هیچی دی نەما لەودیو فیزیاوە؟

نووسەر : ڕیک لویس

وەرگێڕان بە دەستکارییەوە :ژیار فەزڵەدین

سەرچاوە : گۆڤاری “Philosophy Now”، ژمارەی ١١٧، بەفرانباری ٢٠١٧

میتافیزیک دێرینترین و چەقترین وەتەری فەلسەفەیە. کاتێک بۆ یەکەمینجار فەلسەفەی یۆنانی لە بەندەرەکانی میلیتۆس لە ئەنادۆڵەوە ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا کەوتە ڕێ، گەورەترین پرسیارەکانی کە لەلایەن کەسانێکی وەک تاڵیس و ئاناکسیماندەرەوە لەبارەیانەوە بیردەکرایەوە بریتی بوو لەوەی: ئایا حەقیقەتی پشتینی ئەم گەردوونە چییە؟ ئەوەی کە لەپشت ڕووکەشە دەرکەوتووەکەی ڕۆژانەی جیهانمانە؟ تاڵیس وای بۆدەچوو کە هەموو شتەکان لە قووڵایی خۆیاندا لە ئاو پێکهاتوون. وەک ئەوەی چۆن کاتێک هەرشتێک زۆر دەگوشیت ئاوی لێ دەچۆڕێت. ئاناکسیماندەر بەپێچەوانەوە بوو؛ ئەو دەیوت حەقیقەتی پشتەکی بریتییە لە توخمێکی نەبینراوە بە ناوی “ئاپێریۆن”ـەوە. وە بەم شێوە فەلسەفەی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد، بە کۆمەڵێک قەبڵاندن کە نەدەتوانرا بە ڕاستەوخۆیی بپشکنرێت بەڵام کە دەتوانێت کەم تا زۆر بە سەرکەوتوویی ئەو دیاردانە لێکبداتەوە کە بە ڕاستەوخۆیی دەتوانین بیانبینین. دیمۆکریتۆس (٤٦٠-٣٧٠ پ.ز) وای دانا کە سادەیی بوونی لێکدانەوەکان دەکرێت تێکهەڵکێش بکرێت لەگەڵ ئەو جیاوازییەی کە لە جیهانی دەرەوەدا بەدی دەکرێت ئەگەر ئێمە گریمانەی ئەوە بکەین کە هەموو شتەکان پێکهاتوون لە کۆمەڵێک ڕێکخستنی کۆمەڵە تەنۆلکەیەکی بەش نەکراو کە پێیان دەوترێت “ئەتۆم”.سەدەیەک دوای ئەوە ئەبیکۆر هاوڕابوو لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا بەڵام ئەوەی زیاد کرد بۆی کە لەبری ئەوەی کە تەنها ئەم ئەتۆمانە بەشێوەیەکی ماتماتیکی پێشبینیکراو لە دەوروبەردا هەڵدەسووڕێنەوە، هەندێک جار ئەم ئەتۆمانە بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو لە بۆشایی دا لادان دەکەن – وە ئەم لادانە (کە پێی دەوترا “کلانیمێن”) بە سەرچاوەی ویستی ئازاد دادەنرا و بە بەزێنەری فەلسەفەی جەبری دادەنرا.

ئەم تێڕوانینانە هیچ ناونیشانێکی تایبەتیان نەبوو هەتا ئەو کاتەی کۆکەرەوەکانی کارەکانی ئەرستۆ ئەو نووسینانەی ئەرستۆیان کۆکردەوە لەبارەی ئەوان لە بەرگە کتێبێک دا بەناوی “میتافیزیک”، کە بە واتای “ئەودیو فیزیک/پاش فیزیک” دێت، لەواچێ لەبەر ئەوەی کە ناوی بەرگی پێشووی ئەم کتێبە “فیزیک” بوو.

جۆرج بێرکلی یەکێک بووە لەو میتافیزیکناسانەی کە باوەڕی بە شێوە هەبووە بەڵام بە ماددە نەبووە، هەر بۆیەش بانگەشەیەکی سەیری کرد کە یەم بیرومۆچوونە ڕەنگاوڕەنگانەی بریتین لە فەلسەفەیەکی ناسراو لەلایەن بیرکردنەوەی باوەوە. ئایدیاڵیزمی بێرکلی زۆر ناسراوە، بەڵام زۆرکات ئەوە فەرامۆش دەکرێت کە ئەویش هاوشێوەی ئەبیکۆر و دیمۆکریتۆس باوەڕی بە ئەتۆم هەبوو – هەرچەند وەک دیارە ئەو شێوازێکی تایبەتی خۆی هەبوو لەبارەی ماهییەتیانەوە. بەلای سپینۆزاشەوە خودا و سروشت هاوشێوە بوون، وە سپینۆزاش کۆمەڵێک کلیلی بەنرخی پێداوین لەبارەی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک مەتەڵ کە بوون بە گرفت لەڕێی زانستی ئەمڕۆدا.

بۆ چەند هەزار ساڵێک میتافیزیک هێندە بنچینەیی بوو لە فەلسەفەدا کە لای زۆرێک لە خەڵکی ئەم چیرۆکە باوەڕپێکراو بوو. زۆرینەی تیۆر و گفتوگۆ فەلسەفییە گەورەکانی سەردەمەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشیک بوون لە میتافیزیک. میتافیزیک لەبارەی بونیادی قووڵاییەکانی گەردوونە، لەبارەی ئەوەی شتەکان لە ڕاستیدا چۆنن، بەپێچەوانەی ئەوەی کە وا دەردەکەون. بەڵام ئەم پرسیارە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆشی هەیە بە لایەنەکانی دیکەی میتافیزیکەوە. ئایا خودا بوونی هەیە؟ وە ئەگەر بوونی هەیە ئەوە بە کام سیفاتانەوە؟ ئایا چۆن پەیوەندی هەیە لەنێوان ڕوح و جەستە دا؟ ئایا ئێمە ئازادی هەڵبژاردنمان هەیە یاخود هەموو ژیانمان لە پێشیندا دیاریکراوە؟

بەڵام لەم سێ  سەدەیەی کۆتاییدا کۆمەڵێکی زۆر ئامێری زانستی نوێ داهاتووە کە پەردەی لاداوە لەبارەی کۆمەڵێک لایەنی گەردوون کە پێشتر بۆمان شاراوە بوون. فەیلەسووفان لەپێشوودا وایان گریمان دەکرد کە هەموو شتەکان لە ئەتۆم پێکهاتبن – ئەمە گفتوگۆیەکی میتافیزیکی بوو بۆ نزیک دوو هەزار ساڵ. بەڵام لەماوەی ئەم سەد ساڵەی کۆتاییدا بونیادی ئەتۆم زۆر باشتر ناسرا بەهۆی پاڵپشتی فیزیای تیۆری و تاقیکاری، و ئێستا تەنانەت دەتوانین وێنەیان بگرین بەهۆی بەکارهێنانی ئیلیکترۆن مایکرۆسکۆپی بەهێزەوە. ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە هەموو ئەو گفتوگۆیانەی کە لەبارەی تیۆری ئەتۆمەوە هەبوون لە جیهانی میتافیزیکەوە بەرەو جیهانی فیزیک گوازرانەوە؟ وە ئەگەر وەهایە، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە چارەنووسی هەموو گفتوگۆ میتافیزیکیەکانی دیکەش لە داهاتوودا بەم شێوە دەبێت؟ بۆ نموونە گرفتی دوانەیی جەستە و رۆح بەم ئاقارە گەشتووە لەلای فیزیکناسانی هاوشێوەی دانیاڵ دانێت، بەڵام هەمان شت ڕاست نییە لای دەیڤید چالمەرس. بڕیار دان لەبارەی ئەوانەوە هێشتا جێگای مشتوومڕە، بەڵام لەواچێ پرسی دیکەی میتافیزیکی هەبن کە بەهۆی زانستەوە چارەسەر بکرێت. بۆیە لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێش؛ ئایا دەکرێت میتافیزیک لەم نزیکانەدا ببێت بە کۆمەڵە زانیارییەکی مێژوویی کۆن هاوشێوەی کیمیاگەری؟

بێگومان کۆمەڵە پرسێک – هاوشێوەی بوونی ئەتۆمەکان – بێگومان بەتەواوی کەوتووە سنووری زانستی تاقیکارییەوە، بۆشاییەک کە تیایدا دەکرێت لەکۆتاییدا وەڵامی کۆتاییمان لەبارەیانەوە دەست بکەوێت. بەڵام کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی دیکەش هەیە. لەم کۆتاییانەدا زۆرێک لە فەیلەسووفان لەگەڵ کۆمەڵێک زانای هاوشێوەی ستیڤن هاوکینگ دا دەکەوتنە گفتوگۆ لەبارەی ئەوەی ئایا هێشتا جیهان پێویستی بە فەلسەفە ماوە. هاوکینگ جاڕی ئەوەی لێداوە کە “فەلسەفە مردووە”، وە فیزیا لە ئێستادا هەموو ئەو کارە دەکات کە فەلسەفە لەپێشوودا ئەنجامی دەدات. ئەمەش پاڵپشتانی فەلسەفە بە رەددێکی توند دێنە پێش – ئەویش ئەوەیە کە فیزیازانە گەردوونناسەکانی ئەمڕۆ خۆیان بۆخۆیان بوون بە کۆمەڵێک میتافیزیکناسانی بچووک، گریمانەی بوونی کۆمەڵێک شتی هاوشێوەی سترینگی بان هاوتایی ” supersymmetric stings” و وزەی تاریک “dark energy” و گەردوونە تەریبەکان “parallel universe” دەکەن کە لەودیو سنووری توانای تیلیسکۆپەکانتانەوەیە! بۆیە لەم ڕوانگەیەوە بێت، میتافیزیک کۆنەپۆشی نییە – بەڵکو بە پێچەوانەوە، مۆدەی نوێشە. وە ئێمە هەرچەنو زیاتر بڕوانین لەو شوێنانەی لە گەردووندا هێشتا بۆمان بە تاریکی ماونەتەوە وە بەدوای وەڵامدا بگەڕێین لەبارەی سروشتی گەردوون و پێگەی ئاگایی تایدا، ناونیشانەکانی وەک “فەیلەسووف” و “زانا” وا دەردەکەون کە کەمتر جێ بایەخ بن وەک لە خودی پرسەکان خۆیان.

 




وردەکاری دۆزینەوەکانی هەر سێ براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی ٢٠١٦

وەرگێران و ئامادەکردن (بە کەمێک دەستکاری و زیاد و کەم کردنەوە):
ئارمان خلیل

ڕۆژی ٤ی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٦، سکرتێری هەمیشەییی ئەکادیمیای شاهانەی سوید، پڕۆفیسۆر Göran K. Hansson، ناوی براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی ٢٠١٦ی ڕاگەیاند کە ئەم سێ پرۆفیسۆرە بەریتانییەن و هەر سێکیان لە ئێستادا لە زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان:

١.دەیڤید جەی ثەولس، پرۆفیسۆر لە زانکۆی واشنتۆن، [نیوەی خەڵاتەکە]
٢.دانکن هۆڵدەین، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی پریسنتۆن، [چارەکێکی خەڵاتەکە]
٣.جەی مایکل کۆستەلیتز، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی براون، [چارەکێکی خەڵاتەکە]

2016-nobel-prize-in-physics_cnnph

دەرکەوتنی دیاردەی نامۆ لە ئاستی دوو ڕەهەندی ماددەدا

هەر سێ پرۆفیسۆری ناوبراو، تەکنیکی ماتماتیکی ئاستبەرزیان بەکارهێناوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو دیاردە نامۆیانەی لە دۆخە نائاسییەکانی ماددەدا دەردەکەون، وەکو بەرزەگەیەنەرەکان و بەرزە شلگازەکان یان توێژە موگناتیسییە تەنکەکان. کۆستەلیتز و ثەولس لەو دیاردانەیان کۆڵیوەتەوە کە لە چین و ڕووە هەرە تەنکەکانی ماددەدا دەردەکەن، ئەو چینانەی هێند تەنکن کە دەکرێت بە جیهانی دوو ڕەهەندی وەسفیان بکەین لە چاو ئەم جیهانە سێ دوورییەی کە خۆمان تێیدا دەژین. هەروەها هۆڵدەین سەرقاڵی توێژینەوە بووە لەو ماددانەی کە لە شێوەی دەزوولەدان و هێند باریکن کە دەکرێت بە یەک ڕەهەندییان دابنێین.

دۆخە ئاساییەکانی ماددە لە کاتی گۆڕانی پلەی گەرمیدا دەگۆڕێن بۆ یەکتری. بۆ نمونە کاتێک پارچەیەک سەهۆڵ کە نەزمێک هەیە لە ڕێکخستنی کریستاڵەکانیدا گەرم دەکرێت دەچێتە دۆخی شلییەوە کە دۆخێکی زیاتر شێواوی ماددەیە. کاتێک دەڕوانینە ماددە لە شێوەی ڕووە تەختە هەرە تەنکەکانیدا، چەند دۆخێکی تر دەدۆزینەوە کە هێشتا نازانین چۆن لێکیان بدەینەوە.

فیزیای کوانتەمی لە پلە گەرمییە نزمەکاندا بەدیاردەکەوێت

لە ئاستە وردەکەدا هەموو ماددە بە یاساکانی فیزیای کوانتەم کار دەکات. گاز، شل و ڕەق دۆخە ئاساییەکانی ماددەن کە تیایاندا کاریگەرییە کوانتەمییەکان دیار نین، ئەمەش بە هۆی جووڵەی هەڕەمەکی گەردیلەکانەوەیە. بەڵام لە پلە گەرمییە هەرە نزمەکاندا، واتە پلەی گەرمی نزیک لە سفری پەتی (-٢٧٣ی سیلیزی)، ماددە دۆخی سەیری نوێی بۆ پەیدا دەبێت و هەڵسوکەوتێکی چاوەڕواننەکراو دەنوێنێت. لەودۆخەدایە کە ئەو فیزیای کوانتەمەی کە لە غەیری ئەمە تەنها لە جیهانی ئاستی مایکرۆییدا کار دەکات دەردەکەوێت(بڕوانە وێنەی١).

%d9%a1

لەو ساردییەدا شتی سەیر ڕوودەدات. بۆ نمونە ئەو بەرگرییەی کە پەیدا دەبوو بە هۆی تەنۆلکە جووڵاوەکانەوە، چیتر نامێنێت. هەر ئەمەشە کە تەزووی کارەبا بە بێ هیچ بەرگرییەک تێدەپەڕێت لە بەرزەگەیەنەرەکاندا، یان کاتێک کە لە بەرزەشلگازێکدا گێژەنگێک بە بێ خاوبوونەوە بەردەوام دەخولێتەوە.

جووت گێژەنگەکان چارەسەری کێشەکە دەکەن

لە سەرەتای ١٩٧٠کاندا، ثەولس و کۆستەلیتز لە بەریتانیا یەکتریان بینی و بڕیاریاندا کار لەسەر کێشەی گۆڕانی دۆخەکان بکەن لە ڕووە تەنکە دوو ڕەهەندییەکاندا. ئەم پێکەوە کارکردنەیان بووە هۆی هاتنەئارای تێگەیشتنێکی تەواو نوێ دەربارەی گۆڕانی دۆخەکان کە بە یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت لە تیۆری ماددە چڕەکان لە فیزیادا و پێی دەگوترێت KT transition وەک کورتکراوەیەک کە ئاماژەیە بۆ پیتی یەکەمی ناوی هەردوو زاناکە.

گۆڕانی تۆپۆلۆجییانەی دۆخەکان هاوشێوەی گۆڕانی ئاسایی دۆخەکانی ماددە نییە، وەک ئەوەی لە نێوان سەهۆڵ و ئاودا ڕوودەدات. گێژەنگە بچوکەکان ڕۆڵی سەرەکی لە گۆڕانی تۆپۆلۆجیانەی دۆخەکان لە ماددە دوو ڕەهەندییەکاندا دەیبینن. لە پلە گەرمییە نزمەکاندا ئەو گێژەنگانە جووتی لێک نزیکی پێکەوەبەستراو پێک دەهێنن. کاتێک پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە، گۆڕانێک لە دۆخەکەدا ڕوودەدات: گێژەنکەکان لە پڕ لێک دوور دەکەونەوە و بە تەنیا بە ناو ماددەکەدا هاتوچۆ دەکەن(بڕوانە وێنەی٢).

٢.JPG

گرنگی ئەم تیۆرییە لەوەدایە کە دەکرێت بۆ جۆرە جیاوازەکانی ماددە کە لە شێوەی دوو ڕەهەندیدان بەکار بهێنرێت، واتە KT transition گەردوونییە، بە واتایەکی تر دەکرێت بڵێین شیکردنەوەیەکە بە سەر هەموو ماددەکاندا جێبەجی دەکرێت کە لە دۆخی هاوشێوەدان. بۆتە ئامرازێکی بەکەڵک کە نەک لە جیهانی ماددە چڕکراوەکاندا بەڵکوو لە ڕووبەرەکانی تری فیزیاش وەک فیزیای گەردیلەیی و میکانیکی ئاماریشدا جێبەجێ دەکرێت. ئەم تیۆرییە دواتر لە لایەن هەردوو ثەولس و کۆستەلیتزەوە پەرەی پێدراوە و ڕاستی و دروستییەکەی بە شێوەی کرداریش پشتڕاستکراوەتەوە.

بازە کوانتەمییە نەزانراو و نامۆکان

بە هۆی پەرەپێدانە تاقیکارییەکانەوە چەند دۆخێکی نوێی ماددە هاتبوونە ئاراوە کە پێویست بوو ڕوونکردنەوەیان دەربارە بدرێت. لە ١٩٨٠کاندا هەردو ثەولس و هۆڵدەین کارێکی تیۆری نوێ و گرنگیان پێشکەشکرد کە بەرەنگاری تیۆرییەکانی پێشتر دەبۆوە، کە یەکێکیان تیۆری میکانیکی کوانتەمی بوو بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ماددانەی کارەبا دەگەیەنن. ئەمە پێشتر کاری لەسەر کرابوو و وا دەزانرا کە بە جوانی لەم ڕووبەرەی فیزیا تێگەیشتووین.

هەر بۆیە شتێکی چاوەڕواننەکراوبوو کاتێک لە ساڵی ١٩٨٣دا ثەوڵس سەلماندی کە ئەو تێگەیشتنەی پێشترمان دەربارەی ئەم بابەتە تێگەیشتنێکی تەواو نییە. لە پلە گەرمییە نزمەکان و بوارە موگناتیسییە بەهێزەکاندا تیۆرییەکی نوێ پێویست بوو، تیۆرییەک کە تیایدا چەمکە تۆپۆلۆجییەکان پێویستیی سەرەکیین. لە هەمان کاتدا بوو کە هۆڵدەین سەرقاڵی توێژینەوە بوو لە زنجیرە گەردیلەییە موگناتیسییەکان و گەیشتبووە دەرەنجامێکی چاوەڕواننەکراوی هاوشێوەی ئەوەی ثەوڵس.

ئەو دیاردە لێڵ و نادیارەی کە دیڤید ثەوڵس بە شێوەی تیۆری و بە بەکارهێنانی تۆپۆلۆجی لێی دوابوو پێی دەگوترێت quantum hall effect.  ئەم دیاردەیە لە ساڵی ١٩٨٠ لە لایەن فیزیکزانی ئەڵمانی کڵاون ڤۆن کلیتزینگ کەشف کراوە کە خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ١٩٨٥ی پێ بەخشرا. ئەو توێژینەوەی لە چینێکی تەنکی گەیەنەری کارەبای نێوان دوو نیمچەگەیەنەر کرد، کە تیایدا ئەلکترۆنەکان ساردکرابوونەوە بۆ چەند پلەیەکی کەم لە سەروو سفری پەتییەوە و خرابوونە بەر بوارێکی موگناتیسی بەهێز.

لە فیزیادا شتێکی نائاسایی نییە کە دیاردەی سەیر و سەمەرە ڕووبدات لە کاتی نزمکردنەوەی پلەی گەرمیدا. بۆ نمونە زۆر ماددەی ناموگناتیسی لەو کاتانەدا دەبنە موگناتیس. هۆکاری ڕوودانی ئەمەش ئەوەیە کە هەموو ئەو گەردیلانەی کە هەریەکەو وەک موگناتیسێک دەور دەینن ڕوو دەکەنە هەمان ئاڕاستە و دەبنە هۆی دروستبوونی بوارێکی موگناتیسی بەهێزی وا کە دەکرێ بپێورێت.

بەهەرحاڵ تێگەیشتن لە دیاردەی quantum Hall effect کەمێک قورسترە. گەیاندنی کارەبایی ئەو چینە تەنکەی باسمان لێوە کرد تەنها دەکرێت کۆمەڵێک نرخی دیاریکراوی هەبێت، کە زۆر ورد و دیاریکراون و هەڕەمەکی نین، ئەمەش شتێکی ئاسایی نییە لە فیزیادا. پێوانەکردنەکانیش زۆر بە وردی هەمان ئەنجام دەدەن بە دەستەوە، تەنانەت ئەگەر پلەی گەرمی، بواری موگناتیسی و بڕی خڵتەی نیمچەگەیەنەرەکەش بگۆڕێت. کاتێک بواری موگناتیسی بە ئەندازەی پێویست بگۆڕێت، بڕی گەیاندنی کارەبایی ئەو چینەش دەگۆڕێت، بەڵام گرنگییەکە لەوەدایە کە ئەو گۆڕانە لە گەیاندنی کارەباییدا بە شێوەی پلە پلە و بازی کوانتەمی دەبێت (لێرەدا مەبەست ئەوەیە ئەگەر بوارە موگناتیسییەکە بگۆڕدرێت ئەوا گەیاندنی کارەباییەکە بە شێوەیەکی بەردەوام یاخود لێکنەپچڕاو و کلاسیکی ناگۆرێت، واتە نرخی گەیاندنەکە وردە وردە ناگۆڕێت بەڵکوو بە چەند جارەی بڕێکی دیاریکراوی کوانتەمی دەگۆڕێت)، بۆ نمونە ئەگەر بەهێزی بوارە موگناتیسییەکە بەرە بەرە کەم بکرێتەوە، ئەوا لە یەکەم هەنگاودا گەیاندنە کارەباییەکە دوو هێندە زیاد دەکات، دواتریش سێ هێندە و چوار هێندە و ئیتر بەم شێوەیە. ئەم هەنگاوە تەواوانە نەدەکرا بە فیزیای ئەو سەردەمە لێکدانەوەیان بۆ بکرێت، بەڵام دەیڤید ثەوڵس چارەسەری ئەمەی بە بەکارهێنانی تۆپۆلجی دۆزییەوە.

تۆپۆلۆجی

تۆپۆلۆجی وەسفی ئەو خاسیەتانە دەکات کە بە نەگۆڕی دەمێننەوە کاتێک تەنێک ڕادەکێشرێت، بادەدرێت یان شێوەکەی دەگۆڕدرێت، جگە لەو کاتانەی کە دەدڕێنرێت(لێکهەڵدەوەشێنرێت). ئەگەر تۆپۆلۆجییانە لێی بڕوانین ئەوا گۆیەک و قاپێک بە هاوپۆلی یەکتری ئەژمار دەکرێن چونکە بە ئاسانی دەتوانین پارچە قوڕێکی گۆیی بگۆڕێن بە قاپێک بێ ئەوەی بیدڕێنین یان لێکی هەڵبوەشێنین. هەرچۆنێک بێت کوپێکی قاوە و پارچە نانێکی خڕیش کە کونێک لە ناوەڕاستەکەیدا بێت هەردووکیان پێکەوە بە هاوپۆل ئەژمار دەکرێن چونکە دەکرێت لە یەکێکیانەوە ئەوی تر دروست بکەین بە بێ دڕاندن و لێک هەڵوەشاندن، چونکە هەر دووکیان تەنها یەک کونیان هەیە و لە کاتی شێوە گۆڕینەکەدا پێویست بە لێکهەڵوەشانن ناکات. کەواتە تەنە تۆپۆلۆجییەکان دەکرێت کونێک یان دووان یان سیان و زیاتریان هەبێت، بەڵام گرنگە ژمارەی ئەو کونانە ژمارەی تەواو بێت. جا دەرکەوت کە ئەمە دەکرێت بەکەڵک بێت بۆ بۆ لێکدانەوەی گەیاندنی کارەبایی لە quantum Hall effect دا، چونکە ئەویش وەک پێشتر باسکرا تەنها بە هەنگاوی چەند جارەی ژمارەیەکی تەواو دەگۆڕێت(بڕوانە وێنەی٣).

٣.JPG

لە quantum Hall effect دا ئەلکترۆنەکان بە ڕیژەیەکی زۆر بە سەربەستی دەجووڵێن لە چینی نێوان دوو نیمچەگەیەنەرەکەدا و شتێک پێکدێنن کە پێی دەگوترێت شلگازێکی کوانتەمیی تۆپۆلۆجییانە (topological quantum fluid). وەک چۆن کاتێک کۆمەڵێک تەنۆلکە پێکەوەن دەبنە هۆی دەرکەوتنی کۆمەڵێک سیفاتی نوێ، بە هەمان شێوەش ئەلکترۆنەکان لەو شلگازە کوانتەمییە تۆپۆلۆجییانەیەدا کۆمەڵێک خاسیەتی زۆر سەرسوڕهێنەر نیشان دەدەن. وەک چۆن ناکرێت بە ڕوانین لە بەشێکی کوپێکی قاوە بزانرێت ئاخۆ کونێکی تێدایە یان نا، بە هەمان شێوەش ئەستەمە بە چاودێریکردنی تەنها چەند دانەیەک لە ئەلکترۆنەکان بۆمان دەربکەوێت ئاخۆ شلگازێکی کوانتەمیی تۆپۆلۆجییانەیان پێکهێناوە یان نا. هەرچۆنێک بێت ‘گەیاندنی کارەبایی’ وەسفی جووڵەی بە کۆمەڵی ئەلکترۆنەکانە، جا بە هۆی تۆپۆلۆجییەوە ئەم گەیاندنە بڕەکەی بە هەنگاو و پلە پلە دەگۆڕێت واتە کوانتایزە. یەکێکی تر لە خاسیەتەکانی شلگازێکی کوانتەمیی تۆپۆلۆجییانە ئەوەیە کە سنوورەکانی(لێوارەکانی) سیفاتی نائاساییان هەیە. ئەمانەش بە شێوەی تیۆری پێشبینی کرابوون و دواتریش بە تاقیکاری پشتڕاستکراونەتەوە.

ڕووداوێکی گرنگی تر لە ساڵی ١٩٨٨دا ڕوویدا کاتێک هۆڵدەین ئەوەی کەشف کرد کە شلگازە کوانتەمییە تۆپۆلۆجییانەکان کە باسمان کرد لە quantum Hall effect دا هەن، دەکرێت تەنانەت بە بێ بوونی بواری موگناتیسیش دروست ببن لە چینی تەنکی نێوان نیمچەگەیەنەرەکاندا. هۆڵدەین وتبووی کە هەر بە خەیاڵیشیدا نەهاتووە ئەو مۆدێلە تیۆرییەی ئەو دایڕشتووە بە شێوەی کرداری کاری لەسەر بکرێت و لێی تێبگەین، بەڵام بەم دواییە و لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەم مۆدێلە لە تاقیکردنەوەیەکدا پشتڕاستکرایەوە، ئەویش بە بەکارهێنانی ئەو گەردیلانەی ساردکرابوونەوە تا پلەی گەرمی نزیک سفری پەتی.

ماددەی نوێی تۆپۆلۆجییانە

هۆڵدەین لە کارێکی پێشتریدا پێشبینییەکی کردبوو کە تەنانەت شارەزایانی بوارەکەش تووشی سەرسوڕمان بوون. لە توێژینەوە تیۆرییەکان لەو زنجیرە گەردیلەییانەی کە لە هەندێک ماددەدا ڕوودەدەن، هۆڵدەین ئەوەی کەشف کردبوو کە ئەو زنجیرانە بە شێوەی بنچینەیی سیفاتی جیاوازیان هەیە کە بەندن لە سەر تایبەتمەندی زنجیرە گەردیلەییەکان. لە فیزیای کوانتەمیدا دوو جۆر موگناتیسی گەردیلەیی هەن، تاک و جووت. هۆڵدەین ئەوەی خستبووە ڕوو کە زنجیرەیەک تۆپۆلۆجییانەیە ئەگەر لە موگناتیسە جووتەکان پێکهاتبێت، بەڵام ئەگەر زنجیرەکە لە موگانتیسە تاکەکان پێکهاتبێت تۆپۆلۆجییانە نییە. جا لێرەش هاوشێوەی ئەوەی لە شلگازە کوانتەمییە تۆپۆلۆجییانەکەدا باسکرا، ئەستەمە بتوانین تەنها بە پشکنینی بەشێکی بچوکی زنجیرەیەکی گەردیلەیی ئەو دیاریبکەین کە تۆپۆلۆجییانەیە یان نا. هەروەها هاوشێوەی شلگازە کوانتەمییەکان، سیفاتە تۆپۆلۆجییەکان تەنها لە لێوارەکاندا دەردەکەون. لێرەش ئەو لێوارانە بریتین لە ئەمسەر و ئەوسەری زنجیرەکە، چونکە ئەو سیفەتە کوانتەمییەی کە ناسراوە بە spin، لە کۆتاییەکانی زنجیرەیەکی تۆپۆلۆجییانەدا دەبێتە نیوە.

لە سەرەتاوە کەس باوەڕی بە شێوەی بیرکردنەوە و ئەنجامگیرییەکەی هۆلدەین نەکرد، توێژەران بەوە قایل ببوون کە ئەوان بە تەواوەتی لەو مەسەلانە تێگەیشتوون. بەڵام دەرکەوت کە ئەوەی هۆڵدەین کەشفی کردووە بریتییە لە یەکەم نمونەی جۆرێکی نوێی ماددەی تۆپۆلۆجییانە، کە ئێستا بوارێکی بوژاوە و چالاکی توێژینەوەیە لە فیزیای ماددە چڕکراوەکاندا.

شلگازی کوانتەمییانە و زنجیرە گەردیلەییە تۆپۆلۆجییانەکان لەم گروپە نوێیەی دۆخە تۆپۆلۆجییانەکاندان. دواتریش توێژەران چەند دۆخێکی تری تۆپۆلۆجییانەی چاوەڕواننەکراوی ماددەیان کەشف کرد، ئەویش نەک لە زنجیرە و لێواری چینە تەنکەکاندا، بەڵکو لە ماددەی ئاسایی سێ ڕەهەندیدا.

نەگەیەنەرە تۆپۆلۆجییانەکان، بەرزەگەیەنەرە تۆپۆلۆجییانەکان و کانزا تۆپۆلۆجییانەکان ئێستا بابەتی بەرباسن و نمونەی ئەو ڕووبەرانەن کە لەم دە ساڵەی ڕابردوودا بوونەتە گرنگترین بابەتەکانی توێژینەوە لە بواری فیزیای ماددە چڕکراوەکاندا، ئەمەش بەو هیوایەی کە ئەم ماددانە بەکەڵک بن لە نەوەی نوێ ئامێرە کارەباییەکان و بەرزە گەیەنەرەکاندا، یاخود لە کۆمپیوتەرە کوانتەمییەکانی داهاتوودا.

 پەیجی فیزیک Physics
سەرچاوە:
 https://www.nobelprize.org/nobel_prizes/physics/laureates/2016/popular-physicsprize2016.pdf

—-
بۆ ئەوانەی دەیانەوێت وردەکاری زانستیی دۆزینەوەکان بخوێننەوە:
http://www.nobelprize.org/nobel_prizes/physics/laureates/2016/advanced-physicsprize2016.pdf




فەلسەفە و زانست

نووسینی: گرانت بارتلی

وەرگێڕانی: ژیار فەزڵەدین

ئەم بابەتە تا ڕاددەیەک وەڵامێکە بۆ هێرشێکی بچووک کە لەم کۆتاییەدا بۆ سەر فەلسەفە کرا لەلایەن هەندێ زاناوە. ئەوە ڕاستە کە کە هەندێک لاوازی پێکهاتەیی بوونی هەیە لە فەلسەفەی ئەکادیمیی دا: وردبوونەوەی بێ مانای بێ کۆتا دەربارەی کۆمەڵە وردەکارییەکی نا ڕوون لەکاتێکدا بنچینەکان دانەمەزرێندراون؛ وادەرکەوتەی کەم بایەخی لە کارپێکردنی ئەنجامەکانی لەسەر جیهانی دەرەکی دا؛ وە کێشە دێرینەکەی کە ‘هیچ شتێک هەرگیز چارەنابێت’. هەرچەندە، ئەوە شتێکە تۆ بڵێیت کە کارەکە بەو شێوە ئەنجام نادرێت کە پێویست دەکات ئەنجامبدرێت، وە شتێکی دیکەیە کە بڵێیت کە شایەنی ئەنجامدان نییە، وە زۆرێک لە ڕەخنەکان لەم کۆتاییەدا وا کراون وەک ئەوەی فەلسەفە جۆرێکی بێ ئامانجی پلە نزمی زانست بێت. ئەم فیشەکە هەڵخەڵەتێنەرە ئامانجەکەی خۆی ناپێکێت. با ئێمە بە کورتی و چەمکانە ( فەلسەفییانە) هەردوو هەوڵەکە شی بکەینەوە، وە ببینین چ کاتێ  ‘زانست باشە، فەلسەفە خراپە’ بانگەشەیەکی ماقووڵە، وە چ کاتێک قسەی بۆش و بێ مانایە، وە فەلسەفە تاکە یارییە بۆ ئەنجامدان.

دەتوانین پێناسەیەکی بەکەڵکی زانست بکەین وەک پرۆسەیەکی سیستەمکراو بۆ داڕشتنی ڕێسا/پرەنسیپ ەکان لەڕێی تێڕامان ( Observation)ەوە ( بەتایبەت لەڕێی ئەزموونەوە) دەربارەی چۆنیەتی ڕەفتارکردنی بینراوەکە. فەلسەفە بەهەمان شێوە دەیەوێت پەردە لەسەر ڕێسا/پرەنسیپ ەکان لادات، هەرچەندە ئەم بە تەنها بینراوەکانەوە سنووردار نییە. کەواتە یەکەم شت کە سەرنجی بدەین لەم جیاوازییە ئەوەیە بە نادیاری تەنها کاتێک کە تیایدا بەریەککەوتن ڕوودەدات لەو کاتەیە کە فەلسەفە بییەوێت کۆمەڵە پرینسیپێک دەربارەی ڕەوشتی بینراوەکان داڕێژێت. بەڵام، فەلسەفەی سروشتی – ئەوەی کە ئێستا پێی دەوترێت زانست – چەند سەدەیەک پێش ئێستا لە لایەنی فەلسەفە جیا بووەوە بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو بەشە بچووکە. هەرچی وەک فەلسەفە ماوەتەوە لە ئەمڕۆدا نە دەیەوێت ببێت بە زانست، نە دەیەوێت ئەو پرسیارانە بکات کە زانست دەیانکات. دووەم شت کە دەبێت تێبینی بکرێت – وە دوپات بکرێتەوە، گەرچی بۆشیش دەردەکەویت، بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت زانست زیاد لە خۆی در زیاد لە خۆی درێژکەنەوە – پێجەوانەکەی خاڵی یەکەمە. بە پێی پێناسە، زانست بریتییە لە دامەزراندنی پرەنسیپەکان بەهۆی تێڕامانەوە. ئەمەش لەسەری پێویست دەکات کە دیووە هەرگیز ناسەرنجڵێدراوەکەی/نەبینراوەکەی ( Unobservable) واقیع شتانێک نین کە خودی زانست خۆیان پیوە تەرخان بکات. ئەمە زۆر ئاشکرایە بۆ بابەتەکانی ئەخلاق ( Ethics) و میتافیزیک ( Metaphysics) (میتافیزیک سروشتی ڕەهای واقیع بەوە دادەنێت کە لە سەروو دەرکەوتە فیزیکییەکانەوە بن). بۆ نموونە، ئێمە ناکرێت ڕاستەوخۆ سەرنج لە ڕاستییە ئەخلاقییەکان بدەین، بۆیە دەبێت ئەندێشە و هزرمان بەکارنهێنین بۆ قەبڵاندنیان و قسەکردن دەربارەیان، کە لەوساتەشدا ئێمە فەلسەفە بەئەنجامدێنین.

بە گشتی، ئەم جیاکارییەی بوارەکانی بایەخدان و میتۆدەکان ئەوە ناگەیەنێت کە وا باشنەبێت زانست  لە نزیکەوە ئاگاداری فەلسەفە ببێت، یاخود بە پێچەوانەوە. فەلسەفە بەهەمانشێوە بە ڕەهایی بایەخ دەدات بە واقیع، بۆیە ئەوە گەمژەییە بۆی ئەگەر بە بایەخدارییەوە لەوەی زانستی دامەزراو دەربارەی بابەتێک دەیڵێت نەڕوانێت. بەپێچەوانەشەوە، میتافیزیک وەڵامێکی سروشتییە بۆ فیزیای مۆدێرن. بێگوومان ‘ئایا دەرئەنجامەکانی میکانیکی کوانتەم چییە بۆ چۆنییەتی بیرکردنەوەمان دەربارەی سروشتی واقیع؟’ پرسیارێکی گرنگە، بۆ نموونە. پیناسەکەی زانست بەهەمان شێوە ئەوە دەگەیەنیت کە تا ئێستا کە فیزیازانان قەبڵاندن دەکەن دەربارەی سروشتی واقیع زۆر زیاتر لەوەی کە دەتوانن تاقیکردنەوەی بەرچاو(foreseeably test )ی بکەن، ئەوسا هێندەش دوور، وە بێ گوێدانە ئەو ناوانەی لێی دەنێن، ئەوان میتافیزیک – فەلسەفە ئەنجامدەدەن! (بیرۆکەی کۆمەڵە-گەردوون ” Multiverse” یەکێکە لەو هێشتا-تاقینەکراوە بەشێک لە قەبڵاندنی میتافیزیکی یە کە زۆرێک لە زاناکان پێی دەڵێن ‘زانست’.) بەداخەوە، ئەو شێوازەی زۆرێک لە فیزیازانان میتافیزیکەکەیان بەئەنجامدێنن دەرخەری کەمتەرخەمییەکی ئازاربەخشە لە دووربینی میتافیزیکی. بۆ نموونە، زۆرێکیان هەر ناوی ئیمانوێک کانت یان نەبیستووە، یاخود ئەوەی کە جیاکارییەکەی ئەو لەنێوان دەرکەوتە و واقیع زۆر پێویستە و بێ جێگرەوەیە بۆ بیرکردنەوەیەکی ژیرانە دەربارەی سروشتی گەردوون- بەتایبەتیش فیزیای مۆدێرن، وەک من پێم وایە. بۆ نموونە، ئایا بۆشایی ( Space) و کات ( Time) چییە؟ پێشگریمانەی ئەوە مەکە کە تۆ تێگەیشتنێکی قووڵت هەیە دەربارەی ئەم مەیدانانە هەتاکو نەزانیت کە کانت دەربارەیان چی وتووە.

میتافیزیک زیاتر دەبێتە بابەتێکی خاوەن پەیوەندی بە فیزیاوە کە کەمتر لەوەی مۆدێلە فیزیاییە رۆژانانەکان بوون. بەڵام، گرنگە فەیلەسووفان ئەوەشیان لەبیربێت کە زانست پرۆسەیە، وە مۆدێلەکانی ئێستای بۆ چۆنییەتی ئیشکردنی شتەکان، هەرچەندە گەر ڕاستیش بن بۆ چەندە شتی زیاتریش، تەنها لە هێندی دیاریکراوی خۆیاندا ڕاستن. وە بەپێی کات بە مۆدێلی باشتر جێگەیان دەگیرێتەوە. ئەمەش دەرئەنجامی فەلسەفی هەیە لەبەرئەوەی، هەرچەندە مۆدێلە زانستییەکان زیاتر بەرەو وردی بوون چوون وە زیاتر گشتگیر بوون لە ڕووی هێزی پێشبینیکردنیانەوە، لەگەڵ هەر پارادایمێکی تازەدا ئەو شێوازەی کە ئێمە بەردەوام دەربارەی سروشتی واقیع پێی بیر دەکەینەوە-بەواتایەکی دیکە، ئەو دەرئەنجامە میتافیزیکییانەی مۆدێلە زانستییەکان پێمانی دەبەخشن- دەکەوێت وەک کەوتنی پەروانەکەش(ئەو پەروانەی  سەر هەندێک ماڵان کە بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەی با بەکاردێت)ێک لە ساتەوەختی گەردەلوولێک دا. بۆ نموونە، بۆشایی (Space ) لە فیزیای نیوتنی دا ڕەهایە، لەکاتێکدا بۆشایی (کات) لە فیزیای ئاینشتاینی دا ڕێژەییە لەگەڵ جوڵەی بینەر دا؛ وە هەروەها بەو شێوەیە.

ئەم کێشەیە نیشاندەری ئەو شێوازە تێکدەرە ڕوناکبیرییانەیەیە کە دەکرێت چارەسەر بکرێت بە هێرشێکی سنوور شکێنی فەیلەسووفان بۆ ناو زانست. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە چۆن تێگەیشتن بەهۆی فەلسەفەوە دەکرێت سوودی هەبێت بە بەکارهێنانی بۆ زانست. ئێمە کێشە فەلسەفییەکانی کە لەلایەن زانستەوە دروست دەبن – چۆن تیۆریای ئاژاوەیی(Chaos Theory ) هاندەرمان دەبێت بۆ بیرکردنەوە دەربارەی توانای پێشبینیکردن و پەیوەندیدارییەتی؟ وە هەروەها کێشەیەکی فەلسەفی کە لە هەمان کاتدا پرسیارێکی زانستە- بۆچی ئاوێنەکان چەپ و ڕاست پێچەوانە دەکەنەوە بەڵام سەر و خوار نا؟ هەروەها ئێمە نموونەیەکی چاکی خۆ بە فیزیازانێکی فەلسەفییاوی دادەنێت، ڕیچارد فاینمان کە هزر و ئەندێشەی بەکاردەهێنێت بۆ بیرکردنەوە دەربارەی زانست.( ئەمە هەمان شتی بەکارهێنانی تێڕامانی زانستی نییە بۆ وەبەرهێنان و تاقیکردنەوەی تیۆریایەک دەربارەی زانست- وای بۆ دەچم ئەمەیان زانستی مێتازانست بێت، یاخود لەوەدەچێت گونجاو بێت پێی بڵێین مێتالۆجی!) یاخود، لە بەری ئەولای سنوورەکەوە، کاترین مالابوو دەبینین کە وایدەبینێت کە سنوورێک هەیە بۆ چۆنییەتی جوان زەربرلێکردنی دۆزینەوە زانستییەکان بۆ ناو هەر فەلسەفەیەکی ویستراو لەپێناو پاساوبۆهێناناوەی زانست بۆی. ئەم نووسراوانانە  بەیەکەوە دەرخەری ئەو بە پیتبوونە بەرهەمدارەن  کە دەکرێت بەهۆی بەکارهێنانی فەلسەفە بۆ زانست بەدەست بهینرێت. بۆیە ڕێبدەن فەلسەفە زانستی بێت، وە زانستیش فەلسەفی، لەکاتێکدا ڕێش بدەین کە زانست زانستیش بێت و فەلسەفەش بەلسەفە بێت، وە بزانین کامیان کامیانن.

لینکی بابەتەکە:

https://philosophynow.org/issues/114/Philosophy_and_Science

[1] ئەمە بابەتی سەرەکی گۆڤاری “Philosophy Now ” ی مانکی ٦-٧ ی ٢٠١٦ یە. جێگەی باسە ئەم گۆڤارە خەڵاتی ڕەسڵی ساڵی ٢٠١٦ ی بەدەست هێنا لەپێناو خزمەتکردنیان بە بواری فەلسەفە.

Print




بڵاوبوونەوەی کتێبێکی گرنگی زانستی ناوی:پەرەسەندنی فیزیا

نوسینی: ئارمان خەلیل

12715310_1059279097427018_6361223158163181082_n (1)

ئەم کتێبە لە نووسینی زانای گەورەی بواری فیزیک ئالبێرت ئاینشتاین و یەکێک لە هاوکارەکانی بە ناوی لیۆپۆڵد ئینفێلد ە.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە بە زمانێکی دوور لە هاوکێشە و دوور لە چەمکە زۆر تەکنیکی و ئاڵۆزەکان، خوێنەران لە هەموو ئاستێک دا، چ خوێندکار و شارەزای بواری فیزیک و چ هەرکەسێکی ئارەزوومەند بە تێگەیشتن لە فیزیک، ئاشنا دەکات بە پەرەسەندنی گرنگترین ڕەوتە سەرەکییەکەی زانستی فیزیک, لە چوار بەشی سەرەکی پێک دێت کە ئەمانەن:
سەردەمی گالیلۆ و سەرهەڵدانی فیزیای کلاسیک لە لای نیوتن, دواتر هاتنی تیۆری کارۆموگناتیسی و داڕێژرانی لە لای فارادای و ماکسویڵ و هاتنە ناوەوەی چەمکی بوار(فیڵد), پاشان دانانی تیۆری ڕێژەیی تایبەتی و گشتی لە لایەن ئالبێرت ئاینشتاین و لە کۆتایی دا سەرهەڵدانی میکانیکی کوانتەمی.
لەم کتێبە دا بە زمانێکی ڕوون و سادە ئاشنا دەبیت بە بیرۆکە و چەمکە سەرەکییەکانی گرنگترین کایەکانی زانستی فیزیک کە ناوم هێنان و پاشان ڕوونکردنەوەیەکی باشت دەست دەکەوێت دەربارەی ئەو دیاردانەوە کە هەریەکێک لە تیۆرییەکان شی دەکەنەوە و ئەو دیاردانەش کە ناتوانن شی بکەنەوە و لەوێشەوە بە باشی بۆت ڕوون دەبێتەوە کە بۆ، چۆن و کەی پێویست بووە تیۆرییەکی نوێ جێگای تیۆرییە کۆنەکان بگرێتەوە یان ببێتە تەواوکەری ئەوانەی پێش خۆی و زانایانی بوارکە بە چ تێڕوانینێکی نوێ و چ گۆڕانکارییەکی فیزیایی ئەو کارەیان ئەنجامداوە، لە کۆتاییش دا تێڕوانینێکی گشتی زۆر باشت بۆ دروست دەکات دەربارەی زانستی فیزیک و پەرەسەندنی لە سەرەتاوە تا فیزیای مۆدێرن، ئەمانەش هەمووی لە زمانی یەکێک لە گەورەترین زانایانی فیزیک کە ئالبێرت ئاینشتاینە.
ئەم کتێبە، لە زمانی ئینگلیزییەوە (حسێن حسێنی) کردوویە بە کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.
*ئەم کتێبەم پێشتر بە زمانی ئینگلیزی خوێندۆتەوە و دڵنیام لەوەی کە کتێبێکی زۆر باش و ناوازەیە، بۆیە دەتوانم پێشنیار بکەم بۆ ئێوە هەتا بکرێت هەوڵ بدەن دەستی بخەن و بیخوێننەوە.

 




دوای ١٠٠ ساڵ لە پێشبینییەکەی ئاینشتاین، شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن دۆزرانەوە

دوای ئەم دۆزینەوەیە دەکرێت بگوترێت ڕەنگە مرۆڤ بووبێت بە خاوەنی چاوێکی نوێ بۆ بینین و لێکۆڵینەوە لە گەردوون و بە تایبەت ئەو بەشانەی گەردوون کە بە ڕووناکی ئاسایی لێکۆڵینەوە و بینینیان ئەستەمە.
دوای ١٠٠ ساڵ لە پێشبینییەکەی ئاینشتاین، شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن دۆزرانەوە(بۆمان دەرکەوتن)

زانایان بۆ یەکەم جار توانییان شەپۆلەکانی هێزی کێش کردن ببینن(دیتێکت بکەن)، کە بریتین لە لەرینەوەی شەپۆلی لە چنراوی شوێن-کات دا (واتە خودی بنەمای شوێن-کات دەلەرێننەوە)، کە لە شوێنە دوورەکانی گەردوونەوە دەگەن بە زەوی. ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی پێشبینییەکی گەورەی تیۆریی ڕێژەیی گشGravitational-Waves-Help-Astronomers-Understand-Black-Hole-Weight-Gainتیی( ساڵی ١٩١٥) ئالبێرت ئاینشتاینە. ئەم دۆزینەوەیە و دەست پێڕاگەیشتنمان بە شەپۆلەکانی هێزی کێش کردن، کرانەوەی پەنجەرەیەکی بێوێنەیە بەرەو گەردوون و تێگەیشتن لێی.

شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن هەڵگری زانیاریی گرنگن دەربارەی سەرچاوەی دەرچوونیان و سروشتی هێزی کێش کردن، کە بە هیچ ڕێگایەکی تر ئەو زانیارییە دەست ناکەوێت. فیزیاییەکان گەشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەو شەپۆلانەی هێزی کێشکردن کە ئەوان بینیویانن(بۆیان دەرکەوتوون) لە کۆتا ساتی ئەو چرکەیە دا کە دوو کونی ڕەش یەکیان دەگرت و دەبوون بە کونەڕەشێکی خولاوەی گەورەتر، بەرهەم هاتوون. ئەم بەریەککەوتنەش نابینرێت، بەڵکوو تەنها پێشبینی کراوە.

binary-black-hole-merger-illustration

شەپۆلەکانی هێزی کێش کردن لە ٥:٥١ ی بەیانی ڕۆژی ١٤ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠١٥ دیتێکت کراون(بینراون) لە لایەن هەردوو دیتێکتەری LIGO کە دەکەونە لڤینگستۆنی ویلایەتی لویزیانا و هانفۆردی ویلایەتی واشنگتۆنی ئەمریکا. ئەو دوو ڕوانگەیەی دۆزینەوەکەیان تێدا کراوە لە لایەن Caltech و MIT ەوە کاریان پێدەکرێت. دۆزینەوەکە لە ژۆرناڵی Physical Review Letters دا قبوڵ کراوە بۆ بڵاوکردنەوە.

زانایی LIGO بە پێی ئەو سیگناڵانەی چاودێرییان کردووە، وای دەخەمڵێنن بارستەی هەردوو کونەڕەشەکەی کە ئەم شەپۆلانەیان لێوە چاودێری کراوە ٢٩ ئەوەندە و ٣٦ ئەوەندەی بارستایی خۆر بێت و ئەم ڕووداوی یەکبوونی دوو کونەڕەشەش نزیکەی ١.٣ ملیار ساڵ لەمەوپێش ڕووی دابێت. لەم ڕووداوەدا بارستەیەک کە بڕەکەی سێ هێندەی بارستایی خۆرە لە ماوەی چرکەیەک دا گۆڕاوە بۆ وزە بۆ دروست بوونی شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن. بە تێڕوانین لە کاتی گەیشتنی شەپۆلەکان، زانایان دەڵێن سەرچاوەی ئەو ڕووداوە دەکەوێتە بەشی باشوور نیوەگۆی زەوی لەبەرئەوەی شەپۆلەکە ٧ملی چرکە درەنگتر گەیشتۆتە ڕوانگەی هانفۆرد کە دەکەوێتە بەشی باکووری ئەمریکا لە چاو ڕوانگەکەی لڤینگستۆن.

بە پێی تیۆریی ڕێژەیی گشتی، کاتێک دوو کونی ڕەش بە دەوری یەکتریدا دەخولێنەوە، بەرە بەرە وزە ون دەکەن بە هۆی دەرچوونی شەپۆلەکانی هێزی کێش کردن لێیانەوە، کە ئەم ونکردنی وزەیە وا دەکات دوای چەند ملیار ساڵ لە یەکتری نزیک ببنەوە بەڵام ئەم لێک نزیکبوونەوەیە لە کۆتا دەقەکاندا زۆر زۆر بە خێرایی ڕوودەدات. لە کۆتا بەشی چرکەیەک دا و بە نیوەی خێرایی ڕووناکی، دوو کونە ڕەشەکە بەریەکدەکەون و کونەڕەشێکی گەورە پێک دێت، کە لە کاتی بەریەککەوتنەکەدا بڕێک لە بارستایی دوو کونەڕەشەکە بە پێی هاوکێشەی E=m*c^2 دەگۆڕێت بۆ وزە. ئەم بڕە زۆرەش لە وزە، دواجار بە کت و پڕی، بە شێوەی شەپۆلەکانی هێزی کێش کردن دەردەدرێت. ئەوەش ئەو شەپۆلانەی هێزی کێش کردن بوون کە LIGO چاودێری کردوون.

لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دا Taylor, Jr و هاوکارەکانی، ئەوەیان نیشان دابوو کە ئەو شەپۆلانە بوونیان هەیە، ئەویش بە چاودێری کردنی خولگەی ئەستێرەیەی نیوترۆنی خولاوە، کە بەرە بەرە بە هۆی ونکردنی وزە بۆ دروستکردنی شەپۆلەکانی هیزی کێش کردن، خولگەکەی بچووک دەبۆوە و توشی چوونەوەیەک دەبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٣ دا هەردوو زانا Hulse و Tylor ببنە براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیا. ئەمەش نیشاندانێکی ناڕاستەوخۆی بوونی ئەو شەپۆلانە بوو. بەڵام دۆزینەوە نوێکەی ئەمساڵی LIGO، یەکەم چاودێری کردن و بینینی ڕاستەوخۆی خودی شەپۆلەکانی هێزی کێشکردنە، ئەویش بە پێوانی ئەو شێواندن و لەراندنەوەیەی کە شەپۆلەکان دروستی دەکەن لەسەر شوێن و کات کاتێک بە ناو زەوی دا تێدەپەڕن.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تاقیگەی LIGO، کە ناوی David H. Reitze ە، دەڵێت:

“چاودێریکردنی شەپۆلەکانی هێزی کیشکردن لە لایەن ئێمەوە، گەیشتن بوو بەو ئامانجە بەرزەی لە ٥٠ ساڵ لەمەوپێشەوە دەستمان بە کارکردن کرد بۆ گەیشتن پێی، کە ئەویش بریتییە لە بینین و دیتێکت کردنی ڕاستەوخۆی ئەم دیاردە ناڕوونە و تێگەیشتنێکی باشتر لە گەردوون، هەروەها تەواوکەری میراتەکەی ئاینشتاین بوو لە سەتەم ساڵیادی تیۆرییە ڕێژەیییە گشتییەکەیدا.”

توێژینەوەکەی LIGO لە لایەن ئالیکارانی زانستیی لیگۆ، ناسراو بە LSC ئەنجام دراوە، کە گروپێکە زیاتر لە ١٠٠٠ زانا لە زانکۆکانی ئەمریکا و ١٤ وڵاتی تر لە خۆ دەگرێت. زیاتر لە ٩٠ زانکۆ و پەیمانگای توێژینەوە لە لایەنی گەشەپێدانی تەکنۆلۆجی و شیکردنەوەی داتاکان، هەروەها زیاتر لە ٢٥٠ خوێندکار، ئەندامی بەهێز و جدی ئەم ئالیکارییە بوون.

گابرێلا گۆنزالێز، وتەبێژ پرۆفیسۆری فیزیک و ئەستێرەناسی لە زانکۆی ویلایەتی لویزیانا دەڵێت:

“ئەم دیتێک کردن(بینین یان هەستپێکردنە) سەرەتای سەردەمێکی نوێیە؛ بواری ئەستێرەناسی بە هۆی شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن لە ئێستا دا بووە بە شتێکی ڕاستی.”

لە هەردوو ڕوانگەکەدا، ئامێری سەریەکچوون پێکەری LIGO کە شێوەی پیتی L ی ئینگلیزی هەیە و لە بەشی سەرەوە لای چەپی وێنەکەدا دیارە کە هەرلایەکی ٤ کیلۆمتر درێژە، ڕووناکییەکی لەیزەر دەکات بە دوو بەشەوە کە بە هەردوو قۆڵەکە دا دەڕۆن و دەگەڕێنەوە. لە کۆتایی هەردوو قۆڵەکە و لە دووری ٤ کیلۆمەتری یەکسانەوە، ئاوێنەیەک هەیە کە تیشکەکە دەگەڕێنێتەوە، بە گوێرەی تیۆرییەکەی ئاینشتاین کاتێک شەپۆلەکانی هیزی کێش کردن بە ناو ئامێری پیوانەکەدا تێدەپەڕن دەبنە هۆی گۆڕانێکی زۆر زۆر کەم لە مەودای نێوان ئاوێنەکان واتە لە ٤ کیلۆمەترەکەدا. هەر گۆڕانێکیش لەم مەودایەدا کە بڕەکەی بچوکتر بێت لە یەک لەسەر دە هەزاری تیرەی پڕۆتۆنێک، دەکرێت بپێورێت بە هۆی تیشکە گەڕاوەکان و ئەنجامی سەریەکچوونەکەیان وەک لە وێنەکەدا و دوای بەیەکداچوونی تیشکی A و B بە هێڵکارییە شینەکە دیارە.

12729267_1080633545313003_5108338077888108573_n

پێوسیت بوو دوو ڕوانگە بە کار بهێنرێت لەم چاودێریکردنەدا، هەروەها مەودایەکی دوور هەبێت لە نێوان هەردوو تاقیگەکەدا بۆ بەراورد کردنی ئەنجامەکان و دڵنیا بوون لەوەی ئەنجامەکە بە هۆکارێک لە ناو زەوی کاری تێنەکراوە، ئەویش لەبەر هەستیاری ئامێرەکان کە بە بچوکترین گۆڕانکاری لە دەورووبەر دا ئەنجامی دەستکەوتوو دەگۆڕێت.

لویز لینەر کە فیزیایییەکی پەیمانگای فیزیای تیۆریی پێریمیتەیە لە ئۆنتاریۆ، دەڵێت:

“هەموو جارێک کە پەنجەرەیەکی نوێ بە ڕووی گەردوون دا دەکرێتەوە، شتی نوێ دەدۆزینەوە. ئەم بینینەی شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن وەکوو ڕوانینەکەی یەکەم جاری گالیلۆ وایە بە تەلیسکۆپەکەی، کە لە سەرەتادا چەند هەسارە و مانگێکی بینی بەڵام دوای خۆی ئێمە تەلیسکۆپی ڕادیۆیی و سەرووبنەوشەیی و تیشکی ئێکس مان دروست کرد و شتی زۆر زیاترمان دەربارەی گەردوون زانی. ئێمەش لە هەمان ئەو ساتە داین کە گالیلۆ دەستی کرد بە بینینی یەکەم تەنەکانی ئاسمان، ئەم دۆزینەوەیە هەمان ئەو کاریگەرییە گەورەیەی دەبێت لەم بوارەدا.”

گرنگی ئەم دۆزینەوەیە لەوەدایە کە دەکرێت لەمەولا شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن کە لە کونە ڕەشەکان و ڕووداوە گەورەکانی گەردوونەوە دەردەچن بپێورێن و چاودێری بکرێن و بە هۆیانەوە زانیاریمان دەربارەی ئەو سەرچاوانە دەست بکەوێت کە بە شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان ناکرێت دەستمان بکەوێت، گرنگترین ڕووداوی گەردوونیش کە بووەتە هۆی دروست بوونی ئەم شەپۆلانەی بریییە لە بیگ بانگ یان هەمان تەقینەوە گەورەکە، کە لەمەولا دەرگایەکی نوێمان بۆ کراوەتە بۆ لێکۆڵینەوە لێی بە هۆی ئەو شەپۆلانەی پاشماوەی ساتی دروست بوونی گەردوونن.

————-

دەتوانن سەریری ئەم شەرحەی پرۆفیسۆر برایان گرین بکەن کە زۆر جوانی  باسی دۆزینەوەکە دەکات:

کۆکردنەوە و وەرگێڕان بە دەستکارییەوە:

ئارمان خەلیل

سەرچاوەکان:

وێب سایتی فەرمی LIGO، بەشی Caltech

https://www.ligo.caltech.edu/news/ligo20160211

نوسینێکی ژۆرنالیستی زانستی، فیزیایی و ئەستێرەناس، کلارا مۆسکۆویتز لە گۆڤاری Scientific American

http://www.scientificamerican.com/…/gravitational-waves-di…/

وێبسایتی PHYS.ORG

http://phys.org/n…/2016-02-gravitational-years-einstein.html




داونڵۆد و دابەزاندنی بەرنامەی جاڤا

ئامادەکردنی:موحسین برهان

بەرنامەی جاڤا یەکێکە لە هەرە بەرنامە پێشکەووتوەکان لە بواری بەرنامەسازی و پرۆگرامیندا ،و بەکاردێت بۆ دروست کردنی بەرنامەی کۆمپیتەرو مۆبایل  و دیزاینی وێبسایت و چەندین شتی تر لە بواری وێبدا، جگە لەمە لە بواری زانستی دا دەتوانرێت چەنەها کێشەی  و پرسیار و هاوکێشەی ماتماتیکی و فیزیایی پێ شیکار بکرێت، ئەوەی لەم  بابەتەدا دامانا ناوە چۆنیەتی  داگرتن و دابەزاندی بەرنامەکەیە.

سەرەتا پیش هەموو شتێک دەىیت ئەوە بزانین بەرنامەی جاڤا لە دوو بەش پێکدێت:

یەکەم:  (Java Development Kit (JDK  کە  بریتییە لە کۆمپایڵەری جاڤا.
دووەم: Editorێک  کە دەشێت هەر دانەیەک بێت لەمانە (Netbeans,Notepad,Text pad,Crimson,Eclipse). لەم بەشەدا بەرنامەکە دەنوسرێت و پاشان لەلایەن کۆمپایڵەرەوە کۆمپاێل دەکرێت.
بۆ ئەوەی بەرناماکە ئیش بکات دەبێت بJDK و یەکێک لەو  بەرنامانەی خاڵی دووەم دابەزێنیت، ئێمە لێرەدا بەرنامەی crimson هەڵدەبژێرین:

سەرەتا لەم لینکەوە بەرنامەی JDK دابەزێنن: [button color=”black” size=”medium” link=”http://filehippo.com/download_java_development_kit_32/download/449d1f42f43366093298a9020fa8e620/” target=”blank” ]داگرتن[/button]

پاشان لەم لینکەشەوە بەرنامەی Crimson دابەزێنن: [button color=”black” size=”medium” link=”http://nchc.dl.sourceforge.net/project/emeraldeditor/crimsoneditor/crimson-editor-3.72-r263/cedt-263-setup.exe” target=”blank” ]داگرتن[/button]
دوای دابەزاندنی هەردوو بەرنامەکە، دەبێت ئەم چەند گۆڕانکاریەک لە بەرنامەی Crimson دا بکەیت بۆ ئەوەی ئیش بکات بە دروستی، بۆ ئەم مەبەستە لە بەشی tools ی بەرنامەکە، بەشی preferences هەڵبژێرن(وەک وێنەی یەک)، پاشان شێوەی گۆڕانکاریەکانی وێنەی دووەم و سێهەم لە بەرنامەکەدا جێ بەجی بکەن.
ghcgfj

Untitled






بەرنامەیەکی زانستی بۆ یەکەم جار لەلایەن خوێندکارێکی کوردەوە دروست دەکرێت

 -بەرنامەی Simple Grapher چیە؟ و کاری چی دەکات؟

ئەم بەرنامەیە بەرنامەیەکی بیرکاریە لە لایەن بڕوا حسێن دروست کراوە بە زمانی BASIC بۆ ویندۆز، و توانای هەیە وێنەی ڕونکردنەوەیی نەخشە بیرکارییەکان بدۆزێتەوە لەگەڵ چەندین کرداری بیرکاری تر لەوانە دۆزینەوەی داتاشراو و تەواوکاری سنووردار و سوودی بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و ئەندازیاران هەیە.

بڕوا حسین:خوێندکاری قۆناغی یەکەمی کۆلێژی پزیشکی

بڕوا حسین:خوێندکاری قۆناغی یەکەمی کۆلێژی پزیشکی

-ئایە بەزمانی کوردی هەیە؟
بەرنامەکە هەر هەمووی لەلایەن کوردێکەوە نوسراوە، بەڵام ئێستە تەنها بەزمانی ئینگلیزی کاردەکات، دیارە بەتەماین لە داهاتوویەکی نزیک لە وەشانەکانی تر زمانی کوردی زیاد بکەین.

-ئایە چەند وەشانی(ڤێرژن) لێ دەرچووە؟
بەرنامەکە پێشووتر تا وەشانی ٦.١ لێ دەرچووبوو، بەڵام لە وەشانی دوای ئەوە گۆڕانکاریەکی ئیجگار زۆر لە بەرنامەکە کرا، بۆیە بەرنامەکە ناونرا Simple Grapher Plus و ڤێرشنەکەی گەرایەوە بۆ 1.0
تاکو ئێستە وەشانی 1.1 دەرچووە

-تایبەتمەندیەکانی چین؟

-دەتوانێت وێنەی رونکردنەوەیی هەر نەخشەیەک بکێشێت بە گوێرەی هەر گۆراێک (x,y) شیکار کرابێت، یان تەنانەت گەر بەگوێرەی هیچکامیان شیکار نەکرابێت.

-دەتوانیت لە بەشی Function ١٢٠ هاوکێشە بنووسیت.
-دەتوانیت نەگۆر بناسێتنیت، جا پیتی بێت یان هێمایی، نەگۆڕەکانیش بریتین لە:(a,b,c,d,f,g,h,j,k,l,m,n,o,p,q,s,u,v,w) هەروەها (α,β,μ,ρ,τ,λ,ϕ)، کە دەکرێت نرخەکەی ژمارەیی بێت یان هاوكێشە بێت بەمەرجێک تەنها گۆڕاوی x,y,θ تێدا بێت، تێبینی بکە کە نەگۆڕەکان ئەم پیتانەی تێدا نیە:
(e,i,p,t,r,x,y,z)، ئەویش بۆ ئەوەی تێکەڵبوون ڕوو نەدات لەگەڵ گۆراوەکان.

-نزیکەی ٣٠ هاوکێشەی بیرکاری لە خۆ دەگرێت لەوانە:(sin,cos,tan,sqrt,log,ln,exp,asin,sinh,asinh…)

-دەتوانێت داتاشراوەی هەر نەخشەیەک بکێشێت، لەگەڵیدا دەتوانێت نەخشەکە وەکو دەرکەنار بكێشێت، یان تەواوکاری سنوورداری بکێشێت، لەگەڵ دیاریکردنی ماوەکەی.

-دەتوانێت داتاشراوەی هەر نەخشەیەک بە تەنها کلیکێک بدۆزێتەوە.

-دەتوانێت وێنەی ڕونکردنەوەیی لاسەنگەکان بکێشێت، و دەتوانێت کۆمەڵەی شیکاری دوو لاسەنگە بدۆزێتەوە.

-دەتوانیت هەر لە بەشی Function نەخشەی Polar بنووسیت ئەویش بە پارامیتەری: (r=f(θ.

-ئاسانکاریەکی زۆر هەیە لە نووسینی نەخشەکان بەجۆرێک دەتوانیت بە دوو ڕێگا نەخشە و هاوکێشەکان بنووسیت، بەشێوەی هێڵی و بەشێوەی ستاندارد.

-دەتوانیت بە ئاسانی و بە ئارەزووی خۆت ڕەنگی نەخشەکان دیاری بکەیت.

-دەتوانیت نەخشەی پارامەتری بە دوورێگا بنووسیت: Cartesian,Polar و بوارەکەی پارامیتەرەکەی کەگۆڕاوی t یە دیاری بکەیت.

-بۆ نەخشەی سێ دووری ئەوا پێشکەوتنێکی زۆر بەرچاوی بینیوە و دەتوانیت تەخشە بەگۆڕاوی x,y,z بنووسیت، جا خۆبەخۆ بێت یان نا، و دەتوانیت نەخشەی سێدووری پؤلار و پارامەتریش بە ئاسانی بنووسیت.

-لە بەشی نەخشەکان دەتوانیت بە ئاسانی بواری نەخشەکە دیاری بکەیت و نەخشەی پەلدار بنووسیت.

-نوسینی خاڵ زۆر ئاسانە دەتوانیت ٥٠ خاڵ هەر لە بەشی نەخشەکان بنووسیت، دەتوانیت دیاریشی بکەیت خاڵەکە پۆلارە یان دیکارتی (Cartesian).

-بەرنامەکە نزیکەی ١٥ نموونەی لەگەڵە.

-دەتوانیت نەخشەکە وەکە وێنە پاشکەوت بکەیت بە ئاسانی، جا ئیتر بە پاشکۆی jpg,png,bmp بێت بۆ هەردوو بەشی سێدووری و دوودووری.

-فایلەکانی بە هەردوو پاشکۆی .fun و .sfun خەزن دەکات بە توانایەکی بەرز.

-دەتوانیت قەبارەی ئەو وێنانەی پاشکەوتی دەکەیت دیاری بکەیت تاکو قەبارەی ٥٠ سم.

لەگەڵ زۆر تایبەتمەندی تر…

کۆمەڵێك تووڵی زانستی لەگەڵە:

-بژمێری زانستی
-دۆزەرەوی سێگۆشە
-دۆزەرەوەی تەواوکاری سنووردار
-دۆزەرەوەی داتاشراوە (بەڵام دەتوانیت بە ڕێگای تر داتاشراوە بدۆزیتەوە لەم وەشانە)
-دۆزەرەوەی نەخشەی ئاوێتە
-Function Evaluator

لینکی داگرتن:
http://m.en.softonic.com/app/simple-grapher-plus

یان
لەسایتی بەرنامەکە، لەبەشی لای ڕاست لینکە دابەزاندن نوسراوە، یان بچنە بەشی: وەشانەکان>>کۆتا وەشان:

http://www.simplegrapher.com/

1 (1) 1 (2) 1 (3) 1 (4) 1 (5) 1 (6) 1 (7) 1 (8) 1 (9) 1 (10) 1 (11) 1 (12) 1 (13) 1 (14) 1 (15) 1 (16) 1 (2) 1 (17) 1 (18) 1 (1)




کتێبی “تڕانزستەر و چەند بەکارهێنانێکی” بڵاوکرایەوە

qqq

 ئێستا پەڕتووکی “تڕانزستەر و چەند بەکارهێنانێکی” بە زمانی شیرینی کوردیی کەوتە بەر دیدەی خوێنەران .لەم پەڕتووكەدا مێژووى سەرهەڵدانى تڕانزستەر و پێكهاتە و جۆرەكانى و چۆنيەتيى ئيشكردنى و ڕێكخستنە جياوازەكانى و تايبەتمەندييەكانى، لەگەڵ ڕاڤەكانيان و هەندێك لە بەكارهێنانەكانی بەدوورودرێژيى خراونەتەڕوو.

شوێنی دەستکەوتن:
کتێبخانەی دڵشاد-سلێمانیی- شەقامی پیرەمێرد
ژ. مۆبایل- ٧٥ ٣٩ ١٥١ ٠٧٧٠

 




کتێبی “پێکهاتەی پێوانەيى ڕاپۆرتى تاقيگە و توێژينەوەى زانستيى” بڵاوکرایەوە

sss

ئێستا پەڕتووکی “پێکهاتەی پێوانەيى ڕاپۆرتى تاقيگە و توێژينەوەى زانستيى” بە زمانی شیرینی کوردیی کەوتە بەر دیدەی خوێنەران.لەم پەڕتووكەدا باسى چۆنێتيى نووسينی ڕاپۆرتى تاقيگە و توێژينەوەى زانستيى و بەشەكانیان بەشێوەى پێوانەيى (standard) بەتێروتەسەليى كراوە.

شوێنی دەستکەوتن:
کتێبخانەی دڵشاد-سلێمانیی- شەقامی پیرەمێرد
ژ. مۆبایل- ٧٥ ٣٩ ١٥١ ٠٧٧٠




ده‌ستکه‌وتنی ده‌نگ له ڤیدیۆیه‌کی بێ ده‌نگه‌وه ! MIT

کۆمه‌ڵێک لێکۆڵه‌ره‌وه له MIT و Microsoft و Adobe توانییان له کارێکی زۆر سه‌رنج ڕاکێش و نوێ دا ده‌نگ له ڤیدیۆیه‌کی بێ ده‌نگه‌وه به‌ ده‌ست بهێنن.
وه‌کوو ده‌زانین کاتێک شه‌پۆله‌کانی ده‌نگ به‌ر ته‌نێک ده‌که‌ون ده‌بنه هۆی له‌رینه‌وه‌ی ئه‌و ته‌نه، هه‌رچه‌ند له‌رینه‌وه که زۆر که‌مه و به چاو هه‌ستی پێ ناکرێت به‌ڵام ئه‌‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌رینه‌وه‌یه به ڕێگه‌یه‌ک بپێورێت، ئایا ده‌توانین له‌و له‌رینه‌وه‌یه‌وه ئه‌و ده‌نگه‌مان ده‌ست بکه‌وێته‌وه که بۆته هۆی له‌رینه‌وه‌که ؟
ئه‌وان له‌م کاره‌دا به کامێرای ڤیدیۆی زۆر هه‌ستیار که ده‌توانێت ٢٠٠٠ بۆ ٦٠٠٠ فره‌یم له چرکه‌یه‌کدا تۆمار بکات و له دووری ٥ مه‌تره‌وه و له پشت شوشه‌یه‌که‌وه‌ که ده‌نگ به ته‌واوه‌تی کپ ده‌کات و نایگوازێته‌وه، ڤیدیۆی پاکه‌تێکی چیپسی په‌تاته‌یان گرتووه و دواتر به هۆی شیکردنه‌وه‌ی ڤیدیۆکه و جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و له‌رینه‌وانه‌ی سه‌ر پاکه‌تی چیپسه‌که که به هۆی ده‌نگی ده‌وروبه‌ره‌که‌یه‌وه دروست بووه توانییان جارێکی تر ئه‌و ده‌نگه ده‌ست بخه‌نه‌وه.
بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له بابه‌ته‌که و بیستنی ده‌نگه‌کان سه‌یری ئه‌م ڤیدیۆیه‌ بکه‌ن :

سه‌رچاوه‌:
http://newsoffice.mit.edu/2014/algorithm-recovers-speech-from-vibrations-0804

ئارمان خلیل