نهێنی ماتماتیکی (بەشی کۆتایی)

وەرگێڕانی لە ئنگلیزیەوە بە دەسکارییەوە: شێرکۆ ڕەشید قادر

بۆچی یاساکانی سروشت ماتماتیکین؟

هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر کەم لە زانایان هەڵوێستە لەسەر ئەو پرسە دەکەن کە بۆچی یاسا بنەڕەتییەکانی گەردون ماتماتیکین؟ وەڵامەکەی(لای ئەوان) ئەوەیە چونکە تەنها وەک هەقیقەتێک باوەڕیان پێیەتی و بەس. هەرچەندە ئەو هەقیقەتەی کە ئەگەر ماتماتیک بەسەر دونیای فیزیکیدا واری کرا زۆر باش کاردەکات، تەنانەت جوتبونەکە هێندە نایابە کە جێگەی سەرسوڕمانە، هەر بۆیەش ئەم هەقیقەتە پێویستی بە تەفسیر و لێکدانەوە هەیە. سەرباری ئەوەی کە زۆربەی زانایان وا دادەنێن کە پێویستە دونیا بەو جۆرە بێت کە ملکەچی یاساکانی ماتماتیکە، بەڵام مێژووی زانست لە دژ ئەمە ئاگادارمان دەکاتەوە، زۆر لایەنی ئەم دونیایەمان ئەنجامی هەلومەرجی تایبەتە. بۆ نمونە چەمکی زەمەنی ڕەهای گەردونی concept of absolute universal time نیوتن نمونەیەکی کلاسیکییە. ئەم وێنەیەی زەمەن لە ژیانی ڕۆژانەماندا بە باشی خزمەتمان دەکات، بەڵام دەرکەوتوە بۆیە وا بە باشی کاری خۆی دەکات چونکە ئێمە زۆر خاوتر لە ڕوناکی دەجوڵێین. تۆ بڵێی ماتماتیک لێرەدا بە باشی کاری خۆی کردبێت چونکە هەندێک هەلومەرجی تایبەت لە گۆڕێدا هەن؟

تەفسیرێک بۆ ئەم مەتەڵە ئەوەیە کە ” کاریگەری ناقۆڵای” ماتماتیک، ئەگەر پەنا بەرینە بەر ووشەکانی یوژین ویگنەر، وەک دیاردەیەکی کلتوری پوخت حساب بکەین، کە ئەمەش بۆ خۆی ئەنجامی ئەو ڕێچکەیەیە کە مرۆ هەڵیبژاردووە بۆ بیرکردنەوە لە هەمبەر دونیا. کانت ئاگادارمان دەکاتەوە، ئەگەر لە چاویلکەیەکی بە پەمەیی-ڕەنگکراوەوە لە دونیا بڕوانین، ئەوا سەیر نییە ئەگەر دونیا پەمەیی دەرکەوێ. لای کانت ئێمە چەمکە ماتماتیکییەکان لە مێشکمانەوە بۆ سروشت دەخوێنینەوە لە بری ئەوەی لە سروشتەوە بیخوێنینەوە. ئەم مشتومڕە هێزێک لەخۆدەگرێت. گومانی تێدا نییە کە زۆربەی زانایان زیاتر حەز دەکەن کە ماتماتیک بخەنەگەڕ بۆ خوێندنی سروشت و زیاتریش مەیلی ئەو پرسانە دەکەن کە بە ڕوی ماتماتیکدا کراوەن. ئەو بوارانەی سروشتیش کە هێشتا تەسلیم بە ماتماتیک نەبون( وەکو بایۆلۆژی و زانستی کۆمەڵ)گونجاون و چیتر یاخیبونەکەیان نەماوە. مەیلێک هەیە لەمەڕ ئەو خەسڵەتانەی جیهان کە دەچنە فۆرمی ماتماتیکیەوە بە ”بنەڕەتیەکان” وەسف دەکرێن. ئەو پرسەی کە دەڵێت” بۆچی یاساکانی سروشت ماتماتیکین؟ ” ئەو وەڵامە پوچەمان بۆ دێنێتە پێش کە دەڵێت: ”چونکە ئەو یاسایانەی کە ماتماتیکین بە یاسا بنەڕەتیەکان پێناسیان دەکەین.”

شتێکی ئاشکرایە کە بەشێکی تێڕامانی ئێمە بۆ گەردون پابەندە بە شێوازی بونیادی مێشکمانەوە. بە هۆی چەند هۆکارێکی هەڵبژاردنی سروشتییەوە کە بە زەحمەت دەتوانین دەرکی پێ بکەین، مێشکمان بە جۆرێک پەرەی سەندوە و گەشەی کردوە کە بتوانێت ئەو لایەنانەی سروشت بناسێتەوە و تەرکیزی بکاتە سەر کە کڵێشە و خەسڵەتی ماتماتیکی لەخۆدەگرن و نمایش دەکەن. دیارە مرۆ دەتوانێت کە مەخلوقێکی تر لەسەر هەسارەیەکی تر و بە فۆرمێکی تر تەسەوربکات کە ڕەوتی مێژوی پەرەسەندنی لەگەڵ هی ئێمەدا جیاوازبێت. ئەم مەخلوقانە لەوانەیە گەلێك شتیان وەک ئێمە نەبێت، وەکو بیرکردنەوە، یاخود حەز لەماتماتیک بکەن، پاشان دەشێت دونیا بە جۆرێک ببینن کە ئێمە هەرگیز نەتوانین لێی تێبگەین.

بەمجۆرە، ئەگەر بپرسین: ئایا سەرکەوتنی ماتماتیک لە زانستدا سەرکەوتنێکی شازە؟ ڕێکەوتێکی مێژوی پەرەسەندن و کۆمەلایەتییە؟ هەندێک لە زانایان و فەیلەسوفان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمە ڕاستە، بەڵام لێرەدا دەبێت دانی پێدابنێم کە ئەم بانگەشەیە لای من هەروا بە ئاسانی جێگای قەناعەت و ئەزمکردن نییە، ئەمەش لەبەر چەند هۆیەک: یەکەم، زۆربەی ئەو ماتماتیکەی ئاوەها لە تیۆری فیزیکیدا نایابانە کاریگەری خۆی هەیە بەرهەمی ڕاڤە و ڕاهێنانی ماتماتیکناسانی پوختن و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەر لەوەی کە لە بوارەکانی جیهانی واقیعیدا واری دەکرێن. لە بنەڕەتدا ئەم توێژینەوە ماتماتیکییانە تەواو ناپەیوەست بون بە لایەنە پراکتیکییەکانی ئێستاوە و سەراپا سەربەخۆبون.  ”ئەم جیهانە سەربەخۆیە بەرهەمی زەینی پوختە”، هەروەک جەیمس جەینس باسی دەکات، دوایی دەرکەوت کە ئەمانە سودیان هەیە لە وەسفکردنی سروشتدا. ماتماتیکناسی هەرە بە شۆرەتی بەریتانی جی.هێچ. هاردیi]G. H. Hardy]، دەنوسێ و دەڵێت کە بۆیە ماتماتیکی شرۆڤە کردوە و پراکتیزە کردووە چونکە جوانی تێدا بەدی کردوە، نەک لەبەر بەها پراکتیکییەکانی. زۆر بە فەخرەوە باسی دەکات کە ناتوانێت هیچ سودێکی پراکتیکی لە کارە ماتماتیکیەکانی خۆیدا بەدی بکات. کەچی، دوای چەندەها ساڵ، بۆمان کەشف دەبێت کە سروشت یاری بە هەمان ئەم هاوکێشە و ڕێسا ماتماتیکییانە دەکات کە ئەم ماتماتیکناسە پوختگەرانە لەوەبەر دایان ڕشتووە (ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە بێگومان ئەمە زۆرێک لەو ماتماتیکە لەخۆدەگرێت کە هاردی خۆی دایناوە). جەیمس جەینسی فەلەکناس ئیشارە بەوە دەدات کە ماتماتیک تەنها یەکێکە لە سیستەمگەلێکی بیرکردنەوە. بۆ نمونە، گەلێک هەوڵ لە ئارادا بون و هەن بۆ بنیاتناتی چەند مۆدڵێکی گەردون وەک یەکەیەکی زیندو، یاخود وەک ئامێرێک. ئەمانە پێشکەوتنێکی کەمیان بەدەستهێناوە. باشە ئەگەر تەفسیری ماتماتیکییانە ئەوەندە پڕ بەرهەمە بۆچی دەبێت لە دۆزینەوەی یاساکانی سروشتدا ڕۆڵی نەبێت؟

بە هەمان شێوە، ڕۆجەر پێنڕۆزیش لەم دەروازەیە دەداو ڕوانگەی کڵتوری رەتدەکاتەوە، پێنڕۆز ئیشارە دەدات بە سەرکەوتنی لە ئاسابەدەری تیۆری وەکو تیۆری نسبی گشتی و وەها لەسەری دەنوسێت:

بۆ من زەحمەتە باوەڕ بەو نەزەرە بکەم، هەروەک هەندێک پێدادەگرن کە ئەم تیۆرییە نایابانە تەنها ئەنجامی پرۆسەی بێسەروبەری هەڵبژاردنی سروشتی چەند ئایدیایەک بن کە هەندێکیان وەک باشە بەرگە دەگرن و دەمێننەوە و هەندێکی تریان دەمرن. تیۆرە باشەکان زۆر لەوە باشترن کە تەنها لە شەڕی بێسەروبەرەدا بەرگە بگرن و بمێننەوە، بەڵکو پێویستە لە بری ئەمە، هۆکارێکی قوڵی ژێرەکی(ژێربەژێر) لە نێوان ماتماتیک و فیزیکدا لە ئارادا هەیە، واتە لە نێوان دونیای ئەفلاتون و دونیای فیزیکیدا.

پێنڕۆز تەبەننای ئەو تێڕوانینە دەکات کە، هەروەک چۆن زۆربەی زانایان باوەڕیان پێیەتی، زۆربەی پێشکەوتنەکانی فیزیکی ماتماتیکی لە راستیدا تەمسیلی دۆزینەوە ڕاستیەکانی هەندێک لە لایەنی واقعی دەکەن، نەک ئەوەی کە بریتی بن لە تەنها ڕێکخستنەوەی داتاکان لە فۆرمێکدا کە بۆ تێگەیشتنی مرۆ شیاوترن.

تەنانەت گفتوگۆ لەمەڕ ئەوەش کراوە کە بونیاتی مێشکی مرۆڤ وەها گەشەی کردووە کە بریتیە لە ڕەنگدانەوەی خاسیەتەکانی دونیای فیزیکی، بە پێکهاتە ماتماتیکییەکەیەوە، بەمجۆرە شتێکی سەرسوڕهێن نییە کاتێک ماتماتیک لە سروشتدا کەشف دەکەین. وەک لەوەبەر ئاماژەمان پێدا، ئەوا بە دڵنیاییەوە سەرسوڕهێنە و ئەفسانەیەکی قوڵە کە مێشکی ئادەمیزاد توانای لە ئاسابەدەری ماتماتیکیانەی خۆی گەشە پیداوە. بۆیە زۆر زەحمەتە کە ئنسان بڕوا بکات کە ماتماتیکی پوخت چە بەهایەکی مانەوەی هەیە. ئەم وشانە بە هەمان شێوە بەسەر توانستی مۆسیقیشدا دەچەسپێت.

ئێمەی مرۆ بە دو جۆر زانیاری لەمەڕ دونیا فێردەبین. جۆری یەکەم بریتییە لە وێنای ڕاستەوخۆ و دوەمیش بە هۆی شرۆڤەکردنی بیرکردنەوەی ئەقڵانی و فەنکشنی بەرزتری فکرییەوە. بۆ نمونە ئەگەر لە دیاردەیەکی فیزیکی وەکو کەوتنەخوارەی بەرێک وورد بینەوە، کە لە دونیای دەرەکیدا ڕوودەادات، دەبینین لە ئاوێنەی ئەقڵماندا ڕەنگدانەوەیەکی هەیە، ئەمەش چونکە مێشکمان مۆدڵێکی ئەقڵی ناوەکی لەمەڕ دونیایەک” وەک خەیاڵێک” بونیات دەنێت کە بریتییە لە قەوارەیەکی هاوبەرابەری مادەیەکی فیزیکی ”وەکو لە حاڵەتی کەوتنەخوارەوەی بەردەکە”، لەم مۆدڵە ئەقڵییەدا کە لە فەزایەکی سێ-ڕەهەندیدا دەجوڵێت، بەردەکە دەبینین دەکەوێتە خوارەوە. لە لایەکی ترەوە، مرۆ دەتوانێت کەوتنەخوارەی ئەم بەردە بە ڕێگایەکی جیاوازتر و تەواو قوڵتر وێنابکات. بۆ نمونە ئەگەر زانیاریمان لەسەر یاساکانی نیوتن هەبێت و هەندێک ماتماتک بخەینەگەڕ ئەوا دەتوانین کەوتنەخوارەوەی بەردەکە بە جۆرە مۆدڵێکی تر گوزارشت بکەن. هەرچەندە ئەمە لە خۆیدا مۆدڵێکی ئەقڵی نییە، بەڵام، لە هەمان کاتیشدا، هەر بە بونیاتێکی ئەقڵی دادەنرێت و دیاردەیەکی دیاریکراوی وەکو کەوتنەخوارەوەی بەردەکە بە هەیکەلێکی فراوانتری پرۆسە فیزیکییەکانەوە گرێ دەدات. ئەو مۆدڵە ماتماتیکییەی کە یاساکانی فیزیک بەکاردەهێنێت، لە هەقیقەتدا شتێک نییە کە بتوانین بیبینین، بەڵکو بە فۆرمە پوختەکەی، جۆرە زانیارییەکە لەمەڕ دونیا، لەوەش زیاتر، زانیارییە و لە پلەیەکی بەرزدایە.

ڕەیمان 1826 –1866

تیۆری پەرەسەندنی داروینیزم فێرمان دەکات کە زانیاری لەمەڕ گەردون لە ڕێگای ڕاستەوخۆی هەستەکانمانەوە وەربگرین. بێگومان لەم چەمکەدا لایەنی باشەی پرۆسەی پەرسەندن بەدی دەکەین، بەڵام هیچ تەماسێکی ئاشکرا لە نێوان ئەم جۆرە ماریفەتە ڕاستەوخۆیەی هەستەکان و ماریفەتی فیکری نییە. قوتابیان زۆر جار تێدەکۆشن و خۆیان هیلاک دەکەن بۆ ئەوەی لە هەندێک لە بەشەکانی فیزیک تێ بگەن، وەکو میکانیکی کوانتەم و تیۆری نسبی، تێگەیشتنی ئەمەش زەحمەتە، چونکە قوتابیان هەوڵدەدەن ئەم بابەتانە بە بینایی ئەقڵی mental visualization.  تێبگەن.  هەوڵدەدەن کە فەزای چەماوەیی یاخود چالاکی ئەلەکترۆنێک بە چاوی ئەقڵ ببینن و سەیربکەن، بێگومان لەم کارەدا تەواو شکست دەهێنن. هۆکاری ئەمەش ناگەڕێتەوە بۆ نەبونی خبرە و ئەزمون، چونکە هیچ مرۆڤێک، ئەزموندار و بێ ئەزمون، ناتوانن بە ڕاستی وێنای بیناییانەیvisual image  ئەم شتانە بە وردی بکەن. ئەمە شتێکی سەرسام نییە، چونکە تیۆری کوانتەم و نسبی پەیوەست نین بە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەوە و هیچ پرۆسەیەکی ئیجابی لەخۆناگرێت کە مێشکمان بتوانێت سیستەمەکانی کوانتەم و تیۆری نسبی لە مۆدڵی ئەقڵی جیهانی بەرجەستە بکات. هەرچۆنێک بێت، سەرباری ئەمەش، فیزیکناسان توانستیان هەیە، بە هۆی ماتماتیکەوە، هەندێک تاقیکردنەوە و گەلێک میکانیزمی ئەقڵگەرایی تر، لە دونیای کوانتەم و تیۆری نسبی تێبگەن. پەنهانییەکە لەوەدایە، کە بۆچی توانستی دولایەنەمان لە هەمبەر تێگەیشتنی دونیا هەیە؟ هیچ هۆیەک نییە کە باوەڕ بەوە بکەین کە میتۆدی دوەم پالاوتەی میتۆدی یەکەمە. هەردوک میتۆدەکە تەواو لە یەکتر سەربەخۆن لە بەرامبەر زانیندا. یەکەم پێویستییەکی ئاشکرای بایۆلۆژییە و دوەمیش هیچ گرنگییەکی ئاشکرای بایۆلۆژی نییە.

کاتێک حساب بۆ بلیمەتی هەریەک لە مۆسیقاژەن و ماتمیکناس دەکەین، ئەم پرسە زیاتر قوڵ دەبێتەوە، چونکە بەهرە و پسپۆڕی ئەم نوخبەیەی کۆمەڵ لەم بوارانەدا زۆر زیاترە لە خەڵکی ئاسایی تر. بیرکردنەوەی سەرسوڕهێنانەی ماتماتیکناسانی وەکو گاوس و ڕەیمانii] Riemann]تەنها بە کردەی نایابانەی ماتماتیکییان دەرناکەوێت(گاوس نەک هەر منداڵێکی خوڵقێنەری پایەبەرز، بەڵکو زاکرەی فۆتۆگرافیشی هەبوو)، بەڵکو توانستی نوسینی تیۆرمیان[iii] هەبوو بێ ئەوەی هەوڵی سەلماندنیشی بدەن، کە ماتماتیکناسانی دوای خۆیان خۆیان هیلاک کردووە بۆ سەلماندنی تیۆرمەکانیان. چۆن ئەم ماتماتیکناسانە گەیشتنە ئەم ئەنجامانە؟ ئەمە لە کاتێکدا سەلماندنی هەندێک لە تیۆرەکان چەندەها بەرگ لە بیرکردنەوەی ماتماتیکی ئاڵۆز لەخۆدەگرێت. بە راستی ئەمە مەتەڵێکی گەورەیە.

ڕامانوجان 1887 –1920

دەشێت بەناوبانگترین حاڵەت لەم بارەیەوە بریتی بێت لە ماتماتیکناسی هندی ڕامانوجان. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لە هندستان لە باوەشی خێزانێکی زۆر دستکورتدا لەدایکبوە، پلەی خوێندنی زۆر دیاریکراوبوە. هەر خۆی خۆی فێری ماتماتیک دەکات، بەڵام چونکە لە دونیای ئەکادیمی دوربوە، بابەتەکەی لە پێگەیەکی غەیرە تەقلیدیەوە تەبەنناکردوە. رامانوجان ژمارەیەکی ئێجگار زۆر تیۆرمی پێشکەشکردوە بێ ئەوەی هیچ خۆی سەرقاڵ بکات بە سەلماندنەکانەوە، تەنانەت هەندێکیان تەبعێکی هێندە سەیریان هەیە کە هەرگیز بە خەیاڵی ماتماتمیکناسی پسپۆڕدا نایەت. سەرەنجام هەندێک لە ئەنجامە ماتماتیکیەکانی ڕامانوجان سەرنجی جی. هێچ. هاردییان ڕاکێشا، ڕامانوجان وەها سەرسام بو کە بڵێت ” هەرگیز شتی لەم جۆرەم لەوەبەر نەدیوە، تەنها چاوخشاندنێک پیایاندا بەسە بۆ ئەوەی بڵێیت کە ئەمانە تەنها لە لایەن ماتماتیکناسێکەوە خراونەتە سەر کاخەز کە لە بەر
زترین پلەدا بێت.” هاردی، دوای خستنەگەڕی هەمو پسپۆڕی ماتماتیکیانەی خۆی، بەڵام بەوپەڕی زەحمەتەوە، توانی هەندێک لە تیۆرمەکانی ڕامانوجان بسەلمێنێت، تەنانەت لە بەردەم هەندێک لەم تیۆرمانەدا هاردی تەواو بەزی و توانستی سەلماندنیانی نەبو. لەگەڵ ئەمانەشدا هاردی هەستیکرد کە ڕاستن، چونکە هەرگیز بە خەیاڵی کەسدا نایەت ئەمانە دابهێنێت. دوای ئەمە هاردی کارئاسانی بۆ رامانوجان کرد کە بێت بۆ کامبریچ و لەگەڵ خۆیدا و پێکەوە کاربکەن. بە داخەوە، ڕامانوجان دوچاری شۆکی کلتوری و نەخۆشی بو، هەتا سەرەنجام، لە هەڕەتی لاویدا و لە تەمەنی سی و سێ (33) ساڵیدا مرد. دوای خۆی گەنجینەیەکی بێشوماری لە فەرزیە و گریمانی ماتماتیکی بۆ نەوەکانی داهاتو بەجێهێشت. هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش، بە هەقەت کەس نازانێت چۆن ئەم هەقیقەتە لە ئاسابەدەرانەی بەدەستهێناوە[iv]. ماتماتیکناسێک لە تانەیەکدا سەبارەت بە رامانوجان گوتوبوی ئەم ئەنجامانە دەڵێی بە بێ هیچ کۆششێک لە ‘مێشکیەوە دەڕژێن’. ئەمە لە هەر ماتماتیکناسێکی تەقلیدیدا شتێکی نایابە، بەڵام کاتێک باس لە یەکێک دەکەین کە هیچ ئاشنایەتیەکی لەگەڵ ماتماتیکی تەقلیدیدا نیە، ئەوە بە ڕاست دەبێتە شتێکی لە ئاسابەدەر. ئەمە زۆر هانمان دەدات کە وەها فەرزبکەین کە ڕامانوجان خاوەن فاکوڵتیەکی faculty تایبەت بوە کە ئەو توانستەی پێ بەخشیوە کە ڕاستەوخۆ و زیندوانە پێدەشتەکانی ماتماتیک ببینێت و ئەم ئەنجامە حازرانە بە ئارەزوی خۆی هەڵگرێتەوە و پیشکەشمانی بکات.

یەکێک لەو دیاردە دەگمەنانەی کە لە دونیای ماتماتیکی ئەمڕۆدا حزوریان هەیە و کەمتر ئەفسوناوین، بریتیە لەو حاڵەتە غەریبانەی بە حسابکەرە تریشقەییەکان lightening calculators ناسراون، ئەمانە ئەو خەڵکانەن کە چالاکی ژمارەیی بە خێراییەکی لە ئاسابەدەر جێبەجێ دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا کە بێ ئەوەی کەمترین ئاگا یان فکریان لەوە بێت کە چۆن وەڵامەکانیان بۆ دێت. شاکونتالا دێڤیv]Shakuntala Devi]، کە خەڵکی هندستانە، زو زو سەفەری وڵاتان دەکات، چەندەها جار بینەران دەهێنێتە شۆک و حەپەسان کە چۆن ئەم چالاکییە ژمارەییانەی مێشک دەکات. جارێک لە تەکساس، ڕاست و ڕەوان ڕەگی بیست و سێهەمی ژمارەیەکی دو سەد ڕەقەمی بە پەنجا چرکە دۆزییەوە!

لەوەش سەیرتر، لەوانەیە بریتی بێت لە داستانی زانایانی ئەوتیستیکی autistic savants، واتە ئەو خەڵکانەی بە کەمئەندامی ئەقڵی دادەنرێن و دەشێت کە تەنانەت نەتوانن سەرەتاییترین پرۆسەی ئەریتماتیکی بکەن و لایان زۆر گران بێت، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە خاوەن توانستێکی غەریبن لە بە دەستهێنانی ئەنجامی دروست لە پرسی ماتماتیکی وەها زەحمەتدا کە لای مرۆڤی ئاسایی مەحاڵ بێت بۆی بکرێت. بۆ نمونە، دو برای ئەمەریكی هەن، کە هەردوکیان بە کەمئەندامی ئەقڵی ناسراون و بە بەردەوامی لە دۆزینەوەی ژمارە خۆبەشەکاندا بۆڕی کۆمپیتەریان دەدایەوە. لە نمونەیەکی تردا، ، لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنی بەریتانی پیاوێکی کەئەندام توانی، ڕاستەوخۆ و یەکسەر و بە بێ وەستان، ڕۆژی هەر بەروارێک دیاری بکات کە دەخرایە بەردەمی، تەنانەت ئەگەر هی سەدەیەکی تریش بێت.

بێگومان، ئێمەی مرۆ، لەگەڵ ئەو هەقیقەتەدا ڕاهاتوین کە توانای هەموو ئنسان، جا بەدەنی یاخود ئەقڵی بێت، پانتاییەکی فراوان و جیاواز لەخۆدەگرێت. بۆ نمونە هەندێک وەرزشوان دەتوانن شەش پێ لە عەرد بەرز ببنەوە، لە کاتێکدا زۆربەمان بە دەگمەن دەتوانین سێ پێ بەرزبینەوە. ئنجا تەسەور بکە زەلامێک دێت و شەست پێ بەرزدەبێتەوە، یاخود شەش سەد پێ بەزدەبێتەوە. کەچی سەیردەکەین لە بواری ماتماتیکدا بلیمەتانێک هەن بازدانی ئەقڵی و فکرییان زۆر زیاتر و بەرزترە لە بازدانی بەرزی ئەم خەڵکانە.

هێشتا زۆری ماوە تا زانایان لەوە بگەن کە چۆن جینەکانمان کۆنترۆڵی توانستی ئەقڵیمان دەکەن. لەوانەیە، زۆر بە دەگمەنیش بێت، لە مرۆڤدا شوێنەواری جیناتێك هەبێت کە قودرەتی نایابی ماتماتیکییان هەیە. یاخود، دەشێت زۆر دەگمەنیش نەبێت، بەڵام ئەو جینانەی پەیوەستن بەم مەبەستەوە عادەتەن دانەگیرساون. هەرچۆنێک بێت و پرسەکە بە هەر جۆرێک بێت، لە باخی جیناتەکانی مرۆڤدا، ئەو جینانە بونیان هەیە کە پێویستن. ئەو هەقیقەتەی کە دەڵێت بلیمەتانی ماتماتیک لە هەموو نەوەیەکدا هەبوونی هەیە، ئەوە دەردەخات کە ئەم خاسیەتە لە باخی جیناتی مرۆڤدا بونێکی سەقامگیری هەیە. خۆ ئەگەر ئەم فاکتەرە زیاتر بە ڕوداوێکی ڕێکەوت ووروژا وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر فشارێکی زروفەکەوە، ئەوا، بە هەقەت هەڵکەوتەیەکی سەرنجڕاکێشە کە ماتماتیک تەتبیقاتێکی وەها حازر بۆ ئەم گەردونە واقیعیە دەدۆزێتەوە. خۆ ئەگەر، لە لایەکی ترەوە، توانستی ماتماتیکی بە ڕێگایەکی تەمومژاوییەوە ماوەتەوە و بە ڕێچکەی هەڵبژاردنی سروشتی گەشەی کردووە، ئەوا هێشتا ڕوبەروی ئەو پرسیارە پەنهانییە دەبینەوە کە بۆچ یاساکانی سروشت ماتماتیکین. لە کۆتایی هەموو ئەمانەش، مانەوە لە ”جەنگەڵ”دا پێویستی بە زانینی یاساکانی سروشت نییە، تەنها پێویست بە زانینی ڕواڵەتی ئەم یاسایانە دەکات. بینیمان کە چۆن یاساکان خۆیان کۆدیان هەیە و بە جۆرێکی ساکارانە و بە هیچ شیوەیەک نەبەستراون بەو دیاردە فیزیکییە هەقیقەتانەوە کە ملکەچی ئەو یاسایانەن. مانەوە پابەندە لەسەر ئەوەی کە دونیا چۆنە و نەک بە ڕێکخستنێکی ژێربەژێری شاراوەوە، بێگومان ناتوانێت پابەند بێت بە نیزامی شاراوەی ناوکی ئەتۆمییەوە، یاخود چاڵە ڕەشەکان، یاخودئەو تەنۆلکە ژێر–ئەتۆمییانەیsubatomic  کە تەنها لە نێو ئامێرەکانی تاودەری تەنۆلکەکان لەسەر عەرد بەرهەم هاتوون.

با بڵێین کاتێک دادەنەوین بۆ ئەوەی خۆمان لە تۆپێک لابدەین و بەر سەرمان نەکەوێت، یاخود ئەو حوکمە بدەین کە چەند بە خێرایی بەسەر جۆگەلەیکدا بازدەدەین، ئەوا لەم کاتانەدا یاساکانی میکانیک بۆ ئەم مەبەستانە دەخەینەگەڕ، بەڵام ئەمە شتێکی هەڵەیە. لە ڕاستیدا ئەوەی لەم بوارەدا بەکاری دەهێنین بریتییە لە خبرە و ئەزمونی لەوەبەر کە پەیوەستن بە حاڵەتی لەم جۆرەوە. کاتێک ڕوبەروی ئەم جۆرە حاڵەتانە دەبینەوە، مێشکمان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکییانە وەڵام دەددەنەوە، بێ ئەوەی بکەوینە بەکارهێنانی هاوکێشەکانی نیوتن وەک ئەوەی فیزیکناسان پێی هەڵدەستن و حاڵەتەکە زانستییانە حل دەکەن. بۆ ئەوەی لە فەزایەکی سێ -رەهەندیدا بتوانین حوکم بدەین، ئەوا مێشکمان پێویستی بە کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەت هەیە. بۆ کارکردن لە ماتماتیکدا، بۆ نمونە کارکردن لەسەر بابەتێکی وەکو کالکولەس(تەواوکاری و جیاکاری کە پیویستن بۆ وەسفکردنی ئەم حاڵەتە) پێویستمان بە خاسیەتی تایبەت هەیە. هیچ بەڵگەیەک یاخود بانگەشەیەک لە ئارادا نین ئەوە دەربخەن کە ئەم دوو سێتە تەواو خاسیەت جیاوازە لە ڕاستیدا یەک شت بن، یاخود یەکێکیان هەڵقوڵاوی ئەوی تریان بێت.

لە هەقیقەتدا، هەموو بەڵگەکان پێچەوانەی ئەمەن. زۆربەی ئاژەڵان ئەو توانستەیان هەیە کە خۆیان لە تۆپ لابدەن و ئازایانە بازبدەن، کەچی لە هەمان کاتدا هیچ توانستێکی ماتماتیکی نمایش ناکەن. بۆ نمونە، باڵندە، کە لە مرۆ زۆر زیرەکتر و بەهرەمەندترە لە بەکارهێنانی یاساکانی میکانیکدا و مێشکیان گەلێک خاسیەتی نایابیان پەرەپێداوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا تاقیکردنەوە ئەوەی نیشانداوە کە باڵندە ناتوانێت لە سێ دانە زیاتر هێلکەکانی خۆی بژمێرێت. هوشیاری لە ڕێکوپێکی سروشتدا، وەک ئەوانەی لە میکانیکدا هەن، بەهایەکی باشیان بۆ مانەوە هەیە و لەسەر ئاستێکی زۆر سەرەتایی بونەتە بەشێک لە مێشکی مرۆڤ و ئاژەڵ. بە پێچەوانەی ئەمەوە، ماتماتیک، وەک وەزیفەیەکی بەرزتری ئەقڵی، بێگومان تایبەتە بە مرۆڤ، بەرهەم و زادەی ئاڵۆزترین سیستەمە کە لە سروشتدا ناسراوە، کە چی لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ماتماتیکەی بەرهەمی دەهێنێت، لە سادەترین پرۆسەکانی سروشتدا، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێن سەرکەوتوە، ئەو پرۆسانەی کە دەکەونە ئاستەکانی ژێر-ئەتۆمییەوە؟ ئەمە بۆچی وەهایە؟ واتە بۆچی ئاڵۆزترین سیستەم بەم ڕێگایە بە سەرەتاییترین پرۆسەی سروشتەوە گرێدەدرێت؟

دەشێت مشتومڕ لەسەر ئەوە بکرێت کە ئەگەر مێشک زادەی پرۆسەیەکی فیزیکییە، ئەوا دەبێت ڕەنگدانەوەی سروشتی ئەو پرۆسانە، بە خەسڵەتە ماتماتیکیەکانیەوە بێت. بەڵام، لە هەقیقەتدا، پێکەوە گرێدانێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان یاساکانی فیزیک و بونیادی مێشکدا نییە. ئەو شتەی کە مێشک لە کیلۆگرامێک مادەی ئاسایی جودادەکاتەوە بریتیە لەو فۆرمە نیزامییە ئاڵۆزەی کە هەیەتی، بە تایبەت ئەو پێکەوەبەستنەوە ناوەکییەی لە نێوان نیوترۆنەکاندا هەیە. ناتوانرێت ئەم کڵێشەیەی مێشک بە تەنها بە یاساکانی فیزیک تەفسیربکرێن، بەڵکو پابەندە بە زۆر هۆکاری ترەوە، وەکو چەندەها ڕوداوی ڕێکەوت کە پێویستە بە درێژایی مێژوی ڕەوتی پەرەسەندن ڕوبەرویان بوبێتەوە و کاریگەریان لەسەر هەبوە. هەرچی یاسایەک کە لەوانەیە یارمەتیدەر بوبێت لە بەرجەستەکردنی شێوەی بونیادی مێشکی مرۆڤ(وەکو یاسانی بۆماوەیی مەندڵ)، هیچ پەیوەندییەکیان بە یاساکانی فیزیکەوە نییە.

چۆن دەتوانین شتێک بزانین بێ ئەوەی هەموو شتێک بزانین؟[vi]

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە چەندەها ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ماتماتیکناس (هێرمان بۆندی) ەوە پێشکەشکراوە و تەنانەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و لە سایەی ئەو پێشکەوتنەی تیۆری کوانتەم مسۆگەری کردووە گرفتەکە قوڵترە. گەلێک جاران دەگوترێت کە سروشت یەکەیەکە و دونیا گشتێکە (whole) کە لە ناوەوە پێکەوە گرێدراون. لە لایەک ئەمە راستە، بەڵام لە هەمان کاتدا مەسەلەکە لەوەدایە کە تەفسیڵات و تێگەیشتنی وردەکاری بەشە فەردییەکانی دونیا بخەینە قاڵبێکەوە بە بێ ئەوەی پێویست بکات هەموو شتێک بزانین. لە راستیدا، زانست بە هیچ شێوەیەک بونی نەدەبو ئەگەر شتەکان بەش بەش فێرنەبین. بەمجۆرە یاسای کەوتنەخوارەوەی تەنەکان، کە لە لایەن گالیلۆوە دۆزرایەوە، پێویستی بە زانینی دابەشبونی هەموو بارستاییەکانی گەردون نەبو؛ یاخود خاسیەتەکانی ئەلەکترۆن پێوسیتی بە زانینی یاساکانی فیزیکی ناوەکی نەبو، وە هەروەها. کارێکی ئاسانە کە وێنای دونیایەک بکەین کە تیایدا دیاردەیەک لە شوێنێکی ئەم گەردونەدا ڕودەدات، یاخود بە مەودایەک، قەبارەیەک، یان بە وزەیەک ڕودەدات و زۆر لە نزیکەوە لە لەگەڵ هەموو شتەکانی تردا بە یەکدا دەچن و ناهێلن دەرئەنجامەکە ببێت بە هۆی بەرهێمهێنانی کۆمەڵێک یاسای ساکار. خۆ ئەگەر لێرەدا یاری وشە یەکتربڕەکان وەک پێوانەیەک بەکاربهێنین، لە بری مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵێک وشەی ناسراوی پێکەوەگرێدراو لە تۆڕێکدا، ئەوا تەنها یەک وشەمان دەبێت کە هەم تەواو ئاڵۆز و هەم تاکە وەڵام دەبێت بۆ هەمو. بەمجۆرە دەبینین کە زانیاری و ماریفەتمان لەمەڕ گەردون لە پرسێکدا کۆدەبێتەوە ئەویش ئەوەیە کە هەمو شت دەزانین یان هیچ نازانین.

لێرەدا پێویستە ئیشارە بدەین بەوەی کە لوغزەکە لەوەدایە کە هەقیقەتی جیاکردنەوەی سروشت لە ڕاستیدا تەنها شتێکی نزیکەییە و چونکە گەردون گشتێکی لەناوەوە پێکەوەگرێدراوە interconnected whole. بۆ نمونە کەوتنە خوارەوەی سێوێک بۆ سەر عەرد دەکەوێتە ژێر کاریگەری مەوقعی مانگ و بە هەمان شێوەش سێوەکەش کاردانەوەی دەبێت لە هەمبەر مانگدا. ئەلەکترۆنە ئەتۆمییەکان ڕوبەڕوی کاریگەری هێزی ناوەکی دەبنەوە. هەرچەندە لە هەردو حاڵەتدا کاریگەرییەکان بچکۆلەن و دەتوانرێت لەبەر زۆر مەبەستی پراکتیکی فەرامۆش بکرێن، بەڵام هەموو سیستەمێک بەمجۆرە نییە. هەندێک سیستەم نائارام و پشێون و زۆر نایابانە هەستیارن لە هەمبەر هەر تێکچونێکی دەرەکیدا. ئەم خاسیەتە کە سیستەمە پشێوەکان وا لێ دەکات کە نەتوانرێت پێشبینی بکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێمە لە گەردونێکداین کە بە سیستەمی پشێوی تەنراوە و پڕە، بەڵام لە تواناماندا هەیە ڕیزێکی زۆر پرۆسەی فیزیکی بە دەست بهێنێن و پێشبینی دەکرێن و ملکەچی ماتماتیکن.

هۆکاری بەشێکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاسیەتی سەرنجڕاکێش، کە بە ”ڕاستەیی و دەڤەری، یان لۆکاڵیتی” (‘linearity’ and ‘locality.’) ناودەبرێت. سیستەمی ڕاستەیی ملکەچی کۆمەڵێک یاسای زۆر دیاریکراوی ماتماتیکی کۆکردنەوە و لێکدانە کە پەیوەستە بە گرافی هێڵی ڕاستەوە ( هەروەک لە وشەی ڕاستەیییەوە دیارە). بۆ نمونە، یاساکانی ئەلکترۆماگنێتیزم، کە وەسفی کایەکانی کارەبا و موگناتیس و ڕەوشی ڕوناکی شەپۆلە ئەلکترۆموگناتیسییەکانی تر دەکات، ئەمانە هەتا پلەیەکی بەرز نزیکن لە سیستەمی ڕاستەییەوە(ڕاستەهێلێێەوە). سیستەمەکانی ڕاستەیی ناچنە حاڵەتی پشێوی و لە هەمبەر تێکچونە بچکۆلە دەرەکییەکاندا زۆر هەستیارنین.

سیستەم نییە بە تەواوی ڕاستەیی linear بێت و مەسەلەی جیاکردنەوەی دونیاش لەوەدا خۆی کورت دەکاتەوە کە بۆچی کاریگەری سیستەمی ناڕاستەیی لە پراکتییکیدا زۆرجار بچکۆلەیە، ئەمە، هۆکەی گەلێک جاران دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هێزەکانی ناڕاستەییە nonlinear پەیوەستەکان یاخود لە بنچینەدا بێ هێزن، یان مەودایان کورتە، یاخود هەردو هێزەکە دەگرنەخۆ. ئێمە نازانین کە بۆچی هێز و مەودای هێزە جیاجیاکانی سروشت بەو جۆرەن کە هەن. دەشێت ڕۆژێک لە تواناماندا بێت کە بە هۆی تیۆرێکی بنچینەییەوە ئەم حساباتە بزانین، یاخود وەک ئەلتەرنەتیڤێک، لەوانەیە بریتی بن لە نەگۆڕەکانی سروشت، کە ناتوانرێت لە یاساکان خۆیانەوە دەرهاویشتە بکرێن. ئیحتیمالی سێیەمیش ئەوەیە کە ئەم ”نەگۆڕانە” بە هیچ جۆرێک ژمارەی جێگیری بەخشندەی خوداوەند نین، بەڵام پابەندن بە حاڵەتی ڕاستەقینەی گەردونەوە، بە واتایەکی تر، لەوانەیە پەیوەندییان هەبێت بە حاڵەتی سەرەتایی گەردونەوە. خاسیەتی دەڤەری ( لۆکاڵەتی) پەیوەندە بەو هەقیقەتەوە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ڕەوشی سیستەمی فیزیکی بە تەواوی پابەندە بەو هێز و کاریگەرییانەی لە دەوروبەری ڕاستەوخۆی دێنەئاراوە. بەمجۆرە، کە سێوێک دەکەوێتە خوارەوە، ڕێژەی گۆڕان لە تاودانەکەیدا لە هەر خاڵێکی فەزادا بەندە لەسەر کایەی کێشکردن لەو خاڵەدا. ئەمە بەسەر زۆربەی هێز و هەلومەرجێکدا دەسەپێت، ئەمانە ئەو حاڵەتانەن کە کاریگەرە نالۆکاڵەکان دێننەئاراوە. لە میکانیکی کوانتەمدا، دوو تەنۆلکەی ژێر – ئەتۆمی subatomic دەتوانن لە لۆکاڵدا کار لە یەکتر بکەن و پاشان لە یەکتر دور دەکەونەوە. بەڵام یاساکانی فیزیکی کوانتەم بە جۆرێکن کە تەنانەت تەنۆلکەکانیش لە کۆتاییدا لە دوو لای بەرامبەری یەکتر لە گەردوندا دەگیرسێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەر دەبێت وەک گشتێک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە دابەش نابێت. بەمجۆرە، ئەو پێوانەیەی لەسەر تەنۆڵکەکان دەکرێت، بەشێکی بەندە بە حاڵەتی تەنۆڵکەکانی ترەوە. کاتێک ئاینشتاین ئیشارە بەم حاڵەتی نالۆکاڵییە(نادەڤەری) دەدات بە کاری خێوەکان لە دورەوەی ناودەبات و ڕەتی دەکاتەوە کە جێگای باوەڕی ئەو بێت. بەلام تاقیکردنەوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی جەخت لەوە دەکەن کە ئەم جۆرە کاریگەرە نالۆکەڵییانە ڕاستن و جێگای گومان نین. ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی قسەبکەین، لە ئاستەکانی ژێر – ئەتۆمییەوە، کە تیایدا فیزیکی کوانتەم گرنگە، ئەوا کۆمەڵە تەنۆڵکەیەک پێویستە وەک یەکەیەکی سەراپایی مامەلەی لەگەڵدا بکرێت. هەرچەندە ماوەی نێوان تەنۆلکەکان چەندە دور بێت، ڕەوشی تەنۆڵکەیەک لە ڕەوشی تەنۆلکەکانی نزیک و دەوروبەری جیاناکرێتەوە و کار لە یەکتر دەکەن و بە یەکدا دەچن.

ئەم هەقیقەتە زەمانەتێکی گرنگی بۆ گەردون وەک یەکەیەکی سەراپایی هەیە. ئەگەر یەکێک حاڵەتێکی کوانتەم بە شێوەیەکی ڕەمەکی بۆ سەرتاپای گەردون وەربگرێت، ئەوا لەوانەیە ئەم حاڵەتە تەمسیلی بەیەکاچونێکی مەزنی هەموو تەنۆڵکەکانی گەردون بکات. یەکێک لە تەحەدا گەورەکان لە هەمبەر کۆسمۆلۆژیای کوانتەمدا بریتییە لە تەفسیرکردنی کە چۆن ئەو دونیا ئەزمونەی لە لامان ناسراوە لە نایەقینی بنەچەی کوانتەمەوە سەریهەڵداوە. میکانیکی کوانتەم، پرینسیپی نایەقینی هایزنبێرگ vii] Heisenberg’s uncertainty principle] لەخۆدەگرێت، کە ئەمیش لە خۆیدا کاریگەری دەرکردنی بەهاکانی هەموو چەندایەتییە تێڕامانەکانی بە ڕێگایەکی ناپێشبینیکردن هەیە. بەمجۆرە، کاتێک ئەلکترۆنێک لە خولگەکەی خۆیدا بە دەوری ئەتۆمێکدا دەسوڕێتەوە، ناتوانێت لە فەزا و هەر ساتێکدا وەها حساب بکرێت کە مەوقعێکی دیاریکراوی وردی هەبێت. ئنسان نابێت وەهاش بیر بکاتەوە کە کاتێک بە دەوری ئەتۆمێکدا دەسوڕێتەوە ئەوا ڕەوتێکی سنورداری هەیە، بەڵکو لە بری ئەمە بە شێوەیەکی نامەحدود لە دەوری ناوکەکە دەکرێتە دەرەوە.

هەرچەندە ئەمە مەسەلەیەکە سەبارەت بە ئەلەکترۆنەکانی ناو ئەتۆم، بەڵام کاتێک دێتە سەر تاووتوێکردنی بابەتە ماکرۆسکۆبیەکان (گەورەکان)،ئەم جۆرە لێڵیە بەدی ناکەین. بەم شێوەیە هەسارەی مارس لە هەمو نوقتەیەکی فەزادا مەقیعێکی دیاریکراوی هەیە و وەدوی ڕەوتێک بە دەوری خۆردا دەکەوێت. سەرباری ئەمەش، مارس هێشتا ڕوبەڕوی یاساکانی میکانیکی کوانتەم دەبێتەوە. دەشێت یەکێک بپرسێت، هەروەک چۆن ئینریکۆ فێرمی Enrico Fermi کاتی خۆی پرسی، بۆچی مارس ئەو جۆرە ڕەەوتەی نیە کە ئەلکترۆن بە دەوری ئەتۆمدا هەیەتی. بە واتایەکی تر، ئەگەر گەردون بە ڕوداوێکی کوانتەمی دروست بوبێت، ئەی چۆن گەردونێکی ناکوانتەم سەرهەلدەدات؟ کە گەردون دروستبو، زۆر بچکۆلە بو، نایەقینیی کوانتەم قوتیدا. ئەمڕۆ، هیچ نایەقینیەکی ئەسەری لە تەنە ماکرۆسکۆبیەکاندا بەدی ناکەین.

زۆربەی زانایان بێدەنگانە و لە ناوەڕۆکدا وەهایان فەرزدەکرد کە دونیا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە بیگ بانگەوە دروستبوە، ئەمە تەنانەت لە بیگ بانگێکەوە کە کاریگەرییەکانی کوانتەم زاڵە. لەم دواییانەدا، (هارتل و گێڵ مان) تەحەدای ئەم فەرزیەیان کرد. ئەو مشتومڕە دێننەوە کە جیهانێکی نزیک لەوەی کلاسیکی، کە تێیدا هەمو ماتێریاڵە دیاریکراوەکان لە فەزادا لە مەوقیعی دیاریکراودان، کە چەمکێکی باشی پێناسەکراویش لە گۆڕێدا هەیە و پێویستیان بە چەند حاڵەتێکی کۆسمیکی(گەردونی) سەرەتایی هەیە. حساباتەکەیان ئیشارەدەدەن بەوەی کە لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتە سەرەتاییەکاندا، دونیایەکی گشتی کلاسیکیانە سەرهەڵنادات. لەم حاڵەتەدا، جیاکردنەوەی جیهان یاخود دونیا بۆ بابەتە جیاوازەکان کە مەوقعێکی دیاریکراو لە باگکراوندێکی چاکی پێناسەکراودا داگیردەکەن کە فەزا – زەمەن تێیدا جایز نیە. هییچ لۆکالەتیەک لە ئارادا نابێت. وا دیارە کە لە دونیایەکی وەها تەمومژیدا، مرۆ ناتوانێت هیچ بزانێت بە بێ ئەوەی هەمو شتێک نەزانێت. لە راستیدا، هارتڵ و گێڵ مان مشتومڕ لەمەڕ ئەوە دەکەن کە فکرەی یاسا هەرە تەقلیدیەکانی فیزیک، بۆ نمونە، میکانیکی نیوتن، دەبێت نەک هەر وەک هەقیقەتێکی بنەڕەتی لایەنەکانی واقیع سەیربکرێت، بەڵکو دەبێت وەک پاشماوەیەکی بیگ بانگ و حاڵەتی کوانتەمی تایبەت، کە سەرچاوەی گەردونە، تەماشابکرێت. خۆ ئەگەر پرسەکە، هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، بریتیە لە گوڕ و جۆرەکانی هێزەکانی سروشت، کە وەک یەک بەندن لەسەر حاڵەتی کوانتەمی گەردون، ئەوا دەگەینە دەرەنجامێکی دانسقە. بەمجۆرە هەردوک ڕاستەیی و لۆکاڵەتی زۆربەی سیستەمە فیزیکیەکان بە هیچ جۆرێک نابنە دەرەنجامی هەندێک سێتی بنەڕەتی یاساکان، بەڵکو لەبەر حاڵەتێکی کوانتەمی شازدا دەبێت کە وەک سەرچاوەیەکی گەردون وەهایە. زیرەکی دونیا، ئەو هەقیقەتەی کە هێدی هێدی دەتوانین یاساکان کەشف بکەین تێگەیشتنمان سەبارەت بە سروشت فراوان و درێژبکەینەوە– ئەو هەقیقەتەی کە زانست کاردەکات – نابێتە ڕاستیەکی ڕەها و حەتمی، بەڵام دەشێت وەدوی بکەوین بەرەو حاڵەتێکی نەک کۆزمیکی تایبەت، بەڵکو هەر زۆر تایبەتیش. بەمجۆرە کاریگەری ناقۆڵای ماتماتیک لە ڕاڤەکاریدا بەسەر جیهانی سروشتدا دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری ناقۆڵای حاڵەتە سەرەتاییەکانی.

سەرچاوە:

The Mind of God: Science and the Search for Ultimate Meaning (Penguin Press Science) by Paul Davies (Paperback 2006) PP 148 – 172

__________________________________________________________________________________________

:پەراوێزەکان

[i] جی.هێچ.هاردی (1877 – 1947) گەورەترین ماتماتیکناسی پوخت لە سەدەی بیستەم لە ئنگلتەرە. کارەکانی بە پلەی سەرەکی لە بواری شیکاری و تیۆری ژمارەییدا بو، یەکێک لە کتێبە ماتماتیکیە ئەدەبیەکانی کە بە ناوی ”پۆزشی ماتمتیکناسێک” ەوەیە، لە جیهانی داهێنانی ماتماتیکناس دەدوێت. هەتا ئێستاش خوێندەوارێکی زۆری هەیە. لای وی، وەک خۆی هەمیشە گوتویەتی، بۆیە خوی دایە ماتماتیک چونکە لە یاری کریکتدا نەبوە پرۆفێشناڵ و دوای ئەمەش نەیزانی چیتر بکات بۆیە هەستی دەکرد ئەو کارە ماتماتیکیانەی دەیکرد هیچ سودێکی پراکتیکی هەبێت. بەڵام پێشهاتەکەی هاردی هەڵە دەرچو، چونکە کارەکانی ئەو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بڵاوترین ڕاڤەکاری دەکرێن لە بواری ماتماتیکی پزیشکیدا. ئەمە جگە لەوەی لای خۆی گەورەترین ئیکتشافی ماتماتیکی خۆی ئەوەبو کە توانی ڕامانوجان بهێنێت بۆ کامبریج و نایابترین ماتماتیک پێکەوە پێشکەش بکەن.

ماتماتیکناسی پوخت بەو کەسانە دەگوترێت کە تەنها خەریکی ماتماتیکن و هیچی تر، هیچ خۆیان سەرقاڵ ناکەن بە بواری پراکتیکییەوە یان تاقیکردنەوەوە.

[ii]ڕەیمان (1826 – 1866) ماتماتیکناسی پایەبەرزی ئەڵمانی، کە لە خێزانێکی دەستکورت هاتۆتە دنیاوە، هەتا دوا ڕۆژانی ژیانی ئادەمێکی ناوەکی (ئنتوایی) و شەرمن بو.ڕەیمان توانی سیمای جیۆمەتری ئەکلیدسی بگۆڕێت و بناخەی داڕشت بۆ سەرهەڵدانی تیۆری نسبی ئاینشتاین.

[iii] مەبست لەوەی کە توانستی نوسینی تیۆرمیان هەبووە بێ ئەوەی خۆیان سەرقاڵ بکەن بە ڕیزکردنی هەنگاو بە هەنگاوی سەلمانەکەوە، واتە ئەمانە هێندە بلیمەت و زانا بوون ڕاستەخۆ بازیان داوە بۆ ئەوەی دوا هەنگاوی سەلماندنەکە بنوسن. چونکە لە ماتماتیکدا گەلێک جاران سەلماندنی تیۆرمێک پێویست دەکات پەنجا یان سەد لاپەڕە تەرخان بکەیت بۆ مەبەستی هەنگاوەکان، بەڵام بلیمەتانی وەک گاوس، ئێردۆس، ڕامانوجان یەکسەر تیۆرمەکەیان نوسیوە. خۆ باس لە رامنوجان ئەوە هەر ناکرێت، ئەم ماتماتیکناسە بێ وێنەیە، هەر وەک دەڵین نەیزانیوە سەلماندن چییە، یاخود وەک خۆی گوتویەتی من ناتوانم دوو جار بە شوێنێکدا بڕۆم. لە زمانی ماتماتیکدا جیاوازی لە نێوان تیۆری و تیۆرمدا ئەوەیە کە تیۆری(یاخود فەرزیە) پرسێکی ماتماتیکییە و هێشتا نەسەلمێنراوە و کراوەیە بۆ سەلماندن، هەرچی تیۆرمە پرسەکە سەلمێنراوە و یەکلایی بۆتەوە و جیتر تیۆری نییە و بووەتە تیۆرم.

[iv]لە ساڵی 1920، کاتێک ڕامانوجانی بلیمەت و  ئەفسانەیی لە ماڵی خۆی، لە هندستان، لەسەر پێخەفی مەرگ ڕاکشابو، لە خەویدا کۆمەڵێک تیوری ماتماتیکی زۆر سەیری بۆ هات کە هەرگیز لەوەبەر بە خەیاڵی هیچ کەسدا نەهاتبون. توانی زۆربەیان بخاتە سەر نامە و بینیرێت بۆ ئوستاد و هاوڕێی چەند ساڵەی خۆی، جی. هێچ. هاردی، لە زانکۆی کامبریچ. لەگەڵ ئەمانەشدا کۆمەڵێک میکانیزمی سەرەتایی کارکردن و ڕاستی ئەم تیورییانەی بۆ نارد. بەڵام ڕاموناجان، وەک عادەتی خۆی هەرگیز فێرنەبوبو کە هەنگاوە یەک لەدوی یەکەکانی سەلماندنی تیۆرییەکان بنوسێت، بەڵکو تەنها دەرەنجامەکەی دەخستە سەر کاخەز. یەکێک لەم تیورییانە پەیوەستە بەڕەوشی پرسی چاڵە یان کونە ڕەشەکانەوە (کە ئەو کاتە هێشتا چەمکی چاڵە ڕيشەکان لەدایک نەبوبو). دوای نەوەد ساڵ، لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2012 دا ڕاستی ئەم تیورە لە زانکۆی ئیمۆری لە ئەمەریکا، زۆر بە جوانی سەلمێنرا و بۆ یەکججارەکی یەکلایی بوەوە.

[v] شاکونتالا دێڤی (1939 –    ) لە هندستان لەدایکبوە، بەهرەیەکی لە ئاسابەدەری ژماردن و حسابکردن و یاریکردنی بە ژمارە هەیە و لە ساتە چرکەدا دەتوانێت دەیان ڕەگی دوجا بدۆزێتەوە، بە جۆرێک مایەی سەرسوڕمانی هەمو کەسێکە. لە تەمەنی سێ ساڵیدا دەبێت کە خەریکی فێڵی وەرەقەی یاری دەبێت لەگەڵ بابیدا ئیتر لێرەدا دەردەکەوێت کە منداڵێکی بلیمەتە. لە ساڵی 1977 دا و تەنها بە مێشکی توانی بیست و سێهەم ڕەگی ژمارەیەکی بدۆزییەوە کە درێژییەکەی 201 ڕەقەم بو.

[vi]هیوادارم خوێنەری خۆشەویست لەمەڕ ئەم بەشەی بابەتەکە هیلاکی و هەناسەسواری بەدی نەکات، من خۆم بابەتی کوانتەم زۆر بە بابەتێکی قورس دەزانم و تێگەیشتنی (لای من) هەروا هاسان نییە؟ .

[vii] پرینسیپی نایەقینی هایزنبێرگ، لە میکانیکی کوانتەمدا بەوجۆرەیە کە دەڵێت ئەگەر بتەوێت دو – خاسیەتی فیزیکیی تەنۆلکەیەک بە وردی بپێویت، ئەوا پێوانی وردی یەکێکیان کەمترە لەوی تریان. بۆ نمونە دەتەوێت هەردو خاسیەتی مەوقیع و تەوژم (زخم momentum) ی تەنۆلکەیەک پێکەوە بزانیت و بپێویت. ئەوا پێوانی یەکێکیان هی ئەوی تریان کەم دەکاتەوە. واتە کۆنترۆڵی هەردو خاسیتەکە لە هەمان کاتدا ناکرێت.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *