نایەقینی زانست

نوسینی: ڕیچارد فینمان

شێرکۆ ڕەشید قادر کردوویە بە کوردی

لەم گوتارەدا، زانای گەورەی فیزیک(١٩١٨ – ١٩٨٨) ، ریچارد فینمان لە پرسی نایەقینی زانست دەدوێت. هەرچەندە بە پلەیەکی سەرەکی سەبارەت بە زانستە، بەڵام باس لە زۆر شتی تریش دەکات. ئەوەی لێرەدا پێویستە باسی بکەم ئەوەی کە تەرز و شەفافیەتی فینمان لە هەمو شتێک بەرچاوتر و سەرنجڕاکێشترە. بە زمانێکی شەفاف و سادە لەگەڵ شەقام دەدوێت و هەوڵدەدات زانست بکات بە دیاردەیەک کە خەڵک لە هەمو شوێنێک باسی بکەن. لە ڕاستیدا ئەو بە خۆی تەپڵێکەوە دەگەڕا و زانستی بە نێو خەڵکدا بڵاودەکردەوە. کەساییتیەکی سادە، زانایەکی مەزن، دیدێکی تیژ و ڕەوانبێژێکی بەرزبوو.

feynman-1981-2

ڕێچارد فاینمەن

دەمەوێت ڕاستەوخۆ بچمە ناو بابەتی کاریگەری زانست لەسەر بوارەکانی تری فکری مرۆیی، ئەمەش پرسێکە، کە بە تایبەت میستەر ”جۆن دانتز” ویستی مشتومڕی لەمەڕ بکرێت. لە یەکەم موحازەرەدا باس لە سروشتی زانست دەکەم و بە تایبەت جەخت دەکەمەوە لەمەڕ هەبونی گومان و نایەقینی لە زانستدا. لە موحازەرەی دووەمدا باس لە کاریگەری تێڕامانە زانستیەکان دەکەم لەسەر هەر یەک لە پرسە سیاسیەکان و بە تایبەت جەخت دەکەمە سەر نەیارانی ناوخۆ و پاشانیش دەچمە سەر پرسە ئاینییەکان. لە موحازەرەی سێیەمیشدا، ئەوە شەرح دەکەم کە کۆمەڵگا چۆن لە من دەڕوانێت – دەتوانم بڵێم کە مەبەستم لەوەیە کە چۆن کۆمەڵ سەیری زانایەک دەکات، بەڵام لێرەدا چۆن تەنها لە من دەڕوانێت – و پاشانیش دۆزینەوە زانستیەکانی ئایندە لە ڕەهەندی گرفتە کۆمەڵایەتیەکانەوە لەوانەیە چی بەرهەم بهێنێن.

چی لە ئایین و سیاسەت دەزانم؟ زۆر لە هاوڕێکانم، لە بەشی فیزیک لێرە و شوێنانی تر، پێدەکەنن و دەڵێن، ” حەزدەکەین بێین و گوێمان لێ بێت کە لەم بارەیەوە چی دەڵێیت. هەرگیز نەماندەزانی کە خولیای ئەم جۆرە شتانەت هەیە.” بێگومان، مەبەستیان ئەوەیە کە من سەرم لەم شتانە دەخورێت، بەلام هەرگیز جورئەتم نیە لەسەریان بئاخڤم.

ئاخاوتن سەبارەت بە کاریگەری ئایدیای بوارێک لەسەر ئایدیای بوارێکی تر شتێکە کە هەمیشە وەک ئەوە وایە کە مرۆ خۆی خافڵ بکات. لەم ڕۆژەدا، کە ڕۆژی تایبەتمەندییە، ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵک هەیە کە تێگەیشتنێکی قوڵی دەربارەی دو بەشی ماریفەت هەبێت، بە جۆرێک کە خۆی لە یەکیکیاندا گێل نەکات.

ئەو ئایدیانەی کە دەمەوێت باسیان لێوە بکەم ئایدیای کۆنن. لە ڕوی پراکتیکییەوە، ئەوەی ئەمشەو من دەیڵێم هیچ نیە تەنها ئەو باسانە نەبێت کە فەیلەسوفانی سەدەی هەڤدە گوتویانە و باسیان کردوە. بۆچی ئەم هەمووە دوبارە بکەمەوە؟ چونکە نەوەیەکی نوێ ڕۆژانە لەدایک دەبێت. چونکە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا ئایدیاگەلی مەزن پەرەی سەندوە، ئەم ئایدیانەش نامرن ئەگەر بە مەبەست و بە ڕونی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر نەقڵ نەبن.

زۆر لە ئایدیای کۆن وەها بونەتە شتێکی باو کە پێویست ناکات باسیان بکەین و دوبارە تەفسیریان بکەینەوە. بەڵام ئەم ئایدیایانەی کە یاوەری گرفتەکانی پێشکەوتنی زانستن، وەک من لە دەوروبەری خۆمدا بەدییان دەکەم، لەو جۆرانە نین کە هەمو کەس نرخیان بزانێت. ڕاستە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک تەقدیریان دەکەن، بە تایبەت لە زانکۆدا هەمو کەس نرخیان بۆ دادەنێت، جا لەوانەیە ئێوە لە هەمبەر مندا میوانێکی هەڵە بن. ئێستا، سەبارەت بەو مەسەلە گرژانەی ئاخاڤتن لەمەڕ کاریگەری فکری بوارێک لەسەر فکری بوارێکی تر، دوایی بۆتان دەردەکەوێ کە دەیزانم. من لەمەڕ زانست شت دەزانم، ئایدیاکان و میتۆدەکانی دەزانم، هەڵوێستەکانی لە هەمبەر ماریفەت و زانین دەزانم چیە، دەزانم سەرچاوەکانی بەرەوپێشچون و دیسیپلینە ئەقڵییەکانی چین. هەر بۆیەش، لە یەکەم موحازەرەدا، لەو زانستە دەدوێم کە پێی ئاشنام و گوتە بێماناکانم جێدەهێڵم بۆ دوو موحازەرەی ئایندە، چونکە وای بۆ دەچم کە میوانەکان بە گشتی کەم دەبنەوە.

زانست چییە؟ ئەم وشەیە عادەتەن وەها بەکاردێت کە بە مانای یەکێک لەم سێ شتە دێت، یاخود پێکهاتەیەک لە هەر سێکیان. باوەڕناکەم پیویست بکات ورد بین – و شتێکی باشیش نیە کە هەمیشە زۆر وردبین بین. هەندێکجار، مەبەست لە زانست بریتیە لە میتۆدێکی تایبەت بۆ دۆزینەوەی شتگەلێک. هەندێکجار بە هەیکەلی ماریفەتێک ناودەبرێت لەو شتانەوە سەرهەڵدەدەن کە دۆزراونەتەوە، لەوانەشە مەبەست لەو شتە تازانە بێت کە دەتوانیت بیانکەیت کاتێک کە شتێک کەشف دەکەیت، یاخود کردنی شتە نوێکە خۆی، کە ئەمەش بوارێکە و بە تەکنەلۆژی ناودەبرێت. خۆ ئەگەر لە بەشی زانستی گۆڤاری تایمز بڕوانین، ئەوا دەبینین کە لە سەدا پەنجا ڕوماڵی ئەو شتە تازانە دەکات کە تازە دۆزراونەتەوە، پاشان لە سەدا پەنجای ئەو شتە نوێیانەی کراون و دەکرێن. بەمجۆرە سەیردەکەین کە پێناسی میللییانەی زانست بەشێکیشی پێناسێکی تەکنەلۆژییە.

دەمەوێت باس لەم سێ ڕەهەندەی زانست بکەم، بەڵام لە سێیەم ڕەهەندەوە دەست پێ دەکەم کە ئەویش تەکنەلۆژیایە. بەو شتە تازانە دەست پی دەکەم کە مرۆ دەتوانێت بیانکات. دیارترین سیمای زانست بریتیە لە واریکردنی ئەو هەقیقەتەی وەک دەرەنجامێکی زانست ئەو دەسەڵاتەی هەیە کە شتەکان بکات. هیچ پێویست ناکات باسی کاریگەری ئەم جۆرە دەسەڵاتە بکەین. سەرتاپای شۆڕشی پیشەسازی بە بێ زانست مەحاڵ بو. ئەو دەسەلاتەی ئەمڕۆ مرۆ لە بواری بەرهەمهێنانی ئەو بڕە بێشومارەی خواردندا هەیەتی، بە جۆرێک کە بەشی ئەو دانیشتوانە گەورانە دەکات، یاخود توانای کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکان – تەنانەت بونی مرۆ بەو ئازادییە و دور لەوەی لە ناچاریدا ببێتە کۆیلەی بەرهەمهێنان – بێگومان دەرەنجامی پێشکەوتنی هۆکارە زانستیەکانی بەرهەمهێنانن.

ئەم هێز و دەسەڵاتەی جێبەجێکردنی ئەم شتانە فەراهەم دەکات هیچ بەرنامەیەکی ڕێنمایی لەگەلدا نیە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت کە چۆن بەکاری بهێنین، بۆ باشە یان خراپە، جا بەرهەمی ئەم هێز و دەسەڵاتە یان باشە یاخود خراپە، ئەوە شتێکە کە بەندە لەسەر ئەوەی چۆن بەکاردەهێنرێت. حەزدەکەین بەرهەمەکانمان باشتر بکەین، بەڵام کێشەمان لەگەڵ ئۆتۆماتیکردندا هەیە. بەختەوەرین بە پێشکەوتنی زانستی پزیشکی، بەڵام لە دواییدا ئەوەی سەغڵەتمان دەکات بریتیە لە زۆربونی ژمارەی لەدایکبوان و ئەو هەقیقەتەش دەزانین کە هیچ کەس چیتر بەو نەخۆشییانە نامرن کە بەهۆی پێشکەوتنی زانستەکەوە لەناوچون. هەر بە هۆی هەمان ئەو زانیاریانەوە کە بەکتریا لە ئارادایە، چەندەها تاقیگەمان هەن بە دزییەوە خەڵکان کاری تێدا دەکەن بۆ پێشخستنی ئەو بەکتریایەی کە نامانەوێت کەسی تر چارەسەرەکەی بدۆزێتەوە. بە بەروپێشچونی گەشتی ئاسمانی و هەبونی ئەو فڕۆکە زەبەلاحانە بەختەورین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەزانین و ئاگاداری جەنگە ترسناک و دزێوکانی فڕۆکەکانی ئاسمانین. مایەی خۆشحاڵیە کە گەلان دەتوانن ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ترسی ئەوەمان هەیە بە ئاسانی سیخوڕیمان بەسەرەوە بکەن. مایەی خرۆشانە کە ئنسان دەتوانێت گەشتی فەزا دەکات، بەڵام بێگومان لەوێش دوچاری کێشە دەبین. بەناوبانگترین کارەساتی ئەم نەهامەتیانە بریتیە لە پەرەسەندنی وزەی ناوکی و گرفتە بەرچاوەکانی.

بە ڕای من قودرەتی مرۆ لە کردنی شتێکدا بەهایەکی خۆی هەیە. جا ئەنجامەکە باشە یان خراپە، ئەوە بەندە بە چۆنیەتی بەکارهێنانیەوە، بەڵام قودرەت بەهایەکی خۆی هەر هەیە.

جارێک لە هاوای بردمیان بۆ بینینی پەرستگایەکی بودییەکان، لەوێ پیاوێک گوتی، ” من شتێکت پێدەڵێم کە هەرگیز لە بیرت ناچێت.” پاشان گوتی، ” هەموو کەسێک کلیلێکی بەهەشت وەردەگرێت، بەلام هەر هەمان کلیل دەروازەی جەهەنەمیش دەکاتەوە.”

زانستیش بەمجۆرەیە. لە لایەک کلیلە بەرەو دەروازەی بەهەشت، کەچی هەر هەمان کلیل دەرگاکانی جەهەنم دەکاتەوە و بەڵام ئێمە هیچ ڕێنماییەکمان لەبەردەستدا نییە کە کام دەرگایە کامەیە؟ ئایا چۆنە ئەگەر کلیلەکە فڕێ بدەین و ئیتر هەرگیز هیچ ڕیگەیەکمان نەبێت بۆ ئەوەی بچینە بەهەشتەوە؟ یاخود باشتر وایە خۆمان هیلاک بکەین و بزانین باشترین ڕێگە چییە بۆ بەکارهێنانی کلیلەکە؟ بێگومان، ئەمە مەسەلەیەکی زۆر جدییە، بەڵام بە ڕای من ناتوانین ئنکاری بکەین لە بەهای کلیلەکە کە بەرەو دەروازەی بەهەشت دەمانبات.

هەمو گرفتە گەورەکانی نێوان کۆمەڵ و زانست دەکەوێتە هەمان پانتاییەوە. کاتێک بە زانایەک دەڵێن کە پێویستە زیاتر بەرپرسیارێتی خۆی لە کارەکانیدا لە هەمبەر کۆمەڵدا بنوێنێ، ئەوە مەبەست لە شرۆڤەکردنی زانستەکەیەتی لە کۆمەڵگەدا. ئەگەر تۆ کارەکەت لە بواری پێشخستنی وزەی ناوکیدا بو، ئەوا لە هەمان کاتدا پێویست دەکات ئەوە بزانیت کە دەشێت بۆ مەبەستی خراپە بەکاربهێنرێت. هەر بۆیەش، تۆ وەک زانایەک، کاتێک گفتوگۆ لەمەڕ ئەم جۆرە بابەتە دەکەیت، دەبێت چاوەڕوان بیت کە ئەمە گرنگترین باسە. بەڵام من لەوە زیاتر لەسەری ناڕۆم. چونکە بە ڕای من ئەگەر بڵێین ئەمانە پرسی زانستین، ئەوە زیادەڕۆییە. ئەمانە پرسگەلی زۆر مرۆڤایەتین. لە هەقیقەتدا، چۆنیەتی خستنەگەڕی هێزەکە ڕونە، بەلام کۆنترۆڵکردنی ڕون نییە و شتێکی هێندە زانستیش نییە و زاناش زۆری لێ نازانێت.

با پێتان بڵێم کە بۆچی نامەوێت قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەم. ماوەیەک لەمەوبەر، لە ساڵی ١٩٤٩ یان ١٩٥٠ دا بوو، بۆ وانەبێژی فیزیا چوم بۆ بەڕازیل. لەوێ، لەو ڕۆژانەدا، پرۆگرامی خاڵی چوار هەبوو، کە مایەی جۆش و خرۆش بوو – هەموو کەس دەچوو یارمەتی وڵاتانی سێ بدات، ئەوەی پێویستیان بوو بریتی بوو لە لایەنی هاوکاری تەکنیکی.

لە بەرازیل، لە شاری ڕیۆ دەژیام. لە ڕیۆ گردێکی زۆر هەن کە هەژاران بە تەختەی شکاو و لەوح و تەنەکە خانویان دروست کردوە. خەڵکەکە لەوپەڕی هەژاریدان. نە ئاو و نە تەوالێتیان هەیە [1]. بۆ بەدەستهێنانی ئاو، تەنەکە و قوتوی کۆنی گازۆلین دەخەنە سەر سەریان و بە گردەکەدا شۆڕدەبنەوە. دەچن بۆ شوێنێک کە تازە بینای لێ دروست دەکەن، چونکە لەوێ ئاوی لێیە و جەبلەی چیمەنتۆی پێ دەگرنەوە. خەڵکەکە دەبەکانیان پڕدەکەن لە ئاو و بە گردەکەدا بەرەو سەرەوە هەڵدەگەڕێن. پاشان، دوای بەکارهێنانی، ئاوەکە وەک گواوێکی پیس بە گردەکەدا جۆگەی بەستوە، هەتا بڵێیت شتێکی ناخۆش و خەمگینە، کەچی هەر لە تەنیشت ئەم گردانەوە و لە کەنار – دەریای کۆپاکابانەوە، بینا و خانوی ڕازاوە و سەرنجڕاکێش هەن. بە هاوڕێیەکی پرۆگرامەکەم گوت، ” ئایا ئەمە گرفتێکی تەکنیکییە و پێویست بە یارمەتی تەکنیکی دەکات؟ یەعنی نازانن چۆن بۆرییەک بۆ سەر گردەکە ڕابکێشن؟ ئایا نازانن بۆرییەک بۆ ترۆپکی گردەکە ڕابکێشن و بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت خەڵکەکە بە دەبە بەتاڵەکانیانەوە بە گردەکەدا سەرکەون و دەبەکان پڕبکەن لە ئاو و ئنجا بە گردەکەدا بێنەخوارەوە؟”

بەمجۆرە دەبینین ئەم گرفتە بە دڵنیایەوە تەکنیکی نیە، چونکە لە بیناکانی تەنیشتی بۆری هەیە و تروپا و پەمپیش هەیە. ئێستا بۆمان دەرکەوت کە ئەمە گرفتێکە پەیوەستە بە هاوکاری ئابورییەوە، نازانین کە ئایا بە ڕاست ئەمە کاری خۆی دەکات یان نەء. ئەو پرسەی کە ئایا چەندی تێدەچێت بۆ ئەوەی بۆری و پەمپێک بۆ سەر هەر گردێک دابنێین، ئەوە شتێک نیە کە شایانی باس بێت.

هەرچەندە نازانین کە چۆن گرفتەکە حل بکەین، بەڵام من حەزدەکەم تیشک بخەمە سەر دو شت کە ویستمان بیکەین، تەکنیکی و هاوکاری ئابوری. لە هەردوکیاندا نائومێد بوین، پاشان شتێکی ترمان تاقیکردەوە. هەروەک دوایی دەبیننن، ئەمەیان هیوای تێدابو. بە ڕای من بەردەوامبون لە هەوڵداندا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ ڕێگایەکە بۆ ئەنجامدانی هەموو شتێک.

ئەوانە لایەنی پراکتیکی زانستن، ئەو شتە تازانەی کە دەتوانیت بیانکەیت. شتەکە ئەوەندە شەفافە کە پێویست دەکات لەوە زیاتر لەسەری بڕۆین؟

لایەنی داهاتوی زانست بریتیە لە ناوەڕۆکەکەی، واتە ئەو شتانەی کە کەشفکراون. ئەمە زێڕە، جۆش و خرۆشە، هەقدەستی ئەو هەمو بیرکردنەوە ڕێکوپێک و هیلاکبونەیە کە دەیکەیت. کارەکە بۆ مەبەستی واریکردن نیە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە چونکە خرۆشاندن لە کەشفکردنی شتەکاندا هەیە. لەوانەیە هەموتان ئەمە بزانن، بەڵام بۆ ئەو کەسانەتان کە ئەمە نازانێت، بۆ من مەحاڵە لە موحازەرەیەکدا ئەم لایەنە گرنگ و پڕ خرۆشەتان بۆ نمایش بکەم، کە لای من هۆکاری ڕاستەقینەن بۆ کاری زانستی. هەر بۆیەش بێ تێگەیشتن لەم خاڵە گرنگە لە سەراپای بابەتەکە حاڵی نابین. ئنسان ناتوانێت لە زانست و پەیوەندی بە هەرچی ترەوە هەیە تێ بگات ئەگەر گۆڕانە مەزنەکانی ئەم زەمەنە لەبەرچاونەگرێت، ناتوانێت لە ناو زەمەنەکەی خۆیدا بژی هەتا لەجۆش و خرۆشی ئەم گۆڕانە گەورانە تێنەگات.

ئایا بە لای ئێوەوە ئەمە شتێکی بێزارکەرە؟ زەحمەتە باس بکرێت، بەلام دەشێت هەندێک بیرۆکەتان پێشکەش بکەم. با لە خاڵێکەوە دەست پێ بکەم، هەر خاڵێک بێت، بۆ نمونە، زانایان باوەڕیان وابو کە عەرد لەسەر پشتی فیلە و فیلەکەش لەسەر پشتی کیسەڵ وەستاوە، کیسەڵەکەش لە دەریای بێ بندا مەلەدەکات. بێگومان چی دەریای ڕاگرتوە، ئەوە پرسێکی ترە و وەڵامەکەیان نەدەزانی.

بیروڕای شارستانییە کۆنەکان ئەنجامی خەیاڵ بوون، بیرۆکەیەکی شیعری و جوان بوون. بڕوانە ئێمە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چۆن دەیان بینین. ئایا ئەم بیرۆکانە موزعیج نین؟ دونیا تۆپێکە و دەخولێتەوە، خەڵک لە هەمو گۆشە و کەنارێکەوە پێوەی نوساون، هەندێک سەرەوخوارن. لە بەردەم ئاگرێکی مەزندا وەک دڵۆپە ئاومان لێدێت، بە دەوری خۆردا دەسوڕێینەوە. ئەمەش بۆ خۆی جۆرە ڕۆمانسیەتێکە، جۆرە خرۆشانێکە، بەڵام چی ڕامان دەگرێت؟ بێگومان ئەو هێزەی ڕامان دەگرێت بریتیە لە هێزی ڕاکێشان، ئەو هێزە، نەک هی عەرد خۆی نییە، بەڵکو عەرد خۆشی دەسوڕێنێتەوە.

گەلێک کەس ئەم گەردونەیان وەسفکردوە، بەڵام هەر بەردەوام دەبێت، کەنارەکانی هەروەک بنی بێ بنی دەریا نازانرێت – ئەم گەردونە هێندە پەنهانە، هێندە ترس پەخشکەرە، هەروەک وێنە شیعرییەکانی لەوەبەر ناتەواوە.

بەڵام خەیاڵی سروشت زۆر زۆر لە خەیالی ئنسان فراوانترە. هیچ کەس لەوانەی کە ئەم چەمکە لە ڕێگای ڕامانەوە هەستی جولاندون، هەرگیزا و هەرگیز نەیانتوانیوە شتێک وێنابکەن کە هێندەی سروشت جێگای سەرسوڕمان بێت.

پاشان سەبارەت بە عەرد و زەمەن؟ ئایا هیچت دەربارەی ئەو زەمەنە لە جێگەیەکدا خوێندوەتەوە، لە شاعیرێکت بیستوە، ئەو زەمەنەی بەراورد دەکرێت بە زەمەنی زیندوەوە، بە پرۆسەی خاوی درێژخایەنی پەرەسەندنەوە؟ نەخێر. یەکەم، عەرد هەبوو، هیچ مەخلوقێکی زیندوی تێدا نەبوو. ئەم تۆپە خڕە بلیۆنەها ساڵە بە خۆرئاوابونیەوە، بە شەپۆلەکانیەوە و بە هەراوهوری دەریاوە بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، هیچ مەخلوقێک نەبوو تەقدیری بکات. ئایا دەتوانیت تەسەوری بکەیت، یاخود ئەو ئایدیایە بخەیتە مێشکتەوە کە دونیایەک هیچ مەخلوقێکی زیندوی لەسەر نەبێت چ مانایەک دەبەخشێت؟ ئێمە بە جۆرێک ڕاهاتوین کە سەیری ئەم دونیایە بکەین و تێڕوانینمان تێڕوانینێکی شتە زیندوەکانە و ناتوانین لەو حاڵەتە تێبگەین کە مانای نازیندویی دەبێت چی بێت! کەچی لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کات عەرد هیچ شتێکی زیندوی لەسەر نەبووە، پاشان ئەمڕۆ لە زۆربەی گەردوندا لەوانەیە مەخلوقاتی زیندوو بونی نەبێت.

یاخود دەربارەی ژیان خۆی؟ واتە ئالیەتی ناوەکییانەی ژیان چۆنە، پێکهاتەی کیمیایی بەشەکانی، ئەمانە شتێکی جوانن. پاشان دەرکەوت کە ژیان بە هەموو فۆرمەکانیەوە پێکەوە بەستراون، بۆ نمونە، بەشێک لە کلۆرۆفیلدا هەیە، دەبینین کە ئەم بەشە تێکەڵەیەکی کیمیایی گرنگە لە پرۆسەی ئۆکسجینی ڕوەکەکاندا، ئەم بەشە لە شکڵێکی کڵێشەیی چوارگۆشە دەچێت و زۆر جوانە و بە ئەڵقەی بەنزین ناودەبرێت. جگە لەوەی لە سیستەمی ئۆکسیجینی ئێمەشدا، لە خوێنەکەماندا، هیمۆگڵۆبین هەیە، لە نێو ئەم هیمۆگڵۆبینەدا هەر هەمان ئەو ئەڵقە چوارگۆشە سەرنجڕاکێشانە هەن. لە بڕی ماگنیسیۆم، لە ناوەندەکەیدا ئاسن هەیە، سەوز نین بەڵکو سورن.

بە هەمان شێوە، پرۆتینی بەکتریا و پرۆتینی ئێمەی ئنسان وەک یەکن. لە هەقیقەتدا، لەم دواییەدا دۆزراوەتەوە، کە میکانیزمی دروستکردنی پرۆتین لە بەکتریادا نزیکە لە جۆرێک کە بەهۆی مادەیەکەوە لە خانە سورەکانەوە دەتوانێت خانەی پرۆتینی سور بەرهەم بهێنێت. بەمجۆرە دەبینین کە فۆرمێکی ژیان لە فۆرمێکی تری ژیانەوە ئەوەندە نزیکە. واتە گشتگیری پێکهاتەیی قوڵی کیمیاییانەی مەخلوقاتە زیندوەکان بەڕاستی دیاردەیەکی جوانە. هەموو کاتێک ئێمەی ئنسان، ئەوەندە شانازی دەکەین بەوەی کە تەنانەت خزمەکانمان لە نێو دونیای شانشنینی ئاژەڵاندا بناسینەوە.

ئەی ئەتۆمەکان. یەک لە دوای یەک، میل لە دوای میل، جوانیەکیان دروستکردوە، لە کڵێشەیەکی دوبارە بوەوەی کریستاڵی پێکهاتوون. مات و مەنگ دێنە بەرچاو، دەڵێی پەرداخێک ئاون و چەندەها ڕۆژە داپۆشراون، بەڵام ئەم ئەتۆمانە هەمیشە هەر چالاکن و ڕوەکە جێدەهێلن و لە ناوەوە هەڵدەبەزنەوە و دێنەوە. ئەوەی لەبەرچاوانی ئێمە هێمن و مەنگ دیارە، لە ڕاستیدا سەمایەکی داینامیکی و شێتانەیە.

دیسانەوە ئەوە دۆزرایەوە کە دونیا لە هەمان ئەتۆم دروستبوە! ئەستێرەکان لە هەمان ئەو مادەیە دروستبون کە خۆمانی لێ دروست بوین. پاشان ئەمەش دەبێتە پرسیارێک، ئایا ئەو مادەیەی ئێمەی لێ دروستبوین لە کوێوە هاتوە؟ نەک تەنها سەرچاوەی ژیان چییە، یاخود عەرد لە کوێوە هاتوە، بەڵام ئەو مادەیەی ژیان و عەردی لێ دروستبوە لە کوێوە هاتوە؟ لەوە دەچێت لە ئەنجامی تەقینەوەی هەندێک ئەستێرە گازێک پەخش بوبێت، هەروەک ئەو دیاردەیەی کە ئێستا دەبینین هەندێک ئەستێرە دەتەقنەوە. بەمجۆرە ئەم خاشاکەی کە بە عەرد ناودەبرێت، چوار بلیۆن ساڵ و نیوە چاوەڕوانە، دەسوڕێتەوە و لە گۆڕاندایە، ئێستاش ئەم مەخلوقە غەریبە (ئنسان) لێرەدا لە بەرانبەر ئێوەدا بە چەند ئامرازێکەوە وەستاوە و قسەتان بۆ دەکات. چە دونیایەکی جوانە! یاخود سەیری فسیۆلۆژیای ئنسان بکە، هیچ لەوە جیاواز نیە کە باسی دەکەم. ئەگەر لە نزیکەوە لە هەر شتێک بڕوانی، دەبینی هیچ شتێک لە هەقیقەت بە جۆش و خرۆشتر نیە، کە بۆ زانا گەنجینەیەکی پڕ ئاڵتونە و بە هیمەتی بێوچان و ورد کەشفی دەکات.

لە فسیۆلۆژیدا، ئنسان بیر لە پەمپدانی خوێن دەکاتەوە، بۆ نمونە کاتێک کیژۆڵەیەک یاری پەت – پەتێن دەکات، چی لە ناو بەدەنیدا ڕودەدات؟ خوێن وروژم دێنێت، دەمارە پێکەوە گرێدراوەکان، چۆن ئاڵوگۆڕی فەرمانەکان دەکەن، بۆ نمونە: چۆن ئەم پەت – پەتێنە بە خێرایی کاردەکاتە سەر دەماری ماسولکەکان و وەڵامەکان دەگوازنەوە بۆ مێشک و دەڵێن، ” ئەوە ئێستا ئێمە خۆمان کێشا بە عەرددا، تۆش گرژی زیادبکە و بۆ ئەوەی ئەزیەتی پاژنەکان نەدەین.” کە کیژۆڵەکە هەڵبەزودابەز دەکات، گروپێکی تر لە ماسولکەکان هەن کە وەڵامیان لە گروپێکی تری دەمارەوە بۆ دێت و دەڵێت، ” یەک، دو، سێ، یەک دو، سێ…” کاتێک کیژەکە وا دەڵێت، لەوانەیە لە هەمبەر مامۆستاکەیدا، کە سەیری دەکات، زەردەخەنە لەسەر لێوانی بێت.

ئنجا با لە کارەبا بدوێین. هێزەکانی یەکتر ڕاکێشان، کە بریتین لە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ، ئەوەندە بەهێزن کە لە نێو هەر توخمێکی نۆرماڵدا، هەر هەمو بارگەکان، نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ، هاوسەنگیەکی ڕێک پێکدەهێنن، هەمو شتێک لەگەڵ شتێکی تردا یەکتر رادەکێشن. بۆ ماوەیەکی زۆر کەس سەرنجی لە دیاردەی کارەبا نەدابو، تەنها لە چەند بۆنەیەکدا نەبێت کاتێک کە پارچەیەک مادەی کارەبایان لە پارچەیەکی تر خشاندوە و بوە بەهۆی ڕاکێشانی پارچە کاخەزێک، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، دەبینین کاتێک یاری بەمجۆرە شتانە دەکەین، لە ناوەوە ژمارەیەکی بێشومار ئامێرمان هەیە، کەچی دەبینین زانست هێشتا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە تەقدیری ئەمە ناگرێت.

بۆ ئەوەی نمونەیەکتان بدەمێ، کاتێک ”مێژوی کیمیایی مۆم” ی فارادایم خۆێندەوە، کە بریتیە لە شەش موحازەرەی جەژنی سەری ساڵ بۆ منداڵان. مەبەست لەم موحازەرانە ئەوەیە، گرنگ نیە سەیری چی دەکەیت، خۆ ئەگەر تەواو لە نزیکەوە سەیریان بکەیت، ئەوا خۆت لە سەرتاپای گەردوندا ڕۆڵت دەبێت. خۆشی هێندە سەیری هەمو سیمایەکی مۆمەکەی کردوە هەتا چۆتە ناو سوتانی مۆمەکەوە. بەڵام پێشەکی کتێبەکە، کاتێک باس لە ژیانی فارادای و هەندێک لە دۆزینەوەکانی دەکات، ئەوە ڕون دەکاتەوە کە ئەو کەشفەی کردبوو کە ئەو بڕە کارەبایەی پێویستە بۆ شیکاری کارەبایی electrolysis توخمە کیمیاییەکان ڕاستەوانە دەگۆڕێن لەگەڵ ژمارەی ئەو ئەتۆمانەی کە جیادەبنەوە لەسەر ژمارەی هاوتای ڕەگەزی [1]Valence Number . جگە لەوە، ئەوەش باس دەکات کە کە ئەو پرینسیپانەی ئەو کەشفی کردون لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەکاردێن بۆ زاخاوی کرۆمی و ئۆکسیدە – ڕەنگکردنی ئەلەمنیۆم و دەیان بواری تری پیشەسازی. فارادای دوایی لەمەڕ کەشفکردنەکانیەوە دەڵێت، ” ئەتۆمەکانی مادە لە چەند ڕێگایەکەوە هێزی کارەباییان تێدایە، کە ئەم هێزانە وایان کردووە چەند خاسیەتێکی زەق بە ئەتۆمەکان ببەخشن، لە نێویاندا سیفاتی کیمایی هاوچونیەکی.” فارادای ئەو هۆکارەی دۆزییەوە کە دەبێت بەهۆی یەکگرتنی ئەتۆمەکان، ئەو شتانەی کە یەکخستنی ئاسن و ئۆکسجین دیاری دەکەن و ئۆکسایدی ئاسن دروست دەبێت، ئەم شتانە هەندێکیان لە ڕوی بارگەی کارەباییەوە پۆزەتیڤ و هەندێکی تریان نێگەتیڤن، ئەمانەش تا ئەوپەڕی ڕیژەکەیان یەکتر رادەکێشن. ئەوەشی دۆزییەوە کە کارەبا بە یەکە دێت، کە ئەویش ئەتۆمە. ئەمانە هەردوکیان ئیکتشافاتی گەورە بون، بەڵام لەمەش بە خرۆشتر ئەوەبو کە ئەمە یەکێک بو لە ساتە هەرە دراماتیکییەکان لە مێژوی زانستدا، یەکێک بوو لەو ساتە دەگمەنانەی کە دوو بواری مەزنی زانست دەبن بە یەک و یەک دەگرن. فارادی[3] لە ناکاو بۆی دەرکەوت کە لە هەقیقەتدا دوو شتی جیاوازن بەڵام دوو لایەنی جیاوازی هەمان شتن. هەم کارەبا خوێنرابو هەم کیمیاش خوێنرابو. بەڵام ئەوا لە پڕێکدا دو لایەنی هەمان شتن – ئەنجامی چەند گۆڕانێکی کیمیایی بریتیە لە چەند هێزێکی کارەبایی. هەتا ئێستاش هەر بەوجۆرە لێی تێگەیشتوین.

هەروەک خۆتان دەزانن، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕۆژنامەکان ستانداردێکیان بۆ هەمو دۆزینەوەیەکی نوێ لە فسیۆلۆژیدا هەیە:

”زانا دۆزەرەکە گوتی کە کەشفەکە لەوانەیە لە بواری شێرپەنجەدا بەکاربهێنرێت ” کەچی خۆشیان ناتوانن بەهای شتەکە خۆی تەفسیربکەن.

هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمی کارکردنی سروشت بریتیە لە تاقیکردنەوەیەکی سەختی توانستی ئەقڵیی مرۆڤ. ئەم پرۆسەیە چەواشەگەلێکی شاراوە لەخۆدەگرێت، وەک گوریسی جوانی پەڕینەوەی ئەکرۆباتەکان لۆژیکیە و ئنسان بۆ ئەوەی هەڵە نەکات دەبێت وەها لەسەری بڕوات کە پێشبینی ئەوە بکات چی ڕودەدات. میکانیکی کوانتەم و ئایدیاکانی تیۆری نسبی نمونەیەکن لەم جۆرە.

لایەنی سێیەمی بابەتەکەم لەمەڕ زانست ئەو میتۆدەیە کە بۆ دۆزینەوەی شتەکان بەکاردێت. ئەم میتۆدە بەندە لەسەر ئەو پرینسیپەی کە تێڕامان سەنگی مەحەکە بۆ ئەوەی قەرار بدەین شتێک وایە یان نەء. ئەگەر تێڕامان دوا وێستگەی تێگەیشتن و سەنگی مەحەکمان بێت بۆ هەقیقەتی فکرەیەک، ئەوا ئنسان دەتوانێت ڕاستەخۆ لە هەمو لایەنەکان و خاسیەتەکانی تری زانست تێبگات. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو سەلماندنەی لەم میتۆدەدا بەکاردێت بە مانای ئیختیبار test دێت، هەروەک ئەو سەلماندنە دێت کە ئەگەر سەد جار کحول تاقی بکەیتەوە ئەوا هەر کحولە و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ئایدیاکە دەبێت بەمجۆرە بۆ خەڵکەکە تەرجەمە بکەیت: ” حاڵەتی نائاسا یاساکە ئیختیبار دەکات. ” یاخود، ئەگەر بە شێوەیەکی تر بیڵێین، حاڵەتە نائاساکە ئەوە دەسەلمێنێت کە یاساکە هەڵەیە. ئەمەیە پرینسیپی زانست. ئەگەر هەر بارێکی نائاسا هەبێت بۆ هەر یاسایەک و ئەگەر بە میتۆدی تێڕامان بسەلمێنرێت، ئەوا یاساکە هەڵەیە.

هەر یاسایەک بگریت لە خۆیدا زۆر سەرنجڕاکێشە و حاڵەتی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە ئەوەمان پیشاندەدات کە یاسا کۆنەکە هەڵەیە. لەوەش زیاتر کە مایەی تێڕامان و جێگەی خرۆشانە ئەوەیە کە بزانین یاسا راستەکە، ئەگەر هەبێت، چییە. ئەم حاڵەتە تایبەتەی یاساکە، لەگەڵ حاڵەتەکانی تردا دەخوێنرێت بۆ ئەوەی ئەنجامی هاوشێوە بەرهەم بهێنن. زانا تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی کە حاڵەتی تایبەتتر بدۆزێتەوە و سیماکانی یاخود خاسیەتەکانی ئەم حاڵەتە تایبەتە دیاری بکات، ئەمە پرۆسەیەکە، لە ڕەوتی پەرسەندنیدا، بە شێوەیەکی بەردەوام مایەی خرۆشانە. زاناکە هەوڵنادات ڕابکات لەوەی کە پیشانی بدات کە یاساکە هەڵەیە، چونکە بەرەوپێشجون و خرۆشان لە پرۆسە پێچەوانەکەشدا هەر هەیە، واتە زاناکە زۆر بە پەلە و هەتا بتوانێت ئەو هەوڵەش دەدات کە بیسەلمێنێت کە هەڵەیە.

ئەو پرینسیپەی کە وردبونەوە و ڕامان دەکات بە سەنگی مەحەک، سنورێکی تۆکمە بۆ ئەو جۆرە پرسانە دەکێشێت کە پێویستە وەڵام بدرێنەوە. ئەمانە سنورەکەیان بۆ ئەو پرسانەیە کە بەم جۆرە دای بڕێژیت: ” ئەگەر ئەمە بکەم، چی ڕودەدات؟” ڕێگاگەلێک هەن بۆ ئەوەی تاقییان بکەیتەوە و سەیریان بکەیت، پرسیاری وەکو، ”پێویستە من ئەمە بکەم؟” و ” ئەی بەهای ئەمە چییە؟” هەمان شت نین.

بەلام ئەگەر شتێک زانستی نەبێت، ئەگەر نەتوانێت ملکەچی بابەتییانەی وردبونەوە بێت، ئەوا ئەوە ناگەیەنێت کە مردووە، یاخود هەڵەیە، یاخود سەخیفە. ئێمە مشتومڕ لەسەر ئەوە ناکەین کە زانست بە جۆرێک باشە و شتەکانی تر بە جۆرێک باش نین. زانایان حەزیان لە هەموو ئەو شتانەیە کە دەشێت بە وردبونەوە شی بکرێنەوە و ئەو شتانەش کە بە زانست ناودەبرێن دەدۆزرێنەوە. بەڵام گەلێک شت هەروا لە دەرەوە دەمێننەوە، چونکە میتۆدەکە بۆ ئەوان کارناکات. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم شتانە گرنگ نین، لە هەقیقەتدا، گرنگن و لە گەلێک ڕوی ترەوە زۆر گرنگترن. لە هەر قەرارێکدا بۆ کارکردن، کە دەبێت خۆت یەکلایی بکەیتەوە کە چی بکەیت، پێوستە هەمیشە پرسی ” چی لەخۆبگرێت و چۆن بکرێت” بخەیتە بەردەم خۆت، ئەمەش بەوە چارەسەر ناکرێت و بە تەنها ئەوە بەس نییە کە بڵێیت: ”ئەگەر ئەمە بکەم، چی ڕودەدات؟”. بەڵکو دەڵێیت: ” بە دڵنیاییەوە، دەزانیت چی ڕوودەدات، ئنجا قەراردەدەیت کە ئایا دەتەوێت کارەکە بکەیت، یان نەی کەیت.”. بەڵام ئەمە هەنگاوێکە زاناکە ناتوانێت هەڵی بگرێت. دەتوانێت سەردەربکات لەوەی کە چی ڕودەدات، بەڵام دیسانەوە دەبێت ئەو بڕیارە بدەیت کە ئەم ڕێگایەت بە دڵە یان نەء.

لە زانستدا ژمارەیەک دەرهاویشتە هەن کە لە ئەنجامی پرینسپی ڕامان observation وەک میتۆدێکی حوکمدان دەردەکەون. بۆ نمونە، ڕامان و وردبونەوە نابێت بە هەڵەشەیی ئەنجام بدرێن، دەبێت زۆر وریا بیت. چونکە لەوانەیە تۆزێک خۆڵ و پیسی، یان تەپوتۆز لە ناو ئامێرەکاندا یان دەزگاکانی کارکردندا هەبێت کە دەبێت بە هۆی گۆڕینی ڕەنگ، بێگومان فکرت لەمە نەدەکردەوە. دەبێت وردبونەوەکانت زۆر بە وریایی سەیربکەیت و بپشکنیت، ئنجا دیسانەوە سەیریان بکەیتەوە و چێکیان بکەیتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی دڵنیابیت کە لە هەموو هەلومەرجەکان تێ بگەیت کە لە ئارادا هەن و ئەوەش کە کردوتە بە هەڵە تەفسیرنەکەیت.

شتێکی سەرنجڕاکێشە کە خەڵک زۆر جار بە هەڵە لەم وردەکارییە تێدەگەن. کاتێک یەکێک دەڵێت کە شتێکی زۆر بە باشی ئەنجامداوە، زۆربەی جار مەبەستی ئەوەیە کە کارەکەی بە شێوەیەکی ورد(وردەکاری) کردوە. گوێم لە خەڵک بوە کە باسی ڕەشەکوژی ”زانستییانە”ی جولەکەکانی ئەڵمانیایان کردوە، هیچ شتێکی زانستی نەبووە، بەڵکو تەنها ئەوە بوو کە شتەکەیان بە وردی ئەنجامداوە. هیچ پێویست ناکات کە ئنسان وردبونەوە بکات و دواییش چێکیان بکات بۆ ئەوەی شتێک دیاری بکات. بەو مانایە بێت، لە ڕۆژگاری ڕۆمەکان و گەلێک زەمەنی تردا ڕەشەکوژی ”زانستییانە”ی خەڵک لە ئارادا بووە، ئەمە لە کاتێکدا کە زانست بەم جۆرەی ئەمڕۆ پێشکەوتنی بەسەردا نەهاتبو و زۆریش ئاوڕ لە وردەکاری نەدرابوەوە و بایەخی پێنەدرابو. لەم جۆرە حاڵەتانەدا، پێویستە خەڵک کە باس لە کاری ”وردەکاری” بکات لە بری وشەی ” زانستی.”

ژمارەیەک تەکنیکی تایبەت لە ئارادا هەن کە پەیوەستن بە بواری کاری ڕامان و وردبونەوەوە، زۆربەی ئەوەش کە بە فەلسەفەی زانست ناودەبرێت بایەخ بە گفتوگۆ دەدات لەمەڕ ئەم تەکنیکانەوە. لێردا، وەک نمونە، تەفسیرکردنی ئەنجامێک دەهێنینەوە. ئەگەر نمونەیەکی هیچ باس بکەین، نوکتەیەکی بەناوبانگ لەمەڕ پیاوێک هەیە کە دەچێت و ناڕازی خۆی لای هاوڕێیەکی سەبارەت بە دیاردەیەکی ئەفسوناوی و غەیبئامێز دەردەبڕێت و باسی مەزراکەی خۆی دەکات دەڵێت کە ئەسپە سپییەکان زۆر زیاتر لە ئەسپە ڕەشەکان دەخۆن. ئەمە نیگەرانی کردووە و تێ ناگات بۆچی ئەم شتە بەمجۆرەیە، کابرای برادەر پێی دەڵێت کە لەوانەیە ژمارەی ئەسپە سپییەکان لە کێڵگەکەدا زیاتر بن لە ئەسپە ڕەشەکان.

ئەمە شتێکە کە مایەی گاڵتەجاڕییە، بەڵام هەر خۆت بیربکەوە کە چەند لە حوکمدانی جۆربەجۆردا هەڵەت کردووە. بۆ نمونە، دەڵێیت، ” خوشکەکەم سەرمای بوو و دوو هەفتەی تر…….” ، ئەمە وەک حاڵەتانەی سەرەوە وایە کە ئیشارەمان پێدا، مەبەستمان لە مەسەلەی ئەسپە سپییەکە و ئەسپە ڕەشەکەیە، ئەگەر بیری لێ بکەیتەوە و بڵێیت کە ژمارەی ئەسپە سپییەکان زیاتر بوو لە هی ڕەشەکان. بیرکردنەوەی لۆژیکییانەی زانستی پێویستی بە دیسپلینی دیاریکراو هەیە و دەبێت ئەم دیسپلینە فێری هەموو خەڵک بکەین، چونکە ئەم جۆرە هەڵانە لە نزمترین ئاستەکاندا پێویستە لە ئارادا نەبن.

خاسیەتێکی تری زانست ئەوەیە کە بابەتییەیانە کاردەکات. پیویستە بە شێوەیەکی بابەتییانە سەیری ئەنجامەکانی ڕامان و وردبونەوە بکرێت، چونکە تۆ، وەک تاقیکارێک لەوانەیە ئەنجامێکت زیاتر بە دڵ بێت وەک لە ئەنجامێکی تر. چەند جار تاقیکردنەوەکە دەکەیت، دوایی، لەبەر ناڕێکی، کە لەوانەیە بە هۆی تۆزێک خۆڵەوە بێت، لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر ئەنجامەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، هەموو شتێک لە ژێر کۆنترۆڵی خۆتدا نییە، حەزدەکەیت ئەنجامەکەت جێگەی دڵنیایی بێت، ئیتر چەند جارێک دێت و کارەکەت بەو جۆرە دەبێت و ئنجا دەڵێیت: ”سەیرکە، ئەنجامەکە بەم شێوە تایبەتە دەرچوو.” جاری داهاتو کە تاقیکردنەوە دەکەیت، بە جۆرێکی جیاواز دەردەچێت. لەوانەیە یەکەمجار تۆزێک خۆڵ شتەکەی وا لێ کردبێت، بەلام تۆ فەرامۆشی دەکەیت.

ئەم شتانە شەفاف دێنە بەرچاو، بەڵام خەڵک بایەخی تەواوی پێنادەن لە بڕیاردانی پرسە زانستیەکاندا یان ئەو پرسانەی کە بە شیوەیەکی لاوەکی زانستین. بۆ نمونە، لەوانەیە بڕێکی دیاریکراو لە سەلیقە لە ئارادا هەبێت کە بتوانیت بەو پرسە شی بکەیتەوە کە ئایا شمەک بەرز بوەتەوە یان نزم بوەتەوە لەبەر ئەوەی کە سەرۆک چی گوت و چی نەگوت.

خاڵێکی تری گرنگی تەکنیکی ئەوەیە کە هەتا ڕێسایەک تایبەت و دیاریکراو بێت، ئەوە زیاتر سەرنجڕاکێشە. هەتا حاڵەتەکە ڕەهاتر بێت، ئەوە زیاتر سەرنجڕاکێشە بۆ ئەوەی بیخەینە ژێر تاقیکردنەوەوە. خۆ ئەگەر کەسێک هات و پێشنیازی ئەوەی کرد کە هەسارەکان بۆیە بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە چونکە هەموو مادەی پێکهاتووی هەسارەکان جۆرە مەیلێکیان بۆ جوڵە هەیە، با لێرەدا ناوی بنێین ”ئومف oomph ” ئەم تیۆرییە لە توانایدا هەیە کە تەفسیری ژمارەیەکی تر لە دیاردە بکات. بەمجۆرە ئەمە تیۆرییەکی باشە، وا نییە؟ نەخێر، هەر هیچ وەک ئەو پێشنیازە باش نییە کە دەڵێت هەسارەکان لە ژێر کاریگەری هێزێکدا بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە کە پێچەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ دوجای دوورییان لە چەقی خۆرەوە. تیۆری دووەم باشترە، چونکە زۆر وردتر و زەقتر، زۆر ئاشکراتر دیارە کە ئەمە دەرەنجامی ڕێکەوت نییە. بەمجۆرە شتەکە ئەوەندە ڕەهایە کە بچوکترین هەڵە لە جولەدا دەتوانێت ئەوە پیشان بداتە کە هەڵەیە، بەڵام لەوانەیە هەسارەکان بە هەمو لایەکدا بلەقێن و پاشان بە پێی تیۆری یەکەم، دەتوانیت بڵێیت کە ” ئەوە ڕەوشێکی سەیری ئومفە.”

بەمجۆرە، هەتا ڕێساکە وردتر بێت، ئەوە بەهێزترە، هەتا زیاتر شاز بێت، ئەوا سەرنجڕاکێشتر و بەهادارتر دەبێت. ووشەکان لەوانەیە بێ مانا بن. ئەگەر بەم شێوەیە بەکاربهێنرێن، ئەوا ناتوانرێت هیچ جۆرە دەرەنجامێکی زەق بکێشرێت، هەوەک لە نمونەکەمدا ”ئومف” دیاربو، پاشان ئەو پێشنیازەی کە خستیانەڕوو بێ مانایە، چونکە ئنسان دەتوانێت هەموو شتێک بەو پێودانگە تەفسیر بکات کە مەیلی جوڵەی هەیە. ژمارەیەکی زۆر لە فەیلەسوفان ئەم پرسەیان تاووتوێ کردووە، هەروەک دەڵێن کە ووشەکان پێویستە زۆر بە وردی و پێناس بکرێن. لە ڕاستیدا، من لەم پرسەدا تەبا نیم، بە بڕوای من پێناسی زۆر ورد زۆر جار شتێکی بە بایەخ نییە و گەلێک جاریش ناکرێت – لە هەقیقەتدا زۆربەی جار ئەمە ناکرێت، بەلام لێرەدا خۆم ناخەمە ئەم مشتومڕەوە.

زۆربەی ئەوەی کە زۆر لە فەیلەسوفان سەبارەت بە زانست دەیڵێن لە هەقیقەتدا لایەنی تەکنیکی دەگرێتەوە کە پەیوەستە بە هەوڵدان بۆ ئەوەی لەوە دڵنیابین کە میتۆدەکە زۆر بە باشی ئیش دەکات. ئایا ئەم خاڵە تەکنیکییانە لە بوارێکدا کە ڕامان و وردبونەوە سەنگی مەحەک نین سودی هەیە یان؟ من نازانم. هەر بۆیە من ناچم ئیتر بڵێم کە هەموو شتێک دەبێت بە هەمان میتۆدی تاقیکردنەوە بکرێت کە جیاواز بێت لەو وردبونەوەیەی کە بەکارهێنرا. لەوانەیە لە بوارێکی تردا ئەوە گرنگ نەبێت کە ئاگامان لە مەبەست و مانای وشەکان بێت، یاخود ڕێساکە دەبێت زۆر دیاریکراو و زەق بێت، ئیتر بەمجۆرە. من ئەوە نازانم.

لە هەمو ئەمانەدا شتێک هەیە کە زۆر گرنگە و باسم نەکردووە. من گوتم کە وردبونەوە و ڕامان سەنگی مەحەکن بۆ هەقیقەتی بیرۆکەیەک. بەڵام ئەی بیرۆکەکە لە کوێوە دێت و سەرچاوەکەی چییە؟ پێشکەوتن و پەرەسەندنی خێرای زانست پێوستیان بەوە هەیە کە ئنسان شتێک دابهێنێت بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، بیروباوەڕەکە بەو جۆرە بوو کە خەڵک بە شێوەیەکی سادە وربونەوەیان ئەنجام دەدا و پاشان هەر وردبونەوەکان خۆیان پێشنیازی یاسایان دەکرد. بەڵام شتەکە بەمجۆرە ناڕوات بەڕێوە، بەڵکو زۆر لەوە زیاتر خەیاڵ و بیرکردنەوەی پێویستە. بەمجۆرە ئەو بابەتەی داهاتوو کە پیویستە قسەی لەسەر بکەین ئەوەیە کە بیرۆکە تازەکان لە کوێوە دێن؟ لە ڕاستیدا، مەسەلەکە ئەوەندە گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بیرۆکەکە بەردەوام بێت لە هاتندا. میتۆدێکمان هەیە بۆ ئەوەی بزانین ئایا بیرۆکەکە یان ئایدیاکە راستە یان نەء کە هیچ پەیوەست نییە بەوەی سەرچاوەکەی لە کوێوە هاتوە. ئەو ڕێگایەش ئەوەیە کە لە هەمبەر وردبونەوەدا تاقی دەکەینەوە. بەمجۆرە لە زانستدا ئەوە گرنگ نییە بە لامانەوە کە ئایدیاکە لە کوێوە هاتووە.

هیچ دەسەڵاتێک نییە کە بڕیاربدات کە چ ئایدیایەک باشە. چیتر پێویستمان بەوە نییە بچینە لای دەسەڵات(فەرمانرەوا)[4] بۆ ئەوەی بزانین کە ئایدیایەک باشە یان خراپ، خۆمان دەتوانین کە فکری فەرمانرەوا بخوێنینەوە و مۆڵەتی پێ بدەین کە پێشنیازی شتێکمان بۆ بکات ئنجا دەتوانین خۆمان بزانین کە ئەوەی ئەوان راستە یان نەء، خۆ ئەگەر ڕاست نەبوو، ئەوە شتێکی خراپە بۆ ئەوان، چونکە ”فەرمانڕەواکان ”هەندێک لە ”فەرمانڕەوایی” خۆیان لە دەست دەدەن.

یەکەمجار زانایان لە نێوان خۆیاندا، هەوەک پەیوەندی زۆربەی زۆری خەڵک، پەیوەندییەکی پڕ مشتومڕیان هەبوو. بۆ نمونە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی فیزیکدا وابوو، بەلام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و لە فیزیکدا پەیوەندییەکە هەتا بڵێیت باشە.

لەوانەیە مشتومڕی زانستی زۆرجار پێکەنین و نایەقینی لە هەردوو لاوە لەخۆبگرێت، هەدوو لا وا بیر لە تاقیکردنەوە دەکەنەوە و گرەو لەسەر دەرنجامەکەی دەکەن. لە فیزیکدا، ئەوەندە وردبونەوەی کەڵەکەبوو لە ئارادا هەیە، بە جۆرێک دەڵێی ئیتر مەحاڵە کە ئنسان بیر لە هیچ بیرۆکەیەکی نوێ بکاتەوە کە جیاواز بێت لە هەموو ئەو بیرۆکانەی کە لەوەبەر بە بیری خەڵکدا هاتون و لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ ئەو هەموو وردبونەوەیەدا کۆک بن کە ئەنجامدراون. بەمجۆرە هەرچی شتێکی نوێت لە هەر کەسێکەوە، لە هەر شوێنێکەوە دەست بکەوێت، ئەوا پێشوازی لێدەکەیت و هیچ مشتومڕ لەسەر ئەوە ناکەیت کە کەسەکەی تر چی دەڵێت.

زۆر لە زانستەکان هەتا ئەم رادەیە پێشکەوتوو نەبووبوون، وەزعەکەش بەو جۆرە بوو کە سەرەتای ڕۆژانی فیزیک بوو، کاتێک مشتومڕێکی زۆر لە ئارادابوو چونکە ئەوەندە وردبونەوە ئەنجام نەدرابوو. من ئەمە دێنمە پێش، چونکە شتێکی سەرنجڕاکێشە کاتێک پەیوەندییەکانی خەڵک، ئەگەر بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە حوکم بدەین، فۆرمێکی دوور لە مشتومڕ لەخۆبگرێت.

بە لای خەڵکەوە شتێکی سەیرە کە دەبینن لە زانستدا هیچ گرنگی نادرێت بە بنەچە و ئەسڵی خاوەن ئایدیاکە، یان بەو پاڵنەرەی کە هانی داوە. تۆ گوێ دەگریت، خۆ ئەگەر شتێک بێت کە خۆش دیارە و حەزت لێیە، شتێک بێت کە تاقی بکرێتەوە، شتێک کە جیاواز بێت و دژایەتی شتێک ناکات کە لەوەبەر سەرنجدراوە و وردبونەوەی لەسەرکراوە، ئەوا شتێکە کە مایەی خرۆشانە و شایەنی تاقیکردنەوەیە. نابێت هیچ نیگەرانی ئەوە بیت کە ئەو چەند خەریکی بووە و خوێندویەتی و یاخود بۆچی دەیەوێت کە تۆ گوێی لێ بگریت. لەم ڕوەوە، گرنگ نییە و فەرق ناکات کە ئایدیاکە لە کوێیوە هاتووە. بناوانی ڕاستەقینەی ئایدیاکە نازانین، ناوی دەنێین خەیاڵی مێشکی مرۆ، خەیاڵی داهێنانە، شتێکە لەوانەی وەکو ”ئومف” ناومان برد.

شتێکی سەیرە کە خەڵک بڕوا ناکات کە ئەندێشە و خەیاڵبافی لە زانستدا بونی هەیە. ئەم خەیاڵبافییە زانستییە شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، وەک ئەوەی هونەمەندان ییە. کێشەی گەورە لەوەدایە کە تۆ هەوڵدەدەیت خەیاڵ لە شتێک بکەیتەوە کە هەرگیز لەوەبەر نەت بینیوە، ئەوەی هاوجوتە لەگەڵ ئەوەی لەوەبەر بینراوە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە و جودایە لە هەمو ئەوەی لەوەبەر بیری لێنەکراوەتەوە، لەوەش زیاتر، ئەو خیاڵبافە پێویستە شتێکی ڕەها بێت نەک پێشنیازێکی تەماوی. ئەمەش بە ڕاستی شتێکی قورس و گرانە.

ئەو هەقیقەتەی کە گوایە هێشتا ڕێساگەلێک هەن و پێویستە چێک بکرێن، شتێکی وەک موجیزە وایە، هەتا ئێستاش یاسای وەکو یاسای دوجای پێچەوانەیی ڕاکێشان لە ئارادا هەیە و لە توانای مرۆڤدا هەیە کە کەشفیان بکات، ئەمە موجیزەیە. ئێمە هێشتا بە تەواوی حاڵی نەبوین، بەڵام زەمینە خۆش دەکات بۆ پێشبینیکردن – واتە پیمان دەڵێت کە چاوەڕوان بین شتێک لە تاقیکردنەوەدا ڕودەدات کە هێشتا نەمان کردووە.

شتێکی سەرنجڕاکێشە و بە شێوەیەکی ڕەهاش بنچینەییە کە ڕێسا جوداکانی زانست دەبێت هاوجوت بن. چونکە وردبونەوەکان هەر هەموو هەمان وردبونەوەن، ڕێسایەکی زانستی ناشێت پێشبینی شتێک بکات و ڕێسایەکی تریش پێشبینییەکی تر. بەمجۆرە زانست کارێکی تایبەمەندی نییە، بەڵکو تەواو گەردونییە. من قسەم لەسەر ئەتۆمەکان کرد لە بواری فیسۆلۆژیادا، قسەم لەسەر ئەتۆمەکان کرد لە بوارەکانی ئەسترۆنۆمی، کارەبا و کیمیا، هەموو گەردونین، پیویستە هاوجوت بن. ئنسان ناتوانێت لە شتێکی تازەدا دەست پێ بکات و لە ئەتۆم دروست نەبوبێت.

شتێکی سەرنجڕاکێشە کە ئەقڵ ڕێساکان تەخمین دەکات، ڕێساکانیش، هەر هیچ نەبێت ئەوانەی لە فیزیکدا هەن، هەڵدەهێنجرێن. نمویەکی جوانی هەڵهێنجاندنم پێشکەشکردن، ئەویش کورتکردنەوەی ڕێسایەک لە ڕێساکانی کیمیا و کارەبا بوون، نمونەی تریش زۆرن.

ئەو ڕێسایانەی کە وەسفی سروشت دەکەن پێدەچێت ماتماتیکی بن. ئەمە ئەنجامی ئەو هەقیقەتە نییە کە وردبونەوە سەنگی مەحەک بێت، خەسڵەتێکی زەروری زانست نییە کە دەبێت ماتماتیکی بێت، تەنها ئەوە هەیە و دەرکەوتووە کە دەتوانیت یاسای ماتماتیکی بخەیتەڕوو، هەر هیچ نەبێت لە فیزیکدا، کە پێشبینی بەهێز دەکات. بۆچی سروشت ماتماتیکییە؟ ئەوە دیسانەوە شتێکی ئەفسوناوییە.

ئێستا دێمە سەر خاڵێکی زۆر گرنگ. لەوانەیە یاسا کۆنەکان هەڵە بن. چۆن وربونەوەیەک دەشێت ڕاست نەبێت؟ خۆ ئەگەر بە وردی چێک کراوە، ئەی چۆن دەبێت هەڵە بێت؟ بۆچی دەبێت فیزیکناسان هەمیشە یاساکان بگۆڕن؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە یەکەم: یاساکان وردبونەوەکان نین، دووەمیش، تاقیکردنەوەکان هەمیشە وردنین. یاساکان یاسای تەخمینن، نزیکەیین، شتێک نین کە وردبونەوەکان بیسەپێنن.

ئەمانە تەنها تەخمینی باشن و بە فیلتەردا ڕۆێشتون. دواییش دەردەکەوێت کە فیلتەرەکە کونی بچکۆلەتری لەو کاتەی لەوەبەر بەکارهاتووە، تێدایە و ئەمجارەیان یاساکە لە خەتا گیراوە. بەمجۆرە یاساکان تەنها تەخمینن، نزیکبونەوەیەکن بە ئاڕاستەی نەزانراوەکان. مرۆ نازانێت چی ڕوودەدات، هەر بۆیەش دەبینین شتەکە تەخمین دەکات. بۆ نمونە ” باوەڕی باڵادەست ئەوەبوو کە جوڵە کارناکاتە سەر کێشی مادەیەک ” ئەگەر سەرە مەنجەڵێک بخولێنیتەوە و پاشان کە وەستا ئیتر سەرە مەنجەڵەکە بکێشی، دەبینین هەر هەمان کێشی هەیە. ئەوە دەرەنجامی وردبونەوە بوو، بەلام ئنسان ناتوانێت شتێک بکێشێت کە ژمارەیەک دەربچێت و کەرتەکەی هەتا ناکۆتا هەر بڕوات، کە لەوانەیە کەرتێک بێت لە بلیۆنێک. بەڵام ئێستا حاڵی بووین و تێدەگەین کە سەرقاپێکی خولاوە کێشەکەی لە سەقاپێکی وەستاو زیاترە ئەویش بە کەرتێکی بچکۆلەی وەک کەرتێک لە بلیۆنێک، خۆ ئەگەر سەرقاپەکە ئەوەندە خێرا بخولێتەوە، بڵێین کەنارەکانی ئەم سەرەقابلەمەیە خێراییەکەی نزیک دەبێتەوە لە 186000 میل لە چرکەیەکدا، ئەوا کێشەکەی بە قەبارەیەکی بەرجاو دەگۆڕێت. یەکەم تاقیکردنەوە کە ئەنجامدرا و خێراییەکە کەمتر بوو لە 186000 میل لە چرکەیەدا، دەرکەوت کە بارستایی سەرەقابلەمەکە پێش خولانەوە و لە کاتی خولاوەنەوەدا بە تەواوی وەک یەکە، کەسێکیش تەخمینی کرد کە بارستاییەکە هەرگیز گۆڕانی بەسەردا نایەت.

چ گەمژەییەکە! چەندە شتێکی گەمژانەیە! ئەوە تەنها یاسایەکی تەخمینکراوە، نزیکەییە. بۆچی ئەم کابرایە شتێکی وا نازانستی ئەنجامدا؟ بەلام هیچ شتێکی نازانستی لەو کارەدا نەبوو، تەنها شتێک بوو کە نایەقینیی تێدا بوو. شتەکە دەبووە نازانستی ئەگەر تەخمینی تێدا نەبوایە. هەر دەبوو کارەکە بەو جۆرە بوایە، چونکە داڕشتنی بەهایەکی نزیکەیی تەنها شتە کە بەهای ڕاستەقینەیان هەیە. ئەمە تەنها پرینسپێکە کە مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە لە حاڵەتێکدا کە تاقی نەکردووەتەوە و شایستەی زانینە. زانیاری هیچ بەهایەکی نییە ئەگەر تەنها پێم بڵێیت کە دوێنێ چی ڕویداوە. بەڵکو پێویستە ئەوەم پێ بڵێیت کاتێک شتێک دەکەی ئەوا بەیانی چی ڕودەدات.

هەمو یاسایەکی زانستی، هەمو پرینسپێکی زانستی و هەموو حاڵەتەکانی دەرەنجامەکانی وردبونەوە جۆرە کورتەیەکی شتەکەن و بە دورودرێژی شتەکە باس ناکەن، چونکە ناتوانرێت هیچ شتێک بە وردی بخرێتەڕوو. بە کورتی بڵێین کابرا لە بیری چوو – پێویست بوو یاساکە بخاتەڕوو ” ئەگەر خێراییەکە زۆر بەرز نەبێت ئەوا بارستاییەکە ئەوەندە ناگۆڕێت.”

مەبەست لە گەمەکە ئەوەیە کە یاسایەکی دیاریکراو دروست بکرێت و پاشان ببینین و بزانین ئایا ئەم یاسایە بە فیلتەرەکەدا گوزەر دەکات. بەم جۆرە تەخمینێکی دیاریکراو ئەوەبوو کە بارستایی هەرگیز و بە هیچ جۆرێک ناگۆرێت. ئەوە گرنگ نییە کە شتەکە بەوجۆرە بوو. چونکە مەسەلەکە تەنها نایەقینی بوو، ئەوەش شتیكی زیانبەخەش نییە ئەگەر مرۆ نایەقین بێت. ئنسان وا باشترە شت بڵێت، با دڵنیاش نەبێت، لەوەی کە هەر هیچ نەڵێت.

شتێکی زەرورییە و ڕاستییشە کە ئەوەی لە زانستدا دەگوترێت، دەرەنجامەکان نایەقینن، چونکە ئەمانە تەنها دەرەنجامن. جۆرە تەخمینێکن سەبارەت بەوەی کە چی ڕوودەدەن، بەلام نازانیت چی ڕودەدەن، چونکە هێشتا تاقیکردنەوەی تەواوت ئەنجام نەداوە.

شتێکی غەریبە کە کاریگەری خولانەوەی سەرقاپەکە لەسەر بارستایی ئەوەندە بچکۆلەیە کە دەتوانین بڵێین، ” ئاه، هیچ گۆڕانێک یان جیاوازییەک دروست ناکات.” بەڵام دەستەبەرکردنی یاسایەک کە ڕاست بێت، یان هەر هیچ نەبێت، بە پاڵاوتە یەک لە دوای یەکەکاندا گوزەربکات، ئنجا چەندەها جار وردبونەوە بکەین، ئەوە پیویستی بە زیرەکی و خەیاڵ و نوێکردنەوەی تەواوی فەلسەفەکەمان هەیە، پیویستی بە نوێکردنەوەی تەواوی تێگەیشتنمان هەیە بەانبەر بە فەزا و زەمەن. من لێرەدا مەبەستم ئاماژەدانە بە تیۆری نسبی. چونکە دەردەکەوێت کە ئەو کاریگەرە بچکۆلانە کە دێنە پێشەوە هەمیشە پێویستیان بە چاکردنی شۆڕشگێڕانەی ئایدیاکان هەیە.

بەمجۆرە دەبینین کە زانایان ڕاهاتون کە مامەڵە لەگەڵ گومان و نایەقیندا بکەن. هەرچی ماریفەتی زانستی هەیە نایەقینە. ئەم ئەزمونە بە گومان و نایەقینیە گرنگە، من باوەڕم وایە کە بەهایەکی بەرزی هەیە. باوەڕم وایە کاتێک هەر کێشەیەک حل دەکەیت کە لەوەبەر نەکراوە، ئەوا پیویستە دەروازەکە بە نیوەکراوەیی بهێڵرێتەوە و دەرفەتێک هەبێت بۆ گومان. دەبێت ئەو بوارە بهێڵیتەوە کە لەوانەیە شتەکەت بە تەواوی بە ڕاست ئەنجام نەدابێت، دەنا ئەگەر قەراری تەواوەتیت دابێت و ئیتر ئەمە دوا وەڵام بێت، ئەوا لەوانەیە شتەکە حل نەکەیت.

کاتێک زانایەک پێت دەڵێت کە وەڵامەکە نازانێت، ئەوە مرۆیەکی جاهلە. کاتێك پێت دەڵێت کە حەدەسی هەیە کە کارەکە چۆن بەڕێوە دەچێت، ئەوا دیارە دڵنیا نییە. بەڵام کاتێک دێت و دەڵێت کە تەواو دڵنیایە کە شتەکە چۆن کاردەکات و بەمجۆرە قسەدەکات: ”ئەمە ئەو ڕێچکەیەیە کە کارەکە پێیدا دەڕوات، گرەویش دەکەم” ئەو هێشتا کەمێک گومانی هەیە. ئەمە شتێکی هەتا بڵێیت گرنگە، بەمجۆرە بۆ ئەوەی بەرەوپێشچون ڕوبدات، پێویستە ئەم جەهالەتە و ئەم گومانە دیاری بکەین.

چونکە لێرەدا گومانمان هەیە، ئەوا پێشنیازی ئەوە دەکەین کە سەیری چەند ئاڕاستەیەکی نوێ بکەین بۆ ئایدیای نوێ. ڕێژەی پەرەسەندنی زانست ئەو ڕێژەیە نییە کە تەنها وردبونەوە و ڕامان ئەنجام بدەیت، بەڵکو لەوەش گرنگتر، بریتییە لەو ڕێژەیەی کە شتێکی تازە دەخوڵقێنیت بۆ ئەوەی بیخەیتە ژێر بواری تاقیکردنەوەوە.

ئەگەر نەمان توانی یاخود خواستی ئەوەمان نەبوو کە سەیری ئاڕاستەیەکی نوێ بکەین، ئەگەر گومانمان نەبوو یاخود جەهالەتمان دیاری نەکرد، ئەوا هیچ ئایدیایەکی نوێ فەراهەم ناکەین. هیچ شتێک لە ئارادا نابێت کە چێکی بکەین، چونکە دەزانین هەقیقەت چییە. هەر بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ بە ماریفەتی زانستی ناوی دەبەین بریتییە لە چەند حاڵەتێکی یەقین لە پلەی جیاوازدا. هەندێک زیاتر مایەی نامتمانەیین، هەندێکی تریان نزیکن لە متمانەییەوە، بەلام هیچیان بە شێوەیەکی ڕەها یەقین نین. زانایان لەسەر ئەمە راهاتون. دەزانین شتێکی ئاساییە کە مرۆ بتوانێت بژی و هیچ نەزانێت. هەندێک خەڵک دەڵێن :” چۆن دەتوانیت بژی و بێ ئەوەی هیچ بزانیت؟” نازانم مەبەستیان چییە. هەمیشە بە بێ ئەوەی بمەوێت بزانم دنیا چییە؟ ژیان دەبەمە سەر. ئەمە ئاسانە. بەڵام ئەوەی من دەمەوێت بیزانم ئەوەیە کە تۆ چۆن چۆنی دەتەوێت شتێک بزانیت.

ئازادی گومانکردن پرسێکی زۆر گرنگە لە زانستدا و من باوەڕم وایە کە لە هەموو بوارەکانی تریشدا هەر بەمجۆرەیە. ئەمە لە ئەنجامی خەباتەوە لەدایکبووە، خەباتێک بووە بۆ ئەوەی مرۆڤ مۆڵەتی هەبێت بۆ ئەوەی گومان بکات، بۆ ئەوەی هەقی هەبێت لە هەمبەر شتێکدا نادڵنیا بێت. لێرەدا نامەوێت ئێمەومانان گرنگی ئەم خەباتەمان لە بیر بچێت و نابێت بهێڵین هەروا هەرەس بهێنێت. من هەست بە بەرپرسیاێتی دەکەم، کە وەک زانایەک بەهای گەورەی فەلسەفەی ڕازیبون و قایلبون بە جەهالەت باش دەزانێت و ئەو پێشکەوتنەی فەلسەفەیەکی ئاوەها دروستیکردووە، پیشکەوتنێک کە بەرهەمی ئازادی بیرکردنەوەیە. من هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم کە بەهای ئەم پێشکەوتنە ڕابگەیەنم و ئەوە فێری خەڵک بکەم کە گومانکردن شتێکە نابێت لێی بترسین، بەڵام دەبێت و دەشێت وەک قودرەتێکی نوێ بۆ ئنسان پێشوازی لێ بکرێت. ئەگەر زانیت لە شتێک دڵنیا نیت، ئەوا فرسەتێک هەیە کە وەزعەکە باش بکەیت. من دەمەوێت داوای ئەم ئازادییە بۆ نەوەکانی ئایندە بکەم.

ڕون و ئاشکرایە کە گومان شتێکی بەهادارە لە زانستدا. جا ئەگەر لە بوارەکانی تردا ئەمە ڕاستە ئەوە پرسێکی کراوەیە و مەسەلەیەکی یەقین نیە. لە موحازەرەی داهاتودا وا چاوەڕێ دەکەم کە ئەم پرسە تاوتوێ بکەم و هەوڵ بدەم کە ئەوە پیشان بدەم کە شتێکی گرنگە ئنسان گومان بکات و گومان کردنیش شتێک نییە کە مایەی ترس بێت، بەڵام شتێکە بەهایەکی مەزنی هەیە.

پەراوێزەکان:

[1] بێگومان ئەمەی فاینمان باسی دەکات، زیاتر لە شەست ساڵە، کەچی هەر هەمان هەژاری و هەر هەمان دیاردە لە جیهاندا ئەگەر خراپتر نەبوبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە باشتر نەبوە.

 [2] مەبەست لە هاوتای توخمی یان هاوتای ژمارەیی لە کیمیادا بریتییە لە پێوەرێک بۆ ژمارەی ئەو بۆندانەی لە توخمێکدا پێکدێن.

[3]  مایکل فارادای کیمیاناس و فیزیکناسی گەورەی بەریتانی ڕۆڵێکی گەورەی هەبو لە خوێندنی ئەلەکترۆماگنێتکدا. لە ساڵی ١٧٩١ دا لە لەندەن لەدایکبوە. تا ڕادایەکی زۆر بە نەخوێنەوار حسابکراوە، سەرەتا بە هەرزەکاری دەستیکردوە بە کاری کتێب بەرگ تێگرتن، بەڵام هەرچی کتێبی زانستی هاتبێتە بەردەست خوێندویەوەتەوە و سودی لێوەرگرتوە. بۆ حەوت ساڵ خەریکی خۆڕۆشنبیرکردن بوە. دوای ئەوەی لە پەیمانگای شاهانە لە تاقیگەدا دادەمزرێت و خەریکی کاری کیمیایی و فیزیکی دەبێت. لە ساڵی ١٨٢١ نامە زانسستییە بەناوبانگەکەی لەمەر ئەلکترۆماگنێتیزم بڵاودەکاتەوە( کە پەیوەستە بە ماتۆری کارەباییەوە). لە ساڵی ١٨٣١ دا کورتکردنەوەی ئەلکترۆماگناتیکی دۆزییەوە( کە بو بە بنەمای جێنێرەیتەر). لە ساڵی ١٨٦٧ دا کۆچی دوایی کردوە.

[4]  بێگومان دەسەلات، یاخود فەرمانڕەوا authority ، لێردا مانایەکی تری هیە، مەبەست لە بیرکردنەویەکی زانستی باڵادەست و باوە، یاخود میتۆدێکی زانستی باو. هیچ پەیوەندی بە حوکم و دەسەڵات و سیاتسەتەوە نییە.

سەرچاوە:

The Meaning of it All, Richard P. Feynman. Penguin (2007). Pp 1-29.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *