زانست، هونەر، دین

نوسینی: جی پاووڵ هیویت

ڕێکخستن و وەرگێڕان: هاوار بەرزنجی، موحسین بورهان

 

هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی نەزم و مانا لە گەردوون دا چەندین شێوازی جیاوازی بەخۆوە گرتووە: زانست، هونەر و ئاین. هەرچەندە  ڕەگوڕیشەی هەرسێکیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، بەڵام زانست بەگشتی  لەدوای ئەوانی ترەوە بەدیهاتووە. گرنگتر لەمانە ئەوەیە، کە دەسەڵات و قەڵەمڕەوی زانست و هونەر و ئاین جیاواز و جودان لەیەکتری، هەرچەندە زۆرجار خاڵی هاوبەشیان لە نێواندا هەیە. زانست بەشێوەیەکی سەرەکی سەرقاڵە بەدۆزینەوە و تۆمارکردنی دیاردە سروشتیەکان، هونەر لە تەفسیری کەسی دەکۆڵێتەوەو  تەجەلای خالقە، هەرچی ئاینیشە لە بنچینە و سەرچاوە، ئامانج، و سەرەنجام، و ماناو مەفهومی هەر شتێکەوەیە.

artscience

زانست و هونەر دەتوانرێت بەراورد بکرێن بەیەکتری. بەهۆی هونەری ئەدەبیاتەوە بۆمان دەردەکەوێت لە ئەزمونەکانی مرۆڤدا چ شتانێک مومکینن و ڕێگەپێدراون. دەربارەی هەستەکان، لە غەم و پەژارەوە بگرە تا دەگاتە عەشق و خۆشەویستی شتانێک فێردەبین تەنانەت ئەگەر  پێشتر ئەزمونیشمان نەکردبن. هونەر  ئەم ئەزمونانەمان پێ نابەخشێت، لێ وەسفی ئەم ئەزمونانەمان بۆ دەکات و رێگای پێشەوەمان بۆدەکاتەوە. زانست فێرمان دەکات چ شتانێک لە سروشت دا مومکینن. مەعریفەی زانستی یارمەتیمان دەدات لە پیشبینیکردنی ئەو دیاردانەی مومکیننن لە سروشتدا ڕووبدەن و تەنانەت پێش ڕوودانیان پێشبینیان بکەین.  زانست ڕیگەی بۆ لێکۆلینەوەی پەیوەندی بەشەکانی گەردوون بەڕوویی ئێمەدا دەکاتەوە تاوەکو باشتر پەی بە جیاوازی و جۆریەتی دیاردەکانی دەوروبەرمان ببەین. زانست ئاسۆمان لە بەرامبەر گەردووندا فراونتر دەکات. مەعریفەی زانست و هونەرەکان بەتەواوی کاریگەریان هەیە لەسەر جیهانبینی و ئەو بڕیارانەی لەسەر خۆمان و گەردوون دەیدەن.

زانست و دینیش چەند لێکچوونێکیان هەیە، بەڵام لەبەر جیاوازی بواری ئیشکردنیان لە بنچینەوە جیاوازن. بواری زانست نەزم و ڕێکوپێکی سروشتە؛ بواری دین مەبەست و ئامانجی سروشتە. باوەڕ و بیروڕا دینیەکان و جیبەجێکردنی ئەرکە مەزهەبیەکان بەزۆری پەیوستن بە بوونی ئیمان بە خالقێک و پەرستنی. نەک ئیمان بە هەندێک دیاردەی زانستی. جیاوازی نێوان زانست و دین وەک جیاوازی نێوان سێو و پرتەقاڵ وایە: ئەم جووتە جیاوازن بەڵام لە هەمانکاتدا دوو بواری تەواوکەری چالاکی مرۆڤن.

کاتێک لە ماهیەتی و چیەتی ڕووناکی دەکۆڵینەوە. سەرەتا ڕەوشتی ڕووناکی  وەک شەپۆل و دواتر وەک تەنۆلکە  حیساب دەکەین. بۆ کەسێک، کە مەعریفەی زانستی کەم بێت تەنۆلکە و  مادە دووشتی جیان لەیەکتر، بەڕای ئەو دەبێت ڕووناکی یان شەپۆل بێت یان تەنۆلکەو  یەکێکیان هەڵبژێرین. بەڵام بۆ کەسێک کە وشیارە بەزانست، دەزانێت شەپۆل و تەنۆلکە تەواوکەری یەکترن و هەردووکیان بەیەکەوە تێگەشتنێکی قوڵمان پێدەبەخشن لە دەرکی ڕەفتاری ڕووناکیدا. بەهەمان شێوە ئەو کەسانەی کە لە ماهیەتی زانست و دین بێ ئاگاو بێ خەبەرن یان بەهەڵە تێگەشتون، پێیان وایە دەبێت لە نێوان دین و زانست دا یەکێکیان هەڵبژێرین. جگە لەو حاڵەتانەی کە کەسێک تێگەشتنێکی ڕووکەشی بۆ یەکێک لەوانە یان هەردووکیان هەبێت، هێچ جۆرە دژیەکیەک لە نێوان بیروباوەڕی زانستی و باوەڕی دینیی دا بوونی نیە.

زۆرێک لەخەڵکی توشی کێشە و گرفت دەبن لەکاتی نەبوونی وەڵام بۆ پرسە دینی و فەلسەفیەکانیان. هەندێکیان بەقبوڵکردنی دەسبەجێیی هەر وەڵامێک کە ببێتە هۆی ئاسودەیی هزریان، خۆیان لە هەرجۆرە گومان و نادڵنیایەک دووردەخەنەوە. بەڵام یەکێک لە پەیامە گرنگەکانی زانست بریتیە لە قبوڵکردنی پرنسیی نادڵنیایی، بۆ نمونە دیاریکردنی تەوژم و شوێنی ئەلیکترۆنێک لە ئەتۆمیکدا لە یەک کاتدا مومکین نییە. هەتاوەکو زانیاریمان هەبێت لەسەر یەکێکیان، دەربارەی ئەوی دی کەمتر دەزانین. نادڵنیایی بەشێکە لە زانست. نەبوونی وەڵام بۆ پرسیارە بنچینەیەکان کێشە نیە، بۆچی سێو بەهۆی کێشکردنی زەویەوە کێش دەکرێت؟ بۆچی ئەلیکترۆنەکان یەکتری دووردەخەنەوە؟ بۆچی موگناتیسەکان کار لەیەکتری دەکەن؟ بۆچی وزە بارستای هەیە؟ لەکۆتاییدا زاناکان هەتاکو ئێستا وەڵامێکی ئەوتۆیان بۆ ئەم پرسیارانە نەدۆزیەوەتەوە. ئێمە دەربارەی ئەوەی لە کوێداین؟ شتی زۆر دەزانین بەڵام ئەوەی کە بەراستی بۆچی هەین و بوونمان هەیە هیچ شتێک نازانین. نەزانینی وەڵامی ئەم پرسیارانە هیچ کێشەنیە؛ زۆربەی زاناکان لە نێوان هەبوونی هزرێکی داخراو و خاوەن وەڵامی سادەدا و هزرێکی کراوەو پشکنەر بەڵام بێ وەڵام، دووەم هەڵدەبژرێرن. بەگشتی زاناکان کێشەیان نیە لە گەڵ نەزانیندا.

سەرچاوە:

کتێبی Conceptual Physics نوسینی Paul G. Hewitt

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *