ئەو داهێنانە چی بوو کە کۆچەر بیرکار لە ماتماتیکدا پێشکەشی کرد؟


نوسینی: ڕەوا هەژار
کۆچەر بیرکار خەڵاتی فیلدس مێدڵی ساڵی ٢٠١٨ پێ بەخشرا. ئەم خەڵاتە بەرزترین ڕێزلێنانە کە پێشکەشی ماتماتیکزانێک بکرێت. کۆچەر کار لە بواری جیۆمێتریە جەبرەیاکان دەکات و لە ساڵی ٢٠٠٠وە دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی دۆزینەوە ئەکادیمەیاکانی و تا ئێستا نزیکی ٣٥ لێکۆڵینەوەی لە بوارەکەی خۆیدا بڵاوکردونەتەوە. بیرکار لە ساڵی ٢٠١٦ توانی لە دوو لێکۆڵینەوەدا بیسەلمێنێت کە هەموو هاوکێشە ڕادەدارە جیاوازەکان سەرباری ئەوەی کە ناکۆتا جیاواز و لەیەک نەچوون دەتوانرێت لە چوارچێوەیەکی کۆتاییداردا لە ژێڕ چەتری کۆمەڵێک تایبەتمەندیدا پێناسە بکرێن. گرنگی ئەم دۆزینەوەیە لەوەدایە کە پێشتر بە هۆی زۆروزەوەندی هاوکێشە ڕادەدارەکانەوە نە دەتوانرا خەسڵەتێکی گشتیان بۆ دیاری بکرێت هاوکێشەکان ناکۆتا ئاڵۆز دەیاننواند. بیرکار توانی لەناو هەموو ئەم ئاڵۆزیە ناکۆتایانەدا تایبەتمەندیەکی لەیەکچووی نێوان هاوکێشەکان دیاری بکات بەمەش پێناسەیەکی کۆتاییدار بۆ دەرکەوتێکی بە ڕوواڵەت ناکۆتا بکات.
زانستی بیرکاری بە گشتی دەکرێت بە دوو بەشی سەرەکییەوە، بیرکاری پەتی و بیرکاری بەکاربروا. کۆچەر کار لە بیرکاری پەتیدا دەکات و ئەمەش وادەکات ناساندنی دۆزینەوەکانی بە ئاسانی نەتوانرێت لە ڕێگەی ئەم نووسینەوەمە بۆ خوێنەرێک ڕوون بکرێتەوە کە پاشخانێکی سەقافی لەو زمانە بیرکاریەدا نییە کە بیرکاری پەتی پێ دەنوسرێت، بەڵام تا ئەو جێگەیە کە زمانی ڕۆژانە ڕێگەی ڕوونکردنەوە بدات هەوڵ دەدەم دۆزینەوەکەی کۆچەرتان پێ بناسێنم.

زانستی جەبر

زانستی جەبر لقێکە لە ماتماتیک و کۆچەر لەم بواردە دۆزینەوەی کردووە. لە ماتماتیکدا هاوکێشە جەبرەیاکن کار بۆ بەیەک گەیاندن و پەیوەندی درووستکردنی نێوان ئەو سیمبولانە دەکەن کە هاوکێشەکانیان لێ پێکهاتووە. بۆ نموونە ئەگەر بە هاوکێشەیەکی ناجەبری بڵێین ١+٢٤=٢٥ لە هاوکێشەیەکی جەبریدا دەتوانین بڵێین س+٢٤=ل^٢ لێرەدا پەیوندی (س) لەگەڵ (٢٤) تەنها کاتێک دەتوانرێت لەگەڵ (ل) بە توانی دوودا یەک بخرێت کە ژمارەی جێکەوتی (ل) یەکسان بێت بە (پێنج)، بەم جۆرە پەیوەندی نێوان هەریەک لەو تێرمانە (زاراوانە) دیاری دەکرێت کە لە هاوکێشەکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە و دەتوانرێن لە ژمارە (پێنج)ەوە درووست بکرێنەوە. سەرباری ئەمە، لە جەبری پەتیدا کە ئاڵۆزترینی مەیدانە جەبرەیەکانە بەکارهێنانی سیمبولە ژمارەییەکان لە پێناوی ئاسانکاریدا بە تەواوی دەستیان لێ هەڵگیراوە و کۆمەڵێک سیمبولمی ماتماتیکی تایبەت بە بوارەکە داهێنراون.

پەیوەندی جەبر و جیۆمێتری

جەبر و جیۆمێتری دەکرێت وەکو دوو دیوی یەک دراو پێناسە بکرێن. جیۆمێتری ئامرازێکی ماتماتیکیە کە کار بۆ پێوانەکردنی قەبارە و شێوە و ڕێژەی جیاوازی نێوان شکڵەکان دەکات. پەیوەندیەکە بە جۆرێکە کە بۆ هەر هاوکێشەیەکی جەبری دەکرێت نوێنەرایەتیەکی جیۆمێتری بدۆزرێتەوە. بۆ نمونە کاتێک دەڵێین س=م ل + ب وەکو ئەوە وایە هێڵێکی ڕاستمان لە گرافێکدا کێشا بێت. دەبینین ئەم هاوکێشە جەبریە شکڵێکی جیۆمێتری نوێنەرایەتی دەکات کە ڕاستە هێڵێکە. بۆیە زۆرجار کێشەیەکی جەبری دەتوانرێت بە چەند شێوەیەک چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، دەکرێت هاوکێشەیەکی هێڵی بە ڕێکارێکی جیۆمێتری چارەسەر بکرێت یاخود بە پێچەوانەوە. بەڵام بابەتەکە لەوێدا ئاڵۆز دەبێت کە هاوکێشەکان دەکرێت ناکۆتا فۆرمەلە بکرێن وەکو کە دەکرێت ژمارەکان ناکۆتا نەبڕاوەبن، چوونکە هەر هاوکێشەیەک دەکرێت ناکۆتا توان بکرێت و گٶڕباری بۆ کەم و زیاد بکرێت و داڕشتنی نوێی بۆ بکرێت. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بیر لە پۆلێن بەندی هاوکێشەکان کراوەتەوە، تا بۆ هەر پۆلە هاوکێشەیەک دەستەیەک چارەسەر بدۆزرێتەوە و هەر دەستەیەکیش شکڵێکی تایبەتی جیۆمێتری نوێنەرایەتی بکات. کۆچەر لەم بارەیەوە دەڵێت ” گرنگترینی خەسڵەتەکان شکڵەکان، فۆرمەکان، وە ڕۆنانی پۆلە چارەکانن. ئێمە پۆلە چارەکانمان ناو لێ ناوە بە جەبریە هەمەجۆرەکان.” بەڵام دیسان کێشەکە ئەوەیە کە چارە جەبریە هەمەجۆرەکان ناکۆتا زۆر و نەبڕاوەن. کە واتە چۆن دەتوانرێت ڕێکخستنیان بۆ بکرێت، کۆچەر توانی ئەم ڕێکخستە بدۆزێتەوە.

مێتافۆرێک بۆ ئاسانکاری

بهێنە پێش چاوی خۆت کە ناکۆتا کورد بە گەردووندا بڵاو بونەتەوە، چۆن دەتوانیت پۆلێن-بەندی بۆ تێکڕای کوردەکان بکەیت لە کاتێکدا کوردەکان ناکۆتا زۆرن. کۆچەر دەڵێت لەبەر ئەوەی کوردەکان دەکرێت دابەش بکرێن بەسەر چوار جوگرافیادا باشور، باکور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا کەواتە دەکرێت هەریەکەیان دابەش بکرێن بەسەر ژێرگروپی تردا. بۆ نمونە کوردەکانی باشوور دەکرێت ناکۆتا زۆر بن، بەڵام هەر کوردێکی باشوور دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ شوێنێکی دیاریکراو، وەکو ئەوەی کوردە، باشوورییە، سۆرانییە، سلێمانییە، مەڵکەندییە، خانوی ژمارە ئەوەندەیە. لەپاشان ئەم کوردە هاوبایی دەکرێت لەگەڵ چەندنین کوردی شارە جیاوازەکاندا بە هۆی تایبەتمەندی لەیەکچووی نێوانیانەوە، ئیدی ئەو لەیەکچوونە خەسڵەتە ناکۆتاکە ناهێڵێت بەهۆی کۆتاداری تایبەتمەندی کوردەکانەوە. واتە دەشێ گەڕەکی مەڵکەندی سلێمانی یان چوارباخی سنە هەردووکیان ناکۆتا پڕ بن لە کورد بەڵام ژمارەی ئەو گۆرانی بێژانەی کە هەریەکەیان دەتوانێت گوێی لێبگرێت کۆتادارە بۆ نمونە حەسەن زیرەک، ماملێ یان عەلی مەردانە. لێرەوە دەکرێت ئاڵۆزی ناکۆتاییەکە بەم ڕێکخستە سنووردار بکرێت و بابەتەکە ئاسانتر بە هۆشەوە بنووسێت. لە ماتماتیکدا ئەم تەکنیکە ناونراوە جیۆمێتری دوو-ڕێژەیی. واتە دوو ڕێژەی جودا وەردەگرین کە ژانرەکانیان لە یەکدی جیاوازە پاشان هەوڵدەدەین لێکچوونی نێوانیان بدۆزینەوە تا ئەو شوێنەی بتوانین هەردووکیان لە یەک خەمڵاندندا جێگە بکەینەوە. بۆ نموونە کوردێکی جوتیاری خۆشناوی لەگەڵ نوسەرێکی سەردەشتی دەتوارێت لە ڕێگەی شێوەزارەکەیانەوە پێکەوە ببەسترێنەوە لەکاتێکدا یەکێکیان سەر بە جوگرافیای باشوورە و ئەوەیدیان ڕۆژهەڵاتییە، واتە سەردەشتی و خۆشناوی لە شێوەزاردا هاو-باین. ئەم جۆرە لە کارکردن لە نەشتەرگەرییەک دەچیت کە تێیدا دوو پۆلی جیاواز بەیەک دەگەیەندرێن، ئەو پۆلە تازەیەی لەم نەشتەرگەریە درووست دەبێت، ناوێکی تایبەت بە خۆی لێ دەنرێت و وەکو پۆلێکی سەربەخۆی هاوبایی دەناسێنرێت. کەواتە چەند پۆلی وامان هەیە؟

ژمارەی پۆلەکان

کۆی پۆلە هاوباییەکان بریتین لە سێ پۆل. سێ پۆلی دوو-ڕێژەیی هاوبایین کە ناویان لێنراوە؛ فانۆ هەمەجۆرەکان، کالەبی-یاوە هەمەجۆرەکان وە هەمەجۆرە گشتیەکان. هەر سێ پۆلەکە لە ڕووی ژانرەوە ڕەگەزی شکڵی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە هەمان کاتیشدا شکڵێکی تایبەتی جیۆمێتری نوێنەرایەتی هەریەکەیان دەکات. لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەوڵی تەواوی ماتماتیکزانەکانی ئەم بوارە لە پێناو دۆزینەوەی سەلمێنەرێکدا بووە تا هەموو ئاڵۆزیە ناکۆتاکان لەم سێ پۆلەدا جێگا بکاتەوە. لە ئێستدا کۆچەر توانیویەتی سەلمێنەرێک بۆ هاوبایی هەموو فانۆ هەمەجۆرەکان بدۆزێتەوە و بەم هۆیەشەوە مەدەلیای فیڵدزی بەدەست هێنا.

کۆچەر بیرکار

کۆچەر وەکو زۆربەی کوردانی تاراوگە بە ناوێکی جیاواز لە ناوی ڕاستەقینەی خۆی لە بەریتانیا داوای مافی پەنابەری کردووە. ناوی ڕاستەقینەی کۆچەر (فەرەیدوون درەخشانی)ە و لە دێیەکی نزیک مەریوان لە خێزانێکی هەژار و جوتیاردا سەردەمی منداڵی تێپەڕاندووە. ئەو دەڵێت ڕۆژانی خوێندنی منداڵی ڕۆژانێکی پڕ سەختی و ئاڵۆزی بووە. زۆربەی کاتەکانی بە کاری جوتیاری تێپەڕاندووە و یارمەتی باوک و براکانی داوە. حەیدەری برای کۆچەر گەورەترین هاندەری بووە بۆ فێربوونی ماتماتیک. لە ئێستادا دەتوانین بڵێین کۆچەر ناسراوترین فیگەری ئەکادیمی کوردە لە سەرتاسەری جیهاندا و ڕەنگە تا ماوەیەکی درێژیش لەم پێگەیەدا بمێنێتەوە. ئەم سەرکەوتنەی کۆچەر وادەکات تاکی کورد جۆرێک لە شوناسی ئەکادیمی بۆ درووست بێت و بتوانن ئەرستۆکراتییەکی زانستی لە کۆمەڵگەی کوردیدا درووست بکەن. دەکرێت کۆچەر ببێتە ناوەندێک بۆ نزیکبوونەوەی هەموو کوردێکی ئەکادیمی و زانستخواز لە یەکدی و ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کوردی زانستی لە ڕێگەی ئەکادیمیستە لێوەشاوەکانی کوردەوە درووست بکرێت.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *