خەیاڵ و ئەندێشەی سێگۆشەی بەرمۆدا یان سێگۆشەی شەیتان و بنکەی یوفۆ

نوسینی: ئەژی چەتۆ حەسەن

3157611
ناوچەیەكی جوگرافییە و لەسەر شێوەی سێگۆشەیەكی سێ لا یەكسانە و درێژی هەر لایەكیشی دەگاتە 1500 كم و ڕووبەریشی 1 ملیۆن كم چوارگۆشەیە، دەكەوێتە نێوان دوورگەكانی بەڕمۆدا و پۆرتەریكۆ و فۆڕت لۆدەردیڵ لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكیەوە. چەندین چیرۆك و ئەفسانە لەنێو چەندین بابەت و گوتار و گتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەو و بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنی لەبارەیەوە نووسراوەو بەرهەمهاتووە، گوایە چەندین فرۆكە و كەشتی دەریایی لەو شوێنەدا و هەتا هەتایە وونبوونە، بەڵام سەرژمێرییەكانی دەزگا زانستی و ئاسایشییەكانی ئەمریكا وەك ناسا و دەزگای ئێشكگری كەناری ئەمریكی تاوەكو ئێستا هیچ تۆمارێكی نا ئاسایی و لە ڕادەبەدەر دەربارەی ونبوونی فڕۆكە و نقومبوونی كەشتییان تۆمار نەكردووە، بەڵكو ڕووداوەكانی نقومبوون و كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكان لەنێو ناوچەی ناسراو بە سێگۆشەی بەڕمۆدا هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبووە لەگەڵ تەواوی رووبەرە دەریایی و زەریاییەكانی دیكەی جیهانیدا.

بۆیە چەندین بەرنامەی دیكۆمینتاری كە لەو ناوچەیەدا ئەنجام دراون هیچ جۆرە حاڵەتێكی نائاسایی وەك بوونی بنكەی دەفرە فڕیوەكان … هێزی ناسروشتی و نادیار… بوونی بنكەیەك بۆ گیان و شەیتانە شەڕانگێزەكانیان لەم ناوچەیەدا نەبینی، پاشان چەندین ئاژانسی فڕین و دەریاوانی دانیان بە ڕوودانی چەند هەڵەیەكی مرۆیی بە پلەی یەكەم ئینجا چەند هۆكارێكی سروشتی وەك، ڕوودانی گێژەڵووكەی لەناكاو و نادیار یاخود كاریگەری ناسراو بە تەقینەوەكانی هایدرایتی گازی میسان، ئەمەش لەسەر شێوەی بڵقی گازی زۆر گەورە لە ناخی زەوی و لەڕێگای چەند درزێكی ژێر زەمینی قوڵ لە بنكەی دەریادا دەردرچن و كاتێك سەر دەكەون ڕەنگی ئاوەكە دەگۆڕن بۆ سپی و هەڵبەزین و دابەزینی وا دروستدەكات كە بە ئاسانی كەشتییەكانی ئەو كاتە وەربگەڕێنی و نقومیان بكات بێ هیچ ئاگاداربوونێكی پێشوەختانە، خودی ئەم دیاردەیەش ناسراوە بە (گڕكانە قوڕینیەەكان)… كەناری ڕۆژهەڵاتی ئەمریكاش بە یەكێك لەناوچە هەرە دەوڵەمەندەكانی بوونی هیدرایت لە جیهاندا دەژمێردرێت. (ئیدوارد ڤان وینكڵ جۆنز) یەكەم كەس بوو كە پڕوپاگندەی وونبوونی لەناكاوی كەشتی و فڕۆكە لە بەڕمۆدا لە 16 ی ئەیلولی ساڵی 1950 و لە گۆڤاری (ئەسۆشیێتد پرێس) ی ئەوكاتەدا بڵاوكردەوە..دوای دوو ساڵ و لە تشرینی یەكەمی 1952 هەمان جۆرە بابەت بە قەڵەمی جۆرج ئێكس ساند لە گۆڤاری FATE و بەناونیشانی Sea Mystery at Our Back Door واتە (نهێنییەكی دەریایی لە دەرگاكانی دواوەومان) بڵاوكرایەوە كە باسی لە ونبوونی چەندین كەشتی و فڕۆكە دەكرد لە بەرمۆدا لەوانە گەشتی ژمارە 19ی تایبەت بە 5 فڕۆكەی بۆمبهاوێژی ئەمریكی.

ئەوەی سەیرە و جێگای تێڕامانە كەوا بەدێژایی حەفتایەكانی سەدەی 20 بیستەم تاوەكو ئێستا تەنانەت یەك ڕووداوی ونبوونی كەشتییەك یان فڕۆكەیەك لەنێو بەڕمۆدا وە تۆمارنەكراوە ، بێ گومانیش ئەو پانتاییەی ناچەی سیگۆشەی بەڕمۆدا چەندین هێڵی ئاسمانی و دەریاوانیشی بەسەر و نێویدا دەڕوات. كەوابوو سیگۆشەی بەڕمۆدا ش وەكو كۆتایی 2012 و دەركەوتنی یوفۆ یەكان لە خەیاڵ و پڕوپاگندە بەولاوە هیچی دیكە نییە.