(ئیسحاق نیوتن (بەشی سێیەم

نوسین و ئامادەکردن: شێرکۆ ڕەشید قادر

”نیوتن سیما شیعرییەکەی پەلکەزێرینەی کوشت.”

 جۆن کیتس (1795 1821لەمەر دۆزینەوەی تیوری روناکی و رەنگەکان لە لایەن نیوتنەوە.

بەشی سێیەم: گەڕانەوە بۆ زانکۆ و تیوری روناکی

کە نیوتن، لە ساڵی 1667 دا، گەڕایەوە بۆ زانکۆ، دیسانەوە وەک جاران، هاوەڵی کەسی نەدەکرد، تەنانەت لە ساڵانی دواتردا گلەیی لەوە دەکرد کە خەڵک نەک هەر ڕێز لە داهێنان و ماندوبونی بەهرەمەندان ناگرن، بەڵکو بەرهەمی ڕەنجی شانیشیان دەدزن و بە ناوی خۆیانەوە لە نێو خەڵکدا بڵاوی دەکەنەوە.

یەکێک لە دۆزینەوە نوێکانی نیوتن لە ساڵانی موجیزەدا پەیوەست بە تیوری روناکییەوە. کاتێک دور لە زانکۆ و لە ئاواییەکەی خۆیان دەبێت، رۆژێک دەچێتە بازاڕێکی هەرزانبەهای میللی و پوازکێک دەکڕێت، کە لەو سەردەمەدا تەنها ئامرازێکی جوانی یاری منداڵانە بو. کە دەچێتەوە بۆ ماڵ دەکەوێتە تاقیکردنەوە بە پوازکەکە و یاریکردن بە تیشکی روناکی خۆر. کاتێک روناکی بە پوازەکەکەدا گوزەردەکات، نیوتن سەرنجدەدات کە روناکییەکە شی دەبێتەوە بۆ حەوت رەنگی تر. نیوتن، زۆر زیرەکانە کەوتە توێژینەوە، بەڵام هیچ شتێکی ئاشکرا نەکرد، هەرچەندە کەسی نەدەناسێ کە شتەکانی خۆی بۆ باس بکات، بەڵام لە راستیدا نیوتن خۆشی هەرگیز مەیلی بڵاوکردنەوەی هیچ کارێکی خۆی نەبو، پێدەچێت هۆکارەکەی تەنها گۆشەگیری بوبێت و دوربێت لە نێو خەڵک.

لە ساڵی 1668 دا ماستەرەکەی تەواوکرد. ئیسحاق بارۆ (1630 – 1677) ، کە لەوەبەر ئیشارەمان پێدا و بلیمەتی لە ئاسابەدەری نیوتنی بۆ ساخ بوەوە، گوتی پێویستە دەستی یارمەتی بۆ درێژبکرێت و هانی بدرێت چونکە ،”کەسێکە توانستێکی لە ئاسابەدەری تێدایە و پسپۆڕێکە بۆ خۆی.”[1] هەر کە نیوتن بو بە پرۆفیسۆر، وەک بەشێک لە ئەرکەکانی پێویست بو ساڵانە ژمارەیەک وانەبێژی بکات. زۆربەی توێژینەوەکانی خۆی لەمەڕ روناکی کرد بە بابەتی موحازەرەکان، ئەگەر لە مێژوی هەمو کامبریچدا، مامۆستایەک هەبوبێت کە کەمترین ژمارەی قوتابی لە پۆلەکەیدا حازربوبن، ئەوە نیوتن بو، تەنانەت بێ ئەوەی هیچ گوێ بداتە ئەوەی کە تەنها یەک قوتابی چییە[2]، لە پۆلەکەدا ئامادە نەبوە، وانەی خۆی دەگوتەوە بەڵام جگە لە خۆی و دەرگا، پەنجەرە و دیوارەکان کەسی تر گوێیان لە دەنگی نەبوە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن هەر کە دەبێتە موحازیر، تەنها یەکەم دەرس قوتابی تێدابوە، دەنا لە دەرسی دوەمەوە کەسی لێ نەبوە. نیوتن لە مامۆستاییدا نە میتۆد و نە هیچ ستایلێکی هەبوە. تەنانەت وەک دەڵێن هەر هیچ ئاگای لە قوتابیان نەبوە کە ئایا لە سنفدان یان نەء[3]. ئەمە جگە لەوەی نیوتن خۆشی هەرگیز حەزی لە وانەبێژی نەبوە.

.نیوتن: ڕوناکی لە حەوت ڕەنگ پێکهاتوە

هەر لە دو ساڵی 1667 و 1668 دا، نیوتن، لە ژێر ڕۆشنایی دیدی نوێی تایبەتی خۆی لەمەڕ تیۆری سروشتی ڕوناکی، دەستیکرد بە کارکردن لەسەر دروستکردنی تەلەسکۆپێکی نوێ و بە تەرز و ستایلێکی سەراپا جیاواز لەوانەی لەو ڕۆژەدا لە بازاڕدا هەبون، تەلەسکۆپەکەی جۆری پەرچەداربو. هەر خۆی ئاوێنەیەکی کانزایی هێنا و کەوتە سمارتەکردن و سافکردنی، لولەکەی بنیاتنا و تەنانەت هەر خۆی هەمو ئامرازەکانی بۆ ئیشەکە دروستکرد. چونکە هەروەک خۆی دەڵێت،” ئەگەر ئەم شتانە خۆم نەیانکەم ئەوا هیچ فێرنەدەبوم.”[4]. تەلەسکۆپەکەی نیوتن توانستی هەبو کە وێنەکان تەواو جوانتر، چڕتر و ڕۆشنتر پیشان بدات، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەوسا هاوێزەیەکی گەورە و لولەیەکی درێژ پێویست بون بۆ ئەنجامدانی هەمان فرمان و میتۆدی کارکردنەکەشی سیمایەکی شکانەوە(نەک پەرچدانەوە)ی هەبو.

.ئیسحاق بارۆ (1630 – 1677): ئەو ماتماتیکناسەی نیوتنی لە تەنهایی هێنایە دەرەوە

لە کانونی یەکەمی ساڵی 1671 دا، لە سەر داوای ئیسحاق بارۆ، تەلسکۆپەکەی برد بۆ کۆمەڵەی شاهانەی بەریتانی، کە ئەندامان بینیان، تەواو سەرسام بون و داوایان لێکرد کە کۆپی تر دروست بکات. هەر زو تەلەسکۆپ گەیشتە بەردەم چارلزی دوەم بۆ نمایشکردن، ئەویش ئیعجابی خۆی نیشاندا. هەر لە هەمان کاتدا نوسخەیەکی تەلەسکۆپەکەیان نارد بۆ هۆیەجین (1629 – 1695)، زانا و فەلەکناسی گەورەی هۆڵەندی. کاتێک لە تەلەسکۆپەکە وردبوەوە، نامەیەکی زۆر جوانی نوسی بۆ کۆمەڵە و پیرۆزبایی لە نیوتن کرد کە شتێکی ئاوا نایابی دروستکردوە. دوای چەند مانگێک نیوتن بو بە ئەندامی کۆمەڵەکە. نیوتن هەستیکرد کە ئەم ناوەندە پێگەیەکی تەواو گونجاوە بۆ ئەوەی مرۆ بتوانێت دۆزینەوە زانستییەکانی خۆی پێشکەش بکات. ئەم کارەی نیوتن لە بواری تەکنەلۆجیای تەلەسکۆپیدا هەنگاوێکی بەرەوپێشچون بو. ئەمە یەکەم بەرهەمی نیوتن بو کە هەم لایەنی تیوری و هەم توانستی پراکتیکی نیوتنی لە خۆدا بەرجەستتەکردبو، هەرچەندە نیوتن ئەوەندە عەوداڵی شۆرەت و ناوی گەورە نەبو، بەڵام لە ڕێی ئەم داهێنانەوە ناوبانگی هەر رۆیشت و هەر بەم هۆیەشەوە هەلبژێردرا بۆ ئەندامێتی کۆمەڵەی شاهانە، کە لەو سەردەمەدا بەناوبانگترین و کاریگەرترین کۆمەلەی زانستی بو لە ئەوروپادا.

لێرەدا پێوستە هەڵوێستەیەک بکەین و کەمێک باس لە کۆمەلەی شاهانە بکەین. لە ساڵی 1660 دامەزرا، پادشا چارلزی دوەم یاسایەکی تایبەتی دەرکرد کە هەمو ماف و دەسەڵاتەکانی پێ بەخشی. دروشمی سەرەکی ئەم کۆمەڵەیە بریتی بو لە ” گوێ لە کەس ناگرین.”، مەبەست لەمە ئەوەبو کە هاتە سەر هەر، دۆزینەوە، چەمک و داهێنانێکی نوێی زانستی، ئێمە هیچ نە فەلسەفەی سروشتی ئەرستۆ، نە هی کەس لەبەرچاودەگرین، خۆمان پرسەکە دەخەینە ژێر تاقیکردنەوەوە. رابەرانی کۆمەڵە باوەری تەواویان بە چەمکی تاقیکردنەوە هەبو. ئەم جۆرە دروشمە لەو سەردەمانەدا شتێکی نوێ و بە جورئەتانە بو، کاتێک خەڵک دیدێکی جیاوازی لەوەی ئەرستۆ و فەلسەفەکەی هەبوایە، پێیان دەگوت،” چییە، یەعنی تۆ شتەکە لە ئەرستۆ باشتر دەزانی.” یان ،” چییە تۆ لە دێکارت باشتر شتەکە دەزانی؟” هەر بۆیە دەبینین کە کۆمەڵە لە خۆیدا دەزگایەک بو بۆ تەحەدای چەمکە تەقلیدییە باوە سواوەکان کە زۆربەیان سیمایەکی موبارەکیان هەبو بەڵام هیچ بنەمایەکی زانستی و ئەزمونگەرییان نەبو.

یەکێک لە یاسا و پرۆگرامی کۆمەڵەی شاهانە بریتی بو لەوەی کە هەر داهێنانێکی زانستی بهاتایە، تیوری یان پراکتیکی، پێویست بو بە قۆناخی وردبونەوە و تاقیکردنەوەدا رەت بوایە. هەروەک چۆن ئێستا خەڵک و توێژەران پەیپەری زانستی دەنێرن بۆ ژورنالە زانستییەکان، پێویستە لیژنەیەک تاووتوێی بکات و بریار لەمەڕ بڵاوبونەوەی بدات. هەر لەسەر ئەم بنەمایە کۆمەڵە داوای لە نیوتن کرد کە ”پرینسپە فەلسەفییەکانی” خۆی لەمەڕ دۆزینەوەکانی بخاتە سەر کاخەز لە فۆرمی تیوریدا بەرجەستە بکات، ئەمە پێویست بو بۆ هەڵسەنگاندنی داهێنانەکەی نیوتن.

بەمجۆرە لە ساڵی 1672 دا هەمو دید و بیروڕاکانی خۆی لە ژێر ناوی ” تیوری روناکی و ڕەنگەکان” دا گەلاڵەکرد تیورییەکی نوێی لەمەڕ سروشت و سیمای ڕوناکی هۆنییەوە. تیورییەکە ئەوەی خستەڕو کە روناکی لە بنەڕەتدا لە تەنۆلکەی زۆر ورد پێکهاتوە و ناوی لێنا کۆرپۆسکیولس corpuscles . نیوتن ئەوەشی خستەڕو کە روناکی بە هێڵێکی راست گوزەر ناکات. هەروەها ئەو چەمکە نوێیەی داڕشت کە روناکی لە بنەڕەت و ناوەڕۆکدا لە یەک ڕەنگ دروست نەبوە، بەڵکو حەوت ڕەنگە. رەنگەکانیش بریتین لە سور، پرتەقاڵی، زەرد، سەوز، شین، شینی تۆخ و بنەوشەیی. بێگومان ئەمانە هەر ئەو رەنگانەن کە لە دیاردەی جوانی پەلکەزێڕینەدا دێنە بەرچاو. شاعیری گەورەی ئنگلیز، جۆن کیتس(1795 – 1821)، دوای سەدەیەک لەمەڕ ئەم دۆزینەوەیەی نیوتن سەبارەت بە روناکی گوتی،” نیوتن سیما شیعرییەکەی پەلکەزێرینەی کوشت.”.

تاقیکردنەوەکانی نیوتن: پوازکێکی منداڵانەی لە بازاێکی میللی کڕی و تیورییەکی دۆزییەوە.

یەکێک لە ئەندامە بەرپرس و کاراکانی سەرپەرشتی کارە زانستییەکان لە کۆمەڵەدا رۆبەرت هوک بو. هوک لە ساڵی 1635 دا لە ئنگلتەرا لەدایکبوبو، بابی وی پیاوی کڵێسە بو. منداڵی هوک لە هی نیوتن خۆشتر نەبو. بابی لە ساڵی 1648، بە هەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابو. لە زانکۆ، هەتا بلیی قوتابیەیکی تەنها و هەستیار بوە، لە نیوتن گۆشگیرتر بوە، ئولفەتی هیچ کەسی نەکردوە و موحەبەتی هیچ قوتابیەکی بۆ لای خۆی ڕانەکێشاوە، زۆر کات لە ژورەوە خۆی قایمکردوە و نەیویستوە کەس ببینێت. لە سالی 1662 دا، بە هۆی یارمەتی رۆبەرت بۆیل، کە زانایەکی گەورەی ئنگلیز بو، بو بە بەرپرسی تاقیکردنەوەکان لە کۆمەڵەی شاهانە. هەفتانە سێ تا چوار تاقیکردنەوەی ئەنجامدەدا لەسەر ئەو بابەت و ئامێرانەی دەهاتن بۆ کۆمەڵە بۆ نمایشکردن. لە راستیدا لە کارەکەیدا کەسێکی پسپۆڕ و کارامە بو. لە زۆربەی کایە زانستییەکانی رۆژگاری شۆڕشی زانستیدا دەست و خامەی دیاربو، داهێنانی بەرچاوی هەبو، هەر لە ڕوەکناسی، فەلەکناسی، میکانیک و ئامرازە کیمیاییەکان. چەندەها تیوری فیزیکی داهێنابو، ئێستاش لە پلەکانی ئامادەیی خوێندندا، لە فیزیادا یاسای هوک دەخوێنرێت، لە بایۆلۆژیشدا یەکەم کەس بو کە خانەی دۆزییەوە، لە کیمیاشدا چەمکی توخمە کیمیاییەکانی داهێنا. جگە لەوەی بە داهێنەر و پێشخەری میکرۆسکۆپ هەژمارد دەکرێت. کتێبە هەرە بەناوبانگەکەی بریتی بو لە مایکۆگرافیا، کە لە ساڵی 1665 دا چاپیکردبو، کە تیورییەکانی خۆی لەمەر مایکرۆسکۆپ دەخاتەڕو، جگە لەوەی هەر لەم بەرهەمەیدا تیۆری خۆی لەمەر روناکی پێشکەش دەکات. یەکێک لەو کەسانەی کە بە نهێنی بەم کتێبە سەرسام بو نیوتن بو. هوک لە بنیاتنانەوەی لەندەن دوای ئاگرە بەناوبانگەکەی 1666 دەبێتە یاریدەدەری کریستۆفەر رێن. بە گشتی پیاوێکی بلیمەت بو، داهێنەر بو، بەڵام کێشەکەی ئەوەبو کە لە ماتماتیکدا پسپۆڕ نەبو، کە چی یەکێک بو لەو فەلەکناسانەی زۆر خۆی سەرقاڵکردبو بە سیستەمی هەسارەکان و یاسای دوجای پێچەوانەیی کە (دوایی دێینە سەری) سەرەنجام نیوتن دەبێتە پاڵەوان و ڕابەری یەکەمی یاساکە. هوک، هەتا بڵێی سیمایەکی توڕە و تڕۆی هەبو. هەر لە سەرەتاوە ناکۆکی لەگەڵ نیوتن دروست دەکات، یەکەمجار سەبارەت بە تەلەسکۆپەکە و دوەم جاریش لەمەر تیوری ڕوناکی و ڕەنگەکان. سەرەنجام ناتەباییەکە دەبێت بە دوژمنایەتییەکی سەختی سی ساڵە، لە کۆتاییدا تەنها بە مەرگی هوک خۆی لە ساڵی 1703 دا کۆتایی دێت.

 جەنگی ڕوناکی و ڕەنگەکان

یەکەم راپۆرت کە هوک ئامادەی کرد لەسەر تەلەسکۆپەکەی نیوتن کورت بو، وەک دوایی خۆی گوتبووی تەنها سێ سەعات توێژینەوەی لەسەر راپۆرتەکەی نیوتن کردبو، لە ئەنجامدا هوک هەرچەندە ناتەبایی زۆر نەخستەڕو، تەنها ئەوە نەبێت کە گوتی خۆی دەمێکە پێش نیوتن و لە ساڵی 1663 دا ئامێری وەهای دروستکردوە. ئەمە جگە لەوەی گوتی کە نیوتن هیچ ئیشارەی بە کتێبەکەی هوک ”مایکۆگرافیا” نەداوە. هەرچەندە هوک لەوانەیە شتی وەهای دروست نەکردبێت، بەڵام لە ئامێرەکانی وەکو تەلەسکۆپ و مایکرۆسکۆپدا پسپۆڕ بو. لەمەڕ روناکی و ڕەنگەکان هوک گوتی ئەوەی نیوتن سەبارەت بە روناکی دەڵێت تیورییەکی ڕاست نییە، چونکە روناکی لە ڕاستیدا شەپۆلە و هیچی تر، بەڵگەکانی جەنابی نیوتنیش قانع نین.

ڕۆبەرت هوک: (1635 – 1703): نیوتن شتەکانی من دەدزێت.

نیوتن، وەڵامەکەی لە ڕێگای ئۆلدینبێرگەوە، کە سەرۆکی کۆمەڵە بو، پێگەیشت، زۆر توڕەبو، نامەیەکی نوسی و بە زمانێکی زبر و رەق، جگە لەوەی وەک کەسێکی زاڵ قسەی دەکرد، گوتی من دڵنیام کە دوای توێژینەوەیەکی ورد و قوڵ ئەوەی من گوتومە راست دەبێت. هوک وەڵامەکەی نیوتنی بە ئیهانەیەکی گەورە زانی، بە تایبەت کاتێک سەیری کرد بە دەنگێکی زاڵەوە نامە دەنوسێت. یەکسەر کەوتەوە هێرش و لاوازی نیوتنی لە خاڵێکدا بەدیکرد، ئەویش ئەوە بو کە جەنابی نیوتن لە پەیپەرەکەیدا دەڵێت نابێت هەرگیز فەرزییە Hypothesis   و هەقیقەت تێکەڵ بکرێن. کەچی هەر خۆی دوای تۆزێک هەمان شت دەکات. نیوتن، هەرچەندە توڕەیی لە ناوەوە کەڵەکە بوبو، بەڵام خۆی گرت. زانی کە هوک تەواو دەیەوێت یاری بە شعوری بکات.

لە راستیدا، هەرچەندە نیوتن توڕەیی خۆی نەشاردەوە، بەڵام زۆر لە زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە هەر بە هەقەت نیوتن سودی لە کتێبی ”مایکۆگرافیا” وەرگرتوە و ئەگەر هیچ نەبوایە بە ناڕاستەوخۆش بوایە ئەگەر ئیشررەی بەم مەسەلەیە بدایە ئەوا بە هیچ جۆرێک هوک لەوانەبو بەو جۆڕە ڕەخنە لە نیوتن نەگرێت و بە چاوی رێزیشەوە سەیری داهێنانە تەلەسکۆپییەکەی نیوتنی بکردایە.[5]

هەرچەدندە وەک لەسەرەتادا ئیشارەمان پێدا هۆیژین زۆر سەرسام بو بە تەلەسکۆپەکەی نیوتن، بەڵام دوایی ئەویش کەوتە رەخنە لە نیوتن و گوتی کە روناکی تەنها لە رەنگی سپی پێک دێت و هیچی تر. ئەو ڕەنگانەش جەنابی نیوتن باسیان دەکات جگە لەوەی دەرەنجامی پوازکەکەن هیچی تر نین. ئەمە جگە لەوەی ئەم شوشانە هەتا روناکی زیاتر پێدا تێپەربێت ئەوا پشێوی رەنگ زیاتر دروست دەبێت.

نوسخەیەک لە تەلەسکۆپەکەی نیوتن کە لە ساڵی 1672 پێشکەشی کۆمەڵەی شاهانەی بەریتانی کرد

نیوتن سوربو لەسەر ئەوەی کە ئەوان هەڵەن و و هات دو پوازکی وەک یەکی هێنا و روناکی بە ناو یەکەمدا گوزەرکرد، لە ئەنجامدا روناکییەکە شی بوەوە بۆ هەر حەوت رەنگەکە. پاشان پوازکی دوەمی لە بەرامبەر پوازکی یەکەمدا دانا، بە جۆرێک کە هەمو رەنگەکان بە گۆشەی ورد و جوان بە ناوەندی پوازکی دوەمدا گوزەربکەن و لە دیوی ئەو دیوەوەی پوازکی دوەمدا هەمو رەنگەکان دیسانەوە یەکدەگرنەوە و بە یەک رەنگی سپی دێتە دەرەوە. کە ئەویش رەنگی تەقلیدییانەی روناکییە. ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو تیورییە باوە بو کە لە لایەن کریستیان هۆیژینەوە پێشکەشکرابو کە دەڵێت ڕوناکی لە یەک رەنگ پێکهاتوە.

ناتەبایی و مڵملانێی نێوان نیوتن لە نامە گۆڕینەوە دەرچو، تەنانەت سکرتێری کۆمـەلە، ئۆلدینبێرگ، کە بە ئەسڵ ئەڵمانی بو، پرسەکەی دایە دەست هوک کە خۆی نامە بنوسێت، چونکە چیتر ئامادە نییە ببێت بە بەشێک لە ناکۆکی نێوان دو کەس و کۆمەڵە نایەوێت ناوەندی نێوان هوک و نیوتن بێت. بەمجۆرە ناکۆکییەکە وەها گەشەی کرد کە بو بە هۆی هەڵگیرسانی دوژمنایەتییەکی درێژخایەنەی سی (30) ساڵە کە تەنانەت نیوتن بە مردنی هوکیش، لە ساڵی 1703 دا وازی نەهێنا. نیوتن بەم هیرشە زۆر پەست بو، توڕە بو، بریاریدا چیتر نەیەتە نێو کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی شاهانە و هیچ بەرهەمێکی فەلسەفی و زانستیش بڵاونەکاتەوە و پرسی داهێنانەکانیش بۆ خەڵکانی نەزان و گەمژە ئاواڵە نەکات و تێکەڵ بە هیچ ڕێکخراوێکیش نەبێت، جگە لەوەی پێویستە لەمەودوا هەمو ماریفەت و زانیاریەک لە دڵی خۆیدا وەک سڕێکی قایم و پەنهان بهێڵێتەوە و بپارێزێت. نیوتن بۆ پێنچ ساڵی داهاتوو، واتە هەتا ساڵی 1675، تەنها پەیوەندی لەگەڵ سکرتێری کۆمەڵەی شاهانە، ئۆڵدینبێرگدا هەبو. لە ساڵی 1677 دا، ئۆڵدینبێرگ مرد و پاشان مامۆستای دێرینی ئیسحاق بارۆ مرد. لەمانەش هەمو ناخۆشتر ئەوە بو کە دوژمنە سەرسەختەکەی، واتە رۆبەرت هوک، بو بە سکرتێری کۆمەڵەی شاهانە. ئیتر لێرەوە نیوتن بوە مرۆیەکی تەواو گۆشەگیر و هیچ نامەیەکی زانستی بڵاونەکردەوە[6].


سەرچاوەکانی بەشی سێیەم

. [1]Andrade, Edward Neville Da Costa  Sir Isaac Newton .portrait (Brief Lives.) 1954

[2]. Andrade, Edward Neville Da Costa  Sir Isaac Newton .portrait (Brief Lives.) 1954

[3] White, Michael. Isaac Newton: The Last Sorcerer HarperCollins Publishers. Kindle Edition.

[4] Bragg,  On Giants’ Shoulders: Great Scientists and Their Discoveries from Archimedes to DNA. Kindle Edition 1999.

[5] نیوتن و شۆرشی زانستی

[6] Kennedy, Alexander. Newton: A Life of Discovery (The True Story of Sir Isaac Newton) (A Concise Historical Biography) . Fritzen Media. Kindle Edition

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *