ئەدوین هەبڵڵ (1889 – 1953)

وەرگێران و ئامادەکردن:شێرکۆ رەشید قادر

هەبڵڵ، ئەو فەلەکناسە گەورە ئەمەریکییە (1889_ 1953) بو، کە بە تەنها توانی دیدی مرۆڤایەتی سەبارەت بەگەردون بگۆڕێت. هەبڵڵ سەرکەوتوانە تێروانینی ستاتیکییانە (نەگۆڕ)ی هەمو فەلەکناسانی سەبارەت بە گەردون هەڵتەکاند و ئەو تیورییە هاوچەرخ و نوێیەی پێشکەشکرد کە گەردون نەک هەر لە قەبارەدا سیمایەکی سنورداری نییە، بەڵكو هەمیشە لە کشان یان گەورەبوندایە. هەبڵڵ توانی ئەو بیروڕا باڵادەستەی سەرەتای سەدەی بیستەم ڕەت بکاتەوە کە دەیگوت ڕێچکە شیرییەکان[1] سەرتاپای گەردون پێکدەهێنن، ئەوەی دەرخست کە ئەم ڕێچکە شیرییانە(کاکێشانە) تەنها بەشێکی بچکۆلەن لە بلیۆنەها گالاکسی(یان گەلە ئەستێرە) تر کە گەردونی فراوانیان تەنیوە. هەبڵڵ یەکەم فەلەکناس بو کە زەمینەی خۆشکرد بۆ لەدایکبونی تیۆری هەرە نوێ و هاوچەرخی بیگ بانگ[2] .

هەبڵڵ: پیاوێک هەمیشە بە پایپەوە

هەبڵڵ: پیاوێک هەمیشە بە پایپەوە

منداڵی
هەبڵڵ لە ساڵی 1889 لە مارشفیڵد، لە ولایەتی میسوری، وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لەدایکبوە. کاتێک تەمەنی گەیشتە نۆ ساڵان، بە خاو و خێزانەوە چونە ئیلئنەس، لە ولایەتی شیکاگۆ. قامەت و باڵایەکی بەرز و ڕێک و پتەوی هەبو، هەر زو بو بە وەرزشوانی گۆڕەپان و مەیدان، لە زۆربەی موناسەبە وەرزشییەکاندا یەکەم بو. لە ساڵی 1906 دا، تۆماری بازی بەرزی لە ناوچەی ئیلینەس شکاند. هەبڵڵ، بە هەمان شێوەی وەرزش، بەهرە و خولیای لە زانستدا هەبو. دوایی چوە زانکۆی شیکاگۆ بۆ ئەوەی ماتماتیک و ئەسترۆنۆمی بخوێنێت. لێرە کەوتە ژێر کاریگەری مامۆستایەکی ئەسترۆنۆمییەوە و بو بە ئیلهامێک بۆ ئەوەی خولیای بچێتە سەر ئەسترۆنۆمی. ئەو کاتانەی سەرقاڵی خوێندن و زانکۆ نەبو، دەچو خۆی بە وەرزشەوە خەریک دەکرد ،ئەندامی تیپی باسکەی زانکۆ بو، ئەمە جگە لەوەی بەم شێوەیە لێهاتو بو، لە وەرزشی مشت – وەشێنیدا بەهرەمەند بو، بە جۆرێک ڕاهێنەرانی یاری بۆکسێن تێکۆشان قایلی بکەن بۆ ئەوەی ببێت بە بۆکسەرێکی پیشەوان، بەڵام ئەو ئەمانەی ڕەتکردەوە. ئەم دو بەهرەیەی هەبڵڵ، زانست و وەرزش، بون بە دو هۆکار کە بتوانێت لە زانکۆی ئۆکسفۆرد مەنحە وەربگرێت و بخوێنێت. بەر لەوەی مەرگ یەخەی بابی بگرێت، هەبڵڵ وەعدی پێدابو کە یاسا بخوێنێت و ببێتە پارەزێر، هەر بۆیە دەبینین، سەرباری ئەوەی لە زانستدا زۆر سەرکەوتوبو، بەڵام مەبەستی بو ئاواتی بابی بهێنێتە دی. لە ساڵی 1910 دا چوە زانکۆ. کاتێک لە تەمەنی 23 ساڵیدا گەڕایەوە بۆ ئەمەریکا، هەبڵڵ ویستی وەک پیشە ببێتە پارێزەر و بە دوی ئەم کارەدا بگەڕێت، بەڵام ژیان بە ئاڕاستەیەکی تردا جوڵا و لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی بو بە مامۆستا و ڕاهێنەری باسکە[3] .

هەبڵڵ و تەلەسکۆپی هووکەر لە چیای ویڵسن

هەبڵڵ و تەلەسکۆپی هووکەر لە چیای ویڵسن

هەبڵڵ کاتێک لە وڵاتی ئنگلتەرا بو، کاریگەری ئنگلتەرا ئەسەرێکی باشی لەسەر ژیانی تۆمارکردبو، وەک لاوە ئنگلیزەکان خۆی دەەپۆشی، پایپی دەکێشا و بە لەهجەی ئنگلیزیش دەدوا. هەرچەندە لە نێو قوتابیەکانیدا خۆشەویست بو، خۆشیان بە هەڵسوکەوتە سەیرەکانی دەهات، بەڵام هەبڵڵ مەرامی بو، ئاواتی بو کە بگەڕیتەوە بۆ زانست. لە زانکۆی ویسکۆنۆنسن Wisconsinچو کۆرسێکی کرد لەسەر خوێندنی هەورییەکان nebulae، ئەو دیاردە ئاسمانییەی کە وەک هەور و گاز دروستبون، هەر دوایش لەم بوارەدا ناوبانگی دەرکرد. لە ساڵی 1917دا، لە زانکۆی شیکاگۆ، دکتۆرا لە ئەسترۆنۆمیدا دەستەبەردەکات. چونکە لاوێکی دانسقە، وردبین و شارەزابو لە بواری ئەسترۆنۆمیدا، لە بنکەی فەزایی بەناوبانگ و دیاری چیای ویلسۆن کاری وەرگرت، ئەم بنکەیە نزیک کالیفۆرنیا بو.

گۆڕاوەکانی سێفییەد Cepheid variables
لە ساڵی 1919 دا هەبڵڵ گەیشتە بنکەی چیای ویلسن، ئەو کاتە هێشتا تەمەنی سی ساڵ بو. لەو ڕۆژگارەدا فەلەکناسان باوەڕیان وابو کە لە گەردوندا تەنها یەک گالاکسی هەیە، ئەویش بریتییە لە ڕێچکە شێرییەکان ( وشەی گالاکسی بە بناوان لاتینە). لە ساڵەکانی دواییدا، چەند گۆڕانێک هاتنە ئاراوە، بە تایبەت لە بواری تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی گەردون. لەم دەورانەدا ژنێک هەبو ناوی هێنریتا سوان لیەڤیت (1868 –1921) Henrietta Swan Leavitt بو، لە بنکەی فەزایی کۆلێژی هارڤارد کاریدەکرد. لییەڤیت جۆرە ئەستێرەیەکی کەشفکرد کە بە گۆڕاوەکانی سێفییەد ناسراوە. ئەم ئەستێرانە، بە ڕیتمێکی ڕێکوپێک گەش دەبنەوە و کزدەبنەوە( لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەم گۆڕاوە سێیەفیدیانە بە زەبەلاحە سورەکان ناسراون و تەمەنیان ئێجگار زۆرە.) لێڤییەت دەرکی بەوە کرد کە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان شەوقی ئەم ئەستێرانە و خێرایی جوڵەکەیاندا. کاتێک کەوتە بەراوردکرنی شەوقی گۆڕاوەکانی سێفییەد لە خاڵگەلێکی جیاواز لە ئاسماندا، توانی پێگەی ئەم گۆڕاوانە بە نیسبەت یەکتر و بە نیسبەت زەوییەوە دیاریبکات. بۆ یەکەمجار توانی لە مێژودا دوری نێوان بەشە جیاوازەکانی گەردون بدۆزێتەوە. بەر لەوەی هەبڵڵ لەگەڵ بنکەی فەزایی چیای ویڵسۆندا بکەوێتە کارکردن و ببێت بە بەشێک لە گروپەکە، فەلەکناسێکی تر لەوێ کاریدەکرد ناوی هارلۆ شاپلیHarlow Shapley (1885 –1972) بو، ئەم فەلەکناسە کەوتبوە تاوتوێکردنی قەبارەی ڕێچکە شیرییەکانMilky Way. شاپلی، دوای ئەوەی گۆڕاوەکانی سێفییەدی خستەگەڕ بۆ ئەوەی دورریەکانیان بپێوێت، گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە پانتاییان 300000 (سێسەد هەزار) ساڵی ڕوناکییە، ئەمەش دە ئەوەندەی ئەو قەبارەیە بو کە لە ئارادا هەبو و خەڵک باوەڕی پێبو. بەڵام شاپلیش، وەک زۆربەی هەرە زۆری فەلەکناسانی ڕۆژگارەکە، باوەڕی وابو کە تەنها ڕێچکە شیرییەکان بونیان هەیە بەس، لای وی ئەم هەورە سەیرانە، کە بە نیبۆلەی ناسراون، تەنها بڵقی گازین هیچی تر.

دۆزینەوەی گالاکسی نوێ
ئەو کاتەی هەبڵڵ گەیشتە بنکەی فەزایی ویڵسۆن، تازە بە تازە تەلەسکۆپێکی گەورەی 254 سەنتیمەترییان دامەزراندبو، ئەم تەلەسکۆپە ناوی هووکەر بو، بەقودرەترین و بەهێزترین تەلەسکۆپ بو لە جیهاندا. بەمجۆرە هەبڵڵ توانی بە هۆی ئەم تەلەسکۆپە زەبەلاحەوە بە شێوەیەکی زۆر وردتر لە فەلەکناسانی پێش خۆی لە ئاسمان بڕوانێت و ڕامانەکانی خۆی تۆماربکات. دوای چەند ساڵێکی کەم و بە شێوەیەکی ئارام و هێدی هێدی کەوتە ڕامان لە ئاسمان و تۆمارکردنی سەرنج و وردبونەوەکانی، توانی دۆزینەوەی لە ئاسابەدر ئەنجام بدات. لە ساڵی 1923 دا، گۆڕاوێکی سێفییەدی لەو بڵقە گازییانەدا بەدیکرد کە بە هەورییەکانی ئەندرۆمێدا Andromedaناسراون. دوای بەکارهێنانی تەکنیکەکانی لییەڤیت، هەبڵڵ توانی ئەوە بسەلمێنێت کە ئەندرۆمێدا نزیکەی یەک ملیۆن ساڵی ڕوناکی دورە – زۆر زیاتر لە ڕێچکە شیرییەکان دورترن، بە ئاشکراش دیارە کە بۆ خۆی گالاکسییەکی سەربەخۆیە. هەبڵ لەوەش زیاتر هەنگاوی هەڵگرت و سێفییەدی تری لە هەوری تردا دۆزییەوە و سەلماندی کە گالاکسیگەلێک لەو دیو سنورەکانی ئێمەوە بونیان هەیە. لە ساڵی 1924 دا، نامەیەکی زانستی بە ناوی ” سێفییەد لە لولپێچی هەورییەکان”دا بڵاوکردەوە و باس لە کارەکانی خۆی دەکات. لە شەووڕۆژێكدا بو بە نەناوبانگترین فەلەکناسی دونیا. خەڵک زۆر بە زویی بەو هەقیقەتە ڕاهاتن کە گەردون زۆر لەوە گەورەترە کە پێشینان وێنایان کردوە و باوەڕیان پێبوە. شاپلی، بە هەواڵەکە تەزی. دوای دۆزینەوەکە، نامەیەکی بۆ هەبڵڵ نوسی و تێیدا گوتی،” نازانم بەم هەنگاوەی تۆ سەبارەت بە پرسی هەورییەکان، شادمان ببم یان بێتاقەت، لەوانەشە هەردوکیان ببم.” لە ساڵی 1926 دا، هەبڵڵ دەستیکرد بە پەرەپێدانی سیستەمی پۆلێنکردنی ئەو گالاکسییانەی کە کەشفیکرون، بە پێی ناوەڕۆک، دوری، شێوە و شەوقیان جیایدەکردنەوە. لە میانی توێژینەوەکەیدا هەقیقەتێکی سەیری تێبینیکرد، ئەویش ئەوەبو کە لە عەرد دوردەکەونەوە. هەبڵڵ ئەم دیاردەیەی بەوەدا زانی کە ئەو ڕوناکییەی ئەم ئەستێرانە دەیخەنەڕو یان پەخشی دەکەن جۆرە دیاردەیەکیان تێدابو کە بە شیفتی سور(لادانی سور) ناودەبرێن و شەپۆلی ئەم روناکییانە وەک دەرەنجامێک گەورەدەبن یان درێژدەبن، بە هەمان شێوە ئەو ئەستێرانەی نزیک دەبنەوە بە ئاڕاستەی شیفتە شینەکە دەجوڵێن.

گالاکسییەکان لە ئەنجامی بیگ بانگەوە گەورە دەبن
بیگ بانگ بریتییە لە تیورییەک سەبارەت بە دروستبونی گەردون. بە پیێ ئەم تیوریە، گەردون لە ئەنجامی خاڵێکەوە، کە چڕییەکی ناکۆتای هەبوە، هاتوەتە ئاراوە و لە نێوان دە بۆ بیست بلیۆن ساڵ لەمەوبەر ئەم پرۆسەیە ڕویداوە. هەبڵڵ یەکەم کەس نەبوە کە ئەم شیفتە سورانە لە ڕوناکی ئەستێرە دورەکانەوە تۆماربکات. لە ساڵی 1914 دا، فەلەکناسێکی ئەمەریکی بە ناوی ”ڤێستۆ سلایفەر” سەرنجیدا و هەمان دیاردەی بەدیکرد، بەڵام تێبینییەکانی نەبون بەهۆی ڕآکێشانی سەرنجی زانایان. هەبڵڵ، دوای دە ساڵ ڕامانەکانی خۆی خستە سەر کاخەز، جگە لەوەی ئەو زانیارییەشی هەبو کە گەردون لە گالکسییەک زیاتری تێدا هەیە.

گەردون لە گەورەبوندایە
هەبڵل بە هاوکاری یاریدەدەرەکەی، میڵتۆن هیوماسۆن[4] ، توانی دوری ئەو گالاکسییانە بپێوێت کە لە پرۆسەی دورکەوتنەوەدان، لە ساڵی 1927 دا ئەو فۆرمیولایەی بەرجەستەکرد کە دوایی بە یاسای هەبڵڵ ناسرا: یاساکەی هەبڵ دەڵێت کە هەتا دوری گالاکسییەکە زیاتربێت، ئەوا ئەو گالاکسییە خێراتر دوردەکەوێتەوە. هەبڵل نەیتوانی لەو دەرەنجامە ڕابکات کە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ئەو گەردونەی هەمیشە وەها تەبەنناکراوە کە سیمایەکی ستاتیک و نەگۆڕ لەخۆدەگرێت، لە ڕاستیدا لە پرۆسەی گەورە بون و کشاندایە. دوای دو ساڵ هەبڵل ڕێژەی ئەم گەورەبونە، یاخود وەک هەندێک دەڵێن کشانەی حسابکرد و ڕێژەکەش بە نەگۆڕی هەبڵڵ ناسراوە (H). ئەم دۆزینەوەیەی هەبڵڵ بوە یارمەتیدەرێک بۆ فەلەکناسان کە بتوانن خێرایی دورکەوتنەوەی هەر گالاکسییەک دیاری بکەن، خێراییەکەش دەکاتە [ خێرایی = نەگۆڕی هەبڵڵ Xدوری(v = H x distance) ]. لە ڕاستیدا هەبڵڵ بەهایەکی زۆر گەورەی بۆ نەگۆڕی هەبڵڵ دانابو، هۆکاری ئەمەش ئەوەبو کە هەبڵڵ ڕەچاوی ڕێچکە شیرییەکانی وەها کردبو کە لە هەمو گالاکسییەکان گەورەتربون، گەردونیش زۆر لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆی لاوتربو.

ئاینشتاین سەردانی هەبڵل دەکات.

ئاینشتاین سەردانی هەبڵل دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا هاوکێشەکەی بەهای خۆی هەر هەبو، چونکە دوای ئەوە فەلەکناسان یەک لە دوی یەک پێداچونەوە و خوێندنەوەیان بۆ نەگۆڕی هەبڵڵ دەکرد و توانیان بەکاری بهێنن بۆ حسابکردنی قەبارە و تەمەنی گەردون. دوایی بەهای نزیکەیی نیوەتیرەی گەردونیان بە بەرزترین پلە خەمڵاند، کە 18 بلیۆن (هەژدە بلیۆن) ساڵی-ڕوناکی بو و ئنجا باوەڕیشیان وابو کە تەمەنی گەردونیش لە نێوان 10 بۆ 20 (دە بۆ بیست) بلیۆن ساڵە. ئەم دۆزینەوە درامائامێزانەی هەبڵڵ هەر زو بون بە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی فیزیکناسی بەناوبانگ ئەلبێرت ئاینشتاین. لە ساڵی 1915 دا بو کە ئاینشتاین تیورییەکەی خۆی لەمەڕ ”نسبیەتی گشتی” پێشکەشکرد، ئەم تیورییە ئەوەی پێشنیازکرد کە لە سایەی کاریگەری هێزی کێشکردنەوە، گەردون یا لە گەورەبوندایە، یاخود لە چونەیەکدا(بچوکبونەوەدا)یە.هەرچەندە لەو سەردەمەدا زۆربەی هەرە زۆری فەلەکناسان باوەڕیان وابو کە گەردون لە حاڵەتی ستاتیک(وەستان)دایە، بەڵام ئاینشتاین هیشتا ئەوەندە شارەزایی لە پرسەکانی ئەسترۆمیدا نەبو کە بتوانێت خۆی یەکلایی بکاتەوە. بەمجۆرە هات و یەکەیەکی تازەی بە ناوی هێزێ – دژە کێشکردنەوە anti-gravity force خستە دوتوێی هاوکێشەکەیەوە، ئاینشتاین ئەم زاراوە نوێیەی ناونا نەگۆڕی کۆسمۆلۆژی ”cosmological constant” . دۆزینەوەکانی هەبڵڵ هەقیقەتی تیورییەکەی ئاینشتاینی سەلماند، بەڵام خۆی، واتە ئاینشتاین، هەر مەیلی بە گەردونێکی ستاتیک هەبو، دوایی ئاینشتاین لە کۆتاییەکانی ژیانیدا ئەمەی بە گەورەترین هەڵەی ژیانی خۆی ناساند، تەنانەت هەر خۆی لە ساڵی 1931دا چو بۆ بنکەی چیای ویلسۆن و سوپاسی هەبڵڵی کرد چونکە ئەو واتە هەبڵڵ هەڵەکەی ئاشکراکردوە. لە ساڵی 1936 دا، هەبڵڵ و کتێبەکەی ”مەملەکەتی نەیبولا” وەک ئەستێرەیەکی مەزن ناسێنرا. کاتێک لە ساڵی 1941دا جەنگ بەرپابو، هەبڵڵ سوربو لەسەر ئەوەی کە بچێتە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ، دوایی قایلیانکرد کە کەسێکی وەک وی زیاتر سودی دەبێت بۆ نیشتیمانەکەی ئەگەر بێتو وەک زانایەک لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ دوربکەوێتەوە و بچێتە بەرەکانی دواوە، بەمجۆرە بوە بەرپرسی تۆپە قورسەکان و ناوەندی توێژینەوە لە ماریلاند. هەبڵڵ، بەر لە جەنگ و دوای جەنگیش، ڕۆڵێکی سەرەکی یاریکرد لە دیزاینکردن و بنیاتنانی تەلەسکۆپی هەیڵڵ (Hale) لە سەر چیای پالۆمەر، لە کالیفۆرنیا. هەیڵ Hale، ئەو تەلەسکۆپەی لە ساڵی 1948دا تەواوبو، تیرەکەی پێنچ مەتر و هەشت سانتیمەتر بو، چوار ئەوەندەی تەلەسکۆپی هووکەر بەهێزبو، جگە لەوەی هەتا چل ساڵی ئایندەش گەورەترین تەلەسکۆپ بو لە هەمو دنیادا. هەبڵڵ ئەو شەرەفەی پێ بەخشرا کە یەکەم کەس بێت تەلەسکۆپەکە بەکاربهێنێت. کاتێک ڕۆژنامەنوسێک لێێ پرسی ” چاوەڕوانی چی دەکەیت؟” لە وەڵامدا گوتی ” بەو هیوایەم شتێک بدۆزینەوە کە چاوەڕوانکراو نەبێت.”

تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵڵ HST
لەوانەیە هەبڵڵ لە هەمو کەس زیاتر تێگەیشتنی مرۆڤی سەبارەت بە گەردون فراوان کردبێت. هەر بۆیەش ئەمڕۆ شایستەی ئەوەیە بە تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵڵ خەڵک یادی بکەنەوە، ئەو تەلەسکۆپە زەبەلاحەی بە ناوی هەبڵڵ خۆیەوە دروستکراوە. ئەم تەلەسکۆپە بریتیە لە بنکەیەکی گەورەی فەزایی تێڕامان و نایابترین وێنە و دیمەنی ئاسمانمان پێشکەشدەکات. ئەو تەلەسکۆپانەی لەسەر ڕوی عەرد هەن، هەرچەندە گەورە و زەبەلاح بن، هەرگیز ناتوانن وێنەی جوان و وردمان بۆ فەراهەم بکەن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوایەی دەوری گۆی زەوی داوە دەبێت بە هۆی گۆڕان لەو ڕوناکییەی لەو دیو سنورەکانی زەوییەوە دێن و وێنەکان و فۆتۆکان پشێوییان تێدەکەوێت. تەلەسکۆپی هەبڵڵ، کە لە ساڵی 1977 وە دەستکرا بە بنیانانی و لە نیسانی 1990وە لە فەزادا کەوتە کارکردن.ڕۆڵ و کارکردنی ئەم تەلەسکۆپە لە دەرەوەی فەزای زەویە و ئەو وێنە و فۆتۆیانەی ڕەوانەی تاقیگەکان و بنکە فەلەکییەکانی دەکات زۆر ڕونترن و وردەکارییەکی زۆر زیاتریش لەخۆدەگرن. ئامێرەکانی تەلەسکۆپی هەبڵڵ نەک هەر توانای کەشکفکردنی ڕوناکی بەرچاویان هەیە، بەڵکو قودرەتیان هەیە کە ڕوناکییەکانی ژور بنەوشەیی و ژێر بنەوشەییش کەشف بکەن.

تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵڵ

تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵڵ

کامێراکانی دەتوانن جۆرە وردەکارییەک لە فۆتۆکانیاندا فەراهەم بکەن کە دە جار گەورەتر بێت لەو وێنانەی کە گەورەترین تەلەسکۆپی سەر عەرد بەدەستی بهێنێت. وەک دەرەنجامێک، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا فەلەکناسان دەتوانن لە تەنە ئاسمانییە دورەکانیش بە جۆرێکی وەهاجوان وردببنەوە کە لە رۆژگاری هەبڵڵ و هاوچەرخانیدا ئەمە جگە لە خەونێک هیچی تر نەبو.

ساڵانی دوایی ژیانی هەبڵڵ.
هەبڵڵ زۆ خەڵات و پاداشی وەرگرت. لە ساڵی 1940دا مەدالیای نایابی پێ بەخشرا، لە ساڵێ 1948دا لە کۆلێژی کوین، لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، وەک ئەندامی شەرەف هەڵبژێردرا. بەڵام ئەوەی لێرەدا مایەی سەرنجە ئەوەیە کە لەو ڕۆژگارەدا خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەسترۆنۆمی لە ئارادا نەبو، کاتێکێش لیژنەی نۆبڵ بڕیاریدا کە ئەسترۆنۆمی ببێت بە لقێکی فیزیا، ئەوا هەبڵڵ لە دونیا دەرچوبو، وەفاتی کردبو. هەبڵڵ، هەتا دوا ڕۆژەکانی ژیانی، سەرقاڵی کارکردن و ڕامان بو لە هەردو بنکە فەزاییەکانی چیای ویڵسۆن و چیای پالۆمار. لە ڕۆژی 28ی ئەیلولی 1953دا، جەڵتەی دەماخ لێێدا و خستی و بۆ یەکجارەکی لەم دونیایە ماڵئاواییکرد. ئەفسانەی هەبڵڵ لەمەڕ ئەسترۆنۆمی زۆر گەورەبو، توانی جیهانبینی مرۆڤایەتی سەبارەت بە گەردون و چۆنیەتی پێکهاتنی گەردون و پێگەی مرۆڤ خۆشی تێدا بگۆڕێت. دۆزینەوە و تیورییەکانی هەبڵڵ سەبارەت بە گەورەبون و کشانی گەردون زەمینەخۆشکەربون بۆ ئەوەی دوایی زانایان بتوانن تیوری بیگ – بانگ پەرەپێبدەن، ئەو مۆدڵە گەردونییەی کە هەتا ئێستاش گرنگی و هێز و دەسەڵاتی خۆی هەر ماوە و وەک تۆکمەترین تیوری کۆسمۆلۆژی سەبارەت بە بناوانی گەردون لە ئارادایە و زۆربەی فەلەکناسان و ماتماتیکناسان متمانەیان پێیەتی. بە گوێرەی ئەم تیورییە، گەردون نزیکەی دە تا بیست بلیۆن ساڵ لەمەوبەر، لە نوقتەیەکی زۆر بچکۆلە، کە پلەیەکی گەرما و چڕییەکی لە ئاسابەدەر بەرزی هەبوە، دەستیپێکردوە و لەو کاتەوە لە کشان و گەورەبوندایە.
هەبڵڵ، خۆی ئەوەندە فەلەکناسێکی وردبین و سەرنجدەرێکی وەها بلیمەت بو کە مەبەستی بو لایەنی واریکردنی تیورییانەی ڕامانەکانی خۆی بۆ خەڵکان و پسپۆڕانی ترجێبهێڵێت بۆ ئەوەی کاری تێدابکەن. ئەوەی هەبڵڵ کردی و لە توانایدا بو بەدەستی بهێنێت تەنها سەرنجدان و ڕامان بو لە ئاسمان لە چاوی تەلەسکۆپەکانەوە، هەروەک چۆن هەبڵڵ خۆی دەڵێت، ” مرۆڤ، بەهۆی هەر پێنچ هەستەکەیەوە دەتوانێت گەردونی دەوروبەری خۆی تاووتوێ بکات و ناوی بنێت سەرکەشی زانست.”


پەراوێزەکان

[1] ڕێچکە شیرییەکان، یان کاکێشان، بەو گەلە هەسارەیە دەگوترێت کە سیستەمی خۆر لەخۆدەگرێت.

[2]- لە راستیدا هەبڵڵ ئەوەندە بە چاوی بایەخەوە لەم پرسی بیگ بانگەی نەڕوانیوە، ئەو کەسێکی تاقیکار  و سەرنجدەر بوە زیاتر وەک لەوەی کە تیوریست بێت. تەنانەت کاتێک لە ساڵی ١٩١٥ دا، ئاینشتاین تیوری نسبی گشتی بڵاوکردەوە، فیزیکناسان و ماتماتیکناسان و فەلەکناسان کەوتنە شرۆڤەکردنی هاوکێشە کۆسمۆلۆژییەکان، ئەو هاوکێشانەی لە تیورییەکەدا تایبەت بون بە گەردون، هەر یەک لە دی سیتەری هۆڵەندی، فرەیدمانی ڕوسی و لێ مایترێی بەلژیکی گەیشتنە ئەو دەرنجامەی کە ئەم تیورییەی ئاینشتاین ئەوە دەردەخات کە گەردون لە کشاندایە و ستایتک نییە، کەچی هەبڵ هیچ ئاگاداری لەم پەرەسەندنە بەرچاوانەی ئەو ڕۆژگارە پڕ لە گۆڕانە نەبو.

[3]- لای جۆن گریبن، فیزیکناس و فەلکناس و مێژوناسی گەورەی زانستی بەریتانی ئەو وەسفانەی هەبڵڵ، کە زۆریان لە زاری خۆیەوە هاتون، زێدەڕۆیی تێدایە. بێگومان جۆن گریبن نایەوێت، یان لە روی نایەت، بڵێت کە فشەکەرە.

[4]- لە هاوینی 1905 دا، وەک  هەرزەکارێکی چواردە ساڵان بۆ پشوی هاوین ڕویکردە چیای ویڵسۆن، ئەو چیا بەرز و دڵڕفێنەی دەکەوێتە باکوری لۆس ئەنجلس، لە کالیفۆرنیا. ئەم مێردمنداڵە خولیای وردبونەوەی چوە سەر ئەستێرەکان و شەوانە هۆگری جوانی و ئاپورای پڕ لە ئەستێرەی ئاسمان بو. ئەو هاوینە خۆشترین کاتی لەم چیایە بەسەربرد، بە هیچ جۆرێک نەیوست بگەڕێتەوە بۆ شار بۆ تەواوکردنی خوێندن. ئەو سەردەمانە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، یاسای ولات بە جۆریک بو کە خەڵکانێک تەمەنیان چواردە ساڵان بو بواریان هەبو بە شێوەیەکی فوڵ – تایم کاربکەن. ئەم لاوە ناوی میلتۆن هیومەیسۆن بو. لەوێ لە ئوتێلێکدا کەوتە کارکردن. هەر لەو ساڵەدا بنکەی فەزایی ویلسن بنیاتنرا.

سەرچاوە:
The Great Scientists: From Euclid to Stephen Hawking. By John Farndon, (2005).Kindle Edition.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *