ماری کیوری (1867 – 1934)

نوسین و ئامادەکردنی: شێرکۆ ڕەشید قادر
”لەوە مەترسە شتەکانت کەماڵ بن، چونکە هەرگیز کەماڵ نابن و پێێ ناگەیت.”

”لە هەمبەر خەڵک کەمتر فزوڵی بە، لە بەرانبەر ئایدیاکان زیاتر فزوڵی بە.” ماری کیوری

ماری کیوری  (1867 – 1934)

ماری کیۆری، یەکەم کەس بو کە توانی توخمە شەبەنەگییەکانی پۆلۆنیەم و رادیۆم جیابکاتەوە، توانی لەگەڵ مێرد و هاوڕێی ژیانی، پیەری، پێکەوە، لە ساڵی 1903 دا خەڵاتی نۆبڵ، لە فیزیکدا، دەستەبەر بکەن. جگە لەوەی خۆشی بە تەنها لە ساڵی 1911 دا، توانی خەڵاتی نۆبڵ، لە کیمیادا، فەراهەم بکات.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، کاتێک وشەی شەبەنگی رادیۆئەکتیڤی دەبیستین، ترس دەخاتە دڵمانەوە، چونکە پەیوەستە بە جەنگی ناوکی، شەبەنگی بە ژەهراوی بون و توشبون بە شێرپەنجە. ماری کیۆری، بە بێ ئەوەی هیچ لە خاسیەتە کوشندە و ژەهراوییەکانی بزانێت، زۆر بە جورئەتەوە کەوتە توێژینەوە لە پرسەکە و بابەتەکە. بەڵام ئنسان کاتێک حساب بۆ سەردەم و زەمەنەکە دەکات کە کیۆری تێدا ژیاوە، دەبینێت ئەو پێشکەوتنەی ئەو لە کایەکەیدا فەراهەمی کردوە هەتا بڵێی شتێکی نایابە، چونکە وی، وەک زانایەک لە هەمبەر کۆمەڵگەیەکدا کاری زانستی ئەنجامداوە کە بە چاوی سوک، مۆڕە و خێسەوە سەیری ژنانیان کردوە، بەڵام سەرباری کەموموڕی دارایی، خراپی تەندروستی و تراژیدیای ژیانی کەسایەتی خۆی، ماری کەسایەتییەکی بوێر بوە و سوربوە لەسەر ئەنجامدانی دۆزینەوەکانی.

ساڵانی سەرەتایی

ماری لە 7 ی تشرینی دوەمی 1867، لە وارشۆی پۆڵۆنیا، لە لەدایکبوە. دایک و بابی، هەردوک مامۆستابون، بەڵام لە راستیدا بابی بو کە، بە پلەی یەک هانیداوە، خۆشی بە زانست بێت و خولیای بچێتە سەر وردبونەوە لە سروشت. هەر زو تراژیدیا دەبێتە میوانی ناوەخت و هێشتا تەمەنی حەوت ساڵان دەبێت کە خوشکە گەورەکەی، زۆفیا، بە نەخۆشی لەرزوتای تایفەس مردوە. دوای چوار ساڵیش، دایکی بە نەخۆشی سیل وەفاتیکردوە. ماری، دوای ئەمانە، وەک منداڵێکی جدی و رژد، ئیتر هەمیشە سەری کردە سەر خوێندن و بەردەوام یەکەمی پۆلەکەیان بوە. کاتێک تەمەنی گەیشتە هەژدە ساڵی، خۆی ئامادەکرد بچێتە زانکۆ و فیزیک بخوێنێت. چونکە کچ بو، لە پۆڵۆنیا، بێبەری بو لە خوێندنی بەرز و زانکۆ، هەر بۆیەش پلانی داڕشت کە روبکاتە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس، لە فەرەنسا بۆ ئەوەی درێژەبدات بە خوێندن. خانەوادەکەی لە روی داراییەوە دەستکورت بون، بەڵام ماری لەگەڵ خوشکەکەیدا رێکەوت کە خۆی ببێت بە مامۆستای خسوسی لە ماڵان و یارمەتی دارایی خوشکەکەی بدات کە زانکۆ تەواوبکات، ئنجا کاتیك خوشکەکەی، بۆرنیا، زانکۆی تەواوکرد و دەستی لە ئیش گیربو، ئەوە نۆبەتی ئەو بێت کە یارمەتی ماری بدات بۆ ئەوەی بچێت بۆ خوێندن بۆ زانکۆی سۆربۆن. ماری بۆ هەشت ساڵی رەبەق بە ماندویی سەرقاڵی پیشەی مامۆستایی و پەروەردەی خسوسی بو لە ماڵان، هەتا لە مانگی تشرینی یەکەمی 1891 دا، دواجار خۆی کۆکردەوە، بارگەی لێ پێچایەوە و سواری شەمەندەفەر بو بەرەو پاریس، بۆ خوێندن.

دواجار، پاریس!

پاریس، شارێکی پڕ جۆش و خرۆش، پڕ لە کڵتور و هونەری زیندو و داهێنەرانە بو، بەڵام  بۆ ماری ناوەندێکی ئازاد بو بۆ ئەوەی خۆی بە تەواوی تەرخان بکات بۆ فێربونی هەمو شتێک لە بواری فیزیکدا. ئامێر و ئامرازی تاقیگەکانی زانکۆی سۆربۆن لە پلەیەکی نایابدا بون و لەو رۆژگارەدا زانایانی زۆر گەورە کاریان تێدا دەکرد. هەرچەندە ماری یەکێک بو لەو ژمارە زۆر کەمانەی کچان لە زانکۆ زانستی دەخوێند، بەڵام هەستیکرد لە شاری خۆیدایە و هیچ سیمایەکی غەریبی پێوە دیارنەبو. ماری هەمیشە سەرقاڵی خوێندن بو، هەتا لە ساڵی 1893 دا، بە پەلەی یەکەم بەشی فیزیکی تەواوکرد. دوای دو ساڵی تر، هەر لەم زانکۆیە، دوەم بەکالیورێسی خۆی لە ماتماتیکدا تەواوکرد.

لە ساڵی 1894 دا، ماری، هاوسەری ئەبەدی خۆی، پیەری کیۆری (1859 – 1906) ناسی، کە زانایەکی گرژ و بێدەنگ بو. ئەو کاتە پرۆفیسۆر بو لە بەشی فیزیک لە زانکۆی سۆربۆن، لە راستیدا هاوسەرێکی تەواو شیاو و کەماڵ بو بۆ ماری. ئەم پیاوە، هەرچەندە سەرتاپا ژیانی خۆی تەرخان کردبو بۆ پیشەکەی، بەڵام خولیای سروشتی زۆر هەبو، ئارەزوی گەڕان و چونەدەرەوەی دەشت و دەری هەبو. لە ساڵی 1895 دا، بونە هاوسەر و خێزانیان پێکەوەنا، بە کەمدەرامەتی لە شوقەیەکی بچکۆلەدا ژیانیان گوزەراند، هەتا لە ساڵی 1897 دا، خودا منداڵێکی کچی پێ بەخشین و ناویاننا ئایرین. هەر هەمان ساڵ ماری دەستیکرد بە نوسینی بابەتی دکتۆراکەی، کە لەسەر خاسیەتەکانی توخمی یۆرانیۆم بو.

تیشکی – ئێکس ((X-ray و دوایی

لە 1895 دا، فیزیکناسێکی ئەڵمانی، نێوی ویلهێلم رۆنتگێن (1845 – 1923 ) بو، تیشکی ئەلکترۆموگناتیسی دۆزییەوە و ئیتر بە تیشکی – ئێکس ناسرا. دوایی، لە ساڵی 1896 دا، فیزیکناسی فەڕەنسی، ئەنتۆن هێنری بێکیورێل (1852 – 1908) سەیریکرد کە خوێی یۆرانیۆم تیشکێک پەخش دەکات و تەسەوری کرد هەر هەمان شێوەی ئەو تیشکانە بو، کە سەرەنجام بە تیشکی بێکیۆرێل ناوی بڵاوبوەوە. بێکێورێل وەها پرسەکەی کورتکردەوە کە ئەم تیشکانە خاسیەتی ئەتۆمن. هەردوک دۆزینەوەکە، هەم تیشکی ئێکس و هەم دۆزینەوەکەی بێکێورێل دەروازەیان واڵاکرد بۆ هاتنە ئارای سەرتاپا کایەیەکی نوێی توێژینەوە بۆ زانایان و ئیتر لێرەوە چەرخی ناوکی دەستیپێکرد.

ماری بۆ خۆی و بە جودایی دەستیکرد بە توێژینەوە بۆ دیارکردنی ئاخۆ کام لە توخمەکان هاوشێوەی ئەم جۆرە تیشکە ‘پەخش دەکەن.’ لە ژورێکی تاریک، کە مەخزەن بو لە بەشی فیزیک لە زانکۆی سۆربۆن، تاقیگەیەکی بۆ خۆی دامەزراند. هیچ پارە و پولێکی نەبو بۆ توێژینەوە، ئامرازەکانی تاقیگەی مێردەکەی بەکارهێنا بۆ مەبەستی توێژینەوەکانی. لە ساڵی 1898 دا، ماری وشەی ”رادیۆئەکتیڤی” هێنایە ئاراوە بۆ وەسفکردنی ئەو توخمانەی ئەو تیشکە تەلیسماوییە پەخش دەکەن. سەرەنجام، بۆی دەرکەوت کە تێکەڵەیەکی خۆڵەکە کە یۆرانیۆم لەخۆدەگرێت زۆر زیاتر لە یۆرانیۆم خۆی، بە تەنها وەک توخم، شەبەنگ پەخش دەکات، ئەمە بۆ خۆی هەقیقەتێک بو کە شایانی وردبونەوە و لێکۆڵینەوە بو. ماری سەیریکرد ئەم تێکەڵە خۆڵییە، جگە لە یۆرانیۆم توخمێکی تری تێدایە کە هێشتا کەشف نەکراوە. لای ماری، ئەمە بۆ خۆی تەحەدایەکی درێژەخایەن بو، پێویستە ئەم توخمە جیابکاتەوە بۆ ئەوەی بۆ دونیای بسەلمێنێت کە ئەم توخمە لە راستیدا بونی هەیە. پرسەکە ئەوەندە سەرسام و مەتەڵئامێزانە بو کە دوایی پیەری مێردیشی کەوتە هاوکاری و وەک گروپێکی هاوبەش دەستیانکرد بە کارکردن لەسەر ئەم پرۆژە گەورەیە.

کاری چەپەڵ

دوای ئەوەی چەندەها کیسەی گەورە گەورە لە تێکەڵەکە گەیشتە تاقیگە بچکۆلەکەیان، ماری و پیەری سەیریان کرد کارکردن لەم کونجەدا زۆر زەحمەتە و شتەکان هەروا بە ئاسانی پێش ناکەون. پرۆسەی تاووتوێکردنی تێکەڵە خۆڵەکان زیاتر لە مانۆری سەربازی دەچو. سەرەتا کیلۆ کیلۆ جیادەکرانەوە، ئنجا لە بێژنگ دەدران، دوایی دەکوڵێنران و بە بەردەوامی بۆ چەند سەعاتێک بە کەوگیر تێک دەدران بۆ ئەوەی شلەیەک دروست بکات و دواییش پوخت بکرێت. سەرەنجام شلەکە پرۆسەی ئەلکترۆکاری بەسەردا دەهێنرێت بۆ ئەوەی بڕێکی بچکۆلە لە توخمی رادیۆئەکتیڤەکە جیابکرێتەوە. پرۆسەکە زۆر سەخت بو، ئنسانی هیلاک دەکرد، بەڵام ماری بەردەوام تێدەکۆش، دەجەنگا و سوربو لەسەر ئەنجامدانی تاقیکرنەوەکە و دۆزینەوەی توخمەکە، خۆ ئەگەر کەشفیکرد، ئەوا بە ناوی پۆڵۆنیا، نیشتیمان و زێدی خۆیەوە، ناوی دەنێت. لە ساڵی 1898 دا، ماری و پیەری، پێکەوە توخمی ”پۆڵۆنیەم”یان دۆزییەوە. ئەم توخمە ئەمەندە سەرنجڕاکێش و سەرسوڕهێن بو، کاتێک لە تاریکیدا لەگەڵ ئاودا تێکەڵ دەکرا دەدرەوشایەوە.

سەرکەوتنی کیۆری وەک خێزانێک لەم پرۆژە گەورەیەدا تەمەن کورت بو، چونکە زۆر زو، دیسانەوە بۆیان ساخ بوەوە کە تێکەڵەکە توخمی زیاتری رادیۆئەکتیڤی تێدایە. شەو و رۆژ کاریان دەکرد، بە راستی هیلاک دەبون، سەریان دەکرد بە مەنجەڵی پڕ بڵقی رادیۆئەکتیڤانە، وەک شڵە بەرز دەبوەوە. ئەم ژن و مێردە، هەردوکیان، بە ئیڕادەوە سوربون لەسەر ئەوەی دەبێت ئەنجامیان هەبێت، بەڵام دوای چوار ساڵ کار و هەوڵی بێوچان، توانیان تۆزقاڵی گرامێک رادیۆم جیابکەنەوە. بە درێژایی ئەو چەند ساڵە، زۆر بە کولەمەرگی دەژیان و هیچ دەرامەتی ئابورییان نەبو. بە داخەوە، لەو سەردەمانەدا کەس، هیچ کەس دەرکی بە خەتەر و مەترسی ئەم توخمانە نەدەکرد، بە تایبەت کاتێک بەوجۆرە لە نزیکەوە سەرقاڵی کارکردن بیت و هاڵاوی مەترسیداری ئم مادانە تێکەڵ بە هەناسەت ببێت. لە هەمو ئەمانەش سەیرتر ئەوەبو کە وەک ئەنجامێکی کارکردن لەم تاقیگەیە، وەزنیان کەمی دەکرد و لاوازدەبون و رەنگ و سیمایان زەردتر دەبو، تەفسیری زۆربەی خەڵک بەوجۆرە بو کە هەردوکیان زیاد لە پێویست خۆیان هیلاک دەکەن و تەواو ماندون و جگە لەوەی خواردنیان زۆر خراپە. چەند مانگێک بەر لەوەی دۆزینەوە گەورەکە ئەنجام بدەن، ماری، مێردە خۆشەویستەکەی، پیەری، مرد و بە تەنها مایەوە.

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ژنێک!

لە 1903 دا، ئەکادیمیای سوید لە ستۆکهۆڵم، هەمو پێکەوە خەڵاتی نۆبڵیان بۆ فیزیک، لەو ساڵەدا، بەخشیە هەر یەک لە ماری کیۆری و ئەنتۆن هێنری بێکیورێل. شەرەفێکی گەورە بو بۆ ماری، بەڵام ئەوەندەی نەمابو کە خەڵاتەکە وەرنەگرێت، چونکە زۆر لە دادوەرەکان دژی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بون بە ژنێک،  پێشنیازی ئەوەیان کرد کە ببەخشرێت بە پیەری. لە راستیدا، هیچ یەک لە ماری و پیەری، بە هۆی سیحەتی خراپەوە توانستی نەبو لە ئاهەنگی خەڵاتەکەدا لە سوید ئامادەبن. کارەکەیان لە بواری توخمەکانی رادیۆئەکتیڤیدا بو بە هۆی کاریگەری زۆر خراپ لەسەر تەندروستی ناوەوەی جەستەیان، تەنانەت لە ساڵی 1903 دا بو کە ماری منداڵێکی لەبارچو، چەندەها مانگی پێویست بو کە تۆزێک ئاسایی بێتەوە.

خەڵاتی نۆبڵ، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، شۆرەتی هەردوکیانی بە دونیادا بڵاوکردەوە. هەردوک هاوسەرە شەرمنەکەی فیزیک لە ناکاو بونە مایەی سەرنج و ناوبانگ لای خەڵکی، ئەمە بۆ خۆی پێگەیەک بو هیچیان خۆیان بۆ حازر نەکردبو، بۆیە زەحمەت بو بۆ هەردوکیان کە پێشوازی لێ بکەن. بەلام ئەوەی مایەی خۆشبەختی بو بۆ ئەوان ئەوە بو کە خەڵاتەکە پارەیەکی باشی بۆ دەستەبەر کردن، بە تایبەت بۆ فروانکردنی توێژینەوە زانستییەکانیان. توانیان وەزع و هەلومەرجی کارکردنی خۆیان تۆزێک باشتر بکەن و ئامرا ز و مەکینەی نوێ بۆ تاقیگەکەیان بکڕن، ئەمە جگە لەوەی توانیان یاریدەرێکی تەکنیکی بهێننە تاقیگەکەوە بۆ هاوکاری توێژینەوەکانیان. هەر لەم کاتەدا بو کە ئیتر پیەری شایانی ئەوەبو کە پۆستی پرۆفیسۆری زانستی فیزیک لە زانکۆی سۆربۆن وەربگرێت. دواجار ماری و پیەری، تاقیگەیەکی پۆشتە و پەرداخیان لە زانکۆکەدا بۆ دابینکرا و تێیدا کەوتنە کارکردن. لە کۆتایی ساڵی 1904 دا، ماری کچێکی بو، ناویاننا ئیڤ. ساڵی داهاتوش، سەفەرییان کرد بۆ ئەوەی خەڵاتی نۆبڵەکەیان وەربگرن. لە گوتارەکەیاندا، پیەری، کە بە موناسەبەتی خەڵاتەکەوە، پێشکەشیکرد، بانگەشەی خەتەریات و مەترسییەکانی رادیۆمی بە گوێی خەڵکیدا راگەیاند. هۆشداری راگەیاند کە توخمی رادیۆم زۆر مەتسیدار دەبێت ئەگەر بکەوێتە دەستی هەڵەوە و ئەنجامی خراپ بە دوی خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەت خۆ ئەگەر هاتو وەک ئامرازی وێرانکردن بەکارهێنرا.

ژورناڵەکانی ماری کیۆری و پیەری کیۆری. هەتا ئێستاش ئەسەری رادیۆئەکتیڤیان پێوە ماوە و جێگای مەترسییە ئەگەر ئنسان دەستیان لێ بدات، لە بیبلۆتیکای نیشتمانی لە پاریس هەڵگیراون.

دوای خەم و خەفەت

لە ساڵی 1906 دا، مێرد و هاوسەری ژیانی، پیەری بە شێوەیەکی تراژیدی بو بە ژێر ئەسپ و ئەرەبانەوە و مرد. مردنە کتوپڕەکەی ماری هەژاند و بە تەواوی چوە دونیای نائومێدی و خەم و خەفەت بەرەو کونجی گۆشەگیری راپچیکرد، تەنها شت کە تۆزێک سەبوری بە دڵی تەنهای دەبەخشی منداڵەکان و پیشەکەی بو.

لە ساڵی 1910 دا، هاوڕیی ماری، مارگرێت بۆرێل، ئەم وشانەی نوسی: ” ماری کیۆری هۆشی لە دونیا نەماوە، لەو دیو دیوارەکانەوە بەسەر خەم و خەفەتی خۆیدا کەوتوە.”

دوای مەرگی مێردەکەی، زانکۆی سۆربۆن پۆستی پرۆفیسۆری مێردەکەیان لە فیزیکدا بەخشییە ماری. سەرەتا دودڵ بو، بەڵام دوای بیرکردنەوەی ورد، بۆی دەرکەوت کە باشترە ئەگەر پۆستەکە وەربگرێت و بەردەوام بێت لە کارەکەی. لە هەمان کاتدا ناوێکی مێژوویی بۆ خۆی دروستکرد، چونکە بوە یەکەم ژنە پرۆفیسۆر لە زانکۆدا.

رادیۆئەکتیڤیتی بوە پیشەی ژیانی ماری. لە ساڵی 1911 دا، بە هۆی کارەکانی لەسەر پلۆنیەم و رادیۆم، لە کیمیادا خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت. پاشان لە ساڵی 1913 دا، تاقیگەیەکی نوێی توێژینەوەی بۆ رادیۆئەکتیڤیتی دامەزراند کە دوایی بە پەیمانگای رادیۆمی پاریس ناوبانگی بڵاوبوەوە. ماری رۆڵی هەبو لە دیزاین و نەخشەسازی بیناکەدا، ویستی دڵنیا بێت لەوەی کە تاقیگەکان فراوانن و هەمو هۆکار و پێویستییەکی هەواگۆرکێی بۆ دابین دەکرێت و ئامێری هاوچەرخانەشی بۆ دەستەبەر دەکرێت. توێژینەوەکانی خۆی زۆر نزیک بون لەوەی کە دەریبخەن بۆچی هەندێک لە توخمەکان شەبەنگی رادیۆئەکتیڤییان هەیە. هەرچەندە ماری هەرگیز نەگەیشتە ئەنجامی مەبەست و وەڵامی تەواوی بۆ ساخ نەبوەوە، بەڵام بە پەرۆشەوە وەدوی هەواڵ و پێشکەوتنی توێژینەوەکانی فیزیکناسی نیوزلەندی، ئەرنست رەزەرفۆرد (1871 – 1937) کەوت، بە تایبەت کاتێک رەزەرفۆرد پەنهانییەکانی ئەتۆمی واڵاکرد و دواجاریش زەمینە خۆشبو بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە شەبەنگی رادیۆئەکتیڤیتی ( سەیری دایەگرامەکە بکە).

‘کیۆرییە بچکۆلەکان’

کە جەنگی یەکەمی جیهانی لە ئابی 1914 دا، دەستی پێکرد، ماری برێکی زۆر لە رادیۆم لە تاقیگەکەیدا هەبو کە پێویست بو نەقڵ بکرێت بۆ جێگایەکی تر لە بۆردو. لای وی ئەم بڕە زۆرەی رادیۆم شتێکی نایاب بو، بەڵام ئەگەر بێتو بکەوێتە دەست کەسانی هەڵەوە ئەوە شتێکی خەتەرناک بو، هەر بۆیەش خۆی ئەو ئەرکەی گرتە ئەستۆ و کیمیاییەکەی گواستەوە. دوایی، کاتێک هێشتا جەنگ لە ئارادا بو، ماری، خۆی و کچەکەی، ئامێرەکانی تیشکی – ئێکسیان(ئەشعەی X ) کۆکردەوە و پێکەوە چونە بەرەکانی جەنگەوە و لە ریزەی هێزەکانی فەرەنسادا کەوتنە تیمار و چارەسەری برینداران و قوربانیانی جەنگی نەگریس. پارە و هاوکاری کۆکردەوە بۆ ئەوەی ئوتومبیلێکی تایبەت بکڕێت ( کە ئەویش دیسانەوە هەر خۆی دیزانی کرد) ئامێرەکانی تیشکی – ئێکسی تێکرد. لە کۆتایی جەنگدا، دایک و کچ، پێکەوە هەژدە لەم پاسە بچکۆلانەیان پێکەوەنا، دوایی بە ”کیۆرییە بچکۆلەکان” ناسرابون. ماری هەر خۆی، بە شەخسی، رۆڵی هەبو لە دامەزراندنی 200 عیادەی تیشکی – ئێکس. سەرباری ئەوەی وەزعی تەندروستی بەرەو خراپی دەچو، کەچی هەر خۆی ئامێرەکانی لە تاقیگەکەیدا دەخستەگەڕ، چەندەها ژنی خستە بواری مەشق و راهێنانەوە بۆ ئەوەی سنعەتەکە فێربن و خۆیان بتوانن ئامێرەکان بەکاربهێنن.

توخمە نایابەکان

دوای جەنگ، ماری بو بە بەڕیوەبەری پەیمانگای رادیۆمی پاریس، ئەمە پۆستێک بو کە تا دوا هەناسەکانی ژیانی، لە ساڵی 1934، لەسەری مایەوە. دوایی لە پەیمانگای رادیۆمی وارشۆوە، خەڵاتی شەرەفی پرۆفیسۆری وەرگرت، ئەمە بۆ خۆی، خەڵاتێکی هەتا بڵێی گەورە و شیرین بو، گرنگییەکی تایبەتی هەبو، چونکە لە شارەکەی خۆی، زێدی خۆیەوە هاتوە. لە ساڵی 1920 دا، رۆژنامەنوسی ئەمەریکی، ماری مێلۆنی، سەردانی ماری کیۆری کرد، تەواو حەپەسا، کاتێک سەیریکرد، کە کارەکانی چەندە پێویستی بە یارمەتی داراییە. ئەو کاتە تەنها گرامێک لە رادیۆم لە پەیمانگاکەی پاریسدا هەبو. مێلۆنی، پەیمانیدا بە ماری، هەر گەڕایەوە بۆ ئەمەریکا، شەرت بێت پارە و پولی بۆ کۆبکاتەوە و گرامێکی تر لە رادیۆم بۆ پەیمانگاکە بکڕێت. لە ساڵی 1921 دا، ماری یەکەم سەفەری خۆی بۆ ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کرد، لەوێ لە کۆشکی سپی، لە لایەن سەرۆکی ئەمەریکا، وارن هاردینەوە، پێشوازی لیکرا و بڕێک رادێۆمی پێشکەشکرد. لە ساڵی 1929 دا، دیسانەوە گەشتێکی تری بۆ وڵاتە یەکگرتوەکان کردەوە، ئەمجارەیان بڕێکی تر رادیۆمی دەستەبەرکرد بۆ پەیمانگای رادیۆم لە وارشۆ.

ساڵانی کۆتایی

بە درێژایی دوا ساڵانی ژیانی، ماری بە بەدەوامی شەڕی لەگەڵ نەخۆشیدا دەکرد، چاوەکانی زۆر خراپ کزبوبون، بەڵام، لە کار و پیشەکەیدا، هەرگیز خۆی تەسلیمی هیلاکی نەکرد. پێکهاتەی رادیۆئەکتیڤەکانی لە پەیمانگاکەدا فراوانتر کرد، هەر خۆی رۆڵی بەرچاوی هەبو لە دامەزراندن و راهێنانی سەدان زانای نوێ. بە داخەوە، دواجار، لە ساڵی 1934 دا، دەرکەوت کە نەخۆشی لیوکیمیای هەبو، دەردێکی کوشندە، هەڕەشەی لە ژیان و بانگەوازی مەرگی دەکرد، دەردێک بو، کە ئێستا دەزانرێت، مرۆڤ بە هۆی تەماس لەگەڵ مادە شەبەنگییەکانی رادیۆئەکتیڤدا توشی دەبێت. ماری، لە 4 ی تەموزی ساڵی 1934 دا، لە تەمەنی 66 ساڵیدا، چاوانی بۆ ئەبەدییەت لێکنا و کۆچی دوایی کرد. لە ساڵی 1995، لەسەر خواستی، سەرۆکی گەورەی فەرەنسی، فرانسو میتران، پاشماوەی لاشەی هەردوکیان، ماری و پیەری، گواسترایەوە بۆ گۆڕستانی پانتیۆن لە پاریس، کە مەنزڵی ئارامیی مەزنان و پاڵەوانانی وڵاتی فەرەنسایە.

ئەتۆم

لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا، زانایان باوەڕیان وابو کە ئەتۆم تەنۆلکەیەکی تاکە و دابەش نابێت، بەڵام لە کۆتایی هەمان سەدەدا، بۆیان دەرکەوت کە ئەتۆمەکان ئەلکترۆن لەخۆدەگرن. لە راستیدا، یەکەم زانا کە توانی چەمکێکی راست لەمەڕ ئەتۆم پێشکەش بکات، ئەرنست رەزەرفۆرد بو، ئەو زانایەی گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەتۆم وەک جۆرە گەردونێکی زۆر بچکۆلە وەهایە، بارستاییەکەی لە ناوکەکەیدا کۆبوەتەوە. دوایی فیزیکناسان بۆیان دەرکەوت کە ناوک خۆشی پێکهاتوە لە تەنۆلکە – گەلی زۆر بچکۆلە، کە بە پرۆتۆن و ئەلکترۆن ناودەبرێن. پاشانیش گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە لە توانادا هەیە بە هۆی کەرتکردنی ناوکەوە وزەیەکی بێشومار پەخش بکرێت، دەشێت ئەم وزە پەخشکردنە بخرێتە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا یان ئەفراندنی تەقینەوە و بۆمبای زۆر گەورە. ئنجا زانست زیاتر پێشکەوت و هەتا دۆزییانەوە کە ناوکی هەمو توخمێک ئەم خاسیەتی کەرتکردنەی تێدانییە، لە راستیدا ئەمە تەنها لە توخمەکانی رادیۆئەکتیڤدا مومکینە.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *