سەرهەڵدانی زانستی خەڵک: سەدەی شازدە و هەڤدە.

زانست ببەخشەوە و کۆمەڵگەیەکی تەکنەلۆژی بۆ ئایندە فەراهەم بکە.

شێرکۆ ڕەشید قادر

لە دونیای ئەمڕۆدا زانستی میللی یان زانستی خەڵک یان زانستی شەقام بەشێکی فراوانی کڵتوری هەمو گەلێک دیاریدەکات. ئەم جۆرە زانستە بە ناو میللییە، بریتییە لە هەوڵدانی زانایان و ڕۆشنبیران بۆ تەفسیرکردنی چەمکە زانستی، داهێنان و دۆزینەوە زانستییە کۆن و هاوچەرخەکان بە زمانێکی سادە و شەفافی وەها کە خەڵکی شەقام بتوانن لێی حاڵی بن و ببێت بە مایەی هاندان، وروژاندن و دروستکردنی مشتومڕی زانستییانە بە جۆرێک کە خەڵک توانای هەبێت لایەنی پۆزەتیڤی و نیگەتیڤی ئەم جۆرە داهێنانانە، جا هەنوکەیی یان کلاسیک بێت، بزانن. ئەم جۆرە زانستە دەشێت لە فۆرمی بابەتێکی ڕۆژنامەیی، کتێب، ئنتەرنێت، ڕادیۆیی یان تەلەفزیۆنیدا بێت، گرنگ ئەوەیە ئەرکەکەی بگەیەنێتە خەڵک.

زانستی میللی مێژویەکی کۆنی هەیە، بەڵام لە دوای رێنیسانس و پاشانیش شۆرشی زانستی سەدەی شازدەوە گۆڕانی بەرچاو و فراوانی بەخۆوە دیوە. لەم قۆناخە گرنگەی مێژودا ئاسۆی بیرکردنەوەی ئازاد و سەربەستی ڕادەربڕین بو بە کلتوری گەلانی ئەوروپا، لەوەش زیاتر دەسەڵاتی پیاوانی کڵێسە لە هەمبەر شۆڕشی کتێبەکاندا هێدی هێدی هەرەسی هێنا.

ساڵی 1543 بە دەسپێک و سەرەتای شۆڕشی زانستی هەژمارد دەکرێت، چونکە لەم ساڵەدا یەکێک لە کتێبە هەرە بەرز و شۆڕشگێرەکان لە میژوی مرۆڤایەتیدا بڵاوبوەوە، هەر لەم ساڵەدا نوسەرەکەی مرد. ئەو شاکارە نەمر و رادیکاڵە بریتی بو لە ”لەمەڕ سوڕانەوەی گۆ ئاسمانییەکان” خاوەنەکەشی نیکۆلای کۆپەرنیکۆس بو. کۆپەرنیکۆس، هەروەک ئارسەر کۆیسلەر دەڵێت، موەزەفێکی کڵێسەی شەرمن و موحافیز بو، دەیان ساڵ بو پیشەی پزیشکی دەکرد و دوایش هەڵسوڕێنەری مڵکەکانی کڵێسەی دەڤەرێکی پۆڵۆنیا بو. ئەم کتێبە هەرچەندە زیاتر لە (30) سی ساڵ بو لە سندوقێکدا خەوتبو، بەڵام لاوێکی بیست و سێ ساڵ لە ساڵی 1539 دا، لە شاری ویتینبێرگی ئەڵمانیاوە سەدان کیلۆمەتری بڕی، وەک میوانێکی ناوەخت لە بەردەم قاپی ماڵی کۆپەرنیکۆسدا قوت بوەوە، هاتبو بۆ ئەوەی چاوی بە کۆپەنیکۆس بکەوێت و بگەڕێتەوە، چونکە، بیستبوی کەسێک هەیە بانگەشەی سیستەمێکی نوێی ئەسترۆنۆمی دەکات و وەک دەڵێن گوتویەتی عەرد چیتر چەقی گەردون نییە، بەڵکو خۆر چەقی گەردونە و هەمو هەسارەیەکی تریش، بێگومان بە زەویشەوە بە دەوریدا دەسوڕینەوە.. ئەمەی کۆپەرنیکۆس بانگەشەی بۆ دەکرد، لەو سەردەمەدا، جۆرێک لە کفر بو. ئاخر چۆن زەوی دەسوڕێتەوە، چۆن شتی وا دەبێت؟

ئەم لاوە ناوی جۆرج رێتیکەس (1514-1574)بو، مامۆستای ماتماتیک بو لە زانکۆی ویتینبێرگ، لەگەڵ کۆپەرنیکۆسدا، نەک یەک هەفتە و دوفتە، بەڵکو بۆ سێ ساڵ مایەوە و خەریکی توێژینەوە و رێکخستنی شاکارە مردوەکەی ئوستادە زیندوەکەی بو. ئەم کارە سێ ساڵی خایاند. لەم سێ ساڵەدا، بەر لە چاپکردنی کتێبەکەی کۆپەرنیکۆس، رێتیکەس نامیلکەیەکی ساکاری لەمەڕ سیستەمەکەی کۆپەرنیکۆس نوسی و وەک نمونەیەکی زانستی میللی بە ناوی ”یەکەم راپۆرت” لە نێو خەڵکدا بڵاوکردەوە. لە راستیدا ئەمە یەکەم چاپکراوە کە وەک تەفسیری تیورییەکی نوێ و شۆڕشگێرانە بچێتە ناو خەڵکەوە، بە واتایەکی سەرەتای زانستی میللی بو.

هەرچەندە کتێبەکەی کۆپەرنیکس بڵاوبوەوە، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی راستەوخۆی نەک هەر لە نێو خەڵکدا دروست نەکرد، بەڵکو لە نێوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکانیش هیچ تەئسیرێکی نەبو. هۆکار زۆربون، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کتێبەکە بۆ خەڵک نەنوسرابو، پڕبو لە هاوکێشەی ئاڵۆزی جیۆمەتری و ماتماتیکی. پاشان هەروا لە خۆڕا مرۆڤ ناتوانێت فکرەیەکی تەمەن هەڤدە سەدەیی لە ساڵ و دو ساڵدا ئەزم بکات. هەتا ساڵی 1600، تەنها نزیکەی دە کەس هەبون کە باوەڕیان بە مۆدڵی چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆس هەبو.

لە ساڵی 1576، فەیلەسوف و فەلەکناسێکی ئنگلیزی، بە ناوی تۆماس دیگز (1546 – 1595)، هەنگاوی گەورەی هەڵگرت و کتێبیکی تەفسیری سادەی لەمەڕ تیورییەکەی کۆپەرنیکۆس و سیستەمی نوێی چەقە – خۆری بڵاوکردەوە کە تێدەکۆشێت مۆدڵەکەی کۆپەرنیکۆس لەمەڕ گەردون بۆ خەڵک ئاسان بکات، نەک هەر ئەمە، بەڵکو ئیشارە بە ناکۆتای گەردون دەدات و وەک پاشخانێکی کۆپەرنیکۆسی بانگەشەی بۆ دەکرد، ئەمە لە کاتێکدا کە کۆپەرنیکۆس خۆی هیچ ئیشارەی پێ نەدا، یاخود دەتوانین بڵێین ئیمانی تەواوی بە ناکۆتای گەردون نەبو، تەنها ئەوە نەبێت کە گوتی گەردون زۆر گەورەیە و ئەستێرەکان زۆر زۆر دورن. ئەم چەمکی ناکۆتای گەردونییە، یەکێک بو لە تابۆکانی(محەرەماتی) ئەو رۆژگارە، چونکە کوسمۆلۆژیای ئەرستۆیی و لاهوتی مەسیحییەت بە جۆرێک لە بۆتەی یەکتریدا ئاوێتە بوبون کە لادان لە هەر یەکێکیان ئیهانە بو بۆ ئەوی تریان، بەڵام با لە یادمان نەچێت، ئەم جۆرە موحەرەماتانە لە وڵاتانی کاتۆلیک زیاتر خەتەربون وەک لە وڵاتانی پرۆتستانتی باکوری ئەوروپا.

تۆماس دیگز (1546 -1595): گەردون ناکۆتایە

هەر لە رۆژگاری تۆماس دیگزدا، فەیلەسوفێکی سەرکەش و پاڵەوانێکی یاخیگەری هاوچەرخ هاتە مەیدانەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی مەبەستی بو مەزەبی کۆپەرنیکۆسی بە نێو ئیتالیادا بە تایبەتی و بە ئەوروپادا بە گشتی بڵاوبکاتەوە. لە زانکۆکان، ناوەندە زانستییەکان و بنکە رۆشنبیرییەکان موحازەرەی پیشکەش دەکرد، کە زیاتر لە بانگەشەی سیاسی ئەم سەردەمە دەچو.

ئەو فەیلەسوفە گیوردانو برونۆ بو. لە ساڵی 1648 لە نزیک ناپۆلی، لە ئیتالیا لەدایکبوە، سەرەتا مەبەستی بو ببێت بە راهیب، هەر بۆیە بەو ئامانجە خوێندی و دوایش کەوتە تاووتوێکردنی دەرسەکانی ئەرستۆ. هەر زو بەهرەیەکی لە ئاسابەدەری تێدا بەدیکراوە، ئەویش گوتنەوەی هونەری زاکرە بو، واتە چۆن خەڵک فێربکەی کە شت دەرخ بکەن یان شتیان بیربکەوێتەوە، لەم پیشەیەدا بە راستی پسپۆڕبوە. تەنانەت سەرنجی دەڵەمەندەکانی بۆ لای خۆی راکێشابو.

برونۆ شاعیرێکی پڕ ئەندێشەی قوڵ، ڕەوانبێژێکی بلیمەت، گوتاربێژێکی کاریگەر بو، لە سەرو هەمو ئەمانەشەوە رادیکاڵێکی بە جورئەت و چاونەترس بو، توانی لە زۆر ناوەند و بنکەی رۆشنبیری سەردەمەکە خەڵک لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، بە تایبەت کاتێک دەچوە زانکۆکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئنگلتەرە و بیروڕاکانی خۆی بڵاودەکردەوە. برونۆ لە ساڵی  1583 دا، کتێبێکی بڵاوکردەوە بە ناوی ” سەبارەت بە ناکۆتای گەردون و دونیا”.

بێگومان برونۆ لە کتێبەکەیدا،، زۆر بە توندی دژی چەمکی ئەرستۆیی لەمەڕ سنورداری گەردون یان گەردونی کۆتادار وەستا و لای وی ئەسڵەن نە گەردون سنوردارە و نە عەردیش چەقی گەردونە، بەڵکو گەردون چەقی هەر نییە، چونکە مەرج نییە ئەم گەردونەی ئێمە تەنگا گەردون بیت لەم  فەزا پان و بەرینەدا، دەشێت گەردونی تری هاوشێوەی ئەم گەردونەی ئێمە بونی هەبێت و ئایینی خۆیان و پەیامبەری مەسیحی تایبەت بە خۆشیان هەبێت. جگە لەوەی هیچ پێویست ناکات ئێمە وەها بیر بکەینەوە کە ژیانی ئێمەی مرۆڤ و ئەم گەردونەی مەنزڵمانە شتێکی تایبەت و نایاب بێت لە نێو ئەم هەموو گەردونانەدا. جگە لەمانەش گیاردانۆ، ئەم پرسانەی بەستەوە بە ئایینەوە و دژی کلێسەی کاتۆلیکی گوتاریدەدا.

کڵێسە لە زمانی برونۆ زۆر ترسا، هێدی هێدی تەواو ناڕەحەت بو، هەتا گەیشتە ئەو رادەیەی بە کافر لە قەڵەمیاندا. لە ساڵی ١٥٩١ دا، برونۆ داوەتی خانەدانێکی ڤێنیسی قبوڵکرد و چەند مانگێک دەرسی زاکیرەی گوتەوە، بەڵام بۆسەیەکیان بۆ رێکخست و گرتیان. برونۆ بە دیلی رەوانەی رۆما کرا و لەئۆفیسی لێپرسینەوەی کڵێسەی رۆما توێژینەوەی زۆر سەختی لەگەڵدا کرا، بەڵام هیچ ئامادە نەبو پەشێمان – نامە یان پاکانە بنوسێت، نەک هەر ئەمە بەڵکو زیاتر سوربو لەسەر بیروراکانی. دوای هەشت ساڵ ئەشکەنجەی زۆر دڕندانە لە گۆرەپانی رۆما بە زیندویی سوتێنرا. ئەمە خەڵکی سادەی زۆر ترساند و گەلێک زانای گەورەش، وەکو گالیلۆ سڵمەمییەوە و هەتا ساڵانێکی زۆر چیتر جورئەتی نەبو بە ئاشکرا بیرورای خۆی لەمەڕ سیستەمی چەقە – خۆری و کۆپەرنیکۆسی ڕابگەیەنێت.

بەمجۆرە برونۆ بو بە یەکەم قوربانی سەردەمەکە، هەندێک بە یەکەم شەهیدی زانست و ڕۆژگاری شۆڕشی زانستی لە قەلەمی دەدەن و هەندێکی تر وەک هەڵەوەڕێکی مێژوی فەلسەفی و زانستی ناوی دەبەن. ئەگەر هەر کامیان بێت، مەرگی برونۆ زۆر تراژیدیانە بو.

گیوردانۆ برونۆ: (1546 – 1600)، ئەو فەیلەسوف و شاعیرەی لەسەر پرسی ناکۆتا بە زیندویی سوتێنرا. هەندێک بە یەکەم شەهیدی زانست و هەندێکی بە هەڵەوەڕی مێژوی ناودەبەن.

زۆربەی زانایان، لەو ڕۆژگارەدا بە زمانی لاتین بەرهەمە زانستییەکانی خۆیان بڵاودەکردەوە، کە زمانی فەرمی ڕۆیشنبیران و فەیلەسوفان و خەڵکانی تری ئایینی بو، بەڵام فەلەکناسێکی گەورەی ئەو سەردەمە هات و تەحەدای واقیعەکەی کرد و کتێبێکی خۆی بە زمانی ئیتالی بڵاوکردەوە. پەڕتوکەکە سیما و تەرزی مشتومڕانەی لەخۆگرتبو. ئەو زانا مەزنە، گالیلۆ گالیلەی(1564 – 1642) بو کتێبەکەش نێوی ”دایەلۆگ لەمەڕ دو سیستەمە سەرەکییەی دونیا” بو، لە ساڵی 1632 دا چاپکرا. گالیلۆ، هەر بە ڕاستی، مەبەستی بو لاوانی ئیتالیا، بە تایبەت گەنجانێک کە لەبەر نەبونی و هەژاری توانستی زانکۆیان نەبو، ئاگاداری زانستە نوێکانی خۆی بن. کتێبی دایەلۆگ نمونەیەکی بەرز و دانسقەی پەخشانی قۆناخی رێنیسانسە لە ئەوروپا، بە زمانێکی پاراو و دەوڵەمەند نوسراوە، هەر بە راستیش گالیلۆ خۆی زمانناسێکی باڵدەست بوە و ئەم بەرهەمەی شاکارێکی نەمرە لە ئەدەبیاتی کلاسیکی ئیتاڵیدا. کتێبەکە بریتی بو لە مشتومڕی سێ کارەکتەر، یەکەمیان سیمپلچۆ، کە تەمسیلی بیروڕاکانی ئەرستۆی دەکرد سەبارەت بە جوڵە، کەوتنە خوارەوەی تەنەکان و سوڕانەوەی هەسارەکان بە دەوری عەردا و کۆسمۆلۆژیای کلاسیکی، ئەمانە هەمو لە لایەن کلێسە و ئاینی مەسیحییەوە تەبەنناکرابون. دوەم کارەکتەر، ساگرێدۆ بو کە نمایشی کەسێکی ڕۆشنبیری ڕۆژگارەکە دەکات و ئامادەیە چەمکە نوێکانی کۆسمۆلژیای چەرخی نوێ و سیستەمی چەقە – خۆری ئەزم بکات، پاشانیش سالڤیاتی دێت، کە بیروڕا نوێکانی گالیلۆ سەبارەت بە سیستەمی کۆپەرنیکۆسی بەرجەستەدەکات، ئەو بیروڕایانەی دەڵێت زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. ئەم کتێبە هێرش بو بۆ سەر بیروڕا فەرمانڕەواکانی ئەو کاتە، بە تایبەت پیاوانی ئایین و کڵێسە و زانایانی ئەرستۆیی و فەیلەسوفانی زانکۆکان. هەرچەندە گالیلۆ بە فەرمی مۆڵەتی ئۆفیسی کڵێسەی وەرنەگرتبو، بەڵام کتێبەکەی بڵاوکردەوە و نوسخەی تایبەتی ناردە خزمەتی پاپا خۆی. سەرەتا پاپا خۆی ئەم کتێبەی گالیلۆی زۆر بە دڵ بو، رۆژانە رەبەنێک لە کاتی خواندا بۆی دەخوێندەوە، بەڵام رۆژێک یەکێک هات و بە گوێی پاپادا چرپاندی کە سیمپلیچۆ، کاراکتەری سادە و گەمژە لە کتێبەکەی گالیلۆدا تەمسیلی تۆی موبارەک دەکات. پاپا، هەر چەندە کۆنە هاوڕێی گالیلۆ خۆی بو، توڕەیی خۆی مەڵاس نەدا، یەکسەر داوایکرد کە هەرچی کۆپی کتێبەکە لە بازاڕدا هەیە کۆبکرێتەوە و بسوتێنرێت، گالیلۆش بچێتە بەردەم دادگای کڵێسە. هەرچەندە گالیلۆ پاکانەی نوسی و لە هەمو بیرکردنەوە بە حساب ڕادیکالییەکانی پەشیمان بوەوە، بەڵام کاریگەری ئەوتۆی نەبو. حوکمی دەستبەسەری ئەبەدی بەسەردا درا. بەمجۆرە گالیلۆ بە هۆی هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوە و داکۆکیکردن و بە خەڵککردن و میللیکردنی مۆدڵی چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆسی ڕوبەڕوی کڵێسە بوەوە و هەتا ساڵی 1642، کاتێک بوە پیاوێکی نابینا، لە تەمەنی هەفتا و هەشت ساڵیدا مرد. هەرچەندە گالیلۆ شەڕەکەی لە بەرانبەر کڵێسەدا دۆڕاند، بەڵام، دوای مەرگی خۆی، بیروڕا شۆرشگێڕییەکانی ئاسۆکانی فکری مرۆڤایەتییان فراوانترکرد و هەرگیز جەنگ دژ بە کڵێسە و فەیلەسوفە توتییەکانی ئەرستۆیی نەوەستا و سەربەرزانە سەرکەوتن فەراهەم بکات، بە جۆرێک دوای زیاتر لە سێ سەد ساڵ کڵێسە دانی بە هەڵکانی خۆیدا نا و بە رەسمی داوای پۆزشی لە مرۆڤایەتی کرد لەمەڕ رەوشی ناعادیلانەیان لە هەمبەر گالیلۆ و پرسی مۆدڵی چەقە – خۆری.

گالیلۆ گالیلەی (1564 -1642): من بە ئیتاڵی دەنوسم بۆ ئەوەی لاوان لە زانست تێبگەن، بە تایبەت کەم دەرامەتان.

کتێبێکی تر کە هەر لەو سەردەمەدا چاپکرا و سەرەتایەکی جوان و نایاب بو بۆ بڵاوکردنەوەی گەردونناسی، بریتی بو لە کتێبەکەی یۆهان کێپلەر(1571 – 1630) کە سەبارەت بە بیروڕاکانی خۆیەتی دەربارەی گەشتێک بە تەرزێکی فەنتازی خەون دەیگێڕیتەوە. کتێبەکە باس لە کوڕێک دەکات کە خۆی و دایکە جادوگەرەکەی بۆیان دەردەکەوێت کە دورگەیەک هەیە و ناوی لێڤانیایە ( کە مەبەست لە مانگە) و بڕیاردەدەن گەشتێکی بۆ بکەن. خەونەکەی کێپلەر ئەوە باس دەکات کە چۆن لەسەر ئەم هەسارەیەوە سەیری عەردی خۆمان دەکەیت. ئەم کتێبە لە ساڵی 1608 دا نوسراوە، بەڵام دوایی لە ساڵی 1834 دا بڵاوبوەوە[i]. لای هەر یەک لە کارل سەیگان و ئیسحاق ئەسیمۆف ئەم کتێبە(رۆمانەی) کێپلەر بە یەکەم خەیاڵبافی زانستی هەژمارد دەکرێت. کێپلەر، جگە لەم کتێبە، دوای زیاتر دە ساڵ کارکردن لەسەر فۆرمی ڕەوتی سوڕانەوەی هەسارەی مارس بە دەوری خۆردا، توانی بە میتۆدێکی قورسی جیۆمەتری بیسەلمێنێت کە رەوتی هەسارەی مارس بە دەوری خۆردا بە هیچ جۆرێک بازنەیی نییە، بەڵکو فۆرمەکەی هێلکەییە. ئەمە بۆ خۆی شۆرشێکی نوێ بو بۆ بەهێزکردن و سەلماندنی سیستەمی چەقە – خۆری، هەندێک دەڵێن دوای ئەمە پێویست بو کە سیستەمی چەقە – خۆری ناوەکەی بگۆڕێت بۆ سیستەمی کۆپەرنیکۆ – کێپلەری. کێپلەر مەبەستی بو پەیامەکەی بگەیەنێتە خەڵک، بۆیە کتێبێکی بە ناوی ئەسترۆنۆمیا نۆڤا(ئەسترۆنۆمی نوێ) لە ساڵی 1609 دا بڵاوکردەوە. لەم شاکارە گەورەیەدا، کە هەندێک بە گرنگترین پەرتوکی شۆڕشی زانستی لەقەڵەم دەدەن، کێپلەر تێدەکۆشێت هەمو یاسا بەناوبانگەکانی خۆی لەمەڕ جوڵەی هەسارەکان بە زمانێکی پاراو شەرح بکات، تەنانەت لای وی ئەو کتێبە سەرەتایەکی باشە بۆ فێربونی ئەسترۆنۆمی نوێ.

ئیسحاق نیوتن (1642 – 1727): شاکارەکەی ئەوەندە بە زمانێکی قورس نوسی، نەک خەڵکی ئاسایی، بەڵكو هاوچەرخانی خۆشی لێێ تێنەگەیشتن.

لە ساڵی 1687، کە بە ساڵی ترۆپکی شۆڕشی زانستی دەژمێردرێت، چونکە یەکێک لە شاکارە هەرە زانستییەکان لە مێژوی مرۆڤایەتیدا بڵاوبوەوە، بێگومان ئەو کتێبە مەزنە ”پرینسیپە فەلسەفییەکانی ماتماتیک” بو، کە نوسەرەکەی ئیسحاق نیوتنی(1642 – 1727) ئنگلیزی بو. ئەم بەرهەمە لە ئاسابەدەر گەورەیە، جگە لەوەی بە زمانی لاتین نوسرابو، ، زۆر زەحمەت بو نەک هەر ئنسانی ئاسایی لێی تێبگات، بەڵکو هاوڕی بلیمەت و ماتماتیکناسەکانی نیوتن خۆی لێی حاڵی نەدەبون، چونکە نیوتن، بە پێچەوانەی گالیلۆوە، مەبەستی بو هەمو کەس لە زمان و دید و بیر و بۆچونەکانی تێنەگات. دوای بلاوبونەوەی کتێبەکە، ناوبانگی نیوتن هەمو سنورەکانی وڵاتی ئنگلستانی شکاند و پەڕییەوە بۆ هەمو ئەوروپا. نیوتن و هێزی کێشکردن یان وەک دەڵێن سیستەمی دونیا و گەردون بوە باسی سەر سفرە و خوانی خانەدانەکان، رۆشنبیران و فەیلەسوفان، تەنانەت خانمانیش لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا مشتومڕیان لە بارەوە دەکرد. هەر بۆیە دەبینین کە زۆر زوو تەفسیرێکی کتێبەکە بە زمانێکی سادە بڵاوبوەوە کە تایبەت بو بە خانمانی خێزانە ئەرستۆکراتەکان، بۆ ئەوەی ئاگاداری پێشکەوتنە ماتماتیکی و زانستییە سروشتییەکانی ئەوروپا ببن. ئەم کتێبە کە بە نێوی تەفسیری فەلسەفەی سێر ئیسحاق نیوتن بۆ خانمان بو، لە نوسینی ئەلگارۆتی بو، تەنانەت تەرز و ستایلی کتێبەکە بە جۆرێک بو کە دێتە سەر پرسی هێزی کێشکردن، نوسەر پەنا دەباتە بەر مەسەلەی عیشق و دڵداری، چونکە لای نوسەر، ئەلگۆریتی، ژنان و کچان خەیاڵیان لای رۆمانسە. بۆ نمونە کاتێک کە تێدەکۆشێت تەفسیری یاسای دوجای پێچەوانەیی نیوتن وەها بکات کە لە خۆشەویستیدا، تەنانەت دوای هەشت رۆژ دوری لە یەکتر و بزری، خۆشەویستی شەست و چوار جار لە رۆژی یەکەم کەم دەکات. ئەم جۆرە بەرهەمانە، کە بۆ مەبەستی ئاسانکردنی یاساکانی نیوتن بو، نەک هەر لە وڵاتی ئنگڵستان، بەڵکو لە زۆر وڵاتی ئەوروپیدا چاپ دەکران. هەتا نیوتن خۆی لە ژیاندا بو شاکارەکەی تەرجەمەی زمانی ئنگلیزی نەکرا، بەڵام لە ساڵی 1729 دا، واتە دو ساڵ دوای مردنی نیوتن خۆی بە ئنگلیزی چاپکراو بڵاوبوەوە. هەتا ئێستا بە سەدان کتێبی تر تەنها بۆ تەفسیری شاکارەکەی نیوتن بۆ خەڵکی ئاسایی و شەقام بە سەدان زمان لە دونیادا بڵاوکراوەتەوە.

[i]  لە راستیدا ، ساڵانی هەفتاکان، ئەو کاتە من منداڵ بوم، لە بیرم دێ، لە کتێبخانەی گەلاوێژ نامیلکەیەک دانرابو بۆ فرۆشتن، بە ناوی گەشتێک بۆ مەریخ، کە نوسەرەکەی، وا بزانم، میرزا مەنگۆری بو. کە خوێندمەوە، ئەویش وەک داستانە خەیاڵبافییەکەی کێپلەر وابو، باس لە گەشتێک دەکات بۆ مەریخ.

 

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *