مایکل فارادای ( 1791 – 1867)

وەرگێڕان و  ئامادەکردنی: شێرکۆ ڕەشید قادر

”ئەو ئنسانەی دێت و دەڵێت دڵنیایە لەوەی کە خۆی راستە، ئەوە بە دڵنیاییەکی زۆرەوە هەڵەیە.”

  مایکل فارادای

مایکل فارادای ( 1791 – 1867 )

مایکل فارادای، نەک هەر بە یەکێک لە زانا تەجریبییەکان هەژمارد دەکرێت، بەڵکو، لەوانەشە بە گەورەترین زانای هەمو سەردەمەکان دابنریت – تیوریستییەکی خاوەن وێنایەکی بەرز بو، دەرکی بەو راستییە کرد هەمو هێزەکانی سروشت پێکەوە بەستراون. فارادای هەم مۆتۆری کارەبایی و هەم جێنێرەتەری کارەبایی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد، پاشانیش زەمینەی خۆشکرد بۆ لەدایکبونی شۆڕشی کارەبایی.

کاتێک مایکل فارادای لە 1791 دا هاتە دونیاوە، کارەبا پرسێکی نوێی گەرمی ناوەندە زانستییەکان بو. ئەمە جگە لەوەی لەو رۆژگارەدا و لە شوێنە گشتییەکان خەڵک و زانایان شوشە و کبریتیان لە یەکتر دەخشاند بۆ دروستکردنی پڕیشکی کارەبا و کارەبای ستاتیکییان دروست دەکرد و تاقیکردنەوەیان ئەنجامدەدا و خەڵکی تریش لەم دیمەنانە کۆدەبونەوە و چەپڵەیان لێدەدا. تەنانەت روەکناسی ئیتاڵی لویجی گالڤانی ( 1737 – 1798 کارەبای بەکارهێنا بۆ ئەوەی لاقی بۆقێکی مردو بخاتە حاڵەتێکەوە کە موچرکەی پێدابێت. گالڤانی باوەڕی وابو کە هێزی ژیانی دۆزیوەتەوە، لای وی ”کارەبای گیانداران” بریتییە لە ژیاندنەوەی گۆشت و ئێسک. هەر دوای ئەمە، دەیان زانا کەوتنە خۆیان و تەزوی کارەبایی ژیانیان کردەوە بە بە بەدەنی مردودا، ئەمە جۆرە پانورامایەک بو کە زۆر بە تەرزێکی بەرز و ستایلانە لە رۆمانەکەی ماری شیللی ” فرانکشتاین” دا رەنگی داوەتەوە و وێناکراوە.

ئایدیای کارەبا وەک هێزێکی ژیاندنەوە بوە هۆی سەرنجڕاکێشانی خەڵکانێک و خەیاڵی ئنسانی ئاسایی بە جۆرێک خستە ئیلهامەوە کە بو بە مایەی نومایشی شانۆیی لە گۆڕەپانەکانی ناوەندی شاردا، تەنانەت زانای توندڕەوەی وەکو ئەندرو ئور، کە سکۆلەندی بو، لە ساڵی 1818 دا، لە شاری گلاکسۆ هات و مەیتی تازە لە سێدارەدراوی پیاوکوژێکی وەکو ماتیۆ کلایدسدەیلی هێنا و خستییە ژێر کاریگەری تەزوی کارەباوە و لەسەر تەختی شانو وەک بوکە سەماکەرە سەمای پێکرد و بوە مایەی جۆش و پێکەنین و سەرسامی تەماشاکەران. زانایەکی تریش لە ساڵی 1836 دا، بە ناوی ئەندرو کرۆس، بانگەشەی ئەوەی کرد کە بە هۆی کارەباوە مێرویەکی خەڵقکردوە و ناوی لێناوە ئاکاری. هەرچەندە لەم گۆشە و لەو شار ئەو ناوچەیە، ئەم شتە سەیر و سەمەرانە بە هۆی کارەباوە ئەنجام دەدران، بەڵام لە راستیدا گۆران و پێشکەوتنی خێراش لە بواری کارەبا خۆیدا وەک زانستێکی نوێ لە ئارادابون، زانایانی تەجریبی سەرقاڵی توێژینەوە و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی زۆر جدی بون بۆ تێگەیشتن لە سروشتی راستەقینەی کارەبا.

 بۆ نمونە، ئەلێسنادرۆ ڤۆڵتا، لە کۆتایی ساڵانی 1870 کاندا، بۆی دەرکەوت کە دەکرێت بە هۆی کارلێکی کیمیاییەوە کارەبا بەرهەم بهێنێنرێت. ڤۆڵتا، ئەم بیرۆکەیەی خستەگەڕ بۆ ئەوەی یەکەم پاتری لە ساڵی 1800دا دروست بکات. دوایی گەلێک زانا پاترییەکەی ڤۆڵتایان وەک سەرچاوەیەکی کارەبایی بەکارهێنا بۆ گوزەرکردنی تەزو بە سێرکتدا و خستنەگەڕی بۆ دۆزینەوەی گەلێک شتی تر. ئەندرێ ئەمپێر، قودرەتی تەزوی کارەبای بۆ ساخ بوەوە و پاشانیش جۆرج ئۆم، سروشتی بەرگری Resistance کارەبایی دۆزییەوە.

ئننجا لە ساڵی 1820 دا بو کە زانای دانیمارکی، هانز ئۆرستێد ئەوەی دۆزییەوە کە تەزوی کارەبایی دەتوانێت دەرزی قیبلەنومایەکی موگناتیسی بجوڵێنێت. ئەمە یەکەم ئەزمونی ئنسان بو لەمەڕ دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان دو هێزی سروشتی و هەر زوش بو بە جێگەی سەرنجی زانایانی تەجریبی. فارادای یەکەم کەس بو ئەم بوارە تاقیبکاتەوە، لە ساڵی 1820 و 1830 دا تێکۆشا نهێنی کارەبا و موگناتیس واڵا بکات.

فارادای، چونکە داهێنەرێکی پایەبەرز، تاقیکارێکی بلیمەت و تیوریستێکی وردبین و وردەکار بو، زو وەک پێشڕەوێکی زانست دەرکەوت. تەنها دوای چەند مانگێک، کە دۆزینەوەکەی ئۆرستێدی بیست، نمایشێکی زیرەکانەی بنیاتنا کە دەریخست چۆن موگناتیس بە شێوەی بازنەیی بە دەوری وایەرێکی کارەباییدا دەسوڕێتەوە و پاشانیش چۆن بە هەمان شێوەی بازنەیی وایەرێکی کارەبایی بە دەوری موگناتیسێکدا دەسوڕێتەوە. بەمجۆرە فاراداری بۆ یەکەم جار پرینسیپی مۆتۆری کارەبایی دۆزییەوە.

دوای دە ساڵ، فارادای دۆزینەوەیەکی گرنگتری ئەنجامدا، ئەویش بریتی بو لەوەی کە کایەیەکی موگناتیسی کە لە حاڵەتی جوڵەدا بێت دەتوانێت تەزوی کارەبایی بەرهەم بهێنێت. ئەم پرینسیپی کورتکردنەوەی ئەلیترۆموگناتیسییە، کە سەربەخۆیانە لە لایەن جۆزێف هێنری لە ئەمەریکا و لە هەمان کات و زەماندا دۆزرایەوە. ئەمەش ئیشارە بو بۆ ئەوەی کە دەتوانرێت مەکینەی وەها دروست بکرێت کە بڕێکی بێشومار کارەبا بەرهەم بهێنێت، ئەمەش دیسانەوە بۆ خۆی زەمینەی خۆشکرد بۆ هەمو شتێک، هەر لە کارەبا و رۆناکییەوە هەتا دەگاتە ئاڵوگۆڕی گەیاندن و گواستنەوەی دەنگی.

فارادای: لە شاگردێکەوە کە بەرگی دەگرتە کتێب بو بە بەناوبانگترین فیزیکناس.

لەگەڵ ئەمانەشدا دەبینین کە هیچ یەک لە مۆتۆری کارەبایی و پریسیپەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایی ئامانجی سەرەکی و گەورەی فارادای نەبون، بەڵکو خەونی گەورەتری هەبو، فارادای نەک هەر پرینسیپەکانی ئەلکترۆلێسیسی دۆزییەوە – ئەو زانستەی کە بریتییە لە کەرتکردنە کیمیاییەکان بە هۆی کارەباوە – بەڵکو مەبەستی بو کە هۆکاری یەکێتی هەمو هێزەکان بدۆزێتەوە، هەر لە کارەبایی، موگناتیسی، روناکی و تەنانەت هێزی کێشکردنیش، ئەمەش بە هیوای پەرەپێدانی ئایدیای کایەی هێزەکان بو. ئەم خوردبونەوە قوڵ و بنەڕەتییەی فارادای زەمینەی خۆشکرد بۆ سەهەڵدانی هەمو فیزیک و تەکنەلۆژیای هاوچەرخ، هەر لە تەلەفزیونەوە هەتا دەگاتە تەلەفۆنی مۆبایل.

منداڵێکی هەژار

کاتێک فارادای لەدایکبو، زانست بە تەواوی لە سایەی دەسەڵاتی ئەرستۆکرات و دەوڵەمەندەکاندا بو. زانایان نەک هەر پێویستیان بە هاوکاری دارایی بو بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوە، بەڵکو واسیتە و واسیتەکاری پێویست بون بۆ ئەوەی خەڵکی ئاسایی لە دامودەزگاکانی زانستدا دابمەزرێن. هەرچەندە فارادای منداڵی ماڵە نەدارێک بو، بەلام زۆر جار داستانی دەوڵەمەندبونەکەی وەک نمونەیەکی بەرز باس دەکرێت. جارێک سەرۆک وەزیرانی کۆنی بەریتانی، مارگرێت تاچەر، زۆر جوان وەسفی فارادی کردبو، کاتێک گوتی،” فارادای سیمبولی ئنسانێکە کە خۆی بنیات ناوە، بەسەر هەژارییەکەیدا سەرکەوتوە.”

فارادی لە نزیک ئێلێفانت کاسڵ، کە دەڤەرێکی زۆر هەژاری شاری لەندەنە، گەورەبوە. بابی ئاسنگەر بو، بەڵام بە جۆرێک کەمئەندام بو کە بە هیچ جۆرێک توانای فەراهەمکردنی دەرامەت و بژێوی منداڵەکانی نەبو. گەلێک جاران فارادای رۆژانی کوێرەوەری خۆی گێڕاوەتەوە کە هەفتە هەبوە سەرتاپا تەنها نانی وشک و روتیان خواردوە. لەگەڵ ئەمانەشدا خۆی بە بەختەورە زانیوە، چونکە لە تەمەنی سیازدە ساڵیدا دەبێتە شاگردی کتێبفرۆشێک و لەوێش کاتێک بەرگ دەگرنە کتێبەکان، دەیبردنەوە بۆ شوێنی مەبەست، فارادای هێدی هێدی فێربو خۆی کتێبەکان لە بەرگ بگرێت و بە دەم کارەکەشەوە، بە پەرۆشەوە کتێبەکانی دەخوێندەوە، بە تایبەت ئەو کتێبانەی کە لە بارەی زانستەوە بون. فارادای، لەم بارەوە دەنوسێت و دەڵێت،” لە سەرەتای ژیانمدا، کەسێک بوم خاوەن خەیاڵاتی زۆر فراوان بوم، بە جۆرێک زۆر بە ئاسانی وەک ئنسایکلۆپیدیا باوەڕ بە ”شەوانی عەرەبی” بکەم، بەڵام لای من هەقیقەت زۆر گرنگ بو، منی لەو شتانە قوتارکرد. متمانەم بە راستی بو.” هێدی هێدی زانست سەرنجی راکێشا و دونیایەک بو کە گیرۆدەی بوبو، وەستاکەشی، زۆر یارمەتیدا بۆ ئەوەی گۆشەیەک بۆ خۆی لە کتێبخانەیەکدا بنیات بنێت بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوە.

موەزەفێکی مۆزەخانە قەفەزەکەی فارادای نمایش دەکات. ئەم قەفەزە بە جۆرێک بنیاتنراوە کە بە هیچ جۆرێک هیچ جۆرە بەتاڵبونەوەیەکی کارەبایی نەتوانێت دزەبکاتە ناو قەفەزەکەوە، ئەمەش بەکاردێت بۆ پاراستنی ئامێری کارەبایی لە هەورە تریشقە.

قوتابیەکی ساحیر

خۆشبەختانە، فارادای کەسێک بو بەخت یاری بو، ویلیام دانس، کە یەکێک بو لە مشتەرییەکانی کتێبخانەکە، ئەندامی پەیمانگای شاهانە بو، لەو رۆژگارەدا رابەری مونەزیمی زانست بو. کاتێک دانس بیستی کە فارادای لاو خولیا و شەیدای زانستە و ئاشنایەتی لەگەڵ خوێندنەوەی کتێبە زانستییەکاندا هەیە، بلیتی دایە بۆ ئەوەی بچێت بۆ پەیمانگا و بینەری موحازەرەی زانای بەناوبانگی سەردەمەکە سێر هەمفری دەیڤی بێت. ئەوەی بۆ فارادای، وەک منداڵێکی هەژار، هەڵکەوت، هەتا بڵێی هەلێکی دەگمەنە و هەرگیز لە ژیاندا دوجار شتی وا رونادات. کە چو بۆ موحازەرەکە، هەر زو کەوتە نوسین و تۆمارکردنی سەرنج و تێبینی زۆر ورد و وێنەکێشان، دوایی هەمو ئەمانەی کردە کۆپییەکی جوان و لەبەرگی گرت و بە شەخسی ناردی بۆ هەمفری دەیڤی خۆی.

نامیلکەکەی فارادای کاری خۆی کرد و تەئسیری کردە سەر هەستی دەیڤی. دایڤی بانگی کردە لای خۆی، کردیە یاریدەدەری خۆی، ئەو کاتە فارادای تەمەنی 21 ساڵ بو. کە دەیڤی دەچوە پەیمانگا و داوەتی ناوەندی و بنکەی زانستی بکرایە، وەک یاوەرێک فارادای لەگەڵ خۆی دەبرد. کە گەشتێکی ئەوروپاشی کرد فارادای برد و بە گەلێک زانای گەورەی سەردەمەکەی ناساند، لەوانە ئەمپێر، ڤۆڵتا و گەی لوساک. فارادای جگە لەوەی خۆی خۆی فێری هەمو شتێک کردبو، بەڵام زۆر وریا، زۆر زیرەکانە توانی سود لە ئەقڵە بەرزەکانی زانست و پێشڕەوانی فیزیکی هاوچەرخ وەربگرێت. دوای چەند ساڵێک، نەک هەر لە تاقیکردنەوەکاندا یارمەتی دەیڤی دەدا، بەڵکو خۆی بە تەنها تاقیکردنەوەی ئەنجام دەدا.

لە ساڵی 1821 دا، دوا بە دوای دعزینەوەکانی ئۆرستێد، پەیمانگای شاهانە داوای لە فارادای کر کە ئامارێک لەمەڕ توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە کارەبا ئامادە بکات، فارادای هەر بەمە نەوەستا، بەڵکو هات و خۆی چەند تاقیکرنەوەیەکی ئەنجامدا، لە نێویاندا بۆ یەکەم جار نمایشی پرینسیپەکانی مۆتۆری ئەلکتریکی. کاتیک دەیڤی نەم پرۆژابەی فارادای زانی، بێتاقەت بوم چونکە چاوەڕوان بو کە شاگردەکەی پێزانینێک لە هەمبەر وی بخاتەڕو، چونکە هەردوکینا لەسەر هەمان پرۆژە و هەمان پرس کاریان دەکرد. بەڵام هیچ ناوی نەهێنابو. بەڵام هەندێک مێژونوس دەڵێن ئەوەندە توڕە بوە کە دەنگ بدات دژ بەوەی فارادای داوەت بکرێت بۆ کۆمەڵەی شاهانە.

فارادای وەک پێشکەشکار

فارادای زو زانی کە پێویستە دۆزینەوەکانی خۆی لە کۆمەڵەی شاهانە پێشکەش بکات و سوریش بو لەسەر ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە، هەر بۆیەش هات و مامۆستایەکی گرت بە ناوی ”بەنجامین سمارت”ەوە بۆ ئەوەی فێری بکات کە چۆن گوتار لە نێو زانایاندا پێشکەش بکات، بە تایبەت لە ناوەندێکی هەستیار و بەناوبانگی وەک کۆمەڵەی شاهانە. لە ساڵی 1826 دا، لە ژێرناوی ” مشتومڕی ئێوارانی فارادای” زنجیرە موحازەرە بە ناوبانگەکانی خۆی پێشکەشکرد. لە راستیدا زۆر بە نایابی خۆی ئامادەکرد و تاقیکردنەوەکانی ئەنجامدا و زوش بوە کەسایەتیەکی بەرچاو و دیاری نێو خەڵک، بە تایبەت لە نێو بژاردەی رۆژگارەکەدا ناوی بە تەواوی پەیداکرد. فارادای، کاتێک تاقیکردنەوەکانی پێشکەشکرد، لە نێو قەفەزێکی ئاسنیندا بو، بە تایبەت کاتێک لە دەرەوەی قەفەزەکەوە پڕیشکی کارەبایی زۆر کاریگەر لە هەمو لایەکی قەفەزەکەوە دەگیرایە قەفەزەکە. فارادای دڵنیابو لەوەی کە قەفەزەکە زۆر بە باشی لە پڕیشکە کارەباییەکان دەیپارێزێت، بەڵام نمایشەکە تەواو جێگای سەرنج و بایەخی بینەران بو.

دوای ئەمەش، چەند موحازەرەیەکی لە جەژنی سەری ساڵدا بۆ منداڵان پێشکەشکرد کە زۆر سەرکەوتوتر بون، هەتا ئێستاش ساڵانە ئەم یادە لەو پەیمانگایەدا دەکرێتەوە. بە ناوبانگترین نمایش کە فارادای لە جەژنی سەری ساڵدا ئەنجامیدا بریتی بو لە زنجیرە موحازەرەیەک لەمەڕ مێژوی کیمیایی مۆم، کە تێیدا مۆمی بەکارهێنا بۆ پێشکەشکردنی سامانێکی زۆر گەورەی ئایدیا، هەر لە توخمە کیمیاییەکانەوە هەتا دەگاتە پرۆسەی ئارەقکردنەوە لە ئنساندا. لەم بارەیەوە گوتی،” هیچ شتێک لەوە باشتر نییە کە مرۆ بۆ پێشکەشکردنی خوێندنی فەلسەفەی سروشتی دیاردەی فیزیکی مۆم بەکاربهێنێت.”

لە ساڵی 1830 دا، فارادای زۆر سەرکەوتوانە پێگەی خۆی لە پەیمانگای شاهانەدا قایمکرد. تاقیگەکەی لە ژێرزەمینەکەدا بو، موحازەرەکانی لە هۆڵەکانی سەرەوە و قاتی یەکەم پێشکەش بە خەڵکی دەکرد. ئەمە جگە لەوەی خۆی و هاوسەرەکەی لە ئەپارتمانێکدا لە قاتی سەرەوە دەژیان.

گەیشتن بە لوتکە

کە فارادای گەیشتە تەمەنی پەنجا ساڵی، زۆر جاران دوچاری سەرئێشە و گەلێک جاری تریش توشی نەخۆشی بیرچونەوە دەبو. هێشتا هیمەت و توانای کارکردنی هەبو، توانای ئەوەی هەبو بە دە سەعات زیاتر لە 73 کیلۆمەتر بە سەر چیاری ئەڵپدا بە پیادە بڕوات. بەڵام وردە وردە هەستیکرد پێویستی بە ئیسراحەتی سەری هەیە. سەرباری ئەمانەش، هەندێک خەڵک ئەم قۆناخەی ژیانی فارادای بە بەرزترین و بە پیتترین تافەکانی داهێنانی ژیانی حساب دەکەن.

لە ساڵی 1845 دا، فارادای زینجیرەیەک تاقیکردنەوەی ئەنجامدا، لەم تاقیکردنەوانەدا، فارادای تێکۆشا و ویستی بزانێت کە ئایا ئەلکترۆموگناتیزم بە شێوەیەک کاریگەری دەکاتە سەر ئەو روناکییەی کاتێک لە لایەن مادە رەنگ ئاوییەکانەوە جەمسەرگیری دەکرێن! دوای تاقیکردنەوەی چەندەها مادەی ئاوی، دواجار هات و پارچە مسێکی شوشەیی قورسی تاقیکردەوە، یەکسەر بۆی دەرکەوت کە ئەم پرۆسەی جەمسەرگیرییە لە ژێر کاریگەی موگناتیسیدا رودەدات. ئەمە دەسکەوتێکی لە ئاسابەدەر و زۆر مەزن بو، چونکە بۆ یەکەمجار و بە ئاشکرا ئەو پیوەندییە دەخاتەڕو کە لە نێوان روناکی و موگناتیس و کارەبادا هەیە، ئەم دۆزینەوە گەورەیەی فارادای زەمینەی خۆشکرد بۆ دۆزینەوەی شەبەنگی تەواوی تیشکدانەوەی ئەلکترۆموگنایزم، لە نێویاندا تەلەفزیۆن، مایکرۆوەیڤ، تیشکی- ئێکس، تیشکی گاما و روناکیش.

هەر لەم دەور و کاتانەدا بو کە فارادای کەوتە باسکردن و وروژاندنی پرسی کایەی هێزەکان.  لە راستیدا وشەی کایە لە بناواندا دەگەڕێتەوە بۆ ویلیام تۆمسن، ئەو ماتماتیکناسە لاوەی خەڵکی سکۆتلەندە بو. فارادای وەها هەستیکرد کە تۆمسن تەنها کەس بوە بە تەواوی لە چەمکی کایەی فارادای تێگەیشتوە. بەڵام ئایدیای کایە سەرتاپا هی فارادای خۆی بو.

دوا ساڵانی ژیانی فارادای

بە درێژایی ساڵانی 1840 کان، فارادای زیاتر دەچوە دونیای گۆشەگیری و دور لە خەڵک گوزەرانی دەکرد. بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دورەپەرێزییە بریتی بو لە ئیمانداری و خوداپەرستی. ئەندامێکی چالاکی گروپێکی ئایینی مەسیحی بو بە ناوی ساندێمانەکان، کە مەسیحی زۆر توندڕەوبون، هەرگیز کەسانێک بە جدی پەیڕەوەی ئاینی ماسیحیان نەدەکرد تەجمید دەکرا و بۆی نەبو بەشداری چالاکییەکان بێت، تەنانەت کەسایەتییەکی گەورەی وەک فارادایان تەجمیدکرد چونکە یەکشەمەیەک داوەتنامەیەکی لە شاژنی بەریتانیاوە قبوڵکرد و ئامادەی نوێژ و نزای ئەو یەکشەممەیەی کڵێسەکە نەبو. ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە پەیڕەوی ئاینەکەیان بە جۆرێک بو کە تەنانەت مۆڵەتیان نەدا بە فارادای کە خەڵاتەکەی شاژنی بەریتانیا، کە بریتی بو لە نازناوی ” سێر”، قبوڵ بکات. خەڵکانێک هەبون ئەم شتانەیان کردە نوکتە و لە ناو خۆیاندا باسیان دەکرد،

سەرباری ئەوەش، فارادای بە هۆی پشێوی دەرونییەوە مەحکوم بو بە ژیانێکی ئارام و دورکەوتنەوە لە کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵک، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەی بتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەم پشێویەدا. وردە وردە کەوتە حاڵەتێکەوە کە ناچاربو پەنابەرێتە بەر هاوسەرەکەی و داوای لێ بکات خزمەتی بکات. زۆر جاران هەستی بە نۆباتی گێژی دەکرد و سەرئێشەکەی زیاتر لە جاران زیادی دەکرد و زاکیرەی بەرەو لاوازی دەچو. لە ساڵی 1862 دا، نامەیەکی بۆ هاوڕێی خۆی شۆنبییەن نوسی و دەڵێت،” دوبارە و دوبارە نامەکانم دەدڕێنم، شتی ناقۆڵا دەنوسم. نازانم یان ناتوانم وشەکان حونجە بکەم، یان بە بەردەوامی دێڕێک بنوسم. نازانم ئایا چاک دەبمەوە یان نەء – ئەم سەرلێشێوانە- چیتر هیچ نانوسم.”

شاژنی وڵاتی بەریتانیا کۆشکێکی نایاب و نەرم و نیانی لە قەڵای بە ناوبانگی هامپتۆن کۆرت بۆ فەراهەمکرد. لە ئۆگەستی 1867 دا لە تەمەنی 76 ساڵیدا، فارادای چاوانی بە یەکجارەکی لێکنا و وەفاتیکرد. لە قەبرستانی بە  شۆرەتی لەندەن هایگەیت نێژرا.

هێزەکانی سروشت

کاتێک نیوتن چەمکی هێزی کێشکردنی دۆزییەوە، وەک هێزیکی نەبینراو کاریگەری خۆی لە فەزای بەتاڵدا دروستدەکات. بەڵام وردە وردە پێگەی ئایدیای ”هێزی کێشکردن لە دورەوە” لای هەندێک لە زانایان شلۆق بو، بە تایبەت لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا. لە دەوروبەری 1830 دا، تۆماس یۆنگ و ئەوگۆستین فرێسنێڵ پیشانیاندا کە روناکی وەک تەنۆلکە گوزەرناکات، هەروەک نیوتن باسیدەکات، بەڵکو وەک شەپۆل یان لەرینەوە گوزەردەکات. خۆ ئەگەر ئەمە بەمجۆرەیە، ئەی کەواتە لەرینەوە چییە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسە، زانایان ئایدیایەکیان پێشنیازکرد کە بریتی بو لە مادەیەکی بێ کێش کە بە ئیسەر ناودەبرێت.

فارادای بیرۆکەیەکی تری هەبو، ئەویش باوەڕی وا بو کە کایە لە هێڵی هێز پێکهاتوە – هێڵی هێزەکان زۆر بە جوانی و ڕاشکاوی، بە شێوەی نەخشەیەک یان کڵێشەیەک بەرچاودەکەون بە تایبەت کاتێک وردە ئاسن بە دەوری موگناتیسدا دەڕێژین. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کاریگەرییەکەی لە دورەوە چێتر نامێنێت و رونادات، بەڵکو شتەکان تەنها کاتێک دەجوڵێن کە روبەڕوی ئەم هێڵە هێزییانە دەبنەوە، ئەم هێڵانە بە هیچ جۆرێک خەیاڵی نین، بەڵکو واقعێکی فیزیکین و بونیان هەیە. فارادای ئەوەی رەچاوکرد کە کاتێک هێڵەکانی هێزی موگناتیسی دەخرێنە بواری جوڵەوە ئەوا موگناتیسەکە تەزویەکی کارەبایی پەخش دەکات و لە ساتەوەختی جوڵەکەیاندا بارگەی کارەبایی هەڵدەگرن.

ئایدیای کایەکانی هێز بوە دیاردەیەکی واقیعی و راست بو، بەلام لە سەردەمی فارادایدا فکرەیەکی ئەوەندە رادیکاڵانە بو کە تەنانەت ژمارەیەکی زۆر کەمیش لە زانایانی توانای تێگەیشتنی ئەم دیاردە نوێیەیان نەبو، جا نەخوازەڵا قبوڵکردنی. هەرچەندە باوەڕیان بە ئایدیای کایەکانی کاریگەری موگناتیسی هەبو، بەڵام مەسەلەی کایەی کارۆ – موگناتیسی نەء، ئەمە شتێک بو تەواو لە سەرو ئەقڵەوە بو. جگە زانایان ماتماتیکناسانیش ئایدیاکانی فارادایان بە تەواوی رەتکردوە چونکە هیچ سیما یان فومولایەکی ماتماتیکی لەخۆناگرێت. لە ساڵی 1855 دا، فارادای لە نوسینێکدا دەڵێت،”چۆن ژمارەیەکی ئاوا کەم لە زانایان لە هێڵە واقیعییەکانی هێز دەگەن. نایبینن، بەڵام هەمو توێژینەوەکان ئەو دیدەی من دەسەلمێنن کە پێش چەند ساڵێک پێشکەشم کردون…من رازیم کە چاوەڕوان بم، قایلم بەوەی بیروڕاکانی من هەقیقەتن.” فارادای راست بو.

سەرچاوە بە دەستکارییەوە

Farndon John  The Great Scientists: From Euclid to Stephen Hawking. ( Aug 2005) Kindle Edition.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *