چۆن لە گەردوون تێبگەیت کاتێک لە ناویدا گیرت خواردووە

چاوپێکەوتن لەگەڵ لی سمۆلین

وەرگێڕانی سەروەر محەمەد

لی سمۆلین[1]، خاوەنی ئادیایەکی ڕادیکاڵە بۆ چۆنیەتی تێگەیشتن لە تەنێک کە دەرەوەی نییە: وێنای ئەوە بکە نەختە نەختە لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووداوەکانەوە درووست بووبێت.

گەردوون تەنێکی شێوە مەحاڵە. ناوەوەی هەیە بەڵام دەرەوەی نییە، دراوێکی تاک ڕوویە. ئەم تەلارسازییە مۆبیوسە[2] ئاڵەنگارییەکی تاقانە دەخاتە بەردەم گەردوونناسان، ئەوانەی کە خۆیان لە پێگەیەکی نابەجێدا دەدۆزنەوە؛ گیربوون لەناو ئەو سیستمەدا کە هەوڵی لێ تێگەیشتنی دەدەن.

ئەمە بارودۆخێکە کە لی سمۆلین لە زۆربەی تەمەنی کارکردنیدا لەبارەیەوە بیری کردووەتەوە. فیزیکزانێک لە پەیمانگای پێریمیتەر[3] بۆ فیزیای تیۆریی لە واتەرلوو[4]، کەنەدا. سمۆلین لە گرێی ئاڵۆزی یەکتربڕ لە نێوان میکانیکی کوانتەم، ڕێژەیی و گەردوونناسیدا کاردەکات. با دەنگە نەرم و دەرکەوتە هێمنەکەی لەخشتەت نەبات- بە بیریارێکی یاخی بەناوبانگە و هەمیشە دوای ڕێبازی خۆی کەوتووە. لە ساڵانی ١٩٦٠ دا سمۆلین وازی لە خوێندنی ئامادەیی هێنا، لە باندێکی ڕۆک دا خەریکی ژەنین بوو بەناوی ئدیۆپلاستۆس[5] ، هەروەها ڕۆژنامەیەکی نهێنی بڵاوکردەوە. لە پێناوی بنیاتنانی ئەو گومەزە ڕاگیرانەی وەک  ئەوانەی ئاڕ. بەکمینیستەر فولەر [6]، سمۆلین خۆی فێری بیرکاریی ئاست بەرز کرد- دەرکەوت کە هەمان ئەو بیرکارییەیە کە پێویستە بۆ شیکارکردنی هاوکێشەکانی ڕێژەیی گشتیی ئاینشتایین. ئەوە ئەو کاتە بوو کە هەستی بەوەکرد بووە بە فیزیکزان. لە زانکۆی هارڤارد خوێندی و لە پەیمانگای خوێندنی باڵا لە پرینستن[7] ، نیو جێرسی، کورسیەکی بۆخۆی مسۆگەرکرد، لە کۆتایشدا بووە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پەیمانگای پێریمیتەر.

لە ڕاستیدا، بۆ باسکردن لە شوێنی سمۆلین لە نزیک سنووری  ڕێڕەوی گشتیی فیزیا “پێریمیتەر” (چێوە) باشترین وشەیە. لە کاتێکدا زۆربەی فیزیکزانان مژۆڵی تیۆری ڕێسمان[8]  بوون، سمۆلین ڕۆڵێکی بنەڕەتی گێڕا لە بنیاتنانی تیۆرییەکی ڕکابەردا بەناوی کێشکردنی کوانتەمیی ئەڵقەیی[9]. کاتێک زۆربەی فیزیکزانان وتیان یاساکانی فیزیا نەگۆڕن، ئەو وتی بەپێی شێوە داروینیزمێکی گەردوونی پەرەدەستێنن. کاتێک زۆربەی فیزیکزانان وتیان کات وەهمێکە، سمۆلین سووربوو لەسەر ئەوەی کە کات ڕاستەقینەیە.

زۆر جار سمۆلین سەرۆ لە زیندەوەرناسان، ئابووریناسان، پەیکەرسازان، شانۆنووسان، میوزیسیانان و تیۆریسازە سیاسییەکان وەردەگرێت. بەڵام لەوانەیە گەورەترین سەرۆ لە فەلسەفە وەربگرێت- بەتایبەت لە کارەکانی فەیلەسوفی ئەڵمانی گۆتفرید لایبنز[10] ، کە لە سەدەی ١٧ و ١٨ دا کاری کردووە، شانبەشانی ئایزک نیۆتن کاڵکوڵەس[11] ی داهێناوە. لایبنز وتوویەتی (لە دژی نیۆتن)، کە هیچ پاشخانێکی جێگیر بۆ گەردوون بوونی نییە، شتێک نییە بەناوی فەزا، فەزا تەنها ڕێگایەکی بەسوودە بۆ وەسفی پەیوەندییەکان. ئەم چوارچێوەی پەیوەندیییە خەیاڵی سمۆلینی داگیرکرد، هەروەک چۆن تێکستە نهێنی ئامێزەکەی لایبنز واتە مۆنادۆلۆجی[12] هەمان کاری کرد، تێیدا لایبنز پێشنیاری ئەوە دەکات کە یەکەی بنچینەیی پێکهێنەری جیهان بریتییە لە “مۆناد”، شتێک لە شێوەی ئەتۆمی ناو حەقیقەت، هەر مۆنادێک دیمەنێکی تاقانەی تەواوی گەردوون پێشکەش دەکات. ئەمە چەمکێکە کە سەرۆ دەداتە دواین کاری سمۆلین کاتێک هەوڵ دەدات لە گۆشەنیگاکانەوە حەقیقەت بینابکات، هەریەک لەوانە ڕوانینی بەشەکین بۆ گەردوونێکی داینەمیکیی پەرەسەندوو. گەردوونێک کە لە ناوەوە بینراوە.

کوانتا مەگەزن[13] لەبارەی ڕێگاکەی بۆ گەردوونناسی و میکانیکی کوانتەم قسەی لەگەڵ سمۆلین کردووە، کە لە تازەترین کتێبیدا بە ناوی “شۆڕشە تەواونەکراوەکەی ئاینشتایین” بە وردیی باسی کردووە. بە خاتری ڕۆشنیی چاوپێکەوتنەکە دەسکاری کراوە و چڕکراوەتەوە.

تۆ دروشمێکت هەیە ” پێویستە یەکەم ڕێسای گەردوونناسی بریتی بێت لە: هیچ شتێک لە دەرەوەی گەردوون نییە.”

لە فۆڕمولە جیاوازەکانی یاساکانی فیزیادا، لە وێنەی میکانیکی نیۆتن و میکانیکی کوانتەم، پێکهاتەی پاشخان هەیە- پێکهاتەیەک کە پێویستە دیاریکراو بێت و جێگیرە. بابەتی پەرەسەندن نییە، هەر شتێک کە ڕوودەدات کاری تێناکات. پێکهاتەکەی لە دەرەوەی سیستمەکە داڕێژراوە. چوارچێوەیەکە کە شتە بینراوەکانی لەسەر جێگیر دەکەین- چاودێر، کاتژمێرێک و شتی لەو شێوەیە. ئەو گوتەیەی کە دەڵێت هیچ شتێک لە دەرەوەی گەردوون نییە- هیچ چاودێرێک لە دەرەوەی گەردوون نییە- مانای ئەوەیە کە پێویستمان بە فۆڕمولەیەکی فیزیا هەیە بەبێ پێکهاتەی پاشخان. هەموو ئەو تیۆرییە فیزیاییانەی هەمانن، جا بە هەر ڕێگایەک، تەنها بەسەر نیمچە-سیستمەکانی گەردووندا جێبەجێ دەبن. بەسەر گەردوون وەک گشتێکدا جێبەجێ نابن، لەبەرئەوەی پێویستیان بە پێکهاتەی پاشخان هەیە.

ئەگەر بمانەوێت تیۆرییەکی گەردوونیی دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستێکی گەردوونیی لە سروشت تێبگەین، پێویستە خۆمان لەوە بپارێزین کە فەیلەسوف ڕۆبێرتۆ ئەنگەر[14] و من بە “سەرلێشێوانی گەردوونیی” ناوی دەبەین، ئەو بڕوا هەڵەیەی کە دەڵێت دەتوانین ئەو تیۆرییانە  پەرە پێ بدەین و بەسەرگەردوون وەک گشتێکدا جێبەجێیان بکەین کە بەسەر نیمچە-سیستمەکاندا جێبەجێ دەبن. پێویستمان بە فۆڕمولەیەکی داینەمیکی هەیە کە پشت نابەستێت بە چاودێر یان ئامێری هەژمارکەر یان هەر شتێکی دەرەوەی سیستمەکە. ئەمەش مانای ئەوەیە پێویستمان بە جۆرێکی جیاواز لە تیۆرییە.

بەم دواییانە تیۆرییەکت پێشنیار کردووە- ئەوەی کە تێیدا هەروەکو خۆت دەڵێیت “مێژووی گەردوون لە دیمەنە جیاوازەکانی خۆی پێکهاتووە”. ئەمە مانای چییە؟

ئەمە تیۆرییەکە لەبارەی پڕۆسەکان، لەبارەی زنجیرەکان و پیوەندییە هۆکارییەکانی نێوان ئەو شتانەی کە ڕوودەدەن، نەک سیفەتە خۆییەکانی شتەکان خۆیان. پێکهاتەی بنچینەیی ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێین “ڕووداو” ێک. ڕووداوەکان ئەو شتانەن کە لە تاکە شوێن و کاتێکدا ڕوودەدەن؛ لە هەر ڕووداوێکدا هەندێک تەوژم، وزە، بارگە یان بڕە جیاوازە فیزیاییەکانی تر هەن کە لە بژاردن دێن. ڕووداوەکە لەگەڵ تەواوی گەردوون لە کۆمەڵێک پەیوەندیدایە، ئەو کۆمەڵە پەیوەندیانە “دیمەن”ەکەی گەردوون پێکدەهێنن. لەبری ئەوەی وەسفی سیستمێکی دابڕاو بەهۆی ئەو شتانەوە بکەین کە لە دەرەوەوە هەژمارکراون، ئێمە گەردوون وەکو پەیوەندیە پێکهێنراوەکانی نێوان ڕووداوەکان وەردەگرین. ئایدیاکە بۆ ئەوەیە جارێکی تر فیزیا بەهۆی ئەو دیمەنانەوە لە ناوەوە فۆڕمولە بکرێتەوە، لە ناو گەردوونەوە چۆن دەردەکەوێت.

چۆن ئەوە دەکەیت؟

ژمارەیەکی زۆر دیمەن هەن، هەر یەکەیان تەنها زانیارییەکی بەشەکیی لەبارەی تەواوی گەردوونی ماوە هەیە. ئێمە ڕێسایەکی داینەمیکی پێشنیار دەکەین کە لێیەوە پێویستە هەر دیمەنێک تاقانە بێت. ئەم ئایدیایە لە ڕێسای هاوشوناسبوون[15] ی لایبنز-ەوە دێت. بە شێوەیەکی سروشتی، دوو ڕووداو کە نەخشەی دیمەنەکەیان بەتەواوەتی لەسەر یەک دەکێشرێت هەمان ڕووداون. لەبەرئەوە هەر دیمەنێک تاقانەیە، دەتوانیت بەهۆی دیاریکردنی بڕێک بە ناوی ” جۆرایەتی”[16]  ئەندازەی جیاوازیی یەکێک لەوەی تر هەژمار بکەیت. ئەگەر بیر لە گرێیەک [خاڵێک] لەسەر نەخشەیەک بکەیتەوە، دەتوانیت هەنگاوێک، دوو هەنگاو، سێ هەنگاو بچیتە پێشەوە. گەر هەنگاوێک هاوسێیەکت دەداتێ- هاوسێی هەنگاوی یەکەم، هاوسێی هەنگاوی دووەم، هاوسێی هەنگاوی سێهەم. لەبەرئەوە دەتوانێت بۆ هەر دوو ڕووداوێک بپرسیت: پێویستە چەند هەنگاو بچیتە پێشەوە تاوەکو دیمەنەکەیان لەیەک جیادەبێتەوە؟ لە کام هاوسێدا جیاوازن؟ تا هەنگاوی کەمتر بۆ پێشەوە پێویست بێت، دیمەنەکان باشتر شایەن بە جیاکردنەوەن لە یەکتر. ئایدیای ناو ئەم تیۆرییە بریتیە لەوەی کە یاساکانی فیزیا- داینەمیکەکانی سیستمەکە- لە پێناوی زیادکردنی جۆرایەتیدا کاردەکەن. ئەم ڕێسایە- سروشت دەیهەوێت جۆرایەتی زیاد بکات- لەناو ئەو چوارچێوەیەی باسم کرد، بەرەو هاوکێشەکەی شرۆدینگێر[17] دەڕوات، بەم جۆرە و لە سنوورێکی گونجاودا بەرەو چاککردنی میکانیکی کوانتەم.

لە کتێبەکەتەوە ئەوە دەزانم کە تۆ لە دڵەوە واقیعگەرای (realist)- بەهێزەوە بڕوات بە حەقیقەتی سەربەخۆ لە مەعریفەی ئێمە هەیە- لەبەرئەوە، وەکو ئاینشتایین، پێت وایە کە میکانیکی کوانتەم ناتەواوە. ئایا ئەم تیۆرییەی دیمەنەکان ئەو ناتەواوییە تەواو دەکات کە پێت وایە لە تیۆریی کوانتەمدا هەیە؟

ئاینشتایین- هەروەها کەسێکیش بەناوی لێسلێی بالێنتاین[18] – لایەنگرییان لە ” لێکدانەوەی کۆمەڵە” بۆ نەخشە شەپۆل کردووە [ تەنێکی ماتماتیکیی کە سیستمێکی کوانتەمی نیشاندەدات]. ئایدیاکە ئەوەبوو کە نەخشە شەپۆل وەسفی کۆمەڵێک دۆخی شیاو دەکات. بەڵام ڕۆژێک، کاتێک لە کافێیەک دانیشتبووم کارم دەکرد، لەناکاو بیرمکردەوە: ئەی ئەگەر کۆمەڵەکە ڕاستەقینە بێت؟ ئەی ئەگەر، کاتێک نەخشە شەپۆلێکت هەیە وەسفی تاکە مۆڵیکیولێکی ئاو دەکات، لە ڕاستیدا وەسفی کۆمەڵەی هەر مۆڵیکیوڵێکی ئاو لەناو گەردووندا بکات؟

کەواتە کاتێک ئێمە ئاسایی وا بیردەکەینەوە کە تەنها یەک مۆڵیکیوڵی ئاو هەیە بەڵام نادڵنیایی کۆمەڵە دۆخێک ، تۆ دەڵێیت کە لە ڕاستیدا نادڵنیایی دۆخەکان بریتییە لە کۆمەڵەی هەموو مۆڵیکیوڵەکانی ئاو لەناو گەردووندا؟

بەڵێ. کۆمەڵەیەک درووست دەکەن چونکە دیمەنی زۆر لەیەکچوویان هەیە. هەموویان لەگەڵ یەکتردا کارلێک دەکەن، ئەگەری کارلەیەککردن لەلایەن لەیەکچوویی دیمەکەکان دیاریکراوە، نەک بەشێوەیەکی زەروریانە نزیکیان لەناو فەزادا.

پێویست ناکات شتەکان لەیەک نزیک بن تا کارلێک بکەن؟

لەم تیۆرییەدا، لەیەکچوویی دیمەنەکان لە فەزا زۆر بنچینەیترە. زۆر جار، دوو ڕووداو دیمەنی لەیەکچوویان هەیە چونکە لەناو فەزادا لەیەک نزیکن. ئەگەر دوو کەس لە تەنیشت یەک بوەستن، لەیەکچوونیان زۆرە، دیمەنە بەیەکداچووەکانی گەردوون. بەڵام دوو ئەتۆم سیفەتی هاوپەیوەندی زۆر کەمتریان لە تەنە گەورە و ئاڵۆزەکانی وەک خەڵک هەن. لەبەرئەوە دوو ئەتۆمی زۆر دوور لە یەک لەناو فەزادا هێشتا دەتوانن دیمەنی زۆر لەیەکچوویان هەبێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە لە بچووکترین ئاستدا، پێویستە کارلێکی زۆری دەرناوچەیی هەبن. ئەمەش ڕێک هەمان ئەو شتەیە کە لە گیرۆدەیی ناو میکانیکی کوانتەمدا دەستت دەکەوێت. بەپێی فۆڕمولەی کۆمەڵەی ڕاستەقینە میکانیکی کوانتەم لەوەوە دێت.

ژمارەیەکی زۆر لەو کارانەم بیردەخاتەوە کە ئیستا لە فیزیادا بەردەوامن، پەیوەندیی سەرسوڕهێنەر لە نێوان گیرۆدەیی و ئەندازەی فەزا-کاتدا دەدۆزێتەوە. پێموایە کە زۆربەی ئەوەی کاردەکات سەرنجڕاکێشە. ئەو گریمانەیەی هاندەریەتی ئەوەیە کە لە میکانیکی کوانتەمدا گیرۆدەیی بنەڕەتە، هەروەها ئەندازەی فەزا یان فەزا-کات لە پێکهاتەکانی گیرۆدەییەوە دەردەکەوێت. ئەمەش پێشکەوتنێکی زۆر ئەرێنییە.

وتت کە ئەم ئایدیایانە لە مۆنادۆلۆجی لایبنز-ەوە سەرۆیان وەرگرتووە. ئایا بە ڕێکەوت [کتێبی] مۆنادۆلۆجیت دەرهێناو دووبارە خوێندتەوە؟

یەکەم جار لەسەر پێشنیاری جولیان باربۆر[19] لایبنزم خوێندەوە، سەرەتای ئەو کاتەی خوێندنی باڵام تەواو کردبوو. یەکەم جار نامەگۆڕینەوەکانی نێوان لایبنز و ساموێل کلێرک-م خوێندەوە[20] ، ئەو کەسەی کە هەواداری نیۆتن بوو، کە تێیدا لایبنز ڕەخنە لە فیکرەی نیۆتن لەبارەی فەزای ڕەها و کاتی ڕەها دەگرێت و دەڵێت کە پیویستە بینراوەکانی ناو فیزیا پەیوەندیانە بن. پێویستە لە ئەنجامی کارلێکەکانیان، وەسفی پەیوەندییەکانی نێوان سیستمێک لەگەڵ یەکێکی تر بکەن. دواتر مۆنادۆلۆجیم خوێندەوە. وەکو نەخشەیەک بۆ چۆنیەتی بنیاتنانی تیۆرییەکی لە پاشخان-سەربەخۆی فیزیا دەیخوێنمەوە. جار جارە سەیری کتێبەکە دەکەم. گوتەیەکی جوانی تێدایە، تێیدا لایبنز دەڵێت “هەروەکو ئەوەی کاتێک شارێک لە ئاڕاستەی جیاوازەوە دەبینرێت تەواو جیاواز دەردەکەوێت…. بە هەمان شێوە ژمارەیەکی زۆر گەردوون هەن، هەروەکو هەشبوون، کەچی تەنها گۆشەنیگان بۆ تەنها یەک دانە و بەرئەنجامی گۆشەنیگا جیاوازەکانی  هەر مۆنادێکن “. بۆ من، ئەوە دەریدەخات کە بۆچی ئەم ئادیایانە زۆر گونجاون، نەک بە تەنها لە فیزیادا بەڵکو بۆ تەواوی شتەکان هەر لە یاسای کۆمەڵایەتیی و پۆستمۆدێرنیزم-ەوە بۆ هونەر و بۆ چۆنیەتی هەستکردنی تاکێک لەناو کۆمەڵگایەکی جۆراوجۆردا. بەڵام ئەمە باسێکی ترە!

فەلسەفە زۆر کاریگەریی لەسەر کارەکەی تۆ هەبووە. ئەگەر لە مێژوو بڕوانین کەسانی وەک ئاینشتایین و بۆڕ و جۆن ویلەر هەموویان گرنگی زۆریان بە فەلسەفە داوە؛ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە فیزیای ئەوان کردووە. پێدەچێت ئەمە سیفەتی گەورە فیزیکزانان بێت و هێشتا-

هەروەها هی فیزیکزانانی ئاسایی.

باشە، دادپەروەرانەیە! تەنها وا دەردەکەوێت کە ئێستا باسکردن لە فەلسەفە لە ناو فیزیادا وەکو تابووی لێ هاتووە. ئایا ئەوە ئەزموونی تۆشە؟

نا هەرگیز. زۆرێک لە تیۆریسازە پێشڕەوەکانی ناو فیزیای بنچینەیی- کە تێیدا ئامانج قووڵبوونەوەی مەعریفەی ئێمەیە لەبارەی یاسا بنچینەییەکانەوە- زۆر بەباشی ئاگاداری فەلسەفە بوون. وەکو خوێندکارێک لە کۆلێجی هێمسفیر[21] ، کۆرسی زۆری فیزیا و هەندێک کۆرسی فەلسەفەم وەرگرتووە. کاتێک بۆ خوێندنی باڵا چووم بۆ هارڤارد، ویستم دوو دکتۆرا لە فیزیا و فەلسەفە وەرگرم، بەڵام هەر زوو خوولیاکەم بۆ فەلسەفە ڕووی لە کزی کرد. مەبەستم ئەوەیە فیزیکزانان تەواو لووت بەرز بوون. بەڵام فەیلەسوفان زیاتر. 

کاتێک لە بەشی یەکەمی سەدەی بیستەم-دا  لە ئەوروپا شۆڕش لە فیزیادا ڕوویدا، کەسانی وەک ئاینشتایین، بۆڕ، هایزنبێرگ، شرۆدینگێر و ئەوانی تر شارەزای تەواوی فەلسەفە بوون و ئەوەش کارەکانی ئەوانی وەکو فیزیکزان دەوڵەمەند کرد. دواتر، ئەم گۆڕانە پڕاگماتیکیە هاتە کایەوە، کە تێیدا باری زاڵی فیزیا بووە دژە-بنچینەیی و دژە-فەلسەفی.

مێژوونووسی فیزیا دەیڤد کایسەر[22]  لە ئێم ئای تی[23] بە وردیی لێکۆڵینەوەی لەمە کردووە. لێکۆڵینەوەی لە تێکست بووکەکانی (textbooks) میکانیکی کوانتەم و تێبینی وانەکان کردووە و بینیویەتی کە چۆن لە نێوان ساڵانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٥٠ لە کۆرسەکانی میکانیکی کوانتەمدا  سەرچاوەکانی فەلسەفە و ئاریشە بنچینەییەکان دیارنەماون. جارێک فریمان دایسۆن[24]  وتی ئاسایی کەسانی گەنگ یاخین و کەسانی بەتەمەن کۆنەپارێزن، بەڵام ئەو نەوەیەی ئەو پێچەوانە بوو. کەسە گەنجەکان نەیانویست گوێ بۆ بابەتە قێزەونە بنچینەیی و فەلسەفیەکان بگرن، تەنها ویستیان دەربکەون و میکانیکی کوانتەم جێبەجێ بکەن.

لە نێوان ساڵانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٧٠دا، ئەمە شتێکی نایاب بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانەکانی میکانیکی کوانتەم و بنیاتنانی ستاندارد مۆدێل [25] و فیزیای مادە چڕەکان و شتی تر. بەڵام دواتر فیزیای بنچینەیی تووشی وەستان هات، بەشێک لە هۆکاری ئەم وەستانەش ئەوەبوو کە ئێمە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە بووینەوە کە بەهۆی ئەم کلتوورە پڕاگماتیکی و دژە-بنچینەییە چارەسەر ناکرێن. پێویستە ئەوە ڕوون بێت کە ئەو بوارانەی کە تێیاندا یاسا پەیوەندیدارەکان کاردەکەن، وەکو فیزیای مادە چڕەکان و ئەسترۆفیزیا، لە گەشەسەندن بەردەوامبن. بەڵام ئەگەر ئامانجی تۆ بەردەوامبوون بێت لە دۆزینەوەی یاسای نوێ و قووڵتر، پێویستە جارێکی تر ئاشنای فەیلەسوفان ببیتەوە. ئەمەش پێشتر زۆر ڕوویداوە.

کاتێک دەستمکرد بە ئاشنابوون بە فەیلەسوفان، هەندێکی کەمیان هەبوون کە بەڕاستی فیزیایان بەباشی دەزانی بەڵام زۆربەیان نەیاندەزانی. ئەمڕۆ، ئەو خەڵکە گەنجانەی لە فەلسەفەی فیزیادا کاردەکەن، بەباشی فیزیا دەزانن. ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ فەلسەفە وا خەریکە دێتەوە گۆڕێ، پێم وایە ئەوە شتێکی باشە.


[1] -Lee Smolin

[2] – Möbius بریتییە لەو ئەندازەیەی کە یەک ڕووی هەیە

[3] – Perimeter

[4] – Waterloo

[5] – Ideoplastos

[6] – R. Buckminster Fuller

[7] – Princeton

[8] – string theory

[9] – loop quantum gravity

[10] – Gottfried Leibniz

[11] – calculus

[12] – The Monadology

[13] – Quanta Magazine

[14] – Roberto Unger

[15] – identity of indiscernibles

[16] – variety

[17] – Schrödinger equation

[18] – Leslie Ballentine

[19] – Julian Barbour

[20] – Leibniz–Clarke correspondence

[21] – Hampshire College

[22] – David Kaiser

[23] – MIT

[24] – Freeman Dyson

[25] – Standard Model

سەرچاوە

https://www.quantamagazine.org/were-stuck-inside-the-universe-lee-smolin-has-an-idea-for-how-to-study-it-anyway-20190627/

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *