لەبەرچی بوونەوەری ئاسمانی ناتوانن سەردانمان بکەن؟

نوسینی: هاوکار برادۆستی
بەگوێرەی هاوکێشەی دکتۆر فڕانك دراك دەبێت دەهەزارەها شارستانی بونەوەری هۆشمەند لە گەلەئەستێرەی خۆمان هەبێت. بەکورتی ئەم هەلومەرجەی بۆ زەوی ڕێكکەوتووە (بوونی ئاو، بەرگە هەوا، پلەی گەرمی…هتد) ناکرێت لەنێو ئەم گەلە ئەستێرەیە تەنها بۆ هەسارەی زەوی بێت. کەواتە لە ڕووی لۆجێکەوە هەلی هەبوونی ژیانێکی هۆشمەند شتێکە ڕێی تێدەچێت، ئەگەر ئەم بوونەوەرە هۆشمەندانەی لە گەلەئەستێرەی خۆمان بیانویستبایە دوژمنایەتی ئێمە بکەن دەبوایە زۆر لەمێژبوو ئێمە لەناوچووباین. هەروەها لە قورئانی پیرۆزیش لە چەندین شوێن ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئاسمانەکانیش بوونەوەر هەیە  ” وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَثَّ فِيهِمَا مِن دَابَّةٍ ۚ وَهُوَ عَلَىٰ جَمْعِهِمْ إِذَا يَشَاءُ قَدِيرٌ” ٤٢:٢٩ له‌نیشانه‌و به‌ڵگه‌کانی گه‌وره‌یی و ده‌سه‌ڵاتی خوا: دروستکردنی ئاسمانه‌کان و زه‌وی و ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌یه که تیایاندا بڵاوی کردۆته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و زاته کاتێك بیه‌وێت تواناو ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر به‌سه‌ر کۆکردنه‌وه‌یاندا هه‌یه‌ (تەفسیری ئاسان). تەمەنی تەکنەلۆجیاو پێشکەوتن لە هەسارەی زەوی هەر دوو سەدەیەك دەبێت، بەڵام کاتێك باس لە ژیانێكی هۆشمەندی پێشکەوتوو دەکەین کە تەمەنی پێشکەوتن بە ملیۆنان ساڵبێت، پێویستە لەوەتێبگەین ئەم تەکنەلۆجیایەی ئێمە بەگوێرەی ئەوان وەك چاخی بەردینی لێدێت، کەواتە با بپرسین لەبەرچی هەتا ئێستا بونەوەری هۆشمەندی ئاسمانی (Extra terrestrial intelligence) بە مرۆڤایەتی شاد نەبوونە؟

زەوی و هاوشێوەکانی

شارستانیەتەکان ناتوانن زیاتر لە ئاستێك گەشە بکەن بەگوێرەی بیردۆزی فلتەری گەورە (Giant filter)، هەندێك ڕێگر هەیە لە سەرهەڵدانی بونەوەری زۆر هۆشمەند, بەگوێرەی ئەم بۆچونە بونەوەرەکان ناتوانن خۆیان بپارێزن لە ڕودانی لەناوچوون کە هۆکارەکەی سروشتیبێت یان کارەساتی تەکنەلۆجی. واپێشنیار کراوە هەر بونەوەرێك کە گەیشتە ئاستێکی بەرزی بەرەوپێشچوون لە هەمان کاتدا دەگات بە ئاستی لەناوچوون زووبێت یان درەنگ. هۆکارێكیتر کە بوونەوەری هۆشمەندی ئاسمانی ناتوانێت هەست بە بوونی ئێمە بکات ئەوەیە چونکە ئێمە بەگوێرەی ئەوان لە ڕابردوو دەژین، ئەگەر فەلەکناسێك لە بوونەوەرە ئاسمانی‌یەکان کە ٧ ملیۆن ساڵی ڕۆناکی لە ئێمە دوربێت، ئەگەر بە تەلەسکۆپ سەیرمان بکات ئەوە زەوی لە سەردەمی مایۆسین دەبینێت، بەهۆی کاتی پێچونی ڕۆناکی کە لە ئێمەوە دەگات بە هەسارەکەی ئەوان. ئەگەر بە زوومێكی زۆر بەهێز سەیر بکەن ئەوە گیاندارەکانی سەر زەوی دەبینن لە سەردەمی مایۆسین (٧ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا) بەڵام هیچ بەڵگەیەک بۆ بوونی مرۆڤ نادۆزنەوە. هۆکارێكیتر لەوانەیە بوونەوەرە هۆشمەندەکان دەمێكبێت گەلەئەستێرەیان جێهێشتبێت بەهۆی ئەوەی جێیەکی باشتریان دەستکەوتبیت لە هەندێك وێستگەی ڕابردووەکانیان بەگوێرەی گریمانەکەی جۆن سمارت هەموو بوونەرێك هەوڵی ئەوە دەدات بەروە شوێنی باشتر بڕۆن، لەوانەیە بوونەوەرە هۆشمەندەکانیش لەمێژبێت ئەم کارەیان ئەنجامدابێت، لەکاتێكدا مرۆڤایەتی هیچ زانیاریەکی لەسەر جێیەکی باشتر نیە جگە لە هەسارەی زەوی. هۆکارێکیتر ئەوەیە بۆی هەیە هەسارەی زەوی و هاوشێوەکانی هیچ بایەخێكی نەبێت بەگوێرەی بوونەوەرە هۆشمەندە ئاسمانیەکان. بۆی هەیە بوونی زۆری ئەم هەسارانەی کە هاوشێوەی زەوین جۆرە ڕۆتینیەتێکی دروستکردبێت لەلایەن بوونەوەری ئاسمانی هۆشمەند کە پێیان وابێت زەویش وەکو هاوشێوەکانی بێبایەخە وپێویست ناکات ڕەنجی بۆ بکێشن و وزەی بۆ سەرف بکەن. هۆکارێکیتر، بۆی هەیە ئەوان چاوەڕێی ئێمە بکەن، بۆی هەیە ئێمە تاوەکو ئێستا نەمانتوانیبێت نیشانەو نامەکانی ئەوان بخوێنینەوە، لەوانەیە ئەوان هەر بە ڕادیۆیی نیشانە نەنێرن، بۆی هەیە جۆرە شەپۆڵێك بەکاربێنن کە تاوەکو ئێستا ئێمە ئاشناییمان لەگەڵی نەبێت و هیچی دەربارەی نەزانین، بۆنمونە بۆی هەیە ئەوان شەپۆڵی کێشکردن بەکاربهێنن کە ئێمە هیچی دەربارەی نازانین، لەوانەشە نامەکانیان پێكهاتبێت لە نیشانەی زۆر زەبەلاح بەرەو خۆر ئاڕاستە بکەن.

هۆکارێکیتر هەیە ئەویش شوێنی کۆمەڵەی خۆرە، هەروەك دەزانین کۆمەڵەی خۆر شوێنەکەی لە قەراغی گەلە ئەستێرەی ڕێگای کاکێشانە، بۆی هەیە بوونەوەرە هۆشمەندە ئاسمانیەکان زیاتر لە چەقی گەلەئەستێرەوە نزیكبن، ئەمەش دەبێتە بەربەستێکی گەورە لە گەیشتنی چ بەخۆیان چ نیشانەکانیان بۆ ئێمە، چونکە بۆ گەیشتنی نیشانەکانیان کاتێکی زۆری دەوێت، بە نزیکەیی نیشانەی ڕادیۆیی لە چەقی گەلەئەستێرە بۆ کۆمەڵەی خۆری خۆمان ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار ساڵی دەوێت. لە کۆتاییدا دەمەوێ بەبیرتانبهێنمەوە کە چەندەها گریمانە هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەوانەی لە سەرەوە باسکرا بە پەسەندترینیان دەزانم، چونکە هۆکارەکان باس لە مەحاڵبوونێك دەکات شیاوی باوەڕکردنبێت نەوەك ئەم گریمانانەی کە پێیان وایە بوونەوەری هۆشمەندی ئاسمانی بریتین لە ڕۆبۆت، یاخود هەمان ئەم وەسفەی ئێمە بۆ مەلایکەتەکان دەکەین بۆ بوونەوەری ئاسمانی دەکەن، کە پێیان وایە ئەوەندە زیرەکن کە ئەگەر لەسەر زەویشبێت ئێمە هەستیان پێ نەکەین، ئەوەی جێگەی سەرنجبێت ئەو کەسەی بڕوای بە زانستە، بڕواش بە بوونی بوونەوەری هۆشمەندی ئاسمانی دەکات، کە هیچی دەربارەی نازانن و نابینن و هەستی پێناکەن، بەڵام هەر بڕواشی پێدەکات!

سەرچاوەی ئەم بابەتە تێکەڵە بەڵام زیاتر لە ڤدیۆییەکی یوتیوبم دەرهێنابوو کە هۆکارەکانی بە ڕیزبەند باس کردبوو، هەندێکیتریش پێشتر لە بابەتە گەردوونیەکانم باسکردبوو تەنها دووبارەم کردەوە.

 

 

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *