(ڕۆڵی ماتماتیک لە دۆزینەوەی هەسارەکاندا (بەشی یەکەم

لەنوسینی بەڕیز:شێرکۆ ڕەشید قادر

یەکەم هەسارە کە دۆزرایەوە یورانەس بوو، لە لایەن ویلیام هێرشێل و کارۆلاین هێرشێلەوە بوو، ئەم کارە لە 13 ی ئاداری 1781دا ئەنجامدرا. ئەم هەسارەیە لەوهەقیقەتەوە کەشفبوو کە ئەگەر بە تەلەسکۆپێکی بێ هێزیش سەیربکرایە ئەوا سیمای دیسکێکی نمایش دەکرد. ئەو دوو هەسارەیەی تریش کە دۆزراونەتەوە بریتین لە هەر یەک لە نیپتۆن و پلاتو. ئەم هەسارانە بە هۆی خستنەگەڕی مشتومڕی زیرەکانەی ماتماتیکییەوە دیاریکران و دۆزرانەوە کە بەندبوون لەسەر یاساکانی نیوتن سەبارەت بە هێزی ڕاکێشان و دواییش لە نزیک ئەو مەوقیعانەدا بینران کە پێشبینی کرابوون.

Untitled

ویلیام هێرشل 1738 –1822

لە ڕاستیدا، دەکرا هەسارەی نیپتۆن بە بێ مشتومڕی ماتماتیکییانە بدۆزرایەتەوە. یەکەم کەس کە زۆر نزیک بوو لەوەی ئەم هەسارەیە بدۆزێتەوە گالیلۆ بوو. گالیلۆ زۆر زوو ئاڕاستەی تەلەسکۆپەکەی کردە هەسارەکان و یەکسەر بە سیستەمی مشتەری و مانگەکانی سەرسام بوو، کاتێک لە 28 کانونی یەکەمی 1612 لە سیستەمی مشتەری وردبوەوە، هەسارەی نیپتۆنی وەک ئەستێرەیەکی قەبارە گەورە تۆمارکرد. دوای نزیکەی یەک مانگ، لە 27ی کانونی دووەمی 1613 دا، لەو پانتاییەدا کە ڕامانی لەسەر دەکرد، دوو ئەستێرەی تۆمارکردووە، یەکێکیان نیپتۆن و ئەوی تریان ئەستێرە بووە. ئەوەی شایانی باسە، گالیلۆ بۆ شەوی داهاتوو هەردوو ئەستێرەکەی بەدی کردەوە بەڵام ئەمجارەیان تۆزێک لە یەکترەوە دوور بوون.

نپتۆن، بەر لەوەی وەک هەسارەیەک ناسرابێت، چەند جارێکی تر لە ساڵانی داهاتودا تۆمارکراوە. لالاندە  Lalande(1732 – 1803)، کە فەلەکناسێکی فەرنسی بوو، هەتا سەدەی نۆزدە، ئەو خشتەیەی لە مەڕ مەوقیعی ئەستێرەکان ئامادەی کردبوو، وردترین خشتە بوون، هەر لەم خشتەیەدا لە ڕۆژانی 8 و 10 ی مایسی 1795 بێ ئەوەی بزانێت کە ئەمە هەسارەی نیپتۆنە، وەک ئەستێرە تۆماری کردوون. تەنانەت جۆن هێرشێل John Herschel، کە دوایی ڕۆڵی هەبوو لە دۆزینەوەی ئەم هەسارەیەدا، سەیردەکەین کە ئەویش لە ڕۆژی 14 ی تەموزی 1830 ئەم هەسارەیەی بینیوە و وەک ئەستێرە ئاماژەی پێداوە.

ڤۆن لامۆنت Von Lamont (1805 –1879)، کە فەلەکناسێکی سکۆتلەندی بوو، زۆربەی ژیانی لە میونیخ بەسەربردبوو، بەوە بەناوبانگ بوو خولگەی هەر یەک لە مانگەکانی زوحەل و یورانەسی دیاری کردبوو، ئەمە جگە لەوەی کە توانیبووی خولی گۆڕانی(هەڵبەز و دابەزی) periodic fluctuation کایەی موگناتیسی عەردی دۆزیبوەوە. لامۆنت، لە سێ موناسەبەتی جیاوازدا، لە بەروارەکانی 25 ی تشرینی یەکەم 1845، 7 ی ئەیلولی 1846 و   11 ی ئەیلولی 1846 دا، بینینی ئەم هەسارەیەی تۆمارکردووە. هەرچەندە لامۆنت سەرنجدەرێکی پسپۆڕ و شارەزا بوو، هەر بۆیە مرۆ وا چاوەڕوان دەکات کە ئەم فەلەکناسە جوڵەی ئەم هەسارەیەی لە چوار ڕۆژی یەک لە دوای یەکدا بناسێتەوە و بزانێت کە ئەمە هەسارەیە، کەچی دەبینین ئەمیش لەمەدا سەرکەوتوو نەبوو. بەڵام دوای چەند ڕۆژێک هەسارەی نیپتۆن دۆزرایەوە.

بەمجۆرە دۆزینەوەی هەسارەی نیپتۆن دەرهاویشتەی هیچ یەکێک لەم وردبونەوە ڕێکەوتانە نەبوو، بەڵکو زیاتر دەرەنجامی شیکاری ماتماتیکییانەی لادانی یورانەس بوو لەو ڕەوتەی کە پێشبینی کرابوو. دێلامبرێ خشتەی مەوقیعی هەسارەکانی مشتەری، زوحەل، یورانەس و مانگەکانی زوحەلی حساب کردبوو و لە ساڵی  1792 دا بە چاپی گەیاندبوو. بۆڤارد Bouvard (1767 – 1843)، فەلکناسی فەرنسی، کە بەڕێوەبەری بنکەی فەزایی پاریس بوو، گەلێک خشتەی وردی سەبارەت بە ڕەوتەکانی مشتەری و زوحەل لە ساڵی 1808 دا بڵاوکردەوە و دواییش خشتەکانی دێلامبەری لەمەڕ یورانەس بە شێوەیەکی ڕاستتر چاپکردەوە. هەرچەندە نەیتوانی هەموو داتاکان بە تەواوی بخاتە قاڵبی وردبونەوەکانەوە، تەنانەت دوای ئەوەی حسابی بۆ پشێوییەکانی هەسارەکانی تریش کرد. دوای ئەوەی لە ساڵی 1821 دا خشتەی نوێی دەربارەی یورانەس بڵاوکردەوە و لەم بارەیە دەنوسێت:

ئەم گرفتە، واتە، مەسەلەی سازشی نێوان داتاکان و ڕامانەکان وەک ئەرکێک بۆ ئایندە جێدەهێڵـم، چونکە نازانم پەیوەستە بە ڕامانەکانی شارستانیەتە کۆنەکانەوە یان نەء، یاخود بەندە بە هۆکارێکی دەرەکییەوە کە کاردەکاتە سەر هەسارەکە.

هەرچەندە بۆڤارد دوا ئاماری داتاکانی بەکارهێنا بۆ دیاریکردنی ڕەوتی هەسارەی یورانەس، بەڵام هەر زوو ئاشکرابوو کە لەو ڕەوتەی لە خشتەکەدا بۆی دیاریکراوە لادەدات. لە 3 ی تەموزی 1841 دا، ئادامس، کە هێشتا قوتابی زانکۆ بوو لە کامبریج گوتی:

دوای تەواوکردنی زانکۆ، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا شتێکم دیزاین کردووە بۆ توێژینەوە لە ناڕێکی جوڵەی هەسارەی یورانەس کە هەتا ئێستا حسابی بۆ نەکراوە، بۆ ئەوەی بزانین کە ئایا هۆکاری ئەم ناڕێکییە پەیوەستە بە بوونی کاریگەری هەسارەیەکی تر لەو دەڤەرەدا کە هێشتا نەدۆزراوەتەوە، خۆ ئەگەر بکرێت ئنسان بتوانێت هۆکارەکانی ڕەوتەکەی بە نزیکەیی دیاری بکات و بێگومان ئەمەش دەبێت بە هۆیەک بۆ کەشفکردنی ئەم هەسارەیە.

هەموو کەسێک هۆکاری ناڕێکی ڕەوتی هەسارەی یورانەسی نەبردەوە بۆ بوونی هەسارەیەک لە دەڤەرەکەدا. ئایری Airy، کە فەلەکناسێکی شاهانە بوو، باوەڕی بە تیۆرییەکی بڵاو هەبوو لەو ڕۆژەدا، ئەو تیۆرییەش ئەوەبوو کە یاسای دوجای پێچەوانەیی هێزی ڕاکێشان لە دورییەکی زۆردا کاریگەری نابێت. هەرچەندە دوای ئەوەی کە ئادامس ئەو توێنژینەوە سەرەتاییانەی پێشکەشکرد کە هەسارەیەکی نادیار لەو دەوروبەرەدا کاریگەری هەیە لەسەر هەسارەی یورانەس، ئەمە زیاتر ئادامسی خستە سەر ئەو ئایدیایەی کە کارەکەی بە شێوەیەکی ڕاست دەڕوات و ڕێچکەیەکی گونجاوی گرتوەتە بەر. هەر بۆیەش لە مانگی شوباتی 1844 دا داوای لە ئایری کرد کە داتاکانی بنکەی گرینجی لەمەر هەسارەی یورانەس بۆ بنێرێت.

لە حووزەیرانی 1845 دا، ئاراگۆ Arago، بەڕیوەبەری بنکەی فەزایی پاریس، لێ ڤێرییەر  Le Verrierی قایلکرد کە دەست بکات بە کارکردن لەسەر پرسی ڕەوتی هەسارەی یورانەس. لێ ڤێرییەر، هە زوو خۆی تەرخانکرد بۆ پرسەکە و هەموو کارەکانی تر کە پێویست بوو لەمەڕ کۆمێتەکان بیکات خستەلاوە. ئەم دوو کەسە، ئادامس و لێ ڤێریەر، هیچیان ئاگاداری یەکتر نین کە سەرقاڵی ئەم پرسەن.

Untitled

یۆربان لێ ڤێرییەر 1811 – 1877

 لە ئەیلولی 1845 دا، ئادامس توێژینەوەی زۆر زیاتری لەمەڕ هەسارەکە کرد و گەیشتە ئەو خاڵەی کە توانی ڕەوتی هەسارەیەک کە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی پشێوی لە جوڵەی هەسارەی یورانەسدا کورت بکاتەوە. ئەمە جگە لە ڕەوتەکەش توانی بارستایی هەسارەکە بدۆزێتەوە و مەوقیعەکەشی لە ڕۆژی 1 ی تشرینی یەکەمی 1845 دا دیاری بکات. پێشبینییەکانی خۆی نارد بۆ ژەیمس چالیس، کە بەڕیوەبەری بنکەی ئەسترۆنۆمی کامبریج بوو.

لێرەدا، ئادامس زەمینەیەکی نوێی بۆ ماتماتیک داڕشت. هەتاکو ئەو ڕۆژگارە تیۆری هێزی کێشکردنی نیوتن بە زۆری بۆ حسابکردنی کاریگەری تەنەکان لەسەر یەکتری بەکاردەهات، بەڵام هەرگیز بۆ پێشبینیکردنی مەوقیعی تەنێکی ئاسمانی سودی لێ وەرنەگیرابوو، بە تایبەت لە ڕوی کاریگەری هێزی کێشکردنی ئەم تەنەوە لەسەر تەنەکانی تر، بە واتایەکی تر ئایا دەبێت بە هۆی دروستکردنی پشێوی لە کایەی هێزی ڕاکێشانی تەنێکی تردا؟ ئادامس متمانەی بە تیۆرییەکەی خۆی هەبوو و هەر بۆیەش لە 23 ئەیلولی 1845 بوو کە سەردانی بنکەی فەزایی گرینجی کرد.

Untitled

جۆن ئادامس 1819 – 1892

لە 21 تشرینی یەکەمدا بوو کە ئادامس بۆ دووەم جار لە ڕیگایدا بۆ کامبریج سەردانی ئایری کرد. کە گەیشتە شوێنی ئایری، پێیان گووت کە ئایری چووە بۆ لەندەن و بەم زوانە دەگەڕێتەوە. دوایی لە نێوەڕۆدا ئادامس جارێکی تر هاتەوە بۆ لای ، بەڵام دیسانەوە پێیان گووت کە سەرقاڵی نیوەڕۆژەیە. لە ڕاستیدا ئایری عادەتێکی سەیری هەبوو، ئەویش ئەوەبوو کە هەمیشە سەعات سێ و نیوی عەسر نانی دەخوارد، بەمجۆرە پولێک نرا بە ئادامسەوە. ئادامس نوسراوێک و توێژینەوەکەی لەمەڕ یورانەس بەجێهێشت، لە توێژینەوەکەدا ئەوەی نیشاندا کە ئەو ڕەوتەی بۆ ”هەسارە نوێ” نادیارەکەی پێشنیاز کردووە دەبێت بە هۆی کەمکردنەوەی ئەو هەڵەیەی لە مەوقیعی هەسارەی یورانەسدا هەیە.

لە ڕاستیدا ئایری بە ئاشکرا حەزی دەکرد کە کارەکەی ئادامس ببینێت، لە 5 ی تشرینی دووەمدا، نامەیەکی بۆ ئادامس نووسی و پرسیارێکی لێکرد کە پێدەچوو زیاتر شتێکی تەکنیکی بێت. ویستی بزانێت کە گریمانەکەی لەمەڕ ” هەسارە نوێکە”وە تەنها تەفسیری ئەو هەڵەیە دەکات کە لە هێڵی درێژی یورانەسدا هەیە یاخود ئەو هەڵەیەش تەفسیردەکات کە لە نیوەتیرە ئاڕاستەکەیدا radius vector هەیە. مەبەست لەم پرسیارە ئەوەبوو کە تیۆری ”هەسارە نوێکە” و شکستی تیۆری یاسای دوجای پێچەوانەیی نیوتن لە یەکتر جیابکاتەوە. ئادامس، وەڵامی نەدایەوە، چونکە تەواو نیگەران بوو لەوەی کە ئایری ڕەتیکردبوەوە بیبینێت، هەر بۆیەش ئادامس بڕیایریدا کە بە تەنها دەست بکات بە گەڕان بە دوی هەسارە نوێکەدا و لەم بارەیەوە دەڵێت:

من خۆم چاوەڕوان نەبووم کە فەلەکناسانی مەیدانی، سەرباری ئەوەی کە خۆیان هەتا بڵێیت سەرقاڵی کاری گرنگن لەم بارەوە، وەک خۆم متمانە بە دەرەنجامی توێژینەوەکانی من بکەن، هەربۆیەش خۆم چووم بە خێرایی هەموو ئامێرەکانم ڕێکخست. خۆ ئەگەر کەسی تر بایەخی نەدا بە گەڕان لە دوی ئەم هەسارە نوێێە، ئەوا خۆمان بەو هۆکارە بچکۆلانەوە لە بنکەی فەزایی سەنت جۆنز دەکەوینە کار.

سەرچاوە: بە دستکارییەوە لە ماڵپەڕی زانکۆی سەینت ئەندرو وە وەرگیراوە

 

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *