وتوێژێکی نێوان ئەلبێرت ئاینشتاین و ڕابیندراناس تاگۆر

وتوێژێکی نێوان ئەلبێرت ئاینشتاین و ڕابیندراناس تاگۆر، ئەم وتوێژە لە ساڵی ١٩٣٠ لە بەرلین ڕوویداوە، ئەو کاتەی کە ئاینشتاین لە ماڵەکەی خۆیدا میوانداری تاگۆر دەکات.
وەرگێڕانی: ڕەوا هەژار
 

ئانیشتاین و ڕابیندراناس تاگۆر، ساڵی ١٩٣٠

 
ئاینشتاین: تۆ بڕوات بەو پیرۆزیە (خودایە) هەیە کە لە دەرەوەی گێتییە ؟
تاگۆر: لە دەرەوەی گێتی نا. ئەوەی کە وادەکات گەردوون ماک و کرۆکێکی هەبێت فرە پێچیدەیی ئینسانە. ناکرێت هیچ شتێکی تر لە گەردووندا بوونی هەبێت و لەگەڵ سروشتی فامیدەیی ئینساندا هاوپۆل نەکرێتەوە، ئەمەش وادەکات کە بە سەلمێندراوی بڵێم هەموو ڕاستییەکی گەردوونی دەبێت هاوپۆلی ڕاستییەکی ئینسانی بێت.
ئەوەی لە زانستەوە بە من گەیشتۆتەوە ئەوەیە کە ماددە لە پرۆتۆن و ئەلکترۆن پێک هاتووە، وە لە نێوانی ئەم دوانەشدا بۆشایی هەیە، کەچی لە هەمان کاتدا ماددە وا دەردەکەوێت کە لە دۆخێکی ڕەقدا بێت و ناوپڕ بێت. بە هەمان شێوە مرۆڤایەتی لە چەند تاکێک پێک هاتووە، ئەم تاکەنەش پەیوەندییەکی مرۆیی پێکەوەیان دەبەستێتەوە کە لە دواجاردا ناوەڕۆکێکی ئینسانی پێ دروست دەبێت. هەموو گەردونیش بەهەمان شێوە بە ئێمەوە بەستراوەتەوە تا وادەکات بڵێین ئەوەی کە هەیە گەردونێکی ئینسانییە. من هەوڵمداوە لە ڕێگەی هونەر و ئەدەب و ئیحساسی دینیەوە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بکەم.
ئاینشتاین: دوو تێگەیشتنی جیاواز هەن سەبارەت بە پێکهاتەی سروشتی گەردوون. یەکەمیان ئەوەیە کە دەڵێت گەردوون وەکو یەکینەیەک بەستراوەتەوە بە ئینسانەوە. دووهەمیشیان دەڵێت: گەردوون وەکو ڕیالیزمێک لێرەیە و سەربەخۆیە و نە بەستراوەتەوە بە فاکترە ئینسانیەکەوە.
تاگور: ئەو کاتەی گەردوون لەگەڵ ئینساندا دەکەوێتە هارمۆنیاوە، نەمرییەک درووست دەبێت، ئێمە ئەو نەمرییە بە ڕاستی دەزانین و جوانییەکانی هەست پێدەکەین.
ئاینشتاین: ئەم تێگەیشتنە، دەکەوێتە خانەی تێگەیشتنی یەکەمیانەوە.
تاگۆر: نابێت تێگەیشتنێکی لەمە زیاتر بوونی هەبێت. ئەم گەردوونە گەردوونێکی ئینسانییە، تێگەیشتنە زانستییەکەش دووبارە تێگەیشتنێکی ئینسانی زانستییە. هەندێک ستاندەردی بیرکردنەوە هەن کە زیاتر بۆ ڕابواردن و چێژ بردنن ئەم بیرکردنەوانەش ڕاستییەک درووست دەکەن، لەملاشەوە ستاندەردی نەمری ئینسانیش هەیە کە ئێمە بە بەردەوامی ئەمەیان ئەزموون دەکەین.
ئاینشتاین: ئەمە پەیبردنێکی گشتییە بە ئاگاهی ئینسان وەکو قەوارەیەک.
تاگور: بەڵێ، وەکو یەک قەوارەی نەمر. پەیبردنێکە لە ڕێگەی هەستەکان و چالاکیەکانمانەوە. ئێمە پەییمان بە مەزنی ئینسان بردووە کاتێک کە هەست دەکەین ئەو لە تاکێتی خۆیدا هیچ سنورێک ناناسێت، وە بەهۆی ئێمەشەوە سنوردار نابێت. زانست گرنگی بەو لایەنانە دەدات کە کەوتونەتە دەرەوەی هەستی تاکەکەسی، ڕاستییە زانستییەکان هەموویان ڕاستی ناکەسێتی ئینسانن. دین پەی بەم ڕاستیانە دەبات و دەیبەستێتەوە بە ویستە قووڵەکانی ناوەوەمان، بەم هۆیەوە ئاگاهی کەسێتی ئێمە بایەخێکی گەردوونی پەیدا دەکات. دین بەهاکان دەبەستێتەوە بە ڕاستیەکانەوە، ئەم ڕاستیانەش زوو دەناسینەوە بەهۆی ئەو هارمۆنیایەی کە بۆمان درووست دەبێت لە گەڵیاندا کاتێک کە بەریان دەکەوین.
ئاینشتاین: کەواتە ڕاستیەکان، یان جوانیەکان سەربەخۆ نین و لە دەرەوەی ئینسان بونیان نییە ؟
تاگور: نەخێر.
ئاینشتاین: ئەگەر ئینسان نەمێنێت، چیدی پەیکەرەکەی ئەپۆلۆ ناتوانێت جوان بێت؟
تاگور: نەخێر ناتوانێت.
ئاینشتاین: لەگەڵ ئەم تێگەیشتنەدام بۆ چەمکی جوانی، بەڵام بۆ ڕاستیەکان لە گەڵتدا نیم.
تاگور: بۆ نا؟ ڕاستیەکان لە ڕێگەی ئینسانەوە پەییان پێ دەبرێت. ئاینشتاین: ناتوانم بڵێم تێگەیشتنەکەم ڕاستە و بۆچوونەکەمت بۆ دەسەلمێنم، ئیدی ئەو بڕوایەش دینەکەی منە.
تاگور: جوانی ئەو نمونە بێخەوشە ئایدیاڵەیە کە لەگەڵ بوونە گەردونیەکەدا لە هارمۆنیای تەواودایە، ڕاستیەکانیش ئەو پەیبردنە نموونەییانەن لە ئاگاهی گەردوون. ئێمە لە تاکییەتی خۆماندا لە ڕێگەی هەڵەکانمانەوە بە ڕاستیەکان دەگەین، لە ڕێگەی کەڵەکە کردنی زانیارییەوە پێی دەگەین، لە ڕێگەی ئەو نوورەی کە لە ئاگاهیماندا هەیە ڕاستیەکانمان بۆ کەشف دەبێت، ئەگەر وا نەبێت چۆن دەتوانین بگەینە ڕاستیەکان؟
ئاینشتاین: من ناتوانم لە ڕێگەی زانستەوە ئەوە بسەلمێنم کە ڕاستییەکان هەموو کاتێک دەتوانن ڕاستی بن ئیدی ئەگەر ئینسان لەوێ بێت بۆ ئەزموون کردنیان یاخود نا، بەڵام زۆر بڕوام پێیەتی. بۆ نمونە بڕوام بە تیۆریەکەی فیساغۆرس هەیە کاتێک لە بارەی جیۆمێتریەوە دەدوێت، ڕاستیش دەکات، ئیدی جیۆمێتری لە دەرەوەی ئینسانیش هەر بەڕاست دەزانم. بەهەرحاڵ، ئەگەر ڕیالیزمێکی سەربەخۆ لەدەرەوەی ئینسان بوونی هەبێت کەواتە دەبێت ڕاستیەکان بۆ ئەو ڕیالیزمە نیسبی بن، وە نکۆڵی کردن لە هەبوونی یەکێک لەو ڕاستیانە وەکو نکۆڵی کردنە لە نیسبییەتی هەبوونی هەموو ڕاستیەکانی تر.
تاگور: ڕاستیەکان و وجودیەتی گەردوون هەمان شتن، ئینسان ئەو وجودیەتەیە، ئەگەر وا نەبێت هەموو ئەوەی کە ئێمە لە تاکەکەسی خۆماندا بە ڕاستیەکانیان دەزانین هەرگیز ناتوانرێت پێیان بگوترێت ڕاستییەکان، مەبەستم ئەو بیرکردنەوە زانستییەیە کە بە پشت بەستن بە لۆجیک ئەنجامگیری دەکات. بە واتایەکی ترئێمە کە ئەندامی بریکردنەوەکەین، ئینسانین. لە ڕوانگەی فەلسەفەی هیندییەوە، دۆخێک هەیە کە دۆخێکی براهمانییە، کە بریتییە لە ڕاستی ڕەها، ئەمەش ڕاستییەکە ناتوانین لە تاکەکەەسی خۆماندا درکی پێبکەین، تەنها کاتێک دەتوانین پەی پێببەین کە لەناو خۆماندا تێکەڵی بکەین و ناکۆتایی بدەینێ. بەڵام زانست ناتوانێت ئەم ڕاستیەی هەبێت. ئەو ڕاستیەی کە ئێمە ئێستا باسی دەکەین فۆرمێکی هەیە، واتە ئەو فۆرمەی کە وەکو ڕاستی خۆی بە ئەندێشەی ئینسان دەناسینێت، بۆیە هەر دەبێت ئینسانی بێت، یان دەتوانرێت پیی بگوترێت (مایا) واتە فرویودەر.
ئاینشتاین: کە واتە بەم تێگەیشتنەی تۆ، کە دەکرێت هەر تێگەیشتنە هیندیەکە بێت، ئەم فریوە فریوێکی تاکە کەسی نییە بەڵکو فریوی هەموو ئینسانیەتە.
تاگور: ڕەگەزەکان هەموو لە دوایدا یەک یەکینەیان هەیە، ئەویش ئینسانیەتە. بۆیە هەموو ئاگاهی ئینسانیەکە بە کۆکراوەیی دەتوانێت بگاتە ڕاستیەکان؛ ئیدی ئەگەر ئەوروپی بێت یاخود هیندی هەر هەمان ئاگاهییە.
ئاینشتاین: ئێمە لە ئەڵمانیدا وشەی ڕەگەز بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەکار دەهێنین، لە ڕاستیدا بۆ بۆق و مەیمون و جانەوەرەکانی تریش هەر هەمان وشە بەکار دەهێنین.
تاگور: ئێمە لە زانستدا دەچین خۆمان دیسپلین دەکەین بە لابردنی هەموو سنورە تاکە کەسیەکانمان تا دەگەینە بینینی ڕاستیەک کە لە ئینسانێکی یونیڤێرساڵەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئاینشتاین: کێشەکە ئەوەیە داخۆ ڕاستیەکان لە سەربەخۆی خۆیاندا هەن یان پەیوەستن بە ئاگاهی ئێمەوە؟
تاگور: ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین ڕاستیەکان کەوتۆتە نێوان هارمۆنیای ئەو هۆشیاریەوە کە دیوێکی سەبجێکتیڤ و دیوەکەی تریشی ئۆبجێکتیڤی لێرە بوونمانە، هەردوو لایەنەکەش دەگەڕێنەوە بۆ ئینسانی باڵا.
ئاینشتاین: دەبینیت لە ژیانی ڕۆژانەشماندا ناچارییەک دامان دەگرێت کە وا هەست بکەین ڕیالیزمێکی سەربەخۆ هەیە لە دەرەوەی کاریگەری ئێمە. ئەم ناچاریەمان بۆیە بۆ دروست دەبێت تا لە ڕیگەیەوە بتوانین لێکدانەوەی هەموو ئەو ڕەهەندانە بکەین کە لە ڕێگەی هەستەکانمانەوە ئەزموونمان کردوون. بۆ نموونە ئەگەر هیچ کەسێک لەم خانووەدا نەمێنێت، ئەوا ئەم مێزە هەر لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە.
تاگور: بەڵی مێزەکە لە دەرەوەی هۆشی تاکە کەسەکە هەر لە بووندا دەبێت، بەڵام لەدەرەوەی ئاگاهییە گەردونیەکە نابێت.ئەو مێزەی کە ئێستا من درک بە هەبوونی دەکەم تەنها دەتوانێت لە ناو ئەو ئاگاهییەدا خۆی بدرکێنێت کە من خاوەنیم.
ئاینشتاین: ئەگەر کەس لە ناو خانووەکەدا نەبێت مێزەکە هەر لە بووندا دەمێنێت- بەڵام ئەمە لە ڕوانگەی تۆوە ڕێ پێدراو نییە- چونکە ناتوانین لەوە تێبگەین کە هەبوونی مێزەکە بە بێ هەبوونی ئێمە چ مانایەکی دەبێت.
ئەو ڕوانگە سروشتیەی کە لە بارەی ڕاستیەکانی دەرەوەی ئینسانیەتمان بۆمان درووست بووە نە دەتوارێت لێکبدرێنەوە و نە دەشتواندرێت بسەلمێندرێن، بەڵام ئەمە وەکو باوەڕ هەمیشە لەگەڵماندا دەمێنێتەوە بە شێوەیەک کە هیچ جانەورێکی تەنانەت سەرەتاییش ناتوانێت خۆیی لێ لابدات. ئێمە سیفەتی باڵا بە ڕاستیەکان دەبەخشین و دەیانکەینە مرۆڤی مەزن (یان هەر شتێکی تر)، تەنها لەبەر ئەوەی ناتوانین لەو هەستەی خۆمان لا بدەین کە ڕاستی لە دەرەوەی تێگەیشتن و ئەزموون و وجوودیەتی ئێمە بوونێکی سەربەخۆی هەیە، ئەمە دەکەین و ناشزانین مانای چییە.
تاگور: زانست سەلماندویەتی کە مێزەکە وەکو تەنێکی ڕەق شکڵێکی مەوجودی هەیە، وە هەروەها ئەوەی کە ئێستا وەکو مێز لەبەرچاوماندایە چیدی نابێت ئەگەر ئێمە بۆ بینینی لێرە نەبین. لە هەمان کاتدا دەبێت دان بەوەشدا بنێین، ئەو ڕیالیزمە جسمانییەی کە هەیە هیچ نییە جگە لە چەند ناوەندێکی دووبارە بووەوەی کارەبایی، کە ئەمەش هەر هۆشداری مرۆڤە.
لە درک کردنی ڕاستیەکاندا دژیەکیەکی ناکۆتا لە نێوان ئاگاهی گەردوونی ئینسانی و ئاگاهی تاکە کەسیدا درووست دەبێت. زانست دەیەوێت پێکهاتن لە نێوان ئەم دوو جاویدانیەدا درووست بکات، فەلسەفە و ڕەوشتیش بە هەمان شێوە. بە هەربارێکدا بێت ئەگەر ڕاستییەکی سەربەخۆ هەبێت و بە تەواوی لەدەرەوەی ئێمە بێت، ئەوا بە هەموو مانایەک ئەو ڕاستیە لە دەرەوەی ئاگاداری ئێمەیە و ناتوانین هیچئ لە بارەوە بزانین.
بەڵام کارێکی ئەوەندە ئەستەم نییە تا نەتوانین لە ڕێگەی تەسەورمانەوە نمونەی زنجیرە ڕووداوێک بۆ خۆمان بهێنینەوە کە تەنها لە کاتتدا ڕوو بدەن و لە شوێندا ڕوو نەدەن، وەکو زنجیرەیەک نۆتی مۆسیقی. بۆ ئەندێشەیەک کە بەو جۆرە تەسەورەکانی دێنێتەوە، تیگەیشتنەکەشی سەر بە ڕیالیزمی ناو نمونەکەی دەبێت، لێرەدا تیۆریەکەی فیساغۆرس کە تەنها دەتوانێت لە جیۆمێتری شوێن بدوێت هیچ مانایەکی نامێنێت. ڕیالیزمێک هەیە کە ڕیالیزمی کاغەزە، ئەو ڕیالیزمە ناکۆتا لە جیاوازیدایە لەگەڵ ڕیالیزمی ئەدەب. لە تێگەیشتنی مۆرانەیەکدا کە دەچێت کاغەزەکە دەخوات ڕیالیزمی ئەو ئەدەبیاتەی کە لەسەری نوسراوە بە هیچ جۆرێک بوونی نییە، لە کاتێکدا لە تێگەیشتنی ئینساندا ئەدەبیاتەکە بارەها بەهای ڕاستی لەخۆ گرتووە بە بەراورد بە کاغەزەکە. بە هەمان شێوە ئەگەر ڕاستیەک هەبێت و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕیالیزمی هۆشیاری مرۆڤەوە نەبێت ئەوە بۆ ئەبەد وەکو هیچیەتییەک بە ئێمەی مرۆڤ دەگاتەوە.
ئاینشتاین: کەواتە من لە تۆ دیندار ترم!
تاگور: دینی من لە هەوڵی گونجاندنی جاویدانی نێوان خۆیەتی-مەزن و ئینسانیەتی یونیڤێرساڵدایە، لە قەوارەی تاکە کەسی خۆمدا.
 
image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *