مۆسیقای گۆ ئاسمانییەکان

13550923_1044140678989291_507765456_n

شێرکۆ ڕەشید قادر

نوسینی: شێرکۆ ڕەشید قادر

“مۆسیقا چێژێکە، ڕۆحی ئنسان، لە ئەنجامی ژماردنەوە، بێ ئەوەی بزانێت که‌ خه‌ریکی ژماردنە، شرۆڤەی دەکات.”
گۆتفریید لەیبنیز (1646 – 1716).

فیساگۆرسەکان، چەمکی ژمارەییان بە جۆرێک پەرەپێدا کە دیاردەکانی تریش لەخۆبگرێت. لەم نێوانەدا مۆسیقا بابەتێکی بەپێز بو بۆ توێژینەوە. وەک دەڵێن جارێک بە ڕێکەوت فیساگۆرس بە لای ئاسنگەرێکدا گوزەردەکات، سەرنجدەدات چوار کۆیلە، هەر یەکەیان چەکوشێکی پێیە و بە نۆرە تەبەقێک ئاسنی سورەوەبو دەکوتن، کاتێک گوێ شلدەکات بۆ زرمەی ئاسن کوتان، شتێکی تازەی بۆ دەردەکەوێت. فیساگۆرس هەستیکرد کە لە نێوان زەمەنی خایاندوی هەر چوار چەکوشە بەکار هاتوەکاندا، کاتێک بە نۆبە زرمە لە ئاسنەکە هەڵدەسێنن، وەک گەڵاڵەیەکی گشتی، دەنگێکی هارمۆنی و تەبا دێتەگۆێی. فیساگۆرس، بە خێرایی بەرەو ماڵ ملدەنێت و یەکسەر دەکەوێتە تاقیکردنەوە و توێژینەوە لە مەسەلەی دروستبون و پەخشی هارمۆنی. لە دوای تاقیکردنەوە، فیساگۆرس گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە زۆربەی چەکۆشەکان، کاتێک بکوترێن بە شتێکدا، بە گشتی دەنگێکی هارمۆنی پەخشدەکەن، بەڵام کاتێک چەند چەکوشێک بەکاربهێنین و یەکێک لە چەکوشەکان جۆرە شازییەک لەخۆبگرێت، ئەوا دەنگە پەخشبوەکە ناچێز دەردەچێت. فیساگۆرس، هێندە پەرۆش دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە و خوێندنی ئەم دیاردەیە، بێ ئەوەی یەک و دوی لێبکات، تکا لە ئاسنگەرەکە دەکات کە چەکوشەکان بۆ مۆلەتی دو سەعات بە قەرد وەربگرێت و بۆ ماڵەوەی خۆی ببات. دوای توێژینەوە، گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو چەکوشانەی دەنگێکی هارمۆنی پەخشدەکەن، هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازییەکی نیزامی لە نێوان بارستایی چەکوشەکان کە ئەمەش بۆ خۆی هۆکارێکە کە پەیوەندییەکی ڕیژەی ژمارەیی سادە لە نێوان بارستەی چەکوشەکاندا دروستدەکات. بەمجۆرە، فیساگۆرس یەکەم زانا بو لە مێژودا کە میتۆدی تاقیکردنەوەی زانستی بەکاربهێنێت بۆ کورتکردنەوەی ئەنجامە زانستییەکەی.

کاتێک فیساگۆرس ئەم ئەنجامەی لەسەر مۆسیقا تاقیکردەوە، گەیشتە ئەو درەنجامەی کە موسیقا بریتییە لە جۆرە سەمایەکی ئیلاهی ژمارەکان. لەو چەرخەدا، یەکێک لە ئامێرە هەرە بڵاوەکانی مۆسیقای یۆنانی لایەری چوار ژێیی بو. مۆسیقا لای فیساگۆرسەکان، گەلێک جاران بەرکارهێنراوە بۆ فەراهەمکردنی ئارامی ڕۆح، هەروەک چۆن پزیشکی بۆ تیماری جەستە بەکارهاتوە. فیساگۆرس ڕویکردە لێکۆڵینەوە لە نەغمە و ریتمە مۆسیقییەکان.

هەر لێرەوە دەشێت کە ئنسان بتوانێت ئەو هەقیقەتە بڵێت کە فیساگۆرسەکان شایستەی ئەو خەڵاتەن کە پێیان بگوترێت دانەر و کەشفکەری تیۆری مۆسیقا و لە مێژودا ئەوان بون کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی شارستانییەتدا گوتیان کە لە نێوان مۆسیقا و ماتماتیکدا پەیوەندییەکی ئۆرگانی هەیە. هەر بۆیەش هەتا رۆژگاری ڕێنیسانس مۆسیقا و ماتماتیک وەک دو بابەتی ئەو بەرنامەی خوێندنەی کە بە کوادریڤیەم ناوزەد دەکرێت و بە چری خوێندراوە.

فیساگۆرسەکان مۆسیقایان کورتکردەوە و کردیانە پەیوەندییەکی سادەی ژمارەیی، ئەمەش لە کاتێکدا بو کە دو هەقیقەتیان بۆ ساخ بوەوە، یەکەم: ئەو دەنگەی کاتێک لە ئەنجامی لێدانی ژێیەکدا پەخشدەبێت بەندە لەسەر درێژی ژێکە، دوەمیش: دەنگە هارمۆنییەکان، کە لە ئەنجامی لێدانی چەند ژێیەکەوە بەرهەمدێن، ئەو دەنگانەی ئاوازێک دروستدەکەن و چێژێک بە ڕۆحمان دەبەخشن، هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ بونی ڕێژەیەکی ژمارەیی ساکار لە نێوان درێژی ژێکاندا، یاخود بە واتایەکی تر، دەتوانرێت درێژی ژێکان وەک ڕێژەی ژمارەیی تەواو گوزارشت بکرێت. بۆ نمونە، ئەگەر دو ژێ بەکاربهێنین، درێژی ژێی یەکەم دوو ئەوەندەی درێژی ژێی دووەم بێت، ئەوە دەنگێکی هارمۆنی لە ئەنجامی لێدانی ژێکاندا دروستدەبێت و دورییە مۆسیقییەکەی لە نێوان دو نۆتەکەشدا هەیە بە ئۆکتاڤ ناودەبرێت. نمونەیەکی تری ئاوازی هارمۆنی، ئەو ریتمەیە کاتێک دروستدەبێت کە درێژی ژێی یەکەم بۆ دووەم رێژەی سێ بۆ دو بێت، لەم حاڵەتەدا ژێ کورتەکە نۆتەیەک پەخشدەکات کە دەگوترێت پێنجیەک لەسەرو ئەو نۆتەوەیە کە ژێ درێژەکە پەخشیدەکات. لای فیساگۆرسەکان دەشێت هەمو ئاوازێکی هارمۆنی، کە لە لێدانی ژێکانەوە دروستدەبن، وەک ڕێژەی دو ژمارەی (ساغ) تەواو گوزارشت بکرێت.

فیساگۆرسەکان هەر لێرەدا نەوەستان، بەڵکو چەمکی مۆسیقا و ئاوازی هارمۆنی و تەباییان گەیاندە هەسارەکان. چونکە لای فیساگۆرسەکان، بە هەمان تەفسیری نەغمە مۆسیقییەکان، جوڵەی هەسارەکان دەشێت بە فۆرم و پەیوەندییەکی ژمارەیی گوزارشت بکرێن. باوەڕیان وابو کە کاتێک تەنە ئاسمانییەکان دەسوڕێنەوە، لە رەوت و ساتی جوڵەیاندا و لە فەزادا دەنگێک بەرهەمدێنن، ئەو تەنانەی بە خێرایی دجوڵێن، نۆتەیەکی مۆسیقی بەرزتر لەو تەنانە پەخشدەکەن کە خاوتر دەجوڵێن. بە پێی بنەماکانی ئەسترۆنۆمی فیساگۆرسی ئەو تەنانەی لە عەردەوە دورترن، خێراتر دەجوڵێن. ئاوازە لەدایکبوەکانیش بەندن لەسەر دوری تەنەکان لە عەردەوە، دەنگەکانیش کاتێک یەکدەگرن بە یەکدا دەچن، ئاوازێکی هارمۆنی، تەبایی و پڕ لە چێژ دروستدەکەن. بەمجۆرە ئەم ئاوازە، وەک جوڵەی هەسارەکان و  وەک هەر دیاردەیەکی هارمۆنی تری سروشت دەشێت بخرێتە چوارچیوەی پەیوەندی ژمارەییەوە. ئەم مۆسیقایە لە مێژوی ئەسرۆنۆمیدا بە مۆسیقای گۆ ئاسمانییەکان ناسراوە، تەنانەت هەتا ڕۆژگاری شۆڕشی زانستیش، کەڵە ماتماتیکناسێکی وەک یۆهان کێپلەر (1571 – 1630)، کە فیساگۆرسییەکی ڕادیکاڵ بوە، بە ڕۆح و دڵ و گیان ئیمانی پێ هەبوە و بۆ هەر یەک جوڵە و سوڕانەوەی هەسارەکان نەغمی تایبەتی داناوە و نۆتەی بۆ نوسیون.

لای فیساگۆرسەکان، ئێمە گوێمان لەم مۆسیقایە نییە، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چونکە لە ڕۆژی لەدایکبونمانەوە لەگەڵیدا ڕاهاتوین و هەستی پێناکەین و تەبعیکی بێدەنگی لە ناخماندا بەرجەستەکردوە. لە ڕاستیدا ئنسان زۆر زەحمەتە بەم جۆرە ئادیا و دیاردانە باوەڕبکات، بەڵام لە یادمان نەچێت فیساگۆرس کەسێک بوە پڕ بوە لە سیمای سیحراوی و کاریزمای ئەفسوناوی و کاریگەر. گوتاربێژێکی بە ویقار، عیرفانێکی بە قودرەت و نورانییەکی سەرنجڕاکێش بوە. دیارە هەرچی گوتوە جیگای مشتومڕ نەبوە و باوەڕیان پێکردوە. لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە ئەو هەقیقەتە بڵێین کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ملیۆنەها بەشەر هەن لەسەر ئەم گۆی زەوییە باوەڕیان بە شتی زۆر سەمەرەتر هەیە.

فیساگۆرسەکان سەرباری ئەوەی لە چەمکی تەفسیری ماتماتیکی سروشتدا پێشڕەوی مرۆڤایەتین، لە هەمان کاتدا باوەشیان بۆ ئایین بە فۆرمە.ئەفسانەییە غەیبگەرییەکەیەوە کردۆتەوە. ئەمەش دیارە بۆ سەرەتای لە دایکبونی چەمکی ئەقڵگەرایی دیاردەیەکی تەواو سروشتی و ئاساییە.

 جگە لەوەش ئەڵقەی برایانی فیساگۆرسی حیکمەتی چێژی مۆسیقایان خستۆتەگەڕ بۆ سەبوری و فەراهەمکردنی ئارامی ڕۆح و گیان، بە تایبەت کاتێک کە مریدان لە خەڵوەتی خەودا بوون یاخود پیاسەیان کردووە، هەندێک جاریش کاتێک سەرقاڵی کارکردنی ماتماتیک و گوێگرتن بوون. ئەم پەخشی مۆسیقییە لە لایان بووە بە هۆی خوڵقاندنی کەش و هەوایەکی نەرم و نیانی وەها ئیلهامبەخش کە سەرگەم ببن بۆ فێربوون. ئەفلاتون، وەک دەڵێن، هێندە کەوتۆتە ژێر کاریگەری فیساگۆرسەکانەوە، بە جۆرێک کە مۆسیقای بە مەرهەمێکی نایاب و چاک دەزانێت بۆ شیفای پیاوانی ماندووی جەنگ و دەردەداران و نەخۆشان. ئەم مەسەلەی چارەسازیی مۆسیقاییە هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش دەروونناسان گەلێگ جاران بۆ ئهۆنکردنەوەی نەخۆشییەکانی وەک دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، نائارامی و فشاری ژیان   stressبەکاری دەهێنن. بە داخەوە فیساگۆرسەکان هیچ کتێب و دەستنوسێکیان لە دوی خۆیان جێنەهێشتوە

لە نوسینێکی شێرکۆ وە دەبارەی سەهەڵدانی ماتماتیک لە یۆنانی کۆن.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *