ناکۆتا و ئەو دیو ناکۆتا – تێڕوانینێک لە گەردون

ناکۆتا و ئەو دیو ناکۆتا – تێڕوانینێک لە گەردون

 ئیان مۆریسن

کۆزمۆلۆژیای هاوچەرخ لە تیوری گشتی ئاینشتاینەوە دەست پێدەکات، ئەو تیورییەی لە بناواندا بریتییە لە تیوری هێزی کێشکردن، چونکە هێزی کێشکردن لەو سەردەمەدا تەنها هێزێک بوو کە مەودایەکی ناکۆتای هەبو کاربکاتە سەر مادەی بێلایەن یان نیوتراڵ. ئاینشتاین دەرکی بەو راستییە کرد کە گەردون بە شێوەیەکی سەراپایی ملکەچی یاساکانی هێزی کێشکردنە. گەیشتە ئەو باوەڕەی گەردون سیمایەکی ستاتیکی لەخۆدەگرێت، ئەو گەردونەی لە ئارادا هەیە، وەستاوە و لەگەڵ زەمەندا ناگۆڕێت. ئەمەش کێشەیەکی بۆ دروستکرد، چونکە کێشکردن، بێگومان وەک هێزێکی کێشکردن، دەبێت بەهۆی ئەوەی تەنە وەستاوەکان لە گەردوندا بە ئاراستەی خاڵێک هەرەس بهێنن. بۆ زاڵبون بەسەر ئەم گرفتەدا، ئاینشتاین هات و بڕە زاراوەیەکی تازەی خستە دوتوێی هاوکێشەکەیەوە، ئەم زاراوەیەی ناونا نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی و بە لامدا(Λ) ناسراوە. نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی تەمسیلی جۆرە دژە – کێشکردنێک دەکات، کە ئەمیش بۆ خۆی خەسڵەتێکی سەرنجڕاکێشی هەیە، چونکە کاریگەرییەکەی لە گەڵ دوریدا گەورە دەبێت.

مۆدڵەکانی بیگ-بانگی گەردون

ئەی ئەی فریدمان[i] (1925-1888)، کەشناسێکی ڕوسی بوو، هاوکێشەکانی ئاینشتاینی حلکرد و کۆمەڵێک مۆدڵی بەرهەمهێنا کە تیایاندا گەردون لە خاڵێکەوە، یان سینگولارەتییەوە فراوان بوە و گەورەبوە. ئەم مۆدڵانە، دوایی لە لایەن فرێد هۆیڵەوە ناوی بیگ بانگیان بەسەردا دابڕا. ئەم ناونانەی فرێد هۆیڵ زیاتر وەک زەمێک بو بۆ ئەم مۆدلە نوێیە، چونکە فرێد هۆیڵ (2000-1915) خۆی بانگەشەی تیورییەکی تری دەکرد کە بریتی بوو لە تیوری حاڵەتی ڕێک[ii] یان حاڵەتی نەگۆڕ. لە هەمو ئەم مۆدڵانەی بیگ – بانگدا، گەردون سەرەتا بە ڕێژەیەکی خێرا فراوان دەبێت، بەڵام ئەم ڕێژەیە بە هۆی هێزی کێشکردنی نێوان مادەی گەردونەوە خاوبوەوە. ئەگەر چڕی مادە لە نێو گەردوندا بڕێکی شلۆقی بڕی، ئەوا بەسە بۆ ئەوەی فراوانبونی گەردون بوستێت و گەردون پێ بنێتە دۆخێکی هەرەسهێنانەوە و ڕوبەڕوی قەیرانێکی مەزن ببێتەوە، ئەمەش بە گەردونی داخراو closed universes ناسراوە. خۆ ئەگەر چڕی ڕاستەقینە کەمتربوو لە چڕی شلۆق، ئەوا گەردون هەتا ناکۆتا فراوان دەبێت و ئەمەش بە گەردونی کراوە open universes ناسراوە. لە حاڵەتی شلۆقدا کە دەکەوێتە نێوان کەنارەکانی هەردوک گەردونی داخراو و کراوەوە، ڕێژەی فراوانبون، دوای زەمەنی ناکۆتا، دێتەخوارەوە بۆ سفر، ئەمەش بە گەردونی شلۆق  critical universe ناسراوە.

ئەگەر بمانەوێت نمونەیەک بشوبهێنین بەم حاڵەتانە، ئەوا ئەم نمونەیە بە سودە بۆ تێگەیشتن لەم مۆدڵانەی سەرەوە. ئەگەر موشەکێکمان هەبێت و لە عەردەوە بە ئاراستەی ئاسمان هەڵی بدەین و خێراییەکەی کەمتر بێت لە 11186 کیلۆمەتر لە چرکەیەدا، واتە خێرایی سوڕانەوەی زەوی، ئەوا موشەکەکە سەرەنجام دەوەستێت و بەرەو زەوی دەکەوێتە خوارەوە(ئەمەش وەک گەردونی داخراو وایە). خۆ ئەگەر خێراییەکە یەکسان بێت بە 11186 کیلۆمەتر لە چرکەیەدا، ئەوا بۆ ماوەیەک دەڕوات و لە خێرایی زەوی دەردەچێت، بەڵام لەگەڵ گوزەری کاتدا کەمدەکات(ئەمەش هاوشێوەی گەردونی شلۆقە)، بەلام کاتێک خێرایی ئەم موشەکە زیاتر بێت لە خێراییی زەوی، واتە زیاتر بێت لە 11186 کیلۆمەتر لە چرکەیەدا، ئەوا زۆر خێراتر زەوی بەجێدەهێڵێت(ئەمەش هاوشێوەی گەردونی کراوەیە).

ئەم مۆدڵانەی بیگ–بانگ، هەر سێکیان بە نەگۆڕێک جیادەکرێنەوە کە بە نەگۆڕی ئۆمێگا  Ω ناودەبرێت و بریتییە لە ڕێژەی چڕی راستەقینە بۆ چڕی شلۆق. لە گەردونی داخراودا، ئۆمێگا لە یەک گەورەترە، فەزاش سیمایەکی چەماوەیی پۆزەتیڤی هەیە، کۆی گۆشەکانی نێوان سێگۆشەیەک لە 180 گەورەترە و دوو هێڵی تەریبیش لە خاڵێکدا یەکتر دەبڕن. لە گەردونی کراوەدا، ئۆمێگا لە یەک بچوکترە، فەزاش شێوە چەماوەییەکی نێگەتیڤ لەخۆدەگرێت، کۆی گۆشەکانی سێگۆسەیەکیش لە 180 کەمترە و دوو هێڵیش کە لە سەرەتادا تەریبن دوایی هەر لە یەکتر دوردەکەونەوە. بەلام لە گەردونی شلۆقدا، ئۆمێگا دەکاتە یەک، فەزاش تەرزێکی تەخت لەخۆدەگرێت و دوو هێڵی سەرەتا تەریب هەمیشە بە تەریبی دەمێننەوە و کۆی گۆشەکانی سێگۆشەیەکیش دەکاتە 180، واتە گەردونەکە ڕوتەختە و فۆرمی ئەکلیدسی هەیە و هەمیشە ڕاستە. پێویستە لێرەدا ئیشارە بەوە بدرێت کە ئەم جۆرە گەردونە لە مەودایەکی گەورەدا بونی هەیە، بەڵام کاتێک دەبێتە بابەتێکی زەبەلاحی وەکو ئەستێرە یاخود گالاکسی ئەوا فەزاکە خاسیەتی چەماوەیی دەپۆشێت.

ڕامان و سەرنجدان لە لادانە-شینەکان و لادانە-سورەکان لە شەبەنگی روناکی گالاکسییەکاندا.

کاتێک لە ساڵانی 1900 کاندا تێڕامان لەمەڕ هێڵی شەبەنگی گالاکسییەکان ئەنجامدرا، دەرکەوت هەروەک ئەوانەی هایدرۆجین و کالیسیۆم وەهان کاتێک لە تاقیگەدا تۆمارکراون. لەو گالاکسییانەدا کە نزیکن لێمانەوە هێڵەکان بەرەو لای شین لادەدەن و ئەو گالاکسییانەش لێمان دوردەکەونەوە هێڵەکان بەرەو لای سورەکان لادەدەن. ئەم دیاردەیە پێی دەگوترێت لادانی سور و لادانی شین، تەفسیری سادە و ساکاریش بۆ ئەم کاریگەرییە دەگەڕێتەوە بۆ خێرایی نزیکبونەوە یان خێرایی دورکەوتنەوەی گالاکسییەکە.

هەندێک لە تێرامانە بەراییەکان لەمەڕ لادانە ڕەنگ سورەکان[iii] لە لایەن فەلەکناسی ئەمەریکییەوە ڤێستۆ سلایفەرەوە[iv] (1969-1875) ئەنجامدرابون. لە ساڵی 1913 دا، سلایفەر کەشفیکرد کە گالاکسی ئەندرۆمێدا لادانێکی هەیە و بڕەکەی دەکاتە 300 کم بۆ چرکەیەک. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە گالاکسی ئەندرۆمێدا و ڕێچکە شیرییەکان بە هۆی ئەو هێزی کێشکردنەوە لە نێوانیاندا هەیە لە یەکتر نزیک دەبنەوە، بەڵام نەک بە بڕی 300 کم بۆ چرکەیەک وەک لە سەرەتادا دەرکەوت. خۆر بە خێرایی 220 کم لە چرکەیەکدا بە دەوری چەقی گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆماندا دەسوڕێتەوە، خۆ ئەگەر ئەمەش لەبەرچاو بگرین، ئەوا خێرایی راستەقینەی نزیکبونەوە بریتییە لە 100کم لە چرکەیەکدا. لە ساڵی 1915 دا سلایفەر لادانی 15 گالاکسی پێوابو، کە 11 یان، لادانی ڕەنگی سوربون، واتە لێمان دوردەکەونەوە. لەو لادانانەوە کە ئەنجامی دابون و لەگەڵ بەکارهێنانی هاوکێشەکەی دۆپڵەردا، کە لەسەرەوە ئیشارەمان پێداوە، توانی خێرایی نزیکبونەوە یان دورکەوتنەوەی ئەم گالاکسییانە حساب بکات. ئەم داتایانە لە لایەن ئەدوین هەبڵەوە لەو پرۆسەیەدا بەکارهات کە بە مەزنترین دۆزینەوەی ڕامانی فەلەکی سەدەی بیستەم دادەنرێت، ئنجا لەوانەیە تۆزێکیش ناڕەوایی بەرانبەر سلایفەر کرابێت، چونکە هەقێکی گەورەتری وەک پێویست لەم پرسانەدا وەرنەگرتوە.

کشانی گەردون

لە کۆتاییەکانی ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابڕدودا بو کە ئەدوین هەبڵ( 1953-1889 )، دوای ئەوەی تەلەسکۆپە 100 ئنجیەکەی (254 سم) هوکەر لەسەر چیای ویڵسن لە کارە فەلەکییەکانیدا بەکارهێنا، لە ئەنجامی پێوانی دوری ئەو گالاکسییانە سەرنجیدا جۆرێکیان کە ئەستێرەیەکی زۆر گەشاوەی گۆڕاوبو بە ناوی گۆڕاوەکانی سێفییەد[v] بون، بە گوێرەی سوڕێکی زەمەنی زۆر ڕێک گەش دەبنەوە. ئەمانە لە نوسینە بەجێماوەکانی هەبڵدا باسکراون. هەبڵ ئەم پێوانانەی لەگەڵ خێرایی نزیککەوتنەوە یان دورکەوتنەوەی هەسارەکاندا، یان باشتر بڵێین گالاکسییەکەکاندا ( ئەوانەی لە لایەن سلایفەرەوە ئەنجامدرابون) بەراوردکرد، ئەمەش بە مەبەستی بەرهەمهێنانی گرافێک کە هەر یەک لە تەوەرەکانی خێرایی و دوری لەخۆبگرێت، دواییش لە مێژودا بە هاوکێشە بەناوبانگەکەی هەبڵ ناسرابو. سەرەنجام هەبڵ گەیشتە ئەو هەقیقەتەی کە گالاکسییە نزیکەکانی لێدەرچێت، هەمو گالاکسییەکانی تر لە ئێمە، وەک بینەرێک، دوردەکەونەوە، خۆ هەتا دورتریش بن ئەوا خێراییەکەیان زیاتر دەبێت. بەمجۆرە هەبڵ، لەم توێژینەوە و کارە ڕامانەکانییەوە، توانی ”یاسای هەبڵ” پێشکەش بکات. بە پێی ئەم یاسایە، دوری و خێرایی گالاکسییەکان ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ نەگۆڕی هەبڵدا کە بە H0 بەناوبانگە. بەهای سەرەتایی و یەکەمی هەبڵ کە خۆی بەدەستیهێنا بریتی بو لە 500 کم/چرکە/ ~500 km/sec/Mpc ، ئەم پەیوەندییە ڕاستە-هێڵییە بریتییە لە ئەنجامی ڕامان لە گەردونێک کە بە شێوەیەکی ڕێک لە کشاندایە، بە واتایەکی تر هەبڵ ئەوەی خستەڕو کە ئەم گەردونەی ئێمە تێیدا دەژین و نشتەجێین، گەردونێکە لە گەورەبون یان کشاندایە. لێرەدا پێویستە ئیشارە بەو ڕاستییە بدەین کە بەکارهێنانی وشەی نەگۆڕ کەمێک ڕوبەڕوی چەواشەمان دەکاتەوە، چونکە تەنها لە کاتێکدا نەگۆڕ(یان رێک) دەبێت کە ئەگەر گەردون بە درێژایی مێژوی خۆی بە شێوەی ڕاستە-هێڵی linear لە گەورەبوندابێت. بەڵام شتەکە لێرەدا بەمجۆرە نییە، چونکە  H0 بەهای هەنوکەیی نەگۆڕی هەبڵە.

خۆ ئەگەر کەسێک ئەو گریمانە سادەیەی کردبێت کە ئەگەر گەردون بە درێژایی هەبونی خۆی بە ڕێژەیەکی نەگۆڕ لە کشان یان گەورەبوندا بێت، ئەوا دەشێت و دەکرێت لە زەمەندا بە ئاڕاستەی ڕابردو هەنگاو هەڵبگرین هەتا دەگەینە نوقتەیەک کە گەردون هیچ قەبارەیەکی نەبوە و هەر بەم شێوەیەش دەتوانین تەمەنی دیاری بکەین و بە تەمەنی هەبڵی گەردون ناوی بنێێن. ئەمە زۆر ئاسانە، ئەگەر 500 کم/چرکە/مێگاپارسێک[vi] بەکاربهێنین و 1/H0 حساب بکەین، ئەوا بە گوێرەی هەبڵ، تەمەنەکە 2000 ملیۆن ساڵ دەبێت:

لە راستیدا، لە هەموو مۆدڵەکانی فرەیدماندا، تەمەنی راستەقینەی گەردون پێویستە لەمە کەمتربێت، چونکە گەردون لە رابردوودا خێراتر کشاوە و لە حاڵەتی گەردونی تەختیشدا، تەمەنی هەقیقی دەکاتە دو بۆ سێی (3/2) ئەو حساباتەی هەبڵ ئەنجامی دابو کە نزیکەی 1,300 ملیۆن ساڵ تەمەنی بوو.

کێشەی تەمەنی گەردون

ئەم پرسە کاتێک ئیشکالاتی دروستکرد کە تەمەنی سیستەمی خۆری دیاریکرا ( چوار بلیۆن و نیو ساڵ) و ئەو حساباتە کەوتە ئاراوە کە پەیوەست بون بە پەرەسندنی ئەستێرەکانەوە و هەر یەک لە هەبڵ و هۆیڵ و ئەوانی تر ئەنجامیاندا و ئیشارەیاندا بەوەی هەندێک لە ئەستێرەکان پێویستە تەمەنیان زیاتر بێت لە دە بۆ دوازدە بلیۆن ساڵ. لە ساڵانی جەنگی دوەمی جیهانیدا، واڵتەر بادێ (Walter Baade ) (1960-1893 ) تەلەسکۆپێکی سەد ئنجی بەکارهێنا بۆ توێژینەوە لە ئەستێرەکانی گالاکسی ئەندرۆمێدا و ئەوەی دۆزییەوە کە لە هەقیقەتدا، دو جۆرە گۆڕاوی سفێیدی هەن. وەک ئەنجامێک، بەهای نەگۆڕی هەبڵ کەمکرایەوە بۆ نزیکەی 250 کم/چرکە/مێگاپارسێک. هەتا ئەو کاتەش گەلێک گرفت سەبارەت بە پیوانی بەهای نزیکەیی دوری ئەستێرەکان لە ئارادابون، بەڵام وردە وردە رامانی وردتر بەدەستهات و زیاتربون، وەک دەرەنجامێکیش، بەهای نەگۆڕی هەبڵ بو بە 70 کم/چرکە/مێگاپارسێک، واتە کەم بوەوە، کە باشترین بەهاش بریتی بو لە 74.2 +/- 3.6 کم/چرکە/پارسێک، ئەم بەهایەش لە لایەن تەلەسکۆپی فەزایی هەبلەوە ئەنجامدرا، بێگومان دوای ئەوەی هەشت سەد ئەستێرەی نەگۆڕی سفێیدی (هی نۆزدە گالاکسی بون) خستە ژێر سەرنجەوە کە دورریان 108 ملیۆن ساڵی ڕوناکی بو. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەو تێڕامانانەی بەرهەمی هاوێنە کێشکردنەکان gravitational lenses بون میتۆدێکی سەرتاپا سەربەخۆیان پێشکرشکرد بۆ دیاریکردنی نەگۆڕی هەبڵ و باشترین بەهایان هەتا ئێستا بریتییە لە

(H0 =71(+/-6 km s/Mpc

واتە 71 کیلۆمەتر /چرکە پارسێک کەم تا زۆر ±6 کم/چرکە/پارسێک.

پێدەچێت هەمو لایەک لەسەر ئەم بەهایانە کۆک بن و بەهای راستەقینەی نەگۆڕی هەبلیش ئەوەندە جیاوازنییە لەم بەهایانە. بەڵام ئەو تەمەنەی بۆ گەردونی هەبڵ داتاشرابو کە 14000 ملیۆن ساڵە تەمەنی گەردونێکی تەختی 9300 ملیۆن ساڵە. کاتێک رامان لە هێشوە گۆییەکان ئەنجام دەدەین، کە هەندێک لە ئەستێرە هەرە بە تەمەنەکانی – هەم پاشماوەی ئەستێرە گرگنە سپییەکان- گەردون لەخۆدەگرن، ئەو گومانەمان لا دروست دەکات کە گەردون پێویستە لە 12000 ملیۆن زیاتر ساڵ بێت، خۆ ئەگەر باوەڕ بە بەهای هەنوکەیی نەگۆڕی هەبڵ بکەین، ئەوا هێشتا ئیشکالاتێک لە تەمەنی مۆدڵەکانی بیگ – بانگدا هەیە.

تێبینی: ئەمە بە راستی گرنگە و بە دەگمەنیش ئیشارەی پێدراوە. مۆدڵی ستانداری بیگ-بانگ ناکرێت راست بێت.

لادانی-سوری کۆزمۆلۆجی

لە بناواندا تەفسیری دیاردەی لادانی شین و لادانی سور دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری دۆپلەر[vii]. ئەمەش بە تەواوی ڕاستە ئەگەر رەچاوی ئەو لادانە شینە بکەین کە گالاکسییەکانی ناوچەکانی نزیک سیستەمی خۆر نمایشیان کردوە. خۆ ئەگەر ئەو گالاکسییانە لەبەرچاوبگرین کە دەکەونە سنورە دورەکانی ئەودیو گالاکسییەکانی نزیک سیستەمی خۆری، ئەوا پێویستە بیر لە هۆکارێکی زۆر باشتر بکەینەوە کە بۆچی دیاردەی لادانی سور بەدی دەکەین. هەر وەک هەبڵ پیشانیدا، گەردون بە جۆرێک لە کشاندایە کە لە ڕابڕدودا بچوکتربوە. سەرباری ئەمانەش، شتێکی ڕاست نییە ئەگەر وەها بیربکەینەوە کە گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە، بەڵکو بۆشایی خۆی لە کشاندایە و لە پرۆسەی کشانەکەشدا گالاکسییەکان لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت و لە یەکتریان دوردەخاتەوە. نمونەیەک بۆ ئەم حاڵەتی کشانەی گەردون بریتییە لەوەی کە گونکێک هەویری گەورە بهێنینە بەرچاوی خۆمان و کشمیشی تێکەڵ بکەین و پاشان گونکەکە بخەینە فڕنەوە. کاتێک لە فڕنەکە دەری دەهێنین، تەماشا دەکەین سەمونەکە گەورە بوە و کشمیشەکانیش لە یەکتر دورکەوتونەوە. بەمجۆرە دەبینین کە کشمیشەکان نەجوڵاون، بەڵکو سەمونەکە کشاوە و کشمیشەکانی لەگەڵ خۆیدا لە یەکتر دورخستوەتەوە.

کاتێک فۆتۆنێک، کە تەمسیلی هێڵێکی دیاریکراوی شەبەنگەکە دەکات، لە گالاکسییەکی دورەوە پەخشدەبێت، ئەو کاتە گەردون بچوکتر بوە، بەڵام کاتێک فۆتۆنەکە دەگاتە لای ئێمە و بە هۆی ئەو زەمەنەوە کە بە بارتەقای فەزادا بڕیویەتی و خایاندویەتی، گەردون بە پرۆسەی کشاندا ڕۆیشتوە و پرۆسەی کشانەکەش بۆ خۆی بوە بە هۆی کشانی درێژی-شەپۆلی فۆتۆنەکە. ئەم زیادبونە لە درێژی-شەپۆلەکەدا دەبێت بەهۆی دروستبونی ئەو ڕەنگی لادانی-سورەی ئێمە بە لادانی–سوری کۆزمۆلۆژی ناوی دەبەین. نمونەی مرادفی لادانی سوریش کە لە فۆتۆنەکەوە دێت بریتیە لە کێشانی گرافی شەپۆلی ساین( کە شێوەی میزەڵدانێکە و کەمێک زیاتر فوی تێکرابێت). خۆ ئەگەر میزەڵدانەکەش زیاتر فوی تێبکرێت، ئەوا درێژی نێوان لوتکەکانی شەپۆلی ساینەکە زیاددەکات.

مۆدڵی حاڵەتی نەگۆڕی گەردون

بە هۆی گرفتی تەمەنی گەردونەوە، زۆرێک لە فەلەکناسان بایەخیكی ئەوتۆیان بە مۆدڵی بیگ-بانگ نەدا، لە ساڵی 1948 دا، هێرمان بۆندی، تۆماس گۆڵد و فرێد هۆیڵ[viii] (1915 –2001)، کە خۆشییان بە بناوانی یان لەدایکبونی چەمکی گەردون نەبوو بەو شێوەیەی هەوادارانی بیگ-بانگ بانگەشەیان بۆ دەکرد، بە تایبەت کاتێک کە دەیانگوت گەردون لە ساتەوەختێکدا لە دایکبوە، ئەمانە هاتن مۆدڵێكی تریان پێشکەشکرد، مۆدڵێک کە بەدیلێک بێت بۆ بیگ-بانگ، بە تیوری حاڵەتی نەگۆڕ ناسرا. هەمو تیورییە کۆزمۆلۆژییەکان دەست لە ملانی ئەو چەمکە بون کە بە پرینسیپی کۆزمۆلۆژی[ix] ناسراوە، ئەمیش دەڵێت ئەگەر لە هەر گۆشەیەکەوە بە مەودایەکی فراوان و گەورە و لە کاتێکی دیاریکراودا، سەیری گەردون بکەین، ئەوا هەر هەمان شتە (ئەمەش زۆر بە جوانی لە لایەن تەلەسکۆپی فەزایی هەبڵەوە سەلمێنراوە، واتە لە هەردو دەڤەری قوڵی هەبڵەوە، یەکێکیان لە ئاسمانی باکور و ئەوی تریان لە ئاسمانی باشور). بۆندی، گۆڵد و هۆیل، ئەم پرینسپەیان وەها فراوانکرد کە بە پرینسیپی کەماڵی کۆزمۆلۆژی the perfect cosmological principle  ناوببرێت. بەمجۆرە گەردونەکەی ئەم سێ ڕابەرە لە مەودای دوردا نەگۆڕە. لێرەدا پێویستە ئیشارەبدەین بەوەی نەیان دەگوت کە گەردون لە کشاندا نییە. کرۆکی تیورییەکەیان ئەوەبو کاتێک گالاکسییەکان بەهۆی کشانی گەردونەوە لەیەکتر دوردەکەونەوە، مادەی نوێ، لە فۆرمی هایدرۆجین لە بۆشاییدا، لە نێوان گالاکسییەکاندا خەڵق دەبێت، سەرەنجامیش گالاکسی تازە دروست دەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەی چڕی گالاکسییەکان بە نەگۆڕی بمێنێتەوە. لە مۆدڵی حاڵەتی نەگۆردا، گەردون نە خاڵی لەدایکبونی هەیە و نە نوقتەی کۆتایی.

بیگ- بانگ یان حاڵەتی نەگۆڕ؟

لە سەرەتای ساڵانی 1960 دا بە مەبەستی بڕیاڕدان و خەمڵادنی هەردوو تیورییەکە، واتە بیگ–بانگ و تیوری حالەتی نەگۆر، تاقیکردنەوەی ڕامانی(یاخود ڕامان–ئامێز) پیادەکرا. با وەهای دابنێین کە دەتوانین چڕی ئەو گالاکسییە دیاری بکەین لە ئێمەوە نزیکە. کاتێک باس لەم گالاکسییە دەکەین، ئەوا لە بنەڕەتدا لە زەمەندا لە حاڵی حازردان. خۆ ئەگەر بتوانین چڕی گالاکسییە دورەکان بپێوین، ئەوا باس لە زەمەنێک دەکەین کە دەچێتە حاڵەتی ڕابردوەوە. لە مۆدڵی حاڵەتی نەگۆڕدا، ئەم ئەنجامانە دەبێت هەر هەمان ئەنجام بن، بەڵام لە مۆدڵی بیگ-بانگدا، چڕییەکە لە ڕابڕدوودا بەرزتر بوە یان چڕتر بوە. مارتن ڕایڵ، لە زانکۆی کامبریچ، زۆر هەوڵیدا بە هۆی ژماردنی چاوگە ڕادیۆییەکانەوە ئەم جۆرە پێوەرانە ئەنجام بدات. هەرچەندە گرفت لە داتا بەراییەکانیدا هەبون، بەڵام دواجار ئەنجامەکانی رایڵ ئیشارەیاندا بەوەی کە چڕییەکانی چاوگە ڕادیۆییەکان لە ڕابردودا گەورەتر بون، ئەمەش بە زیانی مۆدڵی حاڵەتی نەگۆڕ گەڕایەوە و بو بەهۆی نەسەلماندنی تیورییەکە. بەڵام گورزی کوشندە و گەورە لە ساڵی 1963 دا هات، ئەویش کاتێک ئەو تیشکانە دۆزرانەوە کە دوایی باوەڕەکە بەوجۆرە بو کە لە بیگ–بانگەوە هاتوون.

پاشخانی مایکرۆیڤی کۆزمۆیی The Cosmic Microwave Background

جۆرج گامۆڤ، فیزیکناسی روسی–ئەمەریکی یەکەم زانا بو دەرکی بەوە کرد کە بیگ بانگ دەرەنجامی شەبەنگێک بوە کە ملیۆنەها ساڵ لەمەوبەر ڕویداوە و دەبێت هێشتا ئەسەرەکەی لە گەردوندا مابێت. ئەم شەبەنگە بە مایکرۆیڤی باکگراوندی گەردونی “Cosmic Microwave Background” (CMB).   کە لە سەرەتادا لە فۆرمی تیشکی ”گاما”دا بوە و وزەیەکی زۆر بەرزی هەبوە، بەڵام لە دوای سێ سەد بۆ چوار سەد هەزار ساڵ دواتر کە گەردون چوەتە پرۆسەی کشان و ساردبوەتەوە، ئاستی وزەی ئەم شەبەنگەش کەم بوەتەوە. هەتا ئەو زەمەنە وزەی نمونەیی فۆتۆن لە پلەیەکی ئەوەندە بەرزدا بوە کە بە هیچ جۆرێک ئەو بوارەی نەرەخساندوە کە ئەتۆمەکانی هایدرۆجین و هیلیۆم دروست ببن، بەمجۆرە گەردون تەنها لە ناوکی هایدرۆجین و هیلیوم و ئەلەکترۆنی سەربەست پێکهاتبو. ئەلەکترۆنەکان زیاتر لە فۆرمی فۆتۆناتی پەرش و بڵاودا بون وەک لەوەی لە شێوەی دڵۆپە ئاودا بن و ڕووناکی بە نێو تەمەکاندا پەخش بکەن. ئەم کارلێکردنە لە یەک نزیکەی مادە و تیشکدانەوەی لە گەردوندا ڕودەدات بو بە هۆی سەرهەڵدانی دو دەرەنجامی شلۆق: یەکەم ئەوەیە کە تیشکدانەوە، شەبەنگی تەنێکی ڕەش لەخۆدەگرێت کە لە بەرابەر ئەو پلە گەرمایەی گەردوندایە و دوەمیش بریتییە لەوەی کە دابەشبونی ناوک و ئەلکترۆنەکان(مادەی ئاسایی)، مەودایەکی گەورەی لێدەرچێت، دەنا چڕییەکی ڕێک و نەگۆڕ لەخۆدەگرێت.

دوایی دەگەڕێینەوە بۆ دەرنجامی دوەم، بەڵام لە حاڵی حازردا سەبارەت بە یەکەم قسەدەکەین. هەر کە گەردون گەورەبو و دواییش ساردبوەوە و دواجاریش زەمەنێک هات (نزیکەی سێ سەد و هەشتا هەزار ساڵ دوای دەستپێکردنی بیگ بانگ ) و ئیتر وزەی فۆتۆنە نمونەییەکان ئەوەندە نزمبوەوە کە زەمینە خۆشبکەن بۆ ئەوەی ئەتۆمەکان پێکبێن. چیتر ئەلکترۆنی ئازاد لە ئارادا نەمان کە شەبەنگ پەخش بکەن و گەردونیش سیمایەکی شەفاف و ڕوناکی لەخۆگرت. لەم کاتەدا پلەی گەرمای گەردون نزیکەی سێ هەزار (3000) کێلڤین بو. لەو کاتەوە، گەردون هەزار ئەوەندە گەورەبوە. درێژی شەپۆلی فۆتۆنەکانیش کە شەبەنگی باکگراوندیان CMB  دروست کردوە، هەزار ئەوەندە کشاوە، ئێستا دەبێت لە بەشی ئەوپەڕی ژێر – سور و بەشی رادیۆیی شەبەنگەکەدا بێت – بەڵام شەبەنەکەی هێشتا هی تەنێکی رەشە. بەڵام پێویستە کاریگەری پلەی گەرمای تەنی رەشی ئەم تیشکدانەوەیە بە هەمان بڕ هاتبێتە خوارەوە و بەمجۆرە لە ئێشتادا دەبێت 3 پلەی کەڵڤن بێت.

دۆزینەوی سی. ئێم. بی

لە ساڵی 1963 دا دو فەلەکناسی ڕادیۆیی ئارنۆ پێنزیاس و ڕۆبێرت ویلسۆن تیشکی پاشخانی مایکرۆیڤییان دۆزییەوە. هەتا ساڵی 1992 مشتومەڕ لەسەر ئەوە هەبو کە دەبێت بناوانی ئەم تیشکە لە کوێوە بێت، بەڵام دوای ئەوەی سەتەلایتی کۆب  COBE توانی ئەوە پیشان بدات کە ئەم تیشکە پاشخانییە هەر هەمان ئەو شەبەنگییەی تەنە رەشەکانی هەیە کە چاوەڕان بوین. شایانی ئەوەیە لێرەدا کەمێک باس لە داستانی خەڵاتی نۆبڵ لەمەڕ ئەم پرسە بکەین. هەردوک فەلەکناس، پێنزایس و ویڵسن، تەلەسکۆپەکەیان وەرگرتبو بۆ ئەوەی تەجروبە لەسەر ئاڵوگۆڕی سەتەلایتی بکەن و ئەو پشێوی دەنگی و ژاوەژاوە کەم بکەنەوە کە دێتە نێو تەلەسکۆپەکەوە، نەک بۆ ئەم تیشکە بگەڕێن. بە چڕی کەوتنە تاقیکردنەوەی تەلەسکۆپەکە، کە وردبونەوە و سەیریان کرد ژاوەژاوی باکگراوندەکە زیاتربوە.، هەرگیز چاوەڕوانی ئەمە نەبون. سەرەتا ئەقڵیان بۆ ئەوە چو کە هۆکاری ئەم ژاوەژاوە لەوانەیە ئەو کۆترانە بن کە هێلانەیان لە نێو کەڵی horn تەلەسکۆپەکەدا دانابو. هاتن تەڵەیەکیان دانا بۆ ئەوەی کۆترەکانی پێ بگرن. دوایی کۆترەکانیان بۆ دوری 60 کیلۆمەتر دورخستەوە و بەرەڵایان کردن، بەڵام وەک عادەتی خۆیان، کۆترەکان گەڕانەوە هێلانە و زێدی خۆیان، دوایی تیمێکی تایبەت هاتن و کۆترەکانیان بە تەواوی دورخستەوە لە تەلەسکۆپەکە. ئنجا ئاراستەی تەلەسکۆپەکەیان بە هەمو ئاراستەیەکی ئاسماندا گێڕا و بۆیان دەرکەوت ئەم هیسە هیسە لە هەمو گۆشەیەکی ئاسمانەوە بە یەکسانی دێت. کاتێک داستانەکەیان بۆ فەلکناس، بێرنی بێرک گێرایەوە، پێشنیازیکرد کە پەیوەندی بکەن بە رۆبەرت دیکەوە لە زانکۆی پرینستن. دیک خۆی بە تەنها ئەو تیورییەی بڵاوکردبوەوە کە گەردون بە جۆرە تیشکێک داپۆشراوە کە سەرچاوەکەی دەگەڕیتەوە بۆ پرۆسەی گەورەی بیگ–بانگ، هەر خۆشی هەمو ئامرازێکی پێویستی، وەکو ئەنتێنای لە سەر باڵەخانەی بەرزی بەشی فیزیا دابەستبو بۆ ئەو مەبەستەی بتوانێت ئەم جۆرە تیشکە کەشفبکات. کاتێک دیک بە سەرنج و تێبینییەکانی پێنزایس و ویڵسنی زانی، یەکسەر بۆی دەرکەوت ئەو دەنگە ئەنجامی کۆتر و شتی وا نییە، بەڵکو ئەو دەنگە بریتییە لە پاشماوەی ئەو تیشکەی ئەوان لە دوی عەوداڵن و تەواو لەگەڵ پێشبینییەکانی گروپەکەی ئەواندا تەریبە و گوتی ئەوە ئەو تیشکەیە کە پاشماوەی بیگ–بانگە. دیک هەر زو رامانەکانی ئەوانی بە هەند وەرگرت و جەختیکردە سەر ئەوەی کە بە تەواوی ئەو ئەنجامانە راستن. لە راستیدا، کاتێک لە ساڵی 1979 پێنزایس و ویلسۆن خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرت،  تا رادەیەک  ناهەقیکرا بەرامبەر بە دیک چونکە هیچ پشکی لەم خەڵاتە بەرنەکەوت، ئەمە ناعەدالاتی تێدابو. ئەو پلەی گەرمایەی لەم تیشکە پاشخانییە CMB  پێورا  2.725 کەلڤن بو. دوای سی ساڵ  کۆب COBE ئەوەی سەلماند کە پێوانەکانی پاشخانی کۆزمۆیی تەواو راستن و زۆر وردن و دەرەنجامی بیگ–بانگە. ئیتر لەو رۆژەوە زەحمەتە ئنسان بتوانێت ئەو هەقیقەتە رەت بکاتەوە کە بە راستی بیگ–بانگ رویداوە.

تیوری هەڵئاوسان

لە هەفتاکانی سەدەی بیستەوە، ئیشکالاتی مۆدڵی ستانداردی بیگ–بانگ هاتەئاراوە. تێڕامانەکان ئەوەیان نیشاندا کە گەردون زۆر نزیکە لەوەی تەخت بێت، واتە ئۆمێگا (Ω) نزیکە لە بڕی یەکەوە، تیوری بیگ–بانگیش هیچ هۆکارێکی تایبەتی بە دەستەوە نەبو بۆچی شتەکە بەمجۆرەیە. هەر چەمانەوەیەک کە گەردون لە نزیک چەقەوە هەیەتی لەگەڵ چوونە تەمەنی گەردون خۆیدا گەورە دەبێت.

گرفتی دوەمیش بە گرفتی ئاسۆ ناسراوە. گەردون وەها دێتە بەرچاو کە بە تەواوی لە هەمو گۆشەیەکەوە هەمان خاسیەتی هەبێت – بە تایبەت پلەی گەرمای تۆمارکراوی پاشخانی کۆزمۆیی مایکرۆیڤی – بە ئاڕاستەی پێچەوانەش هەر وایە. سی. ئێم. بی لە ئاراستەیەکەوە 14,000 ملیۆن ساڵی پێچووە تا گەیشتوەتە لای ئێمە، لە ئاراستەی پێچەوانەشەوە هەر هەمان کاتی پێچووە. لە مۆدڵی بیگ-بانگی ستانداردا کاتی پێویست بوونی نەبووە بۆ ئەوەی تیشکەکە لە دەڤەرێکەوە سەفەربکات بۆ دەڤەرێکی تر- ناتوانن پلەی گەرمای یەکتر بزانن، چونکە ئەم زانیارییە ناتوانێت لە خێرایی روناکی بەرزتر بێت. کەواتە، بۆچی بە وردی هەمان پلەی گەرمایان هەیە؟

ئەم پرسانە وەک ئایدیای هەڵئاوسان پێشکەشکران، یەکەمجار لە لایەن ئالان گەتەوە Alan Guth (-1947      ) پێشنیازکرا و دوایش خەڵکانی تر هاتن و تەرزی نایابتریان خستەڕوو. لەم سیناریۆیەدا سەرتاپای گەردونی بەرچاو لە سەرەتادا لە دووتوێی قەبارەیەکی وەک پرۆتۆندا بووە. تەنها دوای 10^-35 (واتە یەک لەسەر دە، ئنجا سی و پێنج سفر لەبەر دەم دەکەدا) چرکە، ئەم قەبارەیە بە شێوەی ئێکسپۆنێنتی(واتە  e^x ) کەوتە کشان و لە قەبارەدا بە جۆرێک گەورەبوو کە بە فاکتەری 1060 – 1050  لە ساتی 10^-32 چرکەدا قەبارەکەی بوو بە گۆیەک تیرەکەی یەک مەتربوو. ئەم کشانە زۆر گەورەیەی فەزا بووە هۆی ئەوەی جیۆمەتری فەزا ناچاربکات کە تەخت ببێت، هەروەک چۆن روی باڵۆنێک کە دەکشێت ئیتر تەخت دێتە بەرچاو. (سەرەنجام سروشتییانە گەردونێکی تەختت دەست دەکەوێت.) هەڵئاوسان بۆ خۆشی ئەو متمانەیەمان دەداتێ کە سەرتاپای گەردونی بەرچاو خاسیەتی رێکی هەیە هەروەک چۆن کێشەی ئاسۆشمان بۆ دەخاتەڕوو. ئەمە ئەنجامی ئەو هەقیقەتەیە کە بەر لە قۆناغی هەڵئاوسان قەبارەی فەزا-زەمەن، کە گەردونە بەرچاوەکەی پێکهێناوە وەک پێویست بچکۆلە بووە و تیشکیش بە ئاسانی بە پانتاییدا گەشتی کردووە و پلەی گەرمایەکی نەگۆڕی پێ بەخشیووە.

بیگ-بانگ و دروستبونی توخمە هەرە بەراییەکان

نیوەی ئەو وزە بە قودرەتەی کێشکردن (gravitational potential energy) لە قۆناغی هەڵئاوساندا لەدایکبو گۆڕا بۆ وزە-جوڵە و ئەمیش بووە هۆی لەدایکبونی هەمان ژمارەی یەکسان لە هەر یەک لە تەنۆلکە و دژە-تەنۆلکەدا، بەڵام بە ژمارە مادە تەنۆلکەییەکان بڕێکی زۆر بچکۆلە زیاتربوون ( بە نزیکەیی یەک بۆ هەر بلیۆنێک). تەنۆلکەکان دژە-تەنۆلکەکان لەناودەبەن، ژمارەیەکی کەم لە تەنۆلکەکان لە بۆتەی تیشکدانەوەدا دەمێنێتەوە. ئەم تۆپەڵە ‘مادە باریۆنییە’ سەرەتا لە فۆرمی کوارکدا بوون، بەڵام نزیکەی یەک چرکە دوای ئەسڵییەکەیان، لە گروپی دوو یان سێدا خۆ یەکدەخەن و پرۆتۆن و نیوترۆن دروست دەکەن. (دوو کوارکی سەرەوە up quarks و یەک کوارکی خوارەوە down Quarks  پرۆتۆنێک دروست دەکەن، یەک کوارکی سەرەوە و دوو کوارکی خوارەوە نیوترنێک دروست دەکەن. کوارکی سەرەوە +2/3 ی بارگەی هەیە و کوارکی خوارەوەش  -1/3 بارگەی هەیە، بەمجۆرە پرۆتۆن بارگەی +1 و نیوترۆنیش بارگەی سفری هەیە.) ژمارەی نیوترۆنەکان و پرۆتۆنەکان کە دروسبوون زۆر نزیکن لە یەکترەوە، بەڵام چونکە نیوترۆنە ئازادەکان لە قۆناغی نیوە-ژیانی 10.3 ی خولەکێکدا ناسەقامگیرن، ئەوا تەنها ئەوانە بەرگەدەگرن کە لە ناوکی هیلیۆمدا بەرجەستەبوون کە لە دوو پرۆتۆن و دوو نیوترۆن پێکهاتووە. بەمجۆرە دوای چەند خولەکێک، مادەی (باریۆنی) ئاسایی لە گەردوندا بە رادەیەکی بەرز لە ناوکی هایدرۆجین (پرۆتۆن)، ناوکی هیلیۆم(تەنۆلکەی ئەلفا) و ئەلکترۆن – ئەکترۆنێک بۆ هەر پرۆتۆنێک – دروستبووە. هەر بۆیەش ئێستا باوەڕمان وایە کە چەندین ئەوەندە زیاتر مادەی تاریک دروستبووە)

نەرمە شەپۆلەکان لە سی. ئێم. بی (CMB) دا

تێڕامانەکانی کەشتی فەزایی کۆب( COBE) لە سەرەتادا ئەوەیان دەرخست کە سی. ئێم. بی( CMB) بە گشتی و سەرتاپا پلەیەکی گەرمی نەگۆڕی هەیە، هۆی ئەمەش ئەوەیە کە تێڕامانەکان لە باڵۆنەکانی کەشتی فەزایی وماپ (WMAP ) و چیا بەرزەکانەوە توانییانە نەخشەی ئەو دیاردانە بکێشێن کە پێیان دەگوترێت شەپۆلەکانی سی. ئێم .بی – هەڵبەزودابەزی پلەی گەرما بە شێوەیەکی نمونەیی 60 مایکرۆ کێڵڤن بوو.

ئنجا بۆچی ئەم جۆرە گۆڕانە بچکۆلانە حزوری هەیە؟ بۆ وەڵامدانەی ئەم پرسیارە وا ئیجاب دەکات ئنسان لەوە حاڵی بێت کە مادەی تاریک چییە. هەرچەندە بە شێوەیەکی راستەوخۆ هێشتا کەشف نەکراوە، بەڵام جۆرەها تێڕامان ئیشارە بە بونی مادەی تاریک دەدەن.

هەروەک لەسەرەوە ئیشارەمان پێدا، نزیکەی 380 000 ساڵ دوای لە دایکبونی بیگ-بانگ، کاتێک وزەی فۆتۆنەکان وەک پێویست بەس بوون بۆ ئەوەی مادە و تیشکدانەوە کارلێک بکەن و بۆ ئەوەی پرۆسەی ئایۆن کردن ( ionize) بەسەر ئەتۆمەکاندا راڤەبکرێت ئەمەش بۆ خۆی ببێت بە هۆیەک بۆ بەرهەمهێنانی پلازمای ناوکی و ئازادکردنی ئەلکترۆنەکان. ئەمەش بوو بە هۆی لەدایکبوونی دوو ئەنجام:

یەکەم: تیشکدانەوە و مادە لە حاڵەتی هاوسەنگی گەرمیدا بن و تیشکدانەوەش شەبەنگی تەنی رەشی هەبێت.

دووەم: پلازمای ناوکی و ئەلکترۆن زۆر هاوتا دەبن، هەروەک فۆتۆنەکان زیاتر تێکەڵەکە رون دەکاتەوە.

ئەنجامی دووەم لێرەدا بۆ مشتومڕەکەمان گرنگە. کاتێک پلەی گەرمی دادەبەزێت بۆ ئەو خاڵەی ئەتۆمەکان دەتوانن وەها مادە پێکبهێنن و دەست بکەن بەوەی لە ژێر کاریگەری کێشکردندا تۆپەڵ ببن و ئەستێرە و گالاکسییەکان دروست بکەن. مۆدڵی جوڵەیی (simulation ) ئەوەمان بۆ دەخاتەڕوو کاتێک گازی سەرەتایی ئاوا بە ناڕێکی دابەشبووە کە هەشت تا دە بلیۆن ساڵ دەخایەنێت بۆ ئەوەی هەندێک دەڤەری گازی بە پێی پێویست چڕبنەوە بۆ ئەوەی ئەمە روبدات. بەڵام ئێمە دەزانین گالاکسییەکان لە دەوری بلیۆنێک ساڵ دوای بیگ-بانگ لەدایکبوون. دەبێت شتێک یارمەتی پرۆسەکەی دابێت. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەم شتە مادەی تاریکی نا-باریۆنییە. خۆ ئەگەر ئەمە لەگەڵ تیشکدانەوەدا جوت نەبوایە، ئەوا دوور نەبوو بە هۆی کێشکردنەوە یەکسەر دوای بیگ-بانگ تۆپەل ببن. بەمجۆرە کاتێک مادەی ئاسایی لە فۆتۆنەکان جیادەبێتەوە، چەندین سەرچاوەی کێشكردن، کە بە هۆی چڕبوونەوەی مادەی تاریکەوە پێکدێن، لە ئارادا هەن. ئنجا مادەی ئاسایی دوایی بە خێرایی دەکەوێتە ئەم سەرچاوە کێشكردنانەوە، بە خێراییش چڕییەکانیان زیاددەکات، ئیتر هەر لێرەشەوە پرۆسەی دروستبوونی گالاکسی خێرادەبیت.

چۆن مادەی تاریک کاردەکاتە سەر سی. ئێم. بی CMB

چڕی ئەو مادە تاریکەی هەر لە رۆژانی لەدایکبونی سی. ئێم. بی ((CMB ەوە هەبووە و تێڕامانی کاریگەریشی هەبوو، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەقیقەتەی ئەگەر تیشکدانەوە لە قوردەتی کێشكردنەوە بێتەدەر ئەوا دوچاری جۆرێک لە لادانی سور دەبێت کە پێی دەگوترێت لادانی سوری کێشكردن. بەمجۆرە ئەو فۆتۆنانەی سی. ئێم. بی کە ئەو دەڤەرانە جیدەهێڵن تێێدا مادەی تاریک تۆپەڵ بووە درێژی شەپۆلەکانیان درێژترە لەو فۆتۆنانەی دەڤەرێکیان جێهێشتووە کە مادەی تاریک تێێدا کەمترە. ئەمەش دەبێت بە هۆی پلەی گەرمی تەنە رەشی فۆتۆنە کاریگەرەکان کە لە دەڤەرە چڕەکانی مادەی تاریکەوە دێن کەمتربن لەوانەی لە دەڤەرە خەفیفەکانەوە دێن – بەمجۆرە دەبێت بە هۆی سەرهەڵدانی ئەو هەڵبەزودابەزی پلە گەرمییەی تێبینی کراوە. ئەم جۆرە تێڕامانانە راستەوخۆ لەمەڕ گەردون پێمان دەڵێن کە 380 000 ساڵ دوای بیگ-بانگ شتێکی سەیر نییە، هەر بۆیەش دەبینین بەهایەکی بەرزیان لای کۆزمۆلۆژیستان هەیە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەو فۆتۆناننەی سی. ئێم. بییان درو٣ستکردوە بلیۆنان ساڵ بە بارتەقای فەزادا سەفەریان کردوە و چەمانەوەی فەزاش کاریگەری لەسەریان هەبوە. خۆ ئەگەر  سیمای چەمانەوەی فەزا، نێگەتیڤ، پۆزەتیڤ یان تەخت بێت، بەوجۆرە فەلەکناسان دەتوانن نەخشەی ئەم هەڵبەزو دابەزانە بە وردی بکێشن، ئەوا دەکریت چيمانەوەی فەزا پێوانە بکرێت. پاشانیش مومکینە بتوانین زەخرەفەی هەڵبەزودابەزە چاوەڕوانکراوەکە لە مۆدڵی کۆمپیوتەریدا بەرجەستەبکەین.

گەردونی شاراوە: مادەی تاریک و وزەی تاریک

ئەگەر چەمانەوەی فەزا سفر بێت، هەروەک تیوری هەڵئاوسان پێشبینی دەکات و تێرامانەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، ئەوا ئیحتیمالی هەیە بتوانین تێکڕای چڕی و بڕی تەواوی بارستایی/وزە کە لە گەردونی بەرچاودا هەیە حساب بکەین. ئەگەر کۆی وزە بریتی بێت لە M ، ئەوا باشترین تەخمین بۆ بارستایی مادەی بەرچاو، هەموو ئەستێرەکان و گازە خرۆشاوەکان، بە نزیکەیی دەکاتە 0.01M . بەمجۆرە لە %99 ی گەردون پەنهان و شاراوەیە. یەکەم پرسیار کە ئنسان پێشكەشی دەکات ئەوەیە ئایا ئەم ناوەڕۆکە نادیارە مادەی ئاساییە(باریۆنی)ییە کە هیچ روناکی پەخش ناکات – گاز، تۆز، یان مادەکانی وەکو کورتە-باڵا قاوەییەکان، ئەستێرە نیوترۆنەکان یان چاڵە رەشەکان. ئەم مادانەی دوایی پێێان دەگوترێت  ماچۆ MACH  ( Massive Astronomical Compact Halo objects )، ژمارەیان لە نێو ئەڵقە یان بازنەی گالاکسییەکان و دەوروبەریان زۆرە.

دوو بەڵگە لە ئارادا هەن و ئیشارە دەدەن بەوەی کۆی بڕی مادەی ئاسایی لە گەردوندا تەنها نزیکەی 4% ی سەرتاپای هەموو مادە/وزەی گەردونە. بەڵگەی یەکەم بەندە لەسەر پێوانی ئەو لە سەدا نسبییەی هەر یەک لە هایدرۆجین، هیلیۆم و لیتیۆم و ئایزۆتۆپەکانیان لە پرۆسەی بیگ-بانگدا دروستیان کردووە. ئەمانە لە هەمبەر رێژەی باریۆن بۆ فۆتۆن زۆر هەستیارن و سنوری سەرەوە  upper limit یان بۆ مادەی باریۆن دیاریکردووە کە دەکاتە 4% . بەڵگەی دووەمیش بریتییە لە بارستایی ئەو بڕە بەرچاوەی لە پێکهاتنی ماچۆ MACHO دا بوو، دوایی توێژینەوەی هاوێنە–مایکرۆیی کێشكردن کەشفی کردن (هەروەک چۆن کۆمەڵە هەسارەیکیشیان دۆزییەوە). سەرباری ئەوەی دەزانین کە، بۆ نمونە، پۆلسارەکان لە نێو بازنەی گالاکسییەکاندا دۆزراونەتەوە، بارستایی هەموو ئەمانە و ماچۆکانیش ناتوانن تەفسیری ئەو مادە نادیارە بکەن. بەڵام هێشتا دەبێت حساب بۆ لە  96% ناوەڕۆکی بارستایی/وزەی گەردون بکەن. لە زۆر هێڵی جیاجیای تێڕامانەوە باوەڕی باڵادەست و باو بە جۆرێکە کە بەشێکی دیار لەمە لە پێکهاتەی مادەی تاریکی نا-باریۆنیدایە – کە عادەتەن بە مادەی تاریک ناودەبرێت.

بەڵگەی مادەی تاریک

1) داینەمیکی هێشوویی

بەلگەی یەکەم سەبارەت بە بڕێکی بێشوماری مادەی نادیار لەو تێڕامانەوە دەرکەوت کە فریتز زویکی (1974-1898Fritz Zwicky  لە ساڵانی 1930 کاندا ئەنجامیدا. زویکی توێژینەوەی لەمەڕ گالاکسییەکانی هێشووی کۆما کرد، دوورییەکەیان نزیکەی 321   ساڵی روناکیی بوو، سەرنجیدا کە ئەندامە دەرەکییەکانی ئەم هێشووە بە خێراییەکی زۆر بەرزتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێت دەجوڵێن. تەسەورکە ئەگەر هێشوویەک گالاکسی خەڵقکراوە و لە حاڵەتی جوڵەدا نەبووە. هەر زوو لە سایەی کێشكردندا هەرەس دەهێنن و هەمو دەبن بە تەنێک. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر هەر لە سەرەتاوە گالاکسییەکان یەک بە نیسبەت ئەوی ترەوە بە خێراییەکی بەرز خرانە حاڵەتی جوڵەوە، ئەوا جوڵە–وزەکەیان ئەو توانایەیان پێ دەبەخشێت بە گەردوندا پەرش بن و هێشووەکەش بڵاودەبێتەوە، هەروەک چۆن رۆکێتێک بە خێراییەکی زۆر بەرز دەجوڵێت و دەتوانێت لە کایەی کێشكردنی زەوی خۆی قوتاربکات. لە راستیدا کاتێک سەرنج دەدەین لە هێشووەیەک گالاکسی، ئەوا بلیۆنان ساڵ دوای ئەفراندنی هێشووەکەیە، پاشان ئەمەش دەمان گەیەنێتە ئەو راستییەی کە پێویستە ئێشتا هاوسەنگییەک لە باڵانسی راکێشانی هێزی کێشكردنی سەرتاپای بارستایی هێشووەکە و تێکرای جوڵە-وزەی هەموو بەشەکانیدا هەبێت. ئەم چەمکە کە نێوی تیورمی ڤایراڵی Theorem Virial بەسەردا دابڕاوە، ئەگەر توانیمان خێرایی پێکهاتەی هێشوەکان بدۆزینەوە، ئەوا مومکینە کۆی بارستایی بە نزیکەیی دیاری بکرێت. زویکی ئەو حساباتەی گرتەئەستۆ و دەریخست کە بارستایی هێشوە گالاکسی کۆما بە ئەندازەیەکی بەرچاو زۆر زیاترە لەوەی دێتە بەرچاو.

2 ) بەڵگەی هەبونی پێکهاتەیەکی نادیاری گالاکسی حەلزونی.

لە 1970 کاندا، پرسێک کە پەیوەست بو بە داینەمیکی گالاکسییەکانەوە لەدایکبو. ڤێرا رۆبین (2016-1928)، کاتێک سەرنجیدا لەو روناکییەی لە دەڤەری هێچ II  ( HII) وە ( کە بریتییە لە هەوری بارگاوی بە هایدرۆجین، نمونەی وەکو هەورییەکانی ئۆرایۆن) لە ژمارەیەک لە گالاکسییە حەلزونییەکانەوە دێت. ئەم دەڤەرانەی HII لەگەڵ ئەستێرەکان و مادە دیارەکانی تری نێو گالاکسییەکاندا دەجوڵێن، بەڵام ئەمانە، کاتێک گەشاوەن، ئەوا لە مادەی دیاری تر ئاسانترە سەرنج بدرێن. دەڤەرەکانی HII هێڵی شەبەنگی ئەلفای هایدرۆجینی سور(ئەلفا-H ) پەخش دەکەن. بە هۆی پیوانەکردنی لادانی دۆپڵەر لە هێڵەکانی شەبەنگدا، ڤێرا رۆبین توانی گرافی خێراییەکانیان لە دەوری چەقی گالاکسییەکاندا وەکو دالەیەکی دوری بکێشێت. ڤێرا چاوەڕانی ئەوەی دەکرد ئەو هەورییانەی لە چەقی گالاکسییەکانەوە دورترن بە خێراییەکی خاوتر بجوڵێن هەروەک چۆن هەسارە دەرەکییەکان لە سیستەمی خۆریدا خاوتر بە دەوری خۆردا دەسوڕینەوە. ئەمە پێی دەگوترێت جوڵەی کێپلەری، هەروەک خێرایی سوڕانەوە پێچەوانە دەگۆڕێت(کەم دەکات) لەگەڵ رەگی دوجای دوریی لە چەقەوە. ( ئەمە بە یاسای سێیەمی جوڵەی کێپلەر ناسراوە و دەتوانرێت لە رێگای سەلماندنی یاسای کێشكردنی نیوتنەوە پیشان بدرێت.)

رۆبین توشی سەرسامییەکی گەورەبو کاتێک بۆی دەرکەوت خێرایی سوڕانەوەی هەورییەکان لەگەڵ زیادکردنی دورییەکەیان لە چەقی گالاکسییەکانەوە کەم ناکات، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا، زیاد دەکات. هەمو بارستایی گالاکسییەکە لە چەقدا کۆنەبوەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت خێرایی سوڕانەوەکە هێشتا لەگەڵ زیادکردنی نیوەتیرەی ئەودیو دەڤەرەکانی ناوەوەی گالاکسییەکە کەم بکات، هەرچەندە کەمکردنەکە بەو جۆرە کتوپڕە نابێت کە دەڵێیت هەمو بارستاییەکە لە چەقەکەدا کۆبوبێتەوە. بۆ خستنەرووی نمونەیەکی تۆکمە، خێرایی سوڕانەوەی خۆری لەمەڕ خۆمان بە دەوەی چەقی رێچکەی شیریدا Milky way چاوەڕوان دەکرێت کە بە نزیکەیی 160 کم/چرکە بێت. بەڵام لە راستیدا 220 کلم/چرکەیە. تەنها رێگا بۆ تەفسیری ئەم ئەنجامانە ئەوەیە کە یان ئەستێرەکانی گالاکسییەکە لە باوەشی خەرمانەیەکی گەورەی نەبینراوی مادەدان – کە زۆر زیاتر دەکەوێتە ئەودیو گالاکسی بەرچاوەوە – یاخود یاسای کێشکردنی نیوتن لە دوری زۆر گەورەدا هەیبەتی نامێنێت. ئەو مادە نەبینراوەی کە کاریگەری هەبو لەسەر تێڕامانەکانی ڤێرا رۆبین بەڵگەی زیاتریان لەمەڕ مادەی تاریک خستەڕو.

چەندە بڕی مادەی تاریکی نا-باریۆنی لە ئارادا هەیە؟

باشترین تێڕامانی هەنوکەیی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مادەی تاریک لە %23  کۆی بڕی مادە/وزەی گەردون پێک دەهێنێت.. هەندێک تێڕامانی تر پشتگیری ئەم ئەنجامە دەکەن. ئەمە دو پرسیاری تر دەخاتە ئاراوە: مادەی تاریک چییە؟ ئنجا ئەو لە %73 ی تری مادە/وزەی گەردون کە ماوە بە چی داپۆشراوە؟.

مادەی تاریک چییە؟

وەڵامی شەفاف و راشکاو بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە بە راستی نازانین چییە! مۆدڵی ستانداردی فیزیکی تەنۆلکەیی[x] پێشبینی هەبونی مادەی تاریک ناکات، هەر بۆیە دەبێت وەک پاشکۆیەک بۆ تیوری ستاندارد ئەم پرسە تاووتوێ بکەین بۆ پێشبینیکردنی ئەوەی کە چییە و چۆنیش پێشبینی دەکرێت( هیچ نەبێت تا ئەو کاتەی دەسەلمێنرێت.). دەکرێت مادەی تاریک دابەش ببێت بۆ دو پێکهاتە: مادەی تاریکی گەرم کە لە تەنۆلکەی روناکی پێکهاتون و بە خێرایی روناکی دەجوڵێن( هەر بۆیەش گەرمن) و مادەی تاریکی سارد کە لە تەنۆلکەی زۆر زەبەلاح دروستبون و بە خاوی دەجوڵێن. کاتێک پرسی پەرەسەندنی بونیات لە گەردوندا – دابەشبونی هێشوە گالاکسییەکان و سوپەر هێشوە گالاکسییەکان- وەک مۆدڵی کۆمپیوتەری Simulations بەرجەستە دەکەین، وا پێویستە دەکات کە مادەی تاریک هەموی سارد بێت، بەڵام فەلەکناسان باوەڕیان وایە پێکهاتەیەکی بچکۆلە لە مادەی تاریکی گەرم لە فۆرمی نیوترینۆدا حزوری هەیە. ژمارەیەکی بێشومار لە نیوترینۆ لە گەردوندا هەیە، بەڵام تا عەیامێکی زۆریش باوەڕی باڵادەست وەها بو کە ئەمانە بارستاییان نییە. هەرچۆنێک بێت تێڕامانی هەنوکەیی پێمان دەڵێت ئەمانە بڕێک بارستاییان هەیە، بەڵام یەک لەسەر ملیۆنێکی بارستایی ئەلکترۆنە. وەک دەرنجامێک، رۆڵێکی زۆر بچکۆلەیان هەیە لە کۆی بڕی مادەی تاریکدا – ئەمە بۆ خۆی تەبایە لەگەڵ مۆدڵی کۆمپیوتەریدا.

ئەکزیۆنەکان و ویمپەکان Axions and WIMPS

بژاردەیەکی ئیحتیمال بۆ مادە تاریکە ساردەکان بریتییە لە ئەکزیۆنی نیوترالی روناکی Light neutral axion ، کە لە ساڵی 1977 لە لایەن ”تیوری پێچی- کوین”ەوە پێشبینیکرا. لە هەمو سەنتیمەتر سێجایەکدا دە تریلیۆن لەم مادەیە هەیە. تەرزێکی درێژکراوەی مۆدڵی ستاندار فیزیکی تەنۆلکەییە و بە سوپەر-خۆجێیی ناودەبرێت، ئەم تەرزە پێشنیازی ئەوە دەکات کە پێدەچێت ویمپس( WIMPS – Weakly Interacting Massive Particles   (پێکهاتەیەکی گەورەی مادەی تاریکی سارد بێت. کاندیدێکی سەرەکی لێرەدا بریتییە لە نیوترالینۆ neutralino  – کە سوکەڵەترین تەنۆلکەی نیوترالی سوپەر-خۆجێێیە. پێدەچێت لە هەمو چرکەیەدا بلیۆنەها ویمپس بە نێوماندا تێپەڕبێت. لە زۆر حاڵەتدا لەگەڵ ناوکی ئەتۆمێکدا کارلێک دەکەن- لە بری ئەوەی وەک تۆپی بلیارد ببێت بە هۆی جوڵاندنی تۆپێکی وەستا- وایان لێدەکات لول بخۆن. بە شێوەیەکی بنەڕەتی، بەڵام زۆر بە زەحمەت، دەکرێت ئەم کارلێکانە کەشف بکرێن.

وزەی تاریک

هەردوک مادەی تاریک و مادەی ئاسایی پێکەوە لە %27 بڕی گشتی بارستایی وزەی گەردون پێکدەهێنن. پێدەچێت، ئەوەی ماوە، واتە لە %73 ، دەبێت شتێکی تر بێت. وا دەردەکەوێت فۆرمێکی وزەی شاراوەی نێو فەزا خۆی بێت کە هیج تۆپەڵ نابێت، بەمجۆرە بە گشتی رێک و بە شێوەی نەگۆڕ بە سەرتاپای فەزادا بڵاوبوەتەوە. لە راستیدا، لەوانەیە هەر ئەمەش بوبێت کە هانی ئاینشتاینی دابێت گەردونەکەی بکاتە فۆرمێکی ستاتیک و – نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی بخاتە دوتوێی هاوکێشەکانی تیوری گشتی نسبییەوە، ئەو نەگۆڕەی هێمای لامدای Λ  بەسەردا دابڕی. دەکرێت زاراوەی لامدای پۆزەتیڤ وەها تەفسیربکرێت کە بریتییە لە چڕی وزەیەکی پۆزەتیڤ کە سەرتاپای فەزای داپۆشیوە و لەگەڵ گوزەری زەمەندا ناگۆرێت. پوختەی کاریگەرییەکەی سیمایەکی لێک دورکەوتنەوەی هەیە. لەگەڵ ئەوەی کە هەندێک بژاردە و جۆرە مۆدڵی تر هەن و تاووتوێ کراون کە وزەکەیان لەگەڵ زەمەندا دەگۆڕێن. ئەمانە ناویان بۆ دانراوە، وەکو توخمی پێنجەم، یان هێزی پێنجەم. کۆی بڕی ئەم وزەیە و کاریگەری دورکەوتنەوەکەی راستەوانە دەگۆرێن لەگەڵ قەبارەی فەزادا، کاتێک گەردون دەچێتە تەمەنەوە و قەبارەی گەورەدەبێت، ئەوا کاریگەری وزەی تاریک زیاتر بەدەردەکەوێت.

لە هەمو مۆدڵەکانی فرەیدمان لەمەڕ گەردون، کشانی گەردون وەک پرۆسەیەکی سەرەتایی لەگەڵ گوزەری کاتدا خاودەبێتەوە و هێزی کێشکردن دیسانەوە جڵەوەکە دەگرێتەوە دەست، ئنجا رێژەی کشان هەرگیز زیادناکات. خۆ ئەگەر لە گەردوندا لایەنێک هەبێت و کاریگەرییەکەی بریتی بێت لە لە یەکتر دورخستنەوە و لەگەڵ قەبارەی گەردونیشدا بەرزبێتەوە ئەوا لەگەڵ زەمەندا ئەویش دەگۆڕێت. سەرەتا، کاتێک قەبارەی گەردون بچکۆلەیە، هێزی کێشکردن باڵ دەکێشێت بەسەر وزەی تاریکدا و رێژەی کشانی بەرایی گەردون خاودەبێتەوە – هەروەک لە مۆدڵەکانی فرەیدماندا هەیە، بەڵام نوقتەیەک دێتە ئاراوە کە کاریگەرییەکانی لێک دورکەوتنەوەی وزەی تاریک یەکسان دەبێت و دوایش بەسەر کێشكردندا زاڵ دەبێت، ئنجا گەردونیش بە ڕێژەیەکی خێرا دەست دەکات بە کشان. ئا لەم حاڵەتەدایە کە گالاکسییە دورەکان لە ئێمە دوردەکەونەوە، هەروەک ئەوەی لە مۆدڵەکەی فرەیدماندا ڕودەدات.

بەڵگەی وزەی تاریک

هەرچەندە ئەستێرە گۆڕاوەکانی سفێید درەوشاوەترین ئەستێرە پێکدەهێنن کە لای فەلەکناسان ناسراون، بەڵام بەکارهێنانی ئەم ئەستێرانە بۆ پێنەکردن شتێکی سنوردارە. پێویستمان بە بەدیلێکە کە درەوشاوەتربێت. سوپەرنۆڤاکان، لە مەدایەکی زەمەنی کورتدا، گەشاوەترین تەنی گەردونن، ئەمانە جۆرێکی گۆڕاویان هەیە پێیان دەگوترێت سوپەرنۆڤای1a ، باوەڕی باڵادەستیش ئەوەیە کە ئەم جۆرە سوپەرنۆڤایانە لوتکەیەکی نەگۆڕی گەشاوەیان هەیە. خۆ ئەگەر وەک مورادفێک بەکاربهێنرێت ئەوا سودی هەیە. بۆ نمونە ئەگەر تۆپێکی پلوتۆنیۆم(شێوە گومەز) هەبێت و بارستاییەکەی لە بارستایی شلۆق کەمتربێت، ئنجا ئەگەر یەکێک هات و بە شێوەیەکی رێکوپێک پلوتۆنیۆمی زیادەی خستەسەر روەکەی ئەوا، لە شوێنێکدا، بارستایی شلۆق تێپەڕدەکات و دەتەقێتەوە. خۆ ئەگەر هەمو جارێک تەجروبەمان کرد ئەوا دەبێت  هەمو کات قودرەتی ئەم تەقینەوە وەک یەک بێت ، ئەمەش چونکە پلوتۆنیۆمە گۆییەکە بارستاییەکەی شلۆقی تەوا پێناسەکراوی هەیە.

سوپەرنۆڤای جۆری 1a لە سیستەمی دوانەییدا ( باینەریدا) رودەدات. لەم جوتە ئەستێرەیەدا، یەکێکیان لە روی بارستاییەوە لە تاکەکەی زۆر زەبەلاحترە، کاتیک ئەم زەبەلاحەیان بەرەو دوا قۆناغ گەشەدەدەکات و کرۆکەکەی دەبێت بە ئەستێرەی قەموری سپی و هێندەی قەبارەی زەوی بچکۆلە دەبێتەوە. دواییش هاوڕێکەی دەبێت بە زەبەلاحی سور، قەبارەکەشی بە شێوەیەکی دراماتیکی زیادەدەکات. ئنجا بەرگی دەرەوەی، بێگومان زەبەڵاحە سورەکە، بە جۆرێک بە ئاڕاستەی قەمورە سپییەکە کێش دەکرێت و بارستاییەکەی زیاددەکات. لە هەندێک حاڵەتی شلۆقدا، کاتێک بارستاییەکەی نزیک دەبێتەوە لە بارستایی چاندراسێخەر، کە 1.44 ئەوەندەی بارستایی خۆرە، بەرگی دەرەوەی دەسوتێت و سەرەنجام دەبێت بە هۆی تەقینەوەی ناوکییانەی سەرتاپای ئەستێرە قەمورە سپییەکە. بەمجۆرە کاتێک بارستایی ئەم هەمو سوپەرنۆڤایانە دەگاتە ئەم حاڵەتانە ئیتر دەتەقنەوە، وا چاوەڕوان دەکرێت هەموو بگەنە هەمان لوتکەی درەوشانەوە، واتە درەوشانەوەیان لە هەمان لوتکەدا دەبێت ( پێنچ بلیۆن جار لە خۆر درەوشاوەترن)، بێ هیچ گومانێک ئەمانە دەبنە نایابترین مۆم.

دەکرێت جۆری سوپەرنۆڤای 1a لە دورییەکی زۆرەوە بەدی بکرێن، چونکە لە ئاسابەدەر گەشاوەن، ئنسان دەتوانێت گەشاوەترین ئەستێرەی گۆڕاوی سفێید لە دوری 10-20  mpc (کە بە نزیکەیی دەکاتە 32 بۆ 64 ملیۆن ساڵی روناکی). چەشنی سوپەرنۆڤای 1a لە بڕدا 14 ئەوەندەی گۆڕاوەکانی سفێید گەشترن، بەمجۆرە چارەکە ملیۆنیک گەشترن. واتە دەتوانرێت لە دورییەکەوە بەدی بکرێن کە 500 ئەوەندە دورترە، ئەم دوورییە دەکاتە 1000 mpc – ئەمەش بۆ خۆی کەرتێکی بچکۆلەی نیوەتیرەی ئەو گەردونەیە کە ئێمەی مرۆڤ لەگەڵیدا ئاشناین و زانیاریمان لەسەر هەیە-. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبینین سوپەرنۆڤاکان دەگمەنن، لەوانەیە هەمو 300  (سێ) سەد ساڵ جارێک لە گالاکسییەکی نمونەیی حەلزۆنیدا دەرکەون. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا و لەسەر بنەمایەکی رێک و خستنەگەڕی پرۆگرامی کۆمپیوتەری بە قودرەت، تێڕامان لەسەر هەزاران گالاکسی دور ئەنجام دەدرێت و چاومان کراوەیە بۆ هەر روداوێکی سوپەرنۆڤایی لە گەردوندا دێتە ئاراوە. کاتێک لە سەرەتادا بەدیکرا و دۆزرایەوە، ئیتر بەردەوام دەبین لە گەڕان لە دوی خەسڵەتی چەماوەی روناکی سوپەرنۆڤای 1a کە دەرەنجامی شیبونەوەی تیشکی نیکلی-56 ، سەرەتا دەگۆڕێت بۆ کۆبۆڵت-56 و دواییش بۆ ئاسنی-56 .

هەبڵ (دواییش زانایانی تر) خێرایی کشانی بەرچاوی گالاسییەکانیان لە بەرانبەر دوری گالاکسییەکان خۆیاندا کێشا و گرافی راستەهێلیان بۆ دەرچوو. وا چاوەڕوان دەکرێت، کاتێک دورییەکان گەورەتر دەبن، ئەم گرافانە هەروا بە هێڵێکی راست نامێننەوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕان لە رێژەی کشانی گەردون لەگەڵ گوزەری زەمەندا. سەبارەت بە گەردونی شلۆق (گەردونێک کە چەمانەوەکەی سفرە) تێڕامەنەکانی سی. ئێم. بی ( CMB ) بەسەردا واری دەبێ، وا چاوەڕوان دەکرێت، ئەگەر دورییەکە گەورەتربێت، چەمانەوەکە بچێتە ژێر راستە هێڵەکەوە. لە ئەنجامی تێرامان لە جۆری سوپەرنۆڤای 1a کە زۆر دورترن، لەم دواییانەدا، ئەو توانایانەی بە ئنسان بەخشیوە پێوانەی دورییەکی زۆر زیاتر بکرێن، شان بە شانی لادانە سورەکانیان، گرافەکەی هەبڵیان گەیاندوەتە پلەیەکی درێژتر، بەڵام چیتر هێڵێکی راست نییە. هەرچەندە، هەروەک چاوەڕوان دەکرێت، گرافەکە وەک هێڵێکی راست بەردەوام نابێت، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە، دوای درێژکردنەوەی گرافەکە لەسەر بنەمای تەخمین، دەرکەوت چەماوەکە دەکەوێتە سەرو هێڵە درێژکراوەکەوە نەک ژێری. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە کشانی گەردون لە خێرابوندایە – نەک خاوبێتەوە وەک چاوەڕووان دەکرا- بێگومان ئەمەش بەڵگەیە بۆ هەبونی وزەی تاریک.

سروشتی وزەی تاریک

وزەی تاریک بەوە ناسراوە کە زۆر هاوسەنگە، بەڵام زۆر چڕ نییە ( چڕییەکەی بە نزیکەیی 10-29 گم/سم سێجایە) و جگە لە هێزی کێشکردن، دەرکەوتووە لەگەڵ هیچ یەکێک لە هێزە بنەڕەتییەکانی تری سروشتدا کارلێکی نییە. ئەمەش بووە بە هۆی ئەوەی بە زەحمەت لە تاقیگەدا کەشف بکرێت.

سادەترین تەفسیر سەبارەت بە وزەی تاریک ئەوەیە کە قەبارەیەک لە گەردون هەندێک وزەی بنەڕەتی و جەوهەری هەیە، هەروەک چۆن ئاینشتاین بە نەگۆڕە بەناوبانگەکەی خۆی ”نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی” کردی بە فەرزییەیەک، بەلام دوایی پەشیمان بووەوە و بە گەورەترین هەڵەی ژیانی ناوی برد. تیوری تایبەتی نسبی ئاینشتاین هەردوو چەمکی وزە و بارستایی لە هاوکێشە مەنشورەکەیدا ( وزە = بارستایی کەڕەتی دوجای خێرایی ڕوناکی E=mc^2  )پێکەوە بەرجەستەکردووە، ئەم وزەیە کاریگەری کێشكردنی هەیە. عادەتەن بە وزەی بۆشایی ناودەبرێت، چونکە بریتییە لە چڕی وزەی بۆشایی بەتاڵ empty vacuum . لە راستیدا، زۆربەی تیورییەکانی فیزیکی تەنۆڵکەیی پێشبینی هەڵبەزودابەزی بۆشایی دەکەن و بە وردی ئەم جۆرە وزەیە بە بۆشایی دەبەخشێت. ئنسان دەتوانێت ئەو هەستەی لە لا دروست ببێت کە بۆشایی پوخت وزەی تێدایە، ئەویش بەوەی بۆمان دەردەکەوێت کە بۆشایی لە هەقیقەتدا بەتاڵ نییە. پرینسیپی نایەقینی هەیزنبێرگ بواردەدات بەوەی تەنۆڵکەکان بە بەردەوامی دروست دەبن و (خێراش) دیسانەوە دیارنامێنن. بۆشایی پوخت پڕە لەم تەنۆلکە روکەشانە virtual .

بەمجۆرە، بە پێێ پرینسیپی نایەقینی هەیزنبێرگ، نایەقینییەک سەبارەت بەو بڕە وزەیەی کە دەکرێت هەبێت لە ئارادا هەیە. پاشان بە هۆی ئەو هاوتاییەی لە نێوان مادە و وزەدا هەیە، ئەم هەڵبەزودابەزە بچکۆلانەیەی وزە دەتوانێت تەنۆلکەی مادە بخوڵقێنێت ( تەنۆڵکەیەک و دژە-تەنۆڵکەکەی پێویستە لە هەمان ساتەوەخدا دروست ببن.) ، کە بۆ زەمەنێکی کورت دێن و ئنجا ئاوادەبن. ژمارەیەک تاقیکردنەوە توانیویانە ئەم وزەی بۆشایییە کەشف بکەن. یەکێک لەمانە بریتییە لە تاقیکردنەوەی کازمیر Casimir experiment  ، لە پرینسپدا، دوو تەبەقی کانزایی زۆر نزیک یەکترەوە لە بۆشاییدا دانرابون. لە باری پراکتیکییەوە ئاسانترە ئنسان تەبەقێکی کانزا بەکاربهێنێت و ئەوەی تر بەشێک بێت لە گۆیەکی کانزایی کە نیوەتیرەکەی ئێجگار گەورەبێت. شێوازێکی بیرکردنەوە لەم حاڵەتە ئەوەیە کە تەنۆڵکە روکەشەکان شەپۆلی درێژی تایبەت بە خۆیان هەبێت – دوانەیی تەنۆلکەیی شەپۆل The wave particle duality . تەنۆلکە روکەشەکان، کە درێژی شەپۆلەکانیان درێژترە لەو دورییەی لە نێوان دوو تەبەقەکەدا هەیە، ناکرێت بونی هەبێت چونکە تەنۆلکەی روکەشی زیاتر لە دیوەکانی دەرەوەیاندا هەیە و ئەم پارسەنگییەش ئەو کاریگەری هێزی کێشکردنە دروست دەکات لە نێوان دو تەبەقەکەدا هەیە.

نمونەیەکی سەرنجڕاکێش بریتییە لەوەی کە دوو پاپۆڕ تەریب بە یەکتر لە دەریادا دەجوڵێن و هەردوکیان عەماری سوتەمەنی و وزەیان بارکردووە، نەرمە بایەک هەیە، بەڵام کاریگەرییەکی بەرچاوی دروستکردووە. لە نێوان هەردوو پاپۆڕەکەدا تەنها ئەو شەپۆلانە بوونی هەیە کە درێژی شەپۆلەکانیان بچوکترە لە دوری نێوان دوو تەنەکە، بەڵام لە دەرەوە هەر هەموو درێژی شەپۆلەکان حزوریان هەیە. ئەم نایەکسانییە دەبێت بە هۆی سەرهەڵدانی ئەو هێزەی دوو پاپۆڕەکە لە یەکتر دوربخاتەوە، بەمجۆرە ئەمە وەها ئیجاب دەکات کە پاپۆڕەکان لە یەکترەوە دوربن.

نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی ساکارترین حلە بۆ پرسی تاودان و تەنها ژمارەیە کە بەسە بۆ تەفسیری جۆرەها تێرامان و بووە بە سیمای بنەڕەتی لە مۆدڵی ستانداردی کۆزمۆلۆژی هەنوکەییدا. مدڵەکە پێێ دەگوترێت مۆدڵی سی. دی. ئێم لامدا Lambda-CDM ( Λ-CDM)  ، هەردوو مادەی تاریکی سارد و نەگۆڕی کۆزمۆلۆژی پێکەوە بەرجەستەدەکات و دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ پێشبینیکردنی ئایندەی گەردون.

پێکهاتەی گەردون

تێڕامانەکانی جی. ئێم. بی، سۆپەرنۆڤای 1a ، نەگۆڕی هەبڵ و دابەشبونی گالاکسییەکان لە فەزادا مۆدڵێکی هاویەکمان لەمەڕ گەردون پێشکەش دەکەن. وا دەردەکەوێت کە پێکهاتەی گەردون بەمجۆرەیە: مادەی ئاسایی نزیکەی 4% ، مادەی تاریک نزیکەی %23 و ئەو %73 ی دەمێنێتەوە بریتییە لە کۆی بارستایی وزەی گەردون کە لە فۆرمی وزەی تاریکدایە. لە چەند ساڵی ئایندەدا، تێڕامانەکانی سی. بی. ئێم پوختەتر و سافتر دەکرێت و ئەنجامی وردتر و نایابتری سەدیمان دەست دەکەوێت. وێنەکە ئەوەمان پیشان دەدات کە چۆن مەدای قەوارەی گەردون لە ڕابردووەوە لەگەڵ گوزەری زەمەندا گۆڕاوە و چۆن لە ئایندەدا خێراتر دەکشێت. دوایی دەبینیت کە تەمەنی راستەقینەی گەردون وەک تەمەنی هەبڵ وایە(کە ئەویش، واتە نەگۆڕێ هەبڵ کشانی راستە هێڵییە) و بەهاکەشی لە ئێستادا 13.8 بلیۆن ساڵە.

گەردونێک ناوەندێکی شیاوە بۆ ژیانی ژیری

لە حاڵی حازردا، واتە کاتێک ئەم نوسینە دەخوێنیتەوە  شتێکی زۆر راست هەیە پێمان دەڵێت گەردونەکەی لەمەڕ خۆمان پڕاوپڕ ئەو خاسیەتانەی تێدایە کە گۆنجاون بۆ پەرەسەندنی ژیانی ژیری. بەڵام شتەکە بۆچی ئاوایە؟ لە کتێبی ” تەنها شەش ژمارە”دا، کە لە نوسینی پرۆفیسۆری گرێشام، مارتن ریزە، زۆر بە رەوانبیژی ئەمە باسکراوە. چەندین ژمارەی رادە parameter  هەن کە رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە چۆنیەتی پەرەسەندنی گەردوندا و چۆن ئەستێرەکان توخمەکان بەرهەم دەهێنن کە پێوستن بۆ هەوێنی ژیان. لێرەدا دوو لەم نەگۆڕانەمان باسکردوە، ئۆمێگا Ω ، ئەگەر لەو بڕەی هەیە بەرزتربێت، ئەوا گەردون بە خێرایی هەرەس دەهێنێت بە بێ ئەوەی هیچ زەمینەیەک خۆش بکات بۆ ئەوەی ژیان پەرەبسێنێت. خۆ ئەگەر بچکوتریش بێت، ئەوا گالاکسی و ئەستێرەکان دروست نەدەبون. سەرباری ئەمەش، لامدا Λ ، کە خۆی بەهایەکی لە ئاسابەدەر بچکۆلەیە، ئەگەر گەورەتر بێت، ئەوا دیسانەوە گالاکسی و ئەستێرەکان دروست نەدەبون.

هەروەک لەم بەشەدا ئیشارەمان پێدا کە چۆن گالاکسییەکان لە ئەنجامی هەلبەزودابەزی fluctuations  چڕی گەردونی بەرایی دروستبون – ئەوەی پێی دەگوترێت نەرمە شەپۆلەکان و لە پاشخانی مایکرۆیڤی گەردونیدا تێبینی کراوە. ئەو رادەیەی پێناسی بەرزی نەرمە شەپۆلەکان دەکات بەهاکەی بە نزیکەیی  10-5یە . ئەگەر ئەم رادەیە بچوکتربێت، ئەوا چڕبونەوەی مادەی تاریک کە دوای بیگ-بانگ رویدا(کە پێویستیشە بۆ پێکهاتنی گالاکسییەکان) هەم بچوکتر و هەم دابەشبونی زیاتری دەبوو، وەک دەرەنجامێکیش دەبوو بە هۆی ناتەواوی لە بونیاتی گالاکسییەکان و ئنجا دروستبونی ئەستیرەکانیش ناتەواودەبون و بەمەش سیستەمی هەسارەیی دروست نەدەبوو. خۆ ئەگەر رادەکە لە 10-6 کەمتر بوایە، ئەوا گالاکسییەکان بونیان نەدەبو، بەڵام ئەگەر ئەم رادەیە لە 10-5 گەورەتر بوایە ئەوا هەرگیز گالاکسییەکان دروست نەدەبوون. ئنجا شەپۆلەکان، کە دروست دەبون گەورەتر و بونیاتێکی مەزنتریان دەبو، لە باری رەهەندی دورییەوە زۆر لە گالاکسییەکان گەورەتردەبون، پاشان دەبون بە سوپەر-بارستایی چاڵە رەشەکان- ئەمەش کە گەردونێکی پڕ ئاشوب کە هیچ جۆرە ناوەندێک بۆ ژیان نەدەخوڵقاند.

یەکێک لە رادەکانی گەردونەکەی لەمەڕ ئێمە وەها ناسراوە- ژمارەکە بریتییە لە رەهەندی فەزایی، کە 3 یە. بەڵام ئەگەر 2 (بونیاتی ئاڵۆزبونی نەدەبو) یان 4 (کە ئەمیش هێزەکەی چیتر لەگەڵ سێجای پێچەوانەی ئەتۆمەکاندا نەدەگونجا و ئەتۆمەکانیش دروست نەدەبون.٠) ئەوا ژیان بونی نەدەبو.

هاوکێشە بەناوبانگەکەی ئاینشتاین، (وزە = بارستایی کەڕەت دوجای خێرایی روناکی)، بڕی وزە و ئەو بارستاییەی بڕە وزەکە دروست دەکات، بە خێرایی روناکی پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەمیش وەک ئاشکرایە گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە. لە پراکتیکدا، تەنها بڕیکی بچکۆلەی وزەکە لە مادەکەوە دەردەچێت، هەروەک بۆ نمونە کاتێک هایدرۆجین دەگۆڕێت بۆ هیلیۆم. پرۆسەکە لە 0.7% بارستایی چوار پرۆتۆنەکە دەردەکات و هیلیۆمی لێ دروستدەکات – ئەمەش بڕێکی سەدییە و زۆر نزیکە لە قودرەتی هێزی بەهێزی ناوکییەوە. ئەم رادەیە، واتە 0.07 ، بە کەفائەی ناوکی ناودەبرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر بەهاکە زۆر بچکۆلەبو، با بڵێین 0.06 بو، ئەوا زنجیرەی کارلێکەکان کە هیلیۆم پێکەوە دەنێت ناکرێت ڕوبدات. لە یەکەم پرۆسەی ئەم کارلێکانەدا، دوو پرۆتۆن ناوکی دیۆتیریۆم پێکدەهێنێت، بەڵام ئەگەر بەهای 0.06 کەفائەی efficiency ناوکی بخەینە پێش چاوی خۆمان، ئەوا دیۆتیریەم ناجێگیردەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت رێگری بکات لەوەی کارلێکی تر رونەدەات کە ببێتە بە هۆی دروستبونی هیلیۆم. لە لایەکی تریشەوە، خۆ ئەگەر ئەم بڕە 0.08  ، واتە هێزی ناوکی بە نیسبەت هێزی ئەلکترۆستاتیکەوە بەهێزتربوو  – هێزی لێک دورکەوتنەوەی دو پرۆتۆن قودرەتی نامێنێت و بە جۆرێک پێکەوە دەنوسێن کە هیچ هایدرۆجین لە ئارادا نامێنێت بۆ ئەوەی وزە بۆ ئەستێرەکان مسۆگەربکات. یەکێک لە کاردانەوە شڵۆقەکانی پەرەسەندنی ئەستێرەکان بریتییە لە دروستبونی کاربۆن لە پرۆسەی سیانی ئەلفادا. هەروەک لەوەبەر ئیشارەمان پێدا، فرێد هۆیڵ رۆڵی سەرەکی بینی لە تێگەیشتنی ئەم کاردانەوەیەدا و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تەنانەت گۆڕانی چەند بڕێکی سەدی لەو داتایەی (کە دەکاتە 0.007 ) بەرهەمی تێرامانە، ئاکامی زۆر خراپی دەبێت لەسەر بڕی ئەو کاربۆنەی لە ئەستێرەکاندا دەخوڵقێت – بێگومان ئاکامی ئاشكرا و شەفافی بۆ تێگەیشتنی ئێمەی مرۆ لەسەر ژیان خۆشی دەبێت.

فرە-گەردونی

با لێرەدا، وەک پێویست، ئەم پرسیارە بکەین، باشە چۆن دەکرێت ئەو هەمو رادانەی Parameters  لەسەرەوە باسمان کردن و ئیشارەمان پێدان ئاوا بەو نایابییە تەنزیم و سافکراون tuned لە گەردون و سروشتدا، بە جۆرێک بون بە هۆیەک کە ئێمەی ئنسان بونمان هەبێت؟ یەکەم وەڵامی سادە بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە گەردون بە تایبەتی لە لایەن خالقەوە بنیات نراوە بۆ ئەوەی مەخلوقاتی ژیر لەخۆبگرێت، ئەم تێڕوانینە لە لایەن هەندێک زانای تیۆلۆژییەوە، یاخود ئیماندارەوە، تەبەننا کراوە. دوەم تێڕوانین، ئەوەیە گەلێک گەردون هەن، هەر یەکەشیان خاسیەتی جیاوازی خۆی هەیە، زاراوەی فرە-گەردونی بەسەر ئەم تێڕوانینەدا واری دەبێت. ئێمە لەم گەردونەدا نازانین و هیچ زانیاریمان لەمەڕ ئەودیو ئاسۆی بەرچاوەوە نییە. دەڤەری جیا لەوانەیە خاسیەتی جودای هەبێت، مومکینە ئەم دەڤەرانە لە سەرتاپای گەردوندا بە گەردونی جیاواز هەژمارد بکرێن. ئەو بەشەی گەردون، کە ئێمە تێێدا دەژین، پڕاوپڕ، وەک چۆن دەڵێن کاڵا بە قەد باڵا، ئاوا گونجاوە بۆ ژیان.

تیوری ژێ: دیدێکی تر لە هەمبەر گەردون

فیزیکناسانی تیوریستی کێشەیەکی بنەڕەتییان هەیە. تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتاین، ئەوەی پەیوەستە بە کێشکردنەوە تیورییەکی کلاسیکییە، ئەمە لە کاتێکدا کە میکانیکی کوانتەمی وەسفی هێزەکانی تر دەکات. تیوری هەموو شت دەیەوێت هەمو هێزە بنەڕەتییەکان لە بۆتەیەکدا کۆبکاتەوە. یەکێک لەو رەوتانەی چالاکانە سەرقاڵی ئەم پرسەیە تیوری ژێیە. تیورییە بەراییەکانی ژێ وێنەی گەردونێکیان وەها دەکێشا کە دە رەهەند، نەک چوار، لەخۆدەگرێت، واتە فەزا-زەمەنی دە رەهەندی لەخۆدەگرێت. شەش رەهەندەکەی تر لەودیو سێ رەهەندە فەزایی و یەک رەهەندە زەمەنییەکەی خۆمانە و کورت کراونەتەوە بۆ دەڤەری فەزایی ریزکراوی 10-35 م لە قەبارەدا و پێیان دەگوترێت ژێکان. ئەمانە یەکەی بنەڕەتی بونیاتی مادە پێکدەهێنن. تەنۆلکە جیاوازەکان و خاسیەتەکانیان بەندن لەسەر ئەوەی چۆن ئەم ژێیانە دەلەرنەوە – ئەمەش زیاتر وەکو ژێکانی کەمانچەیەک کە چەشنەها مۆدی لەرینەوە پەخش دەکەن بۆ ئەوەی سەدایەکی هارمۆنی بدەن بە گوێ و هەستماندا. کاتێک ئەم ژێیانە دەجوڵێن، فەزا-زەمەن بە وردی، هەر بەوجۆرەی تیوری گشتی نسبییەت پێشبینی دەکات، بە دەوری خۆیاندا لول دەدەن. بەمجۆرە تیوری ژێ تیوری کوانتەمی تەنۆلکەکان و تیوری گشتی نسبییەت یەکدەخەن.

لەم ساڵانەی دواییدا پێنچ تیوری ژێ پەرەیان سەندوە، هەر یەکەیان خاسیەتی تایبەتی خۆی هەیە. لە یەکێکیاندا ژێکان کراوەن واتە (دو سەرە) و هەندێکی تر ژێی داخراویان هەیە کە سەرەکانیان یەکدەگرن بۆ ئەوەی ئەڵقەیەک دروست بکەن. چوارەکەی تریش ئەڵقەی داخراویان هەیە. لەم دواییانەدا، هەر یەک لە ئیدنتن و پۆڵ تاونسئێند تیوری –ئێم ی یازدە-رەهەندییان پێشکەشکرد کە ئەمیش هەر پێنچ تیورییەکەی ژێ لە قەوارەیەکی شمولی یەکگرتودا پێکەوە کۆدەکاتەوە. ئەم یازدە-رەهەندە (مەحاڵ نییە کە ژمارەیەکی زیاتریش هەبێت) بوارێکی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ بیرکردنەوە لە چەمکی فرە-گەردونی.

دەتوانین بیر لە نمونەیەکی هاوشێوەی بچکۆلە بکەینەوە: ئەگەر رێزێک نانی چوارگۆشەییمان هەبێت و لە نێوان هەر یەکەیاندا بۆشاییەکی یەک سەنتیمەتری هەبێت. ئنجا مێرولە بخەینە سەر هەر پارچە نانێکیان. مێرولەکان بە لایەنی کەمەوە بۆ فەترەیەک بەرگەدەگرن و  ئەو نانە دەخۆن کە گەردونێکی دو رەهەندییە. لای ئەوان هەبونی مۆڵگەی تری مێروڵەیی لەسەر هەر پارچە نانێکی تر شتێک نیە شایانی تێڕامان و سەرنجدان بێت. بەڵام هەمو ئەمانە لە گەردونێکدا دەبینین و بونیان هەیە کە هەر بە هەقەت سێ رەهەندییە.

هەر بە هەمان رێگە، زیاتریش بڵێین فرە دەڤەری تاک تاکن و هەمو لە یەک پێگەی گەورەی گەردونی پێکەوە گرێدراودان، پێدەچێت هەمو گەردونەکانی تریش لە فەزا-زەمەنی خۆیاندا بونیان هەبێت – بە هۆی رەهەندی زیاترەوە لەوەی ئێمە شاردراونەتەوە.

لەودیو خەیاڵاتی ئنسانەوە

 ئەم موحازەیە (لە ئاداری  2010پێشکەشکرا) بەوە کۆتاییم هێنا کە گوتم،” ……..تەنانەت گەردونەکەی ئێمە لەوانەیە بەشێک بێت لە فرە-گەردونێک کە سنوری ئەودیو خەیاڵاتی ئێمەی بڕێوە.!” مەبەستم ئەوەبو کە سەرتاپای هەموو گەردون و ئەو یاسایانەی حوکمی هەبونی دەکەن مومکینە لە سەرو توانستی ئەقڵی ئێـمەوە بێت کە بتوانین ئەزمی بکەین.”

زۆر حەزمکرد ئەو تانانە بخوێنمەوە کە هاوینی رابڕدوو لۆرد مارتن رییز[xi] ئیشارەی پێدابون:

  • لای لۆرد مارتن رییز، سەرۆکی کۆمەڵەی شاهانە و فەلەکناسی شاهانە، لەوانەیە هەرگیز توانستی حلکردنی هەندێک لە پەنهانییە گەورەکانی گەردونمان نەبێت، ئەوانەی لە سەروو تێگەیشتنی ئنسانەوەن،
  • رییز پێشنیازی ئەوە دەکات کە بە هۆی سنورداری رۆشنفکری خۆڕسکی ئەسڵی مرۆڤایەتییەوە، لەوانەیە هەرگیز نەتوانین پرس-گەلێک بسلەمێنین، وەکو مەسەلەی هەبونی گەردونە تەریبەکان، هۆکانی بیگ-بانگ، یاخود سروشتی هۆش یەکلایی بکەینەوە.
  • تەنانەت ئنسان دەشوبهێنێت بە ماسی، هەروەک چۆن بە ئۆقیانوسکاندا مەلە دەکات بێ ئەوەی خاسیەتکانی ئاویش بزانێت چییە، بە جۆرێک سەرتاپای ژیانی خۆیانی تێدا بەسەردەبەن.
  • لەوانەیە تیورییەکی ”راستەقینە”ی بنەڕەتییانە لەمەڕ گەردون بونی هەبێت بەڵام مومکینە ئەوەندە سەخت و زەحمەت بێت کە مێشکی ئنسان توانستی ئەزمکردنی نەبێت، یان بۆ قبوڵ نەکرێت.

لەوانەیە لەم پرسەدا من تەنها نەبم.

ئایندەی گەردون

ئێستا فەلەکناسان کۆکن لەسەر ئەوەی کشانی گەردون لە تاوداندایە، واتە لە خێرابوندایە، ئەمەش دەرەنجامێکی زۆر سەرنجڕاکێشە. لەوەبەر خەڵک باوەڕی وابو کە رێژەی کشان یان گەورەبونی گەردن بە خاوی دەگوزەرێت، چونکە گەردون دەچێتە تەمەنەوە و ئێمەش ژمارەیەکی زیاتر لە گالاکسییەکان دەبینین( هەروەک چۆن ئەو دورییەیەی دەمان بینی گەورەتر دەبێت.). بەڵام ئێستا لە گەردوندا، کە لە پرۆسەی کشانی خێرادایە، تەواو پێچەوانەکەی راستە – بەڵێ توانای بینینی مەودایەکی دورترمان لە فەزادا هەیە، بەڵام بە هۆی کشانی گەردونەوە، دیسانەوە کەمتر و کەمتر دەبینین چونکە ئەم پرۆسەی کشانی گەردونە گالاکسییەکان دەبات بۆ ئەودیو سنورەکانی ئاسۆی بەرچاوی ئێمە.

لە مەدایەکی گەورەدا، فەزای نێوان چەپکە گالاکسییەکان دەکشێت – بە خێراییەکی زیاتر لە یەکتریان دوردەخەنەوە – بەڵام فەلەکناسان باوەڕیان وایە کە گروپەکەی لەمەڕ خۆمان لە باری کێشکردنەوە پێکەوە دەمێننەوە و لە هەقیقەتدا، هەمو یەکەکان لە یەکتر نزیک دەبنەوە سەرەنجام دەبن بە یەک گالاکسی گەورە، کە لە رێچکە شیرییەکەی خۆمان و ئەندرۆمێدا پێکدێت. خۆ ئەگەر یەکێک لە دور بڕوانێت و سەیری سەد بلیۆن ساڵی ئایندە بکات، ئەوا هەر سەرنجدەرێک لەم سنورەدا بێت ئەوا گەردونێکی بەتاڵ دەبینێت. کشانی گەردون هەمو گالاکسییەکانی تری لە ئاسۆی ئێمە – واتە کەناری گەردونی بەرچاوی ئێمە – دور خستوەتەوە.

مەحاڵە ئەم سەرنجدەرانە ئاگاداری پەرەسەندنی گەردون ببن لەبەر چەند هۆیەک، لە نێویاندا ئەو راستییەی کە لادانی-سوری لوتکەی شەبەنگی وزەی پاشخانی مایکرۆیڤی گەردون (CMB ) بۆ یەک مەتر دادەبەزێت، نەمجۆرە مەحاڵە کەشف بکرێت.

لەو توێژینەوە تیورییانەوە کە سەبارەت بە ئەستێرەکان و چۆنیەتی ئەو بڕە زۆرەی گۆڕانی توخمەکان لەگەڵ گوزەری زەمەندا ئەنجامدراون، ( بۆ نمونە بڕی ئەو هایدرۆجینەی کەمی کردوە و بڕی ئەو هیلۆمەی زیادیکردوە لە ئەنجامی کارلێکی ناوکی ئەستێرەکاندا) تەواو مومکینە تەخمینی تەمەنی گالاکسییەکە بکرێت، بەڵام مومکین نییە و ناکرێت ئیشارە بەوە بدەین کە لە ئەسڵدا بیگ–بانگی لەخۆگرتوە. بۆیە زەحمەتە و کارێکی قورسە ئنسان فەلەکناس بێت.

ئێمەی مرۆڤ لە چەرخێک و زەمەنێکی مێژوی گەردوندا دەژین کە بڕی هەر یەک لە وزەی تاریک و مادەی تاریک شایانی بەراوردکردنن و جگە لەوەی کە پاشخانی کۆزمۆیی گەردون  (CMB) بە ئاسانی تێبینی دەکرێت، بە مجۆرە دەرفەتمان دەداتێ ئیشارە بە بونی وزەی تاریک بدەین و ئەو رێچکەیەش دیاری بکەین کە گەردون لەو کاتەوە لە بیگ-بانگەوە پەرەی سەندوە، هەر بەم هۆیەشەوە دەتوانین چارەنوسی کشانی گەردون خۆی لە چوارچیوەی فەرزیەدا بەرجەستەبکەین.

هەر سەرنجدەرێک لە لاوێتی گەردوندا حزوری هەبوە توانستی نەبوە ئیشارە بە هەبونی وزەی تاریک بدات، چونکە تا رادەیەکی زۆر هیچ کاریگەری لەسەر رێژەی کشانی گەردون نەبووە. ئەوانەی لە ئایندەیەکی دوردا دەژین ناتوانن بڵێن لە گەردونێکدا دەژین لە پرۆسەی کشاندایە، ئنجا ناشتوانن ئیشارەت بە هەبونی وزەی تاریک بدەن. بەمجۆرە ئەستێرە هەرە بە تەمەنەکان دەگەنە کۆتایی ژیان، ئەو بەڵگانەی لە ناو جەرگەی دید و تێگەیشتنی هەنوکەیی ئێمە سەبارەت بە بناوان و پەرەسەندنی گەردون هەیە ئاوادەبێت.

ئێستا باشترین کاتی ژیانی گەردون لە ئارادایە بۆ ئەوەی پەنهانییەکانی خۆیمان بۆ واڵابکات.

ئیان مۆریسۆن .2011

شێرکۆ رەشید قادر بە دەستکارییەوە کردوویە بە کوردی.


[i]  ئەی ئەی فرەیدمان (1925-1888) لە وڵاتی روسیا لەدایکبوە.  یەکێک بوو لە رابەرە هەرە گەورەکانی کۆزمۆلۆژیای هاوچەرخ، هەر زوو کەوتە تاووتوێی هاوکێشەکانی ئاینشتاین لەمەڕ تیوری گشتی نسبییەت. لە ساڵی 1922 سێ مۆدڵی سەبارەت بە پەرەسەندنی گەردون، بە فۆرمێکی ماتماتیکییانە پێشکەشکرد، چەمانەوەی فەزا-زەمەنی بۆ هەر یەک لەمۆدڵەکانی سفر، پۆزەتیڤ و نیگەتیڤ شیکارکرد. سەرەتا ئاینشتاین هیچ باوەڕی پێ نەبوو، گوتی هەڵەی ماتماتیکی تێدایە. یەکەم کەس بوو کە مۆدڵی کشانی گەردونی بە تەرزێکی ماتماتیکی جوان و نایاب خستەڕوو، دوایی (ساڵی1929 ) هەبڵ بە مەیدانی، بێ ئەوەی ئاگاداری لایەنی ماتماتیکییانەی فرەیدمان بێت، بە هۆی تەلەسکۆپە دوو مەتر و نیوەکەیەوە کشان و گەورەبونی گەردونی سەلماند، دوای ئەمە ئاینشتاین بە تەواوی لە سەرەتای سییەکاندا دەستبەرداری سیمای ستاتیکی گەردون بوو، گوتیشی نەگۆڕی کۆزمۆلۆژییەکەی گەورەترین هەڵەی ژیانی بوو. بەداخەوە، فرەیدمان راستی هەقیقەتە ماتماتیکیەکانی خۆی بە چاوانی نەبینی، هەر زوو لە تەمەنی 37 دا بە نەخۆشی پیسبونی خوێن مەرگ ئێخەی گرت.

[ii]  تیوری حاڵەتی رێک یان نەگۆڕ: لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەمدا، خاوبونەوەیەک باڵی کێشابوو بەسەر تیوری بیگ-بانگدا، لە هەمبەردا تیورییەک لەسەر دەستی سێ فەلەکناسی بەریتانی فرێد هۆیڵ، هێرمان بۆندی و تۆماس گۆڵد لەدایکبوو. لە مێژوودا هیچ کەس هیندەی هۆیڵ دژی بیگ-بانگ نەبوو. لە تیوری حاڵەتی نەگۆڕ یان رێکدا، راستە گەردون لە کشاندایە، بەڵام هەرگیز سەرەتا و بیگ-بانگ  بونی نەبووە. مادە و وزە بە بەردەوامی لەدایکبوندان و ئەمەش دەبێت بە هۆی دروستبونی ئەستیرە و گالاکسی نوێ، بۆیە گەردون هەرگیز چۆڵ نابێت و پرۆسەکەش هەرگیز ناوەستێت. تیوری حاڵەتی نەگۆڕ لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا بە تەواوی شکستی هێنا، بە تایبەت دوای دۆزینەوەی پاشخانی کۆزمۆیی لە ساڵی 1965 دا.

 [iii]لادانی-سور و لادانی-شین وەسفی چۆنیەتی لادانی روناکیمان بۆ دەکەن بەرەو درێژی یان کورتی درێژی-شەپۆلەکان، ئەویش کاتێک تەنێک لە گەردوندا (وەکو ئەستێرەکان و گالاکسییەکان) لێمان نزیک دەبنەوە یان دوردەکەونەوە. ئەم چەمکە دەروازەی سەرەکی تێگەیشتنی ئنسانە لەمەڕ دیاردەی کشانی گەردون. کاتێک روناکی دەبینین، ئەوا پێکهاتووە لە شەبەنگی رەنگەکان، دیارترین نمونە بریتییە لە پەلکەزێڕینە. کاتێک تەنێک لێمان دوردەکەوێتەوە، روناکییەکە بەرەو لای رەنگی سوری شەبەنگەکە دەجوڵێت، چونکە درێژی-شەپۆلەکەی درێژتر دەبێت. خۆ ئەگەر تەنێک لێمان نزیک بێتەوە، روناکییەکەی بە ئاراستەی شینی شەبەنگەکە دەجوڵێت، چونکە درێژی-شەپۆلەکەی کورت دەبێتەوە. بناوانی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ فیزیکناسی نەمساوی، کریستیان دۆپڵەر (1853 – 1803) ، لە سەدەی نۆزدەدا.

[iv] ڤێستۆ سلایفەر (1969-1875): مەسلەی تێبینیکردن و پشکینینی روناکی لە ڤێستۆ سلایفەرەوە دەستی پێکرد. سەرەتا لە بنکەی فەزایی لۆوێل لە ئەریزۆنا کاری دەستپێکرد، ئنجا دوایی بەرزبوەوە بۆ یاریدەدەری بەڕیوەبەر و ئنجا دوای دە ساڵ بوو بە بەڕیوەبەری سەرەکی. یەکەمجار تەلەسکۆپێکی 24 ئنجی بەکارهێنا. ئەوەی ئەم کابرایە ئەنجامیدا سەرەتایەکی کارا و چالاکانە بوو لە مێژوی نوێی تەکنەلۆژی ئەسترۆنۆمیدا، لای وی گازییەکان nebulae لە ئەستێرەی زۆری تاک تاک پێکهاتوون. لە ساڵی 1925 دا، سلایفەر نزیکەی 39 گازی پۆلێنکرد وەک ئەوەی ئەمانە لە ئێمە دور دەکەونەوە، واتە لادانی سوریان هەبوو، دوانی تریش لێمان نزیک دەبنەوە، واتە لادنی شینیان هەبوو.

ڤێستۆ سلایفەر لە خێزانێکی جوتیار لە ئندیانا لەدایکبووە. هەرچەندە کاتێک باس لە تیوری کشانی گەردون دەکرێت یەکسەر ناوی هەبڵ دێتە ئاراوە، بەڵام لە راستیدا یەکەم فەلەکناس سلایفەر بوو دەرکی بەم راستییە فەلەکی و گەردونییە کرد.

[v]  دوای بەکارهێنانی تەلەسکۆپە 100 ئنجییەکەی، هەبڵ لە چیای ویڵسن کەوتە خوێندنی ئەندرۆمێدا، M31 . لە 1923 دا لە نێو ئەندرۆمێدادا، هەندێک ئەستێرەی گۆڕاوەکانی سفێیدی دەستنیشانکرد. ئەم ئەستێرانە خاسیەتێکیان هەیە، ئەویش ئەوەیە درەوشانەوەکەیان بە شێوەیەکی رێکوپێک دەگۆڕێت، واتە خولی گۆڕانی لە درەوشانەوەدا هەیە. لە ساڵی 1908 دا، ژنە فەلەکناسی بلیمەت، هێنریتا سوان لیەڤیت (1921-1868)، کاتێک لە بنکەی فەزایی کۆلێژی هارڤارد کاری دەکرد، سەلماندی ئەم ئەستێرانە ملکەچی پەیوەندییەکی سوڕی درەوشانەوەیین، هەتا سوڕە ئەستێرە سفێیدەکە درێژتربێت، ئەوا بە تەبیعەت گەشترە. هەر ئەمەش یارمەتی هەبڵیدا کە لە سوڕی زەمەنیدا سەرنج لە سفێیدەکان بدات و پێوانەی گۆڕان لە درەوشانەوەیاندا بکات بۆ ئەو مەبەستەی سوڕەکەیان دیاری بکات. دواییش، هەر ئەم پەیوەندی سوڕی درەوشانەوەیە بخاتەگەڕ بۆ حسابکردنی دوری ئەستێرەکان پاشانیش دوری ئەندرۆمێدا بدۆزێتەوە. لە ساڵی 1924 دوری ئەندرۆمێدای دۆزییەوە و بڕەکەی 900 000 ساڵی روناکی بو.

[vi]  مێگاپارسێک Megaparsec یەکەیەکی گەورەی دورییە و دەکاتە 3.26  ملیۆن ساڵی روناکی. فەلەکناسان زۆربەی جار ئەم یەکەیە لە بری ساڵی روناکی بەکاردەهێنن بۆ پێوانی دوری.

[vii]  کاریگەری دۆپلەر: ئەم ناوە لە بناواندا دەگەڕێتەوە بۆ کریستیان دۆپلەر، لە ساڵی 1803 دا لە ڤییەننا لەدایکبووە. لە زانکۆی ڤییەننا ماتماتیک، میکانیک و فەلەکی خوێندووە. لە ساڵی 1843 دا، ئەو ئایدیایە دادەهێنێت کە بە کاریگەری دۆپللەر ناسراوە، کە دوایی دەبێت بە هۆی ناوبانگ و شۆرەتی بەرچاو و گەورە بۆ خۆی، بێگومان بە تایبەت لە ناوەندە زانستەکاندا. دۆپلەر پێشبینی شتێکی سەیری کرد، ئەویش ئەوەبوو کە شەپۆلی روناکی ئەستێرەکان – بە هەمان شێوەش رەنگیشیان- بەندە لەسەر جوڵەی ئەستێرەکە بە نیسبەت چاودیرێکەوە. لەسەر روی زەوی. با بڵێین کاتێک ئەستێرەکە بە ئاراستەی عەرد دەجوڵێت، شەپۆلە یەک لە دوی یەکەکانی روناکی کە لە ئەستێرەکەوە پەخش دەبێت، ئەوا زەمەنێکی کورتی دەداتێ. سەرەنجام شەپۆلەکان پێکەوە وەک چەپک خۆ نمایش دەکەن و شەپۆلەکەیان زیاددەکات.بە پێچەوانەشەوە کاتیک دوردەکەوێتەوە ئەو شەپۆلە روناکییانەی لە دورەوە پەخش دەبن و شەپۆلەکان دەکشێن، درێژی شەپۆلەکان دێتەخوارەوە.

بەمجۆرەکاتێک بە خێراییەکی بەرز لە زەوی نزدیک دەبێتەوە، رەنگە سەوزەکان زیاتر شین دەنوێنن، کاتێکیش بە پێچەوانەی ئاراستەی عەردەوە دەجوڵێن، ئەوا رەنگەکە زیاتر سور دەنوێنێت.لە رۆژگاری خۆیدا، دۆپلەر هیچ ئامرازێک یان ناوەندێک نەبو بتوانێت ئەم چەمکە قوڵ و نایابە تاقی بکاتەوە، بەڵام دڵنیابو، هەر هەمان شت بە نیسبەت دەنگیشەوە راستە، چونکە دەنگیش هەر شەپۆلە. کاتێک سەرچاوەیەکی دەنگی بە ئاراستەی چاودێرێک دێت ئەوا شەپۆلەکانی بەرز دەبنەوە، هەر هەمان دەنگ کاتێک دوردەکەوێتەوە، ئەوا شەپۆلەکان نزم دەبنەوە( باشترین نمونە بۆ ئەمە شوتی ئەسعافە کاتیک لێمان نزیک دەبێتەوە، واتە شەپۆلەکانی بەرز دەبێتەوە، کاتیکیش دوردەکەوێتەوە، شەپۆلەکانی نزم دەبێتەوە.) لە ئەسترۆنۆمیدا، هەر هەمان پرینسپ کاریگەری خۆی هەیە، کاتێک ئەستێرەکان دوردەکەونەوە، شەبەنگی روناکییەکەیان بەرەو لای سور دەچێت، کاتێکیش نزیک دەبێتەوە، بەرەو لای شین دەچێت..

[viii]  فرێد هۆیڵ: فەلەکناس و کۆزمۆلۆژیستی بەناوبانگی ئنگلستان. لە دەورانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا لە ئنگلستان لەدایکبووە. رابەری هەرە دیاری مۆدڵی حاڵەتی نەگۆڕە، لەدایکبوە. سەرەتا بەوە بەناوبانگ بوو کە رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە پێشخستنی تیوری پرۆسەی دروستبون و کارلێکی ناوکی کیمییایی ئەستێرەکان. هیچ ئیمانی بە پەروەردە و خوێندنی تەقلیدی نەبووە و هەمیشە لەگەڵ مامۆستاکاندا کردویە بە هەرا و خۆی لە مەکتەب دزیوەتەوە. بەڵام لە دەرەوەی قوتابخانە خولیای خۆ رۆشنبیرکردنی هەبووە، بە بەردەوامی دەگەڕا لە دوی سەرچاوەی خوێندنی ئەسترۆنۆمی و کیمیا. دوای ئەوەی چەندین چار چووە تاقیکردنەوەوە بۆ ئەوەی مەنحە دەستەبەربکات، هەموو جارێک فەشەلی هێناوە. بەڵام دواجار بەخت یاری بوو، لە ساڵی 1933 دا چوە زانکۆی کامبریچ بۆ خوێندنی زانست. هەمیشە لە ماتماتیکدا لاواز بوو، بەڵام چونکە سوربوو لەسەر فێربونی و گرنگی ماتماتیکی زانیوە، توانیویەتی خەلاتی باشترین دە قوتابی لە ماتماتیکی تەتبیقیدا بەدەست بهێنێت. لە جەنگی جیهانی دووەمدا چووە بواری رادارەوە. لێرە بووە هاوڕیی هێرمان بۆندی و تۆماس گۆڵد. ئەم سێ زانا گەورەیە پێکەوە تیورییەکی یان بڵێین مۆدڵێکی نوێیان لە دژی تیوری تازە لەدایکبوی کشانی گەردون گەڵاڵە کرد. رابەری یەکەمی ئەم مۆدڵە هۆیڵ خۆی بوو، هۆیڵ بە جۆرێک دژایەتی مۆدڵی کشانی گەردونی کرد کە لە گفتوگۆیەکی رادیۆیی لەگەڵ بی.بی.سی دا، بە تەزێکی ساتیر و گاڵتەجاڕییەکەوە گوتی،” ئەم  ئایدیای بیگ-بانگە لای من شتێکی قایلکەر نییە، تەنانەت توێژینەوەی فراوانیش ئەوە دەردەخات کە ئەمە گرفتی جدی هەیە.” ئیتر وشەی بیگ بانگ بووە ناوێکی ستانداردی جیهانی بۆ وشەی تەقینەوە مەزنەکە یان تیوری بیگ-بانگ.

[ix]  پرینسیپی کۆزمۆلۆژی: یەکێک لە پرینسیپەکانی تیوری گشتی ئاینشتاینە و دەڵێت ئەگەر لە هەر گۆشەیەکەوە سەیری گەردون بکەین ئەوا لە باری فەزا و زەمەنەوە وەک یەکە و لە خاسیەتدا چون یەکە.

[x]  مۆدڵی ستاندارد: بریتییە لە وەسفکردنی دونیا بە زمانی تەنۆڵکە بنەڕەتیەکان و کالێکردنیان. بە گوێرەی مۆدڵی ستاندارد، هەموو دونیای مادی پێکهاتوە لە لێپتۆن و کوارک، کە هەر بە راستی تەنۆڵکەی بنەڕەتین و هەموو ئاوێتەیەکی تر لەم تەنٶلکە بنەڕەتییانە دروستبووە. چوار هێز هەن لە نێوانی ئەم تەنۆڵکانەدا کاردەکەن، هێزی ناوکی بەهێز، هێزی ناوکی لاواز، ئەلکترۆماگنێتیک و هێزی کێشكردن.

[xi]  مارتن رییز، یەکێک لە رابەرە ناودار و گەورەکانی بەیتانیایە لەم سەردەمەدا.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *