هێزەکانی سروشت: فرانک کلۆس

نوسنینی:فرانک کلۆس

وەرگێرانی بۆ کوردیی: شێرکۆ ڕەشید قادر

چوار هێزی بنەرەتی حوکمی گەردون دەکەن: هێزی ڕاکێشان، هێزی ئەلیکترۆموگناتیسی و پاشان ئەو دو هێزەی تر کە لە ناوەوە و دەوروبەری ناوکی ئەتۆمی کاری خۆیان دەکەن و بە هێزەکانی بەهێز و لاواز ناسراون، کە هەردوکیان لە مەودای دورییەکەوە چالاکن کە لە ئەتۆم بچکۆلەترن، هەر بۆیەش لە دنیای ماکرۆسکۆبیدا(گەورەدا) بەدی ناکرێن، واتە مرۆ وەک هێزەکانی ئەلیکترۆماگنێتیک و ڕاکێشان ئاشنایەتی لەگەڵدا نیە. بەڵام بۆ بونی ئنسان ڕۆڵی خۆیان هەیە، چونکە وا دەکەن کە خۆر بەردەوام بێت لە سوتان و گەرمای بنەڕەتیش بۆ ژیانی ئێمە دابین دەکەن.

هەر چوار هێزەکە لە باری سیما، کاریگەری و قودرەتەوە جیاوازن. هەرچۆنێک بێت وەها دەرکەوتوە کە ئەم هێزانە، لە ساتە سەرەتاییەکانی گەردوندا، راستەوخۆ دوای کارەساتی بیگ – بانگ، واتە پازدە بلیۆن ساڵ لەمەوبەر، یەکگرتو بون. لە دوازدە ساڵی ڕابردودا، ئەو گومانە فراوانبوە کە ئەم هێزانە هەمویان لە ئەسڵدا وەها هاتونەتە بەرچاو کە هیزی ڕاکێشان بون. ئەوەی ئایدیایەکی سەمەرەیە ئەوەیە کە ژمارەی ئەو ڕەهەندانەی لە ئارادا هەن زۆر زیاترن لەوەی کە سەلیقە و هەستەکانی ئێمە هەستی پێدەکەن و هێزی کێشکردنیش تەئسیری هێزگەلێکن کە دەچنە ناو ئەم ڕەهەندانەوە. جا ئایا ئەمە داستانی خەیاڵی زانستین یان هەقیقەتی زانستین؟ ئەمە پرسیارەکەیە، بەڵام دەتوانرێت وەڵام بدرێتەوە.

هێزی کێشکردن لە لامان ناسراوە و ئاشنایەتیمان لەگەڵیدا هەیە؛ ئەو هێزەیە کە حوکمی گەردون دەکات. گالاکسیەکان دەخولێنەوە، هەسارەکان دەسوڕێنەوە و سێوەکانیش بەهۆی هێزی ڕاکێشانەوە دەکەونە سەر عەرد. کە سێوان بە عەرددا دەدەن شەق دەبەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هێزی ئەلیکترۆماگنێتیزم. هێزی ئەلیکترۆماگنێتزم ئەتۆمەکان توند بە یەکترەوە گرمۆڵە دەکات و بەمە مۆلیکیولەکان بنیات دەنێت و تۆکمەیی مادەکان دروست دەکات. من و تۆ و هەمو شتێکی تر بە هۆی هێزی ئەلیکترۆماگنێتیکەوە بەیەکترەوە بەستراوین و ئەم هێزە ناهێڵێت بەرەو چەقی عەرد ڕۆبچین.

ئەتۆمەکان لە ئەلیکترۆنەکان پێکدێن کە بارگەیان نێگەتیڤە و بە دەوری چەقی ناوکدا دەسوڕێنەوە کە بارگەیەکی پۆزەتیڤی هەیە. هێزی یەکترڕاکێشان لە نێوان بارگە دژبەیەکەکان دەبێت بە هۆی مانەوەی ئەلیکترۆنەکان لەسەر ڕەوتی خۆیان و سوڕانەوەیان بۆ ئەوەی ئەتۆمەکان دروست بکەن، هێزی لە یەکتردورکەوتنەوە، لە نێوان بارگە وەک یەکەکانیش دەبێت بە هۆی ئەوەی ئەتۆمەکان لە یەکترەوە دوربن.

هێزی یەکترڕاکێشان مادەکان بە جۆرێک بۆ لای یەکتر ڕادەکێشن کە شێوەیەکی گۆیی دروست بکەن، بۆ نمونە خۆر، یاخود عەردی نیمچە گۆیی هەسارەی خۆمان. عەرد دەسوڕێتەوە، ناوچەی ئیستیوا هەڵدەئاوسێت و چیاکانیش دەبن بە هۆی شێواندنی شێوە گۆییەکەی عەرد. دەبێ ئەم چیایانە چەند گەورە بن؟ لە دە کیلۆمەتر گەورەترن و کێشەکانیشیان لە بنکەکانیاندا بۆندە ئەتۆمییەکان دەتوێننەوە. لە ئەستێرە نیۆترۆنەکاندا مادە زۆر چڕە، هێزی کێشکردن هێندە بە هێزە کە گەورەترین چیا ناکرێت لە قەبارەی یەک ئەتۆم بێت.

لەسەر عەرد، مرۆ دەتوانێت لە هێزی کێشکردن هەڵبێت، ئەویش ئەگەر بە خێرایەک بەرزبێتەوە کە گەورەتر بێت لە ١١ کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا. بێگومان ئەوە شتێکە لە دەسەڵاتی توانستی ئێمە بەدەرە، بەڵام موشەک دەتوانێت ئەو خێراییە فەراهەم بکات و بەرەو فەزای دەرەوە هەڵێت. لەسەر ڕوی ئەستێرەی نیوترۆن، خێرایی هەڵاتن یاخود دەرچون زۆر بەرزترە. ئەم خێراییە دەگاتە ئەوپەڕی بەرزی لە دەڤەری چاڵە ڕەشەکان. لێرە، واتە لە ناوەندی چاڵە رەشەکان، تەنانەت ڕوناکیش ناتوانێت لە هێزی کێشکردنەکەی قوتاربێت و هەڵێت.

لەگەڵ ئەم کاریگەریە دراماییانەدا، دەشێت ئنسان بیر لەوە نەکاتەوە کە هێزی کێشکردن بە شێوەیەکی گەوهەری هێزێکی ئەوەندە جەبروتە. بە هەرحاڵ، شتەکە بەمجۆرە نیە، چونکە لە نێوان دو ئەتۆم، یاخود لە نێوان دو تەنۆلکەدا، کاریگەری هێزی کێشکردن وەک نەبو وایە. ئەوە هەقیقەتە کە هێزی کێشکردن هەمو شتێک بۆ شتێکی تر ڕادەکێشێت کە کاریەگەرییان وەها کۆدەبێتەوە کە هەتا ئەوەندە گەورەن کە لە دورییەکانی فەزاوە کاردەکەن. هێزی ئەلیکترۆماگنێتیک لە گەوهەردا زۆر بەهێزە؛ هەرچۆنێک بێت، ململانێی نێوان یەکتر ڕاکێشان و لەیەکتر دورکەوتنەوە دەبێت بەهۆی هاوسەنگکردنی کاریگەریەکەیان بۆ مەودایەکی دور، بە جۆرێک کە هێزی کێشکردن دەبێت بە تەنها هێزی زاڵ و فەرمانڕەوا. بەڵام کاریگەری ئەو بارگە کارەباییانەی کە لە کرۆکی تواوەی عەرددا دەخولێنەوە دەبێت بە هۆی دزەکردنی کایەی موگناتیسی بۆ دەرەوە، واتە بۆ ناو فەزا. بەهۆی ئەم کاریگەرییەوەیە کە دەبینین دەرزییەکی قیبلەنوما رودەکاتە قوتبی باکور، کە لەوانەیە هەزاران کیلۆمەتریش دوربێت.

یەکتر ڕاکێشانی تەنۆلکە بارگە دژ بە یەکەکان ئەلەکترۆنەکان لە پێگەی خۆیان ڕادەگرێت کە سوڕانەوەیە بە دەوری ناوکە بارگە پۆزەتیڤەکاندا، بەڵام لە یەکتر دور کەوتنەوەی تەنۆلکە هاوبەرگەکان جۆرە مەتەڵێک سەبارەت بە بونی ناوک خۆی دەخوڵقێنن. ناوک شتێکی پەستێنراوە، بارگە کارەباییە پۆزەتیڤەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەبونی زۆر پرۆتۆنی پۆزەتیڤ لە ناوکەکە خۆیدا. بەڵام ئەم پرۆتۆنانە چۆن دەتوانن پێکەوە بمێننەوە؟ لە کاتێکدا دوچاری هێزی کارەبایی بارگە پۆزەتیڤی لە یەکتر دورکەوتنەوەی ناوخۆیان دەبن. ئنسان وەها بیردەکاتەوە کە ناوکی ئەتۆمەکان دەتەقن.

ئەمە نیشانە و بەڵگەی هەبونی هێزێکی ترە، هێزێکی یەکتر کێشکردنی زۆر گەورە. ئەم هێزە تەنها لە ناو ناوکدا بونی هەیە و کاری خۆی دەکات و دەرکەوتوە کە هەبونی ئەم هێزە دەگەڕێتەوە بۆ بونی تەنۆڵکەیەکی تر لە ناوکدا کە بە کوارک ناودەبرێت، ئەو تەنۆلکە هەرە بەراییەی کە هەریەک لە پرۆتۆن و نیوترۆنی لێ پێکدێت. کوارکەکان فۆرمێکی نوێی بارگەیان هەیە و بە ڕەنگ ناودەبرێت colour ، کە ڕەوشی لەوەدا وەک بارگەی کارەبایی وایە کە هاوڕەنگەکان لەیەکتر دوردەکەونەوە و دژ بە یەکەکانیش یەکتر ڕادەکێشن، لە پرۆسەیەکدا ئەمە دەبێت بە هۆی سەرهەڵدانی پرۆتۆن و هێزەکانی ناوک. ئەم هێزە لە گەوهەردا لە هێزی ئەلیکترۆماگنێتیک دەچێت. هەروەک چۆن ئەلیکترۆماگنێتیک دەبێت بە هۆی پەخشکردنی تیشکی radiation ئەلیکترۆماگنیتیک و توخمەکانیشی وەکو فۆتۆن، بە هەمان شێوە، بارگە ڕەنگەکان تیشکەکان radiation دروستدەکەن و توخمەکانیشی بە گلۆون gluons ناسراون. ئەم توخمەیە، واتە گلۆون، کە کوارکەکان quarks پێکەوە دەنوسێنێت بۆ بنیاتناتی پرۆتۆن، نیوترۆن و ناوکە ئەتۆمیەکان.

هەرچۆنێک بێت، گەلێک چەشنی جیاواز بارگەی ڕەنگی هەن (یا پۆزەتیڤ یاخود نێگەتیڤ) لە کاتێکدا تەنها یەک جۆر بارگەی کارەبایی لە ئارادا هەیە. ئەمەش دەبێت بە هۆی سەرهەڵدانی جیاوازی نادیار لە نێوان کاریگەری ئەلیکترۆمەگناتیزم و هێزی گەورەی ڕەنگەکان، بۆ نمونە، ئەلیکترۆماگنێتیزم دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەتۆم و زیاتریش هەبێت، لە کاتێکدا کە هێزی ڕەنگەکان تەنها لە چوارچێوەی مەوداکانی ناوکیدان.

دەنگۆیەکی بەجۆش سەبارەت بە یەکبون هاتە ئاراوە. ڕەوشی تەنۆڵکە ئەتۆمیەکان لە ئاستێکی وزە – بەرزەوە، وەک ئەو وزە – بەرزەی لە دوای قۆناغی بیگ – باندا هەیە، ئەوە دەخاتە بەرچاو کە هێزە ڕەنگەکان لاواز دەردەکەون، ئەمەش لە قودرەتدا هاوشێوەی هێزە ئەلیکترۆماگنێتیە ناسراوەکانن. ئەمەش ئیشارەن بۆ ئەوەی لەم جۆرە یەکبونە زیاتر بە دەردەکەوەن. هەروەک ئێستا دێمە سەری و باسی دەکەم.

ئەو هێزەی کە ماوە بریتیە لە هێزی لاواز weak force ، هەر بۆیەش وەها ناودەبرێت چونکە زۆر لاواز دێتە بەرچاو ( ئەمە ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ هەردوک هێزەکانی ئەلیکتۆماگنێتیک و هێزی بەهێز force strong ). هێزی لاواز پرۆتۆن و نیوترۆن لە یەکتر دەکات و دەبێت بە هۆی ئەوەی کە ناوکی توخمێک بگۆڕێت بۆ توخمێکی تر، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو دیاردەیەی بە ڕادیۆئەکتیڤیتی ناسراوە. ئەم پرۆسەیە لە درەوشانەوەی خۆردا گرنگە. هێزی کێشکردن مادە خۆریەکان بە ئاڕاستەی ناوەوە کێشدەکەن هەتا پێکەوە دەنوسن و هێزی لاوازیش پرۆتۆنە خۆرییەکان دەگۆڕێت بۆ نیوترۆن، پاشان هێزی بەهێز strong force پرۆتۆنەکان و نیوترۆنەکان دەکاتە چەپکێک و دەبن بە ناوکی هیلیۆم. وزە ئازاد دەبێت و تیشکدانەوەی خۆیی ئەلیکترۆماگنێتیک دێتە ئاراوە. ئامادەگی ئەم چوار هێزە و خاسیەتە جیاوزەکان و قودرەتیان دەبێت بە هۆی بەردەوامی سوتاندنی خۆر بەو رێژە پێویستەی کە ئێمەی مرۆڤ بتوانین لەسەر ڕوی ئەم عەردە بونمان هەبێت و بەردەوام بین لە ژیان.

کەچی هێشتا هەروا دەردەکەوێت کە هەمیشە بەمجۆرە نییە. لە CERN (ڕێکخراوی ئەوروپی بۆ توێژینەوە ناوکییەکان)، دەتوانین ئەوە بخوێنین کە ئەم هێزانە لە ئاستە بەرزەکانی وزەدا ڕەوشیان چۆن دەبێت. بینیومانە کە هێزی لاواز تەنها لە پلەی گەرمای ژوردا لاوازە(واتە ٢٤ پلە)، لە ئاستە بەرزەکانی وزەدا قودرەت و هەندێک سیفاتی هێزی ئەلیکترۆماگنێتیک وەردەگرێت. لە هێزی لاوازدا، تیشکدانەوە بونی هەیە و هەڵگری ئەم هێزانەش تەنۆلکەکانی W و Z نن. ڕوناکی ئەم تەنۆلکانە، واتە تەنۆلکەکانی W و Z ، وەک ڕوناکی فۆتۆنەکان نین، بەڵکو ئەمانە قورسن. بۆچ بەمجۆرەن و ئەم بارستاییەی ئەم تەنۆلكانە لە کوێیوە دێت؟ بیروراکە بەو جۆرەیە کە هێشتا نازانرێت و پێویست دەکات بدۆزرێتەوە، ئەمەش قسەی بابەتێکی ترە.

ئێمە هەر ئەوەندە دەزانین. شیکردنەوە و پێوانی کاریگەریەکانی هێزەکانی ڕەنگ، لاواز و ئەلیکترۆماگنێتیک هەتا ئەوپەڕ وزە، شتێکە کە پێوانی لە تاقیگەدا لەسەرو دەسەڵاتی ئێمەوەیە کە بتوانین ئەنجامی بدەین یان پێی هەڵسین. جگە لەوەی وا دەردەکەوێت کە ئەم سێ هێزە ببنە یەک هێز، ئەمەش بە یەکگرتنەوەی مەزنی ئەم هێزانە ناودەبرێت. سروشت و ئەوەی ئێمە هەمانە هێشتا بۆ ئەمە بەس نییە. ئەگەر ئەمە شتێکی ڕاستە، ئەوە تاقیکردنەوەکانی داهاتو دەری دەخەن.

ئێستا با بێینە ئەوەی کە بە ڕاستی شتێکی سەیرە. بە گوێرەی دوا تیۆرییەکان، سێ ڕەهەندی فەزا و زەمەن تەنها بەشێکن لە گەردونێکی زۆر فراوانتر. ڕەهەندگەلێک هەن کە لە ژور هەستی ئاسایی ئێمەوەن، بەلام دەشێت لە تاقیکردنەوە وزە بەرزەکانی ئایندەی CERN (ڕێکخراوی ئەوروپی بۆ توێژینەوە ناوکییەکان)، ئاواڵە بکرێن.

بۆ ئەوەی سەر لەمە دەربکەین، با گەردونێک وێنابکەین کە خەڵکانێک لە تەختاییدا دەژین و تەنها دو ڕەهەند تەسەور دەکەن. بەڵام ئێستا زەینمان گەورە و فراوان بووە و دەرک دەکەین بە ڕەهەندی سێیەمیش. بەمجۆرە ئەگەر تەسەوری دو تەبەقی تەخت flat plates بکەین کە، بۆ نمونە بڵێین، بە یەک میلیمەتر جیاکراونەتەوە. ئەوا لەوانەیە کاریگەری هێزەکان لەسەر تەبەقێکیان بە بۆشاییەکەی نێوانیاندا بپەڕیتەوە بۆ تەبەقەکەی تر، بەڵام خەڵکەکە بەمە نازانن، بەڵکو دەرک بە پاشماوەکانی کاریگەرییەکە دەکەن و ئەویش بە بەراورد لەگەڵ کاریگەریەکە، کە لەسەر تەبەقەکەی تر بوە، لاوازە.

ئەمجۆرە بیرۆکە و هزرانە دەچنە دوتوێی موحازەرەیەکی ترەوە، بەڵام ئایدیاکە ئەوەیە کە هێزی ڕاکێشان لاواز دەردەکەوێت چونکە کاریگەری هێزەکانی تر دەڕژێنە ڕەهەندە بەرزترەکانی گەردون. بەمجۆرە کاتێک کە هەست بە هێزی ڕاکێشان دەکەین، ئەوا دەرک بە کاریگەری هێزە یەکگرتوەکانی تر دەکەین کە دەپەڕنەوە بۆ ڕەهەندە بەرزەکان و ئەسەرێک بۆ کارەکەی خۆی جێدەهێڵێت. تەنانەت ئنسان دەتوانێت تەنۆلکەکانیش وێنابکات کە لە رەهەندی تەبەقە تەختەکەی ئێمەوە دەپەڕیتەوە بۆ ڕەهەندە بەرزەکان و وەک ئەنجامێکیش ، هەروەک دەزانین، لە گەردوندا ئاوادەبن. ئەگەر ئەمە وایە یان نەء، وە چۆن وەڵامی ئەمە دەدەینەوە ئەوە باسێکە بۆ ساڵی داهاتو. 

فرانک کلۆس  2001.

تێبینی: لە راستیدا نوسینێکی ترم لە سەر چوار هێزەکەی سروشت بڵاوکردەوەتەوە، کە لە نوسینی پۆڵ دەیڤیز بوە. بەڵآم هەمیشە هەستم دەکرد شتێکی تریشم لەسەر ئەوە هەر کردوە بە کوردی، هەتا لە پڕ ئەم نوسینەم دۆزییەوە، کە عەیامیکی زۆرە کردومە بە کوردی، سەیرم کرد، ئەمە نوسینی فرانک کلۆسە. بە داخەوە زۆر گەڕام کە لە کوێیوە ئەم نوسینەم کردوە بە کوردی، بۆم ساخ نەبوەوە. فرانک کلۆس یەکێکە لە رابەرانی زانستی فیزیکی هوارچەرخ لە بەریتانیا و فیزیکناسێکی بەناوبانگە. ئیتر سوپاس بۆ ئێوەش. براتان شێرکۆ ڕەشیدقادر.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *