تیشکدانەوەی هۆوکین

چاڵە-رەشەکان کونی ئێجگار گەورەن و لە نێو فەزا-زەمەندا بڵاوبوونەتەوە، ئەم چاڵانە ئەوەندە قووڵن، تەنانەت روناکیش توانستی هەڵاتن و قوتاربوونی نییە لە رکێف و چڕنوکی قودرەتی هێزی کێشكردنیان. باوەڕی باڵادەست بە شێوەی کلاسیکی بەوجۆرەیە چاڵە-رەشەکان هەموو شتێک، هەموو خاشاکێک هەڵدەلوشن و هیچ شتێک پەخش ناکەن، تەنها ئەوە نەبێت کوانتەم مۆڵەت بە هەندێک شت دەدات. بەڵام هۆوکین پێشنیازی ئەوەی کرد چاڵە-رەشەکان دەتوانن تەنۆڵکە پەخش بکەن و هەر بە هۆی ئەم دیاردەیەوە سەرەنجام دەچنەیەک.

لە ساڵانی هەفتاکانی سەدەی بیستەمدا، تیۆرییەکانی کێشکردنی کوانتەمی دوو دڵی و نایەقینی پێوە دیاربوو. برایس دیویت ئیشارەی بە فەنکشنی-شەپۆلکەی خۆی سەبارەت بە گەردون دا و دوایی گووتی’ ئەو هاوکێشە نەعلەتییە’ کەس نەیدەزانی مانای چییە. تیوریستانی نسبییەت رویانکردە بایەخدان بە چاڵە-رەشەکان. لە 1960 کاندا چاڵە-رەشەکان وەک فەرزییەیەک سەیردەکرا کە سەرچاوەی وزەی کوەیزەرەکان بوو، ئەمانە تازە بە تازە دۆزرابوونەوە – گالاکسی بوون و کرۆکەکەیان ئەوەندە گەش بوو کە شەوقیان زۆر لە ئەستێرەکانیان زیاتربوو.

ئایدیای چاڵە-رەشەکان سەرەتا لە سەدەی هەژدەدا لە لایەن قەشە و ماتماتیکناس و جیۆلۆجیستی ئنگلیزی، جۆن میچڵەوە، پەرەی پێدرا و ئیشارەی پێداوە، دوای دە ساڵیش ماتماتیکناسی فەرەنسی، پێرییە-سیمۆن لاپلاسەوە، لە ساڵی 1794 باسکراوە. بەڵام کاتێک لە ساڵی 1915 دا، ئاینشتاین، تیوری گشتی بڵاوکردەوە، فیزیکناسێکی ئەڵمانی بە ناوی کارڵ شوارتزچایەڵدەوە، سەرقاڵی خۆئامادەکردن بوو بۆ ئەوەی بچێت بۆ بەرەکانی جەنگ و دژی روسەکان بجەنگێت، لە پریاسکەکەیدا پەیپەرەکانی ئاینشتاینی پێچایەوە و بردی، ئنجا چووە قافڵەوە. کاتێک لە بەرەی شەڕدا بوو، دوای چەند هەفتەیەک، کاتێک ئارامی و هێمنی باڵی کێشا بەسەر مەیدانی شەڕدا، کەوتە تاووتوێی هاوکێشەکانی کێشکردنی تیوری گشتی نسبی ئاینشتاین. شوارتزچایەڵد، وەک دیاردەیەکی ماتماتیکی لە هەناوی هاوکێشەکاندا، گەیشتە ئەو ئەنجامەی چاڵە-رەشەکانی دۆزییەوە و سیمایەکی ئەم دیاردە سەیرانەی خستەڕوو، ئەمانە چاڵی قوڵی نێو فەزا-زەمەنن. لە هاوکێشەکانی تیوری گشتیدا، فەزا و زەمەن پێکەوە گرێدراون و رەوشیان وەک پەردەیەکی لاستیکی فراوان وایە. هێزی کێشكردن دەبێت بە هۆی دروستکردنی پشێویی یان شێواندنی ئەم پەردە یان چەرچەفە لاستیکییە، پشێوییەکە بە پێێ بارستایی تەنەکە دەگۆڕێت. کاتێک تەنێکی قورس دەکەوێتەوە فەزا-زەمەنەوە و راکێشانەکەی یەکسانە بەو هێزەی ئەگەر خلۆربیتەوە بۆ نێو لێژاییەکە، لەوانەیە رەوتەکەت بچەمێنێتەوە یان بتخاتە سەر رێڕەوی خولگەکەی.

ئاسۆی رووداو

چاڵە-رەشەکان بۆیە ئەم ناوەیان پێوە لکاوە چونکە تەنانەت روناکی توانستی قوتاربوونی نییە لە رکێفیان. ئەگەر تۆپێک بە ئاراستەی ئاسمان هەڵبدەی، ئەوا دەگاتە بەرزییەک و ئنجا بەرەو خوارەوە دەگەڕێتەوە. هەتا خێراتر تۆپەکە هەڵبدەی، زیاتر بەرز دەبێتەوە. خۆ ئەگەر وەک خێراییەکی پێویست هەڵتدا، ئەوا عەرد جێدەهێڵێت و لە رکێفی کێشكردنی زەوی قوتاردەبێت و بە بارتەقای فەزادا بۆ خۆی گیزە دەکات. ئەو خێراییەی بۆ ئەم مەبەستە پێویستە، پێێ دەگوترێت خێرایی هەڵاتن و بریتییە لە 11 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا.

ساروخێک پێویستی بەم خێراییە هەیە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی هێزی کێشکردنی زەوی رزگاری بێت و هەڵبێت. ئەگەر لەسەر روی مانگێک وەستابیت، ئەوا خێرایی هەڵاتنی لە هی زەوی بچوکترە و دەکاتە 2.4 کیلۆمەتر لە چرکەیەدا. بەڵام ئەگەر لە سەر روی هەسارەیەک وەستابیت کە گەورەتر بێت، ئەوا خێرایی هەڵاتنەکەی گەورەترە. ئەگەر بارستایی ئەو هەسارەیە بە پێێ پێوست قورس بێت، ئەوا خێرایی هەڵاتنەکەی ئەوەندە بەرز دەبێت کە تەنانەت روناکیش توانستی هەڵاتنی نابێت و دەگەڕێتەوە بۆ هەناوی هەسارەکە.

ئەگەر لە دوورەوە بە لای چاڵە-رەشێکدا گوزەربکەی، لەوانەیە رەوتەکەت بەرەو چاڵە-رەشەکە بچەمێتەوە، بەڵام پێویست ناکات بکەویتە نێوییەوە. فۆتۆنێکی رووناکیش هەر هەمان چارەنوسی هەیە. ئەو دوورییە شلۆقەی لە نێوان ئەم دوو دەرەنجامەدا سنووری کێشاوە پێی دەگوترێت ئاسۆی رووداو. هەرچی شتێک دەکەوێتە نێو سنوورەکانی ئاسۆی روداوەوە، بەرەو چاڵە-رەشەکە شۆڕدەبێتەوە.

ئەستێرە بەستووەکان

کاتێک پارچەیەک مادە دەکەوێتە نێو چاڵە-رەشێکەوە، دەتوانیت گوزەری ئەو مادەیە ببینیت. زەمەن لە نزیکییەوە خاودەبێتەوە. تیشکی روناکی کاتێک لە نزیک چاڵە-رەشێکەوە گوزەردەکات، کاتێکی زیاتری پێدەچێت بۆ ئەوەی بە پێدەشتی فەزا-زەمەنێکی چەماوەدا سەفەربکات و بگاتە ئێمە.

ئەو کاتەی لە روانگەیەکی دوورەوە سەیری مادەکە دەکەین کاتێک ئاسۆی روداو دەبڕێت، لە هەقیقەتدا زەمەن دەچێتە حاڵەتی وەستانەوە. مادەکە لەو خاڵەدا کە دەکەوێتە ناوەوە بە مردویی دەبینین. ئاینشتاین و شوارتزچایەڵد، لە ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەمدا، پێشبینی بوونی ”ئەستتێرە بەستووەکانیان” کرد کە لە کەناری هەرەسدان. فیزیکناس جۆن ویللەر، لە ساڵی 1967 ناوەکەی بە جۆرێکی تر هاتە سەر زمان و گوتی چاڵە-رەشەکان.

ئەسترۆفیزیکناس سوبرەحمانیان چاندراخەر بە وردی هەرەسهێنانی ئەستێرەکانی بۆ چاڵە-رەشەکان تاووتوێ کردووە. چاندراخەر ئەوەی خستەڕوو ئەستێرەکانی وەک خۆری لەمەڕ خۆمان، کاتێک پرۆسەی کارلێکی ناوەکی خۆیان دەکوژێتەوە، بە پێی پێویست قورس نین بۆ ئەوەی لە ژێر کاریگەری کێشی خۆیاندا هەرەس بهێنن، بەڵام ئەو ئەستێرانەی بارستاییەکانیان 1.4 ئەوەندەی بارستایی خۆرە هەرەس دەهێنن. بەڵام ئەمانە لە سایەی فشاری کوانتەمی پرینسیپی لەناوچونی پاوڵیدا دەتەقنەوە – و دەبێت بە هۆی لەدایکبوونی قەموورە سپییەکان و ئەستێرە نیوترۆنییەکان. تەنها ئەو ئەستێرانەی کە بارستاییان سێ ئەوەندەی بارستایی خۆرە زیاتر دەچنەیەک و چاڵە-رەش دروست دەکەن.

هەتا ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو چاڵە-رەشەکان لە فەزادا جێگای گومان بوون. سەرباری ئەوەی تاریکن، بەڵام چەند رێگایەک هەن کە دەتوانین بڵێین هەن. ئەو کایە کێشكردنە توند و پڕ رەهێڵەیەی چاڵە-رەشەکان دروستی دەکەن دەبن بە هۆی راکێشانی هەموو تەنێکی وەکو ئەستێرەکان بۆ لای خۆیان. گازیش بۆ لای خۆیان کێش دەکەن و ئنجا گەرم دەبن، دەگەشێنەوە و دەکشێن.

چاڵە-رەشێکی زەبەلاح لە نێو چەقی گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆمان، رێچکەی شیری، دەستنیشان کراوە. بارستاییەکەی یەک ملێۆن ئەوەندەی بارستایی خۆرە و لە دەڤەرێکدا چڕبووەتەوە یان چووەتەیەک کە نیوەتیرەکەی تەنها دە ملیۆن کیلۆمەترە( دەکاتە سی چرکە روناکی). فەلەکناسان وەدوی خوڵگەی ئەو ئەستێرانە کەوتوون کە لە نزیک چاڵە-رەشەکەوەوە دەجوڵێن و سەیریان کردووە کاتێک لە چاڵە-رەشەکە زۆر نزیک دەبنەوە، لە ناکاو رەوتەکەیان دەگۆڕن. هەروەک چۆن کاتێک کلدارەکان(کۆمێتەکان، وەکو هەیللی) بە لای خۆردا گوزەردەکەن، فۆرمی خولگەکەیان دەبێتە سیمایەکی هێلکەیی و خۆر فڕێیان دەداتە دەرەوە، بە هەمان شێوەش ئەم ئەستێرانە لە نێو جەرگەی رێچکەی شیریدا بە شێوازێکی سەیر و غەریب بە دەوری چاڵە-رەشەکەدا دەسوڕێنەوە.

چاڵە-رەشەکان ماشێنی سەرەکی وزەی کوەیزەرەکانن. ئەو گازەی دەکەوێتە نێو چاڵە-رەشەوە لە ئاسابەدەر گەرم دەبێت و بە فراوانی دەدرەوشێتەوە. دەکرێت ئەو چاڵە-رەشەش کەشف بکرێت کە بارستاییەکەی هێندەی بارستایی ئەستێرەیەکە، بە هۆی تیشکی-ئێکسی ئەو گازە گەرمەی بە دەوریدا دەخولێتەوە.

چآڵە-رەشە بە هەڵم-بووەکان

خۆ ئەگەر چاڵە-رەشەکان بە گازیش دانەپۆشرابن، ئەوە بە تەواوی رەش نین.مەبەست لە کاریگەرییەکانی کوانتەم ئەوەیە هەلێک هەیە بۆ ئەوەی هەندێک تیشک هەڵبێت و بۆی دەربچێت، هەروەک سیڤن هۆوکین لە هەفتاکاندا دۆزییەوە.

بە پێی پرینسیپی هەیزنبێرگ، تەنۆلکە و دژە-تەنۆلکە بە بەردەوامی لە بۆشاییدا لە دروستبون و لە لەناوچوندان. هەر کاتێک لە نزیک ئاسۆی روداوی چاڵە-رەشەوە هاتنە ئاراوە، ئەوا ئیحتیمالی هەیە یەکێکیان بکەوێتە نێو چاڵە-رەشەکەوە و ئەوی تریان قوتاربێت. ئەم تیشک هەڵاتنە یاخود بۆدەرچوونە بە تیشکدانەوەی هۆوکین ناسراوە، چونکە چاڵە-رەشەکان کاتێک تیشکە-تەنۆڵکە پەخش دەکەن و وزەش لەدەست دەدەن، بەمجۆرە چاڵە-رەشەکە بە هێواشی دەچێتەیەک. دوای بلیۆنان ساڵ، دەشیت وە مومکینە سەرتاپا ببێت بە هەڵم.

داستانەکە لەوە زیاتر هەڵدەگرێت. ئەگەر تەنێک بکەوێتە نێو چاڵە-رەشێکەوە، چی بەسەر هەموو ئەو زانیارییەدا دێت لە تەنەکەدا بووە؟ ئایا بۆ هەمیشەیی ون بووە یان هەندێک لە خاسیەتە کوانتەمییەکانی پارێزراودەبێت و لە پرۆسەی تیشکدانەوەی هۆوکیندا دێتە دەرەوە؟ ئەگەر یەکێک لە جووتە تەنۆڵکە لە یەکتر ئاڵاوەکە کەوتە نێو چاڵە رەشەکەوە، ئایا هاوسەرە ئازادبووەکەی زانیارییەکەی لایە؟

هۆوکین باوەڕی وابوو زانیاری کوانتەمی لەناودەچێت. فیزیکناسانی تر بەوجۆرە بیریان نەکردەوە، لەگەڵ هۆوکین کۆک نەبوون. هەتا گرەوێکی بەناوبانگ ئەنجامدرا. لە ساڵی 1997 دا، جۆن پرێسکڵ گرەوی لەگەڵ هۆوکین و کیپ تۆرندا کرد. پرێسکڵ گوتی زانیاری لە نیو چاڵە-رەشدا لەناوناچێت، هۆوکین و تۆرن گوتیان لەناودەچێت.

لە 2004 دا، هۆوکین نامەیەکی زانستی بەچاپ گەیاند، لە نامەکەدا، بانگەشەی ئەوەی کرد پارادۆکسەکە، واتە مەتەڵەکە، یەکلایی بووەتەوە–کاریگەرییەکانی کوانتەمی لە ئاسۆی روداودا مۆڵەت دەدەن بەوەی زانیاری لە چاڵە-رەشەکانەوە قوتارببێت. هۆوکین دیارییەکەی نارد بۆ جۆن پرێسکڵ کە بریتی بوو لە ئینسایکلۆپیدیایەک ” بە پێێ پێویست زانیاری لێ دێتە دەر”، هەرچۆنێک بێت، تۆرن، قەناعەتی نەهێنا و لە لای خۆیەوە دەستبەرداری گرەوەکەی نەبوو.

هۆوکین لە دەورانی جەنگی جیهانی دووەمدا لەدایکبووە، لە ئۆکسفۆرد، لە ئنگلتەرە، گەورەبووە. لە ئۆکسفۆر فیزیکی خوێندووە و دوایی چووەتە زانکۆی کامبریج بۆ ئەوەی بە سەرپەرشتی دێنیز شیەما کۆزمۆلۆژی بخوێنێت. لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا دوچاری نەخۆشی ئیفلیجی دەماری بوو، پێێ دەگوررێت ئەی.ئێڵ.ئێس، ئەم نەخۆشییە هەموو دەمارەکانی جوڵە بە تەواوی لە کاردەخات، بەڵام مێشك بە تەرزێکی تەندروست فەرمانی بیرکردنەوەی خۆی ئەنجام دەدات. دکتۆرەکان پێیان راگەیاندا تەنها دوو ساڵی تر دەژی و هیچی تر، یانی دەمرێت. بەڵام ساڵ هات و ساڵ چوو، لە ژینا هەر بەردەوام بوو، خۆی بە بەختەوەرترین مەخلوقی ئەم دونیایە دەزانی. لە ساڵی 1979 وە بۆ 2009 خاوەنی کورسی لۆکازیانی نیوتن بوو لە ماتماتیکدا. هۆوکین رۆڵێکی بەرچاو و گەورەی گێڕاوە لە جیهاندا بۆ بڵاوکردنەوەی زانستی کۆزمۆلۆژیا. کتێبەکەی، کورتە مێژووی زەمەن، بەرزترین تۆماری لە سەرتاپای مێژووی فرۆشتنی کتێبی زانستیدا تۆمارکردووە. لە ساڵی 2018 دا بۆ یکجاری ماڵئوای لە دونیای حازری کردووە و مردووە.

هێڵی زەمەنی

 1784 جۆن میچڵ دەڵێت مومکینە ئەستێرەی تاریک بوونی هەبێت.

1939 پێشبینیکردنی بوونی ئەستێرە بەستووەکان.

 1965 دۆزینەوەی کوەیزەرەکان.

 1967 جۆن ویللەر ئەستێرە بەستووەکان ناودەنێت چاڵە-رەشەکان.

 1974 هۆوکین پێشنیازیکرد کە چاڵە-رەشەکان خاسیەتی تیشکدانەوەیان هەیە.

 1997 پرێسکڵ گرەو لەگەڵ لەگەڵ هۆوکین و تۆرندا دەکات لەسەر ئەوەی کە زانیاری لە ناو چاڵە-رەشەکاندا ون نابێت.

 2004 هۆوکین دەستبەرداری گرەوەکە دەبێت و سازش دەکات.

 2018 هۆوکین دەمرێت.

بە دەستکارییەوە.

شێرکۆ رەشید قادر

Baker, Joanne. 50 Quantum Physics Ideas You Really Need to Know (50 Ideas You Really Need to Know series) . Quercus. Kindle Edition.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *