لە پەراوێزی کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆدا (٣)

نوسین و ئامادەکردن: هاوار بەرزنجی

پێداچوونەوە: د. عرفان مستەفا

فیزیکا

کتێبی 1

 

ئەڕستۆ لە خاڵی سێیەمدا، دوا تیری خۆی دەهاوێژێتە ئەو بناغەیەی ئیلییەکان دایان مەزراندبوو. ئارگیومێنتی دژ بە ئیلییەکان، یەکێکە لە قورسترین ئەو وەڵامانەی ئەڕستۆ دژ بە فەیلەسووفانی پێشین دەیداتەوە. وەڵامەکە بەڕادەیەک گرانە، بە جارێک و دووان خوێندنەوە خۆی نادات بەدەستەوە، بۆچی گران نەبێت ئەگەر ڕەخنەگر ئەڕستۆ بێت و لایەنی بەرامبەریش پارمەندیس بێت.

سەبارەت بە ڕەخنەکانی ئەڕستۆ دژ بە ئیلییەکان، د. عرفان مستەفا پێی وایە، ئێمە دەبێت دوو شت لێک جیابکەینەوە، بنەما و ئەوەی لە بنەماکە دەکەوێتەوە؛ ئەوەی لێوەهاتووە شتێکە و، هاتووەکانیش شتێکی دی. ئیلییەکان مەبەستییان لە لێوەهاتووەکانە کە دەڵێن هەمووی یەکە؛ بەڵام ئەڕستۆ دێت یاری لەنێوان ئەم دووانەدا دەکات؛ ئەڕستۆ  یەک دەهێنێتە ناو هاتووەکان(موجودات) و لەوێوە نەقدی ئیلییەکان دەکات. لەکاتێکدا دەبوو ئەم ڕەخنەیەی ئاڕاستەی سروشتییەکان بکردایە نەک ئیلییەکان(چونکە ئەو ڕەخنەی هاتووەکان دەکات).

 

دژ بە ملیسوس

ئەڕستۆ سەبارەت بە ملیسوس پێی وایە کە هەڵەیەکی لۆجیکی کردووە، کە دەڵێت هەرچی هاتووەتەبوون (come into being – یتكون) سەرەتایەکی هەیە؛ کەواتە ئەوەی نەهاتووەتە بوون، سەرەتای نییە. لە شەرحی ئەم ئارگیومێنتەدا، شاریحی وەرگێڕانە عەرەبییەکە “أبو علي” ئاوا ڕوونی دەکاتەوە:

ئەگەر ئێمە بڵێین: ئەوەی مرۆڤە، زیندەوەرە؛ ناگونجێیت بڵێین: ئەوەی مرۆڤ نییە، زیندەوەر نییە. بەڵکو دەبێت بڵێین: ئەوەی زیندەوەر نییە، مرۆڤ نییە. بە هەمانشێوە بۆ ئەوەی پێشوو: ئەوەی هاتووەتەبوون، سەرەتایەکی هەیە؛ دژەکەی دەبێتە: ئەوەی سەرەتایەکی نییە، نەهاتووتە بوون؛ ئەگەر ئەم گوتەیەمان خستە ناو وتەکەی سەرەوە، دەڵێین: ئەوەی نەهاتووەتە بوون، کۆتاییەکی نییە.

گۆڕان بابەتێکی دیکەی ناکۆکی نێوان ئەڕستۆ و ملیسوسە. ئەڕستۆ  باوەڕی بە گۆڕانی لەناکاو هەیە و پێی وا نییە گۆڕان پلە پلە ڕووبدات؛ تۆ ناتوانیت بڵێیت بەستن لەکەیەوە دەست پێدەکات، بەڵکو ئاو وەکو گشتێک لە حاڵەتێکەوە دەڕوات بۆ حاڵەتێکی تر. لەم سۆنگەیەوە ڕەخنەی ملیسوس دەکات کە ئەو  باوەڕی وا نییە و پێی گوایە گۆڕان یەکسەر ڕوونادات.

ئەڕستۆ سەبارەت بەوەی ئەگەر بوون هەموو یەکە، بۆچ دەبێت نەجووڵاو بێت؟! (لای ملیسوس بۆیە دانەیەکی نەجووڵاوە، چونکە گەر بجووڵێت، ئەوا پێویستی بە ناوەندێکە کە تێیدا بجووڵێت، کە ئەمەش واتە دوو، نەک یەک) نموونەی ئاو دەهێنێتەوە و، دەڵێت ئەگەر میقدارێک لە ئاو جوڵاو بێت، کەواتە بۆچ کۆی ئاوەکە لە جوڵاندا نەبێت؟! ئەمە هەمان دایەلێکتیکی پارچه‌ و گشتە، دواجار گشت لەو بەشانە پێکهاتووە کە پێکهێنەرین؛ وە ئەوەی بۆ ئەوان ڕاستە، دەبێت بۆ گشتەکەش هەر ڕاست بێت. لە ئایدیاڵیزمی ئاڵماندا، بینینی پارچە هاوکات لەگەڵ گشتدا، پایەیەکی گەورەی فەلسەفەی هیگڵە و، ئەمەش وا دەکات هیگڵ زیاتر ئەڕستۆیی بێت تا ئەفلاتوونی؛ چونکە لای ئەفلاتوون فۆرمە هەمەکییەکان لە جیهانی بەرز دانراون و بوونێکی تەواوکۆ(الکامل)یان هەیە، کە گۆڕانکارییەکانی ئێرە(گۆڕانکاری لە پارچەکاندا)، کار لە ئەوان ناکات.

(پارچه‌ و گشت جیاوازن له‌ به‌شه‌كی و هه‌مه‌كی، لای فه‌یله‌سوفه‌كان زۆرجار ئه‌م دووانه‌ له‌ بری یه‌كتر به‌كارهێنراوه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌م دووانه‌ له‌ یه‌كتر جیاوازن و باسكردن له‌ پارچه‌ و  گشت ته‌نها بۆ هیولا ده‌بێت و شیاو نییه‌ بۆ به‌شه‌كان و هه‌مەكیه‌تی بوونه‌وه‌ر به‌كاربهێنرێت، چونكه‌ هه‌م ئه‌وه‌ی له‌ بوونه‌وه‌ردا هه‌مه‌كییه‌ جه‌وهه‌ره ‌و هه‌م به‌شه‌كانیشیان جه‌وهه‌رن، به‌ڵام هیولا نه‌ وه‌ك گشت و نه‌ وه‌ك پارچه‌كانی ئه‌و گشته‌ جه‌وهه‌ر نییه‌ و، وه‌ك ئه‌رستۆ ده‌ڵێت نزیكه‌ له‌ جه‌وهه‌ره‌وه‌، كاتێك باس له‌ ئاو ده‌كه‌ین وه‌ك هیولای په‌یدابوونی بوونه‌وه‌ره‌كان ئه‌و كاته‌ ده‌بێت پارچه‌ و گشت به‌كار بهێنین نه‌ك به‌شه‌كی و هه‌مه‌كی، گه‌رچی ئه‌رستۆ ئه‌م جیاكارییه‌ زۆرجار ناكات و به‌شه‌كی و هه‌مه‌كی له‌ بری  پارچه ‌و گشت به‌كارده‌هێنێ. ئه‌وه‌ی لای هیگڵ هه‌یه‌ پارچه ‌و گشت نییه‌، هه‌مه‌كی و به‌شه‌كییه‌ به‌ڵام ئه‌ویش جاری وه‌هایه‌ له‌ جێگه‌ی یه‌ك به‌كاریان ده‌هێنێ. زیادکراوی د. عرفان مستەفا).

ئەگەر ئەو تێبینییەی سەرەوەی د. عیرفان لەبەرچاو بگرین(سەبارەت بە لێوەهاتووەکان و هاتووەکان)؛ پێموایە ئەڕستۆ لێرەدا له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌كردنه‌كه‌ی خۆیدا لێكدژ ده‌بێته‌وه‌، ئەو دەڵیت هەرچەندە هەبووەکان لە ڕووی فۆرمەوە مومکین نییە یەک بن، لێ لە ڕووی ماددەی یەکەمەوە (ئورشتۆف) دەکرێت یەک بن(Physics §3, 186a11-186a21). ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە ئیلییەکان دەیڵێن.

 

دژ بە پارمەندیس

ئەو پێی وایە هەموو ئەو ڕەخنانەی لە ملیسوس دەگیرێت، بۆ پارمەندیسیش هەر ڕاستن. لە لۆجیکدا، دەستپێکێکی هەڵە، دەرەنجامێکی هەڵەمان پێدەبەخشێت؛ ئەمە ئەو شتەیە کە ئەڕستۆ پێی وایە پارمەندیس تێی کەوتووە. دەستپێکەکەی بۆیە هەڵەیە، چونکە هەبوو بە مانای جۆراوجۆر بەکاردێت (بڕوانە بەشی دووەمی وتارەکە) لێ ئەو تەنها بۆ یەک مەبەست بەکاری هێناوە.

 

سپی و ئەو شتەی کە سپییە، یەک یان زۆر؟!

ئەڕستۆ لەڕێی ئەم کێشەیەوە، نەک هەر ناکۆکبوونی خۆی لەگەڵ پارمەندیسدا بەیاندەکات، بەڵکۆ لە کاتیگۆرییەکانیشدا، دژ بە فۆرمە هەمەکییەکانی ئەفلاتوون دەڵێت ئەگەر ڕەنگ بە لەشەوەیە، ئەوا دەبێت لەنێو لەشێکی تاکدا بێت، ئەگەر  ڕەنگ لەنێو هیچ لەشێکی تاکدا نەبێت، هەرگیز نادۆزرێتەوە(Categories §5, 2a35-2b7). دەتوانین لەمەوە دەرەنجامگیری بکەین بەوەی کە ئەو باوەڕی بەوەیە بابەتی سپی لە ژیانی ڕۆژنەماندا بوونی هەیە، وە زۆرن نەک یەک؛ کە ئەو پێی وایە سپی لێرەیە، کەواتە ڕوونە دەبێت باوەڕی بە زۆریی سپی هەبێت. ئەمە شتێکە کە ئەو پێی وایە پارمەندیس ئاوڕی لێنەداوەتەوە، چونکە سپی و شتێک کە سپییە دوو شتی لەیەک جوودان(Physics §3, 186a22-186a32). سێر ویلیام دەیڤید ڕۆس لە شەرحی ئەم ئارگیومێنتەدا دەڵێت: تەنانەت ئەگەر گوتمان هەرچی ئەوەی هەیە تەنها سپییە، ئەمە گونجاوە لەگەڵ ئەوەی کە سپی زۆرە و یەک نییە؛ دەکرێت سپی لەڕووی کوالیتییەوە یەک بێت، لێ ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، لە ڕووی چەندێتییەوە زۆر نەبن.

ئەگەر ڕەنگ بە لەشەوەیە، ئەوا دەبێت لەنێو لەشێکی تاکدا بێت، ئەگەر ڕەنگ لەنێو هیچ لەشێکی تاکدا نەبێت، هەرگیز نادۆزرێتەوە. ~ئەڕستۆ دژ بە پلەیتۆ

عەرەز

جەوهەر لای ئەڕستۆ یەکێکە لە دە کاتیگۆرییەکان، کە هەموو کاتیگۆرییەکانی تر بارکراون بۆی، لێ خۆی نابێت بە بارکراو بۆ هیچ یەکێک لەوان(جەوهەر هەمیشە بارلێکراوە). جه‌وهه‌ره‌كان دابه‌ش نابن بۆ جه‌وهه‌ری تر، به‌ڵكو جه‌وهه‌ری یه‌كه‌م له‌ خۆیدا ده‌توانێت جه‌وهه‌ره‌ دووه‌مییه‌كان هه‌ڵبگرێت، لەم حاڵەشدا، جەوهەر یەک نییە و زۆرە. جەوهەر یەکێکە لە ئەساسیترین کاتیگۆریەکان کە گۆڕانی بەسەردا نایەت(ئەو کاتیگۆریانەی کە گۆڕانیان بەسەردا دێت، نموونەی کاتیگۆری چەندێتی و چۆنێتی و شوێنن).

(د. عیرفان مستەفا پێی وایە دەبێت بۆ <الحامل> و <المحمول> یان باركراو وبارلێكراو  به‌كاربهێنین‌ یان له‌ ئه‌ستۆنراو و له‌ ئه‌ستۆگر، ئەو پێی وایە له‌ كوردیه‌كه‌دا به‌ هۆی وه‌رگێڕانێكی خراپ له‌ عه‌ربیه‌كه‌وه‌ به‌ بار و بارهه‌لگر كراوه‌. بار و بنه‌ش زامانه‌وانه‌كانمان له‌ بری (مسند و مسند الیه‌) عه‌ره‌بی به‌كاریان هێناوه‌ دوو  چه‌مكی گرامه‌رن نه‌ك لۆجیك. شایەنی باسە هەردوو مامۆستایان د. حەمید عەزیز و د. محەمەد کەمال بار و بنە، یان بار و بارهەڵگریان بەکارهێناوە.)

عەرەز(accidents) هەمیشە باری(predicated) بابەتە(subject)، ئەگەر وا دابنێین کە بوون عەرەزە، ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەوەی کە بابەتەکە دەبێت نەبوون بێت، چونکە بابەت و سیفەت جیان لەیەکتر؛ وە ئەگەر بوون بابەت بێت، ئەوا هەر سیفەتێکی لی بارکرابێت دەبێت نەبوون بێت، چونکە بەدەرە لەو. شایەنی باسە ئەم خاڵە هەردوو گەورە شاریحی فیزیکا، تۆماس ئەکواینەس ویلیام ڕۆس باسیان لێوە کردووە(See W. D Ross, Aristotle’s Physics, page 475, and St. Thomas Aquinas, Commentary on Aristotle’s Physics, page 24, 25 )

دەکرێت عەرەز سەر بە بابەت بێت، یان سەر بەو نەبێت، یان سەر بە عەرەزێکی دیکەبێت. دانیشتن نموونەیەکە بۆ عەرەزی جیابووەوە، دەکرێت مرۆڤ دانیشتبێت یان هەستابێتە سەرپێ. پژمین(افطس-Snubness) عەرەزێکی جیانەبووەیە و سەر بە بابەتەکەیە هەمیشە، ئێمە لەگەڵ پژمیندا یەکسەر لوتمان بە خەیاڵدا دێت، ئایدیاکردنی پژمین بەبێ لووت کارێکی نەکردەیە.

 

مۆنادەکان

لایبنتس پوختەی فەلسەفەکەی خۆی لە ٩٠ خاڵدا دادەڕێژێت(مۆنادەکان بە فەڕەنسی نوسراون، لایبنتس خۆی ئاڵمانییە)، هەر خاڵێک ژمارەیەکی تەواوە، مۆنادەکان جەوهەری عەقڵی سادەن، بێ پارچە و، بێ پەنجەرە و دابەشنەبوون. ئەو لە مۆنادۆلۆجیادا باس لە دوو بنەمای گرنگ دەکات، ئەوانیش بنەمای هۆکاری تەواو(sufficient reason – السبب الکافي) و بنەمای نەبوونی لێکدژیە(principle of contradiction – مبدء عدم التناقض). هۆكاری ته‌واو باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆچی هه‌ندێك شت هه‌ن، له‌باتی ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌بن؟! یان بۆچ هه‌ندێك شت(وه‌ له‌ نێویشیاندا گه‌ردوون) به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستایه‌ نه‌ك شێوه‌كانی تر؟! چونكه‌ ئه‌و شێوه‌یه‌ كاملتره‌ له‌ شێوه‌كانی تر(بۆ هۆکاری تەواو، بڕوانە مۆنادەکانی ٣٢، ٣٦، ٣٧، ٣٨، ٣٩، ٤٥، ٥٣). لە بنەمای نەبوونی لێکدژیدا، لایبنتس باس لەوە دەکات کە نابێت شتێک لە هەمانکاتدا خۆی و دژەکەیشی ڕاست بێت(بڕوانە مۆنادەکانی ٩، ٣١، ٤٥). ئەوەی بۆ من گرنگە لێرەدا، بوونی بنەمای نەبوونی لێکدژییە؛ ناکرێت لە یەککاتدا بوون و نەبوون یەکسان بێت بە یەک.

یەکەم پەڕەی دەستنووسیی مۆنادەکان، ١٧١٤

ئەڕستۆ دەڵێت، بۆ دەرچوون لەم پارادۆکسە(پارادۆکسی بوون و نەبوون)، هەندێک لە بیریارەکان وا ئەم کێشەیان حەل کردووە، لەبەرئەوەی بوون یەکە، کەواتە هەموو شت یەکە، قبووڵی ئەوەیان کردووە کە نەبوونیش هەر بوونە(Physics §3, 187a1-187a10). ئەگەر ئێمە ئەو پرەنسیپەی سەرەوەمان بەکارهێنا(بنەمای نەبوونی لێکدژی)، ئەوا دەبێت ئەم ئارگیومێنتەش ڕەد بکەینەوە.

لە لۆجیکی هیگڵدا بنەمای نەبوونی لێکدژی ڕەد دەکرێتەوە، لێ نەک بەوەی کە ئەو دژی ئەم بنەمایە بێت، بەڵکو لای ئەو ناکۆکییەکان بوونێکی گرنگیان هەیە لە ڕەوتە دایەلێکتییەکەدا، هیگڵ مەبەستی نییە بڵێت شتێک خۆی و دژەکەی ڕاستە، ئەو بوێرانە ناکۆکییەکان لە سێکوچکەی دایەلێکتیکدا یەکدەخات و بەرزیان دەکاتەوە بۆ ئاستێکی پێشکەوتووتر. ئەمە خاڵی ناکۆکی نێوان لۆجیکی ئەڕستۆ و لۆجیکی هیگڵە(بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە: هگل: از متافیزیک بە پدیدارشناسی، م. م. اردبیلی، ص١٤١؛ هەروەها بڕوانە لۆجیکی هیگڵ، د. محەمەد کەمال، ل ٢٣، ٢٠٠).

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، لە کوانتەم میکانیدا(وەکو تازەترین لقی فیزیک)، بە پێچەوانەی ئەڕستۆ و هیگڵەوە، بنەمای نەبوونی لێکدژی، تەواو ڕەد دەکرێتەوە و، پارتیکڵەکان لەو دونیا کوانتەمییەدا دەتوانن هەرچۆنێکیان بووێت ڕەفتار بکەن، کە ئەمە ڕێک دژ دەوه‌ستێتەوە لەگەڵ لۆجیکی باو و عەقڵی سەلیمدا(Common Sense). لەوێدا، پارتیکڵەکان دەتوانن لە هەمانکاتدا، لێرە و لەوێش بن، یەقین لەوێدا حوکم ناکات، ئەوەی باڵادەستە لەو عالەمە حیرەتهێنەرەدا، تەنها پرەنسیپی نادڵنیایی هایزنبێرگە؛ یان ئەگەر بە زمانێکی تر بدوێین، دەبێت تەنها ئەگەرترین ئەگەر لەوێدا بوونی هەیە و بەس.

 

سەرچاوەکان

– Physics, Aristotle, Translated by R. P. Hardie and R. K. Gaye

-Aristotle’s Physics, A revised text with introduction and commentary, W. D. Ross, 1936.

– St. Thomas Aquinas, Commentary on Aristotle’s Physics, Lectures: 5, 6, 7

-Translated by: Robert Latta, 1898 The Monadology, G. W. Leibniz,

– ارسطوطاليس، الطبيعة، الجزء الأول، ترجمة: اسحق بن حنين، تحقيق: عبدالرحمن بدوي، الهيئة المصرية العامة للكتاب، 1984.

– أرسطو، سماع طبیعی (فیزیک) ، ترجمە: محمد حسن لطفی.

– کۆوانەکانی سروشتناسیی ئەڕستۆ، لێکچەرەکانی سەر بە خاڵی سێیەم، د. عرفان موستەفا.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *