(پۆڵ دەیڤیز: نهێنی ماتماتیکی (بەشی دووەم

وەرگێڕانی بە دەستکارییەوە: شێرکۆ ڕەشید قادر

کۆمپیۆتەری گەردونی

لەم ساڵانەی دواییدا، لە ژێر کاریگەری زانایانی کۆمپیوتەردا، مشتومڕگەلێک لەمەڕ سروشتی ماتماتیکەوە هاتۆتە ئاراوە، چونکە ئەمان، واتە زانایانی کۆمپیوتەر، تێڕوانینی تایبەتی خۆیان لە بەرانبەر بابەتەکە هەیە. لەوانەیە سەیر نەبێت، کە زۆر لە زانایانی کۆمپیوتەر ئامێری کۆمپیوتەری بە بەشێکی ناوەندی هەر سیستەمێکی بیرکردنەوە دادەنێن کە تێبکۆشێت بۆ ئەوەی مانایەک بە ماتماتیک ببەخشێت. لەوپەڕی ڕادیکاڵی خۆیدا ئەم فەلسەفەیە بانگەشە دەکات کە ” کە ئەوەی بە کۆمپیوتەر نەکرێت بێ مانایە.” دیارە ئەمەش، بە تایبەت، مەبەست لەوەیە کە هەر وەسفێکی گەردونی فیزیکی، پێویستە ماتماتیکێک بەکار بهێنێت کە لە بنچینیەدا دەبێت بە کۆمپیوتەر واری بکرێت. بێگومان ئەم کارە بە ئاشکرا ئەو تیۆرییانە دەخاتە لاوە کە پەیوەستن بەو ژمارە ناچەندایەتییە فیزیکییانەی کە حساب ناکرێن و بڕەکەیان هەرگیز هەژمار ناکرێت. بەمجۆرە ئەم کارە بوار نادات بە هیچ پرۆسەیەکی ماتماتیکی کە ژمارەیەکی ناکۆتای هەنگاو بە هەنگاوی لە خۆدەگرێت، چونکە ئەمە ڕوبەرێکی فراوانی ماتماتیک ڕەت دەکاتەوە و دەخاتە لاوە، بۆ نمونە زۆر لە پانتاییەی پەیوەندی بە سیستەمە فیزیکییەکانەوە هەیە. لەوەش جدیتر، تەنانەت ئەو ئەنجامە ماتماتیکییانەی کە کۆتادارن(finite) بەڵام ژمارەیەکی زۆر گەورە هەنگاوی یەک لە دوای یەک لەخۆدەگرێت، بە تایبەت بۆ کەسێک کە لە بوارێکدا توێژینەوە دەکات کە لای وی حسابکردنی گەردون شتێکی کۆتادارە. ڕۆیف لانداورRoif Landauer هەواداری ئەم تێڕوانینەیە و پشتگیری ئەم ڕێبازە دەکات. هەروەک دەڵێت:

فیزیک نەک تەنها کۆمپیوتەرەکان ئاژوو دەکات کە چی بکەن، بەڵکو لە بەرامبەریشدا، ئەوەی کۆمپیوتەر دەتوانێت بیکات، ئەوپەڕی سروشتی یاساکانی فیزیک پێناس دەکات. لە دوای هەموو ئەمانەش، یاساکانی فیزیک، ئەلگۆریتمی پرۆسەی زانیارین و ئەگەر ئەلگۆریتمەکان لەم گەردونەماندا واری نەکرێن ئەوا بێ بەهان و سودیان نییە.

ئەگەر ماتماتیکی مانابەخش بەندە لەسەر ئەو مەواردانەی لە ناو گەردوندا هەن، ئەوا بوارێکی فراوانی جێبەجێکردن لە ئارادا هەن. بە پێی تیۆری کۆسمۆلۆژی ستاندارد، ڕوناکی مەودایەکی دیاریکراو دەڕوات، چونکە بناوانی گەردون(ئەمەش چونکە گەردون تەمەنێکیکۆتاداری finite هەیە). بەڵام هیچ بابەتێکی فیزیکی، بە تایبەت زانیاری، ناگاتە خێرایی ڕوناکی. لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەو دەڤەرەی گەردون کە ئێمە بەشێکین لێی ژمارەیەکی کۆتادار تەنۆلکەی تێدایە. سنوری دەرەوی ئەم ناوچەیە بە ئاسۆ ناسراوە و دورترین شوێنە لە فەزادا کە لە دوای ڕوداوی بیگ-بانگەوە ڕوناکی گەیشتوویەتێ. ئاشکرایە، کاتێک بە کۆمپیوتەر حسابات دەکەین، تەنها ئەو ناوچانەی گەردون لەبەرچاو دەگرین کە زانیاری دەیانگاتێ و وەک یەک سیستەمی کۆمپیوتەریش حسابی بۆ دەکرێت، بێگومان ئەم دەڤەرە دەکەوێنە نێو سنورەکانی ئاسۆی ئەم گەردونەوە. جا تەسەوربکە هەر تەنۆلکەیەکی ئەم ناوچەیە خرایە حساباتی کۆمپیوتەرێکی گەردونی زەبەلاحەوە، ئەوا ئەم ئامێرە نایابەش هێشتا توانایەکی سنورداری حساباتی وەهای هەیە، چونکە ژمارەیەکی دیاریکراو تەنۆلکە لەخۆدەگرێت (  لە هەقیقەتدا نزیکە لە 1080 )، بۆ نمونە ئەم ئامێرە ناتوانێت بەهای ڕێژەی نەگۆڕ[i] (پایπ ) بەو پەڕی ووردی حساب بکات.

بە گوتەی لانداور Landauer، ئەگەر گەردون وەک یەکەیەکی گشت نەتوانێت حسابی بکات، ئەوا لە بیر خۆتی بەرەوە. بەمجۆرە ڕێژەی نەگۆڕ (پای) چیتر وەک بڕێکی ورد پێناسە ناکرێت. ئەمەش ئەو دەگەێنێت کە ئەو پێشنیازەی گوایە ڕێژەی چێوەی بازنە بۆ تیرەکەی ناتوانرێت بە ژمارەیەکی جێگیر دابنرێت ( تەنانەت ئەگەر لە حاڵەتی هێڵە جیۆمەترییە نمونەییە کەماڵەکانیشدا(پێرفێت) بێت) بەڵام روبەڕوی نایەقینی دەبێتەوە.

لەوەش سەیرتر ئەو هەقیقەتەیە هەر کاتێک ڕوناکی بەرەو فەزای سەرەوە دەجوڵێت، ئاسۆش لەگەڵ زەمەندا فراوان دەبێت و ئەو سەرچاوانەی لە دەڤەرەکانی ناو سنوری ئاسۆدا هەن کەمتر دەبنەوە. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە ماتماتیک سەربەخۆیە لە زەمەن و چەمکێکی تەواو دژ بەو تێروانینە ئەفلاتونییەیە کە دەڵێت هەقیقەتە ماتماتیکییەکان بێزەمەن، لە هەڵکشاندان و ئەبەدیین. بۆ نمونە دوای چرکەیەک لە ڕودانی کارەساتی بیگ – بانگ، قەبارەیەکی فەزا تەنها بەشێکی بچکۆلەی ئەو ژمارەیەی تەنۆلکە ئەتۆمییەکانی ئەمڕۆی لەخۆدەگرت. بۆ نمونە لە زەمەنێکی وەک ئەوەی بە زەمەنی پلانک ناسراوە. کە دەکاتە  قەبارەی ئاسۆ تەنها یەک تەنۆلکە لەخۆدەگرێت. بەم شێوەیە بێت هێزی کۆمپیوتەری گەردون لە زەمانی پلانکیدا لە بنچینەدا دەبوە سفر. خۆ ئەگەر وەدوی فەلسەفەی لانداور Landauer بەرەو دەرئەنجامە لۆژیکییەکەی بکەوین ئەوا دەردەکەوێت کە سەرتاپای ماتماتیک لەو قۆناغەدا بێ مانا بوە. خۆ ئەگەر وایە، ئەوا هەر هەوڵێک بۆ واریکردنی فیزیکی ماتماتیکی بەسەر سەرەتای گەردوندا – بە تایبەت سەرانسەری پرۆگرامی کۆسمۆلۆژیای کوانتەم و بنچینەی گەردونی-شتێکی بێ مانایە.

ئێمە بۆچی ؟

”تەنها شت لەمەڕ گەردون کە لەسەرو تێگەیشتنی ئێمەوەیە، ئەوەیە کە دەتوانرێت لێی تێبگەین.” ئەلبێرت ئاینشتاین

سەرکەوتنی پرۆژەی زانستی زۆر جار لەوانەیە لە هەمبەر ئەو هەقیقەتە سەرسوڕهێنەدا کە زانست جوانکاری خۆی دەکات نابینامان بکات.هەرچەندە زۆر خەڵک متمانەی تەواوی بە زانست هەیە، بەڵام پێویستە ئەوە بڵێین کە مرۆ هەم بەختەوەرە و هەم ئەفسوناوییە، دەتوانێت لە ڕێگای خستنەگەڕی میتۆدی زانستییەوە کارکردنی سروشت ئاواڵە بکات. هەروەک لەوەبەر ئیشارەمان پێدا و باسمان کرد، جەوهەری زانست بریتییە لە دۆزینەوە و پەردەلادان لە کڵێشە و ڕێکخستنەکانی ناو سروشت، ئەویش بە دۆزینەوەی ئەلگۆریتمێک(ئالییەیەکی کارکرنی تیوری لە زانستدا) بۆ ژمارەیەکی بێشوماری ڕامان و وردبونەوە. بەڵام داتای خامی ڕامانەکان بە دەگمەن ڕێکوپێکی تەواو نمایش دەکەن. لە بری ئەمە دەبینین ڕێکوپێکی سروشتپەنهانە و بە کۆد نوسراوە. بۆ بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە زانستدا پێویستە ئەو کۆدانە بشکێنین و بکەینەوە، پێویستە بە ناخی داتا خامەکاندا ڕۆبچین و ڕێکوپێکییە شاراوەکە ئاواڵە بکەین. زۆرجار زانستی بنەڕەتی بە وشە یەکتربڕەکان (کلمات متاقتعە) دەشوبهێنم. تاقیکردنەوە و وردبونەوە و ڕامان تەلمیحمان دەدەنێ، بەڵام ئەم سەرەداوانەبە شێوەی کریپتی(کۆدوپاسوۆرد) نوسراون و پێویستی بە زیرەکی هەیە بۆ کردنەوەو حلکردنی کۆدەکان. لەگەڵ هەر حلێکی نوێدا، زیاتر لە کڵێشەی سروشت بەدی دەکەین. هەروەک وشە یەکتربڕەکان، گەردونی فیزیکیش ئاوایە، سەیردەکەین کە حلکردنی سەرەدەزوە سەربەخۆکان پێکەوە بە شێوەیەکی موتەناسیق و یەکێتییەکی موتەناسیق دروست دەکەن، بەمجۆرە هەتا سەرە- دەزو زیاتر حلبکەین، ئەوا بە شێوەیەکی ئاسانتر سیما نادیارەکان دەدۆزینەوە.

ئەوەی جێگەی تێبینییە ئەوەیە کە ئنسان توانای کردنەوەی ئەم کۆدانەی هەیە و ئەقڵی مرۆ خاوەنی قودرەتێکی فیکری پێویستە بۆ ئاواڵەکردنی نهێنییەکانی سروشت. چەندە ئاسان دەبو ئەگەر ئادەمیزاد دونیای وەها بێتە بەرچاو کە ڕێکوپێکی سروشتی بە ڕونی بدیایە و بە یەک نیگا هەموی ئاشکرا بوایە. لە هەمان کاتدا تەسەوری دونیایەکی تریشمان بکردایە کە ڕێکوپێکی تێدا نەدەبوو ، یاخود هەموو نیزام و ڕێکوپێکییەکەی پەنهان بوایە، وەها ورد بوایە کە کۆدە گەردونییەکەی پێویستی بە قودرەتێکی مێشکی زۆر لەوەی ئنسان هەیەتی مەزنتر و گەورەتر بوایە بۆ ئەوەی نهێنییەکانی ئاواڵە بکات. بەڵام لە بری ئەمە ئێمە حاڵەتێک دەبینین کە سەختی و زەحمەتی ئەم کۆدە گەردونییە لەگەڵ ئاستی تواناکی ئنساندا هاوجوتە. هەتا ئێستا، هەوڵێکی زۆر سەختمان داوە بۆ کردنەوەی کۆد و گرێکانی سروشت، بەڵام سەرکەوتنی باشمان فەراهەم کردووە. تەحەداکە ئەوەندە بەسە کە باشترین ئەقڵەکانی مرۆڤایەتی کە لە ئارادایە بۆ لای خۆی ڕاکێشابێت، بەڵام ئەوەندە سەخت و دژوار نییە کە هەوڵەکانی مرۆڤی شکاندبێت و ئاڕاستەکەی  بەرەو ئەرکی ئاسانتر گۆڕیبێت.

ئەفسانەی هەموو ئەمانە لەوەدایە کە پەرەسەندنە بیۆلۆژییەکان قودرەتی ئەقڵی ئادەمیزاد دیاری دەکەن و هیچ وابستەگیەکی بە کاری زانستەوە نییە، مێشکی ئێمە بە جۆرێکە کە لە هەمبەر فشارەکانی دەوروبەردا کاردانەوەی خۆی هەبوە، وەکو توانستی ڕاوکردن، لادان لە دڕندەکان و خۆلادان لەو شتانەی دەکەونە خوار. جا ئەمە چ پەیوەندییەکی بە دۆزینەوەی یاساکانی وەکو ئەلکترۆماگنێتیزم یان بونیاتی ئەتۆمەوە هەیە؟ لەم مەسەلەیەدا تەنانەت جۆن بارۆش سەرسوڕماوە. هەروەک خۆی ئیشارەی پێدەدات:

بۆچ پرۆسەی فێربون و ماریفەتمان وەها بەوجۆرە ئولفەتی گرتووە بە زیادەڕۆیی لە عەوداڵی و گەڕان بە دوای تێگەتشتن لە سەرتاپای گەردون؟. ئەی بۆچی ئێمەین ئەم کارە دەکەین؟وا پێدەچێت کە هیچ یەک لە ئایدیا پێشکەوتووەکان کە ڕۆڵی هاوبەشیان هەیە لە پرۆسەکەدا وەک خاڵی ئیجابی بەر لە قۆناغی پەرەسەندنی ژیری مرۆڤ بەکارهاتبن و سودیان لێ وەرگیرابێت. چۆن ئەقڵمان، یان هەر هیچ نەبێت ئەقڵی هەندێک لە ئێمە، دەبێت ئامادەباشی تێدا بێت بۆ ئەوەی نهێنییە قوڵەکانی سروشت یەکاڵا بکاتەوە.

نهێنی سەرکەوتنی غەریبی مرۆڤ لە پێشکەوتنی زانستدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆت و کۆسپانەی لە بەردەم پەرەسەندنی پەروەردەیی مرۆڤ هەیە. سەیردەکەین، لە لایەکەوە، سنورێک هەیە بۆ ڕێژەی ئەو هەقیقەت و چەمکە نوێیانەی دستگیرمان دەبن، بە تایبەت ئەوانەی کە بڕێکی پوختیان هەیە. بە گشتی قوتابی پازدە ساڵ خوێندنی پێویستە بۆ دەستهێنانی ماتماتیک و زانست بۆ ئەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی هەبێت لە توێژینەوە بنەڕەتییەکاندا. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، بە تایبەتی لە بواری فیزیکی ماتماتیکدا، هەنگاو و پێشکەوتنە مەزنەکان لە سەر دەستی پیاوان و ژنانێکەوە دروستبون کە تەمەنیان لە ساڵانی بیستەکاندا، یاخود لەسەرەتای سییەکاندایە، بۆ نمونە، نیوتن، تەمەنی تەنها بیست و چوار ساڵ بوو کە ئەقڵی چووە سەر داڕشتنی یاسای کێشکردنی گشتی. دیراک هێشتا قوتابی پلەی دکتۆرا بوو کە هاوکێشەی شەپۆلی نسبی داڕشت، کە لە داهاتودا بووە هۆی دۆزینەوەی دژە-مادە antimatter. ئاینشتاین هێشتا تەمەنی بیست و شەش ساڵ بوو کە لە ماوەی شەش مانگی پڕ چالاکی داهێنەرانەدا هەر یەک لە تیۆری نیسبی گشتی، بنچینەکانی میکانیکی ستاتیکی و هۆکاری فۆتۆ ئەلکتریکی لە یەک بۆتەدا یەکخست و پێشکەشکرد. هەرچەندە زانایانی بەساڵاچوو ئنکاری ئەمە دەکەن، بەڵام بەڵگەی گرنگ لە ئارادان کە داهێنانی ڕاستەقینانەی زانستی لە دوای عومری کامڵەوە ئاوا دەبێت و چیتر قودرەتی بەو شێوەیەی جاران نامێنێت.یەکخستنی بەرەوپێشچونی پەروەردەیی و گەڕانەوەی داهێنانی زانستی لە لای زانا، فرسەتێکی کورت، بەڵام بنەڕەتی، دەڕەخسێنێت کە زاناکە ڕۆڵێک لە داهێناندا یاری بکات. ئەگەرچی ئەم کۆسپە ڕۆشنفکرییانە ڕیشەیان لە لایەنە ئاساییەکانی بایۆلۆژیای پەرەسەندندا هەیە و بەستراوە بە ڕەوتی ژیانی مرۆڤایەتی و بنیاتی مێشک و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی ئنسانەوە. چەندە شتێکی سەیرە کە دەبینین ئەو زەمەنە چەندە درێژخایەن بوە کە ئەو توانستە بە مرۆ ببەخشێت کە لە داهێنانی زانستیدا ڕۆڵی هەبێت.

دیسانەوە، ئاسانە کە ئنسان جیهانێک تەسەوربکات کە هەمومان کاتێکی باشمان بۆ بڕەخسێت بۆ ئەوەی تێیدا هەقیقەتە زەرورییەکان و ئەو چەمکانەی کە پەیوەستن بە زانستە بنەڕەتیەکانەوە فێربین، یاخود جیهانێکی تر ساڵەهای ساڵ دەخایەنێت بۆ ئەوەی هەمو شتە زەروریەکان فێربین هەتا مردن ڕێگەمان لێدەگرێت و ناچاردەبین بوەستین لە فێربون، یاخود کاتێک ساڵانی داهێنانی کەسێک بەسەردەچێت بەر لەوەی تافی خۆڕۆشنبیرکردن تەواو دەبێت.بەمجۆرە هیچ سیمایەکی ئەقڵی مرۆ سەبارەت بە کارکردنی سروشت هێندەی ماتماتیک دیار و زەق نیە، ئەو زانستەی بەرهەمی ئەقڵی ئنسان کە بە جۆرێک تەماسی هەیە بە نهێنیەکانی گەردونەوە.

_______________________________________________________________
پەراوێزەکان:

[i]له‌ سه‌ره‌تای دروسبونی کۆمپیوته‌ردا، ساڵانی هه‌فتاکان و هه‌شتاکان، کاتێک پرۆسێسه‌یه‌کی تازه‌ی کۆمپیوته‌ر دروستبکرایه‌، ئه‌وا ڕێژه‌ی نه‌گۆڕ بۆ پێوان ودیاریکردنی خێرایی پرۆسێسەی کۆمپیوتەرە تازەکە به‌کارده‌هات، ئه‌گه‌ر پرۆسێسه‌ره‌که‌ بتوانێت زۆرترین ژمارەی کەرتی دوای فاریزه‌که‌ له (ڕێژەی نەگۆڕ π )‌    دا بدۆزێتوه‌ ئه‌وا باشترین پرۆسێسه‌ره‌. حیکایەتی ڕێژەی نەگۆر لە مێژوی ماتماتیکدا سیمایەکی هێندە سەرنجڕاکێشە کە تەواو مرۆ دەخاتە ڕامانەوە، هەرچەندە رێژەی نەگۆڕ لە بناواندا تایبەتە بە نەگۆڕێکی بازنەیی، واتە چێوەی بازنە بۆ تیرەکەی، بەڵام ئەمڕۆ لە زۆر بواری تری لێکوڵینەوەدا، کە هیچ پەیوەست نین بە بازنەوە، خۆی قوت کردوەتەوە، وەک چۆن لە ساڵی 1960 دا فیزیکناسی گەورەی هەنگاری، ئیوژین ویگنەر، (هەر وەک لەسەرەوە تێبینی ژمارە 3 دا ناوم بردوە) کە هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ بو، گوتارێک دەنوسێت لەمەر ”کاریگەری ناقۆڵای ماتماتیک لەسەر زانستە سروشتیەکان”. سەرەتای گوتارەکە بەمجۆرەیە: داستانێک هەیە لەمەر دو هاوڕێ، گوایە لە پلەی ئامادەیی خوێندندا هاوپۆل بون. ئەم دو هاوڕێیە دەکەونە گفتوگۆ و قسە دێتە سەر ئیش کە بۆ بژێوی ژیان چی دەکەن. یەکێکیان ستاتیکناسە(پسپۆڕی ئاماری) و حاڵی حازر سەرقاڵی کارکردنە لەسەر پرسەکانی ئاکاری دانیشتوان. یەکێک لە کارەکانی پیشانی هاوپۆلەکەی دەدات. کارەکە بە دابەشبونی گاوسی سەبارەت بە دابەشبونی دانیشتوان دەستپێدەکات. برادەرە ستاتیکناسەکە دەکەوێتە ڕونکردنەوەی هیما و ژمارەکان. هاوپۆلەکەی سەرەتا باوەڕی بە شتەکان نەکرد و دڵنیا نەبو کە ئایا هاوڕێ ستاتیکناسەکەی سوعبەتی لەگەڵ دەکات یان هەر بە ڕاستی قسان دەکات و دەڵێت ” چۆن ئەمە دەزانیت، ئەی ئەو هیمایە لێرەدا چیە؟” ستاتیکناسەکە گوتی ” ئەوە ڕێژەی نەگۆڕە(پای)”، ” برادەرەکە دەپرسێت ”ئێ باشە چیە؟” ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت ” بریتیە لە ڕێژەی چێوەی بازنە لەسەر تیرەکەی.” برادەکە دەڵێت ” خەریکە بە تەواوی هەر سوعبەتەکە دەکەیت بە ڕاست و زیاد دەڕۆی، بە دڵنیایەوە دانیشتوان پەیوەندی بە چێوەی بازنەوە نیە”. لێرەدا مەبەست لەوەیە کە ڕێژەی نەگۆر، هەرچەندە لە بناواندا تایبەتە بە بازنە، بەڵام ئەمڕۆ خۆی لە هەموو بابەتێکی توێژینەوەی زانستی هەڵقورتاندووە قوت بۆتەوە، جا ئەو توێژینەوەیە کۆمەڵایەتی بێت، سایکۆلۆژی یان پەیوەست بێت بە فیزیکی کوانتەمەوە، ئەمەیە ڕۆڵی ماتماتیک.

لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2011 دا زانایەک بە ناوی کۆندۆ وە، دوای بەکارهێنانی کۆمپیوتەرێکی زۆر بەهێز و بە قودرەت توانی بەهایەکی تازە بۆ ژمارەی رێژەی نەگۆڕ بدۆزێتەوە، بێگومان کۆمپیوتەرەکە بۆ 371 رۆژ بە بەردەوامی لە کارکردندا بو. بەهاکە بریتیە لە 10,000,000,000,050  واتە ژمارە 3 و ئنجا کەرتی دوای فاریزەکەش  10 تریلیون ژمارە لەخۆدەگرێت؟؟؟ هەر ئێجگار زۆرە، بەڵام ئەمەش دوا نرخی وردی ڕێژەی نەگۆڕ نییە، بەڵکو هەمیشە بەهای نوێ دێتە ئاراوە.

 

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *