بەهای زانست: ڕیچارد فینمان

شێرکۆ ڕەشید قادر بە دەستکارییەوە کردوویە بە کوردی.


لە نێو ئەو هەموو بەهایانەدا کە زانست هەیەتی ، گەورەترین بەهایان بریتیە لە ئازادی گومانکردن.

هەر دەم نادەمێک، خەڵکان پێشنیازی ئەوەم بۆ دەکەن کە زانایان پێویستە زیاتر ئیعتبار بۆ پرسە کۆمەلاتیەکان بکەن – بە تایبەت لەوەدا کە دەبێت زیاتر بەرپرسیارێتیان هەبێت لە هەمبەر پرسی لەبەرچاوگرتنی کاریگەری زانست لەسەر گۆمەڵگا. هەمان پێشنیاز، پێویستە خرابێتە بەردەم زۆر زانای تر، وا دێتە بەرچاو کە باوەڕەکە بە گشتی وەها بێت کە ئەگەر زانایان تەنها سەیرێکی ئەم هەموو پرسە کۆمەلاتیە سەختانە بکەن و زەمەنێکی کەمتر بخەنەگەڕ بۆ خۆخەڵەتاندن بە پرسە کەمتر بنەڕەتیەکانی زانستەوە، ئەوا سەرکەوتنی مەزنی لێ دەردەکەوێ.

لای منیش وا دەردەکەوێت کە ئێمە جارجارە بیر لەم پرسانە دەکەینەوە، بەڵام هەمو کاتەکەمانی بۆ تەرخان ناکەین – هۆی ئەمەش ئەوەیە کە ئێمەش هاوکێشەیەکی سیحریمان لە لا نیە بۆ حلکردنی پرسەکان، چونکە حلکردنی گرفتە کۆمەلاتیەکان زۆر سەخترن لە حلکردنی پرسە زانستیەکان و ئێمەش کە بیریان لێ دەکەینەوە ناگەینە هیچ مەبەستێک.

من بڕوام وایە ئەگەر زانایەک بە پرسە نازانستیەکاندا بڕوانێت وەک گەمژەیەک وایە، کاتێکیش باس لە بابەتە نازانستیەکان دەکات، وەک ساویلکەیەک دێتە بەرچاو کە هیچ ڕاهێنانی لە بابەتەکەدا نەکردبێت. چونکە مەسەلەی بەهای زانست بابەتێکی زانستی نیە. ئەم ئاخافتنە تایبەتە بە سەلماندنی قسەکانم بە نمونەوە.

یەکەم ڕێگا کە زانست بە هۆیەوە بەهای خۆی هەیە و لای هەموو کەس ئاشنایە ئەوەیە کە ماریفەتی زانستی ئەو توانایەمان پێ دەخشێت کە دەتوانین هەمو شتێک بکەین و هەموو شتێکیش دروست بکەین. بێگومان، ئەگەر هەموو شتی باش دروست بکەین، ئەوا پاداشەکە تەنها بۆ زانست نیە، بەڵکو بۆ جۆری ئەو ئەخلاقیەتەیە کە هانمان دەدات بۆ کاری باش. ماریفەتی زانستی هێزێکی توانادارە بۆ ئەنجامدانی کاری باش یان خراپ – بەڵام هیچ ڕێنماییەک نییە کە پێمان بڵێت چۆن بەکاری بهێنین. ئەم جۆرە هێزە، یان دەسەڵاتە بەهایەکی ڕون و ئاشکرای هەیە – تەنانەت ئەگەر چی دەشێت دەسەلاتەکە ڕەت بکرێتەوە بەوەی ئەو کەسە کە چی دەکات.

لە گەشتێکدا بۆ هونولولو فێربوم ئەم پرسە مرۆییە هاوبەشە بە شێوازێک گوزارەبکەم. کاتێک لە پەرستگای بودییەکدا، کابرای بەرپرسی پەرستگاکە شتێکی لەمەڕ ئایینی بودییەکانەوە بۆ گەشتکەران باسکرد، قسەکەی بەوە کۆتایی پێهێنا کە گوتی شتێک هەیە دەبێت بە هەمووانی بڵێت کە هەرگیز لە بیریان ناچێتەوە:

”کلیلی دەرگای بەهەشت بە هەموو مرۆڤێک بەخشراوە، بەڵام هەر هەمان کلیل دەرگای جەهەنەمیش دەکاتەوە”

کەواتە نرخی کلیلەکەی بەهەشت چییە؟ ڕاستە ئێمە هیچ ڕێنماییەکی شەفافمان لەبەردەمدا نییە کە بۆمان دیاری بکات کام دەروازە بەهەشتە و کامە جەهەنەمە، لەوانەیە کلیلەکە شتیکی خەتەر بێت بەکاری بهێنین، بەلام ئاشکراشە کە بەهای خۆی هەر هەیە. چۆن بێ ئەو کلیلە دەتوانین بچینە بەهەشتەوە؟

پاشانیش ڕێنماییەکان بە بێ کلیلەکە هیچ نرخێکی نیە. بەمجۆرە، سەرباری ئەو هەقیقەتەی کە زانست دەتوانێت شتێکی ترسناک لە جیهاندا بەرهەم بێنێت، ئاشکرایە کە بەهای خۆی هەیە چونکە دەتوانێت شتێک بەرهەم بێنێت.

بەهایەکی تری زانست بریتیە لەو چێژوەرگرتنەی بە خۆشی ڕۆشنفکری ناودەبرێت و هەندێک خەڵک لەخوێندن و فێربون و بیرکردنەوەی زانستدا بەدی دەکەن، یاخود هەندێک لە ئەنجامی کارکردن لە زانستدا ئەو خۆشییە فەراهەم دەکەن. ئەمە خاڵێکی زۆر ڕاستەقینە و گرنگە، خاڵێکە لە لایەن خەڵکانێکەوە، لە هەمبەر ئەوەدا بەس نییە کە پێمان دەڵێن ئەوە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی ئێمەیە کە کاردانەوەی کاریگەری زانست لەسەر کۆمەڵ دیاری بکەین.

ئایا ئەمە تەنها چێژی شەخسی بەهایە بۆ کۆمەڵ وەک یەکەیەکی سەراپایی ؟ نەخێر! بەڵام بەرپرسیارێتیشە کە بەهای کۆمەڵ خۆشی لەبەرچاو بگیرێت. کەواتە، لە دوا شیکردنەوەدا، ئایا شتەکان دەبێت وەها ڕێک بخرێن کە خەڵک بتوانێت چێژ لە شتەکان ببینێت؟ ئەگەر وایە، ئەوا چێژوەرگرتن لە زانست وەک هەر شتێکی تر گرنگە.

بەڵام لێرەد حەزنەکەم لەو بەها دونیادییە کەم بکەمەوە کە دەرەنجامی هەوڵی زانستە. ئێمە وەها ڕابەری کراوین کە هەموو شتێک هەتا ناکۆتا وێنابکەین بەجۆرێک کە زۆر ڕازاوەتر بێت لە ئەندێشە و وێناسازی شاعیران و خەونبینانی رابردوو. ئەوە نیشان دەدات کە تەسەوەری سروشت زۆر لە تەسەوری مرۆ مەزنترە. بۆ نمونە، چی نایابترە لەوەی – کاتێک دەبینین نیوەی بەشەرییەت سەر بەرەوخوارە و بە هۆی هێزێکی ئەفسوناویەوە(کە هێزی ڕاکێشانە) بە تۆپێکەوە نوساون، ئەو تۆپەی دەخولێتەوە و بلیۆنان ساڵە لە فەزادا یاری جۆلانەدەکات – یا ئەوەی بە پشتی فیلێکەوە بین و کیسەڵێک ڕایگرتوە و لە دەریایەکی بێ بندا مەلەدەکات.

زۆر جار بیرم لەم شتانە کردۆتەوە و هیوادارم بوارم بدەن کە هەندێک لەو فکرانەی کە من هەمە بیری ئێوەشی بخەمەوە، چونکە دڵنیام ئێوەش خاوەن ئەم فکرانە بوون – یاخود فکری لەم جۆرەتان هەر هەبوە – و هیچ لە ڕابردودا نەبووە، چونکە خەڵک لەو ڕۆژگارەدا ئەو زانیارییەیان نەبوە کە ئێستا ئێمە لەمەڕ دونیا هەمانە.

بۆ نمونە، من بە تەنها لە کەنار دەریا وەستاوم و دەکەومە بیرکردنەوە. شەپۆلەکان بە پڕتاو شاڵاو دێنن… بریتین لە چیایەک لە گەرد (مۆلکیول)، هەر یەکەیان گەمژانە ئاگایان لە خۆیانە… تریلیۆن گەردن و لەیەک ناکەون… کەچی کە یەکدەگرن کەفێکی سپی درووست دەکەن.
چەرخ لە دوی چەرخ… بەر لەوەی هیچ چاوانێک بتوانێت ببینێت… ساڵ لە دوی ساڵ… تۆفان کەنار دەریا بۆمباباران دەکات. بۆ کێ؟ بۆچی؟… لەسەر هەسارەیەکی مردوو، کە هیچ ژیانی تێدانییە بۆ ئەوەی ئاهەنگی بۆ سازبکات.

هەرگیز خامۆش نابێت و دانامرکێتەوە…وزە قاوی دەدات…خۆر ناساییانە وزەکەی بە فیڕۆی دەدات… دەڕژێتە فەزاوە. مێرویەک دەریا دەخاتە لورە لور.
لە ناو قوڵایی دەریادا، مۆلیکیولەکان کڵێشەی pattern یەکتر دوبارە دەکەنەوە و هەتا شەپۆلی نوێی ئاڵۆزتر دروست دەبێت. ئەوانی تریش وەک خۆیان لێدەکەن و… سەمایەکی نوێ دەست پێدەکات.
لە قەبارە و ئاڵۆزییدا گەشەدەکەن… مەخلوقاتی زیندو، لێشاوێک ئەتۆم…دی ئێن ئەی(DNA) ، پرۆتین …لەسەر کڵێشەیەکی زۆر ئاڵۆزتر سەمادەکەن. ئاوا لە بێشکەی دروستبونەوە، کە دەریایە… بەرەو وشکانی هاتوون… لێرە ئەتۆمەکان بە هۆشەوە….مادەش بە سیمایەکی فزوڵییەوە… وەستاون. لە دەریادا هەڵساوە…سەرنج لە وردبونەوە دەدات….من… گەردونێکم لە ئەتۆم…ئەتۆمێکی ئەم گەردونەم.

سەرچڵی مەزن

کاتێک بە قووڵی لە هەر پرسێک دەکۆڵینەوە و ورد دەبینەوە، دەبینین هەموو جارێک و دیسانەوە، هەر هەمان کەفوکوڵ، هەمان نائارامی و پەنهانی سەرهەڵدەدەنەوە. کە زانیاری زیاتر هەبوو، پەنهانی نایابتر و قوڵتر دێتە ئاراوە، هانی مرۆ دەدات کە هێشتا زیاتر بە قوڵایی پرسەکاندا ڕۆبچێت و هەرگیز گوێناداتە ئەوەی کە وەڵامەکە لەوانەیە نائومێدی بێت یان نەء، بەڵکو بە خۆشی و متمانەوە هەموو بەردێکی نوێ تاووتوێ دەکەین بۆ ئەوەی ئەو تۆکمەییە لە خەیاڵ بەدەرە بدۆزینەوە کە دەمان گەیەنێتە پرسی نایابتر و سیحراویتر. بە دڵنیاییەوە ئەمە سەرچڵییەکی مەزنە.

ڕاستە ژمارەیەکی کەم لە زانایان ئەم جۆرە ئەزمونە ئایینیەیان هەیە. شاعیرەکانمان لەمەڕ ئەمە نانوسن، نیگارکێشەکان هەوڵ نادەن وێنەی ئەم شتە نایابە بکێشن. نازانم بۆچی؟ ئایا هیچ کەس ئیلهامی لەو وێنەیەوە وەرنەگرتوە کە سەبارەت بە گەردون نمایشمان کردوە؟ بەهای زانست نەبۆتە گۆرانی هونەرمەندان و بیخوێنن، هەربۆیە تۆش وەهات لێهاتوە تەنها وەک موحازەرەی ئێواران گوێت لێ دەبێت – نەک وەک گۆرانی یان شیعر. ئەم چەرخە هێشتا چەرخی زانستی نیە.

لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت کە دەبێت بزانیت چۆن مۆسیقا دەخوێنیتەوە. بۆ نمونە، بابەتێکی زانستی شتێک دەڵێت وەک ” تیشکی فۆسفۆری لە ماوەی دوو هەفتەدا مێشکی جرج دەکاتە نیو ئەوەندە” ، باشە ئەمە چی دەگەیەنێت؟
لێرەدا مەبەست لەو تیشکەیە لە مێشکی جرجەکەدا هەیە( لە مێشکی من و تۆشدا هەیە) و دوای دوو هەفتە هەر هەمان ئەو فۆسفۆرە نیە، بەلام هەموو ئەو ئەتۆمەی لە مێشکدایە جێگەی دەگیرێتەوە و ئەوانەش کە لەوەبەر لەوێدا بون لەوێ نەماون.

کەواتە ئەم مێشکە چییە، ئەم ئەتۆمانە چین کە هۆشیان تێدایە؟ کاتێک دەڵێم پەتاتەکەی هەفتەی پێشو! بێگومان هەر هەمان پەتاتە نییە. ئەوی ئێستا دێتەوە بیر کە چی لە مێشکمدا ڕویدەدا ساڵێک لەمەوبەر – مێشکێک کە زەمەنێکی درێژە مێشکێکی تر جێگای گرتوەتەوە.

ئەمەیە مەبەستەکە، کاتێک کە یەکێک ئەوە کەشفدەکات کە چەندی پێدەچێت بۆ ئەتۆمەکانی مێشک بۆ ئەوەی ئەتۆمی تر جێگایان بگرێتەوە، کاتێک سەرنج دەدەم ئەو شتەی بە کەسایەتی خۆم ناوی دەبەم تەنها بریتییە لە کڵێشەیەک، یان سەمادەکەن مەبەستی لەوەیە کە ئەتۆمەکان دێنە مێشکمەوە سەمایەک دەکەن و ئنجا دەچنە دەرەوە، هەمیشە ئەتۆمی نوێ دێن، بەلام هەمان سەمادەکەن، بیریان دەکەوێتەوە کە سەماکەی دوێنێ چی بوو.

ئایدیا نایابەکە

کاتێک لە ڕۆژنامەیەکدا هەواڵێکی وا دەخوێنینەوە کە دەڵێت:” فڵانە زانا دەڵێت ئەم ئکتشافە لەوانەیە لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا گرنگی خۆی هەبێت.” دەبینین کە ڕۆژنامەکە تەنها بایەخ بە بەکارهێنانی بیرۆکەکە دەدات، نەک بیرۆکەکە خۆی، بە دەگمەن خەڵک هەیە لە گرنگی ئایدیاکە تێ بگات کە ئەوەندە نایابە. دور نییە چەند منداڵێک لە ئایدیاکە تێ بگەن، خۆ کە منداڵەکان لە ئایدیایەکی وەها تێگەیشتن، ئەوە زاناییەک لە ئارادا هەیە. ئەم ئایدیایانە ئەزم دەکرێن و زۆر منداڵان ئەو ڕۆحە تێدەگەن و کاتێکیش دەبنە خاوەن ڕۆحی زانستی ئەوە زانا لە دایکبوە، چونکە کاتێک دەچنە زانکۆ، هەم درەنگە و هەم زەحمەتە لەوێ ئەو ڕۆحیەتەیان تێدا دروست ببێت کە ببن بە زانا، هەر بۆیەش پێویستە ئەم ئایدیایانە بۆ منداڵان ڕون بکەینەوە.

ئێستا حەزدەکەم بچمە سەر بەهای سێیەمی زانست. ئەمەش تۆزێک ناڕاستەوخۆیە، بەڵام زۆر نا. زانا ئەزمونێکی زۆری لەگەڵ جەهالەت و گومان و نایەقینیدا هەیە، ئەم ئەزمونەش، بە ڕای من گرنگیەکی گەورەی هەیە. کاتێک زانایەک وەڵامی پرسیک نازانێت، ئەوە جاهلە. کاتێک وەک مەتەڵ ئەنجامەکە دەزانێت، ئەوا دڵنیا نییە. کاتێکیش تەواو دڵنیایە لەوەی کە وەڵامەکە چییە، ئەوا هەندێک گومانی هەیە. بەمجۆرە لەو بوارەدا گرنگیەکی بڵندمان بۆ دەرکەوت، ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەوەی لە کارەکەماندا پێشکەوتن فەراهەم بکەین، پیویستە دان بنێین بە بونی جەهالەت و بوارێک بدەین بە گومان. ماریفەتی زانستی بریتییە لە هەیکەلێک کە چەند حاڵەتێکی هەنگاو بە هەنگاوی یەقین لە خۆدەگرێت، هەندێک زۆر نادڵنیایە، هەندێک نزیکە لە دڵنیاییەوە، کەسیش نییە بە شێوەیەکی ڕەها دڵنیا و خاوەن یەقین بێت.

ئێستا، ئێمەی زانایان لەسەر ئەوە ڕاهاتوین و وەک گارەنتییەک سەیری ئەو شتە دەکەین کە بە شێوەیەکی کەماڵ دڵنیایی تێدا نییە، ئەویش لە ژیندا دەشێت ئنسان بڵێت نازانم. بەڵام نازانم کە ئایا هەموو کەسێک دەرک بەوە دەکات کە ئەمە ڕاستە. ئازادی ئێمەی مرۆ بۆ گومانکردن لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی مرۆڤایەتی لە دژی بیرکردنەوەی باڵادەست لە ڕۆژگارە سەرەتاییەکانی زانستدا لەدایکبووە. ئەم خەباتە زۆر سەخت و دژوار بوو، ئەو بوارەی بە ئێمە بەخشی کە پرسیار بکەین، گومان بکەین لە هەموو ئەوانەی کە متمانەمان پێی نییە و لێیان دڵنیا نین. من وای بۆ دەچم کە زۆر گرنگە کە گرنگی ئەم خەباتەمان بیرنەچێت، دەنا لەوانەیە ئەوەی بەدەستمان هێناوە لە دەستمان بچێت. ئا لێرەدا بەرپرسیارێتی کۆمەڵگا دەردەکەوێت.

کاتێک بۆمان دەردەکەوێت کە قودرەتی ئنسان چەندە سەرسامە، خەم هەموومان دادەگرێت، کەچی سەیردەکەین ئەو دەسکەوتە بچکۆلانە تەواو لەگەڵ ئەو قودرەتانەدا ناتەریبن. دیسانەوە و دیسانەوە خەڵك وای بۆ دەچن کە مرۆ دەتوانێت لەوە باشتر بەدەست بهێنێت. لە ڕابردودا خەڵک لە مۆتەکەی ڕۆژگاری خۆیاندا خەونیان بە ئایندەوە بینیوە. ئێمە، کە ئایندەی ئەوانین، ئێستا خەونەکەی ئەوان دەبینین، هەرچەندە لە چەند لایەنێکەوە لە پێشەوەین، بەڵام لە زۆر ڕوی ترەوە هەر خەون دەبینین. هیواکانی ئەمڕۆی ئایندە، ئەوانەی دوێنێن.

پەروەردە، چاک یان خراپ.

لە کۆندا خەڵکانێک هەندێک فکرەیان هەبوو، بەڵام ئەم فکرانە پەرەیان نەسەند و پێش نەکەوتن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چونکە ئەو خەڵکانە نەزان بون. لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەروەردە و فێربون، ئایا دەتوانرێت هەموو خەڵک ببن بە ڤۆڵتێڕ؟  هەروەک چۆن چاکە فێری خەڵک دەکرێت،  دەتوانرێت خراپەش، بە هەمان کەفائەوەتەوە فێری خەڵک بکرێت. فێربون هێزێکی مەزنە، جا خراپ یان چاک.

ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی نێوان نەتەوەکان پێویستە هانی لە یەکتر تێگەیشن بدات: بەمجۆرە خەونێکی تر پەیدا بوو. بەڵام دەتوانرێت ئامێرەکانی ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی ئاواڵەبکرێن یان بخنکێنرێن. ئەوەی ئاڵوگۆڕ دەکرێت لەانەیە ڕاستی بێت یان درۆ بێت. ئاڵوگۆڕ و پەیوەندییەکان بە هەمان شێوە هێزێکی گەورەن، بەڵام دیسانەوە دەشێت باش یان خراپ بن.

پێویستە زانایانی ڕاڤەکاری(تەتبیقی) بە لایەنی کەمەوە مرۆ لە گرفتە مادییەکان ڕزگار بکەن. نوژداری کۆنترۆڵی نەخۆشییەکان بکات. پاشان ئەو کاتە تۆماری شتەکان باش دیارن. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا خەڵکانێک هەن لەسەرخۆ کاردەکەن بۆ دروستکردنی پەتای وەکو تاعون و ژەهر کە سبەی لە بوارەکانی جەنگدا بەکاردەهێنرێن.

زۆربەی زۆری خەڵک رقیان لە جەنگە، خەونی ئەمڕۆم ئاشتییە. لە ئاشتیدا مرۆڤ دەتوانێت بە باشترین شێوە ئەو توانایانەی کە هەیەتی پەرە پێبدات، بەڵام لەوانەیە خەڵکی پاشەڕۆژ ئەو ئاشتییە ببینن، هەم باشە و هەم خراپ. لەوانەیە خەڵکانی ئاشتیخواز لە بێزاریدا تێر بخۆنەوە، ئنجا لەوانەیە خواردنەوە ببێتە کێشەیەکی گەورە کە نەهێڵێت مرۆڤ وا بیربکاتەوە کە لە تواناکانی خۆی دەرنەچێت.

ئاشکرایە کە ئاشتی شتێکی مەزنە، هەروەک چۆن مێشک سافی، هێزە مادییەکان، ئاڵوگۆر و پەیوەندی، سەرڕاستی و هەموو ئەو ئایدیایانەش کە مرۆڤ خەویان پێوە دەبینێت، شتێکی باشن.

ژمارەی ئەو هێزانەی دەبێت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کۆنترۆڵیان بکەین زۆر زیاترن لەوانەی شارستانییە کۆنەکان هەیانبوو. لەوانەیە ئێمە لەم کۆنتۆڵکردنەدا تۆزێک باشتر بین لە هەموو ئەوانەی پێش خۆمان، بەڵام ئەوەی لەسەرمان بوو بیکەین دیارە زۆر گەورە و مەزنە بە بەراورد لەگەڵ دەسکەوتە تێکەڵەکانماندا.

ئەمە بۆچی؟ بۆچی دەبێت خۆمان بڕوخێنین؟

چونکە بۆمان دەردەکەوێت کە تەنانەت هێزە گەورەکانیش ڕێنماییان لەگەڵدا نییە کە فێرمان بکەن چۆن بەکاریان بهێنین. هەروەک، بۆ نمونە، ئەو هەموو تێگەیشتنە زۆرە کەڵەکەبوەمان کە هەمانە، پێمان دەڵێت کە دونیای فیزیکی بەوجۆرەی هەڵسوکەوت دەکات تەنها کەسێک قایل دەکات کە ئەم ڕەوشە جۆرە بێماناییەکە. زانستەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باشە یان خراپەمان فێرناکەن.

بە درێژایی چەرخەکان، مرۆ تێکۆشاوە کە مانای ژیان تێبگات. مرۆ لەوە حاڵی بووە کە ئەگەر ئاڕاستەیەک یاخود مانایەک بە کارەکانمان ببەخشین، ئەوا هێزێکی گەورەی مرۆڤ ئاواڵەدەبێت. بەمجۆرە، وەڵامێکی ئێجگار زۆر بۆ پرسی ئەم مانایانە پێشکەشکراوە، بەڵام وەڵامەکان هەمەجۆرن و هەوادارانی وەڵامێک بە ترسەوە سەیری کارەکانی هەوادارانی وەڵامەکانی تریان کردووە. بەڵێ بە ترسەوە، چونکە لە سۆنگەی خاڵێکی ناتەباییەوە، هەموو لایەنە گەورەکانی تری ململانێکە بە ئاڕاستەیەکی هەڵە و تونێڵیکی تاریکدا مل دەنێن. بەمجۆرە، دەبینین کە خەونەکە بریتییە لە دۆزینەوەی دەروازەی تونێلەکە.

باشە، مەبەست لەم هەموو شتە چییە؟ دەبێت چی بڵێین بۆئەوەی ئەفسانەی ئەزمون بڕەوێنینەوە؟

ئەگەر حساب بۆ هەموو شتێک بکەین، نەک تەنها ئەوەی شارستانییە کۆنەکان چییان زانیوە، بەڵکو هەرچی ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەش دەیزانین، ئەوا پێویستە بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە دان بەوەدا بنێین کە ئێمە هێشتا نەزانین.

بەلام بەم دانپێدانانە، لەوانە درەوازەی تونێلەکەمان کردبێتەوە.

ئەمە ئایدیایەکی نوێ نییە، ئەمە ئایدیای چەرخی ئەقڵگەراییە. ئەمە ئەو فەلسەفەیەیە کە ڕێنمایی ئەو خەڵکانەی کرد کە دیمۆکراسییان دروستکرد و ئێستا ئێمە لە سایەیدا دەژین. ئەو ئایدیایەی کە کەس بە ڕاستی نەیدەزانی چۆن دەوڵەت بەڕێوەبەرێت بوو بە هۆی سەرهەڵدانی ئەو ئایدیایەی کە پێویستە مرۆ سیسیەتمێک تەنزیم بکات کە بە هۆیەوە ئایدیا نوێکان پەرە پێ بدرێن، تاقی بکرێنەوە و ڕاڤە بکرێن، ئایدیای تازە بهێنرێتە ئاراوە، واتە سیستەمی هەوڵ و هەڵە trial and error واری بکرێت. میتۆدەکە ئەنجامی ئەو هەقیقەتە بوو کە لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا زانست خەریک بوو بەوەی خۆی وا نمایش بکات کە بەکارهێنانی کارێکی سەرکەوتوانەیە، تەنانەت لای خەڵکانێکیش کە پەیوەست بوون بە زانستی کۆمەڵایەتییەوە شتێکی ئاشکرابو کە کردنەوەی دەروازەکانی بەردەممان فرسەتێکە و ئنجا گومان و گفتوگۆ هەوێنێکی بنەڕەتییە بۆ بەرەوپێشچون بەرەو ئایندەیەکی نادیار. خۆ ئەگەر بمانەوێت گرفتێک حل بکەین کە هەرگیز لەوەبەر پەیمان پێ نەبردووە و حلمان نەکردووە، ئەوا پیویستە دەروازەکەمان بەرەو ئایندە نیوکراوە بێت.

بەرپرسیارێتی ئێمە وەک زانایان

کاتێک دێینە سەر ڕەگەزی مرۆڤایەتی، ئەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی زەمەنداین. شتێکی ناقۆڵا نییە ئەگەر خۆمان بە پرسەکانەوە سەرقاڵ بکەین. دەیان هەزار ساڵ لە بەردەمماندایە. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە ئەوە ئەنجام بدەین کە دەتوانین بیکەین، حلەکان باشتر بکەین و بۆ نەوەی داهاتوی جێ بهێڵین. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە کاتێکی باش بۆ خەڵکانی ئایندە فەراهەم بکەین. لە هەڕەتی لاوی مرۆڤایەتیدا، لەوانەیە هەڵەی وەها خەتەرناک بکەین کە ببێت بە هۆی دواخستنی گەشەکردنی مرۆڤایەتی بۆ ماوەیەکی درێژ. ئەمە کاتێک دەکەین ئەگەر بڵێین بەڵی ئێستا وەڵامەکانمان پێیە، ئەوەندە هەرزەکار، ئەوەند نەزان دەبین ئەگەر هاتوو گفتوگۆ و ڕەخنەمان خەفەکرد، واتە بڵێین کە ” کوڕینە تەواو، ئنسان ڕزگاری بوە.” و ئیتر مرۆڤ وا مەحکوم بکەین و بە کۆت و زنجییری دەسەڵاتەوە گیرۆدەی بکەین و ببەستینەوە، تەنها لە چوارچێوەی خەیاڵی ئێستاماندا بەندی بکەین. ئەم کارە چەندەها جار لەوەبەر کراوە.

کاتێک دەزانین ئەم پێشکەوتنە گەورەیە و بەها مەزنەی فەلسەفەی قایلبون بە جەهالەت، کاتیک ئەو پێشکەوتنە مەزنە دەبینین کە بەرهەمی ئازادی بیرکردنەوەیە، ئەوا ئەرکی ئێمەی زانایان ئەوەیە کە بانگەوازی بەهای ئەم ئازادییە بکەین و ئەو دەرسە دابدەین کە چۆن پێویست ناکات لە گومان سڵ بکەینەوە، بەڵکو پێویستە پێشوازی لێ بکەین و گفتوگۆی لەمەڕ بکەین و وەک ئەرکێک داوای ئەم ئازادییە بکەین بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو.

سەرچاوە:
The Pleasure of Finding Things Out: The Best Short Works of Richard Feynman (1999, pp. 141-149).

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *