لە نێو چاڵە رەشەکاندا چ خەبەرە؟

دەڵێن هەقیقەت هەندێکجار لە داستانی خەیاڵی سەیرترە، ئنجا هێچ شتێک لەوە راستتر نییە کە دێتە سەر مەسەلەی چاڵە-رەشەکان. چاڵە-رەشەکان زۆر لەوە سەیرترن کە نوسەرانی داستانی خەیاڵی-زانستی خەونی پێوەدەبینن، بەڵام دەتوانین بە راشکاوی بڵێین ئەمانە شتێکن کە هەقیقەتی زانستین.

لە دوا کتێبی ستیڤن هۆوکین:

 وەڵامە کورتەکان بۆ پرسە گەورەکان.

یەکەم ئاخافتن لەمەڕ چاڵە رەشەکان لە ساڵی 1783 دا لە لایەن پیاوێکی کامبریج، بە نێوی جۆن میچڵەوە، بوو. مشتومڕەکەی بەمجۆرە بوو. ئەگەر یەکێک هات و تەنێکی وەکو تۆپی بە ئاراستەی ئاسمان تەقاند، ئەوا بە هۆی هێزی کێشکردنەوە خاودەبێتەوە. سەرەنجام، تەنەکە لە جوڵەی بۆ ئاسمان دەکەوێت، ئنجا بەرەو عەرد دێتەوە. خۆ ئەگەر بێتوو خێرایی سەرەتایی تەنەکە بە ئاڕاستەی ئاسمان گەورەتربوو لە بەهای شلۆق، ئەوا پێی دەگوترێت خێرایی هەڵاتن و کێشكردن چیتر ئەوەندە بە قودرەت نابێت تا بتوانێت تەنەکە بوەستێنێت. بەمجۆرە تەنەکە قوتاردەبێت و دەردەچێت. خێرایی هەڵاتن بۆ زەوی تەنها شتێک بەرزترە لە 11 کم/چرکەیەکدا، بۆ خۆریش نزیکە 617 کم/چرکەیەکدا. ئەم دووانە، هەردووکیان بەرزترن لە خێرایی راستەقینەی تۆپ-هاوێژەکە. بەڵام ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ خێرایی روناکیدا، ئەوا نزمن، چونکە خێرایی روناکی 300000 کم/چرکەیەدا. بەمجۆرە روناکی دەتوانێت خۆ قوتاربکات لە عەرد یان خۆر بە بێ هیچ زەحمەتێک. بەڵام پێدەچێت مشتومڕەکەی بەوجۆرە بێت کە لەوانەیە ئەستێرە هەبێت زۆر لە خۆر زەبەلاحتر و خێرایی هەڵاتنیان زۆر گەورەتربێت لە خێرایی روناکی. ئێمە توانستی بینینیمان نییە، چونکە هەر روناکییەک ئەستێرەکە ئیفرازی دەکات بە هۆی کێشكردنەوە دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی خۆی. بەمجۆرە دەبنە ئەو ئەستێرەیەی جۆن میچڵ پێیان دەڵێت ئەستێرە تاریکەکان، ئەوەی ئێمە ئێستا پێێان دەلێین چاڵە-رەشەکان.

بۆ تێگەیشتن لەمە، پێویستە لە کێشکردنەوە دەست پێ بکەین. کێشکردن لە تیوری گشتی نسبییەتی ئایشتایندا وەسفکراوە، ئەو تیورییەی هەم لە فەزا و زەمەن و هەم لە کێشکردنیشدا هەیە. رەوشی فەزا و زەمەن ملکەچی کۆمەڵێک هاوکێشەیە کە بە هاوکێشەکانی ئاینشتاین ناودەبرێن و لە ساڵی 1915 دا نمایش کراون. سەرباری ئەوەی کێشکردن لاوازترین هێزە لە نێو ئەو هێزانەی بە هێزەکانی سروشت ناودەبرێن، بەڵام ئەگەر بەراوردبکرێت بە هێزەکانی تر، ئەوا دوو لایەنی ئیجابی بنەڕەتی لەخۆدەگرێت. یەکەم، لە مەدایەکی دووردا کاریگەری هەیە. خۆر، کە نەوەد و سێ ملیۆن میل (سەد و پەنجا ملیۆن کیلۆمەتر) لە عەردەوە دوورە، عەردی لە رەوتەکەی خۆیدا هێشتووەتەوە، خۆریش، ئەویش کە دە هەزار ساڵی رووناکی (لە گالاکسییەکەمانەوە) دوورە، لە رەوتەکەیدا بە دەوری چەقی گالاکسیی رێچکەی شیریدا ماوەتەوە. لایەنی ئیجابی دووەم بریتییە لەوەی هێزی کێشکردن هەمیشە هێزێکە تەنەکان بۆ لای خۆی رادەکێشیت. بە پێچەوانەی هێزی کارەباییەوە کە دەکرێت هەر یەک لە هێزی کێشكردن یان دورکەوتنەوە بێت. ئەم دوو خەسڵەتە، ئەوە دەگەیەنێت لە ئەستێرەیەکی زۆر زەبەلاحدا هێزی کێشکردنی نێوان دوو تەنۆڵکە بەسەر هەموو هێزەکانی تردا باڵادەست بێت و ببێت بە هۆی هەرەسهێنانی کێشکردن. سەرباری ئەم هەقیقەتانە، کۆمەڵگەی زانستی زۆر خاوبوون لەوەدا دەرک بەوە بکەن کە ئەستێرەی زەبلاح لەوانەیە لە سایەی هێزی کێشكردنی خۆیاندا بۆ ناوەوەی خۆیان هەرەس بهێنن و چۆنیش تاووتوێی رەوشی پاشماوەکەی بکەن. تەنانەت ئەلبێرت ئاینشتاین خۆشی پەیپەرێكی لە ساڵی 1939 دا نوسی کە بانگەشەی ئەوەی کرد ئەستێرەکان ناتوانن لە سایەی کێشكردنی خۆیاندا هەرەس بهێنن، چونکە لە دوی خاڵێکەوە چیتر ناتوانرێت بگوشرێت (یان چڕبکرێتەوە). زۆرێک لە زانایان کۆک بوون لەگەڵ ئایدیا سەیرەکەی ئاینشتایندا. ئەوەی لە نێویاندا بە شێوەیەکی بنەڕەتی شازبوو زانای ئەمریکی جۆن ویلەر بوو، ئەویش لە زۆر لایەنەوە لە ساڵانی1950  و 1960 دا پاڵەوانی داستانی چاڵە-رەشەکان بوو، ویلەر سوربوو لەسەر ئەوەی زۆر ئەستێرە سەرەنجام هەرەس دەهێنێ و تاووتوێی ئەو پرسانەی کرد کە روبەڕوی فیزیکی تیوری بوونەوە. هەر ئەویش، واتە جۆن ویلەر، گەلێک لە خاسیەتەکانی ئەو تەنانەی پێشبینیکرد کە بە ئەسڵ ئەستێرە بوون و هەرەسیان هێناوە – واتە بوونەتە چاڵە-رەش.

بە درێژایی ژیانی ئەستێرەیەکی ئاسایی، کە بلیۆنان ساڵ دەبێت، ئەستێرەکە دژایەتی هێزی کێشكردنی خۆی دەکات، ئەو هێزەی بە هۆی فشاری گەرمی پرۆسە ناوەکییەکانەوە دروست دەبێت، کە تێیدا هایدرۆجین دەگۆرێت بۆ هیلیۆم. بە هەرحاڵ لە کۆتاییدا ئەستێرەکە هەموو وزە ناوکییەکەی بەکاردێنێت. ئەستێرەکە دەچێتەوەیەک. لە هەندێک حاڵەتدا، لەوانەیە وەک ئەستێرەیەکی قەموری سپی خۆی بژێنێت، کە خاشاکی چڕی ناوەوەی کرۆکی ئەستێرەیەکە. هەرچۆنێک بێت، سوبرەحمانیان چاندراساخار[1]، لە سالی 1930 دا، ئەوەی خستەڕوو کە بەرزترین بارستایی ئەستێرەیەکی قەموری سپی نزیکەی 1.4 ئەوەندەی بارستایی خۆرە. هاوشێوەی بەرزترین بارستایی لە لایەن فیزیکناسی روسی لیو لانداوەوە بۆ ئەستێرەیەک حساب کراوە کە سەرتاپا نیوترۆنە.

ئایا چارەنوسی ئەو ئەستێرە بێشوومارانە چییە کە بارستاییەکانیان گەورەترە لە بەرزترین بارستایی ئەستیرە قەمورە سپییەکان یان نیوترۆنەکان کاتێک وزەی ناوکی خۆیان تەواوبووە؟ پرسەکە لە لایەن رۆبێرت ئۆپینهایمەرەوە تاووتوێ کرا، ئەو زانایەی دوایی بە بۆمبی ئەتۆمی شۆرەتی پەیداکرد. لە دوو پەیپەری زانستیدا، لە سالێ 1939 لەگەڵ جۆرج ڤۆڵکۆڤ و هارتلاند سنیادەردا بڵاویکردەوە، ئەوەی خستەڕوو کە ناتوانرێت ئەم جۆرە ئەستێرانە بە فشار رابگیرێت. خۆ ئەگەر فشارمان فەرامۆش کرد، ئەوا ئەستێرەیەکی خۆجێیی سیستەماتیکی گۆیی رێک دەچێتەوەیەک بۆ تاقە نوقتەیەک کە چڕییەکەی ناکۆتایە. ئەم جۆرە خاڵانە پێیان دەگوترێت سینگولارەتی هەموو تیورییەکانی فەزا لەسەر ئەو فەرزیەیە بەرجەستەبوون کە فەزا-زەمەن نەرمە و بە نزیکەییش تەختە، بەمجۆرە لە سینگولارەتیدا شکست دەهێنن، کە تێیدا چەمانەوەی فەزا-زەمەن ناکۆتایە. لە هەقیقەتدا، ئەمە هێمایە بۆ کۆتایی فەزا و زەمەنیش خۆی. بۆیە لای ئاینشتاین ئەمە شتێک بوو شایانی رەتکردنەوە بوو.

ئیتڕ جەنگی دووەمی جیهانی بەرپابوو. زۆربەی زانایان، لە نێویاندا رۆبێرت ئۆپینهایمەر، رویانکردە فیزیکی ناوکی، پرسی هەرەسهێنانی کێشكردن بە زۆری چووە خانەی بیرچونەوەوە. بایەخدان بە مەسەلەکە دیسانەوە لەگەڵ دۆزینەوەی ئەو تەنانەدا ژیایەوە کە بە کوەیزارەکان[2] ناسرابوون. یەکەم کوەیزەر، 3C273 ، لە ساڵی 1963 دا دۆزرایەوە. هەر زوو کوەیزەری تر دۆزرایەوە. سەرباری ئەوەی لە عەردەوە دووربوون بەڵام سیمایان گەشاوەبوو، دەرچووی وزەیان هیچ کاریگەری نەبوو لەسەر پرۆسەی ناوکییان، چونکە تەنها هۆکار ئەوەیە کە بڕێکی بجکۆلە لە باقیاتی بارستەیەکەیان وەکو وزە پەخش دەکەن. تەنها بەدیلیش بریتی بوو لەو وزە کێشکردنەی لە هەرەسهێنانی کێشکردنەوە پەخش دەبێت.

هەرەسهێنانی کێشكردنی ئەستێرەکان دیسانەوە دۆزرایەوە. کاتێک ئەمە رودەدات، کێشکردنی تەنێک هەموو مادەکانی دەوروبەری خۆی بەرەو ناوەوەی خۆی رادەکێشێت. دەرکەوت ئەستێرەیەکی گۆیی رێک سەرەنجام لە خاڵێکدا دەچێتەوەیەک کە چڕییەکەی ناکۆتایە، بە واتایەکی تر دەبێت بە خاڵی سینگولارەتی. بەڵام چی دەبێت ئەگەر ئەستێرەکە هەم گۆیی و هەم رێک نەبێت؟ تۆ بڵێیت ئەم نارێکی دابەشبونەی ئەستێرەکە ببێت بە هۆیەک کە هەرەسهێنانی ئەستێرەکە ناڕێک بێت و خۆ لە سینگولارەتی لابدات؟ لە پەیپەرێکی نایابدا لە 1965 ، رۆجەر پێنرۆز ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ ئەوەشدا سینگولارەتی بوونی هەر دەبێت، ئەویش بە هێنانەوەی ئەو هەقیقەتەی کە کێشکردن هێزی یەکترڕاکێشانە.

لە سینگولارەتیدا، ناتوانرێت هاوکیشەکانی ئاینشتاین پێناسەبکرێن. مەبەست لەمە ئەوەیە لەم نوقتەیەدا کە چڕییەکەی ناکۆتایە ئنسان ناتوانێت پێشبینی ئایندە بکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەر کاتێک ئەستێرەیەک هەرەس دەهێنێت لەوانەیە شتێکی غەریب روبدات. خۆ ئەگەر سینگولارەتییەکە روتبوو- واتە بە توێکڵ دەورە نەدرابوو- ئەوا هیچ کاریگەری لەسەرمان نابێت. پێنرۆز پێشنیازی فەرزییەی رەقابەی گەردونی cosmic censorship conjecture کرد: کاتێک هەمو سینگولارەتییەکان لە ئەنجامی هەرەسهێنانی ئەستێرە و تەنەکانی ترەوە دروست دەبن لە ناو چاڵە-رەشدا پەنهان و نادیاردن. چاڵە –رەش دەڤەرێکە کە کێشکردن تێیدا ئەوەندە بەهیزە تەنانەت رواناکیش توانستی قوتاربونی لە رکێفەکەی نییە. تا پلەیەکی بەرز فەرزییەی رەقابەی گەردونی راستە چونکە ژمارەیەک هەوڵ لە ئارادابوون بە مەبەستی ناسەلماندنی فەرزییەکە بەڵام شکستیان هێناوە.

کاتێک لە ساڵی 1967 دا، جۆن ویلەر زاراوەی ”چاڵە-رەشی” پێشكەشکرد، ئیتر جێگەی ”ئەستێرەی بەستوو”ی گرتەوە. ناوناکەی ویلەر جەختیکردە سەر ئەوەی خاشاک و پاشماوەی هەرەسهێنانی ئەستێرەکان بۆ خۆیان جێگای سەرنجن، سەربەخۆ لەوەی چۆن دروستبوون. ناوەکە زۆر زوو چووە سەر زاران.

لە دەرەوە، ئنسان ناتوانێت بزانێت لە ناوەوەی چاڵە-رەشدا چ خەبەرە. هەرچی فڕێ بدەیتە ناوییەوە، یاخود هەرچییەک دروسبووە، چاڵە-رەشەکە هەر هەمان سیمای هەیە. جۆن ویلەر بەوە ناسراوە ئەم ئەم پرینسپەی بەمجۆرە دەربڕیوە ” چاڵە-رەش قژی نییە.”[3]

چاڵە-رەش سنورێکی هەیە پێێ دەگوترێت ئاسۆی روداو. لێرەدا، واتە ئا لەم سنورەدا هێزی کێشكردن وەک پێویست ئەوەندە بەهێزە کە دەتوانێت روناکی بگەڕێنێتەوە و نەهێڵێت قوتاربێت. چونکە هیچ شتێک ناتوانێت لە روناکی خێراتر بجوڵێت، ئەوا هەرچی شتی تر هەیە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. کەوتنە نێو ئاسۆی روداوەوە وەک ئەوە وایە لە بەلەمێکدا بیت و بکەویتە نێو تاڤگەکانی نیگاراوە. خۆ ئەگەر لەسەروو تاڤگەکەوە بیت، ئەوا دەتوانیت خۆت رزگاربکەیت، ئەویش بەوەی زۆر بە خێرایی سەوڵ لێ بدەیت، بەڵام هەر ئەوەندە لای قەراغەکەوە بیت، ئەوا تیاچویت. گەڕانەوە بوونی نییە. ئنجا کە لە تاڤگەکە نزیک دەبیتەوە، لێشاوی ئاوەکە خێراتر دەبێت. واتە توندتر پێشەوەی بەلەمەکە لە دواوەی بەلەمەکە بۆ خۆی راپێچ دەکات. خەتەرێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە بەلەمەکە پارەپارە بکات. لە چاڵە-رەشدا هەمان شت دەگوزەرێت. ئەگەر بە ئاراستەی چاڵە رەشێک مل بنێیت، ئەوا یەکەم قاچت دەکەوێتە ناوییەوە، کێشكردن فشارێکی زۆر زیاتر دەخاتە سەر قاچت وەک لە سەرت، چونکە قاچت نزیکترە لە چاڵە-رەشەکە. ئەنجامەکە بە جۆرێک دەبێت کە قاچت لە ئاسابەدەر دەکشێت و لە لاکانیشەوە باریک دەبێتەوە. ئەگەر بارستایی چاڵە-رەشەکە دوو سێ ئەوەندەی بارستایی خۆربێت، ئەوا لێک دەترازێیت و بەر لەوەی بگەیتە ئاسۆی روداو شکڵی ماکارۆنیی دەگریت. هەرچۆنێک بێت، خۆ ئەگەر بکەویتە نێو چاڵە-رەشێکی گەورەترەوە کە بارستاییەکەی ملیۆنێک ئەوەندەی بارستایی خۆری لەمەڕ خۆمان بێت، ئەوا راکێشانی کێشكردن لەسەر سەرتاپای هەموو جەستەت هەر هەمان شت دەبێت و بە ئاسانی دەگەیتە ئاسۆی روداو. بەمجۆرە ئەگەر دەتەوێت ناوەوەی چاڵە-رەشێک تاووتوێ بکەیت، ئەوا دڵنیابە لەوەی یەکێکی ”واتە چاڵە-رەشێکی” گەورە هەڵدەبژێریت. لەنێو چەقی گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆمان(رێچکەی شیری) چاڵە-رەشێک هەیە بارستاییەکەی چوار ملیۆن ئەوەندەی بارستایی خۆرەکەی خۆمانە.

هەرچەندە، کاتێک دەکەویتە چاڵە-رەشەوە، دەرک بە هیچ شتێکی تایبەت ناکەیت. کەسانی دەرەوەش، کاتێک لە دوورەوە سەیرت دەکەن هەرگیز تۆ نابینن کە لە ئاسۆی روداو دەپەڕیتەوە. لە بری ئەمە، زیاتر وەها دێیتە بەرچاو خاودەبیتەوە و دەڵێیت لە دەرەوە فڕەت دێت. سیمات کز و کزتر دەبێت، سوور و سوورتر دەبێت، هەتا سەرەنجام لە چاوان بزردەبیت. ئەوەی پەیوەستە بە دونیای دەرەوە، ئیتر تۆ بۆ هەتا هەتایی لەناودەچیت.

ماوەیەک دوای لەدایکبونی کچەکەم، لوسی، ساتەوەختی خەیاڵاتی ئوریکام[4] بۆ هات. تیورمی رووبەرم دۆزییەوە. ئەگەر تیوری گشتی نسبی راستە و چڕی وزەی مادە[5]  پۆزەتیڤە، هەروەک عادەتەن وایە، ئەوا روبەری روی ئاسۆی روداو، سنوری چاڵە-رەش خاسیەتێکی هەیە ئەویش ئەوەیە کاتیک مادە یان تیشک دەڕژێتە ناو چاڵە-رەشەوە هەمیشە گەورەدەبێت. لەوەش زیاتر، ئەگەر دوو چاڵەرەش بە یەکدا بدەن و یەکبگرن، ئنجا تاکە چاڵە-رەشێک دروست بکەن، ئەوا روبەری روی چاڵە-رەشە نوێکە گەورەترە لە کۆی روبەری ئاسۆی روداوی هەردوو چاڵە-رەشە ئەسڵییەکە. تیورمی روبەر لە باری تەجروبەوە دەکرێت راڤەبکرێت، ئەویش بە هۆی کێشكردنی ئینفرۆمیتەری لەیزەری[6] بنکەی فەزایی شەپۆلی (لیگۆ LIGO (. لە 14 ئەیلولی ساڵی 2015 دا، لیگۆ، دوای بەیەکدادان و یەکگرتنی دوو چاڵە-رەش، شەپۆلەکانی کێشکردنی کەشفکرد. لە فۆرمە شەپۆلییەکانەوە، ئنسان دەتوانێت بە نزیکەیی بارستایی و تەوژمی گۆشەیی چاڵە-رەشەکان حساب بکات، پاشان بە یارمەتی ”تیورمی بێ- قژی”دەتوانرێت روبەری ئاسۆکان دیاری بکرێت.

ئەم خاسیەتانە ئەوە نیشان دەدەن کە لێکچوونێک لە نێوان روبەری ئاسۆی چاڵە-رەش و فیزیکی کلاسیکی تەقلیدیدا هەیە، بە شیوەیەکی دیاریش چەمکی ئینترۆپی[7] لە تێرمۆدایەمیکدا. دەکرێت ئینترۆپی وەک پێوەرێک بەکاربهێنرێت بۆ پێوانی پشێوی و نانیزامی لە سیستەمێکدا، یاخود هاوتایەکە بۆ نەبونی زانیاری وردی حاڵەتەکەی. یاسای دووەمی بەناوبانگی تێرمۆداینەمیک دەڵێت کە ئیترۆپی هەمیشە لەگەڵ زەمەندا زیاددەکات. ئەم دۆزینەوەیە یەکەم سەرەداوی ئەم پەیوەندییە بنەڕەتییە بوو.

دەکرێت بەراوردی نێوان خاسیەتی چاڵە-رشەکان و یاساکانی تێرمۆداینەمیک فراوان بکرێت. یەکەم یاسای تێرمۆداینەمیک دەڵێت گۆڕانێکی بچکۆلە لە ئیترۆپی سیستەمێکدا بڕە گۆڕانێک لە وزەی سیستەمەکەدا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. براندن کارتەر و خۆم یاسایەکی وەهامان دۆزییەوە کە پەیوەستە بە گۆڕان لە بارستایی چاڵە-رەشێک بۆ گۆڕان لە روبەری ئاسۆی روداودا. لێرەدا رادەی رێژەیی بڕێکی چەندایەتی لەخۆدەگرێت کە بە کێشكردنی روویی surface gravity  ناودەبرێت، ئەمیش بریتییە لە پێوانی قودرەتی کایەی کێشکردن لە ئاسۆی روداودا. ئەگەر یەکێک بەوە رازی بێت کە روبەری ئاسۆی روداو پێوەرێکە بۆ ئیترۆپی، ئەوا کێشکردنی روویی پێوەرێکە بۆ پلەی گەرمی. لێکچونەکە بەو راستییە پتەوبووە کە کێشکردنی روویی دەرکەوت لە هەموو نوقتەکانی ئاسۆی روداودا وەک یەکە، هەروەک چۆن پلەی گەرمیش لە هەموو شوێنێکی تەنێکی گەرمی هاوسەنگدا وەک یەکە.

هەرچەندە بە ئاشکرا هاوشێوەیی لە نێوان ئیترۆپی و ئاسۆی روداودا هەیە، بەڵام لە راستیدا لای ئێمە روون نەبوو کە چۆن روبەرەکە خۆی وەک ئینترۆپی چاڵە-رەش ناسرا. مەبەست لە ئینترۆپی چاڵە-رەش چی بوو؟ پێشنیازی بنەڕەتی لە ساڵی 1972 دا لە لایەن جاکۆپ بێکێنستاینەوە پێشكەشکرا، کاتێک قوتابی بوو لە زانکۆی پرینستن. ئا بەمجۆرە بوو،” کاتێک بە هۆی هەرەسهێنانی کێشکردنەوە چاڵە-رەش دروست دەبێت، خێرا ئارام دەبێتەوە بۆ حاڵەتێکی مەند، کە خەسڵەتی سێ رادەی parameters هەیە: بارستایی، تەوژمی گۆشەیی و بارگەی کارەبایی.

ئەمە وا لە شتەکە دەکات دەڵێیت دوا حالەتی چاڵە-رەش سەربەخۆیە لەوەی ئایا ئەو تەنەی هەرەس دەهێنێت لە مادە یان دژە-مادە پێکهاتووە، یاخود گۆیی یان لە شێوەدا زۆر ناڕێکە. بە مانایەکی تر، چاڵە-رەشێک بارستایی، تەوژمی گۆشەیی و بارگەی کارەباییەکەی زانراوبێت مومکینە لە هەرەسهێنانی هەر یەکێک لەو ژمارە زۆرە پێهکاتەی مادە جیاوازەکانەوە دروست بووبوو. بەمجۆرە ئەوەی وەک چاڵە-رەشێک دێتە بەرچاو لەوانەیە لە ئەنجامی هەرەسهێنانی ژمارەیەکی زۆر چەشنەها جۆری ئەستێرەوە لەدایک بوبێت، ئەگەر کاریگەرییەکانی کوانتەم پەراوێز بخەین، ئەوا ژمارەی پێکهاتووەکان ناکۆتا دەبێت چونکە چاڵە-رەشەکە مومکینە لە ئەنجامی هەرەسهێنانی هەورێکەوە دروست بووبێت کە لە ژمارەیەکی گەورەی نادیار لە تەنۆڵکەکان پێکهاتبێت کە بارستاییان بە شێوەیەکی نادیار نزمە. بەڵام تۆ بڵێیت ژمارەی پێکهاتەکان هەر بە راست ناکۆتا بێت؟

میکانیکی کوانتەمی زۆر بە شۆرەتەوە پرینسپی نایەقینی لەخۆدەگرێت. ئەم حاڵەتە پێمان دەڵێت کە مەحاڵە ئنسان بتوانێت لە هەمان ساتەوەختدا هەم مەوقیع و هەم خێرایی تەنێک پێوانە بکات. ئەگەر ئنسان بە وردی مەوقیعی تەنێک پێوانەبکات، ئەوا خێراییەکەی دەبێتە قوربانی. خۆ ئەگەر یەکێک خێراییەکەی بە دانسقەیی پێوانەبکات، ئەوا مەوقیعەکەی دەبێتە قوربانی. لە باری پراکتیکەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە مەحاڵە شوێنی هیچ شتێک دیاری بکرێت. سەیرکە، با وا دابنێین دەتەوێت پێوانەی قەبارەی شتێک بکەیت، ئەو کاتە پێویستت بەوەیە بزانیت کۆتایی جوڵەی ئەم تەنە لە کوێدایە. هەرگیز ئەمەت بە وردی بۆ ئەنجام نادرێت، چونکە شتەکە پەیوەستە بە ئەنجامدانی پێوانی هەم مەوقیع و هەم خێرایی تەنەکەوە لە هەمان کاتدا. وەک ئاکامێک، مەحاڵە ئنسان بتوانێت قەبارەی تەنێک دیاری بکات. تەنها دەتوانین بلێین کە پرینسیپی نایەقینی شتەکەی وەها مەحاڵ کردووە کە بە وردی و بە راستی بزانین قەبارەی شتێک چەندە. بەمجۆرە پرینسیپی نایەقینی سنوری سەپاندووە بەسەر قەبارەی شتێکدا. ئەگەر تەنێکمان هەبێت و بارستاییەکەی زانراوبێت، ئنجا دوای تۆزێک حسابات، بۆمان دەردەکەوێت تەنەکە بچوکترین قەبارەی هەیە. ئەم بچوکترین(کەمترین) قەبارەیە بۆ تەنێکی قورس بچکۆلەیە، بەڵام کاتێک ئنسان سەیری تەنێکی سوکتر و سوکتر دەکات، کەمترین قەبارە گەورە و گەورەتر دەبێت.  ئەم کەمترین قەبارەیە دەکرێت وەک دەرەنجامێکی ئەو هەقیقەتە سەیربکرێت کە دەکرێت تەنەکان لە میکانیکی کوانتەمیدا، یان وەکو شەپۆل یاخود وەکو تەنۆڵکە سەیربکرێن. هەتا تەنەکە سوکتر بێت، درێژی سەپۆلەکەی درێژتر دەبێت و زیاتر بڵاودەبێتەوە. هەتا تەنەکە قورستر بێت، درێژی شەپۆلەکەی کورتتر دەبێت و چڕتر(چووەیەک compact ) دەردەکەوێت. کاتێک ئەم ئایدیایانە لەگەڵ تیوری گشتی نسبییەتدا یەکدەگرن، ئەوە دەگەیەنێت تەنها ئەو تەنانە کە قوسترن لە کێشێکی تایبەت دەتوانن چاڵە-رەش بخوڵقێنن. کێشەکەیان بە نزیکەیی وەک کێشی دەنکە خوێیەک دەبێت. دەرەنجامی لەوەش زیاتر سەبارەت بەم ئایدیایانە ئەوەیە کە ژمارەی پێکهاتەکانی چاڵە-رەشێک، کە بارستاییەکەی، تەوژمی گۆشەیی و بارگە کارەباییەکەی زانراون، دروست دەکەن، هەرچەندە زۆر گەورەبێت، لەوانەیە بە هەمان شێوە کۆتاداربێت. جاکۆب بێرکێنشتاین لەم ژمارە کۆتادارەوە ئەوەی پێشنیازکرد کە ئنسان دەتوانێت تەفسیری ئیترۆپی چاڵە-رەش بکات. ئەمەش دەبێت بە پێوەرێک بۆ بڕی ئەو زانیارییەی بزربووە و ناگەڕێتەوە، ئەویش لە کاتی هەرەسهێناندا کە چاڵە-رەشەکە لەدایکبوو.

هەڵەی هەرە گەورەی بەرچاوی پێشنیازەکەی بێرکێنشتاین ئەوە بوو ئەگەر چاڵە-رەشێک ئینترۆپی کۆتاداری هەبێت کە راستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ روبەری ئاسۆی روداوەکەیدا، ئەوا دەبێت پلەی گەرمی نا-سفری هەبێت کە راستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ کێشکردنی رووەکەیدا surface gravity . ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە دەشێت چاڵە-رەشێک لە دۆخی هاوسەنگیدا بێت لە حاڵەتێکدا تیشکدانەوە گەرمییەکەی جگە لە سفر لە پلەیەکی گەرمی تردا بێت. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی چەمکە کلاسیکییەکان هاوسەنگی ئا لەمجۆرە مەحاڵە چونکە چاڵە-رەشەکە هەرچی تیشکی گەرماییەک دەکەوێتە سەری هەڵیدەمژێت بەڵام بە پێی پێناسە ناتوانێت هیچ شتێک لە بەرامبەردا پەخش بکات. ناتوانێت هیچ شتێک پەخش بکات، ناتوانێت گەرماش پەخش بکات.

ئەمە پارادۆکسێکی(مەتەڵ) سەبارەت بە سروشتی چاڵە-رەشەکان خوڵقاندووە،  مەبەست لەو تەنە لە ئاسابەدەر چڕانەیە بە هۆی هەرەسهێنانی ئەستێرەکانەوە دروستبوون. تیورییەک پێشنیازی ئەوەی کرد کە ئەو چاڵە رەشانەی هەمان خاسیەتیان هەیە لەوانەیە لە ژمارەیەکی ناکۆتا چەشنەها جۆری ئەستێرەوە دروست بووبن. یەکێکی تر پێشنیازەکەی وابوو کە لەوانەیە کۆتاداربێت. ئەمە کێشەی زانیارییە – ئەو ئایدیایەی گوایە هەموو تەنۆڵکەیەک و هەموو هێزێک لە گەردوندا زانیاری لەخۆدەگرێت.

چاڵە-رەشەکان چونکە قژیان نییە، هەروەک جۆن ویلەری فیزیکناس وەسفیکرد، جگە لە بارستایی، بارگەی کارەبایی و خولانەوەکەی، ئیتر ئنسان ناتوانێت بزانێت لە ناوەوەی چاڵە-رەش چ خەبەرە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە چاڵە-رەشێک پێویستە زانیاری زۆری تێدا بێت کە پەنهانە بە دونیای دەرەوە. بەڵام بڕی ئەو زانیارییەی ئنسان دەتوانێت لە ناوچەیەکی فەزادا چڕی بکاتەوە دیاریکراوە. زانیاری پێویستی بە وزەیە، وزەش بە پێی هاوکێشە بەناوبانگەکەی ئاینشتاین E = mc^2 بارستایی هەیە. کەواتە، ئەگەر بڕێکی زۆر زانیاری لە دەڤەرێكی فەزادا هەبێت، ئەوا هەرەس دەهێنێت و دەبێت بە چاڵە-رەش، قەبارەی چاڵە-رەشەکەش لە بڕی زانیارییەکەدا رەنگ دەداتەوە. زیاتر وەک ئەوە وایە کتێبی زیاتر و زیاتر لە کتێبخانەدا کەڵەکە بکەیت. دواجار، تاقەکان چیتر توانای بەرگەگرتنیان نامێنێت و کتێبخانەکەش هەرەس دەهێنێت و دەبێت بە چاڵە-رەش.

ئەگەر بڕی شاراوەی زانیاری لە ناو چاڵە-رەشدا بەندبێت لەسەر قەبارەی چاڵەکە، ئەوا دەبێت لە پرینسپی گشتییەوە چاوەڕوانی ئەوە بین کە چاڵە-رەشەکە پلەی گەرمای هەبێت و وەک پارچە کانزایەکی زۆر گەرم بدرەوشێتەوە. بەڵام ئەوە مەحاڵە چونکە، هەروەک هەموو کەسێک زانی، هیچ لە چاڵە-ڕەشەکە نەهاتە دەرەوە. یاخود هەر هیچ نەبێت بۆچوونیان بەوجۆرە بوو.

ئەم ئیشکالاتە هەتا سەرەتای ساڵی 1974 مایەوە، کاتێک سەرقاڵی توێژینەوە بووم سەبارەت بەوەی دەبێ رەوشی مادە لە سایەی میکانیکی کوانتەمدا و لە نزیک چاڵە-رەشەکان چۆن بێت. ئەوەی لای من مایەی سەرسامییەکی گەورەبوو ئەوە بوو بۆم دەرکەوت چاڵە-رەش وا دەردەکەوێت بە رێژەیەکی رێک تەنۆڵکە پەخش دەکات. وەک هەموو کەسێکی تر، منیش بەو مەزهەبە رازیبووم کە چاڵە-رەش هیچ شتێک ئیفراز ناکات. هەربۆیەش هیمەتێکی زۆرم کرد و هەوڵمدا ئەم دەرەنجامە ناخۆشە لە کۆڵ خۆم بکەمەوە. بەڵام هەتا زیاتر بیرم لێ بکردایاتەوە، زیاتر سەرپێچی دەکرد وازبهێنێت، هەر بۆیەش دواجار ناچاربووم بە شتەکە رازی بم. ئەوەی لە کۆتاییدا قەناعەتی پێکردم پرۆسەیەکی فیزیکی راستەقینە بوو کە بریتی بوو لەوەی کاتێک تەنۆڵکەکان دێنە دەرەوە، شەبەنگێکیان هەیە کە بە وردی گەرمە. حساباتەکەی من پێشبینی ئەوەی دەکرد کە چاڵە-رەش تەنۆلکە و تیشک دەخوڵقێنێت و پەخشیان دەکات، هەروەک ئەوەی تەنێکی ئاسایی گەرم بێت، پلەی گەرمایەکی هەبێت کە راستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ کێشکردنی رووەکە و پێچەوانەش دەگۆڕێت لەگەڵ بارستاییەکەیدا. ئەمە پێشنیازە ئیشکالاتەکەی جاکۆب بێرکێنشتاینی تەواو تۆکمەکرد، ئەو پێشنیازەی دەڵێت چاڵە-رەش ئینترۆپییەکی کۆتاداری هەیە، چونکە ئەوە دەگەیەنێت کە دەکرێت چاڵە-رەش لە هەندێک پلەی گەرمی کۆتاداری تر، جگە لە سفر، لە هاوسەنگی گەرمیدا بێت.

ئیتر لەو کاتەوە، بەڵگەی ماتماتیکییانە سەبارەت بەوەی چاڵە-رەش تیشکی گەرم پەخش دەکات لە لایەن ژمارەیەک خەڵکی ترەوە پشڕاست کراوەتەوە، بەڵام بە جۆرەها تێڕووانینی جیاجیاوە. یەکێک لە رێگاکان بۆ تێگەیشتن لە پەخشکردنەکە بەمجۆرەیە. میکانیکی کوانتەم ئیشارەدەدات بەوەی سەرتاپای گەردون بە جووتە تەنۆڵکە و دژە-تەنۆڵکەی روکەش virtual تەنراوە، ئەمانە بە بەردەوامی بە جووت دەردەکەون، جیادەبنەوە و ئنجا دیسانەوە یەکدەگرنەوە، یەکتر مەحپ دەکەنەوە. ئەم تەنۆڵکانە پێیان دەگوترێت روکەش چونکە، جیاواز لە تەنۆڵکە واقیعییەکان، ناتوانرێت بە ئامێری کەشفکەری تەنۆڵکە تێرامانی لەسەر ئەنجام بدرێت. هەر هیچ نەبێت دەتوانرێت کاریگەری ناڕاستەوخۆیان پێوانەبکرێت و بە هۆی لادانێکی بچکۆلەوە، کە پێی دەگوترێت لادانی بەرخ[8]، جەخت لە بوونیان بکرێت، ئەم وزەیە لە شەبەنگی روناکی ئەتۆمە خرۆشەکانی هایدرۆجینەوە بەرهەم دێت، ئا لەم کاتەدا، لە حزوری چاڵە-رەشدا، یەکێک لە جووتە تەنۆڵکە روکەشەکە لەوانەیە بکەوێتە نێو چاڵەکەوە، تاکەکەی جێدەهێڵێت، بە جۆرێک بێ هاوسەر دەمێنێتەوە و چیتر ناتوانن سەرقاڵی مەحپکردنەوەی یەکتری ببن. جا تەنۆڵکە جێماوەکە یان دژە-تەنۆڵکەکە، لەوانەیە دوای هاوسەرە کۆچکردووەکەی بکەوێت و بکەوێتە ناو چاڵەکەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا مومکینە بەرەو ناکۆتا هەڵبێت، کە دیارە تیشکانەوەکە لە لایەن چاڵە رەشەکەوە پەخش دەبێت.

رێگایەکی تر بۆ بینینی پرۆسەکە ئەوەیە یەکێک لە تەنۆڵکەکان، کاتێک دەکەوێتە چاڵە رەشەکەوە، بۆ نمونە، با بڵێین دژە-تەنۆڵکەکە، کە بە راستی تەنۆڵکەیەکە لە زەمەندا بەرەو دواوە سەفەردەکات. بەمجۆرە دەکرێت دژە-تەنۆڵکەکە کە دەکەوێتە نێو چاڵە-رەشەکەوە وەک تەنۆڵکەیەک حسابی بۆ بکرێت کە لە چاڵە-رەشەکەوە دێتە دەرەوە بەڵام لە زەمەندا بەرەو دواوە سەفەردەکات. کاتێک تەنۆڵکەکە دەگاتە نوقتەیەک کە لە سەرەتادا تێیدا جووتە تەنۆڵکە و دژە-تەنۆڵکەکە دروستبوون، بە هۆی کایەی کێشكردنەوە پەرش و بڵاوبوەوە. بەمجۆرە لە زەمەندا بەرەو پێشەوە سەفەردەکات. چاڵە-رەشێک بارستاییەکەی ئەوەندەی بارستایی خۆر بێت تەنۆڵکەی بە رێژەیەکی وەها ئارام و هێواش لێ دەتکێت کە مەحاڵە کەشف بکرێت. بەڵام مومکینە نیمچە چاڵە-رەشی زۆر بچکۆلەتر بوونی هەبێت کە بارستایی چیایەکی هەبێت. ئەمانە لەوانەیە لە بەرەبەیانی سەرەتای گەردوندا دروست بووبن، واتە ئەو کاتەی ئەگەر لە قۆناغی پشێوی و ناڕیکیدا بووبێت. چاڵە-رەشێک لە قەبارەی چیایەکدا تیشکەکانی ئیکس و گاما بە رێژەی دە ملیۆن مێگاوات ئیفراز دەکات، ئەمە وزەیەکە بەسە بۆ ئەوەی کارەبای سەرتاپای دونیا دابین بکات. بەڵام ئەمە کارێکی هەروا ئاسان نییە بتوانین جڵەوی نیمچە چاڵە-رەشێک بگرینە دەست. ناتوانین چاڵە-رەشێکی ئاوا لە وێستگەیەکی وزەدا بهێڵینەوە چونکە دڵۆپ دەکاتە سەر عەرد و بە ناخی چەقی زەویدا رۆدەچێتە خوارەوە. ئەگەر چاڵە-رەشێکی وەهامان هەبێت، ئەوا تەنها رێگە بۆ هێشتنەوەی ئەوەیە بە جۆرێک بێت بە دەوری زەویدا بسوڕێتەوە.

خەڵکی گەڕاون بۆ نیمچە چاڵە-رەشێک ئەم بارستاییەیان هەبێت، بەڵام هەتا ئێشتا هیچیان نەدۆزیوەتەوە. ئەمە جێگای داخە، چونکە ئەگەر بیدۆزنەوە، ئەوا من خەڵاتی نۆبڵم وەردەگرت. هەرچۆنێک بێت، ئیحتیمالێکی تر ئەوەیە ئێمە لە تواناماندا هەیە لە رەهەندی زیادەی تری فەزا-زەمەندا چاڵە-رەشی مایکرۆیی(زۆر بچکۆلە) بخوڵقێنین. بە پێی هەندێک تیوری، ئەو گەردونەی ئێمە راژەی دەکەین experience تەنها روویەکی چوار رەهەندییە لە فەزایەکی دە یان یازدە رەهەندیدا. فلیمی ئنتێرستێللا هەندێک ئایدیامان پێشکەش دەکات کە ئەمە چۆنە. ئێمە ئەم رەهەندە زیادانە نابینین، چونکە روناکی بە نێویاندا پەخش نابێت، بەڵکو تەنها بە نێو چوار رەهەندی گەردونەکەی خۆماندا گوزەردەکات. بەڵام هەرچۆنێک بێت، کێشکردن کاردەکاتە سەر رەهەندە زیادەکان، پاشان قودرەتەکەشی زۆر لەوەی سەر گەردونەکەی خۆمان زیاترە. ئەمە کارەکە زۆر ئاسانتر دەکات بۆ ئەوەی چاڵە-رەشی بچکۆلە لە رەهەندە زیادەکاندا دروست بکات. دەکرێت ئەمانە لە بنکەی ئێڵ.ئێچ.سی(LHC)، لە سێرن(CERN) لە سویسرا تێبینی بکرێن. ئەمە پێکهاتووە لە تونێلێکی بازنەیی، درێژییەکەی بیست و حەوت کیلۆمەترە. دوو هێڵ لە تەنۆڵکە بە دەوری ئەم تونێلەدا بە ئاڕاستەی پێچەوانە دەسوڕێنەوە و ناچاردەکرێن بەیەکدا بدەن. لەوانەیە هەندێک لەم پێکدادانە ببێت بە هۆی دروستکردنی مایکرۆ چاڵە-رەش. ئەمانە تەنۆڵکە بە شێوەیەکی کڵێشەیی(زەخرەفەیی) پەخش دەکەن کە بە ئاسانی دەناسرێنەوە. بەمجۆرە هیچ نەبێت دوای ئەمە خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرم.

هەر کە تەنۆڵکەکان لە چاڵە-رەشەکە هەڵدێن، چاڵە-رەشەکە بارستایی لەدەست دەدات و دەچێتەک contract . ئەمەش دەبێت بە هۆی زیادکردنی رێژەی ئیفرازی تەنۆڵکەکان. سەرەنجام چاڵە-رەشەکە هەر هەموو بارستاییەکەی لەدەست دەدات و لەناودەچێت. باشە چی بەسەر ئەو هەموو تەنۆڵکە و گەشتیارە فەلەکییە چارەرەشەدا دێت کە کەوتووەتە نێو چاڵە-رەشەکەوە؟ خۆ کە چاڵە-رەشەکە لەناوچوو، ئەمانە دەرناکەونەوە. وا دەردەکەوێت ئەو تەنۆڵکانەی لە چاڵە-رەشەکە هەڵاتن پرۆسەیەکی تەواو لەخۆڕا بووە و هیچ پەیوەندییەکیان نامێنێت کە کەوتونەتە کوێوە. تەنها کۆی بڕی بارستایی و بڕی خولانەوی لێ دەرچێت، پێدەچێت هەرچی زانیاری هەیە سەبارەت بەو تەنانەی کەوتونەتە نێو چاڵە–رەشەکەوە بزربێت. بەڵام ئەگەر زانیاری بزربێت، ئەوا پرسێکی جدی سەرهەڵدەدا کە ناخی زانست دەهەژێنێت. دوو سەد ساڵ زیاترە، باوەڕمان بە حەتمیەتی زانستی هەبووە – واتە یاساکانی زانست پەرەسەندنی گەردون دیاری دەکەن.

ئەگەر زانیاری لە چاڵە-رەشەکاندا بزر ببێت ئەوا ناتوانین پێشبینی ئایندە بکەین، چونکە چاڵەرەش دەتوانێت هەرچی پێکهاتەیەکی تەنۆڵکەکان هەیە پەخش بکات. دەتوانێت تەلەفزیۆنێکی ساخ و سەلامەتمان بۆ ئیفراز بکات، یان کۆبەرهەمی لە چەرم بەرگ-گیراوی شکسپیرمان بۆ دەربکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شانسی پەخشکردنی ئەم شتە غەریبانە زۆر نزمە، زیاتر لە پەخشکردنی تیشکی گەرمایی لە گەشانەوەی شیشێکی سورەوەبوو دەچێت. وا دیارە ئەوەندە شتێکی زۆر گرنگ نییە ئەگەر بتوانین پێشبینی ئەوە بکەین چی لە چاڵە-رەش دێتە دەرەوە. چاڵە-رەش لەم دەوروبەرە و نزیک لە ئێمە بوونی نییە. بەڵام شتەکە پەیوەستە بە پرینسپەوە. ئەگەر حەتمییەت determinism ، کە بریتییە لە پێشبینیکردنی گەردون، لە چاڵە-رەشدا هەرەس بهێنێت، ئەوا دوورنییە ببێت بە هۆی داڕمان لە هەموو هەلومەرجێکی تردا. ئەو کاتە لەوانەیە چاڵە-رەشێکی روکەش بە شێوەی هەڵبەز و دابەز لە بۆشاییەوە دەرکەوێت، بڕێک تەنۆڵکە هەڵمژێت، ئنجا یەکێک لەولاوە پەخش بکات و دواییش دیسانەوە بەرەو بۆشایی دیار نەمێنێت. لەوەش خراپتر، ئەگەر حەتمییەت هەرەس بهێنێت، ئەوا ناتوانین لە رابڕدوی خۆشمان دڵنیابین. کتێبە مێژوویی و بیرەوەرییەکانمان لەوانەیە تەنها وەهم بن. بەڵێ ئەوە رابڕدووە پێمان دەلێت ئێمە کێین. بێ رابردوو شوناسی خۆمان بزردەکەین.

بەمجۆرە زۆر گرنگ بوو ئەوە دیاری بکرێت کە ئایا بە راستی زانیاری بزردەبێت لە نێو چاڵە-رەشدا، یاخود لە پرینسیپدا دەتوانرێت وەدەست بخرێتەوە. زۆر لە زانایان هەستیانکرد کە نابێت زانیاری بزرببێت، بۆ ساڵانێکی زۆر هیچ کەس میکانیزمێکی پێشکەش نەکرد کە بە هۆیەوە بپارێزرێت. ئەم بزبوونە دیارەی زانیاری، کە بە پارادۆکسی زانیاری ناسراوە و لە چل ساڵی رابڕدوودا زانایانی نیگەران کردووە، هێشتا یەکێکە لە پرسە هەرە حلنەکراوەکانی فیزیکی تیوری.

لەم دواییانەدا، بایەخدان بە دەرەنجامی مومکین لەمەڕ پارادۆکسی زانیاری ژیانەوەی بەخۆوە دیوە، چونکە دۆزینەوەی نوێ سەبارەت بە یەکگرتنەوەی کێشکردن و میکانیکی کوانتەمی سەریهەڵداوە. ئەوەی لەم بازدانانەدا رۆڵی سەرەکی هەیە بریتییە خۆجێیی symmetry  فەزا-زەمەن.

تەسەورکە کێشکردن بونی نەبێت و فەزا-زەمەنیش بە تەواوی تەخت بێت. ئەمە تەواو وەک بیابانێکی بێ خەسڵەت وایە. ئەم جۆرە جێگایانە دوو جۆرە خۆجێییان هەیە. یەکەم پێی دەگوترێت خۆجێیی هەڵگۆڕان translation symmetry . ئەگەر لە بیاباندا، لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر جوڵەت کرد، هەست بە هیچ گۆڕانێک ناکەیت. جۆری دووەمی خۆجێیی بریتییە لە خۆجێیی سوڕانەوە rotational symmetry . ئەگەر لە بیاباندا، لە شوێنێکدا وەستابوویت و کەوتیتە ئاوڕدانەوە بەم لا و بەو لادا، ئەوا دیسانەوە دەرک بە هیچ جیاوازییەک ناکەیت لەوەی کە دەیبینیت. ئەم خۆجێییانە لە فەزا-زەمەنی ”تەخت”دا دەبینرێن، واتە ئەو فەزا-زەمەنانەی کە ئنسان لە غیابی مادەدا بەدی دەکات.

ئەگەر کەسێک هات و شتێکی خستە نێو ئەم بیابانەوە، ئەم خۆجێییانە لێک هەڵدەوەشێن. گریمان چیایەکمان هەیە، مێرگێک و هەندێک دڕکە-هەنجیریشمان لە بیابانەکەدا هەیە، لە شوێن و مۆڵگەی جیاوازدا جیاواز و لە ئاڕاستەشدا هەر جیاواز دەردەکەون. هەر هەمان شتیش بە نیسبەت فەزا-زەمەنەوە راستە. ئەگەر کەسێک هات و کۆمەڵە تەنێکی خستە نێو فەزا-زەمەنەوە، ئەوا خۆجێیی هەڵگۆڕان و سوڕانەوەی هەڵدەوەشێن. بەمجۆرە هەڵدانی تەن بۆ نێو فەزا-زەمەن دەبێت بە هۆی بەرهەمهێنانی کێشكردن.

چاڵە-رەش دەڤەرێکی فەزا-زەمەنە و کێشکردن تیایدا زۆر بەهێزە، فەزا-زەمەن بە شێوازێکی شەرانگیز و توند پشێوی تێکەوتووە، هەر بۆیەش ئنسان چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە سیستەمی خۆجێییەکەی هەڵوەشیت. لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک یەکێک لە چاڵە-رەش دووردەکەوێتەوە، چەمانەوەی فەزا-زەمەن کەم و کەمتر دەبێت. خۆ ئەگەر لە چاڵە-رەش زۆر زۆر دوربکەوینەوە، ئەوا فەزا-زەمەن زۆر لە فەزا-زەمەنێکی تەخت دەچێت.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی 1960 کان، هێرمان بۆندی، ئەی دەبلیو، کێنێت مێتزنەر، ئێم.جی.جەی.  ڤان دێر بورگ و راینەر ساچز دۆزینەوەیەکی بەراست نایابیان لەوەدا ئەنجامدا کە فەزا-زەمەنێک دوورە لە هەموو مادەیەک ئەوا ژمارەیەک ناکۆتایان لە خۆجێییدا هەیە کە بە سوپەر-هەڵگۆڕان ناسراون. هەریەکێک لەم خۆجێییانە یاوەری بڕێکی پارێزراوە، کە بە بارگەکانی سوپەر-هەڵگۆڕان ناسراوە. بڕێکی پارێزراو بریتییە لە بڕێکی چەندایەتی کە لەگەڵ پەرەسەندنی سیستەمێکدا هیچ گۆڕانی بەسەردا نایەت. ئەمانە بە گشتیکردنی ئەو بڕە پارێزراوانەن کە زیاتر لامان ناسراون. بۆ نمونە، ئەگەر فەزا-زەمەن لە زەمەندا نەگۆڕێت، ئەوا وزە پارێزراوە. ئەگەر فەزا-زەمەن لە چەند خاڵێکی جیاوازدا وەک یەک بێت لە فەزادا، ئەوا کەمترین (بڕ) پارێزراوە.

ئەوەی سەبارەت بە دۆزینەوەی سوپەر-هەڵگۆڕانەکە supertranslation نایاب بوو ئەوەبوو کە ژمارەیەکی ناکۆتا لە بڕی پارێزراو هەن کە دوورن لە چاڵە-رەشەوە. ئەوە ئەم یاسای پاراستنانەن کە خوربوونەوەیەکی لەئاسابەدەر و چاوەڕواننەکراویان لە فیزیکی کێشکردندا بە پرۆسەکە بەخشیوە.

لە ساڵی 2016 دا، لەگەڵ هەردوو هاوکارم ماڵکۆڵم پێری و سترۆمینگەر، لەسەر بەکارهێنانی ئەم دەرەنجامە تازانە و بڕە پارێزراوە یاوەرەکانیان کارم دەکرد، ئەمەش بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەنجامێکی مومکین بۆ پارادۆکسی زانیاری. ئێمە دەزانین کە سێ سیفاتە ئاشکراکەی چاڵە-رەش بریتین لە بارستایی، بارگە و تەوژمی گۆشەیی. ئەمانە تایبەتمەندییە کلاسیکییەکانن کە ماوەیەکی زۆرە لێیان حاڵیبووین. هەرچۆنێک بێت، چاڵە-رەشەکان تایبەتمەندی سوپەر-هەڵگۆڕانیش لەخۆدەگرن. بەمجۆرە لەوانەیە چاڵە-رەش شتی زیاتریان هەبێت وەک لەوەی لە سەرەتادا بیرمان لێ دەکردەوە. ئەمانە کەچەڵ نین، یان بڵێین تەنها سێ تاڵە موویان هەبێت، بەڵکو لە راستیدا برێکی ئێجگار گەورەیان لە قژی سوپەر-هەڵگۆڕان هەیە.

ئەم سوپەر-هەڵگۆڕانەی قژ supertranslation hair لەوانەیە هەندێک زانیاری سەبارەت بەوەی چی لە نێو چاڵە-رەشدا هەیە وەک شفرە لەخۆدا هەڵگرتبێت. زیاتر پێدەچێت ئەم تایبەتمەندییە سوپەر-هەڵگۆڕانانە هەموو زانیارییەکە لەخۆنەگرن، بەڵکو ئەوەی ماوە لەوانەیە لەمانەوە حسێبی بۆ بکرێت کە بریتین لە هەندێک زێدە بڕی پارێزراو، تایبەتمەندی سوپەر-سوڕانەوە، کە پەیوەستە بە هەندێک خۆجێیی پەیوەندیداری ترەوە و بە سوپەر-سوڕانەوە ناسراون، ئەمانە هەتا ئێستاش زۆر روون و ئاشکرانین و باش لێیان حاڵی نەبوین. خۆ ئەگەر ئەمە راست بێت و هەرچی زانیاریمان هەیە سەبارەت بە چاڵە-رەش بە زمانی ”قژ” تێبگەین، ئەوا هیچ بزربونێک لە زانیاریدا بوونی نییە. ئەم ئایدیایانە تازە بە تازە لە دوا حساباتەکەماندا پشڕاست کراونەتەوە، ستۆمینگەر، پێری و خۆم لەگەڵ قوتابییەکی زانکۆدا، ناوی ساشا هاکۆ بوو، پێکەوە ئەوەمان دۆزییەوە کە هەموو ئەم تایبەتمەندییە سوپەر-سوڕانەوانە حسابێکن بۆ سەرتاپای ئینترۆپی هەر چاڵە-رەشێک بێت. میکانیکی کوانتەمی بەردەوام ئەوە دەردەخات کە راستە، زانیاریش لە ئاسۆدا، کە رووی چاڵە-رەشە، کۆکراوەتەوە.

هەتا ئێشتاش چاڵە-رەشەکان تەنها بە خاسیەتی خۆیان، کە بریتین لە بارستایی، بارگەی کارەبایی و خولانەوە لە دەرەوەی ئاسۆی روداودا، دەناسرێنەوە، بەڵام ئاسۆی روداو خۆشی هەندێک زانیاری لەخۆگرتووە پێویستن بۆ ئەوەی بە جۆرێک، کە زۆر لە سەروو ئەم سێ خاسیەتەی چاڵە-رەشەکەوەیە، پێمان بڵێن کە چی کەوتووەتە نێو چاڵە-رەشەکەوە. خەڵکان هێشتا سەرقاڵی کارکردنن لەسەر ئەم پرسانە، هەر بۆیەش پارادۆکسی زانیاری بە حلنەکراوی دەمێنێتەوە. بەڵام من گەشبینم بە ئاراستەی چارەسەرێک بەرەو پێشەوە دەجوڵێین. چاو بۆ ئەمە بگێڕە.

*خەڵاتی نۆبڵ دوای مردن بە کەس نابەخشرێت، بە داخەوە ئەم ئاواتە هەرگیز نایەتەدی.

* ئایا کەوتنە نێو چاڵە-رەشەوە هەواڵێکی خراپە بۆ گەشتیارانی فەزا؟

بەڵێ هەواڵێکی خراپە. ئەگەر بارستاییەکەی ئەوەندەی بارستایی خۆر بێت، ئەوا، بەر لەوەی بگەیتە بەر دەروازەی ئاسۆی روداو، دەبیت بە ماکەرۆنی (سپاگەیتی). لە لایەکی تریشەوە، ئەگەر چاڵە-رەشێکی سوپەر-بارستایی بێت، ئەوا ئاسۆی روداو بە ئاسانی دەبڕیت، بەڵام لە خاڵی سینگولارەتیدا هەپرون بە هەپرون دەبیت.

شێرکۆ رەشید قادر بە دەستکارییەوە.


[1]  سوبرەهمانیان چاندراسێخەر (1995-1910) یەکێک بوو لە فیزیکناسە هەرە گەورەکانی دونیا، زیاتر بەوە بەوە ناسراوە توێژینەوەی وردی لەسەر بونیاتی تیوری پەرەسەندی ئەستێرەکان ئەنجامداوە، بە تایبەت زیاتر کاتێک ئەستێرەکە لە  قۆناخی دوایی پەرەسەندن و ژیانیدایە. لە 1983 دا خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە.

[2]  کوەیزەرەکان Quasars : بریتین لەو تەنە چالاکە درەوشاوانەی زۆر گەورەن. لە باری تیورییەوە فەرزیەیەک هەیە دەڵێت هەموو گالاکسییەکی زەبەلاح، وەک رێچکەی شیری (گالاکسییەکەی خۆمان کە سیستەمی خۆری لە باوەش گرتووە) چاڵە-رەشێکی سوپەر-بارستایی لە چەقەکەیدا هەیە، بارستاییەکەی لە نێوان ملیۆنان بۆ بلیۆنان ئەوەندەی بارستایی خۆرە.

[3]  کاتی خۆی لە شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، فیزیکناس جۆن ویلەر و هاوکارانی پێشنیازی ئەوەیان کرد ”چاڵە-رەشەکان قژیان نییە”. ئەم گوتەیە جۆرە ئیشارەیەکە بۆ ئەوەی چاڵە-رەشەکان مەحرومن لە هەموو تایبەتمەندییەکی ئاڵۆز. بە واتایەکی تر، چاڵە-رەشەکان بارستاییان بە فۆرمی تەنۆلکەی کوانتەمی وەک خێو لێ ”دەتکێت”، لەگەڵ رەوتی زەمەندا ئەم تەنۆلکانە هەڵدێن.

[4]  دیارە مەبەستی لەو ساتەوەختەیە کە ئنسان فکرەیەکی گەورەی داهێنان و دۆزینەوەی بۆ دێت، لە خۆشیدا دەخرۆشێت و هەڵدەبەزێتەوە و هاواردەکات. لە ئەسڵدا، ئوریکا، وشەیەکی یۆنانیە و کاتی خۆی ئەرکەمیدس، ماتماتیکناسی گەورە و مەزنی یۆنانی دوو سەدە پێشزایین، خەیاڵاتی بیرۆکەی یاسای کێشی لادانی ئاوی لە بانووەکەدا، لە کاتی خۆشتندا بۆ دێت، وەک دەڵێن لە خرۆشاندا، بە بێ سیپاڵ و جلەوە، بە نێو کوچەکەدا ڕادەکات و هاواردەکات،” ئۆریکا، ئۆریکا.” واتە دۆزیمەوە، دۆزیمەوە.

[5]  Energy Density of Matter

[6]  کێشکردنی ئینفرۆمیتەری لەیزەری

[7]  entropy

[8]   لادانی بەرخ Lamb Shift

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *