ئایا ئاینشتاین راست بو؟

‘جەنابی نیوتن داوای لێبوردن
دەکەم’

 ئاینشتاین

ئەمساڵ سەد و سێ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر یەکێک لە گەورەترین دەسکەوتەکانی سەدەی رابڕدودا: ئەویش بریتییە لە تیوری گشتی نسبیەتی ئاینشتاین. لە نۆڤەمبەری 1915 دا، ئاینشتاین لە فەترەی یەک مانگدا چوار پەیپەری کورتی زانستی پێشکەشکرد بە ئەکادیمیای زانستی پروسیا، هەفتەی یەک پەیپەر، لە ماوەی ئەم مانگەدا، فیکری ئاینشتاین زۆر بە خێرایی گۆڕانی بەسەردا دەهات و هەتا لە کۆتاییدا ئەو تیورییە لەدایکبو کە بە سەرەتای شۆڕشی کۆزمۆلۆژی هاوچەرخ دادەنرێت. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا و لە دیدی ئێمەوە، تیوری گشتی بە سەرکەوتنێکی پڕشنگدار دەزانین. تیوری گشتی (شانبەشانی میکانیکی کوانتەم)، بە یەکێک لە روانگە هەرە گەورەکانی فیزیکی هاوچەرخ دادەنرێت. ئەم تیورییە تێگەیشتنی هاوچەرخانەی کێشکردنمان پێشکەش دەکات، لە هەردوک لاوە – هەم چۆن و هەم بۆچی کاردەکات- یارمەتیمان دەدات گەردون تاووتوێ بکەین و تەفسیری بکەین.

لەگەڵ هەمو ئەمانەشەدا، هەوەک لێرەدا ئیشارەی پێدەدەم، ناساندن و دانپێدانان بە تیورییەکەی ئاینشتاین هەروا راستەوخۆ و پرۆسەیەکی ئاسان نەبو. بۆ زیاتر لە نیو سەدە تیوری گشتی نسبییەت وەک بونیاتێکی پەنهان و رەمزی وابو، دیدی زۆر لە زانایانیش بەوجۆرە بو کە بە دەگمەن پەیوەندی بە دونیای واقیعەوە هەیە. شرۆڤەکارانی تیوری گشتی سودیان لە ماتماتیکی تەلیسماوی (کالکیولەسی تێنسەر[i]) وەرگرت بۆ وەسفکردنی کێشكردن بە فۆرمی فەزا-زەمەنی چەماوە. خەڵکانێکی زۆر کەم – تەنانەت لە نێو زانا گەورەکانیشدا- توانستی ئەزمکردنی مانای راستەقینەی تیورییەکەیان هەبو. تەنانەت هەتا ساڵانی 1960 کانیش، توێژەرانی لاوان ئامۆژگاری دەکران کە خۆیان بەدوربگرن لە تیوری گشتی چونکە زۆر بە دەگمەن پەیوەندی هەیە بە ئەسترۆنۆمی راستەقینەوە. خۆشبەختانە هەندیک لەم نەوە نوێیە گوێیان لەم ئامۆژگارییانە نەگرت.

لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمدا، میراتی تیورییەکەی ئاینشتاین
بە تەرزێکی دراماتیکی گۆڕانی بەسەردا هات. پێوانی وردی فەزا و زەمەن بە شێوەیەکی وەها
بەرچاو لە زیادبوندا بو کە تیورییەکەی خستە بەردەم تەجروبەوە، پاشان لە هەمو
تەجروبەکاندا سەرکەوتنی نایابی بەدەستهێنا. لەم گوتارەدا ئایدیایەکتان لەمەڕ ئەم پەرەسەندنانە
بۆ دەخەمەڕو.

بێگومان لێرەدا وەها باشترە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا. ئایا
تیوری گشتی کێشكردنی ئاینشتاین چییە؟

بۆ ئاسانی پرسەکە، با بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1905 ، کاتیک ئاینشتاینی لاو یەکەم تیوری
رادیکاڵانەی خۆی بە چاپ گەیاند. ئاینشتاین، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی تیوری تایبەتی
نسبییەتدا ئەو پرسەی حلکرد کە پەیوەست بو بە ئەلکترۆماگنێتیک و جوڵەوە. تیورییەکە
پەیوەندی نێوان فەزا و زەمەنمان بۆ رون دەکاتەوە. تیورییەکە خۆی لەسەر تەنها
بناغەیەک دادەڕێژێت، زۆر سادەیە، بریتییە لە فەرزییەیەک، ئەویش خێرایی روناکی ( لە
بۆشاییدا vacuum ) لە گۆشەنیگای هەمو چاودێرێکەوە وەک یەکە و
هەمان شتە، گرنگ نییە بە نیسبەت یەکترەوە چۆن دەجوڵێن ( بە مەرجێک نەچنە حاڵەتی
تاودانەوە). دەرەنجامەکانی ئەم فەرزیەیە لەگەڵ ژیانی رۆژانەماندا ناتەبان. جوڵەی سەعاتەکان
خاودەبێتەوە، پارچە شیشێک کە دەجوڵێت کورت دێتە بەرچاو، پاشان بە ناوبانگترین
هاوکێشەمان لە فیزیکدا لەبەردەستدایە، ئەویش 
E=mc^2 (واتە وزە دەکاتە بارستایی کەڕەت دوجای خێرایی
روناکی). تەنانەت بچوکترین گەردیلەی خۆڵیش بڕێکی بێشومار وزە پەخش و دروست دەکات.

تیوری تایبەتی نسبییەت سەرکەوتنی گەرماوگەرمی
دەستەبەرکرد، پێدەچێت خەڵکانی تریش لەسەر هەمان هێڵی بیرکردنەوە تەبەننای وێنەکەیان
کردبێت و دەرەنجامی نزیکیشیان فەراهەم کردبێت. ناوەندە زانستییەکان تیورییەکەی
ئاینشتاینیان بە رەسمی ناساند، بەڵام ئەوەندە و هیچی تر. چونکە لە بێرن هەروەک
موەزەفی ئۆفیسی پەیتنت مایەوە. لە ساڵی 1906 دا، پلەکەی
بەرزکرایەوە بۆ یاریدەدەری تەکنیکی پلە-یەک، بەڵام ئەوەندەی من بزانم، ئەمە ئەوەندە
پەیوەندی بە تیوری نسبییەتەوە نییە.

ئاینشتاین زۆر باش ئاگادار بو لەوەی تیورییەکەی هێشتا
کامڵ و کەماڵ نییە. تیورییەکە وەسفی ئەو تەنانە دەکات کە لە جوڵەی نەگۆڕی نسبیدان.
هیچ حسابێکی بۆ تاودان نەکردبو. ئەو ئایدیایەش کە دەڵێت هیچ زانیارییەک لە روناکی
خێراتر ناجوڵێت ئیشکالاتی راستەوخۆی لەگەڵ یەکێک لە تیورییە سەرەکییەکانی فیزیکدا
هەبوو: ئەویش یاسای دوجای پێچەوانەیی کێشكردنی نیوتن بو.

بۆ دو ساڵی داهاتو، کێشەکە ئاینشتاینی نیگەران کردبو. دوایی، رۆژێک لە ساڵی 1907 لە سەر مێزی ژوری ئۆفیسەکەی سەرقاڵی کارکردن بو. پێدەچێت زۆرێک بێتاقەت بوبێت، لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەی کرد، ئەو کرێکارانەی بینی کە پەنجەرەکەیان پاک دەکردەوە. لە ناکاو تەسەوریکرد ئەگەر یەکێک لەم کریکارانە بکەوێتە خوارەوە. لەو ساتەدا ئەو خەیاڵەی بۆ هات کە ئەم مرۆڤە، کاتێک دەکەوێتە خوارەوە، لە راستیدا هەست بە کاریگەری کێشكردنی زەوی ناکات. لە هەنگاوێکی جوان و بلیمەتی لۆژیکییانەدا، ئاینشتاین دەرکی بەو راستییە کرد کە ئەم حاڵەتە بە تەواوی وەک ئەو نمونەیە وایە – کاتێک کابرا ئازادانە دەکەوێتە خوارەوە- کە کێش حزوری نییە و خۆی لە پشت مێزەکەی و لە ژورەکەیدا بەرەو سەرەوە لە حاڵەتی تاوداندا بێت. بەمجۆرە ئاینشتاین گەیشتە ئەو ئەنجامەی تاودان و کێشکردن وەک یەکن.

هەنگاوی دوەم پەیوەست بو بە جێگیری خێرایی روناکی لە تیوری یەکەمی ئاینشتایندا. بەمجۆرە ئاینشتاین تەسەوری کرد، ئەگەر لە مەسعەدێکدا بێت و بە ئاراستەی سەرەوە لە تاوداندا بێت و خێراییەکەش نزیک بێتەوە لە خێرایی روناکی ئەوا ئەگەر هاتو تیشکێک خۆی کرد بە مەسعەدەکەدا، ئەوا ئەم تیشکە وەها دێتە بەرچاو کە بە ئاراستەی عەردەکە دەچەمێتەوە. بەمجۆرە، یەکێک لە لایەنەکانی بیرکردنەوەی ئاینشتاین بریتی بو لەوەی روناکی خەسڵەتی تەنبەڵی هەیە، بە واتایەکی تر مەیلی ئەوەی هەیە لە نێوان دو خاڵدا کورترین رەوت دەگرێتەبەر. لە سایەی حاڵەتی ئاساییدا، ئەم رەوتە هێڵێکی راستە، بەڵام لەم تەجروبە خەیاڵبافییەی ئاینشتایندا شتەکە بەمجۆرە نابێت، واتە راستە هێلێک نابێت، بەڵكو رەوتێکی چەماوەیی لەخۆدەگرێت. ئاینشتاین بیریکردەوە، بۆ ئەوەی مۆڵەت بدات بە تیشکەکە بە تەنبەڵی گوزەربکات و کورتترین رەوت راڤە بکات، ئەوا فەزا مەحکومە بە چەمانەوە.

بەم ئایدیایانەوە – پرینسیپی هاوسەنگی و چەمانەوەی
فەزا-زەمەن –  ئاینشتاین بناغەی دارشت بۆ
تیوری کێشکردن. بەڵام سەیریکرد پرسەکە هێشتا دورە لە گەڵاڵەی فکری فیزیکی و
بەدەسهێنانی تیورییەکی کۆملپیت. بەمجۆرە هەشت ساڵی ئایندەی بردەسەر بۆ ئەوەی ئەو
ماتماتیکە فێربێت کە پەیوەست بو بە چەمانەوەی فەزا-زەمەنەوە. هەتا دوای ئەم هەمو
هیمەتە، لە مانگی نۆڤەمبەری 1915 دا،
تیورییەکەی بە کامڵی پێشکەشکرد.

*

تیوری گشتی نسبی ئاینشتاین بە زمانی جیومەتری تەفسیری کێشکردن و شێوەی فەزا و زەمەنی کرد. دەتوانرێت هاوکێشەی ماتماتیکییانەی تیورییەکە بە فۆرمێکی پوخت بنوسریت و ئەو ئینتیباعەمان پێ ببەبخشێت کە مامەڵە لەگەڵ شتێکی تەواو سادەدا دەکەین. بە شێوەیەکی گەوهەری، هاوکێشەیەکمان هەیە، لای چەپی بەندە لەسەر جیومەتری فەزا-زەمەن و لای راستیشی حساب بۆ هەمو مادە دەکات، لە کوێدا هەیە و چۆنیش دەجوڵێت. لە حاڵەتی پراکتیکیدا، هاوکێشەکانی ئاینشتاین دەشێت لە ئاسابەدەر ئاڵۆزبن، بەڵام بۆ مەبەستی ئێستامان، پێویست ناکات ئەوەندە لێیان تێ بگەین، چونکە تەنها ئەوەندەمان بەسە بە هۆیەوە لە گوتە بەناوبانگەکەی جۆن ویلەر حاڵی بین کە دەڵێت،” مادە بە فەزا دەڵێت چۆن بچەمێتەوە و فەزاش بە مادە دەڵێت چۆن بجوڵێت”. تیوری ئاینشتاین وەسفی گەردونێک دەکات زۆر دورە لە ئەزمونی رۆژانەمان. کێشكردن نەک هەر مادە دەجوڵێنێت، بەڵکو روناکی و زەمەنیش دەچەمێنێتەوە. لە کایەی کێشکردندا سەعات خاودەبێتەوە. کێشکردن شەپۆل دەخوڵقێنێت و چاڵە-رەش دروست دەکات. سەرەنجام، کێشکردن یارمەتیمان دەدات بە هۆی خستنەڕوی سەرەتای هەمو شتیك ( بیگ-بانگ) تەفسیری گەردون بکەین. لێرەدا زۆر ئایدیای سەرنجراکێش هەن، بەڵام چۆن دەزانین ئەم ئایدیایانە راستن؟ چۆن ئاینشتاین و ئایدیاکانی دەخەینە بواری تەجروبە و شرۆڤەوە؟

ئاینشتاین خۆی قەناعەتی هەبو بەوەی تیورییەکەی دەبێت
راست بێت. لای وی گەلێک بەهانەی ماقوڵ هەبون وەها بیربکاتەوە، هۆکاری ئەمەش ئەوەبو
کە زانی چەمانەوەی فەزا-زەمەن دیسانەوە دەبێت بە هۆی بەرهەمهێنانەوەی زۆر لە
خاسیەتەکانی کێشكردنی نیوتنی( لە هێزی کێشكردنی لاوازدا). لە هەقیقەتدا، ئاینشتاین
توانی پرسێکی درێژخایەن حل بکات، ئەویش پەیوەست بو بە جوڵەی هەسارەی زاوە(عەتارد mercury )وە. ئەم
پرسە مەتەڵ-ئامێزە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1859 ، ئەویش
کاتێك ئوربەین لێ ڤێرییە (1811-1877) هەوڵیدا کاریگەری هەسارەکانی تر لەسەر دیاردەی
لادانی پێشکەوتنی هەسارەی زاوە بدۆزێتەوە.  ڤێرییە ئەو رێژەیەی دۆزییەوە کە خاڵێکی نزیک  لە خۆرەوە بەرەو پێش دەچێت، ئەویش بە هۆی (بە
حساب) هەبونی هەسارەی تر لە سیستەمی خۆریدا و نزیکە لە هەسارەی زاوەوە. کاتیک
کەوتە کۆکردنەوە و گەڵاڵەی حساباتەکە، سەیریکرد هەمو سەدەیک 43  کەوانە/چرکە[i] کەم دەکات، کە دەکات 3\1 ، ئەمیش بە
هۆی کاریگەری هەسارەی مشتەرییەوە بو. سەرەنجام گەیشتە ئەوەی پێشنیازی ئەوە بکات کە
هەسارەیەک لەو دەوروبەرە نادیارە. ئەم پرسە هەتا هاتنی ئاینشتاین هەر بەردەوام بو،
کاتێک بۆ دواجار ئەم پرسەکەی حلکرد و یەکلایی کردەوە.

بێگومان چەمانەوەی روناکی بە هۆی کێشكردنەوە – ئاشكرایە ئەستێرەکانیش دەجوڵێنێت- دەرەنجامی راستەوخۆی پرینسیپی هاوسەنگییە. ئاینشتاین سەرەتا ئەم کاریگەرییەی لە سالی 1911 حسابکرد، واتە پێش ئەوەی تیورییەکەی تەواو گەڵاڵە بکات. توانی فەلەکناسان قایل بکات کە دەتوانرێت بە هۆی تەجروبەوە ئەم پێشبینییە پشتراست بکرێتەوە، ئەویش لە کاتی دیاردەی خۆرگیراندا. ئەوەی مایەی خۆشبەخی بو – بێگومان بۆ ئاینشتاین- زۆر لە گەشتەکان بۆ ئەم مەبەستە فەشەلی هێنا، چونکە یەکەم حسابات(هی ئاینشتاین) هەڵەبو. لە تیورییەکەی ساڵی 1915دا ئەم هەڵەیەی راست کردەوە، بەڵام ئەو کاتە جەنگ لە ئارادا بو. دوایی لە ساڵی 1919 دا، گەشتێکی بەریتانی بۆ تێڕامان لە خۆرگیران و تۆمارکردن و سەلماندنی دیاردەی چەمانەوەی روناکی بە رابەری فەلەکناسی گەورەی بەریتانی ئارتەر ئەدینتن ( 1944-1882) ئەنجامدرا، سەرەنجام پرسەکە یەکلایی بوەوە و تیورییەکەی ئاینشتاین لەمەڕ چەمانەوەی روناکی سەلمێنرا. بەمجۆرە ئاینشتاین لە شەو و رۆژێکدا بو بە بەناوبانگترین ئنسان لەسەر گۆی زەوی، ناوی چوە سەر خوان و باسی هەمو ماڵێک. لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامەکان بە تەواوی مایەی رەزامەندی نەبون، بەڵام داتای رامانەکان لەگەڵ بەهای حساباتەکانی ئاینشتایندا( بە هەڵەی 30%) تەریب بون. ئەم ئاستی نایەقینییە هەتا عەیامێکی درێژ بەردەوام بو.

کاتێک ئاینشتاین لە ساڵی 1955 دا مرد،
مێزێکی بە جێهێشت پڕبو لە حسابات و پرسیاری بێ وەڵام. زۆر لە پێشبینییەکانی
تیورییەکەی مابون کە هێشتا بخرێنە ژێر تەجروبەوە. بەگشتی زانایان ئارەزوییەکی جدی
و پەرۆشیان نەبو بۆ تاقیکردنەوەی تیورییەکانی و زۆربەیان وەک تیورییەکی ئاڵۆز
حسابیان بۆ دەکرد.  

دوای مردنی ئاینشتاین خۆی بە چەند دە ساڵێک، تیوری
نسبیەت وریابونەوەی بەخۆوە بینی، ئەمەش بە هۆی سێ پەرەسەندنەوە بو: یەکەم،
دروسبونی سەعاتی ئەتۆمی[i]، کە یاریدەدەرێکی باش بو بۆ پێوانەی وردی فەزا و زەمەن.
دوەمیش، لەدایکبونی تەرز و نەوەی نوێی تەلەسکۆپ – کە لەسەر بنەمای
ئەو تەکنەلۆژییە بونیاتنرابون کە لە جەنگی دوەمی جیهانیدا گەشەیان کردبو- ئەمە بۆ
خۆی شۆڕشێکی لە ئسترۆنۆمیدا بەرپاکردبو. سێیەمیش، نەوەیەک لە
فیزیکناسی خاوەن بەهرە هاتن و پێداچونەوەیان بە تیورییەکانی ئاینشتایندا کرد،
ئەمەش بو بە هۆی زیاتر تێگەیشتن لە راڤەکارییەکانی ئەم تیورییانە.

*

هەزاران ساڵ بو فەلەکناسان توێژینەوەیان لە ئاسمانی
شەوان دەکرد، بە حەوت تەبەقەی ئاسماندا وەدوی جوڵەی ئەستێرەکان دەکەوتن، تێدەکۆشان
لە پەرەسەندنی لەسەرخۆی ئەم تەنانە حاڵی بن و تێ بگەن. بەڵام لە راستیدا
گەردونەکەی ئێمە هەرگیز بەوجۆرە نییە. هەر کە تەلسکۆپی رادیویی بە ئاراستەی ئاسمان
جوڵا و کەوتە تۆمارکردنی تێڕامان، دەرکەوت گەردونەکەمان مەنزڵێکی پڕ ئاشوبە.

لە سالی 1963 دا، مەئارتن
شمیدت Maarten
Schmidt یەکەم کوەیزەری[ii] quasar دۆزییەوە (ژێدەری رادیویی 3C 273 )، ئەمانە
جۆرە تەنێکی گەشن و بە هەڵە وەک ئەستێرە ناسرابون، بەڵام دەرکەوت بلیۆنان ساڵ لە ئێمەوە
دورن. دەبێ ئەو وزەیە چی بێت ئەم دیمەنە درەوشاوەی دروستکردوە؟ وەڵامەکەی هەروەک
دەرکەوت، کێشكردنە. ئێستا دەزانین ئەم گالاکسییە چالاکە دورانە لەوانەیە هەزار
ئەوەندەی گالاکسی ئاسایی درەوشاوەبن. لە هەندێک حاڵەتیشدا، وەک نمونەی سیگنەس–ئەی Cygnus A بە جۆرێکی
لە ئاسابەدەر مادە فڕیدەداتە د ەرەوە کە زیاتر لە هەزاران ساڵی روناکی لە چەقی
گالاکسییەکە خۆیەوە بڕدەکات و دەبڕێت.

کاتێک ئەستێرەکان، لەم گەردونە نوێیە دراماییەدا، وزەی
ناوکییان تێدا نامێنێت، وەک سوپەرنۆڤا دەتەقنەوە و لەوانەیە ببن بە هۆی پێکهێنانی
ئەستێرەی نیوترۆنی، کە زۆر جار وەک پوڵساری[iii] رادیویی دەبینرێن. ئەم فتیلە رادیۆییانە، سەرەتا لە
ساڵی 1967 ، لە لایەن ”جۆسیلین بێڵ”ەوە دۆزرانەوە، بریتین
لە هەندێک لە تەنە هەرە قەبەکانی سروشت. بارستاییان شتێک لە بارستایی خۆر زیاترە و
بە ئاراستەی ناوەوەی خۆیان چونەتەیەک (واتە پەستێنراون)، بەڵام نیوەتیرەکەیان
تەنها دە کیلۆمەتر دەبێت، بە خێراییەکی لە ئاسابەدەر و سەیر دەخولێنەوە، بۆ نمونە
پۆلساری قرژاڵ کە پەیوەستە بە تەقینەوەی سوپەرنۆڤایەک لە دەوروبەری 1054ی پاشزاینیدا تۆمارکراوە، خێرایی خولانەوەکەی دەگاتە 33 سوڕ لە
چرکەیەدا، بێگومان ئەمە خێراترین پۆلسارە. ئەم تەنانە، لە زۆر لایەنی فیزیکی
هاوچەرخەوە، نمایشی تەجروبەی تێگەیشتنی ئنسانی هوچەرخ دەکەن. بێگومان ئەم پرۆسەیە
پێویستی بە تیوری گشتی نسبی ئاینشتاین هەیە، هەروەک دوایی دەبینین، گەلێک زەمینەی
نایابمان بۆ خۆش دەکەن بۆ تاقیکردنەوەی تیورییەکە.

پێشکەوتن و باشتربونی تەکنەلۆژی بە پلەیەکی بەرز بون بە هۆی ئەنجامدانی گەلێک تەجروبەی نایاب لە تیوری گشتی نسبییەتدا. بۆ نمونە، مەسینجەری ناسا ( لە 2011 وە لە سوڕانەوەدایە) لادانی ئەوپەڕی زاوەی (عەتارد) پێوا، وردی پێوان و ئەنجامەکەی گەیشتە کەرتێکی سەدی. هەمان کاریگەر تاقیکرایەوە، بەڵام لە کایەیەکی کێشکردنی زۆر بە هێزتری پۆلساری دوانەییدا ( PSR B1913+16 ) ، لە ساڵی 1974  دا، لە لایەن ریچارد هەڵس Richard Hulse  و جۆزێف تەیلەرەوە Joseph Taylor دۆزرایەوە.[iv] لەمەڕ ئەم سیستەمە، لادانی پێشکەوتنەکە لە ساڵێکدا چوار پلەیە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنت کاریگەری نسبییەت زۆر خێراتر کەڵەکە دەبێت و پاشانیش تەجروبەیەکی باشتر بۆ تیورییەکە دەخاتەڕو.

کاتێک پرسەکە دێتە سەر چەمانەوەی روناکی، چەندەها ریزی
تەلەسکۆپی رادیۆیی ئەو کوەیزەرە دورانە بەکاردەهێنێت کە لە پشت خۆرەوە رەت دەبن و
پێشبینییەکەی ئاینشتاینیش هەتا ئاستی  0.01% پشڕاست دەکاتەوە. گەشتەکانی ئێسا ESA و گایا GAIA ، کە ئامانجیان بریتییە لە وەدوکەوتنی جوڵەی
لە سەدا یەکی ئەستێرەکان لە گالاکسیەکدا، وا چاوەڕوان دەکرێت چەمانەوەی روناکی
هەتا ئاستی یەک لە ملیۆنێکدا تاقی بکاتەوە. بەمجۆرە، ئەمەش هیچ بۆشاییەک جێناهێڵیت
بۆ مۆدڵی بەدیلی تر.

لە راستیدا، چەمانەوەی روناکی بوە بە ئامرازێکی گرنگ لە
ئەسترۆنۆمی هاوچەرخدا. کێشکردن دەتوانێت هاوێنەی lens سەرچاوە دورەکان بە زۆر رێگای جیاواز ئەنجام بدات، وەکو فرە-وێنە،
کەوانە، یان لە هەندێک حاڵەتدا بازنەی کامڵیش پێکبهێنێت. دوای بەراوردکردن لەگەڵ
حساباتە وردەکاندا، ئەو روناکییە شێواوەی لە ئەسڵدا لە گەردونی دورەوە
هاتوە(بێگومان دوای ئەوەی زەمەنێکی ئێجگار زۆری پێچوە) سەرەداوێکمان لەمەر حزوری
مادە لە نێوان ئێمە و سەرچاوەکەدا پێشكەش دەکات. کاتێک ئەم زانیارییانە یەکدەخەین
لەگەڵ ئەو داتایەی، بۆ نمونە، لە ئاماری ئاسمانی دیجیتاڵی سلاونەوە (Sloan
Digital Sky Survey)  دێت، ئەوا نایابترین و
باشترین جڵەومان لەمەڕ مادەی تاریکی گەردون پێشکەش دەکەن.

بێگومان، گەشەکردنی سەعاتی ئەتۆمی دەروازەیەک بو بۆ تێگەیشتن لە ژمارەیەک تەجروبەی وردی تیوری گشتی. تیوری گشتی دەڵێت کێشكردن دەبێت بە هۆی خاوکردنەوەی سەعاتەکان. بەڵام لە ژیانی رۆژانەی خۆماندا کاریگەری ئەمە شتێکی بچکۆلەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، گەلێک رەنگدانەوەی هەیە. ئاینشتاین خودی خۆی سەرنجیدا کە شەپۆلی روناکی دەبێت بە ئاراستەی سور لابدات ئەمەش چونکە روناکییەکە هەوڵدەدات لە زەبری راکیشانی هیزی کێشکردنی خۆر هەڵبێت. لە بنەڕەتدا، روناکی خۆی کەمێک ”هیلاک” دەبێت، ئنجا برێک لە وزەکەی لەدەست دەدات و شەپۆلەکەی بەرەو نزمی دەچێت. یەکەم هەوڵدان بۆ پێوانی ئەم کاریگەرییە لە ساڵی 1917 دا ئەنجامدرا، بەڵام بە هۆی نەبونی تەکنەلۆژیای تۆکمە و پێشکەوتو لەو رۆژگارەدا، تەجروبەکە هەتا بڵێێ زەحمەت و سەخت بو( روی خۆریش ”شێواو بو”). بەمجۆرە لادانی-سوری خۆر هەتا ساڵی 1962 نەپێورا. ئنجا ئەو کاتە یەکەم تاقیکردنەوەی وردی لادانی-سوری لە لایەن رۆبێرت پاوەند و گلێن رێبکا، لە ناوەندی میت(MIT) ئەنجامدرا. لە ساڵی 1959 دا، لادانی وزەی ئەو فۆتۆنانەی لە بورجێکەوە، کە بەرزییەکەی 23 مەتر بو، دەکەونە خوارەوە بەراوردکرد بە لادانی وزەی ئەو فۆتۆنانەی بە ئاراستەی سەرەوە، بە هەمان بەرزی 23 مەتر، هەڵدەدرێن. لە جەوهەردا، ئەمە یەکەم پێوانەی بارستایی فۆتۆن بو.

دوای چەند ساڵێکی کەم، لە 1964 دا، ئیروین
شاپیرۆ کاریگەرییەکی پەیوەندیداری دۆزیەوە، ئەویش چوارەم تاقیکردنەوەی تیورییەکەی ئاینشتاین
بو. کاتێک روناکی بە کایەیەکی
کێشكردندا گوزەردەکات خاودەبێتەوە، کە بە ئاراستەی سیگناڵێکیش دەبزوێت، تۆزێک
درەنگتر لە پێویست دەگات. نمونەیەکی ئەم حاڵەتە بریتی بو لە دواکەوتنی ئەو
سیگناڵانەی کەشتی گاسینی کە دەرکەوت لەگەڵ تیورییەکەدا هەتا ئاستی  %0.001  تەبان.

رێگایەکی شیاو بۆ بەکارهێنانی سەعاتی ئەتۆمی لە
تاقیکردنەوەی تیوری ئاینشتایندا ئەوەیە سەعاتێک لەسەر عەرد هەبێت و سەعاتێکی تریش
لە ئاسمانی بەرزدا حزوری هەبێت. خۆ ئەگەر تیورییەکە راست بێت، ئەوا پێویستە سەعاتەکەی
ئاسمان کە لە حاڵەتی بەرزەفڕیندایە خێراتر لێبدات لەوەی لەسەر عەرد بەجێمان
هێشتوە. بەڵام ئەم تەجروبەیە هەروا ئاسان نییە وەک دەردەکەوێت، چونکە ئنسان دەبێت
ئەو هەقیقەتە لەبەرچاو بگرێت کە تیوری تایبەتی نسبییەت دەڵێت سەعاتێک کە لە حالەتی
جوڵەدایە خاودەبێتەوە.

یەکەم تاقیکردنەوەی سەرکەوتو لەم جۆرە لە ساڵی 1971دا،  لە لایەن
جۆزێف هافێڵ و ریچارد کیتنەوە ئەنجامدرا. یەکێک لەو سەعاتە ئەتۆمییانەی هێنا کە بە
فرۆکەی مەدەنی دەورانی دونیای کردبو. سەعاتەکە حسابی دو شوێنی بۆ کرابو، زانایان
لە هەردو جێگاکە سەعاتەکەیان جێگیرکردبو. کاتێک گەڕانەوە و کاریگەری هەردو تیوری نسبییان
یەکخست بۆیان دەرکەوت کە تەجروبەکە لەگەڵ بێشبینییەکاندا کۆک بون.

بێگومان وردەکاری پێوانەکردنی خاوبونەوەی سەعاتەکان لە
رۆژانی پێشڕەوانی ئەم پرۆسەیەوە بە ئاراستەیەکی بەرزرتر هەنگاوی هەڵگرتوە، بە شێوەیەکی
سەرەکیش دوای گەشتە ئاسمانییەکان. رابەری ئەمەش بریتی بو لە توێژینەوەی کێشكردنی
پرۆبی A ، کە
تاقیکردنەوەیەکی موشەکی بو لە ساڵی1976  دا هەڵدرا و
سەعاتی مەیسەری هایدرۆجینی[i] (مایکرۆیڤی هاوتای لەیزەر) لەگەڵ خۆی هەڵگرتبو. کاتێک
لە ئەتلەنتیک، دوای سەعاتێک و پەنجا و پێنج خولەک. نیشتەوە، پێشبینی تیورییەکەی
تاقیکردبوەوە و ئەنجامەکەشی لە %0.01 باشتربو.

هەمو هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی وردەکارییەکی بەرزتر هەر
بەردەوامە. لە ساڵی 2016
تاقیکردنەوەی سەعاتی ئەیسس/فاروا (ACES/Pharao) بەرەو فەزا
هەڵدەدرێت، ئەو پێوانەیەی ئەنجامی دەدات باشترین پێوانەی کات دەبێت هەتا رۆژگاری
ئێستاش.

پێویستە لێرەدا ئیشارە بدەین بە پرۆبی بی(Probe
B). دوای خۆئامادەکردن، کە
ماوەیەکی زۆری خایاندا، ئەم تاقیکردنەوەیە لە ساڵی 2004 وە چۆتە ئاسمانەوە. سەرکەوتوانە جایرۆسکۆپی هەستیاری
بەکارهێنا بۆ پێوانی چۆن زەوی ، کاتێک دەسوڕێتەوە، فەزا و زەمەن لەگەڵ خۆیدا راپێچ
دەکات و پێشبینییەکانی ئاینشتاین بە وردەکارییەکی باشتر لە %1  پشتڕاست دەکاتەوە.

ئەو هەقیقەتەی کێشکردن تەمەنی سەری ئنسان خێراتر دەکات
وەک لە پێیەکانی، ئەوەندە کاریگەری نییە لەسەر ژیانی ئنسانەکە، بەڵام زۆر لە ئێمە
ئەو تەکنەلۆژیایە بەکاردەهێنین کە ئەگەر حساب بۆ تیوری نسبییەت نەکەین ئەوا تەکنەلۆژیاکە
هیچ ئیش ناکات.

بۆ نمونە، سیستەمی جی.پی.ئێس ( GPS)، کە
بەهاکەی بلیۆنان دۆلارە، 24 سەتەلایتی
هەیە بە دەوری عەردا دەسوڕێنەوە، هەر یەکەیان سەعاتێکی ئەتۆمی ورد لەخۆدەگرێت و
یارمەتیمان دەدات بە وردی 15 مەتر و بە
زەمەنی دەڤەرەکە (بە نزیکەیی پەنجا لە بلیۆن چرکەدا) شوێنان بدۆزینەوە. سەتەلایتەکان
بە خێرایی 1400 کیلۆمەتر لە
سەعاتێکدا و رۆژانە دوجار بە دەوری زەویدا دەسوڕێنەوە، ئەم سەعاتانە زۆر خێراترن
لە سەعاتی سەر عەرد. تیوری تایبەتی پێمان دەڵێت کە سەعاتە جوڵاوەکان خاوتر
دەجوڵێن، خۆ ئەگەر حساباتی بکەین ئەوا لە رۆژێکدا دەکاتە حەوت لە سەر ملیۆنی
چرکەیەک. هەرچۆنێک بێت، لە فەزا-زەمەنی چەماوەدا، سەعاتەکانی سەر عەرد خاوتر
دەجوڵین. ئەم کاریگەرییە، لە خۆیدا، سەعاتە جوڵاوەکان یان سوڕاوەکان بە نیسبەتی 45 لە ملیۆنی چرکەیەک رۆژانە خێراتر دەکات. یەکخستن
و گەڵاڵەی کاریگەرییەکان، ئەو سەعاتانەی لە حاڵەتی سوڕانەوەدان بە 38 لەسەر ملیۆنی چرکەیەک رۆژانە خێراترن. دەرەنجامی ئەمە ئەوەیە،
ئەگەر نسبییەتمان فەرامۆش بکردایە، هەڵەی گەڕان بە رێژەی 10 کیلۆمەتر لە رۆژێکدا کەلەكە دەبو. ئەم هەڵەیە بەسە بۆ ئەوەی کە
سات-ناڤەکە خەتەر بڕوات.

*

دیسان ژیانەوە، یان بڵێین لەدایکبونەوەی نسبییەت بە زۆری
دەگەرێتەوە بۆ هیمەتی چەند تاکە کەسێکی زۆر جدی و کەم، لەوانە جۆن ویڵەر(2008-1911) لە زانکۆی پرینستن. پرسی دژەسازی بەرچاوی
هەرەسهێنانی کێشکردن سەرنجی ویڵەری راکێشا، بیرۆکەی ئەوەی کە کێشكردن لەوانەیە
پاڵنەرێک بێت بۆ هەرەسهێنانی تەنە زەبەلاحەکان، وەک عەبایەکی تاریک فەزا و زەمەن
بە دەوریدا دەچەمێنێتەوە، هیچ دەرناکەوێت. هەتا ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم، مشتومڕ
لەمەر بابەتی وەها –مەسەلەی ئەوەی پێی دەگوترێت چاڵە رەشەکان ( بێگومان لێرەدا
قەرداری جۆن ویڵەرین)- مایەی چەواشەیی بو. هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەقینەش لە ئارادا
نەبو کە ئەم تەنانە لە گەردوندا بونیان هەیە.

کاتێک یەکەم هێڵی تیشکی-ئێکس X-ray لە دەرەوەی
سیستەمی خۆری لە سالی 1962 دا کەشفکرا،
وەزعەکە بە شێوەیەکی درامایی گۆڕانی بەسەردا هات. کاتێک یەکێک لە سەرچاوە بەهێزەکان،
سیگنەس ئێکس-1 (Cygnus X1)، دەرکەوت لە مەودایەکی زەمەنی زۆر کورتدا
دەگۆڕێت، پێشنیازکرا لەوانەیە چاڵی رەش بێت. ئەوەی بە داتاوە بە توندی پشتگیری ئەم
پرسەی کرد سەتەلایتی ئوهورو (Uhuru) بو، کە لە
ساڵی 1970 هەڵدرا. تێڕامانە تۆمارکراوەکانی ئوهور
دەلالەتی ئەوەبون کە زۆربەی سەرچاوەی تیشکە-ئێکسییەکانی x-ray گالاکسییەکان مادەی پەستێنراوی کەڵەکەبوی
هاوڕێی دوانەیین. ئنسان دەتوانێت داتاکان بەکاربهێنێت بۆ ”پێوانی” هاوڕێ
تاریکەکەی ئەم سیستەمانە، ئێستا دڵنیاین کە سیگنەسی ئێکس-1 چاڵە رەشێکە
و بارستاییەکەی پازدە ئەوەندەی بارستایی خۆر دەبێت، ئەمە شتێکی تەواو زەبەلاحە کە زەحمەتە
بتوانین تەفسیرێکی(ئەقڵانی) بەدیل لە بارەیەوە پێشکەش بکەین. کاتێک بەڵگە لەم
بارەیەوە دەرکەوت ئەوەندە گەورەبو، تەنانەت ستیفن هۆوکین سازشی لەسەر مەتەڵە
بەناوبانگەکەی کرد کە لەگەڵ کیپ تۆرن لەوەبەر کردبوی[ii].’

هەر لە ساڵانی 1970 کانەوە،
بۆمان ساخبوەتەوە کە چاڵە رەشەکان بە قەبارەی جیاواز دەردەکەون. لە نێو دڵی هەر
گالاکسییەکدا چاڵە-رەشێکی تەواو زەبەلاح خۆی مەڵاس داوە.

لە مانگی ئایاری 1994 دا، ناسا بڵاویکردەوە کە تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵ (HST)
چاڵە-رەشێکی لە نێو جەرگەی گالاکسی M87 ”بینیوە”.
ئەو گازەی بە دەوری ناوەڕاستی گالاکسییەکەدا حزوری هەیە بە خێراییەکی بەرز
دەسوڕێتەوە. پێوانە سپێکترۆگرافیکییەکان[iii] ئاراستەیان بەرانبەر تەنێک بوە کە بارستاییەکەی دو بلێۆن ئەوەندەی بارستایی خۆر بو(هەر بە راستی گەورەیە). حاڵەتێکی
تری سەرنجڕاكێش لەمەڕ چاڵە رەشەکە دوای ساڵێک دەرکەوت، ئەویش بریتی بو لە
بەکارهێنانی هێڵەکانی پەخشکەر لە (ئاوی مەیزەر) بۆ ئەوەی بە وردی نەخشەی جوڵەی
گازی نێو گالاکسییە حەلزونییەکانی  NGC
4258 بکێشن. حساباتە دورودرێژەکان
هەمو ئیشارەیاندا بەوەی لە دیسکێک دەچێت و دەورەی تەنێکی چڕ و پەستێنراویان داوە کە
خێرایی سوڕانەوەکەی ئیشارەیەک بو بۆ بونی چاڵە رەشێک کە بارستاییەکەی چل ملیۆن
ئەوەندەی بارستایی خۆر دەبێت. لە حالی حازردا بەڵگەی هاشێوەی زۆر هەن و ئێمەش لە سەرەتای
ئەو تێگەیشتنەداین کە چۆن ئەم چاڵە رەشە گەورانە کاردەکەنە سەر گالاکسییەکان و
پێکهێنانی بونیاتی فراوانی گەردون.

لەوانەیە مایەی سەرسامی بێت، چونکە باشترین بەڵگە لەمەڕ
هەبونی چاڵە-رەشی زەبەلاح لای خۆمانەوە دێت. هەر لە سەرەتاکانی ساڵانی 1970 کانەوە دەزانین کە سەرچاوەیەکی رادیۆیی
نائاسایی کەوتوەتە نێو چەقی داینامیکییانەی گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆمان (واتە رێگای
شیری). ئەم سەرچاوەیە، ساگیتاریەس ئەی (Sagittarius A*,) ماوەیەکی زۆرە بە تاکە کاندیدی چالە-رەشی
سوپەر-بارستایی حساب دەکرێت. باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە، کە بە بەردەوامی تۆکمەتر
دەبێت، بەندە لەسەر تێڕامانی تیشکی ژێرسوری نایاب کە وەدوی جوڵەی ئەو ئەستێرانە دەکەوێت
بۆ دە ساڵ دەچێت نزیکن لە چەقی گالاکسییەکەوە. ئەو جوڵە و تێڕامانەی لەمەڕ ئەم
ئەستێرانەوە تۆمارکراون ئەوە دەخەنەڕو کە ئەمانە یاوەری چاڵە رەشێکن کە بارستاییەکەی
سێ ملیۆن ئەوەندەی بارستایی خۆر دەبێت.

ئەمە گۆڕانێکی گەورە و نایاب بو. لە ماوەیەکی زەمەنی
کورتی بیست ساڵیدا، چاڵە-رەشمان بینیوە، واتە لە بانگەشەوە بوە بە بابەتی گرنگی
ئەسترۆنۆمی.

*

بە پێی تیوری ئاینشتاین، فەزا و زەمەن، دو شتن قابیلی
گۆڕانن. دەکرێت بە جۆرێک بکشێن کە سەعات تێێدا بە تەواوی بچێتە حاڵەتی وەستانەوە –
وەکو حالەتی ئاسۆی چاڵی-رەش یان ئاسۆی روداو[iv] Event Horizon . بەڵام
نەرمی و گۆڕانەکەیان شرۆڤەکاری زیاتر لەخۆدەگرن. تیورییەکە پێشبینی ئەوە دەکات کە
هەمو گۆڕانێک لە کێشكردندا وەک شەپۆل خۆی بڵاودەکاتەوە، واتە وەک نەرمە شەپۆل لە
فەزا-زەمەندا بە خێرایی روناکی گوزەردەکات.

.ئەم شەپۆلی کێشکردنانە، ئەوەیان سەلماندوە کە زەحمەتە
کەشف بکرێن[v](لە ئەیلولی 1915 دا کەشفکران). عەیامێکی زۆر بو زانایان مشتومڕی ئەوەیان
بو کە ئایا ئەمانە راستن – ئاینشتاین خۆشی مشتومڕی لەسەر کردوە و دژی بوە. هەر کە
پرسەکە لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردودا یەکلاییی بوەوە – ئەمەش وەک ئەنجامی
مشتومڕەکانی هێرمان بۆندی و ئەوانی تر بو لە کۆلێژی کینکز – یەکەم هەڵمەت بۆ دۆزینەوەی
شەپۆلەکان دەستیپێکرد. ئەم هیمەتە، بە رابەری جۆزێف وێبەر بو لە وڵاتە
یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، چل ساڵی خایاندوە بێ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام
هەمو هۆیەکمان هەیە کە ئەمە دەگۆڕێت.

پێش هەمو شتێک، بەڵگەیەکی بەهێزی ناراستەوخۆ هەیە کە تیورییەکە راستە. وەدوکەوتنی درێژخایەنی گۆڕانی رەوتی سیستەمی دو ئەستیرەیی نیوترۆن Binary Pulsar کۆکە لەگەڵ پێشبینییەکاندا. لە حاڵەتی بەناوبانگی دوانەیی پۆلساردا، رێژەی پەخشی کێشکردنەکە ( بە کەرتێکی سەدی) تەبایە لەگەڵ تیورییەکی ئاینشتایندا.

دوەمیش، تەکنەلۆژیای کەشفکردن ئێستا گەیشتوەتە پلەیەک کە
دەتوانین دەڤەرەکان یان سەرچاوەکانی ئەودیو گالاکسییەکەی خۆشمان کەشف بکەین.
ئامرازی وەهای پێشکەوتومان لەبەردەستدایە کە بە دوری چەندین کیلۆمەتر دەتوانێت پێوانەی
گۆڕانێک بکات کە زۆر بچکۆلەترە لە قەبارەی ناوکی ئەتۆمی- ئەمەش لە خۆیدا دەستکەوتێکی
نایابی ئەندازیارییە.. شانبەشانی ئەمەش، بریتییە لە سیمای جۆری و چڵۆنایەتی ئەو مۆدڵسازی
سوپەر-کۆمپیۆتەریەی کە هەمانە، هەر بۆ نمونە هی بەیەکدادانی چاڵە رەشەکان – وەها
ورد و نایاب بوە کە دەتوانین دڵنیابین لەوەی دەزانین عەوداڵی چین و بۆچی.

بەمجۆرە
هۆکاری ماقوڵ لە ئارادا هەن بۆئەوەی دواجار هەنگاو هەڵبگرین و بچینە نێو دونیای چەرخی ئەسترۆنۆمی شەپۆلی-
کێشكردنەوە.

*

هەروەک بینیمان، تیوری گشتی بە پلەیەکی بەرزی ورد و
دانسقە خراوەتە ژێر تاقیکردنەوەوە، هەم لە سیستەمی خۆری و هەم لە کایەیەکی
کێشکردنی بەهێزی وەک ئەستێرە نیوترۆنییەکان. بەڵگەی موقنیعمان هەیە کە چاڵە
رەشەکان بونیان هەیە. بەڵام ئەی سەبارەت بە گەردون لە مەودای گەورەدا؟ چی دەبێت
ئەگەر ویستمان بارستایی گەردون بپێوین؟

بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی کۆزمۆلژیای هاوچەرخ، با جارێکی
تر چاو بخشێنین بە هاوکێشەکانی ئاینشتایندا، شیوەی فەزا هاوسەنگی حزور و جوڵەی
مادەی راگرتوە. لە پرینسیپدا، هەر یەک لە حلەکانی ئەم هاوکێشانە دەگریت بۆ خۆی
گەردونێکە. لەوانەیە ئەم گەردونەی ئێمە تێێدا دەژین یەکێک نەبێت لەم حلانە، بەڵام
هەرچۆنێک بێت هەر گەردونە.

کاتێک ئاینشتاین تیورییەکەی بەرجەستە و فۆرمولەکرد،
باوەڕی باڵادەست وەهابو کە گەردون ستاتیکە، واتە نەگۆڕ و ئەزەلییە، یان بڵێین
پەرەناسێنێت. هەرچۆنێک بێت، تیوری گشتی ئاینشتاین ئاراستەیەکی جیاوازی خستەڕو،
ئاراستەیەک کە گەردون لە کشان یان چونەیەکدایە. بۆ چارەسەری ئەم ”کێشەیە” ،
ئاینشتاین رادەکی parameter نەگۆڕی خستە
دوتوێی هاوکێشەکانییەوە. رۆڵی ئەم رادە نەگۆڕە – کە ئێستا پێی دەگوترێت نەگۆڕی
کۆزمۆلۆژی- بریتی بو لە پێچەوانەکردنەوەی ئەرکی کێشکردن لە راکێشانەوە بۆ
دورخستنەوەی گالاکسییەکان لە یەکتر. ئا بەم رێگایە ئاینشتاین توانی گەردونی ستاتیک
بهێنێتەوە سەرشانۆ.

بەڵام تەمەنی گەردونی ستاتیک ئەوەندە درێژەی نەکێشا،
مێژوش پێمان دەڵێت شتێکی هەڵەبو. چونکە لە ساڵی 1929 دا، ئەدوین
هەبڵ (1953-1889) دەریخست کە
گالاکسییە دورەکان لێمان دوردەکەونەوە و گەردون لە پرۆسەی کشاندایە. کۆزمۆلۆژیا
دەستبەرداری نەگۆڕی کۆزمۆلۆژییەکەی ئاینشتاین بو، بەڵام هەرگیز بە تەواوی
ئاوانەبو.

باشە ئەگەر گەردون لە کشاندایە، ئەوا وا پێویست دەکات لە
رابردودا بچوکتر بوبێت. خۆ ئەگەر بە ئاراستەی دواوە و بۆ زەمەنێکی دور وەدوی ئەم
پەرەسەندنە بکەوین، تۆ بڵێی بگەینە خاڵێک کە گەردون تێێدا دەستی پێکردوە؟ یەکەم
بەڵگە لەمەڕ تەقینەوەی بەرایی –بیگ-بانگ- لە ساڵی 1964 دا دەرکەوت،
ئەویش کاتێک هەردو ئەندازیاری ئاڵوگۆڕی تەلەفۆنی، ئارنۆ پێنزایس و رۆبێرت ویڵسن،
نوزەیەکی پەنهانی و سەیریان لە ئەنتێنا رادیۆییەکاندا دۆزییەوە. نوزەکە زۆر چڕتربو
لەوەی چاوەڕوانیان دەکرد، بە رێکی و یەکسانی بە ئاسماندا بڵاوبوبوەوە، هەم بە رۆژ
و هەم بە شەو خۆی لە ئەنتێناکەدا(ئارێل) نمایش دەکرد. نوزەکە نیشانەی
تیشکدانەوەیەکی رێک و نەگۆڕی گەردون بو، پلەی گەرماکەی لە دەوروبەری 3 پلەی کەلڤیندا بو. ئەم پاشخانی مایکرۆیڤی
کۆزمۆییە چرپەی بیگ-بانگ بو.

لە دو دەیەی رابردودا، کۆزمۆلۆژی بوە بە زانستی پێوانەی
وردەکاری. بە هۆی ئامرازە فەزاییەکانی وەکو کۆب COBE وە لە
هەشتاکانی سەدەی رابردودا و لەم دواییانەشدا بە هۆی ئامێرەکانی ومپ WMAP  و پلانکەوە،
توانیومانە بونیاتێکی نایاب و وردی گەردون وێنابکەین کاتێک تەمەنی 400 000 ساڵ بوە. ئەوەی دەیبینین بریتییە لە گۆڕانی
بچکۆلە و ورد کە بە ئەسڵ هەڵبەزودابەزی کوانتەمییە لە قۆناغە هەرە بەراییەکانی
گەردوندا.

ئەم تەجروبە سەرسام و سەرنجڕاکێشانە مۆڵەتمان پێ دەبەخشن
کە تیۆرییەکانمان بخەینە بواری شرۆڤەکارییەوە.

کاتێک سێ پۆل داتا پێکەوە رێکخران، ئەوا پێویستمان بە سێ
رەهەند هەیە بۆ تەفسیری گەردون. تەنها کەرتێکی بچکۆلە، کەمتر لە %5 ، شتە ئاساییەکەمان بۆ پێکدەهێنێت،
ئەتۆم، مۆلیکیول و ئەستێرەکان، ئنجا من و تۆش. نزیکەی چارەکی گەردون لە مادەی
تاریک پێکهاتوە، ئەو مادەیەی نابینرێت، بەڵام بە هۆی هاوێزی کێشکردنەوە gravitational
lensing
دەزانین بونی هەیە. ئەوەی تر کە ماوە، بریتییە لە سەدا هەفتای گەردون، ئەویش وزەی
تاریکە – ئێستا پێی دەلێن نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی- ئەم وزەی تاریکە لە تەفسیری ئەو
هەقیقەتەدا پێویستە کە کشانی گەردون خێرادەکات یان تاودەدات. ئەم پێکهاتەیەی
گەردون هێزێکە و بۆشایی نێوان گالاکسییەکان فراوان دەکات.

پێشکەوتنە کۆزمۆلۆژییەکانی ئەم چەند ساڵانەی دوایی مایەی
سەرسامین، بەڵام هێشتا تێگەیشتنی هەنوکەییمان جێگای رەزامەندی نییە. لە بنەمادا،
دەتوانین تەفسیری بەشێکی بچکۆلەی گەردون بکەین، ئەویش مادەیە. چەند فکرەیەکیشمان
لەمەڕ بەشێکی گەورەتری هەیە( مادەی تاریک)، بەڵام تەفسیری تەواومان لە بەرانبەر
پێکهاتە گەورەکەی گەوردون (وزەی تاریک) هیچ سودێکی وەهای نییە. ئەمە یەکێکە لە
ئاڵنگارییەکانی (تەحەداکانی) فیزیک لە ئەمڕۆدا. نەک هەر تاقیکردنەوەیەکی تیوری
کێشكردنەکەی ئاینشتاینە – هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر تیوری بەدیل بۆ تەفسیرکردنی
داتاکان پێشکەشکراوە- بەڵکو کێشەی فیزیکی بنەڕەتییە.

بەمجۆرە، دوای گوزەری سەدەیەک بەسەر گەردونی چەماوەی
فەزا-زەمەنی ئاینشتایندا، گەیشتینە کۆتایی گەشتەکەمان. ئایا ئاینشتاین راست بو؟ بێ
هیچ گومانێک راست بو. تەنانەت بە شیوەگەلێک راست بو کە خۆشی هەرگیز تەسەوری
نەدەکرد. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە تێگەیشتنی ئێمە لەمەر کێشکردن لە ئاستێکی
کەماڵدایە. تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە تۆزێک باشتر لە گەردون حاڵی دەبین و تێدەگەین.
تیوری گشتی نسبییەت دوا-وەڵام نییە.

بۆ کۆتاییهێنان، با لە ئایندە بڕوانین. چی رودەدات؟ بێگومان
من نازانم کەی بازدان رودەدات، بەڵام، تەواو بە یەقینەوە، باوەڕم وایە، لە
ئایندەیەکی نزیکدا شەپۆلەکانی کێشکردن کەشف دەکەین(لە راستیدا دوایی، بە ماوەیەکی
زۆر کورت دۆزرایەوە). ئەمە دەبێتە مایەی جۆش و خرۆش و یارمەتیمان دەدات کە لایەنی
تاریکی گەردون تاووتوێ بکەین. ئنجا لەوانەیە بزانین ئەو چاڵە-رەشانەی لە فەزادا
هەن هەر ئەو چاڵە-رەشانەی تیورییەکەی ئاینشتاینن. لە ئایندەدا مومکینە تەجروبەی شەپۆلی
کێشکردن( بۆ نمونە ئیڵسا eLISA کە ساڵی 2030  دەست بە گەشتەکە دەکات) لە فەزادا ئەو توانایەمان
بداتێ کە نەخشەیەکی وردی جیومەتری چاڵە رەشەکان بکێشین. تاقیکردنەوەی تری وەکو
تەلەسکۆپی روداوی ئاسۆ، زانیاری زیاترمان پێشکەش دەکات. لە مەودایەکی ئێجگار
گەورەتردا، تەجروبەکانی ئایندە تێگەیشتنی ئنسان لەمەڕ کۆزمۆلۆژی فراوانتر و
نایابتر دەکەن. بەو هیوایەین سەبارەت بە پرسی وزەی تاریک پێشكەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنین.
باشە وەڵامەکە چییە؟ مومکینە وەڵامەکە پێویستی بە گرێدان و دەست لە ملانی دو دونیا
هەبێت، دونیای زۆر گەورە و دونیای زۆر بچکۆلە، بەڵێ، وەڵامەکە بریتییە لە تیوری
کوانتەم لەمەڕ کێشکردن!

ئێمە هەوڵدەدەین بۆ پەرەپێدانی تیورییەک کە سازشێک لە
نێوان تیوری گشتی چەمانەوەی فەزا-زەمەن و نایەقینییەکانی تیوری کوانتەمدا تەبەننا
دەکات. ئەم داخوازییە لە تەمەنی سەد ساڵەی نزیک بوەتەوە و مەخابن هێشتا دورین لە
وەڵامەکەوە. خۆ ئەگەر ئەمە ”پێشبڕکێیەکی تیوری نێو خەڵک” بوایە، ئەوا بێگومان
وەڵامەکە یەکسەر ”تیوری ژێ” دەبو. بەڵام واقیع تۆزێک لەوە زیاتر ئاڵۆزە. لە حاڵی
حازردا، تیوری ژێ کەمێک لە کەشتییەکی بەتاڵ دەچێت. دەتوانین چۆن بمانەوێت، بە هیوا
و خەونەکانمان، پڕی بڕکەینەوە، بەڵام هێشتا نەمان توانیوە تیوری ژێ بکەینە
تیورییەک کە توانای پێشبینی هەبێت. ژمارەی ئیحتیمالەکان گەلێک زۆرن و هیچ
تەجروبەکیش نییە خەیالاتمان سنوردار بکات. هەر هیچ نەبێت، شتەکە هێشتا بەو جۆرەیە.

بە درێژایی ئەم سەد ساڵەی گەردونی چەماوەی فەزا-زەمەنی ئاینشتاین گەلێک دۆزینەوە و روئیای نایابمان بینیوە، بەڵام هێشتا کار و پرۆژە زۆر ماوە ئەنجامی بدەین. زۆر ئاستەنگ و ئاڵنگاری هەن زاڵ بین بەسەریاندا. من باوەڕم وایە هێشتا گەلێک شت هەن لە سەد ساڵی داهاتودا یەکلایی بکرێنەوە.

شێرکۆ رەشید قادر لە نوسینێکی نیلس ئەندرسن 2015 بە دەستکارییەوە وەریگێڕاوە.


[i]  سەعاتی مەیسەری
هایدرۆجینی، وردترین جۆری سەعاتە لە جیهاندا.

[ii]  مەتەڵەکەی
هۆوکین و کیپ تۆرن زۆر بەناوبانگە کە پەیوەست بو بە ونبونی زانیاری لە نێو چاڵە
رەشەکاندا. مەتەڵەکە لە نێوان کیپ تۆرن و هۆوکین لە لایەک و جۆن پریسکل لەلایەکی
ترەوە بو، دوایی هۆوکین سازشی کرد.

[iii]  سپێکترۆگرافیک:
Spectrographic : ئامێرێکە بۆ
پەرشکردنی تیشكدانەوە( وەکو تیشكدانەوەی ئەلکترۆماگنێتیک یان شەپۆلەکانی دەنگ) بۆ
شەبەنگ و ئنجا تۆمارکردن یان کێشانی شەبەنگەکان.

  [iv]ئاسۆی روداو Event
Horizon : لە چاڵە رەشەکاندا دەڤەرێکی فەزا-زەمەنییە و بە شێوەیەکی
بازنەیی دەوری چاڵە-رەشی داوە. لەو دیو سنورەکانی ئاسۆی روداوەوە هیچ شتێک،
تەنانەت روناکیش توانای هەڵاتنی نییە، چونکە هێزی کێشکردن ئەمەندە بەهێزە. چاڵە
رەشەکان دیسانەوە یەکێکە لە بەرهەمە دەرکەوتەکانی هاوکێشەکانی کێشكردن لە تیوری
گشتی کە بە راستی ئاینشتاین خۆی هەر هیچ باوەڕی پێ نەبو.

[v]  شەپۆلەکانی
کێشکردن Gravitational Waves : بریتین لە نەرمە شەپۆلەکانی
فەزا-زەمەنی، بە هۆی جوڵەی لە ئاسابەدەری تەنە زەبەلاحەکانی گەردونەوە دروست دەبێت.
نمونەی هەرە دیاری ئەمە بریتییە لە بەیەکدادانی دو چاڵە-رەش، یان دو ئەستێرەی
نیوترۆنی. سەرەتا ئەوەندە بە خێرایی بە دەوری یەکتردا دەخولێنەوە و لە یەکتر نزیک
دەبنەوە، سەرەنجام بە یەکدا دەدەن و شەپۆلی زۆر گەورە پەخش دەکەن و دەبێت بە هۆی
دروستکردنی پشێوی فەزا-زەمەن، ئەمانە بە خێرایی روناکی بە پانتایی گەردوندا
رەتدەبن، لەگەڵ خۆیاندا زانیاری لەمەڕ بناوانی خۆیان بۆ تەلەسکۆپەکان دەهێنن. بۆ
یەکەمجار لە ساڵی 1916 دا، بە هۆی شیکاری ماتماتیکی هاوکێشە گشتییە
نسبییەکانی ئاینشتاینەوە پێشبینیکرا، بەڵام تەنها لە ساڵی 1974 دا، واتە بیست ساڵ دوای مردنی
ئاینشتاین بەڵگەی تۆکمە لەمەڕ چاڵە رەشەکان هاتە ئاراوە. لە ئەیلولی 2015 بۆ یەکەمجار، هەردو بنکەی فەزایی
(کەشفکەری لیگۆ LIGO و ڤیرگۆ VIRGO ) تێڕامانی خۆیان لەمەڕ کەشفکردنی شەپۆلەکانی کێشکردن راگەیاند،
ئەویش بە هۆی بەکارهێنانی ئامرازی کەشفکەری پێشکەوتوی لیگۆوە.


[i] سەعاتی ئەتۆمی
atomic clock : ناوێکی گشتییە بۆ ئامرازی کات،
بەندە لەسەر لەرینەوەی رێکوپێکی ئەتۆمەکان. یەکەمجار لە ساڵی 1948 پەرەی پێدرا، ئەم سەعاتانە بەندن
لەسەر پێوانی لەرینەوەکانی ئەتۆمی نایترۆجین کە بۆ پێش و پاش دەجوڵێن لە مۆلیکولە
بێڕەنگەکاندا، وردەکاری ئەم سەعاتانە هەتا بڵێی شتێکی سەرسامە، رێژەی لەرینەوەیان 23,870 لەرینەوەیە لە چرکەیەدا.

 [ii]کوەیزەرەکان بریتین لەو تەنە زەبەلاحانەی ئێجگار دورانەی
لە ئاسماندا هەن، بڕێکی ێشومار و  لە
ئاسابەدەر وزە پەخشدەکەن، سیمایان لە تەلەسکۆپدا زۆر لە ئاستێرەوە نزیکە، پێشنیازی
فەلەکناسان سەبارەت بە کوەیزەرەکان وایە کە چاڵە رەش لەخۆدەگرن و لەوانەشە تەمسیلی
قۆناغێک بکەن لە پەرەسەندنی هەندێک لە گالاکسییەکان.

[iii]  پۆلسار: Polsar  بریتین لەو
ئەستیرە نیوترۆنانەی دەخوڵینەوە، وەک بارستایی ئەوەندە و نیوی بارستایی خۆر دەبن،
بەڵام لە قەبارەدا زۆر بچکۆلەن و تیرەکەیان تەنها 24 کیلۆمەترە. پۆلسارەکان تیشکی
شەپۆلی رادیۆیی پەخش دەکەن کە وەک زنجیرەیەک ترپە کەشف دەکرێن.   

[iv]  نزیکەی دو
سەدە پێش فەلەکناسان دەرکیان بەو هەقیقەتە کردوە کە جوڵەی هەسارەی زاوە (مێرکیوری)
بە دەوری خۆردا کێشەیەکی بچکۆلەی تێدایە، هەروەک چۆن یاساکانی نیوتن پێشبینی ئەم
دیاردە نائاسییەیان کردوە. کاتێک لە خۆرەوە لە حاڵەتی نزیکترین مەوقیعدایە، ئەوا
لە دەڤەرێکی سیستەمی خۆریدا دەسوڕێتەوە کە بە هۆی بارستایی خۆرەوە فەزا-زەمەنەکەی
شێواوە. بەمجۆرە هەمو سوڕانەوەیەکی هەسارەی زاوە بە دەوری خۆردا، کە رەوتەکەی
هێلکەییە، تۆزێک لادان لەخۆدەگرێت بە جۆرێک کە نزیکترین خاڵی لە خۆرەوە هەمو جارێک
تۆزێک دێتەوە پێشەوە.


[i]  کەوانە/چرکە
arc second پێوەری گۆشە. 60 کەوانە چرکە دەکاتە یەک کەوانە خولەک.
یەک کەوانە خولەک دەکاتە یەک پلە. 360 پلەش دەکاتە یەک بازنە.


[i]  کالکیولەسی
تێنسەر Tensor calculus یان شێکاری تێنسەر، هەتا بڵێی
لقێکی ئاڵۆزی ماتماتیکە و فراوانبونی شیکاری ڤێکتەرەکان. کاتێک ئاینشتاین لە
مێشکیدا هاوکێشەکانی تیوری گشتی نسبییەت گەڵاڵەبون، سەرەتا توانای گوزارشتی ئەم
هاوکێشانەی بە زمانی ماتماتیکی نەبو، چونکە لە راستیدا ماتماتیکناسێکی بە قودرەت
نەبو، بەڵام هاوڕێی دێرین و رۆژانی زانکۆ مارسیل گرۆسمان یارمەتیدا رێگانیشاندەری
بو بۆ دارشتنی تیوری گشتی بەو ماتماتیکەی پێی دەگوترێت کالکیولەسی تێنسەر.