فیزیکی گالیلۆ

نوسینی: لۆید مۆتز و  جێفەرسۆن ویڤەر
 وەرگێڕانی: شێرکۆ ڕەشید قادر
هەرچەندە گالیلۆ گالیلەی (1564 – 1642) هاوچەرخی یۆهان کێپلەر بو[1]، بەڵام ئەم دو زانایە بە دەگمەن ئاڵوگۆڕیان لەگەڵ یەکتریدا کردوە و زۆر کەمیش شتی هاوبەش لە نێوانیاندا هەبوە، کەچی هەردوکیان بە پلەیەکی بەرز بەرپرس بون لە داڕشتنی ئەو بناغە زانستییەی کە نیوتن توانی بە هۆیەوە ئەو ڕۆڵە ببینێت لە توێژینەوەی میکانیکدا. دەشێت بگوترێت کە گالیلۆ ئەو ماتماتیکناسە بەهرەمەندە نەبو بە بەراورد لە چاو کێپلەردا، بەڵام خولیا و پسپۆڕییەکانی زیاتر بون و هەمەچەشنە بون، جگە لەوەی زۆر سودی لە تاقیکردنەوە بینی بۆ پیشاندانی دیاردە فیزیکییەکانی وەکو تاودانی کەوتنە – خوارەی تەنەکان بە شێوەیەکی ئازادانە . لەوەش زیاتر، گالیلۆ پیشەگەرێکی دەست-ڕەنگینی داهێنەر بو کە توانی ئامێرێکی وەکو تەلەسکۆپ پەرەپێبدات و بە فراوانی سنورەکانی ئاسمانی بەرچاومان تێپەڕێنێت.

گالیلۆ کە کوڕی بازرگانێکی فلۆرەنسی بو، سێ ڕۆژ بەر لە مردنی مایکل ئەنجلۆ لە دایکبوە، لە زەمەنێکدا کە زانست هێشتا لە دۆخێکی ساواییدا بوو، دەستی قورسی پیاوانی پاپا زانایان و توێژینەوەیان دادەپڵۆسی. لای بابی، هیچ هۆیەک نەبوو کە هانی کوڕەکەی نەدا بۆ ئەوەی سەربەستانە ئاڵوگۆڕی ئایدیاکان نەکات، بێگومان سیفاتی پەرۆشانەی خۆی بۆ مشتومڕی ئازادانە و بێ قەیدوشەرت بۆ کوڕەکەی وەک میراتیەک جێهێشت، جا لە هەر پرس و دیسپلینێکدا بێت. گالیلۆی منداڵ بۆ خوێندن چوە دێری ڤۆلۆمبراسۆ، کە نزیک فلۆرەنسا بوو، پاشان بۆ خوێندنی ماتماتیک ڕویکردە زانکۆی پیزا. سەرەتا بوو بە موحازیر لە ئەکادیمیای فلۆرەنسی و دوایش، لە ساڵی 1592 دا لە زانکۆی پادوا لە کۆماری ڤێنیس بوو بە وانەبێژی ماتماتیک. گالیلۆ لێرە هەژدە ساڵی بەسەربرد، هەژدە ساڵی پڕ بەرهەمی نایاب و جگە لەوەی کە خۆشترین تافەکانی ژیانی بوون. لەم زانکۆیە کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی ئەنجامدا کە کەموکوڕییەکانی فیزیای ئەرستۆێ نمایشکرد، وەکو ئەو دیدە باوەی کە دەڵێت بەردەوامی جوڵەی تەنێک تەنها لە کاتێکدا جایزە ئەگەر هێزە پاڵنەرەکە هێشتا کاریگەری لەسەر تەنەکە هەبێت، ئەم دەرەنجامە بوو بە هۆی ئەوەی کە گالیلۆ زۆر نزیک بێتەوە لە دۆزینەوەی چەمکی سرەوتن[3] (بەردەوامی) inertia . جگە لەمە، گالیلۆ لەمەڕ ئەوەش مشتومڕی کردوە کە هەمو تەنەکان، ئەگەر لە فەزایەکی دور لە هێزی لێکخشاندندا بن، ئەوا لە هەمان کاتدا دەکەونە خوارەوە. ئەوەش دەگێڕنەوە کە گالیلۆ لە ترۆپکی بورجی پیزاوە تەنی بارستە جیاوازی بەرداوەتە خوارەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئەرستۆ هەڵەیە، چونکە ئەرستۆ دەڵێت کە تەنە قورسەکان زۆر زوتر دەکەونە خوارەوە، هیچ تۆمارێک نییە بیسەلمێنێت کە گالیلۆ بە ڕاستی ئەم تاقیکردنەوەوانەی ئەنجامدابێت.

لە نێو داهێنانە زانستییەکانی گالیلۆدا، پەندۆڵ، تەرازوی هایدرۆستایکی، کە پرینسیپی داینەمیکە، پەرگاڵی جیۆمەتری و گەرمی – پێو هەن. لە تەلەسکۆپیشدا گۆڕانکاری و داهێنانی کردوە و خۆشی، وەک یەکێک لە سەرنجدەرە بێهاوتاکانی فەلەک خستەڕو، ئەویش بە هۆی تێڕامانەکانی لەمەڕ ڕوی مانگ و دۆزینەوەی ئەستێرەکانی ژیۆپیتەر و فەیسەکانی ڤینۆس. توێنژینەوە وردەکانی لەمەڕ بەرزی و نزمییەکان لەسەر ڕوی مانگ بون بە هۆی پێکدادان لەگەڵ کڵێسەدا. لە چاوی تەلەسکۆپەکەیەوە، ئەو دیاردانەی بینی کە وەک دەریای تاریک و خاکی گەش دەهاتنە بەرچاو، دەریا و کیشوەر، لوتکەی چیاکان لە سایەی ڕوناکی بەیانیاندا هەڵچون و سێبەریش نشێوەکانی دایپۆشیوە. گالیلۆ هەستیکرد کە وێکچونی جوگرافی لە نێوان زەوی و مانگدا بە ئاشکرا دیارە، بۆیە بە بێ هیچ دودڵییەک ئەو بانگەشەیەی کرد کە زەوی و مانگ هەمان پێکهاتەیان هەیە. ئەم دەرەنجامە شتێکی خەتەر بو، چونکە هەتا ئەو کاتە بیڕوڕای باو و بڵاو وەها بو کە زەوی چەقی گەردونە و لە پێکهاتەیەک دروست بوە کە لە هیچ شوێنێکی تر نییە. گالیلۆ سیستەمی کۆسمۆلۆژیای چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆسی هەڵبژارد، ئەو مۆدڵەی کە دەڵێت زەوی جگە لە هەسارەیەکی لاوەکی لە سیستەمی خۆریدا هیچی تر نییە، ئەمانە گالیلۆیان قایلکرد کە تێگەی کڵێسەی ئۆرتۆدۆکسی سەبارەت گەردون هەڵەیە.

بەمجۆرە گومانەکەی گالیلۆ لە هەمبەر فەلسەفەی ئەرستۆیی نمایشێک بو بۆ تەحەداکردنی ڕۆشنفکری فەرمانرەوای کڵێسە و لای پیاوانی ئایینی، کە ئاشنایەتییان لەگەڵ بیرورای گالیلۆدا هەبو، شتێک نەبو لایان ون ببێت. کڵێسە خۆی حەوسەڵەی ئەم جۆرە بیروڕا نەیارانەی نەبو، چونکە خۆشی بەرەو ڕوی هەڕەشەی پرۆتێستەکان بوبوەوە، هەر بۆیەش زیادەڕۆیی لە ئازادی بیروڕادا لای زۆرێک بوبو بە هۆی سەرهەڵدانی دوبەرەکی، سەرەنجام کڵێسە نەیتوانی بواری زیاتر بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی خەڵکانی تر تەحەدای مەزەبەکانی ئایین بکەن. گالیلۆ ئاگادری ئەم هەڵوێستە بو، بەلام خولیای بۆ سیستەمی کۆپەرنیکۆسی بو بە هۆی ئەوەی کە بەرگری لە مۆدڵی چەقە – خۆری بکات و ئەمەش لە خۆیدا دەسەڵاتدارانی ئایینی وروژاند کە سزای بدەن، هەر وەک گالیلۆ خۆی لەو نامەیەدا کە لە ساڵی 1597 بۆ کێپلەری ناردوە، بە ڕاشکاوی دەڵێت:

ئەوە چەندەها ساڵە، من هەواداری تێڕوانینی کۆپەرنیکۆسیم، ئەو سیستەمەی کە هۆکاری زۆر لە دیاردەکانی سروشت تەفسیردەکات کە سەلیقەی عام توانستی لێکدانەوەیانی نییە. بۆ سەلماندنی ئەم نامەیە، گەلێک مشتومڕم ئامادەکردوە، بەڵام جورئەت ناکەم بیان خەمە بەردەم ڕۆشنایی خەڵک، چونکە دەترسم چارەنوسەکەم هەمان چارەنوسی ئوستادەکەمان، کۆپەرنیکۆس، بێت، ئەو پیاوەی، هەرچەندە لە نێو هەندێکدا نەمری فەراهەمکرد، بەڵام لە چاوی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکەوە (ژمارەیەکی زۆر گەمژە) بوە بە مادەیەکی گاڵتە و ڕق.

هەڵوێستی موحافیزانەی گالیلۆ کاتێک گەورەتر بو کە لە ساڵی 1600 دەسەڵاتی کڵێسە، دوای هەشت ساڵ زیندانیکردن، ئازار و ئەشکەنجەدان لە ڕۆما گیوردانۆ برونۆی[4] Giordano Bruno بە تۆمەتی کفر بە زیندویی سوتاند. هۆکاری کوشتنی برونۆ ئەوەبو کە رەتیکردەوە پاکانە بۆ بیروڕا فەلسەفییەکانی بکات و جارێکی تر و بە جۆرێکی تر دایان بڕێژێتەوە. برونۆ باوەڕی وابو کە گەردون ناکۆتایە و ژمارەیەکی ناکۆتا دونیا لەخۆدەگرێت. لای برونۆ نەبونی چەق لە گەردوندا و فرە دونیایی گەردون هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بون بۆ تیوری چەقە – زەوی، برونۆ ئامادە نەبو دەستبەرداری ئەم کفرانە ببێت و سازش بکات، هەر بۆیەش چارەنوسەکەی بەو جۆرە بو. جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان گالیلۆ و برونۆدا ئەوەبو کە برونۆ، کۆسمۆلۆژیاییەکی تەبەنناکرد کە تەواو دژ بە وێنەی جیهان بو کە ئنجیل پێشکەشمان دەکات، لە کاتێکدا گالیلۆ، ئامادە نەبو دەرەنجامەکانی تیوری کۆپەرنیکۆس بە جۆرێک تەفسیربکات کە دژ بە ئاکاری مەسیحییانە بێت:
بە درێژایی ژیانی خۆی، گالیلۆ ئەو قەناعەتەی هەبو کە ئەگەر خوێندنەوەیەکی گونجاو بۆ کتێبی پیرۆز بکرێت ئەوا کتێبی پیرۆز و چەمکی وەستانی خۆر و بزاوتی زەویلەگەڵ یەکتردا تەریبن. هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نییە ئەوە نیشان بدات کە گالیلۆ گرفتی لەگەڵ هەستی ئایینی خۆیدا هەبوبێت. گالیلۆ نەک هەر سەرەتای بۆ زانستی هاوچەرخ داڕشت، بەڵکو یەکەم نوێنەری ئەو گروپە زانایە بو کە لایان زەحمەت نەبو سازش لەگەڵ ئەو پرینسپەدا بکەن کە هێزی سەرو سروشت لە زانستدا ڕۆڵی هەیە.

بیرورا ئایینیەکانی گالیلۆ هیچ ڕێگر نەبون لە بەردەم گفتوگۆکردن سەبارەت بە تیوری کۆپەرنیکۆسی، بەڵام هەوڵدان بۆ دورخستنەوەی کڵێسە لەم پرسە فەشەلی هێنا و هەتا ئیتر لە ساڵی 1616 دا گالیلۆ خرایە ژێر سانسۆر و فەرمانی پێدرا کە نابێت بە هیچ جۆرێک تەبەننای مەزەبی چەقە – خۆری بکات و وەک وانە بیڵێتەوە، ئەمە جگە لەوەی مۆڵەتیشی نەبو کە بەرگری لێ بکات. گالیلۆ، لەم بوارەدا زۆر لە گیوردانۆ برونۆ پراکتیکیتر بو، سەیری کرد کە مرۆڤ بە شەهیدبون بە برژاندن دەسکەوتێکی زۆر بچکۆلە فەراهەم دەکات، هەر بۆیەش ڕازی بو کە ملکەچی فەرمانی سانسۆرەکە ببێت. گالیلۆ تا ساڵی 1623 هیچ بەرهەمێکی جاپ نەکرد، هەتا کاتێک کاردینال بەربەرینی هاوڕێی بو بە پاپا ئوربانی هەشتەم Pope Urban VIII . گالیلۆ وەها بیری کردەوە کە ئوربان پاپای هەشتەم پشتگیری لە هونەر و زانست دەکات، بۆیە کاتێک نەیتوانی قەراری دژ بە سیستەمی چەقە – خۆری ڕەت بکاتەوە، بەڵام لای گالیلۆ ئوربان ”ئاخاوتنی لەمەڕ تیوری چەقە – خۆری وەک فەرزییەیەک و بانگەشەکردن بۆ ئەم فەرزیەیە یاساغ نەکرد.” بەمجۆرە کاتێک گالیلۆ لە ساڵی 1632 دا بەرهەمەکەی ” لەمەڕ دو سیستەمی سەرەکی دونیا’‘ بڵاوکردەوە، هەرچەندە کتێبەکەی پێشکەشکرد بە ئوربان و لە پێشەکیەکەشدا گوتارێکی درێژی نوسی کە تێیدا ئیمانی خۆی بۆ کڵێسە دوپات دەکاتەوە، لە هەمان کاتیشدا، بە ئاشکرا پشگیری خۆی بۆ ئەم سیستەمە یاساغە دەربڕی.

هەرچەندە گالیلۆ زۆر بە وریایی و زیرەکانە تیوری کۆپەرنیکۆسی وەک بەدیلێکی ئیحتیمالی بۆ ئەو مەزەبەی ئێستا لە ئارادا هەیە و لای خەڵک جێگای متمانەیە پێشکەشکرد، بەڵام پشتگیری و هەڵبژاردنی سیستەمی کۆپەرنیکۆسی بە ڕونی لە کتێبی دایەلۆگدا[5] پێوە دیاربو. گالیلۆ گەلێک نەیاری لە دامودەزگاکانی کڵێسەدا هەبو، ئەمانە خەڵکانێک بون ئەو ترسەیان هەبو کە فەلسەفەی ئەرستۆیی بە بەردەوامی لەناوبچێت، هەر بۆیەش ئۆفیسی پیرۆزی کڵێسەیان قایلکرد کە گالیلۆ ملکەچی ڕێکەوتنەکانی 1616 نەبوە. وەک ئەنجامێک، ئۆفیسی پیرۆز لە ساڵی 1632 دا فەرمانیدا کە گالیلۆ بچێت بۆ ڕۆما بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی کۆمیتەی لێکۆڵینەوە ببێت. لە مانگی شوباتی 1633 دا، گالیلۆ گەیشتە ڕۆما، دوای چوار مانگ لێکۆلێنەوە و تەحقیق، گالیلۆ تۆمەتبارکرا کە بە چاپکردنی کتێبی دایەلۆگ، ڕێکەوتنەکەی ساڵی 1616 ی پێشێل کردوە. گالیلۆ، دوای تۆمەتکردنەکەی، فەرمانی زیندانی بۆ دەرچو، ناچارکرا چۆک دابدات و پاکانە بۆ بیروباوەڕەکەی بکات و چەمکی سوڕانەوەی زەویبە دەوری خۆردا بە جۆرێکی تر دابڕێژێتەوە. گەلێک کەسان دەڵێن کە گالیلۆ، هەرچەندە پەیمانی دابو کە چیتر تەحەدای سیستەمی چەقە – زەوی نەکات، بەڵام ورتەیەکی لە ژێر لێوەوە دەرچوە و گوتویەتی ”هەر دەجوڵێت”[6] . دوایی مۆڵەتیان بە گالیلۆ بەخشی کە بگەڕێتەوە بۆ ڤیلاکەی خۆی لە فلۆرەنسا، بەڵام هەشت ساڵی ژیانی، واتە هەتا مردن، لە ماڵەوە دەست بە سەر بو. هەرچەندە گالیلۆ چیتر بۆی نەبو کە لە ناو خەڵکدا مشتومڕ بکات، بەڵام لەم تافەدا بەردەوام بو لە تاقیکردنەوەی زانستی و توانی کۆپیەکی دایەلۆگەکەی بە قاچاخ بنێرێتە دەرەوە و تەرجەمەی لاتین بکرێت.
وەک لە سەرەوە سەنجماندا، گالیلۆ ڕۆڵێکی سەرەکی و چالاکی بینی لە بنیانانی زانست لەسەر بنەمای تاقیکردنەوە و وردبونەوە، لە هەمان کاتیشدا توانی لە بانگەشە و هزری وەستاوی فەلسەفیانە پاکی بکاتەوە، بە تایبەت لە بواری میکانیکدا. زانستی میکانیک لە ئەنجامی خوێندنی جوڵەی تەنەکانەوە گەشەی کرد و بە دو هەنگاو پەرەی سەند – کینەماتیک و داینەمیک، کینەماتیک مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزانەدا دەکات کە پەیوەستن بە جوڵەی تەنەکانەوە بێ ئەوەی لە هۆکارەکانی ئەم جۆرە جوڵانە بکۆڵێتەوە، داینەمیکیش مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزانە دەکات کە دەبن بە هۆی گۆڕانی حاڵەتی جوڵەی تەنێک. داینەمیک ئەو کاتە بە تەواوی گەشەی کرد کە نیوتن سێ یاساکەی لەمەڕ جوڵە پیشکەشکرد، چونکە بە بێ ئەم یاسایانە بەرەو پێش نەدەچو، بەڵام پێویستە ئەوە بگوترێت کە گالیلۆ کینەماتیکی وەک زانستێک داڕشتبو. خوێندنی زانستی میکانیک هەڵقوڵاوی پێویستیی تێگەیشتن بو لە دیاردە پراکتیەکانی وەکو موشەک – هاوێژەکان ( بۆ نمونە، تیرهاوێژی، فیشەک و تۆپ – هاوێژی)، تاودانی بارهەڵگر، جوڵەی ئاژەڵان و هەڵفڕینی باڵندەکان. لیۆناردۆ دا ڤینچی بە چڕی میکانیکی خوێندبو، هەر بۆیەش لای وی بەنرخترین لقەکانی زانستە و ئەو زانستەشە کە قابیلی ئەوەیە لە فۆرمۆلای ماتماتیکیدا بەرجەستە بکرێت و بخرێتە بواری تاقیکرنەوەشەوە. بەمجۆرە، شتێکی سەرسوڕهێن نییە، کە گالیلۆ، وەک میراتگری ڕۆشنفکری دا ڤینچی، خۆی زیاتر سەرقاڵکرد بە میکانیکەوە وەک لەوەی بە هیچ یەکێک لە قۆناخەکانی فیزیکەوە. گالیلۆ زۆر حەدەسییانە هەستیکرد کە هەتا سروشتی جوڵە بە وردی تێنەگەین، ناتوانین لە میکانیکدا ببینە پسپۆڕ.

خوێندن و توێژینەوە لە جوڵە، هەر لە ڕۆژگاری ئەرستۆوە پێشکەوتنێکی زۆر کەمی بەخۆوە دیوە. ئەرستۆ ئایدیایەکی لەمەڕ جوڵە پێشکەشکرد کە تەواو ماقوڵ دێتە بەرچاو: تەنەکان دەجوڵێن تەنها لەبەر ئەوەی لە لایەن جۆرە ‌هێزێکەوە ڕادەکشرێن یان پاڵیان پێوە دەنرێن. بە گشتی خەڵک وەک حاڵەتێکی ڕاست سەیری ئەمەیان کردوە، چونکە خەڵک لە ئەزمونی ڕاستەوخۆوە بۆیان دەرکەوتوە کە بۆیە تەنەکان لەسەر زەوی دەجوڵێن چونکە تەنها ڕادەکشرێن یان پاڵیان پێوە دەنرێت و هیمەتێکی فیزیکی پێویستە بۆ ئەوەی تەنێک لە حاڵەتی جوڵەدا بمێنێتەوە. ئەم چەمکە ئەرستۆییە بو بە هۆی سەرهەڵدانی گرفتی گەورە لە بەردەم خوێندنی جوڵەی هەسارەکان، چونکە وەها دەهاتە بەرچاو کە بە بێ بونی هیچ هێزێک، پاڵنان بێت یان ڕاکێشان بێت، ئەم هەسارانە هەر دەجوڵێن. پسپۆڕان و ئاییناسان هاتن، بۆ حلکردنی ئەم پرسە، بۆ هەر هەسارەیەک فریشتەیەکیان دانا کە ئەرکەکەی بریتی بو لە بەردەوامیدان بە جوڵەی هەسارەکە لەسەر ئەو ڕەوتە ئاسمانیەی بۆی دیاریکراوە. پاشان لە هەمبەر ئەم چەمکەدا، هەوادارانی ویلیامی ئۆکهام بون، ئەمانیش دەیان گوت خوادوەند پاڵێکی ناوە بە هەر هەسارەیەکەوە و ئیتر لەو کاتەوە هەسارەکە لە جوڵە نەبڕاوە و هەر بەردەوامە. بەمجۆرە ئەمە رێگایەکی سادە بو بۆ قوتاربون لەو تەنگەژەیە و بێ ئەوەی کڵێسەش ئیهانە بکرێت، بەلام هیچ ڕۆڵی لە بەرەو پێشچونی تێگەی جوڵەدا نەبو. بەمجۆرە میکانیک هەر لە ڕاوحدا بو بێ ئەوەی پێشبکەوێت و لە گفتوگۆ زیاتر تێ نەدەپەڕی، هەتا گالیلۆ هات و دەستیکرد بە تاقیکردنەوە لەسەر بابەتەکە و بەرجەستەکردنی جوڵە لە تیوری ماتماتیکیدا.

دوای یۆهان کێپلەر، گالیلۆ دوەم مەزنترین زانا بو کە گرنگی ماتماتیکی لە پەرەسەندنی پرینسیپەکان و یاساکانی سروشتدا بینی، هەر بۆیەش ئەو ئەرکی پیادەکردنی ماتماتیکی لە بواری لێکۆڵینەوە لە دیاردەکانی فیزیکیدا گرتە ئەستۆ و مشتومڕی ئەوەی دەکرد کە دیاردەی لەم جۆرە کە خەسڵەتی پێوانەکاری لەخۆدەگرن دەتوانرێت بکرێنە هاوکێشەی ماتماتیکی. گالیلۆ هەنگاوی لەمە زیاتری هەڵگرت و ئیشارەیدا بەوەی بەرجەستەکردنی ماتماتیکیانەی پرسێک بوارمان پێ دەبەخشێت کە ئەنجام کورت بکەینەوە، بە یاریکردنی پرۆسەی ماتماتیکیانە، بە تایبەت ئەو دیاردە سروشتییانەی کە ڕاستەخۆ مامەڵەی وردبونەوەیان لەگەڵ ناکرێت. بێگومان ئەمە، بنەمای زۆربەی دۆزینەوە زانستییەکانن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ( هەروەک چۆن لە زەمەنی نیوتنەوە بەم جۆرە بوە.)
سەرەتا گالیلۆ توانستی ماتماتیکییانەی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی لە پرسێکدا پیادەی بکات کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە بوارەکانی ئەندازیاری و زانستدا زۆر بە چڕی بەکاردێن. گالیلۆ سەرنجیدا کە ڕەهەندی ستونەکانی ( بۆ نمونە، هەر چوار لاقی فیلێک) دو بنیاتی هاوشێوە ( دو بنیات کە هەمان پێکهاتەی کیمیایی و چڕییان هەبێت)، هەمان ڕەهەندی پێوانەییان لە خۆیاندا نابێت. بەمجۆرە، ئەگەر قەبارەی بنیاتە گەورەکە پێنچ ئەوەندەی بنیاتە بچکۆلەکە بێت، ئەستوری ستونەکانی گەورەکە دەبێت پێنچ ئەوەندەی هی بچوکەکە بێت. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بارستایی بنیاتەکە لەگەڵ زیادکردنی قەبارەکەدا زیاد دەکات و ئنجا ڕاستەوانەش لەگەڵ سێجای بەرزییەکەیدا(واتەبە لێکدانی 125 ئەگەر بەرزییەکەی پێنچ ئەوەندە بێت). بە پێچەوانەشەوە، قودرەتی ستونەکان تەنها بەندە لەسەر ڕوبەری بنکەی ستونەکان و ئنجا ڕاستەوانەش لەگەڵ دوجای بەرزییەکەیدا زیاد دەکات( واتە بە لێکدانی 25) . بەمجۆرە قودرەتی ستونەکانی ڕاگرتنی بنیاتەکە بە بڕی پێنچ ناتەواو دەبێت ئەگەر هەمو ڕەهەندی ستونەکانی ڕاگرتنەکە بە بڕی پێنچ زیاد بکرێت. ئەگەر بەرزی ستونەکانی ڕاگرتن بە بڕی پێنچ زیاد بکرێت، ئەوا تیرەکانیان پێویستە بە لایەنی کەمەوە بە بڕی ڕەگی دوجای 125 زیاد بکرێت.

لە خوێندنی جوڵەی تەنەکاندا، کە بە ئازادی دەکەونە خوارەوە ( ئەو جوڵەیەی کە هیچ بەربەستێک بەهەڵستییان ناکات لە کەوەتنەخوارەوەدا)، گالیلۆ سەیری کرد کە پێویستە حساب بکات بۆ بەهەڵستی هەوا، ئەو هێزەی کە بەربەستە لە بەردەم کەوتنەخوارەوەی تەنێکدا. گالیلۆ، هیچ ناوەندێکی بۆشایی vacuum دەست نەکەوت کە تاقیکردنەوەکەی تێدا ئەنجام بدات، هەر بۆیەش ناچاربو تۆپی بچکۆلەی کانزایی بارستە جیاواز بەکار بهینێت، چونکە بەرهەڵستی هەوا لە هەمبەر تەنێکدا بەندە لەسەر ڕوبەری ڕوتەختی ئەو تەنە کە ڕوبەڕوی وروژمی هەواکە دەبێتەوە، بەمجۆرە تەنی گۆیی ڕوبەڕوی بەرهەڵستیەکی کەمتر دەبێتەوە وەک لە تەنێک کە شێوەیەکی جیاوازی هەبێت ئەگەر چی هەمان بارستەیان هەبێت. گالیلۆ کە ئەمەی حلکرد، بیری لە ڕێگایەک کردەوە بۆ ئەوەی کە هەنگاو بە هەنگاو جوڵەی تەنێک لە کەوتنەخوارەوەی ئازاددا بە وردی تۆمار بکات، بێگومان ئەگەر تەنەکە بە ستونی بکەوێتە خوارەوە، ئەوا ئەم کارە مەحاڵ دەبێت، چونکە شتەکان زۆر بە خێرایی گوزەر دەکەن. گالیلۆ توانی بەسەر ئەم کۆسپەدا زاڵ بێت ئەویش بە هۆی ئەوەی ڕویەکی لاری زۆر سافی بەکارهێنا بۆ ئەوەی کە گۆ کانزاییەکەی تێدا خل بکاتەوە.

گالیلۆ ویستی ئەوە کەشف بکات کە چۆن هێزی ڕاکێشانی زەوی(کە هەمیشە بە شێوەیەکی شاقوڵی) جوڵەی تەنەکە دەگۆڕێت و ئایا جوڵەی هەمو تەنێك بە هەمان شێوە دەگۆڕێت. گالیلۆ، لە هەمان بەرزییەوە، کەوتە خلکردنەوەی بەردی بارستە جیاواز، سەیری کرد کە هەمو لە هەمان کاتدا بە زەویدا دەدەن، بەڵام لای وی ئەم جۆرە ڕامانە سەرپێییە هیچ مایەی دوا متمانە نین، هەر بۆیە تاقیکردنەوەی سەر ڕوە لارەکەی وەها لێکرد کە پێویستە پێوانی وردی بۆ بکەین. کاتێک تۆپێک لەسەر ڕویەکی لار خل دەبێتەوە، تەنها لە ژێر کاریگەری هێزی ڕاکێشانی زەوی نییە، بەڵکو تەنها ئەو بەشەی کە بە تەریبی ڕوە لارەکە دێتە خوارە لە ژێر کاریگەری ئەم هێزەی ڕاکێشانی زەویدایە. هەر کە لاری ڕوەکە زیاد دەکرێت، ئەوا هێزی ڕاکێشانی زەوی بە درێژایی ڕوەکە لە بەهای سفرەوە زیاد دەکات(کاتێک کە ڕوەکە ئاسۆییە) بۆ ئەوپەڕی بەهاکەی( کە ئیتر بەرزترین بەهایە) کە ڕوەکە بە تەواوی دەبێت بە شاقوڵی. بەمجۆرە، گالیلۆ، بە کەمکردنەوەی ئاستی لاری ڕوەکە، توانی کارێکی وا بکات کە گۆ کانزاییەکە بە خاوی خل ببێتەوە بەو جۆرەی خۆی ئارەزو دەکات – ئەوەندە خاو کە بتوانێت پێوانی جوڵەکە بە وردی بکات. لە لاری 30 پلەدا، هێزی ڕاکێشانی زەوی بە درێژایی ڕوەکە نیوەی بەهاکەی دەبێت کاتێک کە لاری ڕوەکە 45 پلە بێت، واتە ½ ی ڕەگی دوجای 2 کەڕەت بەها هەرە بەرزەکەیەتی، لە لاری 60 پلەدا، ½ ی ڕەگی دوجای 3 کەڕەت بەها هەرە بەرزەکەیەتی.

گالیلۆ زنجیرەیەک ڕامانی گرنگی ئەنجامدا کە بون بە بنچینەی میکانیکی نیوتن، هەر وەک لە سێ یاساکەی نیوتن لەمەڕ جوڵەدا فۆرمولە بون – یاسای یەکەم – یاسای بەردەوامی (یان یاسای سرەوتن) دەرەنجامی ڕاستەوخۆی توێژینەوەی گالیلۆ بو سەبارەت بە جوڵە. گالیلۆ سەرنجیدا کە هەتا تۆپەکە لەسەر ڕوە لارەکەدا تل بێتەوە، ئەوا خێراییەکەی بە هەمان بڕە کات زیادەکات. بەڵام کاتێک ڕوە لارەکە جێ دەهێڵێت و دەچێتە سەر ڕوە تەختە سافە ئاسۆییەکە، خێراییەکەی بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە. بەمجۆرە بە تاقیکردنەوە ئەو مشتومڕە ئەرستۆییەی هەڵوەشاندەوە کە دەڵێت هێزێک پێویستە کاریگەری لەسەر تەنەکە هەبێت بۆ ئەوەی بە خێراییەکی نەگۆڕ بجوڵێت. گالیلۆ بە تاقیکردنەوەکانی لەمەڕ ڕوە لارەکان ئەوەی سەلماند کە هێزی نەگۆڕی ڕاکێشان بە درێژایی ڕوە لارەکە خێرایی تەنەکە بە ڕێکی بە جۆرێک زیادەکات کە کاریگەری هێزێک خێرایی تەنێک دەگۆڕێت (جوڵە بە درێژایی ڕوەیەکی لار) ، لە کاتێکدا کە مەبەست لە نەبونی هێزێک (جوڵە لە سەر ڕوەیەکی ئاسۆیی) بریتیە لە خێرایی نەگۆڕ. بەمجۆرە، گالیلۆ، تاودانی (گۆڕان لە خێراییدا) کرد بە یاوەرێک لەگەڵ کارکردنی هێزدا.

Untitled

جوڵەی پارابۆلا

گالیلۆ، لە ئاکامی ڕامانەکانی لەمەڕ خلکردنەوەی گۆ کانزاییەکاندا، گەلێک دەرەنجامی (کورتکردنەوە) ماتماتیکی بەدەست هێنا. یەکەمجار ئەوەی دەرخست کە خێرایی ئەو گۆیانەی خل دەبنەوە بە ڕێکی لەگەڵ کاتدا زیادەکات و ڕێژەی ئەم زیادکردنەی خێرایی(واتە تاودان) بۆ هەمو گۆکان هەر هەمان شتە، ئەگەر چی بارستایی یان قەبارەیان جیاوازە – واتە هەر هەمو گۆکان، هەر لە سەرەتای جوڵەوە، لە ترۆپک و بناری ڕوە لارەکەوە هەمان خێراییان هەیە. هەروەها بە شێوەیەکی ماتماتیکی سەلماندی کە ئەو دوریەی گۆیەک بە درێژایی ڕوە لارەکە دەیبڕێت ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ دوجای کاتەکەدا کە دەخایەنێت و دوجای خێراییەکەش لە هەر خاڵێکدا لەسەر ڕوە لارەکە، ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ ئەو دورییەی لە ترۆپکی ڕوە لارەکەوە بڕیویەتی. لەم پەیوەندییە ماتماتیکییە سادانەوە، گالیلۆ توانی بگاتە ئەو دەرنجامەی کە ئەگەر تەنێک (گرنگ نییە کە بارستەکەی چەندە) لە ناوەندێکی بۆشاییدا (vacuum) ئازادانە بکەوێتە خوارەوە، ئەوا خێراییەکەی بە ڕێژەی 32 پێ / چرکە لە چرکەیەکدا (واتە تاودان) زیاد دەکات. لەوەش زیاتر، گالیلۆ سەرنجیدا کە لەسەر ڕوە ئاسۆییەکە، گۆکە دواجار لە جوڵە
دەوەستێت، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕوەکە بە کامڵی perfect ساف نییە،خۆ ئەگەر سافێتی ڕوەکە زیاد بکات، ئەوا گۆکە هەتا ماوە هەبێت هەر دەجوڵێت. جگە لەمانەش ڕامانێکی گرنگی تری ئەنجامدا: خێرایی هەر هەمو گۆکان لە بناری ڕوە لارەکەدا، با درێژی ڕوەکە چەند درێژیش بێت، وەک یەکن، بەڵام پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بەرزی ترۆپکی هەمو ڕوە لارەکان لە زەوی ەوە یەکسان بن، چونکە تەنها بەرزی ڕوەکان لە زەوی ەوە خێرایی گۆ خل – بوەوەکان لە بناری ڕوە لارەکاندا دیاری دەکات. ئەم جۆرە ڕامان و دەرەنجامە سادانە بون بە هۆی زەمینەخۆشکردن بۆ لەدایکبونی زانستی میکانیک.

گالیلۆ زۆر زیاتر لە تاقیکردنەوەکانی لەمەڕ گۆکان لەسەر ڕوە لارەکان هەنگاوی هەڵگرت و هاوکێشە ماتماتیکیە کیناماتیکەکانی بەسەر موشەک – هاوێژەکان و تۆپ – تەقاندندا واریکرد، ئەمە لەو ڕۆژەدا بوارێکی زۆر گرنگ بو. گالیلۆ ئەوەی پیشاندا کە ئەگەر موشەک بە هەر گۆشەیەک لەسەر زەویەوە هاویژرا، ئەوا ڕەوتەکەی پێویستە شکڵی پارابۆلا[7] لەخۆبگرێت، چونکە جوڵەکەی لە ئاسماندا شیتەڵ دەبێت بەسەر دو لادا، جوڵەی ئاسۆیی و جوڵەی شاقوڵی یان ستونی. خێرایی ئاسۆیی موشەکەکە نەگۆڕە، دوری ئاسۆییشی لە خاڵی تەقاندندا لەگەڵ کاتدا زیاد دەکات، بەڵام خێرایی ستونی کاتێک موشەکەکە بە ئاڕاستەی سەرەوە لەگەڵ گوزەری کاتدا کەمدەکات و هەتا دەبێتە سفر، بەمجۆرە بەرزییەکەی لە سەر ڕوی زەوی ەوە لەگەڵ دوجای کاتدا دەگۆڕێت. بە یەکخستنی هەر دو لایەنی ئاسۆیی و شاقوڵی جوڵەی موشەکەکە، گالیلۆ توانی ئەوە پیشان بدات کە فڕینی موشەکەکە ڕەوتێکی پارابۆلای هەیە و مەوداکەشی کاتێک ئەوپەڕە ئەگەر بە گۆشەی 45 پلەوە لە ڕوی زەوییەوە تەقێندرا.

گالیلۆ تەنها بە توێژینەوەی زانستییانەی میکانیکەوە نەوەستا، بەڵکو ئەقڵە چالاک و پڕ لە پرسیارەکەی بەسەر گەلێک پرسی زانستی و تەکنیکی جیاوازدا واریکرد، لە هەر یەکێک لە قۆناغەکانی کارەکەیدا، پێشبینی قودرەتی ماتماتیکیانە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پرینسیپە زانستیییە ڕاستەکاندا نیشانداوە. کاتێک کەوتە خوێندنی دیاردەی گەرمی، یەکەم گەرمی – پێوی دروستکرد بۆ پێوانی گەرمی و جۆلانەکردنی پەندۆلی بەکارهێنا بۆ پێوانی کات و ئەوەی پیشاندا کە شەپۆلی پەندۆلەکە (ژمارەی جۆلانەکردنی پەندۆلەکە لە کاتێکی پەراوێزکراودا) تەنها بەندە لەسەر درێژی پەندۆلەکە، نەک ، هەتا یەکەم بەهای نزیکی، لەسەر درێژی چەماوەی جۆلانەکردنی پەندۆلەکە لەم سەر بۆ ئەو سەر، یان لە راست بۆ چەپ. گالیلۆ پەندۆلی بەکارهێنا بۆ پێوانی تێکڕای ترپەی لێدانی دڵ و ئیشارەیدا بەوەی کە ئەم جۆرە پێوانەکارییە چەندە گرنگن لە تەشخیسی پزیشکیدا.

ئەمرۆ، گالیلۆ زۆرتر بە کارە ئەسترۆنۆمییە تەلەسکۆپییەکانی بەناوبانگە، ئەو داهێنانەی کە زانستی فەلەکی لە تێڕامانی چاوی پوختەوە گۆڕی بۆ دیسپلینی وردبونەوەی زۆر بە دیقەت. بەر لە تەلەسکۆپ، ئەسترۆنۆمی بەندبو لەسەر ئامێرەکانی وەکو کوادرانت[8] quadrant و گۆی سەربازی ڕاستەی تەریبکاری، ئەو ئامێرانەی کە تیکۆ براهە[9] بەکاری هێنان بۆ ئەوەی ڕامانە نایابەکانی بەدەست بهێنێت. لەگەڵ بەرەوپێشچونی ئەسترۆنۆمی تەلەسکۆپیدا، هێدی هێدی تێڕامانی ئەسترۆنۆمییانە لە ڕێگای چاوی پوختەوە(واتە ڕامان لە ئاسمان تەنها بە بەکارهێنانی چاوی ڕوت) و ئامێرە تەقلیدیەکان باویان نەما و ئاوابون. گالیلۆ، بە هۆی بەکارهێنانی تەلەسکۆپەوە، چوار تێڕامانی ئەسترۆنۆمی زۆر گرنگی وای ئەنجامدا کە، بە بێ هیچ گومانێک، قایلی بکەن کە کۆسمۆلۆژیای کۆپەرنیکۆسی ڕاستە و ئەسترۆنۆمی باوی ڕۆژگارەکە و سیستەمی پەتلیمۆسی هەڵەن. گالیلۆ دەریخست کە: یەکەم، ڕوی مانگ بەرزی و نزمییە و ناڕێکە، ئەمەش ئەو بیروڕایە ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێت تەنەکانی ئاسمان ”کەماڵن[10] perfect ” ، دوەم، پاشان دەریخست کە فەیسەکانی هەسارەی ڤینۆس و ئەوانەی مانگ هاوشێوەن و ئەوەش دەسەلمێنێت کە ڤینۆس بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، نەک بە دەوری زەویدا، سێهەم، چوار مانگ بە دەوری مشتەریدا دەسوڕێنەوە، ئەمەش بۆ خۆی وەک مۆدڵێکی بچکۆلەی سیستەمی کۆپەرنیکۆسی چەقە – خۆرییە. چوارەمیش، ڕێچکە شیرییەکان Milky Way لە فرە خاڵی ڕوناکی پێکهاتون، کە گالیلۆ وەک ئەستێرەی زۆر دور تەفسیری کردن.

یۆهان کێپلەر، گەورەترین فەلەکناسی سەدەی هەڤدە بو کە توانی گۆڕانکاری چلۆنایەتی بەسەر سیستەمی چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆسیدا بهێنێت، تەنانەت هەندێک دەڵێن، کە غەدر لە کێپلەر کراوە، چونکە ئەو گۆڕانکارییەی ئەو ئەنجامیدا لە سیستەمی کۆپەرنیکۆسیدا ئەوەندە فراوان بو کە دەبو مۆدڵەکە ناوبنرێت سیستەمی کۆپەرنیکۆ – کێپلەری. قودرەتی ماتماتیکییانە و خەیاڵی ژمارەکاری کێپلەر لە ئاسابەدەر بوە. خاوەنی سێ یاسای جوڵەی هەسارەکانە، کە یەکەمیان ئەوە بو کە توانی بیسەلمێنێت کە هەسارەکان بە شێوەیەکی هێلکەیی بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە نەک بە شێوەیەکی بازنەیی. دوەمیش  ئەو هێڵەی کە هەسارەکە بە بە خۆرە دەبەستێتەوە هەمیشە هەمان ڕوبەر لە هەمان زەمەنی دیاریکراودا دادەپۆشێت و یاسای سێیەمیش دەڵێت کە دوجای  خولی زەمەنی هەر هەسارەیەک ڕاستەوانە لەگەڵ سێجای تەوەرە نیمچە گەورەکەی خولگەکەیدا ڕاستەوانە دەگۆڕێت. ئەمانە بون بە زەمینەیەکی بە پیت بۆ نیوتن بۆ ئەوەی میکانیکی نیوتن دابڕێژێت.

سەرچاوە:

The Story of Physics, loyd Motz  and Jefferson Hane Weaver. Avon Books;  Reprint edition (1992). PP 34 –

————————————————————————————————————————————————————
پەراوێزەکانی وەرگێر:

[1]  مەبەست لە کەوتنەخوارەوەی تەنەکان بە شێوەیەکی ئازادانە ئەوەیە کە ئەم تەنانە کاتێک دەکەونە خوارەوە تەنها لە ژێر هێزی ڕاکێشانی زەویدا دەکەونە خوارەوە و هیچ هێزێکی تر حزوری نییە.

[2]  چەمکی سرەوتنی تەنێک بریتیە لە توانستی ناوەکی ئەو تەنە بۆ بەرهەڵستیکردن لە گۆڕان، بۆ نمونە تەنێک لە حاڵەتی وەستاودایە، ئەم تەنە هەر بەردەوام دەبێت لە وەستان ئەگەر هێزێکی دەرەکی کاری تێنەکات، بە هەمان شێوە، تەنێک لە حاڵەتی جوڵەدایە، ئەوا لە جوڵەی خۆی هەر بەردەوام دەبێت ئەگەر هێزێکی دەرەکی کاری تێنەکات.

[3]  برۆنۆ (1548-1600)  ، لە مێژودا، کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێش، فەیلەسوفێکی شۆڕشگێر، شاعیرێکی خەیاڵبافی داهێنەر، گوتاربێژێکی بێوێنە و زانایەکی یاخی رۆژگاری رێنیسانس بو. هەندێک بە یەکەم شەهیدی زانستی لەقەڵەم دەدەن و هەندێکی تر بە هەڵەوەڕێکی مێژوی هەژمارددەکەن. برونۆ، یەکەم زانا بو بانگەشەی کرد کە گەردون ناکۆتایە، عەرد هیچ پیرۆزییەکی تێدا نییە و دەشێت دەیان هەسارەی تری وەکو زەوی هەبن و دوریش نییە مەسیحی خۆیان هەبێت. لای برونۆ، کۆپەرنیکۆس هەرگیز لە بەها و گرنگی تیورییەکەی خۆی سەبارەت بە سیستەمی چەقە-خۆری تێنەگەیشتوە. کاتێک لە ساڵی 1600، دوای هەشت ئەشکەنجەی زۆر دڕندانە، برونۆیان بە زوندویی سوتاند، گالیلۆ زۆر سڵەمییەوە و کاریگەری هەبو لەسەر بانگەشەی سیستەمی کۆپەرنیکۆسی. دواییش کە گالیلۆ لە ساڵی 1633 دا مەحکومی دەستبەسەری ئەبەدی بەسەردا سەپێنرا، ڕێنییە دێکارت لە سیستەمی گەردونی خۆی پاشگەزبوەوە و کتێبەکەی بە هیچ جۆرێک لە ترسی کڵێسە بە چاپ نەگەیاند.

[4]  کتێبی دایەلۆگ بریتییە لە گفتوگۆی سێ کارەکتەری تەواو جودا، کە گالیلۆ لە فۆرمی شانۆگەریدایە نوسیویەتی، یەکەمیان کەسایەتییەکی ساویلکە، کە ناوی سیمپلیچۆیە و مانای ساویلکە”گەمژە” دەبەخشێت و پشگیری لە بیروڕا کۆسمۆلۆژییەکانی ئەرستۆ دەکات، دوەمیان، سالڤیاتییە، کە هاوڕێیەکی کۆنی گالیلۆ خۆیەتی و لە کتێبەکەدا کەسایەتییەکی کۆپەرنیکۆسییە و زمانحاڵی گالیلۆ خۆیەتی و زۆر سەرسەختانە بەرگری لە سیستەمی چەقە-خۆری کۆپەرنیکۆسی دەکات و دژی کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆیی قسەدەکات، کەسایەتی سێیەمیش، ساگریدۆ، کە ئەویش لە ئەسڵدا هاوڕییەکی دیکەی گالیلۆیە و بە لاوی دەمرێت، ئەمیش ڕۆشنبیرێکی پیاوماقوڵی رۆژگاری ڕێنیسانس بوە، لە گفتوگۆکەدا هێدی هێدی قەناعەت بە بیروڕاکانی سەلڤیاتی دێنێت و دێتە سەر ڕێبازەکەی. کاتێک کتێبەکە بڵاوبوەوە و گالیلۆ کۆپییەکی بە تایبەت نارد بۆ پاپا، کە ئەمیش لە بەرامبەردا و لە ڕاستیدا هێندە بە کتێبەکەی گالیلۆ موتەئەسیر دەبێت، کە لە کاتی خواندا، ڕۆژانە یەکێک لە موریدەکانی بۆی دەخوێنێتەوە، بەڵام وەک دەڵێن، نەیارێکی گالیلۆ، ڕۆژێک بە گوێێ پاپادا چرپاندویەتی و گوتویەتی ” گەورەم من بیستومە کە لای گالیلۆ کەسایەتی سیمپلیچۆ تەمسیلی جەنابتان دەکات.” پاپا، بەمە زۆر توڕەدەبێت، یەکسەر فەرمان دەردەکات کە کتێبەکە لە بازاڕدا کۆبکرێتەوە و بە پەلە گالیلۆ بانگ بکرێت بۆ ڕۆما و توێژینەوەی لەگەڵدا بکرێت کە خۆی لەبەردەم کۆمیەتەکەدا ساخ بکاتەوە.

[5]  ئەم وتەیەی گالیلۆ زۆر بەناوبانگە، هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە گالیلۆ لەو کاتەدا کە حوکمەکەی بەسەردا دەدەن، لە گۆشەیەکی پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوە دەکات و پشیلەیەک دەبینێت، ئەم پشیلەیە هەر دەجوڵێت، گالیلۆش لە کاتی سەیرکردنەکەدا ورتەکەی لێ دێت و دەڵێت ” هەر دەجوڵێت”. زانیارییەکە هەتا ئێرە هەیە و هیچی تر، زیاتر لە داستانێکی ڕۆمانسییانەی سەرچڵانە دەچێت وەک لە چیرۆکێکی ڕاستی. بە ڕاستی حیکایەتی دادگاییکردنی گالیلۆ یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین ململانێی زانست و ئایین کە بو بە هۆی دەست بەسەری گالیلۆ بۆ هەشت ساڵ، کە سەرەنجام نابینا دەبێت و لە ساڵی 1642 دا بە یەکجاری چاوانی لێکنا. هەر لەم ساڵەدا نیوتن لەدایکبو.

[6]  گرافی پارابۆلا بەمجۆرەیە.

Untitled

[7]  ئامێری کوادرانت: ئامێرێکی ئەسترۆنۆمی بو بۆ پێوانی بەرزی تەنە ئاسمانییەکان بەکاردەهێنرا. تیکۆ براهە ئەم ئامێرەی زۆر بە وردی و دانسقەیی بەکارهێناوە.

[8]  تایکۆ براهە: گەورەترین فەلەکناس بو کە دوای کۆپەرنیکۆس و پێش کێپلەر و گالیلۆ هات.

[9]  کەماڵی تەنە ئاسمانییەکان یەکێک بو لە بنەما فەسەفییە ئەرستۆییەکان کە کڵێسە پشت پێ بەستبو و وەک بەشێک لە کۆسمۆلۆژیا ئایینی مەسییحی تەبەننای دەکرا. دژایەتی کردنی ئەم بنەما ئاینییە – کۆسمۆلۆژیی فەلسەفییە جۆرێک لە کفربو. لای ئەرستۆ هەسارەکانی ئاسمان بە مانگەوە ساف و تەواو گۆیین، واتە کەماڵن.

image_pdfimage_print

You may also like...

2 Responses

  1. karben دەڵێت:

    پێشەکی زۆر سپاستان دەکەم کە سوودی زۆرتان بە گەلی کورد گەیاندووە لەڕێگەی ئەم سایتە وە لە پیجی فەیس بووکیش .
    بەڵام من ڕەخنەیەکم هەیە کە هیوادارم ببێتە مایەی بەردەوام بوون تان کە ئەویش لەسەر ئەم ڕاپۆرتەیە لەسەر فیزیکی گالیلۆ کە وا بە بیرو بۆچونی من ئەو رەسمەی تۆپ هاوێژە لە ڕووی فیزیاییەوە خەلەتە چونکە ئەگەر بیهێنینە بەر چاوی خۆمان ڕێڕەوی تۆپ ی تۆپ هاوێژەکەی بە جۆرە نابێیت. وە دووبارە دەست خۆشیتان لیدەرکەم . هیواردارم بەردەوم بن بم بورن ئەگەر بە هەڵەدا چوبم .

    • فیزیک بۆ کورد دەڵێت:

      سڵاو کاک کاربین، ببورن بۆ درەنگ وەڵام دانەوەکەتان، سەرتانخۆش. سوپاس بۆ سەرنجەکەتان، ئەتوانن ڕوونی بکەنەوە بۆچی ئەو شێوەیەی جوڵەی تۆپهاوێژەکە هەڵەیە؟ گەر ئەم شێوەیە هەڵەیە، ئەوە چ شێوەیەکی دیکە ڕاستە و بۆچی وایە؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *