کورتە مێژویەکی تیوری بیگ بانگ

 وەرگێڕانی: شێرکۆ ڕەشید قادر
لە نوسێنێکی سایمۆن سینگ دەربارەی بیگ بانگ وەرگیراوە کە لە کۆلێژی گرێشام پێشکەشیکردوە.
Untitled

هەمو کەسێک تیۆری بیگ بانگی بیستوە، بەڵام زۆر کەس نازانێت چییە، یاخود کێ ئایدیاکەی هێنایە ئاراوە، یاخود بۆچی ئەمڕۆ خەڵک زیاتر لە هەموو زەمەنێک باوەڕی پێیەتی. هەر بۆیەش لێرەدا کورتەیەکی ئەم تیۆرییە باس دەکەین و بزانین مێژووەکەی چۆن هاتە ئاراوە.

لە ساڵی 1930 دا، ئەسترۆفیزیکناسی بەریتانی، سێر جەیمس جەینس، کتێبێکی نوسی بە ناوی ” گەردونی تەلیسماوی”.جەیمس جەینس، لەم کتێبەدا پێمان ڕادەگەیەنێت کە کۆسمۆلۆژیستان سەبارەت بە گەردون چی دەڵێن و چۆن لەم گەردونە تێگەیشتون. ئەم کتێبە بە هیج جۆرێک ئیشارە بە پرسی بیگ بانگ نادات، هەرچەندە مەسەلەکە وەک بیرۆکەیەک لە لایەن فریدمان و هەبڵەوە وروژێنرابوو، بەڵام هێشتا وەک تیورییەک نەهاتبووە نێوەندەکانی فکری کۆسمۆلۆژییەوە. جەینس زیاتر باس لە دیاردەی ئەبەدی گەردون دەکات، ئەو گەردونەی کە هەر لە ئەزەلەوە لە ئارادیە و هەتا ئەبەدییەتیش هەروا دەمێنێتەوە، ئەم گەردونەی جەیمس وەسفی دەکات گەردونێکی وەستا و ستاتیکە و گۆڕانی تێدانییە بەو جۆرە کە ئێستا وەک گەورەبونی گەردون قسەی لەسەردەکرێت. دوێنێ چۆن بووە، ئەمڕۆش وا دەبێت و سبەینێش هەر بەم جۆرە بەردەوام دەبێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە تیوری بیگ بانگ بەم جۆرە گفتوگۆ ناکات، بەڵکو بە شێوازێک دەدوێت کە گەردون سەرەتایەکی هەیە و مێژوی بەرەو دواوە دیاردەیەکی ئەبەدی نییە، بەڵکو بناوانی هەیە و لەم بناوانەوە هەتا ئێستا گەلێک گۆڕانی بەسەردا هاتوە و هەمیشەش بەردەوام دەبێت لە گۆڕان. بێگومان لەو ڕۆژگارەدا،هەرچەندە تیوری گەورەبونی گەردون لە پرۆسەی لەدایکبوندابو، بەڵام هێشتا بەڵگەی تۆکمە و زانیاری گرنگ وەک ئێستا لە ئاراد نەبوو.

ئەو کاتە زۆربەی خەڵک باوەڕیان بە گەردونی وەستاو هەبوو. هۆکاری سەرەکیش، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ئەم تیۆری وەستاوەدا، یان ستاتیکەدا، هیچ مۆدڵێکی تر لە ئارادا نەبو ململانێی بکات و دوەمیش باوەڕکردن بەوەی کە گەردون لە حاڵەتی گەورەبون و کشاندایە شتێکی هەرگیز مایەی تەسەورکردن نییە و تەواو پێچەوانەی سەلیقەی عامە. خۆ ئەگەر زانایەکی گەورە بێت و پێمان بڵێت کە گەردون مێژوویەکی ئەبەدی هەیە، ئەوا ئیتر مرۆڤیش ناکەوێتە پرسیاری وەکو ئایا گەردون کەی و کێ خوڵقاندویەتی و پێگەی ئێمە و دروستبونمان چۆن هاتووە و بەرەو کوێ دەچێت. بەڵام هەرگیز کەس نەیتوانیوە ئەوە بسەلمێنێت کە گەردون دیاردەیەکی ئەبەدییە و بنەمایەکی زانستی هەیە، ئەمەیە پەیامی زانست، هەمیشە جودایە لە هەمو جۆرە هەقیقەتێکی تر، چونکە لە دوی هەقیقەتێک دەگەڕێت کە هەوڵدەدات بیسەلمێنێت.بەلام کاتێک بیگ بانگ لەدایکبوو، بە ڕاستی کۆمەڵێک داتای کۆکردەوە کە بوون بە بناخەیەکی دانسقە و نایاب بۆ بەڵگە کە ئەم تیورییە زیاتر مایەی قبوڵ بێت وەک لەوەی کە گەردون هەر لە کۆنەوە هەبووە. یەکەم سەرەتای بەڵگە لەمەڕ گەورەبونی گەردون لە چیای ویلسۆن سەریهەڵدا.

هەبڵڵ بە یارمەتی گروپەکەی توانی زیرەکی و کاریزمای خۆیبخاتەگەڕ و سود لەم تەلەسکۆپە گەورانە وەربگرێت بۆ پێوانەکردنی گەردون. هەبڵڵ توانی دوری گالاکسیەکان بدۆزێتەوە.

ئێمەی مرۆڤ لە گالاکسیدا دەژین. زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، خۆریش ئەستێرەیە و ئەستێرەکانیش بە وێنەی گەردەلول لەیەکتر ئاڵاون و گالاکسییان پێکهێناوە. گەردون بە گالاکسی تەنراوە و هەبڵڵ یەکەم کەس بوو کە پێمان بڵێت گالاکسییەکان چەندە دورن.

هەبڵل بۆ پێوانەکردنی گەردون پشتی بە تەکنیکێک بەست کە لە لایەن هێنرییتا لیەڤیتەوە داهێنرابوو، کە ئەندامی تیمێک بوهەمویان ژن بون، کاری حساباتیان بۆ فەلەکناسان دەکرد، ئەمانە خۆیان بۆیان نەبو وەک پیشە ببن بە فەلەکناسی پرۆ. فەلەکناسان خۆیان شەوانە تا درەنگانێک دەمانەوە و تێرامانیان لە ئاسمان دەکرد و ورددەبونەوە و جوڵەی ئەستێرەکانیان تۆماردەکرد. هەتا بڵێێ ساردبوو، گەلێک جاران، ئەوەندە سارد بوو، تەنانەت برژانگیان بە تەلەسکۆپەکانیانەوە دەیبەست. ئەم فەلەکناسانە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر وێنەی ئاسمانیان دەگرت و توێژینەوەیان لەسەردەکرد و شییان دەکردنەوە، لە ماوەی بیست بۆ سی ساڵ زیاتر لە نیو ملیۆن فۆتۆگرافیان گرتبوو. کاری ژنەکان بریتی بوو لەوەی بە هاوێنەی(زەڕەبین) گەورە ئەم وێنانەیان گەورە دەکردو هەموو شتێکی بچوک و گەورەیان بە وردی لێکدەدایەوە و داتاکانیان بەکاردەهێنا بۆ پێوانی درەوشاوەیی و مەوقیعی فەزاییان. ئەم ژنە بلیمەتانە، ڕۆژانە زۆر لە پیاوان وردتر سەیری داتاکانیان دەکرد. لە نێو ئەم ژنانەدا دووانیان ڕۆڵێکی بەرچاو و چالاکیان هەبوو، کە یەکێکیان هێنریتا لیەڤیت بو، کە لەوەبەر ئیشارەمان پێدا و ئەوی تریش ئانی ژەمپ کانون بوو، ئەم دو ژنە، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە بەرەوپێشردنی ئەسترۆنۆمی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم ژنانە بە هیچ جۆرێک تەلەسکۆپیان بەکارنەدەهێنا، تەنها ئەو داتایەنان بە کاردەهێنا کە فەلەکناسەکان دەیانخستە بەردەمیان بۆ ئەوەی کارە حسابیەکەیان بۆ بکەن و وێنەکانیش بە هاوێنە(زەڕەبین) گەورەبکەن. ئەو کاتە چونکە ئامێری کۆمپیوتەر نەبوو، خەڵک دەهاتن، بە تایبەتی ژنان، بۆ ئەوەی حساباتەکەیان بۆ بکەن، ئەم ژنانە پێیان دەگوترا کۆمپیوتەر، تەنانەت ناوی کۆمپیوتەر خۆشی هەر لەمەوە وەرگیراوە. ئەم ژنانە توانیان سیمای تەکنیکی شیکردنەوەی داتای ئەسترۆنۆمی بگۆڕن و بەشێکی گەورەبن لە شۆڕشی نوێی ئەسترۆنۆمی سەدەی بیستەم کە دوایی بە بیگ بانگ ناسراوە و لە چیای ویلسۆنەوە بە ڕابەری ئیدوین هەبڵ دەست پێدەکات.

خاڵی سەرەکی ئەم لادانە ئەوەبو کە هەبڵڵ کارەکانی هێنریتا لێڤییەتی خستەگەڕ بۆ پێوانەکردنی گالاکسییەکان. لێڤیەت توێژینەوەی لە جۆرە ئەستێرەیەکی تایبەت کردبو کە بە گۆڕاوەکانی سێفەید ناودەبرێن، کە لە لایەن جۆن گوودڕیکەوە دۆزرانەوە. بەمجۆرە دەبینین کە دەبێتە خاوەنی ئایدیایەک کە لەسەر بنەمای ئایدیایەکی ترەوە گەشەی کردوە، ئەمیش لەسەر بنەمای ئایدیایەکی تر بنیاتنراوە و زانایانیش پاڵیان داوە بە شانی مەزنانەوە، واتە هەر مەزنە پاڵی داوە بە شان مەزنێکی تری پێش خۆی.

ئەو شتەی تر کە هەبڵڵ کردی ئەوەبو کە لەم هەمو گالاکسییانەی ڕوانی، ئنجا کەوتە پیوانەکردنی دورییەکانیان و پاشان کەوتە ئەو بیرکردنەوەیەی کە دەبێت ئەم گالاکسییانە چیبکەن. تۆ بڵێی هەروا لە ئاسماندا تەمبەڵانە بۆ خۆیان وەستابن، یاخود تۆ بڵێی هەروا بە فۆرمێکی هەڕەمەکی بجوڵێن، پاشان هەندێکیان بە ئاڕاستەی ئێمە دەجوڵێن و هەندێکیشیان لێمان دوردەکەونەوە؟ بە ڕاست ئەم گالاکسییانە چی دەکەن؟هەبڵڵ ویستی جوڵەی داینەمیکی گەردون بپێوێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، تەنها شت کە بە ڕاستی لە ئەسترۆنۆمیدا دەتوانیت بیکەیت بریتییە لە شیکردنەوەی ئەو ڕوناکییەی لە گالکسییەکەوە دێت.

باشە ئەمە چۆن لەگەڵ ڕوناکیدا دەکرێت؟ زۆر بە باشی ئەم کارە دەکرێت، ئەگەر شتەکە بەرەو ڕوی من بێت(واتە ئەگەر گالاکسییەکە بەرەو ڕوی من بێت)، ئەوا شەپۆلەکان دەچنەوەیەک، واتە درێژی شەپۆلێکە کە کورت دەبێتەوە، مەبەست لەمەش ئەوەیە کە ڕەنگەکەی شین باوترە لەوەی کە ئاسایی بێت. خۆ ئەگەر من لە بەرەکەی ئەوبەرەوە بم و گالاکسییەکە لە من دوربکەێتەوە، بە مانایەکی ترئاڕاستەی گالاکسییەکە بە پێچەوانەوە بێت ئەوا درێژی شەپۆلەکە دەکشێت، واتە درێژی شەپۆلەکە درێژتر دەبێت و تۆزێک سورباوتر دەنوێنێت.

پێویستە لێردا بپرسین: باشە کە هەبڵڵ ئەم وەرچەرخانە ڕەنگییانەی، جا سور یان شین باو بێت،پێوانەکرد، چی ڕویدا؟ هەبڵڵ سەیری زۆر گالاکسی کرد، بەڵامئەمانەی لای خوارەوە تەنها سێ دەرەنجامبون، کە دوری ئەم گالاکسییە تایبەتانە بون!.

نۆ(9) بلیۆن کیلۆمەتر دوری، دو سەد و بیست بلیۆن (220) کیلۆمەتر دوری و دوازدە هەزار (12000) بلیۆن کیلۆمەتر دوری. کاتێک کە سەیری یەکەم دەکەین، کەمێک زیاتر لە پێوست سوربو، ئەمەش بێگومان بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو گالاکسییە دوردەکەوێتەوە، بڕی سورییەکەشی ئەوە دەگەیەنێت کە بە خێرایی 6 بلیۆن کیلۆمەتر لە ساڵێکدا دوردەکەوێتەوە. ئەمەش ئیشارەیەکی نەگەتیڤە بۆ جوڵەی دورکەوتنەوەی لێمان. بەڵام کاتێک سەیری یەکێکی دورتری دوای ئەو گالاکسییەی کرد، سەیری کرد بڕی سورییەکەی زیاترە، بەمجۆرە بە خێراییەکی زۆر زیاتر دوردەکەوێتەوە، کە 170 بلیۆن کیلۆمەتر لە ساڵێکدا بو. سێیەمیان، دیسانەوە لەویش سورتربو، خێراییەکەی 730 بلیۆن کیلۆمەتر لە ساڵێکدا بو.

ئەگەر سەیری ئەم خێراییانە بکەین ئەوا دەبینین کە لە ئاسابەدەر بەرزن. تەنها لە دو چرکەدا ئۆقیانوسی ئەتلەنتیک دەبڕن. هەتا گالاکسی زیاتر پیوانەکرد، زیاتر دوردەکەوتنەوە. جگە لە تاک و تەرایەک هەمو گالاکسییەکان ملکەچی ڕێساکە بون کە هەبڵ لە مێشکیدا دەهات و دەچو. ئەمە دیاردەیەکی تەواو لە ناسایی بو– چونکە یەکەم بەڵگە بو کە لە بەرژەوەندی تیۆری بیگ بانگدا بو. خۆ ئەگەر هەمو شتێک بەم خێراییە لە یەکتر دوربکەونەوە، ئەوا سبەینی زیاتر لە یەکتر دوردەکەونەوە، یاخود دوێنێ تۆزێک زیاتر لە یەکەوە نزیک بونو ساڵێکیش لەمەوبەر زیاتر لە یەکترەوە نزیک بون، سەد ساڵ بەر لە ئێستاش زۆر زۆر زیاتر لە یەکەوە نزیک بون. بۆیە دەشێت بڵێین کە لە ڕابردودا و لە نوقتەیەکدا هەمو ئەمگالاکسییانە وەها بە یەکدا چوبون و چربونەتەوە و هەر وەک یەک تۆپەڵ بوبون وەهایە.

هەمو ئەم ژمارانە شتێکمان پێدەڵێن، یاخود هێمایەکن بۆ شتێکی زۆر گرنگ. پێمان دەڵێن کە لە ڕابردودا هەمو شتێک لە شوێنێکدا خەڵقبوە و کۆبوەتەوە و دوایی بە ئاڕاستەی دەرەوە گەورەبوە و تەقیوەتەوە، ئەمەش شتێکە کە ئێستا بە بیگ بانگ ناسراوە، هەتا ئێستاش گەردون هەر لە پرۆسەی گەورەبون و کشاندایە.

ئەمە دەرەنجامی تێڕامانەکانی هەبڵڵ بون. ئەوەی لێرەدا پێویستە ئیشارەی پێ بدەین و شتێکەتەواو مایەی سەرنجە بریتییە لەوەی کە ئەم دیاردە مەزنە لەوەبەر خەڵکانێک لە باری تیورییەوە باسیان کردوە و لە ڕوی ماتماتیکی پوختەوە ئەنجامگەلێکی وەهایان بۆ دەرکەوتوە. لە نێو ئەم زانا مەزنانەدا، ئەلێکسندەر فرێدمان، کۆسمۆلۆژیستی گەورەی ڕوسی، چەند ساڵێک بەر لە هەبڵڵ گوتی کە یاساکانی فیزیک ئەو بوارە دەڕەخسێنن کە گەردون لە کشان یان گەورەبوندا بێت. فرێدمان پەیپەرێکی لەمەڕ ئەم پرسە نوسی و بڵاویکردەوە. کاتێک ئاینشتاین نامە زانستییەکەی ئەم فیزیکناسە مەزنەی بینی، گوتی ئەمەمەسەلەیەکی گومانئامێزە و زەحمەتە جیگای باوەڕبێت، چونکە ئەمە باس لە گەردونێکی ناجێگیر دەکات، واتە گەردونێک کە لە گەورەبوندایە. ئاینشتاین باوەڕی بە گەردونێکی وەستاو بو، گەردونێک کە هەر لە ئەزەلەوە لە ئارادایە و هەرگیز ناگۆڕێت و هەتا ئەبەدییەتیش هەروا دەبێت. بە داخێکی زۆرەوە، فرێدمان، بە لاوی، بە شێوەیەکی تراجیدی و لە ناکاو مرد، هەرگیز کارە پێوانەییە نایاب و دەرەنجامە پڕ بەهاکانی هەبڵڵی بە چاوانی خۆی نەبینی، بەڵام دوای چەند ساڵێک، بیروڕاکانی دیسانەوە لە لایەن قەشەیەکەوە سەریانهەڵدایەوە، ئەمجارەیان بە جۆرێک بو کە چوە مەیدانی مشتومڕەوە. ئەو قەشەیە ناوی جۆرج لیمەیترێGeorges Lemaitre بو. لیمەیترێ، هەر بە هەمان شێوەی فرێدمان، گوتی یاساکانی فیزیک ئەو مۆڵەتە دەدات کە گەردون گەورەببێت. بەمجۆرە لیمەیترێ چەمکی فەرزییەی بیگ بانگی پێشکەشکرد. بێگومان لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین زاراوەی بیگ بانگ داهێنراوی لیمەیترێ نەبو، بەڵکو ئەم ناوینا ئەمڕۆی بێ دوێنێ. ئەمە بۆ خۆی وەک دێڕە شیعرێک وایە کە وەسفی ساتە چرکەی خەلقکردنی گەردونی پێ بکەیت. لیمەیترێ، وا تەسەوریکرد کە سەرتاپای مادە لە هەمو گەردوندا، بێگومان هەرچی شتێک لە گەردوندا بونی هەیە لە ئەتۆمێکی سەرەتاییدا کۆبوبوەوە. هەروەکو ئەتۆمی یۆرانیۆم ئەویش تەواو لە حاڵەتێکی ناجێگیردایە، پڕیشکی لێ دەبێتەوە و تەنۆڵکە بە ئاڕاستەی دەرەوە هەڵدەدات. لێمەیترێ تەسەوریکرد کە ئەتۆمە دایکەکە دەچێتە دۆخی ناجێگیرییەوە و لە حاڵەتی بیگ بانگدا دەکەوێتە دەرپەڕاندنی تەنۆلکە. خۆشی، واتە لێمەیترێ، چونکە قەشەبو، پیاوێکی ئیماندار و خواناس بو، کەس پرسەکە، یاخود فەرزییەکەی بە ڕژد، واتە بە جدی وەرنەگرت، نەزەری خەڵک بە جۆرێک بو دەیانگوت، یاخود هیچ نەبێت وەهایان تەسەوەردەکرد چونکە خۆی قەشەیە و پیاوی خوادیە، ئەوا ئەم کابرایە مەبەستێتی زۆر بە هێمنی خودا بهێنێتە ناو مەسەلەکەوە، ئەمەش چونکە خەڵقکردنی بیگ بانگ خۆی لە خۆیدا ئەوە دەردەخات کە خالقێک هەبوە.

لێمەیترێ هەمیشە دەیگوت،” من ئاینەکەم لە لایەک و زانستەکەم لە لایەکی ترەوە داناوە، یەکێکیان سەبارەت بە جیهانی مادی شتم پێدەڵێت و ئەوی تریان دەربارەی دونیای ڕۆحی قسەم لەگەڵ دەکات.” هەوڵم نەداوە بیانکەم بە هاوسەر. جارێک گوتی،” دو ڕێچکە هەیە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت، منیش بڕیارمداوە دوای هەردوکیان بکەوم.” لێمەیترێ بەمجۆرە ناکۆکییەکە حل دەکات.

کاتێک ئاینشتاین لەمەڕ تیۆرییەکەی لێمەیترێ زانیاری پێگەیشت، سەیریکرد کە هەر هەمان چەمک و مۆدڵەکەی فرێدمانە و دوبارە دەبێتەوە. هەر بە هەمان شێوەی پێشو ناکۆک بو، بە ئایدیایەکی خراپی ناوبرد. لەم قۆناخەدا، مرۆ شتەکە وا سەیردەکات کە ئاینشتاین کابرایەکی ناعادل بوە، بەڵام بیرمان نەچێت هێشتا تێڕامانەکانی هەبڵڵمان لەبەردەستدا نەبو، ئەوەی هەبو تەنها تیوری بو، تیوریش هیچ مانایەک نابەخشێت ئەگەر پاڵپشتی سەلماندنی زانستی یان ڕامانی وردی لەگەڵدا نەبێت. هەمو کەس دەتوانێت تیوری بخاتە بازاڕاوە، ئەوە مەسەلەیەک نییە کە چەند گرنگە، یان چەندە جوانە!بەڵکو ئەوەی تیورییەک دەکاتە شتێکی سەنگین و بەنرخ، بریتییە لەوەی تا چەند لەگەڵ واقیعدا تەبایە و تا چ ئاستێک لەگەڵ هەقیقەتدا کۆکە.

لە ساڵی 1927 دا، لێمەیترێ ئەم تیورییەی پێشکەشکرد، لە ساڵی 1929 دا، هەبڵڵ هەندێک سەلماندنی لەمەڕ ئەم تیورییە خستەڕو، هەبڵڵ دەرکی بە گەورەبونی گەردون کرد، کەچی هەر لەم ساڵەدا جەیمس جەینس، کتێبە ناودارەکەی خۆی، بە ناوی گەردونی تەلیسماوییەوە بڵاوکردەوە بە بێ ئەوەی هیچ ئیشارەیەک بە پرسی بیگ بانگ بدات. پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی کەسێکی ئاوا پسپۆڕ و گەورە باس لە تیوری بیگ بانگ ناکات لە کاتێکدا هەم تیورییەکەمان هەیە و هەم هەندێک بەڵگە لە ئارادا هەن؟

یەکێک لە هۆکانی ئەم مەسەلەیە ئەوەبو کە داتاکانی هەبڵڵ ئاماژەیان بەوە دەکرد کە تەمەنی گەردون تەنها یەک یان دو بلیۆن ساڵ دەبێت. جیۆلۆژیستانیش(زەویناسان) تەمەنی بەردی سەر زەوییان بە 4.5 بلیۆن ساڵخەمڵاندبو ، بەمجۆرە دەبینین کە تەمەنی بیگ بانگ زۆر کەمترە لە تەمەنی زەوی، بێگومان ئەمەش شتێكی ناقۆڵایە، هەربۆیەش دەبینین خەڵکانێک کە خۆشییان بە تیوری بیگ بانگ نەدەهات، دەیانگوت کە ئەمە شتێکە ئەقڵ قبوڵی ناکات و ناتوانێت مرۆ قایل بکات، هەر بۆیەش پێویستە فەرامۆشی بکەین و هیچ ڕەچاوێکی زانستی بۆ نەکەین. بێگومان مەسەلەی یەک بلیۆن بۆ دو بلیۆن ساڵەکە شتێکی هەڵەبو، ئێستا بە تەواوی ئاشکرابوە کە تەمەنی بیگ بانگ بە نزیکەیی چواردە(14) بلیۆن ساڵە نەک یەک یان دو بلیۆن ساڵ.

فرێد هۆیڵ

بەمجۆرە ئەو کۆسمۆلۆژیستانەی ئەم تیۆری بیگ بانگەیان ڕەتکردەوە ئەوانە بون کە لەگەڵ تەمەنی گەردوندا کۆک نەبون، یان ئەوانە بون کە هۆکاری فەلسەفییان هەبو، ئەمانە تەفسیرگەلێکیان دەخستەڕو کە لەگەڵ داتاکانی هەبڵڵدا تەریب بن و لە هەمان کاتیشدا سوربون لەسەر ئەوەی کە گەردون دیاردەیەکی ئەبەدییە و سەرەتای نییە.

لە نێو ئەمانەدا هەرە ناودارترین فەلەکناس کە ئەم تیۆرییەی ڕەتکردەوە فرێد هۆیڵFred Hoyleبو. هۆیڵ زۆر ڕقی لە تیوری بیگ بانگ بو، هەمیشە وەک زانایەکی سەربەخۆ بیری  دەکردەوە. کاتێک منداڵ بو، لە قوتابخانە هەمیشە بەسەر مامۆستا و قوتابیدا دەتەقیەوە، حەزی دەکرد خۆی شت فێربێت، بە درێژایی ژیانی زانایەک بوە خۆی خۆی فێری شت کردوە. هۆیل سەیری داتاکەی هەبڵڵی کرد. لەگەڵ ئەوەدا کۆک بو کە گەردون لە گۆڕاندایە و هەمو شتێک دوردەکەوێتەوە، بەڵام سوربو لەسەر ئەوەی کە گەردون بە هەمان شێوە و وەک خۆی دەمێنێتەوە. باشە چۆن دەکرێت گەردونلە گۆڕاندا بێت و لە هەمان کاتیشدا وەک خۆی بمێنێتەوە؟ لای هۆیڵڵ ئەمە ڕاستە، بەڵام ئێمە خۆشمان لە گۆڕانداین.

ڕۆژانە سەدان خانە لە بەدەنماندا دەمرن و لەناودەچن، بەڵام ئەم خانانە بە بەردەوامی جێگایان بە خانەی تر دەگیرێتەوە، بەمجۆرە دوای سێ یان چوار ساڵ ئێمە کەسێکی جیاوازین بەڵام هەر خۆمانین. ئەمەبو فەرزییەکەی هۆیڵ، گەردون دەگۆڕێت بەڵام هەر وەک خۆشی دەمێنێتەوە.

ئایدیاکەی هۆیڵ ئەوەبو کە ڕاستە گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە، بەڵام گالاکسی نوێ لە ناوەڕاستدا سەرهەڵدەدەن، کۆرپەلەی گالاکسی دروست دەبن و لەدایکدەبن، بەمجۆرە هەمیشە تێکڕای هاوسەنگی گالاکسی لە گەردوندا وەک خۆی دەمێنێتەوە. لە تیوری بیگ بانگدا گەردون لە گەورەبون و گەورەبوندایە، گالاکسییەکان تەنک و تەنکتر دەبنەوە، زیاتر لە یەکتر دوردەکەونەوە و بڵاودەبنەوە. گەردونیش رۆژ لە دوای ڕۆژ چڕییەکەی کەمتر دەبێتەوە. لە دیدی هۆیڵەوە، گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە، بەڵام هەمیشە گالاکسی تر لە پرۆسەی لەدایکبوندایە و دیسانەوە گەورەدەبن. هۆیڵ تیورییەکەی خۆی ناونا ”حاڵەتی نەگۆڕیی گەردون”. لای هۆیڵ گەردون گەورە دەبێت، بەڵام ئەگەر گەردون ناکۆتا بێت، ئەوە شتێکی ئەوەندە گرنگ نییە. دو ئەوەندەی ناکۆتا هێشتا هەر ناکۆتایە و هەر بە ناکۆتا دەڕوات و دەمێنێتەوە. یاخود ئەگەر گەردون بە دەوری خۆیدا لول بخوات و خۆی لە خۆی بئاڵێنێت، ئەوا هەر بە هەمان شێوە دەمینێتەوە.بەمجۆرە هۆیڵ داتاکانی هەبڵڵی لە گۆشەنیگای خۆیەوە تەفسیرکرد و سوربو لەسەر ئەوەی کە گەردون سیماکەی ئەبەدییە و ناگۆڕێت.

ئەگەر لێرەوە بازبدەین بۆ ساڵی 1950، ئەوا دەبینین دو تیوری لەمەڕ گەردون هەبون. تیورییەکی هۆیڵڵ، کە بە حاڵەتی نەگۆڕی گەردون ناودەبرێت و دوەمیش تیوری بیگ بانگ بو کە ڕابەرەکەی قەشە جۆرج لێمەیترێ بو.

جۆرج لێمەیترێ باس لە ئەمڕۆ دەکات بەلام دوێنێ بونی نییە، یاخود باس لە دوێنێیەکی بێ پێرێ دەکات. وشەی بیگ بانگ هەتا ساڵی 1951 بەکارنەهاتبو. لە ڕاستیدا، ئەم وشەیە لە لایەن گەورەترین نەیاری تیورەکە خۆیەوە، کە فرێد هۆیڵ بو، کەوتە سەر زمانان. هۆیڵ لە بەرنامەیەکی ڕادیۆییدا، کە تایبەت بو بە تێگەیشتن لە گەردون، ئەم زاراوەیەی بەکارهێنا و گوتی،” دو تیۆری لەمەڕ گەردون لە ئارادا هەن، یەکێکیان ئەمەیە و ئەوی تریان دەربارەی بیگ بانگە.”

لە ڕاستیدا وشەکان کە لەسەر رادیۆی بی.بی.سی گوتی بەمجۆرە بو:

” بی.بی.سی زنجیرەی حەوتەم پێشکەشدەکات کە سەبارەت بە سروشتی گەردونە، میوانەکەشمان، فرێد هۆیڵە، کە ماتماتیکناسی کامبریجە و هاوڕێیانی کۆلێژی سەینت جۆنە:

خەسڵەتی تەلیسماوی گەردون کە بریتییە لە باکگراوەندەکەی و گالاکسییەکان بە جۆرێک سەرنجدراون کە لە حاڵەتی گەورەبوندان. ئەمانە چ تەفسیرێکیان بۆ ئەمە هەیە؟ یەکەم، با سەیرێکی ئایدیا کۆنەکە بکەم: ئەگەر بە شێوەیەکی فراوان قسەبکەم، ئەوا ئایدیا کۆنەکە دەبێتە دو گروپ. گروپێکیان بەوە ناسراوە کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەردون لە زەمەنێکی دیاریکراودا لە تاکە تەقینەوەیەکی مەزندا دەستیپێکردوە. سەبارەت بەم فەرزیەیە، ئەو گەورەبونە هەنوکەییەی گەردون پاشماوەی ئەم تەقینەوەیە. ئەم  ئایدیای بیگبانگە لای من شتێکی قایلکەر نییە، تەنانەت توێژینەوەی فراوانیش ئەوە دەردەخات کە ئەمە گرفتی جدی هەیە.’

تانەکەی هۆیڵ گاڵتەئامێزبو، وەها وەسفی بیگ بانگی کرد کە تیورییەکی هەژارانەیە وبێ بنەمایە وهیچ بەڵگەیەکی زانستی پشگیری لێ ناکات. هەرچەندە وەک گاڵتە و ئیهانە وشەی بیگ بانگی بەکارهێنا، بەڵام وشەکە خۆی سەپاند و کەوتە سەر زمانان و ئیتر هەمو خەڵک لەو ڕۆژەوە وشەی بیگ بانگ وەک هیمایەک بۆ تیورییەکی سەرکەوتو بەکاردەهێنن.

لێردا بە سێ خاڵ کۆتایی بەم گوتارە دەهێنین.

یەکەم ئەوەیە کە گەلێک جارکاتێک خەڵک بە گشتی لە داتاکان دەڕوانن تەنها ئەو شتانە دەبینین کە دەیانەوێت بیان بینن، ئەمەش تا ڕادەیەک ڕاستە. بەڵام تەنها لە حاڵەتێکدا ڕاستە کە داتاکان وردنین وبنەمای زانستییان لاوازە. زانست، بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی ئەمە بێتەوە، هەمیشە پێویستە داتای چاک و تۆکمە فەراهەم بکات، پاشان داتاکان بخاتە ژێر پرۆسەی تاقیکردنەوەوە تا بزانێت کامەیان ڕاستە. ئنجا تیوریستان دەڵێن،” باوەڕ بە تیۆری بیگ بانگ دەکەم، خۆ ئەگەر ڕاستە، ئەوا لە تاقیکردنەوەکەدا سەرکەوتو دەبێت.”

هەرچەندە ئەمە چالاکییەکی مرۆییە و دەشێت لاوازی لەخۆبگرێت، بەڵام لە کۆتاییدا شتەکە دەبێتە بابەتیانە. بۆ نمونە ئەوەی ڕویدا لە پەنجا ساڵی ڕابردودا بریتی بوە لە سەرهەڵدانی بەڵگەی زیاتر لەسەر بیگ بانگ. یەکێک لەو کەسانەی کە کەوتە توێژینەوە لە مەسەلەی بیگ بانگ قوتابییەکی جۆرج گامۆ بو بە ناوی ڕالف ئەڵفەر. ئەڵفەر و گامۆ پێکەوە گوتیان کە ئەگەر تەقینەوەیەکی مەزنی وەک بیگ بانگ ڕویدابێت، ئەوا بێ هیچ گومانێک گەرمی و چڕییەکی زۆر مەزن لە ئەنجامدا دروستبوە، دوای ئەم پرۆسەی ئەفراندنە، توخمەکان دروستبون، بڕێکی زۆر لە هایدرۆجین گۆڕاون بۆ هیلیۆم. دوای حساباتێکی وردی پرۆسە ناوکییەکە، بۆ هەر دە (10) ئەتۆمی هایدرۆجینی، دەبێت یەک(1) ئەتۆم ببێت بەهیلیۆم. هەر بۆیەش کاتێک لە ئاسمان دەڕوانین و سەیری ئەستێرەکان دەکەین، دەبینین ڕێژەی هایدرۆجین بۆ هیلیلۆم یەک بۆ دەیە.تەنها تەفسیریش بۆ ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە ئەمە دەبێت دەرەنجامی پرۆسەیەکی مەزنی وەک بیگ بانگ بێت. لەوەش زیاتر، ئەلفەر پێشبینی دوەمی کرد، ئەویش ئەوەبو کە ئەگەر ڕۆژێک بیگ بانگ ڕویدابێت، ئەوا گەردون زۆر زۆر چڕبوە، ڕوناکی بە هەمو لایەکدا بڵاوبوەتەوە و هەڵبەز و دابەزی کردوە و پەرش بوەتەوە، بەڵام دوای چوار سەد هەزار ساڵ (400000)، ئەم ڕوناکییە وەکو تەم بە گەردوندا بڵاوبوەتەوە و هێدی هێدیش ئاسۆی گەردون ڕۆشن بوەتەوە. هەر بۆیەش کە تەم بێت هیچ نابینرێت، بەڵام کاتێک تەمەکە دەڕەوێتەوە، ڕوناکیش بە بێ هیچ گرفتێک بە ئاسماندا شەپۆل دەدات، هەتا ئێستاش ئەم ڕوناکییە دەبینین، بەڵام ئەم ڕوناکییە فۆرمێکی مایکرۆیڤی هەیە.

بەمجۆرە، ئەگەر ڕۆژێک تەقینەوە مەزنەکەی بیگ بانگ ڕویدابێت، ئەوا بێگومان پێویستە گەردون پڕبێت لە مایکرۆیڤێک کە درێژی شەپۆلەکانی برێکی دیاریکراو بێت، ئەلفەریش هەر ئەمەی پێشبینی کرد. لای ئەلفەر ئەگەر تیشکی مایکرۆیڤی لە ئارادا هەبێت و ئەگەر بدۆزرێتەوە ئەوا ئەوە دەردەخەن کە بیگ بانگ ڕویداوە، بەڵام ئەگەر لە گەردوندا ئەم تیشکە حزوری نەبێت ئەوە ئیشارەیە بۆ ئەوەی کە بیگ بانگ روینەداوە.

پێنزایس و ویلسۆنەوە

سەرەنجام، لە ساڵی 1965 دا، گەلێک شت ڕویدا. دو ئەندازیار، بە ناوی پێنزایس و ویلسۆنەوە، کە لەسەر تەلەسکۆپی ڕادیۆیی کاریان دەکرد، ئاڕاستەی تەلەسکۆپەکەیان کردە ئاسمان، بەڵام ئەوەی مەبەستیان نەبو بریتی بو لە گەڕان لە دوی پاشماوەی بیگ بانگ، بەڵکو تەنها ویستیان بزانن کە ئایا تەلەسکۆپەکەیان بە باشی ئیشدەکات. لە ناکاو هەستیانکرد کە سیگناڵی دەنگێک ڕوبەڕویان دەبێتەوە، سەرەتا وایاندەزانی کۆتر و باڵندە لەسەر وایەر و تەلەکانی تەلەسکۆپەکەن، بەڵام دوای ئەوەی چەندەها ئاڕاستەی جیایان تاقیکردەوە، سەیریان کرد دەنگەکە هەر هەیە. دوای چاوەڕوانی زیاتر لە دوازدە سەعات، دەنگەکە هەر هەبو. لە کۆتاییدا بۆیان ساخبوەوە کە ئەمە ئەو دەنگەیە کە فەلەکناسان بە دویدا وێڵن و دەنگی مایکرۆیڤە و پاشماوەی تەقینەوە مەزنەکەی بیگ بانگە. پێنزایس و ویلسۆن بۆیان دەرکەوت کە ئەو پێشبینییەی ئەلفەر لەم بارەیەوە کردی ڕاست دەرچو.درێژی شەپۆلەکانی هەر هەمان درێژی شەپۆلەکانە کە ئەلفەر باسی لێوە دەکات و لە هەمو ئاڕاستەیەکیشدا بەدیدەکرێت. لای کۆسمۆلیژستان ئەمە گەورەترین سەلماندن بو کە لە بەرژەوەندی بیگ بانگدا بو.

 

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *