(ڕۆڵی ماتماتیک لە دۆزینەوەی هەسارەکاندا (بەشی دووەم

13550923_1044140678989291_507765456_n

شێرکۆ ڕەشید قادر

نوسینی: شێرکۆ ڕەشید قادر

لە 10 ی مانگی تشرینی دووەمدا، لێ ڤێرییە یەکەم نامەی زانستی خۆی لەمەڕ توێژینەوەکەی خۆی چاپکرد. لەم نامەیەدا، ئەوەی خستەڕوو کە ئەو پشێوییەی لە ڕەوتی هەسارەی یورانەسدا بەدی دەکرێت و گوایە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەسارەکانی مشتەری و زوحەل هیچ ئەسڵ و بنەمایەکی نییە و تەفسیری ڕامانەکان ناکەن. لە 1 ی حوزەیرانی 1846 دا، لێ ڤێرییە، نامەی زانستی دووەمی خۆی بە چاپ گەیاند. لەم نامەیەدا ئەوەی ڕاگەیاند کە لەوانەیە گەلێک هۆکاری جیاجیای تر لە ئارادا هەبن بۆ تەفسیرکردنی ڕەوتی یورانەس، و ئەو دەرەنجامەی کورتکردەوە کە تەنها هۆکار دەشێت بریتی بێت لە بوونی هەسارەیەک کە دەکەوێتە ئەودیو هەسارەی یورانەس و لە یورانەسیش زیاتر لە خۆرەوەوە دورە. لێ ڤێرییە هەندێک وردەکاری لەسەر ڕەوتی ئەم هەسارە نوێیە پێشکەشکرد و مەوقیعەکەشی بۆ سەرەتای ساڵی 1847 دیاریکرد.

لە 23 ی حوزەیراندا دەرەنجامەکانی لێ ڤێرییە گەیشتە ئایری. ئایری سەیری کرد کە پێشبینییەکانی لێ ڤێرییە و ئادامس سەبارەت بە مەوقیعی ”هەسارە نوێکە” تا ڕادەیەکی زۆر جوتن. دوای سێ ڕۆژ نامەی بۆ لێ ڤێرییە نوسی و هەمان پرسیاری دەربارەی نیوەتیرەی ئاڕاستەیی کرد کە لەوەبەر لە ئادامسی پرسیبوو. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، ئەوەبوو کە ئایری دەزانێت هەردوکیان، واتە ئادامس و لێ ڤێرییە خەریکە هەمان حلکردن بۆ هەمان پرس دەدۆزنەوە، کەچی سەبارەت بە کارکردنی هەر یەکەیان بە هیچیانی نەگوت و نەیهێشت هیچیان بزانن کە سەرقاڵی هەمان پرسن، ئەمە جگە لەوەی خۆشی بە لێ ڤیرییەی نەگوت کە خۆشی پلانی هەیە بۆ ئەوەی بکەوێتە توێژینەوە لەم پرسە. لێ ڤێرییە وەڵامی ئایری دایەوە و پێی ڕاگەیاند کە تەواو قایلە بەوەی کە لادانی هەسارەی یورانەس دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ”هەسارە نوێ”کە. لە 29 ی حوزەیراندا، ئایری لەگەڵ شالیس و جۆن هێرشێل لە گرینیج کۆبوەوە و پێی گوتن:

ئەگەر هێزەکانی بنکەیەکی فەزایی بەو ئاراستە بخرێتە گەڕ بۆ گەڕان، ئەوا ئیحتیمالی دۆزینەوەی هەسارەیەکی نوێ لە ماوەیەکی کورتدا هەتا بڵێی زۆر گەورەیە.

لە 9ی تەموزدا، ئایری داوای لە شالیس کرد لە بنکە فەزاییەکانی کامبریج بکەوێتە گەڕان. شالیش دوودڵ بوو ئەم کارە بکات. دوایی نوسیویەتی و دەڵێت:

ئەوەندە شتێكی خۆش بوو کە لە ئەنجامی کوورتکردنەوەیەکی تیۆریی پوختەوە بکەوینە گەڕان و ڕامان، هەرچەندە ماندووبونێکی زۆری دەویست، بەڵام هەتا بڵێی لە سەرکەوتن بە گومان بووین.

سەرباری ئەوەی بە گومان بوو، شالیس لە 29 ی تەموزی 1846 دا کەوتە گەڕان، لەو ڕوبەرەی ئادامس پێشبینی کردبوو، کەوتە تۆمارکردنی ئەستێرەکان. لە شەوانی 29 و 30 تەموز و 4 و 12 ئابدا دەرەنجامەکانی تۆمارکرد. پاشان کەوتە چێکردنی میتۆدەکەی، ئەویش بەوەی هات ئەو 39 ئەستێرەیەی لە 12 ئادا تۆماری کردبوون بەراوردکرد لەگەڵ ئەوانەی لە 30 ی تەموزدا تۆماری کردبوون. خۆ ئەگەر بەردەوام بوایە لە بەراوردکردننی هەردوو داتاکەی ئەم دوو بەروارەدا ئەوا ”هەسارە نوێ”کەی کەشف دەکرد، بەڵام لە گەڕان وەستا. دیسانەوە لە 4 ی هەمان مانگی ئابدا ”هەسارە نوێکە”ی تۆمارکردبوو، بەڵام هەرگیز ئەم داتایانەی بەراوردنەکرد.

دوایی لە مانگی ئابدا، جۆن هێرشێل سەردانی کەسێکی کرد کە تازە بوبوو بە فەلەکناس و ناوی ویلیام داوس بوو و هەواڵی لەمەڕ ”هەسارە نوێ”کە دایە، بەڵام داوس، چونکە تەلسکۆپێکی بچکۆلەی هەبوو، هەستیکرد هیچ پێویست ناگات بگەڕێت.

لە 31 ی ئابدا، لێ ڤێرییە سێیەم نامەی زانستی خۆی لەمەڕ”هەسارە نوێ”کە بڵاوکردەوە. ئەم جارەیان وردەکاری تەواوی پێشبینییەکەی و بارستایی هەسارەکەی پێشکەشکرد. هەروەها تیرەی گۆشەیی ”هەسارە نوێ”کەی کورتکردەوە، لەم بارەیەوە نوسیویەتی:

دەشێت بە هۆی تەلەسکۆپێکی نایابەوە ”هەسارە نوێکە” ببینرێت و هەروەها بە هۆی قەبارەی شێوە دیسکییەکەیەوە جیابکرێتەوە. ئەم خاڵە زۆر گرنگە…چونکە ئەگەر لە بری گەڕانی وردی مەوقیعی هەموو ئەستێرەکان، خوێندنێکی سادەی دەرکەوتنی فیزیکییانەی بۆ بکرێت، ئەوا گەڕانەکە زۆر خێراتر ئەنجام دەدرێت.

لە 2 ی ئەیلولدا، ئادامس نامەی بۆ ئایری نوسی و شیکاری زیاتری لەمەڕ پرسەکە بۆ باسکرد. یەکەم حلکردنی بەندبوو لەسەر ئەو فەرزییەی کە گوتی دوری ”هەسارە نوێ”کە لە خۆرەوە دوو ئەوەندەی دوری هەسارەی یورانەسە. ئادامس بەم دورییە قایل نەبوو، هەر بۆیەش دیسانەوە کەوتە کاری ماتماتیکییانە بۆ دۆزینەوەی بەهایەکی باشتر و نزیکتر بۆ دوری ”هەسارە نوێکە”، ئەویش بە بەراوردکردنی چەند دورییەکی جیاوازی هەسارەکە لەگەڵ مەوقیعە پشێوییەکانی هەسارەی یورانەس.

داوس، هەرچەندە بە هەڵە وەها بیری دەکردەوە کە ناتوانێت لە ”هەسارە نوێ”کە وردبێتەوە، کەچی لە ناکاو بیرۆکەیەکی بۆ هات. هاوڕێیەکی هەبوو ناوی ویلیام لاسێل بوو، کە ئەمیش تازە فەلەکناس بوو، تازە بە تازە تەلەسکۆپێکی بونیات نابوو کە توانستی تۆمارکردنی دیسکی هەسارەکەی هەبوو. نامەی بۆ لاسێل نوسی و لەگەڵ نامەکەشدا پێشبینییەکانی ئادامسی لەمەڕ ”هەسارە نوێ”کە بۆ نارد.لاسێل لەو ماوەیەدا قاچی لە جێ دەچێت و بە هۆی ئازارێکی زۆرەوە لە پێخەفدا دەکەوێت. نامەکەی خوێندەوە و دایە دەست خزمەتکارەکەی و دوایی ئەویش یەکسەر ونی دەکات. کاتێک لاسێل شیفای دێت و سیحەتی باشتر دەبێت، دوای شەوێک بۆ نامە و پێشبینییەکە دەگەڕیت، بەڵام ئەنجامەکەی بێهودە دەبێت و ئەو فرسەتە لە دەست دەدات کە شۆرەت بۆ خۆی پەیدا بکات.

لە 10 ئەیلولدا، جۆن هێرشێل لە ساوسهامتۆن لەگەڵ فەلکەناسانی بەریتانیدا کۆڕێک ڕێکدەخات و باس لە ”هەسارە نوێ”کە دەکات و دەڵێت:

هەروەک چۆن کۆڵۆمبەس ئەمەریکای بینی، ئێمەش ئاوەها (ئەستێرە نوێکە) دەبینین، هەستمان بە جوڵەی کردووە و بە درێژایی هێڵی شێکارییەکانی ئێمە ئەم هەسارەیە دەلەرزێت، ئەوەندە دڵنیاین کە دەڵێی خەریکە بە چاوی خۆمان بیبینین.

هێرشێل ماتماتیکناسێکی نایاب بوو، بە ئاشکراش ئیمانی بەو شیکاری ماتماتیکییانە هەبوو کە زۆر فەلەکناسی تر شکستیان تێدا هێنابوو. ئادامس ویستی نامەیەکی زانستی سەبارەت بە پرۆژەکانی خۆی لە کۆڕەکەی ساوسهامتۆندا پێشکەش بکات. بەڵام کاتێک ئادامس گەیشت، کۆرەكە بۆ ڕۆژی دوایی تەواو بوو، بەمجۆرە ئادامس نەیتوانی توێژینەوەکەی خۆی پێشکەش بکات و پێشبینییەکانی ڕابگەیەنێت.

لە لایەکی ترەوە لێ ڤێرییە، لە ڕۆژی 18 ی ئەیلولدا، نامەیەکی بۆ فەلەکناسی ئەڵمانی گالێ Galle نوسی و داوای لێکرد لەسەر بنچینەی پێشبینیەکانی (واتە هی لێ ڤێرییە) بکەوێتە گەڕان بۆ ”هەسارە نوێ”کە. گالێ نامەکەی لە ڕۆژی 23 ی ئەیلولدا بەدەست گەیشت و یەکسەر ئەو شەوە لە بنکەی ئەسترۆنۆمی شاهانەی بەرلین لەگەڵ یاریدەدەرەکەی خۆیدا، هینریش دئارەستD’Arrest  دا، کەوتنە گەڕان. دئارێست، پێشنیازی ئەوەی کرد کە نوێترین نەخشەی ئەستێرەکان بەکاربهێنن کە تازە بە تازە دەرچووە. دوای نیو سەعات توانیان ئەستێرەیەک دیاری بکەن کە لە نەخشەکەی بەردەمیاندا نەبوو. بە دڵنیاییەوە زانیان کە ”هەسارە نوێ”کەیان دۆزییەوە، بۆ شەوی داهاتوو بە تەواوی شتەکەیان پشڕاست کردەوە، ئەویش دوای ئەوەی سەیریان کرد کە هەسارە نوێکە بە نیسبەت ئەستێرە جێگیرەکانەوە جوڵاوە.

گالێ لە نامەیەکدا لە ڕۆژی 25 ی ئەیلولدا بۆ لێ ڤییەری نوسیوە و دەڵێت:

جەناب، ئەو هەسارەیەی کە تۆ ئیشارەت بە مەوقیعەکەی داوە بە ڕاستی بونی هەیە. لێ ڤێرییە لە وەڵامدا دەنوسێت:

سوپاس بۆ تۆ کە بەو پەرۆشییەوە ڕێنماییەکانی منت واریکرد. گەیشتینە مەبەست، سوپاس بۆ تۆ، ئێستا دونیایەکی تازەمان هەیە.

لە 29 ئەیلولدا، نامە زانستییەکەی لێ ڤێرییە گەیشتە دەست شالیس. هەر ئەو شەوە کەوتە ڕامان و گەڕان لە دوی مەوقیعە پێشبینیکراوەکەی دیسکی هەسارەکە. دوای ڕامان و وردبونەوە، سەیری کرد لە نێو 300 ئەستێرەی ئەو دەڤەرەدا تەنها یەکێکیان شێوەی دیسک نمایش دەکات. بێگومان سەرنجی لە هەسارەکە دابوو، بەڵام چونکە خۆی بە تەبیعەت کەسێکی زرنگ و وریا بوو، بۆیە چاوەڕوان بوو هەتا ئەو کاتەی لە جوڵەی هەسارەکە دڵنیابوو، ئنجا بە دەرەنجامەکە قایل بوو. ئیتر هیچ رامانی ئەنجام نەدا، هەتا لە 1 ی تشرینی یەکەمدا، ڕۆژنامەی تایمس هەواڵی دۆزینەوەکەی گالێی بەم ناونیشانە بڵاوکردەوە: هەسارەکەی لێ ڤێرییە دۆزرایەوە.

هێرشێل، هەر ناونیشانەکەی خوێندەوە، نامەی بۆ لاسێل نوسی و گوتی:

بە هەر شێوەیەک بووە بگەڕێ بۆ سەتەلایت(مانگ).

لە ڕۆژانی 2 و 10 تشرینی یەکەمدا، لاسێل مانگی تریتۆنی Triton هەسارەی نیپتۆنی کەشفکرد.

لە 3 تشرینی یەکەمدا هێرشێل نامەیەکی بۆ ئەلتێنیەم  Athenaeumنوسی کە تێیدا ڕۆڵی ئادامسی لە دۆزینەوەی هەسارەی نیپتۆندا ئاشکراکرد. ئنجا مشتومڕی ناونانی هەسارەکە و کێ لە پێش کێدا دۆزیەوە دەستیپێکرد. داستانی تەواوی ڕۆڵی هەر یەک لە ئادامس، شالیس و ئایری لە 31 تشرینی دووەمدا لە کۆڕێکی فەلەکناسانی شاهانەدا بڵاوکرایەوە. شالیس و ئایری هەردوکیان باسیان لە چیرۆکی پێشبینییەکانی ئادامس کرد و ئادامیس بیرەوەرییەکانی خۆی چاپکرد کە بریتی بوو لە ”لێکدانەوەی ناڕێکییەکان لە جوڵەی هەسارەی یورانەسدا و گریمانی پشێوییەکان کە بە هۆی هەسارەیەکی دوورەوە بوو لەگەڵ دیاریکردنی بارستایی، ڕەوت و مەوقیعی هەسارەکە بووە بە هۆی خوڵقاندنی پشێوی.”

کاتێک رەوتی هەسارەی نیپتۆن بە تەواوی ساخ بوەوە، ئنجا هەرچی داتای کۆن هەبوو هێنایان و کەوتنە گەڕان بۆ ئەوەی بزانن ئەگەر لەوەبەر هەرگیز شتێک سەبارەت بەم هەسارەیە تۆمارکراوە یان نەء. کاتێک کەوتنە لێکۆڵینەوە لە داتاکانی لالاندە کە لە 8 و 10 مایسی 1795 دا لەمەڕ هەسارەی نیپتۆن تۆماری کردوون، بۆیان دەرکەوت کە لالاندە مەوقیعی ئەو ئەستێرەیەی ڕەتکردوەتەوە کە لە 8 ی مایسدا تۆماری کردوە، بەڵام وەک گومانیش ئاماژەی بۆ کردووە. دوای ئەمە چیتر ئاوڕی لە ڕامانی ئەم ئەستێرە نەداوەتەوە بۆ ئەوەی داتاکانی خۆی دیسانەوە پشڕاست بکاتەوە، خۆ ئەگەر ئەم کارەی بکردایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبوو بە دۆزینەوەی هەسارەی نیپتۆن. کاتێک ئایری بەمەی زانی، نامەی نامەی بۆ ئادامس نوسی و گوتی:

لە دوای ئەمە با کەس چیتر لۆمەی شالیس نەکات.

کاتێک ڕەوتی هەسارەی نیپتۆن حسابکرا، دەرکەوت کە هەریەک لە ئادامس و لێ ڤێرییە بەختەوەر بوون بە پێشبینییەکانیان. ئەو مەوقیعانەی هەردوکیان پێشبینیان کردبوون زۆر نزیک بوون لە مەوقیعە ڕاستەقینەکانیانەوە، بەڵام هەردوکیان ڕەوتێکیان بۆ هەسارەی نیپتۆن پێشبینی کردبوو کە نزیک بوو لەو مەوقیعانەی لە ساڵانی 1840 بۆ 1850 پێشبینیان کردبوون. دوای ئەوان ئەو مەوقیعانەی دیاری دەکرێن زۆر دور دەبن لەوانەی ئەوان (ئەمەش چونکە هەسارەی نیپتۆن 165 ساڵی پێدەچێت بۆ ئەوەی دەورانێکی تەواوی خۆی بە دەوری خۆردا تەواو بکات).

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەوشی سیستەمی خۆری بەو جۆرە نەبوو کەچاوەڕوان دەکرا. نیپتۆن ملکەچی ئەو خولگەیە نەبوو کە بۆی حسابکرابوو، تەنانەت دوای ئەوەش کە حساب بۆ هەموو ئەو هێزی کێشکردنەش کرابوو کە لە لایەن هەموو هەسارە ناسراوەکانەوە دروست دەبن. هەر دوو هەسارەی یورانەس و زوحەل بە هەمان شێوەن، بەڵام بە ڕادەیەکی کەمتر. پێرسیڤال لۆوێل Percival Lowell (1855 –1916)، کە فەلکناسێکی ئەمەریکی بوو، بایەخی بە مارس دەدا. هەر خۆی لە فلاگستاف، لە ئەریزۆنا، بنکەیەکی فەلەکی بونیاتنا بە تایبەت بۆ خوێندنی هەسارەی مارس. ئنجا کەوتە توێژینەوە و شیکاری ماتماتیکییانەی خولگەی یورانەس کە زانیاریەکی زۆر وردتر لەسەری هەبوو وەک لە هەسارەی نیپتۆن، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هەر شکشتی هێنا کە دوی ڕەوتە پێشبینیکراوەکەی بکەوێت. لە ساڵی 1905 دا، لۆوێل شیکاری داتاکانی تەواوکرد و پێشبینی بوونی هەسارەیەکی کرد کە دەکەوێتە ئەو دیو نیپتۆنەوە کە بەرپرسە لە پشێوییەکان.

بێگومان، لە ساڵی 1905 دا، ڕامانی ئەسترۆنۆمی پێشکەوتنی زۆر گەورەی بەخۆوە بینی، ئەمەش زیاتر بە هۆی سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای فۆتۆگرافییەوە بوو. لە ساڵی 1915 دا گەران و ڕامان لە بنکەی فەزایی فلاگستاف دەستی پێکرد و بۆ دوو ساڵ فۆتۆگرافی ئەو دەڤەرانەیان گرت کە لۆوێل بە ”هەسارەی X ”ناوی دەبردن. هیچ شتێکیان بەدی نەکرد و نەدۆزییەوە. لۆوێل دیسانەوە شیکارە ماتماتیکییەکانی خۆی دوبارەکردەوە و لە ساڵی 1914 و 1916 دا، کەوتەوە ڕوانین و وێنەگرتنی ئەو ناوچە ئاسمانییەی کە بە پێێ پێشبینییەکانی خۆی هەسارەی X دەکەوێتە سنورەکانییەوە. لە ڕاستیدا جامی هەسارەی پلوتۆ (یاخود هەسارەی X وەک لۆوێل ناوی نابوو) لەسەر تەبەقەکان دەرکەوتن، بەڵام زۆر کاڵ بوون و نەدەناسرانەوە.

لە 13 کانونی دووەمی 1915دا، لۆوێل نامەکەی ”ڕۆژانی هەسارەکەی ئەودیو نیپتۆن”ی پێشکەشکرد بە ئەکادیمیای ئەمەریکی. لەم بارەیەوە نامەیەکی بۆ فەلەکناسە سەرۆکەکەی نوسی و دەڵێت:

ئەوا من لە 13 کانونی دووەمدا کارەکەی خۆم دەخەمە بەردەم ئەکادیمیا. شتێکی ماقوڵە ئەگەر ئێوە لە هەمان کات و ڕۆژدا دۆزینەوەکە ڕابگەیەنن.

بە هەرحاڵ هیچ دۆزینەوە رانەگەیەنرا، دوایی براکەی لۆوێل نوسی و دەڵێت:

کە ئەو هەسارە X ی بۆ نەدۆزرایەوە ئیتر بوو بە گەورەترین نائومیدی ژیانی ئەو.

دوایی فەلەکناسێکی تری ئەمەریکی، ویلیام هینری پیکەرینگ William Henry Pickering(1858 –1938) ، کە لەوەبەر، لە ساڵی 1894 دا بنکە فەلەکییەکەی لۆوێل، فلاگستافی، بونیات نابوو و پاشان چووە بنکەی فەزایی کۆلێژی هارڤارد و لە ساڵی 1919دا، بە سودوەرگرتن لەو جیاوازییانەی لە داتاکانی هەردو خولگەی هەسارەکانی یورانەس و نیپتۆندا هەبوون، توانی پێشبینی مەوقیعی هەسارەکەی ئەو دیو سنورەکانی نیپتۆن بکات. بەڵام کاتێک لە چیای ویلسۆن گەڕان بە شێوەی وێنەگرتن دەستی پێکرد، نەیانتوانی بە پێی ئەو مەوقیعەی پیکەرینگ پێشبینی کردبوو، هەسارەکە بدۆزنەوە.

لە کانونی دووەمی 1929 دا، کلاید تۆمباوگClyde W Tombaugh (1906 –1997)، کەوتە کاردکردن لە بنکەی فەزایی فلاگستاف و ئەرکی دۆزینەوەی هەسارەی Xگرتەئەستۆ. تۆمباوگ تەکنیکێکی نوێێ خستەگەڕ، ئەویش بریتی بوو لە بەراوردکردنی دوو تەبەق کە لە دوو کاتی نزیک لە یەکترەوە گیرابوون، یەکیکیان ڕوناکییەکەی دەگەشایەوە یان بڵێین ڕوناکییەک دەبریسکایەوە وئنجا دوایی بریسکانەوەکە لەسەر ئەوی تر دەردەکەوێت. تۆمباوگ لەم بارەیەوە نوسی:

لە نیوەڕۆی 18 شوباتی 1930 دا بوو کە چاوم چووە سەر جامەکەی پلوتۆ. هەتا بڵێی ئەزمونێکی پڕ خرۆش بوو، چونکە هەر کە چاوم چووە سەری، سروشتی بابەتەکە دیاربوو.Untitled

ئەمەش وەک تیورییەکی جوان و نایابی ماتمتیکییانە لە لایەن لۆوێلەوە هاتە بەرچاو. دوایی براون ئەو داتایانەی چێکردەوە کە لۆوێل بەکاری هێنابون بۆ ئەوەی مەوقیعی هەسارەکە پێشبینی بکات، بەڵام لای براون زەحمەت بوو بتوانرێت بەم داتایەنەوە مەوقیعی ڕاستەقینەی هەسارەکە پێشبینی بکرێت. رەسل، کە فەلەکناسێکی ئەمەریکی بوو لەم بارە دەنوسێت:دوای ئەمە هەموو شەوێک وێنەی فۆتۆگرافی هەسارەکە دەگیرا بۆ ئەوەی ڕامانەکە پشتڕاست بکرێتەوە و لە بەرواری 13 ئاداری 1930 دابوو، کە یادی 75 هەمین ساڵیادی لەدایکبونی لۆوێل و 149 ساڵیادی دۆزینەوەی یورانەس بوو، لە ”فلاگستاف”ەوە پەیامێک ڕاگەیەنرا. لە مانگی مایسی 1930 دا بوو کە هەر فلاگستاف پێشنیازی ناوی پلوتۆیان کرد بۆ هەسارەی X . لە هەمان کاتدا رەمزێکیشیان بۆ هەڵبژارد کە بریتی بوو لە دوو حەرفی P و L کە باوەشیان بە یەکدا کردووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە دوای مشتومڕەکە سەبارەت بە ناونانی نیپتۆن، توانیان کە ماندوبونی پێرسیڤال لۆوێل بەرجەستە بکەن و بیخەنە دوتوێێ ڕەمزی پلوتۆوە، ئەویش بە دانانی پیتی یەکەمی ناوی خۆی و نازناوەکەی، واتە P و L.

ئەو پرسیارانەی دێنەئاراوە بریتین لە…بۆچی هەسارەیەکی ڕاستەقینە لە خولگەیەکدا دەجوڵێت کە وەک موجیزە دەڵێی ئەو هەسارەیەیە کە پێشبینیت کردووە؟ …پێدەچێت ئنسان نەتوانێت لەو دەرەنجامە ڕابکات کە مەسەلەکە بەختە. بەمجۆرە ڕودانی دوو بەخت یان دوو ڕێکەوت لە هەمان کاتدا ڕوبدەن ئەوە شتێکە مایەی سەرسوڕمانە، بەڵام ئەو بەڵگەیەی براون پیشانیداوە بوار بە هیچ جۆرە دەرەنجامێکی تر نادات.

ئەمڕۆ بارستایی پلوتۆ بە وردی زانراوە و دەکاتە 0.002  ئەوەندەی بارستایی زەوی. ئەمەش بە تایبەت کاتێک زانرا کە مانگی چارۆن Charon دۆزرایەوە. بارستایی پلوتۆ کاتێک دەرکەوەت کە لۆوێل  Lowellگوتی هەسارەی  Xپێویستە بارستەکەی حەوت ئەوەندەی هی عەرد بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کاریگەرییە لەسەر هەسارەکانی تر دروست بکات. ئەوەی وەک شتێکی ئەفسوناوی ماوەتەوە ئەوەیە کە چۆن لۆوێل توانی خولگەکەی ئاوا ورد پێشبینی بکات و بۆچیش هەسارە دەرەکییەکان ناتوانن خولگەی ڕاستەقینەی خۆیان بپارێزن.

سەرچاەر: بە دستکارییەوە لە ماڵپەڕی زانکۆی سەینت ئەندرو وە وەرگیراو.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *