چۆن دەبیتە فیزیاییەکی تیۆریی خراپ

t-hooft-1000

نووسینی: جێیرارتت هۆفت، ئینستیتیوتی فیزیای تیۆری، زانکۆی ئوترێخت، براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی ١٩٩٩

وەرگێڕان بە دەستکارییەوە: موحسین بورهان

پرۆفیسۆر جێیرارتت هۆفت  کە فیزیکزانێکی هۆڵەندییە و مامۆستاشە لە زانکۆ لە ئوترێختی هۆڵندا، هەروەها براوەی خەڵاتی نۆبڵە لە بواری فیزیای تیۆریدا،لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی بە تۆنێکی تەنز ئامێزەوە ئەم بابەتەی نوسیوە، ئەو تیشک دەخاتە سەر ئەو شێواز و ڕێکارانەی کە بە هۆیانەوە کەسێک کە  لە بری بوون بە فیزیاییەکی باش دەگۆڕیت بۆ کەسێکی نازانستی و فیزیاییەکی خراپ. جیرارتت باس لە تایبەتمەندی و سیفەتەکانی ئەو کەسانە دەکات کە بە زانستی ساختە و درۆیینەوە خەریکن و لەهەمان کاتدا خۆیان وەک نوێنەری سەرەکی زانستی ڕاستەقینە نیشاندەدەن. ئەم بابەتە بۆیە گرنگ و شایانی بایەخ پێدانە چونکە چەندە گرنگە بزانین فیزیاییەکی باش چۆنە، بەهەمان ڕادە گرنگە بزانین فیزیاییەکی خراپ و ساختە  چۆنە.

“بون بە فیزیاییەکی خراپ زۆر ئاسانترە لەبوون بە فیزاییەکی باش. من ئاگاداری چەندین چیرۆکی سەرکەوتنم لەسەر ئەم بابەتە. ئینجا خەمت نەبێت: گەر من تیۆری یان شێوازەکانی تۆم پێ قبوڵ نیە، ئەوە بەمانای ئەوە نایە کە تۆ تیۆریستێکی خراپ بێت. تۆ دەکرێت چەندین دۆزینەوەی گەورەت هەبێت یان ئەگەر بەختت باش بووبێت دەکرێت تەنانەت براوەی خەڵاتی نۆبلیش بیت.
تیۆریستە باشەکان و هەروەها خراپەکانیش هەموویان هەڵە دەکەن، زانست سەرەڕای هەڵەی خەڵکی، پێشدەکەوێت. ئێمە تیۆرییەکان دائەنێنن، تەنانەت ئەوانەش کە بەتەواوی ڕاست نین و بەهەر ڕێگەیەکی سەیر کە بتوانین تەسەوری بکەین تاقییاندەکەینەوە. هەربۆیە لەئەنجامدا ئێمە هەڵەکان دەسڕێنەوە و دیدگەلێکی تازەی سەرسوڕهێنەر بەدەست دەهێنین. جیاوازی نێوان تیۆریستێکی باش و دانەیەکی خراپ ئەوەیە کە تیۆریستە باشەکان عادەتەن بەدوای ناتەواوی و کەموکورتیەکانی تیۆرییەکەیانی خۆیان دەگەڕین و دەستنیشانیان دەکەن. ئەوان هەرگیز ناترسن لە فڕێدان و بەلاوەنانی ئەو تیۆرانەی قابیلی چاککردنەوە نین. لەکاتی فێربوونی فیزیادا وەکو خوێندکارێک، هەموومان ویستی ئەنجامدانی دۆزینەوە و کەشفە گەورەکانمان هەیە، بۆیە هەر زوو دەستدەکەین بە داتاشین و دروستکردنی تیۆرییە تایبەتەکانی خۆمان. ئەگەر چی عادەتەن هەڵەن بەڵام کێشە نییە، ئێمە لە هەڵەکانمانەوە شت فێر دەبین.

                                                                                   ڕێگاکانی بوون بە تیۆریستێکی خراپ

خۆت بەراورد بکە بە ئیسحاق نیوتن و ئالبێرت ئانیشتاین و پۆڵ دیراک، یان زانا مەزنەکانی دیکەی نێو بواری فیزیایی تیۆری و ئینجا لەکۆتادا بە سودی خۆت دەرەنجامگیری بکە. تێبینی ئەوە بکە کە تیۆریشنە باشەکان ئەم فیزیکزانە بەناوبانگانە بە پیرۆز دانانێن؛ هیچ کامێکیان بێ هەڵە نەبوون، بەڵکو ئەوە ئاشكرایە کە مێژوونوسانی زانست تەنیا ژمارەیەکی کەمیان لەوان بەباشی ناسیوە، هەروەها هێچ کاریگەریەکان لەسەر فیزیکی مۆدێرن نیە.
هەوڵبدە کارەکانت پەیوەست بکەیتەوە بە بابەتە نهێنیی و شاراوەکانی وەکو تێلیپاثی(telepathy) و (consciousness). بانگەشەی ئەوە بکە کە ئەو کێشانەت چارەسەرکردووە کە چەندەها ساڵ زاناکان نەیانتوانیوە حەلی بکەن و ئەوانی دیکە بەتەواوی توڕە بکە. بێگومان تۆ چاوەڕێ دەکەیت یەکسەر ناوبانگ دەرکەیت، بەڵام بەداخەوە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە تیۆریستە باشەکان هاوکێشە و دیاردەگەلێکیان هەیە ناوی ئەوانی لێ نرابێت. ئەمە لەبەرئەوەیە کە هاوکارەکانیان پەی بە گرنگیان دەبەن و لەبەرئەوەی دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت ناوێک لەم هاوكێشە و دیاردانە بنێن، هەربۆیە ئەم شەرەفە دەبەخشن بە دۆزەرەوەکانیان. بەڵام فیزیکزانێکی خراپ دەمودەس و بێ و وەستان، ناوی خۆی لە هاوکێشەکان و دیاردەکانی خۆی و تەنانەت سەرتاپای تیۆریەکەی دەنێت. ڕووقایمی و بێشەرمی لە لکاندنی ناوی خۆت بەو شتانەوە کە پێت وایە کەشفت کردوون لە کۆمەڵگای زانستیدا کارێکی شیاو نیە و لە عەرزی واقیعدا نەشارەزایی و ناکارامەیی تۆ ئاشکرادەکات. ئەگەر تیۆریستێکی باش بگەڕێتەوە بۆ سەر هاوکێشەیەک کە هاوکارەکانی ناویان ئەویان لێنابێت، ئەوە هەوڵدەدات، ئەگەر هەبێت، بە ناوێکی جیاوازترەوە بەکاریبهێنێت.
لە ڕێگەی بوون بە تیۆرستێکی خرپدا، تیۆرییە مناڵانەکەی خۆت خۆش بوێت و بەدوای هەڵەکانی دا مەگەڕێ، گوێ لەو کەسانە مەگرە کە باسی لاوازی و هەڵەکانی دەکەن و دەستبکە بە پیاهەڵدان و وەسفکردنی عاقڵی و ژیرێتیی خۆت. هەوڵبدە هەموو ڕەخنەکان پشتگوێ بخەیت و کارەکەی خۆت هەرچۆنێک بێت چاپ و بڵاوبکەیتەوە. گەر میدیا زانستیە باوەڕپێکراوەکان ڕەتیان کردوە کارەکەت بڵاوبکەنەوە، ئەوە بڕۆ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی تایبەت خۆت دامەزرێنە و هەر خۆت کتێب و کارەکانی خۆت هەڵسەنگێنە و بڵاویان بکەوە. ئەگەریش بەڕاستی زیرەک بێت ئەتوانیت جۆرناڵێکی(گۆڤاری زانستی) پرۆفیشناڵی فیزیک بدۆزیتەوە کە سەرنوسەرەکەی دایم خەوی لێکەوتبێت! بۆ ناسینەوەی جۆرناڵیکی لەم جۆرە، تەنها سەیرێکی لیستی ناوی دەستەی هەڵسەنگاندنی جۆرناڵەکە بکە لەسەر بەرگەکەی، زیاتر لە سەدا پەنجایان کۆچی دواییان کردووە. هەموو ئەوانەی کە ڕەخنەت ئاراستە دەکەن تۆمەتباریان بکە بەوەی کە کورتبینن. ئەمە کارێکی ئاسانتر و خۆشترە و پێویست بەوە ناکات بڕۆیت خۆت ماندوو و شەکەت بکەیت بە پێداچوونەوە و پشکنینی ئەنجامەکانت، ئەگەریش بەگوێرەی پێویست قسەزان بیت ئەوە ڕەنگە لایەنگرانێکی زۆریش لە دەوری خۆت کۆبکەیتەوە.
هەنگاوی دواتر ئەوەیە دەبێت ڕیکلام بۆ کارەکەی خۆت بکەیت. بەئەگەری زۆر ناو و ناوبانگەکەت هەریەکە لە (arxiv.org) و ویکیپیدیا(wikipedia.org) والێدەکات پەیپەرەکانت وەرنەگرن و ڕەتیبکەنەوە (پیرۆزە، هەرچۆنێک بێت ئەوان پێداچوونەوە بۆ بابەتەکان ناکەن)،بەڵام تەنانەت لەم حاڵەتەشدا تۆ ئەتوانی وێبسایت و بلۆگ و پەیجی تایبەت بەخۆت دامەزرینێت و پەنجەرە ڕیکلامییەکانی گوگلیش بکڕیت. بەس ژمارەی سایتەیشنەکانی پەیپەرەکانت بەهیچ شێوەیەک نیشان نەدەیت( چونکە تەئکید کەس بەکاریان ناهێنێت) بەڵکو لەجیاتی ئەوەدا (ژمێرەرێک) (کاونتەرێک) بۆ سایتەکەت دابەزێنە تاکو ژمارەی ئەو جارانەی خەڵکی بە هەڵە پەیپەرەکەکانت دانڵۆد دەکەن بژمێرێت. لەمەشدا خەمت نەبیت، چونکە زۆرێک لە خەڵکی هەموو جۆرە شتێک داونڵۆد ئەکەن بێ ئەوەی بزانن چیە؛ هەربۆیە زەمانەتی ئەوەت هەیە ژمێرەرەکە ژمارەیەکی بەرز نیشان بدات و تۆش ئەتوانیت بە شانازیەوە ئەو ژمارانە بەخەڵکی ڕابگەیەنیت.
زۆرێک لەخەڵکی تەنیا تا نیوەی رێ دێن. ئێستا لەمە بەدواوە ئەوەی ئەیڵێم تایبەتە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە فیزیاییەکی تەواو خراپ. تێبینی ئەوە بکە کە تۆ هێشتا کێشەیەکت هەیە. تۆ، هاوڕێکانت و خێزانەکەت و بەقاڵ و دوکاندارەکانی ناوبازاڕ و تەنەنات ڕادیۆیەکی مەحەلیت قەناعەت پێهێناوە دەربارەی مەزنی تیۆریی و ڕاکەی خۆت. بەڵام ژمارەیەک لە فیزیکزان هەن وەکو جێیرارتت هۆفت کە زۆر بەبێ شەرمانە پێت ئەڵین تیۆریەکەت پڕپوچ و بێمانایە! ئایا ئەبێت تۆ بە جدی وەریان بگریت و حساب بۆ قسەکانیان بکەیت؟ بێگومان نەخێر. هەوڵمەدە وردەکاری ئەنجامەکانی خۆتیان پێ نیشیان بدەیت چونکە هەرچۆنێک بێت لەبیرت نەماون و ڕەنگە لەوکاتەدا نەتوانی دەسبەجێ ئەنجامەکانت دووبارە دروستبکەیتەوە. بەردەوام پیان بڵی: بڕۆ بۆ دۆزەخ! ئەو ڕەخنەگرە ئیزعاجانە بەراوردبکە بە نازیەکان و بە کەیسی قانونی و یاسایی هەڕەشەیان لێبکە.
زۆرچاکە، ڕەنگە چەند کەسێکی وەک خۆت بدۆزیتەوە کە وەک تۆ بیردەکەنە و هاوڕات بن و بڵێن ئانیشتاین و هەموو زاناکانی تر ‌بەتەواوی هەڵەن و زانستی سەردەم پیلان و موئامەرەیەکی گەورەیە. لێرەدا هەوڵمەدە لە وردەکاری ئارگومێنتەکانی برادەرەکانت بکۆڵیتەوە (چونکە هەرچی بکەیت ناتوانێت مانا بە هیچ کامێکیان ببەخشی). بەڵکو بچۆ سەردانی سایت و بلۆگ و پەیجەکانیان بکەو بە شان و باڵیاندا هەڵبدە و وەسف و دەسخۆشییان لێبکە. ئیحتمالەن پێکەوە سەنگەرێکی بەهێز و تۆکمە دروست دەکەن و نەیارە گشتییەکانیشتان وەکو جێیرارتت هۆفت هەر زوو پاشەکشە دەکەن.
گەر ئەم ڕێگایەت بۆ سەرخستنی تیۆریەکانی خۆت هەڵبژاردووە ئەوە تۆ بێگومان براوەی ڕاستەقینەی ئەم بابەتەی.
***
لەبەر هەندێ هۆکار بڕیارم دا خۆم بەدوور بگرم لە لیستکردنی ناوی ئەوکەسانەی کە سەرکەوتوبوون لە بەدەستهنانی نازناوی «فیزیکزانی خراپی بواری تیۆری». کەچی سەرەڕای ئەمەش، هێشتا کاردانەوەی توند و توڕەم پێدەگات لە کەسانێکەوە کە لەوەدەچێت کاراکتەری خۆیان لێرەدا دۆزیبێتەوە. من ناتوانم کارێکی ئەوتۆ ئەنجام بدەم. ئەم بابەتە ئیلهامە لە چالاکی خەڵکانێکی ڕاستەقینە و هیچ یەکێک لە وەسفەکان بۆ سەر یەک کەسی تایبەت ناگەرێتەوە.
لێ یەک جیاکاری هەیە کە من ناتوانم بەرگەی نەهێنانی و ئاشکرانەکردنی ناوی بگرم. لەم کۆتایانەدا زانکۆیەک بە ناوی ماریۆن ئیڤانس(Myron Evans University) دامەزراوە، ئەوانەی کە تامەزرۆن و ئەیانەوێت ببن بە پسپۆڕ لەم بوارەدا دەتوانن لەم زانکۆیەدا پلەی ماستەر و دکتۆرا بەدەست بهێنن. خۆتان لە گۆگڵ بگەڕێن بۆی دڵنیاتان ئەکەمەوە شتگەڵیکی سەیر و سەمرەتان بەرچاو ئەکەوێت لەسەری.”

سەرچاوە:
سایتی زانکۆی ئوترێخت
https://www.staff.science.uu.nl/~hooft101/theoristbad.html

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *