وێرنەر هایزنبێرگ (1901 – 1976)

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: شێرکۆ ڕەشید قادر

”عادەتەن ئەو چەمکە زانسییەیانەی کە لە ئارادان، بەشێکی زۆر کەمی واقیع دادەپۆشن، ئەو بەشەی کە هێشتا ئنسان لێێ حاڵی نەبوە، ناکۆتایە.” هایزنبێرگ

وێرنەر هایزنبێرگ

وێرنەر هایزنبێرگ

وێرنەر هایزنبێرگ بە یەکێک لە فیزیکناسە هەرە پایە بەرزەکانی سەدەی بیستەم هەژمارد دەکرێت. ئەم زانا گەورەیە  توانی بە هۆی بەکارهێنانی ماتماتیکەوە، رێگایەکی نوێێ بدۆزێتەوە بۆ گوزارشتکردن لە سروشتی پارادۆکسییانەی دونیای ژێر ئەتۆمیهایزنبێرگ ، کاتێک ئەم کارەی ئەنجامدا،  بناخەی دارشت بۆ لەدایکبونی لقێکی تازەی فیزیک کە ئێستا بە میکانیکی کوانتەم ناسراوە. لە ساڵی 1932 دا، خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت.

هایزنبێرگ ، لە کتێبەکەیدا، فیزیک و فەلسەفە، کە ساڵی 1963 بڵاوبوەتەوە، دەڵێت: ” دەمانەوەێت بە رێگایەک باس لە بونیاتی ئەتۆمەکان بکەین. بەڵام ناتوانین بە زمانی ئاسایی باسی ئەتۆم بکەین.” بەم گوتەیە، فیزیکناس و فەیلەسوفی ئەڵمانی زۆر بە ڕەوانی ئەو پرسەمان بۆ دەخاتەڕو کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا روبەڕوی زانایان دەبێتەوە: ئەلکترۆنەکان و تەنۆلکە ژێر – ئەتۆمییەکانی تر فۆرمێکی فیزیکی وەهایان نەبو کە ئنسان بتوانێت وێنایان بکات یان بە وشە بتوانێت وەسفیان بکات – هەندێک جار وەک تەنۆڵکەکان خۆ نمایش دەکەن و هەندێکی جاری تریش وەک شەپۆل وان. حلەکەی هایزنبێرگ بریتی بو لە میکانیکی ماتریکس، کە لە ساڵی 1926 دا پەرەی پێدا و هەر لەوێشەوە لە ساڵی 1927دا، تیورییە بەناوبانگەکەی ”پرینسیپی نایەقینی” دارشت.

وێرنەر هایزنبێرگ ، لە کانونی یەکەمی ساڵی 1901، لە وەرزبەرگ، لە وڵاتی ئەڵمانیا هاتوەتە دونیاوە. لە خێزانێکدا، کە دو کوڕ بون، ئەم برا بچکۆلەکە بوە، بابی پسپۆڕی زمانە کلاسیکییەکان و کڵتوری یۆنانی بوە. لە ساڵی 1910 دا، بە ماڵەوە چون بۆ میونیخ، لەوێ هایزنبێرگ چوەتە قوتابخانەی گومناسیوم. یەکێک بوە لە قوتابییە زیرەک و بلیمەتەکان و لە بابەتەکانی ماتماتیک،  فیزیک و ئاییندا بەرزترین نمرەی بەدەستهێناوە.

لە ساڵی 1920 دا، چوە زانکۆی میونیخ بۆ خوێندنی فیزیک، ئەو کاتە فیزیکناسی گەورە و بەناوبانگی جیهانی، ئارنۆڵد سەمەرفیڵد مامۆستا بوە لەوێ، هایزنبێرگیش لە سایەی ئەم مامۆستایەدا خوێندویەتی. هەر لێرەش بو لەگەڵ ۆڵفگانگ پاوڵێ بون بە هاوڕێی نزیک و هەتا دو ساڵانی ژیان ئاشنایەتییان هەبو. لە ساڵی 1923دا، دوای تەواوکردنی توێژینەوەی دکتۆراکەیان، هەیزبێرگ و پاوڵی چونە زانکۆی گۆتینگەن، هەردوک لە ژێر چاودێری ماکس بۆرن، کە لەو سەردەمەدا تیوریستی کوانتەمی بو، دەستیان کرد بە خوێندن و لێکوڵینەوە.

مۆدڵی ئەتۆمی بۆر

لە پایزی ساڵی 1924 دا، هایزنبێرگ، چوە زانکۆی کۆپنهاگن بۆ ئەوەی لە ژێر چاودێری فیزیکناسی دانیمارکی، نیەڵز بۆردا بخوێنێت، ئەو کاتە نیەڵز بۆر سەرقاڵی توێژینەوە بو لە ئەتۆم. لە ساڵی 1912 وە، بۆر بوە رابەری خوێندن و پەرەپێدانی تیوری کوانتەم. ئەم تیورییە، وەسفی رەوشی تەنۆڵکە ژێر -ئەتۆمییەکان وەها دەکات کە بەندە لەسەر ئەو فەرزییەیەی کە ئەم تەنۆلکانە هەم وەک شەپۆل و هەم وەک تەنۆلکەش هەڵسوکەوت دەکەن.

هایزنبێرگ زۆر خولیای چوە سەر مۆدڵەکەی بۆر لەمەر ئەتۆمەکان، ئەو مۆدڵەی بۆ یەکەمجار تێکۆشا تیوری کوانتەم بەرجەستە بکات. مۆدڵەکەی لەوەبەر، کە ئەویش هەر هی بۆر بو، بەند بو لەسەر مۆدلی ”سیستەمی خۆری” ئەتۆمەکان و دەڵێت کە ئەلکترۆنەکان ، بە دەوری چەقی ناوکدا دەسوڕێنەوە، بەو شێوەیەی هەسارەکانی ئاسمان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە. بۆر قایل بو بەوەی کە هەرچەندە ئەلکترۆنەکان بە دەوری ناوکدا دەسوڕێنەوە، بەڵام مەسەلەکە وەک سیستەمی خۆری نییە، چونکە وزەی ئەلکترۆنەکان تەنها بڕێکی (کوانتا)ی جێگیرە. ئەلکترۆن لە خولگەیەکەوە بازدەدات بۆ خولگەیەکی تر ، ئەویش بە هۆی لە دەستدانی (بەخشینی) یان هەڵمژینی(وەرگرتنی) بڕە وزەیەک کە تەواو یەکسانە بە جیاوازی بڕە وزەی نێوان دو خوڵگەکە. وێناکردنی ئەتۆم بەمجۆرە، ئەقڵ دەتوانێت قبوڵی بکات، بە تایبەت کاتێک خەڵک سەیری هێڵە شەبەنگییەکانی هایدرۆجینیان دەکرد. هیڵە شەبەنگییەکان کاتێک دروست دەبن کە تیشکی ئەلکترۆموگناتیسی ( کە بە هۆی لەرینەوەی ئەلکترۆنەکانەوە دروست دەبێت)  تۆخمێک ئاراستەی ئاوێزەیەک دەکرێت. ئاوێزەکە تیشکەکە شیدەکاتەوە بۆ هێڵە شەبەنگییەکان – کە چڕی و شەپۆلی  frequencies  تیشکەکە دەردەخات – پاشانیش بەم هۆیەوە هەڵمژینی یان بەخشینی وزەی ئەلکترۆنەکە دەردەکەوێت.

مۆدڵەکەی بۆر، خەوشی خۆی هەبو. سەرباری ئەوەی کە هەوێنی تیوری کوانتەمی لەخۆگرتبو، بەڵام هێشتا لایەنی شەپۆلئامێزی ئەلکترۆنەکەی فەرامۆش کردبو. مۆدڵەکەی بۆر، تەنها لە مەسەلەی ئەتۆمی هایدرۆجینی یەک ئەلکترۆندا راست بو. لە سەرەتای مانگی نیسانی 1925 دا، هایزنبێرگ، برێاریدا کە هەوڵبدات و مۆدڵێکی نوێ لەمەڕ ئەتۆم بنیات بنێت و پەرە پێ بدات، مۆدڵێک کە لە بنەڕەتدا بەند بێت لەسەر تیوری کوانتەم و بۆ هەمو ئەتۆمێک راست بێت و کارەکە بکات. هایزنبێرگ باوەڕی وابو کە کە تەبەنناکردنی هەوڵدان بۆ وێناکردنی مۆدڵێکی فیزیکی لەمەڕ ئەتۆمەکان مەحکومە بە فەشەل، ئەویش بە هۆی پارادۆکسی سروشتی یان تەبعی دویەتی (یان دولایەنی) شەپۆل – تەنۆلکەیی ئەلکترۆنەکان. هایزنبێرگ، کاتێک سەیریکرد کە لە تواناد نییە سەرنج برێت  خولگەی ئەلکترۆنەکان، هات و بریاریدا ئەمانە فەرامۆش بکات و لە بری ئەمانە تەرکیز بکاتە سەر ئەوەی کە سەرنج لە چی بدرێت و چۆن پێوانە بکرێت، بە تایبەت و بە شێوەیەکی سەرەکی، ئەو وزەیەی کە هەڵی دەمژن یان دەیدەنەوە، هەروەک لە هێڵە شەبەنگییەکاندا بەدیاردەکەون. هایزنبێرگ تێکۆشا کە رێگایەکی ماتماتیکی بەرجەستەبکات یان فۆرمولە بکات  کە بە هۆیەوە بتوانێت نمایشی خولگەی ئەلکترۆنەکان بکات و هەر لەم رێگایەشەوە پێشبینی ئەو خەسڵەتە ئەتۆمییانە بکات کە لە هێڵە شەبەنگییەکاندا دەردەکەون.

میکانیکی ماتریکس

لە مانگی حوزەیرانی 1925 دا، هەیزنبێڕگ، شتێکی تازەی گەڵاڵەکرد کە پێدەچو بە جوانی کارەکە بکات، بەڵام لە باری ماتماتیکییەوە ئەوەندە پوخت و غەریب بو کە خۆی دڵنیا نەبو بچێتە ئەقڵەوە. ماتماتیکەکە بریتی بو لە ریزێک ژمارە، یان ماتریکس. ( ماتریکس، بریتییە لە کۆمەڵە هاوکێشەیەک کە دەکرێت ریزە ئاسۆییەکان وریزە ستونییەکانیان لەگەڵ ماتریکسی تردا یەکبخرێن بۆ ئەوەی پرسەکە حلبکرێت.) کاتێک پیشانی ماکس بۆرنی دا، بۆرن زانی کە ئەمە تەریبە لەگەڵ فۆرمێکی ماتماتیکدا کە بە جەبری ماتریکس ناودەبرێت. هایزنبێرگ، بە یارمەتی ماکس بۆرن و فیزیکناسێکی تر، کە ناوی پاسکواڵ جۆردن بو، توانی تیورییەکەی نایابتر و جوانتر بکات، پاشان ناوینا میکانیکی جەبر. دوای ئەنجامدانی تەجروبەی زیاتر، ئەوەی دەرخست کە میکانیکی ماتریکس توانای هەیە گەلێک خاسیەتی تری ئەتۆم لەبەرچاو بگرێت و حسابی بۆ بکات، لە نێویاندا، ئەوانەی کە ئەلکترۆنێکی زیاتریان هەیە.

لە کاتێکدا کاریگەری میکانیکی ماتریکس، وەک ئامرازێک بۆ پێشبینیکردنی رەوشی تەنۆلکە – ژێر ئەتۆمییەکان، سەرنجی فیزیکناسانی راکێشا، بەڵام لە تەبع و سیمای پەنهانی ماتمااتیکییانەی تیورییەکە دودڵ بون، زیاتر لەو هەقیقەتەش کە وێناکردنی ئەوەی کە هەر بە راستی لەوانەیە ئەتۆم چۆن بێت کارێکی هەروا ئاسان نەبو. لە سەرەتاکانی 1920 ەکاندا، فیزیکناسێکی نەمساوی هات و ناوی ئێروین شرۆدینگەر بو، تیورییەکی نوێێ پێشکەش بە ناوەندە زانستییەکان کرد کە بو بە مایەی سەرنجڕاکێشانی فیزیکناسان. تیورییەکەی شرۆدینگەر، بە حیساب، بەدیلێک بو کە بە میکانیکی شەپۆلەکان ناسرابو. لەم تیورییەدا، شرۆدینگەر، ئەوە دەخاتەڕو کە وزەی کوانتەمی ئەلکترۆنەکان مرادفی خولگەی جێگیرنین، هەروەکو بۆر گوتی، بەڵکو مرادیفی شەپۆلی لەرینەوەی ”شەپۆلە – ئەلکترۆن”ن بە دەوری ناوکدا. هەروەک چۆن ژێکانی، یان تەلەکانی پیانۆیەک تۆنی جێگیریان هەیە، ئاواش ”شەپۆلە – ئەلکترۆن” یش کوانتەمێکی جێگیری لە وزەدا هەیە. میکانیکی شەپۆلەکان، ماتماتیکێکی ساکارتری لەوەی ماتریکسەکان خستەگەر و بەمجۆرەش ئاسانتر بو کە ئنسان بتوانێت وێنای بکات. لە ساڵی 1926 دا، شرۆدینگەر ئەوەی دەرخست کە بە زاراوەی ماتماتیکی، هەردو تیورییەکە هەمان شت بون، بەڵام میکانیکی شەپۆلەکان – بە ڕای وی – زۆر دانسقەتر و جوانتر بو، ئنجا تێگەیشتنیش لێی ئاسانتر بو. هەردو تیورییە رەقیبەکە بناخەیەکیان پێکهێنا بۆ میکانیکی کوانتەم.

لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی 1926 دا، کاتێک هایزنبێرگ سەرقاڵی دەستپێکردنی پۆستێکی تر بو وەک موحازیر لە زانکۆی کۆپنهاگن، شرۆدینگەر هات بۆ شارەکە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەمەڕ تیورییە بەدیلەکە لەگەڵ بۆردا بکات. مشتومڕەکە گەرم و گوڕ بو، بەڵام ئەنجامی نەبو. تەنها ئەوەیان ئاشکرا کرد کە هەردو تیورییەکە سروشتێکی قانیع و سەرکەوتویان نییە. هایزنبێرگ، بۆی دەرکەوت کە فۆرمولە ماتمایکییەکەی کامڵ نییە و جیگای رازیبونی خۆی نییە. هەر بۆیەش پێویست بو کە هۆیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ماتریسەکەی وەها تەفسیربکات کە بە زمانی فیزیکی مانایەک ببەخشێت.

پریسنیپی نایەقین

لە هەمان کاتدا، پاسکوال جۆردن لەگەڵ فیزیکناسی ئنگلیزی پۆڵ دیراکدا، سێتێکی تازەی هاوکێشەیان داهێنا کە بەند بو لەسەر تیورییە رەقیبەکان، ئەم تیورییەیان ناونا ”تیوری هەڵگۆڕان transformation theory ” یان تیوری گواستنەوە. کاتێک هایزنبێرگ کەوتە خوێندن و توێژینەوە لە هاوکێشەکانی دیراک – جۆردن، پرسێک سەرنجی راکێشا. پرسەکە بەمجۆرە بو، هەر کاتێک ئنسان تێدەکۆشێت کە لە هەمان ساتدا مەوقیع و خێرایی (لێرەدا خێرایی بەو مانایەی کە بڕ و ئاستەی هەبێت، یان ئەوەی لە فیزیکدا پێی دەگوترێت ئاراستەبڕ.) بپێوێت، دەرەنجاکەی وردنابێت یان نایەقین دەبێت. هایزنبێرگ باوەڕی وابو کەهۆکاری ئەم نایەقینییە بریتی نییە لەوەی خەوشێک هەبێت لە هاوکێشەکاندا، بەڵکو بەشێک بو لە سروشتی وردی دونیای ژێر ئەتۆمی. لە شوباتی 1927 دا چواردە لاپەڕەی بۆ پاولی نوسی و تیورییە نوێکەی خۆی شەرحکرد، ئەمەش بۆ خۆی بو بە ناوەڕۆکی پەیپەرێک و بڵاویکردەوە. ئەم تیورییەی ناونا ”پرینسیپی نایەقینی.”

.تیورییەکە دەڵێت کە ئنسان دەتوانێت لە ساتە وەختێکی دیاریکراودا مەوقیعی تەنۆلکەیەکی ژێر ئەتۆمی بپێوێت، یان دەتوانیت خێراییەکەی بزانێت، بەڵام پێوانی ئەم دو شتە، هەردوک پێکەوە شتێکی مەحاڵە. هۆکاری ئەمەش بریتییە لەوەی کاتێک خێرایی تەنۆلکەیەکی ژێر ئەتۆمی دەپێوین، گۆڕانی بەسەردا دێت و پێوانی ساتەوەختانەی مەوقیعەکەی بەتاڵ دەبێتەوە. پرینسپەکە، لە دونیای واقیعی یان دونیای بەرچاودا بە باشی کاردەکات، بەڵام دەرکی پێ ناکەین، چونکە رەگەزی نایەقینی لە ئاسابەدەر بچکۆلەیە. بۆ نمونە، هەتا بڵێی ئاسانە کە مەوقیع و خێرایی سەیارەیەک لە ساتەوەختێکدا بدۆزینەوە. هەرچۆنێک بێت، لە دونیای ژێر ئەتۆمیدا، رەگەزی نایەقینی رۆڵێکی بەرچاوی گەورە یاری دەکات.

ئەم پرسە شتێک نییە کە ئنسان بتوانێت بە تەکنیکی پێوانەکاری زۆر ورد حلی بکات: ئەمە پەیوەستە بەو پەیوەندییە بنەڕەتییەی لە نێوان تەنۆلکە و شەپۆلدا، لە ئاستەکانی ژێر ئەتۆمیدا هەیە. هەمو تەنۆلکەیەک شەپۆلێکی مورادیفی هەیە. دەتوانرێت مەوقیعی تەنۆلکەیەک بە وردی دیاری بکرێت لە کاتێکدا کە جولەی شەپۆلەکە بەرزە. بەڵام کە جوڵەی شەپۆلەکە زۆر بەرزە ئەوا درێژی شەپۆلەکە لە حاڵەتێکدایە کە پێناسەکردن و دیارکردنی زۆر زەحمەتە و خێرایی تەنۆلکە مورادیفەکەش مەحاڵە دیاری بکرێت. بە هەمان شێوە، تەنۆلکەیەیەک کە درێژی شەپۆلەکەی بە باشی پێناسەکراوە، خێراییەکی وردی هەیە، کەچی مەوقعێکەی زۆر زەحمەتە پێناس بکرێت.

بابەتێک کە سەرنج نەدراوە بریتییە لە پێکهاتەیەک کە هەم تەنۆلکە و هەم شەپۆل لەخۆدەگرێت. خۆ ئەگەر تاقیکارێک بێت و بیەوێت خیرایی تەنۆلکەکە بپیوێت، ئەوا تەنۆلکەکە خۆی دەگۆڕێت بۆ شەپۆل. خۆ ئەگەر کابرای تاقیکار بیەوێت مەوقیعەکەی بپێوێت، ئەوا تەنۆلکەکە دەبێت بە تەنۆلکە. خێرایی و مەوقیعی تەنەکە دیاریکراو بەر لەوەی سەرنج بدرێن – بونیان نەبو – . هەر بۆیەش دەبینین کە هەر کامیان هەڵبژێرین بۆ سەرنجدان، ئەوا ئێمە، وەک سەرنجدەر، کاردەکەینە سەر ئەو فۆرمەی تەنەکە وەری دەگرێت.

.دەرەنجامی پراکتیکییانەی ئەم پرۆسەیە بریتییە لەوەی کە ئنسان هەرگیز ناتوانێت لە هەر ساتەوەختێکی دیاریکراودا پێشبینی ئەلکترۆنێک بکات، بەڵام تەنها دەتوانێت پێشبینی ئیحتیمالی وجودی بکات لەو مەوقیعەدا. بە مانایەکی تر، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ئەلکترۆنێک لە هەقیقەتدا بونی نییە – یاخود بە لایەنی کەمەوە لە حاڵەتێکی پێناسە نەکراودا بونی هەیە – هەتا ئەو کاتەی سەرنج دەدرێت.

کاتیک هایزنبێرگ سەرقاڵی نوسینی پەیپەرەکەی بو لەمەڕ پرینسیپی نایەقینی، بۆر چو بو بۆ پشو بۆ خلیسکەی بەفر. کە گەڕایەوە، یەکسەر دەستنوسە یەکەمەکەی پیشانی بۆردا، بۆریش، ئەوەندە سەرسامبو بە هایزنبێرگ، لێی وەرگرت و ناردی بۆ ئاینشتاین بۆ ئەوەی تانەی خۆی لەسەر بنوسێت. کاتێک ئاینشتاین سەیریکرد کە تیورییەکە بەندە لەسەر ئیحتیمالییەت، شتەکەی بە دڵ نەبو. لەوەش زیاتر زۆر دژی ئەوەبو کە سەرنجدەر کاردەکاتە سەر ئەو تەنەی سەرنجی لێدەدات. لای ئاینشتاین، سروشت بونێکی سەربەخۆی لە تاقیکار هەیە. سەرباری ئەوەی، ئاینشتاین، فیزیکناسی گەورەی سەدەی بیستەم، تیورەکەی رەتکردەوە، پرینسیپی نایەقینی هایزنبێرگ، زۆ بە خێرایی، لە نێو فیزیکناساندا، مەودای خۆی پەیداکرد و شۆرەتی بڵاوبوەوە و پشتیگیری مسۆگەرکرد. بۆر بۆ تیورییە تازەکەی خۆی، لە ساڵی 1928دا،  پرینسیپی یەکێتی، لە داهاتودا سودی لێ وەرگرت، ئەو تیورییەی کە دەڵێت بۆ تێگەیشتنی تەواو لە تەنە ژێر ئەتۆمییەکان پێویستمان بە وەسفکردنی خەسڵەتەکانی هەردوک، هەم شەپۆل و هەم تەنۆلکە هەیە. هەردو تیوری نایەقینی و یەکیەتی پێکەوە قوتانخانەیەکیان پێکهێنا کە لە رۆژگاری ئەمرۆدا بە ” تەفسیری کۆپینهاگنی میکانیکی کوانتەم” ناسراوە.

ساڵانی دوایی

هایزنبێرگ، لەگەڵ بۆر و بۆرن و هەندێک لە فیزیکناسانی تر لە هەواداری تەفسیری کۆپنهاگن بو، دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی پشگیری بۆ ئەو مەزەبەی کە وەک موحازەرە لە جیهاندا پێشکەشیان دەکرد. لە سەرەتای 1930کاندا، لە هەمو شوێنێكی دونیا بە فراوانی، لە لای فیزیکناسان قبوڵکرا. قوتابیان لە وڵاتی دوری وەک ئەمەریکا، هندستان و یابانەوە بە پۆل دەهاتن بۆ ئەوەی گوێ لە موحازەکانی هایزنبێرگ بگرن. لەگەڵ ئەمەشدا، زانایانی گەورەی وەکو ئاینشتاین، شرۆدینگەر و فیزیکناسی فەرەنسی لوی دو برۆلی هەر تەسلیمی ئەم جۆرە پرینسیپە نایەقینییە نەبون. لە ساڵی 1932 دا، هایزنبێرگ، بۆ ئەو رۆڵە بەرچاوەی لە پێشخستنی میکانیکی کوانتەم بینی، خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت.

کاتێک لە کانونی دوەمی ساڵی 1933 دا، پارتی نازییەکان لە ئەڵمانیا هاتە سەر حوکم، هایزنبێرگ، سەرباری ئەوەی قینی لە نازییەکان بوەوە، بە درێژایی دەسەڵاتی رایشی سێێەم لە وڵاتی ئەڵمانیا مایەوە، هەتا بڵێی مرۆڤێکی نیشتیمانپەروە بو کە ئیمانی بەوە بو کە گرنگە ئنسان لە وڵاتەکەی خۆیدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بونیات و هەیکەلی زانستی ئەڵمانیا بکات. بە درێژایی ساڵانی سییەکان، بەردەوامبو لە کارکردن، میکانیکی کوانتەمی بەکارهێنا بۆ توێژینەوە لە حاڵەتی رەقی کریساتاڵەکان و بونیاتی مۆلیکیولەکان و پەرشبونەوەی تیشک بە هۆی ناوکییەوە.

ساڵانی دوایی، دوای جەنگی دوەمی جیهانی، هایزنبێرگ، لە 1952 دا، رۆڵێکی دیار و گەورەی یاریکرد لە دامەزراندنی رێکخراوی هەرە مەزن و ناوەندی بەرزی توێژینەوە لە ئەوروپا کە ئێستا بە ”سێرن”[1] ناسراوە و بنکەکەی لە وڵاتی سویسرایە. یەکێک بوو لەو فیزیکناسانەی زۆر چالاکانە کەوتە توێژینەوە لە فیزیکی وزەی بەرز. لە ساڵی 1960 دا، زۆربەی قودرەت و تاقەتی خۆرر خستەگەڕ بۆ نوسین و موحازەرە پێشکەشکردن. هەتا لە 2 ی شوباتی 1960 بە یەکجاری چاوانی لێکنا و دونیای بەجێهێشت و مرد.

هایزنبێرگ و کارلێکی ناوکی

لە 1938 دا، زانایانی ئەڵمانی ئۆتۆ هان و لیز مەیتنەر و ئتۆ فرێش کارلێکی ناوکییان دۆزییەوە – کە بریتی بو لە کەرتکردنی ناوکی ئەتۆمی یۆرانیۆم و وەک دەرەنجامێک برێکی زەبەلاح وزەی پەخشکرد. ساڵی داهاتو، جەنگی دوەمی جیهانی هەڵگیرسا، دەوڵەت داوای لە هایزنبێرگ و هاوکارانی کرد کە سەیری شرۆڤەکاری رەهەندی عەسکەرتاری کارلێکی ناوکی بکەن و ئەم فیزیکە گرنگە بخەنە خزمەت بۆ مەبەستی جەنگ. هایزنبێرگ بەشداری پرۆژەکەی کرد، دوایی بۆ بەرگریکردن لە خۆی گوتی، تەنها بۆ خۆپاراستن ئەو کارەی کردوە و بەر لە دەستپێکی جەنگ، نازییەکان هەڕەشەیان لێکردوە و ژیانیان خستوەتە خەتەرەوە. هایزنبێرگ دوایی گوتی، خۆ ئەگەر پرۆژەکە سەرکەوتو بوایە و بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهاتایە، ئەوا ئەو ئامادەبو کە سەرتاپای پرۆژەکە بتەقێنێتەوە. وڵاتی ئەڵمانیا هەرگیز، بۆمبیان دروست نەکرد و پرۆژەکە شکستیهێنا. دوای جەنگ، وڵاتی ئەڵمانیا مۆڵەتی بونیاتنانی بۆمبی ئەتۆمی لێ یاساخکرا و توێژینەوەی کارلێکی ناوکی لەسەر قەدەغەکرا. هایزنبێرگ، لە کاتێکدا هەتا دوایی و بە شێوەیەکی بنەڕەتی دژی چەکی ئەتۆمی و ناوکی بو، بەڵام سەرکردەی ئەو هەڵمەتەبو کە یاسای قەدەغەکردنەکە لەسەر ئەڵمانیا هەڵبگیرێت. لای وی پەرەسەندنی ئاشتییانەی وزەی ناوکی وەک بەشێک بۆ بوژانەوەی ئابوری بنەمایەکی پێویست بو. داوجار لە ساڵی 1955 دا، یاساکە لەسەر ئەڵمانیا هەڵگیرا و ئازادبو.

پەراوێزەکان:

[1]-(European Council for Nuclear Research (CERN

 

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *