تەفسیرە بچکۆلەکان بۆ ئایدیا گەورەکان

تەفسیرە بچکۆلەکان بۆ ئایدیا گەورەکان

پرسیارە گەردونییەکان.

96  ئایا گەردون چەند گەورەیە؟

97. بیگ-بانگ چی بوو؟

.98 بیگ-بانگ لە کوێدا رویدا؟

99 . چۆن دەزانین بیگ-بانگ رویداوە؟

100 . پێش بیگ-بانگ چی ڕویدا؟

.101 بە چ خێراییەک گەردون دەکشێت؟

102 . بۆچی بە شەو ئاسمان تاریکە؟

103 . مادەی تاریک چییە؟

104 . وزەی تاریک چییە؟

105 ئایا گەردون –کاڵا بە قەد باڵا – یە بۆ ژیان؟

106 ئایا لە گەردونێک زیاتر هەیە؟

گرفت: بۆچی ئێمە لەم گەردونەداین لە یەکێکی تردا نین؟

96  ئایا گەردون چەند گەورەیە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، سەرەتا پێویستە بزانین مەبەست لە گەردون چییە؟.

دەروازەی راستییەکان: گەردون هەرگیز لە ئەزەلەوە بوونی نەبووە. بەڵکو 13.7 بلیۆن ساڵ پێش ئێستا لە تەقینەوەیەکی زۆر گەورەدا لەداکبووە. ئەو تەقینەوەیە پێی دەگوترێت بیگ-بانگ. بەمجۆرە کاتێک باس لە لەدایکبوون دەکەین مەبەستمان لە گالاکسییەکانە کە 13.7 بلیۆن ساڵیان پێچووە بۆ ئەوەی بگەنە ئێرە. ئەو تەنانەی ئێمە دەیان بینین – کە نزیکەی سەد بلیۆن گالاکسیین – وەک بڵقی زەبەلاح لە فەزادا بڵاوبونەتەوە و لەسەر روی عەردەوە بە هۆی تەلەسکۆپی ئێجگار پێشكەوتووەوە سەرنجیان دەدەین و زانیارییان لەسەر تۆمار دەکەین.

دوری ئێمە لە کەناری گەردونی بەرچاوەوە نزیکەی 42 بلیۆن ساڵ روناکییە، دووریش بە پانتایی گەردون خۆیدا نزیکەی 84 بلیۆن ساڵی روناکییە.

پرسیار: باشە ئەگەر کەناری گەردون 42 بلیۆن ساڵ روناکی دوورە، ئەی چۆن دەبێت گەردون تەمەنی 13.7 بلیۆن ساڵ بێت؟

 وەڵام: لە سەرەتادا، گەردون زۆر خێراتر لە خێرایی روناکی کشاوە، یاخود فووی تێکراوە.

ئەو گەردونەی دیارە، یاخود گەردونی بەرچاو، بە پشتێنێکی خەیاڵی دەوردراوە، پێێ دەگوترێت ‘ ئاسۆی روناکی’. ئەم سنوورە، دورترین کەنارە کە بە تەلسکۆب ببینرێت.

بەڵام ئاسۆی کۆزمۆیی زیاتر لە ئاسۆی دەریا دەچێت. هەروەک چۆن دەریا بە ئاسۆوە دیارە، ئاواش گەردون بە ئاسۆوە دیارە.

بە گوێرەی تیوری ‘هەڵئاوسان’ دەشێت بڕی ناکۆتای گەردون، لەو دیو سنورەکانی ئاسۆوە بێت. بە واتایەکی تر گەردون ناکۆتایە!

 97. بیگ-بانگ چی بوو؟

نزیکەی 13.7 بلیۆن ساڵ پێش ئێستا، هەموو فەزا، زەمەن، وزە و مادە لەدایکبون، بە واتایەکی تر تەقینەوە، ئەم تەقینەوەیە وەک تۆپێکی ئاگرین هاتە دونیاوە.

ئیتر هەر لەگەڵ بیگ-بانگ دا، گەردون لە پرۆسەی کشاندایە، گالاکسییەکان، هەروەک ئەوەی خۆمان، کە نێوی رێچکەی شیرییە، لە خاشاکی ساردەوەبوو تۆپەڵ بوون و لەدایکبوون.

لە ساڵی 1916 دا، ئەلبێرت ئاینشتاین تیورییەکەی خۆی لەمەڕ کێشکردن، تیوری گشتی نسبییەتی، بەسەر گەورەترین تەنی کێشکردندا واریکرد، ئەو تەنەش گەردون بوو. تیورییەکە دەڵێت پێویستە گەردون لە جوڵەدا بێت. بەڵام باوەڕی وابوو گەردون ناگۆڕێت، پەیامی هاوکێشەکانی خۆی نەپێکا و گوێی نەگرت.

ئەلێکسندەر فرەیدمان، لە ساڵی 1922 دا، و جۆرج لێمەترا لە ساڵی 1927 دا، هەردوک سەربەخۆ لە یەکتر، هەقیقەتیان پێکا. گەردون ستاتیک نییە، بەڵكو لە( بیگ-بانگەوە)، لە جەرەیانی پەرەسەندندایە.

لە ساڵی 1929 دا، ئەدوین هەبڵ، رایگەیاند گەردون لە کشاندایە. ئەو گالاکسییانەی نزیکن لێمانەوە نزیک دەبنەوە، ئەوانەش لێمانەوە دوورن دووردەکەونەوە. خۆ هەتا دورتربن، بە خێراییەکی بەرزتر لێمان دوردەکەونەوە.

ئەگەر گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە، ئەوا لە رابردوودا زیاتر لە یەکترەوە نزیک بوون. 13.7 بلیۆن ساڵ پێش ئێشتا ئەوەندە نزیک بوون لە یەکتر، بەسەر یەکدا کەڵەکە بووبوون، یەک تۆپەڵ بوون، ئەوە بیگ-بانگە.

کاتێک گەردون بچوکتربوو، گەرمتربوو، . بەمجۆرە بیگ-بانگ، بیگ-بانگێکی گەرم بوو.

لە 1948 دا، فرێد هۆیڵ، بۆندی و گۆڵد هەرسێکیان پێکەوە تیورییەکی رەقیبیان پێشکەشکرد، تیورییەکە ناوی ‘ تیوری حاڵەتی نەگۆڕ’ بوو. گوتیان بەڵێ راستە گەردون لە کشاندایە، بەڵام مادەی نوێ هەمیشە لە لەدایکبون و دروسبوندایە، گەردون هەمیشە وەک خۆیەتی و ئەزەلییە.

فرێد هۆیڵ، لە سالی  1949 دا وەک قۆشمە وشەی بیگ-بانگی خستە نێوەندە ئەکادیمی و زانستییەکانەوە – کە خۆی هیچ باوەڕی بە تیوری بیگ-بانگ نەبوو- لە پرۆگرامێکی رادیۆی بی.بی.سی دا وشەکەی خستە سەر زاران و بە دونیادا بڵاوبوەوە.

سەرەتای ساڵانی 1960 کان، تەلەسکۆپە رادیۆییەکان، گەلێک کوەیزەریان لە مەوقیعە دورەکانی گەردوندا واڵاکرد. کە لە گەردونی ئەمڕۆدا بونیان نییە. ئەو گەردونەی ئەمڕۆ لە پرۆسەی پەرەسەنداندایە، پشگیری تیوری بیگ-بانگ دەکات.

لە 1965 دا، ئارنۆ پێنزایس و رۆبێرت ویڵسن، گەرمییەکیان کەشفکرد کە ئەنجامی راستەوخۆی تۆپی ئاگرینی دوای بیگ-بانگە – ئەم تیشکە پێی دەگوترێت تیشكی باکگراوندی کۆزمۆیی. بەمجۆرە تیوری بیگ-بانگ هەتا ئێستاش هەر لە سەرکەوتندایە و تیوری حاڵەتی نەگۆڕ تەسلیم بوو.

.98 بیگ-بانگ لە کوێدا رویدا؟

وشەی بیگ-بانگ وێنەیەکی هەڵەی لە خەیاڵاتی ئنساندا کێشاوە، بە تایبەت، زۆربەی خەڵک وەک تەقینەوە تەسەوری دەکەن.

تەقینەوەیەکی داینەمایت لە جێگایەکدا رودەدات، بەڵام ناتوانین مەوقیعێک دیاری بکەین و بڵێین بیگ-بانگ ئا لێرەدا رویدا.

لە بیگ-بانگدا، فەزا دەتەقێتەوە و یەکسەریش لە هەموو جێگایەکدا دەست دەکات بە گەشەکردن. واتە لە هەموو شوێنێکدا لە هەمان کاتدا رودەدات.

تەسەورکە مێوژ لە نێو کێکێکدایە و کێکەکە هەڵدێت. ئەگەر هەر یەکێک لە مێوژەکان بگرین، ئەوا هەموو مێوژەکانی تر لێی دوردەکەونەوە، بەڵام ئێستا بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر کێکەکە لە گەورەییدا ناکۆتا بێت و هیچ کەناریشی نەبێت!

گالاکسییەکان کە لە باوەشی فەزادان، لە کاتی کشانی فەزادا هەروەک مێوژەکان وەهان. لە چاوی هەر گالاکسییەکەوە هەموو گالاکسییەکانی تر لێی دوردەکەونەوە.

بەمجۆرە، لە گەردونێکدا کە لە پرۆسەی کشاندایە، هەر کەسێک دەگریت، ئەوا بە هەمان شێوە پێگەی خۆی دەبینێت. واتە هەموو کەسێک، وا دەزانێت لە چەقی تەقینەوەکەدایە (هەرچەندە کەسیش لە چەقدا نییە.)

لە تەقینەوەی داینەمایتدا، پڕیشکەکان لە فەزایەکی پێشینەدا دەتەقنەوە. بەڵام لە بیگ-بانگدا، گەردونی پێشینە بونی نەبووە.

بیگ-بانگ بە هیچدا نەتەقییەوە، بەڵگو لەگەڵ خۆیدا فەزا لەدایکبوو و هەموو شتێک بە دورکەوتنەوە لە یەکتر دەستیان کرد بە کشان.

دیسانەوە بیر لە کێکێکی ناکۆتای گەورە بکەرەوە. ئەگەر ناکۆتایە، ئەوا دەرەوە بونی نییە هەتا بە باوەشیدا بکشێت. مەبەست لە کشان ئەوەیە هەموو شتەکان لە ناوەوە گەشەدەکەن و پەرەدەستێنن.

بە دڵناییەوە، فەزا لەوانەیە بە دەوری خۆیدا بچەمێتەوە، هەروەک لە حاڵەتی روی میزەڵانێکدا. دیسانەوە دەرەوە بونی نییە.

 هەرگیز ناتوانین بە شمولی بیگ-بانگ ئەزم بکەین و لە سیمای ئەبەدییەتی حاڵی ببین. تەنها تیوری گشتی نسبییەتی ئاینشتاین دەتوانێت لە روی ماتماتیکییەوە بەرجەستەی بکات.

99 . چۆن دەزانین بیگ-بانگ رویداوە؟

چونکە گەردون لە کشاندایە، ئەوا دەبێت لە رابردودا بچکۆلەتر بووبێت. تەنها تەفسیر بۆ هەبوونی هیلیۆم (10%ی ئەتۆم پێکدەهێنێت ) لە گەردوندا بریتییە لە فڕنە گەرمەکەی بیگ-بانگ و لەو ناوەندەدا دروستبووە.

بەڵگەی رۆژانە سەبارەت بەم پرسە: لە 1% ئەو تەشویشە سپییەی لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆندا (بێگومان تەلەفزیٶنی ئەنەلۆگ) دروست دەبێت راستەوخۆ لە بیگ-بانگەوە دێت.

تۆپە ئاگرینەکەی بیگ-بانگ وەک بۆمبای هایدرۆجینی وایە. بەڵام گەرمای هایدرۆجینی بە دەوروبەرەکەدا پەرش و بڵاو دەبێتەوە، ئەوەی بیگ-بانگ نەخێر.

گەرمای بیگ-بانگ شوێنی نییە بۆی بچێت. گەردون وەک بوتڵێک وابوو، ئەوەی هەبوو لە بوتڵەکەدا بوو.

گەرمای بیگ-بانگ هێشتا ماوە، بەلام لە 13.7 بلیۆن ساڵی رابردوودا بە هۆی کشانی گەردونەوە ساردبووەتەوە. ئێستا گەرماکەی لە سێ پلە لە سەروو سفری رەهاوەیە( -270  سەدی).

لە بری ئەوەی وەک روناکییەکی بەرچاو دەرکەوێت، شەفەقی بیگ-بانگ وەک تیشکی مایکرۆیڤی وەک روناکییەکی نەبیراو لە لایەن تەلەفزیۆنەوە وەردەگیرێت.

بەر لەوەی خۆی بە ئالێری تەلەفزینەکاندا بکێشیت، تیشکی مایکرۆیڤی بیگ-بانگ 13.7  بلیۆن ساڵی بڕیوە. لە 99.9% ی سەرتاپای فۆتۆنەکانی(تەنۆلکەی روناکی) گەردون لە ئەستێرە و گالاکسییەکانەوە نایەن، بەڵکو لە شەفەقی بیگ-بانگەوە دێن.

ئەگەر لە دەرەوە سەیری گەردون بکەین، ئەوا زەقترین دیاردە بریتی دەبێت لە شەفەقی دوای ئەفراندان. هەموو گەردون وەک ناوەوەی گڵۆپیک دێتە بەرچاو.

هەم ئەتمۆسفێر و هەم هەموو شتێکی سارد (تەنانەت تۆش) بە تیشکی مایکرۆیڤی درەوشاوەیە، بەمجۆرە ئەم روناکییە ئەوەندە زاڵە و فەزای تەنیوە کە زەحمەتە ببینرێت.

تیشکی باکگراوندی کۆزمۆیی لە ساڵی 1965 بە رێکەوت لە لایەن دوو ئەندازیاری ئەسترۆنۆمی رادیۆییەوە لە بنکەی تاقیگەکانی ‘بێڵ’ لە نیوجێرسی دۆزرایەوە. سەرەتا وایان زانی ئەو خشە خشەی ئەنتێناکەیان پێکاویەتی هی کۆتر و هێلانەی کۆترە لە نێو ئەنتێنەکەدا. دوایی دەرکەوت نەخێر ئەمە سیگنالی تیشكی ساتەوەختی دوای تەقینەوەی هەرە مەزن بیگ-بانگە و هێشتا ئەسەرەکەی لە گەردوندا ماوە. ئەم دوو ئەندازیارە، کە ناویان ئارنۆ پێنزایس و رۆبێرت ویڵسن بوو، لەسەر ئەم دۆزینەوەیە، لە ساڵی 1978  دا خەڵاتی نۆبڵی فیزیایان وەرگرت(هەتا بڵێی رۆژێکی ناخۆش بوو بۆ رۆبێرت دایک، چونکە لە دووری چەند کیلۆمەترێکەوە بۆ ئەم تیشکە دەگەڕا).

ئەم تیشکە لەگەڵ خۆیدا ‘فۆتۆی کۆرپەلەی’ گەردونمان بۆ نمایش دەکات کاتێک تەمەنی گەردون تەنها 380000 ساڵ بووە. پێگەی ناوچە گەرم و ساردەکانی ئەم درەوشانەوەیە تۆپەڵبوونی مادەمان ‘تۆوی گالاکسییەکان’ دوای بیگ-بانگ بۆ واڵادەکات.

لە ساڵی 2006 دا، دوای دۆزینەوەی ‘تۆوەکان’ یەکەم بونیاتی کۆزمۆیی، هەردوو فیزیکناس، جۆن ماتەر و جۆرج سمووت خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرت.

100 . پێش بیگ-بانگ چی ڕویدا؟

سەرەتا ‘بۆشاییەکی چەواشە’ بوونی هەبوو، داستانەکە بەمجۆرە هات، خاسیەتێکی زۆر شازی هەبوو – هێزی ”کێشکردنی” لە یەکتردورکەوتنەوە-ی هەبوو ئنجا هەڵئاوسان دەستی پێکرد. تا زیاتر بۆشایی دروسبوو، هێزی لە یەکتردورکەوتنەوە زیاتر بوو، پاشان کشانی بۆشایی خێرا و خێراتر بوو.

تا بۆشایی زیاتر خەڵق بووایە، وزە زیاتر دەبوو. خاسیەتێکی تری شاز، وزە لە هیچەوە دروستبوو، ئەوەی بە ئنگلیزی پێی دەڵێن ‘ خواردنی بەلاش هات’.

بەڵام بۆشاییە چەواشەکە ناسەقامگیربوو. هێدی هێدی شت بووە – بۆشایی راستەقینە – ئەو بۆشاییەی ئێستا. وێنای بڵق بکە لە نێو دەریایەکی زۆر گەورەدا دروست دەبێت. وزەکەی نێو بۆشاییە چەواشەکە پێویست بوو بچێتە شوێنێکی تر. مادەی لە گەردونە بڵقییەکەدا دروستکرد و ئنجا گەرماکەی چووە پلەیەکی زۆر بەرزەوە. بەمجۆرە بیگ-بانگ لەدایکبوو.

لەم وێنەیەی کە بە هەڵئاوسان ناسراوە، گەردونەکەی ئێمە لە نێو ژمارەیەکی بێشومار گەردوندا، بە هۆی هەمیشە کشانی بۆشاییە چەواشەکەوە بۆ هەتاهەتایە، بۆ ئەبەدییەت جودابوەوە.

کە هەڵئاوسان چیتر هەڵمی نەما، کشانی ئاسایی دەستی پێکرد. زیاتر لە فیشەکە شێتە یان دەمەقاچان دەچوو، بە بەراوردیش وەک بۆمبای هایدرۆجینی وابوو.

بۆشایی چەواشەی وزە بەرز لە کوێوە هاتبوو؟ تیوری کوانتەمی مۆڵەت دەدات بەوەی وزە لە هیچەوە لەدایک ببێت(پرینسیپی هایزنبێرگ.) پێدەچێت بەشێکی بچکۆلەی بۆشاییە چەواشەکە دەرپەڕیبێت و کشان دەستی پێکردبێت. هەڵئاوسان ناوەستێت، چونکە بۆشایی هەر لە گەورەبوندایە.

پرسیاری ئایندە: ئەو یاسا فیزیکییەی (تیوری کوانتەم) مۆڵەت دەدات بە دروسبونی وزە لە هیچەوە، لە کوێوە هاتووە؟

گەڕانەوەی ناکۆتا. لەوانەیە لەوەش باشتر نەبێت ئەگەر بڵێین گەردون لەسەر پشتی کیسەڵێک وەستاوە. کە ئەمیش ئەو پرسیارە دەوروژێنێت: ئەی باشە کیسەڵ لەسەر پشتی چی وەستاوە؟

هەروەک پیرێژنێک جارێک لە کۆڕێکی کۆزمۆلۆژیدا بە بێرتراند رەسڵ دەڵێت: تۆ کابرایەکی زۆر زیرەکیت. هەتا خوارەوە کیسەڵ لەسەر کیسەڵ وەستاوە.

.101 بە چ خێراییەک گەردون دەکشێت؟

نەگۆڕی هەبڵ رێژەی کشانی گەردونی کردە فۆرمێکی چەندایەتی، واتە کردە بڕێکی ژمارەیی. باشترین رێژە لە ئێستادا  73 کم/  چرکە/ مێگاپارسێک (1 مێگاپارسێک دەکاتە  3.26 ملیۆن ساڵی روناکی).

ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە گالاکسییەک 3.26 ملیۆن ساڵ روناکی دوورە لە گالاکسییەکی تر بە خێرایی 73 کم/چرکە خێراتر بە هۆی بیگ-بانگەوە دوردەکەوێتەوە.

هەرچەندە گەردون هەمیشە بەو رێژەیەی ئەمڕۆ نەکشاوە. لە راستیدا، مێژووی کشانی گەردون سیمایەکی کڵێشەیی و رێکی لەخۆنەگرتووە.

لەوانەیە ئنسان ساویلکانە وەها بیربکاتەوە کە گەردون لە بیگ-بانگەوە خێرا دەکشێت و ئنجا لەو کاتەوە خاوبووەتەوە، چونکە کشانەکە هیچ هەڵمی پێ نەماوە. بەڵام پرسەکە لەوە ئاڵۆزترە.

سەرەتا بۆشایی هەبوو، ئنجا هەڵئاوسان هاتە ئاراوە، بەڵام بە خێراییەکی لە ئاسابەدەر، بوو بە هۆی گەورەبونی قەبارەی گەردون، بە جۆرێک گەورەبوو کە لە یەکەم کەرتی ساتە چرکەیەدا شەست جار بوو بە دوو ئەوەندەی گەردون.

کە هەڵئاوسان تەواوبوو، بۆشاییەکی گەورەی وزە بووە هۆی دروستبوون و گەرمبونی هەتا پلەیەکی زۆر بەرز. ئەمەش بۆ خۆی ئەو بیگ-بانگەیە کە بە بیگ-بانگی گەرم ناسراوە.

دوای هەڵئاوسان، گەردون بە رێژەیەکی ئارامتر و رێکتر کەوتە کشان، هەتا هێدی هێدی 13.7 بلیۆن ساڵ بخایەنێت هەتا بگاتە ئەو حالەتەی ئێستا تێیدایە.

بەڵام بیگ-بانگ، پارادۆکسەکەمان بۆ تەفسیرناکات، پارادۆکس بوونی نییە. تەنانەتە لە گەردونێکدا کە تەمەنی ناکۆتا بێت، ئاسمانی شەویش هەر روناک نابێت.

یۆهان کێپلەر ( 1630-1571) بە شێوەیەکی هامشییانە ئیشارەیدا بەوەی کە ئەستێرەکان هەتا هەتایە دەتوانن بسوتێن و بڕێکی ناکۆتا روناکی برێژنە فەزاوە، بەلام ئەمە راست نییە. لە هەقیقەتدا، ئەگەر سەرتاپای ئەستێرەکانی گەردونیش هەموو وزەکەیان بکەنە روناکی ئەستێرەیی، بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی فەزا و ئاسمانی زەوی بە شەو رۆشن بکەنەوە.

بیر لە حەوزێکی گەورە بکەرەوە و بتەوێت بە چۆڕێک ئاو پڕی بکەیت. گەردونیش هەر بەوجۆرەیە. ئەستێرەکان هەتا بڵێی بڕێکی زۆر کەم وزەیان تێدایە بۆ ئەوەی بتوانن گەردون پڕبکەن لە روناکی.

کێ دەیگوت، کێ خەیاڵی بۆ ئەوە دەچوو کە تاریکایی ئاسمان دەبێت بە مەتەڵێکی چوار سەد ساڵە و ئەوەندە بیرکردنەوە و خەیاڵاتی گەردونیی دەوروژاند!

102 . بۆچی بە شەو ئاسمان تاریکە؟

یەکەم کەس ئەم پرسیارە بکات. لە ساڵی 1610 دا، یۆهان کێپلەر بوو، ئەو کاتە ماتماتیکناسی کۆشکی شاهانەی ئیمپراتۆڕیەت بوو لە پراگ.

لە پادوا، تەلەسکۆپە نوێ و جیاوازەکەی گالیلۆ ئەوەی واڵاکرد کە ئەستێرەکان بە شێوەیەکی سادە بە چاوان نابینرێن. کێپلەر وردبووەوە: چی دەبێت ئەگەر ئەستێرەکان بۆ ئەبەد بسوتێن؟

بە هەمان شێوەی چۆن لە دارستانێکی چڕی دارچنار دەڕووانیت، جگە لە دار هیچی تر نابینیت، ئاواش کاتێک سەیری گەردون دەکەیت جگە لە ئەستێرە هیچی تر نابینیت.

کێپلەر گەیشتە ئەو ئەنجامەی بڵێت: بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوانی دەکەین، شەوانی ئاسمان نابێت تاریک بێت بەڵکو دەبێت وەکو روی ئەستێرەیەکی نمونەیی گەش بێت. وەکو خۆر درەوشاوە بێت،

لە راستیدا، ئەستێرەی نمونەیی بریتییە لە ‘گرگنە سوورەکان’ – لە سەدا هەفتای هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان پێکدەهێنن – بەمجۆرە دەبێت ئاسمان بە شەو هەر لە ئاسۆوە بۆ ئاسۆ خوێناوی بێت.

مەسەلەی شەو بۆچی تاریکە و گەش نییە بوو بە مەتەڵ و لە سەدەی نۆزدەدا بە پارادۆکسی ئۆڵبەر ناسرا، ئەویش بە ناوی فەلەکناسی ئەڵمانی ئۆڵبەرەوە، چونکە هەر خۆی وەک مەتەڵ بڵاوی کردەوە.

ئێدگار ئالان پۆ نزیکترین تەفسیری بۆ ئەم پرسە هەبوو. ئاسمان تاریکە، لەوانەیە هۆکەی ئەوە بێت کە روناکی لە ئەستێرە دوورەکانەوە هێشتا نەگەیشتبێتە سەر زەوی.

کاتێک دەرکەوت کە تەمەنی گەردون کۆتادارە، واتە لە ئەزەلەوە گەردون بوونی نەبووە، ئەمە بۆ خۆی پشتگیرییەک بوو بۆ ئایدیاکەی ئالان پۆ. چونکە ئێمە تەنها ئەو تەنانە دەبینین کە روناکییەکەیان کەمتر لە 13.7 بلیۆن ساڵی خایاندووە بۆ ئەوەی بگەنە ئێرە.

بەڵام بیگ-بانگ پارادۆکسەکە تەفسیر ناکات – خۆ پارادۆکسیش بوونی نییە! تەنانەت لە گەردونی تەمەن ناکۆتادا، ئاسمان بە شەو رۆشن نابێت.

کێپلەر بە بێدەنگی ئەو فەرزیەیەی خستە ئاراوە کە ئەستێرەکان دەتوانن هەتا ئەبەد بسوتێن و بڕێکی نادیار روناکی بڕێژنە فەزاوە. ئەمە راست نییە.

لە هەقیقەتدا، تەنانەت ئەگەر هەر هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان وزەکەیان بگۆڕن بۆ روناکی، بەس نییە بۆ ئەوەی فەزا پڕبکەن و ئاسمانی زەویش لە شەودا بدرەوشێتەوە.

تەسەوری بانویەک بکە و بتەوێت بە چۆڕێک ئاو پڕی بکەیت. گەردونیش هەمان شتە. ئەستێرەکان بڕێکی زۆر بچکۆلە وزەیان تێدایە کە بتوانن ئاسمان بە روناکی پڕبکەن.

کێ دەیزانی کە تاریکستانی ئاسمان لە شەودا مەتەڵێکی چوار سەد ساڵە بووە و ئەوەندە بیرکردنەوەی کۆزمۆیی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە.

103 . مادەی تاریک چییە؟

کەس نازانێت چۆنە. وەکو مادەی ئاسایی نییە(ئەتۆمەکان)، روناکی پەخش ناکات، تەنانەت تۆزقاڵێکیش پەخش ناکات، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت بتوانرێت بە هۆی باشترین تەلەسکۆپ و ئامرازەکانی ئێستاوە کەشف بکرێت.

لە سەرتاپای مادەی بەرچاو یان بینراوی فەزا-ئەستێرە و گالاکسییەکان- بە بڕێک کە لە نێوان شەش بۆ حەوت ئەوەندە، قورسترە. دەزانین ئەم مادە تاریکە بوونی هەیە، ئەویش بە هۆی ئەو فشارە کێشکردنەی دەیخاتە سەر ئەستێرە بەرچاوەکانی گەردون و بە جۆرێک دەیان جوڵێنێت کە دەڵێی مادەی زیاتر لە ناوەندەکەدا حزوری هەیە. بەڵگەی سەرەتایی لەمەڕ بارستایی نادیار، یان مادەی تاریک: جوڵەی شاقوڵی ئەستێرەکانی رێچکەی شیری زۆر خێرابوون. لە ساڵی 1932 دا، جان ئۆورت بانگەشەی ئەم جۆرە مادە تاریکەی راگەیاند. ئنجا لە 1934 دا، فریتز زویکی  1974-1898)) فیزیکناسی سویسری سەیری کرد و بۆی دەرکەوت گالاکسییەکان بە تەرزی هێشویی بە دەوری چەقی هێشوەکەدا بە خێراییەکی بەرز دەسوڕێنەوە. کاردانەوەیان لە هەمبەر کێشكردنی مادەیەکی نەبینراودا هەیە.

لە ساڵی 1980 دا، ڤێرا روبین (2016-1928 ) گوتی ئەستێرەکان لە دەوری گالاکسییە حەلزۆنییەکان زۆر بە خێرایی دەسوڕێنەوە. هەروەک چۆن مندال پێویستە لەو فیلکانەی کە خێرایی تێدا بەرزە فڕێ بدرێنە دەرەوە. کەچی دەبینین ئەستێرەکان بەرەو فەزای نێو گالاکسییەکان هەڵنایەن، هەروەک فەلەکناسان دەڵێن، چونکە هێزی کێشکردنی مادەیەکی نەبینراو (مادەی تاریک) بە خۆیەوە گرتوونی و ناهێڵێت هەڵبێن.

ئەمڕۆ باوەڕی باڵادەست بەوجۆرەیە کە هەموو گالاکسییەکی حەلزۆنی – گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆشمان، واتە رێچکەی شیری- لە باوەشی خەرمانەیەکی گۆیی زەبەلاحی مادەی تاریکدایە، زۆر زیاتریش لە ئەستێرەکان قورسترە.

شوناسی مادەی تاریک یەکێکە لە مەتەڵە هەرە گەورەکانی فیزیک لە سەردەمی ئەمڕۆماندا. پرسێکە لای زۆربەی زانایان شتێکی مەحبوبە و هەمووان لەم کایەیەدا تێدەکۆشن. هەر بۆیەش دەبینین وەک تەنۆلکەیەکی ژێر-ئەتۆمی نەدۆزراوە وایە.

بەمجۆرە، چونکە مادەی تاریک حزوری هەیە، ئەوا پێویستە بە عەردا گوزەربکات. زۆر تەجروبە دابینکراوە و ئەنجادراوە بۆ دۆزینەوە و ناساندنی مادەی تاریک. ئیحتیمالی ئێجگار زۆرە کە مادەی تاریک لە لایەن ناوەندی گەورەی هیدرۆن کۆڵایدەرەوە، بنکە زانستییە گەورەکەی جێنەڤای سویسراوە، کەشف دەکرێت.

ئەوەی مەتەڵە گەورەکەمان لەمەڕ مادەی تاریک بۆ حل بکات، ئەوا بە بێ هیچ گومانێک خەلاتی نۆبڵ بۆ خۆی دەباتەوە.

104 . وزەی تاریک چییە؟

دیاردەیەکی نادیار و نەبینراوە. سەرتاپای فەزای تەنیووە. سیمای هێزی لە یەکتردوورکەوتنەوە (دژە-کێشکردن)ی تەنە ئاسمانییەکانی هەیە، بووە بە هۆی خێراکردنی کشانی گەردون.

وزەی تاریک لە ساڵی 1998 دا لە لایەن دوو گرووپەوە دۆزرایەوە – یەکێکیان ساوڵ پێرلمەتەر و ئەوی تریشیان گروپێکی ئوسترالی بوون کە پێکهاتبون لە نیک سەنتزێف و برایان شمیدت.

‘مۆمی ستانداردی’ سوپەرنۆڤاکان لە گەردونی دوورەدەستدا زۆر لەوە زیاتر کز و نوتەکن کە چاوەڕوان دەکرێت دەسوتێن و دەدرەوشێنەوە. پێدەچێت هێزێک هەبێت کە بە خێراییەکی زیاتر دووریان دەخاتەوە، شتێک کە زۆر زیاتر لە کشانی ئاسایی گەردون گەورەترە. بە پێچەوانەی هەموو پێشبینی و چاوەڕوانییەک، کشانی گەردون لە خێرابووندایە( ئەمە لە راستیدا خۆی دەبوو خاوبێتەوە چونکە کاریگەری هێزی کێشکردن لە نێو گالاکسییەکاندا کەم دەبێتەوە، ئەویش بە هۆی دورکەوتنەوەیان لە یەکتر.)

بەمجۆرە فەزا دەبێت جۆرە شتێکی سپرینگی – شتێک، وزەی تاریکی- تێدابێت بۆ ئەوەی لە هەمبەر هێزی کێشكردندا بوەستێتەوە و بە پێچەوانەی کێشكردنەوە چالاک بێت و کاربکات.

وزەی تاریک لایەنێکی گەورەی گەردونە. نزیکەی لە 73% ی هەمو وزە-بارستایی گەردون پێکدەهێنێت (مادەی تاریک 23% و مادەی ئاسایی لە 4% ی گەردون پێکدەهێنن). سەیرە ئنسان تەنها لە ساڵی 1998 دا توانی پێکهاتەی هەرە گەورەی گەردون بدۆزێتەوە. ئەمە دەرسێکە بۆ ئەو فیزیکناسەی لە سەدەی نۆزدەدا گوتی فیزیک هیچی وای نەماوە کەشف بکرێت و هەموی تەواوبووە.

لە راستیدا وزەی تاریک زۆر روونە، بەڵام کاریگەرییەکەی کۆدەبێتەوە. هەر ئەمەش تەفسیری ئەوەمان بۆ دەکات کە بۆچی لەسەر رووی زەوی زۆر سەنج نادرێت، کەچی قەبارەیەکی وەهای لە گەردوندا هەیە. بێ هیچ گومانێک، دۆزینەوەی وزەی تاریک یەکێک بوو لە شتە هەرە چاوەڕوان نەکراوەکانی مێژوی زانست، ئەمە جگە لەوەی هەتا بڵێی زەحمەت بوو ئنسان لێی تێ بگات.

تیوری کوانتەمی کۆمپیوتەر، لەیزەر و کارلێکی ناوکی پێشکەش بە ئنسان کردووە، ئەو تەفسیرەی خستووەتە بەردممان بۆچی خۆر دەدرەوشێتەوە و بۆچی عەردی ژێر پێمان رەقە….کەچی لەگەڵ ئەمانەشدا دەبینین کاتێک کوانتەم بەکاردەهێنرێت بۆ پێشبینیکردنی وزەی بۆشایی –وزەی تاریک- ئەنجامە ژمارەییەکەی 10^120 (واتە 1 و 120 سفر لە پێشەوەیدا) گەورەترە لەوەی سەرنجی دەدەین. وزەی تاریک تەمسیلی گەورەترین ئیشکالاتی زانستی دەکات کاتێک دێتە سەر مەسەلەی پێشبینی و تێڕامان، ئەمە بۆ خۆی دیاردەیەکی سەیر و مایەی مشتومڕێکی گەرمە، هەم لە مێژوودا و هەم لە ناوەندی زانستیدا، هەڵەیەک لە ئارادایە؟!

زۆربەی فیزیکناسان باوەڕیان وایە ‘ ئایدیایەکی گەورە’ نادیارە. تەنها ئەو کاتەی یەکێک دێت و دەیدۆزێتەوە چییە! ئەو کاتە سەرەنجام هەموو لە وزەی تاریک دەگەین.

105 ئایا گەردون –کاڵا بە قەد باڵا – یە بۆ ژیان؟

پێدەچێت شتەکە وا بێت، هەرچەندە پێویستە وریا بین کاتێک دێتە سەر ئەم پرسە، چونکە روخسار و رواڵەت لە زانستدا لەوانەیە چەواشەکار بیت.

ئەگەر هێزی کێشکردن تۆزقاڵێک% (مەبەستمان ئەوەیە لە سەدا تۆزقاڵێک) بەهێزتر بێت، ئەوا کرۆکی خۆر دەگوشرێت/گەرم دەبێت، ئیتر ئەو وزەیە لە یەک بلیۆن ساڵدا بەکاردێت- ئەمەش وەک پێویست بەس نییە بۆ گەشەسەندنی ژیانی ژیری. لە لایەکی ترەوە، خۆ ئەگەر کێشکردن تۆزقاڵێک% لاوازتر بێت، ئەوا کرۆکی خۆر وەک پێویست ناگوشرێت/گەرم نابێت بۆ ئەوەی بە هیچ جۆرێک بسوتێت. ژیانیش بە هیچ جۆرێک لەسەر روی عەرد پەرەناسێنێت.

هەر بە هەمان شێوە، ئەگەر هێزی ناوکی تۆزقاڵێک% زیاتر بێت، ئەوا خۆر، لە بری ئەوەی 10 بلیۆن ساڵ بسوتێت، لە کەمتر لە یەک چرکەدا دەسوتێت و دەتەقێتەوە!

بە هەر گۆشە و شوێنێکی سروشت دەڕوانین، دەڵێی یاساکانی سروشت وەها نیزامین و بە جۆرێکی ورد بۆ ئێمە دیزاین کراون.

پرسیار: دەرەنجامی ئەم گوتانەمان چییە؟

ئیحتیمالێک ئەوەیە – هەرچەندە ئەمە زانستی نییە – خودا یاساکانی فیزیکی وەها ورد و بە نیزامی نوسیووە. هەرچۆنێک بێت، بەڵگە بوونی نییە کە سوپەر-سروشت گەردون بەڕێوەدەبات.

ئیحتیمالی تر، ئەوەیە گەردونی تر بوونی هەیە، هەر یەکەیان یاسای جودای خۆیان هەیە و ئێمەی ئنسانیش لە یەکێک لەم گەردونانەدا دەژین کە بە وردی گونجاوە بۆ ژیان.

ئەو ئایدیایەی دەڵێت یاساکانی فیزیک بۆیە بەوجۆرەیە کە ئێستا هەن چونکە ئەگەر بە جۆرێکی تر بێت ئەوا ئێمە بونمان نەدەبوو کە سەرنجی لێ بدەین، ئەو ئایدیایە پێی دەگوترێت ‘ پرینسپی ئەنترۆپیک’.

وریابە: هەتا ئێستا، تیورییەکی قووڵی وەک ‘تیوری هەموو شت’ بوونی نییە، لەوانەیە پیشانی بدات کە هێزەکانی سروشت پێکەوە پەیوەستن، لەوانەیە مەبست لەوە بێت کە وردەکارییەکی کەمتر لە ئارادا هەیە وەک لەوەی بیری لێ دەکەینەوە.

هەرچۆنێک بێت، دەبێت پرینسیپی ئەنترۆپیکی تەفسیرێ خۆی لەسەر شتێک – ئەویش بڕێکی زۆر کەمی وزەی تاریکە-  هەبێت.

وزەی تاریک پێویستە بچکۆلە بێت، چونکە نەیتوانیوە رێگری بکات لە تۆپەڵبونی هەورییە گازییەکان بۆ ئەوەی ئەو گالاکسییانە دروست ببن کە هۆکاری بنەڕەتی هەبونی ئێمەن لەم گەردونەدا.

.106 ئایا لە گەردونێک زیاتر هەیە؟

دەڵێی گەردون دەکێشێت بە سەرماندا و هاوارمان لێدەکات کە ئەمە تەنها گەردون نییە. بەڵگە لەسەر ئەم مەسەلەیە لە زۆر ئاراستەوە دێت. گەلێک تەرزی جیاواز لەمەر فرە-گەردونی بونی هەیە. هێشتا ئاشکرا نییە کە چۆن ئەم هەمووە پێکەوە لە یەک بەرگدا خۆ نمایش دەکەن. ئەمە بۆ خۆی پارادیمێکی نوێیە و سەری هەڵداوە.

بە دڵنیاییەوە زانیاریمان لەمەڕ گەردون زۆر زیاترە. بە گوێرەی تیوری هەڵئاوسان ژمارەی بوارەکانی وەک ئەوەی گەردونی ئێمە ناکۆتایە. هەر بوارێک دەگریت بیگ-بانگی خۆی هەیە، بەڵام دوای ساردبوونەوەی خاشاکەکە، جۆرەها گالاکسی/ ئەستێرە تۆپەڵ بووە و پاشان جۆرەها مێژوو لەدایکبووە. هەبوونی یاساکانی فیزیک بەوجۆرە ورد و نایابییەی لای ئێمە هەیە ئیشارەیە بۆ ئەوەی گەردونی تریش بوونی هەیە بەڵام بە یاسای فیزیکی جیاوازی خۆیانەوە.

ئەو چوارچێوە تیورییەی گەلێک بوارمان پێشکەش دەکات کە یاسای جودای خۆیان هەیە بریتییە لە ‘تیوری ژێ’، کە تێیدا تەنۆلکەکان بریتین لە ژێی بارستایی-وزە. تیوری ژێ ئیشارە بە ژمارەیەکی زۆر گەردون دەکات، لەوانەیە لای ئەم تیورییە ژمارەی گەردونەکان 10^500 (واتە یەک و پێنچ سەد سفر لە بەردەمیدا بێت)ە.

گرفت: بۆچی ئێمە لەم گەردونەداین لە یەکێکی تردا نین؟

لەو کاتەوە تیوری ژێ بانگەشە دەکات و دەڵێت گەردون دە رەهەندی هەیە، بوارەکە بە جۆرێکە کە نەک فرە-گەردونی و یاسای فیزیکی جودای خۆیان هەیە، بەڵکو ژمارەی جیاوازی رەهەندیشیان هەیە.

هەروەها تیوری کوانتەمیش پێسنیازی ئەوە دەکات کە یان ئەتۆمەکان بە زۆر شێوازی واقیعی تەریبییانە بونیان هەیە، یان هەر بەو جۆرە رەوشی خۆیان نمایش دەکەن ( زۆربەی فیزیکناسان لەگەڵ دیدی دووەمدان).

فیزیکناس، ماکس تاگمارک، تەنانەت رای وایە کە نەک هەر فرە-گەردونی هەیە، بەڵکو سەرتاپا هەموو وەکو بوکەڵەی روسی هەڕەمیان دروست کردووە. 

شێرکۆ ڕەشید قادر بە دەستکارییەوە ئامادەی کردووە

Schilling, Govert. Tweeting the Universe: Tiny Explanations of Very Big Ideas. Faber & Faber. Kindle Edition.

image_pdfimage_print

You may also like...

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *