فەلسەفە بەرامبەر بە زانست: کامیان دەتوانن پرسیارە گەورەکانی هەمبەر ژیان وەڵام بدەنەوە؟

گفتوگۆی نێوان لۆرانس کڕاوس و جولیان بەگینی
وەرگێڕانی سەروەر محەمەد

فەیلەسوفی بەریتانیایی جولیان بەگینی[1] ترسی هەیە لەوەی کە چەند زیاتر لەبارەی گەردوونەوە بزانین، زاناکان زیاتر و زیاتر سووردەبن لەسەر ئەوەی مۆری خۆیان لەسەر بوارەکانی تر بنەخشێنن. لێرەدا ئاڵەنگاریی فیزیکزانی تیۆریی لۆرانس کڕاوس[2]  دەکات لە پای زێدەگاڤییەکانی بە بەراورد بە هاوکارەکانی.

جولیان بەگینی  هەرکەسێک کە تەنانەت لە بەشێکی ئەوە تێگەیشتبێت کە زانست لەبارەی گەردوونەوە پێی وتووین ترسی هەیە لە گەردوون و زانست. کاتێک فیزیا لەگەڵ زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەراورد دەکرێت، بۆ زاناکان ئاسانە لەخۆبایی ببن و تەواوی ئێمەش هەر بەخیلیمان بۆ بمێنێتەوە. بەتایبەت دەکرێت فەیلەسوفان لە نەبوونی سەدریی تاقیگەدا ئازار بچێژن[3]. ئەگەر دەستکەوتەکانی ئێمەش ئەوەندە ڕوون و یەکلاییکەرەوە دەبوون! چەند نایاب دەبێت ڕزگارت بێت لەوەی هەمیشە پاساو بۆ بەهاکانی بوارەکەت بهێنیتەوە.

هەرچەندە- هەروەها دڵنیام دەبینیت کە “بەڵام” ێک دێتە پێشەوە- دەمەوێ بزانم ئایا  بەم دواییانە زانست بەهۆی کەمێک زێدەگاڤییەوە زیانی بەر نەکەوتووە. نەک هەر بەوە ڕازی نەبوون کە زۆریان بەدەست هێناوە، هەندێک زانایان دەیانهەوێت پەل بهاوێنە ناو مەیدانی بوارەکانی ترەوە. خۆم بە خاوەنی کێشە فەلسەفییەکان نازانم. مێژوو فێری کردووین کە زۆرێک لە ئاریشە فەلسەفییەکان دەتوانن گەورەبن، لانە بەجێ بهێڵن و لە شوێنێکی تر بژین. پێشتر زانست فەلسەفەی سروشتیی بوو و سایکۆلۆجیی بە هاوتای مێتافیزیک دادەنرا. بەڵام هەندێک ئاریشەی پەیوەست بە بوونی مرۆڤ هەن کە زانستیی نین. بۆ نموونە، نازانم چۆن بەتەنها فاکتی پوخت دەتوانێت ئەو ئاریشەیە یەکلایی بکاتەوە کە چی بەشێوەی ئەخلاقیی ڕاست و هەڵە چییە.

هەندێک لەو شتانەی وتووتن و نووسیوتن پێشنیاری ئەوە دەکەن کە تۆ هەندێک لە مەرامە داگیرکارییەکانی زانستت تێدایە. کەوایە پێم بڵێ، پێت وایە زانست تا چ ئاستێک دەتوانێت و پێویستە وەڵام بۆ ئەو پرسیارانە پێشکەش بکات کە هێشتا وا لەبەرچاو دەگیرێن کە بکەونە ناو بواری فەلسەفەوە؟

لۆرانس کڕاوس سوپاس بۆ وشە جوانەکانت لەبارەی زانست و هەڵوێستە بەخشندەکەت. هەرچی لەبارەی “بەڵام” ەکەت و هەستەکەت لەبارەی مەرامە داگیرکارییەکانمە، من بە هیچ شێوەیەک وەکو داگیرکاریی نایبینم. ئەوە تەنها جیاکردنەوەی ئەو پرسیارانەیە کە وەڵام دەدرێنەوە و ئەوانەی کە وەڵام نادرێنەوە. لە سەرەتادا دەکرێت بە نزیکەیی بڵێین هەموو ئەو پرسیارانەی وەڵام دەدرێنەوە دەکەونە ناو مەیدانی مەعریفەی ئەزموونیی، واتە زانست.

بۆ نموونە، پرسیارەکەی تۆ لەبارەی ئەخلاقەوە، زانست بنەماکان بۆ بڕیارە ئەخلاقییەکان دابین دەکات، کە تەنها کاتێک ژیرانەن ئەگەر لەسەر بنەمای ئەقڵ بینا کارابن، کە ئەوەش بۆخۆی لەسەر بەڵگەی ئەزموونیی بینا کراوە. بەبێ بڕێک مەعریفە لەبارەی دەرەنجامەکانی کردارەکان، کە پێویستە لەسەر بەڵگەی ئەزموونیی بینا کرابێت، ئەوا پێم وایە “ئەقڵ” بەتەنیا پەککەوتەیە. ئەگەر نەزانم کردارەکانم چی درووست دەکەن، ئەوا ناتوانم بڕیارێکی ژیرانە لەبارەی ئەوەوە بدەم کە ئایا ئەخلاقیین یان نا. لە کۆتایدا، پێم وایە تێگەیشتنمان لە نیورۆبایۆلۆجی[4] ، پەرەسەندنی بایۆلۆجی[5] و سایکۆلۆجی تێگەیشتنمان لە ئەخلاق بەرەو ئاقارێک دەبەن کە تێیدا دەبن بە هەندێک چەمکی بایۆلۆجیی باش-پێناسەکراو.

ئەو پرسیارە فەلسەفییە سەرەکیانەی کە گەورە دەبن ئەوانەن کە لانە بەجێ دەهێڵن. بەتایبەت ئەمە پەیوەندیی بە فیزیا و گەردوونناسییەوە هەیە. گفتوگۆ فەلسەفییە ناڕوونەکانی هەمبەر هۆ و ئەنجام و هەندێک جار شت و هیچ- کە من پێویست بوو لە کتێبەکەمدا مامەڵەیان لەگەڵ بکەم- نموونەی زۆر باشی ئەم بابەتەن. دەکرێت یەکێک گفتوگۆ بکات هەتا دەگاتە ئەو ئاستەی لە بەردەم مانای “نەبوون” دا دۆش دادەمێنێت، بەڵام لە کاتێکدا دەکرێت ئەمە پرسیارێکی فەلسەفیی سەرنجڕاکیش بێت، پێم وایە لە ڕاستیدا تەواو پڕ کەموکوڕییە. هیچ بیرۆکەیەکت لەبارەی ئەوەوە ناداتێ کە ئایا لە ڕاستیدا چۆن دەکرێت شتەکان پەیدا ببن و پەرەبستێنن، ئەمەش ئەو شتەیە کە سەرنجی من ڕادەکێشێت.

جولیان بەگینی زیاتر لەوەی چاوەڕوانی دەکەیت لەگەڵت هاوڕام. هاوڕام کە زۆرێک لە پرسیارە مێتافیزیکییە کۆنەکان ئێستا زانایان بە باشترین ڕێگا لێیان نزیک بوونەتەوە و کارێکی ناوازە دەکەیت کە دەڵێیت “بۆچی لەجێگای هیچ شت هەیە؟” یەکێک لەوانەیە. بەڵام کاتێک دەڵێین، وەک ئەوەی تۆش وتت، ” ئەو پرسیارە فەلسەفییە سەرەکییانەی گەورە دەبن ئەوانەن کە لانە بەجێ دەهێڵن ” شتێکمان لەبیر کردووە. پێم وایە تۆ بۆیە ئەوە دەڵێیت چونکە ڕێسایەک دەردەکەیت تێیدا جیاکردنەوەی بنچینەیی ئەوەیە کە پرسیارە ئەزموونییەکان ئەوانەن کە وەڵام دەدرێنەوە و پرسیارە نا-ئەزموونییەکان ئەوانەن کە وەڵام نادرێنەوە.

ناکۆکییەکەی من ئەوەیە کە دەڵێم پرسیارە فەلسەفییە سەرەکییەکان ئەوانەن کە گەورە دەبن و لانە بەجێ ناهێڵن، ئەو پرسیارە گرنگانەن کە لە کاتێکدا هەموو فاکتەکان لەبەرچاون بەڵام هێشتا بە وەڵامنەدراوەیی دەمێننەوە. پرسیارە ئەخلاقییەکان نموونەی دیارن. هەرگیز هیچ دۆزینەوەیەکی پشتئەستوور بە فاکت ناتوانێت پرسیارێکی هەڵە و ڕاست یەکلایی بکاتەوە. بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە کە پرسیارە ئەخلاقییەکان پرسیاری بەتاڵ و زڕە-پرسیارن. دەتوانین باشتر بیریان لێ بکەینەوە و تەنانەت دەتوانین لەبەر ڕۆشنایی فاکتە تازەکاندا گفتوگۆی بەرهەمدارتر بکەین. بۆ نموونە، لەو کاتەوەی زیاتر لەبارەی هۆشی نا-مرۆڤیی-ەوە دەزانین، بۆچوونەکانمان لەبارەی ئەخلاقی پەیوەست بە ئاژەڵەکانەوە گۆڕاوە.

ئەوەی کە بەشێوەی سوکایەتیی بە ساینتیزم[6]  بانگ دەکرێت سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەگەر پرسیارێک نەچێتە چوارچێوەی چارەسەرە زانستییەکانەوە ئەوا بە هیچ شێوەیەک پرسیارێکی گرنگ نییە. من دەڵێم ئەوە تایبەتمەندییەکی لە ڕیشەنەهاتووی ژیانی مرۆڤە کە ڕووبەڕووی زۆرێک ئاریشە دەبینەوە کە بە زانست سۆراخیان ناکرێت، بەڵام لەگەڵیاندا بکەوینە ململانێ، ئەوەندەی بتوانین بە باشترین شێوە لێیان تێبگەین و دەتوانین ئەمەش بە وردیی و گرنگیی مێشکمانەوە بکەین.

بۆ من وادەردەکەوێت کە تۆ ئەمەت قبووڵ نییە و بۆچوونە زانستییەکە لەبەرچاو دەگریت. ئەوە ڕاستە؟

لۆرانس کڕاوس لە ڕاستیدا، زیاتر لەوەی چاوەڕوانی دەکەیت لەگەڵتدا هاوڕام. پێم وایە کە گەنگەشە فەلسەفییەکان بەهۆی ڕێگەدان بە لێوردبوونەوە لە فاکتەکان دەتوانن لە زۆر ڕێگەی گرنگەوە پڕۆسەی درووستکردنی بڕیار بەرهەمدار بکەن، بەڵام لە کۆتایدا تاکە سەرچاوەی فاکتەکان لە ڕێگەی گەڕانی ئەزموونییەوەیە. هەروەها، هاوڕام لەگەڵت کە ژمارەیەکی زۆر تایبەتمەندیی ژیانی مرۆڤ هەن کە تێیاندا هەندێک ئاریشە هەن بڕیاری وەهایان پێویستە کە بەشێوەی زانستیی سۆراخ ناکرێن. مرۆڤ و بابەتە مرۆییەکان هێندە ئاڵۆزن کە ئەقڵ و تەنانەت بەڵگەی ئەزموونیی بە تەینا ناتوانن چاوساغمان بن. وتوومە کە پێم وایە لویس کارۆڵ[7] ڕاستی دەکرد کاتێک لەسەر زمانی ئالیس[8]  وە پێشنیاری ئەوە دەکات کە پێویستە پێش نانی بەیانی بڕوا بە چەندین شتی ئەستەم بهێنین. ئێمە هەموو ڕۆژێک بۆ ئەوەی بتوانین لە ناو جێگا بێینە دەرەوە ئەوە دەکەین- لەوانەیە ئەوەی کە حەزمان بە کارەکەمانە یان هاوژینەکانمان خۆشدەوێت یان خۆمان خۆشدەوێت.

ئەوەی کە لەوانەیە لەگەڵی هاوڕا نەبم ئەو بەشەیە کە دەڵێت ئەمە بەپێی کات ناگۆڕێت. ئەوەی کە ئەمڕۆ بەشێوەی زانستیی سۆراخ ناکرێت لەوانەیە سبەینێ بکرێت. ئێمە نازانین بیرۆکەکان لە کوێوە دێن، بەڵام ئەمە ئەوەیە کە گەشتی دۆزینەوەکان سەرنجڕاکێشتر دەکات. پێشم وایە کە ئەو دۆزینەوانەی بە  فاکت پشتئەستوورن دەتوانن تەنانەت پرسە ئەخلاقییەکانیش چارەسەر بکەن.

هاوڕەگەزبازیی بە نموونە وەربگرە. لەوانەیە نووسراوە کۆنەکان بڵێن کە هاوڕەگەزبازیی “هەڵەیە”، بەڵام دۆزینەوە زانستیەکانی هەمبەر دووبارەبوونەوەی ڕەفتارە هاوڕەگەزبازییەکان لە ناو ئەندامە جیاوازەکانی جۆرێکدا پێمان دەڵێن کە ئەوە لەناو بەشێکی جێگیری کۆمەڵەکەدا بەتەواوی سروشتییە و هیچ کاریگەرییەکی ڕوونی نەرێنیی پەیوەست بە پەرەسەندنی نییە. بەدڵنیاییەوە ئەمە پێمان دەڵێت کە بە شێوەی بایۆلۆجی جێگیر کراوە، زیانبەخش نییە و خۆماکیانە “هەڵە” نییە. لە ڕاستیدا، پێموایە کاتێک باسی ئەوەت کرد کە توێژینەوەکانمان لەبارەی هۆشی نا-مرۆڤیی بۆچوونی ئێمەی لەبارەی ئەخلاقەوە گۆڕیوە، لەم خاڵەدا لەبارەی کاریگەریی زانست هاوڕا بوویت.

دان بەوەدا دەنێم کە دڵخۆش بووم کاتێک ئەوەم خوێندەوە کە تۆ دەڵێیت ” بۆچی لە جێگای هیچ شت هەیە؟” پرسیارێکە زانایان بە باشترین شێوە لێی نزیکبوونەتەوە. بەڵام، لەم بارەدا، هەروەکو وتوومە کە پرسیاری “بۆچی” لەڕاستیدا پرسیاری “چۆن” ە، ئایا تۆش هاوڕایت کە هەموو پرسیارەکانی “بۆچی” هیچ مانایەکیان نییە چونە گریمانەی “مەبەست” دەکەن کە لەوانەیە بوونی نەبێت؟

جولیان بەگینی بێگومان شتێکی گەوجانەیە کە بە ئەندازەیەکی زۆر ئەو شیمانەیە نادیدە بگیرێت کە ئەوەی ئێستا وا دەردەکەوێت پرسێکی پشتئەستوور نەبێت بە فاکت لەوانەیە ڕۆژێک لە لایەن زانستەوە وەڵام بدرێتەوە. بەڵام ئەوەش گرنگە گومانمان لە توانای زانست هەبێت ئاخۆ تا چ ئاستێک دەتوانێت بڕواتە پێش. ئەگەر وا نەکەین ئەوا لەوانەیە زۆر بە خێرایی و پێشوەختە ئاریشە فەلسەفییە گرنگەکان بکەینە زانستیی.

نموونەکەت لەبارەی هاوڕەگەزبازیی تەواوە. هاوڕام لەگەڵت هۆکارە سەرەکییەکان بۆ بیرکردنەوە لەوەی کە هەڵەیە پەیوەستن بە ڕێگا کۆنەکانی بیرکردنەوە. بەڵام بەو ڕێگایەی تۆ دەیڵێیت، لەبەرئەوەی زانست پیشانی داوین کە ڕەفتاری هاوڕەگەزبازیی ” بەتەواویی سروشتییە”، “هیچ کاریگەرییەکی ڕوونی نەرێنی پەیوەست بە پەرەسەندنی نییە”، “بە شێوەی بایۆلۆجی جێگیر کراوە” و “زیانبەخش نییە” لەمەشەوە دەتوانین بڵێین خۆماکیانە “هەڵە نییە”. بەڵام ئەمە فۆڕمەکانی پاساوی ئەخلاقیی و زانستیی تێکەڵاو کردووە. هاوڕەگەزبازیی بەشێوەی ئەخلاقیی قبووڵکراوە بەڵام نەک بەهۆی هۆکارە زانستییەکانەوە. ڕاست و هەڵە هەر وا بە ئاسانیی بابەتی کاریگەرییەکانی پەرەسەندن و سروشتیبوون نین. بۆ نموونە، بانگەشەی ئەوە کراوە کە دەستدرێکیی سێکسی هەم سروشتییە و هەم سوودی پەرەسەندنی هەیە. بەڵام ئەو کەسانەی ئەو بانگەشەیان کردووە بە پەرۆشەوە جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەمە مانای ئەوە نییە ئەم کردارە ڕاست بێت – ئەو هەوڵانەی کە بەداخەوە ڕەخنەگران پشتگوێیان خستوون. هەمان بانگەشە بۆ ناپاکیی (خیانەتی سێکسی) کراوە. ئەوەی کە زانست لەبارەی سروشتیبوونی ڕەفتارە سێکسیە دیاریکراوەکان پێمان دەڵێت بیرکردنەوە ئەخلاقییەکان دەوڵەمەند دەکات، بەڵام دەرەنجامەکان دیاری ناکات. پێویستە لەم بارەوە ڕوون بین. ئەوەی کە قبووڵی بکەین لەوانەیە ڕۆژێک ئەم ئاریشانە لە لایەن زانایانەوە باشتر وەڵام بدرێنەوە شتێکە و کردنیان بە بابەتی زانستیی بە شێوەی پێشوەختە شتێکی ترە.

لۆرانس کڕاوس جارێکی تر، تەنها چەند جیاوازییەکی کەم لە نێوانماندا هەیە. ئێمە ئەقڵمان هەیە لەبەرئەوە دەتوانێت  لە ژێر ناوی نەزمی کۆمەڵایەتیدا زاڵبێت بەسەر ژمارەیەکی جیاواز لە خواستە بایۆلۆجیەکانی تر. لەگەڵ ئەوەشدا، پێم وایە کە زانست دەتوانێت دەستکاری باوەڕە مۆڕاڵییەکانی ئێمە بکات یان دیاریان بکات. بۆ نموونە، ئەو ڕاستیەی کە ناپاکیی فاکتێکی بایۆلۆجییە پێویستە بۆ هەر کەسێکی بیرکەرەوە تاوانبارکردنی “ڕەها” ی ئەو کردەیە بگۆڕێت. زیاد لەوەش، ئەوەی کە زۆرێک لە باوەڕە مۆڕاڵییەکان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕێن مانای ئەوەیە کە فێردەکرێن و لەبەرئەوە سەر بە هەرێمی سایکۆلۆجین. ئەوانەی تر زیاتر جیهانین، لەبەرئەوە ئاڵۆزن- بابەتی نیورۆبایۆلۆجین. زۆر گەڕانەوە بۆ بڕیاری مۆڕاڵیی گریمانەی هەندێک جۆر لە باوەڕی وەهمیانەیە بە ویستی ئازاد کە پێم وایە شتێکی ساویلکانەیە.

لێرەدا دەمەوێت باسەکە بگۆڕم. دان بەوەدا دەنێم کە دڵخۆشم بەوەی تۆ هاوڕایت لەگەڵ ئەوەی “بۆچی لە جێگای هیچ شت هەیە” پرسیارێکە بەباشترین شێوە لەلایەن زانایانەوە وەڵام دراوەتەوە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتیتر بانگەشەی ئەوە دەکەم کە پرسیارە مانادارەکانی “بۆچی” لە ڕاستییدا پرسیارەکانی “چۆن”ن. ئایا تۆ هاوڕایت؟

با نموونەیەکت بدەمێ تا شتەکان لە میانی خۆیاندا دابنێم. ئەستێرەناس جۆهانس کیپلەر[9]  لە ساڵی ١٥٩٥ بانگەشەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی گرنگی “بۆچی” کرد: بۆچی شەش هەسارە هەن؟ پێی وابوو وەڵامەکە لەناو پێنج شکڵە پلاتۆ-ییەکان[10] دایە کە دەتوانرێت ڕووەکانیان لە فرەلا[11] ئاساییەکان پێکبهێنرێن- سێگۆشەکان، چوارگۆشەکان و هیتر- هەروەها دەتوانرێت بەهۆی گۆیەکانەوە کە قەبارەیان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ڕووەکان زیاد دەبێت، لە چێوە بگیرێن. لەبەرئەوە ئەگەر ئەم گۆیانە، گریمانەی ئەوەی کرد، خوولگەکانی هەسارەکانیان جیاکردەوە، لەوانەیە لە دوورییە ڕێژەییەکانیان لە خۆر و ژمارەیان وەک ئاشکراکردنی ئەقڵی خودا تێبگەین، هەڵبەت بە هەستێکی قووڵ.

لەو کاتەدا “بۆچی” مانادار بوو لەبەرئەوەی ماناکەی مەبەستی گەردوونی ئاشکرا دەکرد. ئێستا، دەزانین کە پرسیارەکە بێمانایە. نەک تەنها دەزانین شەش هەسارە نین، بەڵکو زیاد لەوەش، دەزانین کۆمەڵەی خۆری ئێمە تاقانە نییە و بە شێوەیەکی زەروریی ئاسایی نییە. ئینجا پرسیارە گرنگەکە وای لێهات: ” چۆن کۆمەڵەی خۆرەکەمان ئەو ژمارە هەسارانەی هەک کە بەو شێوە دابەش بوون کە بوون؟ ” بۆ نموونە، لەوانەیە وەڵامی ئەم پرسیارە تیشک بخاتە سەر ئەگەری دۆزینەوەی ژیان لە شوێنێکی تری گەردووندا. نەک تەنها “بۆچی” بووە بە “چۆن” بەڵکو ئیتر “بۆچی” هیچ مانایەکی بەسوودی نییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گریمانەی مەبەست دەکات کە بۆ ئەوە هیچ بەڵگەیەک لەئارادا نییە.

جولیان بەگینی نازانم ئەوە باشە یان خراپ بەڵام لە فەلسەفەدا شتێک بەناوی “تەنها” لەبارەی جیاوازییە کەمەکانەوە نییە! بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەسەر بابەتە ئەخلاقییەکان لەوانەیە زۆر لەیەک نزیک بووبین، با قسە لەسەر جیاوازییەکانمان لەبارەی پرسیارەکانی “چۆن” و “بۆچی” بکەین.

جارێکی تر، لەگەڵ زۆرێکی ئەمەشدا هاوڕام. بۆ نموونە، بەو ئارگومێنتە قایل نەکراوم کە دەڵێت هەرگیز هیچ ناکۆکییەک لە نێوان ئایین و زانستدا نییە چونکە ئەوەی دواییان مامەڵە لەگەڵ پرسیارەکانی” چۆن”دا دەکات و ئەوەی پێشەوە مامەڵە لەگەڵ پرسیارەکانی “بۆچی”دا دەکات. ناتوانرێت ئەو دووانە وا بە ئاسانیی لەیەک جیابکرێنەوە. ئەگەر مەسیحییەک بڵێت خودا لێکی دەداتەوە کە بۆچی بیگ بانگ هەبوو، ئەوا بەبێ گومان لەبارەی ڕۆڵی خودا لە چۆنیەتی هاتنەبوونی گەردوونیش قسەی خۆی هەیە. بەڵام تا ئەو ئاستەش ناڕۆم کە بڵێم تەنها دەتوانرێت بە گونجاوی لە هەموو پرسیارەکانی “بۆچی”  وەک پرسیارەکانی ” چۆن ” تێبگەین. ڕوونترین نموونە لێرەدا کردەی مرۆڤە، کە تێیدا بە دەگمەن لێکدانەوەی پێوست بەبێ پرسیارەکانی ” بۆچی ” دەست دەکەوێت. ئێمە بە هۆکار شتەکان ئەنجام دەدەین.

زۆرێک لە فەیلەسوف و زانا پڕاکتیکییەکان وەکو خەیاڵێکی قایلکەر وەسفی ئەمە دەکەن، بیرۆکەیەکی ناڕاست. دەڵێن لێکدانەوەی ڕاستەقینە بۆ کردە مرۆییەکان کەوتووەتە ئاستی “چۆن”ەوە، بەتایبەت چۆن مێشک زانیاریی وەردەگرێت، پڕۆسێسی دەکات و ئینجا کردە درووست دەکات.

بەڵام ئەگەر بمانەوێت بزانین بۆچی کەسێک قوربانیی بۆ کەسێکی نزیکی داوە، وەڵامێکی ڕووتی نیورۆبایۆلۆجی تەواو نابێت. ڕاستییە تەواوەکە ئەوەیە بڵێیت “بۆچی” یەکیش کاریگەر بووە: خۆشەویستیی. بێگومان خۆشەویستیی لە بنچینەدا بەرهەمی داگیرساندنی نیوڕۆنەکان و دەردانی هۆڕمۆنەکانە. ئەوەی کە چۆن بۆچوونە بایۆ-کیمیاییەکان و سایکۆلۆجییەکان بەیەکەوە دەگونجێن لوغزێکی دیارە و هەروەکو وەلانانی ویستی ئازاد لەلایەن تۆوە پێشنیاری دەکات، گریمانە ساویلکەکانی ئێمە لەبارەی ئازادیی مرۆڤ بە نزیکەیی بەبێ گومان هەڵەن. بەڵام هیچ هۆکارێکمان نییە بۆ ئەوەی پێمان وا بێت ڕۆژێک زانست کردنی پرسیارەکانی “بۆچی” لەبارەی ئەو کردانەی مرۆڤ کە وەڵامەکانیان شتی وەک خۆشەویستییە بکات بە شتێکی ناپێویست. یان ئەوە شتێکی بێنرخی ڕۆمانتیکییە؟ هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کە تۆ بۆچی ئەم گفتوگۆیە دەکەیت، هەر لەبەرئەوە دەیکەیت چونکە مێشکت بەو شێوەیە کاردەکات کە دەیکات؟

لۆرانس کڕاوس باشە، بێگومان من چێژ لە گفتوگۆیەکە وەردەگرم، بۆیەش وا دەردەکەوێت کە “بۆچی” دەیکەم. لەگەڵ ئەوەشدا، دەزانم کە چێژەکەم لە پڕۆسەگەلی ئاڵۆزەوە دێت کە وا دەکات مژۆڵبوون بە زمان و فەلسەفەوە چێژبەخش بێت. پێم وایە پێویستە پرسیارەکەت هەڵبگێڕمەوە و بپرسم بۆچی (ئەگەر چاوپۆشی لە پرسیاری “بۆچی” بکەیت!) وا بیردەکەیتەوە کە شتی وەک خۆشەویستی هەرگیز بۆ داگیرساندنی نیوڕۆنەکان و کارلێکە بایۆ-کیمیاییەکان کەم نابێتەوە؟ ئەگەر ئەوە بابەتەکە نەبێت، ئەوا پێویستە شتێک هەبێت زیاتر لە “مادەی فیزیکی” کە دەسەڵاتداربێت بەسەر ئاگاییمانەوە[12]. پێم وایە شتێک نییە پێشنیارێکی وەها بکات. بێگومان، بەهۆی پەرەسەندنی بایۆلۆجیەوە پێشتر لە زۆرێک لە دەرکەوتەکانی قوربانیدان تێگەیشتووین. لە زۆر باردا قوربانیی بۆ مانەوەی گروپێک یان نزیکێک شتێکی باشە. لەم بارەدا بۆ ئاکتی خۆنەویستانە، بۆ هەندێک خەڵک بەشێوەی پەرەسەندن مانادارە، ئەگەر لە تێگەیشتنی بنەڕەتیدا بڵاوبوونەوەی جینەکان بریتی بێت لە کردەی هاندەر. ئەمە بازێکی گەورە نییە لە خەیاڵکردندا تا چاوەڕوانی ئەوە بکەین ڕۆژێک بتوانین ئەو کردە کۆمەڵایەتییانە تێکبشکێنین و لەسەر ئاستی ماکڕۆ لێکۆڵینەوە بکەین بۆ کارکێکە بایۆلۆجییەکان لە ئاستێکی مایکڕۆدا.

بە مانایەکی پڕاکتیکی پوخت دەکرێت ئەنجامدانی ئەمە بە شێوەی هەژماریی لە داهاتوویەکی نزیکدا زۆر قوورس بێت، لەوانەیە بۆ هەمیشەش بەو شێوەیە بێت، بەڵام هەموو ئەو شتەی لە بارەی گەردوونەوە دەیزانم وا دەکات لە بەکارهێنانی وشەی هەمیشەدا توشی خەجڵین بم. بە جۆرێک، ئەوەی کە لەلایەن یاساکانی فیزیاوە وەک شیمانە لانەبراوە حەتمییە. لەبەرئەوە، ئێستا من ناتوانم خەیاڵی ئەوە بکەم بتوانم بە شێوەی هەژماریی جووڵەی تەنۆلکەکانی ناو ئەو ژوورە دیاری بکەم کە تێیدا هەناسە دەدەم، لەبەرئەوە پێویستە چەندییەتیەکی تێکڕا وەربگرم و ئامار بەکار بهێنم تاوەکو ڕەفتارە فیزیاییەکان هەژمار بکەم. بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان، کێ دەزانێت وادەبێت؟

جولیان بەگینی کێ دەزانێت؟ بێگومان. هەر لەبەر ئەوەشە پێویستە فەلسەفە قبووڵی بکات کە لەوانەیە ڕۆێک ببێت بە ناپێویست و زیادە. بەڵام پێویستە زانستیش ئەوە قبووڵ بکات کە لەوانەیە سنوورێکی هەبێت.

پێم وانییە لە گەردووندا شتی زیاتر لە شتی زانستە فیزیاییەکان هەبێت. بەڵام گومانم هەیە هەرگیز ڕەفتاری مرۆیی بەتەنها لەلایەن فیزیا و زیندەوەرزانییەوە لێکبدرێتەوە. هەرچەندە ئێمە ڕێک لەو شتە درووست بووین کە ئەستێرەکانی لێ درووست بووە، ئەو شتە بە شێوەیەکی هێندە ئاڵۆز خۆی ڕێکخستووە کە شتی وەکو ئاگایی دەرکەوتوون کە ناتوانرێت تەنها بە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتە بنچینیەییەکانی وەک بۆزۆن[13] و فێرمیۆنەکان[14] بەتەواوی لێی تێبگەین. بە لایەنی کەمەوە  من پێم وایە ناتوانن. پێم خۆشە کە فیزیکزانەکان هەوڵبدەن. بەڵام تا کاتێک سەردەکەون، پێم وایە پێویستە خۆیان بە دوور بگرن لەو بانگەشانەی کە دەڵێن تاکە پرسیارە مانادارەکان پرسیارە زانستییەکانن و تەواوی ئەوەی تر ژاوەژاوە. ئەگەر ئەوە ڕاست بووایە، ئەم گفتوگۆیەش ژاوەژاو نەدەبوو؟

لۆرانس کڕاوس کەواتە دەتوانین بە هاوڕاییەکی بنچینەیی کۆتایی پێبێنین. پێم وایە زۆرێک لە خەڵک پێیان وایە زۆرێک لە گفتوگۆیەکانی من لە ژاوەژاوێک زیاتر نین، بەڵام لە هەر بارێکدا، لە ڕاستیدا ئێمە وەڵامی ئەوە نازانین کە ئایا زانست وێنەیەکی تەواوی حەقیقەت دەستەبەر دەکات یان نا، تا هەوڵ نەدەین وەڵامەکە نازانین. من و تۆ بەشێوەی بنچینەیی هاوڕاین کە حەقیقەتی فیزیایی هەموو ئەوەیە کە هەیە، بەڵام تاکە جیاوازیمان لە ئاستی گەشتبینیماندایە لەبارەی ئەوەی کە تا چەند دەتوانین بە شێوەیەکی کاریگەر و تەواو بەهۆی میتۆدە زانستییەکانەوە لەوە تێبگەین. سەرسوڕمانی من بەهۆی ئەو بەرەوپیشچوونەوە بەردەوام دەبێت کە شتێکی شیاوە لە سایەی کردنی پرسیارەکانی هەمبەر سروشت و وەڵامدانەوەیان بە تاقیکردنەوە. پێم وایە تێگەیشتن لە ئەستێرەکان ئاسانترە لە تێگەیشتن لە مرۆڤەکان، بەڵام ئەمە ئەو شتەیە کە پڕۆژەکە سەرنجڕاکێشتر دەکات. نهێنییەکان ئەوانەن کە وا دەکەن ژیان شایەن بە ژیان بێت و ئەگەر ڕۆژێک بێت  نەتوانین چیتر ئەو پرسیارە وەڵامدەرەوانە بدۆزینەوە کە هێشتا پێویستیان بە وەڵامە و ئەو گرێکوێرانە بدۆزینەوە کە دەکرێت بکرێنەوە، خەمبار دەبم. ئەوەی سەرسامم دەکات ئەوەیە کە چۆن بووین بە قوربانیی سەرکەوتنەکانی خۆمان، بە لایەنی کەمەوە لە هەندێک بواردا. کاتێک باس دێتە سەر گەردوون وەکو گشتێک، لەوانەیە بە شێوەیەکی ترسناک لە سنوورەکانی لێکۆڵینەوەی ئەزموونیی وەک ڕێپیشاندەرێک بۆ تێگەیشن نزیک بووبینەوە. لە دوای ئەوە، پێویستە تەنها پشت بە ئایدیا باشەکان ببەستین، ئەمەش هەمیشە زۆر قوورسە و کەمتر پشتپێبەستراوە.

سەرچاوە

https://www.theguardian.com/science/2012/sep/09/science-philosophy-debate-julian-baggini-lawrence-krauss?newsfeed=true


[1] – Julian Baggini

[2] – Lawrence Krauss

[3] – suffer from lab-coat envy

[4] – neurobiology

[5] – evolutionary biology

[6] – scientism

[7] – Lewis Carroll

[8] – Alice

[9] – Johannes Kepler

[10] – five Platonic solids

[11] – polygon

[12] – consciousness

[13] – bosons

[14]– fermions

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *