گالیلۆ لە بەردەم دادگادا

نوسینی و ئامادەکردنی: شێرکۆ ڕەشید قادر

گالیلۆ لە بەردەم دادگادا، ١٦٣٣


دوای حوکمەکەی، گالیلۆ لە ژێر لێوەوە بە ورتە گوتی، ‘هەر دەجوڵێت!’

لە 22 ی حوزەیرانی 1633 لە رۆما ، پیاوێکی ریش سپی، سەرتاپا پۆشاکی سپی پۆشیبو، شەرمەزار و پەشیمان لە کردەوەکانی، لە بەردەم حەوت پیاوی کڵێسەدا چۆکی دادابو داوای بەزەیی دەکرد و پاکانەی دەنوسی. ئەم پیاوە ردێن سپییە، لە ئیمانداری و خواپەرستیدا لەوان زۆر زیاتر مەسیحی بو، بەڵام تەنها بە دڵی ئەوان کتێبەکەی نەنوسی، بۆیە لێرەدا دەیانەوێت ریسوای ئەم دنیا و ئەو دنیای بکەن. ئەم ئیختیارە، گالیلۆ گالیلەی بو، لە بەردەمیاندا گوتی:

”من، گالیلۆ گالیلەی، کوڕی ڤینچینسۆی فلۆرەنسی، تەمەنم هەفتا ساڵە، خۆم هاتوم بۆ دادگا، لەبەردەمی ئێوەدا چۆکم داداوە، ئێوەی کاردینالی  لۆرد و قەشەی گەورە، ئێوەیەک کە موحەقیقی گشتی دونیای مەسیحی هەموانن لە دژ کافرانی فاسق. لە بەردەم چاوانمدا کتێبی پیرۆز دانراوە و دەستی پیادەدەم، سوێند دەخۆم کە هەمیشە باوەڕم وابوە، لە ئایندەشدا، بە یارمەتی خودای گەورە، باوەڕم هەروا دەبێت، ئیمانم هەیە بە هەرچی بەندێک لە کاتۆلیکی پیرۆز و کڵێسەی رۆما تەبەننای دەکات، فێری خەڵکی دەکات و بانگی  بۆ دەدات.”

لەم بەروارەدا، دو دونیا بە یەکدا هاتن، دونیایەک کە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەمو کایەکانی کۆمەڵدا هەبو، دنیایەکی تریش کە تازە بە تازە وەک فۆرمێکی مۆدێرنە خەریکی گاگۆلکە بو، دونیای یەکەم ئیمانی بە پیرۆزی ئەبەدی و ڕەهای خۆی و هەقیقەتەکانی هەبو، دونیای نوێش ئیمانی بە هەقیقەتی ماتماتیکی و تاقیکردنەوە بو. دونیای یەکەم مزگێنی بە مرۆ دەبەخشی لەسەر بنەمای گوێڕایەڵی دەرسەکانی پیاوانی کڵێسە، دونیای دوەم بانگەوازی کۆنترۆڵی سروشتی بۆ خزمەتی مرۆ دەکرد لەسەر عەرد. دونیای یەکەم کتێبە پیرۆزەکانی لەو دیو دەروازەکانی کڵێسەوە توند گرتبو، بە جۆرێک خەڵکی عەوام بۆی نەبو ڕاستەوخۆ بیخوێننەوە، دونیای دوەم بانگەوازی بیرکردنەوەی ئازادی دەکرد و دەیگوت مرۆ مافی خۆیەتی ئەم کتێبانە بە چاوانی خۆی ببنینێ و بە ئەقڵی خۆی هەڵیان سەنگێنێ. دونیای یەکەم دونیای دوەمی پێ قبوڵ نەبو، سەرتاپا ڕەتی کردەوە. کاتێک ئەم دو دنیایە ڕوبەڕوی یەکتر بونەوە، پاڵەوانی دونیای یەکەم پیاوانی بەدەسەڵاتی کڵێسە و پاڵەوانی دوەم، هەرچەندە بە سیما و ڕواڵەت و بە فیعلی گالیلۆ بو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بریتی بو لە گۆڕینی پێگەی دونیا خۆی، بە واتایەکی تر دونیا چیتر لە حاڵەتی وەستاندا نیە، چیتر عەرشی گەردون نیە و مرۆفیش چیتر ئەو مەخلوقە پیرۆزە ئەبەدییە نیە کە سەدان ساڵە پێمان دەڵێن، بەڵکو وەک هەر کائینێکی تر لەم گەردونەدا بونی هەیە و لە هیچیان زیاتر نیە. بەمجۆرە پەیامی دونیای دوەم پەیامی نوێی گالیلۆ بو کە خۆی لە سیمای سیستەمی نوێی کۆپەرنیکۆسی، مۆدڵی چەقە – خۆریدا نمایش کردبو. ئاکامی ئەم ململانێیە تراژیدیایەکی گەورە بو، دونیای یەکەم لە سایەی هەڕەشە و گوڕەشەی ئەشکەنجەدا چۆکی بە دونیای دوەم دادا، گالیلۆ بە روکەش دۆڕاندی، سازشیکرد، پاکانەی نوسی و گوتی من هەڵەبوم، زۆر هەڵە بوم، هەرگیز زەوی بە دەوری خۆردا ناسوڕێتەوە، مۆدڵی کۆپەرنیکۆس جگە لە فەرزیەیەکی ماتماتیکی هیچ هەقیقتێک لەخۆناگرێت، من چیتر دەرسەکانی سیستەمی چەقە – خۆری ناڵێمەوە و بانگەشەی لە نێو خەڵکدا ناکەم، زەوی جێگیرە، کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆیی و ئەسترۆنۆمی پەتلیمۆسی راستییەکی رەهایە. گالیلۆ حوکمی دەست بەسەری هەتا هەتایی درا. کە هەستایە سەرپێ بۆ ئەوەی رەوانەی دەست بەسەری یەکجارەکی بکەن، لە پەنجەرەکەوە پشیلەیەکی بینی دەجوڵایەوە، گالیلۆ لە ژێر لێوەوە ورتەیەکی کرد و وەک دەڵێن گوتی،” هەر دەجوڵێت.” بەڵێ گالیلۆ هەرگیز بە دڵ و بە رۆح سازشی نەکرد، لای وی عەرد هەر دەجوڵێت و پەشیمانی لە دوا نییە. گالیلۆ سێ ساڵ دەست بەسەر بو، دوایی ناردیانەوە بۆ ماڵی خۆی، بەڵام هەرگیز بۆی نەبو بچێتە دەرەوە، یان خەڵکی هاموشۆی بکەن، دوایی چاوانی لەدەستدا و بوە بنیادەمێکی نابینا و بە هۆی لاوازی و سیحەتی خراپەوە لە 1642 دا، لە ژورێکی تەنها و بۆ یکجاری ماڵئاوایی لە هەمو دۆستان و نەیارانی کرد. پاپا ئوربانی هەشتەم مۆڵەتی نەدا بە فەرمی بنێژرێت و گۆڕی بۆ هەڵبەستن، تەنانەت رازی نەبو ناویش لەسەر گۆڕەکەی بنوسن، ئیتر لە گۆشەیەکی کڵێسەیەکی فلۆرەنسادا بێ ناو و بێ ناونیشان ناشتیان. بە داخەوە پیاوانی کڵێسە لەو سەردەمانەدا ئاینی خودا و پەیامی پیرۆزی ئیلاهییان بەکارهێنا بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەقیقەتێکی کۆپەرنیکۆسی هیچ مەترسییەکی بۆ ئایینی ئاسمانی نەبو، بەڵام پاسەوانانی کڵێسە لەسەر روی عەرد لێی ترسان و تۆقین، هەر بۆیەش گالیلۆیان راپێچی دەست بەسەری کرد. گالیلۆ شەڕەکەی دۆڕاند، بەڵام مرۆڤایەتی و زانستی نوێ جەنگەکەیان بردەوە. بەمجۆرە کڵێسە دەنگی ئازاد و بیرکردنەوەی سەربەستی کپکرد، ئیتاڵیا کە ناوەندی یەکەمی رێنیسانس و شۆڕشی زانستی بو بە ئاراستەی بێدەنگی هەنگاوی هەڵگرت، زانست لێرە بارگەی لێ پێچایەوە و بەرەو باکوری ئەوروپا و وڵاتی ئنگلستان جوڵەی کرد، لێرە، لە وڵاتی ئنگلیز، لە ساڵی 1642، هەمان ساڵی مردنی گالیلۆ، یەکێک لە بلیمەترین زاناکانی مێژوی مرۆڤایەتی لەدایکبو، ئەو ئنسانە نیوتن بو. نیوتن نەک هەر پەیامەکەی گالیلۆی بەرزکردەوە و ژیاندەوە، بەڵکو، بە پشت بەستن بە یاسای گالیلۆ لەمەڕ جوڵە، توانی گەورەترن پەنهانی هێزی گەردون بۆ بەشەرییەت بە فۆرمێکی ماتماتیکی واڵا بات، ئەو هێزەش بریتی بو لە هێزی کێشکردنی گەردونی و یاسای دوجای پێچەوانەیی. هەم گالیلۆ و هەم نیوتن دو ئیمانداری گەورە و لە خواترس بون، هەرگیز رۆژێک لە دژی ئایین قسەیان نەکردوە، بەڵکو پیاوانی کڵێسە کتێبی پیرۆزیان خستەگەڕ بۆ سزادانی زانست و رابەرانی. ساڵان هات و ساڵان چو، کڵێسەی کاتۆلیکی، دوای چەندین جار پێداچونەوە، سەرەنجام، لە ساڵی 1995 دا، بە فەرمی داوای لێبوردنی لە گالیلۆ کرد و ڤاتیکان لە بەردەم کۆمەڵگای جیهانی و زانستدا گوتیان لە پرسی گالیلۆدا هەڵەیەکی گەورەیان کردوە.