هێزی کێشكردن لە نیوتنەوە بۆ ئاینشتاین

هێزی کێشکردن لاوازترین چوار هێزە بنەڕەتییەکەی سروشتە – ئەوانی تر، واتە سیانەکەی تر بریتین لە هێزی ئەلکترۆماگنێتیک، هەردوک هێزی ناوکی بە هێز  strong و هێزی لاواز weak یان بێ هێز. کەچی سەرباری هەموو ئەمانەش دەبینین تەنها هێزی کێشکردنە لە مەدایەکی دوردا باڵادەستە و کۆنترۆڵی دونیای کردووە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە هێزی کێشکردن بریتییە لەوەی دوو تەن یەکتر بۆ لای یەکتر کێش دەکەن. بەمجۆرە دەبینین لە حاڵەتێکدا زۆربەی زۆری تەنە گەورەکان لە روی کارەباییەوە هاوبارگەن، کەچی هەرگیز لە باری کێشکردنەوە هاوبارگە نین. هێزی کێشکردن لە نێوان تەنەکاندا کە بارستاییان هەیە هەمیشە یەکتر کێش دەکەن، پاشان ئەگەر ئەم دوو تەنە بارستاییەکانیان گەورەتر بێت ئەوا ئەم هێزی کێشكردنە زیاد دەکات.

کێشکردن بەر لە مێژوو

لە راستیدا بە هۆی گەورەیی بلیمەتانی وەکو نیوتن و ئاینشتاینەوە بوو کە لە حاڵی حازردا خەڵکانی وەکو ئێمە لە هێزی کێشكردن دەگەین، کەچی لەگەڵ ئەمەشدا سەیردەکەین هێزی کێشکردن، لە هەموو هێزەکانی تر، بە بەردەوامی خۆی لەبەردەم زانایاندا وەکو مەتەڵ قوتکردووەتەوە. بۆ تێگەیشتن لەم پرسە کە بۆچی وایە؟ با لە سەرەتاوە دەست پێ بکەین و رەچاوی مێژوی پەرەسەندنی هێزی کێشكردن بکەین.

ئنسان هەر لە دێرزەمانەوە هەمیشە ئەو هەقیقەتەی زانیووە کاتێک تەنێک بەردەدەیتەوە بە ئاراستەی خوارەرە دەکەوێتەوە. ئا بەم سەلیقەیەوە، هەمیشە دەرکمان بە بوونی کێشکردن کردووە. هەر بۆیە دەبینین هەر سروشت و تەبعی ئەم جۆرە جوڵەیە بووە کە بووە بە پێگە و سەرنجی زۆر لە هزرمەندانی دێرین.

ئەرستۆ، کە کتێبەکەی بە نێوی فیزیکەوە بوو، هەتا کۆتاییەکانی سەدەی هەڤدەهەم رۆڵێکی کارا و باڵادەستی لە زانستی رۆژئاوادا هەبوو، تەفسیرەکەی لەمەڕ کێشکردن بەندبوو لە سەر ئەو ئایدیایەی کە تەنەکان لە گەردوندا بە تەبیعەت مەیلی جوڵەیان هەیە بۆ مەنزڵی ئەسڵی خۆیان. لای ئەرستۆ، بۆ ئەوەی بزانین ئەم مەنزڵە کوێیە، ئەوا پێویستە بزانین پێکهاتەی ئەم تەنە چییە کە پرسەکەی دروستکردووە. ئەگەر وردتر قسە بکەین، ئەوا کێشکردنەکە بەندە لەسەر بڕی هەر یەکە لە چوار توخمەکە کە بریتین لە: خۆڵ، ئاو، هەوا و ئاگر.

مشتومڕەکەی ئەرستۆ وەهابوو کە ئەو تەنانەی پێکهاتەکەیان بە شێوەیەکی سەرەکی خۆڵ و ئاوە ئەوا بەرەو چەقی گەردون دەجوڵێن. لای وی چەقی گەردون لە بەردەم پێی خۆیدا بوو. ئەو تەنانەی لە خۆڵ پێکهاتوون، ئەگەر فڕێدرانە هەواوە ئەوا پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەر عەرد. ئنجا لۆژیکانە بیریکردەوە، ئاو سوکترە لە خۆڵ و ئەمەش دەتوانرێت بە ئاسانی بسەلمێنرێت کاتێک تۆزێک خۆڵ دەرژینە نیو پەرداخێک ئاوەوە، ئاوەکە سەردەکەوێت. بەمجۆرە لەسەر روی زەوی ئاو دوای خۆڵ دێت. بە هەمان شێوەش، هەوا لە ئاو سوکەڵەترە، هەروەک چۆن دەبینین بڵقی هەوا سەر ئاو دەکەوێت، واتە پێگەی سروشتی هەوا لە سەروو ئاوەوەیە و مەوقیعی سروشتی ئاگریش لە سەروو هەواوەیە.

بەمجۆرە ئەم دیدە ئەرستۆییە نیزامێکی لۆژیکیمان لەمەر گەردونی بەرچاو پێشکەش دەکات، ئەو نیزامەی بەندە لەسەر یەکە بنەڕەتییەکانی مادە لەو رۆژ و سەردەمەدا. تەنانەت یارمەتی ئنسانیش دەدات کە چەند حاڵەتێک سەبارەت بە خێرایی کەوتنەخوارەوەی تەنەکان بخاتەڕوو. ئەرستۆ گفتوگۆی لەمەڕ ئەو پرسەش کردووە کە خێرایی کەوتنەخوارەوەی تەنێک راستەوانە لەگەڵ بارستاییەکەیدا و پێچەوانەش لەگەڵ چڕی ناوەندەکەدا، کە گوزەری پێدا دەکات، دەگۆڕێت. بەمجۆرە ئەگەر تەنێک بارستاییەکەی دوو کلیۆگرام بێت دوو ئەوەندە خێراتر لە تەنێکی یەک کیلۆگرامی دەکەوێتە خوارەوە.

بە داخەوە، تیورییەکەی ئەرستۆ ناکرێت راست بێت. ئێمە باش دەزانین هیچ چەقێک نییە لە گەردوندا تەنەکان بە ئاراستەی (ئەو چەقە) بجوڵێن. هەروەها، لە رێگای تەجروبەی راستەوخۆوە، دەتوانین ئەوەش بخەینەڕوو کە رێژەی تاودانی تەنێک لە سایەی هێزی کێشكردندا پەیوەندی بە بارستایی هەمان تەنەوە نییە. لە راستیدا، دەتوانین ئەوە پیشان بدەین کە هەموو تەنەکان بە هەمان رێژە دەکەونە خوارەوە. ئەم دۆزینەوەیە بە یەکێک لە دەسکەوتە نایابەکانی تێگەیشتنی هاوچەرخانە و نوێی ئنسان لەمەڕ کێشکردن حیساب دەکرێت، بۆیە پێویستی بە هەڵوێستە و لێکدانەوەی زیاتر هەیە.

ئەو راستییەی کە هەموو تەنەکان لە سایەی هێزی کێشكردندا بە هەمان رێژە تاودەدەن شتێکی رون نییە. لە راستیدا ئەگەر پەڕێک لە دەستە چەپمەوە و پارچە ئاسنێک لە دەستە راستمەوە بەربدەمەوە، ئەوا نابێت چاوەڕووانی ئەوە بکەم کە هەردوک لە هەمان کاتدا بەر عەرد بکەون. پارچە ئاسنەکە یەکەمجار بەر عەرد دەکەوێت. کەواتە مەبەست لەم رستەیە،” هەموو تەنەکان لە سایەی هەمان کێشکردندا، بە هەمان رێژە تاودەدەن یان دەجوڵێن.” بۆ تێگەیشتن لەم دەستەواژەیە، پێویستە بیر لەو هەموو هێزانە بکەینەوە کە کاریگەرییان لەسەر ئەم تەنانە هەیە.

کاتێک پەڕەکە بەردەدەمەوە، ئەوا هێزی کێشكردن کاریگەری لەسەر هەیە، بەڵام هێزگەلی تریش کاردەکەنە سەری. کە دەست دەکات بە کەوتنەخوارەوە، لە هەمبەر جوڵەکەیدا هێزی بەرهەڵست هەیە کە ئەویش هەوایە. ئەم هێزە دەبێت بە هۆی خاوکردنەوەی پەڕەکە و کاریگەرییەکەشی لەسەر پەڕەکە زیاترە وەک لەوەی لەسەر ئاسنەکە هەیەتی. ئنجا خۆ هەتا هەواکە بە هێزتر بێت ئەوا کاریگەری زیاتر دەبێت لەسەر پەڕەکە وەک ئەوەی لەسەر پارچە ئاسنەکە هەیەتی. بەمجۆرە، مەبەست لە دەستەواژەکەی سەرەوە، ” هەموو تەنەکان لە سایەی هەمان کێشكردندا بە هەمان تاودان دەجوڵێن.” ئەوەیە کە ئەمە حاڵەتێک نییە تەمسیلی جوڵەی تەنەکان بکات لەو ناوەندە راستەوخۆیەی ئێمە تێێدا دەژین. بەڵکو زیاتر حاڵەتێکە سەبارەت بەوەی کە چی بەسەر تەنێکدا دێت ئەگەر بە تەواوی و تەنها لە ژێر کاریگەری هێزی کێشکردندا بێت. بە واتایەکی تر، ئەگەر کارلێکی هەموو هۆکارەکانی تر پەراوێز بخەین و فەرامۆشیان بکەین، ئەوا هەموو تەنەکان بە هەمان رێژەی تاودان دەکەونە خوارەوە.

لەم بارەیەوە، گالیلۆ پاداشی یەکەم و پشکی شێری بەردەکەوێت لە بەرانبەر خستنەروی هەقیقەتی ئەم پێشنیازە لۆژیکییە. لە ساڵی 1638 دا، وەک دەڵێن، تۆپی(موشەک – هاوێژی) بارستایی جیاجیا لە ترۆپکی بورجی پیزاوە فڕیداوەتە خوارەوە. سەیریکردووە تۆپەکان لە هەمان کاتدا کەوتونەتە سەر زەوی. لە سەردەمانی دواییشماندا، کە شتەکە زیاتر درامایی بوو، هەمان ئەنجام بەدەستهات، ئەویش کاتێک دەیڤید سکۆت، فەلەکناسی ئەپۆڵڵۆ خستییەڕوو. سکۆت، کاتێک چووە سەر مانگ، پەڕێك و چەکوشیکی لە دەست بەردایەوە، چونکە هیچ هەوا لەسەر روی مانگ بونی نییە هەتا جوڵەکە خاوبکرێتەوە، بەڵام هەردوک تەنەکە، چەکوش و پەڕەکە لە هەمان کاتدا و لەبەردەم قاچیدا کەوتنەخوار و بەر عەردی کەوتن (وێنەی ژمارە یەک). لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەم دیاردەیە بە گەردونێتی یان گشتگیری کەوتنەخوارەوەی ئازاد ناودەبرێت. پێکهاتەی سەرەکی تیوری کێشكردنی هەردوو فیزیکناسی مەزن، نیوتن و ئاینشتاینە.

تیوری نیوتن لەمەڕ کێشکردن

تیوری نیوتن لەمەڕ کێشکردن و جوڵە یەکەمجار لە ساڵی 1687 لە کتێبی ”پرینسیپی ماتماتیک” دا بڵاوبوەوە و دونیاشی بۆ هەتاهەتایی گۆڕی. ئەمە بۆ خۆی یەکەم تیوری جدی زانستی بوو کە هێزی کێشکردن چۆن ئیش دەکات و میکانیزمەکەی چۆنە. بە پێچەوانەی ئەرستۆوە، نیوتن عەوداڵ نەبوو لە دوی تەفسیری کێشكردن و ئەو هەوڵەشی نەدا. لە بری ئەمە کاریگەری هێزی کێشکردنی فۆرمەلەکرد، واتە کاریگەری هێزی کێشکردنی کردە دیاردەیەکی چەندایەتی(ماتماتیکی)، لە پرۆسەکەدا یاسا فیزیکییەکانی بە جۆرێک کورتکردەوە کە کاتێک وەسفی جوڵە دەکات، تەنها باس لە تەنەکانی سەر زەوی ناکات، بەڵکو جوڵەی عەرد خۆشی دەگرێتەوە، بە هەمان شێوە جوڵەی هەموو تەنە ئاسمانییەکانی تریش کە لە سیستەمی خۆریدا هەن.

دەسکەوتی نیوتن بە هەقەت بەرهەمی ئنسانێکی بلیمەت بوو. چەندین لقی نوێی ماتماتیکی خوڵقاند، بۆ یەکەم جار سەلماندی کە ئەو یاسا فیزیکییانەی لەسەر زەوی بەسەر خۆماندا راڤەدەکرێن، هەر هەمان ئەو یاسایانەن کە بەسەر تەنە ئاسمانییەکاندا واری دەکرێن. ئەو هەموو ئاڵۆزییەی جوڵە، کە ئەرستۆ تێکۆشا تەفسیری بکات، لە بۆتەی چەند یاسایەکی کەم و سادەدا گەڵاڵەبوون. تیوری نیوتن شتێکی پڕشنگدار بوو و بۆ دوو سەد ساڵ هیچ نەیار و ئاڵنگارییەکی (تەحەدا) نەبوو. تەنها لە کتێبەکەێدا، نیوتن شۆڕشێکی لە دونیای هەر یەک لە زانست، پیشەسازی و جەنگدا بەرپاکرد، جگە لەوەی دونیابینییەکی پێشكەشکرد کە هەموو ئێمەی ئنسان هەتا ئێشتاش تەبەننای دەکەین.

پێکهاتەی بنەڕەتی تیورییەکەی نیوتن بریتییە لە یەکەم، هەبوونی فەزا و زەمەنی رەها لە قۆناغێکدا کە هەموو جوڵە تێیدا رودەدات، دوومیش بونی هێزی گەردونی(گشتی) کێشکردن کە لە هەمان ساتەوەختدا لە گەردوندا لە نێوان دوو تەنی زەبەلاحدا دێتەگۆڕێ. ئەمە هەر هەموویەتی.

لای نیوتن فەزا، هەروەک خۆمان رۆژانە راڤەی دەکەین و دێتە بەرچاومان، بە زمانێکی سادە بریتییە لەو گۆڕەپانە ئەبەدی و نەگۆڕەی هەموو مادە بوونی تێدا هەیە. ئنسان دەتوانێت تەنێک، x، لە نوقتەیەکی ڤەزادا دابنێن، ئنجا بە ئاسانی دەتوانێت دووری ئەم تەنە لە تەنێکی ترەوە، y ، وە تەنها بە مەترەیەکی رێک و راست دیاری بکەین. لە میکانیکی نیوتندا هیچ غامزییەک لەم پرۆسەیەدا بونی نییە. دوو تەنەکە، واتە x و y لەوانەیە لە فەزادا لە حاڵەتی جوڵەدا بن، بەڵام فەزا خۆی جێگیرە و هەتاهەتایە نەگۆڕە.

بە هەمان شێوە، چەمکی نیوتن بۆ زەمەن ئەنجامی سەلیقەیەکە کە زۆربەمان لەگەڵیدا گەورەبوین. ساتەوەختەکانی زەمەن لە تیوری نیوتندا، یەک لەدوی ئەویتر خۆیان واڵادەکەن. لە نێوان چەندین ساتەوەختدا، تەنەکان مەوقیعی خۆیان دەگۆڕن، بەلام زەمەن خۆی شتێکی گەردونییە و بۆ هەموو کەسێک هەر هەمان شتە. لە تیورییەکەی نیوتندا، هەموو سەعاتە راستەقینەکان بە هەمان شێووە زەمەن پێوانەدەکەن، هەروەک چۆن هەموو دوری – پێوەکان(مەترە) هەمان دووری نێوان دوو تەن پێوانە دەکەن.

ئەو کات، لە تیوری نیوتندا، هەموو تەنەکان بە رێژەی نەگۆڕ دەجوڵێن، تەنها مەگەر هێزێکی دەرەکی کارباکەتە سەریان (ئەمە نوقتەی ماڵئاوایی بوو لە فیزیکی ئەرستۆ). ئەگەر هێزێک کاربکاتە سەر تەنێک، ئەوا کاریگەری هێزەکە بە جۆرێکە دەبێت بە هۆی تاودانی تەنەکە. هەتا هێز زیاتر بێت، تاودان زیاتر دەبێت، خۆ ئەگەر بارستایی تەنەکە گەورەتر بێت، ئەوا هێزێکی گەورەتر پێویستە بۆ ئەوەی هەمان تاودانی هەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە، بە زمانی سادە هێزی کێشکردن بریتییە لە هێزێکی دەرەکی کاردەکاتە سەر هەموو تەنە زەبەلاحەکان، هەر هەموویان رادەکێشێت.

نیوتن هێزی کێشکردنەکەی وەها کورتکردەوە کە راستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ بارستایی هەردوو تەنەکە کە لە نێوانیاندا کاریگەری هەیە و پێچەوانەش لەگەڵ دوجای دووری نێوانیان. واتە هێزی کێشكردن لە نێوان دوو تەنەکەدا خۆ لەم هاوکێشەیەدا نمایشدەکات:

 M  و m بریتین لە بارستایی دوو تەنەکە

 F  بریتییە لە هێزی کێشکردن و r یش بریتییە لە دووری نێوان دوو تەنەکە.

ئەم هاوکێشە ساکارە، پێکەوە لەگەڵ یاساکانی نیوتن لەمەڕ جوڵە، بەسن بۆ ئەوەی بۆ ئەوەی بەهایەکی باشی نزیکەیی جوڵەی زۆربەی هەرە زۆری تەنە ئەسترۆفیزییکیەکان و هەموو ئەو تەنانەی لەسەر عەردیش هەن بزانین.

کاتێک باس لە کێشکردنی نیوتن دەکەین و دەڵێین هەموو تەنەکان بە هەمان تاودان دەکەونە خوارەوە و ئنجا هەموو ئەمانە ملکەچی رامانەکانی گالیلۆن، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەمانە هەموو لەو هەقیقەتەوە دەبینرێن کە لە یاسای میکانیکی نیوتندا هێزێکی دراو دەبێت بە هۆی خاوکردنەوەی تاودانی تەنێکی بارستایی قورس بە بەراورد لەگەڵ تەنێکی سوکەڵەدا. ئەمە لەگەڵ ئەو راستییەدا رەچاوبکە کە بە حسێبی نیوتن، دەبێت هێزی کیشکردن زیادبکات کاتێک بارستاییەکە زیاددەکات. لە تیوری نیوتندا، ئەم دوو شتە بەو رێژەیەی تەواو پێویستە رودەدات. ئەمەش بۆ ئەوەی یەکتر بسڕنەوە. ئەگەر هێزی کێشکردنی نیوتن کاریکردە سەر تەنێک و ملکەچی یاسای جوڵەی نیوتن بێت، ئەوا ئەو تەنە پێویستە بە رێژەیەکی نەگۆڕ و سەربەخۆ لە بارستاییەکەی، تاوبدات. کاێک ئەمە رودەدات هەروا لە خۆڕا نییە و رێکەوت نییە: گەردونێتی کەوتنە خوارەوەی ئازاد هەر لە سەرەتاوە لە نێو هەیکەلی تیوری نیوتندا هەیە.

یەکەم سەرکەوتنی گەورەی تیوری نیوتن لەوەدا بوو کە دەکرێت لە داتاشینی یاساکانی جوڵەی هەسارەکاندا بەکاربهێنرێت. ئەم یاسایانە بە هۆی تەجروبەی داتاییەوە لە لایەن کێپلەرەوە لە سەرەتای سەدەی هەڤدەیەمدا کورت کراونەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە کێپلەر داتایەکی ئەسترۆنۆمی دەوڵەمەندی بەکارهێناوە. یاساکانی کێپلەر لەمەڕ جوڵە بەمجۆرەیە:

رەوتی سوڕانەوەی هەسارەکان بە دەوری خۆردا فۆرمێکی هێلکەییان هەیە و خۆریش دەکەوێتە یەکێک لە دوو فۆکەسی شێوە هێلکەییەکەوە.

ئەگەر هێڵێکمان لە نێوان هەسارەکە و خۆردا کێشا، ئەوا ئەو روبەرە پانتاییەی هێڵەکە لە کاتی سوڕانەوەی هەسارەکە بە دەوری خۆردا دروستی دەکات لە هەمان کەوانەی زەمەنیدا هەمیشە یەکسانە.

دوجای کاتی خایاندراو بۆ ئەوەی هەسارەکە یەک سوڕ بە دەوری خۆردا تەواوبکات راستەوانە دەگۆرێت لەگەڵ سێجای دووری نێوان دوورترین خاڵی هەسارەکە لە خۆرەوە( واتە تەوەری گوزەری شێوە هێلکەییەکە.(خوێنەری بەڕێز سەیری وێنەکە بکە بۆ تەفسیری ئەم سێ یاسایە.)

یاساکانی کێپلەر (1630 – 1571) بەسەر هەموو هەسارە ناسراوەکاندا راڤەدەکرێن، هەرچەندە لە رۆژگاری خۆیاندا( 1609) هیچ بناغەیەکی زانراویان لە تیوری فیزیکیدا نەبوو. ئەم یاسایانە وەها دیاربوون کە پڕ بە پێستی ئەوا داتایانە بوون کە فەلەکناسی گەورە تیکۆ براهە( 1600- 1546) خستییە بەردەمی کێپلەر.

نیوتن شارەزایی لە یاساکانی کێپلەردا هەبوو، لە کتێبە هەرە ناودرەکەیدا، پرینسیپەکانی ماتماتیک، تەفسیری کردوون کە چۆن لە یاساکانی خۆی لەمەڕ جوڵە و یاسای گشتی هیزی کێشكردنەوە داتاشێنیان بۆ بکات.

داتاشینی ئەم یاسانەی کێپلەر لە لایەن نیوتنەوە بە یەکێک لە داستانە گەورە سەرکەوتووەکانی دونیای فیزیک حساب دەکرێت. ئەو یاسا تەجریبییانەی لە تێرامانی پوختی هەسارەکانەوە، کە ئەو سەردەمە نوێ بوون، پێشکەشکرابوون، بۆ یەکەمجار (لە لایەن نیوتنەوە) بە گوزارشتی سادە لە هاوکێشەی ماتماتیکییەوە لەدایکبون. نیوتن ئەوەی پیشاندا کە دەکرێت هەر هەمان ئەو یاسایەی وەسفی جوڵەی تۆپێکی موشەک – هاوێژی لەسەر زەوەی دەکات دەکات بەکاربهێنرێت بۆ تەفسیرکردنی جوڵەی هەسارەکان خۆشیان. ئەمە سەرەتای زۆربەی هەرە زۆری ئەو زانستی فیزیکییەی ئەمڕۆیە کە خۆمان دەیزانین.

تیوری کێشكردنی ئاینشتاین

دوو سەد ساڵ دوای بڵاوکردنەوەی، تیورییەکەی نیوتن لەمەڕ کێشکردن لە لایەن ئاینشتاینەوە روبەڕوی ئاڵنگاری بوەوە. خۆ ئەگەر تیورییەکەی نیوتن سادە و بە سود بوو، ئەوا ئەوەی ئاینشتاین جوان و هەر بە راستی گەردونی یان گشتی بوو. ئاینشتاین نەک هەر ئەو هاوکێشانەی گۆڕی لە تیورییەکەی نیوتندا هەبوون، بەڵکو هات ئەو بناغەیەشی دەرهێنا کە لەسەری وەستابوو. ئاینشتاین هەموو شتێکی گۆڕی.

وەک زۆر لەو بەرەوپێشچونانەی لە فیزیکدا رودەدەن، ئیلهامبەخشی سەرەکی لە تیورییەکەی ئاینشتایندا بریتی بوو لەو ناڕێکی و نایەکێتییەی لە ئایدیا هەنوکەییەکاندا هەبوون. نیوتن تیورییەکی پێ بەخشین سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی کێشکردن و جوڵە. بەڵام هزرەکانی نیوتن لەگەڵ ئەو تیوری روناکییەدا تەبا نەبوون کە جەیمس ماکسوێڵ لە ناوەراستی سەدەی نۆزدەدا پەرەی پێدابوو. تیورییە نوێکەی ماکسوێڵ ئەوەی خستەڕوو کە هەموو ئنسانێک لە گەردوندا دەبێت خێرایی روناکی وەها پێوانەبکات کە هەمان بەهای هەبێت: ئەو بەهایەش بریتییە لە 300 ملیۆن مەتر لە چرکەیەکدا. ئەمە لەوانەیە وەک شتێکی قووڵ نەیەتە بەرچاو، بەڵام چەند دەقەیەک خۆت خەریک بکە و رەچاوی ئەوە بکە کە چی دەگەیەنێت.

لێرەدا مەسەلەکە لەوەدایە کە، بە پێی میکانیکی نیوتن، ئەگەر لە نێو شەمەندەفەرێکدا دانیشتبم، ئنجا شەمەندەفەرەکە بە خێرایی 100  میل لە سەعاتێکدا بڕوات و منیش فیشەکێک بە ئاراستەی پێشەوە بە خێرایی 1000 میل لە سەعاتێکدا بتەقێنم، ئەوا لە چاوی کەسێکی ترەوە کە لەسەر شۆستەی پلاتفۆرمەکە، واتە لە دەرەوەی شەمەندەفەرەکەوە دانیشتووە و سەیردەکات، خێرایی فیشەکەکە دەبێت بە 1100 میل. بە واتایەکی تر، بە زمانی ماتماتیکی دەڵێین خێرایی فیشەکەکە لە چاوی بینەری سەر شۆستەکەوە دەکاتە کۆی خێرایی قیتارەکە و خێرایی فیشەکەکە. ئێستا با بڵێین من لایتێکم بە دەستەوەیە و دایدەگیرسێنم، هێشتا لەسەر هەمان کورسی خۆم دانیشتووم، ئا لێرەدا سەیردەکەم، واتە لەسەر کورسییەکەی خۆمدا، روناکی لایتەکە بە ئاراستەی پێشەوە بە خێرایی روناکی ( 300 ملیۆن  میل لە چرکەیەدا) بە فارگۆنەکاندا پەخش دەبێت. ئنجا با بێینەوە سەر کابرای سەر شۆستەکە کە لە دەرەوە سەیرمان دەکات، ئا لێرەدا ئەگەر گوێ لە نیوتن بگرین، ئەوا چاوەڕوانی ئەوە دەکەیت کە روناکییەکە بە خێرایی 300 ملیۆن میل لە چرکەیەدا و زائیدەن 100 میلی تر لە سەعاتێکدا( کە هی قیتارەکەیە) تێدەپەڕێت. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە لای ماکسوێڵ، ئەوا شتەکە بەم جۆرە ڕوونادات. ماکسوێڵ دەڵێت کابرای سەر شۆستەکە لە دەرەوەی شەمەندەفەرەکە، پەخشی روناکییەکە بە هەمان خێرایی دەبینێت کە نەفەری نێو شەمەندەفەرەکە دەیبینێت. بە واتایەکی تر، هاوکێشەکانی ماکسوێڵ ئەوە راڤەدەکەن کە خێراییەکان کۆناکرێنەوە.

ئەو دژەسازییەی ئێستا ئیشارەمان پێدا و باسمان کرد، شتێکی قووڵ و بنەڕەتییە. ئەگەر ئێمە کۆک نەبین لەسەر چۆنیەتی کۆکردنەوەی خێراییەکان، ئەوا هەرگیز ناتوانین فیزیک بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی جوڵەی تەنەکان حساب بکەین. بەمجۆرە، مەحاڵە هەردوکیان، واتە نیوتن و ماکسوێڵ راست بن. خۆ هیچ نەبێت دەبێت یەکێكیان هەڵە بێت. لەوانەیە کەسێك کە کەمتر زانایە هەوڵی دابێت تیورییەکەی نیوتن یان ماکسوێڵ بنوسێتەوە، بەڵام ئاینشتاین ئەمەی نەکرد. ئاینشتاین بە چاوی رێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بەرهەمی نیوتن و ماکسوێڵ کرد. دەرکی بە هێز و قودرەتی هەردوکیان کرد و تێکۆشا ئەو دژایەتییەی لە نێوانیاندا هەیە بە شێوەیەکی زیرەکان حل بکات.

ئاینشتاین ئەو فەرزیەیەی رەچاوکرد ئەگەر خێرایی روناکی بۆ هەموو کەسێک وەک یەک بێت، ئەوا ناکرێت زەمەن و فەزا چەمکی گەردونی بن. لە بری ئەمە، ئاینشتاین بیریکردەوە، هەر سەیرکەرێک بگریت، پێویستە چەمکی تایبەتی خۆی تەبەننا بکات و چەمکی فەزای شەخسی خۆی هەبێت. بە پێی تیورییە نوێکەی ئاینشتاین، ئەو کەسەی لە قیتارەکەدا بە خۆی و سەعاتەکەیەوە دانیشتووە، کابرای سەر شۆستەکەی دەرەوە، سەعاتەکە وا دەبینێت کە بە بەراورد لەگەڵ سەعاتەکەی خۆیدا، خاو گوزەردەکات. بە هەمان شێوە، نەفەری نێو شەمەندەفەرەکە سەعاتی کابرای سەر شۆستەکە دەبینێت لە سەعاتەکەی خۆی خاوتر دەڕوات.

ئەنجامەکە لە سەرەتادا وەک شتێکی غەریب دێتە بەرچاو، بەڵام ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەی هەر لە مێردمنداڵییەوە وا راهاتووین کاتێک بیر لە زەمەن دەکەینەوە، ئەوا وەک دیاردەیەکی گەردونی سەیری بکەین. ئەوەی ئاینشتاین پێشكەشی ئێـمەی کرد ئەوەبوو کە تێگەیشتنی منداڵی ئێـمە لەمەڕ زەمەن شتێکی هەڵەیە. زەمەن چەمکێکی گەردونی نییە، بۆ هەموو کەسێک بە هەمان رێژە خۆی واڵا بکات. زەمەن شتێکی شەخسییە، بەندە لەسەر جوڵەی نسبیمان بە رەچاو و نیسبەت ئەوانی ترەوە. بە هەمان شێوە، ڤەزاش، باکگراوندێکی جێگیر نییە وەک ئەوەی خۆمان بیری لێ دەکەینەوە. ئەوەی وەک دورییەکان بیری لێ دەکەینەوە، درێژی شتەکان و تەنەکانیش، لە راستیدا بەندە لەسەر  رەوشی جوڵەی ئێمە و چۆن دەجوڵێین.

ئەمانە ئایدیای سەرسوڕهێنن. سەرەتا ناجێگیر دێنەبەرچاو، چونکە ئەو هۆکارانەی بەکارمان هێناون بۆ تێگەیشتن لە دونیا، لە پڕ پەرواێزخراون. بەڵام نابێت نائومێدبین. لە تیورییەکەی ئاینشتایندا چەمکێک هەیە کە بۆمان ماوەتەوە و پەیوەستە بە فەزا و زەمەنەوە، ئەو چەمکە پارێزگاری لە واقیعی سەربەخۆی سەرنجدەر دەکات. ئەمە پێی دەگوترێت فەزا – زەمەن. لە بری چەمکی گەردونی فەزا (لای نیوتن) و چەمکی گەردونی زەمەن (لای نیوتن)، ئەوەی بۆمان ماوەتەوە بریتییە لە بونیاتێکی فراوانتر کە هەردوکیان (فەزا و زەمەن) لەخۆدەگرێت. کەسێک یان تەنێک، من یان تۆ، وەدوی هێڵێک دەکەوێت کە لە بونیاتێک پێکهاتووە، پێی دەگوترێت هێڵی دونیاکەمان. زەمەنی شەخسی هەر یەکەمان بە درێژایی هێڵی – دونیاکەمان پێوانەکراوە، کاتێکیش دەبینین هێڵی – دونیاکەی من لەوانەیە لەوەی تۆ جیاوازبێت ، بەڵام هەردوکیان لە هەمان فەزا – زەمەندا بونیان هەیە.

بەمجۆرە گۆڕانی فەزا و زەمەن بۆ فەزا – زەمەنە کە بوارمان دەداتێ میکانیکی نیوتن لەگەڵ ماکسوێڵدا تەبا یان یەکانگیربێت. ئەم دۆزینەوەیە یەکێک بوو لە رۆڵە سەرەتاییە نایابەکانی ئاینشتاین لە زانستدا و ئێستا بە بڕبڕەی تیوری تایبەتی نسبییەتی ئاینشتاین حیساب دەکرێت. گەلێک دەرەنجامی جیاواز و قوڵی هەیە، زۆریشیان لە روی تەجروبەوە سەلمێنراون. یەکێک لە بەناوبانگترین دەسکەوتەکانی ئەمە لەوانەیە ئەم هاوکێشەیە بێت:

ئەم هاوکێشەیە پێمان دەڵێت کە بارستایی و وزە بە شێوەیەکی ورد و ئالٶز پێکەوە گرێدراون (ئەمە هەقیقەتێک بوو کە بوو بە ماڵوێرانییەکی بەرچاو کاتێک چەکی ناوکی هاتە ئاراوە.) هەندێک دەرەنجامی تر بریتییە لەو تەنۆلکە ناسەقامگیرە تەمەن درێژانەی وەها دەردەکەون خێرا دەجوڵێن، ئەمە و جگە لەو حەقیقەتەی کە هیچ شتێکی تر نییە خێراتربێت لە روناکی.

ئەم ئەنجامەی دوایی کە ئیشارەمان پێدا لەگەڵ چەمکە نوێکەی فەزا – زەمەندا رێگەیان خۆشکرد بۆ ئاینشتاین بۆ ئەوەی تیورییەکەی لەمەڕ کێشکردن دابڕێژێت. دیسانەوە هێزی هاندەر لەم پەرەسەندنەدا بریتی بوو لە دژژەسازییەکی ئاشکرا و بەرچاو. جارێکی تریش، لێرەدا تیورییەکەی نیوتن بوو کە کێشەی دەخوڵقاند. بەڵام ئەم جارەیان، هەرچۆنێک بێت، دیاربوو دژەسازی لە کارەکەی ئاینشتاین خۆیدا بوو. ئەمەش چونکە هێزی کێشکردنی نیوتن لەو ساتەوەختەدا لە نێوان تەنەکاندا کاردەکات یان کاریگەری هەیە. بە واتایەک، ئەگەر خۆر لە ناکاو تەقییەوە، ئەوا بە حسابی نیوتن بێت دەبێت یەکسەر و لە هەمان ئەو ساتەوەختەدا کە رودەدات هەست بە کاریگەرییەکەی بکەین. بەڵام ئاینشتاین بۆی دەرکەوت شتەکە بەوجۆرە نییە و مەحاڵە. یەکەم، ئاینشتاین دەرکی بەوە کرد کە هیچ شتێک هێندەی خێرایی روناکی گوزەرناکات. دووەمیش، ئەوەی خستەڕوو کە دیاردەیەکی وەک زەمەنی گەردونی بە هیچ جۆرێک بونی نییە، بەمجۆرە ئەو ئایدیایەی کە دوو شت لە هەمان ساتەوەختدا لە دوو جێگەی جیاواز ڕوودەدەن شتێکە ئەقڵ بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکات (ئەگەر لە هەمان ساتەوەختدا لە چاوی سەرنجدەرێکەوە ڕووبدەن، ئەوا بۆ هەر کەسێکی تر لە حاڵەتێکی جیاوازی جوڵەدایە وا نابێت.) بەمجۆرە، دیسانەوە جارێکی تر، دەرکەوت ئیشکالاتێک هەیە و پێویستە چاک بکرێت.

حلەکەی ئاینشتاین بۆ ئەم کێشەیە زۆر لەوە زیاتر مایەی تێڕامان و سەرسامی بوو. ئاینشتاین ئەو فەرزییەیەی ڕەچاوکرد کە کێشکردن دەرەنجامی چەمانەوەی فەزا – زەمەنە، نەک هێزێک بێت لە فەزادا شتەکان بۆ لای یەکتر رابکێشێت. لای ئاینشتاین، ئەو هەقیقەتەی کاتێک تەنە زەبەلاحەکان بە ئاراستەی یەکتر دەجوڵێن، تەنها دەرەنجامی ئەوەیە کە ئەم تەنانە، لەو فەزا – زەمەنە چەماوەیەی کە تێیدا هەن، هەتا بتوانن وەدوی کورتترین رەوت دەکەون. ئایدیاکەش بەوجۆرەیە کە بارستایی و وزە دەبن بە هۆی چەمانەوەی فەزا – زەمەن، ئنجا ئەم چەمانەوەیە بۆ خۆی دەبێت بە هۆی لارکردنەوەی رەوتی ئەو تەنانە کە لە فەزادا بۆ لای یەکتر دەجوڵێن. جوانی ئەم هزرە لەوەدایە کە چیتر پێویست ناکات کێشکردن وەک هێزێکی زیادە، کە لە گەردوندا هەیە، باس بکەین. لەم وێنە نوێیەدا، تەنها شت کە بەرپرسە لە راكێشان لە نێوان تەنە زەبەلاحەکاندا بریتییە لە فەزا – زەمەن خۆی ( بە هەرحاڵێک بێت هەر دەبێت لەوێدا حزوری هەبێت.) ئەمەش ئایدیای بنەڕەتییە لە پشت تیوری گشتتی نسبییەتی ئاینشتاینەوە.

لەوەش سەرنجڕاكێشتر ئەوەیە کە ئایدیای ئاینشتاین بۆ تەفسیری دەرنجامەکەی گالیلۆ کە هەموو تەنەکان، کاتێک دەکەونە خوارەوە، پێکەوە بەر عەرد دەکەون. با ئەوە بهێنینەوە بەرچاوی خۆمان لە تیوری نیوتندا ئەم دەرەنجامە بە راستی هیچ تەفسیرێکی نییە. تەنها وەک هەقیقەت مامەڵەی لەگەڵ کراوە و یاسای کێشكردنیش وەها ئیفرازکراوە کە لەگەڵیدا بگونجێت و بەس. ئاینشتاین باشتر بۆ شتەکە چوو. لە تیورییەکەیدا، ئاینشتاین هێزێکی دەرەکی بە ناوی کێشکردنەوە بوونی نییە؛ جوڵەی هەموو تەنێک تەنها بریتییە لە ئەنجامی چەمانەوەی فەزا – زەمەن. بەڵام هەموو تەنەکان لە هەمان فەزا – زەمەندا دەجوڵێن، هەر بۆیەش هەموو تەنەکان هەمان رەوت دەگرنەبەر. بە واتایەکی تر، هەموو تەنەکان پێویستە بە هەمان رێژە بکەونە سەر زەوی، هەروەک چۆن گالیلۆ خۆی سەرنجیداوە.

ئەم ئایدیانە گەلێک جار دوچاری چەواشەمان دەکەن، بۆیە با بیر لە نمونەیەک بکەینەوە. تەسەورکە رەوتی دوو تەن کە هیچ هێزێک کاریگەری لەسەریان نییە. رەوتی دوو تەنەکە، لە فەزایەکی تەختدا هێڵێکی راستە، وەک لەم وێنەیەدا دێەبەرچاو.

خۆ ئەگەر فەزا چەماوە بێت، ئەا ئەمە چیتر راست نییە. با رەچاوی سادەترین فەزای چەماوە بکەین: رووی گۆیەک. کورتترین دووری یان رەوتی نێوان دوو خاڵ لەسەر ڕووی گۆیەکە بە بازنەی گەورە ناودەبرێت ( ئیستوا نمونەی بازنەیەکی گەورەیە – لەسەر گێتییەکە( ئەگەر دوو تەنمان هەبێت و دوو بازنەی گەورەی جودایان هەبێت لەسەر هەمان گۆیەکە، ئەوا سەرێک لە یەکتر دووەدەکەونەوە، بەڵام دوایی دیسانەوە بە یەکتر دەگەنەوە. سەیری ئەم وێنەیەی خوارەوە بکە.

ئا بەمجۆرە ئاینشتاین وێنای چۆنیەتی کارکردنی کێشکردنی کرد. تەسەوری کرد ئەوەی بەرپرسە لە رەوتی ئەو تەنانەی بە یەک دەگەن بریتییە لە چەمانەوە نەک شتێکی دەرەکی بە لای چەپدا یان راستدا بیجوڵێنێت. عادەتەن چەمانەوەی فەزا – زەمەن زۆر ناڕێکترە لە روی گۆیەک ، بەڵام ئایدیا بنەڕەتییەکە هەر هەمان شتە. ئەوەی پەیوەستە بە دەرەنجامی کێشكردنەوە، دەرکەوت کە گەورەترین کاریگەری تیورییە نوێکەی ئاینشتاین هەروەک ئەو یاسایە وەهایە کە نیوتن دوو سەد ساڵ پێش باسیکردووە. جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئەم یاسایە بە تێگەیشتنێکی تازەوە لەمەڕ فەزا و زەمەن هاتووەتە ئاراوە و جگە لەوەش، پێشبینی فرەچەشنەی بچکۆلەی کاریگەری پێشکەشکردووە.

ئێستا با بیربکەینەوە کە هەموو ئەمانە لە حاڵەتێکی پراکتیکیدا چی دەگەیەنن. ئەگەر کەسێک بە مەلە – ئاسمانی skydiving خۆی لە فڕۆکەیەک هەڵبداتە خوارەوە و بە شێوەیەکی ئازادانە بکەوێتە خوارەوە. بە پێی تیورییەکەی ئاینشتاین، رەوتی ئەو کەسە(مەلەوانە ئاسمانییەکە skydiver ) هەتا بکرێت راسترین هێڵ لە خۆدەگرێت بە درێژایی فەزا – زەمەنە چەماوەکەی دەوری زەویدا. لە گۆشەنیگای کابرای مەلەوانە ئاسمانییەکەوە، ئەمە تەواو بە شتێکی سروشتی دێتە بەرچاو. جگە لەو هەوایەی بە توندی بە لایدا گوزەردەکات، مەلەوانە ئاسمانییەکە بە هیچ جۆرێک هەست بە هیچ هێزێکی تر ناکات. لە هەقیقەتدا، ئەگەر بەرهەڵستی هەواکە نەبێت، ئەوا بە هەمان شێوەی زانایەکی فەازیی لە ئاسماندا هەست بە بێ کێشی خۆی دەکات. تەنها هۆ کە وامان لێ بکات مەلەوانە ئاسمانییەکە دەچێتە حاڵەتی تاودانەوە ئەوەیە کە ئێمەی ئنسان وا راهاتوین کە روی سەر زەوی چوارچێوەی ژێدەرەکەمانە. خۆ ئەگەر بتوانین خۆمان لەم دیاردە تەقلیدییە قوتاربکەین، ئەوا هیچ هۆیەکمان نییە بۆ ئەوەی بڵێین کابرای مەلەوانە ئاسمانییەکە بە هیچ جۆرێک لە حاڵەتی تاوداندا نییە.

با ئێستا ئیعتیبارێک لەسەر زەوەی بۆ خۆمان دابنێین، سەرهەڵبڕین و سەیری ئەو کەوتنەخوارەوە سەرچڵییە ترسناکەی خۆمان بکەین. عادەتەن، زەینمان وەها وەسفی جوڵەمان دەکات کە لە حاڵەتێکی وەستانداین. ئەمەش دیسانەوە هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چونکە ئێمە وەها فێربووین عەرد بڕیاردەدات کە چی لە وەستاندایە و چی لە جوڵەدایە. خۆت لەم زیندانە رزگاربکە و بۆت دەردەکەوێت کە خۆت، لە هەقیقەتدا، لە پرۆسەی تاوداندایت. هەست دەکەیت هێزێک فشاری خستووەتە سەر بنی پێت و بەرەو سەرەوە پاڵت پێوەدەنێت، هەر بە هەمان شێوەی کاتێک لە مەسعەدەکەدایت و زۆر بە خێرایی بە ئاراستەی سەرەوە تاودەدات. لە وێنەکەی تیوری ئاینشتایندا هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان خۆت کاتێک لەسەر زەویت و کاتێکیشش لە نێو مەسعەدەکەدای. لە هەردوو حاڵەتەکەدا بە ئاراستەی سەرەوە لە تاوداندایت. لە نمونەی دووەمدا(واتە مەسعەدەکە) مەسعەدەکەیە کە بەرپرسی تاودانەکەی تۆیە. لەوەی پێشودا، هەقیقەتەکە ئەوەیە کە زەوی پتەوە و بەرەو سەرەوە بە نێو فەزا – زەمەندا پاڵت پێوەدەنێت، شەقێکت تێهەڵدەدا و لە کەوتنە خوارەوەی ئازادت دەخات کە رەوتەکەی کەوانەییە. ئنجا کاتێک روی زەوی لە هەموو خاڵێکدا بەرەو سەرەوە تاودەدات هۆکەی ئەوەیە کە لە فەزا – زەمەنێکی چەماوەییدایە نەک تەخت، ئەمە لە کاتێکدا وەک تەنێکی پتەویش هەر دەمێنێتەوە.

بە لەبەرچاوکرتنی ئەم گۆڕانە سروشتی راستەقینەی کێشكردنمان بۆ روون دەبێتەوە. مەلەوانە – ئاسمانییەکە بە شێوەیەکی ئازادانە بەرەو عەرد دەکەوێتە خوارەوە چونکە ئەو فەزا – زەمەنەی تێیدا دەکەوێتە خوارەوە سیمایەکی چەماوەیی هەیە. لە راستیدا هێزێکی دەرەکی نییە کە بە ئاراستەی خوارەوە کێشی دەکات، بەڵکو جوڵەی سروشتی خۆیەتی بە نێو فەزایەکی چەماوەییدا. لە لایەکی ترەوە، کاتێک کابرایەک لەسەر عەرد بە پێوە وەستاوە، ئەو فشارەی لەسەر پاژنەی پێی هەستی پێدەکات دەگەڕێتەوە بۆ رەقی و توندی زەوی کە بە ئاراستەی سەرەوە پاڵ دەنێت. دیسانەوە هیچ هێزێکی دەرەکی بوونی نییە کە بەرەو عەرد راتبکێشێت. تەنها ئەو هێزە ئەلکترۆستاتیکیەیە کە لە بەردەکانی ژێر پێتدا هەیە و زەوی وا پتەو کردووە و ئنجا ناهێڵێت وەدوی رێچکەی جوڵەی سروشتی خۆت بکەویت(کە ئەمیش دیسانەوە هەر کەوتنەخوارەوەی ئازادانەیە.)

بەمجۆرە، ئەگەر بێتوو خۆمان لە پێناسی جوڵەی خۆمان بە نیسبەت رووی عەردەوە ئازادبکەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە مەلەوانە – ئاسمانییەکە تاونادات، لە کاتێکدا ئەو کابرایەی لەسەر روی زەوی بە پێوە وەستاوە تاودەدات. تەواو بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی تەقلیدیمانەوەیە. با بگەڕێینەوە بۆ تەجروبەکانی گالیلۆ لەسەر ترۆپکی بورجی پیزا، ئێستا حاڵی دەبین کە بۆچی گالیلۆ کاتێک تێڕامانی ئەنجامدەدا، سەیریکرد هەموو تۆپەکان لە هەمان ساتەوەختدا بەر عەردی دەکەوتن. لە راستیدا تۆپەکان نەبوون لە گالیلۆ دوور دەکەوتنەوە و تاویان دەدا، بەڵکو گالیلۆ خۆی بوو کە دەچووە تاودانەوە و لە تۆپەکان دوردەکەوتەوە! بەمجۆرە ئەگەر ژمارەیەک تەنمان هەبێت و لە هەندێک نوقتەی فەزادا لە حاڵەتی وەستاندا بن و خۆم لە پرۆسەی تاوداندا بم و لێیان دوربکەومەوە، بە هیچ جۆرێک پێویست ناکات سەیرم لێ بێت کە دووری نێوان من و هەر یەک لە تەنەکان بە هەمان رێژە زیاددەکات. نمونەکەی گالیلۆش هەر بە هەمان شێوەیە.

لای هەندێک، جوانییەکە لەم وەسفەدا شتێکی ڕون و ئاشکرایە. بەڵام لای هەندێکی تر هەقیقەتەکە لەوەدایە کە دەشێت ئنسان لە رووی تەجروبەوە تیورییەکەی ئاینشتاین ئەزم بکات، کە ئەمەش جێگای قەناعەتە. ئەم تاقیکردنەوانە گەلێک شت دەگرنەوە، هەر لە گەڕان لە دوی لادانێکی بچکۆلەی هەسارەکان لە خولگەی خۆیان هەتا دەگاتە چەمانەوە یان لاربونەوەی روناکی بە دەوری خۆردا و گەلێک شتی تریش. لە چاپتەرەکانی داهاتوودا گەلێک لەم دیاردە سەرنجڕاكێشانە تاووتوێ دەکەین. بەڵام بە درێژایی ئەم چاپتەرانە، ئەوەمان لە بیرنەچێت کە: چەمانەوەی فەزا – زەمەنە کە بەرپرسە لەم هەموو دیاردانە.

شێرکۆ رەشید قادر
Clifton, Timothy. Gravity: A Very Short Introduction (Very Short Introductions) . OUP Oxford. Kindle Edition

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *