نه‌ وه‌ك گشت و نه‌ وه‌ك پارچه‌كانی ئه‌و گشته‌ جه‌وهه‌ر نییه‌ و، وه‌ك ئه‌رستۆ ده‌ڵێت نزیكه‌ له‌ جه‌وهه‌ره‌وه‌، كاتێك باس له‌ ئاو ده‌كه‌ین وه‌ك هیولای په‌یدابوونی بوونه‌وه‌ره‌كان ئه‌و كاته‌ ده‌بێت پارچه‌ و گشت به‌كار بهێنین نه‌ك به‌شه‌كی و هه‌مه‌كی، گه‌رچی ئه‌رستۆ ئه‌م جیاكارییه‌ زۆرجار ناكات و به‌شه‌كی و هه‌مه‌كی له‌ بری  پارچه ‌و گشت به‌كارده‌هێنێ. ئه‌وه‌ی لای هیگڵ هه‌یه‌ پارچه ‌و گشت نییه‌، هه‌مه‌كی و به‌شه‌كییه‌ به‌ڵام ئه‌ویش جاری وه‌هایه‌ له‌ جێگه‌ی یه‌ك به‌كاریان ده‌هێنێ. زیادکراوی د. عرفان مستەفا).

ئەگەر ئەو تێبینییەی سەرەوەی د. عیرفان لەبەرچاو بگرین(سەبارەت بە لێوەهاتووەکان و هاتووەکان)؛ پێموایە ئەڕستۆ لێرەدا له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌كردنه‌كه‌ی خۆیدا لێكدژ ده‌بێته‌وه‌، ئەو دەڵیت هەرچەندە هەبووەکان لە ڕووی فۆرمەوە مومکین نییە یەک بن، لێ لە ڕووی ماددەی یەکەمەوە (ئورشتۆف) دەکرێت یەک بن(Physics §3, 186a11-186a21). ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە ئیلییەکان دەیڵێن.

 

دژ بە پارمەندیس

ئەو پێی وایە هەموو ئەو ڕەخنانەی لە ملیسوس دەگیرێت، بۆ پارمەندیسیش هەر ڕاستن. لە لۆجیکدا، دەستپێکێکی هەڵە، دەرەنجامێکی هەڵەمان پێدەبەخشێت؛ ئەمە ئەو شتەیە کە ئەڕستۆ پێی وایە پارمەندیس تێی کەوتووە. دەستپێکەکەی بۆیە هەڵەیە، چونکە هەبوو بە مانای جۆراوجۆر بەکاردێت (بڕوانە بەشی دووەمی وتارەکە) لێ ئەو تەنها بۆ یەک مەبەست بەکاری هێناوە.

 

سپی و ئەو شتەی کە سپییە، یەک یان زۆر؟!

ئەڕستۆ لەڕێی ئەم کێشەیەوە، نەک هەر ناکۆکبوونی خۆی لەگەڵ پارمەندیسدا بەیاندەکات، بەڵکۆ لە کاتیگۆرییەکانیشدا، دژ بە فۆرمە هەمەکییەکانی ئەفلاتوون دەڵێت ئەگەر ڕەنگ بە لەشەوەیە، ئەوا دەبێت لەنێو لەشێکی تاکدا بێت، ئەگەر  ڕەنگ لەنێو هیچ لەشێکی تاکدا نەبێت، هەرگیز نادۆزرێتەوە(Categories §5, 2a35-2b7). دەتوانین لەمەوە دەرەنجامگیری بکەین بەوەی کە ئەو باوەڕی بەوەیە بابەتی سپی لە ژیانی ڕۆژنەماندا بوونی هەیە، وە زۆرن نەک یەک؛ کە ئەو پێی وایە سپی لێرەیە، کەواتە ڕوونە دەبێت باوەڕی بە زۆریی سپی هەبێت. ئەمە شتێکە کە ئەو پێی وایە پارمەندیس ئاوڕی لێنەداوەتەوە، چونکە سپی و شتێک کە سپییە دوو شتی لەیەک جوودان(Physics §3, 186a22-186a32). سێر ویلیام دەیڤید ڕۆس لە شەرحی ئەم ئارگیومێنتەدا دەڵێت: تەنانەت ئەگەر گوتمان هەرچی ئەوەی هەیە تەنها سپییە، ئەمە گونجاوە لەگەڵ ئەوەی کە سپی زۆرە و یەک نییە؛ دەکرێت سپی لەڕووی کوالیتییەوە یەک بێت، لێ ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، لە ڕووی چەندێتییەوە زۆر نەبن.

ئەگەر ڕەنگ بە لەشەوەیە، ئەوا دەبێت لەنێو لەشێکی تاکدا بێت، ئەگەر ڕەنگ لەنێو هیچ لەشێکی تاکدا نەبێت، هەرگیز نادۆزرێتەوە. ~ئەڕستۆ دژ بە پلەیتۆ

عەرەز

جەوهەر لای ئەڕستۆ یەکێکە لە دە کاتیگۆرییەکان، کە هەموو کاتیگۆرییەکانی تر بارکراون بۆی، لێ خۆی نابێت بە بارکراو بۆ هیچ یەکێک لەوان(جەوهەر هەمیشە بارلێکراوە). جه‌وهه‌ره‌كان دابه‌ش نابن بۆ جه‌وهه‌ری تر، به‌ڵكو جه‌وهه‌ری یه‌كه‌م له‌ خۆیدا ده‌توانێت جه‌وهه‌ره‌ دووه‌مییه‌كان هه‌ڵبگرێت، لەم حاڵەشدا، جەوهەر یەک نییە و زۆرە. جەوهەر یەکێکە لە ئەساسیترین کاتیگۆریەکان کە گۆڕانی بەسەردا نایەت(ئەو کاتیگۆریانەی کە گۆڕانیان بەسەردا دێت، نموونەی کاتیگۆری چەندێتی و چۆنێتی و شوێنن).

عەرەز(accidents) هەمیشە باری(predicated) بابەتە(subject)، ئەگەر وا دابنێین کە بوون عەرەزە، ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەوەی کە بابەتەکە دەبێت نەبوون بێت، چونکە بابەت و سیفەت جیان لەیەکتر؛ وە ئەگەر بوون بابەت بێت، ئەوا هەر سیفەتێکی لی بارکرابێت دەبێت نەبوون بێت، چونکە بەدەرە لەو. شایەنی باسە ئەم خاڵە هەردوو گەورە شاریحی فیزیکا، تۆماس ئەکواینەس ویلیام ڕۆس باسیان لێوە کردووە(See W. D Ross, Aristotle’s Physics, page 475, and St. Thomas Aquinas, Commentary on Aristotle’s Physics, page 24, 25 )

دەکرێت عەرەز سەر بە بابەت بێت، یان سەر بەو نەبێت، یان سەر بە عەرەزێکی دیکەبێت. دانیشتن نموونەیەکە بۆ عەرەزی جیابووەوە، دەکرێت مرۆڤ دانیشتبێت یان هەستابێتە سەرپێ. پژمین(افطس-Snubness) عەرەزێکی جیانەبووەیە و سەر بە بابەتەکەیە هەمیشە، ئێمە لەگەڵ پژمیندا یەکسەر لوتمان بە خەیاڵدا دێت، ئایدیاکردنی پژمین بەبێ لووت کارێکی نەکردەیە.

 

مۆنادەکان

یەکەم پەڕەی دەستنووسیی مۆنادەکان، ١٧١٤

ئەڕستۆ دەڵێت، بۆ دەرچوون لەم پارادۆکسە(پارادۆکسی بوون و نەبوون)، هەندێک لە بیریارەکان وا ئەم کێشەیان حەل کردووە، لەبەرئەوەی بوون یەکە، کەواتە هەموو شت یەکە، قبووڵی ئەوەیان کردووە کە نەبوونیش هەر بوونە(Physics §3, 187a1-187a10). ئەگەر ئێمە ئەو پرەنسیپەی سەرەوەمان بەکارهێنا(بنەمای نەبوونی لێکدژی)، ئەوا دەبێت ئەم ئارگیومێنتەش ڕەد بکەینەوە.

لە لۆجیکی هیگڵدا بنەمای نەبوونی لێکدژی ڕەد دەکرێتەوە، لێ نەک بەوەی کە ئەو دژی ئەم بنەمایە بێت، بەڵکو لای ئەو ناکۆکییەکان بوونێکی گرنگیان هەیە لە ڕەوتە دایەلێکتییەکەدا، هیگڵ مەبەستی نییە بڵێت شتێک خۆی و دژەکەی ڕاستە، ئەو بوێرانە ناکۆکییەکان لە سێکوچکەی دایەلێکتیکدا یەکدەخات و بەرزیان دەکاتەوە بۆ ئاستێکی پێشکەوتووتر. ئەمە خاڵی ناکۆکی نێوان لۆجیکی ئەڕستۆ و لۆجیکی هیگڵە(بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە: هگل: از متافیزیک بە پدیدارشناسی، م. م. اردبیلی، ص١٤١؛ هەروەها بڕوانە لۆجیکی هیگڵ، د. محەمەد کەمال، ل ٢٣، ٢٠٠).

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، لە کوانتەم میکانیدا(وەکو تازەترین لقی فیزیک)، بە پێچەوانەی ئەڕستۆ و هیگڵەوە، بنەمای نەبوونی لێکدژی، تەواو ڕەد دەکرێتەوە و، پارتیکڵەکان لەو دونیا کوانتەمییەدا دەتوانن هەرچۆنێکیان بووێت ڕەفتار بکەن، کە ئەمە ڕێک دژ دەوه‌ستێتەوە لەگەڵ لۆجیکی باو و عەقڵی سەلیمدا(Common Sense). لەوێدا، پارتیکڵەکان دەتوانن لە هەمانکاتدا، لێرە و لەوێش بن، یەقین لەوێدا حوکم ناکات، ئەوەی باڵادەستە لەو عالەمە حیرەتهێنەرەدا، تەنها پرەنسیپی نادڵنیایی هایزنبێرگە؛ یان ئەگەر بە زمانێکی تر بدوێین، دەبێت تەنها ئەگەرترین ئەگەر لەوێدا بوونی هەیە و بەس.

 

سەرچاوەکان

-Aristotle’s Physics, A revised text with introduction and commentary, W. D. Ross, 1936.

-Translated by: Robert Latta, 1898 The Monadology, G. W. Leibniz,

لە پەراوێزی کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆدا (٢)

نوسین و ئامادەکردن: هاوار بەرزنجی

پێداچوونەوەی: د. عیرفان مستەفا

فیزیکا

کتێبی 1

2§ 

ئەگەر ئەڕستۆ لە خاڵی یەکدا بەگشتی باسی لە هەرسێ هۆکان و بنەماکان و توخمەکان کردبێت؛ ئەوا خاڵی دووەم بە چڕی کۆڵیوەتەوە لە بنەماکان و وەڵامدانەوەی قسەی پێشینان سەبارەت بەو بابەتە. پرسە گریکییەکە بریتییە لە پرسیارکردن سەبارەت بە هیولا؛ هۆکاری ئەمەش لای تۆماس ئەکواینەس ئەوەیە، کە سروشتناسە کۆنەکان تەنها هۆکاری ماتەریییان ناسیوە، وە پێیان وابووە هەرچی هۆکاری فۆرمیییە عەرەزین و جەوهەری نین.  پرسی بنەما پرسێکە دەمانباتە نێو کاتیگۆری چەندێتی، ئێمە گەر بە کاتیگۆری چەند بیرمان کردوە، به‌ناچاری بیرمان بۆ ئەوە بچێت کە بنەما یەکە یان زیاتر، هەربۆیە زۆر گرنگە بزانین ئەڕستۆ چۆن دەڕوانێتە ژمارەکان.

ئەو لە کاتیگۆرییەکاندا پی وایە کە کاتیگۆری چەندەکییەکی پچڕ پچڕە و نابەردەوامن، سنورێکی هاوبەش نادۆزیتەوە بۆ یەکگرتنی ژمارەکان، ئەگەر پێنج بەشێک بێت لە ژمارە دە، ئەوا دوو ژمارەی پێنج لە هیچ کاتێکدا یەک ناگرن. چەندەکی پێچەوانە وەرناگرێت، چوار پێچەوانەی پێنج نییە، بەڵکو پەیوەندییان پێکەوە هەیە (Categories, 6, 4b24-5a14, 5b12-5b29). چەندێتی بوونێکی سەربەخۆی نییە و هەمیشە دەبێت لەگەڵ ئەو شتەدا بێت کە وەسفی دەکات، ئێمە هەرگیز نابینین ژمارە چوار بە جیا بەڕێگادا بڕوات، مەگەر ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێکی چوار پێدا بێت؛ لێ ئەم شتە لە هزردا دەکرێت.

ئێستا با بێینە سەر یەکەم پەرەگرافی خاڵی دووەم.

بە زەروورەت بنەکانمان دەبێت دانەیەک یان چەند دانە بێت؛ ئەگەر دانەیەک بوو، یان دەبێت نەجووڵاو بێت (وەکو ئەوەی پارمەندیس و میلیسوس گوتویانە)؛ یان دەبێت جووڵاو بێت (وەکو ئەوەی سروشتگەراکان پێیان وایە). لێ ئەگەر لە دانەیەک زیاتر بوو، یان دەبێت کۆتادار بێت، یان بێکۆتا؛ ئەگەر هاتوو کۆتادار بێت، دەبێت (٢ یان ٣ یان ٤، …هتد) بێت، وە ئەگەر ناکۆتا بێت، ئەوا دەبێت بەو شێوەیە بێت کە دیمۆکریتوس گوتویەتی(Physics §2, 184b15-184b22).

بنەماکان

ئێمە ناچار بۆ ئەوەی لەم پەرەگرافە تێبگەین، دەبێت پێشتر بڕۆینە لای فەیلەسووفەکانی پێش ئەڕستۆ و، ئاگاداری هەریەکێکیان بین؛ وە گرنگترنین ئەوانەش کە ئەڕستۆ ناوی هێناون، پارمەندیس، میلیسوس، هیراکلیتوس و، دیمۆکیریتۆسە.

هیراکلیتوس

وەحدەت لە لێکدژی و لێکدژی لە وەحدەت، ڕیاڵیتی یەکە و زۆرە لە هەمانکاتدا، ئەم زۆرییە عەرەزی نییە، بەڵکو زاتییە. لای هیراکلیتوس بوون لە صەیروورە(becoming)دایە و هیچ شتێک وەستاو نییە؛ ڕێک بە پێچەوانەی پارمەندیسەوە، لە گەردوونی هیراکلیتوسدا تۆ ناتوانیت دوو جار لە ئاوێکدا مەلە بکەیت؛ ڕێگای سەرەوە هەمان ڕێگای خوارەوەیە. ئەگەر لای ئەناکسیمەندەر لێکدژی هۆیەک بێت بۆ بێنەزمی، ئەوا لای هیراکلیتوس نەک هەر وانییە، بەڵکو بوونی لێکدژییەکان ئەمرێکی بەدیهین. یەک ئەوکات دەتوانێت ئیدامە بە بوونی خۆی بدات ئەگەر لێکدژییەکان بپارێزێت. بۆ هیراکلیتوس ئەم بنەما یەکەمینەیە (Urstoff-ئورشتۆف) بریتییە لە ئاگر. ئاگر بۆ ئەوەی بژێت، پێویستی بەوی تر هەیە، دەبێت مادەی دیکەی وەکو دار، بگۆڕیت بۆ خۆی؛ ئەمە تێرمی ئاوفهێبونگم دەهێنێتەوە یاد کە هیگڵ بەکاری دەهێنێت، Aufhebung، بە کوردی واتە نەفیکردن لە هەمانکاتدا هەڵگرتن و پاراستن؛ ئەوەی لە نێوەندەکەدا دەڕوات، نەفی تەواو ناکرێت، بەڵگو دەگۆڕدرێت.

پارمەندیسی ئیلیایی

لای پارمەندیس بوون هەیە و ناکرێت نەبێت، نەبوون نییە و پێویستە نەبێت. ئەمیان ڕێگای دڵنیاییە و دەناسرێت و ئەویان ناکرێت بناسرێت و کەسیش ناتوانێت گەڕانی تێدا بکات. گۆڕان وەهمە؛ چونکە جووڵە یان لە بوون بۆ بوونە، کە ئەمە جووڵە نییە؛ یان لە نەبوون بۆ بوونە، کە نەبوون نەبێت، ئەمەش نییە؛ کەواتە جووڵە و صەیروورە وهمە. گرنگترین شتێک لە پارمەندیسەوە بۆمان بەجێمابێت پارچەیەک شیعرە و دایەلۆگێکی ئەفلاتون لەسەر پارمەندیس؛ ئەم دایەلۆگە هیگڵ لە پێشەکی فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا بە گەورەترین دەستکەوتی بیرکردنەوەی دایەلێکتیکیانەی دێرینی دادەنێت (Hegel, Phenomenology of Spirit, Translated by: A. V. Miller, Pp. 44) ؛ بە بڕوای من وەستانی هیگڵ لەسەر ئەو دایەلۆگە و گرنگی پێدانی بەو شێوەیە بۆ ئەو جەدەلە دەگەڕێتەوە کە لەسەر بەش و گشت هەیە لە دایەلۆگەکەدا.
ف. چ. کاپڵستن(F. Ch. Capleston) لە مێژووی فەلسەفە و بێرتراند ڕاسل، لە حیکمەتی ڕۆژئاوادا ئەوەیان هێناوە کە بنەما لای پارمەندیس دانەیەکی نەجووڵاوە، کە لە ڕووی کاتەوە بێکۆتا و لەڕووی شوێنەوە کۆتادار؛ میلیسوس پێی وایە نابێت بوون کۆتاداربێت، چونکە ئەگەر وابێت، ئەوا دەبێت لە پشتی ئەمەوە ناشت هەبێت، واتە بوون بە نەبوون دەورە درابێت. ئەمە گرنگترین شتێکە لە میلیسوسەوە ئێمە بیزانین.

ئەڕستۆ لە ڕەددی پارمەندیسدا، پێی وایە ئەو تێڕوانینەی بوون بە یەکێکی نەجووڵاو دەبینێت، تێڕوانینێکی سروشتییانە نییە، وە کەسێک ئەو تێێڕوانینەی هەبێت، دژی سروشتە، چونکە سروشت لای ئەڕستۆ ئەوەیە کە لە جووڵە و وەستان دایە(Physics, Book I, §2, 185a12-20). ئەو قسەیەی کە پێی وایە بنەما یەکە و نەجووڵاو، تەنها دەکرێت وەکو کاردانەوەیەک بۆ قسەکەی هیراکلیتوس گوترابێت، کە دەڵێت شتەکان هەمیشە لە جووڵاندان.

دیمۆرکریتوسی ئابدرا(Abdera)

دیارترینی ئەتۆمەیستەکانی گریکە؛ بە بڕوای دیمۆکریتوس ژمارەیەکی دوانەهاتوو لە یەکەی نەبینراو هەیە، پێیان دەوترێت ئەتۆم. هێندە بچووکن کە دەرکیان پێناکرێت لەلایەن هەستەکانەوە. لە شێوە و قەبارەدا جیاوازن، لێ خاوەنی چۆنێتی نیین. ژمارەیان دوانەهاتووە و لە بۆشاییدا دەجووڵێنەوە. لای دیموکریتوس شیرین و تاڵ، گەرم و سارد، ڕەنگ، تەنها لە قانوونی سروشتدا بوونیان هەیە، لێ لە ڕاستیدا تەنها ئەتۆمەکانن. هەستەکان هیچ ئاگاییەکمان سەبارەت بە ڕیاڵیتی پێ نابەخشن؛ بەڵکو مەعریفەیەکی هەڵەمان دەدەنێ. ئەتۆمەکان تەنها لەڕێی عەقڵەوە قابیلی دەرکن؛ هەر ئەمەشە وا دەکات کە گوایە هەردوو چاوی خۆی دەرهێناوە، هەتا ڕۆشنایی هەستەکیی چاوەکان، ڕێگر نەبێت لە ڕۆشنایی هێزی عەقڵ. ئێمە خاوەنی دوو مەعریفەیەن، هەستەکانی وەکو بینین، بیستن، بۆنکردن، لەمسکردن، هەموو ئەمانە سەر بە ناسینی ناڕاستەقینەن، لێ مەعریفەی حەقیقی شتێکی جودایە لەمە.

کاڕڵ مارکس، تێزی دکتۆراکەی خۆی لەسەر جیاوازی نێوان فەلسەفەی دیمۆکریتس و ئەپیکۆر دەهێنێت؛ گرنگرتین شتێک کە ئەو جەختی لەسەر دەکاتەوە بوونی لەڕێدرەچوونە لەسەر هێڵی ڕاست(انحراف-Declination) کە لە ئەتۆمی ئەپیکۆردا هەیە و لای دیموکریتوس بوونی نییە. ئەمە وادەکات قەید و بەندی زەروورەتی جەبری دیموکریتوس بشکێت و سودفە بێتە ناو ئەتۆمەوە. ئەگەر لە تێڕوانینی کوانتەم میکانیکەوە لەم بابەتە بڕوانین، ئەپیکۆر زیاتر نزیکترە لە فەهمی ئەمڕۆیی بۆ پارتیکڵەکان وەک لە هیراکلیتوس.

ئێستا تاڕادەیەک قسەکانی ئەڕستۆ سەبارەت بە پێشینەکان ڕوونترە بۆمان، کە دەڵێت ئەگەر بنەما لەڕووی ژمارەوە ناکۆتابێت وەکو ئەوەی دیموکریتوس دەیڵێت، لە جۆردا یەکن، لێ لە شێوە و قەبارەدا جیاواز، یان لە جۆردا جیاواز و لێکدژ.

زانستە گشتییەکان

ئەڕستۆ پێی وایە کەسێک کە دژی بنەماکانی هەندەسە دەوەستێتەوە، وەزیفەی زانایەکی هەندەسی نییە وەڵامی بداتەوە، بەڵکو ئەمە پەیوەستە بە زانستێکی دیکەوە، کە زانستە گشتییەکانە(common science) کە فەلسەفەیە. ئەرکی ئەم زانستە وەڵامدانەوەی ئەو پرسارەیە کە زانستە فەرعییەکان پێیان وەڵام نادرێتەوە؛ واتە لە شوێنێکدا هەریەک لەو زانستانە پێویستیان بە وەڵامدانەوەی پرسیارێکە کە خۆیان پێیان وەڵام نادرێتەوە. هیگڵ لە فینیۆمینۆجیی ڕۆحدا زۆر بە ڕوونی لەسەر ئەم زانستە دواوە و دەڵێت با زانستەکانی تر بەبێ فەلسەفە هەوڵ بدەن چەند پێیانخۆشە مشتومڕ بکەن؛ بەبێ فەلسەفە، زانستەکان ناتوانن نە ژیان و ڕۆح، وە نە حەقیقەت هەڵ بگرن. (G. F. W. Hegel, Phenomenology of Spirit, Translated by A. V. Miller, Preface, Pp. 41). کە لە ئەڕستۆوە دەگەڕێیتەوە بۆ هیگڵ، کۆدەکانی سیستەمە فەلسەفییەکەی هیگڵ باشتر خۆیان نومایان دەکەن. ئەو فەلسەفەیەی هیگڵ لێرەدا باسی لێوە دەکات، هەمان ئەو زانستە گشتییەیە کە ئەڕستۆ لە کتێبی فیزیکادا لەسەری دەدوێت.

با زانستەکانی تر بەبێ فەلسەفە هەوڵ بدەن چەند پێیانخۆشە مشتومڕ بکەن؛ بەبێ فەلسەفە، زانستەکان ناتوانن نە ژیان و ڕۆح، وە نە حەقیقەت هەڵ بگرن. هیگڵ (١٧٧٠-١٨٣١ز)

بەڵگەکەی ئەنتیفۆن

ئەنتیفۆن سۆفیستاییەکەی هاو سەردەمی سۆکراتە، ئەڕستۆ نموونەی بەڵگە هێنانەوەکەی ئەنتیفۆن دەهێنێتەوە لە چوارگۆشەکردنی بازنە(Squaring a circle)، هەرچەندە ئەڕستۆ پێی وایە وەزیفەی زانایەک نییە وەڵامی ئەم بەڵگانە بداتەوە. ئەو تەنها دەبێت ڕەدی ئارگیومێنتە نادروستەکان بداتەوە. لێ ئێمە هەڵوەستەی تەواوی لەسەر دەکەین.

دەکرێت بەڵگەکەی ئەنتیۆفۆن لە ڕووی هۆکاری ماتەریی و کاتیگۆری چەندێتیەوە دروست؛ بۆ نموونە دەکرێت چوارگۆشە و بازنە هەردووک لە یەک ماتەر دروست کرابێتن؛ یان دەکرێت ئەو گورێسەی بازنەیەکی دروست کردووە، هەڵوەشێنرێتەوە و چوارگۆشەیەکی پێ دروست بکرێت؛ لێرەدا پێوەر و ماتەرەکە یەک شت دەبێت لە هەردووکیاندا. زیاتر لەمە، دەکرێت بازنە دابەش بکەین بۆ چوار بەشی یەکسان، پاشان پارچە بڕاوەکان بکەین بە هێڵی یەکسان و چوارگۆشەیەکی پێ دروست بکەین.(له‌و وانه‌یه‌دا په‌ره‌گرافه‌كه‌م به‌ دروستی نه‌خوێنده‌وه ئه‌رستۆ ده‌ڵێت ئه‌ندازیاره‌كان به‌ زانسته‌كه‌ی خۆیان ده‌توانن ئه‌وه‌ ره‌ت بكه‌نه‌وه‌ به‌ڵام به‌ڵگه‌كاریه‌كه‌ی ئه‌نتیفۆن ره‌ت ناكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی نه‌داوه‌. من له‌ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌دا ئه‌وه‌م روونكرده‌وه‌ كه‌بۆچی چوارگۆشه‌بوونی بازنه‌ مومكین نییه‌؟ ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی ئۆنتۆلۆجیاوه‌ ره‌تكرده‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ ده‌كرێت هیولای چوارگۆشه‌یه‌ك و بازنه‌یه‌ك هه‌مان هیولاو هه‌مان چه‌ندیه‌تی بێت به‌ڵام هه‌م چوارگۆشه‌ به‌ هیولاكه‌ی چوارگۆشه‌ نییه‌و هه‌م بازنه‌ش به‌ هیولاكه‌ی بازنه‌ نییه‌، ئه‌وان به‌ فۆرمه‌كه‌یان چوارگۆشه‌و بازنه‌ن. ئه‌وه‌ش وا ده‌كات چوارگۆشه‌بوونی بازنه‌ مومكین نه‌بێت فۆرمی ئه‌وانه‌ كه‌ بوونی ئه‌وان وه‌ك دوو بوونه‌وه‌ری جیا دیاری ده‌كات كه‌ له‌ هیولادا یه‌كسانن به‌ڵام له‌ فۆرمدا جیاوازن. بۆیه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌رستۆ ده‌یڵێت له‌ رێگه‌ی زانستی ئه‌ندازه‌وه‌ ئه‌و ئارگۆمێنتانه‌ هه‌ڵناوه‌شێنرێنه‌وه‌ كه‌ بۆ سه‌لماندنی چوارگۆشه‌بوونی بازنه‌ كراون چونكه‌ زانستی ئه‌ندازه‌ زانستی فۆرمه‌كان نییه‌ و په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌شێوه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌كاندا چۆنیه‌تی و شێوه‌یه‌، ئه‌ندازه‌ سه‌رقاڵه‌ به‌ پێوانی ئه‌و چه‌ندییه‌تیانه‌وه‌ كه‌ شێوه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌كان هه‌یانه‌. بۆیه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كارییه‌كان ته‌نها ده‌توانین پشت به‌ ئۆنتۆلۆجیا ببه‌ستین كه‌ له‌ چیه‌تی شێوه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه‌ چیه‌تیه‌كه‌یان به‌ شێوه‌كانیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێت. نموونه‌ په‌ته‌كه‌م بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ هێناوه‌ته‌وه‌. گرنگه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ كۆوانه‌كانی سروشتناسی بكرێت. زیادکراوی د. عیرفان مستەفا)‌

بەڵگەکەی ئەنتیفۆن لە مەڕ چوارگۆشەکردنی بازنە.

هەردوو گەورە شاریحی ئەڕستۆ، تۆماس ئەکواینەس و، و. د. ڕۆس (W. D. Ross) لە شەرحی فیزیکادا بە درێژیی لەسەر بەڵگەکەی ئەنتیفۆن ڕۆیشتوون؛ بەڵگەکە تارادەیەک ناڕوونە، هەریەکە و بەجۆرێک هێناویەتی. بەکورتی ئاوایە، وێنای بازنەیەک بکە، چوارگۆشەیەکی لەناودایە، بە دابەشکردنی ئەو ئارک(arc)ەی بازنە کە لە بەرامبەر لایەکانی چوارگۆشەکەیە بۆ نیوە، پاشان کێشانی هێڵی ڕاست لەنێوان هەر هەشت گۆشەکەدا، هەشت لایەک(octagon) دروست دەبێت. هەمان پرۆسیجەر دووبارە بکەرەوە، ئەوجارە ١٦ لامان بۆ دروست دەبێت؛ بە بەردەوامی ئەم کردارە بکەین، لە کۆتادا دەگەین بە شێوەیەک کە زۆر نزیکە لە بازنەوە.

لێ بەڵگەکەی ئەنتیفۆن دەکرێت لە چەند ڕوویەکەوە وەڵام بدرێتەوە، یەکەم ئەوەی کە لە ئەندازەدا هاتووە، لە پێناسەی بازنەدا هاتووە، کۆمەڵە خاڵێکن کە بە هەمان دووری لە خاڵی چەقەوە لە سەنتەرەوە دوورن؛ لێ چوارگۆشە چوارلایەکی خاوەن چوار گۆشە وەستاوە و هەر چوارلاکەی یەکسانە و تەریبە بە یەکتر؛ کە ناکرێت ئەم دوو پێناسەیە هیچکات یەکسان بن. تەنانەت لە ئەندازەدا چوارگۆشە بە فرەلا(Polygon) دادەنرێت، لێ بازنە لەو پۆلبەندییەدا جێی نابێتەوە، چونکە مەرجێکی فرەلا ئەوەیە کە لە هێڵی ڕاست دروست بووبێت، لێ بازنە لە هێڵی چەماوە دروست بووە. نەک هەر ئەمە، لە ئەندازەدا، تەنها یەک خاڵی یەکتربڕین هەیە لەنێوان هێڵێکی چەماوە و هێڵێکی ڕاستدا؛ لە ئەندازە ئیقلیدسدا هێڵی ڕاست هەرگیز یەکسان نییە بە هێڵی چەماوەی بازنە (arc). (ئه‌مه‌یان ره‌تكردنه‌وه‌ی حوكمه‌كه‌یه‌له‌ رێگه‌ی ئه‌ندازه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م رەتكردنه‌وه‌یه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی و له‌ رێگه‌ی جیاوازی پێوه‌ره‌كانی چوارگۆشه‌ و بازنه‌وه‌ كه‌ پێوه‌ری راسته‌هێڵ و چه‌ماوه‌یه‌ ته‌ماهیكردنه‌كه‌ی چوراگۆشه‌و بازنه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌. واته‌ جیاوازی پێوه‌ره‌كان به‌ه‌ ئه‌نالۆگی جیاوازی پێوه‌راوه‌كان ده‌سه‌لمێنێ. به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ئۆنتۆلۆجیه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی بازنه‌و چوارگۆشه‌ خۆیانه‌وه‌یه‌ نه‌ك پێوه‌ره‌كانیان. زیادکراوی د. عیرفان مستەفا)

دژ بە ئیلییەکان

ئەڕستۆ بە درێژیی لەسەر بەڵگەی ئیلییەکان دەڕوات، سەبارەت بەوەی کە دەڵێن بنەما یەکە. ئەو پێی وایە کەسانێک کە باوەڕیان وایە هەبوو یەکە، دەبێت ڕوونی بکەنەوە کە ئایا مەبەستیانە بڵێن کە هەبوو جەوهەرە (وەکو پیاوێک، ئەسپێک)، یان چۆنێتییە (وەکو گەرمی، سپێتی)، یان چەندێتییە؛ چونکە ئەمانە قسەگەلی جیاوازن. جەوهەر لای ئەڕستۆ، یەکێکە لە دە کاتیگۆرییەکان، کە هەموو ئەوانی تر دەبنە بار بۆ جەوهەر، لێ جەوهەر نابێتە بار بۆ بۆ هیچ یەکێک لەوان و، پێچەوانەی نییە، جەوهەر هەمیشە بنەیە(بارهەڵگرە). بەڵگەکان دژ بە ئیلییەکان لەم چەند خاڵەدا چڕ دەبێتەوە:

١.ئەگەر ئەو هەبووە کە دەڵێن یەکە، جەوهەر و چۆنێتی و چەندێتی هەبێت (جیابن لە یەکتر یان نا)، کەواتە هەبوو زۆرە نەک یەک.

٢.ئەگەر مەبەستیان ئەوەیە هەبوو تەنها خاوەنی کاتیگۆری چەندێتی و چۆنێتییە، ئەوا بانگەشەکەیان نامەعقولە، چونکە ئەگەر جەوهەر وەکو بارهەڵگر بوونی نەبێت، ئەوا باری چۆنێتی و چەندێتیش بوونیان نابێت.

٣.ئەوەی میلیسوس دەیڵێت، کە هەبوو ناکۆتایە، کەواتە دەبێت هەبوو خاوەنی کاتیگۆری چەندێتی بێت، چونکە ناکۆتا بەشێکە لە کاتیگۆری چەند؛ ئێمە لە پێناسەکردنی چەندێتیدا، پێویستمان بە کاتیگۆری جەوهەر و چۆنێتی نابێت لە کاتێکدا جەوهەر و چۆنێتی مومکین نییە ناکۆتا بن، مەگەر لە عەرەز. کەواتە ئەگەر هەبوو هەم جەوهەرە هەمیش چەند، ئەوا لەو حاڵەتەدا دووە نەک یەک.

٤.ئەگەر تەنها جەوهەرە، ئەوا نە ناکۆتایە، وە نەیش خاوەنی چەندە؛ ئەگەر نا، ئەوا دیسانەوە دەبێتەوە بە چەند.

* دەکرێت بە سێ شێوە “یەک” بەکار دەهێنرێت. یان نەپچڕاوە(بەردەوام) وەکو هێڵ و جەستە؛ یان دابەشنەبوو وەکو خاڵ؛ یان ئەو شتانەی کە لە ڕووی پێناسەوە یەک شتن، وەکو شەراب و خواردنەوە.

سەبارەت بە بەردەوامیی

ئەگەر مەبەستیان لە یەک، شتی پێکبەستراوە(بەردەوامە)، کەواتە یەک زۆرە، چونکە شتی پێکبەستراو تا ناکۆتا دابەشبووە. لەبەر ئەوەی بەردەوامی تا ناکۆتا دابەش دەبێت، ئەمە وا دەکات نەک هەر زۆربن بەهۆی جیاوازی بەشەکانە، بەڵکو لەنێوان بەش و گشتیشدا ئەمە ڕوو دەدات.

ئەمە دەمانباتە نێو دایەلێکتیکی بەش و گشت، ئایا بەش و گشت یەک شتن یان زیاتر، ئەگەر یەک شتن، بە چ مانایەک یەک شتن؛ ئەگەر زۆرن، بە چ مانایەک زۆرن. ئەگەر بڵێین دوو بەش لەگەڵ یەک گشتدا یەکن، ئەوا بەدیهییە کە دەبێت ئەو دوو بەشەش لەگەڵ یەکدا یەکسان بن. ئەگەر أ=ب، وە ب=ج، ئەوا أ=ج.

و. د. ڕۆس لە شەرحی ئەم قسەیەی ئەڕۆتسۆدا دەڵێت، ئەگەر دەستی من لەگەڵ مندا یەکە، وە پێی من لەگەڵ مندا یەکە، کەواتە دەستی من، پێی منە.

سەبارەت بە دابەشنەبوو

ئەگەر مەبەستیان لە یەک، دابەشنەبووە، کەواتە هەبوو مومکین نییە خاوەنی کاتیگۆری چۆنێتی و چەندێتی بێت. کەواتە بەو شێوەیە نییە کە میلیسوس دەیڵێت ناکۆتایە و نە بەوشێوەی کە پارمەندیس دەیڵێت کۆتادار.

سەبارەت بە پێناسە

ڕەخنەی گەورەی ئەڕستۆ لەوێدایە کە ئەگەر ئیلییەکان مەبەستیان لەوەیە هەبوو یەکە لەڕووی پێناسەوە، کەواتە هەمان ئەو شتە دەڵێن کە هیراکلیتوس دەیڵێت، کە لەوێدا خراپبوون و چاکبوون یەک شتن؛ وە لەو کاتەدا هەموو هەبووەکان دەبن بە یەک (بوون و نەبوون دەبن بە یەک، ئەگەر هەموو بوون بێت، کەواتە هەموو نەبوونە.) و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ شتێک بوونی نییە.

کۆتایی

فەیلەسووفەکانی کۆن هەستیان بەو مەترسیە کردووە کە بوون هەمیشە کێشە دروست دەکات، یەک و هەموو تێکەڵ دەکات؛ هەربۆیە بۆ ئەوەی خۆیان بەدوور بگرن لە یەک، فرمانی (is)ی ئینگلیزی کە دەبێتە (ه) لە کوردیدا، لابردووە. وە لە باتی ئەوەی بڵێن “مرۆڤ سپییە”، شێوەی بەیانکردنی قسەکەیان گۆڕیوە و گوتویانە “مرۆڤ سپی بووە”؛ د. عیرفان مەستەفا پێی سەیرە کە چۆن مارتن هایدگەر لە کتێبی بوون و کاتدا دەرکی بەم خاڵە نەکردووە، کە دەڵێت گریکییەکان بوونیان لەبیرکردووە.

 

سەرچاوەکان

– Physics, Aristotle, Translated by R. P. Hardie and R. K. Gaye

-Aristotle’s Physics, A revised text with introduction and commentary, W. D. Ross, 1936.

 St. Thomas Aquinas, Commentary on Aristotle’s Physics-

– Frederick Copleston, A History of Philosophy, Vol I: Greece and Rome, From Pre-Socratics to Plotinus

–  Karl Marx, The Difference Between the Democritean and Epicurean Philosophy of Nature, Doctoral Dissertation, 1840-1841

– Parmenides, On nature, Translated by: John Burnet, 1892

– حمکة الغرب، تأليف: برتراند رسل، ترجمة: د. فؤاد زكريا.

– ارسطو، سماع طبیعی (فیزیک) ، ترجمە: محمد حسن لطفی

– کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆ، د. عیرفان موستەفا




لە پەراوێزی کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆدا (١)

نوسین وئامادەکردنی: هاوار بەرزنجی

پێش دەستپێک
ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێنێتەوە، شەرحی کورت کورتی کتێبی فیزیکای ئەڕستۆیە؛ لە شەرحەکەدا بە پلەی یەک، مەدیونی د. عیرفانم؛ دەکرێت بڵێین کۆی نوسینەکە، بە یارمەتی ئەو نوسراوە، وە ئەگەر ئەو نەبوایە، ئەم نوسینەش بوونی نەدەبوو؛ ئەمە تێرامانە لە فیزیکا لە ئاوێنەوە.

ئەڕستۆ، ٣٨٤ی پ.ز – ٣٢٢ی پ.ز

فیزیکا وەکو کتێبێک، مەرجەعێک کە هەتا ئێستاش شایەنی ئەوەیە بۆی بگەڕێینەوە و دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکەین. کتێبێک کە هەتا سەردەمی گالیلیۆ (١٥٦٤-١٦٤٢) بەسەر بیرکردنەوەی ڕۆژئاوادا زاڵە. فیزیکا جیاوازە لەو فیزیکەی دونیای مۆدێرن پێی ئاشنایە، واتە فیزیکا شەرحی سروشتە بە مێتافیزیک؛ فیزیکە بە چاوی ئەڕستۆی گریگی؛ فیزیکی مۆدێرن مامەڵە لەگەڵ هیولادا دەکات، هۆکارەکانی تر بۆ ئەو مایەی بایەخ پێدان نین. هێندە بەسە ئەو قەولەی هایدگەر بهێنینەوە کە دەڵێت، فیزیای ئەڕستۆیی جیاوازە لەو زانستە فیزیایەی کە ئەمڕۆ ئێمە پێی ئاشناین، لەبەر ئەو حەقیقەتەی کە فیزیای ئەڕستۆ فەلسەفەیە، لێ فیزیای مۆدێرن زانستێکی تاقیکارییە و فەلسەفەیەک دەکاتە پێشگریمانەی خۆی (Martin Heidegger, The Principle of Reason, trans. Reginald Lilly, 63).

ئەڕستۆ سێ پۆلبەندی بۆ مەعریفە دەکات، بە دیدی ئەو، شتەکان یان جووڵەدارن، یان بێجووڵەن؛ وە یان جیابووەن (دابڕاو-مفارق)، یان جیانەبووەن (دانەبڕاو-غیر مفارق).

مەعریفە بە شتە جووڵەدار و جیانەبووەکان بریتییە لە فیزیک؛

مەعریفە بە شتە بێجووڵە و جیابووەکان بریتییە لە ماتماتیک؛

شتە بێجووڵە و جیانەبووەکانیش مێتافیزیک (بڕوانە: ارسطو، در آسمان، ترجمە: اسماعیل سعادت ص١١).

ئەوەی لێرەدا دەبێتە پرسیار ئەوەیە کە ئەڕستۆ شتە بێجووڵەکان بە فیزیک دانانێت، واتە دەکرێت بڵێین ئەو شتی ڕەقی (جامد) پێ فیزیک نییە؛ واتە تۆ بڵێیت ئەو جگە لە شلە و هەوا، ڕەقی پێ بابەتێک نەبووبێت بۆ فیزیک؟! یان بڵیین نا، لەو ڕووەوە کە شتی ڕەقیش لە پێکهاتوویدا عالەمێکی پڕ لە جووڵە و هەرگیز نەوەستاوە، بۆیە ڕەقیشی هەر پێ جووڵە دار بووە. ئەم شتە لە فیزیای کوانتەمی بە تەواوی سەلمێندراوە، لە پشتی پەردەوە، عالەمێک هەیە سەراپا جووڵەیەکی ئەزەلی هەیە و هەرگیز ناوەستێت.

فیزیکا

کتێبی 1

§1

یەکەمین پەڕەی کتێبی فیزیکا، چاپی ئۆکسفۆرد، ١٨٣٧

بە دیدی ئەڕستۆ، لە هەر توێژینەوەیەکی زانستیدا، بۆ ناسینی هەر ئۆبژەیەک (object)، دەبێت مەعریفەمان سەبارەت بە سێ شت هەبیت:

بنەماکان (principles)، هۆکارەکان (causes)، توخمەکان (elements).

لە سەرەتای پەرەگرافەکەدا، ئەڕستۆ هەرسێکیان پێکەوە دەهێنێت؛ لێ، چەند دێڕێک دوای ئەوە، بنەماکان و هۆکارەکان لەگەڵ یەک و توخمەکانیش بەجیا لەو دووانە باس دەکات. ئەو دەڵێت، ئێمە کاتێک پێمان وایە بابەتێک دەناسین، کە لەگەڵ هۆ یەکەمینەکان و بنەما یەکەمینەکاندا شوناسمان پەیداکردبێت و، وە تەحلیلمان هەتا سادەترین توخمەکان بردبێت (Physics 1.1, 184a10-184a12). لێرەدا دوو پرسیار دێتە ئاراوە کە شایەنی هەڵوەستە لەسەر کردنە، باشە ئەگەر لەو دووانەوە بگەین بە توخمەکان، دەکرێت بڵێین کە ئەو دووانە هۆن و توخمەکانیش دەرەنجام؟ یان ئایا لەو دووانەوە دەتوانین بگەینە توخمەکان؟

بەڵام ئەم سەفەرە دەبێت چۆن و لە کوێوە دەست پێ بکات؟! لای ئەڕستۆ ئەم سەفەرە دەبێت لەو شتانەوە دەست پێ بکات کە قابیلی ناسینن (knowable) و ڕوونن، بۆ ئەو شتانەی کە بەسروشت ناسراوتر و ڕوونترن. چونکە، ئەوەی بۆ ئێمە مایەی ناسینە (ڕەنگە بەسروشت وا نەبێت)، ئەو شتە نییە کە بەڕەهایی وە لە خۆیدا مایەی ناسینە (Physics 1.1, 184a17-184a21). ئەمە کێشەیەکی گەورەی ئەپیستمۆلۆژیایە و ئێمە لێرەدا لەسەری ناوەستین.

باشە چ شتێک بۆ ئێمە مایەی ناسین و ڕوونترە؟! وەڵامی ئەڕستۆ شتە تێکەڵەکانن. هەربۆیە ئەو سەفەرە دەبێت لە گشتەوە (whole) بۆ بەش (part) بێت. چونکە گشت ئەم ئەدگارانەی تێدایە:

  1. بۆ ئیدراکی هەستەکی ناسراوە، بە پێچەوانەی بەشەوە، کە زیاتر بۆ عەقڵ مایەی ناسینە.
  2. گشت، بەشی لەخۆیدا هەڵگرتووە.

ئەو پێی وایە کە دەکرێت ناو و پێناسە، وەکو مەسەلەی گشت و بەش چاو لێبکەین. وە بۆ ڕوونکردنەوی ئەم بابەتە، نموونەی بازنە دەهێنێتەوە، بازنە بەشێوەیەکی ناڕوون دەلالەتە لە گشت، لەکاتێکدا پێناسەکردن بازنە دەبەستێتەوە بە بەشەکانیەوە.

ئێستا با بێینە سەر ناسینی هەریەکە لەو سیانە:

 

یەکەم: هۆکارەکان

هۆکار ئەو شتەیە کە دەبێتە هۆی هێنانەدی شتێک (شت وەکو ئەنجام)؛ هۆ و ئەنجام(Causality) مەسەلەیەکی گرنگی ناو مێتافیزیکە و، لە ئەڕستۆوە بۆ هیوم و هیگڵ درێژدەبێتەوە. زانست بە هۆکارەکان لە زانست بە ئەنجامەکان گرنگتر و لەپێشترە. چونکە تۆ لێرەدا لەگەڵ هۆکارەکاندا دەرگیریت کە دەبنە هۆی هێنانەدی شتێک. واتە تۆ هەتا هۆکارەکانی نەشونماکردنی ڕووەک نەناسیت، ڕووەکیشت بە تەواوی نەناسیوە.

بابەتی هۆکارێتی هەروا سادە نییە و لە مێتافیزیکادا جەدەلی زۆری لەسەرە. بە گوزەشتکردن لە ئەڕستۆ، هیوم لەو باوەڕەدایە کە ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان نییە بۆ هۆ و ئەنجام؛ ئەوەی کە هەمیشە دەبینین خۆر لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت، ئەوەیە کە خومان پێوە گرتووە، بەوەی کە هەمیشە دەبێت لەوێوە دەرکەوێت، هیچ کەس ناتوانێت دڵنیابێت لەوە کە سبەینێش هەر لەوێوە هەڵدێتەوە، ئەوەی هەیە تەنها ئینتیباعە (impressions) و بەس. بەڵگەی هیوم بۆ ڕەدکردنەوەی هۆ و بەرهۆ لەوەدا چڕدەبێتەوە کە، ئەگەر هۆ و ئەنجام دوو ڕووداوی جیاواز بن، ئەوا، هیچ پەیوەندییەک لەنێوانیاندا نییە. ژەهر و مردن؛ مشار و دار؛ ئاگر و دار؛ دوو شتی جیان لە یەکتر، کەواتە نابنە هۆ و ئەنجامی یەکتر؛ ئەگەر بڵێین یەک شتن، دیسانەوە هۆ و ئەنجامێک بوونی نابێت. (هۆكاره‌كان لای ئه‌رستۆ ئه‌وانه‌ن كه‌ هه‌بوویه‌ك لێیانه‌وه‌ دێته‌ بوون. واته‌ هۆكاره‌كان هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ كارتێكردن و كارتێكرانه‌وه‌ نییه‌، كارتێكردن و كارتێكران له‌ كرده‌دا هه‌یه‌ نه‌ك له‌ هاتنه‌بووندا. دار به‌ ئاگر ده‌سوتێت. ئاگر كارتێكه‌ره‌و دار كارتێكراوه‌ لێره‌دا هیچ شتێك نه‌هاتووه‌ته‌ بوون به‌ڵام چوار هۆكاره‌كه‌ی ئه‌رستۆ ئه‌وانه‌ن كه‌ شتێكییان لێدێته‌بوون. بۆیه‌ لێكدانه‌وه‌ هۆكاره‌ ئه‌رستۆییه‌كان كه‌ به‌ كارتێكه‌رو كارتێكراو هه‌ڵه‌یه‌. زیادکراوی د. عیرفان مستەفا).

هیگڵ، وەکو ترۆپکی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی، لە فەلسەفەکەی خۆیدا، هۆکارێتی خۆی دەگۆڕێتەوە بە سێکوچکەی دایەلێکتیک (تێز، ئەنتی-تێز، سێنتێز). من لە نامەیەکدا کە بۆ گەورە هیگڵناسی ئێڕانم نارد (د. محمد مهدی اردبیلی)، تێیدا پرسیارم سەبارەت بەم مەسەلەی لێکرد، ئەویش لە وەڵامدا نوسیبووی، هیگڵ دەیەوێت لەڕێی دایەلێکتیکەوە لەو یارییە کۆنەی “مشک و پشیلە”ی هۆکارێتی دەرباز ببێت. دایەلێکتیک لای ئەو، مۆنۆلۆگە و تێز بۆ ئەوەی دەست بکات بە جووڵە و گەشە، لەناو خۆیدا دژەکەشی هەڵگرتووە.

بەڕای من، کێشەی گەورەی هۆکارێتی، کێشەی شوێن-کاتە، لەو شوێن و کاتەی هۆ بوونی هەیە، ئەنجام نییە و، لەو شوێن و کاتەش ئەنجام هەیە، هۆ دیار نییە.

زانست، بەتایبەت فیزیا، تایبەتتر کوانتەم میکانیک؛ وەکو تازەترین و، ترۆپکی زانست، پاڵپشتی لە هۆکارێتی ناکات و، دوا لێدانی خۆی دەدات لەو قانوونە سروشتیەی لەسەر هۆکارێتی بونیاد نراوە؛ بە گوێرەی پرەنسیپی نادڵنیایی هایزنبێرگ بێت، ئێمە هەرگیز ناتوانین شوێن و خێرای پارتیکڵ لە هەمانکاتدا بپێوین، خێرایی بدۆزینەوە، شوێن دەگۆڕێت، شوێن بدۆزینەوە، خێرایی دەگۆڕێت. ئەم بنەمایە وەکو بنەڕەتیترین بنەمای کوانتەم میکانیک، دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ ڕەهایی شوێن-کاتی فیزیای کلاسیک و، هۆکارێتی ڕەد دەکاتەوە، لە عالەمە کوانتەمییەکەدا، ئەگەری هەیە شتێک ڕووبدات، بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی هەبێت؛ لەو عالەمە حیرەتهێنەرەدا ئەوەی هەیە تەنها ئەگەرترین ئەگەرە.

هۆکارەکان لای ئەڕستۆ ئەمرێکی پێشینەن (a priori) بۆ بوونی هەرشتێک لێرەدا (res).  ئەو هۆکارەکان چوار بەشن؛ دوو دانەی یەکەمیان (ماتەریی و فۆرمیی) ئەزەلین و هەر هەبوون؛ ئەڕستۆ لە سەلماندی ئەوەی کە ماتەر هەر هەبووە پەیڕەی لە پارمەندیس دەکات کە پێی وایە لە هیچەوە هیچ بەرهەم دێت.

هۆکاری ماتەریی (hyle)

هۆکاری ماتەریی وەڵامگۆی ئەو پرسیارە کە پرسیار چەندێتی ئەو پێکاتووە دەکات. یەکەمین شت، بوونی ماددە سەرەتاییەکانە (لای هیراکلیتوس ئاگرە و، لای تاڵیس ئاو و، لای ئەناکسیمنس هەوا) وە ماتەر بوونێکی هێزەکییە(پۆتێشناڵ – بالقوە). ماتەر لە دروستکردنی بازنەدا، بوونی ئاڵتوونە کە پێویستە بۆ دروستکردنی بازنەکە. باشە ئەوە چییە وا دەکات بازنەیەکی ئاڵتون لەگەڵ بازنەیەکی برۆنزیدا کە هەمان فۆرمیان هەیە، بەڵام لێکجیا بن؟! وەڵامەکە هۆکاری ماتەرییە، ئەو دوو بازنەیە لە دوو ماتەری جیا دروست بوون. کە فۆرم یەک دەگرێت لەگەڵ ماتەردا، لە هەمەکییەوە دەبێته‌ هەندەکی و ڕەنگ و بۆنی ئەو ماتەرە وەردەگرێت (د. محەمەد کەمال، مێتافیزیکی ئەڕستۆ، ل٨٦).
هۆکاری فۆرمیی (morphe)

وەڵامگۆی چییەتی هەبووەکەیە؛ شێوەپێدانە بە ماددەکە. لای ئەڕەستۆ، هیولا (hyle) ماتەرێکی لە فۆرم بەدەرە، واتە فۆرمێکی سەربەخۆ یان سەرەتاییە (materia prima). فۆرم بوونێکە کردەکی (ئاکچواڵ – بالفعل)؛ لێ کاتێک ئەم فۆرمە دەرگیردەبێت لەگەڵ ماتەردا، دەبێت بە هیلۆمۆرفی (hyle-morphe)، لێرەدا فۆرم لە هەمەکییەوە دەبێتە هەندەکی و ماتەریش لە دوورەوە دەبێتە نزیک و دیاریکراو و، لایەنە ماتەرییەکەی دەیکات بە هەبووەیەکی نێو شوێنکات (res).

ئەم دوو هۆکارە، بەرپرسی ئەدگار و ڕەفتاری بوونن (entities)؛ ئێمە بۆ کردەی خەلقکردن بەلایەنی کەمەوە ئەو دوو هۆکارەمان دەوێت، ماتەر توانای وەرگرتنی فۆرمی هەیە، لێ ئەو دووانە خۆیان ناتوانن ئەم کارە بکەن! بۆ ئەوەی ئەم کردارە ڕوو بدات، پێویست بە بکەرێک دەکات. واتە ئەوەی کە لە پشتی ئەم دوو هۆکارەوە کار دەکات، بریتییە لە هۆکاری کارایی و هۆکاری ئارمانجی(Stanford encyclopedia of philosophy, Aristotle’s Natural philosophy, the four causes).

هۆکاری کارایی (efficient cause)

وەڵامگۆی پرسیاری کێ یە؛ واتە هۆکاری کارایی، بوونی بکەرێکە بۆ ئەوەی کارەکە ئەنجام بدات. ئاڵتوون وەکو ماتەر، کە فۆرم وەردەگرێت و دەبێتە بازنە، لێ خۆیان ناتوانن ئەم کارە بکەن، ئەوەی ئەم کردەیە ئەنجام دەدات، بوونی بکەرێکە.

 

هۆکاری ئارمانجی (final cause)

دوا ئارمانج، یان دەکرێت بپرسین ئەو مەبەستە چییە کە بازنەکەی بۆ دروستکراوە؟ ئێمە چ ئیشکێمان بە بازنەکە هەیە؟ واتە ئەگەر پێویستیی دروستکردنی بازنەکە نەبوایە، ئێمە بازنەکەمان دروست نەدەکرد.

دووەم: بنەماکان

بنەماکان کردەکە دروست ناکەن، بەڵکو کردەکە وا لێدەکات بەوجۆرە بێت؛ واتە بنەماکان جۆر دیاری دەکەن. بنەما وەکو پێوەر (معیار) کاردەکات، دەستنیشانی ئەو شتە دەکات (ناسنامەی ئەو شتە دیاری دەکات) کە وایە، یان وا نییە. بنەماکان یاسا گشتییەکانن، وە ڕێککەوتنین (ئیتیفاقین). نموونەی بنەما، وەکو مەتر، یاسا فیزیاییەکان و، چوار کردارەکان (+، -، x، ÷)، …هتد. خەسڵەتێکی گرنگری بنەماکان بریتییە لە مەحرومییەت (privation)، واتە پاش ئەوەی کە دەستنیشانی سیفاتێک دەکات بۆ شتێک، ئیتر ئەو شتە دادەماڵێت لە سیفاتی تر(Aristotle’s physics, Books I to IV, sparknotes.com).

باروخ سپینۆزا، وتەیەکی گرنگی هەیە کە دەڵێت (Omnis determinatio est negatio)  کە ئەگەر بکرێت بە کوردی وای لێدێت: “هەر دەستنیشانکردنێک نەفیکردنە”. تۆ کاتێک دەڵێیت ئەمە ئەڕستۆیە، ڕاستەوخۆ ئەڕستۆت نەفیکردووە لە بوون بە کەسی تر. منداڵ لە سەرەتادا وا دەزانێت هەر پیاوێکی بینی باوکییەتی و هەر ژنێکی بنین دایکییەتی، لێ دواتر هەریەکەیان لەوانی تر جیادەکاتەوە کە دایک و باوکی ئەو نین (Physics 1.1, 184a22-184b14). واتە کە دەستینیشانی دایک و باوکی خۆی کردەوە، ڕاستەوخۆ ئەوانی تر نەفی دەکات کە دایک و باوکی بن.

سێیەم: توخمەکان

لە شیکردنەوەی پێکهاتەیەکدا، دەگەینە توخمەکان، واتە بچووکترین یەکە توخمە. کە لێکیان دەدەین، ماددەی شتەکە دەهێننە ئاراوە، وە دەکەوێتە ناو هیولاوە (hyle) و، ڕوڵ دەبینێت لە فۆرمبەخشین بە هاتنە ئارای شتێک. پێکهاتە لە دوو توخم زیاترە، لێ ناپێکهاتە یەک توخم. توخمەکان پەیوەندی سەرەکییان لەگەڵ هۆکاری ماتەرییدا هەیە، چونکە هۆکاری ماتەریی بە پلەی یەک دەرگیرە لەگەڵ ماددەکان و پێکهاتووەکانیان. توخم بنەمای هیولایە و ئێمە کە باس لە توخم دەکەین، ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیولادا سەروکارمان هەیە.

بۆ نوسینی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراون:

-Physics, Aristotle, Translated by R. P. Hardie and R. K. Gaye

– Stanford encyclopedia of philosophy, Aristotle’s Natural philosophy

– Aristotle’s physics, Books I to IV, sparknotes.com

– کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆ، لێکچەری یەکەم، د. عیرفان موستەفا

– مێتافیزیکی ئەڕستۆ، د. محەمەد کەمال