پۆڵ دەیڤیز: چوار هێزەکەی سروشت (بەشی یەکەم)

وەرگێڕانی: شێرکۆ ڕەشید قادر

سەرچاوەکانی گۆڕانەکان

لەو ڕۆژگارەوە مرۆ لە دونیای دەوروبەری خۆی خوردبووەتەوە، هەستی بە بوونی گۆڕان کردووە. جیهان پڕبووە لە چالاکی – جوڵەی خۆر، هەڵکردنی ڕەشەبا، هەڵفڕینی باڵندەکان، گوزەری جۆگەکان. ئنسانی کۆن سەیری ڕابوونی وەرزەکانی کردووە، خەڵک چونەتە تەمەنەوە و پیربوون و ئامرازە بەراییەکانیشیان سواون و کەڵکیان نەماوە.

بەڵام هۆکاری گۆڕان و جوڵە چی بووە؟ هەندێک شت، وەک ئاژەڵان، دیارە کە هێزی جوڵەیان لە خۆیاندا هەیە، لە کاتێکدا هەندیکی تر – وەک بەرد، تیر و پاج – پێویستیان بە هێزی پاڵنەرێکی دەرەکی هەبووە و هەیە بۆ ئەوەی بجوڵین. یەکەمجار، هیچ جوداییەک نەکراوە لە نێوان بابەتێک لە فەزادا دەجوڵێت و دەگۆڕێت. هێشتا هزرەکانی خێرایی و تاودان بە باشی بەرجەستە نەبووبوون. پێشینانمان بە دڵنیاییەوە ئەو هێزانایەن وێناکردووە کە دونیایان دروستکردووە و بوونەتە هۆی گۆڕان، بەڵام لای ئەوان ئەم هێزانە لە باری چلۆنایەتیەوە سیحرئامێز بوون و بەشێکی جیانەکراوە بوون لە خوداکان و هێزە شەیتانەکان کە حوکمیان کردوون.

هەرچەندە فەیلەسوفانی یۆنان خوێندنەوەیەکی سیستەماتیکیان لەمەڕ گۆران و جوڵەوە تەبەنناکرد، بەلام هێشتا بە تەواوی لە هۆکارەکان تێنەگەیشتبوون. ئەرستۆ باوەڕی وەها بوو کە کلیلی تێگەیشتن لە جوڵە بریتیە لە بەرهەڵستی. ئەرستۆ سەرنجیدا کە تەنێک لە ناوەندێکی ڕونی وەک هەوادا( کە چڕی نزمترە لە هی ناوەندێکی وەکو ئاو) ئازادانەتر دەجوڵێت، هەربۆیەش خێراترە. لای ئەرستۆ لە هەردوو حاڵەتەکەدا هێزێکی بزوێنەر پێویستە بۆ زاڵبون بەسەر ئەو بەربەستەی لە بەردەم جوڵەدا هەیە. هەر بۆیەش گاڵتەی بە فکری ئەتۆمیستەکان دەهات کە دەیانگوت گوایە تەنۆلکەکان ئازادانە لە بۆشاییدا void دەجوڵێن، چونکە بۆشایی هیچ توخمێکی تێدا نیە، ئەوا بەرهەڵستی لە ئارادا نیە. هەربۆیەس تەنۆلکەکان بە خێرایی ناکۆتا infinite دەجوڵێن، ئەمەش لای ئەرستۆ شتێکی ناقۆڵا و بێ مانابوو.

ئەو چەمکە هاوچەرخە ئەندازیارییەی هێز کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کاری پێدەکرێت هەتا سەدەی هەڤدە بە تەواوی پەرەی نەسەندبوو و کامڵ نەبووبوو، هەتا یاساکانی میکانیکی نیوتن رەزامەندی لە بەرانبەردا نیشاندا. خامەی پسپۆڕانەی نیوتن بوو کە هەستیکرد جوڵەی لەمجۆرە پێویستی بە هێز نیە. تەنێکی ماتێریالی بە خێراییەکی ڕێک  و  uniformبە ئاڕاستەیەکی جێگیر دەجوڵێت بە بێ بوونی هۆکارێک دەرەکی بۆ ئەوەی پاڵی پیوە بنێت یان ڕایکێشێت. تەنها لادان لە جوڵەی ڕێک پێویستی بە تەفسیرکردن هەیە، واتە بوونی هێزێک. لای نیوتن، هێزەکان تاودان accelerations دروست دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش نیوتن هاوکێشەیەکی ماتماتیکیانەی وردی پێشکەشکرد کە هەردوو دیاردەکە (هێز و تاودان) پێکەوە دەبەستێتەوە.

تیۆریەکەی نیوتن یەکسەر تەفسیری مەتەڵی جوڵەی عەردی بە دەوری خۆردا نمایاشکرد. لە تەفسیرەکەدا هیچ هۆکارێکی بینراو و بەرچاو نییە کە عەرد بە ڕەوتی خولگەکەیدا ڕاپێچ بکات یا پاڵی پێوەبنێت، واتە لەم تیۆرەی نیوتندا، هیچ شتێکی لەو جۆرە پێویست نیە. هەقیقەتی جوڵەی عەرد مەسەلەیەک نیە، بەڵکو لادانە لە ڕێکی (جوڵە بە خێراییەکی ڕێک لەسەر هێڵێکی ڕاست) و پێویستی بە تەفسیر هەیە. ڕەوتی عەرد لە فەزادا بە دەوری ئەو هێڵەی بە ئاڕاستەی خۆرە دەچەمێتەوە، ئەمە هەقیقەتێکە کە بە هۆی هێزی ڕاکێشانی خۆرەوە تەفسیر دەکرێت.

میکانیکی نیوتن هەر زوو وەک وەسفێکی سەرکەوتوو سەبارەت بە جوڵە و هێز خۆی سەپاند، بە جۆرێک کە ئێستا بناغەی هەمو کارێکی ئەندازەیی میکانیکییە. هەرچۆنێک بێت، نیوتن ئیشارە نادات بە چاوگی ئەم هێزانە کە مادەکان تاودەدەن. سەرەتا ئەم هێزانە وەها هاتنە بەرچاو کە زۆرن و دەگۆڕێن: کاریگەری ڕەشەبا یان، فشاری هەوا یاخود ئاو، پاڵنانی بەردەوامی کانزا بۆ گەورەبوون، جۆشی توندی تەقینەوە کیمیاییەکان، هێزی ڕاکێشانی لاستیکی، هێزی ماسولکەکانی مرۆ، وەزنی شتە قورسەکان و چەندەها شتی تر. هەندێک هێز وا دێنە بەرچاو کە ڕاستەوخۆ، کاتێک لەگەڵ تەنەکە تەماس دەگرن، کاردەکەنە سەر تەنەکە، وەکو کاتێک گوریسێک ڕادەکێشین، بەلام هەندێک هێزی تر، هەروەک هێزی ڕاکێشان، لە دورەوە کاریگەری خۆیان لەسەر تەنەکە هەیە.

سەرباری ئەم فرە جیاوازییە، توێژینەوە و خوێندنی ورد ئەوە دەردەخەن کە دەتوانرێت سەرتاپا چالاکییەکانی سروشت تەنها لە چوار هێزی بنەرەتیدا کورت بکرێنەوە. سەرەنجام ئەم هێزانە بەرپرسن لە هەمو چالاکییەکانی دونیا، سەرچاوەی هەمو گۆرانێکن. هەر هێزێک وێکچون و جیاوازی خۆی لەگەل هێزەکانی تردا هەیە. تێگەیشتن لە خاسیەتەکانی ئەم چوار هێزە ئەرکێکی گەورەی فیزیکناسە و سەرەتایەکی بنچینەیی لە ڕیگادا بەرەو سوپەر – هێز فەراهەم دەکات.

هێزی ڕاکێشان Gravity

لە ڕوی مێژوییەوە، هێزی ڕاکێشان یەکەم هێزە لە چوار هێزەکە کە زانستییانە مامەڵەی لەگەڵ کراوە. هەرچەندە مرۆ هەمیشە هەستی بە ڕاکێشان کردووە و هەردووک بیرۆکەی بەرزبونەوە و دابەزینی لە ژێر ڕۆشنایی ڕاکێشاندا دیوە، بەلام ڕۆڵی ڕاستەقینەی هێزی ڕاکێشان وەک هێزێکی سروشتی تا سەدەی هەڤدە بە کامڵی حسابی بۆ نەکرابوو، واتە تا نیوتن هات و تیۆری ڕاکێشانی گشتی پێشکەشکرد. هەتا ئەو دەمە ، ڕاکێشان هێزێک بوو کە وەک بەشێکی جیانەکراوەی عەرد حسابی بۆ کرابوو، پاشان تێکەڵ بە هەموو ئەو بیروڕا کۆسمۆلۆژییانە کرابوو کە نزیک بوون لەم چەمکەوە. ئەرستۆ، کە باوەڕی وابوو عەرد دەکەوێتە چەقی گەردونەوە و لای وی کاتێک تەنەکان دەکەونە سەر عەرد هۆکەی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم تەنانە نمونەیەکن لەو پرینسیپە گشتییەی کە دەڵێت هەمو تەنەکان مەیلی گەڕانەوەیان بۆ جێگای ئەسڵی سروشتیی خۆیان لە گەردوندا هەیە. هەربۆیەش دەبینین کە تەنە عەردییەکان بەرەو عەرد دێن و دەگەڕێنەوە، لە کاتێکدا توخمە ئیسەریەکان ethereal ی ئاسمان خۆیان بە ڕەوتێکی بازنەیی بە دەوری عەردا دەسوڕێنەوە، جا لە ڕوی جیۆمەترییەوە ئەمانە کەماڵترین perfect جوڵەن.

لە چەرخەکانی ناوەڕاستدا، لەگەڵ دامەزراندنی چەمکە ئەسترۆنۆمییە زیاتر هاوچەرخەکاندا، زانرا کە هێزی ڕاکێشان تەنها تایبەت نیە بە عەرد و بەس، بەڵکو لە نێوانی خۆر و مانگ و هەسارەکان و هەمو تەنەکانی تری ئاسماندا کاردەکات و دەور دەبینێت. یەکێک لە نمایشە هەرە قایلکەرەکانی ئەم هەقیقەتە بریتیە لە تەفسیری نیوتن سەبارەت بە دیاردەی هەڵچون و داچونی(مد و جزر) مانگ. یاسای دووجای پێچەوانەیی inverse square law نیوتن سروشتی مەودا – دوری هێزی ڕاکێشان بەرجەستەدەکات. مەبەست لەمە ئەوەیە کە هەرچەندە هێزی ڕاکێشان لەگەڵ دوریدا پێچەوانە دەگۆڕێت، بەلام کاریگەریەکەی هێشتا بە پانتایی فەزادا دەڕوات و لە دورییەوە هەستی پێ دەکرێت. ئەمە شتێکە مایەی بەختەوەرییە، چونکە هێزی ڕاکێشان کتومت گەردونی وەک یەکەیەک پێکەوە ڕاگرتوە: کۆنترۆڵی هەسارەکان و ڕەوتی سوڕانەوەیان بە دەوری خۆردا دەکات، ئەستێرەکان بە گالاکسیەوە دەبەستێتەوە و بەربەستیشە لەبەردەم ئەستێرەکان کە بکەونە نێو بۆشایی بەتاڵی(vacuum) فەزاوە. لە ڕاستیدا، بە پێوەری ئەسترۆنۆمی، هێزی ڕاکێشان بە گشتی هێزێکی گەورە و باڵادەستە.

یەکێک لە سیما هەرە گرنگەکانی هێزی ڕاکێشان بریتیە لە گشتگیریەکەی universality، هیچ شتێک لە گەردوندا ناتوانێت لە دەسەڵاتەکەی ڕابکات و هەڵێت. هەمو تەنۆلکەیەک ڕوبەڕوی ڕاکێشان دەبێتەوە، یاخود بە ڕاکێشانەوە دەنوسێت. تەنانەت وزەش کاردانەوەی لە هەمبەر ڕاکێشاندا هەیە. بە هەمان شێوە، هەمو تەنۆلکەیەکیش سەرچاوەی ڕاکێشانە. لەوەش زیاتر، ئەو قووەتەی کە تەنۆلکەکان بە ڕاکێشانەوە دەنوسێنێت هەمیشە وەک خۆیەتی، ئەمەش هەقیقەتێکە، تەنانەت گالیلۆ، زانای بەناوبانگی ڕۆژگاری ڕێنیسانس، سەرنجیدا و گوتی کە هەمو تەنەکان بە یەک خێرایی دەکەونە خوار، جا بارستە و پێکهاتەیان چۆن بێت گرنگ نیە.

ssss

نیوتن (1642 – 1727): یاسای دوجای پێچەوانەیی.

هێزی ڕاکێشان لە نێوان تەنۆلکەکاندا هەمیشە هێزی یەکتر ڕاکێشان و لە یەکتر نزیکبونەوەیە. لە لایەکی ترەوە، هێزی لەیەکتر دورکەوتنەوە Repulsive gravity ، یاخود هێزی دژە – ڕاکێشان، وەک هەندێک جار وەها ناودەبرێت، هەرگیز نەبینراوە و سەرنج نەدراوە. هۆکاری ئەمەش ڕون و ئاشکرایە. ڕاکێشانی لە یەکتر دورکەوتنەوە پێویستی بە وزەی نێگەتیڤ هەیە. ئەو وزەیەی لە تەنۆلکەدا کڵۆم کراوە(خەفەکراوە) هەمیشە پۆزەتیڤە و بارستاییەکی پۆزەتیڤی پێ دەبەخشێت. تەنۆلکەکان هەمیشە هەوڵدەدەن کە یەکتر ڕابکێشن. وزەی نێگەتیڤ شتێکە کە بە هیچ جۆرێک پەی پێ نابرێت. هەرچۆنێک بێت، هەرچەندە تەنۆلکەکان ناتوانن وزەی نێگەتیڤیان هەبێت، بەلام دەشێت کایەیەک لە ئارادا هەبێت کە شتی لەمجۆرە دروست بکات، ئەمەش دەرکەوتەی قوڵی لێ دەکەوێتەوە.

لەوانەیە سەرسامترین شت لە بارەی هێزی ڕاکێشانەوە بریتی بێت لە ئەوپەری لاوازییەکەی. هێزی ڕاکێشان لە نێوان پێکهاتەکانی ئەتۆمی هایدرۆجیندا 10-39 (واتە 10 توان ناقس سی و نۆ) ی هێزی کارەبایە. ئەگەر ئەتۆمی هایدرۆجین بە هێزێکی ڕاکێشان بە یەکەوە نوسابن وەک لەوەی هێزێکی کارەبایی، ئەوا بچوکترین خوڵگەی ئەلەکترۆن گەورەتر دەبێت لەو گەردونەی لەبەرچاومانە! لە ڕاستیدا ، لە ئاستەکانی تەنۆلکە تاکەکانی ژێر – ئەتۆمیدا ، هێزی ڕاکێشان هێندە لاوازە کە فیزیکناسان مەیلی ئەوەیان هەیە کە سەراپا فەرامۆشی بکەن. هەرگیز لە هیچ یەکێک لە پرۆسەکانی تەنۆلکەدا هەستی پێ نەکراوە و تێبینی نەکراوە.

تەنانەت لە ئاست بابەتە ماکرۆسکۆبیەکانیشدا(گەورەکاندا)، کاریگەری هێزی ڕاکێشانی خۆشیان تێبینی ناکرێت. کاتێک لەسەر شەقامێک بەرەو خوار پیاسە دەکەیت، باڵەخانە گەورەکان هێزێکی ڕاکێشان واری دەکەن، بەلام هێشتا ئەوەندە بچکۆلەیە کە ناتوانرێت هەستی پێ بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئامێری زۆر هەستیار هەن کە کاردانەوەیان لە هەمبەر ئەم هێزانەدا هەیە. لە ساڵی 1774 ، سکۆتلەندییەک، کە ناوی نەڤیل ماسکەلین بوو، کاتێک بە لای چیایەکدا ڕەت بوو، بە هۆی پەخشکردنی هێزی ڕاکێشانەوە لە لایەن چیاکەوە، جۆرە لادانێکی شاقوڵی بەدیکرد. لە ساڵی 1797 دا هنری کاڤێندیش، تاقیکردنەوە بەناوبانگەکەی کرد کە تێیدا زۆر بە وریایی و وردی ئەو هێزە هەرە لاوازەی یەکترڕاکێشانی پێوا کە لە نێوان دوو تۆپی بچکۆلەدا هەن کە بە شێوەیەکی ئاسۆیی دەکەونە ئەمسەر و ئەوسەری دارێکی هەڵواسراو و لە هەر سەرێکیش گۆیەکی خڕ هەیە.

ssss

ئاینشتاین (1879 – 1955): تیۆری نسبی گشتی و تایبەتی.

وەک شتێکی سەرسام دێتە بەرچاو کاتێک دەبینین کە هێزێکی یەکترڕاکێشانی وەها لاواز هەستی پێ بکەین.چۆن هێزی لەمجۆرە ئاوا لە گەردوندا باڵادەستن؟ وەڵامەکە دەگەڕێتەوە بۆ سیمای گشتگیری universality ئەم هێزە. ئەمەش چونکە هەمو تەنلۆکەیەکی مادە هێزی ڕاکێشانی هەیە و هەتا مادەی زیاتر کەڵەکە ببێت ئەوا هێزەکە گەورەتر دەبێت. تۆ لە ژیانی ڕۆژانەدا هەست بە هێزی ڕاکێشان دەکەیت چونکە هەمو ئەتۆمێک لەسەر عەرد ڕاتدەکێشێت. کاریگەری تاکە ئەلەکترۆنێک یان تاکە پرۆتۆنێک ئەوەندە لاوازە دەشێت فەرامۆش بکرێت، بەڵام کاتێک هەمو یەکدەگرن ئەوا هێزێکی بەرچاو دروست دەکەن. خۆ ئەگەر ژمارەی تەنۆلکەکانی هێزی ڕاکێشان یەکسان بن بە ژمارەی تەنۆلکەکانی دژە – ڕاکێشان ئەوا جۆرە فەزایەکی هارمۆنی دروست دەکەن و هێزی ڕاکێشان، کە هێشتا هەر لە ئارادایە، هەرگیز دەرک پێ ناکرێت، چونکە زۆر لاواز دەبێت.

ڕاکێشان هێزێکە کە دەتوانرێت تەنها وەک کایەیەک وەسف بکرێت. هەمو تەنۆلکەیەک وەک سەرچاوەی کایەی ڕاکێشان وایە، واتە تەنۆلکەکان ئەم کایەی ڕاکێشانە پەخش دەکەن و وەکو هەورێکی نادیار دەوریان دەدەن. خۆ ئەگەر تەنۆلکەیەکی تر هەڵبدرێتە ئەم کایەی ڕاکێشانەوە ئەوا هەست بە کاریگەری هێزێک دەکات. کایەی ڕاکێشانەکە زۆر لەوە زیاترە کە تەنها وەک ڕاکێشان قسەی لەمەڕ بکرێت، چونکە دەتوانێت جۆرێک لە شەپۆلەکان دروست بکات، هەر وەک چۆن ماکسوێل کەشفی کرد کە لە کایەیەکی ئەلکترۆماگنێتیکدا شەپۆلەکان دروست دەبن و بە فەزادا دێن و دەچن. بە هەمان شێوەش ئاینشتاین بۆی دەرکەوت کە شەپۆلەکان لە کایەی ڕاکێشاندا دروست دەبن.

هەرچەندە تیۆری نیوتن لەمەڕ ڕاکێشان بۆ دوو سەد ساڵ تەواو سەرکەوتو بوو، بەلام لەبەردەم فیزیکی نوێدا بووە قوربانی، لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا شتەکە تەقیەوە. تیۆری نیوتن کە ساڵەها بوو تەفسیرێکی سەرکەوتوانەی لەمەڕ جوڵەی شێوە هێلکەیی هەسارەی مێرکۆری داڕشتبوو، بەڵام جۆرە پێچێکی بچکۆلە یاخو پاشگەزە – جوڵەیەک لە ڕەوتی هەسارەکەدا هەبوو، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی پشێویەکی ڕاکێشان کە سەرچاوەکەی هەسارەی تر بوو. کاتێک حساباتێکی ورد لەمەڕ ئەم پرسە تازەیە کرا، دەرکەوت کە بۆ هەر سەد ساڵێک چل و سێ چرکە[i] کەوانە لە ئەنجامدا دروست دەبێت.

لەوەش جدیتر، ئەوەبوو کە یاسای ڕاکێشانی نیوتن لەگەڵ تیۆری تازە لەدایکبووی نسبیدا دووچاری پێکدادان بووبوو. لای نیوتن، هێزی ڕاکێشان لە نێوان دوو تەندا یەکسەر بە پانتایی فەزادا دەگوازرێتەوە، بەمجۆرە ئەگەر خۆر لە پڕ نەمێنێت و لە بەرچاو ون بێت، ئەوا خولگەی عەرد یەکسەر لە سوڕانەوە دەوەستێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرچەندە پرۆسەی دیارنەمانی تیشکی خۆر هەتا دەگاتە سەر عەرد هەشت خولەک دەخاێنێت. تیۆری نسبی ئاینشتاین هەمو دیاردەیەکی فیزیکی و کاریگەری ئەو دیاردەیە قەدەغە دەکات کە لە خێرایی ڕوناکی زیاتر بێت، بێگومان ئەم تیۆرەی ئاینشتاین لە هەمبەر ئەوەی نیوتندا ڕوبەڕوی ململانێ دەبێتەوە.

کاتێک لە ساڵی 1915 دا، ئاینشتاین هەوڵیدا تیۆرەکەی گشتگیر generalize بکات بۆ ئەوەی هێزی ڕاکێشان لەخۆبگرێت، ئەمە بوو بە هۆی داڕشتنی تیۆری نسبی گشتی، ئەمەش نەک هەر پێگەی بە هاوکێشەکەی نیوتن لەمەڕ ڕاکێشان لێژکرد، بەڵکو بوو بە هۆی گۆڕینی سەرتاپای بنچینەیی چەمکی تێگەیشتنی مرۆ لە هەمبەر ڕاکێشان. لە تیۆری ئاینشتایندا، لە ڕاستیدا ڕاکێشان هیچ هێز نیە، بەڵکو نمایشی چەمانەوەی یان شێواندنی فەزا – زەمەنە spacetime . بە گوێرەی تیۆری ئاینشتاین، ڕاکێشان تەنها جیۆمەتریە و بەس.

تیۆری نیوتن لە هەمو بوار و مەبەستە پراکتیکیەکاندا وەک تیۆرێکی سەرکەوتوو دەمێنێەوە، وەکو گەشتی پاپۆڕی ئاسمانی و فڕۆکە، ئێستاش هەر سەرکەوتووە بۆ وەسفکردنی زۆر لە سیستەمە ئەسترۆنۆمیەکان. بەلام کاتێک کە کایەی هێزی ڕاکێشان چڕ دەبێتەوە، وەک نزیکبونەوە لە دیاردەکانی هەرەسهێنانی ئەستێرە نیوترۆنیەکان و چاڵە ڕەشەکان. تەنانەت لە ناوەندێکی هێزی ڕاکێشانی مامناوەندیدا، لە توانادا هەیە کە کاریگەری چەمانەوەی فەزا – زەمەن کەشف بکرێت. بۆ نمونە، پێچکردنەوەی خولگەی مێرکوری، بریتیە لە دەرەنجامی شیواندنی فەزایی خۆر.

ئەلیکترۆماگنێتیزم Electromagnetism

هەرچەندە هێزی ڕاکێشان یەکەم هێزە ئنسان توانیویەتی بە شێوەیەکی زانستی لێی تێگەیشتبێت، بەڵام هەر لە دێرزەمانەوە خەڵک ئاشنایەتی لەگەڵ هێزی ئەلیکترۆماگنێتیزمیشدا هەبووە. هێزی کارەبایی لە کاتی هەورە بروسکەدا بە شەفافی بەدی دەکرێت، یان لە هەندێک دیاردەی تری وەکو بەتاڵکردنەوەی بارگەکاندا بە ڕونی دەردەکەوێت. هێزی موگناتیسی بەرپرسە لەو کڵێشە ئاڵۆزانەی لە کاتی دەرکەوتنی ڕۆشنایی لە دەڤەرەکانی قوتبی باکوردا بەدی دەکرێن.

تالیس (624 – 546 پێشزایین)، فەیلەسوف و فەلکناسی یۆنانی، بە یەکەم زانا دادەنرێت کە دەرکی بە بوونی دیاردەی کارەبا کردووە، ئەویش کاتێک سەرنجیدا کە ئەگەر مووروو لە شتێک بخشێنی ئەوا خەسڵەتێک پەیدا دەکات کە دەتوانێت شتی ورد و سوکەڵە هەلگرێت و پێوەی بنوسێت. وشەی ئێلێکترا elektroa لە زمانی یۆنانیدا وشەیەکە بۆ مورو بەکاردێت(لە کوردیشدا تەسبیحی کارەبا هەیە). لە چەرخەکانی ناوەڕاستدا، ویلیام گیلبێرت[ii] (1544 – 1603)، کە پزیشکی تایبەتی شاژن ئەلیزابێتی یەکەم بوو، زیاتر لە مەسەلەکەی کۆڵیەوە و بۆی دەرکەوت کە گەلێک مادەی تر هەن کە هەمان خاسیەتی کارەبایان هەیە. پاشان لە ئنگلتەرە و ئەروپا، توێژینەوەی تر کرا و دەکەوت کە هەندێک مادە وەک مادەی جیاکەرە( مادەی عازلە) کار دەکەن. زانای فەرەنسی، چارلز دوفەی Charles Dufay  ئەوەی کەشفکرد کە بارگە کارەباییەکان بە دوو جۆر خۆیان دەخەنەڕو، ئێستا بەو دوو جۆرە دەوترێت پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ.

ssss

ویلیەم گیڵبێرت (1544 – 1600): عەرد موگناتیسێکی زەبەلاحە.

لەسەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەدا، لە دوای تاقیکردنەوەکانی هەر یەک لە بنیامین فرانکلین(1706 – 1790) و مایکل فارادای[iii](1791 – 1867) تێڕامانێکی فراوانتر لەمەڕ کارەباوە هاتە ئاراوە. دەرکەوت کە ئەو بارگە کارەباییانەی وەک یەکن لە یەکتر دور دەکەونەوە و ئەو بارگە کارەباییانەی وەک یەک نین یەکتر ڕادەکێشن، لە هەردوو حاڵەتەکەدا هاوکێشەیەکی سادەی ماتماتیکی حوکمی ئەو هێزەی نێوانیان دەکات: هێزی کارەبایی نێوانیان بە حوکمی هەمان یاسای نیوتن، کە بە یاسای ” دووجای پێچەوانەیی” ناسراوە دەگۆڕێت، جا هەتا دوری نێوان بارگەکان زیاتر بێت، ئەوا هێزە کارەباییەکە کەمتر دەبێت. بێگومان لەوەبەر ئیشارەمان بە یاساکەی نیوتن دا، کاتێک نیوتن لەمەڕ هێزی ڕاکێشان لە نێوان تەنەکاندا دۆزییەوە. پێویستە ئەو هەقیقەتە بگوترێت کە هێزی کارەبایی لە هێزی ڕاکێشان بەهێزترە و دەتوانرێت بە ئاسانی لە ژیانی ڕۆژانەدا تێبینی بکرێت.

کارەکانی فارادای پێشنیازی بوونی کارەبایان لە ئەتۆمدا کرد، بەڵام پرسەکە کاتێک بە تەواوی سەلمێندرا کە فیزیکناس، جەی.جەی.تۆمسۆن[iv] J.J. Thompson (1856 – 1940) لە ساڵی 1890 دا ئەلکترۆنی دۆزییەوە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەوە دەزانین کە بارگەی کارەبایی هەمیشە بە تەنۆلکەکانی مادەوە هەیە، بڕی ئەم بارگانە بە جۆرێکە کە ملکەچی سیستەمێکی ڕێکی ژمارەی تەواو و کۆلکەی یەکە بنەڕەتییەکانن، ئەمە پرسێکی سەرنجڕاکێشە. هەمو تەنۆلکەکان هەڵگری بارگە نین، بۆ نمونە، فۆتۆن و نیوترینۆ [v]neutrino ، لە ڕوی کارەباییەوە بێ بارگەن و بە نیوتراڵ ناودەبرێن. کارەبا، لەم لایەنەوە، لە هێزی ڕاکێشان جودایە. هەمو تەنۆلکەکانی مادە، بە کایەی ڕاکێشانەوە جووتن(یاخود نوساون)، بەلام تەنها تەنۆلکە بارگاوییەکان بە کایەی ئەلیکترۆماگنێتیکەوە جووتن(نوساون).

جەی. جەی. تۆمسۆن (1856 – 1940): ئەلکترۆنی دۆزییەوە.

جەی. جەی. تۆمسۆن (1856 – 1940): ئەلکترۆنی دۆزییەوە.

یۆنانەکان، هەروەک چۆن کارەبایان لە سروشتدا بەدی کردووە، بە هەمان شێوەش، موگناتیسی سروشتیان دیاریکردووە. لە دەوروبەری 600 ی پێشزاییندا، لەگەڵ خاسیەتەکانی ئاسن ئۆکساید(فیریوم ئۆکساید) ئاشنایەتیان پەیدا کردووە و دەرکیان پێکردووە کە ئەمانە، ئەگەر چی کەمێک لە یەکتریش دوربن، کاریگەرییەک لە هەمبەر یەکتر دروست دەکەن. لە دوای 500 ساڵی تر، چینیەکان خاسیەتی ئاڕاستەیی فیریۆم ئۆکسایدیان دۆزییەوە و بەم هۆیەوە توانیان فۆرمێکی زۆر سەرەتایی قیبلەنوما دروست بکەن. هەرچەندە ئەو قیبلەنومایەی دروستیان دەکرد تەنها بۆ مەبەستی غەیبگەری بەکاریان دەهێنا و بەڵام دوای چەندەها سەدە بووە ئامێرێک بۆ مەبەستی دەریاوانی بەکارهات.

لە کۆتایی سەدەی شازدەدا، زانایانی ئەوروپا بە چاوێکی پڕ بەها و گرنگەوە سەیری سروشتی ڕاستەقینەی موگناتیسیان کرد و بایەخیان پێدا. گیلبێرت، ئەوەی خستەڕوو کە عەرد وەک موگناتیسێکی گەورە وایە و سیفاتەکانی زۆر نزیکە لەو مۆدڵە گۆییەی خۆی لە ئۆکساید فیرۆم(ئاسن ئۆکساید) دروستی کردبوو. پاشان دەرکەوت کە موگناتیس بە دوو جۆرەوە خۆی نمایش دەکات، ئەویش جەمسەری باکور و جەمسەری باشور، واتە بە هەمان موگناتیسی گۆی عەرد، دوو تەوەری هەیە. جگە لەوەش هەر وەک کارەبا، هاوجەمسەر لە یەکتر دور دەکەونەوە، جەمسەری لێک جیاوازیش، یەکتر ڕادەکێشن. بەڵام جیاواز لە کارەبا، جەمسەرەکانی موگناتیس هەمیشە بە جووت کار دەکەن، ئەوانیش باکور و باشور. ئەگەر قاڵبێک موگناتیسمان هەبێت ، ئەوا سەرێکی باکورە و سەرەکەی تر باشورە، خۆ ئەگەر قاڵبەکە کەرت بکەین، ئەوا لە شوێنی بڕینەکە جەمسەری تازە دروست دەبێت و هەر یەک لە دوو قاڵبە نوێکە هەر یەکەیان بۆ خۆیان دەبنە دوو قاڵبی موگناتیسی تازە و هەریەکان دوو جەمسەری نوێ، باکور و باشور دروست دەکەن. ئەوەی شایانی گوتنە، ئەوەیە کە مەحاڵە و هەرگیز ناتوانرێت تاکە جەمسەرێکی موگناتیسی جیابکرێتەوە، واتە موگناتیسی تاک –جەمسەر( باکور بە تەنها یان باشور بە تەنها) بوونی نیە. ئایا دەشێت ئەوە بڵێین کە لە سروشتدا موگناتیسی تاک جەمسەر قەدەغە بێت؟ ئەگەر وایە، بۆچی؟ بێگومان لێکۆڵینەوە لە سوپەر – هێز superforce وەڵاممان لەمەڕ ئەم پرسیارە سەرنجڕاکێشە دەداتەوە.

ئەوەی دیسانەوە مایەی سەرنجدانە ئەوەیە کە هێزی نێوان جەمسەرەکانی موگناتیس ملکەچی یاسای دووجای پێچەوانییە(یاسای نیوتن بۆ راکێشان)، هەروەک چۆن لە کارەباش و هێزی ڕاکێشاندا وەهایە. بەمجۆرە هێزەکانی کارەبا و موگناتیس دور دەڕۆن. واتە کاریگەرییان بۆ دورییەکی زۆرە. بۆ نمونە، کایەی موگناتیسی عەرد بە ئاسماندا باڵ دەهاوێت. بە هەمان شێوە، خۆریش خاوەن کایەی موگناتیسی خۆیەتی و توانیویەتی سیستەمی خۆری خۆی بە نایابی ڕابگرێت.

sajvdhgas

جەیمس ماکسوێل(1831 – 1879): یەکخستنی کارەبا و موگناتیس لە هاوکێشەیەکدا.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا، پەیوەندییەکی قوڵ لە نێوان کارەبا و موگناتیسدا دۆزرایەوە. لە دانیمارک هانس کریستیان ئۆرستێد  Hans Christian Oersted   (1777 – 1851) کەشفیکرد کە تەزوی کارەبا کایەیەکی موگناتیسی بە دەوری خۆیدا پەخشدەکات، ئەمە لە کاتێکدا کە فارادی Faraday دەریخست کە گۆڕان لە کایەیەکی موگناتیسیدا تەزویەکی کارەبا دروست دەکات. ئەم کەشفە نوێیانە بوون بە زەمینە خۆشکردن بۆ لەدایکبوونی دینەمۆی کارەبایی electric dynamo و جینەرەیتەر generator کە ئەمڕۆ لە بواری ئەندازەییدا ڕۆڵی گرنگیان هەیە.

لە ساڵانی 1850 کاندا ماکسوێل[vi] (1831 – 1879) هەنگاوی گەورەی بەرەو پێش هەڵگرت، کاتێک توانی کارەبا و موگناتیس بخاتە دووتوێی تەنها یەک تیۆرەوە، ئەویش تیۆری ئەلیکترۆموگناتیسەوە بوو، ئەمە بۆ خۆی بازدانێکی شۆڕشگێرانە بوو لە بواری زانست و بە یەکەم تیۆری کایەی یەکگرتوو unified field theory دادەنرێت. کاتێک تیۆری کوانتەم هاتە ئاراوە و دوای گەلێک گۆڕانی گونجاو بەسەر کوانتەمدا و بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەری خۆی یاری بکات، تیۆری ماکسوێڵ، هەتا ساڵی 1967 بە سەلامەتی و بێ دەستکاری مایەوە و سەرکەوتنێکی نایاب بوو. پاشان لە ساڵی 1967 دا، هەنگاوی داهاتووی مەزن بریتی بوو لە جارێکی تر یەکخستنەوەی هێزەکان.


[i]  کەوانە – چرکە : یەک کەوانە – چرکە 1/60 ی یەک کەوانە – خولەکە و 1/3600 ی یەک کەوانە پلەیە. یەک کەوانە چرکە واتە 3.7  کیلۆمەترە.

[ii]  گیلبێرت، سەرباری ئەوەی کە پزیشکی تایبەتی شاهانە بوو لە ئنگلترە، توێژەرێکی فیزیکی بەهرەمەند بوو، هێدی هێدی کەوتە وردبونەوە لە دیاردە و خاسیەتی موگناتیسی، کە سەرەنجام گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە عەرد موگناتیسێکی زەبەلاحە. ئەمە سەرەتای سەرهەڵدانی چەمکی هێزی ڕاکێشان بوو. دوایی کێپلەر(1571 – 1630) گوتی ئەو هێزەی کە جوڵەی بەردەوام بە هەسارەکان دەبەخشێت بۆ ئەوەی لەسەر ڕەوتی خولگەیی خۆیان بمێننەوە و لانەدەن هێزێکی زیندووە و لە خۆرەوە دێت، کاتێک هەسارەکە لە خۆرەوە نزیکە ئەم هێزە گەورەیە، بەڵام کە هەسارەکە دور دەبێت ئەم هێزە لاواز دەبێت.

[iii]  فارادای فیزیکناس و کیمیاناسی ئنگلیزی، ڕۆڵێکی مەزنی هەبوو لە خوێندن و بەرەو پێشبردنی ئەلکترۆماگنێتیزم. لە خێزانێکی کەمدەرامەت هاتۆتە دونیاوە. لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەبێتە شاگرد لای بەرگتێگرێک، بۆ ماوەی حەوت ساڵ لێرە بەرگ تێدەگرێت، هەر لێرەش دەکەوێتە خوێندنەوەی کتێبی زانستی و خۆی تەواو لە پرسە زانستیەکاندا قاڵدەکات. لە 1812 دا دوای گوێگرتن لە پێنچ موحازەرەی کیمیازانی ئەو کاتە دەیڤید هەمفری، داوای لێدەکات وەک یارمەتیدەر لای خۆی وەریبگرێت، بەڵام داواکەی رەتدەکاتەوە. دوای ساڵێک هەمفری خۆی دەنێرێتە شوێنی بۆ ئەوەی ببێتە یاریدەدەری. هەر زوو وەک زانایەک شۆرەت بۆ خۆی پەیدا دەکات و لە ساڵی 1821 دا یەکەم نامەی زانستی خۆی لەمەڕ سوڕانەوەی ئەلکترۆماگنێتیک بڵاوکردەوە( ئەو پرینسپەی کە ماتۆڕی کارەبایی لەسەر دروستکراوە). لە 1831 دا کورتکردنەوەی ئەلکترۆماگنێتیکی دۆزییەوە، دوایی بوو بە بنەمای ترانسفۆرمەر و جێنێرەتەر و پاشانیش بوو بە هۆی سەرهەڵەندانی تەکنەلۆژیای کارەبا.

[iv]  جەی.جەی. تۆمسۆن: لە نزیک مانچستەر، ئنگلتەرا، لەدایکبووە، بۆ خوێندن چووەتە کامبریچ. لە ساڵی 1883 دا بووە بە موحازیر. هەر زوو ناوبانگ پەیدادەکات، جگە لە دەیان داهێنانی فیزیکی و ماتماتیکی، ئەوەی ناوی بە نەمری هێشتەوە دۆزینەوەی ئەلکترۆن بوو لە ساڵی 1897 دا کاتێک سەرقاڵی کارکردن بوو لەسەر خاسیەتەکانی تیشکی کاتۆد ئەلکترۆنی دۆزییەوە.

[v]  نیوترینۆ لە تەنۆلکە هەرە بنەڕەتییەکانە کە بنیاتی گەردون پێکدەهێنێت. نیوترینۆ لە نیوترۆن دەچێت، بەڵام جیاوازییەکی سەرەکی لەگەڵ نیوترۆندا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە نیوترینۆ بارگەی کارەباییان نیە، چونکە لە ڕوی کارەباییەوە نیوتراڵن (بێ لایەنن.).

[vi]  جەیمس کلێرک ماکسوێل: ماتمیکناس و فیزیکناسی گەورەی سکۆتلەندی. بەوە ناوبانگی دەرکرد کە تیۆری ئەلکترۆماگنێتیکی داڕشت، توانی هەموو تاقیکردنەوە، ڕامانەکان و هاوکێشەکانی پێش خۆی لە یەک بۆتەدا ڕێکبخات و لە هاوکێشەیەکدا فۆرمولەیان بکات. هاوکێشەکە بە هاوکێشەی ماکسوێل ناسراوە. ماکسوێل بە یەکەم زانا دادەنرێت کە سەرەتایەکی داڕشتووە بۆ تیۆری کایەی یەکگرتوو.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *