چاڵە رەشەکان: تارماییە ترسناکەکانی فەزا

چاڵە رەشەکان: تارماییە ترسناکەکانی فەزا

چاڵە رەشەکان یەکێکە لە دیاردە هەرە سەیر و سەمەرەکان کە لە گەردوندا هەن. ئەمانە کاتێک دروست دەبن کە ئەستێرەیەکی زەبەلاح لە روداوی سوپەرنۆڤادا بەرەو کرۆکی خۆیان و لە سایەی هێزی کێشكکردنی خۆیاندا هەرەس دەهێنن.

چەمکی چاڵە رەشەکان، لە باری تیورییەوە لە تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتاینەوە لەدایکبوو، بەڵام تەنها لە پەنجا ساڵی رابردودا بووە بە پرسێکی سەرنجڕاکێش و هەتا بڵێی مشتومڕێکی گەرمی لە نێو زانایانی فەلەک و ماتماتیکناسان و فیزیکناساندا وروژاندووە. زیاتر لە سی ساڵە بەڵگەی تەلسکۆپی ئەوە دەخەنەڕوو کە ئەم تەنە زەبەلاحە ترسناکانە وەک تارمایی لە گەردوندا بونیان هەیە، بەڵام ئنسان بە تەواوی نەیتوانیوە لێیان حاڵی بێت.

بارستایی چاڵە رەشەکان چەندین ئەوەندەی بارستایی خۆرە، خۆ ئەگەر بارستایی چاڵە رەشێک پێنچ ئەوەندەی بارستایی خۆر بێت ئەوە قەبارەیەکی گۆیی زۆر بچکۆلە داگیردەکات و تیرەکەی تەنها چەند کیلۆمەترێک دەبێت. یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی بریتییە لە چەمانەوەی فەزای دەوروبەری خۆی، ئەمە جگە لەوەی هێزی کێشکردنی ئەوەندە گەورە و بە قودرەتە کە نەک هەمو شتێک بۆ ناوەوەی خۆی راپێچ دەکات، بەڵکو روناکیش توانستی هەڵاتن و قوتاربونی نییە لە کایەکەی.

ئەستێرە تاریکەکان

لە سەدەی هەژدەدا، بۆ یەکەمجار، جیۆلۆژیست و فەلەکناسی ئنگلیزی، جۆن میچڵ (1793 – 1724) باسی هەبونی ئەم دیاردە غەریبەی لە گەردوندا کردووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک باسی لە ناوەکەی نەکردوە. لە نامەیەکدا جۆن میچڵ بۆ کۆمەڵەی شاهانە لە لەندەن پێشنیازی ئەوەی کردووە ئەگەر ئەستێرەیەک هەبێت و بازستاییەکەی پێنچ سەد جار لە بارستایی خۆر گەورەتربێت ئەوا هێزێکی کێشکردن پەخش دەکات کە روناکیش ناتوانێت لێی قوتار بێت. لەو رۆژگارەدا میچڵ کەوتبووە ژێر کاریگەری فەیلەسوفانی سروشتەوە، بە تایبەت کاتێک سەرکەوتوانە توانیان خێرایی روناکی وەک نەگۆڕێک بدۆزنەوە و پێوانەبکەن.

جەیمس برادلی (1693 – 1762 )، ئەویش فەلەکناسێکی تری ئنگلیزی بو، لە ساڵی 1728 جوڵەیەکی سەیری لە مەوقیعی ئەستێرەکاندا بەدیکرد، ئەم جوڵەیە 1/200  پلە بوو. سەرەتا وایزانی دیاردەی پارالاکسی کەشفکردووە، بەڵام، دوای پێوانەکردنی هەموو ئەستێرەکان، هەر زوو بۆی دەرکەوت هەموو ئەستێرەکان هەمان لادانی گۆشەیی راڤە دەکەن، بە واتایەکی تر ئەمە هیچ پەیوەندی بە دیاردەی پارالاکسەوە نییە، چونکە ئەگەر هۆکارەکەی پارالاکس بوایە ئەوا دەبوو دورییان لە زەوییەوە بگۆڕێت. بەمجۆرە برادلی هات و پێشنیازی ئەوەی کرد هۆکاری ئەم جوڵەیە دەگەڕێتەوە بۆ خێرایی دیاریکراوی روناکی. برادلی توانی خێرایی روناکی بە نیسبەت زەوییەوە بدۆزێتەوە و ئەو بڕە ژمارەیەی دەستی کەوت بریتی بوو لە 300000 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا.

میچڵ ژمارەکەی برادلی زۆر بە جدی سەیرکرد و یاسای کێشکردنی نیوتنی بەکارهێنا بۆ دۆزینەوە و تەخمینکردنی قەبارەی ئەو تەنەی ”خێرایی هەڵاتنە”کەی یەکسانە بە خێرایی روناکی، میچڵ بۆی دەرکەوت ئەو تەنە پێویستە بارستاییەکەی 500 ئەوەندی بارستایی خۆر بێت. ئەم هزر و ئایدیایانە بوون بە هۆی وروژاندنی مشتومڕ و گفتوگۆی دەیان ساڵ، فەلەکناسان باوەڕیان وابوو کە ئەستێرەی تاریک ئیحتیمالە وجودی هەبێت. دواجار فەیلەسوفانی سروشتی باوەڕیان وابو کە یاسای کێشکردنی نیوتن روناکی پەراوێز کردووە و کایەی کێشكردن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نییە.

پرسی چاڵە رەشەکان بۆ دوو سەد ساڵ چووە دۆخی سبوتەوە. کاتێک لە ساڵی 1915 دا ئاینشتاین هات و تیوری گشتی نسبیەتی بڵاوکردەوە، بوو بە سەرەتایەک بۆ شۆڕشێ نوێی کۆزمۆلۆژی. لەم تیورییەدا هاوکێشەکانی هێزی کێشكردن ئیشارەیاندا بە کاریگەری کێشكردن لەسەر روناکی و دەبێت بە هۆی چەمانەوەی. تەنها چەند مانگێک بەسەر تیورییەکەی ئاینشتایندا گوزەری نەکردبوو، کاتێک کارڵ شوارتزچایەڵد (1873 – 1916)، کە فیزیکناسێکی زیرەکی ئەڵمانی بو، کەوتە توێژینەوە لەم هاوکێشانە و بۆی دەرکەوت دەشێت لە ئاسماندا تەنی وا هەبێت کە چڕییەکەی لە ئاسابەدەر گەورە و قەبارەکەشی ئێجگار بچکۆلەبێت. شوارتزچایەڵد پێشبینیکرد ئەم جۆرە تەنانە، دەتوانن بازنەیەک بە دەوری خۆیاندا دروست بکەن، کاتێک هەر تەنێک چووە سنورەکانی ئەم بازنەیەوە ئەوا هەرگیز توانای هاتنە دەرەوەی نییە، دواییش هیچ زانیارییەک سەبارەت بە تەنەکە نازانرێت، ئەم بازنەیە ناونرا نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد، ئێستاش پێێ دەگوترێت ئاسۆی روداو. شوارتزچایەڵد گوتی بارستایی تەنەکە درێژی ئەم نیوەتیرەیە یان ئەم بازنەیە دیاری دەکات، بۆ نمونە ئەگەر بارستایی تەنەکە(هێشتا وشەی چاڵی رەش، وەک زاراوە لەدایک نەبووبوو.) هێندەی زەوی بێت، ئەوا نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد تەنها لە قەبارەی فلسێکدا دەبێت، بەڵام ئەگەر بارستاییەکەی چەندین بلیۆن بارستایی خۆر بێت، ئەوا نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد( ئاسۆی روداو) لە قەبارەدا وەک خۆر دەبێت. خۆ ئەگەر هەر تەنێک چووە نێو سنورەکانی نیوەتیرەی شوارتچایەڵدەوە، ئەوا هەرگیز دەرفەتی هەڵاتنی نییە و هەرگیز ناگەڕێتەوە و چاڵە رەشەکە لوشی دەدات.

شوارتزچایەڵد یەکەم فیزیکناس بوو کە تیوری گشتی ئاینشتاین تاووتوێ بکات و دەرەنجامی وەها سەیری دەست بکەوێت. بە داخەوە، شوارتزچایەڵد زۆر زوو لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بە گەنجی کوژرا و هەرگیز بەرهەمە زانستییە ناواز و مەزنەکەی خۆی بە چاوانی نەبینی.

لە ساڵانی شەستەکاندا فەلەکناسان ناچاربوون ئەم دیاردەیە وەک راستییەک و هەبونی وەک واقیعێک وەربگرن، بەڵام کێشەی هەرە گەورە ئەوەبوو ئنسان چۆن بتوانێت لە دیاردەیەکی وەها تێڕامان بکات لە کاتێكدا ئەم تەنانە هیچ روناکی پەخش ناکەن. لە کۆتایی شەستەکاندا زانای گەورەی فیزیک، چارڵز ویڵەر (2008 – 1911)، وشەی چاڵە رەشەکانی خستە نێوەندە زانستییەکانەوە، ئیتر لەوە رۆژەوە ئەم وشەیە بووە بە وەسفی فەرمی ئەم دیاردە غەریبانە.

لە ساڵانی هەفتاکاندا، گۆڕانی گەورە و بازدانی فراوان لە بواری کۆزمۆلۆژی و زانستی چاڵە رەشەکاندا هاتەگۆڕێ، بۆ یەکەمجار تەلەسکۆپی تیشکی – ئێکسی رەوانەی ئاسمان کرا و گەلێک پەنهانی تەلیسماوی و سیحرئامێزی گەردونی بۆ واڵاکردین، لەوانە دیاریکردنی سەرچاوەیەکی درەوشاوەی تیشکی – ئێکس لە نێوەندی بورجەکانی ”سینەس  cygnus  ” کە نزیکەی 8000 ساڵی روناکی دوربوون. دوای شیکارییەکی چڕ و پڕ، فەلەکناسان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە سەرچاوەی تیشکی – ئێکسەکە بریتی بووە لە هەورێکی گازی لە ئاسابەدەر گەرم کە بە شێوەی حەلزونی بە دەوری چاڵێکی رەشدا دەسوڕێتەوە، ئەم هەورە گازییەیان ناونا سینەسی – ئێکس -1 ” Cygnus X – 1’’  ” هەر کە گازەکە بە شێوەیەکی چڕ لە نێو کایەی کێشکردنە بەهێزەکەدا کەوتە تاودان لە دەرەوەی ئاسۆی روداودا،پلەی گەرماکەی بۆ ملیۆنان پلە بەرزبووەوە، ئنجا کەوتە پەخشکردنی تیشکی – ئێکس.

چاڵە رەشە مام ناوەندییەکان و سوپەر- بارستاییەکان

کاتێک باس لە قەبارەی چاڵە رەشەکان دەکرێت، نە قەبارەیان دیاریکراوە، نە بارستییان، بە زمانێکی تر بڵێین ئەم دوو سیفاتە پێناسەی نییە. چاڵە رەشەکانی وەکو سینەس X-1 ، کە بە چاڵە رەشە ئەستێرەییەکان ناسراون، بارستاییان چەندین ئەوەندەی بارستایی خۆر دەبێت. ئەمانە کاتێک دروست دەبن کە ئەستێرە هەرە زەبەلاحەکان ژیانیان کۆتایی دێت و ئنجا لە سایەی هێزی کێشكردنی خۆیاندا، بە ئاراستەی ناوەوەی خۆیان هەرەس دەهێنن و ئەستێرەیەکی نیوترۆنی لەدایک دەبێت، پاشان ئەگەر بەرگی دەرەوەی ئەستێرە نیوترۆنییەکە وردوخاش بوو، ئەوا هاوشێوەی تەقینەوەی سوپەرنۆڤا، کرۆکەکەی دەچێتەوەیەک و هەندێک لە بەرگی دەرەکییەکەی ئەزم دەکات و لە ناوەوە بارستایی کرۆکەکەی زۆر زیاددەکات، کایەی کێشكردنیشی بە جۆرێکی وەها ترسناک زیاددەکات کە کرۆک دەبێت بە چاڵە رەش.

هەرچەندە چاڵە رەشە ئەستێرەییەکان ناسراوترین و بڵاوترین جۆری چاڵە رەشەکانن، بەڵام لە ئێستادا جۆری تر دەرکەوتون، هەم گەورەترن و هەم میکانیزمی دروستبونیان جیاوازیشە. ئەم جۆرە پێیان دەگوترێت چاڵە رەشە بارستاییە – مام ناوەندییەکان. هەروەک ئەستێرەییەکان بە دەوری چەقی گالاکسییەکانیاندا دەسوڕێنەوە. بارستاییان سەد ئەوەندە یان هەزار ئەوەندەی بارستایی خۆر دەبێت. فەلەکناسان لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، تەواو دڵنیان چۆن ئەمانە دروست دەبن. دوور نییە چەندین چاڵە رەش ئاوێتەی یەکترببن و لە ئەنجامی یەکگرتنیاندا دروست دەبن.

جۆری سێیەمیش، بریتیین لە چاڵە رەشە سوپەر – بارستاییەکان، بارستاییان ملیۆنێک بۆ چەند بلیۆنێک بارستایی خۆر دەبن. باوەڕی باڵادەست سەبارەت بەم جۆرە ئەوەیە کە لە چەقی هەموو گالاکسییەکدا مەنزڵیان کردووە، بەڵام لە باری قەبارەوە، هەر هێندەی خۆر دەبن. چاڵە رەشەکانی چەقی گالاکسییەکان لە لە سەدا نەوەدی گالاکسییەکاندا چالاک نین، بەڵام لە سەدا دەکەی تر، خاشاک و خۆڵ و پاشماوەی ئەستێرە نزیکەکان لوشدەدەن، بەمەش وزەیەکی بێشومار بۆ چالاکی فەراهەم دەکەن، جوڵە و چالاکییان ئەوەندە زۆرە کە دەکرێت بە پانتایی بلیۆنان ساڵی روناکی ببینرێن.

گالاکسییە چالاکەکان

گالاکسییە چاڵاکەکان بڕێکی بێشومار تیشک پەخش دەکەن، ئەم تیشکە لە بناواندا لەو مادە گەرم و داخەوە دێت کە لەوە پێش لە نێو چەقی گالاکسییە چالاکەکەوە دەڕژێتە نێو چاڵە رەشێکی سوپەر – بارستاییەوە. ئەو بڕە وزەیەی گالاکسییە چالاکە هەرە بە قودرەت و تواناکان پەخشی دەکەن لە چرکەیەکدا زۆر زیاترە لەو بڕەی کە تریلیۆنێک خۆر پەخشی دەکات و ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە گەشانەوەی ناوکە چالاکەکەی سەد ئەوەندەی باقی گالاکسییەکە خۆیەتی. ئەم درەوشانەوە زەقە بۆ ماوەیەک گالاکسییە جالاکەکە دادەپۆشێت، کاتێکیش فەلەکناسان بۆ یەکەم، لە ساڵی 1915 دا، چاویان چووە سەر ئەم جۆرە گالاکسییە چالاکانە وایان زانی کە سەیری شتێکی وەکو کرۆکی ئەستێرەیەکی چالاک دەکەن و تەسەوریان کرد کە ئەمانە جۆرە ئەستێرەیەکی سەیر و غەریبی نێو گالاکسییەکەی خۆمانن. فەلەکناسان ئەمانەیان ناونا ”ئەستێرەی کوەیزی” ‘quasi-stellar’ و هەر بەو موناسەبەتەوە وشەی کوەیزەر لە حاڵی حازردا بەکاردێت.

شوناسی راستەقینەی کوەیزەرەکان لە ساڵی  1962 دا ئاشکرابوو، ئەویش کاتێک فەلەکناسان بۆیان دەرکەوت کە لە راستیدا ئەمانە لە ئاسابەدەر دوورن، ناکرێت ئەستێرە بن، بەڵکو گالاکسی زۆر بە توانا و بەهێزن. کاتێک کەوتنە نەخشەکێشانی دابەشبونی ئەم گالاکسییە زۆر چالاکانە، دەرکەوت کە هەموو کوەیزەرەکان لەوپەڕی گەردوندان و هیچ یەکێک لەمانە لە نزیکەوە بوونی نییە. روناکی، خۆی، لە گەشتەکەیدا بە پانتایی فەزادا، چونکە زەمەنێکی ئێجگار زۆر دەخایەنێت، بۆیە دەبینین ئەم کوەزەیرانە تەنی زۆر کۆنن، پێدەچێت دە بلیۆن ساڵ پێش مەنزڵیان لە گەردوندا کردبێت. هەر ئەمەش فەلەکناسانی گەیاندە ئەو دەرەنجامەی کە کوەیزەرەکان قۆناغێکن کە هەموو گالاکسییەک پێێدا تێپەڕدەبێت، کاتێک دروست دەبن کە چاڵە رەشە سوپەر – بارستاییەکان بڕێکی بێشومار مادەیان لە چەقەکەیاندا هەیە و پێویستە حەپەلوشی بکەن یان بڵێین بیخۆن.

ئنسان دەتوانێت هەندێک گالاکسی تر لە هەموو دوورییەکی گەردوندا بەدی بکات کە کەمتر چالاکن. هەندێکیان لەوانەیە کوەیزەری پیربن، کە سەرچاوەی خواردنیان ئیتر تەواوبووە. کاتێک، بۆ دواجار، چاڵە رەشێکی سوپەر-بارستایی، دەستی دەگاتە هەرچی خاشاک لەو دەوروبەرەدا هەیە حەپەلوشی دەکات، ئیتر گالاکسییە چالاکەکە بە ئارامی، هێواشی و بە بێدەنگی دەبێت بە گالاکسییەکی ئاسایی و نۆرماڵ، هەروەک ئەم گالاکسییەی لەمەڕ خۆمان کە سیستەمی خۆری لە باوەش گرتووە و پێی دەڵێین رێگەی شیری. بەڵام هیچ شتێک ناتوانێت ببێت بە کۆسپ لەبەردەم چاڵە رەشەکە کە بگەڕیتەوە بۆ ژیان، بە تایبەت ئەگەر مادە و خاشاکی زیاتر بکەوێتە نێو مشتی. بە پێی ئەو حساباتەی ئەنجامدراوە، ئەستێرەیەکی قەبارە مام ناوەندی وەکو خۆر، ئەگەر خۆ نزیک بکاتەوە لە چەقی گالاکسییەکە، ئەوا بەسە بۆ ئەوەی چاڵە رەشێک رۆحی چالاکانەی چاڵە رەشەکە بژێنێتەوە و وەک پارووەیەک قوتی بدات و وزەش بۆ ساڵێک بداتەوە. بەمجۆرە لە ئێستادا دانیشتوانی گالاکسییە چالاکەکان لە حاڵەتی هەڵگۆڕان و گواستنەوەدایە. خۆ ئەگەر لە ئایندەدا، بۆ نمونە، ملیۆنێک ساڵی تر بگەڕێینەوە، ئەوا دەبینین ئەو گالاکسییە چالاکانەی ئێستا حزوریان هەیە ناچالاکن، لە کاتێکدا ئەوانەش کە حاڵی حازر بێدەبگ و ئارامن، بە هۆی چڕی وزەکەیانەوە کڵپەیان دێت.

تارمایی چاڵە رەشەکان

رۆژانێک بوو، ئنسان باوەڕی وابوو کە مەحاڵە چاڵە رەشێک ببینریت کە شت دەخوات، بەڵام، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بێگومان سوپاس بۆ ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەی لە ئەسترۆنۆمی رادیۆییدا بەرپابووە، ئەو جۆرە دید و بیرکردنەوەیە تەواو گۆڕاوە. فەلەکناسان وەهای بۆ دەچن کە لە ماوەی دە ساڵێکی تردا ئنسان دەتوانێت تارمایی چاڵە رەشەکان لەسەر شاشە و باکگراوندی ئەستێرە گەشەکان ببینێت. ئەمە هەروا شتیكی ئاسان نییە. چاڵە – رەشی سوپەر – بارستایی supermassive black hole  چەقی گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆمان، واتە رێگای شیری، کە بە ساگیتەیرییەس ئەی* ” Sagittarius A* ” ناسراوە، بارستاییەکەی بە نزیکەیی چوار ملیۆن و نیو ئەوەندەی بارستایی خۆرە، ئەمە هەر هەمووی، سەرتاپا لە ئاسۆیەکی روداوی 27 ملیۆن کیلۆمەتردا گرمۆڵەبووە، واتە تیرەکەی 27 ملیۆن کیلۆمەترە، ئەمەش بۆ خۆی تەنها نیوەی دووری هەسارەی زاوە (مێرکۆری)یە لە خۆرەوە. خۆ ئەگەر ئێمە، لەسەر عەرد و لە پێگەیەکی وردەوە سەیربکەین، ئەوا ساگیتارییەس ئەی * لە قەبارەدا لە تۆپێکی فتبۆڵ گەورەتر نانوێنێت کە لەسەر رووی مانگ بێت.

ئەگەر هەموو ئەو تێرامانە تەلسکۆپییە رادیۆییانەی لە سەرتاپای دونیادا و لە هەمان کاتدا ئەنجامدراون، یەک بخرێن و کۆبکرێنەوە، ئەوا بە هەر شیوەیەک بووە، فەلەکناسان دەتوانن تارمایی چاڵی رەش بناسنەوە و بەدی بکەن، نەک هەر ئەوە، تەنانەت دەتوانن چاویان بچێتە سەر ئەو بڕە کەمە هەورییە گازییانەی لە سنورەکانی کایەی کێشکردنی چاڵە رەشەکەدا دێن و دەچن. ئەمە جگە لەوەی کاتێک سەرنج دەدەینە رەوتی ئەم هەورییانە کە بەرەو هەرەسی خۆیان هەنگاو هەڵدەگرن، ئەوا مومکینە ئنسان خێرایی خولانەوەی ساگیتاریەس ئەی * پیوانەبکات. ئەگەر، هەروەک چۆن شتەکە لە ئێستادا لە چوارچیوەی تیوریدا هەیە، چاڵە رەشێک بخولێتەوە، ئەوا تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتاین پێمان دەڵیت لەسەر رووی فەزا جۆرە لێشاوێکمان بۆ دەخوڵقێنێت – شتێک کە مورادیفی ئەمە بێت، بریتییە لەوەی کاتێک کەوچکێک دەکەین بە نێو قوتووە هەنگویندا، ئنجا کەوچکەکە بادەدەین، ئەوا لێشاوێک بارستایی بە دەوری خۆیدا لوول دەدات یان بڵێین خولدەخوات – ئەم دەڤەرە خولخواردووە بە دەوری چاڵە رەشەکەدا پێی دەگوترێت ” ئیرگۆسفێر ergosphere ”. ئەو تێڕامانانەی لەمەڕ هەورییە گازییەکانی ئیرگۆسفێری ساگیتاریەسی ئەی * ئەنجامدراون ئەوە دەخەنەڕوو کە رێگایەکی تەواو نوێمان بۆ واڵادەکەن بۆ توێژینەوە نەک هەر لەسەر چاڵە رەشەکان، بەڵکو بۆ سەلماندن و پاسادانی تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتاینش لە ناوەند و هەلومەرجێکی ئەوپەڕیدا.

چاڵە رەشە هەڵمییەکان

جگە لەو جۆرانەی چاڵە رەشەکان لەوە پێش ئیشارەمان پێدان، ئەگەر هەیە، لە پێگەیەکی بەرامبەردا جۆری چوارەمی چاڵە رەشەکان بونیان هەبێت. ئەمانە بریتین لە چاڵە رەشی بچکۆلەی ئەتۆمی بەرایی ‘primordial’’’ و فەلەکناسان خەیاڵیان بۆ ئەوە دەچێت لە قۆناغی پرۆسەی بیگ – بانگدا خەڵقبوون، ئەویش کاتێک بەردەوامێتی فەزا-زەمەن بە جۆرێک تلیسایەوە کە دەڤەری ئێجگار بچکۆلە بچکۆلە توانیان خۆیان لە باقی گەردون گرۆمۆڵە بکەن و مەڵاس بدەن. ئەم جۆرە چاڵە رەشە بەراییانە هەرگیز لەوەبەر کەشف نەکراون، بەڵام لە ساڵانی هەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، فیزیکناسی گەورە و بەناوبانگ، ستیفن هۆوکین (2018-1942)، رێگایەکی پێشنیازکرد کە بە هۆیەویە دەتوانین ئەمانە ببینین و پاشان لە هەمان کاتدا ئەوە دەسەلمێنێت کە چاڵە رەشەکان بە تەواوی رەش نین. هۆوکین توانی بە هۆی بەکارهێنانی لقە گەورەکەی فیزیکی هاوچەرخەوە، کە بریتی بوو لە تیوری کوانتەم، ئەم کارە ئەنجام بدات.

تیوری کوانتەم، کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا دەرکەوت، وەسفی دونیای بچکۆلەی تەنەکان دەکات. تەفسیری سەرەکی کوانتەم بە جۆرێکە کە وزە بە گورزی جیا دێن، بەمجۆرە ئەوەی وەک تیشکێکی روناکی دێتە بەرچاو لە راستیدا لە تەنۆلکەی فرە ورد پێکهاتووە کە پێی دەگوترێت فۆتۆنات یان فۆتۆنەکان. هەر تاکێک لەم فۆتۆنانە بڕێکی دیاریکراو وزەیان هەڵگرتووە، بۆ نمونە، فۆتۆنێکی رەنگ شین، ئەو بڕە وزەیەی لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە دوو هێندەی ئەو بڕە وزەیەیە کە فۆتۆنێکی رەنگ سور دەیگوازێتەوە. جگە لەوەش، تیوری کوانتەم پێمان دەڵێت کە رەوشی تەنۆڵکەکان چۆنە، یەکێک لە مەزهەبەکانیشی ئەوەیە کە زەحمەتە ئنسان بتوانێت پێگە و مەوقیعی دیاریکراوی تەنۆلکەیەک بە وردی دەستنیشان بکات. فیزیکناسان حساباتی ئەوەیان کردووە کە تەنۆڵکەیەک لە کوێدا بێت، بەڵام ئیشکالاتەکە لەوەدایە کە دەشیت لە هەمان کاتدا لە دەڤەرێکی بچکۆلەی نزیک ئەو دەروبەرە بێت کە حساباتیان بۆ کردووە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە کاتێک تەنۆڵکەیەک نزیک لە سنورێک دەجوڵێت لەوانەیە هەندێکجار لە خۆڕا و هەرەمەکییانە بازبدات و لەو سنورە بپەڕێتەوە، ئەمەش بۆ خۆی دیاردەیەکە بە تونێلکردن Tunnelling ناسراوە. ئەمە جۆرە نومایشێکە لە تێڕامانی راستەقینە: دیاردەیەکە کارلێکی ناوکی لەو ئەستێرانەدا دەکاتە شتێکی مومکین کە پلەی گەرمایان نزمترە لەو حاڵەتە ئاساییەی کە پێویستە، چونکە ناوکە ئەتۆمییە پەستێنراوە لێک نزیکەکان جارجارە خۆیان لەو مەوقیعانەدا دەبیننەوە کە زۆر نزیکن لە دراوسێکانیان و پێکەوە کارلێکی ناوکی دەکەن و وزە پەخش دەکەن.

لای هۆوکین، تەنۆلکەیەک لە کەنار سنوری ناوەوەی چاڵە رەشێک کە لە پرۆسەی سوڕانەوەدایە(واتە چاڵە رەشەکە دەسوڕێتەوە) دەتوانێت دزە بکات و (تونێل بکات) خۆی قوتاربکات، پاشان بارستایی چاڵە رەشەکە نزم دەبێتەوە. بەمجۆرە کاتێک بارستایی چاڵە رەشەکە نزم دەبێتەوە، پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت و خێراتریش دەبێت، ئیتر هەتا دەگاتە ئەو قۆناغەی دیارنامێنێت و لە پڕ تیشکی گاما پەخش دەکات. ئەو چاڵە رەشەی کە زیاتر بەم جۆرە پرۆسەیە دەبێتە هەڵم ئەتۆمە بەراییەکانن، چونکە کرداری بوون بە هەڵمیان خێراترە لە توانستی بەکاربردنیان، واتە توانستی لووشدانی خاشاکی دەوروبەریان نییە. کەچی سەرباری ئەوەی سەتەلایتی تایبەت بۆ رەوش و دۆزینەوەی تیشکە گاماکان لە فەزادان، بەڵام هەتا ئێستا بەدی نەکراون. پێدەچێت ناوەندی گەورەی هادرۆن لە سویسرا بتوانێت چاڵە رەشێکی بچکۆلە لە پرۆسەیەکی بەیەکدادانی تەنۆڵکەییدا بخوڵقێنێت، وەک دەرەنجامێکیش لەوانەیە لە کەرتە چرکەیەکدا، چاڵە رەشەکە ببێت بە هەڵم و دەرفەتێکیش بە زانایان ببەخشێت بۆ یەکەمجار چاویان بکەوێت بە دیاردەکە.

پرسی سینگولارەتی

سەرباری ئەوەی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا چالە رەشەکان بوون بە بەشێک لە بونیاتی تەنە فەزاییەکان و پێگەی خۆیان قایمکردووە، بەڵام هێشتا لە ئەڵقە و ناوەندە ئەسترۆنۆمییەکاندا دیاردەیەکی هەروا ئاسان نین و بە تەواوی نەبوون بە بابەتێکی سەقامگیر. یەکێک لە خەسڵەتە هەرە ناچیزەکانی چاڵە رەشەکان ئەوەیە لەگەڵ بیگ – بانگدا سیمای زەقی هاوبەشی سینگولارەتییان هەیە. سەرەتا دید و هزرەکە بەوجۆرە بوو کە هیچ شتێکی هاوبەش لە نێوان چاڵە رەشێک و بیگ – بانگدا نییە، یەکەمیان، واتە چاڵە –رەش، هەموو شتێک حەپەلوش دەکات و دووەمیان گەردونی خوڵقانداووە و کەوتووەتە کشان. لای ماتماتیکناس هەمان خەسڵەتیان هەیە: ئەویش بریتییە لە خاڵێک کە چڕییەکەی ناکۆتا و قەبارەکەی سفرە، ئەو دیاردەیەی بە سینگولارەتی ناسراوە. نێو چاڵی رەش، وەک زانایان دەڵێن، بریتییە لە دوا مۆڵگەی مادە، چونکە هێزی کێشكردن لێرەدا مادەکە بە جۆرێک دەهاڕێت کە قەبارەکەی بچوک و بچوکتری دەکاتەوە. ئەمەش بۆ خۆی گرفتێک دەخاتە بەردەم فیزیکناسان، چونکە کاتێک قەبارە لە سفر نزیک و نزیکتر دەبێتەوە، ئەوا چیتر فیزیک هەیبەتی نامێنێت و ناتوانرێت هیچ تیورییەک بەکاربهێنرێت بۆ خوێندن و توێژینەوە لە سینگولارەتی.

شتێکی تریش کە جێگای مەبەستە و هەیە لە نێوەندەکاندا بە پرسی بزربونی زانیاری چاڵە رەشەکان ناسراوە. بۆ دنیای دەرەوە، تەنها سێ خاسیەتی چاڵە رەشەکان لەبەرچاوە: بارستاییەکەی، بارگەی کارەبایی و تەوژمی گۆشەیی(سوڕانەوە). هەرچی زانیاری تر هەیە، وەکو چی کەوتووەتە ناو چاڵە رەشەکەوە، هەر هەمووی بزردەبێت. ئەمە پێچەوانەی یەکێک لە بنەما هەرە قوڵەکانی فیزیکە: ئەو بنەمایەش بریتییە لە گەڕانەوە reversibilty . بۆ نمونە ئەگەر شتێکت لە دەست بکەوێتە مەنجەڵێک ئاوەوە و وازی لێ بهێنیت بۆ ئەوەی بتوێتەوە، لە بنەڕەتدا کەسێک دەتوانێت بێت و ئاوەکە شیکار بکات، ئنجا ئەو مادەیە بناسێتەوە کە کەوتووەتە ناوی، تەنانەت دەتوانێت بە هۆی کوڵاندنی ئاوەکەوە پێکهاتەی ئاوێتەکان لە یەکتر جودا بکاتەوە و مادە ئەسڵییەکە بونیات بنێتەوە. ئەم پرۆسەیە پێی دەوترێت گەڕانەوە reversibility . بەڵام لە مەسەلەی چاڵە رەشێکدا، کاتێک شتێک سنوری ئاسۆی روداوەکەی دەشکێنێت و دەکەوێتە ناوەوە، ئیتر نەک هەر ناتوانین بزانین چی بووە، بەڵکو ناتوانین دیسانەوە ساغی بکەینەوە. هەموو ئەو ئەستێرە و هەسارانەی لە فەزادا لوشدراون، چیتر لە گەردوندا بوونیان نییە: پێکهاتەکانیان، پلەی گەرما و چڕییان هەر هەموو چوونەتە فەناوە. لای هۆوکین، تەنانەت ئەو تەنۆڵکانەش کە تونێل(دزە) دەکەن ناتوانن هیچ زانیاری بزربوومان پێشكەش بکەن.

لە رێگای بەکارهێنانی ”تیوری ژێ ”وە، فیزیکناسان بەو هیوایەن هەوڵ و هیمەتیان لە پێناوی یەکخستنی هێزی کێشكردن و هێزە سروشتییەکانی تر، دەبێتە فرسەتێک بۆ توێژینەوە لەم مەتەڵە. ئەوەی راستی بێت، پێدەچێت تیوری ژێ سەرەداوێکی پێشکەش کردبن.

چاڵە رەشەکان و تیوری ژێ

تیوری ژێ پێشنیازی ئەوە دەکات کە چاڵە رەەشەکان خاسیەتی سینگولارەتییان نییە، بەڵام قەبارەیان لە چەقەوە بە ئاراستەی ئاسۆی روداو، بە پلەیەکی بەرز وەک تۆپی پەستێنراوی ‘ژێکانی’ ژێر-ئەتۆمین، یەکەی بنەڕەتی بونیاتی سروشتن، بە جۆرێک کە بە گوێرەی تیورییەکە تەنۆڵکەکانی مادەمان پێشکەش دەکەن. ئەم ژێ پەستێنراوانە زانیاری بنەڕەتییان لەمەڕ ئەو تەنانە خەزن کردووە کە کەوتوونەتە نێو چاڵی رەشەوە، بەمجۆرە، بە پێی تیوری ژێ، لە راستیدا هیچ زانیارییەک بزر نەبووە.

لەم گۆشەنیگایەوە، کاتێک مادە بە گەشتەکەیدا بەرەو سینگولارەتی مل دەنێت، بە ئاسۆی روداودا گوزەرناکات، لە بری ئەمە خۆی لەسەر روی قژێکی ئاڵۆزکاو دەپەستێنێتەوە و لەگەڵ شتەکانی تردا یەکدەگرێت. بۆ رونکردنەوەی ئەمە، تەسەورکە وەک چەند چینێک بۆیە وایە، بەڵام لە بری ئەوەی هەر یەکەیان ئەوەی پێش خۆی بسڕێتەوە، پێکەوە کاردەکەن و نیوەتیرەی شوارتزچایەڵدی چاڵە رەشەکە کەمێک زیاتر گەورەدەبێت بۆ ئەوەی تۆزێک جێگا دەستەبەر بکات بۆ ئەو مادە تازانەی دەگەنە شوێنەکە. تەفسیری ئەم دیاردەیە لە نسبییەتدا بە جۆرێکە کە چەمانەوەی فەزا زیاتر لێژدەبێت، چونکە چاڵە رەشەکە بارستایی زیاتری قوتداوە. لە تیوری ژیدا، چاڵە رەشەکە کەمێک زیاتر فراوان دەبێت بۆ ئەوەی بۆشایی زیاتر بۆ میوانی تازە یان زانیاری نوێی گەیشتوو دروست بکات.

چاڵە رەشەکان، تەنە هەرە سەرسەختەکانی فەزان کە لە لایەن ئنسانەوە ناسراون، هەربۆیەش بەردەوام دەبن لە تەحەداکردنی تێگەیشتنی ئێمەی مرۆڤ لە هەمبەر یاسا هەرە بنەڕەتییەکانی فیزیک. تەنانەت ئەگەر چاڵە رەشێک هەر بە راستی رەش نەبێت، چاڵیش نەبێت، بەڵام تۆپێکی قژنی ژێکانی کوانتەم بێت، ئەوا هەموان لەسەر یەک شت کۆک دەبن: ئەویش ئەوەیە کەس نایەوێت بە هیچ جۆرێک بکەوێتە ناویەوە.

سەرچاوەی سەرەکی

Clark, Stuart. The Big Questions. The Universe.  Quercus. 2010. Kindle Edition

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *