زانستی فیزیا لە ئاستی دوورییە گەردوونییە جیاوازەکاندا.

نوسین و ئامادەکردنی:د. پێشواز عەبدولکەریم

ئایا بۆچی دەبێت بۆ دونیایی وردی گەردیلە و تەنۆلکە سەرەتاییەکان فیزیایەکی جودا لە فیزیای دونیای زەبەلاحی ئەستێرە و گەلە ئەستێرەکان بونی هەبێت؟ ئەگەر ئێمە بۆ ساتێك ئاوڕێك بدەینەوە لە مێژووی زانستی فیزیا، ئەوا دەبینین کەسەرەتا توانیومانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دونیایەدا بکەین کە ڕاستەوخۆ بەبێ یارمەتی هیچ تەکنەلۆژیایەك لێکدانەوە بۆ دیاردەکان و سەرچاوەی جوڵە و خولگەی تەنەکانی ناوی بکەین. ئەم دونیایەش بە نزیکەی لەو تەنۆلکانەوە دەست پێدەکات کە دەتوانرێت بە چاوی ئاسایی ببینرێت، تا دەگاتە خۆر و هەسارەکانی نێو کۆمەڵەی خۆر، ئەم دونیایەش ناونراوە دونیای ماکرۆسكۆپیك. فیزیای کلاسیکی نیوتن نمونەیەکی بەرچاوی ئەم دونیا ماکرۆسکۆپیکەیە.

گەردوون لە پێوەرە گەورەکاندا

دواتر وردەوردە لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیادا مرۆڤ توانی ئاشنا ببێت بە دونیایەکی دیکە کە پێشتر نەدەتوانرا ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەم دونیایەش بریتی بوو لە دونیایی شتە وردەکان، یاخود مایکرۆسکۆپیکی ئەتۆم و تەنۆلکە بوندیادییەکان. لەم دونیایەشدا چەندین دیاردەی سەرنج ڕاکێش و سەرسوڕهێنەر بەدی کرا کە فیزیایی نیوتن دەستەواستان بوو لە ئاست لێکدانەوەیاندا. بۆ نمونە دیاردەی کارۆڕووناکی، تیشکدانەوەی تەنی ڕەش بە گەرمی، شەبەنگی گەردیلەکان و چەندینی تریش. زیاتر وردبونەوەش لەم دونیایە ئێمەی بە فیزیایەکی نوێ ئاشناکرد کە بە میکانیکی کوانتەم ناسراوە. فراوان کردنی فیزیایی کلاسیکی بەمەوە نەوەستا بەڵکو هاوکاتی میکانیکی کوانتەم لقێکی زۆر گرنگ و نوێی زانستی فیزیا سەری هەڵدا، کە ئەویش بریتی بوو لە تێوری ڕێژەیی ئاینشتاین.

گەردوون لە پێوەری مایکرۆسکۆپیکیدا (پێوەری شتە وردەکان)

ئاینشتاین ئەو ڕاستییەی بەدی کرد کە فیزیایی کلاسیکی نیوتن تەنها لە سنوری خێراییە کەمەکان و هێزی کێشکردنی لاوازدا ڕاستە. بۆ نمونە بە پێی فیزیایی کلاسیکی نیوتن زەمان و مەکان جودا لەیەکدی دوو بڕی پەتین و بەهیچ شێوەیەك پشت بە گۆشەنیگای تێڕوانین و دۆخی جوڵەی تێبینیکەرەکان نابەستن، وە هیچ سنورێك بۆ زیاد بوون لە خێرای تەنەکاندا نی یە. بەڵام دواتر لە گەڵ لەدایكبوونی تێورییەك بۆ لێکدانەوەی دیاردەکانی کارەبا و موگناتیس و بڵاوبونەوەی شەپۆلەکانی کارۆموگناتیسی، لەلایەن ماکسوێڵەوە، ئەوە ڕونببوەوە کە وا خێرای بڵاوبونەوەی شەپۆلی کارۆموگناتیسی یەکان کە ڕوناکیش لەخۆ دەگرێت، نەگۆڕە و بە هیچ شێوەیەك پشت بە دۆخ و خێرایی تێڕوانین نابەستێت. ئەم خاڵە جەوهەرییەبوو کە وا ئاینشتاین درکی پێکرد، وە توانی تێۆری ڕێژەی کلاسیکی نیوتن فراوان بکات و هەموو دیاردە میکانیکی و کارۆموگناتیسی یەکان لە خۆ بگرێت، کە تێیدا زەمان و مەکان دوو بڕی ڕێژەیین بەڵام خێرای ڕوناکی بڕێکی پەتیی یە. دواتر توانی تێوری ڕێژەی فراوانتربکات، لە دوتوێی تێۆری ڕێژەیی گشتیدا، بە شێوەیەك کە تاودان و هێزی کێشکردنیش لەخۆ بگرێت. لە ڕۆژگاری ئەم ڕۆدا تێۆری ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین تەنها تێۆرییە کە زاناکن پشتی پێدەبەستن لە لێکدانەوەی دیاردەکان و جوڵەی تەنەکان لە دونیایی زەبەلاحی ماکرۆسکۆپی گەردونیدا.

دواجار و بۆ جارێکی تر ئاشنای دونیایەکی زۆر گەورەتر بووین لە ئاستی جیهانی زەبەلاحی گەردوونیدا، ئەویش بریتی بوو لە تێبینی کردن و هەستکردن بە بوونی جیهانێکی زۆر گەورە و بەرفراوانتر لە ئەودی و کۆمەڵەی خۆرەوە. بۆ نمونە بۆ مان دەرکەوت کە وا ملێۆنەها گەلە ئەستێرە بوونی هەیە کە ئێمە و ئە وئاسمانەی پێیی ئاشنانین تەنها یەك گەلە ئەستێرەیە لە نێو ژمارەیەکی بێ پایاندا. دواتر لەم جیهانەشدا زانستی فیزیا جارێکی تریش توشی سەرسوڕمان هات. بۆ نمونە لە ئاستێکی گەورەی دورییەکانی دەرەوەی گەلە ئەستێرەکان ئەوە ڕونبووەوە کە وا خێرای خولانەوەی ئەستێرەکانی لێواری هەموو گەلە ئەستێرە بینراوەکان زۆر لەوە زیاتر بوو کە بتوانرێت بە بوونی مادەی بینراوی نێو گەلە ئەستێرەکان لێکدانەوەی بۆ بکرێت. بۆ لێکدانەوەی ئەم دیاردە گەردونیەش گریمانەی مادەی تاریك کردا. دواتر دەرکەوت کە وا کشانی گەردوون لە جیاتی ئەوەی وردە وردە خاو ببێتەوە کشانەکەی خێرا تر دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش گریمانەی بونی وزەی تاریکیان کرد. بەم شێوەیەش لە ئێستادا تەنها لە سەدا پێنجی گەردوونی بینراو لە مادە و وزەیەك پێكدێت کە وا ئێمە پێی ئاشناین، لە سەدا نەوەد و پێنج و بگرە زیاتریشی لە مادەی تاریك و وزەی تاریك پێك دێت.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، جگە لە دونیایی مایکرۆسکۆپیك کە فیزیایی کوانتەم میکانیك تیایدا باڵا دەستە وە دونیایی ماکرۆسکۆپی گەردوونی کە تێوری ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین تیایدا باڵادەستە، ئایا یەکخستنی ئەم دوو دنیا جیاوازەی فیزیا لە دوتوێی تێۆریی یەکی نوێدا دەتوانێت لێکدانەوە بۆ مادە و وزەی تاریك بکات؟ یاخود نەخێر ئەم دونیا نوێیەی مادە و وزەی تاریك پێویستی بە لێکدانەوە و فیزیایەکی تەواو نوێ هەیە؟ بۆ نمونە بونی هێزی ژمارە پێنج بەدەر لە هێزی کێشکردن، هێزی کارۆموگناتیسی، هێزی لاوازی ناوکی و هیزی بەهیزی ناوکی. ئەوەی دوەمیان تۆزێك بێزارکەر دەبێت و لەوەش ناچێت ئاڕاستەیەکی ڕاست بێت!!!، چونکە ئەو کات لەباتی دوو فیزیای جیاواز سێ جۆر فیزیای بۆ سێ دونیایی جیاواز بوونی دەبێت.

لە کۆتایدا ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە، هەموومان ئەو ڕاستیە باش دەزانین کە وا هەموو دونیایی ماکرۆسکۆپیك لە ئەنجامی یەکگرتنی تەنۆلکە و گەردیلەکانی دونیایی مایکرۆسکۆپیكەوە دروستبووە، بۆیە لۆژیك ئەوەیە کە وا هەوڵ بدرێت کوانتەم میکانیك فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لەسەر ئاستی هەموو دورییەکانی گەردوون لێکدانەوەی پێبکرێت. یەکێك لەو هەوڵانەی لەئێستادا لە ئارادایە بریتیە لە بابەتی ئینترۆپیك گرافیتی، کە بریتی یە لە تێۆرییەکی نوێی هێزی کێشکردن. ئەم تێورییە نوێیە دەڵێت گرافیتی لە ئاستی مایکرۆسکۆپیکدا بوونی نییە، تەنها، بەچەشنی پلەی گەرمی کەچۆن لە ئەنجامی جوڵەی تەنۆلکەکانی هەر ناوەندێك بەرهەم دێت، ئەوا گرافیتیش لە ئەنجامی ڕیزبوونەوەی زانیاری دونیایی وردی مایکرۆسکۆپیك سەرچاوە دەگرێت. ئەم تێوریی یە نوێیە دەڵێت مادەی تاریکمان پێویست نییە بۆ لێکدانەوەی جوڵەی تەنەکانی نێو گەلەئەستێرەکان.

بۆ زیاتر تێگەشتن لەم بابەیە تەماشای ئەم ڤیدیۆیە بکەن:

https://www.youtube.com/watch?v=hByJBdQXjXU

سوپاس…