نیڵز بۆر (1885 – 1962)

وەرگێران و ڕێکخستن: شێرکۆ رەشید قادر

” پێچەوانەی راست بریتییە لە چەواشە. بەلام پێچەوانەی هەقیقەتێکی قوڵ لەوانەیە هەقیقەتێکی تری قوڵ بێت.”

” ئەگەر میکانیکی کوانتەم لە ناخەوە نەی هەژاندوی، ئەوە بڕوابکە لێی حاڵی نەبوی.”     نیڵز بۆر

23342

نیەلز بۆر (1885 – 1962)

نیڵز بۆر هزرمەندێکی هیوابەخشی خاوەن قودرەتێکی گەورەی خوردبونەوە بو. تەواو خۆی تەرخان کردبو بۆ کارەکەی، پیاوێکی دڵفراوان و نەرم بو. هەر زو بە منداڵی دەرکەوت کە کەسێکی بلیمەتە، قوتابیەکی هاوڕێی، لە ساڵی 1904 دا، سەبارەت بە بۆر دەنوسێت و دەڵێت، ”  شتێکی خۆش و سەرنجڕاکێشە کەسێکی بلیمەت بناسیت، من خۆم بلیمەتێکی وا دەناسم، تەنانەت قوتابیشە لە گەڵمدا و هەمو رۆژێک پێکەوەین. من باسی نیڵز بۆر دەکەم… جگە لەوەی باشترین قوتابییە، سادەترین و رۆحسوکترین مەخلوقە کە ئنسان بە خەیاڵیدا بێت.” رۆحە مرۆییەکەی، زۆر بە باشی واڵا بو کاتێک، وەک زۆر لە زانایانی سەردەمەکە، کەوتە هەڵمەتی دژایەتیکردنی پێشکەوتن و پەرەسەندنی چەکی ناوکی.نیڵز بۆر یەکێک بو لە کیمیاناسە فیزیکییە هەرە مەزنەکانی سەدەی بیستەم، بۆ یەکەمجار پێشنیازی مۆدڵی سیستەمی خۆری لە بونیاتی ئەتۆمیدا کرد، ئەو سیستەمەی کە ئەلیکترۆنەکان بە دەوری ناوکدا دەسوڕێنەوە – ئەم مۆدڵە هەتا ئێستاش بنچینەی تێگەیشتنی مرۆڤە لە بەرانبەر مادە.

ژیانی منداڵی

نیڵز بۆر لە مانگی تشرینی یەکەمی 1885، لە خانویەکی گەورەی ماڵی نەنکی، کە جولەکەیەکی بانقدار بوە، لەدایکبوە. بابی، کریستیان بۆر، لە زانکۆی کۆپنهاگن پرۆفیسۆری فسیۆلۆژی بو. نیڵز، خۆی و براکەی و خوشکەکەی لە ناوەندێکدا گەورەبون و پەروەردەبون کە ئیلهامبەخەش و هاندەر بوە بۆ ئەوەی لە دوی ماریفەت بگەڕێن و عەوداڵی زانست بن، هەمیشە ئاخافتنی کڵتوری و رۆشنبیرییانە لە نێو خێزانەکەیاندا گەرم بو. لە دوا ساڵانی ژیانیدا، بۆر دەڵێت، کاتێک بابی و هاوڕێکانی سەرقاڵی گفتوگۆی فەلسەفییانە بون، لە گۆشەیەکدا گوێی دەگرت و بو بە ئیلهام بۆ ئەوەی عەوداڵی گەڕان بێت لە دوی پرینسیپی یەکخستنی ماریفەتی بەشەرییەت – ئەمەش بۆ خۆی خواستێک بو کە بە دڵنیاییەوە بۆر بەختەوەر بو بە هۆی شرۆڤەکردنی تیوری کوانتەم بەسەر کیمیادا بەدیبهێنێت.

بۆر، کاتێک لە قوتابخانە بو، لە روی ئەکادیمییەوە، قوتابییەکی ئەوەندە بەرچاو و بلیمەت نەبو، عادەتەن لە نێو بیست قوتابی پۆلەکەدا سێیەم و چوارەم پلەی فەراهەم دەکرد. هەرچەندە لە تۆپی پێدا، یاریزانێکی نایاب بو، بەڵام براکەی، هارۆڵد، لە بۆر زۆر باشتر بو، تەنانەت لە ئۆڵۆمپیاتی 1908دا، یاری بۆ تیپی پێی وڵاتەکەی خۆی، دانیمارک، کرد و مەدالیایەکی زیوی بردەوە. لەگەڵ براکەیدا، سەرباری ئەوەی هەردوکیان هەمیشە لە گۆڕەپانی یاری تۆپی پێدا ململانێیان بو، هەمیشە نزیکترین هاوڕێ بون، تەنانەت بە درێژایی ژیانیان هەر بەمجۆرە ئولفەتی یەکتر بون. یەکەمجار هەندێک لە دۆزینەوەکانی بۆر پەیوەست بون بە براکەیەوە، ئەمە لە نامە گۆڕینەوەکانی هەردوکیان بە ئاشکرا دیارە.

سەرەتایەکی گەورە

بۆر چوە زانکۆی کۆپنهاگن و دەستیکرد بە خوێندن، بەڵام چونکە لە زانکۆکە تاقیگەی لێ نەبو، ناچار بو زۆربەی تاقیکردنەوەکانی لە تاقیگەکەی بابی ئەنجام بدات. تەنانەت، بەم شێوەیەش توانی لە ساڵی 1906دا، خەلاتی مەدالیای ئەکادیمیای شاهانەی دانیمارکی بۆ زانست بەدەست بهێنێت.

بۆر، لە ساڵی 1911 دا، بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا و لە هەمان ساڵدا چو بۆ وڵاتی ئنگلتەرا بۆ ئەو مەبەستەی لە زانکۆی کامبریچ لەگەڵ جەی. جەی تۆمسۆن دا کاری زانستی بکات. کاتێک دەستیکرد بە کارکردن لەگەڵ ئەم فیزیکناسە گەورەیەدا، پێکەوە هەڵیان نەدەکرد و هەر یەکەیان تەبیعەتێکی جیاوازیان هەبو، لە دوی هۆیەک گەڕا بۆ ئەوەی خودایە لەم پیاوە نەجاتی بێت.

نیەڵز بۆر و هاوسەرەکەی مارگرێت لە ساڵی 1910

هەر زو بەخت یاوەری بو. ئەو کاتە رەزەرفۆرد، تازە بە تازە، دۆزینەوەکانی خۆی لەمەڕ ئەتۆم بڵاوکردبوەوە، رەزەرفۆر نەزەری وابو کە کە سەرتاپای بارستایی ئەتۆم لە ناوکەکەیدا (چەقەکەیدا) کۆبوەتەوە. ئەو کاتە، لە ئۆکتۆبەری 1911دا، رەزەرفۆرد سەرقاڵی پێشکەشکردنی موحازەرەیەک بو لە زانکۆی کامبریچ، بۆر ئامادەبو، زۆریش کاری تێکرد. دوای مانگێک، کاتێک بۆر چو بۆ مانچستەر، سەردانی ئاشنایەکی بابی کرد، رەزەرفۆردیش بە رێکەوت لەم ماڵە زیافەت کرابو، ئەم دو زاتە مەزنە بەیەکتر گەیشتن. لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتودا، بۆر کەوتە کارکردن لەگەڵ گروپەکەی رەزەرفۆرد لە مانچستەر، کاریان لەسەر بونیاتی ئەتۆم دەکرد. بۆر رەزەرفۆردی وەک نمونەیەکی نایابی هەم پرۆفیشناڵ و هەم کەسایەتییەک دەبینی کە حەزی دەکرد وەک ئەو هەڵسوکەوت بکات. هەردوک، بونە هاوڕێی زۆر نزیک، تەنانەت دوایش کە بۆر مانچستەری جێهێشت، نامەیان بۆ یەکتر دەنوسی و ئاڵوگۆڕی زانیارییان لە بارەی پێشکەوتنی زانستی یەکتروەرە دەکرد. ئەم پەیوەندییە بەمجۆرە بەردەوام بو، هەتا لە ساڵی 1937 دا، رەزەرفۆرد مرد.

ئەتۆمێکی نوێ

کاتێک لە مانچستەر بو، بۆر کاری لەسەر تیوری کوانتەم دەکرد، کە تازە بە تازە لە لایەن ئاینشتاین و پلانکەوە پەرەی پێدرابو. بۆر مەبەستی بو لە سایەی رۆشنایی تیوری کوانتەمەوە، لێکۆڵینەوە لە تیورییەکانی خۆی لەمەڕ بونیاتی ئەتۆم بکات و ئەو خەوشانە چارەسەربکات کە لە مۆدڵەکەی رەزەرفۆرددا بینی. هەرچەندە مۆدڵەکەی رەزەرفۆرد داهێنانێکی بلیمەتاانە و بازدانێکی گەورەبو بەرەو پێشەوە، بەڵام بە باشی کاری نەدەکرد. لە ئەتۆمی رەزەرفۆرددا، ئەلکترۆنەکان بە شێوەیەکی حەلزۆنی بەرەو ناوەراست دەجوڵێن، یاخود تەنۆلکەیەکی پۆزەتیفی تر هەیە و بەو ئاراستەیە دەیان جوڵێنێت.

دوای شەش مانگ، بۆر مانچستەری بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ کۆپنهاگن. لەوێ، لە هاوینی 1912 دا، دەزگیرانەکەی، مارگرێت نۆرلیند، هێنا و خێزانی پێکەوەنا. شەش کوڕیان هەبو، دوانیان بە منداڵی مردن. چوارەمیان، ئئاگ، وەک بابی بوە فیزیکناس و لە ساڵی 1975 دا، خەڵاتی نۆبڵی بۆ خۆی بەدەستهێنا.

کاتێک گەڕایەوە بۆ کۆپنهاگن، بۆر دەستیکردەوە بە کارکردن لەسەر تیورییەکەی لە باری ئەتۆمەوە و تیورییەکانی لە لە ساڵی 1913 دا و لە سێ پەیپەردا بەچاپ گەیاند. وەک پاداشێکی بۆ ئەم پەیپەرانە و تەفسیرکردنی ورد و جوانی بونیاتی ئەتۆمی، لە ساڵێ 1922 دا، خەڵاتی  نۆبڵی لە فیزیکدا وەرگرت. کارەکانی، کە لە ساڵانی بیستەکاندا و بە زۆری لە ناوەندی پەیمانگای کۆپنهاگن ئەنجامی دابون، بون بە بناخە بۆ میکانیکی کوانتەم.

لە ساڵی 1914 دا، بو بە پرۆفیسۆری فیزیکی تیوری لە زانکۆی کۆپنهاگن، بەڵام هەتا ساڵی 1916 دەست بەکارنەبو، چونکە جەنگی جیهانی دوەم هەڵگیرسا. لە هەمان کاتدا، رەزەرفۆرد، داوای لێکرد کە بێت بۆ مانچستەر و بۆ دو ساڵ موحازەر بڵێتەوە. بەمجۆرە جەنگ لە نێوەیدا بو کە بۆر بە پاپۆڕ گەشتی دەریایی بڕی و ژیانی خۆی و خێزانەکەی خستە خەتەرەوە بۆ ئەوەی بگاتە مانچستەر و دەست بەکاربکات. بەمجۆرە دەرفەتێکی نایابی بۆ رەخسا کە دەست بکات بە توێژینەوە و موحازەرەشی ئەوەندە نەبو.

کە گەڕایەوە بۆ دانیمارک بۆ ئەوەی پۆستە نوێکەی دەست پێ بکات، بۆر هەڵبژێردرا بۆ ئەکادیمیای شاهانە بۆ زانست. لە ساڵی 1921 دا، بو بە سەرۆکی پەیمانگای تازە دامەزراوی فیزیکی تیوری، کە هەر خۆی لەو دواییانەدا هەڵمەتیکرد بۆ بنیاتنانی. هەتا دوا ساڵانی ژیانی، کە مەرگ یەخەی گرت، بۆر لەم پۆستە مایەوە. دواییش، وەک شەرەفێک بۆ نیەڵز بۆر، ناوی پەیمانگاکە گۆڕدرا بۆ ناوی ئەو. دوای بۆر، کوڕەکەی ئئارگ، لە ساڵی 1963 دا، بو بە بەڕێوەبەری پەیمانگاکە.

ئەتۆمی کوانتەمی

جیاوازی سەرەکی مۆدڵەکەی بۆر لەمەر بونیاتی ئەتۆم لەوەدا بو کە ئەلکترۆنەکان، لە بری سوڕانەوەی لەخۆڕا بە دەوری ناوکدا لە فەزایکی هەوریدا، خولگەیەکی زۆر دیار داگیردەکەن .

ئەلکترۆنێک دەتوانێت لە ئاستێکی وزەوە بازبادات بۆ ئاستێکی تری وزە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لە نێوان دو خولگەدا بگیرسێتەوە. بازدانی ئەلکترۆنێک و دورکەوتنەوە یان نزیکبونەوە لە ناوک بەندە لەسەر هەڵمژین یان دانەوەی وزە.

 

2344

دایەگرامێک کە مۆدڵەکەی بۆر بە هەورە ئەلکترۆنیەکانەوە نیشان دەدات.

خولگەی هەرە ناوەوە، واتە ئەو خولگەیەی کە نزیکە لە ناوکەوە، دو ئەلکترۆن لەخۆدەگرێت. ئنجا ئەوەی دوای ئەمە، بە ئاراستەی دەرەوە، لەوانەیە هەتا هەشت ئەلکترۆن لەخۆبگرێت. ئەگەر خولگەکەی ناوەوە پڕ نەبێت، ئەوا ئەلکترۆنێک لەوەی سەرەوە بازدەدات بۆ ئەم خولگەیە. لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا، وزەش بە شێوەی روناکی (یان فۆتۆن) پەخش دەبێت. ئەو روناکییەی پەخش دەبێت، بڕێکی جێگیرە، کوانتەمە.

شەبەنگی پەخشی هایدرۆجینی – ئەو هێڵانەی روناکی پەخشبو لە هایدرۆجینەوە پیشاندەدەن کاتێک کە هایدرۆجینەکە بە تەنۆلکەکانی ئەلفا بومباباران دەکرێت – بەڵگەبون بۆ مۆدڵەکەی بۆر. شەبەنگەکانی روناکی دەردەخات کە لە کڵێشەی patterns مەنزومەوە پەخش دەبن، ئەمەش کاتێک ئەلکترۆنی مۆلکیولی هایدرۆجین لە نێوان خولگەکاندا دەجوڵێن.

واڵاکردنی توخمەکان

جگە لە کارەکانی لەمەڕ تیوری کوانتەمەوە، بۆر کەوتە کارکردن لەسەر رەهەندە پراکتییەکانی مۆدڵەکەی لەمەڕ بونیاتی ئەتۆم بۆ خشتەی دەورانی زەمەنی توخمەکان. بۆر ئەوەی خستەڕو کە پێویستە حیساب بۆ خەسلەتەکانی توخمێک بکرێت و تەنانەت بە هۆی رێکخستنی ئەلکترۆنەکانی نێو ئەتۆمەکەیەوە دەکرێت پێشبینی ئەم خەسڵەتانە بکرێت، بە هەمان شێوە دەکرێت ئەم کارە بە هۆی مەوقیعی ئەو توخمە لە خشتەی خولی توخمەکاندا ئەنجام بدرێت.

لە سایەی رێنماییەکانی بۆردا، پەیمانگای کۆپینهاگن زۆر فیزیکناسی گەورەی سەردەمەکەی لە دونیای دەرەوە بۆ لای خۆی راکێشا و بو بە ناوەند و سەنتتەری کارکردن لە بوارەکانی فیزیکی ئەتۆمی تیوری کوانتەمی. بۆر خۆی سەفەری ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدای دەکرد و موحازەرەی پێشکەس دەکرد.

هەمو شتێ گۆڕا

لە ناوەراستی 1920 دەکاندا، بۆر جەختیکردە سەر ئەوەی کە مۆدڵە نوێکەی لەمەڕ ئەتۆم، کە عەیامێکە کاری لەسەر دەکات شتێکی تیورییە. وەرچەرخانێکی نوێ و یەکگرتنی ئایدیاگەلێکی پێشبینکرد. ئەم ئایدیایانە لە هەمان ئەو دە ساڵەدا دەرکەوتن کە میکانیکی کوانتەم هاتەئاراوە، کە بناخەکەی بریتی بو لە مۆدڵی کوانتەم کە لەمەڕ ئەتۆمەوە بۆر خۆی پێشکەشی کردبو. لە ساڵی 1927دا، هایزنبێرگ پرینسیپی نایەقینی بڵاوکردەوە، ئەو پرینسیپەی دەڵێت کە مەحاڵە ئنسان بتوانێت مەوقیع و وزەی تەنۆلکەیەک پێوانەبکات، چونکە پرسی پێوانەکردن کاردەکاتە سەر تەنۆلکەکە و حاڵەتەکەی دەجوڵێنێت.

لە ئەیلولی 1927دا، بۆر ڕەچاوی پرینسیپی هایزنبێرگی کرد بۆ تەفسیرکردنی چەمکی تەواوکەری [1]complementarity. ئەلبێرت ئاینشتاین دودڵ بو لە بەرانبەر تەفسیرە تازەکەی بۆر سەبارەت بە میکانیکی کوانتەم، هەرچەندە تەرزەکەی بۆر دوایی بوە مۆدڵە فەرمانڕەواکە و باڵی بەسەر کایەکەدا کێشا. ئەم دو کەسایەتییە مەزنە دوای چەندەها ساڵ مشتومڕەکەیان درێژەی کێشا، سەرباری ئەوەی ئاینشتاین هەرگیز لەگەڵ بۆردا کۆک نەبو، بەڵام بۆر ئیعتیبارێکی بەرزی بۆ بەهای ئەم گفتوگۆیانە لە پاڵاوتنی بیروراکانی خۆیدا دانا. لە ساڵی 1927دا، لەم بارەیەوە دەنوسێت، ” هەر کەسێک بە تیوری کوانتەم شۆک نەبوە، ئەوە لێی تێنەگەیشتوە.”

بونیاتی ئەتۆمی و کیمیای توخمەکان.

هەمو توخمێک ژمارەی ئەتۆمی خۆی هەیە، ئەگەر سەرەتا سەیری هایدرۆجین بکەین، ژمارەی ئەتۆمییەکەی یەکە. ژمارەی ئەتۆمی مرادفی ژمارەی پرۆتۆنە لە ئەتۆمی توخمێکدا.

بۆر، خۆی لەوەبەر ئەوەی دەرخستبو کە ئەلکترۆنەکان لەسەر خولگەی جێگیرن کە دەوری ناوکی ئەتۆمەکەیان داوە. ئەتۆمەکان هەوڵدەدەن کە هەورێکی دەرەکی تێر یان پڕیان هەبێت، چونکە مۆڵەتیان پێ دەبەخشێت کە بونیاتێکی سەقمگیریان هەبێت.

لەوانەیە لە ئەلکترۆنەکاندا هاوبەش بن ، یان بە یەکتری ببەخشن ، یان لە یەکتری وەربگرن، ئەمەش بۆ ئەو مەبەستەی کە سەقامگیری دەستەبەربکەن. ئەو رێگایەی بە هۆیەوە ئەتۆمەکان لەگەڵ یەکتردا بۆند پێکدەهێنن، پاشان بەو ئاسانییەی شتەکە دەکەن، لە لایەن نیزام و رێکخستنی ئەلکترۆنەکانە دیاری دەکرێت.

بەو جۆرە توخمەکان، بە پێی ژمارەی ئەتۆمییان،  لە خشتەی خولیدا تەنزیم کراون. دەبینین کە مەوقیعیان لە خشتەکەدا لە لایەن زانایانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ پێشبینیکردنی رەوشیان کاتێک کە لەگەڵ توخمەکانی تردا یەکدەگرن.

تەواوکەری  Complementarity

تیورییەکەی بۆر لەمەڕ تەواوکەری دەڵێت کە ئەلکترۆنەکان لەوانەیە هەم شەپۆل و هەم تەنۆلکە بن، بەڵام لە کاتێکی دیاریکراودا، تەنها لە یەکێک لەم دو حاڵەتەدا شرۆڤەیان دەکەین. بۆر ئەوەی خستەڕو کە دەکرێت سیما دژ بەیەکەکانی ئەلکترۆنێک لە چەند تەجروبەیەکی جودادا بسەلمێنرێت و ناتوانین بە هیچ یەکێک لە دەرەنجامەکانیش بە تاک و تەنها رازی بین و قبوڵ بکەین – پێویستە هەمو ئیحتیمالەکان لە مێشکماندا لەبەرچاوبگرین. ئەمەش پێویستی بە کەمێک دەستکاری هەیە لە مۆدڵە ئەسڵییەکەی بۆر لەمەڕ بونیاتی ئەتۆم، ئەمەش لەوەدا کە چیتر ناتوانین بڵێین کە ئەلکترۆنێک خولگەیەکی دیاریکراو و تایبەت داگیردەکات، بەڵکو دەتوانین تەنها بڵێین کە ئیحتیمال هەیە لەو پێگەیەدا بێت.

جەنگێکی سەخت

لە ساڵانی 1930 یەکاندا ، بۆر خولیای چوە سەر کارلێکی ناوکی و ئەوەی لەبەرجاوگرت کە مومکینە ئنسان بتوانێت وزەی لێ بەرهەم بهێنێت. کارلێکی ناوکی بریتییە لە کەرتکردنی ناوکی ئەتۆم و ئنجا ئەمەش دەبێت بە هۆی پەخشکردن یان بەرەڵاکردنی وزەیکی بێشومار. کارکردن لەسەر کارلێکی ناوکی زۆر بە خێرایی وەک بوارێکی نوێی پیشەسازی لە وڵاتانی ئەوروپا بڵاوبەوەوە ، هێدی هیدی پەرەی سەند و بە ئاراستەی بۆمبی ئەتۆمی هەنگاوی هەڵگرت و گەشەی کرد، ئەمەش زیاتر لە جەنگی دوەمی جیهانیدا رەنگی دایەوە. لیز میەتنەر، کە لە نەمسا هەڵات، دوای داگیرکردنی لە ئەڵمانەکانەوە. ئەو هەواڵەی هێنا کە ئەڵمانیا سەرقاڵی کارکردنە لەسر کارلێکی ناوکی. کاتێک، هایزنبێرگ سەردانی بۆری کرد، بە بۆری راگەیاند کە ئەڵمانیا لە حاڵی حازردا خەریکی پەرەپێدان و دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییە – لە راستیدا هایزنبێرگ خۆشی بەرپرسی پرۆژەکە بو. دوایی بانگەشەی ئەوەی کرد کە خۆی (واتە هایزنبێرگ) و بۆر لەسەر ئەوەش رێکەوتبون کە ئەگەر زانیان پرۆژەکە سەردەکەوێت، ئەوا بە هەردوکیان لە بناخەوە دەیروخێنن، بەڵام بۆر ئنکاری لەم جۆرە رێکەوتنە کرد و گوتی هەرگیز شتی وەها نەبوە.

کاتێک هیتلەر کەوتە راونانی جولەکەکان، بۆر پەیمانگاکەی لە کۆپنهاگن کردە ناوەندێکی پەناگە بۆ گەلێک لە زانایانی جولەکە، دوای هەڵگیرسانی جەنگ، تەنانەت بۆر مەدالیا ئاڵتونیەکەی، کە بەرهەمی خەڵاتی نۆبلەکەی بو، خستە خزمەتی هەمو هەوڵێکەوە بۆ وەستاندنی جەنگ. ئنجا کە ئەڵمانیا لە ساڵی 1940دا،  دانیمارکی داگیرکرد، بۆر، چونکە بە ئەسڵ جولەکە بو، جگە لەوەی هیچ جۆرە هەست و نەستی خۆی وەک دژە نازییەک نەشاردەوە، ژیانی سەخت و زەحمەت بو، بۆیە بە خۆی و سەرتاپای خێزانکەیەوە هەڵهاتن بۆ سوید، ئەویش دوای ئەوەی هێزەکانی مقاوەمەت، بەلەمێکی بچکۆلەیان بۆ فەراهەمکرد. لەوێشەوە چون بۆ ئنگلتەرە.

لە ئنگلتەرە، لەگەڵ زانایان کەوتە کارکردن بۆ ئەوەی بەر لە ئەڵمانەکان بگرن چیتر نەتوانن پەرەبدەن بە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. خۆی و کوڕەکەی، ئائگا، دوایی کۆچیان کرد بۆ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لە لۆس ئەڵەماس، نشتەجێبون. لێرە لەگەڵ گروپێک توێژەری بەریتانیدا، بون بەشێک لە پرۆژەی بەناوبانگی مانهاتن. لە راستیدا، بۆر هیچ دڵخۆش نەبو بە پەرەپێدان و پێشخستنی چەکی ناوکی، هەتا لە ساڵی 1944 دا، هەوڵیدا هەریەک لە رۆزفێلت و چەرچل قایل بکات هاوکاری و کارکردنی پێکەوەیی وڵاتان باشترە بۆ دەستپێکردنی ئەم کارە. چەرچل زۆر بێتاقەت بو لەوەی کە بۆر رای وەها بو کە لەگەڵ روسەکان پێکەوە زانیاریەکانیان لەم بارەیەوە ئاڵوگۆڕ بکەن، جگە لەوەش بۆر رای بەو جۆرە بو کە دوای جەنگ پێویستە کۆنترۆڵی چەک بکرێت.

لە ساڵی 1950 دا، بۆر نامەیەکی نوسی و پرسەکەی خستە بەردەم نەتەوە یەکگتوەکان، بۆر لە پرسەکەیدا دژی ئەوە بو یەک وڵات بە تەنها لە بواری چەکی ناوکیدا کاربکات، بەڵکو، لای وی، پێویستە وڵاتان پێکەوە رۆڵیان هەبێت لەم کایە ترسناکەدا.

لە ساڵی 1954دا، دامەزرێنەری سەرەکی بو لە سێرن، کە ئێستا گەورەترین و پێشکەوتوترین ناوەندی ئەوروپایە بۆ توێژینەوەی ناوکی و تەنۆلکە فیزیکییەکان لە سویسرا. لە ساڵی 1955 دا، کۆنفرانسی ئاشتی ئەتۆمی لە ژنێڤ رێکخست. بۆر لە تشرینی دوەمی ساڵی 1962، لە کۆپنهاگن، بە جەڵتە مرد.

 

سەرچاوە:
Farndon, John (2005). The Great Scientists: From Euclid to Stephen Hawking. Arcturus Publishing. Kindle Edition
—————————————————————————————————

 پەراوێز:

[1]. مەبەست لەو چەمکەیە کە دو تیوری دژ بەیەک، وەکو تیورییەکانی تەنۆلکە و شەپۆل لەمەڕ روناکی، دەکرێت کۆمەڵە دیاردەیەک تەفسیربکەن، سەرباری ئەوەی هەر یەکە بۆ خۆیان بە جودا حساب تەنها بۆ هەندێک لایەن بکەن.

 

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *