سەلماندنی ئاینشتاین کە راست بوو!

ئیان مۆریسۆن. شوباتی 2008.
وەرگێران: شێرکۆ ڕەشید قادر


ئەم موحازەرەیە هەوڵدەدات ئەو هەستە لای ئنسان دروست بکات کە چۆن تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتاین، لە نەوەد ساڵی رابڕدودا، لە هەمبەر هەمو تەجروبە تێڕامانەکانەوە وەک پایەیەکی تۆکمە و پتەو وەستاوە.

تیوری تایبەتی نسبییەتی ئاینشتاین دەڵێت کە هیچ خێراییەک ناگاتە خێرایی ڕوناکی (3 x 10^5 km/s ). لەوانەیە تاقیکردنەوەیەک، وەک ئەوەی پێێ دەگوترێت تەجروبەی خەیاڵبافی یان خەیاڵی، یارمەتیمان بدات بۆ زیاتر رونکردنەوەی دیاردەکە. خۆ ئەگەر ئەمە مەسەلەکە بێت، ئەوا یاسای کێشکردنی نیوتن تەواو راست نابێت. گریمان خۆر لە پڕ لە کار کەوت و هیچ وزەی تێدا نەما و کوژایەوە، ئەوا لە سایەی تیوری کێشکردنی نیوتندا، زەوی لە ساتەوەختێکدا لە پێگەی خۆیدا نامێنێت و بەرەو ئاراستەیەک هەڵدێت. بەڵام ئاینشتاین سەیریکرد شتەکە بەوجۆرە نییە، ئێمە لەسەر عەرد نەک هەر نەمانی خۆرەکە دەبینین، بەڵکو کاریگەرییەکەی هەشت خولەک و نیوی پێدەچێت تا دەگاتە لای ئێمە، چونکە روناکی خۆر ئەو زەمەنەی پێدەچێت تا دەگاتە سەر عەرد، هەر بە هەمان شێوە، عەرد بۆ هەشت خولەک و نیوی تر لە ژێر کاریگەری هێزی کێشکردندا دەبێت. ئنجا دوای ئەم زەمەنە خۆر بە یەکجارەکی لە چاو ئاوادەبێت، عەردیش سەرشێتانە دەفڕێت و سەرگەردان دەبێت. بەمجۆرە، بۆمان دەردەکەوێت، هەرچی زانیارییەک هەیە دەربارەی کێشکردن کە دەگوازرێتەوە بە خێرایی روناکی دەبێت. واتە پێویستە شتێک بە فەزادا پەخش بێت بۆ ئەوەی زانیاری دەربارەی گۆڕان سەبارەت بە کایەی کێشكردن بگوازرێتەوە. ئاینشتاین، بەمجۆرە بونی شەپۆلی کێشکردنی[1] کردە فەرزییەیەک کە ئەم جۆرە زانیارییە دەگوازێتەوە. هەر وەک دوایی باسی دەکەین، هەبونی ئەم جۆرە شەپۆلی کێشکردنە بە شێوەیەکی ناراستەخۆ پیشان دراوە و پێدەچێت کە زوتریش بەڵگەی راستەوخۆ دەستەبەر بکرێت.

لە سالی ١٩١٥ دا ئاینشتاین تیوری گشتی[2] نسبی بڵاوکردەوە، ئەو تیورییەی لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە پرسی تیوری کێشکردن. هەمو مادەیەک لە گەردوندا چوار دوری یان ڕەهەندی هەیە، ڕەهەندی فەزا کە ئەمیان بۆ خۆی سێ دوری، واتە درێژی، پانی و بەرزی لە خۆدەگرێت و پاشانیش ڕەهەندی چوارەم کە بریتییە لە زەمەن. بۆ ئاسانکاری زانایان زاراوەی فەزا – زەمەن بەکاردەهێنن. تیوری نسبی گشتی ئاینشتاین پێشبینی ئەوە دەکات کە ئەگەر بێتو، لە حاڵەتێکدا بارستایی بونی نەبێت، ئەوا فەزا سیمایەکی (تەخت)ی هەیە. ئەم جۆرە وەسفکردنە زیاتر بەسەر ڕویەکی دو ڕەهەندیدا دەسەپێت. بە واتایەکی تر ڕوناکی بە ڕاستە هێل دەگوزەرێت، واتە دو تیشکی ڕوناکی کە لە سەرەتاوە تەریبن، هەر بە تەریبی دەڕۆن و هەرگیز یەکتر نابڕن. خۆ ئەگەر لە فەزایەکی ڕو تەختدا سێگۆشەیەک بهێنینە بەرچاوی خۆمان، ئەوا کۆی گۆشەکانی ناوەوەی دەکاتە 180 پلە. لەم جۆرە سیستەمانەدا، کە بە سیستەمی فەرمی ناودەبرێن، لە ماتماتیکی تەقلیدیدا، جیومەتری ئەکلیدسی ڕاستە و ناتوانرێت ڕەت بکرێتەوە و لە ڕوی مێژوییشەوە بە جیومەتری ئەکلیدسی دەناسرێت. پێویستە ئەو ڕاستییەش بڵێین کە لە جیومەتری ئەقلیدسیدا چەمانەوە بڕەکەی سفرە.

خۆ ئەگەر ئێستا بارستاییەک بخەینە دوتوێی هاوکێشەکەمانەوە، واتە لە فەزایەکدا کە سیستەمەکە ئەکلیدسییە، ئەوا ئەو فەزایەی ڕویەکی تەختی هەبو دەبێت بە ڕویەکی چەماوەیی پۆزەتیڤی. خۆ ئەگەر دو هێڵی ڕوناکی لە سەرەتادا تەریب بن ئەوا دوایی یەکدەگرن و دەبن بە یەک هێڵ، پاشان کۆی گۆشەکانی سیگۆشەیەک لە ڕویەکی ئاوا چەماوەدا لە 180 پلە کەمتر دەبێت. نمونەیەکی سادە و ساکار بۆ ئەم جۆرە فەزایە بریتییە لە تەبەقێک لاستیکی کشاو. ئەگەر بارستاییەکی قورس بخەینە سەری ئەوا بەرەو ناوەوە دەچەمێتەوە و خۆ ئەگەر هەڵماتێک خل بکەینەوە بە ناویدا، ئەوا لە جوڵەکەیدا ڕەوتێکی چەماوەیی لەخۆدەگرێت. بە هەمان شێوە، ئەو فەزایەی کە دەوری خۆری داوە، سیمای چەماوەیەکی پۆزەتیڤی هەیە و عەردیش لە فەزای چەماوەدا وەدوی ڕەوتی سروشتی خۆی دەکەوێت – هیچ هێزێک کارناکاتە سەری. 

ئەگەر لە جیهانێکی گۆییدا بژین و دانیشتوانەکەی تەواو باوەڕیان بەوە بێت و دڵنیابن ڕوەکە تەختە. بۆ نمونە و با بڵێین لە دەڤەری نزیک قوتبی باکور دەژین، لەم ناوچەیە، ڕوی سەر عەرد بە تەواوی سافە و هیچ هێزێکی لێکخشاندن بونی نییە. دانیشتوانەکەی حەوامە( هۆکارێکی گواستنەوەیە وەک بەلەم وایە و بنەکەی سافە) وەک هۆکاری گواستنەوە بەکاردەهێنن، چونکە بنەکەی ساف و لوسە، هیچ جۆرە لێکخشانێک لەگەڵ روی عەردا دروست ناکات و بە ئاسانی لە قوتبەکان دێت و دەچێت. ئەگەر دو حەوامە بهێنین، دوری نیوانیان 10 کیلۆمەتر بێت و هەر یەکەشێان هەمان دورییان لە قوتبەکانەوە هەبێت. ئنجا ئەم دو حەوامەیە لە هەمان ساتەوەختدا لەسەر بەفرەکە و بە ئاراستەی باکور لێدەخورن، هەردوکیان لەسەر هێڵی تەریبن و هەمان رەوتیان هەیە. پاشان چونکە رێگە و روەکەیان تەختە، ئەوا هەردولا چاوەڕوان دەکەن هەر هەمان دورییان لە یەکترەوە هەبێت. بەڵام کاتێک هەردوک دەگەنە قوتبی باکور، لە پڕ هەردولا تەواو سەرسام دەبن کاتێک سەیردەکەن بەیەکدا دەدەن. جا بۆ ئەوەی لەسەر باوەڕەکەی خۆیان بمێننەوە کە دونیاکەیان تەختە ئەوا ئیمان بە هێزێک دەکەن، لەوانەیە ئەم هێزە ناوبنێن ”کێشکردن”، هەر ئەم هێزەش (لای ئەوان) بوە بە هۆی پێکدادانی هەردوک حەوامەکە. هەر بە هەمان شێوە، خۆشمان پەنادەبەینە بەر هێزی کێشکردن بۆ تەفسیرکردنی ئەوەی سەرنجی دەدەین و (بە هەڵە) دەڵێین فەزای سێ رەهەندی لە نزیک بارستاییەک تەختە، نەک چەماوە.

کێشکردن هێزێكە خۆمان دەیخوڵقێنین بۆ تەفسیرکردنی ئەو دیاردانەی رودەدەن و خۆمان تۆماریان دەکەین ( وەکو چۆن هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە) بەو باوەڕەی کە فەزا تەختە، ئەمە لە کاتێکدا و هەر بە هەقیقەت نەک هەر تەخت نییە، بەڵکو پۆزەتیڤانە چەماوەیە.

یەکەم تاقیکردنەوەی تیورییەکەی ئاینشتاین بریتی بو لە راڤەکردنی بەسەر رەوتی هەسارەی زاوە (میرکۆری)دا. هەروەک چۆن یاسای یەکەمی کێپلەر لەمەر جوڵەی هەسارەکان پێمان دەڵێت کە رەوتی سوڕانەوەی هەسارەی زاوە پێویستە فۆرمێکی هێلکەیی لەخۆبگرێت و خۆریش دەکەوێتە جەمسەرێکی یەکێک لە فۆکەسەکانەوە. نزیکترین نوقتە کە هەسارەکە لە خۆر نزیک دەبێتەوە پێی دەگوترێت پێریهێلیۆن و ئەگەر لە فەزادا هیچ هەسارەیەکی تر بونی نەبێت خۆریش گۆیی بێت ئەوا بە جێگیری دەمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، جەمسەر–تەختی oblateness خۆر و ئەو پشێوییەی بە هۆی هەسارەکانی ترەوە دوچاری دەبێت دەبێت بە هۆی پێشكەوتنی رەوتەکەی – تەسەوری کڵێشەیەک بکە بە هۆی هەناسە-پێوێکەوە spirograph بەرهەم دێت. تێڕامانی ورد دەریخستوە کە بەهای تێڕامانی ئەم پێشکەوتنە 5599.7 کەوانە چرکەیە لە سەدەیەکدا، کە ئەمەش لەگەڵ تیورییەکەی نیوتندا بە  بڕێ 43.0   کەوانە چرکە لە سەدا ناتەبایە. دوای واریکردنی تیورییەکەی ئاینشتاین وەک دەرەنجامێک رادەیەکی راستکردنەوە پێشکەشکرا کە بڕەکەی 42.98 ( 0.04 کەم یان زۆر) – تەواو ئەوەی پێویست بو بۆ لابردنی دیاردە نائاسییەکە.

دوایی دەرکەوت کە دەکرێت تیورییەکەی ئاینشتاین بخرێتە بواری تاقیکردنەوەوە، ئەویش لە رێگای رامان لە ئەستێرەکان کاتێک لە خۆر نزیک دەبنەوە. تیوری ئاینشتاین پێشبینی ئەوە دەکات کە مەوقیعی ئەستێرە هەرە نزیکەکان بە بڕی کەوانەیی  1.7 لادانییان بەسەردا دێت، یاخود بەم بڕە کەوانەییە لادەدەن. پێویستە ئیشارە بدەین بەوەی نیوتنیش ( هەرچەندە بۆ مەبەستی جیاوازبوە) هەمان شتی پێشبینی کردوە کە شەپۆلی روناکی کاتێک بە لای خۆردا گوزەردەکات لاری تێدەکەوێت، بەڵام کاریگەری ئەوەی ئاینشتاین دەگەڕیتەوە بۆ پشێوی لە فەزا – زەمەندا و جگە لەوەی ئەو بڕەی لە تیورییەکەی ئاینشتایندا هەیە دو ئەوەندەی ئەوەیە کە لە تیورییەکەی نیوتندا بەدی دەکرێت.

ئنسان تەنها لەو کاتانەدا دەتوانێت مەوقیعی ئەستێرەکان لە نزیک خۆرەوە بپێویت کە خۆر خۆی دەچێتە قۆناغی خۆرگیرانی تەواوەوە. بەمجۆرە، دوای بڵاوبونەوەی تیورییەکەی ئاینشتاین، دەبینین هەردوک خۆرگیرانی ساڵانی 1919 و 1922 رۆڵێکی بەرچاویان گێرا لە مێژوی زانستدا. بە شێوەیەکی جەوهەری، پلانەکە زۆر سادەبو. بەر لە خۆرگیران، چەند وێنەیەکی ئاسمان بگرە، پاشان لە ساتەوەختی خۆرگیرانی تەواودا هەمان وێنەی ئاسمان بگرە، تەنها ئەوکاتەی ئەستێرەکان لە نزیک مەوقیعی خۆرەوە دەبینرێن، ئنجا مەوقیعی ئەستێرەکان لە هەردو حاڵەتەکەدا بەراوردبکە.

سێر ئارتەر ئێدینتن[3] ( 1882 – 1944) رابەری ئەو دو گروپەی کرد کە خۆیان تەرخانکرد بۆ توێژینەوە لە پرسی چەمانەوەی روناکی ئەو ئەستێرانەی لە کاتی خۆرگیراندا بە لای خۆردا رەتدەبن. گروپی یەکەم گەشتیان کرد بۆ دورگەی پرینسپێ، لە  دەریای ئەتلانتی، ئەو کاتە بەشێک بو لە کۆڵۆنی پورتوگال، لە کاتێکدا، بۆ هەمان مەبەست، گروپی دوەم رەوانەی دەڤەری سۆبرال، لە بەرازیل کرا بۆ ئەوەی لە کاتی خۆرگیرانەکەدا وێنەی دەڤەرەکانی نزیک خۆر بگیرێت و دواییش وێنەکان بخرێنە ژێر لێکۆڵینەوە. خۆشبەختانە، لە ساتەوەختی خۆرگیرانی تەواودا، خۆر خۆی دەچێتە بەردەم کۆمەڵە ئەستێرە هێشوی هایدس  Hyades ، بەمجۆرە کایەیەکی چڕی ئەستێرەیی حزوری دەبێت و ئنسان دەتوانێت بە ئاسانی پێوانەکانی خۆی ئەنجام بدات. پاشان ئەم پێوانانە بۆ هەر ئەستێرەیەک دەگریت لە کایەکەدا لەگەڵ ئەو پێوانەدا بەراورد دەکرێت کە پێش خۆرگیرانەکە ئەنجامدراوە، ئەمەش لە رێگای وێنەگرتنی وردەوە کارەکە مەیسەر دەبێت. ئەو تەلەسکۆپانەی لەم پرۆژەیەدا بەکاردێن دەستی بون (واتە مانوێڵ بون و بە دەست هەڵدەگیران و ئیش پێدەکران)، ئەمەش وردەکاری کارەکەی سنوردارکردبو. وێنەکانیش پێویست بو لە شەواندا بگیرێن، بێگومان هەواکەی زۆر لە هی رۆژ ساردتربو. تەنانەت ئەگەر ئەم گرفتانەش پەراوێز بخەین، ئەوە تاقیکردنەوەکان هەروا ئەرکێکی ئاسان نەبون. ئەو لادانە چەمانەوەییەی کە بڕەکەی  1.6 کەوانە چرکەیە[4] پێویستە بەراورد بکرێت لەگەڵ قەبارەی نمونەیی وێنەی ئەو ئەستێرەیەی لە عەردەوە سەرنجمانداوە( هۆی ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ پشێوی لەو فشارە یاخود پاڵەپەستۆیەی بەدی دەکرێت) کە بڕەکەی 1 بۆ 2 کەوانە چرکەیە.

ئەنجام و داتای تێڕامانەکان لە رۆژگاری خۆیاندا بە تەواوی مایەی رەزامەندی نەبون[5]. ئەو تەلەسکۆپانەی بۆ ئەم مەبەستە خرانەگەڕ لە دەڤەری پرینسیپێ 16 تەبەقیان لەخۆدەگرت، بەڵام ئەو شەوانە پەڵە هەور لە دەڤەرەکە هەبون، ئەمەش بو بە هۆی کەمکردنەوە و دابەزینی بڕی کواڵەتی و جۆری تەبەقەکان. دو لە تەبەقەکان، کە هی پرینسیپێ بون، سەرباری ئەوەی لە باری جۆرییەوە باش نەبون، ئەوەیان خستەرو کە تێکڕای بڕی لادانی روناکییەکە  1.6 کەوانە چرکە بون. لە ناوچەی سۆربالی بەرازیلیش، دو تەلەسکۆپ هەبون، هەرچەندە وەزعیان زۆر باش بو، بەڵام بە هۆی گۆڕانی پلەی گەرما و کەشەوە وێنەی ئەستێرەکان زۆر ساف و رون نەبون. بەمجۆرە زەحمەت بو ئنسان بتوانێت پێوانێکی ورد دەستەبەر بکات، ئەوەی بەرهەمهات بریتی بو لە 0.93 کەوانە چرکە، ئەویش بە نزیکەیی. ئامرێکی تری 10 سەنتیمەتری، هەرچۆنێک بو، توانی 8 تەبەقی فۆتۆگرافی رون بەرهەم بهێنێت، ئەمەش تێکڕای لادانەکەی بریتی بو لە 1.98 (0.12 ±) کەوانە چرکە. خۆ ئەگەر هەر هەمو داتاکان بخەینە سەر یەک، ئەوا ئەنجامەکان نابنە مایەی رەزامەندی و قایلبونی لایەنەکان، بەڵام ئێدینتن، دوای پێشکەشکردنی تۆزێک بەهانە، ئەنجامەکانی تەلەسکۆپە گەورەکەی سۆبرالی پەراوێزخست و بەهایەکی زیاتری خستە سەر ئەوانەی پرینسیپێ( کە خۆی تۆماری کردبون). لە تشرینی دوەمی 1919 دا، ئێسینت، کە هەر خۆی سەرۆکی کۆمەڵەی شاهانە بو، لە کۆڕێکی زانستی زۆر گەورە و فراواندا سەرکەوتنی پرۆژە و گەشتەکەیان راگەیاند و شتەکەش وەک بەڵگەیەکی تۆکمە بۆ راستی و دروستی تیوریی گشتی نسبییەتی ئاینشتاین بڵاوبوەوە. بەمجۆرە لە شەو و رۆژێکدا ئاینشتاین بو بە بەناوبانگترین زانا و کەسایەتی گۆی زەوی. لە کاتی خۆیدا، چەندین زانا، هەستیانکرد کە هۆکاری زۆر ماقوڵ لە ئارادا هەبون کە بە چاوی گومانەوە لەو تێڕامانانە بڕوانن کە توانستی سەلماندنی تیورییەکەی ئاینشتاینیان بە وردی هەبێت.

لە ساڵی 1922، گروپێکی تر لە ”بنکەی فەزایی لیک”وە ئامادەکرا و گەشتێکی تر رێکخرا، سەرۆکی ئەمجارە ویلیام کامبێڵ بو. کاتێک خۆرگیرانی تەواو رویدا، گروپەکە کەوتە سەرنجدان و تۆمارکردنی داتاکان. ئەمجارە بە وردی لادانی ئەستێرەییان تۆمارکرد و بڕەکەی  1.72 (±0.11٠) کەوانە چرکە بو. کامبێڵ وەها بیریکردەوە کە تیورییەکەی ئاینشتاین هەڵەیە، بەڵام کاتێک تەجروبەکەی بە تەواوی پێچەوانەی بیروڕاکەی سەلماند، یەکسەر دانی بە هەڵەکەی خۆیدا نا و دواییش پشتگیری خۆی بۆ تیوری نسبیەتی ئاینشتاین راگەیاند.

ئەگەر بارستایی خۆر توانستی دروستکردنی لادانێکی بچکۆلەی لە مەوقیعی تەنێکی دوردا هەبێت، ئەوا بە هەمان شێوە بارستایی گالاکسییەکیش هەمان شت ئەنجام دەدات. جارجار گالاکسییەک لە هێڵی بەرچاو و دیاری تەنێکی دورترەوە نزیک دەبێتەوە. بارستایی گالاکسییەکە دەبێت بە هۆی خوڵقاندنی پشێوییەک لە فەزای دەروبەر و ”هاوێزەی کێشکردن  Gravitaional lens  ” دروست دەکات. ئەم هاوێزەیە وێنەی جیاجیای تەنە دورەکە دروست دەکات، ئەم وێنانە بەندن لەسەر مەوقیعی نسبی تەنەکە. جگە لەمەش ئەم هاوێزانە دەتوانن روناکییەکەیان یان پەخشە رادیۆییەکەیان وەک چەماوە یان ئەڵقە بڵاوبکەنەوە – ئەمانە بە ئەڵقەکانی ئاینشتاین ناودەبرێن. لە ساڵی 1977 دا، تێڕامانەکانی تەلەسکۆپی لۆڤێڵ لە جۆدرێل دو کوەیزاری Quasar  دۆزییەوە کە مەوقیعەکانیان نزیک بو لە گالاکسییەوە. کوەیزەرەکان سەرچاوەی رادیۆیی زۆر گەشی دورن و وەک ئەستێرە لەسەر تەبەقە فۆتۆگرافییەکان بەرچاودەکەون – کەواتە ناوی تەواویان بریتییە لە ” تەنی کوازی ئەستێرەیی ” کە بە مانای ” لە ئەستێرە دەچێت” دێت. بەلام ئێستا بە ”جوت کوایزەر ناودەبرێن، هەر زوش دەرکەوت کە ئێمە دو سیمای یان دو وێنەی هەمان تەن دەبینین. بەڵام جیاوازییەکی پەنهان هەیە، ئەویش ئەو رەوتەی لە فەزادا لە نێوان ئێمە و کوایزەردا لە یەکێک لە وێنەکاندا هەیە زۆر درێژترە لەوی تر، ئەویش بە دورایی 417 رۆژ روناکی. واتە، لە دو کاتی جیاوازدا دەیبینین – کە بە 417 رۆژی روناکی جیاکراونەتەوە. بەمجۆرە کات و فەزا کارلێک دەکەن، هەر بۆیەش لە تیورییەکەی ئاینشتایندا شتێکی لێک دانەبڕاون.

لەوانەیە ئنسان وەها بیربکاتەوە و بپرسێت چۆن جیاوازی زەمەنی دەپێورێت. – کوەیزەرەکان بریتین لە گالاکسی زەبەلاح و لە ناو جەرگەی دڵیاندا ”چاڵە رەشێکی مەزن”یش هەیە. هەرچی وردەواڵە و مادەی تری ئەستێرەیی و خاشاکی تر هەیە دەڕژێنە نێو چاڵە رەشەکەوە و دەبن بە سەرچاوەی وزە بۆ کوەیزەرەکان. پاشان کە رێژەی بەکاربردنی مادە دەگۆڕێت و ئەو وزەیەش لە چاڵی رەشەوە پەخش دەبێت دەگۆڕێت. دەرەنجامی ئەمەش بریتییە لە گۆڕانی شەوقەکە لەگەڵ زەمەندا. بۆ نمونە، گریمان وێنەیەک وەربگرین، روناکی ئەم وێنەیە دورترین مەودای بڕیوە و دەبینین قەبارەکەی لە سەدا دە زیادیکردوە. پاشان دەبینین وێنەکە، لە کاتێکدا کە روناکییەکەی مەودایەکی کەمتری بڕیوە، کەچی هەر بە هەمان بڕ زیادیکردوە. بەمجۆرە کە چەماوەی درەوشانەوەکانی دو وێنەکە بەراورد دەکەین، ئەوا کاتێک جیاوازی زەمەنییان  417 رۆژبو، وێکچونێک بەدی دەکەین.

لە ساڵانی شەستەکاندا ئیروین شاپیرۆ بۆی دەرکەوت کە رێگایەکی تر هەیە، زۆر بە قودرەتتر و وردترە بۆ تاقیکردنەوەی تیورییەکەی ئاینشتاین. شاپیرۆ، کە رابەری ئەسترۆنۆمی راداری بو لەو رۆژگارەدا، بۆی دەرکەوت ئەو زەمەنەی شەپۆلی راداری بۆ چون و گەڕانەوە بۆ هەسارەیەک پێێ دەچێت، کاتێک بە لای خۆردا گوزەردەکات ئەوا خۆر کاریگەری لەسەر هەیە. لە وێنەی (ئەلف) دا، رەوتێکی راستەوخۆ دەبینین کە شەپۆلی رادار دەچێت بۆ مارس و دێتەوە، لێرەدا ئەگەر حسابی ئەوە بکەین کە خۆر حزوری نییە و وەک دەرەنجامێکیش، فەزا تەختە. لە وێنەی (بێ)دا، رەوتەکە لەسەر دایەگرامەکە ئەوەمان نیشان دەدات کە بە هۆی چەمانەوەی فەزاوە، رادارەکە شەپۆلەکە دەنێرێت بەلای چەپدا و لاری نمایش دەکات و ناگاتە مارس. لە وێنەی (وێنەی c )، ئەو شەپۆلەی دەگاتە مارس دەردەکەوێت، رەوتەکە کەمێک بە لای راستی مەوقیعی راستەقینەیدا شکاوە، بە جۆرێک کە چەمانەوەی فەزا نزیک لە خۆرەوە بە ئاراستەی مارس دەیجوڵێنێت. سەداکە لە گەڕانەوەدا هەر هەمان رەوت دەگرێتەبەر. بەمجۆرە ترپەکە دەبێت رێگایەکی درێژتر بەرەو مارس و گەڕانەوە بگرێتەبەر، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر خۆر وجودی نەبێت ئەوا کاتێکی درێژتر دەخایەنێت. بەمجۆرە ترپەی رادارەکە تاقیکردنەوەی نایابی تیورییەکی ئاینشتاین دەسەلمێنێت.


گەلێک تاقیکردنەوەی تر بە هۆی بەکارهێنانی ئامێرە زەمەنییەکەی شاپیرۆ ئەنجامدراوە، ئەویش لە رێگای چاودێریکردن و سەیرکردنی ئەو ئیشارانەی لە کەشتییە ئاسمانییەکانەوە دێن کاتێک لە خۆر نزیک دەبنەوە. لە ساڵی 1979 دا، لە ئامێری شاپیرۆدا جۆرە وردییەک (کەرتێک لە هەزاردا) پێوانەکرا، ئەویش دوای تێڕامان لەو ئیشارانەی لە کەشتییە ئاسمانییەکانی ڤایکین لە مارسەوە دەهاتن. لەم دواییانەشدا زانایانی ئیتالیا، دوای بەکارهێنانی داتاکانی کەشتی ئاسمانی کاسینی، دوای ئەوەی گەشتەکەیان بۆ زوحەل ئەنجامدا و ئەم داتایانەیان لە ساڵی 2002 دا بە ناسا بەخشی بۆ توێژینەوە و تێڕامان. دوایی سەلماندیان کە تیوری گشتی نسبی ئاینشتاین راستە، ئەمە لە کاتێکدا ئەنجامەکەی لەسەدا پەنجا باشتر بو لە هەمو پێوانەکانی لەوەبەر. لەو کاتەدا زەوی و کەشتییە ئاسمانییەکە لە بەرامبەر خۆردا بون دوری نێوانیان یەک بلیۆن کیلۆمەتر زیاتربو. زۆر بە وردی ئەو گۆڕانکارییە زەمەنییەیان پێوانەکرد لە گەشتە دەورانییەکەیدا بڕی، ئەویش  کاتێک لە خۆر نزیک بوەوە و بە لایدا تێپەڕی. لە بنکەی فەزایی گۆڵدستۆن لە کالیفۆنیا سیگناڵێک نێردرا بۆ ئەو کەشتییەی زۆر دور لەولای خۆرەوە بو، لەوێش ئیشارەکەی قۆزتەوە و گەڕایەوە بۆ بنکەی فەزایی گۆڵدستۆن. تەکنیکی نوێ توانای بەخشی بە کاریگەرییەکانی ئەتمۆسفێری خۆر لەسەر سیگناڵەکە بسڕێتەوە و بەمەش توانیمان زەمەنی گەشتەکەمان بۆ چون و هاتنەوە زۆر بە وردی دەست بکەوێت. تاقیکردنەوەکەی کاسینی تیورییەکەی ئاینشتاین بە نسبیەتێکی وردی بیست بەش لە ملیۆنێک پشڕاست کردەوە.

هەرچەندە GPS  بۆ مەبەستی تیورییەکانی ئاینشتاین نین، بەڵام لە راستیدا وێنەیەکی جوانی ئەم تیورییانە نمایش دەکەن، خۆ ئەگەر ئەم تیورییانە لەبەر چاو نەگرین و هیچ حسابێکیان بۆ نەکەین، ئەوا ئەم سیستەمی ( GPS جی پی ئێس)انە هیچ ئیش ناکەن. جی پی ئێسەکان لە بنەڕەتدا بە هۆی ئیشارەتی تەوقیتکراوی وردەوە کاردەکەن کە لە بورجی ئەو سەتەلایتانەوە دێن بە دەوری زەویدا دەسوڕێنەوە. کاتێک سەتەلایتەکان ئیشارە زەمەنییەکانیان دەنێرن، مەوقیعەکەیان دەزانین و ئنجا لەسەر روی زەوی دەتوانین دورییەکانیان حساب بکەین، پاشان مەوقعی ئەو شتە لەسەر روی زەوی دەزانین لە کوێدایە. ئیشارە زەمەنییەکان لەو سەعاتە ئەتۆمییە هایدرۆجیننانەوە دێن کە لە هەمو سەتەلایتێکدا هەین. بە بەرزی نزیکەی بیست و دو هەزار و دو سەد کیلۆمەتر و بە خێرایی چواردە هەزار کیلۆمەر لە چرکەیەدا بە دەوری عەرددا دەسوڕێنەوە. هەردوک ئەم حاڵەتانە شتێکی نایابن. تیوری تایبەتی نسبییەتی ئاینشتاین پێمان دەڵێت ئەگەر لە پێگەیەکی وەستاوەوە سەرنج لە سەعاتێک بدەین لە حاڵەتی جوڵەدایە، ئەوا زەمەنەکە وا دێتە بەرچاو کە خاو دەروات. وەک ئەنجامێک، ئەگەر مەیزەری هایدرۆجینییەکە[6] وەها ورد تەوقیت کرا کە ئیشارەیەکی زەمەنی وردمان بداتێ، ئەوا وەها دێتە بەرچاو کە لە کاتی سورانەوەیەکەیدا رۆژانە حەوت مایکرۆچرکە خاو دەڕوات. بەمجۆرە بۆ زاڵبون بەسەر ئەم جیاوازییەدا، ئنسان دەتوانێت لەسەر روی زەوی سەعاتەکە لەسەر ئەو بنەمایە پێش بخات کە لە کاتی سوڕانەوەیدا بە هەمان رێژەی پێویست تێپەڕدەبێت.

بەڵام ئەمە تیوری گشتی نسبیەتی ئاینشتاین فەرامۆش دەکات. لە بەرزی 20200  کیلۆمەتردا بەهای تاودان، بە هۆی کێشکردنەوە، بە بەراورد بەوەی سەر روی زەوی، بە رێژەی یەک لەسەر چوار کەم دەکات. سەعات لەو مەوقیعانەدا کە کایەی هێزی کێشكردن تێێدا لاوازە خێراتر دەڕوات، ئەم کاریگەییەش سەعاتەکە وا لێدەکات رۆژانە 33 مایکرۆچرکە خێراتر بڕوات. ئنجا بۆ ئەوەی بە رێکی و راستی بروات و پێش نەکەوێت، ئەوا کاتێک لەسەر عەردین، پێویستە سەعاتەکە بە جۆرێک تایم بکەین کە نزیکەی 28 مایکرۆچرکە خاوتر بڕوات.

پێشکەوتنێکی گەورەی داهاتو لەمەڕ تاقیکردنەوەی تیورییەکەی ئاینشتاین تەریب بو لەگەڵ یەکەم دۆزینەوەی ”پۆلساری دوانەیی” لە لایەن رەسڵ تەیلەر و جۆزێف هەڵسەوە لە ساڵی 1974 دا. وردبونەوە لە ژیانی پۆڵسارەکان دەروازەیەکە سەبارەت بە بناوان و خەسڵەتییان بە شێوەیەکی نیزامی. لە دوا قۆناغەکانی ژیانیاندا، کارلێکی ناوکی لە کرۆکی ئەستێرە زەبەڵاحەکاندا دەبێت بە هۆی کەڵەکە بونی توخمی ئاسن، ئەو توخمەی جێگیرترین ناوکی هەیە. کاتێک کرۆکی هەمو بارستاییەکەی دەگۆڕێت بۆ ئاسن، کارلێکی ناوکی دەوەستێت و کێشکردن بە ئاراستەی ناوەوە دەبێت بە هۆی هەرەسهێنانی کرۆکەکە. زۆربەی هەرە زۆری پرۆتۆنەکان لەگەڵ ئەلکترۆنەکاندا کارلێک دەکەن و نیوترۆن پێکدەهێنن، سەرەنجامیش، کە تیرەی کرۆکەکە دەگاتە نزیکەی بیست کیلۆمەتر، ‘فشاری پیسبونی نیوترۆن’ ناهێڵێت چیتر ئەستێرەکە هەرەس بهێنێت. هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە، ئەو تەنەی دروست دەبێت پێێ دەگوترێت ئەستێرەی نیوترۆن. چڕییەکەی لە ئاسابەدەر بەرز و زۆرە – بارستایی یەک سانتیمەتر سێجا دە ئەوەندەی چیای ئەڤریست گەورەترە – و کایەیەکی موگناتیسی زۆر بەهێزیشێ هەیە، لەوانەیە شەش سەد تریلیۆن جار ئەوەندەی هێزی موگناتیزی زەوی بێت. ئەستێرەکە و کرۆکەکەشی لە بناواندا زۆر بە خاوی دەسوڕێنەوە، بەڵام کە کرۆکەکە هەرەس دەهێنێت، یاسای پاراستنی تەوژمی گۆشەیی دەبێت بە هۆی بەرزبونەوەی خێرایی سوڕانەوەی کرۆکی ئەستێرەکە بە شێوەیەکی لە ئاسابەدەر، لەوانەیە، هەر لە سەرەتادا ئەم خێرایی سوڕانەوەیە بگاتە دە جار لە چرکەیەکدا.

عادەتەن جەمسەری کایەی موگناتیسی ئەستێرە نیوترۆنەکە بەرەو جەمسەری سوڕانەوەکەی لاردەبێتەوە. ئەم کایە موگناتیسییانە کە دەسوڕێنەوە دەبن بە هۆی تاودانی تەنۆلکەکان، ئەمانیش خۆیان دەبن بە هۆی سەرهەڵدانی تیشکی رادیۆیی، لە هەندێک حاڵەتدا تیشکی ئێکسیشیان X-Ray لەگەڵدایە. هەردو تیشکەکە، یەکێک لە جەمسەری موگناتیسی باکور و ئەوی تریش لە جەمسەری موگناتیسی باشور، وەک چرای دەریا ئاسمان تەی دەکەن. خۆ ئەگەر یەکێک، یان هەردوک لەم تیشکانە بە لای مەوقیعی زەویدا تێپەڕن، ئەوا تەلەسکۆپی رادیۆیی سەر عەرد ترپەیەکی کورتی وزەیی  کەشف دەکات. بەمجۆرە ئەم ئەستێرە نیوترۆنە تیشکدەرانە زۆر بە خێرایی ناوی پۆڵساریان بەسەردا بڕا. نمونەیەک لەم جۆرە ئەستێرانە لە ساڵی 1967  لە لایەن جۆسلین بێڵڵەوە دۆزرایەوە. ئەو تیشکە ( وزەییە) ی لە ئەستێرەی نیوترۆنی پۆڵسارەوە پەخش دەبێت (وزەکە) لە سیستەمەکەوە هەڵدەمژێت و سوڕانەوەکەشی هێدی هێدی خاودەبێتەوە. بەڵام، هەروەک خۆشت تەسەوری دەکەیت، وزەی سوڕانەوەییەکەی لە تەنێک کە بارستاییەکەی 1.4ی بارستایی خۆرە بە رێژەی 10 خولانەوە لە چرکەیەدا دەخایەنێت، زۆر گەورەیە، بەمجۆرە رێژەی خاوبونەوە زۆر هێواشە، هەر بۆیەش دەبینین پۆڵسارەکانیش سەعاتی باش دروست دەکەن – کە وەک سەعاتی ناوکی وایە لەسەر عەرد. لە راستیدا کاتێک یەکەم پۆڵسار دۆزرایەوە، سەرەتا کەس باوەڕی نەدەکرد کە دیاردەیەکی سروشتی لەوانە ببێت بە هۆی سەرەهەڵدانی ئەم جۆرە ترپە زەمەنییە وردانە، تەنانەت گومانی ئەوەیان لا دروستبو کە لەوانەیە ئیشارەیەک، هیمایەک بێت لە رەگەزێکی مەخلوقاتی سەیری فەزای ترەوە دێت. یەکەمجار، ناوە نافەرمییەکەی بریتی بو لە LGM1  پیاوی سەوزی بچکۆلە ژمارە یەک ( Light Green Man).

پۆلسارەکان، چونکە سەعاتی ئەوەندە وردن، بون بە ئامرازێکی بە نرخ بۆ تەجروبەکردنی تیورییەکەی ئایشتاین. لە سیستەمی ‘پۆلساری دوانەیی’ دا، کە دوایی لە لایەن تەیلەر و هەڵسەوە دۆزرانەوە، بارستاییەکەی 1.4 ئەوەندەی بارستایی خۆرە بە دەوری ئەستێرەیەکی تردا دەسوڕێتەوە کە هەمان بارستایی هەیە. بەمجۆرە ئەمانە لە دو ئەستێرە پێکهاتون و بە دەوری یەکتردا دەسوڕێنەوە. تیوری گشتی نسبییەت پێشبینی ئەوە دەکات کە سیستەمی لەم جۆرە شەپۆلی کێشکردن پەخش دەکەن، شەپۆلێک کە بە بارتەقای گەردوندا و بە خێرایی روناکی بڵاودەبێتەوە. هەرچەندە کەشفکەری ئەم جۆرە شەپۆلانە لە حاڵی حازردا لە کاردان بۆ دۆزینەوەی ئەم شەپۆلانە( لە مانگی ئەیلولی 2015 دا ئەم شەپۆلانە دۆزرانەوە)، بەڵام شەپۆلەکان خۆیان زۆر لاوازن و بە شیوەیەکی راستەوخۆ زەحمەتە کەشف بکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا شەپۆلەکانی کێشکردن ئەنجامێکی کاریگەر دروست دەکەن کە دەتوانرێت ئەم کاریگەرییە کەشف بکرێت. وەک دەرەنجامی تیشکدانەوەی شەپۆلی کێشکردنەکەش، سیستەمە دوانەییەکە وزە بە فیڕۆدەدات، ئنجا دو ئەستێرەکە هێدی هێدی بە شێوەی حەلزۆنی بە ئاراستەی یەکتر دەجوڵێن. ئەگەر ئەو حەقیقەتە لەبەرچاو بگرین کە یەکێک لەم تەنانە پۆڵسار بێت، ئەوا ئەو دەرفەتەمان پێ دەبەخشیت کە زۆر بە وردی رادەکانی (پارامیتەریەکانی) سوڕانەوەی سیستەمەکە دیاری بکەین. هەمو تێرامانەکانی چل ساڵی ڕابڕودو، هەر لەو کاتەوە کە یەکەمجار دۆزرانەوە،  ئەوە پیشان دەدەن کە دو تەنەکە بە هێواشی و بە شێوەی حەلزۆنی لە یەکتر نزیک دەبنەوە، ئەمانە تەواو کۆک و تەریبە لەگەڵ پێشبینییەکانی ئاینشتاین. تەیلەر و هەڵس ( Taylor and Hulse)، هەردوکیان لە ساڵی 1993 دا، خەڵاتی نۆبڵیان لە فیزیکدا وەرگرت، چونکە بەرهەمێکی نایابیان لەم بارەیەوە پێشکەشکردوە.

سیستەمێکی تری پۆلسار ئەوەیە کە هەردوک تەنەکە لە سیستەمەکەدا پۆلسارن، ئەم سیستەمە بە ‘جوت پۆلسار ‘ ناودەبرین و هەتا ئێستا سەختترین تەجروبەی لەمەڕ تیوری گشتی نسبی ئاینشتاین بەرهەمهێناوە. ئەم سیستەمە لە ئامارێكدا دۆزرایەوە کە لە بنکەی تەلەسکۆپی پارکس، لە ئوسترالیا ئەنجامدرا، ئەویش دوای ئەوەی شیکاری ئەو داتایانەی لە بنکەی فەزایی زانکۆی مانچستەرەوە پێگەیشت. دوای بەکارهێنانی گەلێک سوپەر-کۆمپیوتەر بۆ شیکاری داتاکان، لە سالی 1903 دا جوت پۆلسارەکان دۆزرانەوە. ئەم سیستەمە لە پۆلسار پێکهاتوە، بارستایی هەریەکەیان 1.25 و 1.34 ئەوەندەی بارستایی خۆرە و رێژەی سوڕانەوەشیان 2.8 چرکە و 23 میلی-چرکەیە. هەمو 23 سەعات جارێک بە  تەوەری گەورە، کە لە تیرەی خۆر بچوکترە، بە دەوری یەکتریدا دەسوڕێنەوە. هەردو ئەستێرە نیوترۆنییەکە بە خێرایی 0.01 ی خێرایی روناکی دەجوڵێن، هەر ئەمەشە وای کردوە کە سیستەمەکە کاریگەرییەکانی تیوری گشتی نسبی تێێدا لە هەمو سیستەمێکی زانراوی تر رون و ئاشکرابێت. ئا لەم ساتەدایە کە تیوری گشتی نسبییەت پێشبینی ئەوە دەکات کە دو ئەستێرە نیوترۆنییەکە رۆژانە 7 ملیمەتر بە ئاراستەی یەکتر و بە شێوەیەکی حەلزۆنی دەجوڵێن. ئەو تێڕامانانەی لەو رۆژگارە و لە سەرتاپای دونیادا ئەنجامدراون، لە نێویاندا تەلەسکۆپی لۆڤێڵ لە کەناری چێدرلل لە مانچستەر، بە وردی ئەوە دەردەخەن کە پێشبینییەکانی باسی دەکەن.

لە راستیدا  دەکرێت پێنچ لە پێشبینییەکانی تیوری گشتی نسبییەت لەم سیستەمە نایابەدا تەجروبە بکرێن. ئەوەیان کە ئاستێکی بەرزی وردەکاری دەستەبەرکرد بریتی بو لە پێوانەکانی شاپیرۆ (کە دواکەوتنی شاپیرۆ Shapiro delay بەناوبانگە). خۆشەبەختانە، روتەختی  سوڕانەوەی دو پۆڵسارەکە لە کەناری ئێمەدان. بەمجۆرە، کاتێک یەکێک لە دو پۆڵسارەکە لە دورترین مەودای ئێمەدایە، ئەوا ترپەکانی کە بە لای ئەوی تردا دەگوزەرێت، لە رەوتەکەیدا لە تەلەسکۆپە رادیۆییەکانی ئێمە نزیک دەبێتەوە. بەمجۆرە پیوستە رەوتێکی فەزای جەماوەیی زیاتر بە دەوری ئەستێرە نزیکەکەی تردا ببڕن، ئەمەش دەبێت بە هۆی دواکەوتنیان بە بڕی 92 میللی–چرکە. پێوانی زەمەنی ئەم دیاردە گرنگە بە رێژەی وردی 0.05 لە سەدا لەگەڵ تیوورییەکەدا کۆکە. بۆیە دەبینین ئاینشتاین بە لایەنی کەمەوە لە سەدا  99.95 راست بو.

وردە وردە کە دو ئەستێرە نیوترۆنەکە لە یەکتر نزیک دەبنەوە، لە ئایندەدا و لە خاڵێکدا یەکدەگرن بۆ پێکهێنانی ئەوەی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا پێی دەگوترێت چاڵی رەش. دواجار کە دەبن بە یەک شەپۆلی کێشکردن ”تسونامیی”دروست دەبێت . قوردرەتی پێشبینیکراوی ئەم شەپۆلی کێشکردنە بەسە بۆ ئەوەی لە لایەن ئامێرەکانی کەشفکردنی شەپۆلی کێشکردنەوە، کە لەسەر زەوی هەن، کەشف بکرێن. لە باکوری ئەمەریکان و دوانیش لە ئەوروپا و یابان لەم ئامێرانە هەن.

ئەگەر بمانەوێت ئەو رێگایە بزانین کە شەپۆلەکانی پێ کەشف دەکرێت ئەوا ئنسان دەتوانێت لەو میتۆدە مومکینە بگات کە شەپۆلی تسومانی پێ کەشف دەکرێت کاتێک بە ئەقیانوسێکدا دەپەڕێتەوە. با وا دابنێین لە ”تەجروبەیەکی خەیاڵبافیدا”، دو بەلەم یەک کیلۆمەتر لە یەکترەوە دورن، سیستەمی لەیزەری بەکار دەهێنین بۆ پێوانی دوری نێوانیان. ئەگەر شەپۆلی تسونامی یەکەمجار بگاتە یەکێکیان، کاتێک شەپۆلەکە بە ژێری بەلەمەکدا تێپەڕدەبێت، ئەوا بەلەمەکە جوڵەیەکی بازنەیی ئەنجام دەدات، بەمجۆرە گۆڕانێکی بچکۆلەی کاتی لە نێوان دوری هەر دو بەلەمەکەدا دێتە ئاراوە، ئەمەش بۆ خۆی لە لایەن سیستەمی لەیزەرەکەوە کەشف دەکرێت. دوای مایەکی تر، ئیتر شەپۆلەکە دەگاتە بەلەمەکەی تر و دیسانەوە لادانێک لە دورییەکانیاندا رودەدات. لێرەدا، بە هەرچ شێوەیەک بێت، دەبێت تێبینی ئەوە بکەین کە شەپۆلی تسونامییەکە لە لاوە دێت و لە هەمان ساتدا دەگاتە هەر دو بەلەمەکە کەشف نابێت ئەگەر گۆشەی نێوان جوڵەی بەلەمەکان و دورییە پێوەراوەکە وەستاو بێت. بۆ زاڵبون بەسەر ئەم کۆسپەدا، ئنسان دەتوانێت سێ بەلەم بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی گۆشەیەکی وەستاو دروست بکەن و کاتێکیش لە هەر گۆشەیەکەوە شەپۆلەکە دەگاتە بەلەمەکان کەشف دەکرێت.

ئەمە بە تەواوی لە ئامرازەکانی کەشفکردنی شەپۆلەکانی کێشکردن دەچێت، ئەو ئامرازانەی بە ”لیگۆ LIGO[7] ” ناودەبرێن. لیگۆ ئامێرێک بەکار دەهێنێت کە بە ئینفۆمیتەری لەیزەر ناودەبرێت، ئەمیش ئەو زەمەنە زۆر بە وردی دەپێوێت کە بۆ روناکی پێویستە لە نێوان دو ئاوێنەی هەڵواسراوی بەرامبەر بە یەک گوزەربکات. دو ئاوێنەکە، ئەگەر دوری نێوانیان 4 کیلۆمەتر بێت، ئەوا قۆڵێکی ئامرازی ”ئینفێرۆمیتەر” پێکدەهێنێت و دو ئاوێنەی تریش قۆڵی دوەم پێکدەهێنن کە ستونە لەسەر قۆڵی یەکەم و حەرفی ئێڵی( L ) ئنگلیزی دروست دەکەن. روناکی لەیزەر لە گۆشەیەکی حەرفی ئێڵەکەوە خۆی دەکات بە نێو سیستەمەکەدا و تیشک کەرتکەرێک beam splitter روناکییەکە لە نێوان دو قۆڵەکەدا دەکاتە دو کەرتەوە. روناکی لەیزەرەکە بە بەردەوامی لە نێوان دو ئاوێنەکەدا شەوق دەداتەوە و دێت و دەچێت بەر لەوەی بگەڕێتەوە بۆ تیشک کەرتکەرەکە. ئنجا هەر لادانێک لە درێژی رەوتەکەدا روبدات ئەوا بەوپەڕی وردی دەپێورێت. – جوڵەکە بە جۆرێک دەپێورێت کە ئەگەر یەک لە هەزاری تیرەی پرۆتۆنێک بێت ئەوا دەپێورێت! بۆ بەدەسهێنانی ئەمئامانجە، ئاوێنەکان و ئەو رەوتی روناکییەی لە نێوانیاندا هەیە لە شوێنێکدا کە گەورەترین سیستەمی بۆشاییان هەیە، قەبارەکەی بە نزیکەیی دەگاتە سێ سەد هەزار پێ سێجا و هەتا فشارێک چۆڵکراوە کە یەک لەسەر تریلیۆنی ئەتمۆسفیرێکە. سیستەمێکی بەرزی ورەکاری و لەرینەوەی جودا پێویستە بۆ ئەوەی جۆرە بەرگێک بە دەوری ئاوێنە هەڵوواسراوەکاندا دروست بکات، ئەمە ئەگەر بمانەوێت لەرینەوەی سروشتی بەهەم بهینن، وەک ئەو بومەلەرزانەی زەوی دروستیان دەکات.

هەتا رۆژگاری ئەمڕۆ، شەپۆلە کێشكردنەکان کەشف نەکراون. کەشفکەری شەپۆلە کێشکردنەکان یەکگرتنی دو ئەستێرەی نیوترۆنی کەشف ناکەن چونکە ئەمانە وەها پێشبینی کراون کە هەشتا و چوار ملیۆن ساڵی تر یەک دەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە باوەڕمان وایە کە سیستەمی دوانەیی وەها بونیان هەیە و روداوی لەم جۆرەش لە مەودای زەمەنی چەند ساڵی داهاتودا و لەم گالاکسییەدا رودەدات – هەر بۆیە پێت دەڵێم سەیری فەزا بکە و چاوت بکەرەوە. هەتا ساڵی 1915 هەستیاری سیستەمی لیگۆ زۆر پێش دەکەوێت و فراوان دەبێت و لەوانەیە روداوی لەو جۆرە لە گەردونە دەڤەرییەکەی خۆماندا کەشف بکرێت – کەشفکردنی راستەوخۆی شەپۆلی کێشکردن ئەوەندە دور نییە (بە راستی جوانی بۆچوە، ئەم شەپۆلانە لە ئەیلولی 2015 کەشفکران –شێرکۆ).

هەرچۆنێک بێت، هەرچەندە لێرەدا و لە ئێشتادا ئەوە دەخەینە رو کە تیوری ئاینشتاین راستە، بەلام ئەمە هەمو داستانەکە نییە.

یەکێک لە پرسە سەرسوڕهێنەکان لە فیزیکی تیوریدا و لە حاڵی حازر بریتییە لە هەوڵدان بۆ هارمۆنی کردنی تیوری گشتی نسبییەت، ئەو تیورییەی وەسفی هێزی کێشکردن دەکات کە بەسەر بونیاتێکی زۆر گەورەی گەردوندا واری دەکرێت.(وەکو ئەستێرەکان، هەسارەکان، گالاکسییەکان.)، بەڵام میکانیکی کوانتەمی، کە وەسفی هێزە بنەڕەتییەکان دەکات کاتیک لە رەهەندیکی زۆر وردی وەکو ئەتۆمەکاندا رەڤە دەکرین. هەندیک جار بیرورای بڵاو بە جۆرێکە کە تیوری گشتی نسبی و میکانیکی کوانتەمی پێکەوە ناسازێن، بەڵام تیوری گشتی نسبی دەکرێت ببەسترێتەوە بەو تەنۆلکە بێ- بارستاییەوە کە بە گراڤیتۆن Graviton ناودەبرێت. هەرچەندە بەڵگەی بونیان نییە، بەڵام تیورییە چەندایەتتیەکانی مادە بونی ئەم تەنۆلکانە بە زەرورەت دەزانێت و وەک تەنۆلکەی تەتەر یان پەیامبەر کاردەکەن، بە هەمان ئەو رێگایەی کە هێزە بنەڕەتییەکانی تر تەنۆلکەی تەتەریان هەیە، زانیاری سەبارەت بە گۆڕانی دابەشبونی بارستایی دەگوازنەوە. بۆ نمونە، فۆتۆنەکان تەتەری هێزی ئەلکترۆماگنێتیک و گلونەکانیش تەتەری هێزە بەهێزەکانن( کە گروپی سێ کوارکی پێکەوە دەنوسێنن بۆ ئەوەی پرۆتۆن و نیوترۆن پێک بهێنن).

گراڤیتۆن Graviton توخمێکی بنەڕەتی فیزیکی تیوری هاوچەرخە و هیمەتێکی گەورەی بنکەی کۆڵایدەری هایدرۆنی گەورەیە (Large Hadron Collider)، کە گەورەترین تاودەری تەنۆلکەیە و ئەمساڵ کەوتوەتە کار، ئەرکی ئەوەیە بەڵگە دەستەبەر بکات بۆ بونیان، هەرچەندە هەتا ئێشتاش هیچی نەدۆزیوەتەوە.

یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە هێزی کێشکردن نزیکەی 39^10 ( دە و سی و نۆ سفر لە بەردەمیدا.) ئەوەندەی هێزە کارەباییەکانی تر کە کۆنترۆڵی گەردونیان کردوە لاوازترە. لە هەقیقەتدا یەکێک لە ئایدیاکان ئەوەیە کە هێزی کێشکردن لەوانەیە خاوەنی هێزێکی ناوەکی بێت، هەروەک ئەوەی لە هێزەکانی تردا هەیە، بەڵام لاوازتر دەردەکەوێت، هۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە لە فەزایەکی رەهەندی بەرزدا خۆ نمایش دەکات. هەر ئەمەش کەناڵیکی لەگەڵ تیوریەکانی ژێدا String Theories دروستکرد چونکە لە هەقیقەتدا لەوانەیە یان بڵێین پێدەچێت کە بە هەموی یازدە رەهەند لە ئارادا هەبن. شەش لەم رەهەندانە زۆر لولن و تەنۆلکە بنەڕەتییەکان پێک دەهێنن و – بە ژێکان – ناودەبرێن. شێوازی لەرینەوەکەیان دەبێت بە هۆی دیاریکردنی جۆری تەنۆلکەکە. چوار رەهەندی تریان ئەوانەن کە بە فەزا-زەمەن ناسراوە، بەمەش تەنها یەک رەهەندی تر دەمێنێتەوە. هەندیک رایان وایە کە گراڤیتۆن دزە بکات و رەهەندە پەنهانەکە بێت، هەر بۆیەش کێشکردن وا دەردەکەویت کە هیزێکی زۆر لاوازتربێت وەک ئەوەی لە راستیدا هەیە.

هێشتا زۆر ماوە بیزانین!

پەراوێزەکان


[1]  شەپۆلی کێشكردن چییە؟ شەپۆلێکە لە کایەیەکی کێشكردندا پەخش دەبێت و هەڵگری وزەیەکە، ئەمەیش کاتێک بەرهەم دێت کە تەنێکی لە ئاسابەدەر زەبەلاح خۆی تاودات و خێراییەکەی بەرزدەبێتەوە یان روبەڕوی پشێوی دەبێتەوە. ئەم دیاردە سەیرە یەکەمجار لە تیوری گشتی نسبی ئاینشتایندا لە ساڵی 1916 خۆی قوت کردەوە. هەندێک جار لە ئەنجامی یەکگرتنی دو چاڵی رەشەوە سەرهەڵدەدات.

[2]  تیوری گشتی نسبی راستە نەک تیوری نسبی گشتی.

[3]  ئارتەر ئێدینتن ( 1944-1882): یەکێک لە کاراکتەر و کەسایەتییە گەورەکانی کۆسمۆلۆژیا لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا. ئەم زانا گەورەیە، سەرباری ئەوەی لە نێوان وڵاتانی ئەوروپا جەنگی یەکەمی جیهانی لە ئارادابو، توانی زۆر لە فەلەکناسانی ئەوروپی لە یەکتر نزیک بخاتەوە. یەکەم کەس بو تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتاینی خستە بواری تاقیکردنەوەوە دو گەشتی گەورە و تێروتەسەلی لە ساڵی 1919 دا رێکخست  بۆ تێرامان و تۆمارکردنی چەند وێنەیەکی خۆرگیران لەو ساڵەدا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کاتێک روناکی ئەستێرەیەک بە لای خۆردا تێدەپەڕێ ئەوا لاردەبێتەوە، ئەمە بۆ خۆی کرۆکی تیوری گشتی ئاینشتاینە. ئێدینتن کەسایەتییەکی ئاشتیخوازی دژ بە هەمو جۆرە جەنگێک بو، ئەمە جگە لەوەی لە بیروباوەڕەکەیدا زۆریش کەللەڕەق بو. لە ساڵانی جەنگدا سەرپێچی یاسای کرد و خزمەتی سەربازی رەتکردەوە، ئەمە کێشەی لەگەڵ دەسەڵاتدا زۆر بۆ دروستکرد. یەکێک بو لەو تەنها سێ کەسەی جیهان کە مەنشوربون بەوەی لە تیوری گشتی نسبییەت گەیشتون. لە کۆنفراسێکی رۆژنامەییدا، رۆژنامەنوسێک لێی پرسی،’ راستە دەڵێن، جگە لە ئاینشتاین، تەنها تۆ و کەسێکی تر لە تیوری گشتی نسبییەت گەیشتون.’ ئێدینتن رادەمێنێت و بیردەکاتەوە. ئنجا رۆژنامەنوسەکە لێێ دەپرسێتەوە،’ بیر لە چی دەکەیتەوە؟’ لە وەڵامدا ئێدینتن دەڵێت،’ بیر لەوە دەکەمەوە دەبێت کەسی سێێەم کێ بێت!’. بۆیە دەبێت ئنسان بە رۆحێکی سادەوە لەم تیورییە بڕوانێت، چونکە هەر بە راستی تێگەیشتن لێێ قورسە، خۆ زۆر لە زاناکان هەتا سەرەتای شەستەکانیش خۆیان لێ لادەدا و لە زانکۆکانیش هانی توێژەرانیان دەدا توخنی هاوکێشەکانی نسبیەت نەکەون. لە راستیدا هاوکێشە ماتماتیکییەکان، چونکە بە کالکیولەسی تێنسەر نوسراون زۆر زەحمەتە ئنسان لێیان حاڵی بێت. ئێدینتن بە رابەری هەرە گەورەی ئەسترۆفیزیک لە سەدەی بیست هەژمارد دەکرێت.

[4]  کەوانە چرکە: پێوەری گۆشەیی تەنێک عادەتەن بە پلە، کەوانە-خولەک یان کەوانە-چرکە گوزارشت دەکرێت. هەروەک چۆن سەعات دابەش دەبێت بۆ 60 خولەک و خولەکیش دابەش دەبێت بۆ 60 چرکە، ئاواش پلە دابەش دەبێت بۆ 60  کەوانە-خولەک و کەوانە-خولەکیش دابەش دەبێت بۆ 60 کەوانە-چرکە.

[5]  باوەڕی باڵادەست ئەوەیە کە ئەنجامە پراکتیکییەکان کەمێک لە لایەن ئێدینتن خۆیەوە دەستکاری کرابون، ئەمەش زیاتر بۆ سەرخستنی پرۆژەکە، بەڵام ئێدینتن چونکە باوەڕی تەواوی بە تیورییەکەی ئاینشتاین هەبو، گرنگ نەبو بە لایەوە. ئاینشتاین خۆشی بە شێوەیەکی رەها باوەڕی بە یەقینی نسبییەتەکەی هەبو، وەک دەڵێن لای گرنگ نەبوە پرۆژەکە سەرەدەکەوێت و تیورییەکەی دەسەلمێنێت یان نەء، لای وی تیورییەکەی هەر راستە و بە راستیش دەمینێتەوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لێیان پرسی چی دەبو ئەگەر بیسەلمێنن تیورییەکەت هەڵەیە، لە وەڵامدا گوتی، ئەوە کێشەی من نییە، من لە روی ماتماتیکییەوە شتەکەم راستە ئەگەر ئەوانیش سەرنەکەون ئەوە تەنها ئەسەف بۆ ئەوان دەخۆم نەک بۆ هەڵەبونی تیورییەکەم. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا چیتر پێویست بەم ڕێگاو میتۆدانە ناکات بۆ سەلماندنی تیوری گشتی ئاینشتاین چونکە چەندان میتۆدی تر هەن بۆ سەلماندنی راست و دروستی تیورییەکە.

[6]  جۆرە ئامراز یان سەعاتێکە کە سود لە ئەتۆمەکانی هایدرۆجین وەردەگرێت. سوڕانەوەی ئەلکترۆن و نیوترۆن خاسیەتێکی بەرزن لە ئەتۆمدا کاتێک لە ناو ئەتۆمدا دەسوڕێنەوە. لەم خاسیەتەدا سود وەرگیراوە بۆ پەخشی تیشكی ئەلکترۆماگنێتیکی.

[7]  ”لیگۆ LIGO: کورتکراوەی ” Laser Interferometer Gravitational-Wave Observatory ” بریتییە لە تاقیکردنەوەیەکی گەورەی فیزیکی بۆ کەشفکردنی شەپۆلەکانی کێشكردن لە گەردوندا و پەرەپێدانی وەک ئامرازێکی نایابی ئەسترۆنۆمی. دو بنکەی گەورە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هەن بۆ ئەم مەبەستە، واتە بە ئامانجی کەشفکردنی شەپۆلەکان، ئەویش بە بەکارهێنانی ئنتێرفێرۆمەتری لەیزەر laser interferometry  .

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *