کورتە مێژویەکی کۆسمۆلۆژی

شێرکۆ ڕەشید قادر لە ئنگلیزییەوە کردویە بە کوردی

بابلییەکان چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر بە جۆرێک لە فەلەکناسیدا پسپۆڕ بون کە توانایان هەبوە پێشبینی جوڵەی بینراوی مانگ، ئەستێرەکان، هەسارەکان و خۆر لە ئاسماندا بکەن و تەنانەت پێشبینی مانگگیران و خۆرگیرانیش بکەن. بەڵام ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە کە بە هەقەت یۆنانەکان یەکەم خەڵکان بون کە توانیان مۆدڵی کۆسمۆلۆژی وەها بنیات بنێن کە لە سایەیدا تەفسیری جوڵەی هەسارەکان بکەن. لە سەدەی چوارەمی پێشزاییندا ئەو چەمکەیان لە لا دروستبو کە ئەستێرەکان لە ئاسماندا لەسەر گۆکان جێگیرن، گۆکانیش هەمو بیست و چوار سەعات جارێک بە دەوری عەردی شکڵ گۆییدا دەسوڕێنەوە، هەرچی هەسارەکان و خۆر و مانگیشە لە نێوان عەرد و ئەستێرەکاندا دێن و دەچن.

لە سەدەکانی دواییدا، ئەم مۆدڵە زیاتر پێشکەوت و لە سەدەی دوی پێشزاییندا، لەسەر دەستی پەتلیمۆس، سیستەمێکی مەزن و کامڵی وەها لەدایکبو کە تەمەنی زیاتر لە هەڤدە سەدە تێپەڕاند، ئەم سیستەمە سەرەنجام لە بەردەم مۆدڵی نوێی کۆپەرنیکۆسیدا شکشتی هێنا. لە سیستەمی پەتلیمۆسدا، جوڵەی کەماڵی Perfect  هەسارەکان لە ئاسماندا پێویستە فۆرمێکی بازنەیی کەماڵ لەخۆبگرن، بەڵام بۆ ئەوەی حساب بۆ جوڵەی ئاڵۆزی هەسارەکان بکرێت، بە تایبەت کاتێک هەسارەکان جۆرە جۆڵەیەک نمایشدەکەن کە بە پاشگەزە – جوڵە ناسراوە. ئەمەش لەوەدا خۆدەگرێت کاتێک ، هەسارەیەک بە ئاراستەی ئاسایی خۆی دەجوڵێت، لە ئاسماندا هەڵوێستەیەک دەکات و بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و بۆ فەترەیەک لەم پرۆسەی گەڕانەوەدا بەردەوام دەبێت و دیسان پێچ دەکاتەوە و بە ئاراستە ئەسڵییەکەی خۆی دەسوڕێتەوە، بەمجۆرە بۆ تەفسیری ئەم هەڵسوکەوتە ناساییە ناچاربون دو دیاردەی تازەیان هێنایە ئاراوە کە ئەوانش بریتی بون لە بازنە بچکۆلە و بازنە گەورە، کە دو بازنەن یەک لەسەر ئەوەی تر دەسوڕێتەوە. هەرچەندە سیستەمەکەی پەتلیمۆس گەلێک ئاڵۆزی لەخۆدەگرێت بەڵام هێندە سەرکەوتو و بەهێزبو کاتێک لە سەدەی شازدەدا کۆپەرنیکۆس مۆدڵی چەقە خۆری  پێشکەشکرد، هەروا ئاسان نەبو لە بەرانبەر ئەم سیستەمەدا ململانێ بکات و شان لە شانی وردەکاری مۆدلەکەی پەتلیمۆس بدات. جگە لەوەی کە سەلیقەی ئنسان و بەڵگەگان بە دڵنیایی ئەوە دەردەخەن کە خەڵک سیستەمەکەی کۆپەرنیکۆسیان بۆ ئەزم ناکرێت و زەحمەتە لە ڕوی ئەقڵەوە قبوڵ بکرێت.

زۆر لە فەلکناسانی ئەو رۆژگارە مۆدڵەکەی کۆپەرنیکۆسیان ڕەتکردەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای چەندەها هۆکار بون. یەکێک لەم فەلەکناسە مەزنانە تیکۆ براهە Tycho Brahe بو. لای تیکۆ براهە ئەگەر عەرد بە دەوری خۆردا بسوڕێتەوە، ئەوا کاتێک لە مەوقعی جیاجیاوە لە ئەستێرەکان دەڕوانین وا پێویست دەکات پێگەی ئەم ئەستێرانە بە نیسبەت خاڵی سەیکردنمانەوە بگۆڕێت، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ بەڵگەیەک نییە ئەم دیاردەیە، کە بە دیاردەی پارالاکس ناسراوە، بسەلمێنێت. جا یا عەرد جێگیرە یاخود ئەستێرەکان لە ئاسا بەدەر دورن. تیکۆ لە مێژوی ئەسترۆنۆمیدا بەوە ناسراوە کە وردبینترین فەلەکناسە لە ڕوی پراکتیکەوە، هەرگیز هیچ زانایەک لە ڕوی تۆمارکردنی داتای ئەسترۆنۆمییەوە ناتوانێت شان لە شانی بدات، ئەم پیاوە نەک یەکجار و دو جار بۆ دڵنیایی و وردەکاری داتاکانی دوبارە کردوەتەوە، بەڵکو دەیان جار ئەم کارەی کردوە.

Untitled

تیکۆ براهە: لەسەر هاوکێشەیەکی ماتماتیکی کردی بە شەڕەشیر

لە هەمان کاتدا یۆهان کێپلەر، کە بە یەکێک لە مەزنترین ڕابەرانی سیستەمی کۆپەرنیکۆسی و شۆڕشی زانستی دادەنرێت، توانی دەروازەی چەسپاندن و سەلماندنی تیۆری چەقە خۆری بۆ بەشەرییەت ئاواڵە بکات. کێپلەر لە کارکردندا یاریدەدەری تیکۆ براهە بو، تیکۆ داتایەکی بێشوماری کەڵەکەبوی سەرنج و ڕامانەکانی دەیان ساڵەی خۆی خستە بەردەم، بە تایبەت سەبارەت بە سوڕانەوەی هەسارەی مارس، بۆ ئەوەی توێژینەوەی لەسەر بکات. کێپلەر زانایەکی بلیمەتی بێهاوتا، ماتماتیکناسێکی بێوێنەی ڕۆژگاری خۆی، هەر زو چاوی بڕیبوە داتاکانی تیکۆ، چونکە وەک خۆی ئیشارەی پێدەدا ئەو چاوە لاوازەکانی هەرگیز بواری پێنادات کە بتوانێت لە ئاسمان بڕوانێت و خۆی داتا و مەوقیعی هەسارەکان تۆمار بکات.

کێپلەر یەکێک بو لە فیساگۆرسە ڕادیکاڵەکانی ئەو عەسرە، سەرباری ئەوەی ئیمانی بە دەسەڵات و هێزی بیرکردنەوە و توێژینەوەی زانستی هەبو، بەڵام لە هەمان کاتدا کەسێکی لە ئاسابەدەر غەیبناس بو، جگە لەوەی ئیمانێکی تەواوی بە دینی مەسیحی و دەسەڵاتی پەروەردگار هەبو، لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا رازی نەبو کەس دەرسی دابدات کە چۆن خواپەرستی بکات، هەمو کەس ئازادە چۆن خواپەرستی خۆی دەکات.

هژهژ

یۆهان کێپلەر: ئیمانی تەواوی بە دەسەڵاتی خوا هەبو، بەڵام ڕازیش نەبو کەس دەرسی دابدات کە چۆن خوا پەرستی بکات. هەمو کەس ئازادە چۆن خوا پەرستی خۆی دەکات

کێپلەر وەک فیساگۆرسییەک ئیمانی تەواوی بە سوڕانەوەی گۆکان بو لە ئاسماندا بە دەوری خۆردا، بەڵام بە ڕەوتێکی بازنەیی، بۆ نمونە لای وی کاتێک مارس دەورانی خۆی بە دەوری خۆردا دەکات، ئەم دەورانە شکڵێکی بازنەیی کەماڵ و سەرف لەخۆدەگرێت و هیچ جۆرە ڕەوتێکی تری نییە، ئەم پرینسپە لای فیساگۆرسەکان دیاردەیەکی پیرۆزە و سیمایەکی ئەبەدییەتی درستبونی گەردونە. بەڵام کاتێک کەوتە توێژینەوە لە داتاکانی تیکۆ و پەنابردنە بەر جیۆمەتری و ماتماتیک و خستنەگەڕی بنەماکانی سێگۆشەکاری بۆ رێکخستنی داتاکانی تیکۆ، زیاتر مەبەستی بو بیسەلمێنی کە سوڕانەوەی مارس بە دەوری خۆردا تەنها لە فۆڕمێکی بازنەیی پوختدا خۆ دەنوێنێت و هیچ شکڵێکی تر لە خۆناگرێت. کێپلەر دوای چوار شەوان شەونخونی و دوبارەکردنەوی حساباتەکەی  و کارەکەی چەند جارێک بۆی ڕون بوەوە کە بە ڕاستی و لە هەقیقەتدا مارس بە فۆرمێکی بازنەیی بە دەور خۆردا ناسوڕێتەوە و بەو جۆرە نییە کە خۆی بیری لێدەکاتەوە، یاخود وەک بەشەرییەت تەسەوری دەکەن، بەلکو جوڵەی مارس جوڵەیەکی هێلکەییە. لە دواییدا کاتێک نیوتن هات بە هۆی یاسای دوجای پێچەوانی هێزی کێشکردنەوە توانی بیسەلمێنی کە بەڵێ هەسارەکان کاتێک بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، جوڵەکەیان شکڵێکی هێلکەیی هەیە نەک بازنەیی تەواو و پوخت.

هههه

گالیلۆ گالیلەی: گەردون بە زمانی ماتماتیک نوسراوە

کاتێک لە سەرەتای سەدەی هەڤدەهەمدا لەسەر دەستی چاویلکەسازێکی هۆڵەندی ئامێرێک داهات کە شتی نزدیک دەکردەوە و نمونەیەکی ئەم ئامێرە گەیشتە لای گالیلۆ، گالیلۆ، چونکە کەسێکی پراکتیکی بو، ئەم ئامێرەی سەر لە نوی بۆ خۆی دروستکردەوە، بەڵام بۆ مەبەستی سەیکردنی ئاسمان و ڕامان لە ئەستێرەکان. گالیلۆ توانی ئەم ئامێرە بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە عەرد چەقی گەردون نییە، ئەو هەقیقەتەی کەشفکرد کە چەند مانگێک بە دەوری هەسارەی جیۆپیتەر دا دەسوڕێنەوە، خۆ ئەگەر مانگ هەبێت بە دەوری هەسارەیەکی تردا بسوڕێتەوە، بۆچ نابێت هەسارە هەبن کە بە دەوری خۆردا بسوڕێنەوە؟بەڵام دەرکنەکردن و بزربونی دیاردەی پارالێکس لە ئاسماندا پێویستی بە تەفسیر و لێکدانەوەی ئەقڵگەراییانە هەبو، بە تایبەت ئەگەر بڕوامان وابێت کە عەرد بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، بۆچی دەرک بە دیاردەی پارالێکس ناکەین و یاخود نایبینین. لای گالیلۆ ئەمە تەنها ئەو حەقیقەتە دەردەخات کە ئەستێرەکان ئێجگار ئێجگار دورن لە ئێمەوە، هەر بۆیەش زەحمەتە ئنسان هەرگیز هەست بە جێگۆڕکێی ئەستێرەکان بکەین. هەر گالیلۆ توانی بە هۆی تەلسکۆبە نوێیەکەیەوە کە هەزاران ئەستێرە ببینێت کە بە بینایی پوخت مەحاڵ بو ئنسان بتوانێت ئەم هەمو ئەستێرانە بەدی بکات. نیوتنیش، دوای گالیلۆ گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە گەردون بۆشاییەکی ناکۆتایە و دەریایەکی ئەبەدی پڕ لە ئەستێرەیە و هەر بەو سیستەمە خۆرییەی خۆمان دەچن.

لە سەدەی نۆزدەدا، ماتماتیکناس و فەلەکناسی مەزن بێسێل Bessel سەرەنجام دوری ئەستێرەکانی بە پارالێکس پێوا و نزیکترین ئەستێرە، جگە لە خۆر، دورییەکەی لە ئێمەوە بیست و پێنچ ملیۆن ملیۆن میل بو، لە کاتێک کە دوری خۆر لە عەردەوە تەنها 93 ملیۆن میلە. زۆربەی هەرە زۆرینەی ئەو ئەستێرانەی ئێمە دەیانبینین دەکەونە  ناو هەوری ڕیچکە شیرییەکانەوە (Milky Way )، ئەو پشتێنە گەشە ئەستێرەییەی شەوانە بە ئاسماندا درێژبۆتەوە.

فەلەکناسان، جگە لە ئەستێرە و هەسارەکان، لە ئاسماندا سەرنجی گەلێک دیاردەی تریان داوە، وەک ئەو پەڵە ڕوناکییە تەماوییانەی کە شەوانێک لە ئاسماندا بەدی دەکرێن و ئێستا بە نیبولا ناودەبرێت، ئەمەش لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا، فەلەکناسی ئەمەریکی هەبڵڵ دەریخست کەم نیبۆلانە بە هەقیقەت گالاکسین و لە ئێمەوە زۆر دورن. جگە لەوەش ئەوەشی کەشفکرد کە ئەم گالاکسییە دورانە وا دێنە بەرچاو کە بە خێراییەک لە ئێمە دوردەکەونەوە کە ڕاستەوانە لەگەڵ دورییان لە ئێمەوە دەجوڵێن. تەفسیرێکی زۆر جوان بۆ ئەم دیاردەیە پەیدابو، ئەویش کاتێک ئاینشتاین تیورەکەی لەمەڕ تیۆری نسبی گشتی دۆزییەوە، تەفسیرەکەش بەمجۆرە بو کە: ئەم گەردونەی ئێمە لە گەورەبوندایە. ئاینشتاین لە ساڵی 1915 دا، لە پەیپەرەکەیدا، ئەوە تەسفیردەکات کە لە ژێر کاریگەری هێزی کێشکردندا مادە مەیلی ئەوەی هەیە پێکەوە کۆببنەوە .هەر بۆیەش ئاینشتاین نەگۆڕێکی ماتماتیکی هێنایە نێو هاوکێشە ماتماتیکییەکەوە، ئەم نەگۆڕە دوایی بە نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی شۆرەتی پەیداکرد و هەر ئەم نەگۆڕەشە کە لای ئاینشتاین توانیویەتی هاوسەنگی هێزی کێشکردن ڕابگرێت و گالاکسییەکان لە یەکتر بە دور بگرێت. دوایی دەرکەوت کە بە ڕاست گەردون لە پرۆسەی گەورەبوندایە، هەر بۆیەش دوایی ئاینشتاین دانی بە هەڵە گەورەکەی ژیانیدا ناو ڕایگەیاند کە ژمارەی نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی گەورەترین هەڵەی ژیانی بو.

لە ساڵی 1917 دا ماتماتیکناسی ڕوسی فرایدمان بۆی دەرکەوت کە دەشێت هاوکێشەکەی ئاینشتاین تەفسیری گەردونێک بکات کە دیاردەی گەورەبونی تێدا بەدی بکرێت. بەمجۆرە فکرەیەک لەدایکبو، ئەم فکرەیە دەڵێت کە گەردون لە ساتەوەختێکدا، دە هەزار ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا دروستبوە، لەو کاتەوەش و هەتا ئێستاش گالاکسییەکان لە ئێمە دوردەکەونەوە. ئەم تیۆرە نوێیە دەڵێت سەرتاپای مادە و تەنانەت هەر هەمو گەردون خۆی، لە تەنها ساتە وەختێکدا دروستبوە. فەلەکناسی بەریتانی فرێد هۆیڵ، ئەم تەقینەوەیەی بە بیگ بانگ ناوبرد، ئیتر لەو کاتەوە ئەم ناوە بەسەر ئەم تیۆرەدا سەپاوە.

لە بەرانبەر تیۆری بیگ بانگدا تیۆرێکی تر بە ڕابەری و دەسپێشکەری هەر یەک لە بۆندی، گۆڵد و هۆیڵەوە (Bondi, Gold and Hoyle )  هاتە ئاراوە، ئەم تیۆرە بە تیۆری حاڵەتی ڕێک یان نەگۆڕ ناسراوە و گەورەبونی گەردون بە جۆرێک تەفسیردەکات کە دەڵێت پرۆسەی گەورەبونی گەردون، واتە دروستبونی گالاکسی نوێ، ئەمەش پێویستی بە لەدایکبون و خوڵقاندنی بەردەوامی مادە هەیە.

ئایا گەردون بونێکی ئەبەدی و نەگۆڕە، یاخود بۆ ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراو هەبوە؟ ئەمە پرسێک بو کە چەندەها ساڵ بو وەک چەمکێکی ئەکادیمی پوخت سەیرکراوە. بەڵام تیۆری حاڵەتی ڕێک  Steady State model ڕوبەڕوی زەبرێکێ گەورە بوەوە، ئەمەش لە ساڵی 1965 دا بو، کاتێک پێنزیاس و ویلسۆن Penzias and Wilson تیشکی باکگراوندی مایکرۆیڤی کۆسمۆییان دۆزییەوە، چونکە ئەم تیشکە وەک وەک هیمایەک سەیرکرا کە شوبهێنرا بەو شەبەنگە چڕ و بەهێزەی لە دوای پرۆسەی تەقینەوەی بیگ بانگدا لەدایک دەبێت کە لە ساڵی 1949 دا لە لایەن ئەلفێر و هێرمانەوە Alpher and Hermann و پێشبینی کرابو.

لە دوای کارەکانی هەریەک لە جۆرج گامۆ، ئەلفێر و هێرمان لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەمدا، تیۆریستەکان توانیان ئەو بڕە گەورانەی هەر یەک لە توخمەکانی هایدرۆجین و هیلیۆم بدۆزنەوە کە لەوانەیە لە ئەنجامی پرۆسەی بیگ بانگدا بەرهەم بێن، ئەم بڕانە بە جۆرێک بون کە لەگەڵ راماندا کۆک بو. پاشانیش کە بڕە توخمە ڕوناکییەکانیش حسابکران، ئەمانیش تەواو ورد و تەریب بون لەگەڵ بەهاکانی ڕاماندا.

لە ساڵی 1970 بەدواوە، زۆربەی هەرە زۆری کۆسمۆلۆژیستەکانی دونیا بە مۆدڵی بیگ بانگی گەرم قایلن و قەناعەتیان پێ هەیە و سەریان کردە سەر وروژاندنی پرسگەلێکی تر  سەبارە بە گەردون، کە زیاتر وردەکاری لە خۆدەگرن و زیاتریش مەسەلەی بنچینەیین. وەک ئەو گالاکسی و هێشوە گالاکسییانە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەیانبینین فۆرمی سەرەتای گەورە بونیان چۆن دەستی پێکرد؟. زۆربەی مادە لە گەردوندا لە چی دروستبوە؟ چۆن بزانین کە لە گەردوندا چاڵە ڕەشەکان black holes یاخود شتێکی وەک مادە تاریکەکان dark matter بونیان نییە و وەک ئەستێرەکان ناگەشێنەوە؟ تیۆری گشتی ئاینشتاین پێمان دەڵێت کە مادە لە گەردوندا چەماوەیەکی زەمەن – بۆشاییە، کەواتە گەردون چ جۆرە بونیات و شێوەیەکی هەیە؟ لە دوای هەمو ئەمانەش ئایا نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی بونی هەیە؟

ئێمەی مرۆ، لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا، تەواو لە سەرەتاداین بۆ دۆزینەوەی وەڵامگەلێک بۆ هەندێک لەم پرسیارانە. تیشکی باکگراوندی مایکرۆیڤی کۆسمۆیی  cosmic microwave background radiation    رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە وێنەکردنی گەردونێک کە سەد هەزار ساڵێک لەمەوبەر لە ئەنجامی تەقنەوەی بیگ بانگ داهاتۆتە ئاراوە. لە ساڵێ 1992 دا بو کە یەکێک لە سەتەلایتی گەشتەکانی ناسا NASA یەکەم ئانیسترۆپی  anisotropies  له تیشکه باکگراوندەکاندا تۆمارکرد. لادانێکی کەم لە پلەی گەرمای تیشکەکەدا بەدیکرا، کە بە کەرتێکی وەک یەک لە سەد هەزاردا تەخمین دەکرێت، ئەمەش دەشێت ئەو تۆوه بێت کە گالاکسی لێ دروست دەبێت.

لە سەرەتاکانی ساڵانی 1980 کانەوە گەلێک خولیا لە لای فیزیکناسان سەبارەت بە سەرەتاکانی گەردون دروستبوه. تەکنەلۆژیای نوێ و تاقیکردنەوە سەتەلایتەکانی وەک تەلەسکۆپی بۆشایی هەبڵ وێنەی نایابتری گەردونیان پێشکەشکردوه، ئەمەش بوو بە هۆی هاندانی تیوریستەکان بۆ ئەوەی مۆدڵێکی چاکتر، جوانتر و بە جورئەتانەتر لە ژێر تیشکی فکره نوێکانی تیۆری نسبی و فیزیکی تەنۆلکەکان سەبارەت بە گەردون بنیات بنێن.

لە ماڵپەڕی زانکۆی سەینت ئەندرو وە وەرگیراو.

Article by: David Wands, Portsmouth

http://www-history.mcs.st-andrews.ac.uk/HistTopics/Cosmology.html

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *