ئێرنست ڕەزەرفۆرد (١٨٧١ – ١٩٣٧)

نوسینی: شێرکۆ ڕەشید قادر

” زانست، هەر هەموی یان فیزیایە، یان بریتییە لە پول – کۆکردنەوە.” رەزەرفۆرد
” ئێمە پارە و پولمان نییە، کەواتە پێویستە بیربکەینەوە.” رەزەرفۆرد

لە مێژودا هیچ زانایەک هێندەی رەزەرفۆرد سەبارەت بە شەبەنگی ڕادیۆئەکتیفی زانیاری پێشکەش نەکردوە و هیچ کەسیش هێندەی وی سروشتی ڕاستەقینەی شەبەنگی واڵا نەکردوە. جگە لەوەی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوە لە پێشکەوتنی دیدی مرۆڤ سەبارەت بە هەیکەل و بونیاتی ئەتۆم، ئەمە و هەر ئەویش بناخەی دانا بۆ دیسپلینی نوێێ فیزیکی ناوکی.

ژیانی سەرەتایی

رەزەرفۆرد، لە ساڵی ١٨٧١ لە نیوزیلاند، لە خێزانێکی گەورەی دوازدە منداڵیدا هاتوەتە دونیاوە و منداڵی چوارەمی خانەوادەکەیانە. لە تەمەنی شازدە ساڵیدا توانی مەنحەی کۆلێژ دەستەبەربکات. لە باری ئەکادیمییەوە ئەوەندە زیرەک بو دیسانەوە توانی مەنحەیەکی تر لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا فەراهەم بکات و بچێتە کۆلێژی کانتبێری و دواییش لە ساڵی ١٨٩٢ بەکالۆریسی بەدەستهێنا و ساڵی ئایندەش ماتماتیک و فیزیکی خوێند و ماستەری وەرگرت.

رەزەرفۆرد ساڵێکی تریش مایەوە بۆ ئەوەی توێژینەوەی زیاتر لە فیزیکدا ئەنجام بدات. ویستی خاسیەتەکانی موگناتیسی مادەی ئاسن بخوێنێت، بە تایبەت کاتێک ڕوبەڕوی تەزویەکی کارەبایی گۆڕاوی شەپۆلی بەرز دەبێتەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە، هات و میکانیزمێکی تایبەتی دروستکرد کە توانای پیوانەکردنی بچوکترین پێوەری کاتی هەبو کە بریتی بو لە یەک لە سەد هەزاری چرکەیەک. دەرەنجامەکانی خۆی لە نامەیەکی زانستیدا خستەڕو کە بەس بون بۆ ئەوەی لە ساڵی ١٨٩٥ دا مەنحە وەربگرێت و بچێت بۆ ئنگلتەرا بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بێت.

لە ساڵی ١٨٩٥ دا، کە تەمەنی بیست و سێ ساڵان بو، خاوەنی سێ بەکالۆرییەت بو، ناوبانگیشی وەک توێژەرێکی تەجریبی لە بواری کارەبا و موگناتیسدا بۆ خۆی فەراهەم کردبو، نیوزیلاندای بەجێهێشت و چوە زانکۆی کامبریچ. لێرە بڕیاریدا، لە تاقیگەی کاڤێندیش، لەگەڵ جەی.جەی. تۆمسن دا کاربکات. هەر زوو توانی میکانیزمێک دروست بکات کە توانستی هەبێت شەپۆلەکانی ئەلکترۆموگناتیسی لە دوری چەند مەترێکەوە کەشف بکات، تەنانەت ئەگەر دیوارێکی خشتیش لە نێواندا هەبێت. دوای ماوەیەک کارکردن سەبارەت بە وردی و هەستیاری ئەم ئامێرە، توانی لە شوباتی ١٨٩٦ دا، قودرەتی هەستیاری ئامێرەکە وەها گەورە بکات کە لە دوری چەند سەد مەترێکەوە بتوانێت ئەلکترۆموگناتیس کەشف بکات، بە جۆرێک هەتا ئەو کاتە هیچ کەسێک ئەو ریکۆردەی بەدەست نەهێنابو.

پرۆفیسۆر تۆمسن، کە بۆی دەرکەوت رەزەرفۆرد بە هرەیەکی لە ئاسابەدەری بۆ توێژینەوە هەیە، لە ساڵی ١٨٩٦ دا بانگهێشتیکرد بۆ ئەوەی لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا بەشداری بکات. لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردودا (١٨٩٥)، فیزیکناسی ئەڵمانی، ویلهلم رۆنتگن دۆزینەوەکانی خۆی لەمەڕ شەبەنگی – ئێکس بڵاوکردەوە و تۆمسن داوای لە رەزەرفۆرد کرد کە لەو توێژینەوانەدا یارمەتی بدات کە پەیوەستن بە کاریگەری گوزەرکردنی هێڵی روناکی شەبەنگی – ئێکس بە نێو گازدا، دوایی بۆیان دەرکەوت کە شەبەنگی – ئێکس بڕێکی زۆر لە ئایۆنەکان بەرهەم دەهێنێت – ئەو ئەتۆمانەی بارگەی کارەبایی پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤییان وەرگرتوە، ئەویش بە هۆی ونکردنی ئەلەکترۆنێک یان زیاتر- ئنجا ئەم ئایۆنانە یەکدەگرنەوە بۆ ئەوەی مۆلیکیولە نیوترالەکان دروسبکەنەوە یان پێک بهێننەوە. کاتێکیش بە تەنها دەستی بە کارکردن کرد، توانی میتۆدێک بدۆزێتەوە بۆ پێوانەکردنی ئەو خێراییەی کە ئایۆنەکان یەکدەگرنەوە.

توێنژینەوە لە رادیۆئەکتیڤیتی

هەر هەمان ساڵ، لە پاریس، فیزیکناسی فەرەنسی ئەنتۆین – هێنری باکیرول ئکتشافێکی سەرسوڕهێنی ئەنجامدا. ئەویش کاتێک پاکەتێک خوێی یۆرانیومی لەسەر تەبەقێکی فۆتۆگرافی لە چەکمەجەیەکدا بەجێهێشت، دوایی سەیری کرد کە خوێکە بەسەر تەبەقەکەوە تەمێکی دروستکردوە. شتێکی ئاشکرابو کە لە ئەنجامی جۆرە شەبەنگێکەوە پەخش دەبون. لە ساڵی ١٨٩٨ دا، ماری کیوری، کە قوتابی باکیورل بو، لەگەڵ مێردەکەیدا، پیێری چەند جۆرە توخمێکی تریان دۆزیوەتەوە کە شەبەنگ پەخش دەکەن. ماری کیوری زاراوەی ‘رادیۆئەکڤیتی’ radioactivity’ بەکارهێنا بۆ وەسفکردنی دیاردەکە.

رەزەرفۆرد بڕیاریدا کە دەست بکات بە توێژینەوە لەم دیاردەیە. بۆی دەرکەوت، بە هەمان شێوەی شەبەنگی ئێکس، کاتێک رادیۆئەکتیڤیتی بە هەوادا گوزەردەکات، ئایۆن بەرهەم دەهێنێت. هەرچۆنێک بێت، ئەم بە شێوەی تیشکی ئێکس نییە، چونکە لە جۆرە تیشکێکی تایبەت پێکدێت. جۆری یەکەم، کە رەزەرفۆرد ناوی لێنا تیشکەکانی ئەلفا، بڕێکی بێشومار لە ئایۆنەکان دروست دەکات، بەڵام زۆر بە ئاسانی لە لایەن روەکانەوە هەڵدەمژرێن. جۆری دوەم، کە ناوی لێنا تیشکەکانی بێتا، ژمارەیەکی کەمتر لە ئایۆنی بەرهەم هێنا، بەڵام توانستی ڕۆچونیان زۆر زیاتر بو، بۆ نمونە دەیان توانی تەبەقی ئەلۆمنیۆمی، کە ئەستورییەکەیان یەک لە پەنجای ملیمەترێک بێت ببڕن. رەزەرفۆرد، بە بێ هیچ بەڵگەیەک، هەرچەندە راستیش بو، گەیشتە ئەو فەرزیەیەی کە تیشکەکان، لە راستیدا لە پارچە تەنۆلکە minute particles پێکهاتون.

untitled

پێکدادانی وزە – بەرزی ئایۆنی سولفەر لەگەڵ ناوکی ئەتۆمێکی ئاڵتون لە تاقیگەی بە ناوبانگی جێنێڤا ‘سێرن’.

لە ساڵی ١٨٩٨ دا، رەزەرفۆرد، قایل بو کە پۆستی پرۆفیسۆری فیزیک لە زانکۆی مکگریڵ لە مۆنتریال، لە وڵاتی کەنەدا وەربگریت. لێرەش هەر بەردەوام بو لەسەر کاری توێژینەوەی رادیۆئەکتیڤیتی. لەگەڵ کیمیاناسی لاودا کە ناوی فرێدریک سۆدی بو، پێکەوە کەوتنە خوێندن و لێکۆڵینەوە لە دیاردەکانی سێ توخم، کە بریتی بون لە تۆریۆم، رادیۆم و ئەکتنیۆم. رەزەرفۆرد و سۆدی سەرنجیاندا کە تۆریۆم بەرەو گاز هەڵدەوەشێت و دوایش دەبێت بە توخمێکی نوێی نەناسراو کە هەتا ئەوپەڕ رادیۆئەکتیڤە و سەرەنجامیش هەر ئەم رادیۆئەکتیڤە دەبێت بە هۆی ئەوەی کە توخمە نوێکە نەمێنێت و دیارنەمێنێت.

لە ١٩٠٢ دا، رەزەرفۆرد و سۆدی پێکەوە گەیستنە ئەو دەرەنجامەی کە رادیۆئەکتیڤیتی بریتییە لە پرۆسەیەک کە ئەتۆمەکانی توخمێک لە خۆڕا دەگۆڕێن بۆ ئەتۆمی توخمێکی تر کە ئەمانیش هەر رادیۆئەکتیڤن. هەتا ئەو رۆژگارە، زانایان بە ئیرادەوە باوەڕیان وابو کە ئەتۆمەکان یەکەی نەگۆڕی سروشتن. ئەم ئایدیایە، واتە لێکترازان و هەڵوەشانی ئەتۆمەکان دەگۆڕین بۆ جۆرێکی تر ئەتۆم – بە واتایەکی تر، دەشێت توخمێک بگۆڕێت بۆ توخمێکی تر – ئەم فکرەیە گوزرێکی گەورەی وەشاند لە ئەلکێمی و هەندێک لە کیمیکناسەکانیش زۆر بە توندی لە دژی وەستانەوە.

سەرباری ئەوەی کە سروشتی دۆزینەوەنەکانی رەزەرفۆرد مایەی مشتومڕ بون، بەڵام لە ساڵی ١٩٠٣ دا، هەڵبژێردرا بۆ سەرۆکی کۆمەڵەی شاهانە و وەک رێز و پێزاینیش لە هەمبەر دەسکەوتەکانیدا مەدالیای رەمفۆردی لە ساڵی ١٩٠٤ دا پێ بەخشرا. لە ١٩٠٨ دا، دوای ئەوەی تاقیکردنەوەکان ئەوەیان سەلماند کە رەزەرفۆرد لە تیورییەکانیدا راست و دروست بو، خەڵاتی نۆبڵی لە کیمیادا وەرگرت.

تیوری ئەتۆم

ساڵێک بەر لەمە، رەزەرفۆرد گەڕایەوە بۆ وڵاتی ئنگلتەرە بۆ ئەوەی پۆستی پرۆفیسۆری فیزیک لە زانکۆی مانچستەر وەربگرێت. لێرەش هەر بەردەوام بو لە توێژینەوە لەمەر تیشکەکانی ئەلفا، کە لە رۆژگاری ئێستادا بەوە ناسراوە کە لە تەنۆلکە پێکهاتوە. خۆی و یاریدەدەرەکەی، هانس گیەگەر میکانیزمێکیان بونیاتنا کە ئەو بوارەیان بۆ ئاسان دەکات کە یەکە بە یەکەی ئەو تەنۆلکانە بژمێرن کاتێک لە بڕێکی زانراو یان دیاریکراوی رادیۆمەوە پەخشدەبن. دوای پێوانی تەواوی بارگە کەڵەکە بوەکە، توانیان بگەنە ئەو ئەنجامەی کە تەنۆلکەی ئەلفا لە روی بارگەوە پۆزەتیفە.  لە ١٩٠٨ دا، رەزەرفۆرد، لە تاقیکردنەوەیەکدا بواری رەخساند و ئاسانکاری کرد کە تەنۆلکەکانی ئەلفا بە دیواری تەنکی شوشەی کەموڵەیەکدا گوزەربکات بۆ ناو لولەیەکی شوشەیی لە دەرەوە و بۆیان دەرکەوت کە ئەو گازەی کۆبوەتەوە بریتییە لە هیلیۆم، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنت کە ئەتۆمەکانی ئەلفا لە راستیدا ئەتۆمی هیلیۆمی بە ئایۆن بون – یاخود ئەتۆمی هیلیۆمن و لە ئەلکترۆنەکانیان داماڵراون.

کاتێک رەزەرفۆرد لە زانکۆی مکگریڵ بو، گەلێک تاقیکردنەوەی سەبارەت بە تەنۆلکەی ئەلفا ئەنجامدا، ئەویش کاتێک ئەم تەنۆلکانەی گرتە تەبەقێکی فۆتۆگرافی، سەرنجیدا ئەو وێنەیەی ئەم پرۆسەیە بەرهەمی دەهێنێت زۆر تۆخ بو، بەڵام کاتێک هەر ئەم تەنۆلکانە بە تەبەقێکی سلیکۆنیدا گوزەرکرد، سەیری کرد وێنە دەرکەوتوەکە لەسەر تەبەقە فۆتۆگرافییەکە پەرش و بڵاوبوەتەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چونکە کاتێک تەنۆلکەکان بە لای ئەتۆمە سلیکۆنییەکاندا رەت دەبن، بە گۆشەیەکی بچکۆلە لادەدەن. لە ساڵی ١٩٠١١ دا، رەزەرفۆرد تاقیکردنەوەکەی دوبارە کردەوە، بەڵام ئەمجارەیان تەبەقێکی تەنکی ئاڵتونی بەکارهێنا. رەزەرفۆرد، هەر دو یاریدەدەرەکەی، هانس گیەگەر و ئێرنست مارسدنی، بانگ کرد و  پێشنیازیکرد کە شتێکی سەرنجڕاکێشە ئەگەر سەیربکەین و بزانین ئایا هیچ تەنۆلکەیەک بە ئاڕاستەی دواوە پەرش دەبنەوە یان نەء – واتە بە گۆشەیەکی زیاتر لە نەوەد پلەیی لادەدەن. دەرەنجامەکە هەتا بڵێی چاوەڕوانکراو نەبو، چونکە هەمو بۆیان دەرکەوت کە پشکێکی بچکۆلە لە تەنۆلکەکان، هەر بە راستی بە پلەیەک پەرش دەبنەوە کە لە نەوەد زیاترە و لە هەمان لای تەبەقە ئاڵتونەکەوە دەردەکەون کە لێوەی دەچنە ژورەوە. رەزەرفۆرد دوایی وەها وەسفیکرد کە روداوێکی تەواو نایابە کە لە ژیانی مندا بوە. زیاتر لەوە دەچو کە …هاوەنێکی پازدە ئینجی بە ئاڕاستەی دەسڕێکی کاخەز بتەقێنیت و بە ئاراستەی خۆت بگەڕێتەوە و تۆ بپێکێت.

دوای حساباتێکی ورد، رەزەرفۆرد گەیشتە ئەو ئاکامەی کە تەنها بارگەیەکی پۆزەتیڤی زۆر بە قودرەت لە ناو دڵی ئەتۆمێکدا دەتوانێت بە شێوەیەکی درامایی ببێت بە هۆی لادانی ئەو تەنۆلکە پۆزەتیڤ بارگاوییانە. بەڵام چونکە تەنها یەک تەنۆلکە لە هەشت هەزار تەنۆلکە دەگەڕێتەوە یان هەڵدەبەزێتەوە، ئەم ‘ناوکە’ دەبێت بە نزیکەیی هەشت هەزار جار بچوکتر بێت لە قەبارە و سەرتاپای ئەتۆمەکە. باقی ئەتۆمەکە دەبێت ‘فەزای بەتاڵ’ بێت، کە ئەمەش دەبێت بە هۆی رێگەدان بە تەنۆلکەکانی تر بۆ ئەوەی گوزەربکەن. ئەو بارگە پۆزەتیڤەی لە ناوکدا هەیە بە هۆی ئەو بارگە نێگەتیڤە یەکسانەی لەسە ئەلیکترۆنەکان دابەشبون هاوسەنگ دەبێت. تیورییەکەی رەزەرفۆرد لەمەڕ بونیاتی ئەتۆم تەواو شتێکی نوێ نەبو، چونکە لەوەبەر و لە ساڵی ١٩٠٤ دا، فیزیکناسی یابانی هانتارۆ ناگاوکا مۆدڵێکی پێشنیازکرد کە تیایدا ئەلیکترۆنەکان بە دەوری ناوکێکدا دەسورێنەوە کە لە چەقی ئەتۆمەکەدایە. بەڵام مۆدڵەکەی ناگاوکا رەتکرایەوە چونکە بە پێی یاسای کلاسیکی فیزیا، ئەلکترۆنە سوڕاوەکان یەکسەر وزەکەیان ون دەکەن و دەکەونە نێو ناوکەکەوە. رەزەرفۆرد، هەرچۆنێک بێت، ئەو کاتە، پشبەستن بە تاقیکردنەوە، ئەو بەڵگەیەی خستەڕو کە ناگواکا، لەوانەیە سەرەنجام راست بوبێت. لە ساڵی ١٩١٣ دا، فیزیکناسی دانیمارکی، نیەڵز بۆر، ئەوەی دەرخست کە ئەلکترۆنەکان – بە پێچەوانەی یاسا کلاسییەکانی فیزیا –  لە کاتی سوڕانەوەیاندا وزەکەیان لەدەست نادەن و لە هەقیقەتیشدا لە کاتی سوڕانەوەدا بە دەوری ناوکدا خولگەیەکی تایبەتی دیاریکراوی خۆیان داگیرکردوە، ئەمەش دیدی هەر یەک لە رەزەرفۆرد و ناگاوکا دەسەلمنێت. ئەم تیورییە، واتە تیوری بونیاتی ئەتۆم لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بە مۆدڵی ئەتۆمی رەزەرفۆرد ناسراوە.

دۆزینەوەی نیوە – ژیان

لە کاتی تاقیکردنەوەکانیان لەسەر توخمەکانی رادیوئەکیڤی لە ساڵانی نێوان ١٩٠١ و ١٩٠٣ دا، رەزەرفۆرد و فرێدرێک سۆدی  Frederick Soddy بۆیان دەرکەوت کە ئەم رەگەزانە بە رێژەیەکی رێکوپێک خراپ دەبن: ئەگەر سامپڵێک لە ئەتۆم وەربگرین، ئەوا ئەو کاتەی پێویستە بۆ بۆگەنکردنی نیوەی ئەتۆمەکان هەمیشە هەمان بڕ دەکات. بۆ نمونە، ئەگەر نیوەی سامپڵێک لە تۆریۆم بهێنین و چوار رۆژی پێ بچێت بۆ ئەوەی بۆگەن بکات، ئەوا ئەو نیوەیەی تر لە سامپڵەکە کە دەمێنێتەوە لە چوار رۆژی تردا بۆگەن دەکات، ئیتر بەمجۆرە. رەزەرفۆرد دەرکی بە لایەنێکی پۆزەتیڤی پراکتیکییانەی ئەم پرۆسەیە کرد. بۆی دەرکەوت کە ئەم میکانیزمی ‘نیوە – ژیانە’ ، واتە ئەم رێژە نەگۆرەی بۆگەنکردن، دەکرێت وەک هۆکارێک بخرێتەگەڕ بۆ مەبەستی پێوانەکردنی تەمەنی پارچە بەردێک. بۆ ئەوەی بزانین کە تەمەنی بەردێک چەندە، ئەوا پێویست بو کە ئەو بڕە شەبەنگەی کە لە بەردەکەدایە چەندە و چلۆن بە نەرمی و لەسەرخۆ بۆگەن دەکات. رەزەرفۆرد پارچەیەک پیچلێندی(کە جۆرە کانزایەکە و یۆرانیۆم لەخۆدەگرێت) هێنا و بۆی دەرکەوت کە تەمەنی ئەم کانزایە حەوت سەد ملیۆن ساڵە – بەمجۆرە سەلماندی کە زەوی زۆر لەوە بە تەمەنترە کە پسپۆڕان تەخمینیان کردوە و باوەڕیان وابوە. ئەم کارە زانستییەی رەزەرفۆرد، کە بەرهەمێکی لاوەکی بو، رۆڵێکی بەرچاوی یاریکرد لە دۆزینەوەی کایەیەکی تری توێژینەوەی زانستی کە تەواو جیاواز بو، ئێستا بە مێژوی – دیاریکردنی رادیۆمێتریک ناسراوە.

پرۆتۆنەکان و نیوترۆنەکان

وەک رێزلێنان بۆ بەرهەم و دەسکەوتە زانستییەکان، لە ساڵی ١٩١٤ دا  رەزەرفۆرد نازناوی سێری وەرگرت، ئەو کاتە تەمەنی ٤٣ ساڵ بو. بەڵام لای وی ئنسان نابێت دوای وەرگرتنی خەڵات و لەقەب پاڵی لێ بداتەوە. لە ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەمدا، سیستەمێکی پەرەپێدا بۆ دۆزییەوە و کەشفکردنی غەواسە. لە ساڵی ١٩١٩ دا بو بە یەکەم کەس کە توانی بە شێوەیەیکی دەستکردانە ئەتۆم هەڵوەشێنێت، ئەویش بە هۆی پێکدادان لە نێوان ئەتۆم و تەنۆلکەی ئەلفاوە بو. هەر بەم هۆیەوە، رەزەرفۆرد توانی ئەتۆمێکی نایترۆجین بگۆڕێت بۆ ئەتۆمێکی ئۆکسجین و ئەتۆمێکی هایدرۆجین. لە ساڵی ئایندەدا، ئەو ئەنجامەی بەدەستهێنا کە پێکدادانەکە بوە بە هۆی فڕێدانی تەنۆلکەیەکی بارگە پۆزەتیڤی لە ناوکەکەوە، بەمجۆرە بو بە هۆی گۆڕینی سروشتی ئەتۆمەکە. رەزەرفۆرد، ئەم تەنۆلکانەی ناونا پرۆتۆنەکان. دوایی بانگەشەی ئەوەی کرد کە چۆن پرۆتۆنە بارگە پۆزەتیڤییەکان دەتوانن لە ناوکدا بونیان هەبێت بێ ئەوەی وەزعی خۆیان یان پێکهاتەکانی تری ئەتۆمەکە پشێوێنن. ئنجا پێشنیازیکرد کە پرۆتۆنەکان، بە هۆی هەبونی تەنۆلکەیەکی تر کە هاوبارگەیە، هاوسەنگن، رەزەرفۆرد ئەم تەنۆلکانەشی ناونا نیوترۆنەکان. دوایی لە تاقیگەکانی کاڤێندیشدا، هەبونی نیوترۆنەکان لە لایەن جەیمس چادویکەوە سەلمێنران.

لە ساڵی ١٩١٩ دا، دوای جەی. جەی تۆمسۆن، رەزەرفۆرد بو بە سەرۆکی تاقیگەکانی کاڤێندیش لە کامبریج. بەمجۆرە لێرە کاتی کەم بو بۆ توێژینەوەی تاقیگەری، بەڵام بەردەوام بو لە موحازەرەدان بۆ ئەوەی یارمەتی قوتابییەکانی بدات. لە ساڵانی دوایی ژیانیدا، رەزەرفۆرد چەندەها مەدالیا، خەڵات و دکتۆرای شەرەفی وەرگرت. لە ١٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٧ بە یەکجاری چاوانی لێکنا. وەک رێزێک بۆ وەسیەتەکەی لە کڵێسەی هەرە گەورەی لەندەن وێست – مینیستەر ئەبی ناشتیان.

رەزەرفۆرد لە رۆژگارێکدا هاتە دونیاوە و لە سەردەمانێکدا گوزەرانی کرد کە ژمارەیەکی زۆر داهێنان و دۆزینەوەی زانستی لە بوارەکانی فیزیک و کیمیادا ئەنجامدران. بەڵام ئەوەی لە هاوکارانی جودای کردەوە – هەر بۆیەش ئێستا وەک یەکێک لە فیزیکناسە تاقیکارە مەزنەکان یاد دەکرێتەوە – بریتی بو لەو خاسیەتە تایبەتانەی کە لە زانایەکدا هەبون، رەزەرفۆرد مرۆڤێکی لە ئاسا بەدەر سەرسەخت و عیناد بو، پیاوێکی ئارام و خاوەن ئیرادەیەکی گەورە و بەرزبو. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، کەسێکی کراوەبو هەمیشە ئارەزوی بو کە پێشوازی لە هەمو ئیحتمالێک بکات، ئەمە تەواو پێچەانەی زانا تەقلیدیەکان بو، هەروک چۆن جەیمس چادویکی قوتابی خۆی دەڵێت’: هەرە نایابی تایبەتمندی رەزەرفۆرد بریتی بو لە بلیمەتییەکەی.”

 

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *