لە پەراوێزی کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆدا (١)

نوسین وئامادەکردنی: هاوار بەرزنجی

پێش دەستپێک
ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێنێتەوە، شەرحی کورت کورتی کتێبی فیزیکای ئەڕستۆیە؛ لە شەرحەکەدا بە پلەی یەک، مەدیونی د. عیرفانم؛ دەکرێت بڵێین کۆی نوسینەکە، بە یارمەتی ئەو نوسراوە، وە ئەگەر ئەو نەبوایە، ئەم نوسینەش بوونی نەدەبوو؛ ئەمە تێرامانە لە فیزیکا لە ئاوێنەوە.

ئەڕستۆ، ٣٨٤ی پ.ز – ٣٢٢ی پ.ز

فیزیکا وەکو کتێبێک، مەرجەعێک کە هەتا ئێستاش شایەنی ئەوەیە بۆی بگەڕێینەوە و دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکەین. کتێبێک کە هەتا سەردەمی گالیلیۆ (١٥٦٤-١٦٤٢) بەسەر بیرکردنەوەی ڕۆژئاوادا زاڵە. فیزیکا جیاوازە لەو فیزیکەی دونیای مۆدێرن پێی ئاشنایە، واتە فیزیکا شەرحی سروشتە بە مێتافیزیک؛ فیزیکە بە چاوی ئەڕستۆی گریگی؛ فیزیکی مۆدێرن مامەڵە لەگەڵ هیولادا دەکات، هۆکارەکانی تر بۆ ئەو مایەی بایەخ پێدان نین. هێندە بەسە ئەو قەولەی هایدگەر بهێنینەوە کە دەڵێت، فیزیای ئەڕستۆیی جیاوازە لەو زانستە فیزیایەی کە ئەمڕۆ ئێمە پێی ئاشناین، لەبەر ئەو حەقیقەتەی کە فیزیای ئەڕستۆ فەلسەفەیە، لێ فیزیای مۆدێرن زانستێکی تاقیکارییە و فەلسەفەیەک دەکاتە پێشگریمانەی خۆی (Martin Heidegger, The Principle of Reason, trans. Reginald Lilly, 63).

ئەڕستۆ سێ پۆلبەندی بۆ مەعریفە دەکات، بە دیدی ئەو، شتەکان یان جووڵەدارن، یان بێجووڵەن؛ وە یان جیابووەن (دابڕاو-مفارق)، یان جیانەبووەن (دانەبڕاو-غیر مفارق).

مەعریفە بە شتە جووڵەدار و جیانەبووەکان بریتییە لە فیزیک؛

مەعریفە بە شتە بێجووڵە و جیابووەکان بریتییە لە ماتماتیک؛

شتە بێجووڵە و جیانەبووەکانیش مێتافیزیک (بڕوانە: ارسطو، در آسمان، ترجمە: اسماعیل سعادت ص١١).

ئەوەی لێرەدا دەبێتە پرسیار ئەوەیە کە ئەڕستۆ شتە بێجووڵەکان بە فیزیک دانانێت، واتە دەکرێت بڵێین ئەو شتی ڕەقی (جامد) پێ فیزیک نییە؛ واتە تۆ بڵێیت ئەو جگە لە شلە و هەوا، ڕەقی پێ بابەتێک نەبووبێت بۆ فیزیک؟! یان بڵیین نا، لەو ڕووەوە کە شتی ڕەقیش لە پێکهاتوویدا عالەمێکی پڕ لە جووڵە و هەرگیز نەوەستاوە، بۆیە ڕەقیشی هەر پێ جووڵە دار بووە. ئەم شتە لە فیزیای کوانتەمی بە تەواوی سەلمێندراوە، لە پشتی پەردەوە، عالەمێک هەیە سەراپا جووڵەیەکی ئەزەلی هەیە و هەرگیز ناوەستێت.

فیزیکا

کتێبی 1

§1

یەکەمین پەڕەی کتێبی فیزیکا، چاپی ئۆکسفۆرد، ١٨٣٧

بە دیدی ئەڕستۆ، لە هەر توێژینەوەیەکی زانستیدا، بۆ ناسینی هەر ئۆبژەیەک (object)، دەبێت مەعریفەمان سەبارەت بە سێ شت هەبیت:

بنەماکان (principles)، هۆکارەکان (causes)، توخمەکان (elements).

لە سەرەتای پەرەگرافەکەدا، ئەڕستۆ هەرسێکیان پێکەوە دەهێنێت؛ لێ، چەند دێڕێک دوای ئەوە، بنەماکان و هۆکارەکان لەگەڵ یەک و توخمەکانیش بەجیا لەو دووانە باس دەکات. ئەو دەڵێت، ئێمە کاتێک پێمان وایە بابەتێک دەناسین، کە لەگەڵ هۆ یەکەمینەکان و بنەما یەکەمینەکاندا شوناسمان پەیداکردبێت و، وە تەحلیلمان هەتا سادەترین توخمەکان بردبێت (Physics 1.1, 184a10-184a12). لێرەدا دوو پرسیار دێتە ئاراوە کە شایەنی هەڵوەستە لەسەر کردنە، باشە ئەگەر لەو دووانەوە بگەین بە توخمەکان، دەکرێت بڵێین کە ئەو دووانە هۆن و توخمەکانیش دەرەنجام؟ یان ئایا لەو دووانەوە دەتوانین بگەینە توخمەکان؟

بەڵام ئەم سەفەرە دەبێت چۆن و لە کوێوە دەست پێ بکات؟! لای ئەڕستۆ ئەم سەفەرە دەبێت لەو شتانەوە دەست پێ بکات کە قابیلی ناسینن (knowable) و ڕوونن، بۆ ئەو شتانەی کە بەسروشت ناسراوتر و ڕوونترن. چونکە، ئەوەی بۆ ئێمە مایەی ناسینە (ڕەنگە بەسروشت وا نەبێت)، ئەو شتە نییە کە بەڕەهایی وە لە خۆیدا مایەی ناسینە (Physics 1.1, 184a17-184a21). ئەمە کێشەیەکی گەورەی ئەپیستمۆلۆژیایە و ئێمە لێرەدا لەسەری ناوەستین.

باشە چ شتێک بۆ ئێمە مایەی ناسین و ڕوونترە؟! وەڵامی ئەڕستۆ شتە تێکەڵەکانن. هەربۆیە ئەو سەفەرە دەبێت لە گشتەوە (whole) بۆ بەش (part) بێت. چونکە گشت ئەم ئەدگارانەی تێدایە:

  1. بۆ ئیدراکی هەستەکی ناسراوە، بە پێچەوانەی بەشەوە، کە زیاتر بۆ عەقڵ مایەی ناسینە.
  2. گشت، بەشی لەخۆیدا هەڵگرتووە.

ئەو پێی وایە کە دەکرێت ناو و پێناسە، وەکو مەسەلەی گشت و بەش چاو لێبکەین. وە بۆ ڕوونکردنەوی ئەم بابەتە، نموونەی بازنە دەهێنێتەوە، بازنە بەشێوەیەکی ناڕوون دەلالەتە لە گشت، لەکاتێکدا پێناسەکردن بازنە دەبەستێتەوە بە بەشەکانیەوە.

ئێستا با بێینە سەر ناسینی هەریەکە لەو سیانە:

 

یەکەم: هۆکارەکان

هۆکار ئەو شتەیە کە دەبێتە هۆی هێنانەدی شتێک (شت وەکو ئەنجام)؛ هۆ و ئەنجام(Causality) مەسەلەیەکی گرنگی ناو مێتافیزیکە و، لە ئەڕستۆوە بۆ هیوم و هیگڵ درێژدەبێتەوە. زانست بە هۆکارەکان لە زانست بە ئەنجامەکان گرنگتر و لەپێشترە. چونکە تۆ لێرەدا لەگەڵ هۆکارەکاندا دەرگیریت کە دەبنە هۆی هێنانەدی شتێک. واتە تۆ هەتا هۆکارەکانی نەشونماکردنی ڕووەک نەناسیت، ڕووەکیشت بە تەواوی نەناسیوە.

بابەتی هۆکارێتی هەروا سادە نییە و لە مێتافیزیکادا جەدەلی زۆری لەسەرە. بە گوزەشتکردن لە ئەڕستۆ، هیوم لەو باوەڕەدایە کە ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان نییە بۆ هۆ و ئەنجام؛ ئەوەی کە هەمیشە دەبینین خۆر لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت، ئەوەیە کە خومان پێوە گرتووە، بەوەی کە هەمیشە دەبێت لەوێوە دەرکەوێت، هیچ کەس ناتوانێت دڵنیابێت لەوە کە سبەینێش هەر لەوێوە هەڵدێتەوە، ئەوەی هەیە تەنها ئینتیباعە (impressions) و بەس. بەڵگەی هیوم بۆ ڕەدکردنەوەی هۆ و بەرهۆ لەوەدا چڕدەبێتەوە کە، ئەگەر هۆ و ئەنجام دوو ڕووداوی جیاواز بن، ئەوا، هیچ پەیوەندییەک لەنێوانیاندا نییە. ژەهر و مردن؛ مشار و دار؛ ئاگر و دار؛ دوو شتی جیان لە یەکتر، کەواتە نابنە هۆ و ئەنجامی یەکتر؛ ئەگەر بڵێین یەک شتن، دیسانەوە هۆ و ئەنجامێک بوونی نابێت. (هۆكاره‌كان لای ئه‌رستۆ ئه‌وانه‌ن كه‌ هه‌بوویه‌ك لێیانه‌وه‌ دێته‌ بوون. واته‌ هۆكاره‌كان هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ كارتێكردن و كارتێكرانه‌وه‌ نییه‌، كارتێكردن و كارتێكران له‌ كرده‌دا هه‌یه‌ نه‌ك له‌ هاتنه‌بووندا. دار به‌ ئاگر ده‌سوتێت. ئاگر كارتێكه‌ره‌و دار كارتێكراوه‌ لێره‌دا هیچ شتێك نه‌هاتووه‌ته‌ بوون به‌ڵام چوار هۆكاره‌كه‌ی ئه‌رستۆ ئه‌وانه‌ن كه‌ شتێكییان لێدێته‌بوون. بۆیه‌ لێكدانه‌وه‌ هۆكاره‌ ئه‌رستۆییه‌كان كه‌ به‌ كارتێكه‌رو كارتێكراو هه‌ڵه‌یه‌. زیادکراوی د. عیرفان مستەفا).

هیگڵ، وەکو ترۆپکی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی، لە فەلسەفەکەی خۆیدا، هۆکارێتی خۆی دەگۆڕێتەوە بە سێکوچکەی دایەلێکتیک (تێز، ئەنتی-تێز، سێنتێز). من لە نامەیەکدا کە بۆ گەورە هیگڵناسی ئێڕانم نارد (د. محمد مهدی اردبیلی)، تێیدا پرسیارم سەبارەت بەم مەسەلەی لێکرد، ئەویش لە وەڵامدا نوسیبووی، هیگڵ دەیەوێت لەڕێی دایەلێکتیکەوە لەو یارییە کۆنەی “مشک و پشیلە”ی هۆکارێتی دەرباز ببێت. دایەلێکتیک لای ئەو، مۆنۆلۆگە و تێز بۆ ئەوەی دەست بکات بە جووڵە و گەشە، لەناو خۆیدا دژەکەشی هەڵگرتووە.

بەڕای من، کێشەی گەورەی هۆکارێتی، کێشەی شوێن-کاتە، لەو شوێن و کاتەی هۆ بوونی هەیە، ئەنجام نییە و، لەو شوێن و کاتەش ئەنجام هەیە، هۆ دیار نییە.

زانست، بەتایبەت فیزیا، تایبەتتر کوانتەم میکانیک؛ وەکو تازەترین و، ترۆپکی زانست، پاڵپشتی لە هۆکارێتی ناکات و، دوا لێدانی خۆی دەدات لەو قانوونە سروشتیەی لەسەر هۆکارێتی بونیاد نراوە؛ بە گوێرەی پرەنسیپی نادڵنیایی هایزنبێرگ بێت، ئێمە هەرگیز ناتوانین شوێن و خێرای پارتیکڵ لە هەمانکاتدا بپێوین، خێرایی بدۆزینەوە، شوێن دەگۆڕێت، شوێن بدۆزینەوە، خێرایی دەگۆڕێت. ئەم بنەمایە وەکو بنەڕەتیترین بنەمای کوانتەم میکانیک، دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ ڕەهایی شوێن-کاتی فیزیای کلاسیک و، هۆکارێتی ڕەد دەکاتەوە، لە عالەمە کوانتەمییەکەدا، ئەگەری هەیە شتێک ڕووبدات، بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی هەبێت؛ لەو عالەمە حیرەتهێنەرەدا ئەوەی هەیە تەنها ئەگەرترین ئەگەرە.

هۆکارەکان لای ئەڕستۆ ئەمرێکی پێشینەن (a priori) بۆ بوونی هەرشتێک لێرەدا (res).  ئەو هۆکارەکان چوار بەشن؛ دوو دانەی یەکەمیان (ماتەریی و فۆرمیی) ئەزەلین و هەر هەبوون؛ ئەڕستۆ لە سەلماندی ئەوەی کە ماتەر هەر هەبووە پەیڕەی لە پارمەندیس دەکات کە پێی وایە لە هیچەوە هیچ بەرهەم دێت.

هۆکاری ماتەریی (hyle)

هۆکاری ماتەریی وەڵامگۆی ئەو پرسیارە کە پرسیار چەندێتی ئەو پێکاتووە دەکات. یەکەمین شت، بوونی ماددە سەرەتاییەکانە (لای هیراکلیتوس ئاگرە و، لای تاڵیس ئاو و، لای ئەناکسیمنس هەوا) وە ماتەر بوونێکی هێزەکییە(پۆتێشناڵ – بالقوە). ماتەر لە دروستکردنی بازنەدا، بوونی ئاڵتوونە کە پێویستە بۆ دروستکردنی بازنەکە. باشە ئەوە چییە وا دەکات بازنەیەکی ئاڵتون لەگەڵ بازنەیەکی برۆنزیدا کە هەمان فۆرمیان هەیە، بەڵام لێکجیا بن؟! وەڵامەکە هۆکاری ماتەرییە، ئەو دوو بازنەیە لە دوو ماتەری جیا دروست بوون. کە فۆرم یەک دەگرێت لەگەڵ ماتەردا، لە هەمەکییەوە دەبێته‌ هەندەکی و ڕەنگ و بۆنی ئەو ماتەرە وەردەگرێت (د. محەمەد کەمال، مێتافیزیکی ئەڕستۆ، ل٨٦).
هۆکاری فۆرمیی (morphe)

وەڵامگۆی چییەتی هەبووەکەیە؛ شێوەپێدانە بە ماددەکە. لای ئەڕەستۆ، هیولا (hyle) ماتەرێکی لە فۆرم بەدەرە، واتە فۆرمێکی سەربەخۆ یان سەرەتاییە (materia prima). فۆرم بوونێکە کردەکی (ئاکچواڵ – بالفعل)؛ لێ کاتێک ئەم فۆرمە دەرگیردەبێت لەگەڵ ماتەردا، دەبێت بە هیلۆمۆرفی (hyle-morphe)، لێرەدا فۆرم لە هەمەکییەوە دەبێتە هەندەکی و ماتەریش لە دوورەوە دەبێتە نزیک و دیاریکراو و، لایەنە ماتەرییەکەی دەیکات بە هەبووەیەکی نێو شوێنکات (res).

ئەم دوو هۆکارە، بەرپرسی ئەدگار و ڕەفتاری بوونن (entities)؛ ئێمە بۆ کردەی خەلقکردن بەلایەنی کەمەوە ئەو دوو هۆکارەمان دەوێت، ماتەر توانای وەرگرتنی فۆرمی هەیە، لێ ئەو دووانە خۆیان ناتوانن ئەم کارە بکەن! بۆ ئەوەی ئەم کردارە ڕوو بدات، پێویست بە بکەرێک دەکات. واتە ئەوەی کە لە پشتی ئەم دوو هۆکارەوە کار دەکات، بریتییە لە هۆکاری کارایی و هۆکاری ئارمانجی(Stanford encyclopedia of philosophy, Aristotle’s Natural philosophy, the four causes).

هۆکاری کارایی (efficient cause)

وەڵامگۆی پرسیاری کێ یە؛ واتە هۆکاری کارایی، بوونی بکەرێکە بۆ ئەوەی کارەکە ئەنجام بدات. ئاڵتوون وەکو ماتەر، کە فۆرم وەردەگرێت و دەبێتە بازنە، لێ خۆیان ناتوانن ئەم کارە بکەن، ئەوەی ئەم کردەیە ئەنجام دەدات، بوونی بکەرێکە.

 

هۆکاری ئارمانجی (final cause)

دوا ئارمانج، یان دەکرێت بپرسین ئەو مەبەستە چییە کە بازنەکەی بۆ دروستکراوە؟ ئێمە چ ئیشکێمان بە بازنەکە هەیە؟ واتە ئەگەر پێویستیی دروستکردنی بازنەکە نەبوایە، ئێمە بازنەکەمان دروست نەدەکرد.

دووەم: بنەماکان

بنەماکان کردەکە دروست ناکەن، بەڵکو کردەکە وا لێدەکات بەوجۆرە بێت؛ واتە بنەماکان جۆر دیاری دەکەن. بنەما وەکو پێوەر (معیار) کاردەکات، دەستنیشانی ئەو شتە دەکات (ناسنامەی ئەو شتە دیاری دەکات) کە وایە، یان وا نییە. بنەماکان یاسا گشتییەکانن، وە ڕێککەوتنین (ئیتیفاقین). نموونەی بنەما، وەکو مەتر، یاسا فیزیاییەکان و، چوار کردارەکان (+، -، x، ÷)، …هتد. خەسڵەتێکی گرنگری بنەماکان بریتییە لە مەحرومییەت (privation)، واتە پاش ئەوەی کە دەستنیشانی سیفاتێک دەکات بۆ شتێک، ئیتر ئەو شتە دادەماڵێت لە سیفاتی تر(Aristotle’s physics, Books I to IV, sparknotes.com).

باروخ سپینۆزا، وتەیەکی گرنگی هەیە کە دەڵێت (Omnis determinatio est negatio)  کە ئەگەر بکرێت بە کوردی وای لێدێت: “هەر دەستنیشانکردنێک نەفیکردنە”. تۆ کاتێک دەڵێیت ئەمە ئەڕستۆیە، ڕاستەوخۆ ئەڕستۆت نەفیکردووە لە بوون بە کەسی تر. منداڵ لە سەرەتادا وا دەزانێت هەر پیاوێکی بینی باوکییەتی و هەر ژنێکی بنین دایکییەتی، لێ دواتر هەریەکەیان لەوانی تر جیادەکاتەوە کە دایک و باوکی ئەو نین (Physics 1.1, 184a22-184b14). واتە کە دەستینیشانی دایک و باوکی خۆی کردەوە، ڕاستەوخۆ ئەوانی تر نەفی دەکات کە دایک و باوکی بن.

سێیەم: توخمەکان

لە شیکردنەوەی پێکهاتەیەکدا، دەگەینە توخمەکان، واتە بچووکترین یەکە توخمە. کە لێکیان دەدەین، ماددەی شتەکە دەهێننە ئاراوە، وە دەکەوێتە ناو هیولاوە (hyle) و، ڕوڵ دەبینێت لە فۆرمبەخشین بە هاتنە ئارای شتێک. پێکهاتە لە دوو توخم زیاترە، لێ ناپێکهاتە یەک توخم. توخمەکان پەیوەندی سەرەکییان لەگەڵ هۆکاری ماتەرییدا هەیە، چونکە هۆکاری ماتەریی بە پلەی یەک دەرگیرە لەگەڵ ماددەکان و پێکهاتووەکانیان. توخم بنەمای هیولایە و ئێمە کە باس لە توخم دەکەین، ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیولادا سەروکارمان هەیە.

بۆ نوسینی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراون:

-Physics, Aristotle, Translated by R. P. Hardie and R. K. Gaye

– Stanford encyclopedia of philosophy, Aristotle’s Natural philosophy

– Aristotle’s physics, Books I to IV, sparknotes.com

– کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆ، لێکچەری یەکەم، د. عیرفان موستەفا

– مێتافیزیکی ئەڕستۆ، د. محەمەد کەمال

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *