چوار وانەی زێڕین بۆ زانستکاران

نوسینی ستیڤن واینبێرگ
وەرگێڕانی: موحسین بورهان


ستیڤن واینبێرگ

کاتێک شەهادەی بەکالۆریۆسم بە دەستهێنا و ویستم دەستکەمە خوێندنی باڵا(نزیکەی سەدت ساڵ لەمەوبەر) تێکستەکانی فیزیک لە بەرچاوم زۆر زۆر و گەورە دەردەکەوتن، چەشنی زەریایەکی فراون و بەرین، کە پێم وابوو دەبێت سەرتاپایان بخوێنمەوە و تێبگەم، پێش ئەوەی هەر جۆرە توێژینەو و لێکۆڵینەوەیەک دەست پێ بکەم. چۆن دەکرێت دەست کەمە توێژینەوە لە شتێکدا بێ ئەوەی هەموو کارە کراوەکانی پەیوەست بەو بوارە نەخوێنمەوە؟ خۆشبەختانە لە ساڵی یەکەمدا، بەختم هەبوو کەوتمە بەر دستی کۆمەڵە فیزیکزانێکی لێهاتوو کە زیاتر دووپاتیان لەسەر ئەوە دەکردەوە دەبێت سەرەتا دەست بکەم بە توێژینەوە و دواتر شانەبشانی ئەمە هەرچییەکم پێویست بوو فێری بم. ئەمە دەکرا سەرکەوتوو بێت یان فەشەل، بەڵام دوای ماوەیەک بە سەرسوڕمانەوە بۆم دەرکەوت ئەم شێوازە ئەنجامی باشی هەیە. هەر بۆیە یەکسەر پلانێکم داڕشت تاکو خێرا شەهادەی دکتۆرا بەدەست بهێنم، هەرچەندە کاتێک دکتۆراکەم تەواو کرد، تەقریبەن هیچـم لە فیزیک نەدەزانی. بەڵام شتێ زۆر گەورە فێربووم: ئەوەی کە کەس هەموو شتێک نازانێت و تۆش پێویست ناکات بزانیت. 


وانەیەکی دیکە کە دەبێت فێری بیت( گەر بمەوێت لە سەر مێتافۆری زەریا کە بەردەوام بم)ئەوەیە کە کاتێک تۆ مەلەدەکەیت و نوقوم نابیت، دەبێت لە ئاوە پڕ جۆش و خرۆشانەکاندا مەلە بکەیت. لە کۆتایی شەستەکاندا کاتێک سەرقاڵی وانە وتنەوە بووم لە ئینستیتیوتی ماساچوست، خوێندکارێک پێی وتم دەیەوێت لە بواری ڕێژەیی گشتی ئانیشتایندا کاربکات وەک لە بواری تەنۆلکە بونیادییەکان( کە من سەرقاڵی ئیشکردن بوم تیایدا)، چونکە پرینسیپەکانی ڕێژەیی گشتی بە تەواوی زانراون لە کاتێکدا بوارەکەی من بە بڕوای ئەو پەروشبڵاو و بێ نەزم دەهاتە بەرچاو. ئەم ڕووداوە تێی گەیاندم کە ئەو ئارگومێنتێکی تەواو لۆجیکیی بۆ ڕەخنە گرتن لە بوارەکەی من خستوووەتە ڕوو. فیزیکی تەنۆلکە بونیادییەکان بوارێک بوو کە هێشتا ئەنجامدانی کاری خەلاقانە و نوێ تیایدا مومکین بوو. ئەم بوارە لە شەستەکاندا بە ڕاستی ناسەقامگیر و بێ نەزم بوو. بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا هەوڵ و کۆششی ژمارەیک لە فیزیکزانی تیۆریی و کرداریی توانیویەتی ڕێکی بخات و هەموو شتەکان(تەقریبەن هەمووی) لە پاڵی یەکتردا لە چوارچێوەی تیۆرییەکی جوان بە ناوی “ستاندارد مۆدێل” دا یەکبخات. ئامۆژگاری من هەڵبژاردانی ئەو بوارانەیە کە کە پڕئاشوب و بێ نەزمن، واتە شونێک کە تیایدا گۆرانکارییە گەورەکان ڕوودەدەن.

ڕەنگە سێهەم وانەم جێبەجێکردنی لە هەموو ئەوانی دیکە قورستر بێت، ئەوەش کە خۆتان ببەخشن لە بەفیڕۆدانی کاتدا.هەمیشە داوا لە خوێندکاران دەکرێت تا کێشە و بابەت گەلێک حل بکەن کە پرۆفیسسۆرەکانیان(مەگەر بە شێووەیەکی سەیر بێ رەحم بن) دەزانن قابیلی حەلکردنن. لە ڕاستیدا گرنگ نیە ئەم بابەت و کێشانە لە ڕووی زانستیەوە گرنگ بن یان نا ، بە کورتی دەبێت حل بکرێن تاکو لە کۆرس و وانەکاندا دەرچێت و نەکەویت.. بەڵام لە دنیایی راستەقینەد،ا ئەوەی کە کام کێشە و بابەت گرنگ و شایەنی خۆپێوە خەری کردنە زۆر قورسە و تۆ قەت ناتوانیت نازانێت کە ئایا لەم ساتەیی مێژوودا کێشەیەک دەکرێت حل بکرێت یان نا. لە سەرەتایی سەدەی بیستەمدا ژمارەیەک لە فیزیکزانی کارامە لەوانە لۆرێنز و ئابراهام هەوڵیاندەدا کە لە سەر تیۆریی ئەلیکترۆن کار بکەن. ئەمە تاڕادەیەک لە بەر ئەوە بووە بزانن بۆچی هەموو هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی کاریگەرییەکانی جوڵەی زەوی لە لایەن” ناوەندی ئیسە”رەوە شکستی هێناوە.ڕاستیەکە ئەوەیە ئێستا ئێمە دەزانین کە ئەو زانایانە لە سەر کێشە و بابەتیکی هەڵە کاریان کردووە. لەو سەردەمەدا کەس نەیدەتوانی تیۆرییەکی سەرکەوتوو بۆ ئیلیکترۆن بخاتەڕوو چونکە هێشتا میکانیکی کوانتەم کەشف نەکرا بوو. ئەوە بلیمەتی ئالبێرت ئانیشتاین بوو کە لە ساڵی ١٩٠٥ دا ئەو بابەتە دوستەی کە دەبوو کاری لەسەر بکرێت، دۆزییەوە کە بریتیبوو لە بابەتی کاریگەری جوڵە لە سەر کات و شوێن. ئەمە کارە ئانیشتاینی بەرەو تیۆری ڕێژەیی تایبەت ئاراستە کرد. بەو پێیەیی تۆ هیچ کات ناتوانی لەوە دڵنیا بیت چ بابەتێک بۆ لێکۆڵینەوە و ئیشکردن دروستە ، زۆربەی ئەو کاتەی کە لە تاقیگەدا یان لە پشتی مێزەکەتەوە بەسەری دەبەیت، بە هەدەر دەڕوات. گەر دەتەوێت داهێنەر وخەللاق بیت، دەبێت بەوە ڕا بێیت کە بەشێکی زۆر لە کاتەکانت سەرفی خەللاق نەبوون بکەی، بەو ماناییەی خۆت لە زەریای مەعریفەی زانستییدا ئارام بکەیتەوە.

کۆتا ئامۆژگاریم ئەوەیە شتێک لە سەر مێژووی زانست فێربە یان بەلای کەمەوە لەسەر مێژووی بوارە زانستییەکەی خۆت. ناچیزترین هۆکار بۆ ئەمە ئەوەیە کە دەکرێت مێژوو یارمەتی دەر بێت بۆ ئەو کارە زانستییەی کە دەیکەیت. بۆ نمونە ئێستا و لە داهاتوودا زاناکان ڕێگریان لێدەکرێت بەهۆی باوەڕبوون بە یەکێک لە مۆدێلە فرە سادەکراوەکانی زانست کە لە لایەن فەیلەسوفەکانەە لە ڕابردودا خراوەتە ڕوو(لە فرانسس بەیکنەوە تا تۆماس کون و کارل پۆپەر). باشترین “دەرمان” بۆ ژەهری فەلسەفەی زانست، هەبوونی مەعەریفەیەکی باشە بە مێژووی زانست.

لەمە گرنگتر، مێژووی زانست دەتوانێت کارەکەت لا بەنرخ بکات. بەو پێیەی تۆ وەکو زانستکارێک بە ئەگەری زۆر پلانی ئەوەت نیە ببیتە سەرمایەدار و بزنسمان، هەروەها دۆست و خزمانت بەزۆری تێناگەن لەو شتەی کە تۆ دەیکەت. وە ئەگەر لە بوارێکی وەک تەنۆلکە بونیادییەکانیشدا کار بکەیت، ئەوە تۆ تەنانەت ساتسفاکشنی ئەنجامدانی کارێک نابێت کە کە کەڵک و سودی ڕاستەوخۆی هەبێت. بەڵام تێگەشتن لەوە کە ئەوەی دەیکەیت دەبێت بەشێک لە مێژووی زانست دەکرێت ساتتسفاکشنێکی زۆت پێ ببەخشێت .

بگەڕێنەوە بۆ سەد ساڵ لەمەوبەر، ساڵی ١٩٠٣، لەم ساتەدا ئەوەی کە چ کەسێک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا یان سەرۆکی ئەمریکا بوو لەو ساڵەدا چەنێ گرنگی هەیە؟ ئەوەی کە زۆر دیارە ئەوەیە کە لە زانکۆی “مەک گیڵ” ،ئێرنێست ڕەزەرفۆرد و فریدریک سادی لە سەر سروشتی ڕادیۆئەکتیڤیتی کاریان دەکرد لەو ساڵەدا. ئەم کارە(بە تەئکید!) بەجێهێنانی کرداری زانستیشی هەبوو بەڵام گرنگ تر لەوە کاریگەریە پەروردەیی و کلتوریەکانی بوو. تێگەشتن لە رادیۆئەکیتڤئتیی وای لە فیزیکزانەکان کرد بزانن چۆن ناوەخنی زەوی و خۆر دوای ملیۆنان توانیویانە هێشتا هەر بە بەگەرمی بمێننەوە. ئەم کارە دواهەمین ڕەخنەی زانستی دژ بە ڕای زەویناسەکان کە پێیان وابوو تەمەنی زەوی و خۆر ملیۆنان ساڵە، پوچەڵ کردوە. دوای ئەمە مەسیحیی و جولەکەکان یا دەبوو واز لەو بیروباوەڕە بێن کە بە تێکستە پیرۆزەکانیان هەیانبوو یان ئەم دۆزینەوەیە هزرییە قبوڵ بکەن. ئەمە تەنیا یەک هەنگاوێک بوو لەو زنجیرە هەنگاوەی کە لە گالیلۆوە دەست پێکرد و بە نیوتن و داروینەوە گەیشت بە ئێستا و بە تێپەڕبوونی کات هێزی دۆگماتیسمی ئاینیی لاواز کرد. ئەمڕۆ خوێندەوە هەر رۆژنامەیەک بەسە تا دەریبخات ئەم هەنگاوانە هێشتا بەتەواوی بە کۆتا نەگەشتوون . بەڵام ئەمە کارێکی شارستانییە کە زانایان دەتوانن شانازی پێوە بکەن

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *