زانستی هۆوکین: لەدایکبونی زەمەن

داستانەکەمان لە ناوەراستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە دەست پێدەکات، ئەو کاتەی هۆوکین قوتابی دکتۆرا بوو لە زانکۆی کامبریچ، لە ئنگلستان. لەو رۆژ و عەیامەدا، ژمارەیەکی کەم لە ماتماتیکناسان خولیا و مەیلی ئایدیای چاڵە-رەشەکانیان هەبوو، ئەو دیاردەیەی لە ئەسڵدا پێشبینی تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتاین بوو، بەڵام بە دەگمەن خەڵکانێک هەبوون باوەڕیان بەوە هەبوو کە چاڵە رەشەکان بە راستی لە گەردوندا بونیان هەیە. لە هەقیقەتدا، وشەی چاڵە-رەش بەو ماناەی ئێستا ئیشارەی پێدەدرێت، تەنها کاتێک چووە سەر زمانی خەڵک، کە فیزیکناسی گەورەی تیوری گشتی نسبی، جۆن ویڵەر لە ساڵی 1967 لە زاری پژا و بڵاوبوەوە. لە سالێ 1965 دا، ئەو پرسانەی پەیوەست بوون بەو هاوکێشانەی وەسفی ئەو تەنانەیان وەک فەرزیەیەک دەکرد، بابەتیک بوون بۆ خوێندکارانی دکتۆرا کە خۆیانی لێ بدەن، بێگومان بێ ئەوەی خەمی ئەوەیان هەبێت کە ئەم فەرزییانە هیچ لایەنێکی شرۆڤەکارییان هەیە یان نەء.

تیورییەکە دەیگوت کاتێک بارستایی ئەستێرەیەک دەگاتە سێ ئەوەندەی بارستایی خۆر و ژیانی کۆتایی دێت، هەتا ناکۆتا هەرەس دەهێنێت، چونکە هیچ هێزێک یان فشارێک ناتوانێت ببێت بە بەربەست و بیوەستێنێت. ئنجا کاتێک بۆ قەبارەیەکی دیاریکراو هەرەس دەهێنێت، ئەوا هێزی کێشكردنی ئەستێرە مردووەکە بە جۆرێک بەهێز دەبێت کە هیچ شتێک، تەنانەت روناکیش ناتوانێت لە جڵەوی قوتاربێت – هەر بۆیەش ناوەکەی چاڵە-رەشە. بە شێوەیەکی وردتر، بۆ هەر بارستاییەکی تایبەت، جا تەنەکە ئەستێرە بێت یان هەر شتێکی تر، ئەگەر بۆ قەبارەیەکی دیاریکراو پەستێنرا یان بڵێین چڕکرایەوە، ئەوا دەبێت بە چاڵە-رەش. کە باس لە قەبارەکە دەکەین ئەوا مەبەستمان دورییە لە چەقی تەنەکەوە، بەهای شلۆقیش لێرەدا بە نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد ناودەبرێت. لە تەنێکدا کە بەم جۆرە هەرەسی هێناوە، دوری نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد لە چەقی تەنە داڕماوەکەوە بریتییە لە ئاسۆیەک کە تەنها یەک ئاراستەیە، واتە چوونە ناوەوە هەیە، بەڵام هاتنە دەر بوونی نییە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئاسۆیەکی شاراوە لە ناوەوەی هەموو تەنێکی وەکو خۆر یان زەویدا هەیە. سەرتاپای تەنەکە پێویستە بۆ نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد چڕببێتەوە یان بپەستێبرێت بۆ ئەوەی ببێت بە چاڵەڕەش. دوایی ئەم ئاسۆیە لە ناوەندە کۆزمۆلۆژییەکاندا بە ئاسۆی روداو event horizon  ناسرا. سەرەنجامیش بوو بە رووکەشی چاڵە-رەشەکە. هەرچەندە هاوکێشەکان وەهایان دەگوت، بەڵام تێروانینی گشتی لە نێو فیزیکناساندا ئەوەبوو کە پێویستە یاسایەکی سروشت هەبێت کە دەبێتە بەربەست لەبەردەم داڕمانی ئەستێرەکە کە بتوانێت هەتا ئەو ئاستە بەردەوام بێت، بەمجۆرە هیچ تەنێک بونی نییە کە بچکۆلەتر بێت لە نیوەتیرەی شوارتزچایڵدەکەیان. گرفتەکە لێرەدا ئەوە بوو کە هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نەبو بۆ سەلماندنی ئەم جۆرە یاسایە.

هەندێک لە ماتماتیکناسان هەوڵیاندا بزانن، ئەگەر تەنەکە بەردەوام بێت لە داڕمان، ئەوا چی بەسەر مادەی ناوەوەی سنورەکانی ئاسۆی روداودا دێت. ئایدیایەکی بڵاو لەمەڕ ئەم پرسە ئەوە بوو کە تەنۆلکەکان – واتە پرۆتۆنەکان، ئەلکترۆنەکان و نیوترۆنەکان-  وەک پۆلە هەنگ لە ناوەوە گیزەیان دێت. بەڵام رۆجەر پێنرۆز، ئەو کاتە لە کۆلێژی بێربیک ئیشی دەکرد، هاوکێشەکانی تیوری گشتی نسبییەتی خستەگەڕ بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە لە ناوەرستی چاڵە-رەشدا، بە هیچ جۆرێک تەنۆلکە مادییەکان بە سەر یەکتردا گوزەرناکەن. لای پێنڕۆز، هەمو شت بەرەو نوقتەیەک، بە مانای پڕی وشەکە، هەرەس دەهێنێت، واتە سینگولارەتی کە چڕی ناکۆتایە و قەبارەش سفرە، ئنجا ئا لێرەدا فەزا و زەمەن چیتر بونیان نامێنێت و دەوەستن، یاساکانی فیزیکیش شکست دەهێنن یان هەڵدەوەشێن، هەربۆیەش مەحاڵە ئنسان بتوانێت پێشبینی ئەوە بکات ”دوایی” چی ڕودەدات، ئەگەر ”دوایی” خۆی هەر هیچ مانایەکی هەبێت. کاتێک لە ساڵی 1965 دا ئەنجامەکانی بڵاوکردەوە، بوون بە ئیلهامێک بۆ هۆوکین بۆ ئەوەی بە شێوازێکی فراوانتر و وردتر سەیری پرسەکە بکات، بێگومان هۆوکین هێشتا لە ناوەڕاستی توێژینەوەی دکتۆراکەیدا بوو.

سینگولارەتی، هەتا لەودیو سنورەکانی ئاسۆی روداوەوە بێت، ئەوە بە هیچ جۆرێک نابێت بە هۆی خوڵقاندنی نیگەرانی لای فیزیکناسان. بە راستی باوەڕیان بە هەبوونی شت-گەلی وەها هەر نەبوو، خۆ ئەگەر بوونیشیان هەبێت، ئەوە ئاشکرا نییە لەگەڵ دونیای دەرەوە هیچ کارلێکیان هەبێت، کەواتە بۆچی ئنسان نیگەران بێت؟ بەڵام هۆوکین بۆی دەرکەوت هاوکێشەکانی تیوری گشتی لەگەڵ گوزەری زەمەندا بە هەمان تەرز کاری خۆیان ئەنجام دەدەن، جا ئاڕاستە زەمەنییەکە بۆ پێشەوە یان بۆ دواوە بێت، سینگولارەتی بوونی هەیە و پێویستە نیگەران بین لە بەرامبەریدا – سینگولارەتی لە سەرەتای گەردوندا، واتە لەدایکبونی زەمەن.

لە 1965، فەلەکناسان دەیانزانی گەردون لە کشاندایە، واتە گالاکسییەکان( کە بریتین لە دورگەی پڕ ئەستێرە) لەگەڵ رەوتی کاتدا لە یەکتر دوردەکەونەوە، ئەم کشانەی گەردون زۆر بە جوانی لە تیوری گشتی نسبییەتدا تەفسیرکراوە، ئەویش بەو زمانەی کە فەزا خۆی لەگەڵ رەتبونی زەمەندا دەکشێت و گالاکسییەکانیش وەک سەرنشین وەهان و دەیان گوازێتەوە، واتە گالاکسییەکان خۆیان ناجوڵێن، بەڵکو بۆشاییەکەی نێوانیان دەکشێت. لەو رۆژگارەدا هێشتا مشتومڕ لەمەڕ ئەو پرسە بەردەوام بوو کە ئایا ئەمە مانای ئەوەمان دەداتێ گەردونی بەرچاو لە حاڵەتێکی سوپەڕ-چڕەوە لە ساتەوەختێکدا (واتە بیگ-بانگ) لەدایکبووە یاخود کاتێک گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە، ئیتر گالاکسی نوێ لە بۆشاییەکاندا جێگایان دەگرێتەوە بۆ ئەوەی هەمان روکەشی گشتی گەردونمان هەر هەبێت، بە مانایەکی تر، نە سەرەتا و نە کۆتایی زەمەن بوونی هەیە ( بێگومان ئەمەش بۆ خۆی مۆدڵی حالەتی نەگۆڕی گەردونە). ئەو فەلەکناسانەی هەواداری مۆدڵی بیگ-بانگ بوون بە گشتی بۆچوونیان بەوجۆرە بوو کە ئەگەر میل یان ئاراستەی هاوکێشەکانی تیوری گشتی، کە وەسفی کشانی گەردون دەکەن، بەرەو دواوە بگۆڕین، ئەوا گەردون چڕ و چڕتر دەبێتەوە، سەرەنجام ئەستێرەکان دەهاڕدرێن و تیک دەشکێن، بە جۆرێک شۆربایەکی تێکەڵی وەها لە تەنۆڵکەکان دێتەبەرهەم کە بە یەکدادەدەن و هەڵدەبەزنەوە. هەتا ئیتر لە قۆناغێکدا، بێگومان وەک فەلەکناسان وێنایان دەکرد (یان هیچ نەبێت هیوایان وابوو)، فشارێک دروست دەبێت کە گەردون وا لێدەکات بەرەو شەپۆلێکی تری کشان هەڵکشێت، بە بێ ئەوەی بەرەو ڕوی هیچ شتێکی نامۆیی وەکو سینگولارەتی ببێتەوە. ئا لەم وێنەیەدا، هێشتا هیچ ئەسەرێکی سەرەتای زەمەن بوونی نییە، ئەمە جگە لەوەی هیچ ئیشارەیەکیش لە ئارادا نییە بۆ کۆتایی، تەنها هەڵکشان و داڕمانی یەک لە دوی یەکی ”گەردونە” و هیچی تر.

هۆوکین سەلماندی هەمووان هەڵەن. کارەکەی پێنڕۆزی لەمەڕ داڕمانی چاڵە-رەشەکان هێنا و لەگەڵ کشانی گەردوندا گونجاندی. سەرەتا لە دکتۆراکەیدا و دواییش بە وردی و بە هاوبەشی لەگەڵ پێنرۆزدا پێکەوە سەلماندیان، هەروەک چۆن چاڵە-رەشەکان دەبن بە هۆی سینگولارەتی، بە هەمان شێوەش، بەو تەرزەی گەردون لە پرۆسەی کشاندایە، ئەوە نیشان دەدات خۆشی (واتە گەردون) لە سینگولارەتییەوە لەدایکبووە. وەک کۆرۆلارییەک corollary (پێشنیازێک لە سەلماندنەوە هاتبێت)، بە هیچ جۆرێک ئەوە رونادات کە تەنۆڵکەکان، یان گالاکسییەکان، لە گەردونێکی چووەیەکدا contarct بە لای یەکدا بخلیسکێن بە بێ ئەوەی بە سینگولارەتیدا تێپەڕن و لە هەرەسهێنانەوە بەرەو کشان هەڵکشێنەوە. هەر بە راستی لە دایکبونی زەمەن لە ئارادابوو. ئەمە بە تەنها بەسە بۆ ئەوەی ئنسان بڕوانامەی دکتۆرای پێ بەدەست بهێنێت. لەوەش زیاتر کە مایەی سەرنج و ئنتیباعە ئەوەیە ئەمە بەشێکی توێژینەوەکەی بوو. ناونیشانەکەشی بریتی بوو لە ” خاسیەتی گەردونە کشاوەکان” و لە ساڵی 1966 قبوڵکرا. لێرەدا شایانی ئەوەیە وەک نمونە کورتەیەک بهێنینەوە کە چەندە قوڵی کارەکەی هۆوکین نیشان دەدات لە قۆناغی سەرەتایی پیشەکەیدا:

”هەندێک لە شرۆڤە و دەرەنجامەکانی کشانی گەردون تاووتوێ کراون. لە بەشی یەکەمدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەم کشانە دەبێت بە هۆی خوڵقاندنی نیگەرانی سەخت و گەورە بۆ تیوری کێشكردنی هۆیڵ-نارلیکار. بەشی دووەم مامەڵە لەگەڵ پشێوییەکانی گەردونێکی کشاوی هاوتا ئایزۆترۆپیک دەکات. ئاکامەکەشی ئەوەیە گالاکسییەکان ناتوانن وەک ئەنجامی گەشەکردنی ئەو پشیوییانە دروست ببن کە لە سەرەتادا بچکۆلەبوون. هەروەها لەم حاڵەتی تەقریبییەدا لێکوڵینەوە لە پەخشکردن و مژینی تیشکدانەوەی کێشكردنیش کراوە. لە بەشی سێیەمدا، تاووتوێی تیشکدانەوەی کێشكردن لە گەردونی کشاودا کراوە، ئەویش بە خستنەگەڕی میتۆدی کشانی ئەسیمپتۆتی Asymptotic . جیاکردنەوەی رەوش و گروپی ئەسیپتۆتیک داتاشراون. بەشی چوارەمیش مامەڵە لەگەڵ دوبارەبوونەوەی سینگولارەتی لە مۆدڵە کۆزمۆلۆژییەکاندا دەکات. ئەوەش خراوەتەڕوو کە سینگولارەتی حاڵەتێکی ناچارییە، ئەمە ئەگەر بێتوو هەلومەرجە گشتییەکان بێنەدی.”

چاپتەری دووەمی ئەم توێژینەوەیە دەرکەوت پەیوەستە بە یەکێک لە پەرەسەندنە نایابەکانی کۆزمۆلۆژیا لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، ئەویش بریتییە لە تیوری هەڵئاوسان، کە دوایی مامەڵەی لەگەڵ دەکەم.

کاتێک هۆوکین توێژینەوەکەی نوسی، مشتومڕی بیگ-بانگ/حاڵەتی نەگۆڕ یەکلایی نەبوبوەوە. کۆزمۆلۆژیا هێشتا لقێکی زۆر تایبەتی ئەسترۆنۆمی بوو کە بە دەگمەن پەیوەندی هەبوو بە زانستی گشتییەوە. بەڵام لە ساڵی 1965 وە، سەرتاپا هەموو ئەمانە گۆڕانی بەسەردا هات، دوای بڵاوبونەوەی پەیپەڕێکی زانستی، کە دۆزینەوەی پاشخانی کۆزمۆیی مایکرۆیڤی راگەیاند، ئەویش بریتی بوو لە هیسەیەکی رادیۆیی کزۆڵە لە هەموو ئاڕاستەکانی فەزاوە دەهات، ئەم دیاردەیە بە جۆرێک تەفسیرکرا کە پاشماوەی تیشکدانەوەی گڕە مەزنەکەی بیگ-بانگ خۆیەتی.

سەیرکە، ئەگەر تەسەورکەین زەمەن بە ئاراستەی دواوە، واتە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، دەجوڵێت، گەردون لە بری کشان دەچێتەوەیەک(چڕدەبێتەوە)، ئەوا کاتێک هەموو شتێک پێکەوە دەهاڕڕێت، گەرمتر دەبێت، ئەمەش زیاتر وەک چۆن هەوای ناو پەمپی پاسکیڵ دەپەستێنرێت، گەرمتر دەبێت. بە پێچەوانەشەوە، کاتێک گاز (یان گەردون) دەکشێت، ئەوا هەواکەی فێنک دەبێت. بەمجۆرە گەردون لە رابردوودا گەرمتر بووە. لە دوا ساڵانی 1940 کاندا، دوو توێژەری ئەمەریکی، بە ناوی راڵف ئەڵفەر و رۆبێرت هێرمانەوە، حساباتی ئەوەیان کرد کە دەبێت گەردون لە سەرەتاکانی گڕەکەی بیگ-بانگدا – بێگومان ئەگەر بیگ-بانگ بە راستی رویدابێت – دەبێت چەند گەرم بوبێت، ئنجا کەوتنە ئەو حساباتەی ئێستا، واتە دوای ئەو هەمو کشانەی گەردون، دەبێت تیشکدانەوەکە چەند ساردبوبێتەوە. شرۆڤەی ئەمە بریتی بوو لەوەی گەردون لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بە نوزەیەکی رادیۆیی لاواز تەنراوە کە پلەی گەرماکەی چەند پلەیەکی سەدی و بەرزتر نییە لە سفری رەها( کە دەکاتە -273 سەدی، یان سفری کەڵڤن) هەروەک فڕنی زۆر ساردی مایکرۆیڤێکی وایە. بیرۆکەکە لە سەرەتاکانی 1950 کاندا لە لایەن هاوکارێکی تریانەوە، لەوان بە تەمەنتربوو، جۆرج گامۆڤ ەوە تەبەنناکرا، بەڵام بە زۆریش چووبووە خانەی بیرچونەوەوە، بەڵام تیشکە پێشبینیکراوەکە، بە رکەوت، دوای دروستکردنی خشەخش لە سەر تەلەسکۆپە رادیۆییەکەیان، لە لایەن هەر دوو ئەندازیاری رادیۆییەوە، ئارنۆ پێنزایس و رۆبێرت ویلسن دۆزرایەوە. کاتێک خەڵکەکە بۆیان دەرکەوت چییان دۆزیوەتەوە، ئیتر هەموو لایەک لە کۆزمۆلۆژیدا کەوتنەخۆ و ئایدیای بیگ-بانگیان بە رژد و جدی وەرگرت.

دوای دوو ساڵی تر بەڵگەیەکی تری سەرەکی و تۆکمە لە قازانجی مۆدڵی بیگ-بانگ هاتە ئاراوە. لە 1950 کاندا، فرێد هۆیڵ و هاوکارانی ئەوەیان خستەڕوو چۆن توخمە قورسە کیمیاییەکان دەتوانن لە هایدرۆجین و هیلیۆمەوە، واتە هەر دوو توخمە سادەکەی نێو ئەستێرەکان، دروست ببن( مەسەلەی بناوانی توخمە قورسەکان جێگای گومان و مشتومڕ بوو، بەڵام ئەم مەتەڵە زۆر بە نایابی یەکلایی بوەوە، هەروەک دوایی لەم پرسە دەدوێم.) ئەمە لە هەردوو مۆدڵی حاڵەتی نەگۆڕ و بیگ-بانگدا راستە، بە مەرجێک ئەستێرە هەبێت، وەک دەستپێک، لە ئاوێتەی هایدرۆجین و هیلیۆم دروست بوبێت. بەڵام با بپسین ئەو ئاوێتەیە لە کوێوە هاتووە؟ لە ناوەڕاستی 1960 کاندا، دیسانەوە هۆیڵ، بە کارکردن لەگەڵ رۆبێرت واگۆنەر و ویلیام فەولەر، دەریان خست ئەو جۆرە بیگ-بانگە گڕاوییەی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا تیشکداوەنەوەی باکگراوندی چەند پلەیەکی سەدی سەروو پێوەری رەهای جێهێشتووە (واتە چەند پلەیەکی کەڵڤن)، بە هەمان شێوە تێکەڵێک بەرهەم دەهێنێت کە 75% ی هایدرۆجینە و لە 25% یشی هیلیۆمە بۆ دروستکردنی یەکەم ئەستیرەکان – تەواو ئەو تێکەڵەیەی پێویستە بۆ بونیاتنانی توخمە قورسەکان. ئەم ئەنجامانە لە کۆڕێکی کامبریج، لە ساڵی 1967 دا، پێشکەشكران. ئا لەم کۆڕەدا بوو توێژەرێکی لاو لە نێو خەڵکە میوانەکەدا ناوی ستیفن هۆوکین بوو، زۆر بە خرۆشەوە سوربوو لەسەر شرۆڤەی بیگ-بانگ وەک روداوێکی راستەقینە، حساباتەکەشی لەمەڕ پرسی سینگولارەتی لە لەدایکبونی زەمەندا گرنگ بوو و پەیوەستیش بوو بە دونیای واقیعەوە.

لێرەدا شایانی ئەوەیە باسی ئەوە بکەم لەو رۆژانەدا، لای فەلەکناسان مەبەست لە ئایدیای بیگ-بانگ چی بوو؟ تەنها تیوریستانی تیوری نسبی مەراقی سینگولارەتییان هەبوو. فیزیکناسان وەها وێنای گەردونیان دەکرد کە ئەگەر پرۆسەی کشانی گەردون لەگەڵ ئاراستەی زەمەن خۆیدا پێچەوانە بکەینەوە، واتە بە ئاڕاستەی ڕابڕدوو بگەڕێینەوە بۆ حاڵەتێک هەموو شت پێکەوە بە هەمان چڕی، وەک ئەوەی لە ناوکی ئەتۆمدا هەیە، تۆپەڵ بێت، بەڵام خەیاڵاتی ئەم فەلەکناسانە لێرەدا وەستا و چیتر بڕی نەکرد. لە کۆتایی 1960 کاندا، زانایان بە شێوازێکی ورد و درشت لە رەوشی مادە لە ئاستی چڕی ناوکی حاڵی بوون، متمانەی تەواویان هەبوو کە حساباتەکانیان باش بوو، ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە کشانی گەردون دوور لەم حاڵەتی چڕی ناوکییە رویداوە. ئەم حالەتی سوپەر-چڕییە بە نزیکەیی یەک لەسەر سەد هەزاری چرکە دوای سینگولارەتی لەگەڵ لەدایکبونی زەمەندا بوونی هەبووە، ئەمە ئەگەر رەچاوی ئەوە بکەین کە تیوری گشتی نسبییەت راستە و هەر بە هەقەتیش سینگولارەتیەک بوونی هەبووە. ئنجا کەوتنە ئەوەی خۆ ئەگەر توانیان تەفسیری هەموو شتێک بکەن، ئەو یەک لەسەر سەد هەزار چرکەیەی لێدەرچێت، ئەوا خۆیان بە بەختەوەر دەزانن. بەمجۆرە، لە بناواندا زاراوەی بیگ-بانگ ئیشارەبوو بۆ تەقینەوە لە ئەنجامی چڕی ناوکییەوە، دەستپێکی یەکەم یەک لە سەد هەزاری چرکەکە کاتێک بووە پێش بیگ-بانگ. بەڵام لە ساڵی 1967 ، شانبەشانی کارەکانی هۆیڵ و هاوکارانی لەمەڕ ئەو چەمکەی بە خوڵقاندنی ناوکییانەی بیگ-بانگ ناسرا، شتێکی تریش رویدا کە کاریگەری هەبوو بەسەر کارەکانی هۆوکینەوە.

جۆن گریبن

شێرکۆ رەشید قادر کردویە بە کوردی.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *